+ سەڵاح رەشید کەناڵی تەلەفزیۆنی روداو لە ٢٤/٧ ی ئەمساڵدا راپۆرتێکی دەربارەی پزیشکەکانی شاری سلێمانی نمایش کرد، بە تایبەتیش دەربارەی نوسینی (رەچەتە) ی دکتۆربۆ نەخۆس، کە زوربەی هەرە زۆریان بە دەست وخەت ئەینوسن. لەو بارەیەوە، سەرۆکی سەندیکای پزیشکانی کوردستان، دکتۆر تەها مەحوی، وتی کە ماوەی سێ مانگ دەبێت هەمو پزیشکەکانیان ئاگادارکردۆتەوە کە پێویستە لەمەودوا، رەچەتە بۆ نەخۆش بە کۆمپیوتەر بنوسن، بەڵام تاکو ئێستا هیچ دکتۆرێک ئەم بڕیارەی جێبەجێ نەکردوە. لەو راپۆرتەدا، دەردەکەوێت، کاتێ تیمی تەلەفزیۆنەکە دەچن بۆ چەند دەرمانخانەیەک و سەیری رەچەتەی ئەو رۆژە دەکەن، زۆر زۆر کەم رەچەتە دەبینرێت کە بە کۆمپیوتەر نوسرابێت! زۆر کەم دکتۆر هەیە کە کۆمپیوتەری لە ژورەکەی خۆیدا هەبێت و بۆ کاری رۆژانەی نەخۆش و رەچەتە بەکاری بهێنێت، کێشەکە پەیوەندی بەوەوە هەیە، کە هەندێ لە دکتۆرەکان: 1. رەچەتەکە بۆ دەرمانخانەیەک یان تاقیگەیەکی تایبەت بە خۆیان دەنوسن کە (کۆمیشن) وەردەگرن، لەبەر ئەوە، کابرای دەرمانخانەکە باش لە دەستوخەتی دکتۆرەکەی خۆی تێدەگات، یەکێ لە دەرمانفرۆشەکان وتی: "هیچ مەرج نیە رەچەتەی ئەم دکتۆرانە لە دەرمانخانەکانی تر بتوانن بیخوێننەوە و تێی بگەن". هەندێ جار هەندێ دکتۆر هەندێ رەمز دەنوسێت کە تایەبەتە بە دەرمانخانەکەی خۆی.. هەندێ دکتۆر ئەوەندەی سود لە دەرمانەکان دەبینێت، ئەوەندە سود لە بلیتی چونە ژورەوە نابینێت! زۆرمان ئەوەمان بەسەر هاتوە کە سەردانی دکتۆرێکمان کردوە و دەرمانی دکتۆرێکی ترمان بۆ هەمان نەخۆشی نیشان داوە، ئەو راستەوخۆ وتویەتی ئەم دەرمانانە بەکار مەهێنە و فرێیان بدە، ئەویش هاتوە کۆمەڵێک دەرمانی نوێی نوسیوە، زۆر کەم ئەوەمان بینیوە کە دکتۆرەکە دەستخۆشی لە هاورێکەی کردبێت و وتبێتی، من هیچت بۆ نانوسم، ئەوەی فڵانە دکتۆر نوسیوێتی هەمو باشن و کاریگەرن!. 2. زۆر لەو دکتۆرانە، جگە لە کاری نۆرینگەکانیان، بەیانیان تا نیوەرۆ لە نەخۆشخانە حکومیەکانن و هەندێکیان لە زانکۆکان وانە دەڵێنەوە و دوای ئەوە راستەوخۆ بۆ نورینگە و هەندێکیان دوی نورینگە نەشتەرگریان لە نەخۆشخانە تایبەتیەکان و شەو درەنگانێک دەگەرێنە ماڵەوە. هەندێ دکتۆر، جگە لەوەی کە چەند نەخۆشێک بەیەکەوە لە یەک ژوردا دەبینێ، هەیانە تا درەنگانێکی شەو لە نورینگەکەی نەخۆش دەبینێ! ئەپرسین ئایە دکتۆرێک دوای چەندەها سەعات هیلاکی، چۆن ئەتوانێت بە درەنگانێک تشخیسی ورد و تەواوی نەخۆش بکات؟ 3. پرسیارەکە ئەوەیە، ئەو دکتۆرانەی بەم شێوەیە کار دەکەن، چەند ئەتوانن خۆیان زیاتر پێبگەیەنن لە بواری پسپۆریەکەی خۆیاندا، چەند توێژینەوەیان نوسیوە دەربارەی نەخۆشی و چارەسەری نوێ؟ ئایە کاتیان هەبوە بۆ ئاگاداربون لە نوێترین توێژینەوەی پزیشکی لە بواری پسپۆریەکەی خۆیدا، ئەمە جگە لە پشوی تایبەتی خۆیان و گرنگی دان بە ماڵ و منداڵ و بۆنە کۆمەڵایەتی و ئاینی و سیاسیەکان. 4. رەنگە هەندێ دکتۆر، ئەوەندی مەبەست بێت کە ئیوارە چەندی دەست دەکەوێت، ئەوەندی بوارە مرۆیی و زانستی و چارەسەری نەخۆشەکەی بەلاوە مەبەست نەبێت..بەڵام ئەرکی دەزگا حکومی و سەندیکاکانە کە لێپرسینەویان لەگەڵدا بکەن، لێپرسینەوەیەک کە ناچاریان بکات، کە رەچاوی ئەو سوێندە بکەن کە وەک پزیشک خواردویانە. 5. ئەرکی گرنگ و پێویستی کابینەی نوێێ حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری نوێێ تەندروستی، ئەوەیە کە بەسەر سیستەمی تەندروستیدا بچێتەوە و ئەو باسەی کە چەند ساڵێکە دەکرێت بۆ جیاکردنەوەی کەرت تایبەت و گشتی، یان ئەو دکتۆرانەی کە لە نەخۆشخانەکان کار دەکەن، پێویستە وەک هەمو فەرمانبەرێکی تر کاری ئاسایی خۆیان بکەن و موچەیەکی گونجاوی باشیان پێبدرێت، بەڵان نابێت لە دەرەوە نورینگەی تایبەتی خۆیان هەبێت و نەخۆشخانە حکومیەکان بکەن بە رێگایەک بۆ بەدەستهێنانی نەخۆش بۆ خۆیان. 6. بێگومان، نابێت هەڵسوکەوتی هەندێ پزیشکی پارە پەیداکەر، ببێتە پەڵە بە مێژوی پزیشکانی کوردستانەوە، پزیشک رۆڵی گرنگ و دیار و ئاشکرای هەبوە لە مێژوی خەباتی گەلەکەماندا و ژمارەیەکی زۆری شەهید و پێشمەرگە و گیانفیداکاری پزیشکمان هەیە..تا ئێستاش ژمارەیەک لە پزیشک هەن، کە بێ بەرامبەر چاویان بە نەخۆش دەکەوێت، یان بێ بەرامبەر کەس وکاری شەهیدان و کەم دەرامەت و پێشمەرگە دەبینن..یان زۆریان هەیە کە توانی ئەوەیان هەیە نورینگەی تایبەتی بە خۆیان بکەنەوە، بەڵام لە نورینگە گشتیە فراوانەکان یان لە نەخۆشخانە ئەهلیە تایبەتەکان نەخۆش بە نزخێکی زۆر کەم دەبینن.. لەبەر ئەوە گرنگە کە دکتۆرە بەهەڵوێست و خەمخۆرەکان، رێگا لە دکتۆرە (بازرگان)ەکان بگرن، هەر هیچ نەبێت، بۆ ئەوەی ناوی دکتۆر پەڵەدار نەکەن.. هەقە سەندیکاش کەمێ بکەوێتە جوڵە و بە ئەرکی سەر شانی خۆی باشترهەڵسێت.
+ نیاز عهبدوڵڵا -رۆژی 15/9/2010 دهزگای ئاسایشی گشتی له ئهنجامی "لیژنهی لێكۆڵینهوه له ناسنامهی بكوژانی قوتابی سهردهشت عوسمان" دانپیانانی (هیشام مهحمود ئیبراهیم)ی له رێگای كهناڵه ئاسمانییهكانی كوردستان و زاگرۆزی پارتی دیموكرات بڵاوكردهوه، كه تیایدا دانینابوو به تیرۆركردن و كوشتنی رۆژنامهنووس سهردهشت عوسمان له رێگای "انصار اسلام"هوه، لیژنهی لێكۆلینهوهكهش به فهرمانی مهسعود بارزانی له وهزارهتی ناوخۆ و دهزگا ئهمنییهكان پێكهاتبوو. دواتر له رێگای دادگاوه دهركهوت، (هیشام) پێش دهستگیركردنی له 7/9/2010 و بڵاوكردنهوهی ڤیدیۆی دانپیانانهكهی بۆ رای گشتی، له 30/8/2010 ئیفادهی "سیناریۆكان"ی لێوهرگیرابوو، له كاتێك ئازادبووه. پاشان (هیشام) له وتهكانی دادگای، له دانپیانان به "كوشتنی سهردهشت عوسمان" پهشیمانبووهوه، بۆیه به بڕیاری دادوهر ئازادكرا، له دوای تهواوی ئهو سیناریۆ و ساختهكارییهی نێوان (هیشام) و دهزگا ئهمنییهكان هیچ لهبارهی كاری تازهی ناوبراو نازانین. -ساڵی 2016 له رووداوی تهقینهوهی "بۆمبی دهنگی" پێش ئۆفیسی كهناڵی رووداو، جارێكی تر دهزگای ئاسایش كۆمهڵی ئیسلامی و دوو ئهندامی ئهو حیزبهی وهك تاوانبار له نمایشی فیلمێك بۆ رای گشتی خستهڕوو، كه تیادا ماڵپهڕ و پهیجه سێبهرهكان له تۆڕه كۆمهڵایهتییهكان رۆڵی گهورهیان له شێواندنی زانیارییهكان بینی، بهڵام دوای ماوهیهك بههۆی نهبوونی هیچ بهڵگهیهك به بڕیاری دادوهر دهستگیركراوهكان ئازادكران. -دهزگای ئاسایش پێشتر له رێگای روونكردنهوهیهك تێوهگلانی چهند ئهندامێكی خۆی له "شكاندنی بۆری نهوت و بهقاچاغ بردنی نهوت" له ههولێر راگهیاند، بهڵام هیچ لێكۆڵینهوه و ئهنجامێكمان نهبینی كه بۆ رای گشتی بخریتهڕوو. ئهمه جگه لهوهی له تیرۆركردنی رۆژنامهنووسان و "بازرگانیكردنی نهوت لهگهڵ داعش" بهههمان شێوه، دوای تێپهڕبوونی چهندین ساڵ، هیچ ئهنجامێكیان نهخستۆتهڕوو كه باوهڕ پێهێنهربێت. -كاتێك دهزگا ئهمنییهكان دهبنه بهشێك له حیزبهكان، لهناو حیزبهكانیش دابهش دهبن بهسهر بهرپرسانی ناو یهك حیزب و، بهرپرسانی ناو یهك حیزبیش دهكهونه ژێر ركێفی وڵاتانی ههرێمی، ئهنجام ئهم شێوهیه له سهروهری یاسا و سهربهخۆیی دهزگا ئهمنییهكان له ههرێمی كوردستان دهبینین، زانیارییه راستهكان دهشاردرێنهوه و شوێنگۆڕكێیان پێدهكرێت لهگهڵ زانیارییه ساختهكان. بۆیه زانیارییهكانی كوشتنی ئهندامهكهی میتی توركیا له هۆقهبازی ههولێر، به زنجیره درامای كورت خرانهڕوو، ههژماری تۆڕه كۆمهڵایهتییه سێبهرهكانی پارتی دیموكراتیش بوونهته سهرچاوهی بڵاوكردنهوهی گرته ڤیدیۆكان و، گرووپه دابهشبووهكانی ناو دهزگا ئهمنییهكان بهر یهكتری کەوتوون. بهپێی ئاماژهكانی پێشوو و بهڵگه بهردهستهكان، جارێكی تر دهزگای ئاسایش لهم تاقیكردنهوه و بهرپرسیارێتییه بهخاوێنی دهرناچێت و، ناتوانێت ببێته دهزگایهكی بهكارنههێندراو له لایهن حیزب. تێبینی: ڤیدیۆكه دهقی دانپیانانی (هیشام مهحمود)ه به تیرۆركردن و كوشتنی سهردهشت عوسمان. https://www.facebook.com/niyaz.abdulla1/videos/10157236210144933/
كامەران وریا قانع ((گێلیهتی ئهوهیه ههمان كار دووباره بكهیتهوه به ههمان شێوازو به ههمان ههنگاوهكان چاوهروانی ئهنجامی جیاواز بیت)) ئانیشتاین ده ساڵ له تهمهنی بزووتنهوهیهك تهواوبوو،10 ساڵ له هێرشی ههمهلایهنه ، 10سال له خهنجهروهشاندن له جهستهی ماندووی له لایهن دوژمن و دۆستهكانی ، 10 سال بهرگه گرتن له فشاری گهورهتر له توانای خۆی، 10 ساڵ پایتهختهت نهما غهردی لێنهكات، بهغدا ، تاران ، ئهنقهره، 10 سال پڕ له گفتوگۆی توند له نێو بزووتنهوهكه لهسهر دوارۆژی، لهم 10 ساڵه چهندین كهسایهتی باڵای بزووتنهوهكه زویر بوون چونهوه ماڵهوه به بێدهنگی دانیشتون و چهندانی ترش بهردهوام هاوار دهكهن و داوای مافی خۆیان دهكهن له بزووتنهوهكه،چونكه رۆژانێك پێوهی ماندوو بون، 10 ساڵ له تهمهنی بزووتنهوهیهك به بارتهقای مێژووی ههموو هێزه كوردیهكانی تر گفتوگۆ و نووسینی لهسهر كراوه. راستیهكی سادهیه كه بزووتنهوهی گۆڕانی ئهم قۆناغه ههمان بزووتنهوهی گۆڕانی پێش ده ساڵ نیه( مهبهست لهوهی ههمان بزووتنهوكهی جاران نیه ، ئێستا ئهم بزووتنهوهیه بوته خاوهن مێژوو، كه مێژووش دروست بوو دهبێت پێداچونهوهی پێ بكرێت)، ئهم بزووتنهوهیه لهو باوهڕهدایه، چۆن چاكسازی لهبواری ئاین ههر به زانایان و مهلایی ئاینی دهكرێت كه له بوارهكهی خۆیان ههموو ئهو پێداویستیانه دهبینن كه دهبێت دهستكاری بكرێت تاكو لهگهڵ ژیانی سهردهم بگونجێ،. بهههمان دید و بۆچوون چاكسازی له بواری حكومڕانی دهبێت له ناو كایهكانی حكومڕانی خۆی بكرێت كه بنهماكانی له دنیای ئهمرۆدا بریتیه له(ههڵبژاردن و پهرلهمان و حكومهت) . لهم قۆناغه بزووتنهوكه بروای به ههرسێ بنهماكه ههیه ( ههرچهند گومانهكان له و سێ بنهمایه زۆرن ، بهڵام ریگای تری له پێش نیه) چاكسازی له ههر بنهمایهكیان پێویستی به ئامادهبوونێكی بههێز ههیه له ناویان . چۆن لهبواری ئاینی چاكسازی بهو كهسانه ناكرێت كه لهدهرهوهی ئاین رهخنه دهگرن، به ههمان شێوه چاكسازی له حكومڕانی و بهرێوه بردنی حكومهت بهو كهسانه ناكرێت كه له دهرهوهی دهزگاكانن. بیرۆكهی بهشدار بوونی به هێز له حكومهت ، پێداچوونهوهیه به سیاسهتی بزووتنهوهكه، كه بۆ ئهم ساتهی ئێستا به شیاوی دهزانێت ، بهڵام مهرج نیه ئهم تێراونینه ئهبهدی بێت.ئهوانهی ئهم بادانهوهیه له سیاسهتی گۆڕان به شكست ئهزانن، ههمان رۆڵی ئهو مهلا ئاینیانه دهبینین كه ئاینیان له دهقێكی چهقبهستو دهوێت له رۆژی هاتنه خوارهوه تا رۆژی حساب بێدهستكاری بێت. كۆمهڵگای كوردی ئهمرۆ ههمان كۆمهڵگا نیه كه بزووتنهوهكهی تیا دروست بوو، دنیایهك گۆرانكاری گهوره رووی داوه، ههر له قوڵ بوونهوهی قهیرانه ئابورییهكان ،بۆ نهمانی متمانهی خهڵك به هێزه سیاسیهكان له( دوا ههڵبژاردنی رابردوو به ئاشكرا دهركهوت). بۆ نهمانی كاریزمای رێكخهری پێشووی بزووتنهوهكه. بۆ دروست كردنی چهندین هێزی تر كه ههوڵیاندا ههمان رۆڵی رادیكالی بزووتنهوهكه ببین ، بۆ زیاد بوونی رێژهیهكی زۆری بێكاری له ناو گهنجان كه ساڵانه خوێندن تهواو ئهكهن، بۆ پهیدا بوونی چهندین دیناصۆری خاوهن ئیمپراتۆریهتی پارهو پوول ، بۆ زیاد بوونی تهماحی پارهی نهوت لای سیاسیهكان، بۆ زیاتر فراوان بوونی تۆرهكانی گهندهڵهی نا كرێت ئهم ههموو گۆرانكاریانه رووی دابێت و تۆش ههر پشت به تۆیخانهكهی كهی ئین ئین ببهستی بۆ ههڵبژاردنهكان ! بزووتنهوهی گۆڕان باش دهزانێت چونه هاوپهیمانی لهگهڵ پارتی و ههڵگرتنی بهرنامهی چاكسازی ریسكێكی گهورهیه، له ژینگهیهك كهچوار دهوری به پهرژینێكی گهورهی گهندهڵی و بێ یاسایی دروست بوه. دواجار سیاسهت خۆی چیه؟ ئهگهر ریسك نهبێت، هیچ پرۆژهیهكی سیاسی بهمهرجی ئهوه ناكرێت كه دهبێت سهد دهر سهد دڵنیا بیت لهو دیوی تونیلهكه به سهلامهتی دێیته دهرهوه. ئهگهر هێزێكی وهك پارتی راستگۆ نهبوو له بهڵێنهكانی بهرامبهر بزووتنهوهكه، ئهوه تاوانی گۆڕان نیه ، چونكه له رێكهوتن بهردهوام لایهنی بههێز بۆی ئاسان تره خۆی بدزێتهوه له بهڵێنهكان. مهبهست له چاكسازی چیه؟ گۆڕان ههرگیز نهیوتوه به بهشداری كردنم له حكومهت ، ئیتر ئهم حكومهته به تهرازوی زێرنگر كارهكانی دهبات بهرێوه یاخود عهدالهتی عمری كوڕی خهتاب پهیڕهو دهكات ،چونكه ئهم وێنهیه ههم ههڵه و وههمه ههم له توانای گۆڕان نیه، مهبهست له چاكسازی گۆڕان ئهو كۆمهڵه وهزارت و پۆستانهیه كه بهرێوهیان دهبات، دهكرێت لهم دۆخهیان كاری گهوره بكرێت، واته له كۆی نزیكهی 25 وهزارهت گۆڕان ههر دهتوانێ چاكسازی لهو 4 وهزارهته بكات كه بهرێوهیان دهبات. به كورتی و به كوردی بزووتنهوهكه ئهركی مێژووی ئهم ساتهی بریتییه له كهمكردنهوهی ئهو بۆشاییه ( گاپ)ه گهورهی نێوان حكومهت و خهڵك، دهوڵهمهند و ههژار ، بێدهسهلات و دهسهلاتدار كهم بكاتهوه. خۆ ڕهنگه سهركهتووش نهبێت، بهڵام كرنگ ئهوهیه به ههموو توانای خۆی كاریان لهسهر بكات.
