Draw Media

.عەبدوڵا حەوێز - رۆژنامەنوسی لە BBC - لە رۆژی شەشی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، لە مەراسیمی هێنانەوەی روفاتی مام جەلال لە ئەڵمانیاوە بۆ سلێمانی، ئەبو مەهدی ئەلموهەندیس بافێل تاڵەبانی دەباتەوە لایەک و لەبارەی داهاتووی کەرکووک قسەی لەگەڵ دەکات و پێی دەڵێت کە دەبێت دەسەڵاتی بەرێوەبەردنی کەرکووک بکەوێتەوە دەست حکومەتی ناوەندی لە بەغدا و بەشێوەیەکی زارەکی و نافەرمی رێک دەکەون - ئەمە پەیامی قاسم سولێمانی بوو لەرێی ئەبومەهدی موهەندیس بۆ بنەماڵەی تاڵەبانی - ئەبو مەهدی موهەندیس کەسێکی عەقائیدی ئایدۆلۆژی مەبدەئیە و بە نزیکترین کەسی قاسم سولێمانی دادەنرێت لە عێراق. موهەندیس بە رەچەڵەک بەحرێنیە و باپیری باوکی لە بەحرێنەوە هاتۆتە بەسرا و لەو کاتەوە لەوێ ژیاون و بوون بە عێراقی، موهەندیس خێزانەکەشی هەر بە رەچەڵەک بەحرێنیە - دوو رۆژ دواتر و لە ٨ی ئۆکتۆبەر بافێڵ دەچێت بۆ بەغدا و لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئەوکات حەیدەر عەبادی کۆدەبێتەوە و هەر لەم رۆژە بە ئامادەبوونی عەبادی، بافێل لەگەڵ موهەندیس کە نوێنەرایەتی قاسم سولێمانی دەکرد رێککەوتنەکە بە فەرمی ئیمزا دەکەن - ئەم دانیشتنەی بافێل و عەبادی شتێکی نوێ نەبوو و ئەوان ماوەیەک بوو پەیوەندی و دانیشتنیان بەیەکەوە هەبوو، ئەم پەیوەندیەش رێک یەک رۆژ دوای بڕیاری مەسعود بارزانی بە ئەنجامدانی ریفراندۆم دروست بوو، واتە رۆژێک دوای ٧ی شەشی ٢٠١٧ کە رۆژی دانیشتنەکەی بارزانی بوو لەگەڵ پارتە سیاسەکانی تر کە تیایدا رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆمیان دیاریکردن و رۆژی دواتر بافێل دەچێتە بەغدا و بە عەبادی رادەگەیەنێت کە بنەماڵەی تاڵەبانی لەگەڵ بڕیارەکەی مەسعود بارزانی نیە بە ئەنجامدانی ریفراندۆم و ئەوان لەگەڵ پچرانی پەیوەندیەکان نین لەگەڵ بەغدا - ئەوکاتە نە عەبادی و نە بافێڵیش پێیان وانەبوو کە بارزانی بڕیارەکەی بباتە سەر و ریفراندۆم ئەنجام بدات و پێیان وابوو پاڵەپەستۆی ناوخۆیی و ئیقڵیمی ناچاری دەکات کە واز لە بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم بهێنێت - هەر لەم ماوەیەی پێش ریفراندۆم، قاسم سولێمانی چەندین نامەی بۆ بارزانی ناردبوو و پێی راگەیندبوو کە ئەگەر ریفراندۆم بکرێت ئەوا “شەڕ بەرێوەیە” - بەڵام دوای ئەوەی کە ریفراندۆمەکە ئەنجامدرا و پێش ئەوەی کە موهەندیس لەگەڵ بافێڵ لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی باوکی قسە بکات، عەبادی لە رۆژی ٢٧ی سێپتێمبەر واتە دوو رۆژ دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم لەگەڵ هەریەک لە هادی عامری و ئەبو مەهدی موهەندیس بە جیا کۆدەبێتەوە و پرسیاری ئەوەیان لێدەکات کە ئەگەر هێرشکاتە سەر کەرکووک، ئایا پشتیوانی دەکەن؟ عەبادی دەیزانی کە ئەم دوانە پیاوی قاسم سلێمانین و بەبێ ئەو هیچ هەنگاوێک نانێن، ئەوانیش راستەوخۆ وەڵامیان نەدایەوە و ناوەرۆکی کۆبونەوەکانیان بە سلێمانی دەڵێن و ئەویش بیری لێدەکاتەوە - دواتر لە رۆژی ١٣ی ئۆکتۆبەر، حەیدەر عەبادی ٤٨ کاتژمێر مۆڵەتی دایە بارزانی بۆ ئەوەی ئەنجامی ریفراندۆم هەڵبوەشێنێتەوە - پێدەچێت ئەم دێدڵاینە لەلایەن قاسم سلێمانیەوە دانرابێت و بە عەبادی گەیەنرابێت - رۆژێک دواتر لە بەیانی رۆژی ١٤ی ئۆکتۆبەر، قاسم سلێمانی دەچێتە سلێمانی و لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و ئاراس شێخ جەنگی کۆدەبێتەوە و بە گشتی چوارچێوەی ئەو شتانەی بۆ رونکردنەوە کە لەوان داواکراوە کە ئەوەیش ئەوەیە کە ئەگەر سوپای عێراق هاتن بۆ کەرکووک ئەوا ئەو هێزانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندان بکشێنەوە - بەپێی چەند سەرچاوەیەک، هێرۆ بۆیە بە داواکەی سلێمانی رازی بوو چونکە پێی وابوو ئەو شتە هەرگیز روونادات کە تانکەکانی عێراق روبەرووی پێشمەرگە ببنەوە و قسەکانی سلێمانی زیاتر وەک هەرەشە لێکدایەوە چونکە پێی وابوو نە تاران و نە واشتنۆن و نە ئەنکەراش رێگە بە هێرشێکی لەم شێوەیە نادەن - لە رۆژی دواتر واتە لە ١٥ی ئۆکتۆبەر، سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی بە ئامادەبوونی بارزانی و هێرۆ لە دۆکان کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی هەرەشەکەکانی عێراق و دێدلاینە ٤٨ کاتژمێرەکەی عێراق - لە کۆبوونەوەکە هێرۆ وتی کە هێچ رێککەوتنێکیان لەگەڵ عێراق نیە و ئەوان بەهەموو شێوەیەک پشتیوانی لە هەموو رێککەوتنێک دەکەن کە هەردوولا لەسەری رێکبکەون لەگەڵ بەغدا - هێرۆ هێندە بێگومان بوو کە هەرەشەکانی سلێمانی نابن بە راستی کە تەنانەت کەسێکی وەک مەلا بەختیاریش لە رێککەوتنەکە ئاگادار نەکرابوویەوە - ئەوەبوو لە دوای کۆبونەوەکە مەلا بەختیار و نێچیرڤان بارزانی بە دڵخۆشی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رایانگەیاند کە کورد نەرمی دەنوێنێت و رۆژی دواتر دەچنە بەغدا بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ بەغدا و بارزانی بە پێشنیارێکی ئەمریکیەکان رازی بووە بەوەی سوپای عێراق بگەرێتەوە چەند ناوچەیەکی گرنگی کەرکووک و کورد بە ئیدارەی هاوبەشی شارەکە بەپێی رێککەوتنەکەی ئەمریکا رازی بووە - هەفتەیەک پێش کەوتنی کەرکووک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا برێت مەکگۆرک خەریکی رێککەوتنێک بوو لە نێوان سەرکردایەتی کورد و حکومەتی ناوەندی لەبارەی ناوچە جێناکۆکەکان (پێدەچێت ماکگۆرک ئاگاداری هەوڵەکانی سلێمانی بوبێت و ویستبێتی بەڕەکە لەژێر پێی سلێمانی دەربهێنێت)، ئامانجی مەکگۆرک زیاتر رێککەوتنێک بوو بۆ بەهێزکردنی پێگەی عەبادی کە ئەو کاتە ئەمریکا بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی دەکرد بۆ ئامادەکردنی بۆ هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨، رێککەوتنەکەی ئەمریکا خۆی لە جێگیرکردنی سوپای عێراق دەکرد لە دوو سێ بیرە نەوتی کەرکووک و جێگرکردنیان لە بنکەی کەی١ لەگەڵ هێزێکی پێشمەرگە و هێزێکی بچووکی ئەمریکی - لە دوای کۆبونەوەکەی دوکان، مەرگۆرک داوای لە عەبادی کرد کە دێدلاینەکەی بۆ ٢٤ کاتژمێری تریش درێژ بکاتەوە بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنێک، بەڵام عەبادی بە درێژکردنەوەکە رازی نەبوو و دەوترێت دواتر تەلەفۆنەکەی کوژاندۆتەوە - دوای ئەوە لە شەوی ١٥/١٦ی ئۆکتۆبەر، فەرماندەیەکی پایە بەرزی پاسداران فەرماندەکانی پێشەوەی پێشمەرگە ئاگادار دەکاتەوە کە سوپای عێراق بەرەو کەرکووک بەرێوەیە و دەچێتە شوێنەکانی ئەوان، هەر جۆرە بەرگریەکیش بکەن ئەوان لەناو دەبرێن - ئەو کاتە هێرۆ بۆی دەردەکەوێت کە هەرەشەکانی قاسم سلێمانی جددی بوون و رێککەوتنەکەی بافێل لەگەڵ ئەبو مەهدی موهەندیس زۆر لەوە ترسناکتر بووە کە ئەو پێی زانیوە - لەم کاتانە، کۆسرەت رەسوڵ لە بەرەکانی پێشەوە شەرەکە دەبێت و بریندار دەبێت لەگەڵ کۆمەڵێک لە پێشمەرگەکانی لێواکەی کە روبەرووی بەرەوپێشچوونەکانی سوپای عێراق بوونەوە - لەم کاتانە بنەماڵەی تاڵەبانی فەرمان بە هێزەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆیان دەکەن کە بکشێنەوە چونکە هەرەشەیەکی جددی هەبوو کە لەناو ببرێن وەک فەرماندەکەی پاسداران پێی راگەیاندبوون - ئەوە بوو سوپای عێراق شاری کەرکووکی گرت - لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر ناوچە جێناکۆکەکانی ژێر کۆنترۆڵی پارتیش داروخان و لە بەرەکانی شەر هەڵاتن، ئەمەش شتێک بوو کە سلێمانی خۆیشی پێشبینی نەکردبوو - دواتر قاسم سلێمانی داوای هێرشکردنە سەر شارۆچکەی پردی دەکات بۆ ئەوەی بزانی رێژەی داروخانی پێشمەرگە تا چ ئاستێکە و ئەبوو سوپای عێراق توانی پردێش بگرێت، لەم کاتە لە دەرەوەی پردێ بەرەو هەولێر کاتێک سوپای عێراق پاڵەسەتۆ دەخاتە سەر پێشمەرگە، ئەوەی بەرگری دەکات پێشمەرگەی پارتی نیە بەڵکو چەکدارانی پارتە کوردیەکان ئێرانن کە بەرگری دەکەن و پێدەچێت ئەوانیش بۆیە بەرگیان کردبێت چونکە ترسیان هەبوو ئەگەر سوپای عێراق زیاتر زیاتر بچێتە پێشەوە ئەوا لەوانەیە رووداوەکانی مانگی حەوفتی ١٩٩٦ دووبارە ببنەوە کە ئەو کاتە لە شارۆچکەی روواندز میلیشاکانی بەدر بە فەرمانی پاسداران هێرش دەکەنە سەر بارەگاکانی پارتە کوردیەکانی ئێران - دوای سێ کاتژمێر شەرە تەقەی سنوردار، قاسم سلێمانی فرمانی وەستاندنی شەڕ دەدات، پێدەچێت پێی وابوبێت پەیامەکەی گەیاندووە پێویستی بە بەرێوپێشچوونی زیاتر نیە - دوای ئەوەی سلێمانی چاوی دەخاتە سەر دەروازەی سنوری ئیبراهیم خەلیل لەگەڵ تورکیا کە دەروازەیەکی سنوری یەکجار گرنگە و داهاتێکی گەلێک زۆری بۆ بنەماڵەی بارزانی تێدایە. قاسم سلێمانی پێی وادەبێت کۆنترۆڵکردنی دەروازەیەکی سنوری وەها گرنگ وا دەکات کە دەروازەکە وەک کەرەستەیەک بۆ دانوستانەکانی داهاتووی لەگەڵ تورکیا بەکاربهێنێت - بەڵام دواتر سلێمانی واز لەم دەروازەیەش دەهێنێت کە بەپێی سەرچاوەیەک هۆکاری دەستبەردانی سلێمانی لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل پەیوەندی بە رێککەوتنێکی تورکیا و ئێران هەبووە لە سوریا کە ئەم دەروازەیە بەشێک بووە لە رێککەوتنەکە و بەرامبەر بە وازهێنانی ئێران لەم دەروازەیە تورکیا دەستبەرداری شتێکی تر بووە لە سوریا - دەبێت ئاماژە بەوە بکەم کە لەگەڵ ئەوەی کۆسرەت رەسوڵ لە هێرشی سوپای عێراق کە بە فەرمانی قاسم سلێمانی هێرشیان کردبوو بریندار بوو، بەڵام دواتر هەر قاسم سلێمانی خۆی فرۆکەیەکی تایبەتی بۆ تەرخان دەکات تا لە رێی فرۆکەخانەی هەولێر بگوازرێتەوە ئەڵمانیا بۆ چارەسەری پزیشکی چونکە سلێمانی دەزانێت چۆن یاریەکە دەکات - لێرە گرنگە سەیری وێنە گەورەکە بکەین: کێشەی سەرەکی قاسم سلێمانی لەگەڵ ریفراندۆم ئەوە نەبوو کە ئەو دژی کوردە، سلێمانی شەری مانەوەی خۆی دەکات و هێرشی سەر کەرکووک ئەوەندەی پەیوەندی بە نەجەف و قوم هەبووە ئەوەندە پەیوەندی بە هەولێر و سلێمانیەوە نەبوو. سولەیمانی لە ناوخۆی ئێران دوژمنی زۆرە و ماوەی چەندین ساڵ بوو خۆیان بۆ ئەوە خۆشکردبوو کە فەرسەتێک بێنن و گورزێک لە سولەیمانی بەوشێنن، ئەویش بۆ قایمکردنی پێگەکەی پێویستی بە دەسکەوتێکی وەک ئەوەی کەرکووک بوو چونکە ئامانجی سولەیمانی لە هێرشکردنە سەر کەرکووک و لەباربردنی ریفراندۆمەکە شکاندنی پێگە و کەرامەتی ئەمریکا بوو بە پلەی یەکەم کە ئەمەش بە دەستکەوتێکی گرنگ بۆ ئەو هەژمار دەکرێت - دەبێت ئاماژە بەوەش بکەم کە قاسم سولەیمانی باش ئاگای لە پشتیوانی ئیسرائیل و ئیمارات بوو بۆ ریفراندم بەتایبەت لەرێی لۆبیکردن بۆ ریفراندۆم لە ئەمریکا. مەسرور بارزانی دوو هەفتە پێش دەستینشانکردنی رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆم، واتە دوو هەفتە پێش ٧ی شەشی ٢٠١٧ دەچێتە ئەمریکا و دوای گەڕانەوەی بە باوکی رادەگەیەنێت کە هاورێکانمان لە ئەمریکا دەڵێن ئەمریکا نازانێ چی دەوێت بەڵام ئێوە ریفراندۆمەکەتان بکەن و دواتر ئەمریکا کە ئەو کاتە ترامپ ببووە سەرۆک بە ئەمری واقیع رازی دەبێت و پشتیوانی دەکات بەتایبەت چونکە هەریەک لە باڵوێزی ئیسرائیل و ئیمارات بەڵێنی پشتیوانی لۆبیکردنیان دابوو بۆ ریفراندۆم . کۆتایی


