كەمال چۆمانی تەنانەت جۆری خواردنەکانی سەدا ٩٩ش لە سەدا یەک جیاوازە؛ سەدا ٩٩ هێشتا دۆڵمە و ساوار و کفتە-بڕوش دەخۆی. نانی بەیانیانیش ماست و گوێز و پەنیر و چای شیرینە، یان سەمون و نۆک. کەچی سەدا یەک ئێستا پیتزا و کنتاکی دەخۆن، نانی بەیانییانیشیان بۆتە "بڕێکفاست". منداڵەکانی سەدا ٩٩ هێشتا لە باخچەی ساوایان و قوتابخانە و خوێندنگەکانی گەڕەکن، هی سەدا یەک لە شوەیفات و سابیس و تیشک. لاوەکانی سەدا ٩٩ دەچنە زانکۆکانی سەلاحەدین و سلێمانیی و دهۆک و سۆران و کۆیە و رانیە و زاخۆ، هی سەدا یەک دەچنە زانکۆکانی ئەمریکیی دهۆک و سلێمانیی و کوردستان، یان جیۆرج واشنتن و کێیمبریج و ئێل-ئێس-سیی. سەدا ٩٩ هێشتا لە خانوێکی سادەدا دەژییێن و گەر نانی گەرم دروستبکەن، یان گەر دۆڵمەی خۆش لێبنێن، لەگەڵ دراوسێکەیان بەشی دەکەن. سەدا یەک ماڵەکانیان چوار پەرژینی لە دەورە و بە سەدان دۆنم زەویی سەدا ٩٩ داگیردەکەن، نابێت هیچ کەسێکیش لە چینی سەدا ٩٩ دراوسێی سەدا یەک بێت؛ سەرۆک قبوڵناکات ئەندامانی مەکتەبی سیاسییش لە دەوری بن، ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی قبوڵ ناکەن ئەندامانی سەرکردایەتییش جیرانیان بن، هی سەرکردایەتیی قبوڵیان نییە لە هەمان گەڕەک بژین کە ئەندامانی مەکتەب رێکخستنەکانی لێیە. تەنانەت مەسئول ناوچە و کۆمیتەکانیش قبوڵیان نییە هەمان تەلارسازیی گەڕەکیان هەبێت. سەدا ٩٩ لە رۆژانی جەژندا لە مزگەوتەکان لەگەڵ خەڵکی گەڕەک کۆدەبنەوە، یان دوای نوێژ سەردانی یەکتر دەکەن و پیرۆزبایی لە یەکتر دەکەن، سەدا یەک دەچنە هاوایی و لاس ڤێگاس و مۆناکۆ و بەرشەلۆنە. سەدا ٩٩ بۆ سەیران دەچنە پشت سەیتەڕە، یان قەرەداغ و چۆمان و هەورامان، سەدا یەک بۆ سەیران دەچنە بەیروت و ئەنتاڵیا. سەدا ٩٩ تەنها یەک رۆژ لە چوار ساڵدا دەنگی دەبیسترێت، سەدا یەک لە چوار ساڵ تەنها یەک رۆژ ترسی لە سەدا ٩٩ هەیە. سەدا ٩٩ هەمیشە لەلایەن سەدا یەک فریودەدرێت. سەدا یەک بە ناوی پاراستنی سەدا ٩٩ و بەدیهێنانی خەونەکانی سەدا ٩٩، رێک ٢٨ ساڵە خەونەکانی سەدا ٩٩ دەسوتێنێت. سەدا ٩٩ هێشتاش چاوەڕێیە سەدا یەک خەونەکانی بەدیبێنێت. سەدا ٩٩ دەیەوێت بژیێت، سەدا یەک لەجیاتی سەدا ٩٩ش دەژیێت. سەدا یەک بە ناوی نەتەوەگەرایییەوە ٢٨ ساڵە کەڕامەتی سەدا ٩٩ی نەتەوە دەشکێنێت، کەچی سەدا ٩٩ هێشتاش چاوەڕێیە سەدا یەک دەوڵەتی بۆ دروستبکات. ئەمە چیڕۆکی نیشتیمانێکی ستەملێکراوە، نیشتیمانێکە کە تا دوێنێ لەبەر کوردبون لەلایەن داگیرکەرانەوە ستەمی لێ دەکرا، کەچی هەر دوێنێ کە ستەمکارانی ناکورد نەمان، ستەمکارانی کورد هاتن و بە ناوی پاراستنی کوردایەتیی ستەمیان لێ دەکەن. سەدا یەک منداڵەکانیان کوردییەکی سەقەت قسەدەکەن، یان هەر ناشزانن بنوسن، بێئاگاشن لە عەلی مەردان و کامکاران، بە مامیی و دادییش بانگی دایک و باوکیان دەکەن، کەچی پێیان وایە رۆڵەکانی سەدا ٩٩ رقیان لە کوردستانە چونکە رقیان لە سەدا یەکە، لای رۆڵەکانی سەدا یەک کورد و کوردستان واتا سەدا یەک، دەبێت سەدا ٩٩ لە خزمەتی سەدا یەک بێت چونکە سەدا یەک هۆکاری مانەوەی سەدا ٩٩ یە. ئەم چیڕۆکی دابەشبونی نیشتیمانە بۆ دو کڵاسی جیاواز کە جیاوازییەکەیان بە قەد جیاوازییەکانی ئیمپایەر بیڵدینگ و تەیراوا، بە قەد شێخەڵا و فامیلی مۆڵ، بەقەد زانکۆی ئەمریکیی سلێمانیی و زانکۆی گەرمیان، بەقەد سەری بڵند و دەباشان و ماڵی عومەری خاوەر، بەقەد هێڵی لۆڤ و نازم پێخواس، بەقەد لقی دوی پارتیی-مەڵبەندی یەکی یەکێتیی و سینەما سیروانە، چیڕۆکی کۆتایی ئەو خێزانە ناوەکییەی کوردستانە کە توانای مانەوەی بەرانبەر کۆی ستەمکارییەکان و تراژیدیاکان لە هەناویدا وەک هەڵگۆرد و قەندیل بەهێز بو.
لەتیف حسێن گۆڕین یان قسەكردن لەسەر ناونیشان و شێوازی كاركردنی توێژەرانی كۆمەڵایەتی و دەروونی(دەرچوانی بەشەكانی كۆمەڵناسی و دەروونناسی و كاری كۆمەلایەتی) لەمێژە ناوبەناو قسەی لەبارەوەدەكرێت، بەڵام ئەوەی زیاتر خەیاڵی بەلادا رۆیشتووەو مشتومڕی دروستكردووە، چەسپاندن و گۆڕینی ناونیشانی توێژەرانە لە قوتابخانەكانی هەرێمی كوردستاندا، ئەگەرچی هەمووان دەزانین پێدانی ناونیشان و چەسپاندنی ناونیشان وەكپلەیەكی وەزیفی و ئیداری گرنگەو ناكرێت هەر رۆژەو بە پاساوێك بڕیاری لەبارەوە دەربچێت، ناكرێت ئێمە جیاواز بین (جیاوازبین مەبەستم لایەنە زانستییەكەی پیشەكەیە) لە وڵاتە عەرەبییەكان كە(باحث اجتماعی و نفسی، اخصاو الاجتماعی و نفسی) لە ئەوروپاو وڵاتانی خواپێداویش(social worker) ئێمە بێین بە گۆڕینی ناونیشان كاری ئەم توێژە گرنگ و پێویستەی كۆمەڵگە بە بێ هیچ پاڵپشتێكی زانستی و هیچ پرس و رایەك، هەر كابینەیەو ناوێكی بۆ دابتاشن كە لە راستیدا لەبری ئەمكارە زۆر لە مێژە دەبوو ئەم وەزارەتە كاری تری بۆ ئەم توێژە بكردایە تا بیانتوانیایە خزمەتگوزارییەكانیان بەرەو پێشەوە ببەن.. جەنابی وەزیر زۆر ناچمە دواوەو مێژوویەكی دوورت بۆباس ناكەم، لەسەر ئەم بابەتەی كە دەمەوێت بەڕێزتی لێ ئاگادار بكەم، تەنها دەمەوێ ئەوەت بیر بخەمەوە كە دڵنیام ئاگاداریت لێی هەیە لە 22/4/2019 وەزیری پێشوو بە نوسراوی رەسمی سەرباری ناڕەزایی و دەنگی ئێمەمانان و بیرخستنەوەی كۆمەڵێك راستی كاری ئێمە، گوێ نەدرا بە هەموو ئەو قسانەی كە لەوبارەیەوە كران و ناونیشانی هەڵگرانی بڕوانامەی دەروونناس و رێنمایی دەروونی و رێنمایی دەروونی وئاراستەكردنی پەروەردەیی) گۆڕی بە رێنماییكاری پەروەردەیی و دەرچوانی بەشەكانی كۆمەڵناسی و كاری كۆمەڵایەتی بە توێژەری كۆمەڵایەتی هێشتەوە، لە سەردەمی ئەم كابینەیەی بەڕێزیشتدا دیسان ئەم بابەتە بۆتەوە نوسراوو توێژەرت نەهێشتووەو ناونیشانی ئەوانیشت كردووە بە رێنماییكاری پەروەردەیی، تكایە مەهێڵە ئەو قسەیی ناوخەڵكی كە هەیەو دەڵێن وەزیری نوێ كە هات كارەكانی وەزیری پێش خۆی رەت دەكاتەوە بەسەر تۆدا تێپەڕێت.. جەنابی وەزیر دەمەوێت راشكاوانە پێت بڵێم ئەم بابەتە نیگەرانییەكی زۆری لای توێژەران دروستكردووە،بەڵام بە سروشتی كارو هەندێ ئیعتیباراتی تر، توێژەران نایانەوێت لە هیچ بابەتێكدا تەنانەت لەو بابەتانەشی كە هەمیشە غەدریان لێدەكرێت ببنە مایەی كێشە نە بۆ وەزراەت و نە بۆ هیچ شوێن و دامودەزگاو كەسێك، بەڵام بێدەنگیمان مانای كەم توانایی لە قسەكردن و مانای رازی بوون نییە، بۆیە دەمەوێت داوات لێ بكەم كەمێك وردتر لەم بابەتە بڕوانیت و پەلە لە دەركردنی بڕیاری لەم بابەتە نەكەیت... جەنابی وەزیر دەمەوێت بیرتی بێنمەوە، دەبوو وەك وەزیرێكی نوێ لەسەردەمی خۆتدا وەك مێژوویەك كۆبوونەوەیەكت لەگەڵ بەشێكی بەرچاو لە توێژەرانی ناو قوتابخانەكان و وەزارەتەكەت بكردایە، تا ئەوان بە باشی و بە وردی كێشەو گرفتەكانی خوێندكاران و قوتابیان و تەنانەت مامۆستایان و سیستمی پەروەروەردەشیان بۆ باس بكردیتایە، دەبوو لەهەموو ئەو سەردانانەی لەم ماوەیەی كە ئەنجامتدان، سەردانێكیشت بۆلای توێژەرەكان بكردایە، شاندێكی میوانەكانت كەپێشوازیان لێدەكەیت و كۆبوونەوەیان لەگەڵ دەكەیت، دەبوو لانیكەم جارێك لەگەڵ دەستەبژێرێكی توێژەران كۆببویتایەتەوە، بۆ ئەوەی بۆت باس بكەن پێتی بڵێن جەنابی وەزیر ئێمە كە توێژەری كۆمەڵایەتی و دەرونین، لەناو قوتابخانەكاندا بەسەدان توێژینەوەی گرنگ و راپرسی و كاری تر لە چوارچێوەی كاری توێژەریی ئەواندا ئەنجامدراوە، ئەوان تەنها ئامۆژگاری ناكەن، هەرگیزخۆشیان بە ئامۆژگاریكەری كەس نازانن، بۆیە بڕیاری گۆڕینی ناونیشانی توێژەران جگە لە سنورداركردنی كاری توێژەران شتێكی تر نییە.. بۆیە جەنابی وەیزیر من وەك رۆژنامەنوسێك و وەك توێژەرێكی كۆمەڵایەتی داواكارم، چاوێك بەو بڕیارو نوسراوانەدا بخشێنیتەوە كە تایبەتن بەكاری توێژەران، بزانە تا ئێستا بە هەموو ئەو ماندووبونانەی ئەم توێژە دەیكەن و كردویانە لەناو قوتابخانەكاندا، چییان بۆكراوە و بەهۆی ئەو سنورداركردنەی كە لە بواری وەزیفی بۆ ئەوانكراوە لە بەربەست و كێشە زیاتر بۆیان چییان بۆ كراوە، ئێستا ژینگەی كۆمەڵایەتی و دەروونی نەك قوتابخانەكان بەڵكو كۆمەڵگەش بەجۆرێك شێواوە كە تەنها توێژەران دەتوانن تێیدا هەڵ بكەن و خۆشیان و دەروبەرەكەشیان بپارێزن و هەرچی لە توانایاندا هەیە ئەنجامی بدەن و درێغی نەكەن، بۆیە لەبری سنوورداركردنی كارەكانیاندا داواكارم شێوازێك ئالییەت و میكانیزمێكی گونجاو بدۆزینەوە تا توێژەران كراو كاراتر بن، رۆڵیان زیاتر پێ بدرێت و لەم بارودۆخەدا بتوانن هاوكاری وەزارەت و حكومەت و ئەم كۆمەڵگەیە بن، نەك بە بڕیارو نوسراو كارەكانیان سنوردار بكرێت و نیگەران بكرێن...
