+ سەرتیپ وەیسی كەریم بۆ ههر پۆستێكی سهرۆكایهتی و وزاری ژمارهیهك كاندید ههبوون، بڕیاریشبوو ئهنجومهنی سهركردایهتی بهشێك لهكاندیدهكان به دهنگدان یهكلایبكاتهوه، بهڵام دوای خۆ كاندیدكردنی شاڵاو كۆسرهت ڕهسوڵ بۆ پۆستی جێگری سهرۆكی حكومهت، لهماوهی 24 كاتژمێردا قوباد تاڵهبانی زۆرترین سازشی بۆ بهرامبهرهكانی كرد له پێناو كشانهوهی شاڵاو كۆسرهت، دواجار ههمووانی كرده قوربانی پۆستهكهی خۆی و بهرههم ساڵح و كۆسرهت رهسوڵ بردیانهوه. باڵی كۆسرهت رهسوڵ و بهرههم ساڵح له دابهشكردنی پۆستهكان یاریهكی جوانیان كرد توانیان جگه لهوهی سهرۆكی پهرلهمان و جێگری سهرۆكی ههرێم بهدڵی خۆیان یهكلایبكهنهوه، له ههمانكاتیشدا ( وهزیری خوێندنی باڵاو پلاندان و ڕۆشنبیری و دهستهی گهشت و گوزارو دهستهی مینیان ) له بهرژهوهندی خۆیان مسۆگهر بكهن، ئهوهی بۆ ماڵی مام جهلالیش مایهوه تهنها پۆستهكهی قوباد تاڵهبانی و بێگهرد تاڵهبانی بوو( كه لهسهر حهزی خۆی نییه ). گروپی كهركوكییهكانی نێو مهكتهبی سیاسیش وهزیرێكی ههرێم و دهستهیهكیان مسۆگهركرد، كه ئهوانیش بهشێكیان له كۆسرهت ڕهسوڵهوه نزیكن. ههرچی وهزیری پێشمهگهریه، كه شۆِریش ئیسماعیل، وهكو ئهندامی مهكتهبی سیاسی بردی، بهڵام ناوبراو له جیاتی پۆستی وهزیر گرینكترین شوێنی جێهێشت له حزبهكهیدا، كه ئهویش دهزگای ههڵبژاردنه، به تایبهت له كۆنگره ئهو شوێنه ڕۆڵی گرینگی دهبێت، ئهم چوونهی شۆڕش ئیسماعیلیش به دڵی باڵهكهی كۆسرهت و بهرههم ساڵحه، چونكه له كاتی دروستبوونی ناوهندی بڕیاریش سێ ساڵ لهمهوبهر، یهكێك له داواكارییهكانیان وهرگرتنه ئهو شوێنه بوو. تاوهكو هێرۆ ئیبراهیم ئهحمهد له گۆڕوپانهكهدا بوو، زۆرترین ئهو كهسانهی له فراكسیۆنهكان و تیمی حكومهت بوون نزیكی ئهوانبوون، بهڵام له دوای بێدهنگی باڤڵ تاڵهبانی و لاهور شێخ جهنگی، بهڕێوهبردنی یاریهكه لهلایهن قوباد، سهرهنجام گهورهترین دۆڕاو خودی قوباد تاڵهبانی بوو، له ههمانكاتیشدا گهورهترین براوه ماڵی كۆسرهت ڕهسوڵ و بهرههم ساڵح بوون. كۆسرهت رهسوڵ و بهرههم ساڵح توانیان به كاندیدكردنێكی تاكتیكی شاڵاو، ههموو شتێك له بهرژهوهندی خۆیان كۆتایپێبهێن، چونكه بهر له كۆبوونهوهی ئهنجومهنی سهركردایهتی لیستی كاندیدهكانیان به دڵی خۆیان شۆرت لیست كرد، پۆستی جێگری سهرۆكی حكومهتیشیان به لاوازی پێشكهشی قوباد تاڵهبانی كرد؟!!!
+ لەتیف مستەفا با حیسابێک بکەین : ١- لە شۆڕشی ئەیلول لە ساڵی ١٩٦١ تا ساڵی ١٩٧٥ لە ھەموو ئەوناوچانەی لە ژێر دەستی شۆڕشدا بوون خەڵک لە کولەمەرگی و مەمرەو مەژیدا ئەژیا ، تەنەکەیەک نەوت بە ٦٠٠ فلس بوو ڕۆژانەی کرێکارێک ئەگەر ئیشێک ھەبوایە بە ٣٥٠ فلس بوو ، بەرپرسەکانی شۆڕشیش لە ئەندامی ڕێکخراوەوە تا سەرەوە ژیانی پاشایانە دەژیان ،ماڵمان لەماوەت بوو بیرمە چۆن ئەو کاتیش خەڵک باسی زوڵم و دزی و ڕاوو ڕوتی ھەندێک لە بەرپرسەکانیان دەکرد ٢- لەساڵی ١٩٧٥ کە ئاشبەتاڵ كرا تاوەکو ١٩٩١ کە لەژێر دەستی دوژمنی بەعسی فاشیدا بوین ،سەرەڕای چەوسانەوەی نەتەوەیی ،بەڵام ھەرزانی و فەرحانی ھات و کەس فەقیر و برسی نەما ، جگە لە دیکتاتۆریەت و نەبونی ئازادی خەڵک لە ھیچی کەم نەبوو ، عەدالەتێکی کۆمەڵایەتی ھەبوو،تا ڕادەیەک ھەژاری و بێکاری نەما ٣- لە ساڵی ١٩٩١ تاساڵی ٢٠٠٣ کە دوبارە ڕزقی خەلک کەوتەوە بەردەستی بازرگانانی کوردایەتی وشۆڕش دوبارە خەلک برسی بونەوەو و بە کوێرەوەری ژیانیان بەسەر دەبرد چەندین کەس بە غازی خەڵوز خنکان ، بەرپرس و ژن و منداڵەكانیشیان ڵەو پەڕی خۆشگوزەرانی و کەیف و سەفاو سەفەری ولاتان بوون ٤- لەساڵی ٢٠٠٣ تا ٢٠١٤ کە دوبارە موچەو پارەمان لە بەغدای دوژمنەوە بۆ دەھات جارێکی تر بوژاینەوەو ھەرزانی ڕوی لە ولات کردو فەقیر ئاھێکی بەبەردا ھاتەوە ٥ - لە ساڵی ٢٠١٤ بەدواوە کە دوبارە موچەو قوتمان کەوتەوە ژێر دەستی پارێزەرانی مافی خەڵک و کوردایەتی جارێکی تر قوتیان بڕین سوکایەتی نەما پێمان نەکەن خۆشیان لەوپەڕی سەڵتەنەت و عەنعەنتدا دەژیان ٦- لە ساڵی ٢٠١٩ ەوە سەرەڕای ئەوەی جارێکی تر بەغدای دوژمن پارەی خەڵک و موچەخۆران بەتەواوی دەنێرن کەچی ئەوەندە چاو قایمن خیانەت و دزی ھەم لە خەڵک و ھەم لەبەغداش دەکەن و بە حەرامی بەقوڕگی خۆیان کۆمپانیاکانیان و دەست وتاقم و بنەماڵەو كوڕو نەوەكانی خۆیانیدا دەکەن ،ئەگەر یەکێکیش بچێ بەبەغدا بڵێ تەخوینی دەکەن بەو حیسابەی سەرەوە بۆمان دەردەکەوێت ئێمە بەتایبەتی چینی زۆرینەی میللەت ،ھەرکاتێک لە ژێر دەسەڵاتی بەناو خەباتگێڕانی مافی خەڵکی کوردستاندا بوبین برسی کراوین و سوکایەتیمان پێکراوە ، ھەرکاتێکیش لە ژێر دەستی دوژمندا بوبین و قوتمان بەدەست ئەوان بوبێت تێرو پڕبووین ئەوەی سەیریشە لە ساڵی ١٩٦١ یشەوە بەوە ھەڵماندەخەڵەتێنن کە ئەوان بۆ مافەکانی ئێمە خەبات دەکەن ئەم نوسینە بۆ جوانکردنی ڕوی سەدام و ڕژێمەکەی نیە ،بەڵکو بۆ پیشاندانی ڕوی ڕاستەقینەی ئەمانە
ژوان ئەحمەد سەعید قوباد تاڵەبانی لە كابینەی نوێی حكومەت دوردەخرێتەوە!! دوو رۆژە كادرانی یەكێتی بە نوسینو بڵاوكردنەوەی وێنەی قوباد تاڵەبانیو دەربڕینی پشتیوانی بۆی، سۆشیال میدیاو مەجلیسو دانیشتنە دۆستانەو حزبیەكانیشی گەرم كردوە. باسی گەرم ئەگەری پاسیڤ كردنی قوباد تاڵەبانی یە لە كابینەی نوێی حكونەتی هەرێم، بەو پاساوەی هیچ كەسێك لە كابینەی پێشوو بۆ ئەم كابینەیە دانەنرێت. قوباد تاڵەبانی سەركەوتوو بوە؟؟ كابینەی پێشووی حكومەتی هەرێم، كابینەیەكی ئیفلیج بوو، بە هەموو پێوەرێك شكستی هێنا لە بەدیهێنانی خواستی خەڵك، قوباد تاڵەبانیش بەشێك بوو لەو كابینەیە، بەڵام ئایا شكستەكە وەك یەك بەر هەموان دەكەوێ؟؟ شكستی كابینەی پێشوو بەشێكی خودیو بەشێكی زۆری بابەتی بوو، كەسیەكان دیارن كە بەرژەوەندیو بازرگانی هۆكارەكەیەتی كە بەشێك لە بەرپرسانی حكومەت خزاو و گلاونەتە سەفقەی پیسی گەندەڵیو چەتەیی. خودیەكانیش پەیوەستە بە ئەو قەیرانە داراییە توندەی هەرێمی گرتەوەو پاشانیش بابەتی ریفراندۆمو روداوەكانی 16 ئۆكتۆبەرو رۆژانی دواتری. بەڵام لەم نێوەندەدا، قوباد ئەگەرچی تیمەكەی لەگەڵیدابون بە ئەوانەش كە قوباد تاڵەبانی ئێستا پشتیوانیان دەكات قاشیل بون، بەڵام وەك خۆی چەند كارێكی گرنگی كرد لە نمونەی بایۆمەتریو سیستمی خزمەتو رێكسختنەوەی چەند دامەزراوەیەكی گرنگی حكومەت لە شێوەی بەرێوبەرایەتی هاتوچۆ. كێ ئەتوانێت قوباد فەرامۆش بكات قوباد لە هەڵبژاردندا سەركردایەتی كەمپەینی هەڵبژاردنی یەكێتی كرد، دەنگێكی گەورەو زۆری بۆ یەكێتیو خۆیشی مسۆگەر كرد. ئەگەرچی ئەو رێژەی دەنگەش بە هیچ شێوەیەك شاشەنی حزبێكی وەك یەكێتی خاوەنی مام جەلالو قوربانیو شەهیدو سەروەری نیە، بەڵام لەو دۆخەی ئەو كاتە ، هیمەتی قوبادو لیستەكەی بە ئەنجامێكی تارادەیەكی باش گەیاند، بەڵام بەو نزیكەی 200 هەزار دەنگەوە، كێ ئەتوانێ قوباد بكاتە دەرەوەی هاوكێشەكان: - كەسێك لە یەكێتی دەتوانێت، كە لانیكەم بوێری ئەوەی هەبێ خۆی سەرۆكایەتی تیمی یەكێتی بكاتو نیوەی قوباد دەنگ بهێنێت!! - كەسێ: ئەتوانێت قوباد فەرامۆش بكات، كە هێ،دە بوێر بێت بێـە ناو خەڵكو لە نەفرەتو نارەزایی خەڵ: نەترسێت!! - كەسێك ئەتوانێت كە لانیكەم وەك قوباد ئەگەر شەرعیەتی حزبیشی نەبێـ، ئەوا شەرعیەتی جەماوەریو هەڵبژاردنی هەبێت كە سەركردایەتی ئێستای یەكێتی لە جێگری سكرتێر بۆ خوارەوە هیچیان نەیانماوە. - كەسێك دەتوانێت كە لە پشت لابردنی قوبادەوە مەرامی خودیو خێزانی نەبێتو بە حەق بۆ یەكێتی كاربكات، نەك بۆ پاسیڤ كردنی كەسێكو دانانی كەسێك لە خزمو خوێشی خۆی. -- خاتیمەش، كەسێك ئەتوانێت كە لە كۆنگرە نەترسێت، وەك چۆن لە هەڵبژاردن ئەترسێت، هیمەت بكات بۆ كۆنگرەو بە ئازایانە لە مەنگەنەی هەڵبژاردنی كۆنگرە بە رویەكی سپی، ویژدانێكی ئاسودە، پەرێزێكی پاك بێتە بەردەم كادرانی یەكێتی، نەك بە فێڵو گزی دەرچوبێت. یەكەباری خۆم، پێم خۆش نەبوەو خۆش نیە قوباد لە حكومەتدا بێت، یەكەم لەبەر ئەوەی قوباد لە حزبەوە پلەكانی سەركەوتن بەدەست بێنێت بۆ هەر پۆستێك نەك بە پشت بەستن بە بنەمای بنەماڵەییو ناوی جەنابی مام جەلال، دوەمیش هەتا هەوڵەكانی لەپاڵ هەوڵی ئێمە بۆ كۆنگرە تینێكی زیاتر ببەخشێت بەو ئاراستەیەی هەیە بۆ كۆنگرەو راست كردنەوەی ئەو رێچكەیەی سەركردایەتی ئێستای یەكێتی خواری كردوە، بەڵام ناكرێو ناشێت بەم شێ,ەیەش هەوڵی فەرامۆش كردنی بدرێت، بكرێتە دەرەوەی هاوكێشەی حكومەت، تەنیا بۆ ئەوەی خزمێك لاببرێتو خوێشێك دابنرێت، جگە لەوەی ئەوەی بڕیار لەسەر لادانی قوباد دەدات، با هێندە جوامێر بێت لە هەڵبژاردنی داهاتوو خۆی سەركردایەتی تیمی یەكێتی بكات، ئەو كاتە نەك 180 هەزار دەنگ، بەڵكو ئەگەر هیمەتی كادران نەبێ 100 دەنگی ڕوتی بۆ یەكێتی پێ كۆناكرێتەوە. بۆیە هێندەی تر خۆتانو یەكێتیش خوارتر مەكەن بەم بڕیارە پیلانگێڕیانە ئەی سەركردایەتی یەكێتی كە هیچتان سەری كردە نینو زۆرینەتان كردەتان بۆ خۆتانو گیرفانی خۆتانو كوڕو كچەكانتانە نەك یەكێتیو یەكێتیەكانو خەڵك.