كامیار سابیر    ١- یەکێتیی، هەر لە یەکەم رۆژییەوە کە دامەزراوە، تاڵەبانیی بۆ ویست و ئەجێندای خۆی دایمەزراندووە. ئەوانەی لەگەڵیدا بوون بۆ دامەزراندنەکەی، ئەو دەیان هەزار کەسەی بوون بە قوربانیی لە پێناوی ئەوەی پێیدەگوترا یەکێتیی نیشتمانیی، هەموویان بەکار هێنران. تەنیا خاڵی لاوازی تاڵەبانیی ئەوە بوو، پێیوابوو تەمەن بە بەرییەوە ماوە کە جڵەوی یەکێتیی هەر لای خۆی دەبێت. بە پێچەوانەوە بەهێزتریین سەرکردەی سیاسیی تەواوی ئەو رەوتەیە لە شەستەکانەوە تا ئێستا درێژەی هەیە و تاکە سیاسیی کوردیشە لە کوردستانی عێراقدا تەنگی بە ماڵی بارزانیی هەڵچنییبێت.لە کۆتاییدا بەهۆی ئەو بیزنسە گەورەیەی کوردایەتییەوە، لەگەڵ ماڵی بارزانییدا، شەریکایەتیی کرد و پارە و سامانێکی زۆری خەڵکی کوردستانی لەگەڵ ماڵی بارزانییدا بەسەر کوڕ و خزمەکانی خۆیدا، دابەش کرد. ٢- نە نیگەرانیی دەوێ و نە خۆجاڕسکردنی دەوێت کە دۆخی یەکێتیی بەم شوێنە گەیشتووە. بە پێچەوانەوە، من باوەڕم وایە با یەکێتیی بۆ ماڵی تاڵەبانیی ساغ بێتەوە و پلێتی ئەم صەنعەتەی ناویان ناوە کوردایەتیی، زەقتر بۆ نوخبە عەوامەکانی کورد، دەربکەوێت. لای کەم چل ساڵ توانیتیان چەندیین نەوە بەوە تەفرە بدەن کە مەکتەبی سیاسیی پارتیی( شەستەکان) و یەکێتیی لە حەفتاکانەوە، حیزبی هەموو توێژ و چینەکانی کۆمەڵگەی کوردستانە، بەڵام واقیع ئەوەیە زۆر بە خراپیی، لاسایی پارتیی و ماڵی بارزانیی کردەوە. بۆ ئەم مەبەستەیش، با ماڵی تاڵەبانیی لەسەر جۆکەرێکی وەکو عومەری سەیید عەلیی ( بەرهەم صاڵح) رێک بکەون و بیکەن بە سکرتێری گشتیی، لە شەهوەتی ناوبانگ و شۆهرەتدا نغرۆی بکەن و خۆیشیان کۆنترۆڵی یەکێتیی بکەن و تەصفیە حیساباتی خۆیان لەگەڵ پاشماوەی بڕیاری ناوەند و هەموو ئەوانە بکەن کە بەیعەتیان پێ نادەن و بەیعەت بە پارتیی دەدەن. ٣- بە هەمان شێوەیش، هەرکەس پێیوابێ گۆڕان حیزبێک بوو بۆ گۆڕانکاریی لە هەڕەمی دەسەڵاتی سیاسیی و لە موئەسەسەی کوردایەتییدا، ئەوە یان درۆ لەگەڵ خۆی دەکات، یان بۆ بیزنس و کەسابەتی سیاسیی، درۆ دەکات. نەوشیروان موصطەفا، حیزبی بۆ خۆی دروست کرد، ئەو کەسی لاوازی وەکو عومەری سەیید عەلیی و ئەو خانەی راپەڕاندنەی ئێستای دەویست کە ئیدارەی حیزبەکەی بۆ بکەن تا دەوروتەسلیمی حیزبەکە و صەدان میلیۆن دۆلاری مومتەلەکاتی مەنقولە و غەیر مەنقولە، بۆ کوڕەکانی، بە شێنەیی و بە خشکەیی تێپەڕێنن. کۆمەڵێ گەنجی کۆیلەیش، کۆیلەیی بۆ ئەم قیادەیەی گۆڕان دەکەن، هەموویان فەرمان و ئیرادەی نەوشیروان موصطەفا، حەرف بە حەرف، جێکەوت دەکەن. بۆیە هەر رەخنەگرتنێک لە عومەری سەیید عەلیی، لە خانەی راپەڕاندن و لەو گەنجە سیاسییانەی بەدەوریانەوەن، وەکو لێپرسیینەوە لە گۆلکە( گوێرەکە) سوور دێتە پێشچاو، لە کاتێکدا گاڕانە گەورەکە و جەماوەرە حەماسییەکە، خودی نەوشیروان موصطەفا، ئاراستەی کردوون و پاسەوانیشی بۆ داناون. ٤- کۆمەڵ، یەکگرتوو، بزوتنەوە، نەوەی نوێ و حیزبە چەپەکان...تاد، هەموویان بەم ئاقاری بە بنەماڵییکردنەدا تێدەپەڕن و هەموویان لە زۆنی گەندەڵییەکانی کوردایەتیی و بەرەبابیی، خۆ بە خاوەندارییەتی حیزب، تێپەڕ ناکەن و هەموویان بە شێوازی جیاواز، لاسایی پارتیی دەکەنەوە. بە باوەڕی من باشتریین شتێک ئەوەیە کە پیرۆزبایی لە ماڵی تاڵەبانیی و لە کوڕانی نەوشیروان بکرێ، بۆ ئەوەی باشتر حیزبەکانیان کۆنترۆڵ بکەن و لەسەر خۆیان ساغی بکەنەوە. پیرۆزبایی کۆنگرە و هەڵبژاردنی بەیعەتدانیان لێ بکەن و بەم هەنگاوەیان، بێئومێدییەکی زۆر دەڕەوێتەوە و ئەم بیزنسی پۆپۆلیزمە سیاسییەیش، باشتر دەردەکەوێ و بەرچاوی گەنجان و نەوەی نوێ( گەنجانی ئەم سەردەمە، نەک حیزبی نەوەی نوێ)، رۆشن و رۆشنتر دەبێتەوە. تا موشتەقاتی حیزبەکانی کوردایەتیی، بوونیان هەبێت، ئەم چەتەگەرییە ئابوورییە و ئەم تەقدیسکردنەی ئەم سیمبوڵە وەهمییانە، درێژەی دەبێت


د. ئاسۆ مەحمود      لە ماوەی دوساڵی تەمەنی کاک عومەر وەک رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، بۆ یەک رۆژیش رەخنە، تەشهیر، تۆمەت بە ئاڕاستەی ئەو زاتە نەوەستاون. هەر ئەو رۆژەی بوە رێکخەر، ناوزڕاندن وتۆمەت دەستی پێکرد، پاشان لە ژێر ناوی رەخنەدا درێژەیاندا بەو هەڵمەتە لەسەر بنەمای ئەوە کە بزوتنەوەی گۆڕان جیاوازە لە حیزبەکانی تر و نابێت دەرگای رەخنە داخرێت. بەڵام هەر زو ئەو ماسکە کەوت کە ئامانجەکە خستن و شکاندنی گۆڕانە نەک پێشخستنی، بەسەلمێنەری ئەو راستیە کە ئەو کەسانە بنەو بارگەیان لە گۆڕانەوە گواستەوە بۆ سەنگەری دژ بە گۆڕان. ئەوانەی هەتا دوێنێ لە هەناوی بزوتنەوەکەدا مەقامیان هەبو، دەستیانکردە دەرکردنی بەیاننامە، دروستکردنی بەرە و دروستکردنی حیزب لە ناو حیزب، ساردکردنەوەی خەڵک لە بەشداری و دەنگدان بە گۆڕان، ناشرینکردنی گۆڕان تا ئاستی جوانکردنی روی دزێوی دەسەڵات. بە کورتی گۆڕانیان روتکردەوە لەبەرچاوی دۆست و دوژمن، بە شێوەیەک گۆڕان ناشرین کرا کە خەڵک یەکێتی و پارتی بیرچۆوە، هاوڵاتی سارد کرایەوە لە بەشداری سیاسی، بایکۆتی هەڵبژاردن (55٪)ی تێپەڕاند کە زۆرینەی دەنگدەری گۆڕان بو. ئاخر کە حیزب روتکرایەوە لە نهێنی، کرا بە بوکە سەماکەرە لەبەر چاوی خەڵک، ئیتر حەزی پاڵپشتی خەڵک لە دەست دەدات و دەبێتە گاڵتەجار، ئەوان ئەوەیان دەویست، دەستیان نەپارست و کردیان. ئەوانەی کە گۆڕانیان روتکردەوە و گەر بێت و گۆڕان و هەمان شت بەرامبەریان بکات، سیاج و ژوری ماڵەکانیان بڕمێنن، ناو ماڵەکانیان ببینن، ئەوکات دەزانن روتکردنەوە یانی چی، دەبێت سەری خۆیان هەڵگرن تا خە ڵک نەیانبینێت. باشترین پنت بۆ لێدانی حیزبی سیاسی لێدانە لە کەسی یەکەم، لێرەوە هێرشەکان بۆ سەر گۆڕان لە عومەری سەید عەلییەوە دەستپێدەکات. ئێستا ئەمانە گۆڕانیان بە جێ هێشتوە و بەئاشکرا دەڵێن کە گۆڕان نین، بەڵام چونکە ئامانجەکەیان شکاندنی گۆڕانە، نەوەستاون و بەردەوامن لە تۆمەت و ناوزڕاندن. ئیتر لێرەوە تێدەگەین ئەوەی ئەوانەخەریکن دڵسۆزی و خەمخۆری نییە بۆ گۆڕان، بەڵکو رقێکی شەخسیە. هیچ کەسێک بێ کەمو کورتی نییە، هیچ کەسێکیش بێ هەڵە نییە، هەموشمان ئەوە ئەنجام دەدەین کە بڕوامان پێیەتی. ئەگەر بڕیاربێت کەسێک هەڵەی گەورەی کردبێت، ئەوە خۆتانن، ئەوە ئێوە بون سیاسەتان لە مامەڵەیەکی پراگماتیکییەوە کردە شەڕە قسە و خۆ گیڤکردنەوە، ئەوە ئێوەبون بەتەمای (expectation)  خەڵکتان بە چەشنێک بەرزکردەوە، کە هاوڵاتی سادە بڕوای کردبو گۆڕان شمشێرەکەی علی هەڵدەکێشێت و لە چاو تروکانێکدا دەتوانێت ئەم وڵاتە لە ژێردەستی ئێران و تورکیا دەردەهێنێت و هەمو شتێک بە چەند مانگێک چارە دەکرێت، بێ خەبەر لەوەی نەوشیروان مستەفا هەمو جارێک فەرمویەتی (پرۆسەی گۆڕانکاری پرۆسەیەکی هێمن و لەسەرخۆیەو پێویستە لە هەمو بوارەکاندا ئەنجام بدرێت). ئەوە ئێوەبون واتانکرد خەڵکی دەمەوەر جێی سیاسی هێمن و بە بەرنامە بگرێتەوە، دۆخێک لە کوردستان دروستکرا کە کێ جنێو فرۆش و قسەی بێ گومرگ بکات، ببێتە وەحشی شاشە و ببێتە دەمڕاستی سەرجەم حیزبەکان. هەر ئەوانەی ئێستا کە هێرش دەکەن، سەردەمی کاک نەوشیروان وەک ئێستا هێرشیان دەکردە سەر رێکخەر. لە کۆمەڵگایەکی کۆنزێرڤاتیڤی وەک ئێرە، ئێوە دەتانەوێت بڵێن داوێنپاکی گرنگ نییە، بێئاگا لەوەی بێڵ کلینتن لە وڵاتێکی لیبرالی وەک ئەمەریکا لەسەر بونی پەیوەندیەکی ناشەرعی رسوا دەکرێت، ئێوە دەتانەوێت بڵێن سادەی و هەژار ژیانی سەرکردە نەزانییە، بێ ئاگا لەوەی تەنها شتێک کە سەرۆکی ئۆرۆگوا خۆسێ مۆخیکای بە هەمو دنیا ناسان و بۆتە سەربەرزی بۆ وڵاتەکەی، سادەیی و ژیانکردنیەتی وەک هاوڵاتی ئاسایی. ئێوە دەتانەوێت قوربانیدان شۆڕشگێری بێ ئەرزش بکەن، بێئاگا لەوەی تۆ لەسایەی قوربانی و گیانفیدای هەزارانی وەک سەید عومەر ژیان دەکەن، ئێوە ئەوەندە خوێنساردن کە دۆخی جەستەی سەید عومەر بەبێ توانایی باس دەکەن، بێ ئینسافی لەوەی ئەو سەرکردەیە بۆ تێکۆشان لە پێناو میللەتەکەی بەشێکی جەستەی لەدەست داوە. ئێوە دەتانەوێت سەید دەستبەرداری بیری نەتەوەیی بێت، نازانن چونکە نەتانناسیوە، ئەو ئێستاش بەدەم ئازاری جەستەی زامداری بۆ کوردایەتی، گۆڕان بەڕێوە دەبات . ئێستا ئەگەر تاک تاکە سیاسی لە بابەتی سەید عومەر بونی هەبێت، دەتانەوێت ئەوەش بشکێنن. سەید عمر سەرکردەیەک دەست و داوێن پاک شۆڕشگێر و خۆفیداکەر ئەمین و سەنگین سەر راست و راوەستاو نەزیهو بێ فیز خەمخۆر و خۆنەویست لەسەرخۆ و هێمن لەگەڵ خۆشی، دژ بە ناخۆشی ژیان دۆست و پارێزەر هەرکەس دەگەڕێت بە شوێن جنسی خۆیدا ئێمە لەم چەشنەمان دەوێت، ئێوەش بچن بە شوێنی جنسی خۆتاندا، یەکێک وەک خۆتان بۆ خۆتان پەیدا بکەن، بۆ ئێمە نا.