+ لەتیف شێخ مستەفا لە سایەی ئەو چارەسەر ناشیانەی لە مادەی ١٤٠ ی دەستوردا بۆ کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان کراوە و چارەنوسی خستونە بەردەم ڕاپرسی . ھەروەھا دوای ئەو بارودۆخەی بەسەر ئەو ناوچانەداھات لەدوای ڕیفراندۆم و دەسەڵات کەوتە دەست حکومەتی فیدراڵی . وە لەسایەی دەنگدان بەیاسای ئەنجومەنی پارێزگاکان کە لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر دراو عەرەب و تورکمانەکان توانیان ئەو دەقە بسەپێنن کە پێویستە وردەکاری تۆماری دەنگدەران بکرێت پێش ھەڵبژاردنەکان. ئیدی ئیحتیمالی لەدەستدانی کەرکوک بە یەکجاری و بۆ ھەتاھەتایە بەشێوەی یاسایی و دەستوری زۆر زۆرەو ئەگەر کورد فریای خۆی نەکەوێ یان شتێکی کتوپڕ ڕونەدات . لە خولی ئێمەدا و بە پێشنیازێکی فراکسێۆنەکەی ئێمە مادەی ٤١ ی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە ٤٥ ساڵی ٢٠١٣ ەمان بەشێوەیەک گۆڕی کە لە قازانجی کەرکوک بوو ،لە خولی پێش ئێمە واتە خولی یەکەم دەقێکی خراپی ھاوشێوەی ئەم دەقەی ئەمجارە سەپێنراوە ھەبوو ،بەڵام فڕاکسێۆنەکەی ئێمە دوو پێشنیازمان پێشکەش کرد و داوامان کرد :یان دەبێ ھەموو پارێزگا فرەپێکھاتەکانی وەک موسڵ و بەغداو دیالاو تکریت ئەو دەقە بیانگرێتەوە و نابێ تەنھا بۆ کەرکوک بێت ،دوەم یان دەبێ ناوی ھەژدە پارێزگاکەی عێراق بێت واتە یان نابێ لە کەرکوک وردبینی تۆماری دەنگدەرانی کەرکوک بەتەنھابکرێت یان دەبێ لەھەر ھەژدە پارێزگاکە بکرێت و مەبەستمان ئەوەبو بیکەین بە شتێکی مستەحیل و نەکرێت ئەوەبوو دواجار پێشنیاری دوەم جێگیر کراو دەنگی لەسەردراو ئەو دەقە خراپەی خولی پێش ئێمەش دژی کەرکوک دانرابوو چاککرایەوە ،بەڵام ئەو دەقەی ئەمجارە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەردا ڕیسەکەی کردەوەو بەخوری و کەرکوکی خستۆتە بەردەم ئەگەری لەدەستدانی یەکجاری لەدەست کورد بەشێوەیەکی قانونی و دەستوریش کە سیاسیەکانی کورد خۆیان تاوانباری سەرەکین لەم کارەساتەدا
عەبدولڕەزاق شەریف دیسان پێشەکی روداوەكانی دو هەفتەی ناوەڕاستی تەموزی ئەمساڵ وەك كەشوهەواكەی گەرمو گوڕ، جێگەی قسەو باس بو، بۆ لەمەودوا هەوڵئەدەم وێنەكانی رابردو، بە نەخشی روداوەكانی ئێستا رەنگ بكەمو بچنم، ئەگەر ناڕێكو ناجۆریش بێ وەك دەنكە قەزوان بەسەرەداوی روداوەكانی ئایندەوەی ئەكەم، ئەوەش چەندین پەنجەرەی ترم بەسەر روداوەكانی ئەم مێژوە تازەیەدا بۆئەكاتەوە كە دەیان ساڵ لە نزیكەوە ئاگاداری روداوە سیاسییەكانی بوم، لەوەش زیاتر ئەتوانم لەمڕۆ دانەبڕێمو لە خوێندنەوە بەردەوام بم. حەقیقەتی سیاسەتكردنو بڕیاردان لەناو مەسەلە گرنگو چارەنوسسازەكاندا، هەمیشە نهێنینو نهێنییەكانیش هەمیشە حەقیقەتی بەرجەستەن، بۆ نوسینو قسەكردن لەسەریان تەوژمێكی توندی ئیلیتزامو مەسولیەت بە نەوەی ئێستاو ئایندەوە هانت ئەدەنو كۆسپو ئازاری ئەخلاقی, ویژدانیو تەنانەت میهەنیش بە هەمان تەوژم بۆ بێدەنگی پاڵت پێوەدەنێ. هەموو شتێك لە هەموو كاتو جێگەیەكدا ناوترێت، ئەوانەی ئەشوترێن هەمووی نانوسرێن، ئەوانەشی ئەنوسرێن هەمووی بڵاوناكرێتەوە.. سەرەنجام مشتێك لە خەروارێك ئەمێنێتەوە، وەك شێركۆ دەڵێ:" هەندێك لەو نهێنیو رووداوانەی رابردو پیاو ناتوانێت لای خۆشی بیگێڕێتەوە". من زۆر بە هەرزەكاریو لە ناو كتێبخانەو دەورو مەجلیسی فكرو رۆشنبیریو مەدەنیەتەوە، بە بڕوای تەواومەوە تێكەڵاوی كاری سیاسیی بوم، هەر زو كەوتمە ناو دنیای پرسیاركردن، لێكۆڵین، وەرگرتن، ناسینو تەنانەت نوسینیش، پێموایە درەنگیش كەوتومە بڵاوكردنەوە، قسەكردنو تەنانەت خۆدەرخستنیش. دوای 10 ساڵ كاركردن لە دوای 1992ەوە تێگەیشتم ئەگەر لە نزیكی كەسی یەكەمی حزب نەبیت، یان كەسی یەكەم ئەركێكت پێ نەسپێرێت، لە هەر پلەو پۆستێكدا بیت هەر هێندەی رۆژنامەنوسێكی هەواڵ ئاگادارییو زانیاریت لەسەر روداوەكان ئەبێت، رونتر بڵێم تاڵەبانیو نەوشیروان مستەفا پێكەوەبوێتن یان بەجیا، خۆیانو چەند كەسێك لە هاوڕێ یان بنەماڵەكانیان بازنەی پرسو راو بڕیارەكانیان بوە, دوای ئەو تێگەیشتنەشم كەم تا زۆر لە نزیكیان بوم، بزێو بومو بە متمانەوە منەی بیرو بڕیارو كارو رەفتارەكانیانم كردوە، بەراوردیش لە بەخشین بە خوێنو قوربانی ماددیو مەعنەویی خۆمو بنەماڵەو خزمەكانم لە ئابڵاخ بە هەردو ماڵباتی تاڵەبانیو نەوشیروان مستەفا، ئەوانی تیا قەرزاربار ئەبن, پێویستیشمان بەو بەراوردە نیە، چونكە لە بنەڕەتدا وەك ئەركی نیشتمانیو نەتەوەیی بەجێمان گەیاندوەو جگە لە میللەتەكەمان بۆ هیچ كەسێكی دیاریكراومان نەكردوە. دوو ساڵ بەر لە ئێستا لەدوای مەرگی كاك نەوشیروانو لە دانیشتنێكدا، لەگەڵ كاك (نەوزادی نوری بەگ)، خەمو دەردەدڵی ئەو كۆستەو ئایندەی بزوتنەوەی گۆڕانو ناتەبایی ئەو هاوڕێیانەو بارودۆخی ناوخۆی بزوتنەوەكەمان ئەكرد، دوای گفتوگۆ، ئەو بۆچونێكی منی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانو راگرتنی بڵانسی پێكەوەییو تەباییو رێككەوتنی هاوڕێكانمان بەباشو رەوا بینی، بە تایبەتی نێوانی بەڕێزان (قادری حاجی عەلیو عومەری سەید عەلی)، كە ئەوكاتە لەسەر پرسی جێگرتنەوەی رێكخەری گشتی ساردو سڕییەكەیان بە قسەنەكردنو دابڕان گەیشتبوو. رێنمایكردم بۆچونەكانم وەك پرۆژەیەكی نوسراو ئامادە بكەم، وتیشی خۆم قسە لەگەڵ كاك قادر ئەكەمو مستەفای سەید قادریش بانگئەكەمو لەڕێگەی ئەوەوە هەوڵ لەگەڵ سەید عومەر ئەدەین. لە ماوەی هەفتەیەكدا وەك ئەوەی ویستمان كارمان لەسەركردو منیش پرۆژەكەم بۆ زۆرێك لەو هاوڕێیانەمان نارد، لێرەدا وەك خۆی بڵاویدەكەمەوە: بەڕێزان/ سڵاوێكی گەرم..... بارودۆخی بزوتنەوەی گۆڕانو ئەو كاتو دەرفەتەی لە پێشمانەوەیە بڕیاری بەرپرسانەی قۆناغەكە پێویستییەكی گرنگو حەتمییە بۆ بەڕێزتانی بەجێدەهێڵم. زۆر بەكورتی پێشنیازی خۆم بۆ چارەسەرێكی سەركەوتو و گونجاو دەنوسم، بەوەی بەڕێزان كاك عومەری سەید عەلیو كاك قادری حاجی عەلی راستەوخۆ بۆ گفتوگۆ دابنیشنو رێك بكەون بە ئامادەبوونی چەند هاوڕێیەكی خۆیان لەسەر ئەم نەخشە رێگەیە: 1- كاك عومەری سەید عەلی پشتیوانی بكرێ بۆ رێكخەری گشتی. 2- كاندیدەكانی خانەی راپەڕاندن لەگەڵ موراعاتی پرەنسیپە دەستورییەكانی بزوتنەوەی گۆڕانو لایەنە هونەرییەكەیو مافی خۆپاڵاوتنی ئەوانەی تر. 3- جێگیركردنو پابەندبوون بە پرەنسیپە سەرەكییەكانو دەستورییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان. لەوانە: أ- پاراستنی سەربەخۆیی بزوتنەوەكە. ب- پاراستنو جێگیركردنو دانپیانانی داهاتو مومتەلەكاتی بزوتنەوەكە. ج- رێگرتن لە هەر لادانێك لە پرەنسیپە گشتییەكانی بزوتنەوەكەو بیروباوەڕی كاك نەوشیروانو لادان لە كاری نادەستورییو ناڕێكخراوەیی. د. دەستبەجێ سزای تەجمید یان دەركردنی هەر كەسێ جێبەجێ بكرێ كە لەدژ یان زیان بە بزوتنەوەكەو ناوەرۆكی بزوتنەوەكەو ناوەرۆكی رێككەوتنەكە دەگەیەنێ. لەگەڵ رێزدا عەبدولڕەزاق شەریف 17/ 7/ 2015 هەر لەسەرەتاوە كاك قادر گومانی لە تواناو ئیرادەی سەید عومەر هەبو بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەو راپەڕاندنی ئەركی رێكخەری گشتی، رازی نەبونیشی نەشاردەوە، پێشنیازمان كرد لەكاتی دانیشتنی دوقۆڵیدا، ئیمزای رێككەوتنەكە بكەن، بەوەش پێكهاتن رویدا، نازانم بۆ ؟ رەنگ بێت لە (ئیحراجی مەوقیف)دا بوبێت، نەمبیستەوە هیچ ئیمزایەك لەسەر رێككەوتنەكە كرابێت. كاك قادر ئەندامێتی خانەی رەتكردەوەو لە درەنگانێكی شەوی 25ی 7 دا، وێڕای لادان لەو رێنماییانەی ژوری یاساییو ژوری هەڵبژاردن بۆ خۆپاڵاوتنی كاندیدەكان نوسیبویانو پەخشیان كردبو، رێككەوتن لەسەر كاندیدەكانیش بە ئەنجام گەیشت، پێشنیوەڕۆی 25ی 7 ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی زۆرینەیان بێ ئاگا لەو رێككەوتنە بە دەنگی خۆیان وەك خۆی جێبەجێیان كرد. چەند مانگو رۆژێكی كەم، دەركەوت گومانەكانی كاك قادری حاجی عەلی لەجێگەی خۆیدا بو، بە عەمەلی كار بە پێچەوانەی رێككەوتنەكە كراو هەموو ئەوانەشی باسیان لە پاراستنی موڵكو ماڵی بزوتنەوەكەو پابەندبون بە دەستورەوە دەكرد، بە پرۆسەیەك كە تائێستاش بەردەوامە لە بزوتنەوەی گۆڕان دوخرانەوە. قسەیەك لەسەر 31ی ئاب ئێمە لە یەكێتیو زانیاریو نزیك لە مام جەلال لە كۆتایی ساڵی 1993وە لە رێككەوتنی سیاسیو سەربازی پارتیو دەزگا ئیستیخباراتییەكانی عێراق ئاگاداربوین، لە كۆتایی ساڵی 1995و گەرمەی شەڕی ناوخۆدا ئەو پەیوەندییەی پارتی لەگەڵ بەغدا، چوە قۆناغێكەوە چیتر گەڕانەوەی نەبو، جوڵەی دیپلۆماسی، سیاسیو سەربازی لە ئیرادەی خۆیاندا نەمابو، هەمو ئەوانەش بە ئاگاداریو زانیاری دەزگا ئیستخباراتییەكانی توركیاو ئەمریكا دەكراو بەڕێوەدەچون، بۆیە هەمو هەوڵەكانیش بۆ رێككەوتنو كۆتاییهاتنی شەڕ لە ناوخۆو دەرەوە مەحكوم بە شكست دەبون. بەهاری ساڵی 1995 بەپێی زانیاریی سەرچاوە باوەڕپێكراوەكان لەناوخۆی عێراقو سوریاو ئوردن، بەپشتڕاستكردنەوەی ئەمریكییەكان هەوڵێك بۆ كودەتایەكی سەربازی لە بەغدا دژی سەددام حسێن لە ئارادا بو، بۆ ئەو مەبەستە پێویستی ئەكرد سوپای عێراقی لە توخوبی سەنگەرەكانی پێشمەرگەوە (خانەقین هەتا زاخۆ) شپرزە بكرێنو پەلامار بدرێن، پارتیش ناڕاستەوخۆ لە چاوەڕوانیدا بونو رەزامەندییان دەربڕی بو، جۆرێك لە هودنەی رانەگەیەندراو لەنێوان پارتیو یەكێتیدا هاتەئارا، مام جەلال هەمو هێزەكانی یەكێتی لە سەنگەرەكانی روبەڕوبونەوەی سوپای عێراق دابەشكردو خۆشی بارەگای سەرەكی لە شارۆچكەی سەنگاو و ناوجەرگەی هێزەكاندا جێگیر كرد. لێدانو مەشغوڵكردنی هێزەكانی سوپای عێراق دەستیپێكردو شپرزە بون. سەرەنجام پارتی نافرسەتیی كردو لە مەخمورو سنورەكانی شارباژێرو پێنجوێنو سورێنەوە، لە پشتەوە بە هاوكاری ئێرانییەكان پەلاماری هەمو ئەو ناوچانەیان داو شەڕ گەیشتە نزیكی چوارتاو قەڵاچوالان، بەهەر رێگەیەك بو مام جەلال توانی ئێرانییەكان لەو هاوكێشەیە دەربكاتو لەو شەڕەدا بێلایەنیان بكات، ئەمریكییەكان هەوڵی كودەتاكەی بەغدایان بە شكست پێناسەكردو پارتییەكانیش بە سیناریۆ وەسفیان كرد. لە هێوربونەوەی بارودۆخەكەدا، مام جەلال سەردانی كۆماری ئیسلامی ئێرانی كردو رێككەوتنی كرد، لەبەرامبەردا ئێرانییەكان نوێنەری رابەرو وەزارەتی ئیتڵاعاتیان بە رەسمی ناردە سلێمانیو بەندە هەم ئەركی پێشوازیكردنیان لە سنورەوە هەم تەدارەكی مقەڕو حیمایەو پێداویستییەكانیانم دابین كرد، یەكەم كۆبونەوەشیان لەگەڵ مام جەلال لە هەولێر ئامادەبوم، لەلایەكی تریشەوە لەگەڵ هەڤاڵ (چەكۆ) بەرپرسی ئەمنیەتی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران پەیوەندییەكانمان توندوتۆڵ كردەوەو برادەرێكمان ئەو كارەی گرتەئەستۆو چەند كۆبونەوەیەكیشیان ئامادەبوم (تەمەن رێگە بدات، هەموو وردەكارییەكانی ئەو سەروەختە لە دەرفەتێكی تردا بڵاودەكەمەوە). لە سەرەتای ساڵی 1996وە ئیتر شەڕو چارەسەری سەربازی بۆ پارتیو یەكێتی بو بە ستراتیژ، گشت هەوڵەكان بۆ راگرتنی مەحكومی شكست دەبون، ئەو كەسانەشی پەنجەرەیەكیان بۆ گفتوگۆ یان نزیكبونەوەی پارتیو یەكێتی دەكردەوە، هەرزو عەیبدار دەبونو مام جەلال وتەنی بە "باڵە حیزەكەی یەكێتی" ناویان دەبردن. جێگەی خۆیەتی باس لە هەوڵێكی كاك نەوشیروان بكەم لە نامەیەكی شەخسیدا بۆ بارزانی هەمو ئامادەگییەكی بۆ شەڕ راوەستاندن دەربڕیبو، سەرەتاكەشی بە "برای گەورەو بەڕێز" دەستپێكردبو، لەرێگەی پیرمامو لەدوا سەیتەرەی پێشمەرگەكانی یەكێتی، پەیكو نامەكە پێكەوە گیران، تەنیا لەسەر ئەوەی بەرێزو حورمەتەوە موخاتەبەی بارزانی كردبو، هەڵایەكیان لەسەر كاك نەوشیروان نایەوەو بە تەنەزولی گەورەیان زانیو نامەكە نەگەیشتو هەوڵەی ئەویش شكستیهێنا. تیمی ئەمریكییەكان كە لە سلۆپیو لەناو خاكی توركیا بنەیان خستبو، لە زاخۆش نوایەكی جێگیریان هەبو، بەچڕی هامۆشۆی سەری رەشو قەڵاچوالانیان ئەكرد، جگە لە كۆكردنەوەی زانیاریو گەیاندنی پەیامی پارتیو یەكێتی بە ئیدارەی ئەمریكی، هیچ دەستوەردانێكی لە كاری شەڕو ئاشتیدا نەئەكرد، هەردولاش تیمێكی چەند كەسییان بەرەو ڕوكردبونەوەو كەمتر تاڵەبانیو بارزانییان دەبینی. من چەندجارێك لە دەعوەتو كۆبونەوەو سەفەر لەگەڵیان بوم، ئەوەندەی لێیان تێگەیشتبوم ئەوەندەی گرنگیان بە ئەتەكێتی دیپلۆماسیو هەڵسوكەوتو جلوبەرگی ئێمە ئەدا، ئەوەندە گرنگیان