مەریوان وریا قانع فەیلەسوفی بریتانی سایمۆن بلاکبورن، Simon Blackburn ، (١٩٤٢-..)، لە کتێبی ”باشبوون“دا, Being good، دوو جۆر ژینگە لەیەکتری جیادەکاتەوە. یەکەمیان ئەو ”ژینگە فیزیایی“ سروشتییەیە کە بوونێکی بابەتی ھەیە و مرۆڤ خۆی لەناویدا ئەدۆزێتەوە. دووھەمیان ئەو ”ژینگە ئەخلاقیی“ەیە کە مرۆڤ خۆی دروستیدەکات و لەناویدا دەژیی. ئەم نووسەرە پێیوایە وەکچۆن پێویستە مرۆڤ لە خەمی ژینگەی یەکەمیاندا بێت بۆئەوەی وێرانی نەکات و ژیانی خۆی و نەوەکانی داھاتوو نەخاتە مەترسییەوە، بەھەمان شێوە پێویستە لە خەمی ژینگەی دووھەمیشیاندا بێت بۆ ئەوەی ئازاری مرۆڤەکانی تر نەدات و خۆشی وەک مرۆڤێکی باش و چاکەکار ھەبێت و بژیی. ”ژینگەی ئەخلاقیی“ ئەو کەش و ھەوا فەرھەنگیی و فیکرییە کە دەوری داوین و پێماندەڵێت چۆن بژین، دەستنیشانی ئەوە دەکات چی قبووڵبکەین و چیش قبووڵنەکەین، پێماندەڵێت چی قابیلی ئیعجاب و چی شوێنی نەفرەتلێکردنمان بێت. دستنیشانی ئیدراک و تێگەیشتنمان دەکات دەربارەی ئەوەی ئایا ئەو ژینگەیەی تیایدا دەژین بە باشیی و بە چاکیی بەڕێوەدەچێت، یاخود لە دۆخی خراپبوون و داڕماندایە. لە پەیوەندیشماندا بە ئەوانیترەوە، ئەم ژینگە ئەخلاقییە، دەستنیشانی ئەوە دەکات چی لەسەر ئێمە پێویستە بەرامبەر بەوانیتر ئەنجامیبدەین و چیش پێویستە بەرامبەرمان ئەنجامبدرێت. ئەم ”ژینگە ئەخلاقیی“یە ” کاردانەوە عاتفییەکانیشمان دیاری دەکات، دەستنیشانی ئەوەدەکات چی مایەی فەخرکردنە و چی مایەی شەرمکردنە، چی توڕەمان دەکات و چی وامان لێدەکات سوپاسگوزار و ڕازیبین. پێمان دەڵێت دەکرێت چاو لە چی بپۆشین و چی لەبیرببکەین و چاو لەچیش نەپۆشین و کام شت لەبیر نەکەین. بە کورتیی، ئەم ژینگە ئەخلاقییە سەرچاوەی ”پێوەرە ئەخلاقیی“ەکانمانە. ئەوەی ئەم دیاردەی ژنکوشتنە بەردەوامە لە کوردستاندا بە ئێمەی دەڵێت و نیشانمان ئەدات، بێگومان ئەگەر گوێمان ھەبێت بۆ بیستن و چاومان ھەبێت بۆ بینین، ئەوەیە ئەو ”ژینگە ئەخلاقیی“یەی لە کۆمەڵگای ئێمەدا ئامادەیە، ژینگەیەکە لە ھەموو ڕوویەکەوە بۆگەنی کردوە، شتێکی تێدا نەماوە بەناوی ئەخلاقەوە، پێوەرەکانی لەوە کەوتون بتوان باش لە خراپ و ”ئەشێ“ لە ”ناشێ“ جیابکەنەوە. ”شڵەژانێکی پێوانەیی“ وا دروستبووە، ھەموو توانایەکی پۆلینکردنێکی ئەخلاقیی لەناوبردوە. ئەم ژینگە ئەخلاقییەی ناو کۆمەڵگای ئێمە، لە زۆر ڕووەوە لە دۆخی بەر لە دروستبوونی ئەخلاقدا دەژیی، لە دۆخی پەیوەندییەکی ڕووتی ھێزدا کە چاودێرینەکراوە و سنوورێکی تیادا نەماوە نەھێڵێت بەھێز ھەموو سوکایەتییەک بە بێھێز و توانادار ھەموو ناشیرینییەک بەرامبەر بە بێتوانا ئەنجامنەدات، تا ئاستی کوشتن و لەناوبردن. لەزۆر سەرەوە ئەم ژینگە ئەخلاقییە بۆگەنە، ژینگەی بەر لەدایکبوونی ئەخلاقە. ژینگەی بەر لەدایکبوونی ”ویژدانێکی ئینسانیی“ە کە بەرامبەرەکەی وەک ئینسانێکی یەکسان و خاوەن ماف ببینێت و مامەڵە بکات. ئەوەی دەبێت بگۆڕدرێت ئەم ژینگە نائەخلاقییەیە کە میکانیزمە سەرەکییەکانی بریتین لە دەستەبەرکردنی توانای سوکایەتیکردن بە بەشە لاوازەکانی ناو کۆمەڵگا، لە پێش ھەمووانیشەوە سوکایەتیکردن بە ژنان، وەک بوونەوەری پلە و دو و پلە سێی ناو ئەو کۆمەڵگایە، تا ئاستی سڵ نەکردنەوە لە کوشتنیان وەک ئاژەڵێکی بێماف. ھەنگاوی یەکەم و ھەرە سەرەتاییی ئەم گۆڕینە بەوە دەبێت نەھێڵدرێت تاوانبارانی ئەم کوشتنانە بە ئاسانی بۆی دەرچن.
سهرتیپ قهشقهیی پارتی دیموكراتی كوردستان لهوكاتهی هێمن ههورامی، وهكو جێگر نارده پهرلهمان و ژمارهی كورسییهكانی خۆی كرد به 45 كورسی، پاشانیش له ڕێگهی هێزه پاشكۆكانیهوه توانی نیوهی كورسییهكانی پهرلهمانی كوردستان مسۆگهربكات، ئیتر پهرلهمان وهكو سێ سهرۆكایهتییهكهی دیكهی ههرێم كهوته دهست پارتی. بهڵام ئهو كۆنتڕۆڵكردنهی پهرلهمان بهمه نهوهستا، بهڵكو جگه له سكرتێری پهرلهمان، سهرۆكی نوێی پهرلهمانیش كه له پشكی یهكێتییه و له لایهن ڕێواز فایهقهوه سهرۆكایهتی دهكرێت، لهماوهی دوو مانگی یهكهمدا، بهبێ ئهوهی ئاگایی لێبێت به تهواوی له خزمهتی ئهجێنداو بهرنامهی پارتی دهكات. ڕهنگه لهسهرهتادا، زۆربهمان لهگهڵ ئهو بۆچوونه بوو بین ، كه ڕیواز فایهق باشترینی ناو فراكسیۆنی یهكێتیه بۆ وهرگرتنی پۆستی سهرۆكی پهرلهمان و پیرۆزبایشمان لێكردبێت بهبۆنهی وهرگرتنی ئهو پۆسته، لهسهر بنهمایی باشترین كهس ئهنجومهنی سهركردایهتی یهكێتیش كردی به كاندیدی ئهو حزبه بۆ سهرۆكی پهرلهمان. سهرۆكی پهرلهمانی نوێ، هێشتا دوو مانگ بهسهر وادهی وهرگرتنی پۆستهكهی تێنهپهڕیوه، رووبهڕووی كۆمهڵێك ههڵهی یاسایی و سیاسی و پڕۆتۆكۆڵی بۆتهوه، زۆربهی ئهو كارانهی كردوویهتی لهوماوهیهدا، دژه لهگهڵ بیروبۆچوون خۆی و حزبهكهشی. ههر لهدوای دهستبهكاربوونی، یهكهم ههڵهی رێواز فایهق ئهوهبوو، وهك سهرۆكی یهكێك له دهسهڵاته باڵاكانی ههرێمی كورستان به پێچهوانهی پڕۆتۆكۆڵ سهردانی كونسڵخانهی توركیای له ههولێر كرد، لهكاتێكدا له مێژووی پهرلهمانی كوردستان ئهوه بۆ یهكهمجار ئاستی ئهو سهرۆكایهتیه بهو شێوه بهێندرێته خوارهوه. ڕیواز فایهق، له ماوهی ئهو دوو مانگهی ڕابردوودا، ههر بهوهش نهوهستا، بهڵكو بهبێچهوانهی عورف و یاسا و پهیڕهوی ناوخۆ، له بڕی ئهوهی بانگهێشتی سهرۆكایهتی حكومهت بكات، یاخود كۆبوونهوهی ههردوو سهرۆكایهتیهكه له ناو باڵهخانهی پهرلهمان بهڕێوهببات، بهداخهوه به سهركزی و چهمانهوه، خۆی جێگرو سكرتێرهكهی چوونه بهردهم سهرۆكایهتی حكومهت، جارێكی دیكه له دهسهڵاتهكانی خۆی و دامهزراوهكهی كهمكردهوه. بە گوێرەی یاسایی ژمارە (١)ی سالی ١٩٩٢، سهرۆكی پهرلهمان دەسەڵاتی متمانە پێدان و بانگکردن و لێپرسینەوەی حکومەتی ھەیە، جگهلهوهش بە گوێرەی بریاری ژمارە( ١) ی ساڵی ٢٠٠٥، پەرلهمان مەرجەعی باڵای یەکلایکردنەوەی پرسە چارەنووس سازەکانە. بە گوێرەی پەیرەوی ناوخۆ، حکومەت لە بەردەم پەرلەمان لێپرسینەوەو پرسیاری لێ دەکرێت، لە ھیچ برگەیەك و یاسا بڕیارێك نە ھاتووە حکومەت کۆبوونەوە لەگەڵ پەرلەمان بکات و بانگهێشتی بکات. لە عورفی پەرلەمانی کوردستان نەبووە سەرۆکی پەرلەمان بۆ کۆبوونەوە بچێته لای سهرۆكی حكومهت، لە ھەموو تەمەنی پەرلەمانی کوردستان تەنانەت لە سەردەمی کهمال کەرکوکی و ئەرسەلان بایزیش، کە دوو کارەکتەری تهواو پابهندی حیزب بوون، ئهوهیان نهكرد. ئێستا ئەپرسین کە نە یاساو نە عورف و نە پڕۆتۆکۆڵ لە ھیچ پەرلەمانێکی دونیاو عێراق و کوردستان ڕێگە بە سەردان و کۆبوونەوەی لەم جۆرە نادات، ئەبێت بۆچی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کە دکتۆرای لە یاسا ھەیە لە بەرامبەر چی ئەو کارەی کردو ئەوەندهی تر ھەیبەتی پەرلەمانی سووك کرد؟! ناوبراو، ئهوهنده لاوازه تهنانهت لهكاتی كۆبوونهوه لهسهر داڕشتنی بهرنامهی كارو پرسه یاساییهكانی دهستهی سهرۆكایهتی پهرلهمانیش، له بڕی ئهوهی جێگرهكهی كه هێمن ههورامیه بچێته ژوورهكهی، خۆی دهچێته ژوورهكهی هێمن ههورامی. ئهگهر باسهكه بێته سهر ئیجرائاته یاسایی و كارگێرییهكانی ناو پهرلهمان، دیسانهوه ناوبراو وهكو كهسێكی لاواز دهردهكهوێ، چونكه جێگرهكهی به تهواوی كۆنتڕۆڵی باڵهخانهی پهرلهمانی كردووه، دواین جار ئهوكاتهی یهكێتی سهرۆكی دیوانی پهرلهمانی دیاریكرد، ڕاستهوخۆ دوای ئهوه هێمن ههوڕامی جێگری سهرۆكی دیوانی له پهرلهمان دیاریكرد، بهبێ ئهوهی پشت یه هیچ یاساو ڕینماییهك ببهستێ. بۆ دواجار ههفتهی ڕابردوو سهرۆكی پهرلهمان بهردهوام بوو لهسهر ههڵهكانی و سهردانی مهسعود بارزانی كرد، به بیانوی ئهوهی پرسی دهستوور لهگهڵ لایهنهكان تاوتوێ دهكات، ئهو چوونهی بۆ لای مهسعود بارزانی، جگه لهوهی پڕیبووه له موجامهلهو سهلماندنی، كه ماڵه خاڵوان و دایكی پارتین، له ههمانكاتدا سهلماندنی شهرعیهتی به مهرجهعبوونی بارزانیدا له شوێنی پهرلهمان، كه حزبهكهی خۆی بهر له ههموو لایهنێك دژی وهستانهوه. چوونی سهرۆكی پهرلهمان بۆ لای بارزانی و مهكتهبی سیاسی به جیاواز، دهرخهری ئهوهیه كه لای سهرۆكی پهرلهمان، مهسعود بارزانی مهرجهعی پارتی و ههموو كورده، چونكه ئهگهر وانییه دهبوایه ناوبراو لهگهڵ بارزانی و مهكتهبی سیاسی به جیاواز دانهنیشتبووایه، یاخود لهگهڵ یهكێكیان دابنیشتبووایه. ئایا سەرۆکایەتی پەرلەمان لە مەولا سکرتێری حیزبەکان و مەکتەب سیاسیەکان بە جیا دەبینێت، یاخود تهنها بۆ بارزانی بهو شێوهیه ؟ سهرۆك هێشتا لهنێو پهرلهمان لهگهڵ فراكسیۆنهكان سازانی دروستنهكردووهو هیچ كۆبوونهوهیهكیشی لهگهڵ سهرۆك فراكسیۆنهكان نهكردووه لهسهر پرسی دهستوور، كهچی خهریكی ئۆكهی وهرگرتنه له بارزانی. ئەرکی پەرلەمانی کوردستانە کاری به پەلەو جدی بکات بۆ تەواوکردن و ئامادەکردنی پرۆژەی دەستوری ھەرێمی کوردستان ، لە بری گەڕان لەدەرگای ئەو حیزب و ئەو سەرۆك، چونکە لە لایەك بەگوێرەی مادەه (١٢٠ ) لە دەستوری عێراق مافی ھەرێمە دەستورمان ھەبێت ( کە دوای ١٤ ساڵ لەو مافە دەستوریە بەڵام ھەرێم نەبوو بە خاوەن دەستور). لە لایەکی تر بە گوێرەی برگەی دوو لە مادە سێی یاسای ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠١٥ یاسای ئامادەکردنی دەستوری کوردستان ئەرکی پەرلەمانە، کە ماوەی لیژنەی دەستور درێژ بکاتەوە، ئەم یاسایە بەرکارەو بەرھەمی سازان و ململانێی رابردووە لەسەر پرۆژەی دەستور بە تایبەت ھەوڵ و قوربانی لایهنهكان لهسهر ئهو پرسه. له یاساکەی ڕابردوو، نەووتراوە بە تەواوبوونی خوولی چوار لیژنەکە ھەڵدەوەشێتەوە، ئیتر چ پێویستییهك ھەیە لەدەرگای حیزبەکان بدرێت، ڕێگە پێدانیان لێ وەربگرن کە پەرلەمان لەم خولە بۆ پرۆژەی دەستور چی بکات، ھەموو ھەوڵ و قوربانییەکانی رابردوو سفر بکرێتەوە، لە لایەن دامەزراوەیەك، کە بە گوێرەی بریاری ژمارە (١ ) ی ساڵی ٢٠٠٥ مەرجەعی باڵای یەكلایکردنەوەی پرسە سیاسی و یاسایەکانە و خۆی چاودێری جێبەجێکردنی یاسایەو کەچی چاوەرێی فهرمووی حیزب و سەرۆکەکان دەکات. روونیشە لیژنەکە لە ماوەی ٩٠ رۆژ کە بۆیان دیاری کرا بە گوێرەی ھەمان یاسا لە ساڵی ٢٠١٥ تەنھا توانیویانە دوو بەش لە پرۆژەکە بنووسنەوە، بهبێ یهكلایكردنهوهی خاڵە ناکۆکەکان، ھەرچەندە دەبوو دوای کاراکردنەوەی پەرلەمان لە ٢٠١٧ یەکەم کاری پەرلەمان کاراکردنەوەی لیژنەی دەستوور بێت، بەڵام نەیان کرد. لە لایەکی تر بە گوێرەی بڕگەی چوار لە مادەیی دووەمی یاسایی ژمارە چواریی ساڵی 2015 ھەمان یاسا ھاتووە بڕیارەکانی لیژنەیی دەستووریی ھەرێم بە سازان دەردەچێت. لێرەشدا ئەرکی سەرۆکایەتی ھەرێمە کار بۆ ھێنانە کایەی ئەوسازانە بکات کە پێویستیەکی یاسای و سیاسییە، نهك دهستهی سهرۆكایهتی پهرلهمان. بهگهڕانهوه بۆ پرۆژەیی دەستوو له ڕابردوو، راستییهك دەرئەکەوێت کە سازان لە نێوان لایەنەکان یەکلا نابێتەوە، بۆ نموونە پرۆژەی دەستوریی ھەرێم دوایی پەسند کردنی لە پەرلەمانی کوردستان بە یاسایی ژمارە( ٢٩) لە ساڵی ٢٠٠٩ بە کۆی دەنگی پەرلەمان کە ٩٧ دەنگ بوو، بەڵام بە ھۆیی نارازیی بوونی ھەندێ لایەن راپرسییەکە دواخرا لەسەر پڕۆژەکە. دواتر ساڵی ٢٠١٣، جارێکی تر وویسترا راپرسی لەسەر بکرێ دووبارە دواخراو دواتر بە یاسایی ژمارە (١٩)ی ساڵی ٢٠١٣ لە برگە دوو پرۆژەکە گەڕایەوە پەرلەمان. دواتر لە ساڵی٢٠١٥ لەبری کارکردن لەسەر پرۆژە گەڕاوەکەی دەستوور و کارکردن لەسەر خاڵە ناکۆکەکان، ھەڵسان پرۆژەیی دەستوریان بەلاوەناو سەر لە نوێ دەستیان بە نووسینەوەی کرد. ئێستاش کە پەرلەمان ئەرکی کاراکردنەوەی لیژنەی دەستوری لە ئەستۆیە بۆ نووسینەوەیی پرۆژەکە، بە گەرانەوە بۆ رابردووشئەوا دووبارە لایەنەکان بە بیانوویی جۆراو جۆر ناگەنە سازان. بۆیە گرینگە ئەمجارە پڕۆژەی دەستوور بنووسینەوە لە خاڵە ھاوبەشەکان و خاڵە ناکۆکەکانی وەكو سیستەمی سیاسی و پرسی دین و دهسهڵات و ههڵبژاردنی سهرۆكی ههرێم و ھەندێ خاڵی تر کە لە کاتی نووسین دێتە ئاراوە ، ئەوکات لەبڕی گەرانەوە بۆ سازانی لایەنەکان بگەرێینەوە بۆ راپرسی گەل بۆ برگە ناکۆکەکان. ئەو کاتە ئەرکی سەرۆکایەتی دەست پێ دەکات بۆ دۆزینەوەی ڕێگا چارەیهك بۆ یەکلایكردنەوەی خاڵە ناکۆکەکان بەمەش دەبین بە خاوەنی دەستورو جێگیر بوونی سیستەم و دامەزراوەکانی ھەرێم، دروست بوونی دادگایی دەستوریی کە چاودێریی ناکۆکی و دەسەڵاتەکان دەکات . ئهگهر سهرۆكی پهرلهمان بهو شێوازه كاركردنه بهردهوام بێت، مێژوویهكی باش بۆخۆی تۆمار ناكات، ناوی دهچێته خراپترین سهرۆكهكانی پێنج خولی پهرلهمانی كوردستان، ئۆباڵی نههێشتنی شكۆیی پهرلهمانیشی به تهواوی دهكهوێته ئهستۆو، هیچ كادیرێكی یهكێتیش چی دیكه مافی ئهوهی نابێت باسلهوهبكات، كه مونا قههوهچی پارتیهو خزمهتی ئهجێندای پارتی دهكات، چونكه سهرۆكهكهی خۆیان به دهنگی یهكێتییهكان ههمان ئهو كاره دهكات، كه مونا دهیكات ؟!
هیوا سەید سەلیم جۆن مەگوفۆلی، سەرۆك كۆماری وڵاتی تەنزانیا كە لە نێو خەڵكی بە بڵدۆزەری دژ بە گەندەڵی ناسراوە، وڵاتەكەی ساڵی 2016 بە پێی ڕاپۆرتی رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی لە ریزی یەكەمی ئەو وڵاتانە ریزبەند كرابوو كە گەندەڵیان تیایدا یەكجار زۆرە. مەگوفۆلی، كە لە ساڵی 2015 لە هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ بە سەرۆكی تەنزانیا هەلدەبژێردرێت، خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە كیمیا و پێشتر لە یەكێك لە خوێندنگا ناوەندیەكان مامۆستا بووە، دوای دەستبەكاربوونی وەك سەرۆكی وڵات، بۆ رزگاركردنی وڵاتەكەی لە پەتای گەندەڵی چەند بڕیارێك دەردەكات وە چەندین رێوشوێن بە پڕاكتیكی دەگرێتەبەرە، دەكرێت بۆ ئێستای هەرێمی كوردستان وەك ئەزموونێكی كرداری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی سوودی لێوەربگیرێت. كۆماری تەنزانیا كە 85% داهاتەكەی لەسەر كشتوكاڵە و رێژەی بێكاری تیایدا 3% یە، بەڵام وەك هەر وڵاتێكی تری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووبەرووی گەندەڵی بۆتەوە، بە هاتەنە سەر دەسەڵاتی (جۆن بۆمبیە ماگوفۆلی) ئەم رێوشوێنە دژی گەندەڵی و بەهەدەردانی داهاتی دەوڵەت گیراوەتە بەر. - دوورخستنەوەی هەریەك لە سەرۆكی ئاژانسی رووبەڕوبوونەوەی گەندەڵی و سەرۆكی بەرژەوەندیەكانی سەندنی باج. - لادانی هەریەك لە بەرپرسی یەكەمی گواستنەوەی هێلی ئاسنین و بەرپرسی بەندەرەكان، بەهۆی دیارنەمانی پارەیەكی زۆر لە داهاتی بەندەری دارالسلام. - دوورخستنەوەی 10 هەزار فەرمانبەر بەهۆی بوونی بڕوانامەی تەزویر . - نەهێشتنی رێوڕەسمی ئاهەنگی سەربەخۆیی وڵات و تەرخانكردنی تێچووی پارەی ئەو مەڕاسیمە بۆ قەڵاچۆكردنی نەخۆشی كۆلێرا كە ئەوسا لە تەنزانیا بڵاوببوەوە. - كەمكردنەوەی ژمارەی وەزیرەكانی كابینەكەی لە 30 وەزیرەو بۆ 19 وەزیر. - فشارخستنە سەر وەزیرەكان تا داهات و موڵك و ماڵیان بۆ دەستەی دەستپاكی ئاشكرابكەن. - هیچ وەزیرێك و بەرپرسێكی باڵا بەبێ رەزامەندی سەرۆك بۆی نیە سەردانی دەرەوەی وڵات بكات و لە كاتی سەردانیش نابێت لە كورسی پێشەوەی فرۆكە (VIP) دابنیشن، ئەركی پەیوەندییەكانی دەرەوەی وڵات و كاروبارە دبلۆماسیەكان لەلایەن باڵوێزەكان ڕادەپەڕێنرێت ئەویش بۆ كەمكردنەوەی خەرجیەكان. - دیدار و كۆنفراسە حكومیەكان نابێت لە هوتێلە گرانبەهاكان سازبكرێن. - بۆ بەشداری لە كۆبوونەوەكانی كۆمەنلویس كە تەزانیا وەك ولاتێكی كۆن داگیركراوی ژێر دەستەی دەوڵەتی بەریتانی تیایدا ئامادەدەبێت، شاندی ولاتەكەی لە 50 كەسەوە كەمكردەوە بۆ 4 كەس. - میزانیەی ئاهەنگی دەستبەكاربوونی پەرلەمانی لە 100 هەزار دۆلار بۆ 7 هەزار دۆلار كەمكردەوە، ئەو پارەی گواستەوە بۆ كەرتی تەندرووستی. دەتوانین بڵێین هەموو ئەو دیاردانەی كە لە تەنزانیا هەبوون لە هەرێمی كوردستانیش بە زیادەوە بوونیان هەیە، هەر لە گەندەڵی بەرفراوان لە جومگەكانی حكومەت تا بەهەدەردانی پارەی زۆر، وە بوونی هەزاران فەرمانبەری بن دیوار و خانەیشینی ناشایستە . سەرۆك كۆماری تەنزانیا بەو كارانەی كە ئەنجامی داون بۆ بەرنگاری گەندەڵی، مێژووێكی بۆ خۆی تۆماركرد و ئێستا لە میدیاكان بەشان و باڵی هەردەدرێت و چەندین نازناوی وەك (بڵدۆزەری گەندەڵی و دەڕاسەی دزەكانیان) لێ ناوە . لە هەرێمی كوردستان پرسی گەندەڵی لە قۆناغێك دایە كە هیچ لایەنێكی فەرمی و نا فەرمی نكۆڵی لێناكات، كاتێكیش لە رێوشوێنانەی سەرۆكێكی وەك سەرۆكی تەنزانیا دەڕوانین، هیوا دەخوازین بەرپرسانی ئێرەش پرسی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و شەڕی گەورە مافیاكان لە وتارەوە بكەن بە كردار، بۆ ئەم مەستەش خوازیارین مەسروور بارزانی وەك سەرۆكی كابینەی تازە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان ببێتە مەگوفۆلی كوردستان . ئەو بەراوردەمان لە نێوانی ئەزموونی تەنزانیا و هەرێمی كوردستان كرد، بۆ ئەوەی ئەزموونی جوانی وڵاتان نیشانی بەرپرسانی ئێرە بدەین، وە ئومێدیش دەكەین بارزانی لە ئەنجامدانی چاكسازی لە سەرۆكی تەنزانیا تێپەڕێنێت ، ئەی پێشینان نەیان ووتوە (كوێر دووچاوی ساغی دەوێت)
د.رێبوار کریم بڕیاروایە کۆتایی ساڵی (۲٠۲٠) لەعیراقدا سەرژمێرییەکی گشتی لەژێر ناوونیشانی (ئامار بۆ گەشەپێدان) بەڕێوەبچێت. ئێستاش لیژنەیەکی سەرانسەری لەسەر ئاستی عیراق، بەهەرێمی کوردستانیشەوە، بۆ دروستکراوە.. پرسیارە سەرەکیەکە ئەوەیە: کورد چۆن خۆی بۆ ئەم سەرژمێرییە ئامادە کردوە؟! بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، پێویستە کۆمەڵێک بەرچاوڕوونی بخەینەڕوو: یەکەم: لەماوەی (۸٥) ساڵی رابردودا، ژمارەی دانیشتوانی عیراق لە (٤ ملیۆن)ەوە بوە بە (۳۸ ملیۆن). واتە نزیکەی (۹) ئەوەندە. زۆرترین ئەم زیادبونەش لە ناوچەکانی خوارووی عیراقە. دووەم: زیادبونەکە بێ سنورە، فەوزەوی و نارێکخراوە، نە خەڵك رێکیخستوە. نەدەوڵەت رێوشوێنی بۆ داناوە. بەپێی هەندێ پێشبینی تا ساڵی (۲٠۳٠) ئەو زیادبونە دەگاتە نزیکەی (٥۱) ملیۆن. سێیەم: گرفتەکانی بەردەم کورد ئەمانەن: 1. کورد بەشێکی ناوچەکانی لەدەستداوە، خەڵكێکی زۆری ئاوارە بوە. لەجیاتی کارکردن بۆ گەڕانەوەی خەڵکەکەی لەچوارچێوەی رێکەوتنێکی سیاسیدا، لەبری ئەوە سەرقاڵی هەوڵدانە بۆ ئەوەی لە هەندێ ناوچەی کێشەلەسەر ئەو راپرسیە ئەنجام نەدرێت. بەڵام زۆرینەی داواکارییەکان بەو ئاراستەیەن کە لەوێش ئەنجام دەدرێت. ئەگەر ئەنجامدرا کورد چی ئەکات؟ 2. یەکێک لەکێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بریتی بوە لەدیاریکردنی رێژەی ئیستحقاقاتی هەرێم کە سەرەتا (۱۷٪) بو بە بەردەوام کەمبوەوەو دواتر بڕدرا. ئێستا لە بودجەی (۲٠۱۹)دا بە (۱۲.