كارۆخ عوسمان    لەدوای خوێندنەوەیەكی وردو سەرنجدار، بەتێڕوانین لەڕوداوەكان و بەڵگەی مەلموس، بەدڵنیاییەوە دەڵێم؛ بەڵێ كورد بونە بەردەباز و دەوڵەتە ئیقلیمیە داگیركەرەكانی كوردو زلھێزە ئیمپریالیستە چاوچنۆكەكان بەسەر پشتیدا ڕووباری غەڵەب و لافاوكردیان بڕی و پەڕینەوە ئەوبەر. ئەوبەر كە پڕبوو لەداھات و دەرامەتی سروشتی و بازاڕی ساغكردنەوەی چەك و چۆڵی تازە دروستكراو بۆ تاقیكردنەوەو نمایشكردنی بازو. ئەو ڕۆژانەی كە بارزانی مەڕحوم جاڕی شۆڕشی ئەیلولیدا، بەبێ ھیچ پشتیوانیەكی بەڵگەداری نوسراو، گەلی كورد بەتێكڕا شاگەشكە بوون و خڕڕانیش پشتیوانیان لێكردو چونە ڕیزیەوە، بۆ ئەوێ ڕۆژێ ئەو گڕوتینە نەتەوەییە ھێزێكی گەورەبوو بۆ قیادەی شۆڕش، بارزانی مەڕحومیش بەدڵگەرمیەكی زۆرەوە كە ھیوای لەسەر پاڵپشتی ئێرانی شاو ئەمریكاو ئیسڕائیل ھەڵچنیبوو تا بەپشتیوانی ئەوان چۆك بەسوپای تەیاركراوی عێڕاق دابدات. بەڵام مع الاسف كە ھیچ لەو بەڵێنانە فەرمی نەبوون و گەرەنتی پێشخستنی شۆڕش و دوای شۆڕشیشی تێدا بەرجەستە نەبوو. بۆ ئەو قۆناغەش ھەست بەھەمان سیاسەتی دەرەكی دەكرێت بەرامبەر بەدۆزی كورد، ھەموومان بینیمان كاتێ مسعود بارزانی كوڕ بانگەوازی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی كوردی كرد لەعێڕاق توشی چ نوشستیەكی گەورە ھات و ھیچ كامێكیش لەوانەی كە بەدڵسۆزی دۆزی نەتەوەی كوردی بندەست دەزانرێن ئامادەگیان نەبوو ھەڵبدەنێ. ئەوە دوبارەی ھەمان ئەو مێژووەیە كە لەساڵی ١٩٧٥ توشی بارزانی مڕحوم ھات. لەدەستپێكی خوێندنەوەی كتێبی (ئەرێ كورد بوونە بەردەباز؟)دا پێدەكەنیم. بەوە پێكەنیم كە بۆچی كوردان ھێندە بەئاسانی ھەڵەی لەم چەشنەیان بەسەدا تێپەڕیوە!!! كاتێك سۆڤیەت دەیەویست نەھامەتی و قەتڵوعام و دەربەدەركردنیان لەناو ڕێكخراوەی نەتەوە یەكگرتووەكان لەساڵی ١٩٦٣ بكاتە كەیسێكی جینۆساید و مەنگۆلیای ڕاسپاردبوو تا بەڵگەكان لەسەر ئەو دۆسیەیە بخاتەڕوو كەچی سەركردایەتی كورد فریوی شای ئێران و زمانلوسی ئەمریكای خواردو لەبلۆكی ڕۆژئاوا نزیك بوەوە، بەھۆیەوەش سۆڤیەت كەیسەكەی ڕاگرت؟ ھەرچەندە ئەوە وەك تاوانێك ھەژمارناكرێت بەسەر سەركردایەتی شۆڕش چونكە ئەوكات كوردان لەبێ دەرەتانی و بێ كەسی خۆیان ناچاربوون دەرگا بۆ ھەر پشتیوانیەك بكەنەوە، ئەگەر حەقیقی یاخود ساختە بێت. پشتیوانی شای ئێران و ئەمریكا بەساختە شكایەوەو ھەرەسی خەباتی دەیان ساڵەی كوردی لێكەوتەوە. لەنێو دووتوێی ئەو كتێبەدا ھەرچی بەڵگەوبەندی سەبارەت بەدۆزی كوردانی عێڕاق ھەیە نوسراون، تەواوی بەڵگەو تۆمارەكانیش لەدەزگەی CIA ھەڵێنجراون، كە بۆ ئەوكات شتێكی نھێنی بووە بەڵام لەدوای ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس لە٢٠٠٣ دەزگەی ھەواڵگری ئەمریكا ھەرچی پەیوەست بەكوردە دەرگای بۆ توێژەران واڵاكرد. دەكرێ پاڵپشتی ئەمریكا بۆ كورد بەھەند وەرگرێت بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا فێڵ و تەڵەكەبازیشی ناكرێت لەزھنیەتی كورداندا بسڕێتەوە، گرنگە ئەو ڕۆژانەی كە تێیدا ئەمریكا پشتی دەكوردان كرد وەك ئەزموون تەماشابكرێت و تا جارێكیتر نەكەونەوە قۆناغێكی لەوجۆرەی بوون بەپرد. لەو كتێبەدا ئاماژە بەڕۆڵی ئیسرائیل كراوە دەرحەق بەكوردان، لەچەندین شەڕی دژ بەسوپای عێڕاقی قاسم، عاڕفەكان و بەعس و بەرگریكردن لەناوچەی ژێر دەستەڵاتی سەركردایەتی شۆڕشی ئەیلول ئەفسەرەكانی دەزگەی مۆساد دەوری ڕاھێنەرو یارمەتیدەری ماددیان گێڕاوە. شتێك كەزۆرحەیفە، تا ئێستاش نیوەی كورد بەھۆی دینەوە ھاوسۆزی ڕێكخراوە چەكدارەكانی فەڵەستینن دژی ئیسرائیل كەچی ئیسرائیل ھاوسۆزی دۆزی كوردان بووە، ساگی كەئەفسەرێكی جولەكەیەو بۆ یارمەتیدانی كورد ھاتۆتە كوردستان و دژی ڕژێمەكانی عێڕاق جەنگاوە ھیچ كوردێك نایناسێت، بەڵام نیوەی كوردانی عێڕاق لەئاستی باڵاوە ھاوخەمی ڕێكخراوەكانی فەتح و نەسڕو حەماسی فەڵەستینین و ھەر ئەو ڕێكخراوانەش بوون تەڤلی سوپای عێڕاق دەبوون بۆ لێدان لەكورد. لەو كتێبەدا بەگەورەییەوە باسی پاڵەوانێتی پێشمەرگەكانی شۆڕشی ئەیلول دەكرێت و لەھەمانكاتیشدا بارزانی وەك ژەنەڕاڵ لەلای كیسنجەرەوە ناوی دەھێنرێت، كەچی دان بەھەموو ئەو فێڵ و خیانەتانەش دادەنێت كە لەبارزانی كراون لەلایەن ئەمریكاو محمد ڕەزا شا. لەھەندێ باردا كەمتوانایی بارزانی دەردەخات لەپرسەكەدا بەڵام حەقی ئەوەشی دەداتێ كەناچاركراوە لەنێوان دوو بژاردەدا جێبھێڵرێت. گریانم دێت وەختێ لەسەر ھەندێ ڕووداوی ناو ئەم كتێبە وردەبمەوە، تۆماری بەڵگەكانی ھەواڵگری ئەمریكا دان بەدیتنی ھەموو ئەو كارەساتانەدا دەنێ كە بەسەر كورداندا ھاتووە، بەڵام لێی بێدەنگ بوونەو تەنانەت ڕێگریش بوونە دۆسیەی جینۆسایدی كورد بگەیەنرێتە نەتەوە یەكگرتووەكان، كەچی لەژێرەوەش خۆی وەك دۆستێكی نزیكی كورد و بارزانی نیشانداوە. یارمەتی دارایی و چەك و چۆڵیشی داونەتێ تەنھا لەپێناو شڵۆقكردنی دۆخی بەغدا نەك بەڕاستی لەپێناو ڕزگاری كورددا. ئەمریكا ئەوەی بەئاشكرا دەبینی كە بەغدا چۆن ھێرشی بێ بەزەییانەی بەدەر لەڕێساكانی جەنگ دەكاتەسەر كوردو قەتڵوعام و ئاوارەیی لێدەكەوێتەوە، دەشیبینی كە شای ئێران چۆن یاری بەھەوڵ و تێكۆشانی شۆڕشگێڕانی كورد دەكات كەچی لێی بێدەنگ بووە. لەپێناو ڕازیكردنی توركەكان ھیچ كات بەئاشكراو بەنوسراو دانی بەمافەكانی كورد دانەناوە لەچوارچێوەی عێڕاق. لێرەدا كە دەربارەی كتێبی (ئەرێ كورد بونە بەردەباز؟) دەنوسم؛ زەروورە گشت كاربەدەستێكی نیشتمانپەروەری كورد بیخوێنێتەوە، بەوردی ئەو بەڵگەوبەندانە سەرنجبدات كەتۆماركراون. تاكو حاڵی ببێت لەوەی كە ھەر بەڕاستی كوردان بونە بەردەباز، ھەربەخاتری بوون بە بەردەبازیش كراون بەپێنج پارچەو بەسەر وڵاتە جەنگاوەكانی ھەردوو شەڕی جیھانی و دەوڵەتە دروستكراوەكانی دەستی ئیمپریالیزم دابەشكران. ئاخر ئەگەر كێشەی كورد نەبایە ئێران كارتێكیتری نەدەبوو تا فشاری پێ بخاتەسەر عێڕاق لەمەسەلەی كەنداو ئاوەڕۆی عەڕەب. ئەمریكاش نەیدەتوانی توركیاو ئێران بترسێنێ لەجوڵاندنی نەتەوەی بندەست، واتا دایمە كورد وەك فەرخە گورگ نمایشیان پێكراوە بۆ ئەوەی لەھەر بێ منەتیەكی ئێران و توركیا و ڕوو وەرگێڕانیان بەرەو سۆڤیەت پیشان بدرێن. توڕەشم بەخوێندنەوەی ئەو كتێبەو لەھەندێ باردا تەزووی توڕەیی ھەموو گیانم گەرمدا دەھێنێت و چاوانم سوور ھەڵەگەڕێن، ئاخر بۆچی دەبێ كوردان ئەم ھەموو فێڵەیان لێبكرێت و بخرێنە ئەو قاوغە تەسكەو بۆتەو بەرداشی ئیقلیمی داگیركەرو ئیمپریالیزمی چاوچنۆك. نەتەوەیەك بەم قەبارەیەو بەخاوەندارێتی كەلتورو جوگرافیاو مێژووی جوداوە كەچی ھێشتا ھەر بندەستەو ساحێب قەوارەی دیفاعكاری خۆی نەبێت، بێشك لەوەشدا نیوەی ڕەخنەو توڕەییەكان بەرەو سەركردایەتی شۆڕشەكانی كورد دەبێتەوە. بەردەباز.... ئەرێ كورد بونە بەردەباز؟ بەڵێ بوون، وەلێ بۆ ئەوەی ئەزموونداربین و نەھێڵین جارێكیتر ببینەوە بەردەباز با مەفا لەو تۆمارانەی ناو ئەو كتێبە وەرگرین.


ئەركان جەوهر    مەتری شەش و نیو ناونیشانی فیلمێكی درامی كۆمەڵایەتیە و لەلایەن دەرهێنەری بەناوبانگی ئێرانی        ” سەعید ڕۆستایی ” كاری نوسین دەرهێنانی بۆ كراوە و كۆمەڵێك لە ئەكتەر وسینەماكارانی دیاری ئێران كە بریتین لە { پەیمان موعادی ، نەوید محمد زادە ، فەرهاد ئەسلانی ، مازیار سەییدی ، پەریناز ئیزادیار } ڕۆڵی سەرەكی تێدا دەگێڕن .  چیرۆكی فیلمەكە بەوە دەستپێ دەكات كە تیمێكی پۆلیس لە ژێر سەرپەرشتی سەمەد ” پەیمان موعادی ” زۆر بەچڕی و بەشێوەیەكی توند و بەرنامە بۆ داڕێژراو هەوڵی گرتنی یەكێك لە بارزگانەكانی ماددەی هۆشبەر بەناوی ناسر خاكزاد { نەوید محمد زادە } دەدەن ، دوای هەوڵێكی زۆر لە پرۆسەیەكی هەنگاو بەهەنگاودا و لە ڕێگەی دەسگیرانی پێشوی بەناوی ئیلهام ” پەریناز ئیزادیار ” و لە ئۆپەراسیۆنێكی نهێنی دا و درەنگانێكی شەو هەڵدەكوتنەسەری و لە هۆتێڵێكدا  بە نیمچە مردوویی دەیدۆزنەوە و دەسگیری دەكەن و ڕووبەڕووی دادگای دەكرێتەوە و لەوێشەوە ڕاپێچی مەرگ دەكرێت ، فیلمێك لە سەرەتایەكی تراجیدیەوە بۆ كۆتایەكی تراجیدی تر لەبەردەم خۆیدا ڕاماندەگرێ .  بەبڕوای من جیا لەوەی فیلمەكە لە ڕووی نمایش و نواندنەوە سەرنجی بینەر بەقوڵی ڕادەكێشێ ، بینەر لە ئاستیدا توشی جۆرێك لە سەرسامی و ئازار  دەبێتەوە ، بەتەنیشت ئەوەشەوە و لەگەڵ پەیامەگشتیەكەی دا كە گەڕانە بەدوای بازرگانی ماددەی هۆشبەردا ، چەند پەیام و ڕەهەندێكی شاراوەی لەگەڵ خۆی هەڵگرتوە ، ئەكرێ لێردا و لە چەند سەرنجێكی كورتدا  بیانخەمەڕوو .  •- ناسر جیا لەوەی ئەندامی باندێكی گەورە و مەترسی دارە بەسەرۆكایەتی ” ڕەزا یابانی ” هاوكات بازرگانی ماددەی هۆشبەریشە ، لە ئاستەڕوكەشەكەیدا  وەك كەسایەتیەكی  بەهێز دەردەكەوێت بەڵام بەهێزییەكەی زیاتر نیمایشە و بۆ شاردنەوەی كەسایەتیەكی  تێكشكاو  و داڕوخاو و پڕ لە ئازار ،  بەتەنیشت ئەوەشەوە قوربانیە  ، قوربانی دەست سیستەمێكی داخراو خنكێنەرە ، سیستەمێك لە سەرەوە  دادوەرانە و لە ناواخندا نادادوەر و چەوسێنەرە ، بكوژی ئازادی و ژیانە ، بەتەنیشت هەموو ئەمانەشەوە قوربانیەكەی ناسر ڕیشەیەكی قوڵی لەگەڵ هەژاریدا هەیە ، گەر بەدیوێكدا هەژاری پاڵنەربێت بۆ ناوبانگ و دەركەوتنی زۆر كەس  ئەوا بەدیوی ئەودیودا ئەو بارە نالەبارەیە كە كەسایەتی زۆرێك  وێران دەكا و تێكی دەشكێنێ ،  لە بوونێكی ڕەسەنەوە دەیكا بە بوونێكی ناڕەسن و نامۆ ، لەم نێوەندەدا پۆلیس بەدوای ناسر دا و ناسر بەدوای ڕزگاركردنی خێزانەكەیدا  دەبێتە قوربانی .    •- ڕەهەندێكی تری فیلمەكە نیشاندانی ڕژێمی ئێستای ئێرانە وەك ڕزگاركەر و بنەبڕكەری بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر ، لە ڕاستیدا ئەمە نەك بەوشێوەنیە بەڵكو ڕژێمی ئێستای ئێران هۆكاری سەرەكی پشت بڵاو كردنەوەی مادەی هۆشبەرە چ لە ناو خۆ و چ لە دەرەوەی ئێران دا ، عێراق و هەرێم نموونەیەكی زیندوی ئەم دیاردەیەیە ، بازرگانی كردن و بڵاوكردنەوەی ماددەی هۆشبەر چ لە عێراق و چ لە هەرێم گەیشتۆتە ئاستێكی مەترسیدار  كە لە كیمیا بارانێكی هێواش دەچێ ، ئەمە سەرەڕای ئەوەی دەسگیرنەكردنی كەسایەتی ” ڕەزا ژاپۆنی ” ئاماژەیە بۆ درز لە نێو ئەو سیستەمەدا ، درزێك كە هەمیشە لە سیستەمی ئەمنی ئێرندا ئاماددەیی هەیە و بەكراوەیی ماوەتەوە و بە هۆی تێوەگلانی دەیان بەرپرسی ئەمنی باڵا مومكین نیە چارەسەر بكرێ .  •- پەیامێكی تر كە فیلمەكە بەشاراوەیی لەگەڵ خۆیدا هەڵی گرتووە ، بوونی ڕێكەوتن لەگەڵ پۆلیس و بەكارهێنانی موبایل و حەپ و هاوكات تێكەڵ كردنی بازرگانی مادەی هۆشبەر لەگەڵ قاچاخچی و منداڵ و پیاوكوژدا لەو دیاردە ناشارستانی و نا ئینسانیانەیە كە لە نێو گرتووخانەكانی ئێرادا بوونی هەیە ، ئەمە نەك پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤە بەڵكو سەیركردنی ئینسانە وەك كائینێكی بێنرخ و بێ بەها .  •- لە كۆتایدا و لە دواساتەكانی ژیانیدا ململانێی ناسر لەگەڵ دادوەر  بۆ ڕزگاركردنی خێزانەكەی كە نەگەڕێنەوە ژیانی پێشوو ، ئەو ژیانەی كە ناسری كردە ئەو كارەكتەرە مەترسیدارەی كە كۆمەڵگەیەك بە ئالودەیی خۆیەوە دەرگیر و گیرۆدەبكات ، بەڵام كاتێك لەسەر زاری پارێزەرەكەیەوە ئەوەی بەرگۆی دەكەوێت گوایە باوكی خوازیارە بگەڕێنەوە ژیانی پێشوو ، ئەم هەواڵە بۆ ناسر هەم مایەی شۆك بوونە هەم گەلێك ئازار بەخشە ،  ئازارێك ژینگەیەك و كوچەیەك بەرهەمی هێناوە جگە لە ناسر تەنها ‌بودا ‌ دەتوانێ لێی تێبگات و چارەسەری بكات 


