+ هونەر تۆفیق بەشی یەکەم سەدەیەک لەنێوان کۆکس و برێمەردا لە ناوەڕاستی ١٩١٨ دا ، بەریتانیەکان بەتەواوی عوسمانیەکانیان لە میزۆپۆتامیا ( عێراقی ئێستا) کردە دەرەوە . لەسەر پێشنیاری ئارنۆڵد ویڵسن ناوی ئەو سێ ویلایەتە عوسمانیە داگیرکراوە ( موسڵ ، بەغدا ، بەسرە) یان لە میزۆپۆتامیاوە گۆڕی بۆ ناوێکی عەرەبی کە عێراقی ئێستایە . کۆکس بە ڕاوێژەکانی میسس دیترۆت بێڵ، پێشنیاریان بۆ تاجی بەریتانی کرد لەناو ئەو بنەماڵە (سەید ، شەریف ، شێخ )ە دەست رۆیشتوانەی ناوچەکەدا کەسایەتیەک بدۆزنەوە ، بیکەن بە پادشای عێراق کە جێگای ڕەزامەندی هەم نەتەوە جیاوازەکانی میزۆپۆتامیا - عێراق بێت و هەم بەریتانیەکانیش متمانەی پێ بکەن . بۆ ئەوەی چارەسەری ڕاپەڕینەکانی گەلانی عێراقی پێ بکەن کەبە شۆرشی بیست ناسراوە لەدژی داگیرکاری بەریتانیەکان بەرپاببوو . کۆکس وەک عەرابی یەکەمی دروستکردنی عێراق، بەم نەخشە و شێوە سیاسیەی ئێستاوە، پایە سەرەکیەکانی دەوڵەتی دامەزراند ، هەر لە دروستکردنی سوپا و پۆلیس و دادگا و خوێندنگەوە تا سیستەمی سیاسی پەرلەمانی پادشایەتی . بۆ ڕاگرتنی پەیوەندیە هۆزایەتی و مەزهەبی و نەتەوەییەکانی ناو ئەو دەوڵەتە تازەیەش ، جۆرێک لە دەستەڵاتی (محاصصە)فرەبەشی بەسەر سەرۆک هۆز و بنەماڵە ئایینی و شێخ و سەیدەکاندا دابەشکرد . هەروەها ئەفسەر( کەلە سوپای عوسمانیەکان هەڵگەڕابوونەوە ) و رۆشنبیرە قەومیەکانی دەوری شا فەیسەڵی کوڕی حسەینی شەریفی مەککەی دەرکراو لەلایەن ئالسعودەوە ، کۆکردەوە کە بەهۆی بەشداریان لە هەیکەلە ئیداری و سەربازیەکانی عوسمانیەکاندا شارەزایی دەوڵەتداریان هەبوو ، کۆکس لەو تێکەڵەیە حکومەت و نیزامە سیاسیەکەی عێراقی پێکهێنا . نزیکەی سەدەیەک لەپاش پێرسی کۆکس ، لە ٢٠٠٣ دا ئەمریکا ، عێراقی داگیرکردەوە . حاکمێکی بە سەر مەدەنی و بە پێ عەسکەری (چونکە تا لە عێراق بوو بە پۆستاڵی سەربازی و پۆشاکی مەدەنیەوە مایەوە )بۆ عێراقیەکان نارد کە ئەویش پۆڵ بریمەربوو . برێمەر لەیەکەم هەنگاودا هەموو میراتە ئیداریەکەی کۆکسی هەڵوەشاندەوە بە سوپا و پۆلیسیشەوە . بۆشاییەکی سیاسی و ئیداری و ئەمنی گەورەی لەناو عێراقدا دروستکرد کە تا ئێستاش پڕ نەکراوەتەوە . لەهەمان ئەو بنەماڵانەی سەدەیەک پێشتر کۆکس حکومەتی لێ پێکهێنان ، بریمەر مەجلیسی حوکمی لێ دروستکردن . لەو ٢٥ ئەندامەی مەجلیسی حوکمەکەی برێمەر ، ١٣یان عەرەبی بنەماڵەی سیاسی ساداتی شیعەبوون ، ٥ یان نوێنەرانی شێخە عەرەبە سونەکان بوون . ٥ یان کوردی نوێنەری هەم ئایینی و هەم بنەماڵەی سیاسی کوردەکان بوون . یەک مەسیحی و یەک تورکمانیش . لەپاش ١٦ ساڵ لە دروستکردنی ئەو پێکهاتەیەی برێمەر لە مەجلیسی حوکمدا هێشتاکە ناکۆکی و ململانێکانی نێوانیان ، بە ئاڵۆزی و بێ چارەسەر ماوەتەوە . عێراقی مەجلیسی حوکم لەسەر دەستی برێمەردا بوو بە عێراقی ئەو بنەماڵە سیاسیانەی لە مەجلیسەکەدا بەشداربوون . کە نەیانتوانی نە پێکەوە عێراقێکی یەکگرتوو و دیموکراسی دروست بکەن ، نە ژیانێکی شایستەش بۆ خەڵکەکەی ناوچەکانیان دابین بکەن . ئەو بنەماڵانەی لە سەرەتای دروستبوونی ئێراقەوە ، سەدەیەکە لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا ( بە دەستەڵاتداریەوەبێت یان بە ئۆپۆزسیۆن بوون ) لە ناکۆکی و ململانی ی کوشندەدان کە گەلانی عێراقی پێوە گیرۆدەبووە . ماویەتی ...
+ لوقمان حەوێز ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە بەراورد بە گەلێک لە ووڵاتە پێشکەوتووەکانی تری جیهان ووڵاتێکی ساوایە، هەمووی 241 ساڵە دامەزراوە، بەڵام لەوەتەی ساڵانی 1880 تاوەکو ئێستاش بە بەردەوامی پێشكەوتووترین و بەهێزترین ووڵاتی جیهان بووە، بێ ڕکابەرترین ووڵاتە لە بواری تەکنەلۆژیاکانی فڕین، پشکنینی بۆشایی ئاسمان، کۆمپیوتەر و ڕۆبۆتەکان، پزیشکی و دەرمان، چەک، کشتوکاڵ، هتد... لەم نوسینە کورتە کەمێک تیشک دەخەمە سەر نهێنیەکانی بەهێزی و پێشکەوتنی ئەو ووڵاتە و بەردەوامبوونی بەم شێوەیە بێ ڕکابەری بە درێژایی پتر لە 135 ساڵی ڕابردوو... دیارە کۆمەڵێک هۆکار هەبوون بۆ ئەوە بەڵام هۆکاری سەرەکی ئابووری بووە، لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی ناوخۆ لە ئەمەریکا بە چەند ساڵێک و بە ووردی لە دەوروبەری ساڵی 1875 و تاوەکو ئێستا بە بەردەوامی ئابووری ئەم ووڵاتە گەورەترین ئابووری جیهان بووە، هۆکارێکی تری سەرەکیش هەر لە سەرەتاوە چڕبوونەوە و کۆبوونەوەی داهێنان و تەکنەلۆژیا بووە لەم ووڵاتە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەر لەسەرەتای دروستبوونیەوە تاوەکو ئێستاش بەوە ناسراوە کە شوێنی ڕاکێشان و کۆچکردنی بلیمەتەکان، زاناکان، داهێنەرەکان و بەتواناکان بووە لە هەموو بوارەکانی زانست و تەکنەلۆژیا و هونەر و وەرزش بووە لە نێو گەلەکانی جیهان، ئەو بلیمەت و بیرمەند و زانا و بە توانایانەش گەنجینەیەک بوون بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە زانستیەکان و لە ئەنجامدا بۆتە پێشکەوتنی بێ وێنەی ئەم ووڵاتە لە هەموو بوارەکان... هەروەها ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە ناسنامەیەکی نوێی دروستکردووە و بەخشیوە بەبێ جیاوازی و جیاکاری بە هەموو ئەو مرۆڤانەی کۆچیان کردووە بۆ ئەوێ و بە دوای ئازادی و ژیانێکی نوێ و داهێنان و کارکرندا گەڕاون، بە تایبەتی لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی بیستەمەوە تاوەکو ئێستاش بە بەردەوامی ئەمەریکا ساڵانە بە فەرمی هەزارەها ڤیزای نیشتەجێبوونی داوە بە زانا و بلیمەت و بە تواناکان لە سەرانسەری جیهان بۆ ئەوەی کۆچ بکەن بۆ ئەو ووڵاتە و بە ئێجگاری لەوێ نیشتەجێ بن، تەنیا لە ساڵی 2015 پتر لە 23 هەزار کەسی لەم شێوەیە لە زۆربەی ووڵاتانی جیهان کۆچیان کرد بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا... هەر لە سەدەی نۆزدەشەوە تاوەکو ئێستاش بەرهەمی لێکۆڵینەوە و کارکردنی ئەو زانا و بلیمەتانە نهێنی داهێنانە گەورەکان بووە لەم ووڵاتە وەکو داهێنانی کارەبا، تەلەفۆن، فڕۆکە، ووزەی ناوکی، تڕانسیستۆر، چوونە سەر مانگ، کۆمپیوتەر، ئینتەرنێت، داڕشتنی نەخشەی جینۆمەکانی مرۆڤ، فەیسبووک، هتد... ئەمەریکا هەر لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە دەرکی بەوە کرد کە لەگەڵ بەهێزبووندا بەرپرسیاریەتی گەورەش دێتە پێشەوە، بۆیە هەر لەوکاتەوە ساڵانە بڕێکی زۆر لە داهات و دەرامەتی حکومەتی فیدراڵی تەرخان دەکات بۆ بواری سەربازی، بەبێ بەشداریکردنی ئەمەریکا لە هەردوو جەنگی جیهانی ئەوروپای ڕۆژئاوا و روسیا بە تەنیا هەرگیز نەیان دەتوانی سەرکەوتن بەدەست بهێنن بەسەر ئەڵمانیای نازی و ئیمبراتۆریەتی ژاپۆن، ئەو کاتە چارەنوسی جیهان بە ئاقارێکی ترسناکدا دەڕۆیشت، لەم چەند ساڵەی دواییشدا بودجەی سەربازی ساڵانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا گەیشتۆتە پتر لە 700 ملیار دۆلار، ئەمەش گەلێک زیاترە لە کۆی بڕە بودجەی سەربازی ساڵانەی هەموو ووڵاتانی ڕووسیا و چین و ئەڵمانیا و فەرەنسا و بەریتانیا هیندستان و سعودیە بەیەکەوە... لە دوای نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمەوە تاوەکو ئێستاش نەوەک تەنیا هەر لە بواری تەکنەلۆژیا و پیشەسازی و کشتوکاڵ بەڵکو لە ڕووی کەلتوری و کۆمەڵایەتیشەوە ئەمەریکا کاریگەری گەورەی لە سەرتاسەری کۆمەڵگاکانی جیهان دروستکردوە ئەویش لە ڕێگەی بەجیهانیبوونی کەلتوورەکەی، نمونەی ئەمەش بڵاوبوونەوەی فلیمەکانی هۆلیوود، گۆرانی و کۆنسێرتەکان، پانتۆڵی جینز، تۆڕەکانی هەواڵ وەکو سی ئێن ئێن، پڕۆگرامەکانی خوێندن و زانکۆکان، نوسین و چاپەمەنیەکان، هتد... بەهۆی چڕبوونەوەی کۆمپانیا زەبەلاحەکان لە بواری تەکنەلۆژیا سەرەکیەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، زۆربەی شارەزایان و ئابووریناسان لە سەرانسەری جیهان لەسەر ئەوە کۆکن لایەنی کەم لەم سەدەیەش ئەمەریکا وەکو سەدەی بیستەم بە بەهێزترین و پێشکەوتووترین ووڵات دەمێنێتەوە لە جیهان، تا ئێستاش قەبارەی ئابووری ئەمەریکا لە سەدا 23 ی قەبارەی ئابووری هەموو جیهانە، لەگەڵ ئەوەی کە ئابووری ووڵاتی چین لە 25 ساڵی ڕابردوو لە گەورەبووندا بووە و ئێستا بۆتە لە سەدا 14 ی ئابووری جیهان، بەڵام لەبواری تەکنەلۆژیا سەرەکیەکان بە بەراورد لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا جارێ چەندەها ساڵ لە دواوەیە و پێشبینی ناکرێت بتوانێت لە داهاتوێکی نزیک یان دیار بتوانێت ڕکابەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای پێ بکرێت... ئەمەریکا جگە لە خاوەندارێتی کردنی بڕبڕەی پشتی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا لە جیهان، بە خاوەنی بەهێزترین دیموکراسیش دادەنرێت، ئەمەش دیسان لە کۆتاییدا لە قازانجی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا دەبێت، چونکە لەو سیستەمە بە بەردەوامی کەموکوڕیەکان پەنجەیان دەخرێتە سەر و پەردەپۆش ناکرێن و هەوڵی چارەسەرکردنیان دەدرێت.
+ كامیار سابیر پەکەکە، یان فاشیزمە (نەژادیی و طائیفیی)ەکەی ئەردۆغان! لەماوەی ١٥ ساڵی رابردوودا، دەیان نووسەر (منیش یەکێک بوومە) جەختیان لەوە کردووەتەوە کە پەکەکە دەبێ بیر لەوە بکاتەوە خەباتی چەکداریی بۆ دۆخی کوردستانی تورکیاو ناوچەکە گونجاو نییەو بە زیانی کێشەی سیاسیی کورد دەشکێتەوە. هاوکات، چەک بۆ پەکەکە پێویستە بۆ ئەوەی بنکە عەسکەریی و سیاسییەکانی بپارێزێ، نەک بچێت لە تورکیا، چەند سەربازێکی تورکیا یان چەند قوروجییەک بکوژێ. هاوکات وەکو گەرانتۆری سەرکەوتنە عەسکەرییەکانی کوردەکانی سوریا، پێویستە دەست بە چەکەوە بگرێت، تا ئەو کانتۆنانەی کوردستانی سوریا، لە رەهەندە سیاسیی و ئیقلیمیی و نێودەوڵەتییەکاندا، جێکەوت دەکرێن. ئەم هێرشە بەربڵاوانەی دەوڵەتی تورکیا، بە هەموو مەغزا سیاسیی، جیۆگرافیی و هاوکێشە ئیقلیمیی و نێودەوڵەتییەکان، سەروەریی وڵاتێکی تر پێشێل دەکات و دەچێتە خانەی داگییرکارییەوە. گومانی تێدا نییە دەوڵەتی تورکیا بەبێ پشتییوانیی هێزە میلیشیاییەکانی پارتیی (پێشمەرگەو زێڕەڤانیی)، هەروەها بەبێ تەنسیق لەگەڵ ماڵی بارزانیی و پارتییدا، بەشەخصییش لەگەڵ (سەرۆکی پارتیی و سەرۆکی هەرێم) توانای ئەوەی نییە ئیدامە بەم لەشکرکێشییانە، لە قوڵایی خاکی کوردستانی عێراقدا بدات. ئەمەی ماڵی بارزانیی بۆ تورکیاو ئەردۆغانی دەکەن، بە هەموو مانایەک عەمالەتێکی ئیقلیمییەو رێک رۆڵی سوارەی ئەردۆغانیی (نیسبەت بۆ سوارەی حەمیدییە)و رۆڵی مورتەزیقە (mercenary = المرتزقە) دەبیینن. بێدەنگیی زۆرینەی حیزبەکانی کوردستانی (ئێران و عێراق)، بێدەنگیی ئەو هەموو جەڵەبە ئەدکادیمییەی زانکۆ بێ مەعریفەکانی کوردستان و ناسیۆنالیزمی تاراوگە، هەروەها خامۆشیی ئەو هەموو نوخبە رانتخۆرانەی کوردستان، راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ، خزمەت بەم عەمالەتە ئیقلیمییەی ماڵی بارزانیی و پارتیی دەکەن. بە دڵنیاییەوە، شەهیدکردنی هاوڵاتییانی مەدەنیی کوردستانی عێراق، سوتانی پووش، پاوەن، رەز و باغەکان، بە پلەی یەکەم ئەو فاشیزمەی ئەردۆغان و حیزبە طائیفیی و نەژادپەرستییە تورکییەی ئەو، لێی بەرپرسیارە. ئەردۆغان لەسەردەمێکدا دژایەتیی مافە سیاسیی و کولتوورییەکانی لای کەم ٢٠ میلیۆن کورد لە تورکیا دەکات، فاشیزمەکەی کەمال ئەتاتۆرکیش، ئەو چاووڕووە پڕ لە فاشیزم و راسیزمەی نەبووە کە صەد ساڵ لەمەوبەر بیکات. بە واتایەکی تر، ئەگەر کەمالیزم، باوکی رۆحیی فاشیزمی تورکیی بێت، ئەوە ئەردۆغانیزم، وێڕای ئەوەی فاشیزمی تورکیی نۆژەن و مۆدێرنایز کردووەتەوە، ماستەرمایندی فاشیزمی نەژادیی و طائیفییشە، تێکەڵەیەکە لە ناسیۆنالیزمی دیینیی و فاشیزمی دەوڵەتیی، دەیەوێ کەمالیزم، بەسەر کوردستانی سوریا و کوردستانی عێراقیشدا، جێکەوت بکات.