٦۷) جێگیرکرا. ئەوەی گرفتە ئەوەیە لەسەرژمێری گشتیدا ژمارەی دانیشتوانی هەرێم ناگاتە رێژەی (۱۷٪). ئەمەش واتە کەمبونەوەی ئیستحقاقاتی هەرێم. 3. ترس هەیە لەوەی ئامادەیی تاکی کورد لەئێستادا بۆ بەشداری لەپرۆسەی سەرژمێری گشتیدا لاواز بێت و دەرگاکانیان بەرووی تیمەکانی ئەنجامدەری سەرژمێریدا نەکەنەوە. بەوپێیەی لە پرۆسە مەدەنیەکانی ئەم چەندساڵە کەمەی رابردوو بەشدارییان کەمبۆتەوە، بۆ نمونە هەڵبژاردنەکانی ساڵی (۲٠۱۸). بەکورتی و بە کوردی، تا ئێستا کورد وەک بابەتێکی تەکنیکی تەماشای سەرژمێری گشتی دەکات نەوەک پرسێکی سیاسی، لەکاتێکدا ئەو بابەتە تەواو سیاسییە. راستە هەرێمی کوردستان ئەندامی هەیە لە لیژنەی ئامادەکاری سەرژمێری گشتی عیراق. بەڵام ئەم بابەتە سیاسییەو پێویستە بە زووترین کات لە ئەجێندای رێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا بێت. گرنگە هەرێمی کوردستان لەوە تێبگات هەمو ئیستحقاقێکی داهاتو بەندە بە رێژەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان لەچواچێوەی عیراقدا. چارەنوسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمیش تاڕاددەیەکی بەرچاو پەیوەستە بەو سەرژمێرییەوە. د.رێبوار کریم محمود ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق
د. دانا حەمەعەزیز سوپای عێراق لە ئەزمەڕ و کۆڕێ شکا، پێشمەرگە بەرگریەکی باشی کرد. کۆسرەت رەسوڵ سەرکردایەتی شەڕەکەی کۆڕێی کرد، مەسعود بارزانی لە پێشمەرگەکانی زۆر نائومێد بوو، لە دیانا قسەی بۆ خەڵك کرد و وتی کە ئەو جارێکی تر ئامادە نیە ئاوارە ببێتەوە! ئەم قسەیەی بارزانی لەوکاتەدا حسابی بۆ نەئەکرا، چونکە ئەو لە دوای ١٩٧٥وە، لە ناوچەی سۆران غایب بوو، دەسەڵات و هەژمونی سیاسی و چەکداریی لەچاو یەکێتی یەوە سنوردار بوو. دەستپێکردنی گفتوگۆی بەرەی کوردوستانی لەگەڵ بەعس، هاوکات بوو لەگەڵ دەرکردنی بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و دیاریکردنی باکوری هێڵی ٣٦ ی پانیی وەك ناوچەی دژەفڕین بۆ پاراستنی کورد. هاوپەیمانان، پێچەوانەی حەزی تورکیا، مەڵبەندی تەنسیقی سەربازی (MCC )یان لە زاخۆ جێگیر کرد. سەرباری ئەو پشتیوانیە زۆرە نێودەوڵەتیەی لەکورد ئەکرا و، لەگەڵ زەلیلیی سەدام، گفتوگۆی بەرەی کوردوستانی لەگەڵ بەغدا، سەرکردایەتی سیاسی کوردی کرد بە دووبەشەوە. تاڵەبانی گفتوگۆی بۆ کاتکوشتن و گەڕانەوەی ئاوارەکان بەکار ئەهێنا. هەفتەی یەکەمی مانگی ٦ ی ١٩٩١ لە گەڵالە بووین، بێسیمەکەمان کراوە بوو، بارزانی لە بەغدا و مامجەلال لە خێوەتەی ماوەتەوە بە بێسیمی ڕاکاڵ بەکراوەیی قسەیان ئەکرد، بارزانی: "مامجەلال وەرە بۆ بەغدا، هەموو شتێك تەواو بوە و میری داوای تۆ ئەکا بۆ ئیمزاکردنی حوکمی زاتی، ئەبو ئەحمەد سڵاوی هەیە بۆت...". مامجەلال: "کاک مەسعود تۆ جارێ وەرەوە بۆ ئێرە، لێرە قسە ئەکەین، بەڵام گرنگە کە ئاسانکاریی بکرێ بۆ دوورینەوەی گەنمی ئەمساڵ، دۆخی ئابوری خەڵک خراپە...". مامجەلال پێی وابوو سەدام ڕیسوایە و ڕوخانی تەنها پەیوەندی بەکاتەوە هەیە. بەڵام لەگەڵ گفتوگۆ و چونی کاك مەسعود بۆ بەغدا، پارتی چوە بەرەی ڕژێم، لە گەرمەی کۆڕەودا، سەدام یەکسەر بارزانی و کەسوکارەکەی لە سەری ڕەش نیشتەجێکرد، بارزانی سووربوو لەسەر حوکمی زاتی و، دۆستایەتی سەدامی لە پشتیوانیی نێودەوڵەتی زۆرپێ باشتر بوو. ناکۆکیەکان فراوان بوون، پارتی هەموو شتێکی لەگەڵ بەغدا یەکلایی کردبۆوە، تاڵەبانیش وڵات بە وڵات ئەگەڕا بۆ فراوانکردنی بەرەی دژ بەسەدام. هاوینی ١٩٩١ هێزەکانی یەکێتی بە فەرماندەیی جەبار فەرمان، سوپای عێراقیان تا نزیك جەلەولا ڕاماڵیی، بەڵام لە مامەڵەیەکدا بارزانی لەبەغدا سازشی لەسەر کوڵەجۆ کرد. کۆتایی هاوینی ١٩٩١، هێزێکی سوپای بەعس گەیشتنە دوکان بۆ دەرهێنانی تۆڕبینەکانی پرۆژەی کارۆئاویی دوکان. هێزێکی یەکێتی بەسەرکردایەتی جەبارفەرمان و فەرماندەیی مام رۆستەم پێشیان بە هێزەکەی بەعس گرت و بەرەو کەرکوك ناردیانەوە . کاك مەسعود لەم هەڵوێستە زۆر توڕە بوو لە بروسکەیەکی کراوەدا بۆ لقی چوار وتی: "جەبارە ڕووتە و ڕۆستەمە کوێر ساحێبی کوردوستان نین ، هەرئیستا هێزێکی هەزار کەسیی ئەنێرمە سەریان...". کۆسرەت ڕەسوڵ بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخەکە، ئەوشەوە خۆی هاتە سەر بێسیمەکە و ئەیویست ڕاستەوخۆ قسە لەگەڵ بارزانیدا بکا، کۆسرەت : "کاکە من کۆسرەتم ئەمەوێ قسە لەگەڵ کاک مەسعود بکەم... " . بەڵام عەدەد جیهازەکەی ئەیوت "بەخوا کاك کوسرەت، کاك مەسعود خەوتوە"، ئەو شەوە کۆسەرەت خۆ چو بۆلای بارزانی! ناکۆکیەکان لەسەر حوکمی زاتیەکی سەدام و مافی چارەی خۆنوسینەکەی یەکێتی، تا ئەهات قوڵتر ئەبۆوە، دواتر هەموان لەسەر هەڵبژاردن پێك هاتن. ئەبوو ١٧ی ئایاری ١٩٩٢ هەڵبژاردن بکرێ، بەڵام تەزویرکردنی مەرەکەبی دەنگدان لەگەڵ گەیشتنی بە زاخۆ، هەلبژاردنی بۆ دوو رۆژ دوا خست و ئەوەش سەرەتای دەرکەوتنی گەورەترین ناپاکیی و چاندنی یەکەم تۆوی خیانەتی تەزویر کردن بوو لە دەنگی خەڵك، بۆیە لەجیاتی چارەسەر، هەڵبژاردن ناکۆکیەکانی قووڵتر کردەوە، لە بادینان لە سەدا سەد و یانزەی خەڵك دەنگی دا واتە ٣٠ هەزار کەس لەسەروو ژمارەی دانیشتوانی بادینانەوە دەنگیاندا. لە کاتێکدا لە سلێمانی لەبەر کەمی سندوق تەنها لە ٧٤% دەنگدرابوو. ئۆکتۆبەری ١٩٩٢ لەسەر تیرۆرکردنی سادقی شەرەف کەندی، یەکێتی هەموو پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئێران پچڕاند، تاکە ڕێگەی پەیوەندی یەکێتی بە دنیای دەرەوە لە زاخۆوە بوو. پارتی زۆر بەئاگاییەوە مامەڵەی لەگەڵ ئەم بابەتەدا ئەکرد، بەئاشکرا بوونی بارەگا و تەنانەت وجودی یەکێتی لە بادینان رەتئەکردەوە، ئەم ڕەتکردنەوەیە مێژوویەکی خوێناویی هەبوو کە بە کوشتنی برایم عەزۆ و ٣٦ پێشمەرگەی یەکێتی دەستی پیکرد لەساڵی ١٩٧٦دا. پارتی بەدرێژایی ساڵی ١٩٩٣ و ١٩٩٤ چەندین جار پەلاماری کۆمیتەی زاخۆی یەکێتی دا، هەفتە نەبوو هێزی چەکداری پارتی گەمارۆی مەڵبەند و ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی یەکێتی لە دهۆک نەدەن، گەنجەکانی ئۆردوگای کۆڕێت گاڤانا ی نزیك ئامێدی کە لە بنەڕەتدا خەڵکی ناوچەی باڵەکایەتی بوون، هەمویان بەخۆبەخش هاتبونە دهۆك بۆ پاسەوانیی بارەگاکانی یەکێتی. هاوینی ١٩٩٣، تیرۆری سیاسی لە بادینان دەستیپێکرد، چەندین پێشمەرگە و کادری یەکێتی و حیزبەکانی تر لە بادینان تیرۆرکران لەوانە سادق عومەر، ڕەئوف کامل ئاکرێی، حاکم تەحسین، ڕێناس و .... . پارتی پەیوەندی لەگەڵ هەر چوار دەوڵەتەکە، سەدام و تورکیا و ئیران و سوریا زۆرباش بوو، یەکێتی لەگەڵ ئێران و سەدام سنورەکانی داخراو بوون. ڕۆژی یەکی ئایاری ١٩٩٤ عەلی حەسۆ میرخان چوە سەر قەڵادزێیەکان، عەلی نەبی و مام جوتیار بۆ ناوبژیی چووبوون، هەردووکیان کوژران و عەلی میرخانیش کوژرا. پارتی یەکسەر دەستی گرت بەسەر گومرگی برایم خەلیل و هەموە فەرمانبەرەکانی یەکیتی دەرکرد و دەستبەسەرکرد، دەستیگرت بەسەر سەرجەم بارەگاکانی یەکێتیدا لە بادینان بێجگە لە دەرکار عەجەم و ئاکرێ کە یەکێتی تیایاندا باڵادەست بوو. پارتی، حزبوڵای ئەدهەم بارزانی کە لقێکی پارتی بوو لەناو ئێراندا هێنایە حاجی ئۆمەران، ڕۆژی دواتر یەکێتی دەستی گرت بەسەر بارەگاکانی پارتیدا لە سلێمانی. کۆتایی هەفتەی یەکەمی مانگی ئایار ١٩٩٤، بەناوی ئاساییکردنەوەوە، ڕێباز و هێزەکەی لەبەرزاییەکانی ئاکرێ هاتنە خوارەوە، دەستبەجێ پارتی بەقسەی خۆش ڕێباز و مەلا سلێمانی گرت و هەردووکیانی کوشت. دووەم هەفتەی مانگی ئایار هێزەکانی ئەدهەم بارزانی بە پشتیوانی ئێران، لە پێچەکانی نێوان چۆمان حاجی ئۆمەران، کەمینیان بۆ حەسەن کوێستانی و حیمایەکانی دانا و هەموویان کوشتن، ئێران دەستی کرد بە تۆپبارانی ناوچەی باڵەکایەتی کە بە دەست یەکێتی یەوە بوو . پارتی هێزی لە کێلێ و سنورەکانی مەریوان پێنجوێن و هەڵەبجە کۆکردەوە. هەفتەی یەکەمی مانگی ئابی ١٩٩٤، پارتی لە کێلێ وە بە پشتیوانی تۆپخانەکانی سوپای پاسداران قەڵادزێ بە تۆپی ١٧٥ملم تۆپباران کرد و نزیکە ٦٠ هاوڵاتی کوشت و بریبدار کرد. دۆخەکە لە پارێزگای سلێمانی ئاسایی بۆوە، مامجەلال بارەگاکانی لە سلێمانی بۆ پارتی کردەوە، بەڵام لە بادینان دۆخەکە ئاسایی نەبۆوە، پارتی ئامادەنەبوو پارەی گومرگی برایم خەلیل تەسلیم ی حکومەت بکاتەوە. لەو ماوەیەدا تەنها یەك ملیۆن دیناری (ئاسن)ی نارد بۆ حکومەت! جەولەی دوەمی شەڕ پارتی هێزێکی گەورەی لەسەر شەقڵاوە کۆکردەوە و یەکێتی لەو شارۆچکەیە قەتڵوعام کرد. یەکێتی داوای وەستانی هێرشەکەی سەرشەقڵاوەی کرد، پارتی رازی نەبوو. کۆسرەت رەسوڵ چوە پارلەمان و وتی ئەگەر پارتی هێرشی سەر شەقڵاوە نەوستێنێ، یەکێتی هەولێر ئەگرێ، بەڵام پارتی گوێی پێنەدا. کۆتایی ساڵی ١٩٩٤ یەکێتی هەولێری گرت، هێزەکانی ئێران چۆمان و گەڵاڵە و قەسرێ یان لە یەکێتی گرت و تەسلیمی پارتی یان کرد، یەکێتی هێزەکانی پارتی لە سلێمانی دەرکرد و ڕەوانەی هەڵەبجەی کردن. پارتی لە هەڵەبجەوە بە چەك و جبەخانەی ئێرانی لەگەڵ بزوتنەوەی