دانا نە‌قی    بۆ ناسینە‌وە‌ی تێزە‌كان دابە‌شكارییە‌كی ئاسۆیمان پێویستە‌ بە‌ سە‌ر كۆمە‌ڵگای باشوردا بۆ سێ ئاست( دە‌سە‌ڵات، جە‌ماوە‌ر یان چڤات، نوخبە‌ی ڕۆشنبیری) بۆ خوێندنە‌وە‌ی دۆخی ھە‌ر ھێزێك لە‌ چوارچێوە‌ی جوگرافیایە‌كی  سیاسیدا بە‌ لایە‌نی كە‌م پێویستمان بە‌ تێزێكە‌ بۆ بە‌ كاربردن و نمایش كردنی دیدگای ئە‌و دە‌سە‌ڵاتە‌، لە‌ مە‌شە‌وە‌ ئاراستە‌ی چۆنیە‌تی ئیدارە‌دان و حكومڕانی ئە‌و چڤاتە‌مان بۆ دە‌ردە‌كە‌وێت، بە‌ر مە‌بنایی ئە‌و تێزە‌ دە‌توانین نە‌قدی سیاسی و، ئابوری و، كۆمە‌ڵایە‌تی و، ئاینی و، ئاراستە‌كانی حكومڕانی ئە‌و دیاری بكە‌ین، لێرە‌وە‌ ئە‌و پرسیارە‌ دە‌وروژێنین ھە‌رێمی كوردستان خاوە‌ن چی فە‌لسە‌و تێزێكە‌ بۆ پە‌روە‌ردە‌ كردنی كۆمە‌ڵگاو، تاك و، شێوازی بە‌ڕێوە‌بردنی ئابوری گشتی، وە‌ خاوە‌نی چی جۆرێك لە‌ تێزە‌ بۆ بە‌ڕێوە‌بردن و ئیدارە‌دانی كۆمە‌ڵگای كوردی لە‌ قوتابخانە‌ فكریە‌كانی(دیموكراسیە‌ت، لیبڕاڵیە‌ت، نیۆ لیبراڵی، سە‌رمایە‌داری و مۆدێرنێتە‌) بۆیە‌ لێرە‌وە‌ گومان دە‌كە‌ین دە‌سە‌ڵات لە‌م ھە‌رێمە‌ بە‌ داخە‌وە‌ خاوە‌نی ھیچ كام لە‌و چە‌مك و تێزانە‌ نیە‌ تاوە‌كو ڕە‌خنە‌ لە‌ ئاراستە‌و دە‌رھاویشتە‌كانی بگرین، گە‌ر گریمان ئە‌م جۆرە‌ حكومڕانە‌ و ژە‌سە‌ڵاتە‌ نە‌یتوانی  ببێتە‌ خاوە‌نی ھیچ كام لە‌م تێزانە‌، ئە‌وا ئە‌ی ڕۆشنبیران بۆ ناتوانن تێز بە‌خشە‌رێك بن بۆ دە‌سە‌ڵات و كاربە‌دە‌ستان، لێرە‌وە‌ ئاوڕێك لە‌ مێژوی نوێ بدە‌ینە‌وە‌ دە‌بینین چۆن نوخبە‌یە‌ك لە‌ ڕۆشنبیرو، بیرمە‌ندان خاوە‌ن ڕۆڵ و تێز بون بۆ ئە‌و دە‌وڵە‌ت نە‌تە‌وە‌ تازە‌ دروست بوانە‌، بۆیە‌ لایە‌نی كە‌م لە‌ ئێستادا گرنگ بو دە‌ستە‌ی ڕۆشنفكرانی  ھە‌رێمیش بە‌خشە‌رە‌وە‌ی تێزو ڕۆئیاییە‌كی فكری بونایە‌ بۆ دە‌سە‌ڵات و سیاسیە‌كان، لە‌ دە‌رئە‌نجامدا بۆمان دە‌ردە‌كە‌وێت، دە‌سە‌ڵات و، ڕۆشنبیران خاوە‌نی ھیچ تێزو ، بۆچونێك نین، ئە‌و كات جە‌ماوە‌ر یاخود گە‌ل و، كۆمە‌ڵگا لە‌ چوار چێوە‌ی بازنە‌یە‌كدا دە‌خولێنە‌وە‌و توانای بە‌رھە‌مھێنانی ھیچ كە‌لتورو، فكرێك بۆ ئە‌وە‌ی خاوە‌نداری بكات و نە‌وە‌كانی داھاتوی پێ ئاشنا كات، وە‌ خۆی ببێتە‌ چە‌قی بە‌رھە‌مھینانی ئە‌و تێزو، مە‌دە‌نیە‌ت و، شارستانێتە‌.


دانا مه‌نمی شۆڕشی‌ ئه‌یلول هیچ جیاوازییه‌كی نه‌بوو له‌گه‌ڵ شۆرشه‌كانی پیشخۆی چونكه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای عه‌شایه‌ری دامه‌زرابوو ، هه‌ر عه‌شره‌تێك پارێزگاری‌ له‌ ناوچه‌كانی‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆیان ده‌كرد‌و به‌رپه‌رچی‌ هه‌ر هێرشێكیان ده‌دایه‌وه‌ كه‌له‌لایه‌ن سوپای‌ عێراقه‌وه‌ بكرایه‌ته‌ سه‌ریان، مه‌لا مسته‌فا سه‌رپه‌رشتی شۆرشی ده‌كرد به‌ڵام شۆرش خاوه‌نی سه‌ركردایه‌تییه‌كی یه‌كگرتوو نه‌بوو نه‌خشه‌ رێگایه‌كی ستراتیژییان نه‌بوو فه‌رمانده‌ مه‌یدانیه‌كانیش به‌ مه‌زه‌نده‌ی عه‌قڵ و میزاجی خۆیان كاریان ده‌كرد ،شۆرشی ئه‌یلول هه‌موو ناوچه‌كانی‌ كوردستان له‌ پێنجوێن تا زاخۆ، له‌ سنجاره‌وه‌ تا خانه‌قین گرته‌وه‌،به‌ڵام هێزه‌كان هێزێكی‌ میلی‌ بوون بۆیه‌ شكستێكی‌ كاتی‌ خوارد . كۆنه‌ ئاغا‌و ده‌ره‌به‌گه‌كان ئومێدیان به‌سه‌ركه‌وتنی‌ شۆڕش نه‌بوو بۆیه‌ به‌هه‌لیان زانی‌‌و خۆیان كێشایه‌وه‌ ده‌ستیان كرد به‌ نامه‌ ناردن بۆ ڕژێمی‌ ئه‌وكاته‌ی‌ به‌غدا‌و ڕژێمیش ته‌ماعێكی‌ باشیان خسته‌ به‌رده‌میان زۆرێكیان گه‌رانه‌وه‌ باوه‌شی‌ ڕژێم‌و خۆیان دژی‌ شۆڕش پر چه‌ك كرد. دوای تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عه‌بدولكه‌ریم قاسم‌ و مه‌لا مسته‌فا شۆڕشی ئه‌یلول له‌  ۱۱ـی ئه‌یلولی ۱۹٦۱دا هه‌ڵگیرسا، خه‌ڵك به‌ ئومێده‌وه‌ بۆ به‌ ده‌ستهێنانی مافه‌ نه‌ته‌وایه‌تی و نێشتیمانیه‌كانیان به‌شدارییان له‌و شۆڕشه‌دا كرد ، له‌ كۆتایی تشرینی یه‌كه‌می ۱۹٦۲دا ئیران په‌یوه‌ندی به‌ شۆرشی ئه‌یلوله‌وه‌ ده‌كات و ئاماده‌یی خۆی بۆ هه‌موو هاوكارییه‌كی ماددی و ته‌ندروستی و سه‌ربازی ده‌رده‌بڕێت ، هه‌ر دوای په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێران له‌سه‌ر داوای مه‌لا مسته‌فا مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د كه‌ سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی بووه‌و له‌ ڕووی ڕامیارییه‌وه‌ شۆرشی ئه‌یلولی به‌ڕیوه‌ بردووه‌ به‌مه‌به‌ستی بیینی محه‌مه‌د ڕه‌زا شا چوو بۆ تاران، هه‌رچه‌نده‌ نه‌یتوانی محه‌مه‌د ڕه‌زا شا ببینێت،‌ به‌ڵام ۱۰۰ هه‌زار دینار ‌و هه‌ندێك تفه‌نگ ده‌ستكه‌وتی ئه‌م سه‌ردانه‌ بوو بۆ شۆڕشی ئه‌یلول .  له‌باره‌ی سه‌رچاوه‌ داراییه‌كانی شۆڕشی ئه‌یلوله‌وه‌ مه‌سعود به‌رزانی له‌ كتێبی بارزانی‌‌و بزوتنه‌وه‌ی‌ رزگاریخوازی‌ كورددا ده‌لێت : یه‌كێتی‌ سۆڤیه‌ت له‌ئاخروئۆخری‌ ساڵی‌ ۱۹٦۱ه‌وه‌ ده‌ستی‌ دایه‌ ته‌رخانكردنی‌ یارمه‌تیه‌كی‌ نه‌ختینه‌ی‌ ساڵانه‌ی‌ ۳٦۰ هه‌زار دۆلار كه‌ به‌نرخی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی‌ گۆڕینه‌وه‌ ده‌یكرده‌ ۱۲۰ هه‌زار دیناری‌ عێراقی‌ ، ئه‌م به‌خششه‌ تا ساڵی‌ ۱۹٦۸یش هه‌ر وه‌ك خۆی‌ مایه‌وه‌. له‌سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ ۱۹٦۹وه‌ زیاد كرا‌و كرا به‌نیو ملیۆن دینار‌و تا ساڵی‌ ۱۹۷۲ هه‌ر به‌و جۆره‌ به‌رده‌وام بو. له‌و ساڵه‌ی‌ وڵاته‌ یه‌كگرتوه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا هاته‌ ناو گۆڕه‌پانه‌كه‌وه‌، ئیتر یارمه‌تییه‌كه‌ی‌ سۆڤیه‌ت به‌ته‌واوی‌ بڕا ، هه‌روه‌ها ده‌شڵێت : هه‌مو ئه‌وه‌ی‌ شۆڕشی‌ ئه‌یلول له‌ئه‌مه‌ریكا ده‌ستیكه‌وتوه‌ شازده‌ ملیۆن دۆلاره‌، ئێمه‌ به‌نه‌ختی‌ شه‌ش ملیۆنمان له‌ماوه‌ی‌ نێوان كانونی‌ دووه‌می‌ ۱۹۷۳‌و یه‌كی‌ ئاداری‌ ۱۹۷٥دا لێوه‌رگرتون‌ و حكومه‌تی‌ به‌ریتانیاش تاكه‌ جارێك یارمه‌تییه‌كی‌ دارایی‌ چاره‌كه‌ ملیۆنێك پاوه‌نی‌ سترلینی‌ پێشكه‌ش كردوین و فرانز جۆزێف شتراوسی‌ پێشه‌وای‌ پارتی‌ یه‌كێتی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ مه‌سیحی‌ دوو ملیۆن ماركی‌ ئه‌ڵمانی‌ له‌ساڵی‌ ۱۹٦۹دا پێداوین و ساڵی ۱۹۷٤ یش یه‌ك ملیۆن دۆلارمان له‌ شا فه‌یسه‌ڵی‌ كوڕی‌ عه‌بدولعه‌زیزی‌ پاشای‌ سعودیه‌وه‌ به‌ده‌ست گه‌یشتووه‌ ، له‌باره‌ی ئیرانیشه‌وه‌ نوسیویه‌تی و ده‌ڵێ :له‌یادمه‌ حكومه‌تی‌ شا له‌یه‌كی‌ كانونی‌ دوه‌می‌ ۱۹۷٤ه‌وه‌ تا یه‌كی‌ حوزه‌یرانی‌ ۱۹۷٤ بێ‌ لێبڕان مانگی‌ ۲۰ ملیۆن تمه‌نی‌ به‌شۆڕش ده‌دا. پاشان له‌یه‌كی‌ ته‌موزی‌ ۱۹۷٤ه‌وه‌ تا یه‌كی‌ ئاداری‌ ۱۹۷٥ كردی‌ به‌ دو ئه‌وه‌نده‌، واته‌ دو ملیۆن دیناری‌ به‌پێی‌ نرخی‌ گۆڕینه‌وه‌ی‌ ئه‌و رۆژه‌ ده‌داینێ‌. مام جه‌لال  له‌ دیمانه‌یه‌كی ئه‌رشیفكراوی له‌كه‌ناڵی گه‌لی كوردستان ده‌ڵێت: مه‌لا مسته‌فا له‌گه‌ڵ هه‌ڵگیرسانی شۆرشی ئه‌یلول نه‌بوو ، بیانوی بارزانی ئه‌وه‌بوو گوایه‌ بارودۆخ له‌بار نیه‌ بۆ هه‌ڵگیرسانی شۆرش . به‌هه‌رحاڵ شۆڕش به‌رپا بو و مه‌لا مسته‌فاش به‌ناچاری قیاده‌ی شۆرشه‌كه‌ی كردوه‌ . شۆرشی ئه‌یلول كۆكردنه‌وه‌ی ڕۆحی میڵی و داكۆكیكی كردن له‌سه‌ر مافه‌كانی كورد و یه‌كده‌نگی نه‌ته‌وه‌یی و دژی سته‌م و زۆرداری بوو . حكومه‌تی ئێران و ساواك ئامانجی كۆنترۆڵكردنی شۆرشی ئه‌یلول و په‌یوه‌ندییه‌كانی كوردانی باشورو ڕۆژهه‌ڵات بوو كه‌ رێگری بكات له‌ هاوكاری كوردان له‌ نێوان خۆیاندا ، هه‌ربۆیه‌ محه‌مه‌د ره‌زا شا به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك له‌رووی‌ میلیتاری‌‌و هه‌واڵگیریه‌وه‌ ده‌یویست كۆنترۆڵی‌ كوردستانی‌ ئێران بكات ، به‌ڵام به‌بێ ده‌ستێوه‌ردانی ساواك له‌ كاروباره‌كانی شۆرشی ئه‌یلول نه‌یده‌توانی ناكۆكی و دوبه‌ره‌كی بخاته‌ ڕیزه‌كانی شۆرش و نه‌یشیده‌توانی بزوتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی له‌ رۆژهه‌ڵات كۆنترۆڵ بكات ، ئیران به‌ شۆرشی كورد له‌ دژی عیراق خۆشحاڵ بوو چونكه‌ ده‌بووه‌ هۆی وێرانبوونی هه‌موو عێراق جگه‌ له‌ زیانی ماددی زیانی فیزیكی و ژینگه‌ی تێكچونی دۆخی ئابوریشی به‌ دواوه‌ بوو ، هه‌روه‌ها ئێران ئامانجیشی ئه‌وه‌ بوو كه‌ درزو كه‌لێن بهاته‌ نێو به‌ره‌ی یه‌كگرتووی وڵاتانی عه‌ره‌بییه‌وه‌  ، مه‌سعود بارزانی له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت:" شا له‌ یارمه‌تیدانی شۆڕشی ئه‌یلول دوو ئامانجی هه‌بوو: یه‌كه‌میان ئه‌وه‌ بوو كه‌ شۆڕش دژی ڕژێمی قاسم بوو كه‌ شا ڕقی لێی بوو ‌و به ‌شومی ده‌زانی بۆ خۆی، دووه‌میش بۆ ئه‌وه‌ بوو ڕێگه‌ی خه‌بات له‌ ڕووی گه‌لی ئێران بگرێت".  پرسی كورد له‌ شۆرشی ئه‌یلولدا كرابووه‌ به‌شێك له‌ ململانێی هه‌ریمایه‌تی و ناكۆكی نێوان جه‌مال عه‌بدولناسر‌ و محه‌مه‌د ڕه‌زا شا ، هه‌ردولایان ده‌یانویست شۆرشی ئه‌یلول بۆ مه‌سڵه‌حه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌كار بهێنن ، له‌و كاته‌دا جمال عه‌بدولناسر ڕێبه‌رێكی پان عه‌ره‌بیزم دوژمنی سه‌رسه‌ختی محه‌مه‌د ڕه‌زا شا رێبه‌ری پان ئێرانیزم بوو ،هیچیان چاره‌سه‌ری ستراتیژییان بۆ دۆزی كورد نه‌بوو ، پاشان دانوستاندن له‌ نێوان مه‌لا مسته‌فا و عه‌بدولسه‌لام عارف ‌ده‌ستی پێكرد و ڕێكه‌وتنی ۱۰ی شوباتی ۱۹٦٤ی نێوان هه‌ردوولای لێكه‌وه‌ته‌وه‌ ، به‌ڵام ئه‌و رێكه‌وتنه‌ی مه‌لا مسته‌فا له‌گه‌ڵ عه‌بدولسه‌لام عارف بووه‌ هۆكاری ناكۆكی و لێكترازانی هه‌ردوو باڵه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی ، له‌مباره‌یه‌وه‌ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ده‌ڵێت: سه‌رانی حكومه‌تی عێراق ‌و توركیا‌ و ئه‌مریكا، ده‌ستێكی زۆریان له‌ دروستكردن یان قوڵكردنه‌وه‌ی دووبه‌ره‌كییه‌كه‌دا هه‌بوو".