رێبوار کەریم وەلی (1) دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكانی 31ی ئاداری گەورە شارەوانیی ئیستانبوڵ لە 23ی حوزەیران و ئەو شكستە دراماتیكییەی كە حزبەكەی ئەردۆغان تووشی بوو، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە چەندین گەورە شاری وەكو ئیزمیر، ئانكارا و ئەنتاڵیاشی لەدەستدا، سەرەتای كۆتایی حزبەكەی ئەردۆغانە. منداڵێك، (بەركای گەزگین) دوای ئەوەی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردن لە توركیا بڕیاری دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكانی ئیستانبوڵی دا، هاتە پێش پاسەكەی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو و هاواری كرد: "كاك ئەكرەم، هەموو شتێك زۆر جوان دەبێ"، ئەو رستەیە بوو بە دروشمێكی سەرتاسەری و سۆشیالمیدیای تەنییەوە. بوو بە دەربڕینێك دژی حزبی حاكم و هێندە كاریگەر بوو كە حزبی حاكم (ئاكەپە) نەیانزانی بۆ هەڵمەتی دووبارەی هەڵبژاردن چ دروشمێكی لەدژ بەرز بكەنەوە! تەنانەت ویستیان لاساییشی بكەنەوە و وشەی (زۆر)ەكەیان دەرهێنا و دەیانگوت: "هەموو شتێك جوان دەبێ"! دوایی بۆیان نەچووە سەر و گۆڕییان. دروشمی منداڵێك قەدەری شارێكی گۆڕی، بەڵام هەڵوێستی نەگۆڕی HDPیش لە دەنگدان لەدژی ئەردۆغان، كۆتایی بە 24 ساڵ حوكمڕانیی نەپساوەی ئەردۆغان و حزبەكەی هێنا كە بە هیچ شێوەیەك ئامادە نەبوون ئەو شارە رادەستی هیچ لایەنێكی دیكە بكەن. 48 سەعات پێش هەڵبژاردنەكان ئاكەپە هەموو هەوڵێكی دا و نامەیەكی ئۆجەلانی لە ئاژانسی رەسمیی دەوڵەتەوە بڵاوكردەوە كە داوای دەكرد كورد بێلایەن بن، بەوەشەوە نەوەستا و عوسمان ئۆجەلانی برایان هێنایە سەر تەلەڤزیۆنی TRT Kurdi و ناڕاستەخۆ داوای كرد ئەگەر دەنگ بە ئاكەپەش نادەن، دژی نەوەستن! قسەكانی هەردوو ئۆجەلانی برا، نەك هەر سوودیان نەبوو، بگرە وایكرد نەتەوەپەرستەكانی ناو ئاكەپە و مەهەپە، لە دژی دووفاقییەتی سیاسەتی هاوپەیمانیی (جمهور) بێنە دەنگ. تا دوێنێ ئاكەپە داوای لە هەدەپە دەكرد لە بن عەبای پەكەكە و ئۆجەلان بێنەدەر و سیاسەت بكەن، كەچی چەند سەعاتێك بەر لە هەڵبژاردن داوای دەكرد هەدەپە واز لە سیاسەت بێنێ و بە قسەی ئۆجەلانەكان بكات! دروشمی تیرۆریزەكردنی كێشەی كورد لە توركیا و بەكارهێنانی وەكو هەڵمەتی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن بۆ ئاكەپە كۆتایی هاتووە و سەرەتای سەردەمێكی نوێیە لە هاوپەیمانیی هەدەپە بۆ سنوورداركردنی دەسەڵاتی ئەردۆغان. ئەردۆغان چی دەكات؟ (2) باری نالەباری ئابووری و سەرگەردانیی سیاسەتی دەرەوەی توركیا و، هاوكات كێشمەكێشی دەسەڵات لەناو ئەوانەی رۆژانێك ئاكەپەیان دامەزراند، ئەردۆغانی خستووەتە گۆشەیەكەوە. قەیرانسازی و هەڵبژاردنی یەك بەدوای یەكدا لە 17 ساڵی رابردوو خاڵی بەهێزی ئەردۆغان بوون، بەڵام هەڵبژاردنی ئیستانبوڵ نیشانی دا كە كارتەكانی دەستی ئەردۆغان خەریكە كۆتاییان دێت و بۆ یەكەمجار لە مێژووی ئاكەپەدا، ئێوارەی 23ی حوزەیران تەنها هەڵبژاردنێك بوو كە ئەردۆغان نەچووە سەر تارمە و نەعرەی سەركەوتنی لێنەدا. ئەڵبەتە دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن بەو ئامانجە بوو كە بیبەنەوە، بەڵام دۆڕاندنەكەی خۆیان وا وێنا كرد كە دیموكراسی لە توركیا بردوویەتیەوە. چونكە لەوەتەی سیستەمی فرەحزبی لەسەرەتای پەنجاكانەوە هەیە و هەڵبژاردن دەكرێ، هیچ كاتێك بەقەدەر ئەو چەند مانگە دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردن لە توركیا شەرعییەتی خۆی لەدەست نەدابوو. حزبە توركەكان كە هەمیشە غەدریان لە كورد كردووە، قەت باسی تەزویریان نەدەكرد، نەوەكا بیانوو بدەنە دەست كورد، بۆیە هەمیشە مەدح و سەنای ئەو دامەزراوەیەیان دەكرد. لە ماوەی رابردوودا ئەردۆغان بە توندترین شێوە پەلاماری ئەو دامەزراوەیەی دا و تەنانەت بە دز، حیلەباز و ساختەكار تۆمەتباری كردن. ئەو ئەنجامە هەوڵێك بوو بۆ گەڕاندنەوەی ئیعتیبار بۆ ئەو دامەزراوەیە. چونكە وڵاتانی ئەوروپی پێشوەختە لەو باوەڕەدا بوون كە ئەردۆغان بە فێڵ دەیباتەوە، بەڵام ئەردۆغان بۆ پاراستنی شەرعییەتی خۆی، ئیستانبوڵی پێشكەشی ئۆپۆزیسیۆن كرد. ئەگەرچی ئەردۆغان پیرۆزبایی لە سەرۆكی نوێی شارەكە كرد، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەموو بەرژەوەندی و رانتەی كە لە 24 ساڵی رابردوودا بۆ ئاكەپە هاتووەتەكایەوە، ئاستەمە رێگە بدات سەرۆكی نوێ وا بە ئاسانی حوكم بكات. ئێستا ئەردۆغان (چونكە ئەمجارەیان خۆی لە هەڵمەتی پڕوپاگەندەش بەدوورگرت) لە هەوڵی ئەوەدایە كە بڵێت ئەوە دۆڕانی حزبەكەی بووە نەك هی خۆی و خەتاكە بخاتە ئەستۆی ئەوان. خۆی وەكو مەرجەعێك لێ بكات و لە حزبەكەشی دوور بكەوێتەوە، لەوەشیاندا تەنها چاوی لە دووبارە هەڵبژاردنەوەیەتی لە 2023. ئیتیفاقی ئیستانبوڵ (3) سەركەوتنی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، بەرهەمی هاوپەیمانیی میللەت نەبوو بە تەنها، بگرە هاوپەیمانییەكی رانەگەیەندراوی دیكە بوو بە ناوی ئیتیفاقی ئیستانبوڵ لە دژی ئاكەپە و مەهەپە. كارەكتەرەكانی ئیتیفاقی ئیستانبوڵ (جەهەپە، هەدەپە و ئیی پارتی) خاوەنی روانگای چەپ و بنچینەی نەتەوەیین، بەڵام رەنگبێ بەرفراوانترین و كاریگەرترین هاوپەیمانی بووبن لە دژی ئاكەپە لە 20 ساڵی رابردوودا. ئاكەپە هەمیشە سوودی لە پەرتەوازەیی ئۆپۆزیسیۆن بینیوە و كاری لەسەر تێكدانی بەرەی بەرامبەری خۆی كردووە. ئێستا كە ئاكەپە لەگەڵ مەهەپەدا گەڕاوەتەوە سەر ئەسڵی نەتەوەپەرستیی خۆی و قەبارەكەی بچووك دەبێتەوە (بەتایبەتیش كە بڕیارە تا پاییزی ئەمساڵ دوو حزبی لێ جودا ببنەوە) شانسی بەرفراوانبوون و درووستكردنی دیدگای بنچینەیی بۆ چارەسەری كێشەكان و لەسەرووی هەمووشیانەوە بە دیموكراسیكردن و پارستنی مافی پێكهاتەكان لە رێگەی دەستوورەوە، گەلێك بەهێزە. مێژووی سیاسیی توركیا نیشان دەدات كە زۆربەی حزبەكان (جگە لە جەهەپە، هەدەپە و تا راددەیەكیش مەهەپە) حزبە نوێیەكان دوای لەدەستدان یان كەمبوونەوەی قەبارەیان پارچە پارچە دەبن. لە چەند دەیەی رابردوودا، چەندین حزب كە حكومەتیشیان بەدەستەوە بووە، دوای دۆڕاندن لە هەڵبژاردن، ناویشیان نەماوە و چوونەتە مێژووەوە. ئاكەپەش لەبەردەم ئەو مەترسییەدایە ئەگەر ئیتیفاقی ئیستانبوڵ ببێ بە ئیتیفاقی توركیا.