د. سەنگەر سەید قادر دوای ٣ مانگ لە خۆپیشاندان و كوژرانی زیاتر لە ١٥٠ خۆپیشاندەر ئێستا بە نێوەندگیری ئەسیوپیا و یەكێتی ئەفەریقا ئەنجومەنی سەربازی سودان و نوێنەری خۆپیشاندەران و هێزە سیاسیەكان گەشتنە ڕێككەوتن بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی كاتی ناوەڕۆكی ڕێكەوتنەكە بریتیە لە پێكهێنانی ئەنجومەنێكی باڵا بۆ ماوەی ٣ساڵ كە لە ١٥ كەس پێك دێت و ٧ ژەنڕاڵی سوپا و ٧ نوێنەری خۆپیشاندەران و هێزە سیاسیەكان ئەندام دەبن تیایدا،سەرۆكایەتی ئەنجومەكە سێ مانگ بۆ شەش مانگ جارێك لە نێوان ئەنجومەنی سەربازی و نوێنەری خۆپیشاندەراندا دەستا و دەست دەكرێت تا كاتی پێكهێنانی ئەو ئەنجومەنە باڵایە، ئەنجومەنێكی یاسادانانی كاتی لە سوپا و نوێنەری خۆپیشاندەران و هێزە سیاسیەكان پێكدەهێنرێت بۆ بەڕێوەبردنی دەسەڵات و حكومەت، دواتر ئەنجومەنی باڵا حكومەتێكی هاوبەشی سەربازی و مەدەنی پێكدەهێنێت ئەوەی لە ڕێكەوتنەكەی ئێستا دەخوێندرێتەوە سوپا بە فەرمی دەسەڵاتی خۆی سەپاند و لە هەمانكاتدا هەوڵێكیشە بۆ فریودانی خۆپیشاندەران و لایەنە سیاسیەكان، هاوشێوەی سیناریۆكەی میسر كاتێك خۆپیشاندەران سارد بونەوە و سوپا ژەنڕاڵەكان بەتایبەت محمد حمیدتی هێزێكی سیاسی دادەمەزرێنێت و ئەو نیوە دەسەڵاتەی دراوە بە هێزە مەدەنیەكان لێیان وەردەگیرێتەوە چونكە سوپا و دەزگای هەواڵگری و میلیشیاكانی حمیدتی ئابوری سودانیان دابەش كردوە بەسەر خۆیاندا، بەجۆرێك بازرگانی و دەرهینانی ئاڵتون بۆ محمد حمیدتی فەرماندەی ملیشیاكانی جەنجەویدە كە دەستی گرتوە بەسەر كانەكانی جبل عامردا كە یەكێكە لە گەورەترین كانە ئاڵتونەكانی جیهان ژەنڕاڵەكانی سوپاش دەستیان گرتوە بەسەر كەرتی كشتوكاڵ و كەرتی پیشەسازی دا، هەرچی دەزگای هەوڵگریشە دەستی گرتوە بەسەر كەرتی بازرگانی دا بەتایبەت بازرگانی ئۆتۆمبیل و جگەرە و هاوردەكردنی خۆراك و دەرمان پێداویستی پزیشكی ئەمەش وا دەكات ئەستەم بێت سوپا بە ئاسانی دەسەڵات ڕادەستی حكومەتێكی مەدەنی بكات و بەشداری پێكردنی نوێنەری خۆپیشاندەران و هێزە مەدەنیەكان لە دەسەڵاتدا كاتیە و لە ڕووی واقعیەوە هیچ دەسەڵاتێكیان نابێت.
+ دانا مهنمی بارهگای بارزانی مێژوویهكی دێرینی له ناو پارتی دا ههیه ، مهلا مستهفا پێش شۆرشی ئهیلول كێشهی لهگهڵ بهرپرسهكانی پارتیدا ههبوو ،بههۆی ئهو كێشانهوه بۆ بهڕێوهبردنی كارهكانی مهلا مستهفا بارهگای خۆی له پارتی و و بهرپرسهكانی پارتی جیاكردهوه چیدی لێدوانهكانی به ناوی خۆیو بارهگای بارزانییهوه بوو نهك پارتی و مهكتهبی سیاسی ، دوای كۆنگرهی ههشتهمی پارتی ساڵی ۱۹۷۰ له ناو پردان ، ئیدریس و مهسعود بارزانی بوونه ئهندامی ئهو بارهگای بارزانی تا ئاشبهتاڵی پارتی له ساڵی ۱۹۷٥ ئهو بارهگایه مایهوه . لهئێستا دا ئامانج لهبوونی بارهگای بارزانی بهمهرجهعبوون و ناساندنی خودی مهسعود بارزانی یه ، لهكاتێكدا كه ئهم بارهگایه هیچ سیفهتێكی یاسایی و دهستوری نییه و بریارێكی حیزبییهو بۆ ئهوهیه كه به كۆمهڵگای كوردی بڵێن مهسعود بارزانی (واحید الئهحهده) ! مهلا مستهفا له ناو بارهگای بارزانیدا زۆر ئیمانی بهحیزب نهبوو زۆریش كاریگهری حیزبی بهسهرهوه نهبوو ، بهڵام مهسعود بارزانی عهقڵ و سایكۆلۆجیهتی بهرهو حیزبی بوون دهروات و حیزبیانه بیردهكاتهوهو خهسڵهتهكانی پارتی زیاتر لهتوخم و ڕهگهزی مهسعود بارزانی تێدایه و ناتوانێت دهوری مهلا مستهفای باوكی ببینیت . بارهگای بارزانی دامهزراوهیهكی نیشتیمانی نییهو ناتوانێت نوێنهرایهتی ههموو شارو شارۆچكهكانی كوردستان بكات ،ناچێته خانهی نیشتیمانیهوه تا پێناسهی نیشتیمانی بۆ بكرێت ،بهڵكو دهچێته خانهی حیزبیهوهودهتوانین بڵێین : بارهگای بارزانی بریتییه له دیوهخانێكی سیاسی - كۆمهڵایهتی كه پهیوهندییهكانی مهسعود بارزانی دهبهستێتهوه به حیزب و سهركرده كوردستانی و عێراقی و وڵاتانی ههرێمی و نیودهوڵهتییهوه ". مهرجهع لهمانای زمانهوانیدا به واتای سهرچاوهی گهرانهوهی حیزب - حكومهت - خهلك بۆ ههر پرس و ڕایهك كه ههیان بێت ، مهرجهعیهت له ئهدهبیاتی سیاسی و ئاینی دا سهرچاوهی بڕیارو رێبهریكردنی خهڵكه ، پارتی دهیهوێت به زۆرهملێ مهسعود بارزانی بكاته مهرجهعی كوردستان ،وهك چۆن ئێستا له عێراقدا شیعهكان مهرجهعیهتیان له كهسایهتی سیستانی دا بهرجهسته كردووه ، فارسهكان خومهینی و تۆرانیهكانیش له ئهتاتورك و میسرییهكان له عهبدولناسردا بهرجهستهیان كردووه ، بهڵام نه سیستانی و نهئهتاتورك و نه عهبدول ناسریش لای نهتهوهكانیان قبوڵكراو نییه و خهڵك خهون و خولیای تری ههیه بۆ ئایندهی خۆیان ، له كوردستانیش كاتی خۆی مهلا مستهفا نهیتوانی ببێته مهرجهعی ههموو كوردستان ، چونكه له ناو پارتیدا لهسهرهتای دروستبونیهوه له هاوپهیمانی عهشایهری و خێلهكی پێك هاتبوو بۆ ئهوهی كاریگهری بهسهر تیره و عهشیرهته كوردهكانی ناوچه جیاوازهكانهوه ههبێ ، مهلا مستهفا وهك نوێنهری خێڵی بهرزانیهكان و ناوچهی بادینان، شێخ لهتیف شێخ محمود وهك نوێنهری بنهماڵهی شێخ مهحمودی حهفید و ناوچهی سلێمانی، كاكه زیاد غفوری وهك نوێنهری ناوچهی كۆیه و دهوروبهری. بهڵام بههۆی عهقڵیهتی ناوچهگهرێتی و خیڵهكی و بنهماڵهییهوه ململانێی نیوان سۆرانیهكانی ناو پارتی و بادینییهكان تا دههات قوڵتر دهبوون كه دواجار جیابونهوهی باڵی مهكتهبی سیاسی پارتی هاته ئاراوه ، لهو قۆناغهشدا پارتی حیزبێكی بنهماڵهیی بێفكر بوو زاڵبوونی حهزی ناوچهگهرێتی بهسهر خواسته نیشتیمانی و نهتهوهییهكاندا ڕهنگدانهوهی خراپی لهسهر ململانێكانی ناو پارتی دروست كرد ، دوای قوڵبونهوهی ململانێكان پارتی كۆنگره له دوای كۆنگره پاشهكشهیان به سۆرانیهكان كرد ،لهدوای ڕاپهڕین و ئهنجامهكانی شهڕی ناوخۆ ههرێمی كوردستانیان دوو كهرت كرد بۆ زۆنی سهوزو زهرد . مهسعود بارزانی بهر لهوهی مهرجهعی باڵای كوردستان ! بێت نهیتوانیووه لاپهڕهیهكی نوێ لهگهڵ یهكێتی و گۆران و ههتا پهكهكهو پهیهدهو كۆمهڵهو دیموكرات و كوردانی باكورو رۆژههڵات و رۆژئاوا ههڵبداتهوه ،جگهلهوهش تهنانهت نهیتوانیوه لهگهڵ سلێمانیزادهكان و گهرمیانیهكان و كهركوكییهكانیشدا زهمینهسازی بۆ پێكهوه بوونی ئاشتیانه بنیات بنێت ، لهههمووی گرنگتر مهسعود بارزانی له ههناوی حیزبهكهیدا زهمینه بۆ خیڵ و بنهماڵهكهی خۆشدهكات كه له ههرهمی حیزبهكهدا بن .