بەهادین نوری         لەم ماوەیەی دواییدا قسەوباسێ پەیدابوو كە ئەم هەرێمە پێویستی بە مەرجەعێ هەیە ، واتە پێویستی بەكەسێ هەیە كە لەسەرووی هەموو كەسێك و هەموو هەیئەت و دەسەڵاتێكەوە بێ و هەرچی وت دەبێ بێموناقەشە جێبەجێ بكرێ .  جاران پاشا ئەو مەرجەعە بوو ، دەسەڵاتی ئاینی و دنیایی لەدەستدا بوو ، هەرچی بووتایە وەكو یاسا دەبوو جێبەجێ بكرایە . شیعەكان دەوڵەتیان نەبووە ، لەبەر ئەوە وەزعێكی تایبەتیان هەبوو ، پیاوی ئاینی گەورە – ئایەتوڵایەك – دەبووە مەرجەعێكی ئایینی ، حەرام و حەڵالی بە فتوایەك دیاری دەكرد . كە ئەوانیش بوون بەخاوەنی دەوڵەت پاشا بوو بەسەرچاوەی هەموو دەسەڵاتێكی ئایینی و دنیایی .  ئێستەش لە ئێراندا هەروایە . ئایەتوڵلا خامنەئی سەرچاوەی – مەرجەعی – هەموو دەسەڵاتێكی ئاینی و دنیاییە بە ناوی ( ولایەتی فقیهەوە ) .        لە عێراقدا ، ئەگەر چی شیعەكان زۆرینەی دانیشتوان بوون ، لە ٥٠٠ ساڵی دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا والیەكان هەر لە سونەكان بوون و قەت شیعە نەكراوە بە والی . پاش ڕووخانی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانیش ئیستیعماری بەریتانی لەیەكەم رۆژی دەسەڵاتیانەوە هەر لەسەر ڕێبازی عوسمانیەكان ڕۆیشتن تا ١٩٤٧ كە بۆیەكەم جار سالح جبر كرا بە سەرەك وەزیری عێراق بەهیوای ڕازیكردنی شیعەكان و بەدەستهێنانی بێدەنگی بەرامبەر سەپاندنی پەیمانی پۆرتسموس . لەبەر ئەوە شیعە نەیانتوانیوە سەرچاوەی حكومڕانی لەخۆیاندانێن ، بەڵام هەمیشە مەرجەعی ئایینی لەخۆیان بووە . ئێستە سەید عەلی سیستانی مەرجەعە .       هێندەی من بەئاگابم ئەم جۆرە مەرجەعیەتەی كەباس دەكرێ لەمێژووی كوردا نەبووە . بۆ ماوەیەكی درێژ شێخەكانی قادری و نەقشبەندی بوو بوون بە جۆرێ لەمەرجەع بۆ دەروێش و سۆفیەكان . ئەمە پرسێكی ئاینی بوو بەس ، تایبەتیش بوو بەو كەسانەوە كە دەروێش یان سۆفی بوون . جگە لەمەش بۆ ماوەیەكی كورت لەساڵی ١٩٧٤ – ١٩٧٥ ، گەلی كوردی باشور مەلامستەفای قبوڵ كرد وەك و سەركردە و مەرجەع و بەتەمای سەركەوتن و سەربەخۆیی بوو . بەڵام مەخابن ئەو هیوایە بۆ سەركەوتن لەسەر پایەیەكی لمین دانرابوو چونكە جڵەوی ئەسپەكە درابووە دەستی شای ئێران و ئەنجامیش ئەو داڕمانە ترسناكەبوو كە لەئازاری ١٩٧٥ بینیمان . ئەم پڕۆژە خەیاڵیە جارێكیتریش لە ٢٥ ئەیلولی ٢٠١٧ تاقی كرایەوە و ئەنجامەكەشی ئەو كارەساتە گەورەیە بوو كەدیمان .        مەرجەعیەت بەم شێوازەی كە ئەمڕۆ لای ئێمە باس دەكرێ بە هیچ جۆرێ لە كۆمەڵگەی پێشكەوتوودا ، لەگەڵ دیموكراسی و سەردەمی گڵۆباڵدا ، لەگەڵ بیروبۆچوونی عیلمانیدا جێگەی نابێتەوە . ئەو جۆرە مەرجەعە كە لەسەرۆكایەتی لیژنەیەك یان ئەنجومەنی چەند حیزبێكدا خۆی دەبینێتەوە هیچ پێوەندیەكی بە بزاڤی دیموكراتی هاوچەرخەوە نیە و تەنها هەوڵ و كۆششێكە بۆ پەردەپۆشی مەرجەعیەتە ئایینیەكە ، دەیانەوێ بەكراسێكی تازەوە ، بەناوی ئەنجومەنی  ئەحزابەوە دیكتاتۆرێكی تازە بسەپێنن . بەڵێ دەكرێ سەرۆكی حیزب ببێ بە مەرجەع لەناو حیزبەكەی خۆیدا بۆ كاروباری حیزبی – سیاسی - .. بەڵام لەسەر چ بنەمایەك دەبێ بە مەرجەع بۆ كۆمەڵگە ؟ ئەم شێوازە لەمەرجەعیەت واتای گەڕانەوەیە بەرەو دواوە بەهەزار ساڵ !       بەڵێ چەرخی دیموكراسی و پێشكەوتن و گڵۆباڵیش دەبێ مەرجەعیەتی خۆی هەبێ بۆ كاروباری گشتی ، ئیداری و سیاسی و ئابووری وڵێ‌ت . بەڵام ئەم جۆرە مەرجەعیەتە دەبێ خودی كۆمەڵگە بۆ خۆی دروستیبكات لە رێگەی هەڵبژاردنێكی دیموكراتی ئازادی خاوێنەوە ، وەكو ئەو هەڵبژاردنانەی لەوڵاتە دیموكراتیەكان دەكرێ ، نەك ئەم هەڵبژاردنە درۆینە پڕ لە تەزویر و ساختەكاریەی كە لەعێراق و كوردستاندا دەكرێ و پەرلەمانێكی پڕ لەعەیب و ناشایستەی پێ پێكدەهێنرێ . مەرجەعیەتی پتەوی بێ لەكەی ڕاستەقینە بۆ كۆمەڵگە تەنها لە ڕێگەی دیموكراسیەوە بەدەست دێ . ئەو دیموكراسیە ئەمڕۆ لای ئێمە نیە ، بەڵام بەڕێوەیە بۆ ئایندە .


لەتیف فاتیح فەرەج     ماوەیەكە لێرەو لەوێ‌ هەندێ‌ كەس باسی ئەنجومەنی حزبەكان و شتی لەو بابەتە دەكەن ، بۆ هەرێمێكی وەك هەرێمی كوردستان كە لە 1991ەوە خۆ بەڕێوەبەری دەكات و لە 1992یشەوە پارلەمان و حكومەتی هەیە ، سەرەڕای هەموو كێشەو شەڕی ناوخۆو خۆخستنە ئامێزی دوژمنان و چەندین جار دۆڕاندنی خاك ، بوونی پارلەمان و حكومەت ، سیمایەكی پارلەمانی دیموكراتی بەخشیوە بە فۆڕمەكە ، هەڵبەت كاتی خۆی تەنانەت دروستكردنی پۆستی سەرۆكی هەرێمیش شتێكی زیادەو بێمانا بوو، ئەو پۆستە ئەوەندەی بووە بە مایەی بە هەدەر دان ، ئەوەندە خزمەتی نەكردووە، قسە كردنی ئێستا لە بارەی ئەنجومەنی حزبەكانەوە جگە لە هەڵپەو كورسی دۆزینەوە بۆ خەڵك و بە هەدەر دانی زیاتری سامانی گشتی هیچی تر نیەو تەنانەت لە تەك ئەو بنەما دیموكراسیانەشدا نایەنەوە كە هەرێم بانگەشەیان بۆ دەكات . ئەنجومەنی حزبەكان لە دۆخی وەك دۆخی هەرێمی كوردستاندا جگە لەوەی لێدانە لە پایەكانی دیموكراسی و بێنرخكردنی پارلەمان ، هەوڵێكیشە بۆ گەڕانەوە بۆ دواوەو بۆ سەردەمی بەرەی كوردستانی ، كە بون و نەبونی هیچ بایەخێكی ئەو تۆی نیە . هەرێمی كوردستان بەلای زۆرەوە دەگاتە 5 ملیۆن كەس پارلەمانێكی 111 كەسی هەیە، حكومەت و سەرۆكی هەرێمی خۆی هەیە ، لە پارلەماندا 11 كورسی بۆ پێكهاتەكان دانراوە بەم جۆرە "5 توركمان ، 5 كلدۆئاشور ، 1 ئەرمەن "   زۆربەی كات دەستوەردان لە كورسیەكانیان دەكرێت بۆ بەرژەوەندی لایەك بەو مانایەی ئەوان لە بری نوێنەری پێكهاتەكەبن دەبنە نوێنەری حزبێكی كوردی ، لە گەڵ ئەوەشدا لە سەر ئاستی دنیا مامەڵەیەكی تەندروست لە گەڵ پارلەمانی كوردستان دەكرێت ، دروستكردنی ئەنجومەنی باڵای حزبەكان  دەبێتە جێگرەوەی پارلەمان و ،سەرەڕای ئەوەی كە پارلەمان خۆی كێشەی ئەوەی هەیە زۆرێك لە نوێنەرەكانی لە بری نوێنەری خەڵك بن نوێنەری حزبەكانی خۆیانن، لە راستیدا لە بری بیر كردنەوە لە و ئەنجومەنە دەبوو بیرلەوە بكرایەتەوە پارلەمان بكرێتە ناوەندێكی یاسادانانی ئەكتیف و كارا ، هەرچەند من بڕوام وایە ژمارەی 111كورسی پارلەمان ژمارەیەكی زۆرو قەبەیە و 11كورسیەكەی پێكهاتەكانی تریش هەر ژمارەیەكی زۆرە ، دەكرا لە بری ئەوە هەموو پارلەمانی كوردستان 65 كورسی با ، 60ی كوردو 5ی پێكهاتەكان . بۆ نمونە ئەنجومەنی نەتەوەیی كوەیت ، 50 ئەندامە ، كۆی دانیشتوانی كوەیت نزیكەی 5 ملیۆن كەسە ،  ژمارەی وەزیرەكان 16 وەزیرەو 6 پارێزگای هەیە ، ئەگەر لە ڕوی بە هەدەر دانی سامانی گشتیەوە بەراورد بكەین ، تێدەگەین هەرێم لە چ دۆخێكدایە نابێت ئەوەشمان بیر بچێت هەرێم هەرێمەو كوەیت دەوڵەتە . دەكرێت بەراورد بە شوێنی تریش بكەین ، بیرمان نەچێت لە كوەیت حزب نیە ،  هەرچۆنێكە ئەنجومەنی باڵای حزبەكان   گەڕانەوەیە بۆ خاڵی سفرو جۆرێكە لە پانكردنەوە ، بۆ كێ‌ نازانم .  