+ كەمال چۆمانی ئەو چەند رۆژ و هەفتەیەی رابردو، پرسی دامەزراندنی حیزبێکی نوێ لەلایەن قادری حاجی عەلیی و عوسمانی حاجی مەحمود بۆتە پرسێکی گەرم. بەڵام ئایا هەرێمی کوردستان پێویستی بە دروستکردنی حیزبێکی ترە؟ چەند هۆکارێکی ناوخۆیی دەخەمەڕو کە وا دەکات وا بیربکەینەوە دامەزراندنی هێزێکی نوێ پێویست بێت: - شکستی گۆڕان لە بەردەوامییدان بەو رێباز و پڕۆگرامەی لەسەری دامەزراوە، و لادان لەو رێڕەوانەی نەوشیروان مستەفای رەحمەتیی بناغەی داڕشتن، گۆڕان چیتر ناتوانێت دەوری هێزێکی ریفۆرمیست بگێڕێت. - یەکگرتوی ئیسلامیی و کۆمەڵی ئیسلامیی و نەوەی نوێ رایانگەیاندوە وەک حیزبی ئۆپۆزسیۆن لە پارلەمانی کوردستاندا کاردەکەن، بەڵام ئەو هێزانە ناتوانن ببنە وەڵامدەرەوەی پێویستییەکانی کۆمەڵگای کوردیی بە هۆی؛ یەکگرتو و کۆمەڵ حیزبی نوخبەیەکی کۆمەڵگان، ناتوانن سنورەکانی سونیزم و ئیخوانیزم تێبپەڕێنن، هەندێک ویستی سەلەفییانەش لەناویاندا هەن، بەتایبەت لەناو کۆمەڵدا، رێگریی گەورەن لەبەردەم گەشەکردنیان. نەوەی نوێ هێزێکی پۆپیولیستە بەر لە کامڵبونی توشی دابەشبون و شکست هات. حیزبێکی بێ روئیا و بێ فیکر و بێ ئایدیۆلۆژیایە، حیزبی یەک کەسایەتییە کە ئەویش بازرگانە و رۆشنبیریی سیاسییەکەی لە ئاستێکی زۆر لاواز دایە. - ئێستا بەرەو هاوپەیمانێتیی یەکێتیی، پارتیی و گۆڕان بۆ چوار ساڵی داهاتو هەنگاو دەنێین، ئەو هاوپەیمانێتییە کوردستان دەخاتە تونێلێکی زۆر تاریکەوە. - هاوپەیمانیی نیشتیمانیی بەرهەم ساڵح هەڵوەشایەوە، دواتریش حیزبێکی دیکەی لێ بەرهەمهات کە زیاتر مەیلی لە دۆستایەتیی دەستەڵاتە نەک دۆستایەتیی گەل، وەک بینیمان ئارام قادر یەکەم سەردانی بۆ لای مەسعود بارزانیی بو، پێدەچێت پارتیی دژی کۆمەڵی ئیسلامیی بەکاریبێنێت، یان وای نیشانبدات. - لەناو کۆمەڵی ئیسلامیی و یەکگرتوی ئیسلامییدا بێزارییەکی زۆر لەو حیزبایەتییە ترادسیۆنییەی سەرکردایەتیی هەیە، بەتایبەت لەلایەن گەنجان و خوێندەوارەکانیان. ماوەی رابردو ژمارەیەک ئەندامی باڵا و کاریگەری کۆمەڵ دەستیانلەکارکێشایەوە. - میدیای ئازاد لە هەرێمی کوردستان مردوە، لەوە ناخۆشتر میدیا ئێستا لەلایەن بەرپرسان بەتەواوی کۆنترۆڵکراوە، هەندێکیشی کەوتۆتە خزمەتی دەوڵەتانی چەوسێنەری کورد. هەندێک لە میدیاکانیش بەتەواوی دژی ویست و ئیرادەی ئازاد و دیموکراسیین. سەرەڕای ئەو هۆکارانە، پرسیارێک گەورە خۆی قیتدەکاتەوە، داماننا حیزبێکیش دروستکرا و وەک گۆڕانی ٢٠٠٩ پشتیوانیی کرا، چی لە دۆخی کوردستان دەگۆڕێت لە کاتێکدا پدک-ینک هەمیشە لە هەڵبژاردنەکان تەزویر دەکەن و کۆنترۆڵی سیاسەتی کوردستانیان کردوە. بە ناوی کورد و کوردستانەوە، بەتایبەت پارتیی، لە ناوخۆ و عێڕاق و دەرەوە نوێنەرایەتیی هەرێم دەکەن. ئەوان هێشتاش میلیشیای پێشمەرگە و ئاساییشیان لەبن دەستە و بۆ دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتیی سیاسیی و ئۆپۆزسیۆنی سیاسیی بەکاردێنن. بەدڵنیایی، دامەزراندنی هەر حیزبێک لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان زیادەیە و هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت، هێندەی دیش دەکەوێتە خزمەتی هاوپەیمانێتیی یەکێتیی و پارتیی و بەتایبەتتریش پارتیی. ئەی چی بکەین بۆ ئەوەی لەو دۆخە چەقبەستوە هەنگاوێک بچینە پێشەوە؟ بە بڕوای من، وەڵامەکەی ئاسانە بەڵام ئیرادەیەکی بەهێزی دەوێت. هەرێمی کوردستانی عێڕاق بەشێکی دانەبڕاوە لە عێڕاق. دوای شکستی ریفراندۆمیش، هەموان گرنگیی عێڕاقیان بۆ دەرکەوتوە چ لەڕوی سیاسیی، چ لەڕوی ئابوریی یان عەسکەرییشەوە، تەنانەت کەلتورییشەوە. هەرێمی کوردستان دەتوانێت هەرێمێکی بەهێز بێت لەگەڵ عێڕاقێکی بەهێز. دەبێت کار بۆ ئەوە بکرێت هەردولا دەرفەت بن بۆ یەکتر نەک هەڕەشە. هەموان دەزانین لەو دۆخە ناهەموارەی کوردستانی عێڕاق، میکانیزمەکانی گۆڕانکاریی لە چوارچێوەی هەرێمدا قوڕسن، بۆیە دەبێت لە دەرەوەی سنورەکانی هەرێم بەدوای چارەسەرییدا بگەڕێین. بۆ ئەمە، باشترین رێگا هەوڵدانە بۆ سیاسەتکردن و گۆڕانکارییکردن لە بەغدادەوە. ئەمڕۆ لە بەغداد هێزی ئۆپۆزسیۆن سەرهەڵدەدەن، ئۆپۆزسیۆنی جدیی. ئەل-حیکمە ئۆپۆزسیۆنبونی خۆی راگەیاندوە. ئەگەری هەیە لە ماوەی داهاتودا حەیدەر ئەل-عەبادییش بە وێنەیەکی جیاوازەوە دەربکەوێت. دامەزراندنی هێزێکی نوێ بۆ هەرێمی کوردستان وەک هەوا گرنگە، بەڵام ئەو هێزە سنوری هەرێم تێبپەڕێنێت و ببێتە بەشێک لە هاوپەیمانێتییەکی عێڕاقیی. ئەو هاوپەیمانێتییە عێڕاقییە نابێت کورد، عەڕەب، تورکمان، مەسیحیی، ئێزیدیی، کاکەیی، شیعە یان سونە یان موسڵمان تێیدا باڵادەست بن، بەڵکو دەبێت هەموان پێکەوە بۆ پڕۆژەیەکی نیشتیمانیی کاربکەن. ئێستا ئەو دەرفەتە دروستبوە، دەکرێت قادری حاجی عەلی، عوسمانی حاجی مەحمود، گۆڕانەکانی پێشو، لەگەڵ زۆر کەسایەتیی سەربەخۆی کوردستان لە ئیبڕاهیم خەلیلەوە تا حاجی ئۆمەران و باشماخ و خانەقین و کەرکوک، لە هەمو هێزەکان، بەتایبەت یەکگرتو و کۆمەڵ و نەوەی نوێ، پێکەوە کاربکەن بۆ دروستکردنی بەرەیەک تا لەگەڵ هێزەکانی بەغداد ئەو هاوپەیمانێتییە پێکبێنن. لە کاتی هەڵبژاردنەکانی عێڕاقدا لە ٢٠١٨، رای منیش وەک رای چەند بەڕێزێک ئەوە بو گۆڕان و هاوپەمانێتییەکەی بەرهەم ساڵح لەگەڵ حەیدەر ئەل-عەبادیی و سائیرون هاوپەیمانێتیی دروستبکەن، وەڵامی ئەوان بۆ من و بۆ زۆری دیش ئەوە بو کە دوای هەڵبژاردنەکان ئەو هاوپەیمانێتییە دەکەن. من ئەوکاتیش گوتم کە دوای هەڵبژاردنەکان پارتیی لە هەموتان باشتر دەتوانێت ئەو هاوپەیمانێتییە بکات، هەر واش بو. تەنانەت پارتیی بە شێوەیەک هاوپەیمانێتیی کرد کە بوە هۆی بەهێزکردنی میلیشیاکان لە بەغداد. هەرکەسێک بڕوای بە خوڕافییاتەکانی ناسیۆنالیزم و سونیزم و شیعیزم هەبێت، ناتوانێت لە چوارچێوەیەکی وا دا سیاسەت بکات؛ یان لە تەخوین دەترسن یان لە تەکفیر. هەر بۆیە، بەڵێ، کاتیەتی حیزبێکی نوێ تاقیبکرێتەوە و هەوڵی گۆڕانکاریی سیاسیی بدرێت، بەڵام لە عەقاڕیی سلێمانییەوەڕا، یان لە سەیداوای هەولێرەوەڕا نا، بەڵکو لە بەغدادی پایتەختی عێڕاقی فیدڕاڵەوە. کەسێکی سیاسیی، چالاکی سیاسیی و ریفۆرمیست و دیموکراتیخواز، ئەگەر عەقڵییەتیی سیاسیی هێشتاش لە چوارچێوەی عەقاڕیی سلێمانیی و سەیداوای هەولێر ، یان لەناو چوار دیواری مزگەوتێکی سەلەفیی یان ئیخوانیی، قەتیس مابێت، ناتوانێت ئەوە قبوڵبکات لە بەغداد و لەگەڵ کەسایەتیی سونە و شیعە و کۆمیونیست، ببێتە بەشێک لە هاوپەیمانێتییەک کە سنورێک بۆ مافیاکانی نەوت و قەومییەت و مەزهەبگەرایی دابنێت.
+ شێرزاد شێخانی ماوەیەکە سەرکردایەتی یەکێتی رۆژانە فشارێکی زۆر ئەخەنە سەر سەرکردایەتی پارتی لەبارەی کێشەی کەرکوکەوە . زۆرجاریش فشارەکان ئەگەنە ئاستی هەڕەشە لەکابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێم و، بەشێک لەسەرکردەکانی یەکێتی بەراشکاوی باس لەهەندێ بژاردە دەکەن لەحاڵەتی بەدەنگەوە نەهاتنی پارتی بۆ داواکارییەکانیان .. جارێ پێش هەمو شتێک کێشەی دانانی پارێزگارێک بۆ کەرکوک ، کێشەیەکی ئەوەندە گەورە نیە ئاییندەو چارەنووسی هەموو هەرێمی کوردستان بخاتە مەترسییەوە ، چونکە نزیکەی دوو ساڵە کەرکوک بێ پارێزگارێکی کوردە ، جگە لەوەش ماوەیەکی زۆریش نەماوە بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاکان ، بە واتایەکی روونتر ئەم کێشەیە دوای ماوەیەکی کەم خۆی لەخۆیدا چارەسەر ئەبێ بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنێکی تازەو دانانی پارێزگارێک لەلایەن ئەو ئەنجومەنەوە . لەلایەکی تریشەوە لیستی کوردی لەئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەچەند لایەنێک پێکهاتوە ، لانیکەم هەر لایەنێک مافی ئەوەی هەیە بەشدار بێت لەهەڵبژاردنی ناوێک بۆ ئەو ماوە کورتەی لەبەردەم پارێزگار دایە ، بەواتایەکی تر ئەبێ سازانێکی گشتی هەبێت لەنێوان لایەنەکانی لیستە کوردیەکە لەمبارەیەوە . بەشێک لەسەرکردایەتی یەکێتی کە هەڕەشەی بایکۆتی پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانی لەکوردستاندا ئەکەن ، هەندێ بژاردە ئەخەنە بەردەم خەڵکەوە کە پێموایە هیچیان بژاردەی واقیعی نین ئەگەر مەحاڵیش نەبن . بەپێی زانیاریەکانی خۆم ، ئەو بژاردانە لەسێ تەوەردا خۆیان دەنوێنن ، ئەگەرچی تا ئێستاش بەراشکاوی ئەو بژاردانە ئاشکرا نەکراون ، بەڵام بەپێی زانیاریە دزەپێکراوەکان بەشێکیان باسیان لێوە ئەکرێت لەناو سەرکردایەتی یەکێتیدا . بژاردەی یەکەم : بایکۆتی بەشداریکردنی یەکێتییە لەکابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم بەسەرکردایەتی پارتی و گەڕانەوە بۆ بەغدا . بەپێی ئەم بژاردەیە یەکێتی ناچێتە ناو حکومەتی داهاتووی هەرێم و هەوڵئەدات مووچەی فەرمانبەرانی زۆنەکەی خۆی بخاتەوە سەر بەغداو لەسەر ئەساسی پارێزگاکان مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکات . بەڵام ئەو بژاردەیە ناواقیعیەکەی لەوەدایە کەوا بەغدا ئەگەر بشتوانێ مووچەی فەرمانبەران بەپێێ پارێزگاکان بۆ زۆنی سەوز بنێرێ ، بەڵام ناتوانێ بودجەی ساڵانەی هەرێم بکاتە دوو کەرتەوەو بەشی زۆنەکەی یەکێتی پێبدات ، چونکە بەپێی یاسا بەغدا لەگەڵ هەرێم مامەڵە ئەکات، ئەمەش لەدەستوورو یاسای بودجەدا جێگیرکراوە ، کەواتە زۆنەکە لەرووی خزمەتگوزارییەوە ئەکەوێتە ناو قەیرانێکی قووڵی داراییەوە کە دانیشتوانەکەی بەرگەی ناگرن و ئامادەش نابن بەرگەی بێ بودجەییش بگرن . بژاردەی دووەم وەکو هەندێ لەسەرکردەکانی یەکێتی ئاماژەی پێئەدەن بێ ئەوەی بوێرن بەروونی بیخەنە بەردەم جەماوەرەکەیانەوە ، ئەویش بژاردەی راگرتنی هەناردەی نەوت و گازە لەناوچە جێنفوزەکانی خۆیەوە وەکو ئابڵوقەیەکی ئابووری بەسەر حکومەتی داهاتوی هەرێمەوە . تەنانەت هەندێکیان باس لەوەش دەکەن کە خۆیان هەوڵئەدەن نەوت بفرۆشن وداهاتەکەی بۆ زۆنەکەی خۆیان ببەن . ئەمەشیان دیسان بژاردەیەیکی سەخت و مەحاڵیشە . چونکە راگرتنی نەوت واتای برسیکردنی میللەت و بێبەشکردنی ملیۆنان مووچەخۆری ئەم هەرێمەیە لەبژێوی ژیانیان . لەلایەکی تریشەوە تورکیا وەکو هاوبەشێک لەپرۆسەی هەناردەی نەوتی هەرێم ، هەڵبەت بێدەنگ نابێت ئەگەر رێگە لەو داهاتانەی بگیرێت کە لەرێگەی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە دەستی ئەکەوێ ، بەتایبەتیش چەندین رێکەوتنی نەوتی لەگەڵ حکومەتەکانی پێشووتری هەرێمدا هەیە ، بۆیە مەحاڵە تورکیا بێدەنگ بێت لەم ئابلوقەی یەکێتی بەسەر نەوتەوە . لەلایەکی تریشەوە تەنانەت یەکێتی ناتوانی لەرێگەی تەنکەریشەوە نەوت هەناردەی ئێران بکات چونکە ئێستا ئابڵوقەی ئەمەریکا بەسەر ئێراندا سات لەدوای سات تووندتر ئەبێت ، ئەمریکا رێگا نادات نەوتی هەرێم لەرێگەی ئێرانەوە ساخبکرێتەوە ، یاخود مامەڵەی بازرگانی زۆنی سەوز لەگەڵ ئێرانی دوژمنیدا بگاتە ئاستێک زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا بگەیەنێت لەناوچەکەدا. بژاردەی سێیەمیان ، دوو ئیدارەییە . ئەو سەردەمەی کە دوو ئیدارەیی لەهەرێمدا دروست بوو ، هەلومەرجێکی ناوخۆیی وئیقلیمی و تەنانەت نێودەوڵەتیش هەبوو کە یارمەتیدەر بێت بۆ قبووڵکردنی دوو ئیدارەیی لەهەرێمی کوردستاندا، بەڵام سەرەنجام بینیمان ئەمەریکا بەهەموو سەنگی خۆیەوە هاتە ناو پرۆسەکەو هەردوو حزبی پارتی ویەکێتی ناچارکرد کەوا حکومەتەکەیان یەکبخەنەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەمریکا پێی خۆش نەبوە دوو ئیدارەی جیاواز هەبێت لەهەرێمدا ، جا ئەو کاتی هێشتا سامانی نەوتیش لەهەرێمدا دەرنەکەوتبوو ، دوژمنایەتی ئێرانیش لەئارادا نەبوو ، ئێستا ئەمریکا کە هەموو توانایەکی خۆی خستۆتەگەر بۆ دابینکردنی ئاسایشی باخچەکەی دواوەی ، واتا ئەو ناوچەیەی ئێستا لەعیراق و هەرێمیشدا وەکو ناوچەیەکی دۆستی خۆی تەماشای دەکات ، بخاتە حاڵەتێکی شێواوەوە کە کاریگەریەکی خراپی هەبێت بەسەر پلانەکانی لەناوچەکەدا .. جارێ لەلایەکەوە خەریکی پلانێکی گەورەیە دژی ئێران ، لەلایەکی تریشەوە مژوولی پلانێکی ئیقلیمی گەورەترە بۆ چارەسەری کێشەی ئیسرائیل و فەلەستینیەکان ، هەڵبەت رێگا نادات کێشەیەکی ئاوا گەورە لەناوچەکەدا قووت بێتەوەو پلانەکانی بخانە مەترسییەوە . بۆیە ئەم بژاردەی دوو ئیدارەییش سەر ناگرێ و بژاردەیەکی ناواقیعیانەیە لەم هەلومەرجە ئیقلیمی ودەوڵەتییەوە . سەرباری ئەم هەموو ئاستەنگەی دێنە پێشەوە لەمەسەلەی ململانێکانی یەکێتی لەگەڵ پارتیدا ، پێموایە هۆکاری تریش هەن کە رێگر بن لەبژاردەکانی یەکێتی ، پێش هەموشیان مامەڵەی ئێستای بەغدایە لەگەڵ دەسەڵاتی هەرێم کە خۆی لەپەیوەندی بەغدا بە سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی حکومەتەوە ئەبێنی کە دوو دامەزراوەی شەرعی هەرێمی کوردستانن و لەدەرەوەی ئەم دوو دەزگایە بەغدا ناتوانێ تاکلایەنە لەگەڵ هیچ حزبێکیتر مامەڵەی یاسایی بکات . بۆ چارەسەری کێشەی کەرکوک پێموایە ئەبێ یەکێتیش بایی خۆی نەرمی بنوێنێ لەبەرامبەر پارتیداو ئەو کێشەیە وا گەورە نەکات وەزعی هەرێمەکەمان بگاتە دۆخە مەترسیدارەکەی براکوژییەوە ، چونکە بەڕاستی کەرکوک ئەمرۆ بۆتە بۆمبە تەوقیتکراوەکەو هەمیشە مەترسیی تەقینەوەی هەیە، بۆیە رێکەوتن و سازان لەسەر کاندیدێکی بێلایەن تا هەڵبژاردنەکانی داهاتوی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک باشترین بژاردەیە ، با هەڵبژاردنی داهاتوو ئەو کێشەو ملمڵانێیەی پارتی و یەکێتی لەسەر کەرکوک حەسم بکات .. بۆ مەسەلەی بەشداری یەکێتی لەحکومەتی داهاتووی هەرێمیشدا، پێموایە حکومەتەکە بەبێ یەکێتیش دائەمەزرێت و پۆستەکانی یەکێتی بەبەتاڵی ئەمێننەوە وەکو ئەوەی بەغدا کە زیاتر لەساڵ و نیوێک چەندین پۆستی گرنگ بەهۆی ململانێی حزبەکان پڕ نەکرانەوە، ئەوەی هەرێمیش هەر ئەمەیان چارەسەرە ، کە دڵنیام لەکۆتاییشدا یەکێتی هەر ئەبێ بگەڕێتەوە بۆ ناو حکومەت ، کە ئەمەش تاکە بژاردەی سەرکەوتوانەی ئەبێت ..