بە بیروبۆچونو رەواییو ناڕەوایی هەڵوێستی سیاسی نەئەدا، لەو روانگەیەشەوە بەراوردی ئێمەو پارتییان ئەكرد، زۆرجاریش ئەیانوت" ئێمە كاری سیاسی ناكەین"، لەسەر كێشەكانی كوردستان، عێراقو ناوچەكە دیدو بۆچونیان رون نەبو، تەنانەت جارێك بە راشكاوی وتیان " ئێمە لە ئیدارەی ئەمریكا فایلێكمان نییە بەناوی كێشەی كورد، ئەوەی هەمانە فایلەكانی عێراق، توركیا، ئێرانو سوریا"یە، بەڵام پشتیوانییەكی ماددی باشی یەكێتیو پارتییان ئەكرد. كۆتایی مانگی (7)و بە رێكەوت، منو شاسوار ئیبراهیم تیمەكەیانمان گەیاندەوە سەیتەرەی سماقوڵیو لەڕێگە پێیان راگەیاندین رەنگە جارێكی تر نەیانبینینەوەو بە گەرمی ماڵئاواییان لێكردین، تیمێكی پارتی لە پێشوازییاندا لە ئێمەیان وەرگرت، لەوكاتەدا بە شاسوارم وت: - ئاوڕێك لە پێشمەرگەكانی خۆمان بدەرەوەو ئەوانەی پارتیش تەماشا بكە. پێشمەرگەكانی ئێمە بە تاقمو تفەنگی جیاوازو تۆزاوی، جلوبەرگی ناڕێكو ناجۆر، وەك دەڵێن هەریەك لە ئاوازێك ئەیانخوێند، ئەوانەی پارتیش بەرگی سەربازی مونەزەمو هاوشێوە، تەنانەت پێڵاوەكانیشیان یەكڕەنگو پاكو تەمیز بو، من ویستم بە تەنزەوە بە شاسوار بڵێم "هەتا ئەو جیاوازییە هەبێ چۆن دێن بەلای ئێمەدا". ئێستاشی لەسەربێ ئەم جیاوازییە لە هەمو رویەكەوە لەنێوان ئیدارەی هەولێرو سلێمانیدا، لەنێوان پارتیو یەكێتیو گۆڕاندا زیاتر بوەو لای بیانییەكانیش حسابی وردی لەسەر ئەكرێ. دوای دابڕانی تیمی ئەمریكییەكانو زیاتر قوڵبونەوەی پەیوەندییەكانی ئێمەو ئێران، دكتۆر بەرهەم كە ئەوكات نوێنەرایەتی یەكێتی لە ئەمریكا ئەكرد، وێڕای سەغڵەتبونی، چەندینجار نامەی بۆ مام جەلال ئەناردو لە مەترسی پچڕاندنی ئەو پەیوەندییانە ئاگاداری ئەكردن، لەلایەكی تریشەوە هەمو ئەو راپۆرتانەی لەناوخۆو دەرەوە بە مام جەلال ئەگەیشتن، هێرشی هاوبەشی پارتیو سوپای عێراقی بۆ هەولێرو گرتنەوەی شارەكانی هەرێمی كوردستانی پشتڕاست ئەكردەوە، هەندێ نامەی تایبەتیشی لەلایەن ئەو ئەفسەرە عێراقییانەوە پێئەگەیشت كە خۆیان بۆ هێرشكردن بۆ هەولێر ئامادەكردبو. تیمی ئەمریكییەكان لە سلۆپی بڕیاری راگرتنی گشت پەیوەندییەكانو هاموشۆیان لەگەڵ قەڵاچوالاندا بە ئێمە راگەیاند، ئەمە لە كۆتایی مانگی (7)دا بو، دكتۆر بەرهەم بە نامەیەكی رەسمی مام جەلالی لەو بڕیارە ئاگاداركردەوەو هۆكارەكەشی باسكردو داوای وەڵامی رەسمیشی لە مام جەلال ئەكرد، هەر خۆشی چاوەڕوانی كاردانەوەی سلبی ئەمریكییەكانی ئەكرد، پارتی ئیستیغلالی ئەو هەڵوێستانەی توركیاو ئەمریكییەكان كرد، بە هاوكاری حەرەس جمهوریو هێزەكانی بەغدا سەرقاڵی نەخشەی گرتنەوەی هەولێرو سلێمانی بون، مام جەلال تا بەرەبەیانی 31ی ئاب، مەكتەبی سیاسیو گشت یەكێتییەكانی لە پشتیوانی ئەمریكاو رونەدانی پەلامار دڵنیائەكردەوە، ئەوان وەك خەوتوی گوێچكەی گاو مام جەلالیش سەرقاڵی بەرنامەی تاسنور چۆڵكردنو جارێكی تر گۆڕانكاری بارودۆخەكەو پەلاماردانەوەی پارتیو سوپای عێراقی لە مێشكی خۆیدا ئەهێناو ئەبرد. ئەو مام جەلالەی لەبەرامبەر جەبەروتی جەیشی عێراقیو ئێرانیدا، قەیوانو یاخسەمەری چۆڵ نەئەكرد، لە راپەڕینو كۆڕەودا خۆی لە قەلاچوالانو هانی ئەداین لە ئەزمەڕو سەفین بەرگری بكەین، لەو رۆژەدا بەرامبەر پارتی زنجیرە چیای ئاسۆس، گوڵێو شارباژێری سەختو دەشتی شلێریشی پێ چۆڵكردین. لەنێوان مام جەلالو ئێمەدا، مام جەلال و سەركردایەتییەكەیدا ئاش لە خەیاڵێكو ئاشەوان لە خەیاڵێك بو، لامسەلایی قسەیەكی كۆنی كاك نەوشیروانم لەسەر مام جەلال لەكاتی هەردو مفاوەزاتی 1984و 1991 بیركەوتەوە، كە لە توڕەبونی ئەوەی ئیمزای لەسەر هیچ رێككەوتنێك لەگەڵ بەغدا نەئەكردو ئەیوت: "مام جەلال ئەبێ دەسكەوتێكی هەبێ 66 بسڕێتەوە". قسەیەكیش لەسەر 17ی شوبات دوانیوەڕۆی 29ی مانگی یەكی 2011 ئاگاداریان كردم كە سەعات 5 كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسییەو بۆ تەدارەكی رێكخستنی كۆبونەوەكە ئامادەبم، پێشوەختو سەعات 4 لەوێ بوم، د. خەسرەو گوڵ محەمەد پێش هەموان هاتو لە ژورەكەی من دانیشت لەبەرئەوەی ئەو ئەندامی مەكتەبی سیاسی نەبو، لەگەڵ هەواڵی باسو خواسی ئەو رۆژە پرسیاری هۆكاری هاتنەكەیم كردو وتی: - ئەم كۆبونەوەیە پەلەیەو من رێكمخستوە، زانیارییەكان لەسەر گردەكەو كاك نەوشیروان جێگەی مەترسی گەورەن. هیچ هەواڵی ئەو یەك دو رۆژەی گردەكەو هاوڕێكانمانم لە بزوتنەوەی گۆڕان نەئەزانی، بۆیە بەسەرسوڕمانەوە گوێم لێگرتبو. - ئەمڕۆ 1500 دەمانچەی كاتم لە گردی زەرگەتە تەوزیعكراوە، سەدان سندوقی كڵاشینكۆڤ بە تازەیی هەڵپچڕاون، لە كەلار هەتا كۆیەو باڵەكایەتی جلی رەش تەوزیعكراوە.. لە نێوان عەقڵی خۆمو قسەكانی د. خەسرەودا كە بەرپرسی زانیاریو چەند ساڵێكیش پێكەوە كارمان كردبو وەك پیاوێكی بە خیبرە دەمناسی، هیچم نەوتو هیچم بۆ نەكرا، جگە لە روخسەت وەرگرتن بەبیانوی چاككردنی هۆڵی كۆبونەوەكە لە ژورەكەی خۆمدا بەجێم هێشت. ئەندامەكانی مەكتەبی سیاسی هاتنو بە دەوری مێزە هێلكەییەكەدا، گرمۆڵە بون. - رەزاق تۆ بڕۆ بە دیار تەلەفزیۆنی كەی ئێن ئێنەوە بە، هەركات بەیاننامەكەی بزوتنەوەی گۆڕان بڵاوكرایەوە بۆمان بهێنەرە كۆبونەوەكەوە. مەلا بەختیار ئەم قسەیەی پێوتم، چونكە سەعاتێك بو كەناڵەكانی كۆمپانیای وشە نوسیبویان پاش كەمێكی تر بەیاننامەیەكی گرنگ بڵاودەكرێتەوە, هۆڵی كۆبونەوەكانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، تەلەفزیۆنو رادیۆو تەنانەت كۆمپیوتەرو ئینتەرنێتیشی تێدا نەبو، وەك ئێستاش مۆبایلی زیرەكو هێڵی ئینتەرنێتی سەر تەلەفۆنەكان نەبون. دوای كەمتر لە سەعاتێكو چومە هۆڵی كۆبونەوەكە، دەقی بەیاننامەكەی بزوتنەوەی گۆڕان بە خەتی خۆم دایە دەست كاك بەختیار، زۆر بەپەلە بۆ كۆبونەوەكەی خوێندەوەو بەدوایدا وتی: - زانیارییەكانی د. خەسرەو هەموی وردو راست دەرچون، ئەمە بەیاننامەی ئینقیلابە. دیاربو لەو ماوەیەدا كە من رۆشتمو تا بەیاننامەكە خوێندرایەوە، د. خەسرەو هەمو زانیارییەكانی لەسەر گردەكەو زیاتر لەوەی بەمنیشی وتبو، بۆ باسكردبون. هەر لەو كۆبونەوەیەدا پەیوەندییان بە مەكتەبی سیاس پارتییەوە كردو لیژنەیەكی سەربازییان بۆ چارەسەركردن لە (حاكم قادر، شێخ جەعەفەر، مەحمود سەنگاوی) پێكهێنا، هەمو دەسەڵاتەكانی مەكتەبی سیاسیشیان پێدان، كە بۆ هیچ بڕیارێك نەگەڕێنەوە. هەمو ئەو چەند ساڵەی گۆڕان دروستبوبو، شێخ جەعفەرم بە قسەیەك یان رەفتارێك نەبینبوو دژی كاك نەوشیروان یان بزوتنەوەی گۆڕان وەستابێتەوە، بۆیە قبوڵكردنی لە لیژنەكەدا، توڕەبونی ئەو ئێوارەیەی، هەوڵی خێرای بۆ كۆكردنەوەی هێز لە دەوروپشتی گردەكەو پەلاماردانی، وایكرد پێی بڵێم: - كاك جەعفەر تۆ بەراست ئەمە بەرامبەر هاوڕێكانمان لەو گردە ئەكەیت؟ - رەزاق من لە ژیانمدا قسەیەكی غەڵەتم بەرامبەر كاك نەوشیروانو هیچ كەس لە رەفیقەكانم لە گۆڕان نەكردوە، ئەوانیش قسەیەكیان بەمن نەوتوە، بەڵام ئەمانەی خۆمان ئەوانیان لە یەكێتی دەرپەڕاند، ئاژاوەكەیان دروستكردو مام جەلالیشیان هەڵخەڵاتاند، دەبێ منیش شەڕەكەیان بۆ دروست بكەمو چی ئەبێ با ببێ. ئەو بارودۆخە ناهەموارە بە هەڕەشەو هێرشی ئیعلامی هەردولاوە، بە سەعات تێدەپەڕی، لە راستیدا لەناوەڕاستی مانگی یەكو لە كۆبونەوەیەكی مەكتەبی سیاسی پارتیو یەكێتیدا، پێشبینی جۆرێك لە گرژیو خۆپیشاندانی بەرفراوان ئەكرا، هەردولاش بڕیارێكیان هەبو بۆ هەر جوڵانەوەیەكی لەوجۆرە چارەسەری عەسكەریی بكەن، هەر بۆیە كە 17ی شوباتو پەلاماری لقی چواری پارتی لە سلێمانی رویدا، جوڵەو هاتنی هێز لە هەولێرەوە هەم بڕیاری پێشوەختی هەردولا، هەم ئامادەسازی پێشتری یەكێتیو رەزامەندی سەرۆكایەتی حكومەتیشی هەبو. پەشیمانبونەوەی یەكێتی بوە مایەی گلەییو گومانی پارتییەكان، پێم سەیرە مەكتەبی سیاسی پارتی ئەو راستییە دەزاننو لای كەمی بۆ رەتكردنەوەو بەرپەرچدانەوەی ئەو غەزەبو توڕەیەی هەرێمی سلێمانی هیچ كات باسی ناكەن. لەسەروەختی تەقەكانو لە گەرمەی پەلاماردانەكەی لقی چواری پارتیدا، رو لە حاكم قادر وتم: - عەیبەیەكی گەورەیە بۆ ئێمە كارەساتێك لە سلێمانی روبدات. ئەوكات حاكم بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی هەرێمو كارگێڕی مەكتەبی سیاسی بو، منی راسپارد وەك نوێنەری مەكتەبی سیاسی بڕۆم بۆ لقی چوارو وتیشی ئەگەر رێگەكە ئەمین بو بەدواتا دێم. هەرچۆنێك بو لە كۆڵانەكانی پشتەوەو لە دەرگای ئەودیوی شەقامی سەرەكییەوە خۆم گەیاندە ئەو ژورەی لەسەرەوە بەرپرسی لقو ئەندامەكانی پارتی تیایدا كۆبوبونەوە، هەندێ دۆستو هاوڕێی خۆشیان بەهانایانەوە چوبون، خۆم پێناساندن (هەندێكیان كوڕی گەڕەكو ئەهلی شار بون، دەمناسین)و وتم حاكم قادریش بەڕێگەوەیە بۆ ئێرە، زۆر هەوڵماندا كۆنترۆڵی بارودۆخەكە بكەین، لە چەند لایەكەوە گولە بەر دارو دیواری بیناكەی ئەوانیش ئەكەوت، فازل میرانی بەتەلەفۆن لەگەڵیاندا لەسەر خەت بو، شپرزە بوبون، بە موئامەرەی یەكێتیو مەسئولەكانی یەكێتییان ئەزانی، جگە لە جنێودان بە بەرپرسەكانی یەكێتی (كە لە پشتی منەوە گوێڕادێریان دەبوم) كەسی تریان تاوانبار نەئەكرد، تەنانەت بەرپرسی لق منی بردە باڵەكۆنی سەرجادەكەو لەمسەر بۆ ئەو سەری شەقامی سەرەكی سالم تەنیا یەك پۆلیسو ئاسایشمان نەبینیو پێی وتم: - لەدوێنێ نیوەڕۆوە زانیاریمان هەبوە كە ئەمە روئەدات، بەرپرسەكانی ئاسایشمان لە جۆرە موزاهەرەیەكو پەلاماردانێكی وەها ئاگاداركردوەتەوە، بەڵێنیشمان وەرگرت كە ئەمڕۆ پارێزگاریمان بكەن، بەڵام هیچ هێزێكیان نەناردو لە نیوەڕۆشەوە تەلەفۆن بۆ هەر كەسێكیان ئەكەین وەڵاممان نادەنەوەو نەشیان هێشت بەشی پاراستنی خۆمان هێز كۆبكەینەوە. هەر لەوێدا تەلەفۆنم بۆ حاكم قادر كردو رەئی پارتیم لەسەر روداوەكە پێوتو داواشم لێكرد بەڕێگەكەی مندا بێتەلامان. حاكم قادر هاتو بەچاوی خۆی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی بینیو وتی: - زابتو مەفرەزەو ئاسایشو پۆلیسەكانمان درۆیان لەگەڵ كردین. بەهەرحاڵ، گرژییەكان زۆر بونو پارتیش لەسەر بڕیاری مەكتەبی سیاسی هەردولا هێزێكی زێرەڤانی هێنایە سنوری سلێمانی، لەراستیدا ئەو هێزە ئەوەندەی بۆ پاراستنی بارەگاو مقەڕەكانی پارتی لەناوچەكەدا هاتبو، ئەوەندە بۆ پەلاماردانی گردەكە نەهاتبو، بەڵكو ئەوەی هێزی پەلاماری گردەكە بو، یەكێتییەكان بونو دو هەفتەش بو ئامادەسازی بۆ كرابو. ئێمە چەند كەسێك هەمان رۆژی 17ی شوباتو ئێوارەكەی، هانامان بۆ كاك كۆسرەت برد دەوری خۆی بگێڕێت، بەتایبەت كە زانیمان دژی هاتنی هێزەكانی پارتی بو بۆ سلێمانی، مام جەلال لە بەغدا بو، كاك كۆسرەت لە وەڵامی ئێمەدا وتی: - ئەبێ قەناعەت بە مام جەلال بكەین. هاوڕێ سەنگاو، خەلیل عەبدوڵا، عومەر شیرەمەڕی پێشنیازمان كرد كۆبونەوەیەكی فراوان بە خەڵكی سلێمانی بكاتو رای ئەوان بە مام جەلال بگەیەنێ، فكرەكەی پێ باشبو، بەیانی رۆژی دواتر لە هۆڵی یانەی كۆمەڵایەتی لە چینو توێژە جیاجیاكانی شاری سلێمانی زیاتر لە (150) كەسمان دەعوەتی كۆبونەوەكە كرد، هەر خۆشی پێشنیازی كرد مەلا بەختیاریش بۆ ئەو كۆبونەوەیە بانگ بكەینو وتیشی: - ئەگەر مام جەلال بڕوای نەكرد، با مەلا بەختیار شایەتی بدات. لەلایەكی ترەوە بەشێوەیەكی كاتیی هێزەكانی پارتی لە دوكانو ئاپارتمانی مەكتەبی سیاسییان لە راپەڕین تەوزیع ببون. كۆبونەوەی یانەی كۆمەڵایەتی رێكخرا، تەواوی ئامادەبوانی كۆبونەوەكە هێرشی توندیان كردەسەر ئەو هەڵوێستەی یەكێتیو داوایان لە كاك كۆسرەت كرد رێگە بە داخڵبونی هێزەكانی پارتی بۆ سلێمانی نەداتو بارودۆخەكە ئارام بكەنەوە، هەر ئەو رۆژەو دوای كۆبونەوەكە، كاك كۆسرەت پەیوەندی بە مام جەلالەوە كردو قەناعەتی پێكرد كە پەیوەندی بە كاك مەسعودەوە بكاتو هێزەكانی پارتی بكشێنەوە. ئێستاو هەر كەسێكیش خۆی بكات بە پاڵەوانی راگرتنی هێزەكانی پارتی لە حزوری (مام جەلالو كاك مەسعود) دا پێش رایگشتی, پارتییەكانو یەكێتییەكان ئەزانن ئەوە راست نییەو ئەسڵو ئەساسی نییە، چونكە ئەوەی بڕیارێكی لەوجۆرەی لەناو پارتیو یەكێتیدا چ بۆ پەلاماردان یان بۆ كشانەوەی هێز، دابێت شەخسی بارزانیو تاڵەبانی بونو بەتەنیا لە دەسەڵاتی ئەواندا بوە. ماویەتی..... * دۆكیۆمێنتەكان: 1- پرۆژەی رێككەوتن لەسەر هەڵبژاردنی رێكخەری گشتی گۆڕان 2- نامەی مانگێك پێش 31ی ئابی د. بەرهەم ساڵح بۆ مام جەلال.