+ د. دیاری ئەحمەد مەجید زۆربەی كات كە گفتوگۆ دەكەین دەربارەی سیاسەت چەندین زاراوە بەكاردەهێنین، زۆر جار بۆ یەك مەبەست بێ گوێدانە جیاوازی نێوانیان، بە تایبەت ئەوانەی نزیكن لەیەكترەوە وەك هاوتای یەكتر (synonym) بەكاریاندێنین، بەڵام كاتێك بیر لە ماناو مەبەستی هەریەكەیان دەكەینەوە و لە ناوەڕۆكیان وورددەبینەوە و دەچینە قوڵایی مەبەستەكانیانەوە، بۆمان دەردەكەوێت كە جیاوازی هەیە لە نێوانیاندا، بەڵام زۆربەی كات لە خۆمان ناپرسین چین ئەو جیاوازیانە. بۆ نمونە جیاوازی لە نێوان دەوڵەتمەدار یان پیاوی دەوڵەت كە بە عەرەبی (رجل الدولە)یە و بە ئینگلیزی (State man) لەگەڵ سیاسەتمەدار یان پیاوی سیاسەت بە عەرەبی (السیاسی) و بە ئینگلیزی (Politician) لە ماناو ناوەڕۆكدا چیە؟ بەڵێ زۆرجار هەردووكی بەكاردێت بۆ گوزارشت لەو كاربەدەست و لێپرسراوە گەورە دەوڵەتیانە و سەركردانەی سیاسەت بەڕێوەدەبەن. لە ڕاستیدا ئەو دوو زاراوەیە; پیاوی دەوڵەت و سیاسەتمەدار، كێشەی زۆریان لە ماناو ناوەڕۆكدا ڕووبەڕوو دەبێتەوە، چونكە دەوڵەتمەدار بێشك سیاسیە و پیاوی سیاسیش لەهەوڵی ئەوەدایە بگاتە بەرزترین پلەی دەسەڵات و ببێت بە پیاوی دەوڵەت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا جیاوازی لە نێوان ئیش و مەبەست و پەیامی هەردووكیاندا هەیە، ئەو جیاوازیەش كارەكتەری كەسایەتیەكە و سیستەمی سیاسی و ئەو سەردەمەی تیایدا كاردەكەن، دیاریان دەكات. لە زانستی سیاسەتدا هەموو لێكۆڵەرەوان، كە پێناسەی سیاسەت دەكەن، دان بەوەدا دەنێن، كە سیاسەت هەوڵدانە بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات و ئیشپێكردن و پارێزگاری لێكردنێتی و ئەوە بە ڕەگەزێكی سەرەكی سیاسەت دادەنێن. ئەفلاتۆن و ئەریستۆتالیس كە سیاسەت پێناسەو شیدەكەنەوە، باس لە شێوەكانی دەسەڵات و سیستەمی حوكمڕانی ”دەوڵەتە شارەكانی” (city-state) یۆنانی كۆن دەكەن و لەسەر بنەمای باشی و خراپیان و یاسا جیاوازەكانیان پۆلێنیان دەكەن. لێ نیكۆلۆ مەكیاڤیللی یەكەم بیرمەندی بواری سیاسەتە، كە لە كتێبی (میر)دا بە ڕوونی و ئاشكرا باسی هێز و ماهیەتی دەسەڵات دەكات و وەك چەقی سیاسەت و ناوەڕۆكە هەرە سەرەكیەكەی دەیناسێنێ. مەكیاڤیللی سیاسەت بەوە پێناسەو دیاری دەكات، كە هەوڵدانە بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات و چۆن ئیشپێكردنی و پارێزگاری لێكردنێتی. مەكیاڤیللی لەو بیردۆزانە دووركەوتۆتەوە كە باسی جۆرەكانی دەسەڵات و سیستەمەكانی و پێویستی چۆنبوونیان دەكات، بەڵكو زۆر ڕاشكاوانە و ڕیالیستانە پەنجەی خستۆتە سەر حەقیقەتی مەبەستەكان لە سیاسەتدا وەك ئەوەی كە هەن. لەم سەردەمەشدا ئامانجی سەرەكی سیاسەت و سیاسەتمەدار هەر گەیشتنە بە دەسەڵات، بەڵام لە سیستەمە دیموكراسیە ڕاستەقینە و ”تەندروستەكاندا” گەیشتن بە دەسەڵات لە ڕێگەی دەنگدان و متمانە پێبەخشینی هاووڵاتیانەوە ڕووئەدات، لەبەرئەوە ئەو ”پیاوی سیاسەتەی” دەگاتە دەسەڵات و دەیەوێت ببێت بە ”دەوڵەتمەدار” كاتێك پێناسەی پیاوی دەوڵەت وەردەگرێت كە چیتر بیر لە بردنەوەی هەڵبژاردنی داهاتوو نەكاتەوە و بەردەوام وەك سیاسیەك هەڵسوكەوت نەكات، بەڵكو ئیتر بۆ دابینكردنی بەرژەوەندی ئێستاو دواڕۆژی نەتەوەكەی هەوڵبدات و لەو پێناوەدا كاربكات ئەو بەرنامانە جێبەجێبكات كە نەتەوە و ووڵاتی تیا بەرەو ڕزگاربوون دەبات لەدەست كێشەكانی و یارمەتی هەستانەوە و پێشكەوتنی دەدات، وە ئەوە خۆی لەخۆیدا گەرەنتی دووبارە هەڵبژاردنەوە و بەدەستهێنانەوەی متمانەی میللەت دەبێت و لەهەمان كاتدا فرسەتی لە دەسەڵاتدا مانەوەشی پێدەبەخشێ. واتە پیاوی دەوڵەت چیتر بیر لە ڕێوشوێن و بەرنامەی هەڵبژاردنی داهاتوو و چۆنیەتی بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگ ناكاتەوە بە میتۆدە حیزبیەكان، بەڵكو لە ڕێگەی كارو بەرنامەی حوكمڕانی و خزمەتی ووڵاتەوە ئەوە دابین دەكات. سیاسیەكانیش وەك پیشەیان بەردەوامدەبن لەسەر هەوڵدان و كاركردن بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و بوون بە دەوڵەتمەدار. لێرەدا كێشە ئەوەیە لە زۆر كۆمەڵگادا سیاسی دەگاتە دەسەڵات، بەڵام نابێت بە دەوڵەتمەدار بزانێت ئەركی ئەوەیە، وەك ئەوەی لەسەرەوە باسكرا، بەڵكو لەبیر و ترسی لەدەستنەدانی دەسەڵات، هەر ”پیاوی سیاسەت” دەمێنێتەوە و لە دڵەڕاوكێ و پلانی ئەوەدا دەبێت چیبكات بۆ پارێزگاریكردن لە دەسەڵاتەكەی بەهەر میتۆد و شێوەیەك بێت. بە كورتی و كوردی ئەوەی كە دەوڵەتمەدار و سیاسەتمەدار لەیەك جیادەكاتەوە ئەوەیە كە سیاسەتمەدار بوو بە پیاوی دەوڵەت لە خەمی نەتەوەكەیدا دەبێت و بۆ خزمەتی ووڵات و گەلەكەی كار دەكات، بەڵام پیاوی سیاسەت ئەو كەسەیە كە هەرچەندە زۆرجار دەگاتە دەسەڵات، بەڵام مەرج نیە سیفەت و ئاكاری پیاوی دەوڵەت بەدەست بێنێت. ئەمەیە جیاوازی نێوان ”پیاوی دەوڵەت” و ”پیاوی سیاسەت”. یەكێك لە دیاردە سەرنجڕاكێشەكانی ئەم پرۆسەیەش ئەوەیە، زۆرجار لە مێژوودا پیاوی سیاسەت هەبوە نەگەیشتۆتە دەسەڵات، بەڵام هەمیشە وەك پیاوی دەوڵەت هەڵسوكەوتی كردوە و هەوڵی ئەوەی داوە و و كاری بۆ ئەوە كردوە سەرجەم بوارەكانی ژیانی ووڵاتەكەی و گەلەكەی بەپێی باشترین سیستەم ڕێكبخات لەپێناو خۆشگوزەرانی هاووڵاتیانیدا بێ گوێدان بە گەیشتن بە پلەو پایە. لەهەمان كاتدا سیاسەتمەدار هەبوە گەیشتۆتە بەرزترین لوتكەی دەسەڵات و بەناو ”دەوڵەتمەداری”، بەڵام هەمیشە لەخەمی بەرژەوەندی خۆی و خێزان و چواردەورە تەسكەكەی خۆی بوە و هیچ مەرجێكی بوون بە پیاوی دەوڵەتی ڕاستەقینەی تیا بەدی نەهاتوە و هیچ شانازیەكی دوای خۆی بەجێنەهێشتوە. دیارە سەردەمیش ڕۆڵی كاریگەری خۆی هەیە، چەندین كەسایەتی سەركردە لە مێژوودا و لە سەردەمێكی تایبەت و گونجاو و لەبار بۆیان، بوونەتە پیاوی دەوڵەت و میللەتەكەیان لە قەیرانی گەورە دەربازكردوە و سەرجەم دواڕۆژیان گۆڕیوە و بوونەتە سیمبۆلی نەتەوە، چونكە توانیویانە وەك سیاسی و لەهەمان كاتدا وەك پیاوی دەوڵەت هەڵسوكەوت بكەن و بەرنامەی كاری گەورە جێبەجێبكەن لە پێناو بەرەوپێشبردنی گەلەكەیاندا و هەمان كاتیش گەرەنتی گەیشتن بە دەسەڵات و مانەوەش تیایدا، بۆ خۆیان دەستەبەر بكەن. ئەگەر ئێمە لەسەر بنەمای ئەو پێناسە سادەیەی سەرەوە هەڵسەنگاندنێك بۆ سیاسەتمەدارەكانی خۆمان بكەین، بەڕەچاوكردنی كارەكتەری كەسەكەو ئەو سەردەمەی كە تیایدا كاری كردوە، كامیان توانیوێتی هەردوو ڕۆڵی سیاسەتمەدار و پیاوی دەوڵەت ببینێت و بە دەوڵەتمەداری ڕاستەقینە ناوی ببەین؟ تێبینی:* بەكارهێنانی ووشەی پیاو لێرەدا مەبەست لێی ڕەگەزی نێرینە نیە، بەڵكو ڕاناوی كەسی نادیارە، هەروەك جیاوازی لە نێوان (Man) و (Mann) لە زمانی ئەڵمانیدا، كە یەكەم ڕاناوی كەسی نادیارە و دووەم بە مانای پیاوە وەك نێرینە. پێشنیازیش دەكەم ئێمەش بۆ ڕاناوی كەسی نادیار (كە مێ و نێر دەگرێتەوە) ووشەی پیاو بە یەك (و) بنووسین و بۆ ڕەگەزی نێرینەش پیاوو بە دوو (و).
+ هیوا ناسیح پێشهکی دهمهوێت دانی پێدا بنێم، که یهکێکم له سهرسامهکان به دهنگی خالقی، ئهو یهکێکه لهو دهنگانهی که مهستم دهکات و دهمخاته سهر سهرمهستی شادی و باڵی پهرییان. وهک چۆن بێسنور سهرسامم به هۆنراوه و پهخشانهکانی مام هێمن موکریانی نهمر، بهڵام دیاره سهرسامبوون به بههرهمهندان نابێت رێگری ئهوهمان لێبکات که سهرنج و رهخنهکانمان ئاڕاستهیان نهکهین، چونکه ئهوان کهسانی دیار و بهناوبانگ و خۆشناون، ههر رهفتار و ههڵوێستێکیان شوێنهوار و کاریگهریی خۆی لهسهر ڕای گشتی شهقام و نێو جهماوهردا بهجێدێڵێت. ههربۆیه نابێت له ههڵوێستی ناراستیان ببورین و به سۆزدارانه لهگهڵیاندا بجوڵێینهوه. ئاخر دواجار ئهوان موڵکی خۆیان نین، بهڵکو هی نهتهوهکهیانن. هێمن موکریانی نهمر شاعیرێکی گهوره و به ههڵوێست و خامه بهپێزی کورده، ئهو كاتێك كه كۆماری دیموكراتی كوردستان به سهرۆكایهتیی پێشهوا قازی محهمهد له ٢٢ی كانوونی دووهمی ساڵی ١٩٤٦ دامهزرا، شیعری لهو رێوڕهسمهدا خوێندهوه، دوای رووخانی كۆماره ساواکهی كوردستانیش كاتێك ههواڵی له سێدارهدانی قازی محهمهدی بیست، خۆی گهیانده باشووری کوردستان، تا رهوشهکه ئارام بووهوه، ئینجا گهڕایهوه گوندهكهی خۆی و ماوهیهكیش له مهاباد ژیا. له دوای ههڵگیرسانی شۆڕشی ئهیلوول هاتهوه باشور و چووه پاڵ شۆڕشگێڕان و لهدوای ڕێككهوتننامهی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ دا، ماوهیهك له بهغدا وهك دوور له کهسوکار و زێدی خۆی له بارێکی سهخت و دژوار و ناههمواردا ژیا، لهو ماوهیهدا (ناڵهی جودایی) نوسی، که به ههزاران خوێنهری لهگهڵ خۆیدا گریان. لهگهڵ بهرپابوونی شۆڕشی گهلانی ئێرانیش له شوباتی ١٩٧٩دا، گهڕایهوه ڕۆژههڵاتی كوردستان. پاش ئهوهی جیاوازی ڕاوبۆچوونی لهگهڵ حزبی دیموکرات دروست بوو بهداخهوه زۆر ئازاریاندا و سوکایهتییان پێی کرد، تا گهیشته تۆمهت بۆ دروستکردن و زیندانییکردنیشی، بۆیه دڵی به یهکجاری له شۆڕشی کورد رهنجا و به ناچاری و بهو پیری و کهنهفتی و نهخۆشییهوه گهڕایهوه رۆژههڵاتی کوردستان و زێدی خۆی لای کوڕه تاقانهکهی خۆی (سهلاح)، لهوێش چونکه له کورد و ئهدهب و زمانهکهی نهڕهنجا بوو، بهڵکو تهنها له دیموکرات رهنجا بوو، سهرباری ئهوهی لهدوای گهڕانهوهی بۆ رۆژههڵات تووشی كۆمهڵێك نههامهتی و ههژاری و سهختی ژیانی رۆژانه بووهوه، بهڵام بهو حاڵهشهوه گۆڤاری سروهی دهرکرد، که بۆ ئهوکات دیاردهیهکی ئهدهبی گرنگ و بهبایهخ بوو بۆ خۆرههڵاتی کوردستان، ئاخر ئهو سهردهمه هیچ گۆڤار و بڵاوكراوهیهكی كوردی له ئێراندا نهبوو. ئهم توانی لهم رێگهیهوه زمانی كوردی بباته ناو ماڵهكانهوه، سهدان کهس لێیهوه فێری كوردی بوون به بێ ئهوهی له خوێندنگه کوردیان خوێندبێت. دواتر بهداخهوه له ڕۆژی 17ی نیسانی 1986دا له ورمێ كۆچی دوایی كرد. له رێوڕهسمێكدا تهرمهكهیان گهڕاندهوه مهاباد و له گۆڕستانی بوداغ سوڵتان بهخاكیان سپارد.. ههموو تهمهنی هێمن بگهڕێی لهسهردهمی شای ئێران و کۆماری ئیسلامیشدا ههڵوێستێکی نانیشتمانی و نانهتهوهیی و نامرۆڤانهی تێدا نییه. بۆیه خۆی گوتهنی (موحتاجی محهک نییه و کوردی بێ غهل و غهشه). مهزههری خالقییش یهک له مهزنترین هونهرمهندی کورده، قسهمان له دهنگخۆشی و بهبههرهیی ناوبراو نییه، بهڵام دهنگۆی زۆر لهسهر رابردووی ههیه، که سهروهختی خۆی سهربه ساواک بووه و خزمهتی ئهو رژێمهی کردوه. ئهمهش زیاد له کهس و سهرچاوهیهک باسی دهکهن. دهکرێت تا ئهو ڕادهیهی ههردهنگۆ و پاگهنده بێت و بهڵگهمان نهبێت و راستینهی مهسهلهکه دهرنهکهوێت، چاوی لێبپۆشین و بورابێت، بهڵام که بابهتهکه گهیشته گهڕانهوهی ئهو بۆ رۆژههڵات، بۆ ژێردهستی رژێمی سێداره و دژ به کورد، ئهو رژێمهی هیچ مافێک به کورد و گهلانی تری غهیره فارس به ڕهوا نابینێت، ئهو دهستهڵاتهی رۆژ نییه، ههواڵی دڵتهزێنی شههیدکردنی کۆڵبهران و کاسبکارانی کورد له ژێر دهستیدا نهبیستین، ئیتر بابهتهکه له پۆشین و بوورین دهردهچێت و ههڵوێستهی گهرهکه. ئاخر کهس وهک هێمن سوکایهتی به خالقی نهکردوه، ناوبراو وڵاتنامهی یهک له خۆشترین و ئارامترین وڵاتی ئهوروپای له گیرفاندایه (بهریتانیا) ئهو له باشوریشدا له هیچی کهم نییه و زۆر به ئاسانی کهسوکاری دهتوانێت بێن و بیانبینێت، ئهو لهلایهن سهرجهم حزب و دهستهلاتداری باشور و جهماوهر و هونهردۆست و گهلی باشورهوه رێزلێگیراو و خۆشهێنراوه، ئهی کهوایه گهڕانهوهی بۆ خۆرههڵاتی کوردستان لهم کات و ساتهدا بۆچی؟؟ کێ لێی سودمهنده؟ هونهری کوردی یان رژێمی ئاخوندی؟ با سهفهرهکهی به کاتیی و بۆ چهند رۆژێکیش بێت، ئایا رژێمی ئێران ئهمه لهراگهیاندن بۆ ئارایشتکردنی (کرانهوه و دیموکراتخوازی و بوونی ئازادی) بهکار ناهێنێت؟؟ ئایا چ هۆکارێکی وا گهوره و گرنگ پاڵی بهم هونهرمهندهوه ناوه بگهرێتهوه و بهشداری له ڤیستیڤاڵی ژێر دهستهڵاتی ئهو رژێمهدا بکات جگه له خۆئاشتکردنهوه لهگهڵ دهستهڵاتی ئێران و رێگهخۆشکردن بۆ گهڕانهوهی یهکجارهکی بۆ ئهوێ؟؟ ئایا خالقی بۆ لهخۆی ناپرسێت، بۆچی داریوش، لهیلافروههر، موعین ئهسفههانی و چهندانی تر، که چهندان ئهوهندهی ناوبراو ناو و ناوبانگ و ئارهزوومهند و ههواداریان ههیه، تا ئێستا ناگهڕێنهوه بۆ ئێران؟؟ تهنانهت زۆریان به داخی زێدی خۆیان و دیداری ئازیزانیان له غهریبی سهریان نایهوه و کۆچی دواییان کرد. ئایا خالقی لهگهڵ رژێمی ئێراندا چی پێ دهکرێت و دهتوانێت چ داواکارییهک بکات تا سهرکوت و چهوساندنهوهی رۆژههڵات کهم بکاتهوه؟؟ خۆزگه مهزههری خالقی ههر له ئهوروپا و باشور و ئاوارهییدا بووایه و له دووره زێدی خۆی گۆرانی بچڕیایه، نهک بگهڕایهتهوه رۆژههڵات و لهوێ بهرپرسانی ئیتلاعات و ئوستانداریی سنه پێشوازی لێ بکهن، چونکه دواجار سهردانهکهی جگه له تۆزێک چێژی کاتی بۆ خودی خۆی و کهسوکاری، هیچ سودێکی بۆ گهلی ستهمدیدهی رۆژههڵات نییه، تهنها پهتی سێدارهی پێ ئهستورتر و کراسی دایک و خوشکی شههیدان و کاسبکاره به ناههق کوژراوهکانیی پێ رهشتر دهبێت.