ئیسلامیدا چەندین هێرشیان هێنایە سەر سەیدسادق و تا گامێش تەپە هاتن. پارتی لە کەسنەزان و کانی قرژاڵە و بەحرکەوە چەندین جار هێرشی هێنایە سەر هەولێر، بەڵام هەمووی شکستی هێنا. مانگی ئازاری ١٩٩٥، یەکێتی هێزێکی زۆری بردە هێڵەکانی پێشەوە بەرامبەر سوپای سەدام. مامجەلال بارەگای خۆی بردە سەنگاو، کۆسرەت چوە ناوچەی مەخمور. لە چاوەڕوانی ڕودانی ئینقلاب لە بەغدا، یەکێتی هێرشێکی گەورەی کردە سەر سوپای عێراق لە گەرمیانەوە تا ئاسکی کەڵەك. پارتی ئەمەی بە هەل زانی، لە دواوە پەلاماری یەکێتی دا، هێرشی بردە سەر هەولێر بەڵام دیسان شکا. سوپای پاسدارانی ئێران، هێزێکانی پارتی لە مەریوانەوە گواستەوە بۆسەر سنور، هێزەکەی پارتی بە پشتیوانی تۆپخانەکانی هێرشیان بردە سەر پێنجوێن و بۆماوەی دوو ڕۆژ دەستیان بەسەردا گرت. لە هەڵەبجەوە دیسان بە پشتیوانی تۆپخانەی ئێران لەگەڵ بزوتنەوەی ئیسلامی هێرشیان هێنایە سەر سەیدسادق و شارەزوور. یەکێتی بەتەواوی گەمارۆدرابوو، لەنێوان پارتی و بزوتنەوەی ئیسلامی و بەعس و ئێراندا، هیچ دەروازەیەکی پەیوەندی بە دنیای دەرەوە نەمابوو. ئێرانیەکان منەتیان بەداخستنی رادیۆکەی دیمۆکرات نەبوو، ئەیانوت پارتی زۆر لەوە زیاتری بۆ کردون زۆر زیاتریشیان بۆئەکا. پاش سێ ساڵ لە پچرانی پەیوەندی، کۆتایی هاوینی ١٩٩٥، ئێران ڕێگەیدا یەکێتی نوێنەرایەتی لە کرماشان بکاتەوە. نۆڤەمبەری ١٩٩٥ ئاغای موحەمدی بە نوێنەرایەتی هاشمی ڕەفسەنجانی سەرکۆماری ئێران هاتە هەرێم و سەردانی تاڵەبانی و بارزانی کرد، ئەو کاتە لە کرماشانەوە بەرەو تاران ئەڕۆیشتم، لێپرسراوی ئیتیلاعات بەرلەوەی بەرگەی تارانم بداتێ، هێرشێکی باشی کردە سەر یەکێتی و تاڵەبانی، ئەو وەڵامدانەوەی منی بەدڵ نەبوو، وتی "ئێمە یەکیتی و پارتی هەردووکیان باش ئەناسین، یەکێتی ئامانی نیە و نابێتە دۆستمان، ئەوەتا هەفتەی پێشو مستەفا چاوڕەش لە کۆنگرەی حزبی دیمۆکرات لە بۆڵێ، قسەی ناشیرینی بە ئێران وتوە، وتوێتی یەکێتی و دیمۆکرات هاوخوێن و هاوخەباتن، تۆ سەیرکە بزانە پارتی هەرگیز ڕێگە بە دیمۆکرات و کۆمەڵە ئەدا یەك بارەگایان لە ناوچەکەی ئەودا هەبێ...." ! برایم خەلیل دەروازە و پردی سەرەکی هەریم بوو بە دنیای دەرەوە، حاجی ئۆمەران دووەم دەروازەی هەرێم بوو هەردوکیان بەدەست پارتی وە بوون. پارتی گەمارۆیەکی قورسی ئابوری و هاتوچۆی خستبوە سەر هەولێر و سلێمانی و گەرمیان، دۆخی ئابوری ئەم ناوچەیە زۆر خراپ بوو، خەڵك تەواو ماندوو بوو، هەموو ئەو هاوڵاتیانەی بەختی گەیشتنیان بەئەوروپا ڕەش بوو، لە کاتی سنورداشکردنەودا لە برایم خەلیل بەدیل ئەگیران، فەلاقە و هەندێکیشیان بێسەروشوێن ئەکران، لەکاتێکدا تارق عەزیز و ماهر عەبدولڕەشید و ئەمیر ئەنباری و سەرانی بەعس بە ڕێزەوە لێرەوە هاتوچۆیان ئەکرد. لەسەرەتای ١٩٩٦ وە تا حوزەیرانی ئەوساڵە، پارتی چەند هیرشێکی دیکەی کردە سەر هەولێر بەڵام هەمووی شکستی هێنا. پارتی تەواو نائومید بووبوو لە گرتنی هەولێر. لە حوزەیرانی ١٩٩٦، پارتی پەلاماری سورچیەکانی دا، سەرۆك و عەشیرەتەکەی خەڵتانی خوێن کرد، جەوهەری حسێن ئاغا بۆ تۆڵەکردنەوە پەنای بۆ چەند لۆردێکی بریتانی برد، بەڵام بێ هودە بوو. ناوەڕاستی حوزەیرانی ١٩٩٦، هێزێکی سوپای پاسداران، لە حاجی ئۆمەرانەوە هاتنە سپیلك لەنێوان خەلیفان و هەریر کە هێزیکی گەورەی پارتی لێبوو، لەوێ بۆ مەشق و رەسەد گرتن لە شوینەکانی دیمۆکرات سێ ڕۆژ مانەوە. ئەم هێزە لە حاجی ئۆمەرانەوە گەرایەوە پیرانشار(خانێ) و دوایی بۆ ناوچەی مەریوان. ئێران گوشاری تەواوی خستە سەر یەکێتی کە ئەبێ ئەم هێزە لە سلیمانی یەوە بچیتە هەیبەت سوڵتان بۆ لێدانی دیمۆکرات لە کۆیە. یەکێتی حزبی دیمۆکراتی ئاگادارکردەوە کە شوینەکانیان چۆڵ بکەن، هێزەکەی ئێران بە سلێمانی دا هاتنە هەیبەت سوڵتان، ڕۆژێکی تەواو بوردومانی بارەگاکانی دیمۆکراتیان کرد بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە و تەنها یەك ژن بە سوکی برینداربوو بوو. ریکەوتنی ئێران و پارتی وابوو کە هێزەکە لای پارتی یەوە بگەڕێتەوە حاجی ئۆمەران، بەڵام هەر بە سلیمانی دا گەڕایەوە مەریوان. سەرەتای ئابی ١٩٩٦ یەکیتی پەلاماری پارتی دا، نیاز دەرگەڵەیی بەخۆیی و هێزەکەیەوە تەسلیمی یەکێتی بوو، یەکێتی هەموو باڵەکایەتی گرت لە حاجی ئۆمران و چۆمان و گەڵاڵەوە هەتا سیدەکان. پارتی لە ڕادیۆوە هەڕەشەی لە یەکێتی کرد کە ئەو ناوچانە چۆڵ بکا ئەگەر نا خۆی ئەزانێ چی ئەکا. قادر خان ی برای کەریمخانی برادۆست، بە هێزیکەوە لە کێلە شینەوە هاتبوە ناوچەکە و لەوێ پارتی بە دیل گرتی و لەناوی برد. پاش چەند ڕۆژێك لە ڕۆژی کۆتایی ئابدا، سوپای بەعس بە سەدان دەبابە و دەیان هەزار حرس جمهوری یەوە پەلاماری هەولێری دا و گرتی و تەسلیمی پارتی کرد. تورکیا دەورێکی باڵای هەبوو لە بێدەنگیی هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان بەرامبەر ئەم دەستدرێژییەی سەدام. تورکیا، گرتنی هەولێری بە دەسکەوتی گەورە بۆ کۆتایی هاتنی پرسی سەربەخۆیی کورد لێکدایەوە، ڕۆژێك دوای ٣١ی ئاب، ئانکەرە یەکسەر داوای کشانەوەی MCC کرد لە زاخۆ. پێشتر زۆر دژی بوونی MCC بوو لەناو هەرێم و داوای ئەکرد کە ئەبێ لەناو تورکیادا بێ. سنوری ئێستای دێگەڵە لەلاین تورکیاوە و، بە قەڵەم و چاودێری ڕاستەوخۆی جەنەراڵ حەسەن قابڵان کێشراوە، بۆیە سڕینەوەی زۆر قورسە!
ئومێد حەمەعەلی بیرکردنەوە دەربارەی جەوهەر و واتای ئەم چەمکە پێویستی بە وریایی هزریی و قووڵبینی و ئەخلاقی دیموکراسییانە هەیە لەداوەریکردن دا, ئەمەش بۆ ئەوەیە لەلایەک تێگەیشتنمان بۆ خیانەت دووربخەینەوە لە حوکمی ئایدۆلۆژیی موتڵەق و میزاجی کەسی, یان دەستەجەمعیی, گروپی دیاریکراو و حیزبی, کە وادەکەن واتایەکی دیاریکراو و روون بۆ خیانەت نەمێنێتەوە. دۆخی خیانەت لەکوردستان بەو ئاستە گەیشتووە, کە خەریکە بەتەواوی مانای خۆی لەدەستدەدات و دەبێتە چەک و ئامڕازێکی لاستیکی بەدەست گروپ و حیزبەکانەوە و, هەرچۆن بەرژەوەندییان بیخوازێت بەو شێوەیە بەکاریی دەهێنن و لێکدانەوەی بۆ ئەکەن. بەرئەنجامی ئەم شێواندنەی مانای خیانەت دوو شت دروستبووە: یەک, خیانەت لە دیاردەیەکی بێزلێکراوە و قەدەغەکراوی مێژووییەوە گۆڕاوە بۆ ڕێگایەکی پەنابۆبراوی حیزبی, بەشێوەیەک بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێ و مانەوە بێ سڵەمینەوە ئەنجامی دەدەن. دوو, حیزب و هێزە سیاسییەکان لەم ماناشێواندنەی چەمکی خیانەتدا, زۆر ئاسان و تەنانەت بە ئاشکرایی لەپرۆسەی خیانەتکردندا بەشداردەبن و خەریکی ماکیاژکردنی سیاسی خیانەتن و پاساو و ئەرگۆمێنتسازیی بۆ ئەکەن. لەڕاستیدا ئەم حاڵەتە لەروویەکەوە هێمایە بۆ داڕووخانی تەواوەتی ئەخلاقی و پرەنسیپی سیاسی و ئینسانیش لە هێزە سیاسییەکاندا, چونکە بوونی ئەخلاق و پرەنسیپ و هۆشیاریی دژ بە فۆرمە جیاوازەکانی خیانەت ڕێگە بە دەرکەوتنی دیاردەکە نادات. لەدۆخی سیاسەتی حیزبیدا لە کوردستان, ناڵێم بەگشتی و بە موتڵەقی, بەڵام لەئاستێکی فراواندا خیانەت تەنیا لەچەند ئاستێکدا وەک خیانەت ڕەخنەی لێدەگیرێ و وەک خیانەت تەماشدەکرێت: یەکەم, لەکاتێکدا حیزبە رکەبەرەکەت خیانەتی ئەنجام دابێت, یان ئەنجامی بدات, ئەوە خیانەتە و تۆ وەک نوسەریی دژی خیانەت, وەک سیاسی دژی خیانەت, تۆ وەک چالاکوانی دژی خیانەت خۆت نیشاندەدەیت, بە پێچەوانەوە خیانەت و هەڵەکوشندە سیاسیی و نیشتمانییەکانی حیزبەکەی خۆت وەک حیکمەت و پێویستی مێژوویی و هۆکاریی پێشکەوتن و نیشانەی بەهێزیی گروپ و حیزبەکەت دەبینیت. ئەمە جیا لەوەی ئاماژەیە بۆ دووڕوویی و دووپێوەریی هزریی و ئەخلاقی, ئاماژەشە بۆ ئەوەی حەقیقەت لەم نێوانەدا تێکشکێندراوە و ئەوەی لە گەڕەکی حیزبێکدا خیانەتە, لە گەڕەکی حیزبێکی تردا وەک شەرەفمەندی باسیدەکرێت. دووەم, یەکێک لە کێشە گەورەکانی حیزبی کوردی نادیموکراتیبوونەکەیەتی لەنێوان خۆیاندا و لەناو خودی خۆیاندا, بەئەندازەیەک زۆرجار جیاوازبوونیان لەیەکتر و بیروبۆچوونی جیاوازیی ناوخۆی خۆیان بە خیانەت پێناسەدەکەن. حیزبەکان لەئێستادا هێندە نوقمی بێ روئیایی سیاسی و نیشتمانی بوون زۆربەکەمی کێشەجەوهەرییەکان دەبێتە پرسی گفتوگۆ و دیالۆگی ناوخۆیییان و, گیرۆدەی ڕووبەڕووبونەوە و تەخوینکردنی ئەو ڕەخنە و بیروبۆچوونە جیاوازانەن کە لەهەناوی خۆیانەوە دەردەکەون. ئەقڵی حیزبی بەتەواوی دژی ئەقڵ و ئەخلاقی دیموکراتییە لەدەڤەریی ئێمەدا و ئەمەش بووەتە پەروەردەیەکی سیاسیی ڕووکەشی و فاشییانە, بەشێوەیەک دونیا بڕوخێت نابێتە پرسیاری جیددی بۆی, وڵات تەسلیمی شەیتان بکرێ ڕاناچڵەکێت, چون تەنیا خەریکی عیبادەتی بتە سیاسی و وەهمە سیاسییەکانێتی. بۆ ئەوەی کەمێک ئەم ئەقڵییەتە حیزبییە راچڵەکێنیت و پەلامارتبدات, ئەوەندە بەسە ڕەخنە لە سەرۆکە فشەڵ و وەهمە سیاسییە پوچەکانی بگریت. بۆ ئەم ئەقڵییەتە خیانەت ئەوەیە پێی بڵێیت سەرۆکەکانت و حیزبەکانت فشەڵ و بێناوەرۆکن, یان بێ ناوەرۆکبوون, وە ئەوەی تۆ وەک حەقیقەت دەیبینیت جگە لەوەهمێک هیچی ترنییە. رەنگە گرینگترین بیرکردنەوە ئەوەبێت چەمکی خیانەت لەم شێواندن و بەلاڕێدابردن و بینین و پێناسەکردنە ئایدۆلۆژی و حیزبییە ڕزگاربکات.