+ ئەبوکاروان دوای نزیک بوونەوەی ساڵێک و بەدیاریکراویی زیاتر لە نۆ مانگ بەسە ر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکاندا، دوای ئەنجامدانی چەندین کوبونەوە لەنێوان حزبەکانی بەشداربووی کابینەو لەسەر بنەمای بەشبەشێنە و بەخشینی پلە و پۆست لە نێوان حزب و لە نێو حیزبیشدا بەشێوەی دەستە و تاقم و مەحسوبیەت و مەنسوبێت و تەنانەت شارچێتی و ناوچەگەرێتی، لەڕۆژی چوارشەممە (٢٠١٩/٧/١٠)سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و جێگرەکەی و وەزیرەکانی کابینە متمانەیان پێدرا و سوێندی یاساییان خوارد، سەرۆکی حکومە ت وتارێکی پێشکەش کردو بەڕنامەی حکومەتی ڕاگەیاند. دەمەوی ھەر لەسەرەتاوە ئاماژە بەوەبدەم کە لەھەموو کابینەکانی پیشوودا تاڕادەیەک بەڕنامەی باش دەخرایە ڕوو بەڵام بەشێکی زور کەمی جێبەجێ دەکرا و کەواتا گرنگ لە جێبەجێکردنی بەرنامەکەیە کە بەلای کۆمەلانی خەڵکی کوردستانەوە زۆر بێبایەخ تە ماشا دەکرێت بەپشت بەستن بە ڕابووردوو، کێشەی ئێمە لەسەر کاغەز نییە، کێشەی حەقیقیمان لە واقیع و جێبەجێکردندایە. قەیرانی نەبوونی متمانەو نەبونی ئیرادەیەکی سیاسیی بەھێز لە نێوان لایەنە سەرە کییە كانی پێکھینەرانی ئەم کابینەییە بەمەبەستی تێپەڕاندنی ئەم قوناغە و خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ناتوانرێ ئەم کابینەیەش سەرکەوتوبێت ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی دامەزرادنی ئەم حزبانە کە دەبێت بەردە وام لەململانیدابن. حکومەتی ھەرێم لەکابینەکانی پێشووداو لەساڵانی ڕابوردوودا چەندین بە ڕنامە و نە خشەی چاکسازی ڕاگەیاندووە و ژماریەک دامودەزگایەکی دامەزران بۆ ئەو مەبەستە بەڵام نەیتوانی چاکسازی بکات چونکە دەبوو لەخودی حزبەکانیان وبە رپرسە باڵاکانیانەوە دەست پێبکەن کە ئەمەش لەتوانای ھیچ کابینەیەکدا نییە . سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە وتاری سوێند خواردنی خۆی و وەزیرانی کابینەکەی وتی: (پلان و ئامانجەکانمان بۆ خزمەتی ھاوڵاتیان لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی کار رێکخستووە، کە نەخشەرێگای سەرەکی و گشتیمان دەبێت لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و وەک بڕگەی دووەمی وتارەکەم دەیخەمە ڕوو). لەڕاستیدا ئەو وشانە وشگەلێکی جوان و بایەخدارن، بەڵام ئەوەی مایەی تێبێنی و ڕەخنەی جددییە بەڕێزیان چ لە ئامانج و کارنامەکەیدا چ لە وتارەکەیاندا باسی ھەڵوەشاندنەوانەی ئەو ھەموو باجە زۆرانەی سەر ھاووڵاتیانیان نەکرد کە بەناحەق کراوەتە تەوقێک لە گەردنی ھاووڵاتیان نراوە، ئەوەش لە رێگەی بڕیار و ڕێنمایی ئەنجومەنی وەزیرانەوە!! لەکاتێکدا ئەنجومەنی وەزیران سەڵاحیاتی دانانی باج چ بەکەمکردنەوە یا زیادکردن نییە، ئەوە لەدەسەڵاتی پەرلەماندایەو دەبێ بەیاسا رێکبخرێت. خزمەتی ھاووڵاتی لەوە دەکرێت کە لەیەکەمین دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیراندا بەبڕیارێک ئەو بڕیارە نایاساییەی ئەنجومەنی وەزیران ھەڵبوەشێنێتەوە. ئاخر چ لۆژیکێک ئەوە قبوڵ دەکات ھاووڵاتی لەگەرمەی قەیران و خراپی گوزەرانیدا ١٥٠% باج و ڕوسوماتی لەسەر زیاد بکرێت و کەچی کابینەی نوێش بێت باسی خزمەتی ھاووڵاتی بکات و ئەو باجانە ھەڵنەوەشێنتەوە؟ ئەرێ برادەرینە ئیدی خزمەتی چی؟ پرسیاری سەرەکیی ئەوەیە ئایا ئەم کابینەیە دەتوانێ چاکسازی لە بواری ئابوریی و ئیداریی و داراییدا بکات؟ ئایا دەتوانێ پاڵاوتگە نایاساییەکان دابخات و چەند کۆمپانییایەک دروست بکات ودەزگا و دامەزراوەکانی حکومەت سەرپەرشتی بکات؟ ئایا دەتوانی قەرزی کەڵەکە بووی حکومەت لای کۆمپانییەکان بگەڕینیتەوە؟ ئایا دەتوانی چاکسازی لە لیستی شەھیدان و پێشمەرگەی دێرین و زیندانیانیی سیاسیی بکات و لە خاین و خۆفروش پاکیان بکاتەوە؟ ئایا یاسای وەبەرھێنان ھە مواردە کاتەوە؟ ئایا دەتوانی لە بواری پەروەردە و تەندروستی چاکسازی بکات؟ دەیان پرسیاریتر ئاراستەی ئەم کابینەیە دەکرێت وەڵامدانەوەی زۆر قورس دەبێت و چارەسەرکردنی کێشەو کەلێنە گەورەکانی ھەر کەرتێک لەو کەرتانە ئەستەم دەبیت. پرسی شفافیەت لایەنێکی گرنگە بۆ ئەم کابینەیە و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەبەرنامەکەیدا ئاماژەی پێدا، کە چەندین پرسیار لەخۆ دەگریت، ئایا داھاتی نەوت و سەرجەم داھاتی ھەرێم ئیعلان دەکریت بۆ ڕایگشتی؟ ئایا سەرجەم خەرجییەکان دەخرێتە ڕوو؟ ئایا بودجەی ھەرێم بەسەرجەم داھات و خەرجییەکانەوە دەخرێتە بەردەم پەرلەمانی کوردستان بەمەبەستی گفتووگۆکردن و بڕیاردان لەسەری وەکو ئەرکێکی پەرلەمانی کوردستان؟ ئایا بوار دەدرێت بە پەرلەمانی کوردستان کە چاودیری ڕاستەقینەی کارەکانی حکومەت بکات و لێپرسینەوە لە بەرپرسانی کەمتەرخەم و گەندەڵ بکات؟ ئایا لیستی پێشمەرگە و ھێزەکانی ئاسایش ڕێکدەخرێتەوە کە تائیستا بەبێ لیستی ناوەکان مووچە یان بۆ سەرف دەکرێت و بێبەرنامە نەسرییە یان بۆ خەرج دەکرێت بەتایبەت یەکەی ھەشتاو یەکەی حەفتا کە لەدوو حزبی دەسەڵاتداری ھەرێمن؟ سیاسەتیی ئابووری پەیڕەوکراو لە ھەرێمی کوردستان کە پشت بەئابووری بەرخۆرە و گرتنەبەری بازاڕی ئازادو دوور لە سانسوروو چاودیری حکومەت، ھەروەھا ھەنگاونان بەرەو بەتایبەتکردنی زیادەبەدەر بەپێی نمونەی لیبراڵیزمی کە واتا سیاسەتی ئابووری لە کوردستان بە پپێی مەرجەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی جیھانی پەیرەو دەکرێت، لەبەرنامەی ھەڵبژاردنی لایەنەکانی بەشداربووی ئەم کابینەیەدا ھیچ ئەلتەرناتیڤ و گوڕانکارییەک بەدی نەکرا، کەواتا ئەم کابینەیە گوڕانکاری ناکات لە سیاسەتی ئابوری پەیرە وکراو کە یەکێکە لەگرفتە سەرەکییەکانی سیاسەتی حوکمڕانی لە ھەرێمی کوردستان. ئایا پێکھینەرانی کابینە و سەرکردەکانیان دەستبەرداری کۆمپانیا زەبەلاحەکانی خۆیان دەبن کە ھەموو کایەو کارەکانی بازاڕییان لە ھەموو بوارەکاندا کۆنتروڵکردوە و ئەویش پرسیارێکە و ناتوانن وەڵامی بدەنە وەوچارە سەری بکە ن؟ یەکێکی تر لەکێشەکانی بەردە م ئەم کابینەیە کێشە کەڵەبووەکانی کابینەکانی ڕابوردووە وەکو دەستور و یاسای سەرۆکایەتی و حکومەت پارەیەکی لە ڕادەبەدەر قەرزرارە و چەندین گرفتی تر. گریمان پارتی زورینەی کورسییەکانی پەرلەمانی بەدەستەوەییە و دەتوانی یاسای سە رۆکایەتی و دەستور لەپەرلەمان تێپەڕێنێ، ئایا دەتوانی لایەنەکانی تری بەشدار بوو ڕازیبکات و تەوافقی لەسەربکات ؟ ئەی لە ئەگەری ڕازی نەبوون و ڕیکنەکەوتنیان کێشە دروست نابێت؟ گرفتێکی گەورە ترو قورستر لە بەردەمی کابینە ئەو ھەموو قەرزەیە کەسەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ڕایگەیاند، ئایا ئەوقەرزە چەندە؟ و قەرزی چییە؟ و وردەکارییەکە ی بۆ ئەنجومەنی وەزیران و ڕایگشتی ڕادەگە ینرێ؟ ، ئایا دروستە کابینەیەک وابەسەرپێی حکومەتێکی قەرزار بەوشێوەییە دەستی کابینەیەکیتر بکات ؟ ئایا قەرزی مووچە خۆرانی ھەرێم چوون دەدریتەوە لەکاتێکدا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی پێشوو چەندین جار ڕایگەیاند کەیەک دیناری مووچە خوران نافەوتێت؟ ، ئایا حکۆمەت بەرنامە و پرۆژە دەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە و ئەو غەدرەی لەمووچە خورانی ھەرێم کراوە؟ بۆیە ئەو خاڵانەی سەرەوە بەپشت بەستن بەبیست و حەوت ساڵەی حوکمڕانی و حزبە پێکھینەرەکانی و بەرنامەی ھەڵبژاردنی ئەو لایەنانە و کێشە کەڵەکەبووەکانی کابینەکانی پێشوو، ئەم کابینەیە ناتوانی گوڕانکاری جەوھەری دروستبکات سەرەڕای ئەوەی بارودۆخی ئێستا جیاوازترە لەبارودوخی کابینەی پێشوو کە شەڕی داعش و دابەزینی نرخی نەوت و کێشەی ھەرێم و بەغدا لە ئارادا بوون.
د. شیرکۆ حەمەئەمین کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرەتاکەی،بەهەڕەشە دەستی پێکرد،تەنیا لایەنی ڕاپەڕاندنی ئەرکی موچەخۆران دەبینێت،بەبێ ئەوەی دیوی دوەمی وێنەکەببینێت و دەستبەری بکات،کە مافی موچەخۆرانە،ئەم حکومەتەو سەرۆک وەزیرانەکەی لایان وایە،ئەمەی ئێستا،بۆ موچەخۆران هەیە زۆرەو پێویستە بەپێیی ستانداردی وڵاتان دەوام بکرێت. لەهەمو جیهاندا ئەرک و ماف هەیە،تۆ کە مافت نەداوەو دەستەبەرت نەکردوە،نالۆژیکییە داوای ئەرکی ستاندارد بکەیت؟! ئەمەجگەلە قەرزی ساڵانی ڕابوردوی موچەخۆران،کە مافی خۆیانەو موچەکانیانە ،کەلەئەنجامی سیاسەتی برسیکردن و بڕیاری نایاسایی ژمارە ٦٤ساڵی ۲٠۱٦ ی پاشەکەوتی موچەدا،کەوتوەتە لای حکومەت و هیچ ئاسۆیەکی دانەوەشی دیارنیە،لەکاتێکداکۆی لیستەکان و سێ کوچکەی دەسەڵاتیش چ لە بانگەشەی هەڵبژاردنی ئایاری ۲٠۱۸ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و چ کاتی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ۲٠۱۹/۹/۳٠ پەرلەمانی کوردستان بانگەشەی گێڕانەوەی پاشەکەت کراوە،بەڵام سەرۆکی حکومەت ،لەکارنامەکەیدا هیچ ئاماژەیەکی پێ نەکرد،کەکارنامەکە لیژنەیەکی سێ کوچکەی دەسەڵات نوسیبویان،جگەلەوەلەحاڵی ئێستا کۆتایی مانگی حەوتی ۲٠۱۹یە، هێشتا موچەی مانگی چواری ۲٠۱۹ی کۆی وەزارەتەکان دابەشنەکراوە! کەچی حکومەت هەڕەشە دەکات و بڕیاری دەوام و بڕیارگەلی تر دەردەکات،کە زیاتر بەئاڕاستەی شاردنەوەی زانیارییەکان و ئەرکی موچەخۆراندا دەڕوات،ئەمەش ئاماژەیەکی سەرەتایی کاری کابینەی نۆیەمە،کە هەڕەشە و ئەرکە، بێ ئەوەی مافی تەواوی دابین کردبێت،کەهاوکێشەیەکەلاسەنگ دەکات. ئەمەلەکاتێکدا هەڵمەتێکی میدیایی، میدیای فەرمی و سێبەری سێ کوچکەی دەسەڵات ،لەسەرەتای ڕاسپاردنی مەسروربارزانیەوە بەڕێخراوە و ئێستاش بەردەوامە،کە ئەم کابینەیە جیاوازدەبێت و سەرۆک وەزیرانەکەی جیاوازەو ئەزمونی ئەمنی هەیە،ئەمەش وادەکات،کابینەکە سەرکەوتوبێت.بەڵام ئەوەتا لەسەرەتای هەنگاوەکانیدا نەتوانرا ئەو خشتەیە جێبەجێ بکرێت،کە بۆ دابەشکردنی موچەی مانگی چوار ڕاگەیەنرابو،کە ۷/۲۳ دابەشکردنی موچەکۆتایی دەهات،لەبەرانبەرداهەمان قسەی ڕابوردوش کرایەوە،( هۆی دواکەتنی موچە نەگەشتنی پارەکەی بەغدایە،کەی پارەکەلە بەغداوەگەشت موچەدابەش دەکەین) حکومەت و وەزارەتێکی دارایی پارەی یەدەگی یەک دو وەزارەتی نەبێت،کە هەندێکیان چەند ملیار دینارێکن،چۆن دەتوانرێت،پێی بوترێت حکومەت؟! هەرچەندە هێشتا سەرەتایە و زوە ،تا حوکم،لەسەرئەم کابینەیە بدرێت،بەڵام هەنگاوەکانی سەرەتای ،بۆ موچەخۆران دڵخۆشکەرنین. ئەوەی گرنگە،وەک چۆن هەڵمەتێکی میدیایی سێ کوچکەی دەسەڵات و میدیای سێبەریان،بۆ جوانکردنی کابینەکەو ناساندنی هەنگاوی سەرەتایی و ڕوکەش،بە چاکسازی و گۆڕینی شێوازی کارکردنی حکومەت هەیە،وەک لەوتارەکەی سەرۆک وەزیرانیشدا هاتبو،هەربەوجۆرەش پێویستە هەڵمەتی میدیایی و چالاکی جۆراوجۆر،بۆ دەرخستنی تەواوی ڕاستیەکان و دیوی دوەمی وێنەکە هەبێت،کە ئێستا تەواو سست و لاوازبوە، پێویستەئەمە ببوژێنرێتەوەوچاودێری ورد دەست پێ بکاتەوە،کە لەبەرژەوەندی گشتی و لەخزمەتی هاووڵاتیاندا دەبێت.