د. هەردی مێد   زۆرمان له‌ خۆدانی شیعه‌كان، قوڕپێوانیان، گریان و لاڵانه‌وه‌یان له‌ رۆژی عاشورادا به‌ كرده‌وه‌‌گه‌لێكی ناعه‌قڵانی، نامه‌ده‌نی و خاڵی له‌ مانا له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ین. به‌ڵام، له‌ راستیدا عاشورا هه‌روا كۆمه‌ڵێ چالاكی بێلۆژیك و بێبنه‌ما نیه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ عاشورا بۆنه‌یه‌كه‌ چه‌نده‌ها وه‌زیفه‌ی گرنگ و جه‌وهه‌ری هه‌یه‌ كه‌ هه‌ڵه‌ ده‌كه‌ین وابزانین هه‌موویان مه‌زهه‌بین. عاشورا گه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌تدا مه‌زهه‌بییه‌، یان به‌ مه‌زهه‌بیكراوه‌، ئه‌وا وه‌زیفه‌گه‌لێكی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕه‌مزی گرنگی هه‌یه‌ كه‌ به‌ سه‌ریه‌كه‌وه‌ به‌شدارن له‌ به‌تینكردنی جڤاتی شیعه‌ و به‌هێزكردنی ڕایه‌ڵه‌كانی به‌ستنه‌وه‌یان له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌كانی زمان، ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه‌وه‌. یه‌كێك له‌ هه‌ڵه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌میشه‌ كرده‌یه‌كی ئاینی ته‌نها له‌ روانگه‌ی ئاینی ده‌خوێنینه‌وه‌، به‌ڵام له‌ راستیدا هیچ كرده‌یه‌كی ئاینی ته‌نها ئاینی نییه‌. بۆنه‌ی عاشورا گه‌ر رۆژێكی مه‌زهه‌بیه‌ بۆ یادكردنه‌وه‌ی <حوسێن>وه‌ك شه‌هید، ئه‌وا ئه‌م بۆنه‌یه‌ كراوه‌ به‌ سه‌رزه‌مینێكش بۆ‌ ده‌ستكه‌وتی ئابوری به‌وه‌ی به‌ هه‌زاره‌ها له‌ بڕواداران سه‌ردانی مه‌زارگاكانیان ده‌كه‌ن و به‌مه‌ش بازاڕه‌كانی ئۆتێل، گواستنه‌وه‌، خواردنخانه‌، تد ده‌بوژێننه‌وه‌ و دینامیكێكی تر به‌ ڕه‌وتی ئابوری ده‌ده‌ن. عاشورا هه‌روه‌ها سه‌روبه‌ندێكی گرنگشه‌ بۆ دروستكردنی سه‌رمایه‌یه‌كی ڕه‌مزی بۆ كۆكردنه‌وه‌ و گرتكردنه‌وه‌ی شیعه‌كان و زیندووكردنه‌وه‌ی خه‌یاڵبه‌ندی شیعه‌ وه‌ك قوربانی. كاركردن له‌ سه‌ر <ناسنامه‌ی قوربانی> له‌ لای شیعه‌كان، كاركردنه‌ له‌ خڕكردنه‌وه‌ی ئه‌مان به‌ ده‌وه‌ری خه‌یاڵی خۆپاراستن و توڵه‌سه‌ندوه‌. له‌ كوردستانی باشور كه‌م له‌ چالاكیه‌ ڕه‌مزیه‌كان و گرنگیان تێده‌گه‌ین. هه‌ر بۆ نمونه‌ كه‌م كه‌س به‌ ئه‌ندازه‌ی ئێمه‌ باسی شه‌هید ده‌كات، كه‌چی تاوه‌كو ئێستا شتێك به‌ <شه‌هیدناسیMartyrology>ه‌وه‌ له‌ لای ئێمه‌ سه‌ر‌یهه‌ڵنه‌داوه‌. تاوه‌كو ئێستا گۆڕستانێك بۆ شه‌هید نییه‌، بۆنه‌یه‌كی گشتی شه‌هید نییه‌، ئه‌لبۆمی شه‌هید نییه‌، تد. هه‌ر بۆیه‌ بۆنه‌یه‌كی وه‌ك عاشورا لای ئێمه‌ ده‌بێت به‌ ساتی سیخۆڕمه‌ و قۆشمه‌ و كۆی لێكه‌وته‌ ڕه‌مزیه‌كانی فه‌رامۆش ده‌كه‌ین عاشورا بۆنویه‌كی فره‌فۆرم و فره‌وه‌زیفه‌یه‌ و شایسته‌ی بیرلێكردنه‌وه‌یه‌.


هیوا سەید سەلیم       قسەوباسەكان بۆ ئەنجامدانی چاكسازی لە لایەن كابینەی تازەی حكومەتی هەرێمی كوردستان گەرمن، جا نازانرێت ئایا لە هەرێمی كوردستان چاكسازی دەكرێت یان هەر لە چوارچێوەی  قسەو بەڵێن دەمێنێتەوە؟ ئەمەیان زەمەن ساغی دەكاتەوە.  لە نێو ئەو پرسەی كە پێی دەوترێت چاكسازی وە لە نێو ئەو مشتومڕانەدا، باس لە لادانی چەندین بەربرس دەكرێت كە گوایە لە پۆستەكانیان دوردەخرێنەوە ، ئەویش گوایە ئەوانە لە گەندەڵیەوە تێوەوگڵاون، تەنانەت باس لە دەستگیركردنی چەند كەسێكیش دەكرێت،لێرەو لەوێش دەبیستین كە دەوترێت، ئەمە هێشتا هەنگاوی یەكەمن هی تریشی بەدواوە دێت.  بەڵام ئەوەی سەبارەت بەو پرسە جێگای تێبینیە ئەوەیە كە كابینەی تازە بۆ لادانی گەورە گەندەڵەكان پەنای بردۆتە بەر ئاڵوگۆڕی لە پۆستەكان، بۆ ئەم كارەش چەندین پۆستی تازەی داتاشیوە، كە ئەو پۆستانە لە لایەك بۆ رازیكردنی لایەنەكانە لە نێو لایەنكانیش بۆ رازیكردنی دڵی ئەوانەیە كە لە پۆستی پێشوو لادەدرێن. ئەگەر لەسەرووی هەڕەمی حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم بڕوانین زیادكردنی ژمارەی جێگرەكان و داتاشینی پۆستی وەك یاریدەدەر گەورە ڕاوێژكار نەك هەر پێویست نەبوون و ناشبن،  بگرە ئەمانە دەبنە فشار لەسەر میزانیەی گشتی، چونكە ئەو كەسانەی دەچنە ئەو پۆستانە پێویستیان بە تەڕخانكردنی مووچەی زۆر و نەسریەو و پاسەوان و بارەگا و خانوو دەبێت. هەموو لایەك دەزانین كە پرۆسەی چاكسازی كە لە كابینەكانی ڕابردوو لەبەردەم دوو ئاڵنكاری مەزن دابووە،  یەكەمیان نەبوونی ئیرادەی سیاسی و حكومی بۆ ئەنجامدانی چاكسازی.  دووەمیشیان بێ متمانەی خەڵك لە پرسی چاكسازی، لە ئێستادا كە یەكەمیان قۆناغی باشی بڕیوە، نابێت حكومەت كارێكی وابكات كە لە بێ متمانەی خەڵك بەو هەنگاوانە زیاتر بكات، چونكە داتاشینی ئەو جۆرە پۆستانە و پەیڕەوكردنی سیاسەتی ڕازیكردن دەچێتە ئەو چوارچێوەیە. لە ئێستادا هەرێمی كوردستان نەك هەر پێویستی بە داتاشینی ئەو هەموو پۆستە زۆرە نیە، بەڵكوو دەبوو كابینەی تازە كەمكردنەوەی ژمارەی وەزارەتەكان بكاتە پێشینەی كارەكانی خۆی، چونكە هەموو لایەك دەزانین كە هەرێمی كوردستان پێویستی بەو هەموو وەزارەتە نیە ئەمەیان هی سەردەمی كابینەی بنكە فراوانەكەیە كاتێك لایەنەكانی پێ ڕازی كرا. بە كەمكردنەوەی ژمارەی وەزارەتەكان زۆرێك لە پۆستی زیاد بەرۆكی ئەو كابینەیان بەردەدا، بەڵام نەك ئەم كارەیان نەكرد بگرە خەریكە پێچەوانەكەی دەكرێت، كە ئەمەشیان ئاڵنكاری بۆ بەرنامەی چاكسازی حكومەت درووست دەكات. سروشتی ئەو جۆرە حكومەتانەی كە زیاتر لە لایەنێك تیایدا بەشداری دەكات هەمیشە دەبێتە كۆسپ بۆ جێبەجێكردنی كارنامەی حكومەتەكە، وەك چۆن دەبینین كابینەی تازە ماوەیەكی زۆری بەرێكرد تا بە داتاشینی پۆستی تازە و زیاد، لایەنەكانی پێ رازیكرا ئینجا حكومەتەكە تۆزێك كەوتە سەر سكەی كاركردی خۆی كە هێشتاش ماویەتی بە تەواوی دەست بكات بە كارەكانی خۆی. كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، وێڕای ئەو هەموو بەڵێنانەی كە پێشتر پێكهێنەرەكانی ئەو كابینەیە سەبارەت بە چاكسازی بە خەڵكیان داوە، خراوەتە بەردەم مەحەكی چاكسازی، ئەگەر حكومەتی تازە ئەو كارە بكات كفنی مەرگی خۆی دەفرۆشێتەوە، ئەگینا چاڵ بۆ مەرگی خۆی لێدەدان. چونكە بێزاری خەڵك لەدەست گەندەڵی و نادادی لە هەرێمی كوردستان گەیشتۆتە لوتكە، ئیدی لەوە دەرچووە خەڵك بەرگەی ئەو هەموو گەندەڵی و نادادیە بگرێت.  


یەریڤان ئەدهەم     چۆن داهاتی هاوڵاتیانی هەرێم تاڵان فرۆش دەكرێ! هەموو شتێك دەربارەی ئەو كۆمپانیایە بزانە كە دەیەوێ ١٥ هەزارت لێ بسەنێ بۆ عەریزەیەك! چەند رۆژێكە لێكۆڵینەوە لە كۆمپانیایەك ئەكەم ناوی ئینفۆ ئاڕ ئاڕە كە بە حساب عەقدێكی هەیە لەگەڵ حكومەتی هەرێم بۆ بە ئەلیكترۆنیكردنی عەریزە و دانانی سەنتەرێكی داتا. ئەمە تا ئێرە كێشە نیە، بەڵام گرنگە بزانین ئەم كۆمپانیایە چیە و چۆن لە دایك بووە، كێ دایمەزراندوە و داهاتی چەندە. سوپاس یاسای وڵاتانی رۆژئاوا، دەتوانیت زانیاریت لە سەر كۆمپانیاكان كە لێرە تۆماركراون دەست بكەوێت. ١- ئەم كۆمپانیا ئەزموونی هیچ نیە و لە ساڵی ٢٠١٦ دامەزراوە ٢- بەرێوەبەری یەكەمی ناوی دەوەن سەروەر عەلی و هاوڵاتی عێراقە لە ساڵی ١٩٨٤ لە دایك بووە. ٣- دوای ئەویش، كەسێكی كە بە ناوی پێشرەو سەدرەدین جونیاد كراوە بە بەرێوەبەر لە ٢٠١٦ لە دایك بووی ١٩٨٣ و هاوڵاتی عێراقە. ٤- لە ٢٠١٧ دا دەوەن واز دەهێنێ. ٥- لە ٢٠١٧ دا، پشكی كۆمپانیە كە دەدرێ بە دوو كەس بە ناوی ئادەم رەشید و شەیما عومەر حەمید كە هەریەك لە سەدا ٥٠ دەخرێتە سەریان و ئادەم رەشید دەبێ بە بەرێوەبەری كۆمپانیاكە. ٦- لە ٢٠١٧ كۆمپانیاكە خاوەنی نزیكەی ٣٧٠٠ دۆلار بووە. ٧- لە ٢٠١٨ دا شەیما عومەر دەكرێ بە بەرێوەبەر. ٨- لە ٢٠١٨ دا كەسێك بە ناوی چۆڵی محەمەد رەشیدە و هاولاتی دورگەیەكی بچوكە لە زەریای هێمن بە ناوی كۆماری ڤاناتو لە نزیك ئوسترالیا دەكێت بە بەرێوەبەر. ٩ - لە مانگی ١١ ی ٢٠١٨ دا، شەیما پشكەكانی نامێنێ لە كۆمپانیاكە و دەخرێتە سەر چۆلی، واتە ئادەم لە سه‌دا ٥٠ و چۆلیش لە سه‌دا ٥٠ی كۆمپانیاكەیان هەیە. ١٠- لە مانگی ١ ی ٢٠١٩، چۆلی واز دەهێنێ لە كۆمپانیاكە. ١١ بە پێی دوا هەژماریان كە تەسلیمی حكومەتی بەریتانیا كراوە، سەروەتی كۆمپانیەكە كە متر لە ١٠ هەزار دۆلارە. ١٢- مانگی ٢ ی ئەمسال وەزارەتی داد گرێبەستی لەگەڵ ئەم كۆمپانیا كرد. پرسیار ئەوەیە، كۆمپانیەیەك كە بە شێوەیەكی زۆر پێچا و پێچ دروست كراوە و خاوەنی هیچ جۆرە موڵك و سەروەت و پارەیەك نیە، چۆن دەتوانێ داتا سەنتەر دابنێ لە هەموو كوردستان و هەموو فەرمانگەكانی دان نوس ببەستێت بە یەكەوە. چۆن حكومەت سەیری رابردووی ئەم كۆمپانیەیەی نەكرد، بۆ چاو لێ پۆشی؟ راستیەكەی كە ئەم كۆمپانیایە لە لایەن هاوڵاتیانی هەرێمەوە دروست كراوە و لە بەریتانیا تۆمار كراوە زیاتر بۆ خۆڵ كردنه چاوی خەڵك بووە و بۆ ئەوەی بەرپرسان ئەمەش وەك دەستكەوتێكی گرنگ بفرۆشنەوە بە خەلك و بڵێن لەگەل كۆمپانایی بیانی گرێبەست دەكەین بۆ باشتركردنی خزمەت گوزاری. بە پێی هەندێك راپۆرت، پێشتر كە بریار بوو ٢٥ هەزار دینار وەربگرن بۆ هەر عەریزەیەك، لە سه‌دا ٨٠ی بۆ كۆمپانیەكە و لە سه‌دا ٢٠ بۆ حكومەت دەبوو. بەڵام دواتر نرزجەكە كەمكرایەوە بۆ ١٠ هەزار. لە هەموو وڵاتان، فۆرم لە ئینتەرنێت هەیە و هاوڵاتیان دەتوانن بە خۆڕایی پڕی بكەنەوە، زۆر بێ مانایە، بۆ فۆرمێك خەڵك ١٥ هەزار دینار بدات و زۆركەسی كەش بێ كار بكەون. لە راستیدا ئەگەر كۆمپانیەكە جێگەی متمانە بوایە، رێی تێدەچوو، ئەم مەسەلەیە چارەسەر بكرایە نرخ كەم بكرایەتوە، بەڵام ئەم كۆمپانیایە زۆر گوماناویە و دەكرێ بەشێكی كەمی زنجیرەیەكی گەندەلی بێ لە كوردستان.  