+ د. رێبوار كەریم لەماوەی ساڵانی رابردودا، هەرێم و بەغدا، بەهۆی سیاسەتی هەڵەی دوولایەنەوە، لەیەکتر دابڕان. گرژی لەجیاتی لێکنزیکی، سیمای پەیوەندییەکانی هەردوولا بوو. زەرەرمەندی یەکەم لەو لێکدابڕانە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بون. تاوانبارکردنی لایەنێک بۆ ئەویتر ببوە جەدەلێکی نەبڕاوە. ماوەیەکە لەنێوان هەرێم و بەغدا گفتوگۆیەکی هێمن و بێدەنگ بەڕێوەدەچێت. ئامانج لێی رازیبونی هەرێمە بە تەسلیمکردنی بڕێک نەوت بە بەغداو فرۆشتنی لەڕێی سۆمۆوە. جیاوازی بیرکردنەوەی هەردوولا لەسەر ئەم دووخاڵەیە: یەکەم: ئەو بڕە نەوتەی کە هەرێم دەبێ بیدات بە بەغدا چەند بێت؟ هەرچەندە یاسای بودجەی عیراق بۆ ساڵی (۲٠۱۹) بڕی (۲٥٠٠٠٠) دووسەدوپەنجا هەزار بەرمیلی رۆژانەی دیاریکردوە، بەڵام ئێستا هەرێم لەهەوڵدایە ئەو رێژەیە کەمبکاتەوە بۆ (۱٥٠٠٠٠) سەدوپەنجا هەزار بەرمیلی رۆژانە یان کەمتر. دووەم: لە چ کاتێکەوە تەسلیمکردنی ئەو بڕە نەوتە ئەژمار بکرێت؟ رێگای یەکەم ئەوەیە ئایا بەپێی یاسای بودجە لە سەرەتای (۲٠۱۹)وەو بە (اپر رجعی) حساب بکرێت؟ لەم حاڵەتەدا پێویستە هەرێم قەرەبوی ئەو بڕە نەوتە بکاتەوە کە پێویستە لەکۆی مانگەکانی پێشوی ساڵی (۲٠۱۹) بینێرێت. ئەوەش بۆ هەرێم زەحمەتە. رێگای دووەم ئەوەیە لەوکاتەی کە رێککەوتن ئەکرێت بڕەنەوتی دیاریکراو بنێرێت. ئەمەیان ئاسانترەو فشاری کوتلە سیاسییەکان لەسەر حکومەتی عیراق کەمدەکاتەوە. رێگای سێیەمیش ئەوەیە کە لە ساڵی تازەی (۲٠۲٠)و بەپێی رێکەوتنێکی نوێ بڕێك نەوت تەسلیمی بەغدا بکات. ئەمەیان لەسادەترین مانادا بریتیەلە بێبەشبونی هەرێم لە بودجەی خۆی بۆ ساڵی (۲٠۱۹) جگەلە موچە. هەرچۆنێک بێت، گرنگە هەرێم و بەغدا لەسەر دۆسیەی نەوتی رێک بکەون. چونکە ئەو هەنگاوە دەبێتەهۆی دەستکەوتی زیاتر بۆ خەڵکی هەرێم. ئەگەر هەرێم لەگەڵ بەغدا لەسەر هەر یەكێک لەو رێگایانە بۆ چارەسەری دۆسیەی نەوت رێکبکەوێت، مافی ئەوەی نیە هیچ منەتێک بەسەر خەڵکی هەرێمدا بکات. چونکە لانی کەم دوو ئەوەندەی داهاتی ئەو بڕەنەوتەی دەیەوێت تەسلیمی بکات هێشتا بەدەستی هەرێمەوە دەمێنێت و لەگەڵ داهاتی گومرکەکان و ناوخۆ دەتوانێ داهاتێکی باشی پێدابین بکات بۆ پرۆژەی خزمەتگوزاری. بەڵام نابێ دۆسیەی نەوت و دۆسیەی داهاتی ناوخۆ لەوە زیاتر بە ناشەفافی بمێنێتەوە.
+ عەلی کەریمی لە ژێر گوشاری کۆماری پەت و سێدارە، لە کاتێکدا رۆژانە سەری لاوان بەدارەوە دەکەن، کۆڵبەری برسی و هەژار بە شێستیر و قەناسی دەستی پاسداری دژە مرۆڤایەتی لە دوورەوە دەپێکن، لە کاتێکدا هەرچی نوخبە و ناودار بوو بە دەستی مەلایان کوژراون و یان ئاوارەی وڵاتان بوون، یان ئەوەتا بەشداری لە شەرعیتدانێکی تر بە کۆماری مەلایان ناکەن و لە مالەوە دانیشتوون و پێ ناخەنە نمایشێکی مەسخەرەی لەم چەشنە، رێک لە کاتێکدا ئەم کۆمارە دەست بە خوێنە لە گیانەڵادایە و خەڵکەکەی شەوانە بە ئاسودەیی سەرناخەنە سەر سەرین لە ترسی هێرشی موشەکی ئەمریکا، جارێکی تر رێوی سفەتانی مەلای ئێران لە ژێر ناوی "کۆنگرەی ناوداران" کۆمەڵیک مەلا و جاهل کۆدەکەنەوە بۆ شەرعییەتدان بە درێژەدانی ژیانی پڕ لە شەرمەزاری و چەنگ بە خوێنیی چل ساڵی خۆیان. بە درێژایی ساڵانی ٧٠ و ٨٠ و ٩٠ ئێمەی شۆڕشگێران و پێشمەرگەی رۆژهەڵات تەنانەت لە ژێر گوشاری بەعسیشدا نەچووین بۆ ئەم چەشنە فستیوال و کۆنگرانەی بەعس وەڕی دەخست لە شارەکانی هەولیر و سلێمانی و برینی دڵی پڕ لە سۆی دایکانی شەهیدانی باشوری کوردستانمان نەدەکولاندەوە. ئەمجورە کۆنگرانە زۆر مەسخەرە و مناڵانەیە و کاتەکەی هیچ گونجاو نەبوو، تەنیا بۆ بەسووک کردنی ئەم "ناودارانە" و شەرعییەتدان و رەوایی دان بە سیاسەتەکانی ئاخوندەکانی ئێرانە لەبەرامبەر ئەو هەموو فشارەی ئەمڕۆ کراوەتە سەری و ئاخر رۆژەکانی ژیانی پر لە جەور و جەفای تێدەپەڕێنێت! ئەوان ئەمڕۆ لە ترسی خۆیان بە هەڕەشە بێ یان موفاوزات یان ئەم جۆرە کۆنگرانە و شوتی لەبن هەنگڵ نانە، گەرەکیانە دۆز و کێشەی رەوای گەلی کورد لە ئەگەری شەڕ و لەناو چوونی خۆیان، بقۆزنەوە و بە لاڕێیدا بەرن و بە نیاز و خەون و خەیاڵی هێنانی کوردن بۆ بەرەی داروخاوی کۆماری پەت و سێدارە!