+ رێبوار کەریم وەلی (1) تورك پەندێكیان هەیە دەڵێ: "لە پڕەكەی بكەم، جێگەی نابێتەوە. لە بەتاڵەكەشی بكەم، پڕنابێتەوە"! تاوەكو نووسینی ئەم وتارە، چوار رۆژ بەسەر رووداوەكەی هەولێردا تێدەپەڕێت. هێشتا لەو بیست كامێرای چاودێرییەی كە لە دەرەوە و ناوەوەی رێستورانتی (هۆققەباز)دا هەبوون، یەك چركەش بڵاونەكراوەتەوە و دەڵێن دوای رووداوەكەش رێستورانتەكە جممەی دێت لە مشتەری! رووداوەكە هەر چۆنێك بووبێت، ئیتر لێرە بەدواوە دوای ئەو هەموو قسەوباسەی بڵاوكرانەوە، راستیی مەسەلەكە بەشێوەیەكی زۆر جیدی زیانی پێگەیشتووە. بێدەنگی دەزگا ئەمنییەكان و سستییان لە گەیاندنی زانیاری، رۆژ بە رۆژ ئەو گومانەی قووڵتر كردەوە كە شتێك روویداوە و دەبێ دابپۆشرێت. هەم میدیا و هەم پارتی، لە تەمومژی سەر رووداوەكە بەرپرسیارن. بەشی زۆری میدیا هەوڵیدا رووداوەكە وەكو كەماسییەك و خاڵی لاوازیی سەرۆكوەزیران و حكومەتە نوێیەكەی وێنا بكات، یانیش وەك ململانێیەكی ناوخۆیی پێشانی بدات كە ئەوە ئەسڵ و ئەساسی نییە. بەڵام كاردانەوەی پارتیش بۆ دۆزینەوەی گیسكی گوناح زۆر ناشیانە بوو. خەڵكێكی زۆر لەدوای ئەو رووداوەوە دەبنە قوربانی، دوور نییە هەدەپەش لە توركیا دابخرێت و رێگەی كاری سیاسی لێبگیرێت. دوور نییە هێرشێكی بەرفراوانی زەوینیش بۆ سەر پەكەكە بكرێت. دوایی دەردەكەوێت كە هەمووان باجی نەگوتنی راستییەكان دەدەن. پڕۆژەكەی مەلا بەختیار تاڵەبانی (2) ئەخیرەن ماڵی تاڵەبانی دوای شكستە یەك لەدوای یەكەكانیان بۆ دەستبەسەرداگرتنی یەكێتی، بۆیان دەركەوت كە ئەو مەلا بەختیارەی خۆیان چ نیعمەتێك بووە و ئەوان وا بە ئاسانی كردوویانەتە قوربانیی سەرەڕۆییەكانی خۆیان. پڕۆژە راگەیێندراوەكەی مەلا بەختیار شتێكی تازەی ئەوتۆی تێدا نییە، جگە لە لێدان و كوتانی نەیارە مێژووییەكانی خۆی لەناو یەكێتیدا. ئەگەرچی مەلا بەختیار ناتوانێ سەركۆنەی كەس بكات لە هەڵگەڕانەوە لە یەكێتی و رێبازی تاڵەبانی (چونكە خۆی یەكێكە لەوانەی پێش هەمووان لە یەكێتی جیابووەتەوە)، بەڵام پڕۆژەكەی بەشێوەیەك نووسیوە وەك ئەوەی خۆی خاوەنی یەكێتی بێت. لەڕاستیدا، ئەوە پڕۆژەی هاوبەشی (قوباد تاڵەبانی، بافڵ تاڵەبانی و شانازی برایم ئەحمەد)ە و، ئامانجیش لێی بەرزەفتكردنی ناوەندی بڕیاری یەكێتییە كە لەم ماوانەی دواییدا بەتەواوەتی كۆنترۆڵی یەكێتییان كردووە. ئەگەرچی مەلا بەختیار عەڕابی تێكدان و سەرنەگرتنی رێككەوتننامەی 17ی مایسی 2016ی نێوان گۆڕان و یەكێتی بوو، بەڵام وا خۆی نیشاندەدات كە ئەو تەنانەت لە رابردووشدا فریادڕەسی گۆڕان بووە! لەكاتێكدا لە دوای نەخۆشكەوتنی تاڵەبانی لە 2012 وە، هەموو هەوڵی مەلا بەختیار بۆ ئەوەبوو لەسەر دەستی ئەو و وەك دەمڕاستی بنەماڵەی تاڵەبانی رێككەوتنێكی نوێی ستراتیژی لەنێوان پارتی و یەكێتیدا ئیمزا بكرێت. پڕۆژەكە چەندی رووی لە یەكێتی بێت، دوو ئەوەندە رووی لە پارتییە و پارتیش هەموو دەمێ دەرگەی بەسەر مەلا بەختیاردا كراوەیە، چونكە پێیانوایە نوێنەری بەرهەقی بنەماڵی تاڵەبانییە. ماڵی تاڵەبانی لە ئاست ئەو نەزمە نوێیەی كە لەناو یەكێتی هاتووەتە گۆڕێ دەستەوستانن و جارێكی دیكە هانایان بۆ مەلا بەختیار بردووە، بەڵام دیسان پارتی دەكەوێتە بەردەم تاقیكردنەوەیەكی گرنگ كە ئایا تەعامول لەگەڵ ئەمری واقیع دەكات یان دەیەوێ لەگەڵ رابردووی یەكێتیدا بژیت؟ مەولوودی كودەتا (3) یەكێك لە سەرنجڕاكێشترین رووداوەكانی هەفتەی رابردوو ئەو مەولوودە بوو كە لەلایەن كونسوڵخانەی توركیا لە هەولێر (لە مزگەوتی سەواف) خوێندرایەوە. لەگەڵ مەولوودەكەشدا مەراسیمی پرسە بۆ كوژراوەكانی رووداوەكەی 15ی تەممووز دانرا. لە هەمووشی خۆشتر ئەوەبوو كە مەولوودخوێنەكان بە كوردی و بەدەم دەف لێدانەوە سڵاویان بۆ كوژراوە توركەكان دەنارد! ئەوەش لە كاتێكدا بوو كە هاوكات لە ترابزۆنی توركیا لەسەر وێنەگرتن لەگەڵ ئاڵای كوردستان، هاووڵاتیی كورد پەلامار درابوون و لە قەرەقۆل قایم كرابوون! هەموو ئەوانە بۆ پیرۆز راگرتنی رۆژی 15ی تەممووز بوو كە گوایە توركیا لە هەوڵێكی كودەتا رزگاری بووە. راستییەكەی هەڵبژاردنی هەولێر و خوێندنەوەی مەولوود لەو شارە بێ هۆ نییە. چەندی گەڕام نەمدیت لە شوێنی دیكە كاری لەو بابەتەیان كردبێت و تازییەیان دانابێت، دیارە لەبەر دوو شت بووە. یەكەمیان هەولێر توركمانی لێییە و دووەمیشیان هێشتا ئاسەواری خوێندنگەكانی جەماعەتی خزمەت (فەتحوڵڵا گولەن) لە هەولێر ماوە. تاوەكو راددەیەكیش سۆزی خەڵكیان بۆ لای خۆیان راكێشاوە كە حكومەتی توركیا لەو پەیوەندییە رووحییە دەترسێت.
+ ژوان ئەحمەد لەدوای راگەیاندنی پرۆژەكەی مەلا بەختیار بۆ كۆنگرەو چارەسەری كێشەكانی یەكێتی بە دیاری كردنی ئەركەكانی قۆناغەكە، لێرەو لەوێ چەند دەنگێك، كەوتونەتە وەڵامدانەوە، كە كۆی نوسینەكان هێندەی تۆمەتبار كردنو هەوڵی بەلارێدا بردنە، هێندە هەڵسەنگداندنێكی عەقڵانیو لۆژیكی نیە بۆ ناوەرۆكو جەوهەری پرۆژەكە، كە ئایا لە سودی یەكێتی یە یاخود نا. گشت ئەوانەشی كە وتاریان نوسیوە وەك وەڵام، تەنیا ئەوانەن كە هاودیدی كاك بەرهەم ساڵح بون لە هاوپەیمانێتیەكەیو بە ئێستاشەوە كەسیان بە رەسمی گەرانەوەی خۆیان بۆ ناو یەكێتی رانەگەیاندوە، بەڵام ئەوەی سەمەرەیە وەك یەكێتیەكەی ساغ سەلیمو عەیارە بیستو چوار خۆیان نمایش دەكەن، وەك ئەوەی ئەوان نەبوبێتن كە تۆمەتو وتەی ناشرینیان ئاراستەی یەكێتیەكەی مام جەلال كردبێت. لە هەموو بوارێكی ژیاندا، ئەندازیاری، تەندروستی، پەروەردە،.. هتد، بۆ ئەوەی چارەسەری كێشەو نەخۆشیەك بكەیت، پێویتسە سەرەتا هۆكارو نیشانەكانی نەخۆشیەكە دیاری بكەیتو پاشان دەست بە چارەسەری ئەو كێشەو هەڵەو نەخۆشی یە بكەیت، سیاسەتیش وەك هەموو ئەو بوارانەی تر پێویستی بە دیاری كردنی هەڵەو كێشەكانو دەست خستنە سەر برینەكانە بۆ ئەوەی چارەسەری گونجاویان بكەیت. ئەو بەرێزانەی وەڵامنامە بە ئیعازەكەیان داوەتەوە، ئاشكرایە كە هەمویان موچەخۆر یان دەست لەپشتدراوی كاك بەرهەم ساڵحن، بۆیە رەنگە ئاسایی بێت بە پرۆژەكە نیگەران بنو راستەوخۆ بەبێ خوێندنەوەی دەست بە تۆمەت بەخشینەوە بكەن. یەكێك لەوانە، وتارێكی نوسیوە بەناوی گەرانەوە لە كەلاوەكانی دەوروبەرەوە، خۆی تا ئێستا هەر یەكێتی نیە كەچی لێمان بۆتە مامەڕیشەی سەردەمو بەرگری لە یەكێتی دەكات، دڵنیام ئەگەر پرۆژەكە ناوی بەرهەم ساڵحی تیا نەبوایە، بە یەك ووشەش نەیدەخوێندەوە، جگە لەوەی كاكی نوسەر باسی ئەوەمان بۆ ناكات لەو كەلاوەیەوە كە باسی دەكات ( سێ جار تكای كرد ببێت بە كاندیدی یەكێتی، قبوڵ نەكرا، بۆیە بوو بە هاودید). یەكێكی دیكە، كاك گۆران عەلی كەریمە، كە وەك ئەوەی زۆر پەرۆشی یەكێتی بوبێت، باس لەوە دەكات كە ئەم پرۆژەیە نائومێدتری كردوە، بۆ كەسێكی نامۆ ئەگەر بیخوێنێتەوە، پێی وایە كاك گۆران لە نەهامەتیەكاندا فرمێسكی وەك دەریا بۆ یەكێتی هەڵرشتوەو قەڵغانو سپەری یەكێتی بوە، نەك ئەوەی لەگەڵ بەرهەم ساڵح چوبێتە دەرەوەو لەوێوە بێحورمەتی نەما بە یەكێتی نەكەنو لە تەنگەبەرێكی زۆر پڕ شەرمەوە هاتبێتنەوە ناو یەكێتی. بۆ ئەوەی نائومێدی بزانی چی یە، پێویستە نائومێدیت بینیبێتو تاقیت كردبێتەوە: پێویستە تاقیت كردبێتەوە كەسێكی بە ئەمەك بوبیت بۆ پەیرەوی حزبەكەتو لەبەر چاوی خۆت دەیانو سەدان هاودید پلەیان بەرز كرابێتەوەو تۆش مەراقت لێ خواردبێت پێویستە تاقیت كردبێتەوە تۆ خەمت بۆ دابەزینی دەنگی یەكێتی خواردبێتو هاودیدەكانیش پێكەنیان پێـ هاتبێت پێویستە تاقیت كردبێتەوە كە كاتێك پەیڕەو دەكرێتە پەرۆیەكی پیسو فڕێ دەدرێتو مەحسوبیەتو مەنسوبیەت و دەستەگەری دەكرێتە بنەمای رێزلێنانت، چ ئازارێكت پی َدەگەیەنێت پێویستە تاقیت كردبێتەوە چەند بە ئازارە لوتكەی هەرەمی حزبەكەت كە جێگری سكرتێری گشتی یە بە چەپڵەو تەسكیە لە كۆنگرەدا دەربچوێنرێت. دوا نائومێدی خەڵك بە چەپڵە دەرچێنراو دواتر جیابۆوە، تەزیر لە كۆنگرەدا كرا، هاودیدان بە پیلانگێڕی هێنرانەوەو بەلێشاو پلەیان دەدێتێو دڵسۆزان خراونەتە كونجێكی تاریك، ئەمانە هیچی نائومێدیە گەورەكە نیە، نائومێدی گەورە ئەوەیە دوای خولێكی دیكەی هەڵبژاردن، ئەگەر یەكێتی چارەسەری كێشەكانی نەكات، كۆنگرەی گۆرانكاری نەبەستێت، ئەوا یەكێتی هەرەس دەهێنێت، ئەو كاتە نائومێدی گەورەی یەكێتی یە دڵسۆزەكان دەست پێ دەكات كە دەبینێت حزبەكەی مردوە، لەولاشەوە بەرپرسە گەندەڵەكان، بازرگانە سیاسیەكان، ئەوانەش كە بێ ئەمەك بون بەرامبەر بە مام جەلال، لە گەركەی پرسەی یەكێتیدا پێ دەكەنن، وەك چۆن لەكاتێك مام جەلال نەخۆش كەوتو لە سەرەمەرگا بوو، لە سالۆنی نەخۆشخانەكە بە نوكتە دەتریقایەوەو هەفتەیەكیشی نەبرد داوای جێگەی مام جەلالی دەكرد.
