د. محەمەد كیانی + رەمزی مەجید فەردە قسەی زۆر دەکرێ لەسەر چی پێویستە بکرێت. زۆر کەس دەڵێن خەلکی کورد لە حیزب بێزار بووە. ئێمە دەبێ هۆکارەکانی پشت ئەو قسە بڵاوە بزانین چیە، ئینجا دەتوانین ڕایەکی تۆکمە و ڕاست دەرببڕین کە خەمی هەمو ئەو کەسانەیە بەدوای چارەسەریەکی یەکجارەکی بۆ کێشە سیاسیە جەنجاڵەکانی باشوردا دەگەڕێن. ئایا بەڕاستی خەڵکی کورد لە بنیاتنانی حیزب بێزار بووە؟ بە ورد بوونە لە سەرجەم ژیانی سیاسی کورد لە شەستەکانەوە تاکو ئێستا دەبینین چەندین قەوارەی سیاسی سەریانهەڵدا، هەر یەکیان لە قەوارەیەکی پێش خۆی لە دایك بووە کە بەڕەچەڵەك دەگەڕێتەوە سەر پارتی یان زادەی خودی پارتی بووە. کەسانی سەرکردایەتی ئەم رێکخراوە نوێیانە دەکەن پێشنەی کاری سیاسیان لەناو یەکێك لەو قەوارانەدا هەبووە. لە پاش دورستبوون لەسەر بەڕنامەیەك و چەندین دورشمی نوێوە و گەشەکردن لەسەر ئەو بنەمایانە، پاش باڵادەستبون، بەداخەوە ئەو قەواورە نوێیەش وەك ئەوانی تری ڵێدێتەوە و بە هەمان ئەدای ئەوانەی پێش خۆی هەڵسوکەوت دەکات. ئەمیش دەبێتە شاگرد و پشکدار لە سەرجەم ناڕەواییەکانی حوکمداری ناشەرعی و گەندەڵ. لە ئەنجامدا، دەبینین هەمان عەقلی پارتیە لەناو ئەو قەوارە نوێیەش لەکارە و دەسەپێندرێ بەڵام بە دەموچاو و ناوێکی جیاوازەوە. ئەمەش دەبێتە ئیزافەیەك بۆ قەوارەکانی پێش خۆی و هیچ لە ژیان و چەرمەسەریەکانی جەماوەر ناگۆڕێت، خەڵکەکەی لە دەوری کۆبونەتەوە و جەماوەری فراوانی گەل هیوابڕراو دەکات. لەو سونگەوە، ئەوەی جەماوەر لێی ماندوبوە و لێی بێزارە ئەو دوبارە بونەوە و خۆبەرهەمهێنانەوەی عەقلیەتی پارتیە لە فۆڕمێکی تر، بەڵام بە هەمان عەقلیەتی دواکەوتو و بەرژەوەندخواز و هەژمونگەرایی بنەماڵەیی پارتی و بەکارهێنانی مەسەلەی رەوای کورد و داواکاریە رەواکانی جەماوەر بۆ بەدیهێنانی ویستی شەخسی و بنەماڵەییە بچوك و ناڕەوای کۆمەڵێکی تر. ئەمەش زیانی گەورە بە مەسەلەی نەتەوەیی و ژیان و بژێو و کەرامەت و ئیسانیەتی تاک و کۆمەڵ دەگەیەنێ. بە کورتی ئەوەی خەڵك لێی بێزارە ئەو عەقلیەتە دواکەوتوە بەژەوەندخوازە چاوچنۆك و بەدکارەیە لەگەڕە لە پەنجایەکانی سەدەی رابدوەوە لە ناو پارتی دایك و تا ئێستاش گواستنەوەی بۆ نەوەکانی دووای ئەو. هەمان عەقلیەتە پەیوەندی نێوان سەرکردەی حیزب و جەماوەر بە هەمان شێوازە کۆنە دواکەوتووەکە رێکدەخات و پیادەی ئەو سیاسەتەی پێدەکەن لە کوردستان کە دەبێ گەل و نیشتیمان بەکاربهێنرێت بۆ دابینکردن و ڕەپێشکردنی حەز و بەرژەوەندی بازنەیەکی داخراوی کەمی سەر ترۆپەی حیزب و دەستوپەیوەندەکانیان. بۆ نمونە، جەلالی لە مەلایی لەدایك بوو. ڕاستە سەرکردەکانی لە هەڵسوکەوتی مەلا مستەفا ناڕازی بوون، بەڵام سەرەنجام تەجاوزی کردارەکانی پارتیان نەکرد لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆیان. یەکێتیش کە ئەنجامی نەشونماکردنی جەلالیەتەکەبوو، لە کۆتاییدا کە بەرژەوەندیەکی مادی زۆر سەریهەڵدا، کرا بە دەستگایەکی بنەماڵەیی گەندەڵ، زۆربەی ئەندامانی مەکتەب سیاسیەکەی پێکهێنا لە کەسانی بەرژەوەندخوازی گەندەڵ و دوور لە وابەستەبوون بە بیروباوەڕ و پرنسیپە سەرەتاییەکانی یەکێتیەوە. باشترین پێوەر بۆ هەڵسەنگاندنیان گوێڕایەلی وئیتاعەی تەواو بوو بۆ مام جەلال. بەم جۆرە یەکێتی بوەوە کۆپیەکی دوبارەی پارتی و جیاوازیان نەما لە پراکتیزی سیاسی و چەسپاندنی دکتاتۆریەتی تاکە کەس و تێوەگلانی بەربڵاو لە گەندەڵی و خیانەتکردن و ڕوتاندنەوەی جەماوەر و سەرکوتکردنی و بێکەرامەتی کردن بە خەڵکی سەربەرزی ئەو یەکێتیەیان داڵدەدا و بەرەو باڵادەستییان برد. لە دوای ئەویش گۆڕان لە زگی ئاوسی یەکێتی هاتەدەر بە حیساب بۆ چاککردنەوەی هەڵەکانی یەکێتی، لەپاش ئامادەبوونی جاری یەکەمی گۆڕان لە پەڕلەمان، توشی هەمان دەردەکەی یەکێتی بووەوە و بووە دەستگایەکی دەست بازنەیەکی تەسکی سەرکردایەتیە بێ روئیای سیاسی و گەندەڵ و ناکارامەوە و فاشیلەکەی کە بێبەهرەیە لە چۆنیەتی سەروسەوداکردن لەگەڵ واقیع و لایەنە دەسەڵاتدارەکان. دواییش گۆڕان تەسلیمی حیزبی دایك بوو، وە بووە بەشێك لە چەسپاندنی دەسەڵاتداری بنەماڵەی بارزانی و ئەو سیستەمە گەندەڵ و چەوسێنەر و دژە مرۆڤەی سەرکردایەتی دەکەن، بەتایبەت دوای مەرگی کاك نەوشیروان. گۆڕانیش هەمان نەخۆشی بەرەو بە بنەماڵەبوون لێدا، پشتی کردە جەماوەر و لەوانیش خراپتر پەیتا پەیتا کەسانی دڵسۆزی ناو ریزەکانی خۆیان بەدەرنا. نەوەی نوێشمان بینی کە خراپترین نمونەی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە سیاسیە بوو لە ئەنجامی لادان و شکستی گۆڕان سەریهەڵدا. لە ماوەی یەك ساڵ، رووە پۆپیولیستە هەڵخەلەتێنکارەکەی سەروکی بزووتنەوەکە دەرکەوت. لە راستیدا، ئەو دووبارە بوونەوانە خۆبەرهەمهێنانەوەی هەمان عەقلیەتی هەژمونگەرایی بنەماڵەیی و بەرژەوەندخواز و عەمالەتی پاریتیە لە کەس و گروپانێكی خۆ بە بێبەش دەزان لە بازنەی داخراوی سەرکردایەتی و حاشیەکانی حیزبە یەك لەدوای یەکەکانی وەچەی پارتین. ئەم کەس و گروپانەش هەمان درم لێیان دەدات و پارتی بەرهەمدەهێنێتەوە لە فۆڕم ناوێکی تر. ئەم پڕۆسە نەشازە دوبارە و چەند بارە دەبێتەوە بێ ئەوەی یەک تۆسقاڵ کۆڕانکاری لە شیوازی کار و بیرکردنەوە و روئیای سیاسی عەقلیەتە ئۆریجناڵەکە روویدا. جەماوەر لەم عەقلە چەقبەستووە بەرد ئاسایە نەگۆڕ و بێ بەزەیی و بێ هەستە بێزارە، ترسی خولانەوەی بەردەوام بە دەوری ئەو بازنە داخراوەی عەقلی نەزۆکی کورد توشی بێزاری کردووە. دووەم هۆکاری نیشاندانی بێزاری جەماوەر لە بنیاتنانی حیزبی نوێ پڕوپاگەندەی حیزبە دەسەڵاتدارە هەژمونگەرا گەندەڵەکانە بە ئامانجی گەوجاندنی جەماوەر لە ترسی ئەوەی نەوەك هێزێکی سیاسی نوێ سەرهەڵبدات تەجاوزی عەقل و پراکتیزی ئەوان بکات و ببێتە ئەلتێرناتیڤێکی بەهێز بویان و جەماوەر لە دەوری کۆ ببێتەوە و ئاراستەی سەرهەڵدانێکی سەرتاسەری بکات بە پەڕاویزخستن و وەلانانی ئەو هێزە گەندەڵانە کۆتایی بێت. کرۆکی پرسەکە ئەوەیە، ئەو حیزبانە مەرگی خۆیان لەوە دەبینن عەقلێکی سیاسی تازەی جیاواز لە کاربێت لە قالبی حیزبێکی ساسی بەهێزی جیاواز لەوان لە بیرکردنەوە و رێکخستن و جیهانیبینی و بۆچون بۆ حوکمداری و کۆمەڵگە و رێکخستنەوەی ژیانی سیاسی بە پێچەوانەی عەقل و پراکتیز و بەرژەوەندی ئەوان . زۆر ترس هەیە لە دووبارە بوونەوەی ئەزمونی گۆڕان و هاوپەیمانیەکەی بەرهەم ساڵح و نەوەی نوێیەکەی شاسوار. ئەوەی ترسەکەش قولتردەکاتەوە ئەوەیە ئەم دیاردانە لە ماوەیەکی کورت سەریانهەڵدا و مایەپوچ دەرچوون. هەموشیان بانگەشەی گۆڕانکاری و نوێبونەوە و عەدالەتی کۆمەڵایەتی چەسپاندنی دەوڵەتی هاوڵاتیبون و یاسا ڕابەرایەتی گەنجانیان دەکرد و کاتێکی زۆری نەخایاند ئەو چەمکانەیان بێبەها و بێمانا کرد. ئێستاش زۆرێك لەوانەی لەناو گۆڕانی ئێستا بێبەش بوونە و لە ڕابردوی کارکردنیان لەناو گۆڕان بە چەند قسە و کردارێک کارابونە، ئێستا خۆیان بە میراتگری گۆڕان نیشان دەدەن و دەبێ ئاڵای خەباتیان بدرێتە دەست و جەماوەری ناڕازی بە تابیع و مریدی خۆیان دەزانن و واش نیشاندەدەن جەماوەر مڵکی تایبەتی خۆیانە. ئەم دیاردە ناتەندورست و کوشندەیە لەناو هەندێ بەناو گەنجی نارازی تەنراو بە هەمان عەقڵی سیاسی باوی کورد ئەمڕۆ لە گەڕدایە و لەدوای خۆ بە کاریزماکردنن کە سەرەنجام وەک هەمو دیاردەکانی پێشتر نمایشکارێکی هۆقەباز دەردەچن، جەماوەر دەستخەڕۆ دەکەن و توشی شکست و نائومێدی و بێچارەییەکی تری دەکەنەوە. رێکخستن لە چوارچیوەی کەسی کاریزما و هیواهەڵچنین لەسەر کەسان و گروپێکی داخراوی لەم جۆرانەی سەریان لە خۆیان و لە جەماوەریش شیواندووە بێگومان زیان بەخشە و نەبوونی باشترە. شتێکی بەڵگە ئەویستە، سیاسەت بۆشایی قبوڵ ناکات، جا ئەگەر بە بوونێکی دورست و باش و هیوابەخش پڕ نەکرێتەوە، بێگومان بونێکی نادورست و دوور لە مەرامی چاکەی کشتی و هەڵپەرستخواز خۆی پێدادەکات بۆ ئەوەی پڕی بکاتەوە و ئەنجامەکەی بێهیوای و بێچارەیی جەماوەر و بێزاربوون دەبێت، وەك بینیمان چۆن نەوەی نوێ لە دوای گۆڕان وەک قەوارەیەکی پەڕپوت هاتەپێش. ئەو شتەی جەماوەری بێزار کردووە خودی بنیاتنانی حیزبی سیاسیی بەهیز نییە بە ئامانجی کۆتاییپێهێنانی ئەو شەوەزەنگەی دەسەڵاتداری هەرێم و کۆتایی هێنان بەم دەسەڵاتدارییە دژ بە کۆمەڵگە و جەماوەر و نەتەوە و نیشتمانە، ئەوەی جێگای بێزاری جەماوەرە دوبارە بوونەوەی ئەو خەڕەکەی سیاسەتی کوردییە کە ناتوانێ گۆڕانگاریەکی جیدی بەرهەم بێهنێت و رەورەوەی گەشەی کۆمەڵایەتی بخاتە سەر سکەی سورشتی خۆی. ئەگەر نیەتی گۆڕانکاری لە واقیعی کوشندەی ئێستای باو هەبێت، دەبێ ئامادەیی بکرێت بۆ سیاسەتکردن بە بیر و بۆچونی تەواو جیاواز لە شێوەی بیر و پراکتیزی ئەمانەی هەن و رێکبخرێت لە چوارچێوەی حیزبێکی بەهێزی خاوەن دیسیپلین و شێوازی خەباتی سیاسی و جەماوری نزیک لە کۆمەڵگە و پێویستیەکانی و وابەستەی بیر و باوەڕێکی توکمە بێت نەك کەس و کاریزمای دورستکراو و مەرام شاراوە. دەبێ بیرۆکەکانی ئەو عەقلە لە دەستپێکەوە لە کاربێت و بە فیعلی مۆرکی دیاربێت بەسەر کاری رۆژانەی ناوجەماوەرەوە. ئەم حیزبە بەهێزە دیسیپلیندار و خاوە پرنسیپە دەبێتە چەقێکی بەهێز بۆ بەرەیەکی فراوانی کارای ئەڵتێرناتیڤ بۆ ئەم دەسەڵاتداریە نا عادیل و رەفتارفاشییە. ئەوەی لێرەدا پێویستە جەختی لەسەر بکرێتەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە ناهەموارەی بەرهەمی عەقلی هەژمونگەرای بە بنەماڵە کردنی سیاسەت و بەکۆیلەکردنی سەرجەم کۆمەڵگە و تاڵاکردنی سامانی نەتەوە و بەکارهێنان گەل و نیشتیمان لە پێناوی تەقدیسکردنی بنەماڵە، پێویستی بە حیزبێکی بەهێز و خاوەن پرنسیپی چەسپاو هەیە، بە عەقلیەتێکی سیاسی تەواو دابڕاو و پێچەوانەی ئەوەی ئێستا باوە ڕێبەرایەتی بکرێت، لە شێوازی کار و رێکخستن و چۆنیەتی تێکەڵبوون لەگەڵ جەماوەر بەتەواوەتی جیاواز بێت لەوانەی هەن، توانای پێشەنگایەتی بەرەیەکی فراوانی هەبێت، هەنگاوێکی گەورە دەبێت بەرەو سەرکەوتنی بەڕنامەی گەل و نیشتیمان بەسەر مافای دەسەڵاتداری ئێستا.
+ د. هەردی مێد به خوێندهوهی سیاسهتی دهرهوهی ئهمریكای ترهمپ خێرا دهگهمه ئهو قهناعهتهی ترهمپ روانگهیهكی سیاسی بۆ تاوتوێكردن و بردنهڕێوهی پهیوهندبهندیه سیاسی و دیپلۆماسیهكان نییه. كاروچالاكی و بڕیارهكانی ترهمپ له سهر ئاستی نێودهوڵهتی بهرههم و رهنگدانهوهی لۆژیكهكانی سیاسهت و ڕێساكانی گهمهی نێودهوڵهتی نین. ئهوهی ئهمڕۆ ترهمپ دهیكات، نه سیاسهته و نه زادهی لۆژیكهكانی سیاسهت. له سهردهمی ترهمپ سیاسهت، یان دروستتر سیاسهتی دهرهوهی ئهمریكا له سیاسهت دهكهوێت و به تهواوی دهكهوێته ژێر كاریگهری لۆژیكی كایهی ئابورییهوه. به مانایهكی دی، لۆژیكی كایهی ئابوری دهبێته بزوێنهری چالاكیه دیپلۆماسیهكانی ترهمپ. بۆ پییهر بووردیوو، ههروهها بۆ میكایل واڵزهر، ههر كایهیهك لۆژیكێكی تایبهت دهیبزوێنێت. ئهوهتا، كایهی ئابوری وهك بووردیو دهڵێت به دهوری لۆژیكی The business is businessدهخولێتهوه. واته، بزنس بزنسه و ملكهچی ڕێسا و یاساكانی خۆیهتی كه بریتیه له بردنهوه و قازانج، و هیچ ڕێسایهكی تر سهرداری كایهكه نییه. به مانایهكی دی، یهكێك له خهسڵهتهكانی كایهی ئابوری ئهوهیه، خاڵییه له مۆراڵ و ڕێسا مۆڕاڵییهكان. لهم ڕوانگهیهوه، له رابردووه تا ئهمڕۆ خهبات و تهقهلایهكی زۆر به ئاراستهی به مۆڕالكردنی ئابوری وملكهچكردنی بازرگانان بۆ ڕێسا مۆراڵیهكان دراوه. ڕاپهڕینی جوتیارانی سهدهی ١٨ له بریتانیا نمونهیهكی زیندووی ئهم ههوڵ و خهباتانهن كه گهوره مێژوونوسی بریتانی ئێداورد تۆمپسۆن له بارهیانهوه لێكۆڵینهوهیهكی بهرچاوی كردووه. تۆمپسۆن باسی ڕاپهرینی جوتیاران و ڕاوڕووتی كۆگا و گهنجینهكانی خۆراك له لایهن ئهمانهوه دهكات. بهڵام، بۆ تۆمپسۆن ڕاوڕووتی جوتیاران به مهبهستی دزین نهبوو، بهڵكو تهنها دروستكردنی فشار و ملكهچكردنی ئابوری و پیاوانی بازرگان بوو بۆ ڕێسا مۆڕاڵیهكان، به ئامانجی ڕێگهگرتن لهوهی نرخی شتومهكهكان یاریان پێبكرێت. ههر له بارهی ئهم رووداوانهوه، تۆمپسۆن چهمكه به ناوبانگهكهی < <ئابوری مۆراڵ (Moral economy)>، كه له ساڵی ١٩٧١ له وتارێكیدا بڵاویدهكاتهوه، دادهتاشێت. خهمهكانی میكایڵ واڵزهر (Michael Walzer)، فهیلهسوفی دادێ كۆمهڵایهتیش،هاوشێوهی خهمهكانی بووردیو و تۆمپسۆن گهلێكی دیین. بۆ واڵزهر، كۆمهڵگا له چهندهها سهكتهری چالاكی جودا پێكهاتووه. له ههر سهكتهرێكدا مرۆڤهكان به دوای سامانی تایبهتی ئهو سهكتهرهدا دهگهڕێن. بۆ نمونه، له سهكتهری سیاسی به دوای دهسهڵات، له سهكتهری ئاینی به دوای ڕهزامهندی خوا، له سهكتهری خێزان به دوای خوشهویستی و تهبایی، له سهكتهری ئابوری به دوای پارهو قازانج، تد. ههر بۆیه نادادپهروهری بۆ واڵزهر خهسڵهتێكی گهردوونی نییه، چونكه له سهكتهرێكهوه بۆ یهكێكی بنهماكانی دادپهروهری دهگۆڕێت. بۆ نمونه، گهر نهبونی خۆشهویستی و ههڵاواردن له سهكتهری خێزاندا هێمای نادادپهروهری بێت، ئهوا نهبوونی خوشهویستی له سهكتهری ئیداریدا هێمای نادادپهروهری نییه، به پێچهوانهوه له سهكتهری ئیداریدا كارمهندی دهوڵهت دهبێت بێلایهن بێت و به پێی یاسا و ڕێساكان كاربكات، نهك سۆز. وهلێ، مهترسی ههره سهرهكی بۆ واڵزهر ئهوهیه كاتێك سامانی یهكێك له سهكتهرهكان دهبێته سامانی جهوههری و سهرهكی و كۆی سامان و لۆژیكی سهكتهرهكانی دی تهفروتونا دهكات. بۆ واڵزهر مهترسی گهوره ئهو كاته دهست پێدهكات كه <لۆژیكی ئابوری> دهبێته بزوێنهری كۆی سهكتهرهكانی دی. واته، لۆژیكی پاره، قازانج و دهوڵهمهندی دهبێته بنهمای سهكتهرهكانی دی. ئهمڕۆ، لهگهڵ تهرهمپ-دا دونیا كهوتۆته ژێر مهترسی ئهم ئاوهژووبهنهوهیهی لۆژیكهكان و تهفروتونابوونی تایبهتمهندی كایه و سهكتهرهكانی دی. ئهمڕۆ، ترهمپ دونیا له كڵاوهرۆژنهی ئابوریهوه دهبینیت و دهیهوێت له روانگهی قازانج و بردنهوه سیاسهت بكات. راسته، كایهی سیاسهت و كایهی ئابوری پهیوهندیان لهگهڵ یهكدا ههیه و لهیهكدانهبڕاون، بهڵام ئهمه ئهوه ناگهیهنێت كه ههر یهكیان خاوهن لۆژیك، دینامیك و روانگهی خۆیان نهبن. بهڵام، له راستیدا، ئهوهی ئهمڕۆ له سهر شانۆی نێودهوڵهتی دهگوزهرێت تێكشكاندنی سیاسهت و لۆژیكهكانێتی له لایهن ترهمپ-هوه. ترهمپ وابهستهی هیچ مۆڕاڵێك نییه و بردنهوه و بهدهستهێنان بۆته بزوێنهری سیاسهت و چالاكیهكانی. بێگومان، له سایهی ئاوهژووبونهوهی لۆژیكهكان و سهنتراڵبوونی لۆژیكی ئابوری، كهمینه بێدهوڵهتهكان نرخێكی گهوره دهدهن. لهم لایهنهشهوه، هیچ به دووری نازانم پرسی كورد له ماوهی ترهمپ-دا بكهوێته نالهبارترین دۆخ، ههتا قهواره و ئهزمونهكهشیان رووبهرووی مهترسی تا تێكشكان بێتهوه.
+ د. کامەران مەنتک ئێوە، كە بە هەزاران چەكدارتان بە ناوی پێشمەرگە كشاندەوەو بەرامبەر چەند سەد كەسێكی چەكدارانی داعش چۆكتان داداو راتان كرد، هەزاران ژن و منداڵتان دایە دەست داعش بۆ ئەوەی بیانكاتە سەبایاو لە بازاڕەكانیدا بیانفرۆشێت. ئێوە، كە لەگەڵ داگیركەرانی كوردستاندا دەستتان تێكەڵ كردو هەزاران گەنج و ژن و منداڵی برایانی ئێزدیتان بە جینۆساید كردن دا. ئێوە، كە بەدرێژایی مێژووی خۆتان لەیەك شەڕی چارەنووس ئامیز نەتانتوانیوە بەرگری لە گەلەكەتان بكەن. ئێوە، كە لە چركەساتەكانی بڕیاردانی مێژوویدا تەسلیم بوونەتەوە چەكتان داناوە. ئێوه، كە شەرمتان بە خۆتان نەبوو ئەو چەكە گەورەو مام ناوەندو سوكەتان بە دوای خۆتان راكێشاو گۆڕەپانی شەڕتان بە بێ تەقە بۆ چەند منداڵێكی تراكسوت لەبەرو نەعل لەپێی داعش چۆل كرد. ئێوه، كە شەرمتان بە خۆنەبوو، فەرمانی كشانەوەو راكردنتان دا. ئێوه، كە بەقسە زل و قارەمان و پاڵەوان و شەڕ كەن بوون، ئێوە، كە بە جل و بەرگی سەربازی لە ئاهەنگەكان و لەنێو ژن منداڵاندا خۆتان نمایش دەكرد. ئێوە، كە لە پەنای مەتەرێزی بەرگریدا لە دوورەوە بە دووربین سەیرتان دەكرد و وینەتان دەگرت و لە میدیاكاندا بڵاوتان دەكردەوە. ئێوە، كە جۆرەها چەكتان بە خۆوە دەكردو لەبەرچاوی كامیراكان بە لەنجەولار دەهاتن و دەچوون، بە كردەوه نەتانتوانی تەنیا یەك كاتژمێر بەرامبەر هەرزەكارەكانی داعش خۆتان رابگرن و راتان كرد. ئێوە، كە بە كردەوە لە راكردن و بەجێهێشتنی خەڵكی بێ چەك و هەژاردا نمونەتان نیە!. ئێوه، كە لە خۆهەڵواسین خۆ هەڵدانە ناو ترۆمبێلە گەورەو زەبەلاحەكانتاندا بۆ راكردن شەرمتان بە خۆ نەبو و نیە. ئێوە، كە تا ئیستا نەتانتوانیوە لێكۆڵینەوە لەگەڵ یەك بەرپرسی بەرپرس لەم شەرمازیە بكەن. كەواتە ئیوە خۆتان بەرپرس و شەرمەزاری یەكەمن. كەواتە تاوانی رەشەكوژی برا ئیزدیەكان لە ئەستۆی ئیوە دایە!. كەواتە ئێوه، لە هەموو دوژمنەكانی كوردستان مەترسیدارتر بووینە بۆ سەر كورد!. ئای چەند شەرمەزارن ئێوە بەرامبەر برا ئێزیدیەكان. ئای چەند شەرمەزارن ئیوە، بەرامبەر جینۆساید كردنی بارزانیەكان. ئای چەند شەرمەزارن ئێوه، بەرامبەر هەڵەبجە. چەند شەرمەزارن بەرامبەر ئەنفال، بەرامبەر ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی فەرمانەكانی ئێوەیان جێبەجێنەكردو بەرگریان لە ئێزدیە لێقەوماوەكان كرد، بەرگریان لە مرۆڤ بوونی خۆیان كرد!. ئێوە تەنیا جارێك، تەنیا بۆیەك جار لەمێژووی پڕشەمەزاری خۆتان، تەنیا یەك جار شەرم لە خۆتان بكەن و لە یادی ئەو شەرمەزاریەتان لە پێشەوەی رێزی هۆڵەكان دامەنیشن و بە ئازاری خەڵكە كۆست كەوتووەكە پێمەكەنن. تەنیا جارێك شەرمتان بە خۆتان بێت شانازی بەوە مەكەن، كە لە پەرلەمان ئەو قەتل و عامە بە جینۆساید بناسینن، كە خۆتان بەرپرسی یەكەم بوون لێی!. خۆزگە تەنیا جارێك شەرمتان دەكردو كورسیەكانی پێشەوەی ئەو یادەتان بۆ خەڵكە كۆست كەوتووەكە بەجێدەهێشت و لەو یادەدا چاو و رووتان نەدەبوو بێنە ناو خەڵك. ئای لە ئێوە، نازانم چ جۆرێكن لە بوونەوەر ئێوە؟!.