د. شۆڕش حاجی       ئەڵقەی پێنجەم: ململانێی نێوان گۆڕانخوازو بەرژەوەندیخوازەکان     بزوتنەوەی گۆڕان لە یەکەم دەرکەوتنیدا وەک جوڵانەوەیەکی سیاسی لە کوردستانی عیراق چەند جیاوازییەکی بنەڕەتی لەگەڵ حیزبەکانی ناو دەسەڵات هەبو. یەکێک لەو جیاوازییە گەورانەی بزوتنەوەی گۆڕانی بە کردەوە لەوان جیا دەکردەوە ئەوەبو کە بەرهەمی هەوڵەکانی بۆ چاکسازی‌ لە جومگەکانی دەسەڵات‌و گۆڕانکاری لە شێوازی حوکمڕانی بۆ خۆی نەبو، بەڵکو بۆ خەڵک بو. هەڵبژاردنی خەباتی مەدەنی وەک شاڕێی گۆڕانکاری‌و دروستکردنی مینبەرێکی بەهێزی ئۆپۆزیسیۆن لە پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٩ باشترین بەڵگەی حاشاهەڵنەگری ئەو راستیەن. خەمی کاک نەوشیروان‌و دامەزرێنەرانی بزوتنەوەی گۆڕان باشکردنی ژیان‌و گوزەرانی هاوڵاتیان‌و بەهێزکردن‌و جێگیرکردنی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان بو، نەک دەسکەوت‌و بەرژەوەندی شەخسی‌و حیزبی‌. بزوتنەوەی گۆڕان لەیەکەم بەشداریکردنیدا لە کایەی سیاسی لە کوردستانی عیراق نەچوە دەسەڵات‌و بەشداری لە حکومەتدا نەکرد. بەڵکو لەرێگای رەخنەگرتن لە ئەدای دەسەڵاتداران‌و پەردە لادان لەسەر کەموکوڕییەکان‌و شیکردنەوەی هۆکارەکانی ئەو بارودۆخە، هاوڵاتیانی کوردستانی هوشیار کردەوە. ئینجا لەرێی پێشکەشکردنی پرۆژەی چاکسازی بۆ هەمو بوارەکانی حوکمڕانی‌ هەوڵی چاکسازی‌و‌ گۆڕانکاری‌ دا. ئەگەرچی گۆڕان بیستوپێنج کورسی لە پەرلەمانی کوردستان هەبو، بەڵام هەوڵی نەدا بەشی خۆی لە کێکی دەسەڵات وەرگرێ. هەر کاتێکیش دەسەڵاتدارانی هەرێم لەژێر فشاری جەماوەرو لە ئەنجامی کارو چالاکییەکانی گۆڕان‌و هێزەکانی تری ئۆپۆزیسیۆندا کارێکی باشیان بکردبا کە لە بەرژەوەندی خەڵك بوایە، بزوتنەوەی گۆڕان بە دەسکەوتی خۆی دەزانی‌و پێی وابو سەرکەوتنێکی بەدەستهێناوە‌. لەهەمان کاتدا خۆی لەبەردەم هەمو هەڕەشەو ئیجرائاتێکی  توندی دەسەڵات راگرت‌و ئازایانەو سەربەرزانە ئەو قۆناغەی تێپەڕاند. بزوتنەوەی گۆڕان لە یەکەم ئەزمونی روبەڕوبونەوەی دەسەڵاتدا وەک هێزێکی مەدەنی روبەڕوی هەڕەشەو پەلاماری زۆر بوەوە. هەزاران دەنگدەرو هەڵسوڕاوی گۆڕان سزای سیاسی دران‌؛ موچەیان بڕا؛ دورخرانەوە یان لە پۆستەکانیان دەرکران؛ هەندێکیان گیران‌و ئەشکەنجە دران‌‌؛ هەندێ هەڵسوڕاو لە روداوی جیاجیادا بریندار کران‌و چەند هەڵسوڕاوێکیش گیانیان لەدەستدا. چەند جارێکیش مەکۆکانی بزوتنەوەی گۆڕان لە هەندێ شار سوتێنران‌. سەرەڕای هەمو ئەوانە، لەدوای خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوبات هێزی سەربازی لە دژی گۆڕان کۆکرایەوەو هەڕەشەی پەلاماردانی ‌مەکۆی سەرەکی‌و سوتاندنی تەلەفزیۆنی کەی ئێن ئێن لە گۆڕان کرا. بەڵام هیچکام لەو هەنگاوانە نەیانتوانی چۆک بە بزوتنەوەی گۆڕان دابدەن‌و ئیرادەی بشکێنن. بەپێچەوانەوە بزوتنەوەی گۆڕان درێژەی بە ئاراستەی گۆڕانخوازانەی خۆی دا‌و لە کارو چالاکییە مەدەنییەکانی بەردەوام بو، بێ ئەوەی بیر لە دروستکردنی هێزی چەکدار بکاتەوە بۆ خۆپاراستن لەو هەڕەشەو پەلامارانە. بڕیاری بەشداریکردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەت لە ساڵی ٢٠١٤ لە بنەڕەتدا بەمەبەستی جێبەجێکردنی بەشێک لە بەرنامەی چاکسازی بو. بەڵام دەبێ بگوترێ کە هەندێ کەس لەناو گۆڕان بە چاوی وەرگرتنی بەشە کێکی دەسەڵات دەیانڕوانیە ئەو بڕیارەی گۆڕان. بەڵام ئەو کاتە بڕیاری سیاسی لەناو گۆڕاندا بەپلەی یەکەم لەلایەن کاک نەوشیروانەوە ئاراستە دەکرا. بۆیە بزوتنەوەی گۆڕان  بەهەمان نەفەسی چاکسازی‌و هەوڵی گۆڕانکاری لە سیستمی حوکمڕانی سەنگەری خەباتی مەدەنی لە ئۆپۆزیسیۆنەوە گواستەوە ناو دەسەڵات. هەر ئەو سوربونەی گۆڕان بو لەسەر پەیام‌و بەڵێنەکانی، کە روداوەکانی ١٢ی ئۆکتۆبەرو داخستنی پەرلەمانی کوردستان‌و دەرکردنی وەزیرەکانی گۆڕانی لێکەوتەوە.  بزوتنەوەی گۆڕان ئەم جارە، لەدوای هەڵبژاردنەکانی ٣٠/٩/٢٠١٨، بە بڕیاری زۆرینەی جڤاتی نیشتیمانی، دەستیکرد بە گفتوگۆ لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان‌و بڕیاریدا بەشداری لە حکومەتی هەرێم بکا. بەڵام ئایا ئەم هەنگاوە بەهەمان نەفەسی گۆڕانکاری‌و سوربونە لەسەر بەڵێن‌و پەیامەکانی گۆڕان لەپێناوی چاکسازی‌و گۆڕانکاری، یاخود تەنیا بۆ وەرگرتنی بەشە کێکی دەسەڵاتە؟ دیارە لە هەمو کۆمەڵگایەکدا، بە کۆمەڵگای ئێمەشەوە، بەرەیەکی بەرژەوەندیخواز هەیە کە هەوڵ‌و هەنگاوەکانی لەپێناوی دەسکەوت‌و بەرژەوەندی شەخسی‌و تایبەتییە. لەبەرامبەردا کەسانێکیش هەن کە بۆ بەرژەوەندی گشتی‌و بیروباوەڕو سەرخستنی پەیامێکی پیرۆز کار دەکەن. کاتێک کە ئەمە لەناو کۆمەڵگادا هەبێ بێگومان لەناو هەر حیزب‌و گروپێکیشدا رەنگ دەداتەوە‌. بۆیە ئێستا گۆڕان لەبەردەم دوڕیانێکی چارەنوسسازدایە، کە ئایا بزوتنەوەی گۆڕان راستگۆیانە لەناو کابینەی نۆ، بەهاوکاری حیزبەکانی تر لە حکومەت، هەوڵی چاکسازی‌و جێبەجێکردنی بەشێک لە پەیام‌و بەرنامەکانی خۆی دەدا کە بەڵێنی بەهاوڵاتیان داوە، یاخود هەرچی لەم حکومەتەدا بکرێ‌و چی بگوزەرێ قبوڵی دەکاو لەپێناوی بەشە کێکی دەسەڵات بێدەنگ دەبێ؟ بەواتایەکی تر ئایا لەم پرۆسەو ململانێیەدا تای تەرازوی گۆڕانخوازی قورستر دەبێ یاخود تای بەرژەوەندیخوازی؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لای رێکخەری گشتی‌و خانەی راپەڕاندنی ئایندەو جڤاتی نیشتیمانی‌یە. ئەوەی رونە ئەوەیە، کە تا ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان بەباشی هەنگاوی ناوەو لەسەر رێچکەی هەوڵی چاکسازی لاینەداوە، بەڵام کاروانی گەیشتن بە مەنزڵ هەورازو نشێوو وێستگەی زۆری تری لەبەردەم ماوە. هەر بۆیە ئەندامانی ئەم جڤاتی نیشتیمانییەی ئێستا ئەرکێکی زۆر گرنگ‌و مێژوییان لەئەستۆدایە، ئەویش ئەوەیە کە ئایا ئەم جوڵانەوە جەماوەرییە گەورەیەو پەیامە گۆڕانخوازانەکەی تەسلیمی کێ دەکەن بۆ ئەوەی بەئەمانەتەوە بیگەیەنێتە مەنزڵ؟ چونکە تواناو لێهاتویی‌و بوێری سەرکردایەتی هەر حیزبێک کاریگەری لەسەر  ئاراستەو هەڵوێستی حیزبەکەو رەفتارو گوتاری تاک بەتاکی ئەندامەکانی هەیە، بەوانەی کە لەناو حیزبدا کار دەکەن‌و ئەوانەش کە ئەرکی کارکردنیان لەناو حکومەت یان هەر شوێنێکی تر پێ دەسپێردرێ. لە چوارچێوەی کارکردن لەناو حیزب‌و لە پرۆسەی نەخشە دانان‌ بۆ ئایندە هەمیشە ململانێ لەنێوان بەرەی خۆنەویست‌و بەرەی بەرژەوەندیخواز دەمێنێ؛ جیاوازیش لە نێوان ئەوانەی شێلگیرانە بەرگری لە پەیام‌و ئامانجەکانی بزوتنەوەکە دەکەن لەگەڵ ئەوانەی بیر لە بەرژەوەندییە باڵاکانی بزوتنەوەکە ناکەنەوەو کەمتەرخەمن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بەردەوام دەبێ. بەدڵنیاییەوە، راستگۆیی‌و کارکردنی جیدی بۆ سەرخستنی ئەو پەیامە گۆڕانخوازانەی، کە لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستان‌و قەوارە سیاسییەکەماندایە سەنگی مەحەکە - لە ئێستاو لە ئایندە - بۆ بەدەسهێنان‌و پتەوکردنی متمانەی هاوڵاتیان بە بزوتنەوەی گۆڕان. بەپێچەوانەوە، کارکردن لەپێناوی بەرژەوەندی تایبەتی‌و پشتکردنە جەماوەر‌و فەرامۆشکردنی ئەو بەڵینانەی بزوتنەوەی گۆڕان بەخەڵکی داوە نەک تەنیا دەبێتە مایەی تێکشکانی بزوتنەوەی گۆڕان بەڵکو، زەنگی مەرگی ئومێدی خەڵک دەبێ بە چەمکی گۆڕانخوازی لە کوردستانی عیراق بۆ ماوەیەکی دورودرێژ. تێبینی: لە ئەڵقەی چوارەمی ئەم زنجیرە وتارەداو لە باسی ژورەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، وشەی توێژینەوە بە هەڵەی نوسین پەڕیوە. بەمەش ژوری توێژینەوەی سیاسی لەتەک ژورەکانی تردا ناوی دەرنەکەوتوە. بۆیە داوای لێبوردن لە هەمو ئەو هاوڕێیانە دەکەم کە لە رابردوو ئێستادا لەو ژورە کار دەکەن. ژوری توێژینەوەی سیاسی یەکێکە لە ژورە گرنگەکانی بزوتنەوەی گۆڕان‌و خاوەنی چەندین پرۆژەو لێکۆڵینەوەو کتێبە، کە کاریگەری لەسەر پەیام‌و دیدی بزوتنەوەی گۆڕان جێهێشتوە.  