+ ئاشتی عەبدوڵڵا کاتێک لەسەر بابەتێکی رەخنەیی و سیاسەتی حزب قسە دەکەم، سەرەتا وەک قەڵەمێک و دواتر وەک دۆستێکی یەکێتی، پێویستە ئاماژەش بەوە بدەم کە لەئێستادا لەھیچ ئۆرگان و دەزگایەکی حزبیدا کارناکەم و ھیچ تەعریفەیەکی حزبیشم نیە، گەرچی بۆ پەرلەمانی عیراق کاندیدی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بووم و وەک پابەندبوون بە بەرنامەکانی یەکێتی و ئەرکی ئەخلاقی ئەو بەرپرسیارێتیە، ئەرکەکانی خۆم لەپێش ھەڵبژاردن و کاتی ھەڵبژاردن و دوای تەواوبوونی پرۆسەکەش جێبەجێ کردوە، دوورکەوتنەوەو دانیشتنم لەئێستادا جگە لەوەی پەیوەستە بەوەی کەنیگەرانین لەدۆخی یەکێتی، نیگەرانیشین لەوەی کە نە بەڵێنەکانی بەخەڵکماندا جێ بەجێکرا کەبەشێکی بریتی بوو لە نوێبوونەوەی یەکێتی و چاکسازی نێوخۆیی وخزمەتکردن و ھەروەھا بەشێکیتریشی ئەوەیە، کە نە مافی ئەو ھەزاران خەڵکەدرا کەبەڵێنمان پێدان نە مافی خۆشمان درا، مافی خەڵک و ئێمەش کرا بەدەستەو دیاری بۆ ئەوانەی کە سەنگەریان لەیەکێتی گرتبوو. ھەتا ئەم ساتەی ک ەبابەتەکە دەنووسم کێشەکان نەک چارەسەر نەکراوە، بەڵکو خراپترە. دەمەوێت زۆر راشکاوبم، رەنگە ئەم راشکاویەش وەک چۆن پێشتر بەھۆیەوە باجم زۆرداوە ئەمجارەش باجیتر بدەم، ھەروەک ئێستا بێ بەش بکرێم لەئیستحقاقی خۆم، بەڵام ئیتر روئیاو قەناعەتی مرۆڤ دەستبەرداربوونی ئاسان نییەو دەست گرتن بەکڵاوەوە ئیشی ئێمەومانان نیە. دەمەوێت راشکاوم بم لەسەر خاڵێک بوەستم، کەکێشەیەکی گەورە بەرۆکی ئەم حزبەی گرتووەو رۆژبەرۆژ پاشەکشەی پێ دەکات و لە بنەما سەرەکیەکانی خۆی لایداوە. گەر نموونەیەک وەرگرین لەسەر ئەو پاشەکشەیە، ئەوا شێوازی دیاریکردنی بەشێک لەکاندیدەکانی ھەردوو پەرلەمانی عیراق و کوردستان و دواتریش دیاریکردنی کاندیدەکان بۆ پۆستە حکومیەکانە، کەزۆرێک لەھەڤاڵانمان باسیان لەلاوازی ھەندێک لەکاندیدەکان کرد و راشکاوبوون لەو بۆچوونەدا، بەڵام من دەمەوێت لەروویەکیترەوە قسە لەسەر ئەو بابەتە بکەم، ئەویش زیندە بەچاڵکردنی ئەو دیموکراسیەتەیە کە یەکێتی پێ دەناسرایەوە، چ لەناو خۆی کاری حزبی و چ لەدەرەوەی حزبیش، لەنێو ساحەی سیاسیدا بۆن و سیمای دیموکراسیەتەکەی یەکێتی جیاوازبوو ، ئەو دیموکراسیەتەی کەپراکتیزەکردنی لەرابردوودا ھەزاران دۆست و کادری لەدەوری یەکێتی کۆکردەوەو لەئەرک و مافدا تارادەیەکی زۆر ھەمووان یەکسان بوون، بەڵام چەرخ وەرگەڕاو لەنێو خۆی حزبەکەدا پەڕو باڵی دیموکراسی کراو، کراسێکیان پێ دووری پڕبەباڵای باڵەکان. سەرەڕای درکاندنی بەشێک لەم راستیانە لەلایەن ئێمەو زۆرێک لەھەڤاڵانمان، بەڵام ھێشتا زۆرێکیتریش دێن و دەڵێن لەنێو یەکێتیدا باڵ و دەنووک بوونی نییە، پێدەچێت ھەندێک لە ئەوانەی ئەم رایە دەڵێن لەخەمی یەکێتیدا بن و بیانەوێت کێشەکان بشارنەوە، ھەندێکیتریشیان یان راشکاونین یان خۆشخەیاڵن. راستە بۆ چارەسەری کێشەکان و بەدامەزراوەکردنەوەی یەکێتی، کۆنگرە تاکە چارەسەرە، بەڵام پێش کۆنگرە دەست خستنە سەر برینەکان و راشکاوی و ھاتنە دەرەوە لەو بازنەی خۆشخەیاڵیە فاکتەرێکی بەھێزی سەرکەوتنی کۆنگرەیە، ناکرێت بێ خەمبن لە دووبارە بوونەوەی سیناریۆی پەرلەمان و حکومەت لەناوکۆنگرەشدا. لەئێستادا ھەموو سیاسیەکانی یەکێتی دەڵێن کۆنگرە، بەڵام لەراستیدا زۆرێکیان ھەر باسی کۆنگرە نزیک دەبێتەوە لەئەرزی واقیعدا تووشی تای کۆنگرە دەبن و ریسەکان دەکەنەوە بەخوری، چونکە دەزانن کۆنگرەیەکی بێ تەوافوق بە چ دەردێکیان دەبات . ئەوەی ماوەتەوە لەکۆتایدا ئاماژەیەکی پێ بدەم بەگرنگیشی دەزانم ئەوەیە، کە ئاکاری سیاسی تەندروست و حورمەتی سیاسی ئەوەیە، کە تا ئەم ساتەی بەندە وەک دۆستێک و یەکێتیەک بەبێ تەعریفەیەکی حزبی ماومەتەوە، بەپێویستی دەزانم کە لەئێستادا راشکاوبم و دەست بخەمە سەر برینەکانی ئەو حزبەی کەدەمەوێت خۆی نوێبکاتەوە و ببێتەوە ئەو حزبەی کەخەڵکی کوردستان لەژێر سێبەری کارو بەرنامەکەیدا ھەم لەدەوری کۆببنەوەو ھەمیش خزمەت بکرێن، نەک ھەر کات وازمھێنا قسەبکەم ، پێموایە قسەکردن لەبابەتێکی وەھادا جگە لەبوێری سیاسی، ھەڵوێستێکی سیاسیە لەپێناو داھاتووی یەکێتی، ھێشتا باوەڕمان وایە کەدەکرێت دەست بەرداری ھیوا نەبین بۆ چاکسازی لەنێو یەکێتیدا.
+ شێخ محەمەدی سەرگەڵو كاك بەختیار بەكەسێكی خوێنەوار و بەئەزمون ناسراوە، بۆیە نەدەبوو بەرنامەكەی پربوایە لەخۆ جوان كردن و ناشرین كردنی هاورێكانی، كەس شك نابەیت لەكوردستان گەر بەئەمەكەوە بدوێت دنیایەك عەیب و عاری حوكمرانی پارتەكانی كوردستانت بۆنەخاتە روو، گرفتەكە لە نیشاندان نییە، گرفتەكە ئەوەیە خۆت باڵادەست بیت و ناشرینیەكان بەخەڵكی تردا هەڵبواسیت، گرفتەكە ئەوەیە تۆ لەپۆستی باڵا و دەسترۆیشتوو بیت و نەتوانیت شتێك بۆ راستكردنەوەی خراپەكارییەكان بكەیت. دیارە ئەوەی لەبەرنامەكەی كاك بەختیاردا هاتوە، تازە نییە و بەئاشكرا سالانێكە لەرۆژنامەكان بەزیادەوە ئەخوێنرێنەوە و بڵاوكراونەتەوە، خۆ گەر ئەركی رۆژنامەنووس نیشاندانی ناشرینیەكان بێت، ئەوا ئەركی سیاسییەكان چاككردنیەتی نەك عەیبەكان بكرێتە كراسەكەی عوسمان بۆ شەری ئەوی دی بەكاربهێنرێت. خوێنەری بەرنامەكەو جەماوەری یەكێتی هەقی خۆیانە بپرسن، ئەگەر ئێوە هیچتان پێنەكراوەو گوێتان لێ نەگیراوە، ئیتر بۆ لە میدیاكانەوە راستیەكانتان بەخەڵك نەوتوەو بۆ هەڵوێستان نەبووە و دەستبەرداری پۆستەكەتان نەبوون ، ئایا هەر ئەوەی كە لەبەرنامەكەدا باسكراوە، بایی ئەوەنیە شەرعیەت بدەیت بەدەنگە نارازیەكانی یەكێتی بۆ هەڵوێست وەرگرتن، گەر وایە بۆ ئێستا باسی هەڵگەرانەوە لەیەكێتی دەكرێت و تۆمەتبارانی ئەوانەی پێدەكرێت كە ویستویانە بەهەڵوێستەكانیان یەكێتی بگرێنەوە سەر ئاراستە جوانەكەی خۆی. كاك بەختیار بەناوی پێشكەش كردنی بەرنامەوە، كەسی لەناو یەكێتی نەهێشتۆتەوە تۆمەتباری نەكردبێت لە دروستكردن و درێژە پێدەری دۆخە نەخوازراوەكە، جگە لەخۆی، ئی گەر دڵسۆزی بۆیەكیتی درێژەدان بێت بەو دۆخە، ئەوا ئەو دڵسۆزییە پێشكەشی ئەوانە بێت كەشانازی بە ناشرینییەكانی یەكێتیەوە دەكەن. دكتۆر بەرهەم لەبەرنامەكەی كاك بەختیاردا پاڵەوانی خراپەكارییەكانە، بەڵام هەموان دەزانن، شەری ئەو لەگەڵ بەرهەم ساڵح لەسەر ناشرینیەكان نییە، بەڵكو لەسەر ئەوەیە كە ئاراستەكەی ئەو سەركەوتوو نەبوو لە دەنگدانی سەركردایەتی بەوەی رێگری بكرێت لەوەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار، كە بەداخەوە بەدیلەكەی كاك بەختیار كە پشتیوانی لێكردو شەری لەسەر كرد، كاندیدی پارتی بوو نەك یەكێتیەكی تر كە لەبەرهەم ساڵح شایستە تربیێت بۆ ئەو پۆستە، خۆ گەر شەری ئەو لەسەر خراپەكارییەكان بوایە دەبوو ئاخر كەس یەخەی دكتۆر بەهەم بگیرایە. ئەگەر كەموكورتی بەنامەكە هەڵەی گێرانەوەی ناراستی روداوەكان نەبوایە، دەكرا بێدەنگەی لێ بكرایە، بەڵام كە بەرنامەكە خاڵی بێت لەویژدان و پربێت لەناحەقی، ئیتر بێدەنگ بوون وەك رازیبونە بەوناهەقیانەی دەرهەق بەمێژووی یەكێتی وتێكۆشەرەكانی دەكرێت، بۆیە بەندە وەك پێشمەرگەیەكی دێرین كە لەنزیكەوە ئاگاداری روداوەكان بووم و تارادەیەك ماوەیەكی زۆر لەمام جەلالیش نزیك بووم، ئەو راستیە ئەخەمە روو كە پێچەوانەی حیكایەتەكانی ناو بەرنامەكەیە. بەداخەوە دەبوو كاك بەختیار لەم كاتەدا شتێكی تری بخستایەتە روو، كە ئاماژە بوایە بۆ نیەت پاكی و دڵسۆزی و هانی كۆكردنەوەی یەكێتیەكانی بدایە، نەك هۆنینەوەی بەرنامەیەك، گەر گوێی لێبگیرێت، ئەنجامەكەی ماڵوێرانییەو ئەوەشی كەهەیە دەیخاتە بەردەم لەتبوون و دروست بوونی بەدگومانی لەسەر هەموان، جگە لە نوسەری بەرنامەكە. هەرەشەكەی مەلابەختیار.. كاك بەختیار لەبەشێك، كە پێدەچێت خراپترین بەشی بەرنامەكەی بێت، باسی هەرەشەكانی خۆیی دەكات و بەزەقیش دەنوسێت، "هەرەشە"، ئێمە هەمومان دەزانین بەرێزیان ئوستادی وشەسازین دەیتوانی لەبری هەرەشە بینوسیاسە، هۆشداری، ئاگادركردنەوە، هەڵوێست وەرگرتن، نەك هەرەشە، پاشان ئەو كەتوانی ئاوا هەرەشە بكات، یان توانایی هەرەشەی واقورسی هەبوە، ئەی بۆ لەهەمان بەرنامەدا نوسیویەتی (زیاتر لە 50 )جار، لەكۆبونەوەكانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و دانیشتن لەگەڵ جێگری سكرتێری گشتی و كارگێڕدا، باسی ئەو دیاردانەم كردووە. بەڵام نەك گوێم لێنەگیراوە، بەڵكو بە نەخشە، ئەو دیاردە دزێوانە پەرەیان پێدراوە). باشە كە بروای بەهەرەشە هەبوو لەدژی دكتۆر بەرهەم بەكاری بهێنێت و گوێش لەهەرەشەكەی گیراوە وەك خۆی دەیڵێت، ئەی ئەوكاتە بۆ فریای یەكێتی نەكەوت، بۆ هەرەشەی نەكرد لەوانەی رێگری لێدەكەن بۆ چاكسازە، یان هەرەشەكانی بۆ كەی هەڵگرتبوو؟. جیاوازی نێوان گەرانەوەی دكتۆر بەرهەم و كاك بەختیار... ئەو دەنوسێت (ئەگەر پرۆسەی یەكخستنەكە، سروشتی ئەنجامبدرایە، وەكو یەكگرتنەوەكانی تر، دڵخۆشی لێدەكەوتەوە. بەراوردی بە پێشوازیەكەی یەكگرتنی (ئاڵای شۆڕش)و یەكێتی ناكەم، كە لە یاریگای سلێمانیدا، هەزاران كەس ئاهەنگیان بەئامادەبونی مام(و ئێمەمانان بۆ گێڕا)، بەڵكو بەراوردی دەكەم بە، پێشوازیەكەی حزبی (ئایندە) كە هۆڵی شەهید شازاد جمەی دەهات لەباوەش بۆكردنەوەیان. بەڵام رۆژی هاتنەوەكەی سەرۆكی هاودیدەكانمان لە مەكتەبی سیاسی لەبیرمە، دەتگوت: تەعزیەیە! بۆیە، سەرجەم پرۆسەكەم پێ هەڵە بوو.....چونكە تەواوی سیناریۆی دامەزراندن و گەڕانەوەی بەشێكی هاوپەیمانی و پۆست پێبەخشینیان، لە گەمەی سێرك دەچوو، نەك یەكخستنی سیاسی!! لە هێنانەوەی بەشێكی كەمی (هاودیدەكان)دا، تەنها دەمەوێ ئەم راستییانە بۆ مێژوو بڵێم: سەرۆكەكەیان هەتا توانی مـانـۆڕی كـرد، وەكـو كاندیدی سەربەخۆ، بكرێتە كاندیدی سەرۆك كۆمار. بەندە پێمداگرت: ئەگەر نەیەتەوە ناو یەكێتی بەرەسمی، بەیاننامەی دژ دەردەكەم. ئەوەبوو هەڤڵان: عیماد، ئەرسەلان، بافڵو لاهور، پێیانراگەیاند دەبێ بێتەوە ناو یەكێتی. ناچار، بۆ یەكەمین جار، دوای ئەم هەڕەشەیە، لەناو (هاودیدەكان)یدا، رایگەیاندبوو، دەڕۆمەوە ناو یەكێتی و نامەی هاتنە ریزی یەكێتی بە دەست خەت نوسیبوو....). لەراستیدا هەر بۆ مێژوو بەندە ئاگادار بووم ماوەی شەش مانگ ئەندامە دڵسۆزەكانی یەكێتی سەركردە دیارەكانی، لەگەڵ دكتۆر بەرهەم خەریكی ئەوە بوون بیگێرنەوە بۆ ناو یەكێتی، نەك وەك ئەوەی باس دەكرێت پرۆسەكە چەند سەعاتێك بووبێت. سەبارەت بەگەرانەوەی ئاڵای شۆرش و پێشوازی گەرمی خەڵك و جەماوەری یەكێتی، بۆ مێژوو ئەو سەردەمەی كاك بەختیار دەیویست بگەرێتەوە ناو یەكێتی، كاك نەوشیروان تەلەفۆنی بۆكردم وتی" مەلابەختیار بەنیازە بێت بۆلام بەراستی نازانم باسی چی لەگەڵ بكەم سوپاست دەكەم گەر تۆش بێت" بۆیە پێكەوە لە لەندەن، سەردانی كاك نەوشیروانمان كرد، لەو دانیشتنە، كاك بەختیار تكای لێكرد قسە لەگەڵ مام جەلال بكات تا رێگر نەبێت بۆ گەرانەوەی ناو یەكێتی و ئاسانكاریان بۆبكات بۆ گەرانەوە، ئەمە لەگەڵ ئەوەی ئاڵای شۆرش بەیەك قۆناغ و بەیەك ئاراستە نەگەرایەوە ناو یەكێتی، چەند گروپێك دوای گەرانەوەی مەلا بەختیاریش لەگەل مام جەلال دانیشتن و بەجیاگەرانەوە، ئەمە جگەلەوەی بەشێكیان چونە ناو زەحمەتكێشان بەشێكی تریشیان تا ئێستاش لەدەرەوەی كاری حزبی مانەوە و لەگەڵ هەنگاوەكەی ئەو نەبوون. دیارە رووداوەكانی نێوان ئاڵای شۆش و هاوپەیمانی لە زۆر روەوە جیاواز بوون، لەوانە كاك بەختیارو چەند سەركردەیەكی تری ئالای شۆرش كە خۆی یەكێك بوو لەوانە ماوەیەكی زۆر لای یەكێتی زیندان كران و تەنانەت خوێنرشتنیش لەنێوانیاندا رویدا، بەپێچەوانەوە، تەنانەت لەهەڵمەتی هەڵبژاردنی 12/5 لەلایەن هاوپەیمانییەوە هێرش نەكرایە سەر هیچ سەركردەو كەسایەتیەكی یەكێتی و بەشێوەیەكی راقی و دور لەتەشەنوج، هەڵمەتەكان بەرێوە چوو. بەڵام بەداخەوە هەڵوێستی كاك بەختیار لەسەر دكتۆر بەهەم زیاتر لەهەڵوێستی ئەو سەركردانەی ئەوكاتەی یەكێتی ئەچێت كە نیگەران بوون بە گەرانەوە بۆ ناو یەكێتی، بەپێچەوانەی ئەوەوە، وەك كاك دڵیری سەید مەجید ئەڵێت" یەكێتی بێ بەرهەمی حاكم ئەحمەد، توانای بوژانەوەی نییە" كە دڵنیام ئەوە رەئی زۆرینەی سەركردەكانی تریشە. بەپێچەوانەوە كاك بەختیار بۆ گەرانەوەی بۆ ناو یەكێتی حزبی زەحمەتكێشانی بەكارهێناو لەو رێگەیەوە گەرایەوە، وەك ئەوەی بڵێت لەدەرگاوە رێگەم نەدەن لەپەنجەرەوە یەمە ژورەوە، هەروەك بە ئیعترافی خۆشی گەرانەوەی دكتۆر بەرهەم بۆ ناو یەكێتی بە گوشارو ( هەرەشەكانی ) كاك بەختیار بوەو بەتەكلیفی هەڤاڵە دڵسۆزەكانی ناو یەكێتی بووە. هەر بۆیە لەكۆمیەتەی سەركردایەتی بەزۆرینەی رەها دەنگی پێدراو كاندیش كرا بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار. ناحەقیەكی تری گێرانەوەی چیرۆكی ناو بەرنامەكە ئەوەیە، كە باسی هەڤاڵانی كاك بەرهەم دەكات كە پۆستیان پێدراوە و بەسەریاندا بەخشراوەتەوە، بەبێ ئەوەی بتوانێت، ناوی یەك كەس بخاتە روو كە لەپرۆسەی گەرانەوەكە پۆستی پێدرابێت، بەپێچەوانەوە هەموو ئەوانەی لەگەڵ كاك بەختیار گەرانەوە بە زووی پۆستیان بۆدیاریكراو جێگیر كران. ئەوەی ماوەتەوە بیڵێن ئەوەی كە نەدەبوو كاك بەختیار بەوزمانە بەرنامەیەك بۆ ئاشتی و بۆ هەستانەو راستكردنەوەی دۆخی یەكێتی دارێژێت، چونكە ئەو زمانە خۆی وتەنی جگەلەوەی باوی نەماوە تارادەیەكیش جێگەی پێكەنینیشە كە (دیموكراتخواز و سۆسیال دیموكراتێك) شانازی بەهەرەشەكانی خۆیەوە بكات و خۆی مەتح و سەنای رۆڵی خۆی بكات و لەبەرنامەی چاسازی حزبەكەی بایەخی پێبدات.