+ د. ئیسماعیل نامیق خانەنشینبوون ومووچەی خانەنشینی یەکێکە لەو بابەتانەی قسەی زۆر لەسەر ناڕێکی ونادادیەکانی کراوە، موزایەدەی زۆری پێوە کراوە، بەڵام کاتێک بابەتەکە دەگاتە دوو ڕێیانی جدیبوون وهەنگاونانی کردارەکی، قسەکەرەکان بەجۆرێکی دیکە وبەئاراستەی جیاواز قسەدەکەن، یان لەباشترین حاڵەتدا بێدەنگ دەبن وخۆ ووندەکەن، موزایەدەش دەگۆڕێت بۆ موناقەسە!! جار جاریش منەتبارمان دەکەن بەوەی کە لەهەوڵدان وەکو بەغدادی لێبکەن، وەکو ئەوەی بەغداد پێوەر ونمونەی باڵا بێت!! ئەی بڕیار نەبوو لەجیاتی شمەک وکاڵای بازرگانی ئەزمونی باشی حوکمڕانی وبەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان بۆ بەغداد وپایتەختەکانی دیکەی جیهان هەناردە بکەین؟!! ناڕێکی ونادادیەکە لەکوێدایە؟ رەخنە وناڕەزایەتیەکان سەبارەت بەخانەنشینی دەکرێت لەدوو خاڵدا کورت بکرێنەوە: 1) نادادی لەچۆنێتی خانەنشینکردندا: لەماوەی رابردودا ژمارەیەکی زۆری خەڵک بەناهەق ودور لەیاسا وپێوەرەکان، بەپلە وموچەی جیا جیا خانەنشینکراون، بۆنمونە، کەسەکە یەک رۆژ پێشمەرگە نەبوە، کەچی بەپلەیەکی بەرزی سەربازی ومووچەیەکی باش خانەنشینکراوە، یان جاش وموستەشار بووە، کەچی لەسەر حسابی کەس وکاری شەهیدان وئەنفالکراوان، بەمووچەیەکی زیاتر لەسەردەمی موستەشاریەکەی خانەنشینکراوە، وەکو ئەوەی موستەشاریەکەی بەخزمەت بۆ ئەژمار کرابێت وبەشداریکردنی لەئەنفال وکوشتن وئەزیەتدانی کورد بەئازایەتی دانرابێت ولەبەرامبەریدا سوپاس وپاداشتی پێ درابێت. یاخود کەسەکە یەک کاتژمێر وەزیر، بریکاری وەزیر، بەڕێوەبەری گشتی وپلەکانی تری وەزیفی نەبینیوە، کەچی حیزبەکەی بەیەکێک لەو پلانە خانەنشینی کردووە، یاخود هەر دانەمەزراوەو فەرمانبەر نەبووە، کاری تەنها راپۆرت نوسین وقسەهێنان وبردن بووە لەچوارچێوەی حیزبێکدا، بەڵام بەمووچەیەکی باش خانەنشینکراوە، ئەمانەو چەندین ناڕێکی وبێسەروبەرەیی وگەندەڵی لەبابەتی خانەنشینیدا، بەجۆرێکی وا پریشکی گەندەڵی ئەم بابەتە بەر جەستەی بەشێکی زۆری تاکەکانی کۆمەڵگە کەوتووە. 2) نادادی لەموچەی خانەنشینیدا: بەدەر لەخاڵی یەکەم، ئەوانەی کە فەرمانبەر ومووچەخۆری میری بوون، سەرەڕای ئەوەی لەکاتی خزمەتیاندا نادادی هەیە لەنێوان بڕی مووچەکانیاندا، کەچی لەکاتی خانەنشینبوونیانیشدا ئەم نادادیە زیاتر دەبێت وکەم نابێتەوە، بۆ نمونە، دەکرێت مووچەی پەرلەمانتارێک تەنها بەدوو ساڵ خزمەتەوە شەش ئەوەندە یان زیاتری مووچەی مامۆستایەک بێت بەسی ساڵ یان زیاتری خزمەتەوە!! هەروەها دەگونجێت لەم هەرێمەی ئێمەدا مووچەی خانەنشینی وەزیرێک لەگەڵ ئەو سامانەی کەلەسەردەمی کارەکەیدا کۆیکردۆتەوە لەسامان وداهاتی یەک گەڕەک فەرمانبەر زیاتر بێت!! لەکاتێکدا خزمەتی یەک هەفتەی مامۆستایەک، دەگونجێت لەخزمەتی هەردوو ساڵەکەی پەرلەمانتارەکە بەسودتر وبەبەرهەمتر بێت بۆ کۆمەڵگە، یان خزمەتی یەک کاتژمێری ئەو گەڕەکە فەرمانبەرە، لەهەموو تەمەنی وەزیرەکە بەسودتر بێت بۆ کۆمەڵگە، ئیتر ئەم جیاوازی ونادادیە فاحشە بۆ؟ ئەمانە وچەندین جیاوازی نادادپەروەرانەی دیکە لەنێوان مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت لەلایەک و ومووچەی خانەنشینی لەلایەکی دیکەوە، بۆ نمونە مووچە ومووچەی خانەنشینی دادوەرەکان جیاوازیەکی زۆری هەیە لەگەڵ فەرمانبەرانی دیکەی دەوڵەت وخانەنشینانی دیکەدا. ئەو ناڕێکی ونادادیانەی لەخاڵی دووەمدا باسکران پێداچوونەوەو چارەسەرکردنیان ئاسانترە لەنادادیەکانی خاڵی یەکەم، بەڕای من چارەسەرکردنی ئەمەیان نیمچە ئاستەمە، چونکە ئەو ویستەی کە ئەو دۆخەی دروستکردوە وبەوشێوەیە خەڵکی خانەنشینکردوە، بەهیچ جۆرێک رازی نابێت بەهەڵوەشاندنەوەی ئەوەی کردوێتی، ئەوەی بۆتە گرێ کوێرەی چاکسازیکردن لەم دۆخەدا، ئەوەیە بەداخەوە ویستی هێشتنەوەی دۆخەکە وەکو خۆی لەناو زۆربەی حیزبەکاندا زاڵترە وەک لەویستی چاککردنی، وە بۆ ئەوەی ئەم گرێ کوێرەیە بەهیچ شێوەیەک نەکرێتەوە، بەردەوام کێشەکانی خاڵی یەکەم گرێدەدرێت بەکێشەکانی خاڵی دووەمەوە، سەرەنجام ئەوانەی خۆیان لەخاڵی دووەمدا سودمەندن وداوای چارەسەرکردنی کێشەکانی خاڵی یەکەم دەکەن، کەبابەتەکە وابەستدەکرێتەوە بەخۆیانەوە، ئیتر بێدەنگ دەبن وخۆیان وەکو قوربانی پیشاندەدەن. فەلسەفەی خانەنشینبوون لێرەدا دەکرێت پرسیار لەفەلسەفەی پشت خانەنشینبوون بکەین، بۆچی دەوڵەت هاووڵاتیەکانی خانەنشین دەکات؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لەوەدا کورتدەبێتەوە، کەئەو هاووڵاتیە خزمەتێکی زۆری دەوڵەت وکۆمەڵگەکەی کردووە، ئیتر توانای خزمەتکردنی نەماوەو ماندوو بووە، بۆیە پێویستە خۆی خزمەت بکرێت. باشە کەخانەنشین بکرێت ئایا پێویستە ئەو تەمەنەی ماوێتی خۆش بژی، یان هەرئەوەندە بەسە ژیانێکی ئاسایی بژی؟ ئایا ئاستی ژیانی لەکاتی کارکردنیدا پێویستە لەبەرچاو بگیرێت لەخانەنشینکردنیدا؟ ئایا بڕی مووچەی خانەنشینی لەسەر چ بنەمایەک بۆ دیاری بکرێت، پلەی وزیفی، ئاستی خزمەتەکەی، یان لەسەر بنەمای ئەو بڕە پارەیەی کە لەکاتی کارکردنیدا وەکو لێبڕینی خانەنشینی داوێتی بەحکومەت؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە دیاریدەکەن، خانەنشینان چۆن بژین، ئایا وەکو یەک بژین یان جیاواز بژین وەکو پێش خانەنشینبوونیان؟ بەرتێڕوِانینی من لەدو روانگەوە پێویستە یەکسانی تەواو پەیڕەو بکرێت لەنێوان خانەنشیناندا، ئەوانیش، یەکەم: هەموو خانەنشینان وەکو یەکن لەڕوانگەی ئەوەی هیچیان کار ناکەن و خزمەت ناکەن. دووەم: هەموویان لەکاتی کارکردنیاندا خزمەتیان بەوڵاتەکەیان کردووە، هەریەکەو لەبواری خۆیدا. لەهەمان کاتدا چەند هۆکارێکیش هەن بۆ نایەکسانی کردن لەنێوان خانەنشیناندا، لەوانە: 1) ئەوانەی خانەنشین دەبن، لەکاتی کارکردندا هەریەکەو بەپێی رێژەی داهاتی بەشداریکردوە، لەسندوقی خانەنشینیدا، مادام ئەو کات جیاوازبوون لەپێداندا، ئێستاش واپێویست دەکات یەکسان نەبن لەوەرگرتندا. 2) لەکاتی کارکردندا لەتوانا وخزمەتکردندا جیاواز بوون، سەرەنجام ئاستی بژێویشیان جیاوازبوو، لەخانەنشینبوونیشدا پێویستە هەمان جیاوازی بمێنێ. 3) ژیانی خانەنشین درێژکراوەی ژیانی کارکردنێتی، ئەو ئاستی بژێوییەی کەلەکاتی کارکردنیدا دەقی پێوە گرتووە، رەنگە قورس یان زەحمەت بێت بۆی، لەخانەنشینیدا بەتەواوی بگۆڕدرێت یان پێچەوانە بکرێتەوە، چونکە لەبارێکی وادا خانەنشینکردن لەباتی رێزگرتنی دەبێتە سزادانی. پێداچوونەوە ودووبارە داڕشتنەوەی مووچەی خانەنشینان، پێویستە لەژێر رۆشنایی وەڵامی ئەو پرسیارانەی سەرەوەو چەندین پرسیاری هاوشێوەدا بێت، ئەم بابەتە پێویستە فەلسەفەیەکی جێگیر ودووربین تەحەکومی پێوەبکات، نەک تەنها بکرێت بە ماددەیەک بۆ بێدەنگکردن یان دەنگ پەیداکردن. سندوقی خانەنشینی یەکێک لەئەرکەکانی دەوڵەت دروستکردنی سندوقی خانەنشینیە، بۆ کۆکردنەوەو هەڵگرتنی ئەو بڕە پارانەی وەکو لێبڕینی خانەنشینی ودەستەبەری کۆمەڵایەتی لەمووچەخۆران وکرێکارانی وەردەگرێت، لەپارەی ئەم سندوقە مووچەی خانەنشینان دابین دەکرێت ودەستەبەریەکیشە بۆیان، چونکە لەحاڵەتی نەمانی پارە لەگەنجینەی دەوڵەتدا نابێت ژیانی خانەنشینان تێک بچێت، ئەم سندوقەیە دەبێت دڵنیایان بۆ دروست بکات. بەڵام لەکوردستان ئەم سندوقە بونی نیە وحکومەت خۆی لەخانەنشینان جیانەکردۆتەوەو سیاسەتی ( برامان برایی وکیسەمان جیایی ) لەگەڵدا پەیڕەو نەکردون، لەبری ئەوە دروشمی ( هەموومان یەک کیسەمان هەیە لەم ماڵە، ئەویش بەتاڵە ) ی بەرزکردۆتەوە!! ئایا تەنها فەرمانبەر خانەنشین بکرێت؟ لەهەرێمی کوردستاندا کەباسی خانەنشینی دەکرێت، یەکسەر پەیوەستدەکرێت بەمووچەخۆری حکومەت وئەو خاوەن پیشە سەربەستانەی کەکارەکانیان وابەستە بەفەرمانگەکانی دەوڵەتەوە، وەکو پارێزەر وخاوەن پیشە سەربەستەکانی دیکە، هەروەها دەستەبەری کۆمەڵایەتی ئەو کرێکارانەش دەگرێتەوە یان پێویستە بیانگرێتەوە کەلەکۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتدا کاردەکەن وساڵانە بڕێکی دیاریکراو لەکرێکانیان دەبڕدرێت ووەکو دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەدرێت بەحکومەت، بەدەر لەوانە هەموو تاقم ودەستە کۆمەڵایەتیەکانی دیکە، وەکو جوتیار ودوکاندار ودەستگێڕی ناوبازاڕ وکرێکار وسایەق تەکسی وچەندانی تر، دەبێت تامردن کاربکەن بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوامی بەژیان بدەن، خۆ ئەگەر بەهۆی نەخۆشی یان پیری پەکیان بکەوێ ونەتوانن کاربکەن، ئەوا یان دەبنە بار بەسەر کەس وکاریانەوە، خۆ ئەگەر کەسیش نەبوو لەخۆیان بگرێت، ئەوا دەکەونە سەر جادە ودەبێت سواڵ بکەن. ئەمە واقعێکی خراپە دەبێت بیر لەچارەسەری گونجاو بکرێتەوە بۆی. دەرەنجام کێشەکانی پەیوەند بەخانەنشینبوون ومووچەی خانەنشینی، قسە وهەڵویست وکرداری تاکەکەسی دروستی نەکردوە، بەقسەو هەڵوێست وبڕیاری تاکەکەسیش چاک ناکرێن، چونکە ژینگەیەکی خراپ وبۆگەنی بۆ دروستکراوە، ئەوەی بەتەنیا روی تێبکات، یان خۆشی دەبێتە بەشێک لەو ژینگەیە، یان ئەوەتا لەبەر بۆگەنی وناسازی ژینگەکە هەڵناکات ولێی هەڵدێت، کەئەمەی دواییان رەنگە دەگمەن بێت. کەواتە ئەم بابەتە پێویستی بەدروستکردنی رای گشتیە لەسەری، پێویستی بەتێگەیشتن وبڕیاری بەکۆمەڵ هەیە، لەژێر رۆشنایی فەلسەفەیەکی جێگیر ودوربیندا، بەوردی وداپەروەرانە دابڕێژرێتەوە، بەجۆرێک بێت، مافی هەموو تاکێکی کۆمەڵگە لەبەر چاوبگیرێت، توانا وخزمەت ورێژەی بەشداری خانەنشینان لەسندوقی خانەنەنشینی لەکاتی کارکردنیاندا وپێداویستیەکانیان لەکاتی خانەنشینیدا بکرێتە بنەما. تاکە ئامانجیش ئەوەبێت، خانەنشینان لەو تەمەنەی ماویانە خۆشترین ژیانیان بۆ فەراهەمبکرێت.
+ هیوا سەید سەلیم رۆژی (3)ی ئاب ساڵرۆژی دوایین كۆمەڵكوژیە كەبەسەر ئێزیدییەكان هاتبێت، ئەو كۆمەڵكوژیەیی كە لە لایەن رێكخراوی تیرۆستی داعش لە بەرامبەر ئەو پێكهاتە ئایینیە بە ڕەسەن كوردە ئەنجام درا، ئەو كۆمەلكوژی كە دەچێتە پاڵ 74 فەرمانی تر كە لە مێژوودا لەبەرامبەر ئێزییدیەكان دژ ئەنجام دراوە. ئێزییدیەكان، بە هۆی تایبەتمەندی خۆیان كە خاوەنی ئایینێكی یەكتاپەرست بوونە، كە مێژووەكەیان بۆ 500 ساڵ پێش زایین دەگەرێتەوە هەمیشە كراونەتە ئامانجی هێرش و داگیركاری، بە مەبەستی لەناوبردنیان لەسەری ئەو سەری دونیاوە پەلاماریان بۆ هاتووە، هەمیشەش لەو پەلامارانەدا خاكیان داگیركراوە، سەرو ماڵیان تاڵانكراوە ، كچ و ژنیان بە سەبایە بردراون، بەڵام هەرماون و تایبەتمەندی خۆیان پاراستووە. لە سەردەمی فتوحاتی ئیسلامەوە بگرە، تا سەردەمی دەوڵەتی عەباسی، سەفەوی، عوسمانی و تەنانەت هەندێك جار میرنیشینە كوردیەكانی وەك (ئەردەلان و بۆتان و سۆران)یش بە تاوانی كۆمەلكوژی ئێزییدیەكان هەڵساون، ئەو میرنیشینانەش هەر لەژێر پەردەی ئیسلام و بە بیانووی شەڕی ناموسلمانان لەو تاوانە تێوەگڵاون. بەڵام ئەوەی گرنگە تا ئێستا هیچ یەك لەمانە تەنانەت سوپای (مەغۆلەكان و تەیمووری لەنگ)یش نەیانتوانیوە ڕەگوریشە ئێزییەكان بۆ یەكجارەكی لەو ناوچەیە بسڕنەوە، ئەمەشیان بۆ ئازایەتی ئێزییدەكان دەگەڕێتەوە، كە هەمیشە لەبەرامبەر فەرمان و داگیركاری نەیارانیان لەسەر پێ بوونەوە، قارەمانانە داكۆكیان لە مانەوەی خۆیان كردووە. ساڵی 2007 پێش هاتنی رێكخراوی تیرۆرستی داعش ئێزییدیەكان دەكەونە بەر پەلاماری تیرۆرستانی قاعیدە، لە كۆمڵگاكانی (گردعزێر و سیبا شێخ خدری) لە ئەنجامی چەند كردەوەیەكی تیرۆرستی بەسەدانیان لێ شەهید دەكرێن. تاوانی (3) ئاب كە داعش لەبەرامبەر ئێزییدیەكان ئەنجامی دا، تاوانێكە كە هەموو خەسڵەتەكانی جینۆسایدی تێدایە، لە (كۆمەڵكوژی، بە ئامانج گرتنی ژن و منداڵ، ئیختسابی ژنان،و بە كۆیلەكردنی ژن و منداڵ)، ئەو تاوانەی كە داعش لەبەرامبەر ئێزیدییەكان ئەنجامی دا لە مێژووی هاوچەرخی مرۆڤایەتی تاوانێكی بێ وێنەیە، بۆیە دەبێت جیهان وەك جینۆسایدی گەلێك دانی پیابنێت. بڕیاری پەرلەمانی كوردستان كە دەیانەوێت ئەو رۆژە بە رۆژی جینۆسایدی ئێزییدیەكان بناسێنن، كارێكی باشە، بەڵأم نابێت ئەو بڕیارە تەنیا لە چوارچێوەی بڕیارێك بمێنێتەوە، بگرە دوای دەرچوونی بڕیارەكە لە پەرلەمانی كوردستان، دەبێت پرسی جینۆسایدی ئێزییدیەكان كاری كرداری لەسەر بكرێت، لە پێش هەمووشیانەوە كاركردن بۆ ئەوەی كە لایەنی كەمتەرخەم لە پاراستنی ئێزییدیەكان ڕووبەرووی دادگا بكرێنەوە . خاڵێكی تر كە ڕەهەندی یاسایی بە دوای خۆی دێنێت، بریتییە لەوەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان فشار بخاتە سەر حكومەتی ناوەندی تا پەیماننامەی رۆما واژۆ بكات، وە عێراق ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی, بۆ ئەوەی ئەو دەوڵەتە نیازپاكی خۆی لە رێگای بە ئەندامبونییەوە لە دادگاكە بۆ پێكهاتەكانی ئەم وڵاتەی مەڵبەندی جینۆساید رابگەیەنێت، كە دژ بە دوبارەبوونەوەی تاوانەكانی رابردووە كە بەسەر گەلەكەماندا هاتووە لە( هەڵەبجە, ئەنفال, ئەنفالی بارزانیەكان, راگواستنی فەیلیەكان, تەعریب, شەنگال,....هتدا )). پێویستە بووترێت كە تاوانەكانی شەنگال سەلماندیەوە بە ئەندام بوونی عێراق زامنی دووبارە نەبوونەوەی ئەم جۆرە تاوانانەو سزا دانی بكەرانی و ناساندنی حەقیقەتی یاسایی تاوانەكەیە لە ئاستی نێو دەوڵەتیدا . بۆیە كاتی ئەوە هاتووە كە دەسەڵاتدارانی كوردستان داواكاری بە ئەندام بوونی عێراق لە دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی بكەنە یەك لە داواكارییەكانی خەڵكی كوردستان لە دانوساندنەكانیان لە گەڵ حكومەتی ناوەندی بەغدا لە گەڵ لایەنە عێراقیەكان و سازشی لەسەر نەكەن. لەسەر ئاستی سیاسیش دەبێت شەنگال و دەڤەری ئێزیدیەكان چیتر نەكرێنە قوربانی ململانێ سیاسیەكان ، چارەسەری گونجاو بۆ ئیدارەدانی ئەو ناوچەیە بدۆزرێتەوە، هەروەها دەستبكرێت بە ئاودانكردنەوەی ئەو ناوچانە كە بەهۆی پەلامارەكانی داعش بوونەتە وێرانە، تا چیتر ئێزییدیەكان لە ئاوارەیی و كەمپەكان ژیانی كوولەمەرگی بەسەر نەبەن.
+ نیاز لاجانی سازدانی ئەو چاوپێکەوتنەی عەبادی لە کانالێکی کوردی لەو سات و کاتەدا و چۆنیەتی بەرێوەچوونی ئینترڤویەکە،گومانێکی زۆر و گەورەم لا دروست دەکا کە بە رێکەوت و تەنیا بۆ کارێکی میدیایی نەبوە و ئەو ماستە نەک ھەر موویەک بگرە گوریسێکی تێدایە! بە گوێگرتن لەقسەکانی عەبادی و پاسپێدانی کاکی پێشکەشکار و ئەگەر غافل بی لە سیاسەت و تۆزێکیش دەستوپێ سپی بێ لە جیھانی راگەیاندن،دەگەیە ئەو قەناعەتە کە عەبادی حەقە و زۆر دەستورییانە جولاوەتەوە و سەرکردایەتی کوردیش بە ھەلە دا چوە کە ریفراندۆمی کردوە! ھەموو ئەو ھەول و ھەوال و زانیاریانەی کە لەم کانالە بەرێزە و کەنالەکانیتریش سەبارەت بەو سیاسەتە و ئەو پیاوە بلاو کراوەنەتەوە جارانی سفری کرد و زۆر بەخاوێنی لێی دەرچوو! لە راستیشدا پەلاری لە ھەندێ کەنالیش دا کە بێگومان یەکێکیان ئەو کانالە بوو کە چاوپێکەوتنەکەی لەگەل ساز دا بوو. سەیرە چەندە سەر کزین بەرامبەر بە بێگانە و نەیارانمان،ئاخر ھەر دوێنێ بوو شەوی شازدەی ئوکتۆبەر پەیامنیری ئەو کانالە بەرێزە،لە بەرەکانی شەردا ھەمومانی گریاند،بەلام بەداخەوە بە تەماشا کردنی ئەو چاوپێکەوتنەوە جارێکیتر گریاینەوە بەلام ئەو جارەیان لە بەرەکانی شەر دا نا،لە کاتی شێنەیی و مەکانێکی ئەمن دا. چەندە سەیرە کە فەقیرێکی بێزمان و بێ پشتیان دەسکەوێ دەیکەینە فلیم و ئەوەی ئێمەی دەکردە فیلم،ئەورۆ بوو بە پالەوانی یەکپارجەیی عێراق،قارەمانی شەر و بەتەڵی ئاشتی و دادپەروەری.
+ نەوزادی موهەندیس • ئاشكرایە كۆمەڵگا مرۆڤایەتیەكان لەچەندین چین و توێژی جیاواز پێكهاتوون و هەریەكەشیان بە ڕۆڵی خۆی هەڵدەستێت بە ئامانجی پێشكەوتن و گەشەپێدانی كۆمەڵگا لەڕێگەی داهێنان و بەخششەكانیەوە، جا هەر كۆمەڵگایەك خاوەنی تاك یان گروپ و دەستە و ڕێكخراوی پیشەیی یان دیموكراسی و مەدەنی چستوچالاك بێت و ئاشنا بێت بە ئەرك و مافەكانی و وەكو تاكێكیش ڕێز و شكۆمەندی بپارێزرێت و وەكو مرۆڤێكی خاوەن ئیڕادە لێیبڕوانرێت، ئەوا بەدڵنییایەوە هەمیشە هەنگاو بەرەوپێشەوە دەنێت و لەكۆمەڵگایەكی دواكەوتوو و هەژار و نەخوێندەوارەوە دەبێتە كۆمەڵگایەكی پێشكەوتوو و داهێنەر و گەشەكردو ئەوكاتیش وڵات ئاوەدان و كۆمەڵگاش خۆشگوزەران دەبێت. بەهەمان شێوە هەركات كۆمەڵگا مرۆڤایەتیەكان خاوەنی سیستەمێكی حوكمڕانی دیموكراسی بن كە تیایدا مافەكانی تاك و دەستە و كۆمەڵەكان پێشێل نەكرێن و ڕێزیان لێبگیرێت و هاوكاری و كارئاسانیشیان بۆ بكرێت و تەواوی ئازادیەكانیان بۆ فەراهەمبكرێت لەهەموو بوارەكانی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و ئەدەب و فەرهەنگ و توێژینەوە زانسیتیەكان و ..هتد. بەدڵنیایەوە ئەو كۆمەڵگایە دەبێتە كۆمەڵگایەكی كراوە و ڕزگاربوو لەكۆتوبەندە باو و بەسەرچوەكان.چونكە دەسەڵات و جۆری دەسەڵات و حومكڕانیەكان زۆر گرنگ و كاریگەرن لەسەر چۆنێتی بیركردنەوە و هزری مرۆڤەكان،جا لە سیستەمی حوكمڕانیە دیموكراسیەكاندا لەبەر ئەوەی تاك و گروپەكان پنتی سەرەكین لەبەرنامە و پلانی دەسەڵاتدا هەربۆیە تاكیش ڕۆڵی سەرەكی و میحوەری هەیە و بەو پەڕی توانا و وزەكانیەوە كاردەكات هەریەك لەبوار و پسپۆڕی و شارەزایی خۆیداو هەربۆیەش ئەو كۆمەڵگایانە كۆمەڵگایەكی بەرهەمهێننن نەك بەرخۆر و بەكاربەربن،بەپێچەوانەشەوە لە سیستەمە شمولی و داخراو و توتالیتاری و تاكڕەوەكاندا چونكە تەنها سەركردە و حیزب و بڕیاردەر و پلاندانەر و جێبەجێكەریشن و هیچ مەودا و مانایەكیان نەهێشتۆتەوە بۆ تاك و گروپەكان،هەربۆیەش هەمیشە كۆمەڵگایەكی دواكەوتوو و پێشنەكەوتون،چونكە كۆمەڵگا بەتەنها بە دەستەبژێرێكی بچوكی ئاینی یان بنەماڵەیی یان ئەرستۆكراتی ناچێتە ڕێوە بەڵكو پێویستی بەتوان و وزەی هەموان هەیە. • جا هەركات تاك ئازادبوو ئەوا ئازادانەش بیردەكاتەوەو ئازادانەش داهێنان دەكات و بەهەمان شێوەش ئینتیماشی بۆ وڵات و كۆمەڵگاش تۆخدەبێتەوە و هیچ ئینتیمایەكیشی بۆ سەركردە و حیزبە سیاسیەكان نامێنێت و ناچێتە چوارچێوەیەكی تەسكی بەرژەوەندی كۆمەڵێك یان كەسان و بنەماڵەیەكی دیاریكراوەوە كە تەنها بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكاریی بهێنن،تاك هەركات ئازاد بوو ئازادانەش دەبێتە خاوەن بڕیار و كەسایەتی سەربەخۆی خۆی و ملكەچی هیچ داب و نەریت و بڕیارە هەڵەی سیاسیەكان نابێت و نابێتە ڕۆبۆتێك كە كۆنتڕۆڵەكەی بەدەست كەسانی ترەوە بێت و لەدوورەوە هەڵیبسوڕێنن. هەر لەبەر گرنگی ڕۆڵ و كاریگەری تاكە لە كۆمەڵگادا ،كۆمەڵگا پێشكەوتوەكانی ئەوروپا و ئەمریكا و دیموكراسیخوازەكانی دونیا هەموانیان فەلسەفە و ڕێبازی تاكگەراییان پیادەكردوە لە پێكەوەنانی كۆمەڵگاكانیاندا،چونكە بە ئەزمونی ڕۆژگار ئەو ڕاستییەیان بۆ دەركەوتوە كە چەندە تاكەكان ئازاد و سەربەست بن ئەوەندەش دەبنە خاوەنی داهێنان و ئەنجامیش وڵات و كۆمەڵگاش پێشكەوتوو و گەشەكردوو دەبێت. • لەقۆناغی ئێستاو ئەم سەردەمەشدا،پنتێكی تری تاكگەرایی لەپاڵ ئازادی و دەسەڵاتدا بریتیە لەڕێزگرتن لە ژینگە و پاراستنی و پاكوخاوێن ڕاگرتنی و هەوڵی نەشێواندنی و فشار دروستكردنە بۆ سەر كۆمپانیاو وڵاتان و كارگە بەرهەمهێنەكان بۆ كەمكردنەوەی بڕی گازە ژەهراویەكان و هەوڵدانە بۆ زیاتر ڕۆشنبیركردنی تاكەكانە بەرامبەر ژینگە ،چونكە بەبێ ژینگەیەكی پاكوخاوێن تاكێكی ساغڵەم و تەندروست دروستنابێت و بەبێ ژینگەیەكی سەوز و ئاوهەوایەكی پاكژ تاكێكێكی داهێنەر و بەخشندە و بیر ئازاد پێكەوەنانرێت،بۆیە سەردەمی ئێستا سەردەمی گرنگیدانە بەژینگە،و زەویش وەكو ماڵێكی گەورەی هەموان لێی دەڕوانرێت و مافی بەسەر هەموانەوە هەیە بەبێ جیاوازی ڕەگەز و ڕەنگ و وڵات و كۆمەڵگاكان لەدواكەوتوو و دەوڵەمەندەكانەوە،جا هەركات ژینگەی زەوی بەپاكژی مایەوە ئەوا تەمەن و تەندروستی تاكەكانیش درێژدەبن و بەخشش و داهێنانەكانیان بەردەوام دەبێت. • بۆیە هەموو تاكێكی كۆمەڵگا پێویستە ئەركی نەتەوەیی و نیشتیمانی لە فەلسەفە و ڕێباز و دونیابینی تاكگەراییدا ببینێتەوە و خۆی بكاتە تاكێكی داهێنەر و بەخشندە و ئازاد بۆئەوەی بتوانێت باشترین خزمەت پێشكەش بە نەتەوەو نیشتیمان و كۆمەڵگا بكات،جا ئەم ئەركی تۆخكردنەوە و كردنی بە ڕێبازی كاركردنی بیر و هزری تاكگەراییە پێویستە لەسەر ئەستۆی هەموو تاك و گروپ و چین و توێژەكان بۆئەوەی هەموان پێكەوە و بەیەك تەكان و توانا كۆمەڵگایەكی خۆشگوزەران و یەكسان و دادپەروەری بنیات بنێن،بەوهیوایەی تاكەكان كاری گەورە و داهێنانی زیاتر بكەن.چونكە تەنها سیاسی و سیاسەتمەداران و دەسەڵات و دەسەڵاتداران ناتوانن وڵات بەڕێوەبەرن و پێشیبخەن و حوكمڕانیەكی تەندروست و ساغڵەمیش بەرهەمبهێنن بەبێ هاوكاری چین و توێژ و كۆمەڵ و ڕێكراوە مەدەنی و دیموكراسییەكان و تاكە بەخشندە و چالاكەكانی ناو كۆمەڵگا.چونكە تاك بۆخۆی بەردی بناغەی پێكەوەنان و دروستكردن و بەرزكردنەوەی دیواری پتەوی تەلاری كۆمەڵگایەكی پێشكەوتوو یەكسانخواز و دادپەروەرە.