هێمن عەبدولقادر تاکە شتێک کە مرۆڤ لە هەر ئاژەڵ و زیندەوەرێکی تری ناو سروشت جیادەکاتەوە (پەروەردە)یە ، مرۆڤ ئەگەر (پەروەردە)ی لێبکەیتەوە ئەبێتەوە بەو مرۆڤە کێویەی کە هەزاران ساڵ پێش ئێستا پەلاماری دەیناسور و شێر و پڵنگی داوە ، حەزی مرۆڤ بۆ پەلاماردانی ئەوانی تر تێگەشتنێکی (ئەنپرۆپۆلۆژیە) ،ئەگەر پەروەردە نەما مرۆڤ دەگەرێتەوە سەر هەمان ئەو یاسایەی کە پێش (پەیمانی کۆمەڵایەتی) لە جەنگەڵدا کاری پێکراوە ، وەک کۆمەڵناسی گەوەرەی ئەڵمانی (سۆفسکی) دەڵێ (گەر پەلامار نەدەیت پەلامار ئەدرێێت) ، لەبەر ئەوە :- ئەوە پەروەردەیە کە مرۆڤی گۆڕیوە لەبری ئەوەی لەگەڵ کەڵبە و نینۆکی شێردا زۆران بگرێت بەڵکو باوەش بکەن بەیەکدا و یاری بکەن. ئەم پەروەردەیەش لە فڕێدانی کلێنکسێکەوە دەست پێدەکات هەتا ئەگاتە چونێتی ڕێز گرتن لە درەخت و ئاژەڵ و باڵندەکان ئەم پەروەردەیە لە چۆنێتی ڕێز گرتنی دراوسێکانتەوە دەست پێدەکات هەتا ئەگاتە ئەو ئوتومبیلەی کە تۆ لەسەر هێڵی پەرینەوەی پیادە رای ئەگریت ، (ئاخر من منداڵەکەم لە قوتابخانەیەکی نمونەییە ، دایک و باوکی وا دەبینم کاتێک دێن بەشوێن منداڵەکانیان ئوتومبێلەکانیان بایی چوار دەفتەر دۆلارە کەچی لە شوێنی پەرینەوەی منداڵەکەی خۆی ئوتومبێلەکەی رادەگرێت ، تەنها بۆ ئەوەی ١٠٠م بە پێ نەروات) لە هیچ شوێنێکی دنیا نەبووە کە پەروەردە تیایدا بەهێزبێت منداڵ لە هەشتی بەیانیەوە فڕێ بدرێتە کۆڵان تا سەعات ١٢ شەو لە هیچ شوێنێکی دنیادا نیە سەد نوشتە و شێخ و مەزار و دکتۆر بکەیت تا خوا (کوڕ)ێک بداتێ کەچی هەر کە دایی پێێت تۆ بە تۆپێک و پاسکیلێک و هەنێک تەرەقە و قومبەلەوە فڕێیبدەیتە کۆڵان بۆ ئیزعاج کردنی خەڵک (یاسا هیچ کاتێک ناتوانێت سنور بۆ توندوتیژیەکانی مرۆڤ دابنێت چونکە وەک ووتم مرۆڤ بە دیدە مرۆڤناسیەکەی توندو تیژە و پاساویش دەهێنێتەوە بۆ ئەم خراپە کاریانەی) تەنها پەروەردەیە کە دەتوانێت ، مرۆڤ بکات بە ئاژەڵ و بە پێچەوانەشەوە ................................................ پەروەردە لە جل و بەرگ و خۆگۆڕین و نانخواردن و گەورەکردنی منداڵەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە شیوازی ئیدارەدانی ووڵات ، پەروەردە ئەبێت مرۆڤ فێر بکات ئاوی پاک بۆ خواردنەوەیە نەک بۆ بەردەرگا شتن ، پەروەردە ئەبێت مرۆڤ فێرکات خوێندنەوە و نوسین بۆ ئارامی و کامڵ بوونە نەک توندو تیژ بوون پەروەردە ئەبێت خەڵکی فێرکات ن بەرژەوەندی خۆی نەخاتە پێش بەرژەوەندی گشتی ، نابێت ئوتومبێل بە ڕۆنگ ساید لێبخورێ ، نابێت ئوتومبێل لەسەر شۆستە و شوێنی پیادە و خاوەن پێداویستی تایبەت رابگرێ ، پەروەردە ئەبێت فێرمانکات مۆلیدە بۆ سپلیت و سەلاجەیە نەک بۆ ڕاوە ماسی ، تیئێن تی بۆ هامەر تەقاندەنەوەیە ، نەک هەرچی زیندەوەری ناو چەم و ڕوبار هەیە جینۆسایدی بکەین سهراب ووتی :- (با ئاوەکە لێخەن نەکەین،پێدەچێ لەو خوارە کۆترێک ئاو بخواتەوە) ، شاملۆ وەک لاقرتێ و گاڵتە پێکردنێک بۆی نوسی (لە کاتێکدا هەزاران مرۆڤ لە ڤێتنام ئەکوژرێن تۆ لە خەمی کۆترێکدایت؟) سهراب ووتی؛- (ئەوانەی کە لە ڤێتنام خەڵک دەکوژن هەر ئەوانەن کە لە سەرەتادا پەروەردە نەکراون و فێر نەکراون لەخەمی کۆترێکدا بن ) نوقتە سەری دێڕ .... ............................................................................ ئەوانەی کە لەخەمی ئەو شتە بچوکانەی ژیاندا نین هەر ئەوانەن کە دەچنە شوێنی گەورە لە خەمی هیچ کەس و هیچ شتێکدا گەورەشدا نین ، چونکە پەروەردە نەکراون
دانا نەقی نەوت بنەمای خۆشگوزەرانی بۆهەندێك وڵات وهۆكارو ئامرازی وێرانكاری ڕوخانی ژێرخانی ئابوری و دواخستنی بەرەوپێچشونی سیستەمی سیاسی وكۆمەڵایەتی وئابوری هەندێ وڵاتی دیكە، هەرلەم سۆنگەیەوە لەگەڵ دۆزینەوەی ئەم كانزایە پرسیارێك هەمیشە لە هزرو زهنی تاكی شەرقیدا خۆی نمایش دەكات؟ ئایە نەوت سەرچاوەی خێروخۆشیە یان نەگبەتی وكارەسات ؟ هەڵبەتە نەوت وەك سەرچاوەیەك چی لەلایەن ئەو وڵاتانەی بەرهەمهێنی نەوتن،یان ئەووڵاتانەی كڕیاری نەوتن ،جیاوازن لەمامەڵەكردن لەگەڵ بنیات نانی گەشەی ژێرخان وپەروەردەو ئابوریەكەیان ، بەنموونەگەر تەماشای وڵاتەیەكگرتوەكانی ئەمریكاو وڵاتانی خۆرئاواو وبەشێك لەوڵاتانی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا ئەوا بەراوردێكی گەورە دەبینیت لەسەقامگیری سیاسی و ناسنامەی كەلتوری وگەشەی ژێرخانی ئابوری و هەڵتۆقینی زانست وتەكنۆلۆژیاو داهێنانی بەردەوام وبەدیسپلینكردنی پرۆسەی دیموكراسی لەكایەی سیاسی و كلتوری كۆمەڵگەدا، بەهای نەوت لەزۆربەی ڕۆژهەڵاتی ناوین جگە لەچەند وڵاتێكی بچوكی كەنداو یەكسانە بە جەنگ وماڵ وێرانی ومردنێكی لەسەر خۆ ، كەدەتوانین بەمردنی سپی ناوزەندی بكەین، بەو پێیەی نەوت لەعێراق وكوردستان تاكە سەرچاوەی داهاتە دەتوانین نابوت كردنی كەرتەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵ وبەرهەمهێنانی مرۆڤی بەكاربەر بخەینەئەستۆی نەوت و بازرگانەكانی نەوت ،چونكە هاوشێوەی ئەم فۆرمە لەمامەڵەكردندن لەگەڵ ئەم جۆرە كەیسەدا زۆرن وەك كەیسی مادە هۆشبەرەكان لەئەفغانستان ونەوت لەتەیموری ڕۆژهەڵات كە خودی دەسەڵات بەچاوپۆشینی كۆڵۆنیاڵیزمی نێودەوڵەتی گەلەكانیان قوربانی دەستی نوخبەیەكی سیاسی دەستەمۆ و دروست كروای ڕۆژ ئاوان ، لەدوای بەدەست هێنانی سەربەخۆی تەیموری خۆرهەڵات لەساڵی ٢٠٠٢ فرۆشی نەوت زیاتر لە ٨٨٠ ملیارد بوە بەڵام بەپێی ئاماری ئابوری جیهانی ساڵی ٢٠١٥ گەندەڵترین دورگەی جیهان بوەو گەلەكەی لەوپەری نەهامەتی وشەڕو شۆڕدا ودەژین ، پەێیی ستانداری نێودەوڵەتی لەوڵاتانەی كەبەرهەمهێنی نەوتن لە پرۆسەی نەوتدا شەفاف نین و نەوت وەك ئامرازی مانەوەی دەسەڵاتی تاكڕەوی بەكاردەهێنن كۆمەڵێك دیاردەی دزێو نامۆ پەیدادەبێت ، وەك ; گەندەڵی و جەنگی ناوخۆو پێشێلكردنی مافی مرۆڤ و هەڵتۆقینی سیاسی ناكارامەو بازرگانی ناشەرعی و ملیاردێری نابازرگان ، ئەمەش هەمووی لەسەر حسابی خەڵكو شێواندنی كلتورو وێران كردنی ژێرخان وسەرخانی چەندین چەندین نەوەی دواتریش ، هەڵبەتە ئەم داتاو فۆرمە بۆكوردستانیش جێگەی تێڕامان وهەڵوێستە لەسەر كردنە بەوەی دەبینین تارمایی مردنی سپی لەبەرگی كۆچ وجێهێشتنی نیشتمانئ ونەمانی ئینتیماو خۆكوشتن ونەمانی هیوا بۆژیان و شكانی شكۆی تاك لەبۆتەی حزبایەتی كەهەرجارەو بەشێوەو ئامانجێك تاكی كورد ئاراستەدەكرێت كەكۆی ئەم پرسانە گەواهی ئەو ڕاستیەن كە نەوت وسیاسەتی نەوتی بەشێكن لەپرۆسەیەكی مردنێكی لەسەرخۆو خۆڵەمێشی ،كەئەستەمە بەچەند دەیەیەك چارەسەری بنچینەی بۆ ئەم تێكچونەی ژیانی كۆمەڵگەی كوردی بكرێت.