پەیڕەو ئەنوەر سەرۆک وەزیرانی عیراق بڕیاردەدات "حەشدی شەعبی" تێکەڵ بە سوپا و دامەزراوەی سەربازی عیراق بکاتەوە! بارەگا و وێنە و سیمبوڵەکانیان دابخات. ئەم کردەیە فرە رەهەندە بەتایبەت لە پەیوەندی نێوان سەرباز/میلیشیا و دەوڵەت و هاوڵاتی! دیارە پێویست دەکات بەرلەوەی کلیک لەسەر ئەم وێنە تازەیە بکەین، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ چەمکی سوپا و پڕۆسەی نوێنەرایەتی! سوپا لە عیراق نوێنەرایەتی کێ دەکات؟ سوپا دەزگایەکی مەدەنی و بەمۆدێرنکراوە! یان سوپا کۆمەڵگەی عیراقی، کەرت و وێنە کۆمەڵایەتییەکانی گرێداوە بە پەیکەری سەربازی خۆی! دیارە سوپا وەک دەزگا، بیرۆکراتیەت و سیمبوڵی دیسپلینکردن بە میتۆدێکی کۆمیدی لە عیراق لەدایک دەبێت. دواتر جەنەڕاڵ و بکەرەکانی ناوی دەبن بە دەستەبژێری سیاسی، رێسا و کەلتوری سیاسی بەرهەمدەهێننەوە؛ تەنانەت ئەم دۆخە بەرەو ئەوە دەڕوات سیستمی سیاسی بگۆڕن، پاشا لابەرن و جەستەی سیستمی پاشایەتی گڕ تێبەردەن، جمهوریەت لەگەڵ خۆیاندا بهێنن. پڕۆسەی بەمۆدێرنکردن، فراوانکردنی سوپا، بە سەربازیکردنی هەموو کایە و خەیاڵ و کەناڵەکان لەسەردەمی بەعسدا دەگاتە لوتکە! لەڕاستیدا کۆمەڵگەی عیراقی لەسەردەمی بەعسدا تەنها دەیتوانی بەزمانی سەرباز، کەلەپور و فەرهەنگی سەربازەوە گفتوگۆبکات. دەکرێت ئەم کردەیە بە کوشتنی خەیاڵی بەمەدەنیکردنی سوپا و سەرباز لە نێو بونیادی دەوڵەتدا وێنا بکەین. کوشتن بە واتای ئەوەی لەنێو جەستە و پەیکەری "هاوڵاتی" سەرباز و سیمبوڵەکانی سوپا جێگیربکەیت و هەموو دەرفەتێکی مەدەنیبوونی لێ بستێنیتەوە. تێکەڵکردنی حەشدی شەعبی بە سوپای عیراقەوە هیچ ئەگەرێکی بەدامەزراوەیبوون و بەنیشتیمانی بوون بەدوای خۆیدا ناهێنێت. حەشد و سەربازی عیراقی بە دوو زمانی سەربازی تایبەت، بە دوو دەزگای بیرۆکراتی و دەوڵەتی جیاوازەوە لەگەڵ ئەوانیتردا لە پەیوەندیدان! ئەم دوو ئەکتەرە خاوەن دوو پانتایی جیاوازن! هەریەکەیان نوێنەرایەتی کەلەپور و مێژوو و خەیاڵێکی لەیەکتر دابڕاو دەکەن. حەشدی شەعبی لەنێو دامەزراوەی سەربازی عیراقدا ناهێڵێت ناسنامە مەزهەبی و سەروو دەوڵەتییەکەی کاڵ بێتەوە، لەناو جەستەی سوپادا بتوێتەوە! لەڕاستیدا حەشد وەک ئۆردەر و هەندەسەی سەربازی بە هیچ ناوەندێکی عیراق نابەسترێتەوە! جوڵە و هەڵبەز و دابەزینەکانی لە دەزگا ناوەکییەکانی عیراقەوە بەرهەم ناهێنرێت؛ ئەم هێزە بە ناوەندێکی تر و خانەیەکی سیاسی دەرەکی بەستراوەتەوە و جوڵەکانی دیاریدەکرێن`
+ پەری مامەسێنی چارەسەرنەکردنی کێشەی بێ ئاوی دۆسێیەکی بێ پلانە، کەحکومەتی ھەرێم ساڵانێکە ناتوانێت کۆتایی پێ بێینێت، کە پێداویستیەکی گرنگی ڕۆژانەی خەڵکە. ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی هاویندا بەشێکی زۆری گەڕەکەکانی ناو شار و ناحیەکانی دەوربەری هەولێر توشی قەیرانی بێ ئاوی دەبن بۆ ماوەیەکی درێژ. هەرچەندە ئەمساڵ بەبەراورد بەساڵانی ڕابردوو ڕێژەی باران بارین زیاتر بووە. دەتوانین بڵێین بەڕێژەی سێ هێندەی ساڵی ڕابردووبوو. ئەمساڵیش تەنها لەسنوری پارێزگای هەولێر، ڕێژەی بارانبارین لەسەرەتای زستان تاکو مانگی سێی ئەمساڵ، کۆی باران بارین بەملم ٧٤٧.٤ بووە، بەبەراورد بەساڵی ڕابردوو کەڕێژەکەی ٢٨٢.٦ بوو. واتا جیاوازی باران بارینی ئەمساڵ لەگەڵ پار ساڵ بەملم ٤٦٤.٨ زیاتربووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بەنداوی پێویست ڕێژەیەکی زۆری باران و ئاوی ژێر زەوی بەفیڕۆچووە. بەنموونە، ئەمساڵ ئاوی بەنداوکان لە ٪۳۰ ڕێژەکەی زیادی کردووە .دووبار ئەم کێشەیەش بۆ کەمتەرخەمی حکومەت دەگەڕێتەوە، کەناتوانێ بەنداوی پێویست دروستبکات. تا لە زستان ڕێژەیەکی زۆر ئاو گل بداتەوە. تا هەموو ساڵێک هەمان کێشەو قەیرانی بێ ئاوی سەرهەڵنەداتەوە و هاوڵاتیان شار بێ ئاونەبن، بۆیە گرنگەو دەبێت ئەو دۆسێیە ئامانجی ستراتیجی لە پێشینەی ئیدارەی پارێزگا بە تایبەت و حکومەتی ھەرێم بێت بۆ بنیاتنانی چارەسەری یەکجاری کێشەی بێ ئاوی لەناو ھەولێر و ھەرێمی کوردستان بەگشتی.
+حەسەن رەحمان پەناه ئەو سەردێڕەی سەرەوە، سەردێڕی یەکێک لە گۆرانیە بە ناوبانگەکانی " مەزهەری خالقی" هونەرمەندی ناسراوی کوردستانە . ناوبراو چل ساڵە و پاش داگیرکردنی کوردستان و کوشتاری و قتڵ و عامی خەڵکی ئەم ناوچەیە لە لاین تاوانبارانی فاشیستی ئیسلامی زاڵ به سەر ئێراندا، لە دەرەوەی زێدی خۆی ژیاوە . خالقی وەک هەر کەسێکی دیکە کە لە شوێنی ژیان و کاری دابراوە ، حەز لە گەرانەوە بۆ ئەو شوێنە دەکات و مافی خۆیەتی. لەم نێوەدا لەوانەیە مەزهەری خالقی لە خەڵکی دیکە زیاتر حەزەی لە گەرانەوە بێت ، هەر بۆییە گۆرانی بۆ دەڵێت. بەڵام لە گۆرانییە بە ناو بانگەکەی مەزهەری خالقی دا ،دەسەڵاتدار وەک داگیرکەر و دوژمن باسدەکرێت، و دەڵێت "دۆژمن پێی خۆش بێت ، یان پێی ناخۆش بێت ، دەگەرێمەوە بۆ وڵاتەکەم" . بەڵام ئەم چوونەوە، گەرانەوەیەکی ئاسایی و سەر بەستانە بۆ "وڵاتەکە"ی نییە، بەڵکوو ئەوەی دەبینرێت ، پێخۆشبوونی دۆژمن و شکاندنی کەرامەتی شەخسی ئەو و کردنەوەی رێگا و ڕێچکەیەکە کە ساڵهایە لە هەرێمی کوردستانی عێراق و لە ناو دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە هەوڵی بۆ دەدرێت . ساڵهایە بەشێک لە بەرپرسانی هەرێم کوردستانی عێراق بە پێدا هەڵوتن بە دەسەڵاتدارانی ئێران و تورکیە ،هەوڵ بۆ گەرانەوەی نەیارانی سیاسی ، هونەرمەندان ، شاعێران و نووسەررانی دژ بە حکومەتی پەت و سێدارەی نیشتەجێ لەو بەشەی کوردستان یا دەرەوەی وڵات وەک دیاردەی دەستی خۆیان بۆ لای جەلادانی زاڵ بە سەر ئێران و تورکیەدادەدەن. چەند ساڵ پێشتر هەر ئەم کارەی کە ئەمرۆ لە گەڵ مەزهەری خالقی کرا، لەگەڵ "شوان پەروەر" گۆرانی بێژە ناوداری خەڵکی کوردستانی تورکییە نەنجامدرا و ناوبراو بە دەنگ و فەنگ، گرێنرایەوە ئەو وڵاتە و تەنانەت "ئوردوغان" ی فاشیست رەسمی(عکس) هاوبەشی لەگەڵ گرت و وەک ریکلامی حزبی بۆ پروپاگەندەی هەڵبژاردن لە ناو خەڵکی کوردستانی تورکییە کەڵکیان لێ وەرگرت. مەزهەری خالقی بۆ "کونگرەی ناودارانی کورد" کە لە شاری سنە ، ناوەندی پارێزگای کوردستان لە لاین دەسەڵاتدارنی کۆماری ئیسلامی و دەست و پێوەندەکاناین رێکخراو ، گەرایەوە. ناوبراو لە سنوری مریوان لە لاین چەند پیاوی قێزەون و ریشداری کۆماری ئیسلامی کە بەرپرسی ئەو شارە داگیرکراوەیە و دەسەڵاتدارانن، بەخێر هاتنی لێکرا. کاک مەزهەر هەر لە یەکەمین هەنگاویدا پای ناییە خاکێک لە بۆنی خوێنی لێدێت. هەر لەو سنوورەی ئەو پێدا تێپەر بوو، دەیان کۆڵبەری ستملێکراو کە هەڵوەدای پاروە نانێک بۆ بنەماڵەیانن ، گیانیان لە دەستداوە یان بریندار بوون و رۆژانە دەبنە قوربانی. بست بە بستی ئەو رێگایی کە خالقی تا سنە گوزەرەپێداکرت ، مەیدانی دەیان و سەدان بەرخۆدان و قارەمانەتی دژ بە داگیرکەران بووە و سەدان و هەزاران قوربانی لێکەوتووەتەوە. خالقی جووە نێو شارێک کە کۆچی مێژووی دژ بە بوونی پاسداران لە هاوینی ساڵی ١٣٥٨دا لە لایەن کۆمۆنیستی بە ناوبانگی کوردستان ، ئێران و ناوچەکە کاک فۆادی مستەفاسۆڵتانی و هاورێکانی تێدا رێکخرا ، بەڵام ئەمرۆ قاتڵەکانی ئەوان و رۆڵەکانی شاری سەربەرزی مەرێوان تێیدا دەسەڵاتدارن. کاک مەزهەر چووە شارێک وەک هەموو ئێران، نیوەی دانیشتوانی، واتە ژنان لە حجاب و چادری رەشی کویلەتی ئیسلامییەوە به پێچەوانەی بیروباوری خۆیان پێجراونەتەوە ، داپۆشراون و دەژین. مەزهەری خالقی بەرەو شاری سەربەرزی سنە، پل کێشکرا کە رۆژانە ناوەندی ململانێی جەماورەی خۆراگر ، لاوانی شۆرشگێر، کرێکارانی لە ستەم یاغی ، ژنانی دژ به داب و نەریتی پیاوسالار و ئاینی و لە یەک وەشەدا، شاری سووری سەربەرزییە. بریارە رۆژانی سێ شەممە و چوارشەممە ١١ و ١٢پوشپەری ئەم مانگە، لە شاری سنەی قەڵای بەرخۆدان و رچە شکێنی فەرهەنگ و کلتوری شۆرشگێری و ئینساندۆستی دژ به کۆنەپەرەستی ، یەکێک لە کۆنە پەرەستانەترین کۆنگرەکانی کۆماری ئیسلامی لە ژێر ناوی "کونگرەی ناودارانی کورد" لە عەمارەتی خەسرەوئاوا، شوێنی ژیانی پێشووی "مەستورەی ئەردەڵان"، لە مەنتەقەی "موارەک ئاوا" بەرێوە بەچێت . ئەم بە ناو کونگرە ، بە چەند ئایەت لە قوران و دف و موناجات لە ژێر رەسمی(عکس) جنایتکارانی هاوچەرخی ٤٠ ساڵی رابردوو ، واتە خۆمەینی و خامەنەیی و لە ژێر بریقەی چەکی خۆێن ڕژانی خەڵکی کوردستان ،واتە سپای پاسدارن بەرێوە بەچێت. لەم بە ناو کۆنگرە، ئەگەر یادیش لە کەسانێک بکرێت کە ناودارن و خزمەتێکیان لە سەردەمی خۆیان به خەڵکی کوردستان و باقی خەڵکانی دیکەی ئێران و ناوچەکە بۆ رزگاری کردبێت، کۆماری ئیسلامی هەموو بەشە پوزتیوەکانی ژیانیان دەسرێتەوە و هەوڵ دەدات بە فەرهنگ و کلتوری ئیسلامی و پیاومەزنی دەسەڵاتی ئەمرۆی خۆی پێناسەیان بکات ، بۆ ئەوەی خۆی بە دڵسۆزی خەڵکی کوردستان نیشان بدات! ئەو کۆنگرە کۆنەپرستانە و سیخناخ بە دواکەوتوویی، لە شارێک و لە ناوچەیەک دەگیرێت کە چل ساڵە لە لاین کۆماری ئیسلامی به دڕندانەترین شێوە خەڵکەکەی سەرکۆت و فەرهنگ ، رابردوو و ئێستای لە ژێر سیبەری توانەوەدان. ئەم بە ناو کۆنگرە لە شارێک و ناوچەیک دەگیرێت ، کە گۆرستانی تایلە ، بەهەشتی مەحەممەدی و دەیان قبرستانی دەورووبەری ، بە سەدان شاعر، هونەرمەند، مرۆڤی تێکۆشەری و ئینساندۆست ، به دەستی کۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتدارانی هاوشێوەی پێشووی ئەو ،ئێعدام و گۆڕ ون کراون، لە ژێر خاکدا نووستەوەن و باسکردنی ناویان قەدەغەیە. کۆماری ئیسلامی