سەلاح خدر چەند ڕۆژێکە تەواوی میدیا و میدیاکار و قەڵەمەکانی پارتی و ئەو پارتیانەشی لەژێر پەردەی ڕێکخستنەکانی دیکەدا خۆیان حەشارداوە، لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی میدیایی تورکیادا دەستیان بەهەڵمەتێکی ڕێکخراو دژ بە تێکۆشانی پەکەکە و شۆڕشگێڕ و پێشەنگەکانی ئەو ڕێکخستنە کردووە. لەسەروویانەوە ڕێزدار دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوبەری پەکەکە، ئەو لە دامەزرێنەرانی پەکەکەیە کە شۆڕشگێڕێکی نەتەوەی تورکی ناوچەی ئەدەنەی تورکیاوە و هەموو ژیانی خۆی لە پێناو گەلی کورد و ئازادی گەلان تەرخان کردووە و پێنج ساڵ لە زیندان دا ماوەتەوە. کاڵکان کاتێک کۆلێژی هونەر و وێژە لە ئەنقەرە تەواو دەکات دەستبەرداری هەموو خۆشیەکانی ژیانی شەخسی خۆی دەبێت بەدروشمی (بێ ئازادی گەلی کورد گەلی تورک ئازاد نابێت) لە ٢٧ی نۆڤەمبەری ١٩٧٨ دا بەشداری کۆنگرەی دامەزرانی پەکەکە دەکات و پەیمان دەدات ژیانی لەو پێناوەدا تەرخان بکات. ئەو دەیتوانی لەجێی ژیان لە زیندان، ئەشکەوت و بن تاشەبەرد و سەرما و گەرما، ژیانی کۆشک و تەلار و وەزارەتەکانی تورکیای هەبوایە، وەلێ ئەو مرۆڤ و مرۆڤایەتی دەبینی، هەستی ئەخلاقی و شۆڕشگێڕی و مرۆڤبوونی خۆی ئاوێتەی تێکۆشانی زیندان و چیاکان کرد و ژیانی شاهانەی ڕەد کردەوە و وەفاداری خۆی بۆ ڕێباز و ڕێبەر ئۆجالان و ڕێهەڤاڵە شەهیدەکانی پاراستووە. دوران کاڵکان یەک لەو پێشەنگانەی پەکەکەیە کە زۆرترین هەوڵی بۆ یەکڕیزی و یەکێتی نەتەوەیی کوردان داوە، هەمیشە کاری بۆ ئەوە کردووە پارچە و حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان لەیەک نزیک بکاتەوە و لە خیانەت و وابەستەبوون بەدوژمن دووریان بخاتەوە بۆ ئەوەش کاری جدی کردووە، تەنانەت لە واژۆکردنی هەر ڕێکەوتن و پڕۆتۆکۆڵێکی هاوکاری نێوان پەکەکە و لایەنەکانی دیکەی کوردستان لە ڕێکەوتنی ١٩٨٣ی نێوان ڕێبەر ئۆجالان و ئیدریس بارزانیەوە بگرە بۆ ڕێکەوتنی پەکەکە و حزبی شیوعی، پەکەکە و یەکێتی هتد.... ڕۆڵی هاندەر و بناغەیی هەبووە. ڕۆڵی کاڵکان لە پاراستنی باشوور لە شەنگالەوە تا هەولێر و کەرکوک و جەلەولا لە دڕندەیی داعش لەبەرچاوە، ئەو لەو کەسانە بووە لەناو پەکەکەدا بەردەوام ڕێنمایی بە گەریلا داوە هەرچی دەبێت بەگیانی خۆیان خەڵک و دەستکەوتەکانی باشوور لە هەڕەشەی داعش و هاوکارەکانی بپارێزن، تەنانەت لە ١٦ئۆکتۆبەردا کە هێزەکانی پارتی و یەکێتی بێ تەقە کەرکوک یان تەسلیمی حەشدی شەعبی کرد، گەریلا لەوێ شەڕی کرد و شەهید و برینداری دا، ئایا دەکرێت ئەم کەسە دوژمنی خەڵکی باشوور بێت؟. لە دیدارە ڕۆژنامەوانیەکانی ئەم ماوانەدا لە ٢٤ی نۆڤەمبەری ٢٠١٨، ١٣ی شوبات و ٣٠ی نیسان و ١٥ی حوزەیران و ٢٣ی تەمووزی ئەمساڵ دا کاڵکان بەڕاشکاوی دوای لە هەموو لایەنە کوردستانیەکان بەتایبەت باشوور و تایبەتتر پارتی کردووە کە وەرن با لەپێناو پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد دا یەکێتی نەتەوەیی ئاوا بکەین یان هەر هیچ نەبێت بەرەیەک و ستراتیژیەکی هاوبەشمان هەبێت، پەکەکە بۆ ئەوە ئامادەیە، بەڵام لەجێی وەڵامی ئەرێنی هێرشی نائەخلاقی دژ بەو شۆشگێڕە چڕکراوەتەوە. هێرشەکانی ئەم دواییەی پارتی و میدیا و قەڵەمەکانی بەوەی گوایە کاڵکان گوتویەتی (ئەگەر باکور ئازاد نەبێت نابێت باشوور ئازادبێت) نەک چەواشەکاریەکی نائەخلاقییە، بەڵکو بێوەفایی و بێوژیدانی ترین هێرشی ناڕەوایە بۆسەر کەسێک کە هەموو ژیانی تێکۆشان بووە بۆ گەلی کورد. خۆی لە خۆیدا بەرەواژۆکردنی ڕاستی قسەکانی کاڵکان و شێواندنی کارێکی دوور لە بنەماکانی ڕەوشتی پیشەیی و سیاسەتی دروستە و تەواو خزمەتکردنە بە سیاسەتی دوژمنکارانەی تورکیا دژ بە گەلی کورد. ڕێزدار کاڵکان دەڵێت (لە کاتێکدا کوردی باکور، ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات کۆمەڵکوژی بەسەریان تێدەپەڕێت، باشور ناتوانێت بە شێوەیەکی ئازاد بژیت، یان هەموومان پێکەوە ئازاد دەبین، یان ئازادی بۆ کەس نابێت) ئەمە ڕاستی چیرۆکی ئەو قەشەیەمان بیردەخاتەوە کە تا هێزی داگیرکەر نەگەیشتە ناو کەنیسەکەی بەخەمی خۆی نەدەزانی، بەڵام کاتێک ویستی قسە بکات کات نەمابوو و کوشتیان. مەبەستەکەی کاڵکان ئەمەیە "داگیرکەران لەچوار بەشی کوردستان بوونەتە یەک هێز و ستراتیژ و ڕێکەوتنی هاوبەشیان دژ بە کوردان واژۆکردووە، لەبەرامبەر ئەوەدا ناتوانرێت ئازادی چوار بەشی کوردستانیش لەیەک جودابکرێتەوە، حەتمەن پەیوەستە بەیەکەوە و ئەوەش کۆدەنگی نەتەوەیی پێویستە". ئەردۆغان لە پڕوپاگەندەکانی دواین هەڵبژاردنی ئستەمبوڵیشدا تەئکیدی لەوە کردەوەتەوە کە (ئەوان لە باکوری عێراق "باشووری کوردستان" هەڵەیان کردوە). مەبەستی دوران کاڵکان ئەوەیە کە دەبێت لەو قسەیە تێبگەن ئەردۆغان لە دەرفەتێک دەگەڕێت ئەو هەڵەیەی ڕاست بکاتەوە و تەواوی باشوور بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی وەک ئەوەی ئێستا کاری بۆ دەکات و ئەوەی لە ڕیفراندۆمیشدا کردی، ئەمەش بێشک پەیوەندی بەئازاد نەبوونی پارچەکانی دیکە و بەتایبەت باکوری کوردستانەوە هەیە، ئەگەر باکوری کوردستان ئازاد بوایە ئەردۆغان دەیتوانی لەگەڵ بەغداد و تاران دژ بە (ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی باشوور!!!) هەڕەشەی بکردایە؟. مەبەستی دوران کاڵکان ئەمەیە، ئەگەر باکور ئازاد بوایە ئێستا دەوڵەتی تورک ئەو هێزەی نەدەبوو کە وابەئاسانی پیلانی داگیرکردنی باشوور جێبەجێ بکات و ڕۆژانە بە بۆردومانەکانی هاوڵاتیانی سڤیل شەهید بکات، دەست لە ئاواکردنی کابینەکانی حکومەتی هەرێم وەربدات و ئەو نەخشی پەیوەندیەکانی هەرێم و بەغداد داڕێژێت و بڵێت کەرکوک کوردستان نیە. هەرلانی کەم ئەگەر باشوور بەردەوام بوایە لە هاوکاری ڕۆژئاوای کوردستان و ستاتۆی هەنوکەیی ڕۆژئاوای بپاراستایە خەندەقی لەبەرامبەریان لێنەدابایە، ئێستا نە عەفرین داگیر دەکرا و نە تورکیاش دەیتوانی ئەوە بکات کە دەیکات. مەبەستی دوران کاڵکان ئەمەیە، دەوڵەتی تورک هەمیشە ترسی ئەوەی هەبووە کە ئازادی باشوور ڕێگایەک بێت بۆ ئازادی پارچەکانی دیکە، بۆیە بەردەوام هەوڵی داوە ئەم پێگەیەی هەرێم لەناو بەرێت، دواین جار لەڕێی داعشەوە ئەو ئامانجەی تاقی کردەوە، بەڵام بەرخوەدانی گەریلا و شەرڤان و پێشمەرگە پیلانەکەی پوچەڵ کردنە، ئێستاش وەک عەفرین ئیدی خۆی هاتووەتە ناوەوە و ڕۆژانەی هێزی زیاتر دەنێرێت. ئەگەر باکوری کوردستان ئازاد بوایە لە ساڵی ١٩٩٢ وە تا ئەمڕۆ هێزەکانی هەرێم و بەتایبەت پارتی شەڕی پەکەکەیان بۆ تورکیا نەکردایە وەک مەسعود بارزانی خۆی دەڵێت هەزاران پێشمەرگەمان بۆ تورکیا دابەکوشت، ئێستا بەهێزی پێگەی هەرێم لەئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی دا دەیتوانی هاوسەنگیەکان بگۆڕێت، ئارامی و ئاسایشی هەرێم بەشێوەیەک دەبوو کە ڕۆژهەڵاتی ناوین بە نمونەی بگرتایە. هێرشەکانی ئەم دوایەی سەر ڕێزدار کاڵکان و بەسێ هۆزاتی هاوسەرۆکی کەجەکە، پارچەیەک لە ئۆپەراسیۆنی میدیای تورکیایە و ڕێخۆشکردنی پارتییە بۆ شەڕی ناوخۆیی، ئەو شەڕەی ئێستا پارتی ڕاستەوخۆ کەوتوەتە ناوی، هەوڵدانە بۆ شەرعیەت دان بەشەڕی کورد کوژی و ئەرێکردنی داگیرکاری تورکیا، هەوڵدانە بۆ ڕەخساندنی زەمینەی جەماوەری و بێدەنگی کردن خەڵک بەرامبەر ئەو شەڕە. بۆیە ئەگەر خوێنی هەر گەریلا و پێشمەرگەیەک لەشەڕی پاراستنی بەرژەوەندیەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیادا بڕژێت، پارتی و ئەو قەڵەم و ڕاگەیاندنانە لێی بەرپرسن کە دەهۆڵی شەڕی کورد کوژی دەکوتن.
+ فرمان عەبدولڕەحمان مێژو تۆماری کردوە کە لە هەشتاکانی سەدەی رابردودا تەنها لە شاری سلێمانیدا دەیان کارگەی گەورەو بچوک و مامناوەندی هەبون، ژمارەی ئەو خێزانانەی بژێوی ژیانیان لەسەر کارکردن بو لە کارگەکاندا، نزیک بو لە ٤٠ لە سەدی دانیشتوانی شارەکە. ئەوێ رۆژێ نیوەی شەکری عێراق لە کارگەی شەکرەکەی سلێمانی و بە چەوەندەری شەکری چێنراو لە شارەزور، بەرهەم دەهێنرا. جگەرەو بەرهەمەکانی شیرەمەنی و جلوبەرگ و بەرهەمە خۆراکیەکانی دیکەش هەر لە ناوخۆی شاردا بەرهەم دەهێنران. ئێستاش ناوی هەندێ گەڕەکی سلێمانی هەر بە ناوی ئەو کارگانەوە ناودەبرێن “شەکرەکە، ئەلبیسەکە، ئەلبانەکە، سایلۆکە، سەهۆڵەکە، کارگەی جگەرەکە، کارگەی چیمەنتۆکە”. سودی ئەو کارگانە تەنها دابینکردنی هەلی کار نەبو بۆ خەڵکی، بەڵکو رێگرییەکی باش بو لە چونە دەرەوەی سەرمایە بۆ وڵاتانی دەرەوە. لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە کاتێک دەروازەی سنورەکان بە بێ پلان و بەرنامەڕێژیی واڵاکران بۆ هاوەردەکردنی شمەک و کەلوپەل لە وڵاتانی دەرەوە، نەک ئەو کەمە کارگانەشی توشی داڕوخانکرد کە بەرهەمی ناوخۆییان دابیندەکرد، هاوکات نەزیفێکی گەورەشی کردە ئەو سەرمایە داراییەی کە وەکو بەشە بودجەی هەرێم لە بەغداوە دەهات، بەپێی ئەو ژمارانەی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پلان و بەدواداچون لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان بونیان هەیە، لە ١٣ ساڵی رابردودا ١٣٧ ملیار دۆلار لە كوردستان بۆ كڕینی كاڵاو شمەک و پێداویستی چوەتەدەرەوە. با سەرنج لەم ئامارانە بدەین*: • ساڵانە بە بەهای ٢ ملیار دۆلار جلوبەرگ و قوماش هاوردە دەکرێت. • ساڵانە بە بەهای ٢٥٠ ملیۆن دۆلار دارو تەختە هاوردە دەکرێت. • ساڵانە بە بەهای نزیكەی ٦٠٠ ملیۆن دۆلار شوشەوات و جوانكاریی نێو ماڵ هاوردە دەكرێت . • ساڵانە بە بەهای ١٢٧ ملیۆن دۆلار چوكلێت و بسکیت هاوردە دەکرێت. • هەمو وەرزێکی هاوین بە بەهای ١ ملیۆن دۆلار ئایسکریم و شەربەت هاوردە دەکرێن. • ساڵانە بە بەهای یەک ملیار دۆلار جگەرە لە ٤٢ وڵاتەوە هاوردە دەکرێت. • ساڵانە بە بەهای ١٧ ملیۆن دۆلار زۆپا دەهێنرێتە كوردستان. • ساڵانە بە بەهای ١ ملیارو ٤٠٠ هەزار دۆلار مۆبایل دەهێنرێتە كوردستان. • ساڵانە نزیكەی ٢ ملیار دۆلار بۆ كڕینی ئۆتۆمبێل دەچێتە دەرەوە. • ساڵانە ٥٠ هەزار تۆن گوڵەبەرۆژە هاوردەی کوردستان دەکرێت. • ساڵانە ١٠ ملیۆن نەمام و گوڵی سروشتی هاوردە دەكرێن. • ساڵانە ٦ ملیۆن تایەی ئۆتۆمبێل دەهێنرێتە هەرێمی كوردستان. • ساڵانە بەهای زیاتر لە ٢٣٠ ملیۆن دۆلار برنج هاوردە دەكرێت. • لە ٨ ساڵی رابردودا بە بەهای ٢٠ ملیۆن دۆڵار باڵندە و ئاژەڵی جوانی هاوردە كراوە. • ساڵانە ١٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ کڕینی گەنمەشامی دەچێتە دەرەوە ئەمانە مشتێک بون لە قەبارەی ئەو دیاردە ترسناکەی بە ناوی بازرگانیەوە لە هەرێمدا بەڕێوە دەچێت، کێشەی ئەم نەزیفە بەردەوامەی چونە دەرەوەی سەرمایە ئەوە نیە کە لە ماوەی رابردودا ئابوری هەرێمی توشی داڕوخانێکی گەورە کرد، بەڵکو مەترسیە جدیەکەی ئەوەیە کە داڕوخانی گەورە توشی پیشەسازی ناوخۆیی دەکات، ئەوەش لە سادەترین کاردانەوەیدا مانای داڕمانی ئابوری نیشتیمانی و نەمانی هەلی کار دەگەیەنێت. راگرتنی نەزیفی چونە دەرەوەی سەرمایە با هەندێ لەو ئامارانەی پێشو شەن و کەو بکەین، وەک ئاماژەمان پێدا ساڵانە بە بەهای یەک ملیار دۆلار جگەرە هاوردەی هەرێم دەکرێت، لایەن نەرێنیەکەی ئەم هاوکێشەیە تەنها ئەوە نیە کە پارەیەکی زۆر بەهۆیەوە دەڕواتە دەرەوەی کوردستان، کاریگەریە ئابوریە خراپەکانی ئەم حاڵەتەش هێندە دیارو بەدیهین پێویست ناکات لە روی زانستی ئابوریەوە شرۆڤەو شیکاریی بۆ بکەین. دیارە ئەو خاڵەش ئاشکرایە کە بازرگانی جگەرە لە بزنسێکی قازانجدارە، بەڵام لەم دۆخەی ئێستایدا، ئەم کەرتە تەنها گروپێکی بچوک لە بازرگانان کە دابەش بون بەسەر چەند بەرپرسێکی حیزبیدا سودمەندو دەوڵەمەندبون. بیهێنە پێشچاوی خۆت ئەگەر لە کوردستان زیاتر لە کارگەیەکی بەرهەمهێنانی جگەرە هەبونایە، لە بری ئەوەی جگەرە لە ٤٢ وڵاتەوە هاوەردە بکرێ، لە ناوخۆدا بەرهەم دەهێنراو هەزاران هەلی کاریشی فەراهەم دەکرد، سەرباری ئەوەش بونی ئەو کارگانە دەبونە بزوێنەری جوتیاران و ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان، بەوپێیەی جوتیاران سەرقاڵی بەرهەمهێنانی توتن دەبون و کارگەکانیش دەبونە وێستگەی ساغکردنەوەی بەرهەمی جوتیاران، ئەمە ئەگەر بزانین لە حەفتاو هەشتاکانی سەدەی رابردودا ئەم دیمەنە بە تەواوی ئەو وردەکاریە خەیاڵیانەی باسی لێوە دەکەین بونی هەبوەو بەشێک بون لە واقیعی ئابوری کوردستان. هەڵبەت ئەم هاوکێشەیە بۆ زۆرێکی دیکە لەو کەلوپەلانەی تریش راستن کە هاوەردەکردنیان نەزیفی خستۆتە نێو سەرمایەی ناوخۆیی کوردستانەوەو بەوەش هەم پیشەسازی نێوخۆیی توشی ئیفلیجی بوەو هەمیش رێژەی بێکاریی زیادکردوە. هەربۆیە بەشێک لە ئەرکە هەنوکەیی و زۆر جدیەکانی کابینەی نۆ راگرتنی نەزیفی چونە دەرەوەی سەرمایەیە، ئەویش زۆر بە سادەیی بە پاڵپشتیکردن و گەشەپێدانی پیشەسازیە بچوک و مامناوەندییەکان دەستپێدەکات گەشەپێدانی پیشەسازیە بچوک و مامناوەندییەکان ئەڵمانیا یەکێکە لە وڵاتە پیشەسازیە پێشەنگەکان لەسەر ئاستی دونیا، گوزارەی “made in Germany” بوەتە براندو شوناسێکی پیشەسازی گرنگو متمانەپێکراو، بەشداریی پیشەسازی لە هاوکێشەی ئابوری ئەڵمانیا ئەو وڵاتەی کردۆتە یەکێک لە ئابوریە هەرە بەهێزەکانی جیهان، کە نەک تەنها بۆ خودی ئەڵمانەکان بەڵکو پایەکانی ئابوری کیشوەری ئەوروپاشی راگرتوە. هەڵبەت نەخوێندەوارییەکی گەورەیە پێمانوابێت پشکی پیشەسازییبونی ئابوری ئەڵمانیا تەنها بەر کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەکو مارسیدس و سیمینس و بی ئێم دەبلیو و پیشەسازییە قورسەکان دەکەوێت، بەڵکو سیحری بەهێزیی ئابوری ئەڵمانیا لە پیشەسازیە بچوک و مامناوەندییەکاندایە، ئەو پیشەسازیانەی کە دەچنە خانەی پێداویستیە رۆژانەییەکانی بەکاربەر، لە گرنگترینیان پیشەسازیە خۆراکیەکان و جلوبەرگ و پاکەرەوەو بابەتی جوانکاریی و پێداویستیەکانی دیکەی ناوماڵ و پیشەسازی ریسایکلین. بەشێکی گەورەی بازاڕی کاریش لەو وڵاتە هەمیشە پیشەسازییە بچوک و مامناوەندییەکان فەراهەمی دەکەن. ئێستا با بگەڕێینەوە بۆ کوردستان، ئایا رەوایە ساڵانە بە ملیۆنان دۆلار سەرمایە بۆ نمونە تەنها بۆ هاوردەکردنی دۆشاوی تەماتەو بەرهەمەکانی ماکەرۆنی، دەچنە دەرەوە، لە کاتێکدا ئەو دو کاڵایە هێندە سادەو ئاسان بەرهەم دەهێنرێن هاونیشتمانییەکی سادەش لە ماڵەوە خۆی دەتوانێت بەرهەمی بهێنێت. کابینەی نۆ دەتوانێت بە پێی چەند رێوشوێنێکی یاسایی و زانستی و ئابوری، هەڵمەتێکی گەورە بۆ دامەزراندن و پاڵپشتیکردن و گەشەپێدانی چەندین پیشەسازی بچوک و مامناوەندی دەستپێبکات، بە تایبەتی ئەو پیشەسازیانەی کە جگە لە دروستکردنی هەلی کار، برەو بازاڕیش بۆ بەرهەمە کشتوکاڵیەکان فەراهەم بکات، بۆ نمونە ئەگەر لە کوردستان ١٠ کارگەی دۆشاوی تەماتە هەبێت بە کوالیتەکی باش پێداویستی ناوخۆ پڕ بکاتەوە، بازاڕەکانی کوردستان پێویستیان بە بەرهەمی دەرەکی نامێنێت، هاوکات جوتیاران دەتوانن بەشێکی زۆر لە زەوی و بەیتە پلاستیکیەکانیان بکەنە بەرهەمی تەماتە، ئەوەش قازانجێکی دیکەیەوە دەبێتە هۆی پاڵپشتیکردنی جوتیارو کەرتی کشتوکاڵ. ئەم هاوکێشەیە بۆ زۆرێک لە شمەک و کاڵاکانی دیکەش هەر راستە، بۆ نمونە ئەو کاغەزو کارتۆنەی وەکو زبڵ و خاشاک دەسوتێنرێ دەتوانرێ بەهۆی پیشەسازی ریسایکلینەوە جارێکی دیکە بکرێتەوە بە کلێنس و کاغەزو کارتۆن و پێویست نەکات بازرگانان ساڵانە بە بەهای ملیۆنان دۆلار کلێنس لە دەرەوە بهێنن و نەزیف بخەنە سەرمایەی نێوخۆیی کوردستانەوە. لە دونیای مۆدێرن و سیستماتیکدا هەر کابینەیەکی نوێی حکومەت پێکدەهێنرێ، یەکەم گوتارو کارنامەی کابینەکە ئاشکراکردنی ژمارەی ئەو هەلی کارانەیە کە بۆ گەنجەکانی فەراهەم دەکات، شانازی هەر کابینەیەکیش زۆریی قەبارەی ئەو هەلی کارانەیە کە بۆ ئابوری وڵاتی دەڕەخسێنێت، ئەو پرۆسەیەش تەنها یەک رێگەی هەیە کە بریتیە لە دامەزراندن و پاڵپشتیکردن و گەشەپێدانی پیشەسازییە بچوک و مامناوەندییەکانە، کە بەهۆیەوە دەتوانرێت بەشێکی باش لە “نەزیفی چونە دەرەوەی سەرمایە” لە کوردستان رابگیرێت. * ئامارەکان زانیاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پلان و بەدواداچونە لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان كە پشتی بە داتای وڵاتانی هەناردەكار بەستوە بەشێکی زۆریان لە رێگەی رۆژنامەنوس رەوا عەبدوڵڵاوە بڵاوکراونەتەوە.