لەتیف فاتیح فەرەج ئازایەتی نەدانو نەبوونی بڕیار بۆ كۆنگرەی یەكێتی دەگەڕێتەوە بۆ دووهۆ : یەكەم : دەست بەردار نەبوونی بە تەمەنەكان لە مەكتەب سیاسی و جێنەهێشتنی . دووەم : ترسی پەرت بوون و نەبوونی متمانەی پاراستنی بەرژەوەندی دەستەو گروپ و بنەماڵەكان . بۆ چارەسەری ئەم دوو هۆیە دوو خاڵ گرنگە : یەكەم : كشانەوەو دەستلە كار كێشانەوەی بە كۆمەڵ یان بەشێكی زۆری مەكتەب سیاسی و دروستكردنی ئەنجومەنێكی راوێژ لێیان . دووەم : لە دەرەوەی تەوافوق و بۆ مانەوەی هەموو باڵ و دەستەو بنەماڵەكان دروستكردنی ئەنجومەنی سەركردایەتی سەربەخۆی پارێزگاكان . بە شێوەیەك لە كۆنگرەدا هەر پارێزگایەك ئەنجومەنی سەركردایەتی خۆی هەڵبژێرێت و دواتریش مەكتەبی سیاسی لە ناو ئەواندا هەڵبژێردرێت. بەڵام لێرەدا دوو كێشە هەیە : یەكەم : هێزەكانی پێشمەرگەی سەر بە یەكێتی هەلا هەلا كراوەو هەندێك كەس هێزی تایبەت بە خۆیان هەیە ، دەبێت ئەمە كۆتای پێبهێنرێت و ئەو خەڵكە بە شێوازێكی نوێ رێكبخرێنەوەو بكرێنە هێزی نیشتمانی و سەر بە حكومەت ، ئەمە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستانیش وەسایە . دووەم: دارایی و سەروەت و سامانی یەكێتی پرش و بڵاوە ، پێویستی بە رێكخستنەوەو كۆكردنەوەو دانانی ناوەندێكی دارایی بە هێزە ، من بڕوا دەكەم دلێری سەید مەجید پیاوێكی بە ئەزمون و وردە لەو بارەیەوە، بەڵام رەنگە تەمەن و ئەو هەلا هەلا بوونەی ئێستاش هۆكار بن كە نەتوانێ بە تەنێ ئیدارەی بدات . كێوی داغان ومانەوەی قالۆرە : ئەندامێكی بەرزی یەكێتی پێی ووتم ئەزانی ئەوانەی ئێستا بە ئامان و زەمان لە یەكێتی نابنەوەو دەیانەوێت هەر وا نەخۆش و كەلە لا بێت ، جاران خۆیان كێوێكی گەورەو هەیبەت و هیمەتێكی بێ ئەندازە بوون . بە هەندێك جیاوازی بیرو بڕواشەوە ئەو قسەیەی ئەو دۆستە بەشێك هەقیقەتی تیایە ، هەندێك لەو ناوانەی مەكتەبی سیاسی لە ناوەندی هەفتاكان وهەشتاكاندا بە گژ ستەمكاری بەعسدا چوونەوەو ستەمكاریان هێنابووە زەلزەلە ، لە شەڕی ناوخۆ گەڕێین كە بە پلەی یەك پارتی و یەكێتی هۆی سەرەكی بوون و زیانی گەورەیان بە نیشتمان و میللەت گەیاند. ناوەكانی وەك: كۆسرەت رەسوڵ عەلی ئەرسەلان بایز عومەر فەتاح مەلا بەختیار و ئەوانی تر مرۆڤ بە ویژدانەوە بڵێت ، بەلای كەمەوە لە چەند دەیەی رابردوودا رۆڵی ئەرێنی و نەرێنی زۆریان لەم دیرۆكە بەردەكەوێت . ئەو ناوانەی سەرەوەو ناوەكانی وەك : عیماد ئەحمەد عەدنان موفتی هێرۆ ئیراهیم ئەحمەد وهتد پێویستیان بە پشوو حەسانەوەیە ، هەندێكیان نەخۆش و ماندوون دەبێت خۆیان بڕیاری واز هێنان بدەن، ئەوەش لە بەر هیچ نا لە بەر خاتری خۆیان . من بڕوام وایە یەكێتی دەكرێت نوێ بكرێتەوە ، دەكرێت رێكبخرێتەوە ، دەكرێت هەستێتەوە ، بەڵام ئازایەتی و بڕیاری دەوێت . مانەوەی یەكێتی و رێكخستنەوەو هەستانەوەی بریتی نیە لەوەی كوڕی مام جەلال بیت و زۆر ترین دەنگی هەڵبژاردن بەریت و تكا بكەیت بە جێگری بمێنیتەوە . گەڕانەوە بۆ كاكڵەو دەربازبوون لە قالۆرەو توێكڵ گەڕانەوەیە بۆ چیرۆكی باو ك و 7 كوڕەكەو حەوت تاڵە قامیشەكە . یەكێتی بەم دۆخەی ئێستایەوە ناتوانێت هیچ رۆڵێكی لەئایندەی ئەم هەرێمەدا هەبێت ، بۆیە ئەگەر بڕیارە رۆڵی هەبێت ، دەبێت كۆنگرەی دەرچوون لە نەخۆشخانەو رزگار بوون لە شێرپەنجەی پەرت بوون ببەستێت .
سالار مەحمود بەپێی دوا زانیاری فەرمی لە عیراقدا ۲٤۹ گۆڕی بەکۆمەڵی جیاجیا هەیە. ئەمە جگە لە هەزاران حاڵەتی تاکەکەسی ونبوان. هەر ماوەیەک جارێ باسی گۆڕی بەکۆمەڵی پێکهاتەو نەتەوەیەک دەکرێت یەکەم: نزیکەی حەفتا گۆڕی بەکۆمەڵی ئەنفالکراوان لە سەحراکانی سەماوەیە. دووەم: گۆڕی بەکۆمەڵی ئیزیدیەکان لە کۆجۆو شەنگال هێشتا ماون. بەشێک لە ئێسک و پروسکی دەرهێنراوەکانیان هێشتا لە پزشکی دادی بەغدایە. سێیەم: ئەمساڵ ۱۱٥ ئێرانی لە ناوچەی شەلەمچە تسلیمی ئەو وڵاتە کرانەوە کە لەگۆڕی بەکۆمەڵدا بوون چوارەم: مانگی رابردوو دەیان ئیسک و پروسکی کۆیتی لە سەحرای سەماوە لە گۆڕی بە کۆمەڵ دۆزرانەوە رادەستی وڵاتی کوێت کران. پێنجەم؛ هندی لە عیراقدا و لەسەر دەستی داعش کۆمەڵکوژ کراون. ۳۹ روفاتی هیندی لە موسڵ دۆزرانەوەو رەوانەی وڵاتی هیند کرانەوە! شەشەم: هێشتا بەشێک لە قوربانیانی سپایکەر کە هەزاران گەنجی عەرەب بوون لەگۆڕی بەکۆمەڵدان و بەشێکیان لەپارێزگای سەلاحەدیینن و نەدۆزراونەتەوە. حەوتەم: فەیلیەکان بەدوای چارەنووسی هەزارانیانن و چارەنوسیان نادیارە. هەشتەم: هێشتا چارەنووسی بەشێک لەمناڵەکانی هەڵەبجە لە ئێران ونن کە ئافاتی کیمیاباران ونیکردن. نۆیەم: هێشتا لە ۸٠٠٠ بارزانی زیاتر لە ۷٠٠٠ هەزاریان چارەنوسیان ون و نادیارە. دەیەم: هەزارانی ونبوونی شەڕی ئیران عیراق. یانزە: بەهەزارانی ونبوانی شەڕە ناوخۆییەکان و نادیاری چارەنووسیان. دوانزە: ژنان و کچانی ئیزیدی ونبووی دەستی تیرۆری داعش لە چ دۆخ و چ دۆزەخی چارەنوسێک بەشیان بێ! جۆرەها جۆری ونبوون! چەشنەها چەشنی چاوەڕوانی! وڵاتی گۆڕ غەریب و گۆڕ نادیارە گۆڕی بەکۆمەڵ. ئەمە جگە لەوانەی بونە خۆراکی دەریاو ئاوو توناوتوون بوون. وەک چۆن ونبونی پیتێک لە ( ژیان) دەگۆڕێ بە (ژان)! ونبوونی ئەندامی خێزانێک، خەزانێک دروست ئەکا. سەدان هەزار خێزان لەماڵەکانیان وێنەی ونبوەکانیان هەڵواسیوەو هەر چاویان لەچاوەڕوانی بینینەوەدایە. لە رۆژی جیهانی ونبواندا(۳٠ی ئاب) پەیامم بۆ زیندوان هەیە ئاوڕێک لەو وێرانەیە بدەنەوە دەسەڵاتەکان و ستەم و قەساوەتی ململانێکان بە ژیان و مرۆڤی کرد.
ژوان ئەحمەد سەعید دوێنێ ئەحمەد داود ئۆغڵۆ، كەسی دیاری پێشووی ناو پارتی دادو گەشەپێدانو دەسەڵاتەكەی ئەردۆغان، لە چاوپێكەوتنێكیدا رەخنەی توندی لە ئەردۆغان گرتو بە وردی باسی دەوڵەتو پایەكانی دەوڵەتی كرد. داود ئۆغڵۆ لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ كەناڵ (5)ی توركیا وتی: ئەردۆغان هەموو خزمەكانی لەناو دامەزراوەكانی دەوڵەت دامەزراندوە، ئەوەش مەترسیەكی گەورەیە بۆ سەر پایەكانی دەوڵەت، چونكە دەوڵەت وەك بینایەك وایە، كاتێك بومەلەرزەیەك لەو بینایە دەدات كە هەمومان وەك یەك بوین ئەوا هەوڵ دەدەین هەمومان رزگار بینو بیناكە لە هەرەس بپارێزینو ئەگەریش هەرەسی هێنا چاكی بكەینەوە، بەڵام ئەگەر یەكێكمان لەو كاتەدا جگە لە خۆی، مناڵەكانی لەوێدا بێت، ئەوا تەنیا هەوڵی رزگار كردنی مناڵەكەی دەدات نەك هاوكارو هاوخوێنەكەی. ئەمە بۆ حزبیش راستە، لەمێژووشدا زۆر دەبینین ئەو حزبانەی كە هەمیشە بەرەو بنەماڵەی یاخود تۆخكردنەوەی هێڵی خێزان رۆیشتون، هەمیشە بەرەو پوكانەوەو داروخان رۆیشتون. حزبی بەعس ی سەدام حسێن، بەپێی گێڕانەوەی سەرانی بەعس خۆی، هەتا خزمانی سەددامو كورەكانی نەگەیشتبونە پۆستە باڵاكان، هێشتا بەهێزو خاوەن دیدو ستراتیژ بوو بۆ كاری حزبو دەوڵەت، بەڵام بە هاتنە پێشەوەی كورانی سەدامو زاواو ئامۆزاو براكانی، سەرلەبەری حزبو دەوڵەتەكەی هەرەسی هێنا. حوسنی موبارەكو دەسەڵاتەكەی، لەگەڵ هاتنە پێشەوەی كورەكانی، توشی لێكترازانی زۆرو شكست بۆوەو تا روی كردە ئەو دیكتاتۆریەتەی كە گەیاندی بە چارەنوسی ئێستای. حزبەكەی گاندی، لەسەر دەستی كچو زاواو خزمانی گاندی گەیەنراوەتە لێواری مەرگو ئێستا ململانێكان بەرەو بچوكبونەوەی زیاتری دەبات، خەباتی گاندیو مێژووی حزبەكە دادی ناداتو پەردەپۆشی گەندەڵیو بێتوانایی سەرانی حزبەكە نادات. هێنانە پێشەوەی خزمو كوڕو نەوە تەنیا قۆرخ كردنی دەسەڵاتەكان نیە، بەڵكو رێوشوێنێكیشە بۆ گەندەڵ بونو فەوتانی حزبو دەسەڵات، كوڕی بەرپرسو سەرۆكو .. هتد، لە بیناكەدا هەرچی بكەن لێپرسینەوەیان نیە، هەر ئاراستەیەك هەڵبژێرن پێویستە حزب شوێنیان بكەوێو پێگەی باوكیان دەیانپارێزێت لە هەموو لێپرسینەوەیەك. بەركەوتەی حزب لە هەڵبژاردن، لە پۆستەكانی حزب، سەرەتا بۆ كوڕو نەوەكانە، بەبێ ئەوەی تواناو لێوەشاوەیی لەبەرچاو بگیرێت، شكستەكانیشیان بە چەپڵەو وتاری شۆڕشگێڕانە بۆ دەكرێت بە سەركەوتنو كەسانی دیكە بە داوی شكست دەشكێنن، سەركەوتنی ئەوانی دیكە بچوك دەكرێنەوە، تا شكستی كوڕو كچی شیرینی سەرۆكو بەرپرسان وەك هاوشێوەی سەركەوتن وێنا بكرێت. كە نەوەی سەرۆكو بەرپرسان هەبون، هەمیشە دەربارو بەردەستیشیان بۆ دروست دەكرێت، تا ببنە لۆبیەك بۆ شاباشی شكستە یەك لەدوای یەكەكانو بڵاوكردنەوەی نائومێدی لەناو بنكەی جەماوەری، بەجۆرێك بنكەی جەماوەری بەو دیفاكتۆیە قایل بێت بۆ ئەوەی ئەگەر خوانەكردە باوكی ئەم كچو كوڕە شیرینە ئەگەر نیگەران بێت ئەوا رەنگە نیگەرانیو زویر بونی ببێتە هۆی لێكترازانی ئەم پەیكەرەیە ئەگەر حزب بێت یان دەوڵەت. دیسپلینو پایەكانی حزب لە ئامادەگی نەوەی بەرپرسان، هەمیشە پێشێلكراوەو هیچ بەهایەكی نامێنێ، چونكە پایەی سەرەكی لە كاری حزبدا پاداشتو سزایە بۆ كاری باشو خراپ، بەڵام دەستەی خزمان لەمە بەدەرن، نەوەی بەرپرسان چاوەرێی پاداشتنو سزا نایانگرێتەوە، دەستوپێوەندی ئەوانیش بەهەمان شێوە، لەم دۆخەشدا كەسانی دیكەش همان رەفتار دەكەنو لێپرسینەوە لەوانیش ناكرێت نەوەك هەمان رەخنە لە نەوەی بەرپرسو سەركردەكەش بگیرێت. بیناكەی یەكێتیش ئێستا هەمان ئاقاری گرتوە، هەموان لەخەمی ئەوەدان ئایندەی كوڕو كچانیان لە بەركەوتەكانی ناو حزب یان حكومەتدا مسۆگەر بكەن، ئەگەر هەر هەژانێك بینای حزبەكە بگرێتەوە ئەوان لە خەمی رزگار كردنی كورەكانیانن نەك بیناكەو كەسانی تری ناو بیناكە كە تێكۆشەرو ماندوەكانن، بۆیە خەمی سەرەكی خۆیانو نەوەكانیانن نەك حزبو كەسە قوربانیدەرەكانی. لە هەر هەژانێك كە بینای یەكێتی بخاتە مەترسیەوە، دەبێت خەمخۆرانی یەكێتی شان بەدەنە بەر پاراستنو تۆكمە كردنەوەی حزب تا سەركردەو بەرپرسان و نەوەكانیان بێن لەسەر كورسیە نەرمەكانی ناو بیناكە دانیشن، بەڵام ئەمە تاكەی بەردەوام دەبێت؟ ئایا بینای یەكێتی بەرگەی چەند هەژانی تر دەگرێت؟ خەمخۆرانی یەكێتی تاكەی ئامادەن كۆست بۆ ئەمانو پۆست بۆ سەركردەو كورەكانیان بێت؟ ئەگەر ئەو دۆخەی ئێستا بە كۆنگرەیەكی گۆرانكاریو ئازاد رێك نەخرێتەوە، گومانم نیە سەرەنجامی بیناكەی یەكێتی هەمان چارەنوسی حزبە شۆڕشگێڕەكانی تری لێدێت كە بە هۆی هەڵەو گەندەڵیو نازداری نەوەی سەركردەكانەوە هەرسی هێناو چونە ناو لاپەڕە لەبیركراوەكانی مێژوەوە. ئەم وتارە گوازرشت لە بۆچونی نوسەرەكەی دەكات و درەو لێی بەرپرس نیە