ئەم بەناو کۆنگرە بۆ رێزگرتن لە "ناودارانی کورد" ناگرێت، چونکا دەسەڵاتێک کە ناودارترین تێکۆشەرانی شاری سنە و باقی کوردستان و ئێرانی، ئێعدام ، یان ترور ، یان لە بەرگەری پیشمەرگانە لە بین برد، یان هەڵوەدای هەندەرانی کردن ، ناتوانێت رێز لە مردووەکان و ناودارانی ئەو وڵاتە بگرێت و دڵسۆزی ئەوان بێت. کۆماری ئیسلامی ئەمرۆ لە شپرزەترین هەلومەجی ژیانی خۆیدا دەژی. گڵوڵەی لە لێژی کەوتووە. مۆتەکەی مەرگ بە سەر سەرێوە دەخولێتەوە. بە هەموو چەشنێک پەلە قاژێ دەکات خۆی لە خنکاندن نەجات دات. لە هەموو کات زیاتر وەبەر رق و بێزاری خەڵکی ئێران و ناوچەکە کەوتووە. بە پەڵە سەرقاڵی رووکردنی کارتەکانی، بە تایبەت دژ به شۆرشی خەڵکی کوردستانە. باس و دەنگۆی دانیشتن لە وڵاتی نۆروێژ لە لایەن چوار لایەنی هاوکار لە "ناوەندی هێزە سیاسیەکانی کوردستان" و دەرکاندی ئەم بە ناو دانێشتنە کە لە لاین بەرپرسانی وەزارەتی ئیتلاعات و سپای پاسداران بەرنامەی بۆ دارێژراوە و هیچ پەیوەندییکی بە ویست و داوخوازەکانی خەڵکی کوردستانەوە نییە و تەنیا بۆ راگەیاندنی هەرەشەو گورەشەکانی سپای پاسدارن به برپرسانی ئەو ناوەندیە و بۆ پەرە پێدان بە ئاژەوەگێری لە نێوان ئەوان و لایەنەکانی دیکەی چالاک لە گۆرەپانی سیاسی کوردستان و بە مەبەستی لە چاوەروانی راگرتنی خەڵکی کوردستان لەم هەلومەرجە هەستیارەدا هەواڵەکەی بڵاو دەکرێتەوە ، هەر وەها رێکخستنی "کۆنگرەی ناودارانی کورد" لە ناوخۆێ کوردستانیش هاوکات لەگەڵ هەرەشەکانی سپای پاسداران لە سەر سنورەکان، و لە سەرووبەندی ساڵ وەگەری ئێعدامی ٣ بەندکراوی سیاسی "رامین حۆسین پەناهی، لوقمان و زانیار مورادی" و هەر وەها موشک بارانی بارەگاکانی دوو باڵی حیزبی دیمۆکرات لە نەزیک شاری "کویە" و گیانبختکردن و بریندار بوونی زیاتر لە ٥٠ کەس لە ئەندامانی رێبەری و کادرو پێشمەرگەی ئەو دو حیزبە و مانگرتنی یەکگرتووانە و سەرکەوتووانەی خەڵکی کوردستان لە سەر بانگەوازی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان دژ بەو دوو جەنایەتە، حەڵقەگەلێک لە زنجیرێکن کە لە لایکەوە بزوتنەوەی شۆڕشگێرانەی خەڵکی کوردستان و بە تایبەت لایەنی کرێکاری ، چپ ، سوسیالیست و ئازادیخوازی ئەو بزوتنەوەیان کردوەتە نیشانە و لە لایەکی دیکەوە ترس و خۆفی کۆماری ئیسلامی لە خەباتی عادڵانە و هەقخوازانەی خەڵکی ئازادیخوازی ئێران و کوردستان نیشان دەدات. لە وەها هەلومەرجێکدایە مەزهەری خالقی بەرەو کوردستان و شاری سنە دەچێت و ئەم شەو لە کاناڵی تلویزیونی ئەم شارە ، گۆرانی " دەگەرێمەوە بۆ وڵاتەکەم"ی بۆ بڵاو دەکەنەوە !؟ لە کاتێکدا ئەگەر خالقی پاش بریاری جیهادی خۆمەینی لە ٢٨ی گەڵاوێژی ٥٨ و پەلاماری هەمە لایەنەی سپای پاسداران و ئەرتش بۆ سەر کوردستان ، لە ئێران وەدەر نەکەوتایت و هاوکاری رەژیمی نکردبا ، ئێستا ئێسک و پروسکیشی بە دەست ئەو کەسانی کە ئەمرۆ دەست لە ناودەستیان دەنێت، نەدەما، و هەروەها لە کاتێکدا ، شاعێران ، هونەرمەندان و دڵسۆزانی خەڵکی کوردستان، ئەو بە ناو کونگرە کۆنەپەرستانە بایکۆت دەکەن و لە ریزی خەڵکەکەیان خۆیان جیاناکەنەوە ، چوونەوەی مەزهەری خالقی بۆ بە ناو "کۆنگرەی ناودارانی کورد" لە راستیدا لە خزمەت بە بازار گەرمی و چەواشەکاری کۆماری ئیسلامی لە دڵسۆزی درۆزنانە بۆ رابردووی خەڵکی کوردستان و لەتمە لێدان لە رابردووی خالقی تەواو دەبێت و چارەنووسێکی باشتر لە چارەنووسی "شوان پەروەر" لە ئێستا و داهاتوودا چاوەروانی ناکات. لە وڵاتێدا مافیای سپای پاسدارن و "بەیتی رەهبەری" تێیدا زاڵن و زیندان ، شکنجە و ئێعدام، ڕۆژانە ئینسانەکان دەکات بە قوربانی ، نە پیلانی سپای پاسدارن و وەزارەتی ئیتلاعات به ناوی "وتووێژ"، بۆ لایەنەکانی بەشدار لەو گاڵتەجاری خۆفریوی و پیلانەدا، بێجگە لە مایە پووچی به جێیک دەگات و نە "گەرانەوە بۆ وڵاتەکە"ی خالقی لەم ساڵانەی ئاخری تەمەنی، بێجگە لە بێ ڕێزی بە خۆی و هونەرەکەی لە نێو هۆگەرانی دەنگی، هیچی دیکەی بۆ بە دیاری ناهێنێت. سەد بریا مەزهەری خالقی کاتێک بگرایتەوە بۆ "وڵاتەکە" ی کە بە جێی قاتڵانی کۆماری ئیسلامی، خەڵکی خەباتکار و کۆڵنەدەری کوردستان و بە تایبەت شاری سنە و مریوان پێشوازیان لێکردبا. بەڵام بە داخەوە وا بریاری نەدا ، یان وایان بریاربۆ نەدا؟ دووشەممە ١/٧/٢٠١٩
کامیار سابیر ئەم وتارە، راستەوخۆ رووی لە قادری حاجی عەلیی نییە، بەڵکو ئەو وەکو میتافۆرێکی سیاسیی وێنە کراوە، رووی لەوانەیە ئومێدیان لەسەر بییرکردنەوە و ئەکتە سیاسییەکانی قادر و هاوەڵەکانی داناوە. ئەم نووسیینە بۆ ئەوەیە بە کورتیی، ئەو خەت و نەهجە سیاسییانە دەست نیشان بکا کە لە دوای شکستی گۆڕانەوە، کۆمەڵگەی کوردستان بە گشتیی و ناوچەکانی سلێمانیی و گەرمیان بە تایبەتیی، لەگەڵ بێئومێدییەکی زۆردا، رووبەڕوو بوونەتەوە. بە واتایەکی تر، دەکرا ئەم وتارە بگەیەنرانایە بە قادر و برادەرەکانی، بەڵام مەبەست لە بڵاوکردنەوەیان، ئەوەیە کە سیاسەت بۆ رای گشتیی و بەرژەوەندیی گشتییە، دەبێ راستەوخۆ و بە راشکاوییش روو لە خەڵک بێت. ئەگەر بە دیدە ئەفڵاطۆنییەکەیش سەیری سیاسەت بکەین، ئەوەیە ئەگەر فەرامۆشی بکەیت، یان بە زمانی سەردەم ئەگەر بایکۆتی بکەیت، لە لایەن "کەسانی نزم و بێ ویقارەوە"، جڵەو دەکرێیت. دیارە ئەمە سەرکۆنەکردنی ئەو بایکۆتە نییە لە دوایین هەڵبژاردنی کوردستاندا کرا، بەڵکو ئەو بایکۆتە بەریینە، بە هۆی خوێڕییەتی ئەو ئۆپۆزیسیۆنە، بێ فیکر، بێ روئییە، بێ روئیا و بێ نەهجەوە بوو کە لە پێناو پارە و چوونە ناو دەسەڵاتەوە، رێک "کۆپی"ی حیزبی مافیاکانی نەوتی دەکردەوە و کردیشی. بۆ دۆخی ئەمڕۆی کوردستان و عێراق، ئەو هەموو مافیا جۆراوجۆر و میلیاردێرە دزانە، بە هۆی موردیی ئەو دەیان هەزار رانتخۆر و موبایەعەچییەوە، جڵەوی کۆمەڵگەیان گرتووەتە دەست، چونکە چەندیین ئافیونی ئایدیۆلۆژیی( نەتەوەیی، نەژادیی، طائیفیی و شەرعییەتی میلیشیایی شاخ) بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگە و دزیینی سامانی نیشتمانیی، بەکار دەهێنن. لە بەرامبەریشدا، بەشێکی زۆری ئینسانە باشەکان و ئەو نوخبانەی ویژدانیان ماوە، یان بێدەنگییان هەڵبژاردووە یاخود خۆیان لە سیاسەت بەلەسە کردووە و هیچ چالاکییەکیان نییە. لەم جوغزەوەیە، دەکرێ قسە لەسەر جوڵاندن و مۆبەڵایزی سیاسیی خەڵک بکرێ کە بەهۆی ئۆپۆزیسیۆنێکی مردارەوە بووەوە، بێئومێدییەکی زۆر باڵی بەسەریاندا کێشاوە، یان وەکو قادری حاجیی عەلیی دەڵێ، رێگرە! ئێستا وەهمێک لە لایەن ئەوانەی کە بەتەمای پۆست و پارەی رەیعی چوونە ناو دەسەڵاتەوەن، تەخشان دەکرێ، گوایە هیچ هێزێک ناتوانێ گۆڕان تێپەڕێنێت؟ لە راستییدا و لەسەر ئەرضی واقیعی سیاسیی، بەبێ دروستبوونی هیچ حیزبێکی سیاسیی نوێ، گۆڕان نەک هەر تەجاوز کرا، بەڵکو ئەوەندە بە جێماوە، هەرگیزا و هەرگیز بە یەک لەسەر چواری جارانیشی، هەڵناسێتەوە. ئەو بایکۆتە بەریینە، رێک تەجاوزی خورافاتە سیاسییەکانی گۆڕان بوو، بەڵام میکانیزمی سیاسیی ئەم تێپەڕاندنە زۆر گرنگە لە لایەن هەر سیاسیی و حیزبێکەوە، رابەرایەتیی بکرێ. ئەم وتارە، تەنیا وەکو بەرکوڵێک بۆ هەڵسەنگاندنی بییرکردنەوەی قادری حاجیی عەلیی تەرخان کراوە کە یەکەمیین چاوپێکەوتنی رەسمیی کردووە، دوای ئەوەی بە تەواویی لە گۆڕانی ئێستا، دوور کەوتووەتەوە. سیاسیی ئەم سەردەمە، بە تایبەتیی پاش فەشەلی گەورەی گۆڕان و رۆڵ بیینینی گۆڕان وەکو پرۆکسییەکی پارتیی، دەبێ بەرچاوڕۆشن بێت، کەمێک مەعریفە، کولتوور و جەرائەتی( سیاسیی) هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانێت بەرچاوڕۆشنیی بە خەڵک بدات لەو دونیا جەنجاڵەی سیاسەتی کوردییدا کە کۆمەڵێ مافیا، چەتە"گانگ-Gang" و دزی میلیاردێری کوردایەتیی، وەکو پییشە، سیاسەتیان لە ئابوورییی چەتەگەرییدا تەوظیف کردووە. قادری حاجیی عەلیی لەو چاوپێکەوتنەیدا، ئاماژە بەوە دەدات کە گۆڕان، رێگرە لە گۆڕانکاریی! لەبەرامبەردا بە زمانی چەپە فەندەمێنتالیست و ئایدیۆلۆژیستەکان نا کە هەمیشە مەمەمژەی ئاڵتەرناتیڤ باس دەکەن، بەڵکو لە بری ئاڵتەرناتیڤی ئایدیۆلۆژیی، باسی گوتارێکی رۆشن، جەرییئانە، نیشتمانییانە( نەک نەتەوەیی و نەژادیی)، ئازادییخوازانە نەک طائیفیی و مەذهەبیی، دەکەین کە بتوانێ وەکو بەدییل لە گوتارە رزییوەکەی کوردایەتیی، جیاواز بێت. ئەگەر گۆڕان رێگرە، ئەی چۆن رێ دەکرێتەوە و ئەم رێگرانە لەسەر رێگە رادەماڵرێن؟ ئەمەیان هەر بە پۆپۆلیزمی جەڵەبیی، بە حەماس، بە شیعارات و زەخرەفەی سیاسیی، بە کەفوکوڵ و شییڕە شییڕ، بەڕێوە ناچێت، بەڵکو بە پرەنسیپ، بە ئیرادەی سیاسیی، بە مۆراڵ و فیکری سیاسیی، لەنگەر دەگرێت. سیاسیی، بۆ ماوەیەکی زۆر قسەی نەکرد و بییر لە گوتار و ئەکتێکی سیاسیی جیاواز بکاتەوە، بە تایبەتیی کە گۆڕان فەشەلێکی ذەریعی تووش بووە، دەبێ زۆر وردەکار، سیاسیی و عەقڵانیی، مامەڵە لەگەڵ رەهەندە لۆکاڵیی( کوردستانیی)، عێراقیی، ئیقلیمیی و جیهانییەکان بکاتەوە. دەبێ زۆر لە هەڵبژاردنی چەمکەکاندا ورد بێت، بە تایبەتیی ئەگەر وەڵامی پرسیارەکان بە نووسیین بێت نەک بە شەفەهیی، دەبێت لە بەکارهێنانی زمانی سیاسیی و کۆنتێکستە سیاسییەکاندا، هەوڵ بدا کەمتریین تەفسیر و تەئویل بۆ قسەکانی بکرێن. بە چەند خاڵێک، هەندێ سەرنج لەسەر وەڵامەکانی قادری حاجیی عەلیی، لێرەدا بەیان دەکرێن. 