جیهاد محەمەد نهێنیی، ئەو ڕووبەرە نادیارەیە، کە هەرچ کەسێک بۆی گرنگە، زانینی هەبێت دەربارەی و پەی پێبەرێت. کتێبەکان پێش خوێندنەوەیان پڕن لەو نهێنیانەی تا نەخوێندرێنەوە نازانرێت باس لە چیی دەکەن، هەڵگری چ جۆرە زانین و زانست و فەلسەفەیەکن، یان هەڵگری چ جۆرە چیرۆک و ڕۆمانێکن. خوێنەر بۆیە بەپەرۆشەوە کتێب دەکڕێت و لە ئامێزی دەگرێت و پەڕەکانی یەک یەک هەڵدەداتەوە و بە وردی دەیانخوێنێتەوە تا سیحری ناوەڕۆکە شاراوەکەی تێبگات، کتێب پێش خوێندنەوەی مەعشوقێکی ئەفسانەییە بۆ خوێنەر، بەڵام ڕەنگە دوای خوێندنەوەی مەعشوقیەتی لاوازبێت، بەڵام سوودی هەرگیز لاواز نابێت. کەسی عاشقیش دنیایەک نهێنی و پەنهانی لە دڵدارە مەعشوقەکەیدا دەبینێت، مەعشوق ئەفسانەیەکی شاراوەیە تا ئەو کاتەی بە عاشق دەگات. هەڵسوکەوت و ڕەفتاری مەعشوق هەرچی بێت، قودرەتێکی هێندە نهێنی و سیحراویە، کە عاشق سەرسام دەکات بە خۆی، هەموو جوانیەکانی دنیا، هەموو ژیانی خۆی لە زانین و پەیبردن بە ژیانی مەعشوقەکەیدا دەبینێتەوە، بۆیە بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدایە بگات بە مەعشوقەکەی و بگات بەو نهێنیە پڕ لە سیحراویی و ئەفسوناویە، عاشق هەتا بە مەعشوق دەگات ملکەچی چاک و خراپێتی، بەڵام کە پێیدەگات ڕەنگە مەعشوق لاواز بێت، بەڵام زاوزێیان لە ترۆپکی جوانیدایە، گەر ئەم بەرهەمە ناوازەیە نەبوایە زۆر زوو ئەم جیهانە لە ناو دەچوو، یان هیچ بەهایەکی نەدەما. مرۆڤ بە گشتی، ئەو بوونەوەرەیە کە هەمیشە بە دوای نهێنیەکاندا وێڵە، دەگەڕێت و بەدواداچوونی بۆ دەکات. دیارە هەر ئەم بە دواداگەڕان و پەیکردنە سروشتیەشە، کە مێژووی مرۆڤایەتی قۆناغ بە قۆناغ بەرەوپێشەوە بردووە. مرۆڤ لەگەڵ ئەوەی شەیدای زانینی نەزانراوەکانە، لە هەمانکاتدا لە سیحر و توانای گەورەی نەزانراوەکانیش تێدەگات، کە چۆن مرۆڤ دەکات بە عاشقی خۆی و خۆشی دەبێت بەو مەعشوقە پڕ لە نهێنییە خەیاڵاویە. کەواتا نهێنی و پەنهانی مەعشوق سەرچاوەی شەیدایی عاشقەکانە. تا ئێرە نێهینەکان و قودرەتی نهێنی و بە دواداگەڕانی مرۆڤەکان بۆ پەیکردن و زانینی نهێنیەکان، کارێکی زۆر ئاسایی و سروشتیە. وەلێ بەکارهێنانی "نهێنیی و پەنهانیی" لای حکومڕانەکانی کوردستان بۆ جڵەوکردن و سەرسامکردن و سەرقاڵکردنی خەڵکی گشتی، هەتا بڵێی کارێکی پوچ و قێزەون و ناشیرینە. باش لە بیرم دێت، لەگەڵ ئەو پەڕی ڕێزمدا بۆ خەڵکە "گشتییەکەی" کوردستانی ڕۆهەڵات، بە سەدام حسەینی دڕندە و فاشییان دەوت،"سەرۆکێکی قەشەنگە"، ئەم سەرسامبوونە بە سەدام حسەین لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو، کە خەڵکی گشتی ڕۆژهەڵات ناوەڕۆکی نهێنی خۆنمایشکردنەکانی ئەم پیاوە ناشیرینە تێنەدەگیشتن. ئاخر جارێکیان، بە گوێی خۆم گوێم لێبوو، چەند کەسێکی سادە و ساکار"ماشاألله"یان لە شێخێک دەکرد، کە هەتا بڵێی پیاوێکی بۆشناخ و پاک و خاوێن بوو، هەتا بڵێی جل و بەرگ و عەبا و جبەکەی شانی کەشەخە بوو، هەتابڵێی ڕێ و ڕۆشتنی بە ئارامی و لەسەر خۆ بوو، هەتابڵێی دەوڵەمەند و پارەدار بوو، هەتابڵی لە حکومەتی عێراقی فاشیدا دەستی دەڕۆیشت، لەگەڵ ئەوەشدا هەتا بڵێی لە ناوەڕۆکدا شێخێکی ساختەچیی بوو، بەڵام شەیدایی خەڵک لە چاویاندا بوو، نەک لە عەقڵیاندا، بە عەقڵ بیریان لەوە نەدەکردەوە، کە ئەم شێخەش هەروەک هەموو کەسێک، مرۆڤێکی ئاساییە، وەلێ ئەو خۆنمایشکردن و خۆگۆڕین و ڕیشبەردانەوەیە کردبووی بە کەسێکی نائاسایی، ژیانی لای خەڵک، بووبوو بە شتێکی نائاسایی، تەنانەت نوێژ و خواپەرستیەکەشی خۆ هەر وەک خەڵک وابوو، کەچی بووبوو بە ڕەفتار و کردارێکی نائاسایی، چونکە بە دەگەمەن نەبێت وەک خەڵک لە مزگەوت و بەردەمی خەڵکدا ئەم خواپەرستییەی نەدەکرد، ئیتر خەڵکی وایان دەزانی لە کاتی خواپەرستییدا پەردە لە نێوانی خۆی و خوادا نامێنێت و دەتوانێت قسە لەگەڵ خواشدا بکات. سیاسیە حوکمڕانەکانی کوردستان، شارەزان لە قودرەتی "نهێنی و پەنهانیی" کە چۆن بەم قودرەتە کارلێک دەکەن لەسەر کۆمەڵە خەڵکێکی گشتی سادە و ساکر، بۆیە نهێنی و پەنهانی زۆرێک لە ڕووبەری ژیانیان دەکەن بە "سەرمایەیەکی ڕەمزی" و بەکاری دەهێنن بۆ چاوبەست و خۆشاردنەوە لە خەڵک. پەیوەندیە خێزانیەکانیان، ژیانە کۆمەڵایەتیەکانیان، پەیوەندیە سیاسییەکانیان دەکەن بە سەرمایەیەکی ڕەمزی بەهێز بۆ سەرسامکردنی خەڵک. خێزانە سیاسیی و حکومڕانەکان، هەمیشە دنیای خۆیان بە پەنهانی دەهێڵنەوە، تا خەڵک بە هیچ شتێکیان نەزانێت و ببن بە خێزانگەلێکی سیاسیی نائاسایی و ئەفسانەیی. ئەم قودرەتی نهێنیە، وا دەکات، کە قسەکردن و گفتوگۆ ئاساییەکانیان، ئەو قسانەی کە هەموو کەس دەزانێت بیانکات، پڕ دەبێت لە سیحر بۆ خەڵکە سادە و ساکارەکە، کە بە نائاسایی وەریدەگرن و گوێی لێ دەگرن. زۆر جار خەڵکی گشتی لە ڕێپۆرتاژەکاندا، لە چاوپێکەوتنەکاندا، زۆر باشتر، زۆر جوانتر، زۆر بە ئەددایەکی ڕوونتر و زمانێکی پاراوتر لە سیاسیە حیزبیی و حکومڕانەکان قسە دەکەن، وەلێ نائاسایی وەستان و خوتبەدانی ئەم سیاسیانە، بەقەراعەت قسەکردنیان، جۆری لەبەرکردنی جلوبەرگیان، بۆینباخە سێ چوار هەزار دۆلاریەکانیان، قاتە سیی چل هەزار دۆلاریەکانیان، سەعاتە ئاڵتوونیی و گرانبەهاکانیان، پێڵاوە تایبەتییە دەهەزاردۆلاریەکانیان، خاوەندارێتی کۆشکە سەدان ژوور و ڕووبەرە دەیان هەزار مەتریەکانیان، خاوەندارێتی گەمێ و فڕۆکەکانیان،خاوەندارێتی رۆژنامە و کەناڵە نەوتییە پڕ لە خەرجییە سەدان دەفتەر دۆلاریەکانیان، کۆبوونەوە پڕ لە قاقای پێکەنین و قاچ خستنە سەر قاچیان، بە بێدەنگی و بێ ئەوەی هیچ کەس بزانیت چ نوکتەیەکی قۆڕ و چ قسەیەکی بێ مانا دەگوزەرێت لە نێوانیاندا،سەرنجێکی سیحراوی و خەیاڵاوی ئەوتۆ دروست دەکەن، کە دەبێت بە خەیاڵ و ئەفسون لای خەڵکی گشتی، هەموو ئەم خۆنواندن و قسە پوچانەیان لای خەڵکی گشتی نەزان، دەبێت بە نەخشی سەر بەرد. تەنانەت هێزە میلیشیاییەکانیان، هەڕەشە و گوڕەشەکانیان، کاروانی سەیارە مۆدێلبەرزەکانیان، چوون بۆ پرسە و ئامدەبوونیان لە شوێنی گشتییدا بە کەشخە و فشە و خۆبادانێکی بێتام و ناشیرینەوە، کە بە دەیان چەکداری دەموچاو ناشیرین و ڕەفتار شەلاتیانە بە دوایانەوەیە، دابەزین و سواربوونی سەیارەکانیان بە شەقە و تەقەی تووند کرانەوە و پێوەدانی دەرگاری سەیارەکانیان، فڕوهوڕ و تڕوهوڕ و پەڕتەڕناشی سەیارەکانیان، ئەمانە هەمووی بۆ ئەوەیە کە خۆیان وا پیشان بدەن، کە مرۆڤگەلێکی نائاسایین و ئەوەی ئەمان پێی گەیشتوون، لە قودرەتێکەوەیە، کەسی تر نییەتی. ئەگەر وردبینەوە، لە خێزانە سیاسییەکانی، وەک بنەماڵەی بارزانی و براو کوڕ و زاوای بارزانی، یان خێزانی تاڵەبانی و کوڕ و کەسوکاری تاڵەبانی، بە تایبەتی ئەوانەیان کە جڵەوی حوکمڕانیان بە دەستەوەیە، نەزانینی مرۆڤە نەزانەکان، بۆ تێگەیشتن، لە ژیانە پڕ لە نهێنی و ئەفسوناویەکەیان، دەکەن بە چەکێکی نهێنی پڕ لە خەیاڵی سیحراوی بۆ کەمەنکێشکردنیان و جڵەوکردنیان. هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدان بە پەنهانی بمێننەوە، وەک کەسانی سادە و ساکار نەیەنە بەرچاوی خەڵکی، وەک کەسانی سادە و ساکار نەیەنە ناو خەڵکەوە، وەک کەسانی سادە و ساکار دەرنەکەون، تا وا لە خەڵک بکەن، کە شەیدای ژیانە شاراوەکەیان بن، شەیدای ناو ماڵ و خیزانیان بن، شەیدای ئەوە بن، کە بزانن ژنەکانیان، کچەکانیان، منداڵەکانیان ناویان چییە، چیی دەخۆن، چیی لەبەردەکەن، چۆن دەژین، چۆن کاتی خۆیان بەسەر دەبەن، لەگەڵ کێ هاتوچۆ دەکەن. هەموو ئەمانە بوون بە نهێنیەک، کە زۆر لە خەڵکی سادە و ساکار سەرسامن پێیان، زۆربەی خەڵکی سادە و ساکار بۆیە خۆشیان دەوێن، بۆیە لایەنداریان دەکەن، بۆیە دەنگیان پێدەدەن، چونکە بوون بە عاشقی ئەم مەعشوقە پڕ لە نهێنیە سیحراویە، عاشقانە بە دوای ئەم سیحرە پوچ و پڕ لە ئەفسانەیەوەن. زۆر جاریش کە زانین و بەدواداچون و تێگەیشتنیان لەم ژیان و ڕەفتارە ئەفسوناویەیان ناگات بە ئامانج، کەچی هێشتا ئەمەش لای خەڵکە سادەکە دەبێت بە داینەمۆی بەردەوامی سەرسامبوونیان. بۆیە کاتێک خیانەتیش دەکەن، کاتێک فێڵی سیاسیش دەکەن، کاتێک سەروەت و سامانی گشتی کۆمەڵگەش دەدزن، کاتێک هەموو ژیانی خەڵکی قۆرخ دەکەن، کاتێک سوێندی درۆش بە کەرامەت و شەرفیان دەخۆن، هێشتا ئەو مەعشوقە خۆشەویستەن کە پەی بە سیحریان نابرێت، ئەو ڕووبەرە پڕ لە نهێنیە نا ئاساییەن، کە مرۆڤی داماوی نەخوێندەوار، وا بیر دەکاتەوە، دیارە ئەمانە بەشەرگەلێکن، کە خواردنیان، خواردنەوەیان، چوونە سەر ئاودەستیان، خۆشتن و حەمامیان، جل لەبەرکردنیان، شاییان، شینیان، ئەبێت جیاوازبیت لە خەڵک، چونکە ئەگەر وا نەبێتت ناتوانن ببنە بەو حوکمڕانە بەهێزانەی کە ماڵەکانیان، ویستەگەکانیان، ئۆفیسەکانیان دەبن بە جێگە و شوێنی زیارەتی سەرۆکە گەورەکانی دنیا، ئەو سەرۆکانەی لە ڕۆژنامەوانیەکانیانەوە زۆر جار هێندە بە سەیر باسی خەرجی ڕۆژانە و سەفەرەکایان دەکرێت، کە جێگەی گاڵتەپێکردنە. ئاخر مەلیکی سعودیە کە سەفەر دەکات بۆ وڵاتێک، لە پێش سەفەرکردنەکەیەوە بە سەدان ملێون دۆلار بۆ نیشتەجێبوونی خەرج دەکرێت. لەم ماوەیەدا شتی سەیر و سەمەرە باس کرا لەسەر ژیانی تایەبەتی ژنە لەچکبەسەرە ئیسلامییە لە خواترسەکەی هاوسەری ئەردۆغان، کە چایەک دەخواتەوە کیلۆی بە دوو هەزار یۆرۆیە. دیسان بە جۆرێک باسی ژیانە پڕ لە نهێنیەکەی پۆتین کرا، کە هەر بۆ گاڵتەپێکردن باشە، تەنانەت ئەو ئاودەستەی گووی تێ دەکات، لە ئاڵتوونی عەیارە ٢٤ دروستکراوە. ئێ خۆ بە چاوی خۆشمان بینیمان، ئاودەست و حەمام و دەستشۆر و تفەنگ و دەمانچەکانی سەدام حسەین، لە ئاڵتوون دروستکرابوون. کەسێکی نزیک لە کارەکترێکی(سیاسی)ەوە بۆی گێڕامەوە، کە ئەم کارەکتەرە سیاسیە، شەوانە ئەوەندە دەخوات، ئەوەندە دەخواتەوە، ئەوەندە دەکاتە کایەنی ورگێوە، هەموو شەو دەبێت دەست بکات بە سۆدە خواردنەوە تا دەڕشێتەوە و خواردن و خواردنە زیادەکە هەڵدێنێتەوە، یەع لەو ژیانە نهێنێە ناشیرین و دزێوە، کە لای خەڵکی سادە و ساکار بووە بە ئەفسانە و خەیاڵێکی قوول، چونکە پەنهان و نەزانراوە. هەر بۆ نوکتەش، ئەو کەسەی ئەمەی بۆ گێڕامەوە، خودی خۆی هێندە شەیدای ئەم زۆرخۆرە ناشیرینە ورگزلەیە، نەوەیەکی بە ناوی ئەوەوە ناوناوە. سەیرە! لەلایەکەوە گاڵتەی پێدەکات و لە لایکەوە شەیدایەیت. بەڵام هەمان سیاسی و خاوەن بڕوانامە و دەوڵەمەندانی کۆمەڵگە و وڵاتانی پیشکەوتوو هیچ جۆرە نهێنیەکیان تیا نییە، سادە و ساکار وەک خەڵک دەژین، تەنانەت لە شارێکدا، لە قەزایەکدا، لە ناحێیەکدا، خەڵکی پێویستی بەوش نیە ناوی سەرۆکی یەکە ئیداریەکە بزانێت، چونکە هیچ جۆرە خەیاڵێکی سیحراویان لە خۆیاندا دروست نەکردووە تا خەڵک بیانکات بە مەعشوق و عاشقی ژیان و نهێنیەکانیان بێت، هیچ جۆرە دەسەڵاتێکیشیان لە دەرەوەی دەستور و سیستمی بەڕێوەربردن نییە، بە هیچ جۆرێکیش ناکەونە سەروو یاساوە، وەک هەرچ هاوڵاتیەکی دیکە یاسا بەسەریاندا جێبەجێ دەکرێت. لە مەڕ خۆمان و وڵاتانی پڕ لە کولتووری سیاسیی و کۆمەڵایەتی دواکەوتوو، حوکمڕانەکان وەک سەرۆکی خێڵ ناندەرن، هێزی ئابوورین، لە جیاتی یاسا و دەستور پارێزەری خەڵکن، ژیان و مردنی خەڵکیان بە دەستە، خاوەنی هێزی میلیشیایین، وەلێ لەوێندەر و لە وڵاتانی پێشکەوتوو سیستمی دیموکراتی حوکمڕانە نەک خێزانی خێڵەکی و سیاسی. بۆیە کاتێک کەسێک کە دەبێت بە سەرۆکی حکومەت، دەبێت ماڵی بگوێزێتەوە بۆ ئەو خانووە تایبەتەی بۆ هەرچ کەسێک کە دەبێت بە سەرۆکی حکومەت، کە ماوەی سەرۆکایەتیەکەشی تەواو دەبێت، دەست بەجێ بە گوێرەی یاسا بەجێی دەهێڵێت. لەم ڕۆژانەدا سەرۆکی وەزیرانی دانمارک پیشاندرا، کە چۆن بە دەستی خۆی گیای حەوشەکەی خۆی دەبڕێت.
+ عەلی مەحمود كاتێك بارزانییەكان لە هەمبەر بەشداری پارتی لە شەڕی حاجی ئۆمەران بە كۆمەڵ جینۆساید كران, كورد نەك ئەزموونی وەرنەگرت, بەڵكە دوای 3 ساڵ , هەمان هەڵەی كوشندانەتر لە لێدانی چاڵە نەوتییەكانی كەركوك دوبارە كردەوە , ئیتر بۆ هێزەكانی ینك , پدك , حسك , بزوتنەوەی ئیسلامی لە سێ ساڵی داهاتوو بووە نەرێتی باو , تەنانەت كەوتنە پێشبڕكێی یەكتر لە كەوتنە پێش سوپای پاسداران, ئەم پێشبڕكێیەش گەیشتە ئەو ئەنجامەی ببینە خاوەند زۆرترین كەیسی جینۆساید لە جیهانداو قوربانی نمرە یەك لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە. ئەو حیزب و كەسایەتیانەش كە بڕیار بەدەستی ئەو تاكتیكە كوشندەیە بوون, نەك بۆ جارێكیش وەك ئەركێكی ئەخلاقی دانیان بە هەڵەكانی خۆیاندا نەنا, بگرە بێ دەربەستانە لە نوسین و یاداشتەكانیانا یان باسیان نەكرد وەك ئەوەی هیچ روینەدابێت, یاخود ئۆباڵەكانیان خستە سەر بەرامبەرەكانیان , یاخود بێ منەت لە خەڵك و قوربانیان كارەكان خۆیان بەرز نرخاند . دەبوایا خەڵك ئەم لایەن و كەسایەتیانەی سزای سیاسی بدابایا , ئەمانە گەلیان لە كارەساتێكەوە بۆ خراپتر بردووە بەردەوام , ئەزمونیان لە هەڵەو پێشێلكارییەكان وەرنەگرتووە , باجی هەڵەكانیان تا ئێستا نەداوە , تەنانەت دوای راپەڕین و تا ئێستاش هەر كارەكتەری سەرەكی سیاسەتكردن بوونە لە كوردستان, بێ ئەوەی دان بە راستییەكاندا بنێن , داوای لێبوردن بكەن , قەرەبوی قوربانیان بكەنەوە لە بەرامبەر هەڵەكانیان , تەنانەت لە یاداوەریەكانیشیان بەشداری ناكەن و تاوانبارانی جینۆسایدیش لە ریزەكانی خۆیان داڵدەدەن. هێرشی هاوبەشی پارتی وئێران بۆ حاجی ئۆمەران لەساڵی 1983 دا ,بە یەكەم نموونەی ئەنجامدانی شەڕی هاوبەشی پارتە كوردییەكان لە گەڵ ئێران دژ بە سوپای عێراق دێتە ژماردن ,لێرەوە ئەم تەرزو شێوە هاوكارییە سەربازی سیاسییە ,دەبێت بە تەرزو مۆدێلێكی بەشێك لە لایەنە كوردییەكانی دیكەی باشوور ئیلهامی لێ وەردەگرن , لە پشت پەرتووكە سورەكان و ئاڵاكانی كوردستانەوە دەست لە گەڵ پاسدار تێكەڵ كرا پرۆژەی شەری هاوبەشیان لە گەڵ ئێران دادەڕشت . لێرەوە بوونە ویڵی ڕێگای پەیوەندییەكانیان لە گەڵ ئێران , وایان دەنواند بەخت یاریان بووەو رێوی بەرەو پیرییانەوە چووە ,دڵیان بەوە خۆش بوو , ئێران كاری هاوبەشیان لەگەڵ دەكات . بە پشت بەستن بە ئێران دەیانەویست ببنە هێزی یەكەم و چوار مشقی لەسەر باڵا دەستی لە كوردستان دابنیشن , ینك وپدك ,خولیای بوون بە یەكەم هَێز لە كوردستان ,بەردەوام لەمَیشكیان خولی دەخوارد ,پاش ئەوەی چەكیان لە ئێران وەر گرت ئومێدیان باڵای دەكرد. بە بێ ئەوەی بزانن مامەڵە كردن لەگەڵ دوژمندا خیانەت كارییە لە گەل و لای فاشییەكانیش گەل بەرەو چارەنووسێكی ڕەشە بات . بەم كارەشیان كەوتنە ناو تەڵەی ئێرانەوە ,لە گەڵ ئەودا بەرەو چارەنووسی نادیار ملیان دەنا . پێشتریش پارتی دیموكراتی كوردستان ((عێراق)) زۆر جەنگی هاوبەشی شان بە شانی هێزەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران دژ بە پێشمەرگەی كوردستانی خۆرهەڵات (بە تایبەت دیموكرات و كۆمەڵە) ئەنجام دابوو, لەگرتنەەی زۆر دەڤەر و شار و شارۆچكە رۆڵی گێرابوو ,نمونەیەكی سەركەوتووی لە كاری سەربازی –سیاسی هاوبەشی خستبووە سەر سفرەی كون بووی كۆماری ئیسلامی ئێران ,ئەم پەیمانامەیە بۆیان پەیماننامەی فاوست بوو ( لەو پەیماننامەیە فاوست روحی خۆی بەشەیتان فرۆشت) بەلام فاوستەكەی ئیمە دوایی بوون بەدو و سێ و چوار وپێنج نەك تەنها ڕوحی خۆیان بە لكە ڕوحی هەموو گەلیان بەشەیتانە ڕیشنە دِرندەكەی ئەودیو سنوور فرۆشت , بەم كارەشیان بوونە دیلی پەیوەندییەكانیان لە گەڵ ئێران .تاكتیكی ماڵویرانكەر سەدان هەزار كەسی كردە قربانی , بەم كارە ناشرینەشیان دۆزی كوردییان لە جەنگی كۆنە پەرستانەی عێراق ئێران خنكاندو شەڵاڵی خوێنیان كردو ڕەوایەتی گیانی بزووتنەوەی رزگاریخوازیان تیایدا كوشت و ناشرینیان كرد . ئەم جەنگە هاوبەشانە دەستپێكی خۆكوژی بە كۆمەڵی ( خێڵێك دواتر گەلێك ) ی لێكەوتەوە , هەرچەندە پارتی بۆ خۆی هاشا لەوە دەكات , لەو شەڕە (( حاجی ئۆمەران )) بەشدار بوو بێت و پێش بە سوپای پاسداران كەوتبێت و چاوساغی بۆیان كردبێت ( بە شەفەیی چەند جارێك لەسەر زاری بەرپرسانییەوە ئەمە ڕاگەیەنراوە ), بەڵام بۆ خۆی تاوانەكە بەو بەهانەیەو بەو ناوەوە ئەنجامدرا و لەژێر ئەو كارە خۆی شاردەوە, لێ ڕەتكردنەوەكانی پارتیش بەشێوەی فەرمی نییە , لە بەرامبەردا زۆر سەرچاوە ئاماژە دەدەن بەوەی ئەو كارە سەربازییە هاوبەشە بەرفراوانە ئەنجامدراوە , تاڵی لەوەدایە هەمان پارتی سیاسی دوای 3 ساڵ لەو كارەساتەی هاشا لە ڕۆڵی خۆی دەكات تیایدا , دێت هەمان تاكتیك جارێكی تر هەڵدەبژێرێتەوە و پیادەی دەكاتەوە , جارێكی دیكە بە ئاشكرا بە شێوەی ر بەرفاوانتر و بەربڵاوتر و ئاشكراتر دووبارەی دەكاتەوە , ئەزموون لە دڕندانەترین پەرچەكرداری تا ئەو دەمی ڕژێم وەرناگرێت بەرامبەر بە گەلەكەی تەنانەت كەسە نزیكەكانی سەرۆكەكانی , بۆ جاری دووەم دێت زنجیرەیەك چالاكی سەربازی هاوبەش , لەگەڵ هێزەكانی ئێرانی دژ بە سوپای عێراق بە ئاشكرا و لە قولایی وڵاتدا لە زاخۆوە بۆ هەڵەبجە ئەنجام دەداتەوە . بەم كارەشیان بوونە پۆلیسی ئیران لە كوردستان ,بەڵام مەخفەرەكەیان لە ئێران بوو , لەو دیوەوە نەخشەیان بۆ دادەڕێژرا , لەم دیو كوردیان دەكردە سوتەمەنی نەخشەكانیان . بەم شێوەیە هەموویان بەشدارن لە مێژوویییەكی هاوبەش , مێژووییەكی هەتیو تا ئێستا دانی پێدا نانێن. بۆچی حاجی ئۆمەران !! گرتنی شارۆچكەی حاجی ئۆمەران بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران گرنگی تایبەتی خۆی هەبوو , بۆ ئێرانییەكان لە پاڵ سەركەوتنە سەربازییەكە بەسەر عێراقدا ,هاوكات دەروازەیەكیش بوو بۆ ئەوەی كوردستان بكاتە بەشێك لە جەنگەكە و بەسەر نەیارەكانیدا سەركەوێت لە كوردستان , ناوچەیەكی بەرزایی ستراتیژی دەیتوانی لەوێوە جوڵەی هێزەكانی دیموكرات و كۆمەڵە لە ناوچەكانی پیرنشار و شنۆو .... كۆنترۆڵ بكات و بارەگاكانی پشت جەبهەیان پێ چۆڵ بكات وسنووری چالاكیەكانیان بەرتەسك بكاتەوە ,بۆ ئێران سەركەوتنەكە دوو بوو هەم بەسەر عێراق و هەم بەسەر كورددا بوو . هەرچی بۆ پارتی دیموكراتی كوردستانە ,بە بەشداریكردنی لە شەڕەكە لە لایەكەوە دڵسۆزی خۆی سەلماندەوە بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران ,لە ڕێگەی ئەو كارەوە شەرعییەتی مانەوەی لە ئێران و هاوكاریكردنی لە لایەن كۆماری ئیسلامییەوە وەرگرت , لە لایەكی دیكەوە : - دەڤەری حاجی ئۆمەران ناوچەیەكی ستراتیژی سەربازی گرنگ بوو ,ناوچەی قەڵەمڕەوی ینك بوو, هاوسنوور بوو لەگەڵ ناوچەكانی قەڵەمڕەوی ئەو ,بەسانایی دەیتوانی پاش جەنگ كۆنترۆڵی بكات و بیخاتە سەر ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆی , هیلتەرمان ئاوا باسی ئەم لایەنە دەكات (( پەیوەندی توندوتۆڵی نێوان ئێران و پارتی دیموكراتی كوردستان, بە جارێ عێراقییەكانی نیگەران كردبوو, لە پاش هەرەسهێنانی شۆڕشی بارزانی لە ساڵی1975دا, سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان(كە لە مەلا مستەفاوە چووبووە لای ئیدریس و مەسعودی كوڕی) بە ئاوارەیی لە ئێران دەژیا, دەستدرێژی عێراق, هیوای بە (پ د ك)پەیدا كردەوەو لە ساڵی1983دا پاڵپشتییەكی چالاكانەی شەڕی هێزەكانی ئێرانی دەكرد وەك ڕێنماو شارەزایی زانیاری تەواوی بارزانیەكان , بە تایبەت لەسەر ناوچەی عەشیرەتی برادۆستی كە هاوسنوور بوون لە گەڵیان, یارمەتییەكی گەورە بوو بۆ ئێرانییەكان ,كە توانیان لە كۆتایی تەمووزدا حاجی ئۆمەران و دەوروپشتی بگرن, كوردۆسمان واگنەر ڕاپۆرتی ئەوە دەدەن كەوا ئێرانییەكان لەو كاتەدا نزیكەی دە میل هاتوونەتە ناو خاكی عێراقەوەو "سەربازگەی حاجی ئۆمەرانی سەر بە فەیلەقی یەك, بەرزاییە سەرەكییەكان و بنكەكانی تۆپخانە لە ناوچەكەدا, نزیكەی 43گوندی كوردنشین ,بنكەیەكی سەرەكی حدكا و زۆربەی كەلو پەل و تفاقی جەنگیی حدكایان گرت" كارێكی ژەهراوی-یۆست هلتەرمان، وەرگێڕانی محەمەد حەمە ساڵەح تۆفیق-كۆمپانیای ئاوێنەل39 )) (( هێرشی حاجی ئۆمەران هەلێكی بۆ پدك ڕەخساند حساباتی خۆی لەگەڵ عەشیرەتی برادۆستیدا یەكلا بكاتەوە, كە ناحەزییەكی كۆنیان لە نێواندا بوو, بەهۆی پێگەی ئەم عەشیرەتەوە لە نێوان قەڵەمڕەوی بارزانی و سنوری ئێراندا. میلشیاكانی برادۆست بە پشتگیریی بەغدا رۆڵێكی بەرچاوی بەرگریكردنیان بینی لە ناوچەی عەشیرەتەكەیان. بە پێی سروشتی سیاسەتی كوردی, ئەوە بوو كە دوژمنایەتی پدك بۆ عەشیرەتی برادۆستی و دژایەتی مێژوویی نێوان پدك و ینك ,هاوپەیمانییەكی تەكتیكی لێكەوتەوە یەكەم لە نێوان ینك و برادۆستییەكان و دواتر لە نێوان ینك و ڕژێمی بەغدا كارێكی ژەهراوی-یۆست هلتەرمان، وەرگێڕانی محەمەد حەمە ساڵەح تۆفیق-كۆمپانیای ئاوێنەل118. )) .