+ د.بەختیار ئەمین بهپێی داتاكان، ژمارهی بهكارهێنهرانی ئینتهرنێت له جیهاندا نزیكبۆتهوه له ٤ بلیۆن بهكارهێنهر. له نێو ئهم ژمارهیهشدا ١٩ ملیۆنیان بهكارهێنهر له عێراقن و لهو ژمارهیهش پتر له ٢ ملیۆنیان له كوردستانن (سهرچاوهی ١ - ٢). خزمهتگوزاریهكانی ئینتهرنێت له كوردستاندا بهگشتی به دووشێوه دهگهیهنرێن به بهكارهێنهر، له ڕێگای مۆبایلی (٣-٤جهنهرهیش) یان فایبهر ئۆپتیكهوه به كهیبل. بهگشتی خراپ بهكارهێنانی ئینتهرنێت كێشهیهكی گلۆباڵه، له كوردستانیش خراپبهكارهێنانی تۆڕی ئینتهرنێت له نێو ئهو ٢ ملیۆن بهكارهێنهرهدا كه تهمهنیان دیار نیه پێویستی به توێژینهوهی وورد ههیه، بۆ ئهمهش دهكرێت سوود له تیزهكانی د.ڕودكین وهربگرین (له زانكۆی ساوپامتن) پسۆڕ له بورای ههڵسوكهوتی بهكارهێنهری ئینتهرنێته له نێوان تهمهنی ٣-١٨. هاوكات لهگهڵ بهرزبوونهوی ژمارهی بهكارهێنهری ئینتهرنێت له كوردستان و عێراقدا، تاوهكو ئهمڕۆ هیچ یاسایهكی تایبهت به تاوانی ئهلیكترۆنی، خراببهكارهێنانی ئینتهرنێت، یاسای ئاسایشی ئهلیكترۆنی بوونیان نیه. دیاره ژمارهی ئهو ماڵپهڕه نهشیاوانهی كه بهكارهێنهری عێراقی رۆژانه سهردانیان دهكات به بهراورد لهگهڵ ژمارهی گشتی بهكارهێنهری ئینتهرنێت ڕۆژانه له بهرزبوونهوهدان و ڕێژهكه مهترسیداره به بهراورد به ووڵاتانی دیكهی ناوچهكه. لهگهڵ ئهوهی كه حكومهتی ئهلیكترۆنی له عێراق بوونی نیه، سهرچاوهكان ئاماژه بهوه ئهكهن بهكارهێنانی ئینتهرنێت به گشتی بۆ بهسهر بردنی كات یان بۆ كاری دیكه بهكار بهكاردههێنرێت. بۆ زانینی ئهم ڕاستییه، پرۆگرام و سۆفتوێری زۆر زیرهك ههن كه دهتوانرێت له ماوهی كهمتر له دهقیقهیهك ناو و ژمارهی سهردانی زۆرترین پێگهی ئهلیكترۆنیمان بۆ دهستنیشان بكات. بۆ ڕێگرتن له خراپ بهركارهێنانی ئیتنتهرنیێت، پێویسته پهرلهمانی كوردستان و لایهنه پهیوهندی دارهكان (ڕێكخراوه ناحكومیهكان) به زوترین كات چهند یاسایهك دهربكهن كه خۆی ببینێتهوه له ( یاسای تهمهنی بهكارهێنانی ئینتهرنێت -Age of internet user ، یاسای دانانی فیلتهر یان بلۆككردنی سهرجهم ئهو پێگه ئهلیكترۆنیانهی كه ههڕهشهن له سهر ئاسایشی كۆمهڵایهتی كورد له كوردستان Cybersecurity Act ، یاسای هاككردن و خراپ بهكارهێنانی ئامێر و پرۆگرامهكان Computer Misuse Act، یاسای خراپ بهكارهێنانی زانیاری و داتای هاووڵاتی Data Protection Act بۆ یه دهكرێت لهگهڵ كۆمپانیاكانی خزمهتگوزاری ئینتهرنێت له كوردستان دهستبكرێت به دانای ، فیلتهر یان بلۆككردنی سهرجهم پێگه نهشیاوهكان تاوهكو ڕێگری بكهن لهو تاوانه مهترسیانهی كه لهكوردستان ڕوودهدهن. زۆربهری ئهو تاوانانهی كه ڕۆژانه ئهنجامدهدرێن له ڕێگای ئینتهرنێتهوه پلانی بۆ دادهنرێت یان بهرههمی خراپبهكارهێنانی تهكنهلۆجیا و ئینتهرنێته. پێویستیشه، له ڕێگای پرۆگرامهكانی خوێندنهوه مهترسیهكانی خراپبەكارهێنانی ئینتهرنێت و تهكنهلۆجیا بگهیهنرێت به فێرکار (به تایبهتی له نێوان تهمهنی ١٠-١٨ ساڵ). گرنگیشە كۆمپانیهكانی دابینكردنی خزمهتگوزاری ئینتهرنێت (كهژمارهیان ٢٥ كۆمپانیان له كوردستاندا) زانیاری پێشكهش به بهكارهێنهر بكهن (بۆ نمونه چۆن دایك و باوك بتوانێت كۆنترۆڵی ئهكسێسی ئینتهرنێت له نێو ماڵهكهیدا بكات، لهڕێگای (Parental Control)ی ئامێرهكهیهوه، چهندین زانیاری دیكه....). له كۆتایدا به بهراورد بهوه كه خزمهتگوزاریهكانی ئینتهرنێت زیانیان ههیه، بهڵام سوودیان زۆر زۆر زیاتره و بهیهكێك له ههره پێداویستیهكانی ئهم سهدهیهش ههژمار دهكرێت، بهنمونه ڕۆژانه پتر له ٣ بلیۆن ئیمهڵی ئهلیكترۆنی له ڕێگای ئینتهرنێتهوه ئاڵوگۆڕ دهكرێن له نێوان تۆڕهكانی ئینتهرنێتدا. بۆیه لهم بوارهدا سوودی یهكجار زۆری به بهكارهێنهران گهیاندووه. *پسپۆڕی تهكنهلۆجیای زانیاری له زانكۆی لیڤهرپوڵ-بهریتانیا. سهرچاوهكان؛ 1. https://en.wikipedia.org/…/List_of_countries_by_number_of_I… 2. https://www.internetworldstats.com/stats.htm 3. https://www.alexa.com/topsites/category/Top/Adult 4. https://wearesocial.com/…/digital-2019-global-internet-use-…
ئاراس مەسیفی ئەو دەنگانەی داوا دەکەن مەسعود بارزانی بکرێتە مەرجەع تا دێت زۆرتر و بەرزتر دەبن. یەکێک لەو خەسڵەتانەی پارتی لە حیزبەکانی تر جیا دەکاتەوە، جدییبون و شەرم نەکردنیەتی لەو شتانەی داوای دەکات. لەبەر ئەوە پێموانییە ئەم داوایانەی چەند کەسێکی دەرەوە و ناوەوەی پارتی بە رێکەوت بێت، بەڵکو ئامانجێکی بەرنامە بۆ دارێژراوە. داواکاری بە مەرجەع کردنی بارزانی لە کاتێکدایە کە هەردو پۆستی لوتکەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بە دەست ئەندامانی بنەماڵەکەیەتی و لوتکەی دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەریش بە هەمان شێوە بەدەست حزبەکەیەتی. مەسعود بارزانی بە شێوەیەکی فیعڵی مەرجەعی سیاسی هەر چوار دەسەڵاتە باڵاکەی هەرێمی کوردستانە. ئەوەی بۆ بارزانی داوا دەکرێت، دەسەڵاتی زیاتر نیە، بەڵکو بەدەزگایی کردن و رەوایەتی پێدان و بە فەرمیی ناساندنی ئەم دەسەڵاتەیەکە بارزانی بە کردار هەیەتی و پەیڕەوی دەکات. مەرجەع وەکو ناوەکە پێمان دەڵێت وشەیەکی عەرەبیە و لە روی زمانەوانیەوە چەند واتایەکی هەیە وەکو: سەرچاوە، گەڕانەوە، شوێنی گەڕانەوە، رەسەن، هتد. (المَرجِعُ: رجوع ، عودە، محلُّ الرجوع) نەبونی وشەیەکی وا بە کوردی مانای ئەوەیە کە مەرجەع لە کولتور و نەریتی کوردیدا بونی نەبوە، ئەگەرنا ناوێکی کوردیشی دەبو. کەواتە پارتیەکان ئەم بیرۆکەیان لە کوێ هێناوە و تێگەیشتنیان بۆ مەرجەع چییە؟ دیارترین نمونەی مەرجەع لە جیهانی عەرەبیدا نمونەی ئایتوللە علی السیستانیە، مەرجەعی باڵای شیعەکان لە نەجەف. هەندێ کەسیش پێیان وایە کە زانکۆی ئەزهەریش بە هۆی پلە و پایە ئاینیی و زانستیەکەیەوە لە ناوەرۆکدا دەچێتە چوارچێوەی مەرجەعیەت (المرجعیە)، بە تایبەتی بۆ موسلمانانی سونە. بونی مەرجەع بەبێ هەبونی دەزگای مەرجەعیەت (المرجعیە) ناتەواوە. لای شیعەکان واباوە کە المرجعیە المَرجِعُ دیاری دەکات. هەروەها مەرجەعیەت پێوەر و میکانیزمی تایبەت بە شارەزایی و لیهاتویی بۆ دەستینشانکردن و پەسەندکردنی مەرجەع دادەرێژێت وهەرەوها ئەرک و دەسەڵاتەکانیشی دیاری دەکات. پارتی بۆ ئەم مەبەستە دەزگای بارەگای بارزانی داهێناوە. بەڵام بە پێچەوانەی مەرجەعیەتی شیعە کە لەروی رەوایەتی و شارەزایی زانستی و ئاینی هیچ گرفتێکیان نیە، بارەگای بارزانی کێشەی شەرعیەت و پسپۆری هەیە. واتە بارەگای بارزانی داهێنراوێکی تازەیە و زۆربەی خەلکی هەر گوێشیان لێی نەبوە. نە لە روی نەریت نە لەروی یاساییەوە هیچ شەرعیەتێکی جەماوەریی نیە. جگە لەوەش دەزگای بارزانی هیچ پسپۆری و شارەزایەکی لەسەر بوارێکی تایبەت وەکو ئاین، یاسا هتد نیە، بەڵکو دەزگایەکی سیاسی گشتییە. لێرەدا هیچ لێکچوییەک لە روی شێواز و ناوەرۆکدا لە نێوان ئەم دو نمونەیەدا بەدی ناکرێت، تەنها ناوەکە نەبێت. کەواتە لێرەدا پرسیارێک دروست دەبێت کە بۆچی ناوێکی عەرەبی بۆ پۆستێکی کوردی هەڵدەبژێردرێت کە خۆی لە جیهانی عەرەبی چەند نمونەیەکی کەمی هەیە و هیچیان ئەو مانایە نادەن، کە پارتی و بارزانی ئامانج و مەرام و مەبەستیانە؟ بۆ وڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەبێت بگەرێنەوە بۆ واتاکانی وشەی مەرجەع لە زمانی عەرەبیدا. وشەی مەرجەع لە زمانی عەرەبی وەکو لەسەرەوە باسکراوە لە یەککاتدا بە مانای سەرچاوە، گەڕانەوە یاخود شوێنی گەڕانەوە دێت. لە کوردیدا هیچ زاراوەیەک نیە کە لەیەککاتدا هەرسێ واتاکە کۆبکاتەوە. کەواتە مەرجەعی گشتی بەو واتایە دێت کە مەسعود بارزانی بکرێتە سەرچاوەی هەمو دەسەڵات و بڕیارە گرنگەکان، وەهەروەها هەمو پرسە گشتیەکانیش دەبێت بگەڕێندرێنەوە بۆ لای ئەو. لە سیستەمەکانی دنیای ئێستادا جگە لە پاشا و سەرۆک و رابەری سیستەمە رەهاکان، هیچ کەسێک ئەو پلە و پایەی نیە. ئەوی بارزانی داوای دەکات لە ناوەرۆکدا پاشایی بونە نەک تەنها مەرجەع بون بۆ پرسێک یاخۆد بوارێکی تایبەتی دیاریکراو وەکو لای شیعەکان باوە. هۆی ئەوەی کە پارتی لە بڕی زاراوەکانی پاشا، رابەر یان سەرۆک زاراوی مەرجەع بەکاردەهێنێت لەلایەک بەربەستی دەستوری عێراقیە کە سیستەمەکەی کۆماریە و رێگا بە بونی ئەم دەزگایانە نادات. لەلایەکی ترەوە نەخوازراوی زاراوەکانی پاشای یان رابەرە لەلایەن هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و وەک ئاشکراشە کۆتایی هاتنی ماوەی یاسایی سەرۆکایەتی مەسعود بارزانیە. بونی مەرجەعیەتی شیعەکان لە دەرەوە و لە سەرو دەستور و یاسی عێراقیدا وا دەکات پارتی سود لە زاراوەی مەرجەع بە ناوەرۆکێکی سەرۆکایەتی یان پاشایەتەی رەها بۆ مەسعود بارزانی ببینێت، بێ ئەوەی هیچ گرفت و کێشەیەکی یاسایی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دروستبکات. دەکرێت ئەمەش لە روانگەی لاینەگر و هەوادارانی پارتی رەوایەتی خۆی هەبێت، بەڵام ئایا مەسعود بارزانی مەرج و خەسڵەتەکانی مەرجەع بون بە ناوەرۆکی پاشایەتی یان سەرۆکایەتی رەهای تێدایە؟ لێرەدا پێویست ناکات زۆر دور بڕوێن یاخود بگەرێینەوە بۆ مێژوی وڵاتان. ئەگەر سەیرێکی دراوسێکانمان بکەین کە بەهۆی هاوبەشی ئاینیی و میێژویی کولتور و سروشتی کۆمەلگەکانیان لە ئێمە نزیکترە، ئەوە دو نمونەی مەرجەعی گشتیی هەن، کە ئەوانیش عەلی خامەنائی لە ئێران و شا سەلمانی سعودیەن. لێکچویی رابەر خامەنائی و پاشا سەلمان لەوەدایە کە هەردوکیان لە سیستەمی وڵاتەکانیان لە سەرو هەمو دەزگا و دەسەڵاتەکانن، سەرچاوەی دەسەڵات و بریاری کۆتایی هەمو پرسەکانیش هەر لای ئەوانە. پارتی و بارزانی نەیانشاردۆتەوە کە ویست و خەونی دەسەلاتداری رەهایان بۆ بارزانی هەیە، جا ئەمە لە ژێر ناوی مەرجەع، پاشا، رابەر یان سەرۆک بێت، هیچ جیاوازیەکی نیە. کاتێک بارزانی و هەوادارانی بە ئاشکرا کار بۆ ئەمە دەکەن، ئەوە بێگومان لەو بێسەروبەریە سیاسیە دەرکیان بە دەرفەتێک کردوە بۆ کردنی بارزانی بە مەرجەعی گشتی کوردستان. لێرەدا دەبێت بەدوای وڵامی ئەم پرسیارە بگەرێین کە ئایە مەسعود بارزانی مەرجەکانی بە مەرجەع بونی تێدایە؟ دو مەرجی سەرەکی بە مەرجع بونی رەها، دەسەڵات و رەوایی (شەرعیەتی) رەهان کە ئەوانیش زۆرجار تەواوکەر یان دروستکەری یەکترن. بۆ نمونە ئەندامبونی شا سەڵمان لە خێزانی پاشا، رەوایەتی ئەوەی پێدەدات دەسەڵاتی رەهای هەمو ولات بگریتە دەست، دوای کۆچی دوایی پاشا. بەڵام یەکێکی وەکو خامەنائی وەکو بەشداربویەک و جێگرەوەی ئایتوللە خومەینی رەوایەتی لە سەرکەوتنی شۆرشی ئێران وەرگرتوە. سەرکەوتن لێرە بە مانای چەسپاندنی رەهای دەسەڵات دێت. بارزانی لێرەدە هیچیانی بە رەهایی نیە، نە مەلا مەستەفا پاشا بوە، نە شۆرشەکەی بارزانی بەو شێوەیە سەرکەوتو بوە کە بتوانێت دەسەڵاتی رەهای بەسەر هەمو هەرێمی کوردستان بسەپێنێت و رەوایی لێوەرگرێت. کەواتە بونی بارزانی بە مەرجەع بەستراوەتەوە بەوەی کە بارزانی و پارتی تا چەند دەتوانن کێشەی نەبونی دەسەڵاتی رەها و رەوایەتی رەها چارەسەربکەن. راستیەکی ئاشکرایە کە دەسەڵات و شەرعیەتی بارزانی لە ژێر هەرناوێک بێت، سنورەکانی زۆنی زەردی پارتی تێپەرناکات. لە ئێستادا بارزانی ناتوانێت بە زەبری هێز دەسەڵاتی خۆی بەسەر ناوچەکانی دەرەوەی ژێر دەسەڵاتی پارتی بسەپێنێت. ئەوەش پارتی مەحکوم دەکات بە سازش و سازانی سیاسی، بۆ ئەوەی رەوایەتی بۆ پۆستە تازەکەی بارزانی دەستەبەر بکەن. ئایا بارزانی و پارتی ئامادەیی سازان و سازشییان تێدایە؟ئاوردانەوەیەک بۆ دواوە پێچەوانەکەی دەسەلمێنێت. بارزانی لە کاتی بونی بە سەرۆکی هەرێم و لە دوای کۆچی دوایی مام جەلال دەرفەتێکی زێرینی بۆ رەخسا کە بە کردار ببێتە مەرجەعی سیاسی هێز و لاینە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان. بە لایەنی کەم لە دو خولی یەکەمی سەرۆکایەتیدا بارزانی هیچ کێشەیەکی رەوایەتی (شەرعیەتی) نەبو. لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان وەکو کەسی یەکەمی هەرێمی کوردستان دانپێنراو بو. بەڵام ئەزمونی سەرۆکایەتی بارزانی ئەوەمان پێ دەلێت، کە بارزانی بەهەر هۆیەک بێت نەک نەیتوانی ببێتە سەرۆکی هەمو هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، بەلکو پۆستەکەی بوە هۆی گەورترین دابڕان و لێکترازانی ناو ماڵی کورد. دوای تەواو بونی ماوەی یاسایی سەرۆکایەتی، پارتی و بارزانی بۆ درێژکردنەوەی رەوایەتی بارزانی هیچ ئامادەییەکیان بۆ سازان و شازشی سیاسی لەگەڵ رکابەرەکانیان پیشان نەدا، بەلکو پەرلەمانیان داخست و رکابەرەکانیان لە زۆنی زەرد وەدەرنا. دەتوانین بپرسین لەو کاتەوە چی وا گۆڕاوە کە وا لە بارزانی بکات بەو گوڕ و تین و بروابەخۆبونەوە گرەوی سەرکەوتنی پرۆژەکەی لەسەر بکات؟ بەدەست هێنانی زۆرینەی کورسیەکانی پەرلەمانی کوردستان و خۆبەدەستەوەدانی بزوتنەوەی گۆران بێگومان گۆرانکارێکی گەورەیە لە هاوسەنگی هێز لە هەرێمی کوردستاندا بە قازانجی پارتی. لە ئێستادا پارتی ئەگەر یەکێتیشی پێ رازینەکرێت، ئەوا دەتوانێت بە هاوکاری گۆڕان و هێزە هاوپەیمانەکانی تر لە رێگەی پەرلەمانی کورستان رەوایەتی بۆ بارەگای بارزانی و بە مەرجەع کردنی مەسعود بارزانی دەستەبەر بکات، بەڵام بەبێ ئەوەی بتوانێت دەسەڵاتی خۆی لە ناوچەکانی دەرەوەی ژێر دەسەڵاتی پارتی پەیڕەو بکات، چونکە دەسەڵاتی راستەقینەی زۆربەی ناوچەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی پارتی لای یەکێتیە. لە ناو یەکێتیش هێزەکانی دژە بارزانی دەسەڵات و هەژمونیان رۆژ لە دوای رۆژ لە زیادبوندایە. لە روی جەماوەریشەوە هێنانی 45 کورسی مانای رازیبونی 45٪ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان نیە بە بارزانی و پارتی، بەڵکو تەنها 45٪ ی 60٪ بەشداربوانی دەنگدانە، ئەگەر باسی تەزویریش نەکەین. ئەگەر رەچاوی رێژەی بەشدارنەبوان بکەین کە دەکاتە نزیکەی 40٪ ی کۆی دەنگدەران، ئەوا 45 کورسیەکەی پارتی تەنها گوزارەشت لە رەزامەندی 27٪ ی کۆی هاولاتیانی هەرێم کوردستان دەکات ک مافی دەنگدانیان هەبوە. بەم پێیە 73٪ هاوڵاتیانی هەرێم دەنگیان بە پارتی نەداوە. لە کۆتاییدا سەرکەوتنی تەواوەتی پرۆژەکەی پارتی بەندە بەوەی بارزانی تا چەند ئامادەیە لە سەر حیسابی بەرژەوندیەکانی ئەندامانی بنەماڵەکەی و پارتی رێکەوتن لەگەڵ هێزەکانی رکابەری پارتی ناوەوە و دەرەوەی یەکێتی بکات و دەسەڵاتیان لەگەڵ دابەش بکات؟ ئەگەر بارزانی وەکو رابردو زۆر بۆ پارتی داوا بکات، کەم بداتە ئەوانی تر، چۆن دەتوانێت ببێتە نوێنەری بەرژەوەندی لایەنگر و ئەندامانی حیزبەکانی دەرەوەی پارتی؟ ئایا بارزانی توانا و ئامادەی ئەوەی تێدایە، خۆی لە تۆڕی بەرژەوەندی ئەندامانی خێزانەکەی و پارتی رزگار بکات و ببێتە نوێنەری بەرژوەندیەکانی زۆرینەی هاوڵاتیان و هێزەکانی هەرێمی کوردستان؟ مشتومر و ناوکۆکیەکانی نێوان پارتی و یەکێتی سەبارەت بە زۆربەی بابەتەکان تا ئێستا پێچەوانەکەیمان پێ دەڵێن. بەمەش نەک تەنها پرسی مەرجەع بونی بارزانی، بەڵکو تەواوی پرۆسەی سیاسی کەوتۆتە دوریانێک کە تیایدا ئاسان نیە پێشبینیەکی دروست بۆ ئەگەرەکان بکرێت.
+ رزوان یاڵانپێی لە نەبونی جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفادا فەراغێکی سیاسی دروست بوە و زەمینەیەکی باشی ڕەخساندوە بۆ بارزانی کە لە بەرگی حکومەتدا ڕێبەری ئەو میرنشینە کوردیە بکات. بە سەرنجدان لەو کابینەیەی لە چەند ڕۆژانی داهاتودا تەشکیل دەبێت و پێک دێت،بۆ خۆی وەڵامێکی ڕاستەقینەو ئەرێنیە کە میرنشینێکی دیکەی بارزانی دێتە ساحەی سیاسیەوە، هەرچەندە میرنشینەکە تا ڕادەیەک لە بواری کۆمەڵایەتی و ئابوریدا بەهێزە، بەڵام میرنشینێکی دواکەوتو دەبێت لە ڕەهەندی سیاسی و پەیوەندیەکاندا. پێکهێنانی میرنشین: دامەزراندنی هەر میرنشینێک لە مێژودا پەیوەستە بە کۆمەڵێک تایبەتمەندی و خەسڵەتەوە وەک بونی سەرۆک هۆز، گوێڕایەڵی تاک بۆ میر، بنەمای هۆزایەتی، ناوچەگەری و عەشیرەتگرەی، ئەمانەو چەندین بنەمای دیکە لە خەسڵەتەکانی دامەزراندنی میرنشینی کوردی بون لە رابردودا و ئێستاش حکومەتی کوردی بیری قۆناغی میرنشین دەکەن ئەوەتا: یەکەم/ مەرجەعی سەرەکی پارتی دیموکراتی کوردستان و مارکێتە سیاسیەکان مەسعود بارزانیە. دوەم/ سەرۆکی هۆز و عەشیرەتگەریەکە نێچیرڤان بارزانیە. سێیەم/ گواستنەوەی دەسەڵات لای میرەکان پشتاو پشت بوە و ئێستا دابەزیوەتە سەر نەوەیەکی دیەکەیان ئەویش مەسرور بارزانیە. چوارەم/ کۆنتڕۆڵ کردنی پەرلەمان و سەرجەم جومگەکانی حکومەت لەلایەن میرو و دارو دەستەکەیەوە ئاماژەیەکی ترسناک و داهاتویەکی تارماوی و ترسناک چاوەڕێی ئەم میرنشینە دەکات. پێنجەم/ لە زۆربەی میرنشینە کوردیەکاندا سیستمی کارگێڕی پیادەکراوە وەک میر و سوپا و دادوەرو و سیستمی سەربازی و سوپای ناڕێکخراو، لەم میرنشینە کوردیەدا هێمن هەورامی وەک کاتب ( نوسەر )ی میرو داروستە نانیزامیەکە دەردەکەوێت. داهاتوی میرنشین: بە سەرنجدان لە خوێندنەوەی بارودۆخی حەقیقەت و واقعیەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەند و بەتایبەتتر بارودۆخی سیاسی وڵاتانی هاوسێ و نزیک، ناسەقامگیریەکی زۆر بەرۆکی ئەم میرنشینە کوردیە دەگرێت، بەوەی کە سوپایەکی ناڕێکخراو و کێشمەکێشمی ناوخۆیی و دیارنەمانی سامان و نەخوێندنەوەی ئایندەو، دواکەوتویی لە سیاسەت و لاوازی ئەدای میرەکان و سیاسیەکان و ترسناکتر لە هەموی لاوازی و سستی ئاستی پەیوەندیەکانە لە گەڵ هێزەکانی ناوخۆ، ئێقلیمی و نێونەتەوەیی.