1. قادر و هەموو ئەوانەی دەیانەوێ بەوشێوەیە سیاسەت بکەن کە لە پەنای ناو و کاریزمای نەوشیروانەوە رەخنە لەم گۆڕانەی ئێستا بگرن، سەرەنجام هەر هەموویان لەو سەرمایە مەعنەوییەی رێکخەری گشتیی( پێشوو) گۆڕان، هیچیان بەرناکەوێت. سەرمایەی مەعنەویی و ماددیی ئەو پیاوە لای کوڕەکان و رێکخەری ئێستا و ئەو خانەی راپەڕاندنەیە کە هەموویان، غوڵام، مورید و سەرلەقێنی خۆی بوونە. دەبێ ئەمە بۆ خەڵک و بۆ هەوادارانی خۆیشیان روون بکەنەوە، جەرییئانە و واقیعییانە قسە لەسەر ئەوە بکەن، ئایا خودی نەوشیروان خۆی بەشێکی سەرەکیی و ماستەرمایندی ئەم گەندەڵیی و ویراثە سیاسیی و داراییەی ناو گۆڕان، نییە؟ خۆ هەڵاواردن لەم پرسیارە ریشەییە، نیشانەی بەرچاولێڵیی و ترس لە هەیبەتی نەوشیروان نەبێ، خێرێکی بۆ ئەوانە نابێت لە گۆڕان، دوور کەوتوونەتەوە. زۆر بە رۆشنیی، دەبێ بە جورئەتەوە، باسی ئەوە بکرێ کە ئایا ئەو پیاوە خۆی راستەوخۆ بەشدار نییە لە بە خێزانییکردنی گۆڕان و دەستگرتن بەسەر تەواوی دارایی گۆڕاندا،ئایا بەرنامەی عەلەنیی و مەخفیی خۆی، نەبووە؟ 2. لە باسی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ دا بۆچوونەکانی زۆر جوان، ئینسانیی، عەقڵانیی و عێراقییانەیە ( وەکو سیاسییەکی عێراقیی، نەک لۆکاڵیی کوردیی)، بەڵام نە دەبووایە بە ناوچە جێناکۆکەکان بڵێ ناوچە دابڕاوەکان؟ بارزانیی بە بڕیاری ژمارە ٢٦ ی سەرۆکایەتی هەرێم لە ساڵی ٢٠١٢دا، شیعرێکی سیاسیی و دیپلۆماسیی، حیکمەتێکی قانوونیی و تیۆریی گەورەی داهێنا! ناوچە جێناکۆکەکانی لە خەیاڵدانی ناسیۆنالیزمی نیۆعەشیرەتییدا بۆ " ناوچە کوردستانییەکان لە دەرەوەی هەرێم" گۆڕیی. ئەوکات، لوطفیش دەکات کە سەرجەم وەزارەت و لایەنە رەسمیی و فەلەکان، پێوەی پابەند بن. مالیکیی سەرمەست بە کۆکتێلی ناسیۆنالیزمی عێراقیی و طائیفیی، هەر زوو وەڵامی دایەوە کە حەماسەتەکەی سەرۆکی پارتیی، ناقانوونیی و نادەستورییە. پاش ٧ ساڵ، بە تایبەتیی دوای فشە گەورەکەی ریفراندۆم، بارزانیی کە برازاکەی( نێچیرڤان) دەبێ بە سەرۆکی هەرێم، هەشت قسە دەکات و چواریان ئەوە دەبێت کە بەو ناوچانە دەڵێ کێشە لەسەر( جێناکۆک)، دەی مەبەستەکە ئەمەیە بارزانیی بۆ بیزنس، دەزانێ لە کوێدا کۆنتێکستی دروست بەکار بهێنێت؟ بۆ هەرکەسێکی تر، لە دەرەوەی کەینونەی ئەم سەرەطانە ئایدیۆلۆژییە( کوردایەتیی) سیاسەت بکات، دەبێ لە ئەدەبییاتی کلاسیک و مۆدێرنی ئەم کوردایەتییە چەتەگەرییە، دوور بکەوێتەوە. دەبێ لە شیعر، لە پەخشان و ئەدەبییاتی هەزیل و هەڵکڕوزاوی کوردایەتیی، خۆی بە دوور بگرێ. قادر، لەسەر کەرکوک دەڵێ"ئێستا كە لە رووی سەربازییەوە لەدەستیشمان، داوە.." باشە ئەمە هەر هەمان ئەدەبییاتی پارتیی و مێدیا سێبەرەکانی و ئەو ئۆردووە زۆروبۆرەی نوخبە و عەوامی نەژادیی نییە کە دەبووایە کەرکوک، لەدەست خۆماندا بمایەتەوە؟ خۆمان، بە واتای هەموو کورد دێت و بە ناوی هەموو کەرکوکییەکانیشەوە( بە تایبەتیی کوردەکان)، قسە دەکرێت. خۆمان، ئەو مافیا گەورانەی کوردایەتیی نەبوون و نیین کە رۆڵی والییان بۆ خەلیفە ئەردۆغان، دەگێڕا؟ هەر ئەوانە نەبوون کە لەگەڵ داعشدا، رەدیف و حەلیف بوون؟ مەگەر کەرکوک بەس لە ژێر میلیشیاکانی کوردایەتییدا بمایاتەوە، ئیتر لە دەستمان نەدەدا، چونکە خوێن و گۆشت و ئێسقانەکانیان لە نەژادی خالیصی کوردن؟ 3. لە وەڵامی پرسیارێکدا دەڵێ" چیتیر دروشمی بریقەدارو كوردایەتیی موزەیەف و قڕۆشتنەوەی خەباتی شۆڕشگێڕیی وقودسییەتی هیچ كەس و بنەماڵەیەك، نابێت دەنگدەر بگەمژێنێتو هەڵخڵەتێنێ" باشە بۆچی کوردایەتیی موزەیەف بەکاردەهێنێت؟ ئایا، پێیوایە ئەم عەمالەتە ئیقیلمییەی پارتیی لە شەستەکانەوە دەیکات و دواتر یەکێتیی لە کۆتایی حەفتاکان و هەشتاکانەوە، هەمان کاسبیی دەکات و تا ئێستایش بە فۆرم و شێوازی جیاواز، لە کوردایەتیی بەردەوامن، یان ئەوانەی لە ئۆپۆزیسیۆندا بوون و کوردایەتییەکی خالیص و زاهیدیان دەکرد، مەگەر ئێستا هەموویان لەژێر دەواری مەرجەعی کوردایەتییدا کۆنەبوونەتەوە؟ ئەو مەرجەعەی لە دوو گوێچکەیەوە کە روواوە، وەکو پرۆکسیی (هێزە ئیقلیمیی و دەسگای موخابەراتیی جیهانیی)، مەئمورییەتی پێ سپێردراوە؟ ئایا لەم بێ ئاسۆیی، بێ ئومێدیی و کەڵەگاییەی دەسەڵاتی مافیاکانی نەوتدا کە تا رادەیەکی زۆر، گۆڕان بەرپرسە، دەکرێ جارێکی تر، دەست بۆ فۆرمێکی بۆگەنی تری ئەم ئاودەستخانەیە( کوردایەتیی) ببرێتەوە؟ ئەصڵەن، ئایا هەر موشکیلەی خەڵکی کوردستانی عێراق، کێشەی نەتەوەیی و نەژادییە، یان ئەم مەلەفە بەس بیزنسێکی گەورەیە و مافیاکانی کوردایەتیی، سەرمایەگوزاریی لەسەر دەکەن؟ لە واقیعدا، کێشەی خەڵکی کوردستان، نەبوونی عەدالەتی کۆمەڵایەتیی، دزیی و تاڵانییە، نەک کێشەی نەتەوەیی نەژادیی و طائیفیی، ئەم دوو رەهەندەیش تێکەڵ بکرێن، عاقیبەتەکەی ئەو پۆپۆلیزمە دەبێت کە گۆڕانی بەم دەردە برد. بە ئاراستەیەکی تردا، ئەگەر هەر سیاسییەک، رەخنەی سیاسیی و فیکریی لەم ئافیونە نەژادیی و نەتەوەییە( کوردایەتیی)، نەگرێ و لە ترسی تەخوینی تۆپخانەکانی کوردایەتیی، جورئەت نەکات شتێک بڵێ، باشتر نییە خۆی تووشی ئەم مورادیفە سەیرو سەمەرانە نەکات( موزەیەف)/ بۆ ئەوەی لای کەم، کەسانێک بەو هەڵەیەدا نەبرێن کە گوتاری کوردایەتیی لەدەست ئەم مافیایانە دەربهێنرێت و بخرێتەوە سەر رێچکەی خۆی، لە حەقیقەتدا، کوردایەتیی بە ساغیی و نەخۆشیی، بە کاڵیی و کوڵاویی، بە میلیتانتیی و بە مەدەنییەوە، بە وەطەنیی و خیانەتکارییەوە، بە عەوام و ئەکادیمیستییەوە، هەموویان، بەشێکن لە توراثی سیاسیی ئەو فەشەلە گەورانەی بە درێژایی ٨٠ ساڵ، بەسەر بزوتنەوەی سیاسیی کورددا هاتووە. 4. هەموو ئەو کەسانەی کە لە گۆڕان بەلەسە بوونە، جا رەخنەیان لێی هەبێت یان هەر هۆکارێکی تر، بۆ ئەوەی گۆڕان بە باشیی تێپەڕێنن، دەبێ لە بێ گوتاریی، پۆپۆلیزم و خورافەی کاریزماکانی شاخ، دوور بکەونەوە و گوتارێکی شەفاف و جەرییئانەی سیاسیی نیشتمانییان بۆ ئەم بێ ئومێدییە هەبێت؟ بە دڵنیاییەوە، ئەمە بەو لۆکاڵیزمە سیاسییەی گۆڕان ناکرێ کە پێیوابوو لە سلێمانیی و پارلمانی هەولێرەوە، دەتوانرێ سنوورێک بۆ ئەم چەتەگەرییە ئابوورییەی کوردایەتیی دابنرێت. بە تایبەتییش ئەم برادەرانەی زیاتر کەوتوونە ناوچەکانی سلێمانیی و گەرمیانەوە، بە بێ بوعدێکی عێراقیی، بەبێ لکاندنەوەی سیاسەت بە بەغدادەوە، تەنیا شەربەتی هەناری کوردایەتیی دەخۆنەوە و سەری خۆیشیان دەئێشێنن و تەمەنی نەوەیەکی تریش لە گەنجانی کوردستان، دەدەن بەدەم لافاوی ئەم چەتەگەرییەی مافیاکانی نەوتدا. بۆ ئەم بوعدە عێراقییە، یەکەمیین تەخوینی ذاتیی لە بییرکردنەوەی سیاسییە قەومییەکان و رۆشنبییرە نەژادییەکانەوە، رەنگڕێژ کراوە کە خۆبەخۆ دەچێتەوە خزمەتی ئاشەکەی پارتیی و کوردایەتییەکەی ماڵی بارزانیی، ئەویش ئەوەیە کە عێراق خۆی گەندەڵیی دایڕزاندووە، بەرەو شەقبوون و پارچەپارچەبوون دەڕوات، طائیفییەت کۆنترۆڵی هەموو جومگەکانی عێراقی کردووە و ....دەیان بلوێر و بالۆرەی تری کوردایەتیی موحەسەن و موزەیەف، لێدەدرێن. بۆ سیاسەتکردن، عەقڵانییەت و واقیعییبوون لەهەموو شت گرنگترن. راستە عێڕاق، کۆمەڵێ تەحەدای طائیفیی و گەندەڵیی گەورە تێیدا تەکان دەدەن، بەڵام وێڕای هەموو خراپییەکانی، ئەوە واقیعی سیاسیی ئیقلیمیی و نێودەوڵەتییە، فەرضی دەکات کە دەوڵەت عێراقە نەک خەلانۆچکە خورافییەکەی ئەوانەی ریفراندۆمیان کرد و دەیانویست بەشێک لە ویلایەتی موصڵی جاران بۆ سەر خاکی داییک( تورکیای نیۆعوثمانییەکەی ئەردۆغان) بگێڕنەوە. بە کورتییەکەی مەلەفی نەوت و سامانە سروشتییەکان، تەنیا و تەنیا بە دەوڵەتی عێراق و هاوکاریی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کوردستان( ئەگەر بوونیان هەبێت) لەدەست ئەم مافیا میلیاردێرانەی کوردایەتیی، دەسەنرێتەوە. 5. سەرەنجام، گۆڕان بۆیە رێگرە، چونکە چووەوە سەر پلێتە ئەصڵییەکەی خۆی کە کوردایەتییە، کوردایەتییش، دزیی، خۆدەوڵەمەندکردن و ریسواکردنی کێشەی سیاسیی کوردە. لە عێراقدا، شتێک نەماوە کە ناوی قەضییەی سیاسیی کورد، بێت. جاران هەبوو، بەڵام ئێستا گرفتی ئیداریی و ئابووریی نێوان شارەکان هەیە و کێشەی سیاسیی کەرکوک و ماددەی ١٤٠یش، وێڕای ئەوەی دەستوریی و قانوونییە، وەکو قادر خۆی دەڵێ، کێشەکانی نێوان پارتیی و یەکێتیی بەم رۆژەیان گەیاندووە. فەشەلی گۆڕان، لەبەر ئەوە نەبوو کە سەکردە کاریزماکەی مرد، بەڵکو بە دەرەجەی یەکەم لەبەر ئەوە بوو، خاوەنی گوتارێکی سیاسیی رۆشن نەبوو. ئەصڵەن فیکری سیاسیی نەبوو، پۆپۆلیزم، کەڕ و کوێری کردبوو. مەعدەنی ئەصڵیی گوتارەکەی گۆڕان جیاوازتر نەبوو لە گوتارە پۆپۆلیزمە کوردایەتییەکەی پارتیی و تا رادەیەکیش، یەکێتیی، هاوکات، سەرکردەکەی فەشەلی هێنا لەوەی ئەو دەستپاکیی و نییەتپاکییەی بۆ عەدالەتی کۆمەڵایەتیی و چاکسازیی، بە شیعار و حەماسەوە باسی دەکرد، نەیتوانی تەرجەمە بکاتە ناو حیزبەکەی و خێزانەکەی خۆیەوە. لێرەوەیە کە مەصڵەحەتتریین ئینسانە سیاسییەکان لە چەپ و راست لە عەلمانیی و لە ئیسلامیی، لە گەنج و لە پییرەکانی شاخ، لە شەهادەدار و لە هونەرمەندی گەعدە، لە دەوری گۆڕان ئاڵان، بۆ ئەوەی شەرییک بن لە خواردنی شۆکۆلاتەی رەیع و ئەو هەموو پارە دزیینەی کەرتی نەوت، پارتییش، زۆر بە سەخاوەتەوە، توانیتی زۆریینەی رەهای قیادییە گەنج و پییرەکانیان، خوێندەوار و ئومییەکانیان، بە پارەی رەیع، خرپن و گۆشتن بکات. هەموو ئەمانەیش بەسەریەکەوە، بووە بە هۆی ئەوە کە گۆڕان، بە کردەوە، رێگر بێت. پارتییش، لە ئاییندەی نزیک و دووردا، لە رووی لۆجیستیی و ماددییەوە، باشتر خزمەتی ئەم رێگرییەی گۆڕان، دەکات. ئەی ئەم رێگرییە چۆن لادەبرێ؟ بە قەولی عەرەب، والایام بیننا.