(( حاجی ئۆمەران ناكۆكی ینك و پدكی قولِتر كردەوە, پەیوەندی بەهێز بوو لە گەڵ قاسملوو - كارێكی ژەهراوی-یۆست هلتەرمان، وەرگێڕانی محەمەد حەمە ساڵەح تۆفیق-كۆمپانیای ئاوێنەل42)). - پارتی لەوكاتەدا ململانێ و شەڕی توندی لەگەڵ حدكا هەبوو ئەوەش بە بەشێك لەو جەنگە هاتە ژماردن ,هلتەرمان ئاوا باسی ئەم لایەنە لە جەنگەكە دەكات ((یەكەمین تۆماركردنی هێرش و پەلامارەكانی گاز بە شێوەیەكی ورد و تۆكمە, لە تەموز و ئابی ساڵی1983دا بوو, كاتێك هێزەكانی ئێران و عێراق كەوتنە شەڕێكی سەختەوە لە چیاكانی سەروی حاجی ئۆمەرانەوە, كە شارۆچكەیەكی سەر سنوورە لە كوردستانی عێراقدا, شەڕەكە , بێجگە لە هێرشی وەلفەجر دووی ئێرانی, بەشێوەیەكی سەرەكی مەبەستی دەرپەڕاندنی یاخیبووە كوردە ئێرانیەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستان(حدكا)ی سەر بە عەبدالڕەحمان قاسملوو بوو, پاشان جێگیربوون لەو شوێنەدا كە یاخیبووان چۆڵیانكردو بۆ ناو عێراق پاشەكشەیان كردبوو,لەم هێرشەدا گرووپە ئۆپۆزسیۆنەكانی عێراق دایانە پاڵ هێزەكانی ئێران و بەرچاوترینیان (پ د ك)ی مەسعود بارزانی بوو, لە گەڵ هەندێ تاقمی تازە پەیدا بووی فەیلەقی بەدر و میلیشیای چەكداری سەر بە ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە عێراق, كە گروپێكی ئۆپۆزسیۆنی شیعە بوون, ساڵی1982 لەسەر دەستی ئێران درووست بوون و بنكە و بارەگاكانیان لە تاران بوو, لەملاشەوە نەك تەنها (حدكا)پاڵپشتی هێزەكانی ئێراقی دەكرد, بەڵكو ئەو كوردە ئێراقیانەی ناوچەكەش كە ناحەزی پارتی دیموكراتی كوردستان بوون و بە تایبەتی هێزێكی عەشیرەتی برادۆستی كەوا سەرۆكەكەی كەریم خانی برادۆستی موستەشار بوو, دواتر سەدام چەندین جار مەدالیای ئازایەتی پێ بەخشی كارێكی ژەهراوی-یۆست هلتەرمان، وەرگێڕانی محەمەد حەمە ساڵەح تۆفیق-كۆمپانیای ئاوێنە(ل38-39) )) . كەواتە هەردوولای پەلاماردەر پێویستیان بەو جەنگە هاوبەشە هەبوو , هەردوو لاشیان پێویستیان بە سەركەوتن هەبوو لەو كات وساتەدا , پارتی بەهۆی سەركەوتنەكانی ینك بەسەر بەرەی جود , ئێرانیش بۆ بەرینكردنەوەی بەرەی جەنگ و تەعویزی زیانەكانی باشوور, ئەمە پێویستییە بووە دەستپێكی مۆدێلێكی كاری هاوبەش لە نێوان هەندێك لایەنی كوردی و ئێران , ئیِران وەك سودمەندی یەكەم لەم تاقیكردنەوەیە دەرچوو و براوەی كایەكە بوو. ئەو پرسیارانەی دەبوایا وەڵامیان هەبوایا !!! كۆمەڵێك زانیاری دەبێت لە بەردەستدا بێت , راڤە كردنی هەمە لایەنەی هێرشەكە , پێویست بوو وەڵامی هەموو ئەم پرسیارنە بە سانایی لە ئەرشیفدا جنگ بكەوتنایە , سەبارەت بە پرۆتۆكۆڵی واژۆكراوی نێوان پارتی وئێران بۆ ئەنجامدانی پەلامارەكە و ئازاد كردنی ئەو بەڵگە و دۆكۆمێنتانەی قەراردادی نێوان هەردوو لابوو بۆ ئەنجامدای ئەو پەلامارە سەربازییە , ئایا ئەندزیار و خاوەند بیرۆكەی كارەكە كێ بوو؟ئەدی ئیمزا كەرەكەی ؟, بەرپرسی سیاسی و دیبلۆماسیكەی ؟ كەسی یەكەمی سەربازی ؟ ,هێزەكان كێ بوون ؟, لەسەر چی ڕێك كەوتن ؟ , لە روی سەربازی و كارگێڕی و سیاسییەوە , وە چۆنییەتی ئەنجامدانی ئەوكارە سەربازییە ؟؟, نەخشە و پلانەكانی ,فەرماندە و لەشكرەكەی لەڕوی كەسەكان و ژمارەیان , روداوەكانی ناو بەرەكانی جەنگ ,دەستكەوت و زیانەكان ,قوربانی و بریندار وشەهیدەكان , كاریگەری لەسەر ناوچەی جەنگەكە ؟, فەرماندەی گشتی و ناوچەیی پەلامارەكە ,زیانی هاووڵاتیان گیانی ومادی , رۆڵی پارتی و فەرماندەكانی لە پەلامارەكە چی بوو ؟؟ , پاشكۆی هێزەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بوون یان تەنها كاری هەواڵگرییان دەكرد دوور بەدوور ؟, پاراستنی سەروت و سامانی خەڵك ,خاڵی دەستپێكی پەلامارەكە لە كوێوە دەستی پێكرد ؟ ,هەڵوێستیان لە پارستنی پێشمەرگەكانی ڕۆژهەڵات چی بوو ؟ , سەبارەت بە هەموو ئەم پرسیارانە نە بە بەڵگە نامە ,نە یاداشتنامە و وتاری بەرپرسانی بەشدار بووی ئەو كات هیچ زانیارییەك لە بەردەستدا نییە . بۆیە لێكۆڵینەوە لە سەر ئەم پەلامارە بەهۆی ئازاد نەكردنی زانیارییەكانەوە زۆر سەختە و كەماسی دێنێت . شێوازی گرتنی خەڵكەكە لە لایەن بەعسەوە لەم برَگەیەدا وێرای ئوەی بەعس لە دۆكۆمێنت و نامەكانیدا ئاماژەی داوە بە گرتنی ئەو هاووڵاتیانە , لێ ئێمە پشت بە دوو سەرچاوە دەبەستین ,یەكەمیان پشكنینی چالاكڤانێكی قوربانییە و دوەیان مورافەعەی داواكاری گشتییە كە ئامادەكراوە بۆ دادگای تاوانباری دۆسیەی 8000 بارزانی ,هەردوو ئەحداسەكەنی ئەنجام دانی تاونەكە و میكانیزمی جێبەجێكردنی بە هەندێك جیاوازیی كەمەوە نزیكن لەیەكتر . كاك ڕێكار مزووری بەم شێوەیە پرۆسەی ئەنجامدانی تاوانەكەمان بۆ دەگێرَێتەوە : (( لە 29-7-1983 شێخ عوسمانی كوڕی شێخ ئەحمەدی بارزانی لە گەڵ كوڕەكەی شێخ عیماد لە هەولێرەوە بەڕێكران بۆ بەغدا بە بیانووی كۆبونەوە لە بەرواری 0-7-1983,هەندێك لە شێخەكانی بارزان وبارزانییەكانی دەوروبەریان لە بەغدا كۆكرانەوەو دەست بەسەر كران. )) . (( بە هێزێكی گەورەی پاسەوانی كۆماری و تانك و تۆپ و فرۆكەی هەلیكۆپتەر هەردوو كۆمەڵگای قادسیە و قودس لە ناحیەی قوشتەپە كۆنترۆڵكران سەربازەكان و ئەفسەرەكانی بەعس رژانە ناو ماڵەكان بە بڵندگۆ بانگەوازی خەڵكەكەیان دەكرد و پێیان رادەگەیاندن كە دەبێ هەموو ئامادە بن بۆ ئەوەی كۆبونەوەیەكی بەرفراوان لە كەركوك هەیەدوای دەیان گەرێننەوە ,لە دوای ئامادە نەبوونی خەڵكەكە دەستكرا بە پشكنینی ماڵەكان بە گشتی بگرە سەروی مناڵی تەمەن10ساڵی تاوەك پیرەمێردی 90ساڵیان گرت و ڕەوانەی ناو پاسی پەردەكراوی سەربازی كران و گوێزرانەوە بۆ شوێنێكی نادیار لەم قۆناغە ڕێژەیەكی زۆر دەستگیر كران. )) . (( لە ڕێكەوتی 10-8-1983بە هەمان شێوەی پێشوتر كۆمەڵگاكانی بەحركە ,حەریر ودیانا كۆنترۆڵ كران دەستكرا بە پشكنینی ماڵەكان ئەو نێرینەی بەر دەستیان كەوت راپێچی ناو پاسەكان كران وگوێرانەوە بۆ شوێنێكی نادیار. )) . (( لە ڕێكەوتی 11-8-1983 هەردو كۆمەڵگەی قودس و قادسیە دوبارە كۆنترۆڵكرانەوە و بەهێزی ئەمن و ئیستخبارات ماڵ بە ماڵ دەگەڕان و ئەو مێرد منداڵانەی دایكیان جاری پێشووتر لە ناو كەنتۆر و سەلاجە وشوێنە نادیارەكان دا شاردبویانەوە دەستگیران و بێسەروشوینكران )) (( ل202. شێواز و میكانیزمی جینۆساید و دیمۆسایدی بارزانییەكان - رَێكار مزوری )) . هەرچی لە مورافەعەی داواكاریی گشتییە ,دەقی ڕوداوەكە بەم شێوەیەی خوارەوە دەگێڕێتەوە : ((لە 1983_7_30 پیاوانی رژێمی پێشوو شێخ عوسمان و شێخ ئەحمەد و كوڕانی عیماد و رەزوانیان دوای تەبلیغكردنیان بە ئامادەبوون لە كۆشكی كۆماری دەستگیركرد. )) . ((لە 1983_7_31ش كۆمەڵگەكانی -قودس و قادسیە- لە ناحیەی قوشتەپە تەوقدران، ئەو كۆمەڵگایەش دەكەوێتە سەر رێگای هەولێر كەركووك كە كۆمەڵگەی زۆرەملێ بوون و تایبەت بوو بەو بارزانیانەی دەستگیركراون و بە زۆر لە لادێكانیانەوە لە ساڵی 1975ەوە رەوانەی ئەوێ كرابن دوای ئەوەی ماوەیەك لە پارێزگاكانی باشوور بوون و بەزۆر ڕەوانەی ئەو كۆمەڵكایانە كران و هەزاران كوردی بارزانیش لە رەگەزی نێر لە تەمەنی 10،5 ساڵی تا زیاتر لە 70 ساڵی دەستگیركران ئەو ئۆپەراسیۆنەش لەلایەن هێزێكی گەورەوە جێبەجێ كرا ئەو هێزەش لە ئاسایش و حەرەسی جمهوری پێكهاتبوو بەوپەڕی نهێنیەوە جێبەجێكرا. دەستگیركراوانیش پێیان گوترابوو كە دەچنە كۆبوونەوەیەك و دەگەڕێنەوە، بەڵام دواتر بەرەو كەركووك گوێزرانەوە )). (( لە 1983_8_10 جارێكی دیكە هەزاران كورد لە رەگەزی نێر لە عەشیرەتی بارزانی دەستگیركران. هەمان هێزی ناوبراو ئەو كارەی جێبەجێكرد ئەو جارە لە كۆمەڵگاكانی بەحركە و دیانا و مێرگەسوور هیچ كەسێكیش لەوان بە گەورەو بچووك هەڵاوێرد نەكران نەمنداڵ نەپێر نە نەخۆش نە فەرمانبەری دەوڵەت.)). (( وردەكاریی یاسایی بەپێی پێداچوونەوەی ئیفادەی شكایەتكاران و شایەدحاڵەكان دوای رووپێوی ناوچەكەش ئاشكرابوو لە 1983_7_30 و 1983_7_31 و 1983_8_15 هەزاران كوردی بارزانی لەلایەن هێزەكانی ئاسایش و حەرەسی جمهووری دەستگیركران و بەرەو چارەنووسێكی نادیار بردران و خانەوادەكانیان لەبارودۆخێكی سەختدا دەژیان و پەیوەندییان بە كەسوكاریانەوە پچڕا. )). (( ئەو شاڵاوانە لە بەرەبەیانی رۆژی 1983_7_31 دەستیان پێكرد كاتێ هێزە سەربازی و ئەمنییەكان كۆمەڵگەی قوشتەپەیان پەلاماردا لە نزیك شاری هەولێر. لە شەوی 10_1983_8_9 دا كۆمەڵگای هەریر لە هەولێر پەلامار دراو هەموو كوڕو پیاوان تیایدا دەستگیركران. )). (( لەرۆژی 1983_9_26 دا ناحیەی سەلاحەددین بەشێكی دیكەی قوربانیان دەستگیركران.)). فەرمانی سەركردایەتیش بە ئاشكرا داوای دەستگیكردنی پیاوانی دەكرد بەتایبەتی ئەوانەی تەمەنیان لە 15 ساڵ بەدواوەیە بەڵام تاوانباران منداڵانیشیان دەستگیركردو ژنانیان بەبێ بەرپرس و بەخێوكەر جێهێشت و هەژارییان زیاتر بوو لە نێو برسێتی و ئەوان باوك و كوڕو برایان لەدەستدا دەستگیركراوان لەپاسی گەورەی ئامادەكراو بۆ ئەو مەسەلەیە كۆكرانەوەو بۆ بەغدا دواتر بۆ باشوور گوازرانەوە. )). (( پڕۆسەی دادگاییكردنی تاوانبارانی ئەنفال.. داواكاری گشتی: تاكە تاوانی ئەنفالكراوانی بارزان كورد بوون و بارزانی بوونیان بوو-04 Mar 2009-خەبات )) . هۆكاری گرتنیان !! بەهانەی ڕژێم بۆ نێر قڕكردنی بارزانییەكان , تۆڵە كردنەوە بوو لە پارتی و سەرۆكەكەی لە ئاكامی ئەو هێرشە هاوبەشەیان بوو لە گەڵ ئێرانییەكان بۆ سەر ناوچەی حاجی ئۆمەران وگردمەند كردیان .با بزانین لە روانگە جیاجیاكانەوە چی وتراوە سەبارەت بە هۆكاری ئەو پەرچە كردارەی بەعس . سامانسا پاوەر دەڵێت : كوردەكان هەمیشە فورسەتخواز بوون , كاتێكیش جەنگی ئێراق-ئێران دەستیپێكرد, هەردوو حیزبە سەرەكییەكەی كورد بونە هاوپەیمانی ئێران.لە ساڵی 1982 دا یەكێك لەم لایەنە سەرەكیانە (لایەنگری بارزانی) یارمەتی هێزەكانی ئێرانیان دا بۆ گرتنی شارێكی سنووریی, بە ناوی حاجی هۆمەران. هێزەكانی ئێراق بە شینەیی تۆڵەیان كردەوە نزیكەی 8000 پیاوی كوردی سەر بە خێڵی بارزانیان دەستگیركرد,لە ناویاندا 315 منداڵ هەبوون ,تەمەنیان لە نێوان هەشت و حەڤدە ساڵاندا بوو. سەدام گوتی :خیانەتیان لە وڵاتەكەیان و لە یاسا كرد,ئێمەش سزایەكی ووندمان بۆ بڕینەوە و چوونە بۆ دۆزەخ." بەشی 3 ئەمەریكا و ئانفال ئەنفال و ئامەریكا-سەمانسا پاوەر –و.بەختیار كەریم ". توێژەر یۆست هلتەرمان دەڵێت : روداوەكانی حاجی ئۆمەران سێ دەرەنجامی گرنگی لێكەوتەوە,بۆ سزادانی (پدك) لە بەر ئاسانكاریی كردنی بۆ سەركەوتنی ئێرانیەكان لە حاجی ئۆمەراندا, ڕژێمی بەعس تەواوی نێرینەی سەر بە عەشیرەتی بارزانی ڕاپیچكرد,كە زۆریان لە پاش هەرەسی ساڵی1975ی شۆڕشی ەوە بارزانیەوە ناچاری نیشتەجێی كۆمەڵگاكانی دەوروپشتی هەولێر كرابوون, لە30تەموزدا لە نێوان 5000تا8000 پیاوی بارزانی ,كە ژمارەی ڕاستەقینەیان بە تەواوی نازانرێت-گیران و ڕاپێچكران و هەرگیز جارێكی دیكە نەبینرانەوە, دوو مانگ دوای سەدام حوسێن لە وتاردانێكدا بێ سێ و دوو وتی:" ئەوانەی خیانەتیان بە نیشتمان وپەیمان كرد و ئێمە بە سزای سەختمان گەیاندن و ڕەوانەی دۆزەخمان كرد".ئەم تۆڵە سەندنەوەیە ,بۆ ئاگاداركردنەوەیەكی هاوشێوەی میتۆد و ئەنجامی شاڵاوی ئەنفالی ساڵی1988ی تێدا بوو,كوشتاری بارزانیەكان بۆ ڕژێم رۆڵی ڕاهێنان و خۆ ئامادەكردنیبینی بۆ كوردیش خۆی تامكردن و چەشنێكی بچووك بوو بۆ ئەوەی كە دواتر روویدا (كارَیكی كیمیاوی -ل41-42 ) . هەردوو ڕێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤ و چاودێری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش باس لەم شەڕە هاوبەشەی پارتی و ئێران دەكەن , بەم شێوەیەی خوارەو ئاماژەبەهۆكاری قركردنەكە دەدەن و دەنووسن : KDP ئەو دەمە یەكێك لە كوڕانی بارزانی , كە مەسعود بوو , سەركردایەتی دەكرد و هاوپەیمانێتی خۆی لەگەڵ تاراندا زیندوو كردبوەوە و لە ساڵی 1983 دا دەستەكانی KDP یارمەتی هێزەكانی ئێرانیان دا لە گرتنی شارۆچكەی حاجی ئۆمەرانی سەر سنوور . تۆڵەی ئەمەش خێراو كتوپڕی بوو ! لە عەمەلیاتێكی لە ناكاودا بۆ سەر ئەو كۆمەڵگایەی بارزانییە ڕاگوێزراوەكانیان تێدا نیشتەجێ كرابوو , هێزەكانی عێراق لە نێوان پێنج بۆ شەش هەزار نێرینەیان ڕا فڕاند كە تەمەنیان لە دوانزە ساڵ وەبان بوو . ئەوانە جارێكی تر هەرگیز نەبینرانەوە بە زۆری وا پێدەچێت كەوا پاش ئەوەی چەندین مانگ بە دەستبەسەری ماونەتەوە , هەموو كوژراون (( جینۆساید لە عێراقدا و پەلاماری ئەنفال بۆ سەر كورد ,وەرگێڕانی سیامەند موفتی زادە , چاپخانەی خاك - ل53 )) . سەدام حوسێن لە وتارێكدا لە ساڵی 1983 سەبارەت بە هەمان ڕوداو وتی : ئەوانە خیانەتیان لە وڵات و خیانەتیشیان لە پەیمان كرد . بۆیە ئێمەش بە سزای توند و سەختمان گەیاندن و بۆ دۆزەخمان ناردن - (( جینۆساید لە عێراقدا و پەلاماری ئەنفال بۆ سەر كورد ,ەرگێڕانی سیامەند موفتی زادە , چاپخانەی خاك - ل107-108 ) . لە بەرامبەر ئەم بۆچوونە كە توێژەرانی بێلایەنی بیانی لە ئاكامی خوێندنەوەی وردی روداوەكان دوور لە بەرژەوەندی سیاسی و هەستداری , بە پشت بەستن بە شیكاری ورد و خوێندنەوەی بەڵگەنامەكان دەریان بڕیوە, لە بەرامبەردا دوو هەڵوێستی دژ بەم ئاراستەیەش دەخەینە بەر دەستتان : (( سەدام لەسەر تەلەفزیۆن وتی ئەمانە خیانەتیان لە وڵات و لەپەیمان كرد و بۆیە ئێمەش بە سزای توند و سەختمان گەیاندن و ڕەوانەی دۆزەخمان كردن- ل204 )).(( گرتنی بەشێك لە ناوچە ستراتیژییەكانی حاجی ئۆمەران و دەوروبەری و شكستی لەشكری عێراقی لە ناوچەكەدا بەرامبەر بە لەشكری ئێران. ئەمەش بۆ دروستكردنی دووبەرەكی لە ناو بارزانییەكاندا و دڵدانەوەی هەڤاڵان و هەوادارانی بەعسییەكان و زیندوكردنەوەی دەروون و ورەی روخاوی سەربازانی جەنگی قادسیە )).(( میدل ئیست ۆچ لە پەرتووكی جینۆساید لەعێراقدا و پەلاماری ئەنفال بۆسەر كورددا دەڵێت :هۆكاری گرتنی بارزانییەكان گرتنی شارۆچكەی حاجی عومران بوو - شێواز میكانیزمی جینۆساید و دیمۆسایدی بارزانییەكان -رَێكار مزوری -ل 204كۆنگرەی بەجیهانناساندی جینۆسایدی گەلی كورد-2008-چاپخانەی دەزگای ئاراس )) . هەرچی داواكاری گشتی دۆسیەی جینۆسایدی بارزانییەكانە لە مرافەعەكەی خۆیدا لەدادگا لەم بارەیەوە دەڵێت : بە بیانووی ئەوەی ئەوان یارمەتی ئێرانیانیان دەدا. لەوانە یەكێك پرسیار بكات ئەگەر ژمارەی ئەوانەی لەسوپای ئێرانەوە زەلیل بوون دەبێ لە كورد چەند زەلیل بووبن؟ كەواتە ژمارەی هێزی هێرشبەری ئێرانی چەندە؟ ئایا دەكرێ ئافرەت ببنە وا بەستەی سوپای دەوڵەت؟ -پڕۆسەی دادگاییكردنی تاوانبارانی ئەنفال.-خەبات-4-3-2009 )) . با بزانیین بەڕێز نەوشیروان مستەفا , كە یەكێك بوو لە كەسایەتییە گرنگەكانی ئەو سەردەمەی بزاڤی ڕزگاریخوازی كورد بە ئێستاشەوە , لە پەرتووكی پەنجەكان یەكتری ئەشكێنن لە دیوی ناوەوەی ڕوداوەكانی كوردستانی عێراق (1979-1983) چی دەربارەی ئەم كارەساتە وهۆكارەكانی نوسیووە : " گیرانی بارزانییەكان ئەوكاتەی ناوچەی حاجی هۆمەران بوو بوو بە مەیدانی گەرمی جەنگی عێراق – ئێران بنەماڵەی بارزانی و سەرانی پدك بە ئاشكرا هاوكارییان لەگەڵ هێزەكانی ئێران ئەكرد دژی جەیشی عێراقی . كۆكردنەوەی دەنگ و باسی عێراق و هێزەكانی و , چاوساغی و ڕێبەری هێزەكانی ئێران و , هێنان و بردنی دێدەوانی تۆپخانەی ئێران ئەمە بەشێكی كەمی ئەو هاوكارییە ئاشكرایە بو . لە هێرشەكانیش دا ئەوان وەكو هێزی یارمەتیدەر و خەریككەر و لێدانی پشتەوە بەشدار ئەبوون (( پەنجەكان یەكتری ئەشكێنن , لە دیوی ناوەوەی ڕوداوەكانی كوردستانی عێراق 1979-1983 ل321 , نەوشیروان مستەفا )). بەڕێزی بەردەوام دەبێت لەسەر بۆچونەكەی و دەنووسێت : بەشدار بونی بنەماڵەی بارزانی و هێزەكانیان لە هێرشەكانی ناوچەی حاجی هۆمەران دا , لە لای صەدام جگە لەوەی بە خیانەتی نیشتمانی دا ئەنرا , بۆ خۆیشی بە خیانەت و دەسبڕین و فێڵ لێكردن ئەژمارد . لێرەدا بەرێز كاك نەوشیروان تەئكید دەكاتەوە لەوەی پارتی بەشداری شەڕی حاجی ئۆمەرانی كردوو ئەو هاوكارییەی پارتی لەگەڵ ئێران خیانەت بووە , پاداشتی خیانەتكارانیش لای دەسەڵاتێكی فاشی دیارە چییە؟. كاك نەوشیروان درێژەی پێدەداو دەنووسێت : بارزانی یەكان لە عێراق مابونەوە لە ئۆردوگای بەحركەو قوشتەپەدا كۆكرانەوە . زۆری پیاوەكانیان بووبوون بە چەك هەڵگری جەیشی شەعبی و بە دڵسۆزی ئەركەكانی خۆیان بەجێ ئەهێنا (( پەنجەكان یەكتری ئەشكێنن , لە دیوی ناوەوەی ڕوداوەكانی كوردستانی عێراق 1979-1983 ل322 , نەوشیروان مستەفا )) . لە ڕاستیدا لەوكاتە ژمارەیەكی زۆری هاوولاتیانی كوردستان تێكەڵ بە هێزە چەكداری و حیزبییەكانی بەعس ببوون , نەك تەنها بارزانییەكان , وێڕای ئەوەی جەیشی شەعبی بوونەكەی ئەو بارزانییە سڤیل و سادەو ساكارە نەخوێندەوارانە ئەگەر راستیش بێت ؟؟