هیوا سەید سەلیم لە خاسیەتە تایبەتەكانی دەوڵەتی توركیای نوێ، لە پاڵ دەسەڵاتەكانی( یاسادانان – جێبەجێكردن – دادوەری) بوونی هێزی شاراوەیە، هێزی شاراوە لە سەد ساڵی ڕابردووە هەڵساوە بە ئەنجامدانی كاری تیرۆری سیاسی، كودەتا و گرتن و ڕاودونانی چالاكوانانی سیاسی و دەستگیركردنی رۆژنامەنووس و میدیاكار و چەندین تاوانی گەورەی دیكەی . لە توركیا پێش دەسەڵااتی پارتی دادوگەشەپێدان، میدیا و ئازادی كاری میدیایی ڕۆڵی باشی گێڕاوە بۆ پەردەهەڵدانەوە لەسەر ئەو هێزە شاراوانە و هەموو ئەو تاوانانەی كە ئەو هێزانە ئەنجامیان داوە. بەڵام بەهاتنە سەر دەسەڵاتی پارتی دادوگەشەپێدان لە توركیادا، بە بەرنامە كار بۆ بەشارەوە هێشتنەوەی چەندین دۆسیەی گرنگ كراوە، هەروەها كاری میدیایی بە گشتی و میدیای ئازاد تا ئاستێكی زۆر سنوورداركراوە، لە داخستنی چەندین كەناڵی میدیایی و زیندانی كرنی رۆژنامەنووسان بە تایبەت ئەوانەی كە ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵاتی ئەكەپە بوون ، ئەویش بۆ ئەوەی میدیا نەتوانێت بەكاری خۆی هەڵسێت، بە تایبەت بۆ پرسێكی واگرنگ، لە ئاشكراكردنی هێزە شاراوەكانی پەنای دەوڵەت. سیناریۆی كودەتای تەمووزی 2016، تەقینەوەكانی ساڵی 2015 لە شارۆچكەی سنووری سووچی، هەروەها تەقینەوەی هەمان ساڵ لە شاری ئەنقەڕە، كە بە دەیان هاوڵاتی كورد بوونە قوربانی، دەرەنجامەكانی ئۆپڕاسیۆنی دژە گەندەڵی، دۆسیەی فەتحوڵا گولەن، تێكچوونی پرۆسەی ئاشتی، هەموو ئەو دۆسیانەن كە هێزی شاراوەی لە پشت بووە. لە ئێستادا كە لە توركیا هاوڕێ كۆنەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرقاڵی دامەزراندنی پارتێكی تازەن، خەریكە سەرەداوی ئەو دۆسیە نەهێنیانە دەردەكەون و ئەوان لە دژی یەكتری هەندێكیان ئاشكرا دەكەن، بۆیە ناكۆكی ئەمانە رێخۆشكەر دەبن كە سندوقە ڕەشەكەی توركیا بشكێت و هەموو ئەو دۆسیانەی پشتی پەردە ئاشكرا بكرێن. لە چەند رۆژی ڕابردوو سەرۆكی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان، لەبەرامبەر ئەو هەنگاوەی كۆنە هاوڕێكانی بە تایبەت بابەجان و داود ئۆغلو، هەڵوێستی توندی دەڕبڕی، بە كودەتاچی و خائین ناوزەدی كردن، ئەمەو ئەوانیش بێدەنگ نەماون، بەهەمان شێوەی ئەردۆغان توندبوون، وە تەنانەت داودئۆغلو هەڕەشە دەكات و ڕوو لە سەرۆكی توركیا دەڵێت: (ئەگەر دۆسیەی تیرۆر هەڵبدرێتەوە زۆر كەس شەرم دەكات بێتە ناو خەڵك) بە وورد بوونەوە لە قسەو لێدوانی ئەردۆغان و هاوڕێ كۆنەكانی، كە زۆربەیان لە ڕابردوو ئاستی حزب و حكومەتدا لە پۆستی باڵادابوونە، تێدەگەین كە لەسەر دەستی ئەواندا چ تاوانێك بەرامبەر خەڵكی توركیا بە گشتی و كورد بە تایبەتی ئەنجام دراون. لەم ساڵانەی دواییدا بە تایبەت دوایی گۆڕینی سیستەمی پەرلەمانی بۆ سیستەمی سەرۆكایەتی لە توركیادا دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەری زیاتر كەوتۆتە ژێر كاریگەری دەسەڵاتی سیاسی بە تایبەتی ئاك پارتی و سەرۆكەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان،ئەردۆغان و حزبەكەی تەواو ئەو دەسەڵاتەیان كۆنترۆل كردووە، ئەگەرنا دەبوو ئێستا لەبەرامبەر ئەو تۆمەت و زانیاریانەی كە ئەردۆغان و نەیارەكانی ئاڕاستەی یەكتری دەكەن پەرلەمانی توركیا و دەسەڵاتی دادوەری زۆرێك لەمانە بانگهێشت بكات و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكات. چاوەڕوان دەكرێت ناكۆكیەكانی ناو پارتی دادوگەشەپێدان زیاتر بەربستێنێت، وە دەرگای سندوقە ڕەشەكەی توركیا زیاتر ئاوەڵا بێت، هەروەها بە دەیان تاوان و دۆسیەی شاروە لە لایەن لایەنە ناكۆكەكانی ئاكپارتی دژی یەكتری ئاشكرا بكرێن. هەموو لایەك دەزانین كە لە توركیا و باكووری كوردستاندا، كورد بە گشتی و پارتی دیموكراتی گەلان(هەدەپ) بە تایبەتی قوربانی زۆری سیاسەتی دۆسیە شاراوەی پارتی دادوگەشەپەدان بوونە، لە ئێستادا بە هەزاران كەسیان لە زیندان دان، دۆسیەی زیندانیانی هاوسەرۆكەكانی هەدەپ و سەرۆك شارەوانیەكانیان و هەڵسوڕاونی ئەو پارتە لە نێو سندوقە ڕەشەكە قایم كراون . چاوەڕوانین ناكۆكیەكانی ئەردۆغان و داود ئۆغلو، ئەو ڕاستیانە ئاشكرا بكەن كە تا ئێستاش بە شاراوەیی ماونەتەوە، وەك ئەوی باوە وە هەمیشە دەوترێت ( كاتێك دزەكان ناكۆك دەبن ڕاستیەكان ئاشكرا دەبن).
سەرتیپ وەیسی كەریم بۆچی له خۆتان ناپرسن كاتێك مام جهلال خودی خۆی فوئاد حسینی ، وهكو كادیرێكی دڵسۆزی یهكێتیتی دههێنێتهوهو پێشنیاز بۆ بارزانی دهكات بیكات به سهرۆكی دیوان دوای ئهوه دهبێته پارتی ؟ كاتێك ئاشتی ههورامی له ڕێگهی بهرههم ساڵحهوه بۆ نێچیرڤان بارزانی پێشنیاز دهكرێت، بگهڕێندرێتهوه ههرێمی كوردستان و ههرخۆشی ژماره تهلهفۆنی ئاشتی ههورامی دهداته نێچیرڤان بارزانی تاوهكو قسهی لهگهڵ بكات، ئهی بۆچی دواتر له بهرژهوهندی پارتی كاری كردو بوو به پارتی ؟ له خۆتان ناپرسن بۆچی كاتێك نهجمهدین كهریم له ئهمهریكاوه هێنراوهیهوه ههرێمی كوردستان و كرایه ئهندامی مهكتهبی سیاسی، ماوهیهكیش بوو به یهكێك له نهیاره سهرسهختهكانی پارتی دواتر بوو به پارتی ؟ ئازاد جوندیانی كه یهكێك بوو له موریدهكانی یهكێتیتی و مام جهلال، بۆچی چووه بهرهی پارتی و دهستی له پۆستهكهی ههڵگرت؟! عارف ڕِوشدی كه له ناوجهرگهی بادینان تهحهدای پارتی دهكردو ئهندامی سهركردایهتی یهكێتیی بوو، بۆچی دواتر دهرپهڕی و بووه پارتی؟ خۆ كێشهكه ههر سیروان كێخوا نهجمهكان نین، كه لهسهرهتای دروستبوونی یهكێتیهوه قوربانیانی بۆ حزیهكهی داوه دواتر دهردهكهوێ لینكیان ههیه، چونكه دهیان كهسی دیكه له حزبه سیاسییهكان له نێوشیان بزوتنهوهی گۆڕان لهوانه ( محمد حاجی ، مهسعود حیدهر، كاروان صاڵح ، ڕیباز حهملان...هتد ) چهندین كهسی دیكه بوونه پارتی و بۆته دیاردهكی زۆر بهربڵاو؟ بۆچی ئهگهر دوو بهرپرس یهكێیكیان پارتی و ئهوی دیكه له هێزهكانی دیكه ببنه هاوڕێ و بهیهكهوه كاربكهن، ههمووان دهڵێن فلانه كهس بوویته پارتی و به كهسهی پارتی ناڵێن بۆته یهكێتیی، یاخود گۆڕان؟ بۆچی هیوای جهوههر قادر له پارتیهوه دهبێتهوه یهكێتیی، دوای ئهوهی دهبێته ئهندامی ئهنجومهنی پارێزگار، دهگهڕێتهوه ناو پارتی ؟! بۆچی كاكه حهمه كه یهكێك له پێشمهرگه سهرهتاكانی یهكێتیی و كهس وهكو ئهو قسهی لهسهر 31 ئاب نهكرد و دۆستی ئێران و یهكێتیی بوو، دواتر بووه پارتی؟! بۆچی دیندار دۆسكی كه كهسی دووهم و سێههمی یهكگرتووی ئیسلامی بوو بوو به پارتی؟ بۆچی زۆربهی ئیخوان و یهكگرتووی بادینانه دڵی بۆ پارتی لێدهدات؟! بۆچی بزوتنهوهی ئیسلامی زۆربهی سهركردهكانی ئێستایان له ههڵوێستهكانیان بوونهته پاشكۆیی پارتی ؟ بۆچی به سهرۆكی تیمی حكومهتی حزبهكان له حكومهت دهڵێن پارتی و نیوه پارتی به قوباد تاڵهبانی كوره گهورهی مام جهلالیشهوه؟! باشه بۆچی ئهگهر كهسێك له حزبێكی سیاسی به ئیسلامی و عهلمانییهكان جیادهبێتهوه، یان وازدههێنێت یهكسهر تۆمهتی ئهوهی دهخرێته پاڵ بۆته پارتی ؟ بۆچی پێچهوانهكهی نابینین كه سهركردهو كهسێكی باڵای ئهو حزبه ڕووبكاته دژهكانی پارتی؟!!! باشه ئهگهر پارتی دهزگای موخهبهرات و ههواڵگری گهورهی ههیه، خۆ یهكێتیش دهزگای زانیاری ههیهو بودجهی زهبهلاحی له بندهستدایه ؟! بۆچی ئهو حزبه سیاسیانه ناتوانن كه پارێزگاری له مانهوهی بهشێك له سهركردهو كادیرانهكانیان بكهن و ئهگهر مهسهله پارهو ئیمتیازات و ئیختراقی دهزگا ههواڵگرییهكانه، باشه خۆ ئهوان پهیڕهو دسپلین و پارهیان ههیه، بۆچی نهیانتوانیوه ئهندامهكانیان له فلتهر بدهن و پارێزگاری لهمانهوهیان بكهن؟! رهنگه بهشێك له وهڵامی ئهو پرسیاره ئهوه بێت، كه سهركردهو كادیرانهی ئهو حزبانه دهزانن كه سهركردهكانیان، پهیوهندی هاوبهشیان لهگهڵ سهركردهكانی پارتی ههیه، پارێزگاری له بهرژوهندییهكانی یهكتر دهكهن، ههربۆیهش ئهوان بێهیوا دهبن و به دوای ههنگاوهكانی ئهوان دهچم !!! بهر لهوهی سهركۆنهیان بكهن، جارێ ئهو پرسیاره له خۆتان بكهن بۆچی ئهو خهڵكانه لای ئێوه دهڕۆن دهبنه پارتی و پێچهوانهكهی نابینین ؟!