+ هونەر تۆفیق بەشی یەکەم سەدەیەک لەنێوان کۆکس و برێمەردا لە ناوەڕاستی ١٩١٨ دا ، بەریتانیەکان بەتەواوی عوسمانیەکانیان لە میزۆپۆتامیا ( عێراقی ئێستا) کردە دەرەوە . لەسەر پێشنیاری ئارنۆڵد ویڵسن ناوی ئەو سێ ویلایەتە عوسمانیە داگیرکراوە ( موسڵ ، بەغدا ، بەسرە) یان لە میزۆپۆتامیاوە گۆڕی بۆ ناوێکی عەرەبی کە عێراقی ئێستایە . کۆکس بە ڕاوێژەکانی میسس دیترۆت بێڵ، پێشنیاریان بۆ تاجی بەریتانی کرد لەناو ئەو بنەماڵە (سەید ، شەریف ، شێخ )ە دەست رۆیشتوانەی ناوچەکەدا کەسایەتیەک بدۆزنەوە ، بیکەن بە پادشای عێراق کە جێگای ڕەزامەندی هەم نەتەوە جیاوازەکانی میزۆپۆتامیا - عێراق بێت و هەم بەریتانیەکانیش متمانەی پێ بکەن . بۆ ئەوەی چارەسەری ڕاپەڕینەکانی گەلانی عێراقی پێ بکەن کەبە شۆرشی بیست ناسراوە لەدژی داگیرکاری بەریتانیەکان بەرپاببوو . کۆکس وەک عەرابی یەکەمی دروستکردنی عێراق، بەم نەخشە و شێوە سیاسیەی ئێستاوە، پایە سەرەکیەکانی دەوڵەتی دامەزراند ، هەر لە دروستکردنی سوپا و پۆلیس و دادگا و خوێندنگەوە تا سیستەمی سیاسی پەرلەمانی پادشایەتی . بۆ ڕاگرتنی پەیوەندیە هۆزایەتی و مەزهەبی و نەتەوەییەکانی ناو ئەو دەوڵەتە تازەیەش ، جۆرێک لە دەستەڵاتی (محاصصە)فرەبەشی بەسەر سەرۆک هۆز و بنەماڵە ئایینی و شێخ و سەیدەکاندا دابەشکرد . هەروەها ئەفسەر( کەلە سوپای عوسمانیەکان هەڵگەڕابوونەوە ) و رۆشنبیرە قەومیەکانی دەوری شا فەیسەڵی کوڕی حسەینی شەریفی مەککەی دەرکراو لەلایەن ئالسعودەوە ، کۆکردەوە کە بەهۆی بەشداریان لە هەیکەلە ئیداری و سەربازیەکانی عوسمانیەکاندا شارەزایی دەوڵەتداریان هەبوو ، کۆکس لەو تێکەڵەیە حکومەت و نیزامە سیاسیەکەی عێراقی پێکهێنا . نزیکەی سەدەیەک لەپاش پێرسی کۆکس ، لە ٢٠٠٣ دا ئەمریکا ، عێراقی داگیرکردەوە . حاکمێکی بە سەر مەدەنی و بە پێ عەسکەری (چونکە تا لە عێراق بوو بە پۆستاڵی سەربازی و پۆشاکی مەدەنیەوە مایەوە )بۆ عێراقیەکان نارد کە ئەویش پۆڵ بریمەربوو . برێمەر لەیەکەم هەنگاودا هەموو میراتە ئیداریەکەی کۆکسی هەڵوەشاندەوە بە سوپا و پۆلیسیشەوە . بۆشاییەکی سیاسی و ئیداری و ئەمنی گەورەی لەناو عێراقدا دروستکرد کە تا ئێستاش پڕ نەکراوەتەوە . لەهەمان ئەو بنەماڵانەی سەدەیەک پێشتر کۆکس حکومەتی لێ پێکهێنان ، بریمەر مەجلیسی حوکمی لێ دروستکردن . لەو ٢٥ ئەندامەی مەجلیسی حوکمەکەی برێمەر ، ١٣یان عەرەبی بنەماڵەی سیاسی ساداتی شیعەبوون ، ٥ یان نوێنەرانی شێخە عەرەبە سونەکان بوون . ٥ یان کوردی نوێنەری هەم ئایینی و هەم بنەماڵەی سیاسی کوردەکان بوون . یەک مەسیحی و یەک تورکمانیش . لەپاش ١٦ ساڵ لە دروستکردنی ئەو پێکهاتەیەی برێمەر لە مەجلیسی حوکمدا هێشتاکە ناکۆکی و ململانێکانی نێوانیان ، بە ئاڵۆزی و بێ چارەسەر ماوەتەوە . عێراقی مەجلیسی حوکم لەسەر دەستی برێمەردا بوو بە عێراقی ئەو بنەماڵە سیاسیانەی لە مەجلیسەکەدا بەشداربوون . کە نەیانتوانی نە پێکەوە عێراقێکی یەکگرتوو و دیموکراسی دروست بکەن ، نە ژیانێکی شایستەش بۆ خەڵکەکەی ناوچەکانیان دابین بکەن . ئەو بنەماڵانەی لە سەرەتای دروستبوونی ئێراقەوە ، سەدەیەکە لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا ( بە دەستەڵاتداریەوەبێت یان بە ئۆپۆزسیۆن بوون ) لە ناکۆکی و ململانی ی کوشندەدان کە گەلانی عێراقی پێوە گیرۆدەبووە . ماویەتی ...
+ لوقمان حەوێز ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە بەراورد بە گەلێک لە ووڵاتە پێشکەوتووەکانی تری جیهان ووڵاتێکی ساوایە، هەمووی 241 ساڵە دامەزراوە، بەڵام لەوەتەی ساڵانی 1880 تاوەکو ئێستاش بە بەردەوامی پێشكەوتووترین و بەهێزترین ووڵاتی جیهان بووە، بێ ڕکابەرترین ووڵاتە لە بواری تەکنەلۆژیاکانی فڕین، پشکنینی بۆشایی ئاسمان، کۆمپیوتەر و ڕۆبۆتەکان، پزیشکی و دەرمان، چەک، کشتوکاڵ، هتد... لەم نوسینە کورتە کەمێک تیشک دەخەمە سەر نهێنیەکانی بەهێزی و پێشکەوتنی ئەو ووڵاتە و بەردەوامبوونی بەم شێوەیە بێ ڕکابەری بە درێژایی پتر لە 135 ساڵی ڕابردوو... دیارە کۆمەڵێک هۆکار هەبوون بۆ ئەوە بەڵام هۆکاری سەرەکی ئابووری بووە، لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی ناوخۆ لە ئەمەریکا بە چەند ساڵێک و بە ووردی لە دەوروبەری ساڵی 1875 و تاوەکو ئێستا بە بەردەوامی ئابووری ئەم ووڵاتە گەورەترین ئابووری جیهان بووە، هۆکارێکی تری سەرەکیش هەر لە سەرەتاوە چڕبوونەوە و کۆبوونەوەی داهێنان و تەکنەلۆژیا بووە لەم ووڵاتە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەر لەسەرەتای دروستبوونیەوە تاوەکو ئێستاش بەوە ناسراوە کە شوێنی ڕاکێشان و کۆچکردنی بلیمەتەکان، زاناکان، داهێنەرەکان و بەتواناکان بووە لە هەموو بوارەکانی زانست و تەکنەلۆژیا و هونەر و وەرزش بووە لە نێو گەلەکانی جیهان، ئەو بلیمەت و بیرمەند و زانا و بە توانایانەش گەنجینەیەک بوون بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە زانستیەکان و لە ئەنجامدا بۆتە پێشکەوتنی بێ وێنەی ئەم ووڵاتە لە هەموو بوارەکان... هەروەها ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە ناسنامەیەکی نوێی دروستکردووە و بەخشیوە بەبێ جیاوازی و جیاکاری بە هەموو ئەو مرۆڤانەی کۆچیان کردووە بۆ ئەوێ و بە دوای ئازادی و ژیانێکی نوێ و داهێنان و کارکرندا گەڕاون، بە تایبەتی لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی بیستەمەوە تاوەکو ئێستاش بە بەردەوامی ئەمەریکا ساڵانە بە فەرمی هەزارەها ڤیزای نیشتەجێبوونی داوە بە زانا و بلیمەت و بە تواناکان لە سەرانسەری جیهان بۆ ئەوەی کۆچ بکەن بۆ ئەو ووڵاتە و بە ئێجگاری لەوێ نیشتەجێ بن، تەنیا لە ساڵی 2015 پتر لە 23 هەزار کەسی لەم شێوەیە لە زۆربەی ووڵاتانی جیهان کۆچیان کرد بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا... هەر لە سەدەی نۆزدەشەوە تاوەکو ئێستاش بەرهەمی لێکۆڵینەوە و کارکردنی ئەو زانا و بلیمەتانە نهێنی داهێنانە گەورەکان بووە لەم ووڵاتە وەکو داهێنانی کارەبا، تەلەفۆن، فڕۆکە، ووزەی ناوکی، تڕانسیستۆر، چوونە سەر مانگ، کۆمپیوتەر، ئینتەرنێت، داڕشتنی نەخشەی جینۆمەکانی مرۆڤ، فەیسبووک، هتد... ئەمەریکا هەر لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە دەرکی بەوە کرد کە لەگەڵ بەهێزبووندا بەرپرسیاریەتی گەورەش دێتە پێشەوە، بۆیە هەر لەوکاتەوە ساڵانە بڕێکی زۆر لە داهات و دەرامەتی حکومەتی فیدراڵی تەرخان دەکات بۆ بواری سەربازی، بەبێ بەشداریکردنی ئەمەریکا لە هەردوو جەنگی جیهانی ئەوروپای ڕۆژئاوا و روسیا بە تەنیا هەرگیز نەیان دەتوانی سەرکەوتن بەدەست بهێنن بەسەر ئەڵمانیای نازی و ئیمبراتۆریەتی ژاپۆن، ئەو کاتە چارەنوسی جیهان بە ئاقارێکی ترسناکدا دەڕۆیشت، لەم چەند ساڵەی دواییشدا بودجەی سەربازی ساڵانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا گەیشتۆتە پتر لە 700 ملیار دۆلار، ئەمەش گەلێک زیاترە لە کۆی بڕە بودجەی سەربازی ساڵانەی هەموو ووڵاتانی ڕووسیا و چین و ئەڵمانیا و فەرەنسا و بەریتانیا هیندستان و سعودیە بەیەکەوە... لە دوای نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمەوە تاوەکو ئێستاش نەوەک تەنیا هەر لە بواری تەکنەلۆژیا و پیشەسازی و کشتوکاڵ بەڵکو لە ڕووی کەلتوری و کۆمەڵایەتیشەوە ئەمەریکا کاریگەری گەورەی لە سەرتاسەری کۆمەڵگاکانی جیهان دروستکردوە ئەویش لە ڕێگەی بەجیهانیبوونی کەلتوورەکەی، نمونەی ئەمەش بڵاوبوونەوەی فلیمەکانی هۆلیوود، گۆرانی و کۆنسێرتەکان، پانتۆڵی جینز، تۆڕەکانی هەواڵ وەکو سی ئێن ئێن، پڕۆگرامەکانی خوێندن و زانکۆکان، نوسین و چاپەمەنیەکان، هتد... بەهۆی چڕبوونەوەی کۆمپانیا زەبەلاحەکان لە بواری تەکنەلۆژیا سەرەکیەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، زۆربەی شارەزایان و ئابووریناسان لە سەرانسەری جیهان لەسەر ئەوە کۆکن لایەنی کەم لەم سەدەیەش ئەمەریکا وەکو سەدەی بیستەم بە بەهێزترین و پێشکەوتووترین ووڵات دەمێنێتەوە لە جیهان، تا ئێستاش قەبارەی ئابووری ئەمەریکا لە سەدا 23 ی قەبارەی ئابووری هەموو جیهانە، لەگەڵ ئەوەی کە ئابووری ووڵاتی چین لە 25 ساڵی ڕابردوو لە گەورەبووندا بووە و ئێستا بۆتە لە سەدا 14 ی ئابووری جیهان، بەڵام لەبواری تەکنەلۆژیا سەرەکیەکان بە بەراورد لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا جارێ چەندەها ساڵ لە دواوەیە و پێشبینی ناکرێت بتوانێت لە داهاتوێکی نزیک یان دیار بتوانێت ڕکابەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای پێ بکرێت... ئەمەریکا جگە لە خاوەندارێتی کردنی بڕبڕەی پشتی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا لە جیهان، بە خاوەنی بەهێزترین دیموکراسیش دادەنرێت، ئەمەش دیسان لە کۆتاییدا لە قازانجی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا دەبێت، چونکە لەو سیستەمە بە بەردەوامی کەموکوڕیەکان پەنجەیان دەخرێتە سەر و پەردەپۆش ناکرێن و هەوڵی چارەسەرکردنیان دەدرێت.