, كە لە ڕابردوودا قوربانی و بەرداشی هەموو جوڵانەوەیەكی چەكداری بوونە لە كوردستان , بە ئەندازەی پەیامەكانی هەندێك لە سەرانی ئەو كاتی ینك شەرمەزاری نەبووەو نییە , كە لە ساڵانی 83-1984, بۆ هەزاران قوتابی كوڕ و كچی مانگرتووی زانكۆی سەلاحەدین بەردەوام دەیان دا و دوبارەیان دەكردەوە , كە دەست بەرداری خوێندنەكەیان ببون , لە بەر ئەوەی ئامادەیی لەبەركردنی بەرگی جەیشی شەعبیان نەبوو , كەچی پارتەكەی ئەوسای بەڕێز كاك نەوشیروان كە لەو كاتەدا بۆ خۆشی دووەم كەسایەتی ناو ینك بوو داوای لەبەركردنی بەرگی جەیش شەعبییان لەو خوێندكارە مانگرتووانە دەكرد یاخود نەرمییان دەنواند لە بەرامبەری , لە ترسی ئەوەی نەوەك مفاوەزاتەكەیان لە گەڵ ڕژێمدا هەڵبوەشێَتەوە كە چەند مانگێك بوو لە بیابانەكانی سەماوە لە سوتگەی جهەنمی ئەو گەرمایە بە كۆمەڵ بارزانییەكان گولە باران كران . سزا دانی سەرجەم عەشیرەتێك لە بەرامبەر كردەوەی پارتێكی سیاسی , كە سەركردایەتیەكەی بە دەست ئەو بنەماڵەیەوە بوو , ئەمە بۆ خۆی سزادانێكی فاشیستانەیە , بارزانییەكان ئەم خێڵە پارێزگارە داخراوەی كوردەواری , كە بە توندی بە سەركردایەتی خێڵەوە گرێدراون , لەوێشەوە بە پارتییەوە , چونكە لە لوتكەدا سەركردایەتی پارتی و خێڵی بەرزانی یەك دەگرنەوە . لە كاتێكدا ئەو خەڵكەی كۆمەڵكوژی كران , بۆ خۆیان لەو چركە ساتە و لەحزە مێژوییەدا سڤیل بوون و هیچ پەیوەندییەكی سیاسی و ڕێكخستنیان بەو پارتەوە نەبووە , بگرە بەشێكیان بە پێچەوانەی بەرژەوەندییان كاریان دەكرد , بۆیە سەپۆرتكردنی ئەو كۆمەڵكوژییانە بەهەر بەهانەیەك بێت تاوانە . لێرەوە بەعس بوو بە كیمیا وەشێن!! حاجی ئۆمەران ئەگەر یەكەمین ئەزموونی شەڕی هاوبەشی كورد-ئێران بوو لە چوار چێوەی شەڕی ئێران – عێراقدا ,بۆ ئێران بووە شەڕێكی كەم مەسرەفی كاریگەری براوە ,شەڕی لەسەر سنوورەكانەوە هێنایە ناو عێراقەوە ,سنوورە لوغمكراوەكان و سەنگەرە مەحكەمەكانی بێ زیان گرتران و بڕان , لەو لاشەوە بۆ عێراق لە ئاكامی كاردانەوەی توند و بۆ ڕێگەگرتن لەدوبارەكردنەوەی ئەم تاكتیكە و ترساندنی لایەنی كوردی , بووە یەكەم ئەزموونی وەشاندنی چەكی كیمیاوی . بە پێی وتەی توێژەر ولێكۆلەر یۆست هیلتەرمان (( یەكەمین تۆماركردنی هێرش و پەلامارەكانی گاز بە شێوەیەكی ورد و تۆكمە, لە تەموز و ئابی ساڵی1983دا بوو, كاتێك هێزەكانی ئێران و عێراق كەوتنە شەڕێكی سەختەوە لە چیاكانی سەروی حاجی ئۆمەرانەوە, كە شارۆچكەیەكی سەر سنوورە لە كوردستانی عێراقدا – كارێكی ... ,ل38 ). لەو پەلامارە كیمیاوییە قوربانی هەبووە ,وەلێ مخابن تا ئێستا لە ئامری زیانەكان ئاگادارییەكمان نییە , یۆس هیلتەرمان لەم بارەیەوە دەڵێت (( ئەو كوردە عێراقیانەی كە دكتۆر سوهرابی بینیبوونی زۆر پێدەچێت یەكەمین بەڵگەی تۆماركراوی قوربانیانی گازی خەردەل بووبن لە كاتی جەنگدا ئێراق لەو دەمەدا پەنای بردە بەر گاز بۆ بەر پەرچدانەوەی هێرشێكی ئێرانی لە تەموز-ئابی 1983دا, كە یاخیبووانی هاوپەیمان لە پارتی دیموكراتی كوردستان(پ د ك) بوون بە پێشەنگی هێزەكانی ئێران بۆ سەر خاكی دوژمن ,گازی خەردەل چەكێكی نوێی سامناك بوو, یەكەم جار بەكار هات لەو شەڕە )) . كەواتە ڕاستە كە حاجی ئۆمەران بوو بە وەچەرخان بۆ ئێراق لێرەوە چاوی كرایەوە و ترسی شكا و ئەزموونی پەیدا كرد و بوو بە كیمیا وەشێنێكی ناودار . ئەی بەڵگەنامەكانی بەعس چۆنمان بۆ دەگێڕنەوە ؟؟؟ دیارە بەعس چیرۆكە تۆقێنەرەكان و دڵ ڕەقی هێزەكانی و ژووری گازی سوتێنەری خۆرەتاوی سەربازگەكانی باشوور و بە كۆمەڵ كوژییان ناگێڕێتەوە بۆمان , باسی ئەو حەكایەتانە ناكات لە زیكتە جیا جیاكانی نیشتەجێی بارزانییەكان ئەنجامیان داوە. ئەوەی ئەو دەیگێڕێتەوە تاوانبار كردنێكی بێ بنەمای ئەو خەڵكە بێ تاوانەیە ,كە باجی كاری لایەنێك سیاسی دەدەن كە ئاوێزانی سیاسی دەوڵەتی دوژمن بووەو تەنها لە بەر هاو عەشیرەتی و یەك ڕەنگی جامانەی سەریان . زمانی بەڵگەنامەكانی ئەوكاتی بەعس , باسی ئەوەمان بۆ دەكەن , كە ئەم هاووڵاتیانە هاوكاری پارتیان كردووە بۆ چاوساغیكردن بۆ ئێران و هێرشی سەر حاجی ئۆمەران , كە لە ئەنجامدا ناوچەیەك داگیر كراوە , ئەمەشیان بە خیانەتی گەورە لەنیشتمان نا پاكی بۆ وڵات ناوزەد كردووە , خیانەتیش لای سستەمە دیكتاتۆرەكان پێناسی خۆی هەیە و بەرزترین ودڵ ڕەقانەترین سزا دەیان گرێتەوە . با پێكەوە چاوێك بە بەڵگەنامەكانی ئەو كاتی حیزبی بەعسدا بخشێنین و بزانین لەو ڕۆژگارەدا بەڵگەنامەكان بۆ پاساوی ئەم تاوانەیان چییان نووسیوەو وتووەو هۆكاری ئەنجامدانی ئەم تاوانەیان بەچی پاساو دەدەنەوە : دەقی وەرگێڕدراوی ئەم بەڵگەنامەیە لەخوارەوە بەزمانی كوردی بخوێننەوە : (( بەناوی خوای بەخشندە و میهرەبان بەروار 29-3-1989 بەڕێز م م ع كاروباری ڕامیاری هێژا 1- لە كۆتایی مانگی تەموزی ساڵی1983 هاتمە ئاگادار كردنەوە لە گەڵ كۆمەڵێك ئەفسەری ئاسایشی بەغدا لە گەڵ ئاسایشی گشتی و لە لایەن بەڕێز بەڕێوەبەری ئاسایشی بەغدای پێشوو (عەقید عەلی عەبدوڵا برع) بۆ ئەوەی كۆمەڵێك بارزانی خائین وەر بگرم كە لەحوكمی زاتی ئاسایشی گشتی هۆبەی سێ بە دەستمان گەیشت هەروەها بەشێكی تر دەست بەسەر بوون لە گرتووخانەی ئەبو غرێب. 2- 2225 خائینمان وەرگرتن بە ئۆتۆمۆبیلی بارهەڵگر هاتنە گواستنەوە بۆ ناوچەی بوسیە كە لەوێ دەست بەسەر بوون. 3- بەڕێز بەڕێوەبەری ئاسایشی بەغدا فەرمانی دا بۆ درووستكردنی دەستەیەك لە ژێر فەرمانی ئەو بن ,دوای ئەوە فەرمانی دا كە سزای گەل بەسەر ئەم خائینانەی سەرەوەڕا جێبەجێ بكرێت. 4- لەسەرەتای مانگی ئابی ساڵی1983 دەست كرا بە جێبەجێ كردنی سزای گەل لە بەرامبەر خائینەكان سەرەوە كە ژمارەیان 2225 كەس دەبوون .هەندێك لەوان لە پارێزگای موسەنا ناوچەی بوسیە بوون.بەتەنسیق لە گەڵ بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگا ناو براو. 5- رێنمای دەرچوو لە لایەن بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی پێشوو بڕێز دكتۆر فازڵ بەڕاك وە وبۆ رێكخستنەكانی كێشەی تایبەت بە تاوانبارانەوە و بە پێی ئەمە دەستكرا بە ڕێكختسنی 16 كێش بۆ 667 كەس ,كە ئەم كێشانە بەرز كرانەوە بۆ سەرۆكایەتی دادگای شۆرش و سزای لەسێدارەدان بە سەریاندا هاتە سەپاندن و بەڵگەنامەكان مردن نەیانگراندنەوە. 6- ئەوانەی مانەوە 1558 تاوانبار بوون هیچ كێشەیان بۆڕێك نەخستبوو. 7- لیژنەیەك هاتە دامەزراندن لە ئەفسەران بۆ وەرگرتنی پارەی ئەو تاوانبارانەی سەرەوە كە لەگەڵیان دا بوو, ئەو پارەیە ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی هۆبا3 كرا بە پێی چەكەكان. وێنەیەك بۆ : بەڕێز بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری هێژا نووسراوی 4439 لە 23-8-1987بۆ كاری پێویست لە گەڵ ڕێزا. بەڕێز بەڕێوەبەری هەواڵگری سەربازی هێژا بۆ كاری پێویست بەڕێز ئاسایشی هێژا بۆكاری پێویست تكایە . (( شێواز میكانیزمی جینۆساید و دیمۆسایدی بارزانییەكان -رَێكار مزوری -ل207-208)) . لە بەڵگ نامەیەكی دیدا ئاو باسی مۆتیڤی تاوانەكە دەكرێت : (( ئەوەی بەردەستمان راپۆرتی بەرپرسی هەواڵگرییە كە بۆ سەرۆكی كۆمار لەسەر داوای ئەوەی دوایی لەمبارەیەوە بەرزكراوەتەوە كەتیایدا هاتووە: بڕگەی 1 لە تەممووزی 1983، لە میانەی هێرشی دوژمنانی ئێران بۆ كەرتی حاجی ئۆمەران و سەلماندنی بەشداریی خیانەتكاران كە زۆربەیان بارزانین فەرمانێك لە بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی -فازڵ بەڕاك- بۆ بەڕێوەبەری ئاسایشی حوكمی زاتی ڕەوانەكراوەو ئەركەكەش بەوپەڕی نێهینەوە ئەنجامدرا تاوەكو لەبەرەبەیانی رۆژی ئایندە ئامادەبوو لە 1983_8_10 بەهێزێكی سەربازیی حەرەسی جمهووری كۆمەڵگاكانی -قودس و قادسیە- و قوشتەپە كە بۆ نیشتەجێبوونی خانەوادەی بارزانیان دانرابوو هەمووشیان دەستگیر دەكران تەنها لە رەگەزی نێر و تەنانەت ئەوانەی لە 18 ساڵیش كەمتربوون لەو كردارە بێبەش نەبوون. ئۆتۆمبێڵی گەورەی ئامادەكراویش بەیاوەریی هێزی سەربازی ئەو دەستگیركراوانەی گواستەوە. بەهەمان شێوەش بارزانیانی هەریر لە ناوچەی شەقڵاوە دەستگیركران كە ژمارەیان 403 كەس دەبوو. زۆربەشیان بارزانی و شێروانی و مزووری بوون ئەوە جگە لە دیاناو رەواندزو مێرگەسوور لە پارێزگای هەولێر برگەی برگەی 2: بە ئاراستەی بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی هێزێك لە كارمەندانی ئاسایشی گشتی و ئەمنی بەغدا پێكهێنرا تا ئەوانەی لە كۆمەڵگاكان هێنراون و بەندكراوانی ئەبوغریب لە بارزانیان وەربگرێنەوە. ئەو هێزە 2225 كەسی وەرگرتەوەو بەرەو ناوچەی بۆسەیەی گواستنەوە لە پارێزگای موسەننا و تیمێك حوكمی گەلی بەسەریاندا سەپاند. بڕگەی -3: بەپێی فەرمانی بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی پێشووتر 16 كەیس بۆ 667 كەس لەبەندكراوان ئامادەكراو كەیسەكان بەرەو دادگای سەورە گوازرانەوەو حوكمی لەسێدارەدانیان بۆدەرچوو بەڵگەنامەی وەفاتیشیان بۆ دەرنەهێنراو 1558 كەسیان كەیسی بۆرێك نەخرا. بڕگەی 4: ئەوپارەی لە لای بەندكراوان بوو كە بڕی 194684 دینارو 440 فلس بوو لێیان وەرگیرایەوەو لەژمێریاری بەڕێوەبەرایەتی دانرا. بڕگەی 5: بەپێی بەردەوامیی تەئكیدی مسعود بارزانی بۆ ئەو پرسە، سەرۆكایەتیی كۆمار سكرتێری بە نووسراوی ژمارە 2651-ت لە 1978_8_24 راسپارد وەڵامی دیاریكراوو یەكگرتوویان بۆ هەر داوایەكی پەیوەندی پێوەكردنەوە هەبێ بەبێ ئەوەی كەسی دیكە جگە لەسەر كردایەتیی دەوڵەت هیچیان لەسەر بزانێ چونكە مەسەلە سەرەكیەكە لە پرسی ئەو خانەوادانە گەورەترە- ئەو وەڵامەش بەبنەمای وەڵامی هەرپرسێك دەربارەی چارەنووسی ئەو خانەوادانە دادەنرێ. هەروەها بەڕێوەبەری ئاسایش گشتی لە ڕاپۆرتی خۆیدا ئاماژە بەوە دەدات كە خانەوادەی بارزانی لە دژی حزب و سەورەو نیشتمانن و ئەوە دەیەها ساڵە ئەوانە دژی هەموو پرەنسیپەكانن چونكە تا ئێستا هەروەكو جاران لە دژی یەكبوونی نیشتمانە. تائێستاش خۆی بەگەورەترین عەشیرەت و نوێنەری گەلی كورد دادەنێت و خاوەن دەروونێكی پڕ لە رق و كینەیە.((پڕۆسەی دادگاییكردنی تاوانبارانی ئەنفال-4-3-200-خەبات)) . لە بەڵگە نامەیەكی دیدا هاتووە : (( بهڵگهنامهی بریاری حوكمی لهسیدارهدان و دهست بهسهرداگرتنی سهروهت و سامانی شمس اللهخالد خدر بارزانی و پهنجا كهس لهههڤاڵانی به نووسراوێك لهسهرۆكایهتی دادگای شورش بهژمارهله12\11\1983 دهرچووه بۆ سهرۆكایهتی دیوانی سهرۆكایهتی كۆمار، كهبریاری گرتنیان لهلایهن دادهوهری لێكۆلینهوه سهر به بهرێوهبهرایهتی ئهمنی بهغدا/ش31 دراوه بهنوسراوی ژماره8\83 له11\8\1983 . هۆكاری گرتنیان بهمادهی 175و159و162\2-49و50و53 لهق.ع له داوایهك به ژماره 1610/ج/1983 لهسهر شمس اللهخالد خدر بارزانی و ههڤاڵانی شیكراوهتهوه كه له لایهن سیخۆرێك پێیان دراوه، داواكه به نووسراوی ژماره23/1434 له27\9\1983 بۆ دادگای باڵای شورش نێردراوهو له 10/11/ 1983 حوكمی لهسیدارهدانیان بۆ دهرچووه. ئهم راپۆرته باس له شهری حاجی عمران –گردهمهند و بهشداری پارتی لهم شهره دهكات، له ناوهرۆكی راپۆرتهكهدا دهلێت"مۆتهههم" شمس اللهخالد خدر بارزانی كهسهر بهمسعود بارزانی و محمد خالید بارزانیه بههاوكاری لهگهڵ ئهو كهسانهی ناویان له خوارهوه هاتووهو ئامادهكاری و هاوكارییان لهگهڵ تێكدهران و هێزهكانی ئێراندا كردوهزانیاری عسكری و ستراتیژیان ناردوه،ههروهها رێنمایی كردنی بهرپرسانی عسكری ئیرانی له ناوچهكهدا بۆ ئهنجامدانی كاری تێكدهرانهدژی هێزهكانی چهكداری عێراق پیش هجوم كردنی هێزهكانی ئێران لهكهرتی باكوور و گرتنی ناوچهی حاجی عمران تۆمهتبار كراون و بهبهكرێگرتهی ئیران ناوزهدی كردوون ، ئهوهی شایانی باسه دادگای شورش له/11/1983 به سهروكایهتی عهواد بهندهر بهستراوهو بهم ماددانه175و159و162و\2\49و50و53 له ق.ع تۆمهتبار كراوهن و حوكمی لهسیدارهدانیان بهسهردا سهپاندوون و بهنووسراوی ژمار(3864) له/11/1983 سهرۆكایهتی دیوانی سهرۆكایهتی كۆماریان لێ ئاگادار كردۆتهوه. ئهمهش ناوهكانیانه: 1.شمس اللهخالد خدر بارزانی 2.سلیمان مفردی خانو 3. احمد حمود مستهفا4.ێوفی سیف الدین وستا 5. سعید محمد محمدامین 6.یوسف زبیر حاجی 7.حدو جلو فقی 8.حاتم جیجو حاتم 9. حسن حسین حسن 10. تهها محمد ابراهیم11.فریق میران مح12. نعمان حسین یاسین 13.یاسین حسین یاسین 14.حسكو رشید نبی 15.تهلعهت سعید عمر 16.رهمهزان عبداللهیاسین 17.وجدی مستهفا ناوخۆش 18.مستهفا حسین سالح 19.حسین محمد احمد 20.اسعد حسن عبدالله21.سلیمان ابابكر احمد 22 .جادر محمد حسین 23.عبدالرحمن محمد حسن 24.احمد سعید حسن 25.مستهفا باجو مستهفا 26.عزیز سالح سلیم 27.حكیم زادهمحمد 28.زكری جلو مالی 29.باجو حسین ملكو30غفور احمد محمود 31.محمد علی عباس 32.خدر مولود سالح 33.سعید اخدل شیخ عمر 34.عبدالعزیز حجی عبدالله 35.ێبری رهمهزان حسن 36.ویس یوسف رهمهزان 37.میرخان محمد مرزا38.نادر حبیب حسن 39.فقو خوجهناێر40.قرتاس سالح حسین 41.حسن حاجی ابراهیم قادر 42.جمیل عبدالله فارس 43.اسماعیل سلیمان الیاس 44.یونس حسن یونس 45.بحری محمد ملكو 46.زلفو احمد جوهر 47.شهاب زادهمحمود 48.ێوفی درویش محمد 49.شهاب احمد جوهر 50.بیرو حمد ابراهیم 51.جوهر حدو حاجی (( عهدالهت عومهر-چالاك لهبواری ئهنفال و بێ سهروشوینهكان-227-2007 )). لە بەلگەنامەیەكی دیكە سەبارەت بەهەمان پۆل هاتووە : (( بهڵگهنامهی بریاری حوكمی له سیدارهدان و دهستبهسهرداگرتنی سهروهت و سامانی خورشید رشید سلمان بارزانی و ههڤاڵانی ههروهها ملا سعید حسن بارزانی و ههڤالانی به نووسراوێك له سهروكایهتی (دادگای شورش) به ژماره4066 له 24\11\1983 دهرچووه بۆ سهرۆكایهتی دیوانی سهرۆكایهتی كۆمار، كه بریاری گرتنیان له لایهن دادهوهری لێكۆلینهوه سهر به بهرێوهبهرایهتی ئهمنی بهغدا/ش31 دراوه بهنوسراوی ژماره 15\83 له 1\8\1983 . هۆكاری گرتنیان به مادهی 175و159و162\2-49و50و53 له ق.ع له دوو داوا كه داوای یهكهم به ژماره 1775/ج/1983 له سهر خورشید رشید سلمان بارزانی و ههڤاڵانی و داوای دووهم به ژماره 1609/ج/1983 له سهر ملا سعید حسن بارزانی و ههڤاڵانی شیكراوهتهوه كه له لایهن سیخۆرێك پێیان دراوه ،داواكان به دوو نووسراو یهكهمیان به ژماره 23/1563 له 19/10/1983 دووهمیان به نووسراوی ژماره 23/1433 له 27/ 9/1983 بۆ دادگای باڵای شورش نێردراوهن بهلام ههموویان له 22/11/ 1983 حوكمی له سیدارهدانیان بۆ دهرچووه. ئهم راپۆرتهش ههر باس له شهری حاجی عمران –گردهمهند و بهشداری پارتی لهم شهره دهكات،له ناوهرۆكی راپۆرتهكهدا دهلێت"مۆتهههم حسن محمد شیرۆ لهگهڵ كۆمهلێك له تێكدهران كه ناویان له خوارهوه هاتووه سهر به مسعود بارزانی زانیاری عسكری و ستراتیژیان ناردوه وئامادهكاری و هاوكارییان لهگهڵ تێكدهران و هێزهكانی ئێراندا كردوه ،ههروهها رێنمایی كردنی بهرپرسانی عسكری ئیرانی له ناوچهكهدا و ئهنجامدانی كاری تێكدهرانه دژی هێزهكانی چهكداری عێراق پیش هجوم كردنی هێزهكانی ئێران له كهرتی باكوور بۆ گرتنی ناوچهی حاجی عمران تۆمهتبار كراوهن و به بهكرێگرتهی ئیران ناوزهدی كردوون ، ئهوهی شایانی باسه دادگای شورش له 22/11/1983 به سهروكایهتی عهواد بهندهر بهستراوهو بهم ماددانه 175و159و162و\2\49و50و53 له ق.ع تۆمهتبار كراوهن و حوكمی له سیدارهدانیان بهسهردا سهپاندوون و به نووسراوی ژمار(4066) له( 24/11/1983 سهرۆكایهتی دیوانی سهرۆكایهتی كۆماریان لێ ئاگادار كردۆتهوه. ئهمهش ناوهكانیانه: 1.خورشید رشید سلمان 2.احمد حدو محمد 3. یاور علی محمد4.یوسف فرخو محمد 5. حسین عمر حسین 6.محمود فقی محمد حسین 7. حسین ملا حبیب عبدالرحمن 8.عیسی محمد حسن 9. جهور یونس ابراهیم 10.جزیری برایم محمد 11. محمد ابراهیم محمد 12.نعمان شریف شمیرن 13.عزیز فقی سعید 14.خلیل تاهیر عبدالله.15.نیاز عزیز عبدالله 16. حاجی عمر عبدالله17.عوسمان حسن عوسمان 18.عزیز ملا عبدالله فقی 19.ابراهیم عوسمان حاجی 20.علی قاسم علی 21.نزمی محمد محمدامین 22. محمد تاهیر حجی ابراهیم23.عمر احمد عمر 24.حسن خالد ملا 25.عیسی حسن شریف 26.حسین عبدالحمن حسین 27.تهها محمد یوسف 28. حسین محمد یوسف 29. ایوب محمد عیسی 30.مولود جوج مولود 31.محمد قرتاس سالح 32. شیخ عمر باپیر 33.خوشوی داود محمد 34.شاكر خالد سالح 35.عمر حدو محمد 36.تاهیر عبدالرحمن علی 37.حسین محمد حسین 38.عزیز ابراهیم شێخو 39.سلیمان سهبری عیسی 40.عمر تاهیر عمر 41.حسین فقی محمد حسین 42.نزهت شریف عمر 43.ممو سهبری عیسی 44.فریق ملمكو تاهیر 45.حدو محمد احمد 46.فرات ابراهیم باپیر 47.عبدالله ابوبكر فتح الله 48.حسن محمد شیرو 49.درویش عمر یاسین 50.تمر محمود قرتاس 51.عبدالواحد عمر سعید -عهدالهت عومهرچالاك له بواری ئهنفال و بێ سهروشوینهكان 22-7-2007 )). لە بەڵگە نامەیەكی دیدا باسی ئیعدامی 23 هاووڵاتی هاتووە :(( بهڵگهنامهی بریاری حوكمی له سیدارهدان و دهست بهسهردا گرتنی سهروهت و سامانی سابر مستهفا محمد عبدالسلام بارزانی و (22) كهس له ههڤاڵانی به نووسراوێك له سهروكایهتی (دادگای شورش) به ژماره1446\ج\1983 له 30\8\1983دهرچووه بۆ سهرۆكایهتی دیوانی سهرۆكایهتی كۆمار، كه بریاری گرتنیان له لایهن دادهوهری لێكۆلینهوه سهر به بهرێوهبهرایهتی ئهمنی بهغدا دراوه هۆكاری گرتنیان به مادهی 175و159و162\2-49و50و53 له ق.ع له داوایهك به ژماره1\83 له 26\7\1983له شیكراوهتهوه كه له لایهن سیخۆرێك پێیان دراوه . ئهم راپۆرته باس له شهری حاجی عمران –گردهمهند و بهشداری پارتی لهو شهرهدا دهكات له ناوهروكی راپۆرتهكهدا دهلێت ":موتهههم سابر مستهفا محمد عبدالسلام بارزانی له گهڵ كۆمهلێك له تێكدهران كه سهر به مسعود و ادریس بارزانین، زانیاری ناوخۆی سهركردایهتییان داوهته تێكدهران بهتایبهتی لهسهر ئهو جێگایانهی ستراتیژی و حهساسن و ئامادهكاری و هاوكارییان له بهغدا و ههولێر لهگهڵ تێكدهران كردووه بۆ هێرشكردنه سهر هیزهكان له كهرتی باكوور له حاجی عمران له رێگای مسعود و ادریس". ههروهها ئهوانی به ههڵگرتنی چهك بهرامبهر به هێزهكانی چهكداری عێراق به مهبهستی هاوكاری هیزهكانی ئیران بۆ گرتنی ناوچهی حاجی عمران تۆمهتبار كردووهو به بهكرێگرتهی ئیران ناوزهدی كردون . عهدالهت عومهر-چالاك له بواری ئهنفال و بێ سهروشوینهكان-له زمانی بهڵَگهنامهكانهوه - بهشی سێیهم ئایا پارتی چاوساغی كردبوو بۆ ئێران ؟؟ لە بەر ئەوەی هێرشی حاجی ئۆمەران راستەوخۆ لە بەرەكانی جەنگ كارەساتی مرۆیی گەورەی لێنەكەوتەوە و تاكو پشكنینی بۆ بكرێت و بەشداربوان قسەیان پێبكرێت , یان هێرشەكە بۆ سەر شارێكی قەرەباڵغ پڕ دانیشتووان ئەنجام نەدرا وەك ئەوەی لە هەڵەبجە كرا , بەڵكە كارەساتی ئەم بەرامبەر بە خەڵكی سڤیل و لە دەرەوەی بازنەی شەڕەكە پیادە كرا , لایەنی بەشداریش ئابلوقەی زانیاری و بەڵگە نامەو شایەدیدانی بەرپرسانی ئەو كاتی خۆی خستۆتە سەر و ڕێگا نادات ,هیچ زانیارییەك سەبارەت بە سكانداڵەكانی ئەو كردە سەربازییە بڵاو ببێتەوە . یۆست هیلتەرمان شایەدی لە سەر ئەوە دەدات , كە پارتی چ وەك جەنگاوەر و چ وەك هێزی ئیستیتلاع بەشداری ئەو شەڕەی كردووە, بەڕێزی دەڵێت :...بەو چەشنە لە هاوینی ساڵی1982دا جەنگاوەرانی (پدك) و هێزی ئیستڵاعیان كەوتنە تەك هێەكانی ئێران لە هێرشكردنیاندا بۆ سەر حاجی ئۆمەران.بە دوای ئەم شەڕەدا ,كە تاڕادەیەك سەركەوتنیان تێدا بەدەستهێنا, ئێرانییەكان چەند هەوڵێكی تریان دا بە هاوكاری (پدك),بۆ ئەوەی مەودایەكی قووڵتر بچنە ناو عێراقەوە.هەموكات ئەم هەوڵانە پێشكەوتنی بە دەست دەهێنا تا ئەو كاتەی لە ساڵی1986دا,هێزەكانی ئێران بە تەواوی گێڕدرانە دواوە – كارێكی ..