+ هێمن مەحمود مرۆڤ ئەگەر کەمێک بەویژدانەوە بڕوانێت دەبێت دانبەوەدا بنێت پرۆژەکەی کاک مەلابەختیار بۆ دۆخی یەکێتی لەدوای پرۆژەکانی کاک نەوشیروانەوە باشترین پرۆژەن کە تا ئێستا پێشکەشکرابن. یەکێتی نیشتیمانی بەحوکمی ئەوەی لەم ناوچەیەدا هێزی سەربازی و ئەمنی هەیە و کاریگەری راستەوخۆی بۆ سەر ژیانی خەڵکی هەیە، هەر پرۆژەیەک بۆ چاکسازیکردن لەم هێزەدا لەبەرژەوەندی تەواوی خەڵکی هەرێمی کوردستانە، هەر تێکچون و هەڵوەشانەوەو پێکدادانێکی باڵەکانیشی بەزیانی خەڵکی تەواودەبێت جا پێمانخۆشبێ یاخود پێمانناخۆشبێ، هەربۆیە بۆ ئێمەیەک کە لەئێستادا یەکێتی نین و ساڵانێکی پێشوتر دەنگمان بەو حزبە داوە حەقی خۆمانە پرۆژەکانی چاکسازییان بخوێنینەوەو رەخنەو سەرنجی خۆمانی لەسەر بڵێین. پرۆژەکەی کاک بەختیار لەوەدا راستگۆیە کە تەواوی کێشەکانی حومکڕانی و گەندەڵی و ئابوری و حزبایەتی خستۆتە روو، دەستی لەسەر برینەکان داناوە، سڵی نەکردۆتەوە لە باڵ و کەسایەتیە سیاسیەکانی حزبەکەی، بەکورتیەکەی دانی بەوەدا ناوە حزبەکەی و دەسەڵاتەکەی و حوکمڕانیەکەی لەکێشەو گرفت و قەیرانێکی قوڵدایە. بەڵام ئەوەی پرۆژەکەی کاک بەختیاری کوشتووەو نەیارە سیاسیەکانی لەئێستادا لەدژی بەکاریدەهێنن و پرۆژەکەی بێ ئەهمیەت دەکەن، جوملەیەکی ناو پرۆژەکەیەتی کە ئەویش ئەوەیە گوایە ئەو شەوەی پارتی ویستویەتی پەلاماری گردەکەی گۆڕان بدات لەدوای روداوەکانی 17ی شوبات کاک نەوشیروان لەماڵی برادەرێکی بووە! جارێ یەکەم نەوشیروان مستەفا خۆی لەژیاندا نەماوە تاوەڵامی ئەو قسەیە بداتەوە، دوەمینیش ئەوەی نەوشیروان مستەفای ناسیبێ نەلەشاخ و نەلەشار سڵی لەهیچ نەکردۆتەوەو حسابی نەک بۆ جەبەروتی حزبی بەعس نەکردووە، بەڵکو حسابی بۆ نەیارە سیاسیە کوردیەکانیشی نەکردووەو ساڵانێکی زۆر کە دژی دوو حزبی چەکداری دەسەڵاتدار وەستاوەتەوە نە شوێنی خۆی گۆڕیوەو نەشێوازە سادەکەی ژیانی خۆشی گۆڕیوە. هەربۆیە هەڵە گەورەکەی ناو پرۆژەکەی کاک بەختیار باسکردنی بێ موناسەبەی کاک نەوشیروانە، بەمەش هەم گۆڕانخوازەکانی بێتاقەتکردووەو هەم نەیارە سیاسیەکانی ناو حزبەکەی خۆشی لەدژی جوڵاندووە و تەرکیزیان خستۆتە سەر ئەو جوملەیەی کاک نەوشیروان و لەدژی بەکاریدەهێنن. بەبڕوای من پرۆژەکەی کاک بەختیار ئەگەر تێکەڵەیەک نەبوایە لەبیرەوەری و کڕوزانەوەی بێ سود بەوەی ئەها چیم وتوەو ئەها چیمکردووەو هەندێ جوملەی زیادەی لەجۆری ئەوەی کاک نەوشیروان تیانەبوایه، هاوکات مەیلی زیاتری بۆ پارتی و خەفەتخواردن بۆ هەڵوەشانەوەی رێککەوتننامەی ستراتیژی نێوان ئەو دوو حزبەی تیانەبوایە، هەربەتەنها پرۆژەیەک بوایە تایبەت بەیەکێتی و بۆ چارەسەری راستەقینەی دۆخی یەکێتی بوایە ئێستا وانەدەکەوتە بەر رەخنەو سوکایەتی ورەنگە (ئەویش زۆر بەدڵنیاییەوە نا) شوێنێکی بگرتایە!.
+ گۆران عەلی كەریم زۆرکەس لایان وابوو دوای ئەوماوەیەی کاک بەختیار دورکەوتبۆوە ،جارێکی تر بەپرۆژەو بەرنامەیەکی جیاواز لەرابردوو دێتەوە مەیدان، بەڵام گەر بەدیقەتەوە بابەتەکەی بخوێنرێتەوە دەبینرێت زیاتر بابەتەکانی تەرخان کردبوو بە باسکردن و گێرانەوەی رابردوو. هیچ پێشنیارێکی گرنگ و تایبەتیشی تیا نەبوو بۆ ئێستای یەکێتی، تاوەکو یەکێتی و یەکێتیەکان بەرەو ئامانجێکی تایبەت ڕێنوێنی بکات، چونکە دەبێت ئەوە بزانرێت سیاسییەکان ئامانجیان هەیە نەک خەون، کاک بەختیاریش خەونی دادپەروەری و یەکسانی وەک بەرنامەی سۆسیالیستی کردۆتە بنەمایی پرۆژەکەی و لەپاڵ ئەوەشدا زۆری نەماوە کە هەموو عەیبەکانی یەکێتی بخاتە سەر شانی هاورێکانی و خۆی لەروداوەکان و ناشرینییەکان بێ بەری بکات. هەموو کەس دەزانن کاک مەلابەختیار ٩ مانگە تارادەیەک دورکەوتۆتەوە و ئەو روداوانەی باسیشی دەکات هی چەند ساڵ لەمەو بەرن و تەنانەت سەردەمانێکیش باس دەکات کە مام جەلال لە تەندروستی باشدا بووە، بۆیە دەبوو پێش هەرکەس رەخنەی ئاراستەی خۆی بکردایە، چونکە خۆی لەوکەسانە بوو کە زۆرترین بریاری یەکێتی لای ئەو بووە، یان دەکرا بەڕنامەکەی بەوجۆرە دابرشتایە باسی رابردوی نەکردایەو خاڵی بخستایەتە سەر ئەو وشانەی کە دەکراو دەلوێت بۆ ئێستای یەکێتی و لەلای خەڵک و جەماوەری یەکێتیش بەگرنگ دەزانرێت. ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانی هەمولایەکە ئەوەیە کاک مەلا بەختیار سازشیکی زۆر بۆ پارتی دەکات و هەڤاڵانی حیزبەکەی و تەنانەت گۆڕانیش تۆمەتبار دەکات لەبەردەم پارتیدا، ئەوەتا بەهانە ئەهێنێتەوە بۆ روداوی پەکخستنی پەرلەمان و وەدەرنانی سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکانی گۆران، ئەو دەیەوێت بلێت پارتی لەبەرسەرخستنی حکومەت گۆڕانی دەرکردوە نەک لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێم بۆیە دەلێت پارتی کەزانی حکومەتی بنكەفراوان!! سەرناكەوێ، گۆڕانی وەدەرنـــا. پێش وەدەرنـانـی گۆڕانیش، لەکۆبونەوەیەکی داخراودا و لەکۆبونەوەیەکی ئاشکراشدا بەڕێکخەری گشتی گۆڕان و وەفدەکەیم گوت: پارتی دەرتان دەکات، گوتیان ناتوانن، گوتم دەیکەن، کاک عومەری سەید عەلی گوتی: گەر پارتی وایانکرد ئێوە چی دەکەن، گوتم دژی دەبین، بەڵام لەگەڵ پارتی لەسەر ئێوە تێکی نادەین، دژیشی بوین. بەڵام راستیەکەی شتێکی تر دەڵی کەپێویستە لێرەوە بۆ خوێنەرانی ئاشکرا بکەم، ئەوکاتە یەکێتی ئەیتوانی پارتی راگرێت و دۆخەکەش ئارام بکاتەوە، وابیستراوە لەناو خەڵکدا کە هێرۆخان هەڵوێستی هەبوە، بەڵام کاک بەختیار چوەتەلای و قەناعەتی پێکردوە کە ئەوە بۆیەکێتی باش نییە پشتگیری لەگۆران بکرێت لەبەرامبەر پارتیدا، بەمەرجیک ئەو پرسە ئەوەندەی پەیوەندی بەچەسپاندنی دیموکراسیەت و راگرتنی قەڵەمڕەوی پارتییەوە هەیە، ئەوەندە پەیوەندی بەگۆڕانەوە نەبوە. لە نوسینەکەیدا ئەوە دەردەکەوێت کاک بەختیار وەک یەکێتی هەر خۆی بریاریداوە کە لەگەڵ پارتی تێکی نەدەن لەسەر گۆران، . پرسێکی تر کە جێگەی سەرنجە کاک بەختیار بەرنامەکەی بۆ ئەستۆپاکی پارتی هۆنیوەتەوە ئەوەتا دەلێت:زۆرجــار هەوڵمانداوە، دۆخـی سیستەم و حوكمڕانی و ســـەروەری یاسا،پاکسازی و چاکسازی بکەین، لەکۆبونەوەکاندا بڕیارمان لێداوە، پرۆژەو بەرنامەمان نوسیوە، لەکۆبونەوەکانی پارتیدا باسمان کردوە وپرۆژەکانمان پێشکەش کردوە. کاک بەختیار هێندە بەشان و باڵی پارتیدا هەڵدەدات مرۆڤ سەری لێتێک دەچێت کە ئایا ئەمە کارگێری مەکتەب سیاسی پارتییە یان یەکێتی؟. چونکە دەکرا کاک بەختیار گلەی لە حیزبەکەی بکات کەخۆی ڕۆڵی سەرەکی هەبوە تێیدا بەبێ هەڵدان بەشان و باڵی حیزبێکی تردا. کاک بەختیار لەدریژەی ئەو بابەتەیدا دەڵێ: تەنانەت بەرنامەی گرتنی تاوانبارانمان هەبوو بەڵام لەزۆنی سەوزدا داڵدە دراون. گومان لەوەدا نییە تاوانباران لەلایەن بەرپرسانی یەکێتیەوە داڵدە دەدرین، بەڵام با وێنەکە بۆ کاک بەختیار ئاشکراتربێت کەزۆنی زەرد و پارتی لە دوای راپەرینەوە جێگە و لانکەی تاوان باران بوە، ئایا ئەو هەمو سەرۆک جاش و تاوانبارانەی بەعس کێبو داڵدەی دان؟ لە ئێستاشدا گەر حکومەتی عێراقی بیەوێت کەسێک بەتاوان سزابدات هەموان دەزانین لەکوێ دەگیرسێنەوە، بەداخەوە لەکاتێکدا سلێمانی پشتو پەنای کاک بەختیاربوە نەدەبو ئەو وێنە ناشرینانە بەزۆر دابتاشێت بەسەر ئەم شارەدا یان گەرمیانی شەهید و ئەنفال بچوک بکاتەوە لەچاو جێگایەکی تر کە شوێنی لەدایک بونی خۆیەتی. حیزب نییە لەرۆژهەڵاتی ناوەراستدا هێندەی یەکێتی بەرپرسەکانی بە ئاشکراو نهێنی، تەسریح بدەن و ڕای گشتی چەواشە بکەن و بەرنامەی حیزبەکە تێک بدەن و بوختان هەڵبەستن،باوەڕیش ناكەم، حزبێك هەبێ، بە پـارەی دەزگاكانی، بەئەندازەی یەكێتی سایتی نهێنیو پەیچی سەیروسەمەرەی شكاندنو تومەت هەڵبەستنی هەبێ!! هەمووشی بۆ تەكەتولەكان دەكرێ نەك بۆ یەكێتی. ئەمانە گوتەی بەڕێزیانە، بە بۆچونی کاک بەختیار یەکێتی هۆکاری سەرەکی نادادی و هەموو ناشرینیەکانی تری کۆمەڵگەیە بە گەندەڵیشەوە، بەڵام هەقە جەماوەری یەکێتیش بپرسێت، حزب لەدنیا هەیە سەرکردە و کارگێری مەکتەبی سیاسی ئاوا باسی حزب و سەرکردەکانی خۆی بکات، خۆگەر ئەمە بەرنامەیە بۆ چاکسازی ئەوەندەی نائومێد کردنە بە یەکێتی ئەوەندە ئومێد بەخش نییە بە ئایندەی حزبێک کە سەرکردەکانی خەریکی سەرانەو بازرگانی بن و هۆکاری ناشرینینیەکانی کۆمەڵگە بێت، لەهەموشی سەیرتر، ئەوەیە کە کاک بەختیار باسی لێدوانی زۆری بەرپرسەکانی یەکێتی دەکات، بەڵام لەناو یەکێتیدا ئەستەمە کەسێک بدۆزرێتەوە بەوتەبێژەکانی یەکێتیشەوە هێندەی خۆی بۆمیدیاکان قسەی کردبێت و رەئی جیاواز و لێدوانی پێچەوانەی ئاراستەی حزبەکەی خۆی وتبێت، نمونەی زیندوش بۆ ئەو قسەیە بڵاو کردنەی ئەم بەرنامەیەی ئێستایەتی کە جگە لەبێئومێد کردن و هێرش کردنە سەر هاوسەنگەرەکانی خۆی شتێکی تازەی تێدانییە.