هەندرێن شێخ راغب دیمەنی یەكەم: مرۆڤو جەنگ ئەسكەندەری گەورە ساڵو زەمانێكی زۆر لە داریوشی سێیەم دووربوو، تەنها تیرو كەوانو ڕمیان پێ بوو، كەچی كاروان بە كاروان بە جیهاندا هاتو داریوشی لەناوبرد.؟ ئایا جەنگیز خان بیانووی ئەوەندە گەورە بوو كە هات خوارزمی گرتو تەختی كرد.؟ جەنگی جیهانی یەكەم عوسمانیەكان چیان كردبوو تەختو تاراجیان هەڵتەكاند.؟ تەتەرو مەغۆلەكان لەوسەری دنیاوە هاتنو عەباسیەكانیان تەفرو تونا كرد، عەباسیەكان چیان كردبوو؟.. ئیدی چیرۆكی جەنگ لەدوای جەنگی مرۆڤ بەردەوامە تاوەكو ئێستا. وەختێك تیرو كەوان هەبوو وڵات بە وڵات شەڕ بوو. ئەدی ئێستا كە چەكی كیشوەر بڕو لێزەر هەیە دەبێت مرۆڤ چی بكات؟ ئەمەش دەرخەری ئەوەیە كە جەنگی ئەمریكاو ئێران شتێكە زۆر ئاسانە روو بداتو ناشێ هێندە ئەملاوئەولای بابەتەكە بگرین. تا مرۆڤ هەبێت جەنگیش دەمێنێت. دیمەنی دووەم: لەعێراقدا دەموچاوی دەوڵەتی عێراق، دەموچاوێكی ئێرانیە، حوكمی ئەم دەوڵەتە شیعەگەراییەو بەغدا مەیلی تەواوی بەلای ئێران دایە، ئەمەش زۆر ورد لای ئەمریكیەكان روونەو باشترین دیاردەی ئەم پرسەش حەشدی شەعبیە كەبەئاشكرا لولەی تفەنگ دەكەنە سنگی ئەمریكیەكان. ئەمریكیەكانیش نایشارنەوە كە حوكمی شیعە لە عێراق زۆر شكست خواردووەو گەل برسیەو بێ خزمەتگوزاریەو گەندەڵی زۆرەو دیموكراسی نیەو ئەم دەوڵەتە نیە كە بەدڵی ئەوان بێت(مەبەست دەوڵەتدارییە). بۆیە سیناریۆ هەیە كە یەكێك لە سیناریۆ زۆر بەرجەستەكان ئەوەیە دوای نەمانی ئێران سونەكان دەگەڕێنەوە بۆ بەغداو حوكم دەكەن، سونەكانیش دوو باڵن، باڵی داعشو باڵی بەعسیەكان، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داعشیان قبوڵ نیە، بۆیە بەعسیە سونەكان دەگەڕێنەوە. ئەمە یەكێك دەبێت لە دەرهاویشتەكانی جەنگی ئەمریكاو ئێران. كەواتە ئێمەی كورد تا چەند بۆ ئەم گۆڕانكاریانە ئامادەینو پلانی چۆنمان داڕشتووە؟. دیمەنی سێیەم: بەسەرچووە جۆری دەوڵەتداریو جۆری سیاسەتی دەرەوەو كاركردنی سیستەمی ئێران، بۆ ئەم سەردەمە كۆتایی هاتووە، ئێستا جەنگی ئایدۆلۆژیاو رابوونی فكری ئاینیو مەزهەبیو تایەفەگەری نیە، تاوەكو شای ئێرانی پێ بڕوخێنیت. ئێستا سەردەمی پارەو سەرمایەداریو خۆشگوزەرانیو روبەرووبونەوەی گەندەڵیە. شۆڕشی ئایدۆلۆژیو مەزهەبی بەرەو لێژبونەوەیەكی بەردەوامە، پێویستە ئێران سەیری دەوروبەری خۆی بكات، پێویستە ئەوە بزانێت چی دیكە خیتابی جیهادی سكی خەڵك تێر ناكات. ئێران دەتوانێت گەمەی ئیقلیمی بكات، بەڵام ناتوانێت گەمەی نێودەوڵەتی بكات. بۆیە بۆ ئێران باشترە روبەروی ئەمریكا نەبێتەوە. دیمەنی چوارەم: وانەی ئەستەمبوڵ هەڵبژاردنی شارەوانیەكانی توركیا وانەیەكی تازەیە بۆ ئەم ناوچەیە، بەتایبەت ئەزمونی شارەوانی ئەستەمبوڵ، لەوێ دروشمی كارو خۆشگوزەرانیو روبەروبونەوەی گەندەڵیو ناعەدالەتی، جێگای بە دروشمی قەومیو ئاینی توند چۆڵ كرد. ئەردۆغانێك دۆڕاندی كە زۆر توند خاوەنی گوتارێكی ئاینیو قەومی ناوخۆیی توركیایە. بەڵام خەڵك جەهەپەی عەلمانی هەڵبژارد، نەك لەبەر عەلمانیەت، لەبەرئەوەی گوتاری ئەوان رووی لە بژێوی خەڵكو ژیانی رۆژانەی هاوڵاتیانە. بۆیە ئێران دەبێت ئەمە وەك نمونەیەك تەماشا بكاتو لەم گۆشەنیگایەوە سەیری گۆڕانكاریەكانی ناوچەكە بكات، دەوڵەتی ئێران بە برسی كردنو هەڵوەشانەوەی گوزەرانی خێزانەكان مقاوەمەتی مانەوەی لەدەست دەدات. دیمەنی پێنجەم: گەورەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر زۆر گرنگە، سەیری نەخشەی جیۆپۆلەتیكو جوگرافیای بكەن، جیهان زۆر پێویستی بە ووزەو كەرەسەی خاوو، ئاو، رێرەوی وشكانی، بازاڕ، مەسەلەی ئاین..هتد، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە بۆ نمونە ئیسرائیل. بۆیە نابێت كەس گەورەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێتو سەركێشی بكاتو خاوەنی دەسەڵاتی تایبەت بەخۆی بێت، بۆیە دەوڵەتی توركیاو ئێرانو سعودیە دەبێت بچوك بكرێنەوە. لەم گۆشە نیگا ستراتیژیە كورد زۆر قازانج دەكات، چونكە هەرچەندەی دەوڵەتێكی داگیركەری كوردستان بچوك بكرێتەوە، بۆ هێزی پرسی كورد گرنگە. دیمەنی شەشەم: سەیركردنی كورد كورد نابێت لە شەڕی ئەمریكاو ئیران بترسێ، گۆڕانكاری لەئێران زۆر گرنگە، باشوری كوردستان لەبری ئەوەی دراوسێی ئێران بێت، ئەوا دەبێتە دراوسێی كیانی تازەی خۆ رێبەری كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان، ئەمریكا دەرفەت دەدات بە نەیارانی رژێمی ئیسلامی ئێران، دۆخی ئابوری ئێران دەگۆڕێت، گەمارۆكان نامێنن، دەوڵەتێك دروست دەبێت كە دەستورێكی بەرەزامەندی ئەمریكیو ئیسرائیلیو ئەوروپی دەبێت، ئەمەش لەبەرژەوەندی كوردە، چونكە ئەگەر كورد باش خۆی ئامادە بكات، ئەوا لەداهاتووی ئێران رۆڵی خۆی دەبێت، وەك چۆن ئێستا سەرۆك كۆماری عێراق پشكی كوردە، بەڵام ئایا تا چەند كورد سودی لێ وەرگرتووە، ئەوا بابەتێكی كوردی-كوردیەو پرسێكە بە رووی خۆماندا. دەمانگوت شەڕ لە عێراق رووبدات دنیا وێران دەبێت بەڵام ئەنجامەكەی ئەوەبوو كورد بویە سەرۆك كۆمار. راستە شەڕی عێراق شەڕی دەوڵەت بوو، بەڵام شەڕی ئێران ئیقلیمیەو پریشكی هەیە، گۆڕانكاری نیە لەناوەوەی ئێران، بەڵكو لە چوار دەوری ئێران گۆڕانكاری دەبێت. دیمەنی حەوتەم: دەرفەتی دیكە ئێران لە چوارگۆشەیەكی تەسكدا گیر بووە، بەڵام هیوای رزگاربوونی لەدەست نەداوە، ساڵی داهاتوو ئەگەر لەهەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ بدۆڕێتو دیموكراتەكان بێنەوە سەرۆكایەتی، مانای زیندووبونەوەی ئێرانو گەڕانەوەی ژیانە بۆ دەوڵەتی ئێران، چونكە دیموكراتەكان پابەندی رێككەوتننامەی ئەتۆمین وەكو خۆی. دەرفەتی دیكە ئەوەیە ئێران لە رێگای ئەوروپیەكان تەنازولی پێویست بخەنەروو، ئێستا ئەوروپیەكان سیاسەتێكی هاوسەنگ لەنێوان هەردوولا دەگێڕن، بەڵام ئێران نابێت بیری بچێت، ئەوروپیەكان لەخاڵی كۆتایی لەنێوان ئەمریكاو ئێران لایەنگیری ئەمریكانو هەرگیز بۆ ئێران دەستبەرداری ئەمریكا نابن. بۆیە تاوەكو هەڵوێستی ئەوروپیەكان وایە گرنگە ئێران باش سود لەم دەرفەتە وەربگرێتو خۆی دەرباز بكات.
+ مەریوان وریا قانع (دوا بەش) وەک لەبەشی پێشوودا وتم لە پەنجە ساڵی ڕابردوودا نیقابپۆشی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەیوەندییەکی بەھێزی بە بڵاوبوونەوەی فیکری وەھابییەوە ھەبووە. بڵاوبوونەوەی ئەم فۆرمە لە سەلەفیەتی دینیی، کە دۆلاری نەوتی سعودیی و خەلیجیی و ململانێ سیاسییەکانی سەردەمی جەنگی سارد بە جیھاندا بڵاویکردەوە، بوو بە دیاردەیەکی جیھانیی. ئەم وادەکات خانمێک لە پاریس و یەکێک لە کۆپنھاگن و یەکێک لە کەنەدان و یەکێکیش لە کەلار ھەمان نیقاب لەسەربکەن و بە ھەمان شێوازی وەھابییانە خۆیان بپۆشن. وەھابیزم یەکێکە لە داخراوترین و کۆنەپارێزترین فۆرمەکانی سەلەفیەتی دینییە کە ئیشکردنی لەناو ژیانی ڕۆژانەدا لەناو ئەزموونی تاڵەبان و داعش و ئەلقاعیدە و ھاوشێوەکانیدا بینی. وەک ووتم لەم ئەزموونەدا نیقابپۆشی تەنھا ھێما بۆ دیندارییەکی سادە ناکات، بەڵکو ھەم رەمزە بۆ گروپێکی دینیی تایبەت و ھەم بۆ ئایدیۆلۆژیایەکی دینیی، ھەم جۆرێکیشە لە ئەکتیڤیزمی سیاسیی. لە دۆخی گەیشتن بە دەسەڵاتدا ئەو تێگەیشتنەی ئەم گروپە بۆ دنینیان ھەیە بەسەر ھەموواندا دەسەپێنن، زۆرجاریش لەڕێگای پەنابردنێکی گەورە و بەردەوامەوە بۆ توندوتیژیی. لە دۆخەکانی دیکەدا خەریکی بە وەھابیی و بەسەلەفییکردنی فۆرمە جیاوازەکانی ئیسلامیی میلیی و ئیسلامی خەڵکن. کێشەی ژمارە یەکی ئەم پرۆسەی بەوەھابیکردنەی دینیی میلیی لەوەدایە کە ئەو ئاینە میلییە دەگۆڕن بۆ ئایدیۆلۆژیایەکی دینیی تەواو داخراو و نەفیکەر بۆ ھەموو ئەو دیندارانەی لەخۆیان ناچن. وەھابیزم دینیی ڕۆژانەی خەڵک و دینیی میلی لە فۆرمی دینێکی تەواو توندڕەو و داخراودا سەرلەنوێ دادەڕێژێتەوە. بەمەش فۆرمە جیاوازەکانی ئەو دینە میلییە داخراوتر دەکەن، بێناوەرۆکتری دەکەن، تەواو ناڕۆحانیی دەکەن، پڕ لە ترس و بیمێکی گەورەی دەکەن، لەباتی ئامرازێک بۆ پەیوەندییکردن و پێکەوەبوون و ھاریکا ریی کۆمەڵایەتیی، دەیگۆڕن بۆ پرۆژەیەکی گەورەی ناکۆکیی دروستکردن و بەرھەمھێنانی ڕقیی دینیی بەرامبەر بە ھەر کەسێک لەخۆیان نەچێت. ئەمە جگە لە نەفیکردنێکی ھەمەلایەن و سەرتاسەریی ھەموو فۆرمەکانی نادین، تا ڕادەی تەکفیرکردن و لە مرۆڤخستنی ھەڵگەرەکانیان. لەم ڕووەوە خوێنەر دەتوانێت سەیری ئەو دەستەواژانە بکات کە عەبدولەتیفی سەلەفی لەو گرتە ڤیدیۆیەدا بەکاریاندەھێنێت کە لینکەکەی لە کۆتایی ئەم نووسیەندا دانراوە. عەبدولەتیف وەک ئەم سەلەفییەکی وەھابی ئافرەتی نیقاب بەسەر وەک ئافرەتێکی ”شکۆمەند“ و ”بەئەخلاق“ و ”بەڕەوشت“ ”کە خوا خۆشی ئەوێت و ڕێزی ئەگەرێت“ نمایشدەکات و ئەوانەیتر کە نیقاب بەسەر نین وەک سافیرە، بەرەڵا، بەدڕەوشت ناودەبات. پیاوانی ناسەلەفیی و ناوەھابیش وەک موجریم و کافر و مونافیق، وەک مرۆڤی بچووک و کەم، ناودەبات. ئەوەی ڕێگرە لە تەرجەمەکردنی ئەم بڕە گەورە و ھەمەلایەنە لە ”توندوتیژییە رەمزیی“ ناو ئەم زمانە سەلەفییە بۆ واقیع، بڕ و ڕادەی دەسەڵاتی ئەم گروپەیە. نیقاب و کێشەی پەیوەندیی پەیوەندیکردن لەگەڵ دونیای دەرەوەدا و لەناو ئەو ژینگەیەدا کە مرۆڤی تێدادەژی تەنھا لە ڕێگای ووشەوە نییە، زمان تەنھا یەکێک لە ئامرازەکانی پەیوەندیکردن و تەعبیرکردنە. ڕوخساری مرۆڤ ئامرازێکی گرنگیی تەعبیرکردنی مرۆڤە لەوەی لە ناخیدایە، لەوەی کە دەیەوێت بیڵێت و زمان ناتوانێت یارمەتیدەری بێت لە وتنیدا. زۆر جار مرۆڤ ھەست و نیاز و خواستەکانی لەڕێگای دەموچاویەوە نیشانئەدات، لەڕێگای جوڵەی دەست و جوڵەی چاو و تەعبیری ڕوخسارییەوە دەردەکەوێت توڕەیە یان ھێمنە، خۆشحاڵە یان بەدحاڵە، شەرم دەکات یان بێشەرمە، ھتد... داپۆشینی ڕوخسار بێبەشکردنی مرۆڤە لە بەشێکی زۆر گرنگیی تواناکانی پەیوەندیکردن. بەکورتی، نیقاب ڕێگرێکە لەبەردەم تەعبیرکردنی مرۆڤ لەوەی لە ناخیدا ئامادەیە و دەیەوێت بیڵێت. نیقاب پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان دەشێونێت و ڕێ دەگرێت لەوەی بزانرێت ئەو کەسەی قسەدەکات چ جۆر ھەست و نەستێک، چ جۆرە مەبەست و نیاز و خواستێک لەپاڵ قسەکانیدا ئامادەیە. داپۆشینی ڕوخسار مرۆڤ کورتدەکاتەوە بۆ دیاردەیەکی دەنگیی، بۆ کۆمەڵێک دەنگ بەتەنھا. دیاردەیەکی لاوەکیی خۆشبەختانە تا ئەم ساتە نیقاب لە کۆمەڵگای ئێمەدا دیاردەیەکی لاوەکیی و