ل118. ئەی بەرامبەر بەم پەلامارە هاوبەشەی ئێران-پارتی ,ینك و حدكا چیان كرد؟؟؟ ئەگەر پەلامارەكە بە ناو وەك بەشێك لە جەنگی ئێران-عێراق و لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە درێژخایەن و سەرانسەرییەكانی ئەو جەنگەدا بووبێت ؟؟ , وەك پێشتر ئاماژەمان پێی دا , هەردوو لای پەلاماردەر ئامانجی دیكەیان لە لێدانی لایەنی كوردی هەبوو , ئێران لە حدكا و پارتی لە حدكا و ینك . بۆیە هەر زوو لایەنەكانی بەرامبەر كاتێك ئامانجی پەلامارەكە زیانی پێ دوورینەوەو ترسی ئەوە دایانی گرت لە ناوچەی دیكەش درز بدۆزنەوەو هەمان سیناریۆ دوبارە بێتەوە ,بۆیە ئەوانیش لە بەرامبەردا سیناریۆی پێچەوانەیان ئەنجامدا , بە ڕێك كەوتن لەگەڵ بەرامبەرەكەدا كە ئەویش بەعسە (( لە 31 ئاب سیناریۆی پێچەوانە ڕویدایەوە ینك بووە هاوپەیمانی ئێران و پارتیش ئەوجارە عێراقی هێنایە هەولێرەوە )). هیلتەرمان لەم بارەیەوە دەڵێت : لە تەموزی1983دا,كە هێشتا شەڕەكەی حاجی ئۆمەران هەر بەردەوام بوو, فەرەیدوون عەبدوالقادری گەورە دانوستانكاری تاڵەبانی, كەوتە گفتوگۆی ناڕەسمی لەگەڵ ڕژێمداو كۆبوونەوەی لە گەڵ سێ بەرپرسی موخابەراتی عێراقدا كرد لە بنكەیەكی حدكا لە ناوچەی ئالانی ڕۆژئاوای سەردەشت لە ناو ئێراندا و دەست بەجێ بانگهێشتی بەغدا كرا, فەرەیدوون لە ماڵی قاسملوو لە بەغدا مایەوەو زنجیرەیەك لە گەڵ تاریق عەزیز و سەركردە پایە بڵندەكانی تردا ئەنجامدا لە ئۆكتۆبەر و نۆڤەمبەردا –كارێكی ..... ل119. حاجی ئۆمەران دەرگایەك بۆ مفاوەزاتی 1983ی ینك وبەعس بەم شیَِوەیە ئەم هێرشە هاوبەشەی پارتی و ئێران ,لە بەرامبەردا دژەكانیشی یەك خست و دەرگای بۆ ڕێككەوتنی ینك و بەعس خۆش كرد (( هەرچەندە هەندێك پێیان وایە ئەم پەیوەندییە پێشتر زەمینەی خۆشە كرابێت )) , كلیلی ئەو ڕێكەوتنە هێرشی حاجی ئۆمەران بوو ,یۆست هلتەرمان لەسەر زاری فەرەیدوون عەبدالقادرەوە دەگێڕێتەوە : (( لێرە بە دواوە پەیوەندیمان زۆر كۆك بوو, بەڵام كاتێ گەڕاینەوە بۆ بنكەكانمان لە دۆڵی جافایەتی, بە یەكترمان دەوت: بەڕاستی كورد بەد بەختە .هەموو دنیا پشتی عێراق دەگرێت لە دژی ئێران, كەچی ئێستا ئێمە بڕیارمان داوە پشتی ئێران بگرین لە دژی عێراق- كارێكی ...... ل124. بەعس چی پێیان وت و چۆن هەڕەشەی لێیان كرد ؟؟ بەعس لە دوای ئەو هاوپەیمانییە نا پیرۆزەی نێوان پارتی وئێران هوشیاری دایە هەموو لایەك , كە دەست تێكەڵكردن لە گەڵ ئێران هێڵی سوورە بۆ ئەوان , هەرچەندە كاك نوشیروان لە وەڵامی تاڵەبانیدا دەلێت : ئهو ههڕهشهیهی تاڵهبانی باسی ئهكات ئهگهر بهو گهیشتبێت، به من نهگهیشتوه، چونکه ئهو زهمانه بهعس هیچ رێگه پهیوهندیهكی لهگهڵ من نهبو تا ئهو ههواڵهم پێ بگهیهنێ، ئاغای تاڵهبانیش شتی وای به ئێمه نهوتبو.. ئۆباڵی گوێنهدان بهم ههڕهشهیه، ئهگهر راست بێ، له ئهستۆی ئهودایه.(( له هاوخهباتیهوه بۆ تهخوین-نهوشیروان مستهفا)). بەڵام هەر بۆ خۆی بەڕێز كاك نەوشیروان لە چاوپێكەوتنێكی پێشووتری پێش ئەوەی ئەم جەدەل و وەڵام و وەڵام كارییەی لە گەڵ تاڵەبانی ڕوبدات وتبووی : بە پێی قسەی نەوشیروان مستەفا ئەمینی جێگیری تاڵەبانی ( لە چاوپێكەوتنێكی ساڵی1983دا), تاریق عەزیز بە سەركردە كوردەكانی ڕاگەیاندووە) (ئەگەر ئێوە یارمەتیمان بدەن هەرگیز لە بیری ناكەین, بەڵام ئەگەر لە دژمان بووەستنەوە ئەوەش هەرگیز لە یاد ناكەین و پاش ئەوەی جەنگ كۆتایی دێت, تێكتان دەشكێنین و هەموو گوندەكان بە تەواویی خاپوور دەكەین ))-كارێكی ...... , ل119. هاوپەیمانیەتیەكی سەقەت ! مەلە كردن بە پێَچەوانەی تەوژم , زۆر جار خنكانی كەسەكەی لێ دەكەوێتەوە , كوردیش بزووتنەوەكەی بەو هاوپەیمانییەتییە بەتاڵبوەوە لە بیروباوەڕە ئازادیبەخشەكەی و لە بەرامبەر تەوژمی جیهانیش خۆی بینییەوە . لە بیرمان نەچێت ,ڕۆژئاوا تا ساڵی 1991 بە بەهانەی مەترسی كۆمۆنیزم لایەنگری سەر سەختی ئاپارتاید بوو (( ئامەریكا, ئینگلیز ,ئیسرائیل ,فەرەنسا((1981)) , ریگان یارمەتی جەنگاوەرانی ئازادی ئەفغانی دەدا (( حكمەتیار و رەبانی )), لە بەرامبەر مەترسی سوور .بۆیە زۆر ئاساییە بە بەهانەی مەترسی پان ئیسلامیزمیشەوە پشتیوانی لە ئێراق كردبێت .بۆیە ئەم پەیوەندییە جگە لە ماڵ وێرانی هیچی دیكەی لێ شین نەبوو . راستییەك خۆی حەشار داوە , ئەویش ئەوەیە ئێراق چەند لە بەرەكانی جەنگ تێك دەشكا , ئەوەندە زیاتر خۆشەویست دەبوو لای وڵاتان و پشتیوانی سەربازی و دارایی و دیبلۆماسی زیاتری لێدەكراو خێر و بەرەكەت بۆی دەباری , هەمووكارَكی چاوی لێدەپۆشرا , بەكارهێنانی هەموو چەكێك بۆی حەڵاڵ كرا (( . ... عێراق ڕۆڵێكی بە كەڵكی دەبینی بۆ بەردەوامی پێدانی هاوسەنگیی هێز لە كەنداودا ,لای كەمەكەی شۆڵز لە پایزی ساڵی 1983 ەوە دەیزانی كە عێراق چەكی كیمیاوی بەكار دێنێ – كارێكی كیمیاوی , ل289 )) . (( مافی مرۆڤ و بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی بە ڕێی خۆیان لە زۆر لایەنەوە بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوورییەكانمان لەگەڵ ئەوانەی ئێراقدا هاوتەریبن " لە یاداشتێكی نهێنی ئەمەریكییدا نووسراوە ""بەشی 15 ئامەریكا و ئەنفال".(ئەنفال و ئامەریكا-سەمانسا پاوەر –و.بەختیار كەریم –بەشی 21 "كۆتایی "-24-9-2006 دەنگەكان ). ئا لێرەوەیە , ئەم لایەنە سیاسییانە هەر جارەی یەكێكیان , دوایش بە جووتە وچوار قۆڵی (( ینك,پدك,سۆسیالست, بزوتنەوە)) كورد گورگان خواردی دەكەن . خۆشیان ئەوەیان هەر لە سەرەتاوە زایووە (( فەرەیدوون عەبدوالقادر دەڵێت: كاتێ گەڕاینەوە بۆ بنكەكانمان لە دۆڵی جافایەتی, بە یەكترمان دەوت: بەڕاستی كورد بەد بەختە .هەموو دنیا پشتی عێراق دەگرێت لە دژی ئێران, كەچی ئێستا ئێمە بڕیارمان داوە پشتی ئێران بگرین لە دژی عێراق-كارێكی كیمیاوی ,هیلتەرمان )). تاَڵەبانی كە بۆ خۆی دواترسەركردایەتی شەڕی هاوبەشی ئێران-ینك ی كرد لە داستانی ڕزگاری دەڵێت : لهناو ئهو كێشمهكێشه سیاسی و فكرییهدا، سهرهڕای ئهوهی تاقیكردنهوهی زۆرمان لهگهل سهدامییهكاندا ههبوو، بهتایبهتی سیاسهتی سهدام لهجهنگی عێراق-ئێراندا، سروشتی فاشیانهی رژێم ئاشكرا دهركهوتبوو، دهریش كهوتبوو كه ئهم فاشیستانه لههیچ تاوانێك نهدهسڵهمینهوه، مفاوهزاتهكهشمان لهگهل رژێم ساڵێك بوو بههۆی شۆڤێنیهتی بهعسی سهدامی و تهكنهلۆژیای جهنگی و فشاره ئیقلیمیهكه، شكستی خواردبوو، ئهو ههموو راستیانهمان دهزانی، بۆیه دهبوو ژیرانهتر ههڵبسوڕێین و كهمترین پاساو بدهینه دهست فاشیهكان، كهچی لهوكاتهدا، نهك نهمانتوانی جیاوازیهكان و ههڵهكان سهبارهت به سكرتێری كۆمهڵه كهم بكرێنهوه، بهڵكو ناوبراو ناكۆكیهكانی له مهیدانی سیاسهتو فكرهوه، گهیانده ئاستێكی ترسناك، ئهویش بواری عهسكهرییه، دهقی تهواوی قسهكانی تاڵهبانی لهسهر نهوشیروان مستهفا بڵاوكرایهوه-26-12-2009. هیومان ۆچ لە درێژەی ڕاپۆرتەكەیاندا هۆكاری كۆمەڵكوژی بارزانی و ئەنفالكراوەكان بە هاوشێوەی یەكتر دەناسێنن : لە گەلێ ڕوەوە , عەمەلیاتی ساڵی 1983 ی بارزانییەكان دەسپێكی ئەو تەكتیكە بوو كە لە مەودوا بە ئەندازەیەكی هێجگار گەورەتر لە سەردەمی پەلاماری ئەنفالدا بەكارهات 5 . لە ڕوی مۆتیڤ و چارەنووسی مرۆڤەكانەوە . نەك هەر ئەزموون لە ڕابردوو وەرنەگیرا , بەڵكە دواتر ویستیان مێژوو دوبارە بكەنەوەو شان بەشانی ئێران هێرش بكەنەوە سەر هەمان دەڤەر ( لە نێوان قەڵادزێ و هەڵەبجە و حاجی ئۆمەران سەركردایەتی لەسەر هەڵەبجە گیرسایەوە) (كارێكی ژەهراوی-یۆست هلتەرمان، وەرگێڕانی محەمەد حەمە ساڵەح تۆفیق-كۆمپانیای ئاوێنە - ل 148 )) . بێشك هەموو سیاسییەكانی ئەو كات , ئەوانەی بەشداری ئەو گفت و گۆیانە بوونەوسەپرتیانكردووە و واژۆیان لەسەر پەیماننامەی شەڕە هاوبەشەكان كردووە , یاخود فەرماندەی مەیدانی بە پراكتیزە كردنی ڕێككەوتننامەكان بوونە , یان لە بڕیاری سیاسیدا بوونەو نقەیان نەكردووەو سەری ڕەزامەندییان بۆ لەقاندووە , دەبێت هەموو بە كۆمەڵ , ئاوی ئەو بیرە نۆش بكەن , كە بۆ یەكیان لێ داوە , بەشی خۆیان لەو سكانداڵە سیاسییە بخۆنەوەو لە كێڵگەكەی پشكی خۆیان بدورنەوە . ئەوەی رونە بردنەوە هەزاران باوكی هەیە ,دۆڕانیش زۆڵە و هەموو باوكەكان خۆیانی لێ بێ بەری دەكەن. كەی دان بە ڕاستییەكان دەنێن؟ نابێت مێژوو , بەتایبەت ئەو چركە ساتانەی خوێنی قوربانیانیانی لێ دەتكێت , لە خزمەتی سیاسەتی باڵادەستدا بنووسرێتەوە , نابێت مێژوو نووسان و توێژەرەوان بە پێی ڕەوتی ئاو مەلە بكەن , مێژوو وەك ئەوان چۆنن دەنووسرێتەوە, نەك ئەوان چۆن سەیری خۆیان دەكەن وگەرەكیانە, ئێستا پێوستمان بە مێژووە ڕاستییەكەیە بنووسرێتەوە, پێویستە مێژووە تاڵەكان ,ئەوانەی پڕن لە هەڵەو تێكشكان وەك خۆی باس بكرێت , ئەگەر باسكردنی تاڵییەكە بە نرخی ژیانیش تەواو بێت .نەك چیرۆكی خەیاڵی لە خزمەت سیاسییەكان بهۆنرێتەوە .مێژووی ئێمە پڕە لە فەزیحەی سیاسی , فەزیحە تەنها كارە ژێر بە ژێرەكان نییە ,بەڵكە ئەو كارانەیە بە ئاشكرا كران وكەسیش باسیان ناكات . 27 ساڵە ئازاری ویژدانی خۆیان ئەدەن ,لەبەر ئەوەی دان بە راستییەكانی ئەم هەڵەیە نانێن و ڕاستییەكان ئازاد ناكەن, هێزی ئاشتی پارێزی هۆڵەندی تەنها كەمتەرخەمی كردووە لەپاراستنی بۆسنییەكان , دادگایی دەكرێن بە تاوانی جەنگ . تا ئێستا ئینكاری ئەم هەڵە گەورەیە دەكرێت , ئەمە پێویستی پێداچوونەوەی ویژدانە ,پێویستی بە نەعلەت بارینە لەو شێوازە كارە سیاسییە. شكستی كورد تاكو ئێستا لەوەوە سەرچاوەی گرتووە , كە ئەزموون لە ڕابردووە تاڵەكان خۆی وەرناگرێت , بەڵكە دەشیان شارێتەوە و زانیارییەكان زیندانی دەكات, دواجار لەچركە چارەنووس سازەكاندا دوبارەیان دەكاتەوە .ڕەوایەتی دان بە هەڵە مێژوووییەكان , پاكانە هێنانەوە بۆیان و دان نەنانە بە ڕاستییەكان , ڕەوایی دانە پێی و تاوانی مەزنە بەرامبەر بە مێژوو و قوربانیان . با درۆزن نەبین بەرامبەر بە مێژووی رابردووی خۆمان , باجی هەڵەیەك نەدەین بەرپرسیارییەتیەكەی دەكەوێتە ئەستۆی كەسانێك , هەموو مێژووی خۆیان بەپاكیزەیی دەناسَنن و هەڵە لەڕابردوویان وجودی نییە. سەركردایەتی كورد ناوەندی یادگەی كورت بینە,هاوكات لە شاردنەوەی راستییەكان و دوبارە كردنەوەی سكانداڵەكان شارەزایە. با لە زمانی بەڵگەنامەكانەوە , لە راستی واقعی ئەو رۆژگارەوە قسە بكەین. وتنی راستییەكان و دان نان بەهەڵەكانی ڕابردوو , قسەكردن لە پێگەی حەقیقی خودەوە , داوای لێبوردنكردن لە قوربانیان و قەرەبووی زیان لێكەوتووان ئەركی لایەنە بەر پرسەكانی ئەو كاتە .زیان لێكەوتووانی هێرشی حاجی ئۆمەرانیش گوندنشینانی ناوچەكە , بنەماڵەی 8000 بارزانییە . (( سەركەوتوترین كەسانی دنیا ئەوانەن لە هەموویان زیاتر وەڵامی ڕەد بیستووە -ل277,سەركەوتنی بێ سنور لە 20 ڕۆژدا-ئەنتۆنی رابینز,و.عەبدوڵای حەسەن زادە -2009چاپخانەی ڕۆژهەڵات )) , وەلێ سەركردەكانی ئێمە نایانەوێت وشەی ڕەد و وەڵام ببیستن. پارتی ناتوانێت بە پاساوی بارزانی بوون خۆ لە داوای لێبوردنكردن و قەرەبووكردنەوەی ئەو 8000 بنەماڵەیە دەر بكات , كێشكە كێشەیەكی ئەخلاقی و ویژدانی و یاساییە نەك عەشایەری . پێویستە بەرپرسیارَتی پەلاماری حاجی ئۆمەران لە لایەن پارتییەوە بگرترایەتە ئەستۆ ,بۆ ئەوەی لێوەی فێر بونایە و دوبارەیان نەكردایەتەوە , وەك بینیمان كە كردیان و دوبارەشیان كردەوە , وەكئەەی فرچكیان پێوەی گرتبێت ئەزموونی سەرنەكەوتوو پێویستی بە شیكردنەوە هەیە نەك شاردنەوە وداپۆشین ,پێویستە لێكدانەوەی هەمەلایەنەی لەسەر بكرێت , پێویستە بە بۆچوونی نوێوە سەیری ئەو ئەزموونە شكستخواردووانەی رابردوو بكردرێت ,هەموو ئەزموونێك بە نرخە بۆ مرۆڤایەتی ئەنجامگیری لێكدانەوە و لێكۆڵینەوە لە سەری, شیكردنەوەی ئەزموونەكان رابردوو باشتر كەسە سەركەوتوو و شكست خواردووەكان دەناسێنێت بە مێژوو . شكست هیچ كات لە ئاسمانەوە نابارێت , هەموو كات ئاكامگیری كارە ((ناپلیۆن هێل دەڵێت : سەركەوتن جار جارە بە هەل دەڕەخسێت, بەڵام شكست و دۆڕان هۆكاری هەیە ,كەواتە دەبێت هۆكارەكانی شكست و دۆڕان لە خۆماندا لە ناو ببەین (( ل46-47 - زیادكردنی توانای زیرەكی –ئاوات نەسرواللە-چاپخانەی چوار چرا-2009 )) , بەڵام سەركردایەتی كورد هەڵەكان لەناخی خۆیاندا ,لە رەحمدانی سیاسییان پەروەردەی دەكەن. هیچ تاوانێك لە گەڕان و خوێندنەوەی نوێ و ڕەخنە گرتندا نییە بۆ كارەساتەكانی رابردوو ,بەڵكە شاردنەوەیان تاوانە بەرامبەر بە مێژوو . گرنگترین ڕێگا بۆ گۆڕینی شكستەكان بۆ سەركەوتن ئەوەیە هەڵەكان خەینە ژێر پرسیارەوە . بۆ ئەوەی سەركەوتوو بین , پێویستە بەردەوام كارەكامان هەڵسەنگێنین وراڤەیان بكەین و رۆچینە بنج وبناوانیانەوە (( یەكێ لە تایبەتمەندییەكانی هاوبەشی مرۆڤی سەركەوتوو, هەڵسەنگاندنی هەمیشەیی و نایابی ئەوانە (( ل172.هەنگاوی بچووك بۆ سەركەوتنی گەورە -ئانتۆنی ڕابینز , و.محەمەد شەهدی -دەزگای چاپ و بڵاوكراوەی ڕۆژهەڵات 2010 )) . ئەگەر هەڵسەنگاندن بۆ هێرشی حاجی ئۆمەران بكرابایە ,ئەنجامەكانیان بزانیایە , چما جاریكی دی نغری هەڵەو كەمو كوڕی نابونەوەو گەلیان تووشی ئەو هێدمەگرتنە ناكرد , ئەوا هەمان هەڵە لە ئەنفال و هەڵەبجە بە كاری هاوبەش لە گەڵ ئێران دوبارە ناكرایاتەوە ,كورد وتوویەتی (( ئەگەر یەكەمجار تووش بووم خوا خەتا بارەكەم بگرێت, ئەگەر جاری دووەم تووش بووم خوا خۆم بگرێت. )) . دەتوانرێت كەوتن و هەڵەكان بگۆردرێن بە سەركەوتن , ئەگەر مامەڵەی بەرپرسانەی لە گەڵدا بكرێت (( سەركەوتن ئەنجامی بڕیاری باشە, بڕیاری باش ئەنجامی ئەزمونە و ئەزمونیش بەردەوام ئەنجامی بڕیارێكی خراپە - ل10. هەنگاوی بچووك بۆ سەركەوتنی گەورە -ئانتۆنی ڕابینز ,و.محەمەد شەهدی -دەزگای چاپ و بڵاوكراوەی ڕۆژهەڵات 2010 )) . جۆرج سانتیانا ڕاستی كرد كە وتی(( ئەو كەسانەی كە ناتوانن ڕابردوو وەبیر خۆیان بێننەوە, تاوانبارن بە دووبارە كردنەوەی - ل132.نهێنی سەركەوتن لە ژیاندا-برایان ترێسی ,و.محەمەد شەهدی ,دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی رۆژهەڵات 2009 )) . ڕێك ئەو وتەیە لە كوردستاندا بەردەوام دووبارە دەبێتەوە ,كارەساتەكان وەك خۆیان دووبارە و دەبارە دەبنەوە .
+ ژوان ئەحمەد سەعید لەوەتەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەیە، هیچ حزبێك بە رادەی یەكێتی كێشەی لەگەڵ كۆنگرە نەبوە، بە جۆرێك كە تەمەڵترین حزبە لە بەستنی كۆنگرەو ئەگەر تەمەنی كۆمەڵەی رەنجدەرانیش بە مێژووی یەكێتی حساب بكرێت، ئەوا یەكێتی بە 50 ساڵ تەنیا 3 كۆنگرەی ساز كردوە، تێبینی كۆنگرەكانیش با لەولاوە بوەستێت. ئێستا كە هیچ پاساوو لەمپەرێكی بابەتی بۆ كۆنگرە نەماوە جگە لە كێشەو لەمپەرە شەخسیو خودیەكانی سەركردایەتی، هەروەها كە داوای سەرەكی كادرانیش تەنیاو تەنیا كۆنگرەیە، دەبینینو دەبیستین لەسەر ئاستی باڵا باس لە كۆنگرەی تەوافوق دەكرێت، تەوافوق بە مانای قایل بون بە كۆنگرە بە مەرجی پێشوەختی پۆستو دەرچون. ترس لە كۆنگرە!! زۆرن ئەو لەمپەرانەی لەبەردەمی كۆنگرەی چوارەم هەیە، بەڵام گەورەترینیان لەمپەری ترسە لە كۆنگرە، ترس لە دەرنەچونەوە یان دەرنەچونی دەستەو تەكەتول بە گشتی. ئەوانەی لە كۆنگرە دەترسن چەند جۆرێكن: بەشێكیان ئەوانەن كە تا ئێستا كەم چونەتە بەر بێژنگی هەڵبژاردنو دیموكراسیەتێكی راستەقینە لە كۆنگرەداو هەمیشە بە دەستەگەری یان تەكەتولو لیستی پێشوەخت دەرچون. بەشێك لەوانە، ئەو كەسانەن كە بە تەسكیە یاخود بە پشتیوانی لە كۆنگرەدا بەبێ هەڵبژاردن پۆستی باڵایان پێ دراوە. بەشێكیش ئەوانەن كە هێشتا كۆنگرەیان نەبینیوەو وەك تەعین لە مەكتەبی سیاسیو سەركردایەتی دانراون. بەشێكیش ئەوانەن كە ئەگەر لە مەكتەبی سیاسیو سەركردایەتی دا نەمێنن ئەوا بازرگانیو كارەكانیان لە بوارە جیاجیاكان لەدەست دەدەنو رۆڵیان نامێنێو كارەكانیان كز دەبێت. ئەوەی سەیرە، كەسانێك ناویان لەناو پشتیوانانی تەوافوقدا دەهێنرێت، كە دەبوایە ئەوان پێشڕەوی كۆنگرەی بێ تەوافوق بكەن، چونكە هەم خۆیان كەسانی نوێو هەم خاوەن پشتیوانیو كایگەرینو نابێ ترسیان لە سەركەوتن هەبێت تەوافوق چارەسەرە یان خۆكوژی؟؟ كۆنگرەی تەوافوق بۆ یەكێتی نەك چارەسەر نیە، بەڵكو خۆكوژی سیاسی یە، چونكە هەر ئەو كۆنگرەی تەوافوقەیە كە كوڕو كچی بەرپرسانی یەكێتی لەجیاتی كادرە سەرەكیو چالاكەكان دەباتە هەرەمی سەرەوەو سەرەنجام كادرانیش بێئومێد دەبن لەم حزبەو لێی دەكشێنەوە. یەكێتی لە دۆخێكی مەترسیداردایە، ئێستا هەموو هێزی مەكتەبی سیاسیو سەركردایەتیو ئۆرگانەكانی یەكێتی بۆ پاراستنی قەوارەی ئێستاو دەنگدەرو كادرەكانی ئێستایە، بەبێ ئەوەی بیر لە گۆڕانكاریە جەوهەریەكانی ژیانی سەردەم بكەنەوە، بۆیە دەبینین، لەبری ئەوەی بەدوای ئەندامو دەنگدەری نوێدا بگەڕێن، تەنیا سەرقاڵی ئەوانەیە كە چەند دەستێكیان كردوەو ئەم حزبو ئەو حزب دەكەن بۆ پۆستو ئیمتیازاتو ئەوان وەك دیوەخان دەبەنە سەرەوەی هەرەمەكە. زیانێكی گەورەتری تەوافوق ئەوەیە، كە ئەم تەوافوقە بۆ ئەوەیە لە كۆنگرە قسە لەسەر هەڵەو كەمتەرخەمیو گەندەڵیو لادانە سیاسیەكانی ئەم دەهەیە نەكرێت كە بەرپرسانی یەكێتی سەرقاڵن پێوەی، بەوەش هەڵەو كەموكوڕیەكان سەرلەنوێ دیزە بەدەرخۆنە دەكرێنو سڕ دەكرێن تا دەورانێكی تر یەكێتی پێوەی بتلێتەوەو هێندەی تر یەكێتی بچوك ببێتەوە. كێشەكانی یەكێتیو بچوك بونەوەی یەكێتیش زیانی گەورەتر لە كوردستانو بە تایبەت دەڤەری سەوز دەدات وەك زۆریش داویەتی، سەرەنجامیش هەم حزبەكەو هەم سەركردایەتی یەكێتی یش توشی ئاستەنگی گەورە دەكاتو دور نیە زۆنەكەی بە تەواوی لەدەست بچێتو لە خودی سلێمانیدا یەكێتی پاشەكشە بكات بۆ دوای ئیسلامیەكانیش. چارەسەر تاكە چارەسەر كۆنگرەیەكی ئازادو گۆڕانكاریو دور لە گزیو تەكەتولو لیست لیستێنەیە، كۆنگرەیەك كە لە پاڵ كەسانی كاراو خاوەن پێشینەو ئەزمون ( ئەوانەی لە بازرگانیو گەندەڵیەوە نەگلاون) تێكەڵ بە نەوەیەكی نوێی سیاسی بكات تا یەكێتی بباتەوە ئەو ئاستەی شایستەی خەباتیەتی. كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی پێویستە وەك كۆنگرەی دامەزراندن لێی بڕوانرێت، چونكە پێویستە كۆنگرەیەك بێت كە دوای 28 ساڵ لە كۆتایی خەباتی شاخ، یەكێتی بپەڕێنێتەوە بۆ حزبێك كە روئیاو دونیابینیو ستراتیژی هەبێت بۆ حوكمڕانیو خزمەت كردنی خەڵك، بیكاتە حزبێك كە تەنیا كاری بەیاننامەو دەستواژەو ڕستە شۆڕشگێڕیەكان بەكارنەبات بۆ جولندنی سۆز، بەڵكو حزبێك بێت بە بارتەقای قوربانیو خەباتەكەی، خزمەتی خەڵك بكاتو بەوەش بۆڕی ڕكابەرانی بدات نەك بە خەوتن لەسەر چەكە گوڵی سەركەوتن. بەڵام ئەگەر بڕیار بێت یەكێتی كۆنگرەی تەوافوق بكات، یان هەر بڕیارتان داوە كۆنگرە بە شەرتی چەقۆی دەرچونەوە بكەن، ئەوا لە ئێستاوە فاتیحە بۆ گیانی یەكێتی بخوێننو سەرقاڵی بازرگانی ببنو دوو فلسی تر پەیا بكەن تا لە رۆژی رەشی هەلاتن فریاتان بكەوێ، چونكە دڵنیام خەڵك چیتر یەكێتی بەم بەرگەی ئێستاوە ناوێتو رۆژ لە دوای رۆژ دور ئەكەونەوە لە یەكێتی.