+ محهمهد حسێن روبهری خاكی رۆژئاوا، ئهو ناوچانهی ئهمڕۆ ئیدارهی سهربهخۆی باكورو رۆژههڵاتی سوریا بهرێوهی دهبات ٥١،٥٥٤ كیلۆمهتری چوارگۆشهیهو (٢٧.٨٤%) ههموو خاكی سوریا پێكدێنێت. لهههرێمی كوردستانی عێراق گهورهتره كه ٤٠،٠٠٠ كیلۆمهتری چوارگۆشهیه. ههروهها گهورهتره له ١٢٤ وڵاتی سهربهخۆی ئهندامی نهتهوهیهكگرتووهكان، لهناویاندا دانیمارك، سلۆڤاكیا، هۆڵهندا، سویسرا، بهلجیكا، لبنان، ئیسرائیل، قهتهر، بهحرهین، كۆیت، تایوان، فهلهستین، سهنگافۆر، قوبرسو تهیموری خۆرههڵات ههیه. بههۆی بهشداریكردنم لهكۆڕبهندی نێودهوڵهتی دهربارهی داعش (كه ناوهندی رۆژئاوا بۆ لێكۆڵینهوه ستراتیجیهكان له شاری عاموده سازی كردبوو) بۆ ماوهی حهفتهیهك له رۆژئاوا ژیام. له نزیكهوه ئاشنای ههموو ئهو هیواو نیگهرانیانه بووم كه ئهزمونی سیاسی و ئیداری ئهم بهشهی كوردستان لهگهڵ خۆیدا ههڵیگرتووه. ئهو خاكهی ئهمڕۆ لهژێر دهسهڵاتی شهڕڤانانی رۆژئاوادایهو ناوه فهرمیهكهی (ئیدارهی سهربهخۆی باكورو رۆژههڵاتی سوریا)یه كهمتر له ٥ ملیۆن كهسی تیا دهژی به كورد، عهرهب، ئهرمهنی، چهركهسی، چیچانی، و توركمانهوه. ئهمانه نزیكهی ٢٠%ی دانیشتوانی سوریا پێكدێنن بهڵام خاكهكهیان زیاد له ٧٥%ی سهرچاوه ئابوری و سروشتیهكانی سوریای له خۆگرتووه وهك نهوت و گازی سروشتی و ئاو و زهوی به پیت بۆ كشتوكاڵ، ههربۆیه ئهمڕۆ رژێمهكهی ئهسهد چاوی لهوهیه سهركردایهتی رۆژئاوا بهرههمه نهوتیهكان و ئاوی لهگهڵدا دابهشبكات نهك به پێچهوانهوه. ئاستی بژێوی تاكهكان له رۆژئاوا هێنده جیاوازو باشتره له ناوچهكانی تری سوریا وهك ئهوهی دوو وڵاتی تهواو جیاوز بن؛ ئهمه له كاتێكدایه رۆژئاوا هیچ دانپیانانێكی فهرمی و نێودهوڵهتی بهدهستنههێناوهو لهژێر ههڕهشهی رۆژانهو بهردهوامی دوژمنهكانیدایه، بهڵام لهبهرامبهردا رژێمهكهی ئهسهد شهرعیهتی ناوخۆیی و پشتیوانی نێودهوڵهتی ههیه و ههزاران میلیشیای ئێرانی، عێراقی و لبنانی و سوپای روسهكان شهری بۆ ئهكهن. ههڕهشهو مهترسیهكان رۆژئاوا لهههرچوارلاوه به دراوسێی خراپ و دووژمن ئابڵوقهدراوه. ههرێمی كوردستانی عێراق (كه ئهوان به باشور ناوی دهبهن و وهك ماڵی برایهكی دراوسێ دهیبینن) دراوسێ خراپهكهیه. توركیا، رژێمی ئهسهد، گروپه چهكدارهكانی سهربه توركیاو ئۆپۆزسیۆنی سوریا دووژمنهكانن. سوپای توركیا له پێگهكانی خۆیهوه لهسهر سنورهوه نزیكهی ٢٠٠ مهتر دوره له ناوهندی شاری قامیشلۆ. لهناو دهزگای پهیوهندیه دیپلۆماسیهكانی رۆژئاواوه ئاڵای توركیا دیارهو دهشتوانیت دهموو چاوی ههر سهربازێكی تورك بناسیتهوه كه له بن ئاڵاكهدا دهوهستێت. هیچ چیاو روبارو دۆڵ و بیابانێك نیه له نێوان سوپای توركیاو ناوهندی شاره سهرهكیهكانی رۆژئاوا. بهتهنیشت ئهو جادهیهی ئێمه له قامیشلۆوه دهچوین بۆ عامودا شۆفڵ و حهفاره كاریان دهكرد و خهندهقیان لێدهدا. لهناو شاری قامیشلۆش ههر دیسان خهندهقلێدانم بینی و هاوڕێیهكی خهڵكی شارهكه پێی وتم كه تۆڕێكی بهرفراوانی تونێل و خهندهقی ژێرزهمینی لهژێر شارهكهدایه، ئهمهش بهشێكه لهو ئامادهكاریانهی شهڕڤانانی رۆژئاوا له دژی دوژمنهكانیان دهیكهن. یهكێك لهو دیپلۆماتكارانهی رۆژئاوا كه به درێژایی رۆژانی كۆڕبهندیهكه هاوڕێ و رێنیشاندهری گروپهكهی ئێمه بوو پێی وتم، “ ئێمهش حهزمان دهكرد ئهو رهنج و پارهیهی لهم خهندهقلێدانهدا خهرجی دهكهین بۆ ڕێگاوبان و قوتابخانهو خزمهتگوزاریه گشتیهكان بێت، بهڵام چی بكهین؟” ئابوری رۆژئاوا رۆژئاوا له روی ماده خۆراكیه سهرهكیهكانهوه، وهك گهنم، جۆ، رۆن، گۆشت و ههندێك بهروبومی كشتوكاڵی تر توانای پشتبهخۆبهستنی ههیه، بهڵام كێشهی نهبوونی بازاڕی ههیه بۆ ساغكردنهوهی ئهو بهشهی بهروبومهكانی كه له ئاستی پێداویستی ناوخۆ زیاتره. بڕێكی كهمی نهوتهكهیان به چواریهكی نرخی بازاڕه جیهانیهكان له ڕێگای ههرێمی كوردستانهوه دهفرۆشن، بهڵام رێگهیان پێنادرێت بهروبومه كشتوكاڵیهكانیان ههناردهی ههرێم بكرێت. توركیاو هێزهكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ههموو دهرگاكانیان به ڕودا داخستوون. بهڵام به گشتی دۆخی ئابوری رۆژئاوا بهراورد به ناوچهكانی تری سوریا زۆر باشه، ئهم جیاوازیهش له ههندێك حاڵهتدا گهورهتره لهو جیاوازایانهی لهێوان دوو كیشوهری جیاوازدا ههستی پێدهكرێت. موچهی مانگانهی مامۆستایهك له شاری دیمهشقی پایتهختی سوریا بهلای زۆرهوه دهگاته ٣٨٠٠٠ لیره، بهڵام له رۆژئاوا ئهو مامۆستایانهی كه له لایهن ئیدارهی سهربهخۆی باكورو رۆژههڵاتی سوریاوه دامهزراون، كهمترین موچهیان له ٦٠،٠٠٠ لیرهوه دهست پێدهكات. موچهی ئهفسهرێك به پلهی رهقیب (وهك ئهفسهری یاریدهدهر) له سوپاكهی ئهسهد ٥٣،٠٠٠ لیرهیه، بهڵام لهناو سوپاكهی رۆژئاوادا١٣٠،٠٠٠ لیره وهردهگرێت. كرێی دهستی رۆژانهی كرێكارێك له دیمهشق له ٥٠٠ لیره تێپهڕناكات، بهڵام له شاری قامیشلۆ له ١٥٠٠ لیره كهمتر نیه. له قامیشلۆ خهڵكی شارو ناوچهكانی تر دهبینیت بۆ كاركردن هاتوون و كێشهی بێكاریی نیه، بهڵام له دیمهشق بێكاری ئێستا یهكێكه له هۆكارهكانی كۆچكردنی خهڵك، بهتایبهتی ئهو كوردانهی چهندین دهیهیه لهوێ دهژین. یهك لیتر بهنزین له دیمهشق ١٦٠٠ لیرهیه، بهڵام له قامیشلی ٤١٠ لیرهیه. یهك بتڵ غاز له دیمهشق ٢٠،٠٠٠ لیرهیه، به ڵام له قامیشلۆ ٢٠٠٠ لیرهیه. یهك كلیلۆ نانی ئامادهكراو له دیمهشق ٧٠ لیرهیه، بهڵام له قامیشلۆ ٢٠ لیرهیه. له دیمهشق، بهرزترین مۆدێلی ئۆتۆمبیلهكانیان ٢٠٠٩ یه، بهدهگمهن ئۆتۆمبیلێمی لهوه تازهتر دهبینرێت، بهڵام له قامیشلۆ ئۆتۆمبیلی ٢٠١٩یش ههیه. نرخی ئۆتۆمبیل سێ بهرامبهر گرانتره له بهشهكانی تری سوریا بهراورد به رۆژئاوا به هۆی سیاسهتی گومركی رژێمهكهی ئهسهدهوه. دیموكراسیهتهكهی رۆژئاوا لهرۆژئاوا دیمۆكراسیهتێكی ساوای پڕ ئالهنگاری لهدایك بووه. له شاری قامیشلۆ سهردانی دهزگایهكمان كرد ناوی تهڤدهم بوو نوێنهری نزیكهی ٥٥ حیزبی سیاسی بوو. ئهم ژمارهیه جۆرێك له پاشاگهردانی سیاسی دهرئهخات، بهڵام هێزه سیاسیه كاریگهرو خاوهن نفوزهكان ژمارهیان له پهنجهكانی دهست تێپهڕناكات و ههموشیان دابهشدهبنه سهر دوو بهرهدا، بهرهی ئهنهكهسه كه ئهو حیزب ولایهنانه له خۆ دهگرێت كه پارتی دیموكراتی كوردستان پشتگیریان دهكات و ئۆپۆزسیۆنی ئیدارهی رۆژئاوان، بهرهی پهیهدهو هاوپهیمانهكانی كه دامهزرێنهری ئیدارهكهن. سهركرده سیاسیهكانی رۆژئاوا جلی برانده گرانبههاكان و ئۆتۆمبیلی مۆدێل بهرزیان پێ نیه. ناسنامهو پاسپۆرتی ئهوروپاو ئهمریكایان له گیرفاندا نیه. بۆ قوماركردن منداڵهكانیشیان ناچن بۆ لاسڤێگاس. لهراستیدا ئاستی بژێویان زۆر جیاواز نیه له چینی ناوهڕاستی قامیشلۆ و بهرزترین موچهی وهزیرو سهركردهكانیان له ٢٧٠ دۆلار (نزیكهی ١٦٥٠٠٠ لیره) تێناپهڕێت به وتهی بهرپرسی بهشی پهیوهندیه دیپلۆماسیهكانی ههرێمی جهزیره. ههندێك جار وهرگێڕێك یان فیكسهرێكی كهناڵه بیانیهكان موچهكهی سێ جار زیاتره له موچهی وهزیرێكی كانتۆنهكانی رۆژئاوا. ههر لهناو دهزگاحكومیهكانیشدا كارمهندی تهكنیكی واههیه كه موچهكهی زیاتره له موچهی وهزیرهكانیان. لهوانهیه ئێره تهنها شوێنێك بێت لهم سهرزهمینهدا كه وهزیرهكانی دهوڵهت له خهڵكه پیشهوهره ئاساییهكه كهمتر وهردهگرن، یان ههر لهههمان ئاستدا بن. ئامانج لهم موچهكهمییهی سیاسیهكان رێگرتنه لهگهندهڵی و ههڵاوسانی بازاڕ ئهگینا رۆژئاوا هێنده درامهتی ههیه تا بتوانێت وهزیرهكانی به باشی بژیهنێت، ئهم سیاسهته گرفتی ئابوری و دارایی خۆی ههیه كه ئێره شوێنی باسكردنی نیه. ئهو جیاكاریه جێندهرییهی لهرۆژههڵاتی ناوهڕاستدا ههیه، لهرۆژئاوا تا رادهیهكی زۆر كاڵكراوهتهوه. ئاستی بهشداریكردنی ئافرهتان لهدامودهزگا سیاسیی، ئیداریی، سهربازیی، ئهمنییو روناكبیریهكانی ئهم وڵاتهدا ئهوهت نیشاندهدات كه رۆژئاوا بهستانداردی ئهوروپاو ئهمریكاش زۆر ههنگاوی جدی ناوه بهرهو كهمكرنهوهی نایهكسانیه جێندهریهكان. ههرچهنده ئاستی كۆمهڵایهتی و ئابوری و رۆشبنیری كۆمهڵگای كوردی و عهرهبی و كهمایهتیهكانی ناوچهكه هێشتا نهگهیشتۆته ئهو ئاستهی كه ئهم بهشداریه چالاكهی ئافرهتانی لێبكهوێتهوه، بهڵام ئایدۆلۆجیای ڕێكخراوه سیاسیهكانی كاریگهر به بیروباوهڕهكانی ئاپۆ ( عهبدوڵا ئۆجهلان، رێبهری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان- PKK) ئهم گهشهكردنهی دروست كردووه. هیواو نیگهرانیهكانی رۆژئاوا كه دهچیته رۆژئاوا ههست دهكهیت لهم وڵاتهدا هیچ خاوهنماڵ و سهركردهیهك نیه جگه له ئاپۆ، تهواوی ئهزمونه سیاسیهكهی ئهوێ لهسهر بیرو باوهڕهكانی ئاپۆ دروستكراوه. لهوێ سیستهمێكی خۆبهڕێوهبهری لۆكاڵی ههیهو لهخوارهوه بۆ سهرهوه دهسهڵاتهكان شهرعیهت و شێوهو فۆرم وهردهگرن و هیچ مهركهزیهتێكی سهرتاپاگیر بهدیناكرێت. ئهم سیستهمه ناهێڵێت دیكتاتۆرو مافیای ئابوری و بنهماڵهیی دروست ببێت وهك ئهوهی له ههرێمی كوردستانی عێراقدا ههیه. ههمیشه دهرفهتی بهشداری كهمینهكان و گروپه جیاوازهكان به كراوهیی دههێڵێتهوه. بهڵام پێئهچێت ههر ئهم سیستهمه لامهركهزیه نههێڵێت دامودهزگای بههێزو سهقامگیری نیشتمانی دروست ببێت. لهپرۆسهی نهتهوهسازیدا (Nation-State Craft ) بوونی داموو دهزگای نیشتمانی سهروی حیزبه سیاسیهكان و یهكه ئیداریه لۆكاڵیهكان پێویسته. ههرچهنده ئهوان له خهمی دروستكردنی مۆدێلێكی جیاواز له دهوڵهتی نهتهوهیین، بهڵام مهترسی ئهوه ههیه ئهم لامهركهزیهتهیان دهرفهت به دروستكردنی دهزگای نیشتمانی بههێز نهدات. بۆ نمونه ئێستا ئیدارهی رۆژئاوا سێ كانتۆنهو لهوانهیه ٢ كانتۆنی تریش زیادبكرێت بههۆی ناوچه عهرهبیهكانی رهققه و دێرهزورهوه. ئهگهر دهزگایهكی نیشتمانی یاسادانان نهبێت ههموو ئهو كانتۆنانه كۆبكاتهوهو چاودێرییان بكات ئهو پێنج ئهنجومهنی راوێژكاریهی ههیانه دهسهڵات و ههیبهتی ئهوهیان نابێت وهك دهزگای نیشتمانی گشتگیر مامهڵهبكهن. بۆ گهشهی ئابوری و سیاسی بوونی دهزگای بههێزی لهمجۆره له ئۆكسجین پێویست تره. لایهنێكی تری سهرنجڕاكێشی ژیانی سیاسی رۆژئاوا ههبوونی خهڵكانێكی زۆری خۆبهخشه كه بۆ خزمهتكردنی ئهم ئهزموونه سیاسیه لهوێن. له كاتی كۆڕبهندیهكهدا كجێكی گهنجی توركم ناسی كه ئهندامی رێكخراوێكی كۆمۆنیستی توركیابوو بهڵام بۆ خزمهتكردن هاتبووه ئهوێ. كه له قامیشلۆ بوین دوو پیاوی تهمهن مامناوهندی وریاو خوێندهوار هاتن بۆ لامان و داوایان لێكردین هاوكاری زانینگای رۆژئاوا بكهین (كه زانكۆیهكی تازه دامهزراوی كوردیه له قامیشلۆ)، ئهوانیش خهڵكی رۆژههڵاتی كوردستان بوون. لهوێ خهڵكی ئهرمینیا و ههرێمی كوردستانی عێراق و فهرهنسام بینی كه بۆ خزمهتكردنی خۆبهخشانه هاتبوون. لهپشت ههموو ئهم گیانی فیداكاریهوه تهنها یهك نهێنی ههیه ئهویش ئهو سیستهمه سیاسیه كراوهو له خۆگره (Inclusive)هیه كه له بیروباوهڕهكانی ئاپۆوه سهرچاوهی گرتووه. به پێی ستاندارده سیاسی و مرۆییهكانی كۆمهڵگا پێشكهوتووهكانی خۆرئاوای ئهوروپاو ئهمریكا، رۆژئاوا تا ئێستا به باشی هێناویهتی و له ههربوارێكدا كاریان كردبێت وێنهی دیمۆكراسیهته ساواكهیان درهوشاوهتر كردووه. بهتهنیشت ئهم گیانی خهباتكردنهی خۆبهخشهكانهوه، هێشتا بڕێكی زۆری دانیشتوانی رۆژئاوا ئاوارهو پهناههندهن و لهدهرهوهی وڵاتهكهی خۆیان دهژین. متمانهیان بهو دۆخه نیه كه لهوێ دروست بووه. "كه شهڕ دهستی پێكرد، پێش ههموو كهس خوێندهوارو شارهزاو تهكنۆكراتهكان ههڵهاتن و جێیانهێشت” ئهمه وتهی یهكێك لهو پیاوه رۆژههڵاتیانه بوو كه به پهرۆشهوه دهیانویست زانینگای رۆژئاوا پێشبخهن. له ئێستادا رۆژئاوا وێنهی دورگهیهكی دیموكراسی، لهناو جهنگهڵێكی پڕ لهشهڕو كاولكاریدا، بۆ خۆی دروستكردووه. ئهم وێنهیه تا رادهیهكی زۆر یارمهتی بهردهوامی ئهو پشتیوانیه نێودهوڵهتیه ئهدات ئهمڕۆ رۆژئاوا ههیهتی. بهڵام دیموكراسیهتهكهی رۆژئاوا پێویستی به كرانهوهی سیاسی زیاتر ههیه. پێویستی بهوهیه زیندانی سیاسی و ئۆپۆزسیۆنی لهوڵات بهدهرنراوی نهبێت، ئهگهر ههیبێت وهك رژێمهكهی ئهسهدی لێدێت و یهكهمین دهرهنجامیشی دۆڕانی دۆست و پشتیوانیه نێودهوڵهتیهكانی دهبێت. پێویسته سیستهمێكی سیاسی لهخۆگرو كراوه (inclusive)ی ههبێت كه جێگای ئهنهكهسه و ههموو ئهو حیزب و لایهنه سیاسیانهی تریشی تیا بێتهوه كه دیدێكی سیاسی جیاوازیان له (PYD) ههیه. سهرهڕای نیگهرانیه ئهمنیهكانیان و ههڕهشهی بهردهوامی دووژمنهكانیان، ههرگیز نابێت دوودڵی بكهن له فهراههمكردنی ئهو ژینگه سیاسیهی دهنگوڕهنگه جیاوازهكانی رۆژئاوا ئازادیهكانی خۆیانی تیا ئهدۆزنهوه. ههبوونی رۆژئاوا دهستكهوتێكی گهورهیه بۆ كوردو ههموو ئهو میللهتانهی تر كه ئێستا له سایهیدا دهژین. ئهم دهستكهوته مهزنه به رهنج و خوێن و عارهقی دهیان ههزار جهنگاوهرو شههید و برینداری ناوچهكهو جیهان بونیاتنراوه. بێگومان جێپهنجهی پارتی یهكێتی دیموكراتی (PYD) و رێكخراوهكانی نزیك له (PKK) دیاره به ههموو ئهم دهستكهوتانهوه. ههركه بههاری عهرهبی و شۆڕشی گهلانی سوریا دهستی پێكرد، ئهم ڕێكخراوه سیاسیانه هاتن شوێنی رژێمهكهی ئهسهدیان گرتهوهو دامودهزگاكانی دهوڵهتیان گرتهدهست و حكومهتی لۆكاڵیان پێ دروستكردو زیرهكانهش خۆیان لهشهڕی ئهسهد بهدوور گرت. دواتر بوو بهم رۆژئاوایهی كه ئهمڕۆ ههیه. له راپهڕینهكهی بههاری ١٩٩١ی ههرێمی كوردستانی عێراقدا، ههموو دهزگا حكومیهكان تاڵانكرا ههركه دهستی شۆڕشگێڕهكانی پێگهیشت. دواتر سهركرده حیزبیهكان به شێنهیی كهرهسته گرانبههاكانی دهوڵهتیان دزی و له ئێران فرۆشتیان. ئهم دوو دهستپێكردنه جیاوازهی ههرێم و رۆژئاوا ئهوه نیشان دهدات كه رۆڵی سهركردایهتی و رێكخراوی سیاسی خاوهن روئیا چهند گرنگ و یهكلاكهرهوهیه له ئیدارهدانی سهركهوتن و قهیرانهكاندا. تێبینی: ههموو ئهو زانیاری و ژمارانهی لهم باسهدا هاتووه له دهزگاو ئاماری فهرمیهوه وهرنهگیراون، بهڵكو راستهوخۆ لهخهڵكی ئاسایی قامیشلۆ و عامودا وهرگیراون، لهگهڵ چهند ئاوارهیهكی شاری دیمهشق كه ئێستا له رۆژئاوا دهژین. ههركهسێ ژمارهو داتای جیاواز (یان ناكۆك لهوهی منی ههبێت، زۆر سوپاسیهكهم لهرێگای ئهم ئیمهیڵهوه ([email protected]) ههڵهكانم بۆ راست بكاتهوه.