پەراوێزییە، بەڵام ئەگەر و تواناکانی گەشەکردنی ئاشکرا نین. بەبۆچوونی من مامەڵەکردنێکی عەقڵانیی و مافپەروەرانە لەگەڵیدا بەوە نابێت بە تەواوی یاساغ بکرێت، بەڵام بەوەش نابێت وەک ئازادییەکی شەخسیی سادە و وەک خۆپۆشینێکی بێگوناھ ببینرێت. ئەوەی دەکرێت ڕووبدات ستراتیژێکی دوو جەمسەرەیە. یەکەمیان”یاساخکردنێکی سنووردار“ە. دووھەم ڕەخنەکردنیەتی وەک فۆرمێکی زۆر خراپ و ناڕاستی دەرکەوتنی تاکەکەس لەناو ژیانی گشتیدا. لە یەکەمیاندا پێموایە کارێکی باش و پێویستە نیقاب لەناو پۆلەکانی خوێندندا، بە ھۆڵی زانکۆکانەوە، لە ناو نەخۆشخانە و ئۆفیسە گشتییەکاننی دەوڵەتدا، یاساخبکرێت. بەڵام لەناو فەزای گشتیی نارەسمیدا ئازادبێت و کەس بۆی نەبێت داوا لە خانمە نیقابپۆشەکان بکات کە نیقابەکانیان لاببەن. ڕووبەری گشتیی ڕووبەری ھەمووانە و مرۆڤ دەبێت ئەو لانیکەمەی ئازادیی تیاھەبێت کە ھەمووان ھەیانە. لە ستراتیژیەتی دووھەمدا ڕەخنەکردن و نیشاندانی ژێرخانە دینیی و سیاسیی و ڕەمزییەکانی ئەم جۆرە خۆپۆشینە ڕوونبکرێتەوە و ئەو مەترسیانە نیشانبدرێت کە لەپشتی ئەو عەقڵیەتە دینییەوە ئامادەیە کە نیقاب وەک بەشێک لە شوناسی دینیی خۆی نیشانئەدات. باسکردنی ئەو ستراتیژەی دەسەڵات و ئەو پەیوەندییانەی ھێز کە لەپشتی ئەم بە ڕەمزکردنەی نیقابەوە کاردەکات. ھەروەھا بە نیشتەجێکردنی ئەم دیاردەیە لەناو ئەو کایە سیاسیی و دینییەدا کە لە کۆمەڵگای ئێمە و بڕێک لە کۆمەڵگاکانی ناوچەکەدا، ئامادەیە. ئەوەمان لەبیرنەچێت نیقاب کورتناکرێتەوە تەنھا بۆ جۆرێک جل و بەرگ، بۆ داپۆشینێکی سادەی جەستە، بۆ پارچەپەڕۆیەک وەک شەبقە، یان کڵاو یان ھەرشتێکی تری لەو بابەتە. نیقاب ئەو جۆرەیە لە ”جل“ کە پڕە لە ھێما و دەلالەتی ئایدیۆلۆژیی و سیاسیی، ھێما بۆ تێگەیشتنێکی زۆر داخراو و تا ڕادەیەکی زۆریش توندوتیژ دەکات. بۆ قسەکانی عەبدولەتیفی سەلەفیی کلینکی ئێرە بکە: https://www.youtube.com/watch…
+ د.سهنگهر سهید قادر ئهمرۆ٢٠ وڵاتانی خاوەن سەدا ٨٦% ئابوری جیهانو بەرهەمهێنەری سەدا ٩٠% بەرهەمە پیشە سازیەكانی جیهان لەشاری ئۆساكای یابان كۆدەبنەوەو بۆ بڕیاردان لەچارەنوسو ئایندەی ئابوری جیهان بۆ ساڵی داهاتو. -كۆبونەوەی لوتكەی ئابوری G20 چیە؟ لە دوای هەڵوەشاندنەوەی یەكێتی سۆڤیەت و یەكێتی یوگسلافیا و جەنگی كەنداو جەنگ و شەڕەناوخۆیەكانی وڵاتانی بەڵقان ئابوری جیهان توشی داشكانێكی گەورە بوو بەوهۆیەوە لە ساڵی ١٩٩٩ وڵاتانی گەورەی خاوەن پشەساز و وڵاتانی خاوەن. ئابوریە تازە گەشە كردوەكان لەواشنگنی پایتەختی ئەمەریكا كۆبونەوە و لە كۆتای كۆبونەوەكەدا بڕیار لە دامەزراندنی كۆمەڵەی ئا بوری G20درا. لە كۆمەڵەكەدا ٢٠ وڵات ئەندامن، كە ٨ وڵاتیان وڵاتانی خاوەن پیشەسازی گەورەن و ١١ وڵاتیان ئەو وڵاتانەن كە ئابوریەكی تازە گەشە كردوەیان هەیە، ئەو وڵاتانەش بریتین لە ( ئەمەریكا- یەكێتی ئەوروپا-چین- ڕوسیا-هندستان- كەنەدا- ئوستورالیا- بەریتانیا-ئەڵمانیا- فەرەنسا -ئیتاڵیا- یابان - كۆریای باشور- مەكسیك-ئەرجەنتین-بەرازیل- توركیا- سعودیە-ئەفەریقای باشور-ئەندەنوسیا). -هێزی ئابوری و مرۆیی وڵاتانی G20؟ بەپێی ئامارەكانی ساڵی ٢٠١٨ وڵاتانی G20 لەسەدا ٦٦% دانیشتوانی جیهان پێكدەهێنن، خاوەنی لەسەدا ٨٦% ئابوری جیهانن كە داهاتی ناو خۆیان زیاترە لە ٧٣ ترلیۆن دۆلار(٧٣ هەزار ملیار دۆلار)، بەوەش خاوەنی ڕەهای بە هێزترین كوتلەی ئابورین لەسەر لە ستی جیهان. لەڕوی بازرگانی جیهانیشەوە دەستیان گرتوە بەسەر سەدا٩٠% بەرهەمی خامی جیهاندا و خاوەنی سەدا ٧٦ % بازرگانی جیهانن و جگەلە بازرگانی ناوخۆی ساڵانە بە بڕی ١٤ ترلیۆن دۆلار شمەك و بەرهەمی پشەسازی هەناردەی دەرەوە دەكەن. لە ڕووی داڕشتنی سیستەمی ئابوری جیهانەوە وڵاتانی G20 بەتەواوی قۆرخی ڕەنگڕێژكردنی سیاسەتی ئابوری و دارای و بازرگانی جیهانیان كردوە، ڕێژەی لەسەدا ٧٦ % دەنگەكانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و لەسەدا٧٣% دەنگەكانی بانكی نێودەوڵەتی پێكدەهێنن، بەوەش بڕیاردان لە چارەنوسی ئابوری جیهان لە دەستی وڵاتانی G20 دایە. -ئامانجی لوتكەی G20؟ ئەگەرچی ئامانجی سەرەكی دامەزراندنی لوتكەی ئابوری وڵاتانیG20 بریتی بوو لە پیكەوە كۆكردنەوە و گونجاندنی ئابوری وڵاتانی خاوەن پیشەسازی گەورە لەگەڵ ئابوریە تازە گەشەكردوەكاندا، ئامانجێكی تری بریتی بوو لە داڕشتنی سیاسەتێكی ئابوری هاوبەشی جیهانی بۆ ڕووبەڕووبونەوەی مەترسیەكان و جێگركردنی ئابوری جیهان و كەمكردنەوەی بیكاری و هەژاری دابەشكردنی دادپەروەرانەی داهات بەسەر دانیشتوانی جیهاندا. بەڵام كۆمەڵەی ئابوری G20 لەماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردووی دامەزرادنیدا نەك هەر ئابوری جیهانی باشتر نەكردوە بەڵكو بازرگانی جیهانیشان قۆرخ كردوە و بەهۆی ملاملانێ و گوێنەدانیان بەپرسی پیسبوونی ژینگەی جیهان و بەرزبونەووی پلەی گەرمای گۆی زەوییەوە جیهان و مرۆڤایەتیان ڕووبەڕوی مەترسی لەناوچون كردوەتەوە.
+ دانا مەنمی حیزبایهتی پرۆسهیهكی ئارهزوو مهندانهیه مرۆڤ ئازاده لهوهی پهیوهست بێت به حیزبێك یان ڕێكخراوێك ، حیزبایهتی نهعهیبه نهشهرم ، بهڵكو ئهوهی شهرمهزاری بۆ مرۆڤ دروست دهكات ئاوهژۆكردنی ڕاستهیهكان و ڕهش به سپی كردن و سپیكردن به ڕهشه ،یانیش ئهوهی له ناو حیزبایهتیدا ببیته كهرهستهو ئامراز بهدهست حیزبهوه لهمسهر بۆ ئهوسهر بهپێی بهرژهوهندییهكانی بتهێنێت و بتبات ، مرۆڤی هوشیارو بهئاگا بۆ ئهوه حیزبایهتی ناكات تا ببێته برغوی مهكینهی فڵانه حیزب وفلانه سهركرده و نابێته ئامراز، چونكه بۆخۆی ئامانجهو راستگۆیانه دیدوجیهانبینی خۆی دهخاته ڕوو ،خۆئهگهریش رێز له بههاو ئێرادهی نهگیریت ڕیزهكانی ئهو حیزبه جێدههێڵێت. لە هەرێمی کوردستان سهرجهم حیزبهكان له ڕاستهوه بۆ چهپ خۆیان لەبەرگی بیری ڕزگاری نەتەوەیی، ناسیونالیستی، سۆسیال دیموکرات، چینایەتی، عەدالەتی کۆمەڵایەتی، نەهێشتنی گەندەڵی، ئیسلامی ….هتد حەشارداوه بە شێوازی جیاواز خۆیان نمایشدەکرد، لەگەڵ تێپەڕبوونی کات ڕووە ڕاستەقینەکەیان بەکردار دەردەکەوت ، ڕووە ڕاستەقینەکەی پارتی لهناو شیعاراتی قهومیدا خزمهتكردنه به ئیحتیلال و مهشروعی عێراقچێتی له ناو بۆتهی بنەماڵەیی دا ،كاتێك حیزب دهبێته موڵكی بنهماڵه ئیتر له پرهنسیپ و بهرنامهكانی خۆی لادهدات و دهبێته هۆكاری داڕمانی سەرخان و ژێرخان، داڕمانی ئەخلاق و سیستەمەکانی خوێندن و تەندروستی و بەهای تاکی کۆمەڵگا . لێرهدا پارتیبوون شتێكی عهیبه و ئابڕوبهرانهیه ، چونكه له ناو پارتیدا مرۆڤ بونهوهرێكی بێ مافهو ئازادییهكانی لێوهرگیراوهتهوه ، پارتی به بیانووی دیسپلینی حیزبی ئازادی بیركردنهوهو تێرامان و ڕهخنهگرتن له ئهندام و كادرهكانی وهردهگرێتهوه و دهیكاته مێگهلێكی ناو رێزهكانی رێكخستن ، هاوكات لهگهڵ لێسهندنهوهی ئازادی له عهقڵ مرۆڤهكان بونهته بونهوهرێكی دهستهمۆكراو ، پارتی له ههناوی خۆیدا فۆڕمێكی نوێی بۆ كۆیلایهتی هێناوهته ئاراوه ، فۆڕمێك جیاواز له سهردهمانی كۆن وهك ئهوهی (كڕین و فرۆشتن ) به مرۆڤهوه دهكرا ، به پێچهوانهوه پارتی فۆڕمی دهستهمۆو به كۆیله كردنی ئینسانهكانی بهناوی دیسپلینی حیزبایهتیهوه بهرههم هێناوه كه ههمووانی بێماف و دهمكووت كردووه . پارتیبوون كاتێك عهیبهیه كه مرۆڤبوون له دهست بدهیت و نهتوانی مومارهسهی عهقلی خۆت به ئازادانه بكهیت ، پارتیبون كاتێك عهیبهیه كه فۆرمێكی پیرۆز ببهخشیت به باڵای سهرۆكی حیزب و بانگهشهی پیرۆزبوونی بكهیت و بیكهیته فریادرهسی كۆمهڵگا ، جگه لهوهش فۆرمی پیرۆز بوونی شوانی حیزب درێژبكهیتهوه بۆ بنهمالهی بارزانی و لهراستهوه بۆ چهپ سیمایان پیرۆز بكهیت ، پارتییهكانی سلێمانی حوكمڕانیهتی بنهماڵهیان تاقیكردووهتهوهو ئهزمونێكی تاڵیان له حوكمی ئهدههم بارزانی وهكو نوێنهری مهسعود بارزانی و ئهندامێكی بنهماڵهی بارزان بینی ، پارتیبون كاتێك عهیبهیه كه میلهت له ناو قهیرانی برسێتی و بێ موچهیی و بێ كارهبا و بێ ئاوی بێكاریدا به بڕیارێكی سیاسی چهقیووهو نهههڵبژرادن و نه پێكهێنانی حكومهتێكی نوێ وهكو ئهوهی ئێستا كه نزیك به ساڵێكه پارتی به هۆی شهڕی بهرژهوهندییهكانی خۆی و ماڵباتی بارزانهوه دوای دهخات و تاكه بیانوشی بۆ دواخستنی ئهو حكومهته بههێزهی كه پارتی بانگهشهی كوردستانێكی بههێزی بڕیووه به باڵایدا بیانوو گرتنه به حیزبهكانی تر كه نایهوێت حیزبهكان له ژێر سێبهری كابینهی نۆیهم دا خاوهن دیدو جیهانبین و ئیرادهی خۆیان بن . پارتیبوون كاتێك عهیبهبه كه قهیرانێكی گهورهی سیاسی و ئابوری و كلتوری و كۆمهڵایهتی بهرۆكی كۆمهڵگای گرتووه لهبری ههڵوێست وهرگرتن پیشهی شهو رۆژت درۆكردن بێت بۆ جوانكردن و پیرۆزكردنی باڵای حیزب و بنهماڵه ، پارتیبون كاتێك عهیبهیه له پشتی كۆمپیوتهرهكهتهوه بیر له هۆنینهوهی درۆ بكهیت بۆ جوانكردنی سیمای پارتی ئیدی خۆت له بهرپرسیارهتی ئهخڵاقی و ویژدانی ههڵوێستی ڕاستگۆیانه بدزیتهوه له پێناو بهرژهوهندی تایبهتی خۆتدا گرنگ نییه كۆمهڵگا چی بهسهر دێت !؟ پارتیبوون كاتێك عهیبهیه كه له بری خزمهتكردنی نهتهوهكهت یان كوردستانهكهت تۆ خزمهتی ناوچه و خێل و بنهماڵهیهك بكهیت و له بازنهی شارچێنی و خێڵچێتی و بنهماڵهچێتی دا بخوڵیتهوه، پارتیبوون كاتێك عهیبهیه له ژێر دروشمی كوردستانێكی بههێز هونهرهكانی پێكهوه بوون و ژیان لهباربهریت ،لهژێر شیعاراتی قهومیدا خاك و خهڵك ڕادهستی داعش بكهیت ، له ژێر ئابوری سهربهخۆدا خهڵك بێبهش و برسی و موچهبراو بكهیت ، خۆ ئهگهر نا حیزبایهتی به دیدێكی تهندروست و دهرونێكی پاك و ههستكردن به بهرپرسیارهتی ئهخلاقی و ویژدانی و ئینسانی بهرسڤێكی ڕهوایه بۆ خزمهتكردنی گهل و خاك ئهوكاتیش نه یهكێتی بوون و نه گۆران بوون عهیبه نابێت . جهماوهرو لایهنگرو كادیرانی پارتی له خهیاڵدانی پارتیدا نهخاوهنی مافی كهسین نه ڕێگهیان پێدهدرێت لهسهر مافی گشتی بێنهدهنگ ئهمهش به دیوێكدا بێرێزیكردنه به بههای ئینسانبونیان و رێزنهگرتن و داماڵینه له مافهكانیان ،لهكاتێكدا كه مرۆڤ بۆخۆی خاوهنی كۆمهڵیك مافی زامنكراوی خۆرسكه كه خهت و پاداشتی دهستی پارتی و بنهماڵهی بارزانی نییه ، لهوانه پاراستنی كهرامهتی ئینسان و نان و ئازادی و ئاسایش مهكرهمهی دهستی پارتی نییه بۆ جهماوهرهكهی ، ههتا له نێوان ماف و ئهركیشدا ماف پێش ئهرك كهوتووه چونكه ماف بریتییە لە وەرگرتن، بەڵام ئەرك بریتییە لەبەخشین، بۆیە وەرگرتن بەبێ بەخشین نابێت.