+ سەلاح خدر لەگەڵ زیادبوونی ئۆپەراسیۆنە داگیرکارییەکانی تورکیا لە کوردستان بەگشتی و باشوور بەتایبەتی، هاوشانی هێرشی سەربازی، ئۆپەراسیۆنی سیاسی، ئیستغباراتی و میدیای تورکیا بۆ گوڕکردنی شەڕ و ڕەواییدان بەداگیرکاری بەشێوەیەکی چڕ دەستی پێکردووە، تا ئەو ئاستەی دەوڵەت جگە لە راگەیاندنە خۆجێیەکانی هەموو میدیا و میدیاکار و ڕۆژنامەنوسەکانی گرێدراوی خۆی لە دەرەوەی سنور خستوەتەگەڕ. دەوڵەتی تورکیا هەمیشە هەوڵی داوە بۆسەرخستی ئامانج و پیلانگێڕییەکانی لەبەرامبەر دۆزی نەتەوەیی - نشتیمانی کوردان و قڕکردنی نەتەوەی کورد و بێ ستاتۆ هێشتنەوەی، هێزە وابەستەکانی خۆی بەکاربهێنێت و ئەوانی دیکەش ناچاری گوێڕایەڵی بکات. وەک هەردەم تورکیا کار بۆ ئەوە دەکات کوردان لە یەک داببڕێنێت و تا بەگژیەکداکردن بۆ ئامانجە سیاسیەکانی خۆی بەکاریابهێنێت، لەساڵی ١٩٩٢ تا ١٩٩٩ چەند جارێک لەو هەوڵەدا سەرکەوتوو بووە بەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نشتیمانی کوردستانی پەلکێشی نێوو شەڕی ناوخۆیی پەکەکە کرد، بەتایبەت پارتی بەهۆی باگراوەندی مێژوویی لە قبوڵنەکردنی بەرامبەر و زاڵبوونی ئەقڵیەتی دەسەڵاتپەرسی بنەماڵەیی و دەرەبەگایەتی و وابەستەبوونی بەردەوامی بە هێزە دەرەکیەکان، بۆ دژایەتی کردنی شۆڕشی کوردان لە سێ بەشی کوردستان بەکاریهێنراوە. لەئێستادا کە نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوین دادەڕێژرێتەوە، تورکیا لەچوارچێوەی (ستراتیژی قوڵ) دا هەوڵ بۆ زیندووکردنەوەی پلانی میساقی میللی دەدات، بەشێوەیەک کەلە ڕۆژئاوای کوردستانەوە بەرەو هێڵی موسڵ تا کەرکوک و خانەقین بخاتەژێر دەستی خۆی، ئەردۆغان و تاقمەکەی ئەوەیان نەشاردوەتەوە و بەئاشکرا گوتویانە کە لەلۆزان ناهەقیان لێکراوە، لەملیۆنان کیلۆمەتری (دەوڵەتی عوسمانی)ەوە بۆ ئەم جوغرافیایەی ئێستا تەنگ کراونەتەوە، لە دواین ڕاپۆرتی وەقفی لێکۆڵینەوەی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی - سەتا ((SETA بڕوانن کە دەزگایەکی سەر بەئاکەپەیە ئەو ڕاستیە بەئاشكرا دەبینن. کێشە جدیەکە لەوێوە دەست پێدەکات کە بۆ سەرخستنی ئەو پیلانە مەترسیدارەی تورکیا هێزگەلێکی کوردی لەهاوکاریی دان، ئەوەتا لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی (چنگ) دژی پەکەکە کە چەند مانگە دەستی تورکیا پێکردووە، ڕەغمی هەموو ئەو هێزە زەبەلاحەی تورکیا لە هەرێمی کوردستان هەیەتی، ڕۆژانە هێزی دیکە سەربازی دەهێنێتە باشوور و پێگەی داگیرکاری خۆی بەهێزتر دەکات، لە ڕاپۆرتەکەی سەتادا هاتووە"بارەگا سەربازییەکان لە سەرویانەوە باشیک، ئەربیل، زاخۆ، دهۆک و زۆر شوێنی دیکە، دەرفەتێکی گرنگیان داوە بە هێزە ئاسایشیی و سیخوڕییەکان بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆن بکەن". لەم پەڕەگرافەتا دەردەکەوێت کە پیلانی شەڕ و جموجۆڵی داگیرکردنی باشوور لەو بارەگا سەربازیانەوە ئۆرگانیزە دەکرێت. لە دواین قسەیدا ئەردۆغان لەگەڵ بەرپرسانی حزبەکەی لە ٢٥ی ئەم مانگەدا بەئاشکرا نیەتی خۆیانی ئاشكرا کرد و گوتی، ئامانجی ئەوان لە ئۆپەراسیۆنی چنگ تەنها کۆنتڕۆڵکردنی چیاکان نیە بەڵکو ئامانجیان دەشتەکانیشە، ڕاستی پیلانەکەش هەرئەوەیە کە مەسەلە تەنها قەندیل نیە. پارتی دیموکراتی کوردستان - عێراق بۆسەرخستنی پیلانی تورکیا هەموو ئیمکانەکانی خۆی بۆ فەراهەم کردووە، لە ڕووی سەربازی، سیاسی، هەوڵگری، میدیایی و لۆجستیکی، بەشێوەیەک کە بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی فرات ڕۆژی ٢٠ی حوزەیرانی ئەمساڵ پێشمەرگەكانی پارتی، گردی ستراتیژی كانی ماسی و چەند گوندێكیان لەسنوری پارێزگای دهۆك یان بۆ سوپای تورک چۆڵ کردووە و سەربازانی تورک چوونەتە جێگایان. بە پێی ئەو زانیارییانە، پارتی گردی مرواسیە، گردی کەپکی کەژۆ،گردی ڕبێعە و چەند گردێکی دیکەی لە شارۆچکەی شیلادزی تەسلیمی سوپای تورک کردووە، هەروەها لە دلمان و بارخێ و لە شەش شوێنی نزیك گوندی بارخێ لە ناحیەی كانی ماسیی، پێشمەرگەكانی خۆی كشاندووەتەوە و دوای كشاوەیان سەربازانی سوپای تورك جێگیر كراون. پاش ئەوەش ئاشكرا بووە کە جگە لە برادۆست دەوڵەتی تورك بەنیازە لەسەرهێڵی مەتینا-ش ئۆپەراسیۆنی داگیركاری دەستپێبكات. لەسەرەتای مانگی ئایاری ئەمساڵ دا لەگەڵ هێرشەکانی سوپای تورک لەناوچەی برادۆست هێزەکانی پارتی لە شەودا بە کاروانێکی ١٥ ئۆتۆمبێلی پێشمەرگەیان بۆ هاوکاری سوپا گواستەوە بۆ سیدەکان. تەنانەت بۆ ئاسانکاری هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر پەکەکە پارتی سەرەتای تەموزی ئەمساڵ، داوای لە گوندنشین و کۆچەرییەکانی سنووری گوندەکانی، کەشان، زۆمی كانی دهلێ، گوندی شودنێ، گوندی رویسێ، زۆمی سیارا ستهورێ و چەند شوێنێکیتری زاخۆی کردووە کە سنوورەکەیان چۆڵبکەن. بەپێی زانیاریەکانی ئاژانسی ڕۆژنیوز هەر هەشتی ئەم مانگە پارتی چەندین جۆر چەکی قورس و سوکی لە فەرماندەیی پێشمەرگەی دهۆک و چەند شوێنێکی ترەوە ڕەوانەی بنکەی سەربازیی تورکیا لە کۆمەڵگەی سیرێی سەربە شاردەێی شیلادزێ کردووە. هەروەها کۆمەڵێک چەکی لە کۆگاکانی دەڤەری دۆلەمەری و بارزانەوە ناردووە بۆ هەمان بنکە. دواین جار ڕۆژی ٢٨ی ئەم مانگەش کاروانێکی گەورەی پێشمەرگە لەگەڵ ئۆتۆمبێلی سەربازی و زرێپۆش و چەکی قورس، ڕەوانەی شارەدێی دەرکاری سەربە زاخۆ کراوە، تا ئێستاش ئەو جموجۆڵە هەیە. لەڕووی پڕوپاگەندەی میدیایی و ئاژیتاسیۆنەوە شەڕی تایبەت و لە ڕووی دەرونشیەوە خۆشکردنی زەمینەی شەڕی ناوخۆ بۆ پشتیوانیکردن لە ڕژێمی تورکیا و ڕەوایەتی دان بەداگیرکاری و ئاسایی کردن لەناو کۆمەڵگای باشووردا، لە میدیاکانی پارتی و ئەوانەشی سەربە دەوڵەتی تورکن لە هەرێم دەبینرێت. بەشێوەیەکی سیستەماتیک و پیلان بۆداڕێژراو ڕۆژانە ڕاپۆرت و دۆسیەی تایبەت بۆ ڕەشکردنی خەباتی پەکەکە و کەسایەتی و پێشەنگانی ئەو ڕێکخستنە و لێدان لە کەسایەتی یان بڵاو دەکەنەوە، کار گەیشتووەتە ئەوەی پەرلەمانتار و نوسەر و ڕۆژنامەنوسەکانیشیان بۆ هەمان ئامانج خسووەتە کار. لەبەرامبەریشدا میدیا و ڕاگەیاندنی ئازاد سەرکوت و بێدەنگ و دەستگیر دەکەن. هەموو ئەمانە لەو پێناوەدایە کە وەها نیشان بدرێت ئەوەی دەگوزەرێت داگیرکاری نیە و شەڕی ڕژێمی تورکیا و کورد نیە، بەڵکو شەڕی ڕژێم و پەکەکەیە، لەکاتێکدا خودی ڕاپۆرتەکەی سەتا ڕەخنە لە حکومەتی سەدام تا ئێستا دەگرێت و بەلاواز وەسفیان دەکات کە نەیانوانیووە هەرێمی کوردستان کۆنتڕۆڵ بکەن و بۆشایی دەسەڵاتی دروست کردووە، کە مەبەست پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەیە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە و لە چەند شوێن جەخت لەسەر یەکپارچەیی خاکی عێراق و دژایەتی خۆیان بۆ ڕیفراندۆم دەکەنەوە. ئێستا پارتی هەموو هێزەکانی خۆی خستووەتە ئامادەباشیەوە بۆ شەڕی دژ بە پەکەکە و هاوکاری پیلانەکانی تورکیا، ئەم پیلانە کۆنە و چەندێکە نەخشەی بۆ دەکێشرێت، ڕووداوە گوماناویەکەی هۆقەباز تەنها بەهانەیەکە بۆ ڕەوای دان بۆ بەو پیلانە. ڕێزدار بەسی هۆزات هاوسەرۆکی کەجەکە ڕۆژی ٢٥ی ئەم مانگە لە هەڤپەیڤینێکدا بۆ ئاژانسی فرات بەئاشكرا گوتی، تورکیا بە تێگەشتنی عوسمانی نوێ هەوڵ دهدهن سوود لە هەلومهرجی شەڕی جیهانیی سێیەم وەرگرن و لەسەر لەناوبردنی کورد پیلانی میساقی میللی جێبهجێ بكهن. پەکەکە لە بهرانبهر ئەم ئامانجەیان وەک بهربهستێكی گەورە دهبینن. بۆیه بە هەموو شێوەیەك هێرش دهكهنه سهر پهكهكه. ناوبراو ڕەخنە لە سیاسەتی پارتی دەگرێت بەوەی، سیاسەتی هەنوکەیی پارتی خزمەت بەو ئەجەندا دوژمنکاریانەیەی تورکیا دەکات و زیان بە بەرژەوەندی کورد دەگەیەنێت دەبێت پارتی لەو ڕێ هەڵەیە بگەڕێتەوە. هۆزات دەڵێت، تورکیا هەوڵێكی گەورە دهدات تا لهنێوان پارتی و پەکەکە، لهنێوان پێشمەرگە و گەریلادا شەڕ ههڵگیرسێنێت، پێویستە پارتی نەکەوێتە ئەو هەڵەیەوە، ئەو دەڵێت ئەگەر پارتی هەڵوێستی مامەڵەی خۆی بگۆڕێت بەشێوەیەکی نەتەوەی مامەڵە بکات ئەوا دەتوانێت خۆی لە پەکەکە نزیک بکاتەوە و ڕێکەوتنی یەکێتی نەتەوەیی واژۆ بکەن. بەڵام ئەوەی دەردەکەوێت ئەوەیە کە پێدەچێت کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کابینەی شەڕ بێت، چوونکە هەموو ئامادەکارییەکان تا بێدەنگی پەرلەمان لەمەڕ داگیرکاریەکان ئەو سیگناڵە دەدەن، ئەوەش گەڕانەوەیە بۆ نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو و هەڵگیرسانی شەڕێکی ماڵوێرانکەری ناوخۆ لە قازانج تورکیا و لەباربردنی دەستکەوتە نەتەوەیی - نشتیمانیەکانی گەلی کورد.
+ د. دەرباز محەمەد پاش دە ساڵ ئەزمونی گۆڕان و، تێپەڕاندنی دوو ساڵ پاش کۆچی دوایی رەوانشاد کاک نەوشیروان، دامەزرێنەرو خوڵقێنەری ئەم بزوتنەوەیە. کاتی ئەوە ھاتووە ھەڵسەنگاندنێکی سیاسیی بۆ کۆی ھەڵوێست و ھەڵسوڕانی گۆڕان بکرێ، لە ماوەی ١٠ دە ساڵی رابردوودا. یەکەم: ئەگەر ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلولی ١٩٦١ سەرەتای قۆناغێکی نوێ بێ لە خەباتی سیاسی و چەکداری، ھەروەھا ھەڵگیرسانەوەی شۆڕش لە ١٩٧٦ بە تەواوکەرو درێژەپێدەری ئەو خەباتە دابنێین، کە سەرەنجام راپەڕین و رزگاری بەشێک لە کوردستانی لێکەوتەوە، ئەوا دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان وەرچەرخانو شۆڕشێکی نوێ بوو لە مێژووی سیاسی و حوکمڕانی کوردستان، چونکە، یەکەم جار بوو لە مێژوی کورد دا، ھێزی ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی لەناو حکومەتێکی کوردستاندا، لە ڕێگەی سندوقی دەنگدانەوە دروست ببێ، ھێزێک لەگەڵ لەدایکبوونیدا بتوانێ متمانەی چواریەکی دەنگدەران بەدەستبهێنێ. بۆ یەکەم جار میللەت بەخەباتی راستەقینەی پەرلەمانی ئاشنا بوو، ناڕەزایەتیەکانی نێو ماڵ و بازاڕو شەقامی بردە نێو ھۆڵی پەرلەمانەوە. حکومەتی ناچار کرد وەڵامی خەڵک بداتەوە. ئەم شۆڕشە دیموکراسیەی گۆڕان ئەزمونێکی نوێ بوو پرۆسەی حوکمڕانی، بۆ پێشکەوتنی بیرکردنەوەی سیاسی ھەموو تاکێک، تەنانەت وەکو ئاڵنگاریەک لە ئاستی ناوچەکەشدا تێبینی دەکرا. دووەم: ئەم شۆڕشەی گۆڕان، پرۆسەیەکی ساناو ئاسان نەبوو، دەرکردن و ئەشکەنجەدان و برسیکردنی ھەزاران کەسی ئازاو چاونەترسی بەدواوە بوو. بۆیە بەرگەگرتنی گۆڕان بەرامبەر ھەموو ئەو گوشارە ناڕەوایانە، لەلایەک دەرخەری بەھێزی ئیرادەی ھاوڵاتی بێ چەک بوو، بەرامبەر بە دەسەڵاتێکی پڕچەک و بێ ویژدان، لەلایەکی تر، ئەزمونێکیش بوو بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی، لەپاش شەڕی ناوخۆی ساڵانی نەوەتەکان، ئایە دەکرێ ئێمە تەواو جیاواز بیر بکەینەوە، بەشێوەیەکی یاسایی و مەدەنی بەرەنگاری یەکتر ببینەوە، بەڵام یەکتر نەکوژین؟! سێیەم: گۆڕان دەرگای کردەوە بۆ ھێزەکانی دیکە، بۆ ئەوەی لەگەڵ خۆی بیانکات بە خاوەنی پرۆژەی چاکسازی، چونکە لە بنەمادا گۆڕان پرۆژەیەو جێبەجێکردنی پرۆژەکەی مەبەست بوو، نەک جێبەجێکردنی دەبێتە دەسکەوت بۆ کێ. لەم پێناوەدا بۆ چەندین مەلەف پاکێج و بەرنامەی ھەبوو بۆ حکومەت، کە دەکرا سودی لێ ببینن بەبێ بەشداریکردنی گۆڕان لە حکومەت. چوارەم: گۆڕان لە تاقیکردنەوەی قۆناغی ئۆپۆزسیۆن سەرکەوتو بوو، قوربانی زۆری دا تاوەکو بتوانێ چوار ساڵی سەختی بەرەنگاربوونەوەی چەک و دەسەڵات و شەڕانگێزی ھەردوو حزب ببێتەوە. لە قۆناغی بەشداری لە دەسەڵاتیشدا، لەپێناو سوربوون لەسەر جێبەجێکردنی بەرنامە سیاسیەکەی، سازشی نەکرد، گەورەترین باجیدا، بەڵام کۆڵی نەداو پاشگەز نەبوەوە. پێنجەم: گۆڕان راستگۆیانەو سەرڕاستانە مامەڵەی سیاسی و رێککەوتنی سیاسی کردووە، سەرەتا لەگەڵ ھەردوو حزبی ئیسلامی، سەرەڕای جیاوازیەکان، رێککەوت بۆ بەھێزکردنی بەرەی ئۆپۆزسیۆن، تا دوا ھەنگاو خاوەنی بەڵێنەکانی خۆی بووە، لەگەڵ ھاوپەیمانەکانی. کە رێککەوت لەگەڵ پارتی بە ھەمان شێوە، رێککەوتن نەبووە ھۆی سڕینەوەی ناسنامەو بەرنامەی گۆڕان لەپێناو دەسکەوتی کەسی و کاتی. کە لەگەڵ یەکێتیش رێککەوت، نەبوو بە دوو بەرەوەو بەرەیەک ھەوڵی پەکخستنی رێکكەوتنەکە بدات و بەرەیەک موجامەلەی ساردوسڕ بکا، بەڵکو ڕوونو راشکاو ئەوەی لەسەری رێککەوتووە جێبەجێی کردووە. شەشەم: گۆڕان نەبوو بە داردەستی ھیچ ھێزێکی دەرەکی، مەسەلە نیشتیمانیەکانی نەکردە قوربانی بەرژەوەندیە حزبیەکان. پەیوەندیە دەرەکیەکانی شەفاف و ئاشکرا بوون. لە سەختترین رۆژگاردا، پەنای بۆ ھێزی دەرەکی نەبرد لەدژی دەسەڵات یان حزبەکانی تر. حەوتەم: گۆڕان مۆدێلێکی نوێی لە کارو کارەکتەری حزبی ھێنایە ئاراوە، بەستەڵەکی سەرکردایەتی کلاسیکی تێکشکاند، فۆرمی بەشی زۆری سەرکردایەتی، لە سەرکردایەتی شۆڕشگێریەوە بۆ سەرکردایەتی مەدەنی و جەماوەریی. ھەیکەلیەتێکی حزبی وای داڕشت کە حزب لەبەر کەس پەکی نەکەوێت و زۆر بەئاسانی بتوانێ گۆڕانکاری لە سەرکردایەتیەکەیدا، یان لە ئۆرگانەکانیداو سەرکردایەتی حزب تاپۆو موڵکی کەس نییە تا مردن. باسکردن لەو گۆڕانکاریانەی بزوتنەوەی گۆڕان لە کایەی سیاسی دروستی کرد، دوورو درێژەو قسەی زۆر زیاتر ھەڵدەگرێ. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دە ساڵی رابردوی گۆڕان بێ ھەڵەی زەق و کەموکورتی نییە. یەکەم: ئەقڵیەتی بەڕێوەبردن و ئاراستەکردنی گۆڕان، دوالیزمەیەکە لەنێوان کارەکتەرەکانی سەرکردایەتی سەردەمی شۆڕش و کارەکتەرەکانی پاش سەردەمی راپەڕین. جیاوازی روون لەنێوان ئەم دوو گروپە لە جوڵەو گوتارو دونیابینی گۆڕانبینیدا ھەیە، بێگومان باگراوندی ھەر یەک لەم دوو گروپە سەرچاوەی سەرەکی ئەم جیاوازیەیە. ھیچکامیشیان بێ کێشەو کەموکورتی نین، بەبێ ھەردووکیشیان مەحاڵ بوو، ئێستاش مەحاڵە، گۆڕان بەم شێوەیە خاوەنی کاریگەری گەورە بوایە. ئەندازیاری دروستکردن و راگرتنی ئەو باڵانسە، چ لەنێوان خودی گروپێکیاندا، یان لەنێوان دوو گروپە جیاوازەکەدا، خودی کاک نەوشیروانی رەحمەتی بوو، بەو کاریزماو ئەزمونە گەورەیەی کە زادەی نیو سەدە خەبات و سەرکردایەتی سیاسیو پێشمەرگایەتی بوو. ئەم دوو بیرکردنەوەیە پاش دوو ساڵ لە غیابی کاک نەوشیروان، ئێستا لە قۆناغی ھەوڵدان بۆ یەکتر قبوڵکردنن، بەڵام ھێشتا بەستەڵەکی تەمەن و دونیابینیو گۆڕانبینی لەنێوانیاندا نەتواوەتەوە. بە ئاسانیش ناتوێتەوە. دووەم: حزب لە ھەموو دونیا لەسەر دوو پایە بەندە، بەرنامەو کارەکتەرەکانی، لە ماوەی رابردوودا بەشێک لە کارەکتەرکانی گۆڕان خۆفرۆش، یان سیخوڕ دەرچوون. بەشێکیش زۆر بەڕێزەوە ماڵئاواییان کرد لە کاروانەکە، کە ئەمیان مافێکی رەوای ھەموو کەسێکە. بێگومان بەشێک لە متمانەی ھاوڵاتیان لەدەستچوو بەم ھۆیەوە. گومان و دڵەڕاوکێی لەنێو ھەڵسوڕاوان دروستکرد. سێیەم: ھەر لەبارەی کارەکتەرەکانەوە، حاڵی حازر بەشێک لە کارەکتەرەکانی گۆڕان لە دەرەوەی بزوتنەوەکەوە گوتاری سیاسی دەدەن و بەشێکیشیان بێدەنگ، بەڵام بەجوڵەوە، چاوەڕوانن. خاڵی ناکۆکی ئەم بەشە لەگەڵ گۆڕان، چۆنێتیو خاوەندارێتی بڕیاردانە، لەکاتێکدا ھەموو ئەو ھەڵسوڕاوانە تا ماوەیەکی نزیک خاوەنی پێگەو پۆستی کاریگەرو جۆراوجۆربوون، لە ھەردوو جڤاتەکە، و جڤاتی نیشتیمانیش، کە تاکە جڤاتی بڕیاردەرەو ھیچ بڕیارێک لە دەرەوەی ئەم جڤاتە نەدراوە. ھەرچۆنێک بێ، بەھەر ھۆیەک بێ، بەرژەوەندی گشتی و بەرژەوەندی گۆڕان وا دەخوازێ دەرگایەکی نوێی دۆستانە، لەنێوان ئەو ھەڵسوڕاوە بەڕێزانەی بەھەر ھۆیەک بێ، نیگەرانن، بکرێتەوە بۆ گفتوگۆی زیاتر بەمەبەستی گەیشتن بە ئەنجامێکی ئەرێنی. ئەگەر مەبەست کاری تەندروستی حزبی بێت بۆ بەرژەوەندی گشتی، ئەوا دەرفەتی ئاشتبوونەوە لەبارو بەردەستە، خۆ ئەگەر مەبەستەکان جیاواز بن، ئەمەیان بابەتێکی دیکەیە. گۆڕان بۆ خۆی وەرچەرخانێکی سیاسییە، داھێنەرو داینەمۆکەی ئەقڵ و ئەزمونی سەرکردەیەکی مێژوویی بێوێنەیە، وزەکەی دۆزێکی رەوای ھاوڵاتیە، تاوەکو ئەو دۆزە بمێنێ، گۆڕان وەک پرۆژەیەکی زیندوو دەمێنێ و دەبزوێ.
+ سهردار عهبدوڵا ماوهیهكه كۆمهڵه هاوڕێیهكی خۆشهویست كهوتونهته نوسین و بڵاوكردنهوهی ههندێك بابهت كه باس له كێشهكانی بزوتنهوهی گۆڕان دهكات. ههڵبهته قسهكردن، رهخنهگرتن، وتنی راستییهكان، مافی ههر كهسێكه.. بهڵام دهبێ لهپێشدا ئهوه ساغ بكهینهوه كه ئایا بۆ قسه دهكهین، به چ مهبهستێك قسه دهكهین؟ لێرهشهوه ئهم بۆچونه موتهوازیعانهم تهنها ڕوو له یهك هاوڕێی ئازیز ناكهن، كه دڵنیام چهندی خۆشدهوێم، دڵنیاشه كه چهندم خۆشدهوێ، بهڵكو بۆ ههمو هاوڕێ ئازیزهكانمه كه كاری سیاسییان كردوه و دهكهن، بهشێك بون له بزوتنهوهی گۆڕان، له پۆست و پایهی بهرز و كاریگهردا بون. وهك وتمان با لهپێشدا ئهوه ساغ بكهینهوه كه به چ مهبهستێك قسه دهكهین. ئایا چۆن دهتوانین مهبهستمان له پشت وتنی قسهیهكهوه دیاریی بكهین؟ ههڵبهته دهبێ بزانین قسهیهك كهی دهیكهین؟ لهكوێی دهكهین؟ به چ وهسیلهیهك دهیگهیهنین؟ لێرهوه لایهنێكی دیكهی یهكجار گرنگی ئهم مهسهلهیه دهخهمهڕو، كه باڵاتره له مهسهلهی ناسینی مهبهست و غهرهزی پشت قسهیهك، ئهویش ئهوهیه كه زۆر جار باشترین پێشنیار و پرۆژه سهر ناگرن ، چونكه له كاتی خۆیدا و لهشوێنی گونجاوی خۆیدا و بهو وهسیلهیه ناگهینرێن كه ببێته مایهی وهرگرتنیان، بهڵكو ئامانجێكی پێچهوانهش دهپێكێ. لهو سۆنگهیهی سهرهوه، داوا له ههمو ئهو هاوڕێ ئازیزانه دهكهم كه ماوهیهكه بهردهوامن لهم نوسینانه، دیقهت بفهرمون لهو پرسیارانهی سهرهوه: ئایا بۆ لهم كاتهدا ئهم قسانه دهكهن؟ له چ شوێنێكی دهكهن؟ بۆ له میدیا و فهیسبوك دهیكهن؟ له دواییشدا دهتانهوێ بهم كاره چ مهبهستێك بپێكن؟ ههڵبهته گومان لهكهس ناكهم، مافیش بهخۆم نادهم كه بوختان بۆ كهس بكهم، بڕواشم بهو فهرمودهیهی حهزرهتی مهسیح ههیه كه دهڵێ : "دوژمنهكاینشت خۆشبوێ". ئهمه چ جای ئهوهی ئێوه هاوڕێ و برای خۆشهویستمن. هاوكاتیش ئهوهی رێگریی ڕههام لێدهكات ئهمجۆره كارانه بكهم، تێگهیشتن و بڕوای بێ پێچوپهنا و مهبدهئیانهی خۆمه بۆ سیاسهت كه بهمجۆرهی پێناسه دهكهم و دهیان جاریش رامگهیاندوه كه "سیاسهت لهسهر ههردو پایهی ئهخلاق و عهقڵ وهستاوه، ههمو سیاسییهكیش دهبێ ههڵگری ههر سێ خهسڵهته سهرهكییهكهی بێت، كه بریتین له: راستگۆیی، ئازایهتی، خۆشهویستی". ئهم دۆخهی ئێستای بزوتنهوهی گۆڕان، خۆی هۆ نیه، بهڵكو دهرهنجامه. دهرهنجامی كهڵهكهبونی سیاسهتی ههڵه و بهتایبهتیش نهفهسی شهعبهوییه له گوتار و رهفتاردا. لێرهدا به پێویستی دهزانم ئهو وتهیهشم وهبیرتان بێنمهوه، كه دهمگوت "شهعبهویهت له گهندهڵی ترسناكتره". كه ئهو گوتار و رهفتاره شهعبهوییه سهردهمانێك شهقڵی سهرهكی زۆر له هاوڕێیان بو، بهشێك له ئێوهی بهڕێزیش، نهك ههر مومارهسهتان دهكرد، بگره وهك سیمبولی ئهو قۆناغه ههمو شتێكیان قۆرخ كردبو. بهشێك بون له پهلاماردان و تاوانباركردنی عهقلانییهت و بهمجۆرهش بون بههۆی داڕشتن و پیادهكردنی دهیان سیاسهت و بڕیاری ههڵه، كه بهداخهوه بهشێكیان ههڵهی ستراتیژی بون. ئهو كاتهی پێویست بو قسه بكهن، و تهنها له ناو ئۆرگانهكانی بزوتنهوهكهدا، یان به دۆستانه و شێوازی حیزبییانه لهگهڵ هاوڕێكانتاندا قسه بكهن، نهك ههر نهتانكرد، بهڵكو بهشێكتان ئهو دۆخهی دهقۆستهوه بۆ ئهوهی لهو رێگهیهوه خۆی بهرێته پێشهوه. ههندێكتان بون به بهشێك له پرۆسهی ترسناكی سهركوتكردن و بێدهنگكردنی ئهو دهنگانهی دهگمهنانهی، مومارهسهی پرۆسهی رهخنهیهكی عهقلانی كه بهشێوازی ئوسوڵی و ئهخلاقی حیزبی دور له ههڵڵای شهعبهویانهی سهر میدیا و فهیسبوكیان دهكرد. ئهگهر ئهو كاته دور له گوتاری شهعبهوی فهیسبوك و به شێوازه حیزبی و ئهخلاقییهكهی قسهتان بكردایه، دڵنیا بن كه ئێستا بزوتنهوهكه بهم حاڵه نهدهگیشت و بهشێكی جهماوهره ئازا و ڕاستگۆ و خۆنهویستهكهی زویر نهدهبو.. بهڵام ئهو كاته نهك ههر قسهتان نهكرد، بگره ههندێكتان بهشی سهرهكی پرۆسهی به مێگهلكردنی گوتار و سیاسهتی شهعبهوی بون، لێرهشهوه ئێوه پشكی سهرهكیتان بهردهكهوێ ئهگهر لێپرسینهوهیهكی بابهتی و ئهخلاقی مومكین بێت.. ئهم دۆخهی ئێستا بزوتنهوهكه و كوردستان و تێكچونی كارهساتاویی بنهما و سروشتی سیاسهتیش لهم نیشتمانهدا، ئێوه ڕۆڵی گهورهتان تێدا ههبوه. له دواییشدا به پێویستی دهزانم، دوا قسهم ئاراستهی خهڵكی كوردستان و بهتایبهتیش جهماوهر و دهنگدهرانی ئازا و دڵسۆز و خۆنهویستی بزوتنهوهی گۆڕان بكهم: ئازیزان، سهردهمانێك ههندێك لهم بهڕێزانه بهشێكی سهرهكی پرۆسهی چهواشهكردنتان بون، ئێوهش لهبهر پاكیی و پهرۆشیی و گهورهییتان، بڕواتان پێكردن، ههربۆیه ئێستا كه دۆخهكه بهمه گهیشتوه، جۆرێك له شۆكتان توش بوه، كه ئهمه كارێكی باشه ئهگهر: ١- ببێته مایهی پهندوهرگرتن. ٢- نهبێته مایهی دوباره شوێنكهوتنی ههڵایهكی تازهی شهعبهویانه كه دهیهوێ مێگهل ئاسا، وات لێبكات نهوێری تهنانهت بیر له گوتارهكهشیان بكهیتهوه، ئهگینا لیسته ئامادهكهیان له جنێو و بوختان و تهشهیر، وهك جبهخانهیهكی ترسناك لهسهر پێیه كه وێرانت بكات. ناچارم بێژم، كه بهشێك لهم بهڕێزانهی ئێستا قسه دهكهن له قۆناغی تردا ههڵوێستی خۆنهویستییان به ئێوه فرۆشت و گوتیان: ئێمه له فڵان پۆست و پرۆسهی وهدهستهێنانی پۆست دهكشێینهوه. بهداخهوه كه ڕاستییه تاڵهكه ئهوهیه كاتی خۆی (موقایهزه) یهكیان خرایه پێش، كه ئهگهر ئێستا بكشێیتهوه، دواتر فڵانه پۆستت دهدینێ، ئهمانهش یهك و دوان نین، بگره زۆرن. لهمهش خراپتر، ههندێك لهم ئازیزانه دهیانهوێ دیسانهوه چهواشهتان بكهنهوه، بهوهی كه پرۆسهیهكی جیاكاریی دور له راستیی مومارهسه دهكهن، به ههوڵدانی پاككردنهوه و به فریشته ناساندنی ههندێك ناو و كهسی پێشتر له بزوتنهوهكهتاندا بون.. تكایه ئازیزان، رێگهیان مهدهنێ جارێكی تر چهواشهتان بكهنهوه.. لێرهدا ئهو پێوهرهشم دوباره وهبیر ئهو هاوڕێ ئازیزه قسهكهرانه دێنمهوه كه "نائهخلاقیترین كاری سیاسییهك ئهوهیه كه خهڵك چهواشه بكات، چونكه ئهو خهڵكه متمانهی بهنرخی خۆی پێ بهخشیوه". ئازیزان، ئهو خهڵكه لهبهر گێلیی نیه متمانهی پێ بهخشیون و بڕوای پێكردون، بهڵكو لهبهر گهورهیی و راستگۆیی و میهرهبانییهتی.. چۆن دڵتان هات چهواشهیان بكهن.. داخۆ ئاخر چۆن دڵتان دێ ئێستاش لهبهر بهرژهوهندی شهخسی ههوڵی چهواشهكردنهوهی بدهنهوه؟ دهگهڕێمهوه سهر پرسیارهكانم سهبارهت به مهبهستی قسهكردن و دهڵێم: ئازیزان، ئهگهر مهبهستتان چاككردنی كێشه و گرفت و رێگرتن لهم دۆخه بوایه، ئهو كاته قسهتان دهكرد كه پێویست بیكهن، به شێوازی ئوسوڵی حیزبی و له ناو ئۆرگانهكاندا قسهتان دهكرد، روبهڕو و دۆستانه قسهتان دهكرد، نهك لهسهر فهیسبوك.. بهڵام كه ئێستا پاش گهیشتنی بزوتنهوهكهتان بهم دۆخه قسه دهكهن، دور له ئوسوڵی حیزبی قسه دهكهن، لهسهر میدیا و فهیسبوك قسه دهكهن، ههڵبهته دهكرێ ههر مهبهستێكی دیكهتان ههبێ جگه له چاكسازیی.. ئهم قسهكردنهی ئێستاتان، هێندهی ئهو بێدهنگیی و تهنانهت بێدهنگكردنهی جارانتان، خراپ و ترسناكه. لێرهوه بهوپهڕی پهرۆشییم بۆ نیشتمان و هاونیشتمانانی سهربهرزی وڵاتهكهمان، زۆر دۆستانه به یهك به یهكتان دهڵێم: هاوڕێی ئازیزم، ئیتر قسه مهكه، تكایه!