+ د. كامەران مەنتك یهكێك له بوارهكانی ململانێی نێوان ئهمریكاو روسیا، ئهگهر بكرێت ناوی بنێین له قۆناغی دووهمی شهڕی سارددا، سهپاندنی ههژموونیه له رێگای هاوپهیمانیهتیهكانهوه. جا ئهو هاوپهیمانیهتیانه جیهانی بن یاخود ههرێمی. وهلێ ههندێك لهو هاوپهیمانیه ههرێمیانه رهههندێكی جیهانی مهترسیداری ههیه. وهك ئهو هاوپهیمانیهتیه سێلایهنهی به شێوهیهكی نا راستهوخۆ له نێوان روسیاو توركیاو ئێران دروست بووه. كه پێگهیهكی جیۆپۆلهتیكی زۆر مهترسیدار به گوێرهی ههژموونی جیهانی دهگرێتهوه و دهتوانین بڵێین بهردی بناغهی پڕۆژهی ئۆراسیایه له ئاسیا به گشتی و رۆژههڵاتی ناوهڕاست به تایبهتی. لهبهرئهوهی ئهو دوو وڵاته به بهشێك له قووڵایی ستراتیژی روسیا دادهنرێت بۆ گهیشتن به ئاوه گهرمهكان، دیاره ئێران بههۆی ناكۆكی لهگهڵ ئهمریكا، ههر لهزووهوه بۆته هاوپهیمانێكی بههێزی روسیا. بهڵام كێشهكه له توركیادایه، كه له لایهك ئهندامێكه له هاوپهیمانیهتی ناتۆ و زیاتر له حهفتا ساڵه له بهر دهرگای یهكێتی ئهوروپا وهستاوه بۆ ئهوهی ببێته ئهندام، له لایهكی تر به هۆی باڵادهستبوونی ئاكپارتی، كه پارتێكی ئیسلامییه ههوڵدهدات بهرهو رۆژههڵات بگهڕێتهوه ولهسهر بنهمای ههر سێ رهههندی( ئاینی- ئهتنیكی-مێژوویی و جوگرافی) خهونی دامهزراندنهوهی ئیمپراتۆریای عوسمانی بكاتهوه راستهقینه. كهواته توركیا قاچێكی له رۆژئاوایهو قاچهكهی تری له مۆسكۆ، ههر دوو وڵاتیش، ئهمریكاو روسیا گرهو لهسهر راكێشانی توركیا دهكهن، ئهمه وایكردووه توركیا ههوڵبدا گهورهترین سوود لهو ركابهریه وهربگرێت. له راستیدا توركیا له مێژووی نوێیدا بهردهوام ئهو سیاسهته، یاریكردن لهسهر دوو پهتهی پیادهكردوه. كه كورد لهم سیاسهتدا زهرهرمهندی یهكهم بووه. روسیا ههوڵیدا له رێگای توركیاوه رێگاكانی گواستنهوهی وزه بۆ رۆژئاوا بۆ خۆی به مسۆگهری بهێڵێتهوه. هاوكات مهترسیهكانی ئهمریكاو رۆژئاوا له سنوورهكانی باشوریدا له خۆی دوور بخاتهوه. بهرامبهر ئهمهش توركیا ههوڵیداوه، سهرباری دهسكهوته ئابوریهكانی دهستكهوته ستراتیژیهكانیشی لهم رێگایهوه دابینبكات!. به تایبهتیش له سوریا. گرێبهستی كڕینی رۆكێتی S-400 له روسیا یهكێكه لهو گهمه مهترسیدارانهو ههندێك پێیان وایه یهكێك بوو لهو فاكتهره گرنگانهی روسیا دهرگای عهفرینی له رۆژئاوای كوردستان بۆ توركیا كردهوه. كه ئهمهش بێگومان دهستكهوتێكی ستراتیژی گرنگ بوو بۆ توركیا. لهو كاتهوه ئهمریكا كار لهسهر ئهوه دهكات و فشار دهخاته سهر توركیا بۆ ئهوهی ئهو گرێبهسته ههڵوهشێنێتهوه. دیاره توركیا بهرامبهر ئهمهش مهرجی ههیه، ئهو مهرجانهش لهسهر حیسابی بزووتنهوهی كورده. راسته ئهمریكا گڵۆپی سهوزی بۆ توركیا دایساندووه بۆ ئهوهی به بیانووی پهلاماردانی پارتی كرێكارانی كوردستان ناوچهیهكی فراوان له باشوری كوردستان داگیربكات و له كاتی ئێستادا بهردهوامیشه له داگیركردنی. بهڵام توركیا دهیهوێت زیاتری دهستكهوێت و ئهمریكا ناچار بكات نهخشه رێگای منبج جێبجێبكات، كه لهگهڵ توركیا له سهری رێك كهوتووه. له رێگای ئهو نهخشهیهوه توركیا دهیهوێت چۆن روسیا دهرگای عهفرینی بۆ كردهوه، ئهمریكا دهرگای منبج و رۆژههڵاتی فوراتی بۆ بكاتهوه. بهمهش بزمارێكی گهوره له تابووتی بزووتنهوهی كورد دهدات له ههموو پارچهكانی كوردستان. له لایهك رۆژئاوای كوردستان كۆنتڕۆڵدهكات، باشوری كوردستانیشی به شێوهیهكی كردهیی داگیر كردووه، رێگا له ههر مهترسییهكی كوردیش دهگرێت له رۆژههڵاتی كوردستان ئهگهر ههر گۆانكارییهكی سهربازی و سیاسی له ئێران رووبدات. لهو روانگهیهوه كۆبوونهوهی سهرۆكی ئهمریكا و سهرۆكی توركیا له دوو توێی كۆبوونهوهكانی G-20 لهم چهند رۆژهی دادێ، مهترسی گهورهی لهسهر كورد ههیهو پێویسته به وریاییهوه تێیبگات و خۆی بۆ ئاماده بكات.
+ مەریوان وریا قانع بەشی دووھەم نیقاب لەسەرکردن و شاردنەی ڕوخسار ھەمووی، یان ھەمووی تەنھا چاوەکان نەبێت، دیاردەیەکی دینیی بەربڵاو و گشتیی ناو جیھانی ئیسلامیی نییە، بەڵکو شێوازی خۆپۆشینی ئەو کەمایەتییە وەھابییە سەلەفییە سعودییە خەلیجییەیە کە لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا بەھۆی سەرفکردنی زۆری ئەوە پارەیەی لە ئەدەبیاتی سیاسیدا پێدەگوترێت ”پێترۆ دۆلار“، واتە دۆلاری نەوت، وەھابیزم گۆڕا بۆ دیاردەیەکی جیھانیی. وەھابیزم و سەلەفیەتی سعودیی دیاردەی لاوەکیی و پەراوێزیی ناو جیھانی ئیسلامی بوون تا ئەو قۆناغەی سعودیە خاوەنی پێترۆ دۆلار نەبوو، بەڵام لەدوای ئەوەی ئەم وڵاتە بوو بە خاوەنی ملیارەھا دۆلاری نەوت و بڕێکی گرنگیی ئەم پارەیە لە ڕەوتی جەنگی ساردا بۆ بە جیھانیکردنی سەلەفیزم سەرفکرا، دۆخەکە گۆڕا. سعودیە و وڵاتانی خەلیج ئەم فۆرمە پەراوێزیەی ئیسلام و ئەم شێوە داخراوەی دینداریان بە جیھاندا بڵاوکردەوە و لە دەیان شوێندا چاندیان. بەشێکی تری بڵاوبوونەوەی ئەم نیقاب و بورقەپۆشییە لەڕێگای تێرۆر و ترساندن و سەپاندنی بەزۆرەوە بووە، لەو شوێنانەدا ھێزە ئیسلامییە سەلەفییە وەھابییەکان لەوەدا سەرکەوتن دەسەڵات بگرنەدەست و نیقاب بەسەر ھەموو ئافرەتاندا بسەپێنن. تاڵەبان و داعش دوو نموونەی ھەرە بەرچاوی ئەم دیاردەیەن. ئەم ڕاستییە سادانە وادەکات نەکرێت نیقاب تەنھا وەک جل، یان وەک پارچە قوماشێک مامەڵەبکەین، بەڵکو ھاوکات وەک رەمز یان سیمبۆڵێک بیبینین. لە کۆمەڵگا و ژینگەیەکی وەک کۆمەڵگای ئێمە نیقاب ھێندەی رەمزێکی تایبەتی ئاراستەیەکی دینیی زۆر تایبەت و بەشێکە لە پرۆژەیەکی ئایدیۆلۆژیی و سیاسیی، کە بە سەلەفیەت ناسراوە، ھێندە جل نییە بەمانا ڕۆژانەیی و بە مانا ئەنترۆپۆلۆژییە ڕاستەوخۆکەی خۆداپۆشین. نیقاب لەم ژینگەیەدا زیاتر ڕەمزێکی سیاسیی و ئایدیۆلۆژییە، تا جلپۆشینێکی ئاسایی. بەشێکە لە ستراتیژ و شێوازی دەرکەوتنی ھەندێک لە گروپە سەلەفییەکان لەناو ڕووبەری گشتیدا. پێداگرتن لەسەر ئەم شێوازی دەرکەوتنەی لەشی ئافرەت لەناو ڕووبەری گشتیدا دەشێت تا ئەو شوێنە بڕوات کە دۆخێکی تەواو ترسناک دروستبکات. ساڵی ١٩٩٤ ھێزە ئیسلامییە سەلەفییە جیھادییەکانی جەزائیر نیقاب لەسەرکردنیان کرد بە واجبێکی دینیی و ئەوانەشیان دەکوشت کە ئامادەنەبوون ئەم واجبە جێبەجێبکەن. کە دەگوترێت نیقاب دیاردەیەکی دینیی بەربڵاو و گشتیی ناو جیھانی ئیسلامیی نییە، چەندەھا بەڵگە ھەن کە ئەم ڕاستییە دەسەلمێنن. محەمەد تەنتاو، شێخی ئەزھەر، لە ساڵی ٢٠٠٩ فەتوایەکی دەرکرد تیایدا نیقابپۆشی لەناو قوتابخانەکاندا یاساغ کرد. ساڵی ٢٠١٠ وەزیری تەندروستی لە میسر لەبەرکردنی نیقابی لەناو نەخۆشخانەکاندا یاساغ کرد. لە مالیزیا و ئەندەنوسیا و تونس و زۆر شوێنی تر لەبەرکردنی نیقاب یاساغە. لە عێراق فەتوایەکی شێخ ئەحمە ئەلقوسەیبی ھەیە نیقابی یاساغ کردوە بە ناوی ئەوەوە کە خەڵک مافی ئەوەیان ھەیە بزانن ئەو کەسە کێیە لە تەنیشتیانەوە دانیشتوە. لەو شوێنانەشدا کە سەلەفیەتی دینیی تێدا نییە، یان لاوازە، ئەم دیاردەیە بوونی نییە، یان زۆر زۆر دەگمەن و لاوازە. بۆیە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ و بەھێز لەنێوان بوونی نیقاب و بڵاوبوونەوەی دیدی وەھابیی سەلەفیی و دروستبوونی گروپی وەھابیی سەلەفیدا ھەیە. بە بۆچوونی من نیقاب لە کۆمەڵگای ئێمەا بەر لەوەی کێشەیەکی شەخسیی و تاکەکەسیی بێت، کێشەیەکی دینیی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و تەئویلییە، ھێرمۆنۆتیکیە. نیقاب بە پلەی یەکەم پەیوەندیی بە جۆرێکی زۆر تایبەت لە تێگەیشتنەوە لە دین و بە پێگەی ئەو تێگەیشتنە دینیەوە لەناو گشتێتی ژیانی کۆمەڵایەتیدا، ھەیە. نیقاب ھێما بۆ ئەو جۆرە تێگەیشتنە لە دین دەکات کە تیایدا ئیمان لە باوەڕێکی ناوەکیی پتەوەوە گۆڕاوە بۆ کردەی خۆنمایشکردنێکی ئیستیعرازیانەی دەرەکیی لەناو ژیانی گشتیدا. فۆرمێکی تایبەت لە نمایشگەریی ئاینیی ژێرخانە سیاسیی و نەفسیی و رەمزییەکەیەتی، ئەوەی بە ئینگلیزیی پێیدەگوترێت exibitionism، بەمانای حەزیێکی پەڕگیر بۆ دەرکەوتن و خۆنمایشکردن، ئارەزوویەکی گەورە بۆ ئەوەی بینرێیت. ئەمەش موفارەقە، یان پارادۆسکێکی تایبەت لەخۆی دەگرێت، چونکە جەستەی ژن لەو کاتەدا دەیەوێت لەژێر نیقابدا خۆی بشارێتەوە، لە ھەمانکاتدا حەز و خواستێکی گەورە بۆ بینین و دەرکەتنی لەناو ڕووبەری گشتیدا ئاراستەیدەکات. لەم ئاستەدا دەکرێت نیقاب وەک بەشێک لە کردەی تەسویق و پیشەسازیی ریکلامکردن ببینین، بەڵام تەسویق و ریکلامکردنێکی دینیی تایبەت بۆ مارکەیەکی زۆر تایبەتی لە دینداریی. نمایش لەڕێگای نیقابەوە، بە پێچەوانەی حەزی نمایشکردنی نادینییەوە کە حەزی دەرخستنی جەستە یان ئەو پارچە و بەشانەی جەستەیە کە لە زۆربەی کۆمەڵگاکانی دونیادا دادەپۆشرێن. دەڵێم ئەوەی لەڕاێگای نمایش لەڕێگای نیقابەوە دەردەکەوێت جەستە نییە، بەشە جیاوازەکانی لەش نین، ئەوەی دەردەکەوێت رەمز و سیمبۆلێکی تایبەتە، ڕەمزێکە لەڕێگای نیقابەوە ھێما بۆ شوناسی دەستەجەمعیی گروپێکی دینیی تایبەت دکات و ریکلام بۆ ئەو گروپە دینییە و بۆ تێگەیشتنی ئەوان لە دین لەناو ڕووبەری گشتیدا دەکات. لەپاڵ ئەم ڕوانینەدا بۆ نیقاب لە کۆمەڵگایەکی وەک کۆمەڵگای ئێمەدا ناتوانین ھیچ یەکێک لەو دوو دیدە خۆرئاواییە بەشێوەیەکی حەرفی قبووڵبکەین کە لە بەشی یەکەمدا باسمکرد. نیقاب لەناو ژینگەیەکی دینیی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ڕەمزیی وەک دونیای ئێمەدا و لەناو فۆرمێک لە حومکڕانیی ستەمگەر و دەسەڵاتگەردا، کۆمەڵێک دەرەنجامی ھەیە تەواو جیاواز لەو دەرەنجامانەی لە شارێکی وەک پاریس یان کۆپنھاگن یان ئەمستردام دا ھەیەتی. لەبەشی داھاتوودا وردتر لەم مەسەلەیە دەدوێم. بەشی یەکەم سەبارەت بە نیقاب و خۆپۆشین http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=4083