 چیا عەباس       وا بۆ سی ساڵ دەچێت کورد لە باشور حوکمرانی خۆی دەکات، دوازدە ساڵ، بێجگە لە خولەکانی شەری ناوخۆ، بەردەوام لە سایەی ئابلوقە و هەرەشە و مەترسی ناوخۆ و رژێمەکەی سەدام و دەرودراوسێدا گوزەراوە، لە ٢٠٠٣ ێشەوە کێشمە و کێشە لە گەڵ بەغدا، ئاسەوارە خەستەکانی دو ئیدارەیی، کەمی متمانە، شەری داعش، دروستبونی گۆڕان و مامەڵەی توندی دەسەڵات لە گەڵیدا، دارمانی ئابوری، دەریایەک لە گەندەڵی و دیاردە قێزەوەنەکانی تر، شکستهێنان بە ریفراندۆم و لە دەستدانی نیوەی خاکی کوردستان لە کارەساتی ئۆکتۆبەردا دۆخێکی تەنراو بە بێ ئومێدی و نارەزایی و بێ باوەری لە کوردستان خەڵقاندوە.  هەڵبژاردنەکانی کوردستان بونەتە ئامرازێک بۆ خەستتر چەسپاندنی ئەمری واقیع و ئارایشتەکردنی نەک گۆرانکاری فرە ئاراستە، ئەنجام و لێکەوتەکانی هەڵبژاردنەکان لە پراکتیکدا شتێکی ئەوتۆیان لە سەر ئەرزی واقیع نەگۆریوە، بەپێچەوانەوە دەسەڵاتی حزبی و دەمارگیری لۆکاڵیان تۆختر کردۆتەوە. پەرلەمانی کوردستان داماوانە لە بەر قاپی حزبەکان چۆكی داداوە و چاوەرانی رەحمەتی فەرمانەکانە. ئەو جورئەتە دەکەم و دەڵێم لە ئێستادا نەبونی لە بونی باشترە، چونکە شەرعیەت بە دۆخ و روداو و گۆرانکاری دەبەخشێت کە شایستەی نین، هەروەها بەهۆی دۆگمای حزبی و پشک پشکێنەوە بۆتە رێگر لە بەردەم فەرمانرەوایی دروست و لێپرسینەوە و بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی و سزادانی تاوانباران، ئەم جۆرە کارکردنەی پەرلەمان حەسانەی واقیعێکی تاڵ و دۆخێکی نەخوازیاری کردوە.    هەرچۆنێک بێت پاش ژانێکی درێژخایانی بێ تام کابینەیەکی نوێ چاوی بە دنیا هەڵهێنا، هەر ئەو ژانە خەستە و یەکلایی نەکردنەوەی پرسی چەند پۆستێک و پارێزگاری کەرکوک هۆکاری بنەرەتی تر بون بۆ خەستبونەوەی بێ ئیرادەیی پەرلەمان و بێ ئومێدی خەڵک.  هەرچەندە کابینەکە وەک ئەوانی پێشو بە رێکەوتنی لایەنەکان پێکهاتوە، بەڵام زۆربەی ئەزمونەکانی رابوردو دەیسەلمێنن کە رێکەوتنەکان لە بەردەم گەردەلولی حزبی و بەرژەوەندیەکاندا لە سات و ئانێکدا سراونەتەوە. زیادە بۆ ئەمەش کابینەی نوێ لە گرتبونەوەیەکی سەیر و سەمەرە دەچێت، کۆکردنەوەی رکابەر و بەرژەوەند پەرست و  شکستخواردوەکان بە پەرتەوازەیی لە سایەی دەسەڵاتی رەهای پارتیدا.  کاراکتەرەکانی پارتی لە کابینەکەدا تاکە گروپی یەکگرتو و تۆکمە و دیسیپلندار و بە بەرنامەن، رۆڵ و کارەکانی نێوان خۆیان رێكخستوە. کەسایەتیەکی عەلمانی کەم دوێ و داخراو و وردبین و تەموح بەرێوەی دەبات. کەسایەتیەک لە دوای راپەرینەوە لە روداوەکاندا ئەوەندە بەرچاو نەکەوتوە، لە سایەی باوکیدا قسە و باسی کەمی کردوە، لێدوان و نوسینی زۆر کەم و نەبیستراوی هەیە، ئەوەشی هەن لە سایەی پۆستەیەکدا بە نوێنەرانی وڵاتانی وتوە، راشکاوانە، جا بە دڵی من و تۆ نیە ئەوە شتێکی ترە، بۆچونی خۆی و هەڵسەنگاندنەکانی بەیان کردوە، تێیاندا بە تێرامانی خۆی دەری دەبرێت کە خەمخۆر و مەراق هەڵگری نەتەوە و نیشتمانەکەیەتی.  مەسرور بارزانی مرۆڤێکە خۆرسکانە کار ناکات... کەوەری دەیجنێت و هەمێکی تریشی چەسپاندنی پێگەیەتی لە لوتکەی دەسەڵاتی پارتی و هەرێمدا. مسرور بارزانی لە سەر ئاستی بەشەکانی تری کوردستان ئەوەندە تێکەڵاو نەبوە، هێزە کوردستانیەکان هەڵسەنگاندنی بەرچاویان دەرباری نیە. مرۆڤێکە بروای بە کردارە و خۆی لە دروشم و قسەی بریقەدار دور راگرتوە. ئەم خەسڵەتانە بە گشتی و پۆستەکەی ئێستای دەرفەتێکی پێدەبەخشن کە بتوانێت لە پێگەیەکی بەهێزەوە قۆناغێکی تر بۆ ژیانی سیاسی خۆی دارێژێت و شێوازی حوکمرانیش بە ئاراستەیەکی نوێدا ببات و رێگر بێت لە دەمارگیری حزبی و ناوچەگەری.  مسرور بارزانی واجهەیەکی ناسراوی ماڵباتی بارزانیە، وێرای جیاوازیە سروشتیەکانی لە گەڵ بەشێک لەو ماڵباتە، ناتوانێت سنورەکان ببەزێنێت. رەنگبێ لە ناخی دڵیدا خواستی بوبێت وەک مرۆڤێک سەرپشك بوایە بۆ بژاردەکردنی ئەو پیشە و کارەی حەزی لێیەتی، بەڵام بەهۆی مێژوی بنەماڵەکەیەوە رۆڵیکی پێسپێردراوە و ئەرکیەتی جێبەجێی بکات. ئەم واقیعە پێگە و دەسەڵاتەکانی بە هەزار و یەک کۆدەوە گرێدەدەن. ناشێت وا چاوەروانیش بکرێت هەر لە بەر ئەوەی کوری مسعود بارزانیە ئیتر جادەکەی بۆ تەخت بوە و عەسای سحریشی بە دەستەوەیە، زیادە بۆ ئەمەش کەسایەتیەکی نەخوازیارە لە لایەن بەشێک لە دەسەڵاتە ناحەزەکان بە کورد لە ناوچەکە. وەک خۆی رایگەند ئیرسێکی قورسی کابینەی پێشوی وەرگرتوە، بۆیە لە سەرەتای وەرگرتنی پۆستە نوێکەی نیەتی نزیکبونەوەی لە بەغدا پیشاندا، بەڵام راستیەکان ئاماژە دەکەن بەوەی بەغدا مەبەستیەتی ئەم نەرمیەی مەسرور بارزانی بقۆزێتەوە بە مەرامی قوڵکردنەوەی ناکۆکی و جیاوازیەکەنی نێو ماڵی کورد و ئیبتزازکردن، هەروەها سەپاندنی خواست و مەرامەکانی بەغدا لە بوارەکانی بودجە و هەناردەکردنی نەوت و دەسەڵاتەکانی لە ناوچە زەوتکراوەکان.  لەم ئەختەبوتە سیاسی و ئابوری و ئەمنی و سەربازیە ئاڵۆزەدا لە گەڵ دەستتێوەردانی خەستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لە کاروباری ناوچەکە و عێراق و کوردستان بژاردەکانی بەردەم مەسرور بارزانی زۆر سنوردار و ئاڵۆزن.  گەر بتوانێت دابینی بودجە و موچەی هەرێم بکات، بە جدی روبەروی گەندەڵی و پێشێلکاریە یاساییەکان ببێتەوە، بە شێوەیەکی نەرم حوکمرانیەکی سەردەمانە بەرجەستە بکات و رێگر بێت لە حزبایەتی و دەستتێوەردانی حزبی لە ناو کابینەکەی و دام و دەزگاکانی حکومەت ئەوا پێگەی خۆی بۆ مامەڵەکردن لە گەڵ کێشە گەورەکانی تر بەهێزتر دەکات.       با بێینە سەر جێگرەکەی، قوباد تاڵەبانی، بۆ خۆم دو تا سێ جار لە نزیکەوە دیومە، ئەو سەردەمانەی لە لەندەن دەژیا، گەنجێکی زۆر هێور و بەرز رەوشت و رێزدار، دواتر لە نزیکەوە نەمبینیوەتەوە تا هەڵسەنگاندنێکی تری بۆ بکەم.  بەشێکی پێگە و دەسەڵاتی ئەمیش بۆ تەوریسی سیاسی دەگەرێتەوە، لە کابینەی هەشتیشدا جێگری نێچیرڤان بارزانی بو. گەر لە سەرەتادا ئەبستراکتانە سەیری ئەو دو کەسایەتیە گەنجەت بکردایە، ئومێد و هیوا لات دەبوژانەوە. بەڵام ماوەی حوکمرانی دوانەیان ناخۆشترین و دژوارترین و قورسترین و کێشەدارترین قۆناغی حوکمرانی هەرێم بوە لە دوای راپەرینەوە. بەشێکی هۆکارەکانی ئەم راستیە بۆ فاکتەرەکانی دەرەوەی دەسەڵاتیان دەگەرێتەوە، وەک شەری داعش، فشاری گەورەی پەنابەران لە سەر هەرێم و موچە و بودجە برین لە بەغداوە. کابینەی هەشت نەیتوانی پلانێکی تۆکمە بۆ بەرەنگاربونەوەي رەوشەکە دارێژێت، سەرەرای ئەوەی گۆران بە نارەوا و بە نایاسایی لە حوکمرانی دورخرایەوە بەڵام سەرۆک وەزیران و جێگرەکەی گوێرایەڵی فەرمانی حزبەکانیان بون و بەمەش ئارامی سیاسی و ئاشتی کۆمەڵایەتی و سەروەری یاسایان زیاتر خستە مەترسیەوە. لەو سەردەمەدا چاکسازیەکی روکەشی پچرپچری تەمەن کورتیان بەرێدەکرد، دورەپەرێزیەکی ناواقیعیان لە بەغدا پێرەو دەکرد، نەیانتوانی سودی گەورە لە رۆڵی گرنگ و هەستیاری کورد لە تێکشکاندی خەلافەتی داعش دروێنە بکەن، لە ماوەی فەرمانرەوایاندا بەرفراوانترین نارەزایی توێژە جیاکانی کۆمەڵگا رویاندا. بە کورتی و کوردی شکست و بێئەوەی هیچ هەنگاوی کرداری و کاریگەر بۆ بەرەنگاربونەوەی دۆخەکە بگرنە بەر. قوباد تاڵەبانی پەرسیاریەتی لەو هەمو روداو و شکستانەدا هەبوە، لە بەر ئەوەی کوری سەرکردەیەکی ناوداری کورد و خانمێکی خەباتکەری کوردە ناتوانێت شکستەکانی داپۆشێت. کەم و کوریەکی بەرچاوی قوباد تاڵەبانی ئەوەیە زۆر بە دەگمەن باسی دیدگا و بەرنامەی تایبەتی خۆی بۆ حوکمرانی کردوە، زیاتر دوای شەپۆلی روداوەکان کەوتوە و رەد فعلی هەبوە. ئێستاش لەم کابینە نوێەدا هەمان پۆستی پێبەخشراوە. کێشە بنەرەتیەکانی ئێستای پەیوەستن بە دۆخی ناوخۆی ئەو هێزەی نوێنەرایەتی دەکات، لە لایەک لە گێژاوی ناکۆکیەکانی ناو حزبەکەیدا ئابڵوقەدار بەرچاو دەکەوێت و لە لاکەی تریشەوە پارتی بواری تەواوی هەناسەدانی پێ نادات. لەم رەوشەدا گیرساوەتەوە، گەر وا بمێنێتەوە لە کاراکتەرێکی ناسراو زیاتر رۆڵی ئەوتۆی نابێت. بە تەنیشت ئەم دو کەسایەتیەی دو بنەماڵەی بەهێز لە کابینەی نوێ، گۆڕان دەمێنێتەوە کە ئارەزومەندانە بە پێکاهەتەیەکی دو ئاراستە بۆتە برا بچوکی ناو کابینەکە. تیمەکەی گۆڕان لە کابینەکەدا کەسایەتی ئاسایین و هیچیان خاوەن بنەماڵە و خێل و سەروەت و سامانی گەورە نین، گۆڕانیش هێزی چەکدار و دامودەزگای هەواڵگری و ئەمنی و سەرچاوەی جێگیری دارایی نیە، تاکە کەسایەتی بەهێز و کاریزمای گەورە کاک نەوشیروان بو ئەویش لە ژیاندا نەماوە، هاوکاتیش جەماوەری گۆران ئومێد و متمانەیان بە دەسەڵاتدارانی گۆران زۆر کاڵبۆتەوە، بۆیە تیمەکەی گۆران ئەلقە لاواز و لەرزۆکەکەی زنجیرەی حوکمرانیە. لە لایەک بەشێک لە تیمەکەی گۆڕان لە سەر حسابی چەمکی تەکەتولی ناو گۆران بۆ ئەو پۆستانە دانراون، بەشەکەی تریش لە ژێر کاریگەری پرۆسەی تەوریسی سیاسی ناو گۆڕان دانراون. ئەم تەوافقسازیەی بەرژەوەندیەکان کاریگەری تیمەکە سنوردار دەکات، مەترسی جدیش لە ئارادایە کورد وتەنی وەک پۆڕی خوراویان لێبێت. بێجگە لەم واقیعە لە ناو دەسەڵاتی حوکمرانیدا دەسەڵاتی سێبەر بۆ بەشێک لە ئەندامانی کابینەکە داتاشراوان بە ناوی یاریدەدەری سەرۆک وەزیران، ئەم ئیزدواجیەتە لە دەسەڵاتەکاندا یەکەم زەنگی ئاگادارکردنەوەیە بۆ پێکهاتەکان کە سنوربەزێنی نەکەن، ئەگەر ئەم هەنگاوە زادەی کەم متمانەیی بێت ئەوا دەبێت چاوەروانی کێشەی گەورە بکرێت، ئەگەریش زادەی دەوڵەمەندکردنی کابینەکە بێت بە کەسانی شارەزا و لێهاتو لە بوارە جیاکاندا باشترە دەسەڵاتەکان دابەش بکرێن و هەر کەس ئەرکی خۆی بزانێت. ئەگەرێکی تریش ئەوەیە زادەی هەر دو بۆچونەکە بێت، لەم حاڵەتەشدا توانا و هونەری تۆکمە و لێهاتوی پێویستە بۆ بەرێوەبردن و راگرتنی ئارامی و هاوسەنگی ناو کابینەکە.  با چاوەروان بین نوسینی: چیا عەباس رۆەتردام: ٩ی سێپتەمبەری ٢٠١٩     


سەرتیپ وەیسی كەریم     فرسه‌ت سۆفی؛ ئاڵنگارییه‌كانی به‌رده‌می     پڕۆفایل : فرسه‌ت سۆفی، گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 39 ساڵ، له‌ گوندێكی ناوچه‌ی شاخاوی دووره‌ ده‌ستی له‌ سنووری باڵه‌كایه‌تی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی شاری هه‌ولێر، دوای بڕینی هه‌ورازو نشێویه‌كی زۆرو به‌ڕێكردنی به‌شێكی ژیانی له‌ "ئۆردوگا" زۆره‌ ملێكان و، ململانێ سیاسی و حزبییه‌كان، دواجار ده‌بێته‌ به‌رپرسی یه‌كه‌می كارگێڕی و ئه‌منی پارێزگای هه‌ولێر. فرسه‌ت سۆفی، سه‌ره‌تایی ژیانی سیاسی له‌ یه‌كێتیی قوتابیانی كوردستان له‌ قۆناغه‌كانی سه‌ره‌تایی خوێندنی ده‌ستپێده‌كات، ئه‌وه‌ی پله‌ی ئه‌ندامی سكرتاریه‌ت و سه‌رنووسه‌ری ڕۆژنامه‌ی " ڕوانین"ی له‌م رێكخراوه‌ تێپه‌رده‌كات، دوای ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌تایی ساڵی دوو هه‌زاره‌كان، كۆلێژی یاساو ڕامیاری/ به‌شی یاسا ته‌واوده‌كات، ده‌ستده‌كات به‌ خوێندنی ماسته‌ر، له‌یه‌كه‌م هه‌نگاوی بۆ وه‌رگرتن له‌ خوێندنی ماسته‌ر هه‌ردوو قۆناغی ماسته‌رو دكتۆرا به‌ پله‌ی یه‌كه‌مه‌كان و زۆر باشه‌ ته‌واوده‌كات، و پاشان له‌ دوای ساڵی 2009 ده‌بێته‌ مامۆستای زانكۆ. سۆفی له‌سه‌ره‌تاكانداو دوای ته‌واوكردنی خوێندنی باڵا، ئاره‌زووی وه‌رگرتنی پۆستی "فه‌رمانگه‌ی ڕێكخراوه‌ نا حكومییه‌كان" ده‌ات به‌ پله‌ی به‌ڕێوبه‌ری گشتییی، به‌ڵام ناتوانێت بگاته‌ به‌و پۆسته‌و دواتر هه‌وڵی به‌ ده‌ستهێنانی پۆستی ئه‌ندامیه‌تی په‌رله‌مان ده‌دات، ئه‌وه‌بوو له‌ هه‌ڵبژاردنی 2013دا، له‌ پڕۆسه‌یه‌كی موجازه‌فه‌دا كه‌ لیستی پارتی خرایه‌ ژماره‌ 100، به‌ڵام هه‌رتوانی توانی 16 هه‌زار ده‌نگ بهێنێت و ببێته‌ ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان. له‌به‌رئه‌وه‌ی پسپۆرییه‌كه‌ی له‌ بواری یاسادا ده‌بێت، هه‌وڵی ئه‌وه‌ده‌دات ببێته‌ سه‌رۆكی لیژنه‌ی یاسایی، یاخود ئه‌ندام، به‌ڵام فراكسیۆنی ئه‌وكاتی پارتی ئه‌و پۆسته‌ی پێ ڕه‌وانابینن، بۆیه‌ ده‌بێته‌ ئه‌ندامی لیژنه‌ی نه‌زاهه‌و لیژنه‌ی مافی مرۆڤ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان. له‌ خولی ڕابردوو په‌رله‌مان، ناوبراو یه‌كێك بوو له‌و كه‌سانه‌ی، به‌هۆی تواناو پسپۆرییه‌كه‌ی ئه‌گه‌ری زۆری هه‌بوو، بچێته‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان، به‌ تایبه‌ت پۆستی سكرتێری په‌رله‌مان، به‌ڵام به‌هۆكاری هه‌ندێ رێگری ناوخۆیی، نه‌یتوانی ئه‌و پۆسته‌ وه‌ربگرێت. سه‌ره‌تایی گه‌یشتن به‌ لوتكه‌ له‌سه‌روبه‌ندی ململانێكانی نێوان گۆڕان و پارتی له‌سه‌ر یاسایی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و مانه‌وه‌ی بارزانی له‌ پۆسته‌كه‌ی، فرسه‌ت سۆفی ده‌بێته‌ سه‌ره‌تایی یه‌كێك له‌ باوه‌ڕپێكراوانی ماڵی بارزانی مه‌كته‌بی سیاسی ئه‌و حزبه‌، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ دێت له‌سه‌رجه‌م دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان له‌باره‌ی هه‌مواری یاسایی سه‌رۆكایه‌تی ( له‌ 23ی حوزه‌یران، 19ی ئاب) تاكه‌ كه‌س بووه‌ له‌و حزبه‌، كه‌ ڕاپۆرت و شیكارییه‌كانی له‌باره‌ی پێشهاته‌كان ڕاست ده‌رچووبوون، لای ماڵی بارزانی و مه‌كته‌بی سیاسی. دوای ئه‌وه‌ی ڕوودای 12ی ئۆكتۆبه‌ری 2015 ڕوویدا، پارتی ڕێگریكرد له‌ هاتنه‌وه‌ی یوسف محه‌مه‌د، بۆ سه‌رۆكی په‌رله‌مان، زۆربه‌ی بۆچوون و شیكارییه‌كانی فرسه‌ت سۆفی له‌وباره‌یه‌وه‌ ڕاست ده‌رچووبوون بۆ حزبه‌كه‌ی، نێچیرڤان بارزانیش له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كردبوو: ته‌نها فرسه‌ت راستی كرد. فرسه‌ت سۆفی و چاكسازی له‌ مانگی یانزده‌ی ساڵی 2015، دوای ئه‌وه‌ی لیژنه‌ی چاكسازی له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و حكومه‌ت پێكده‌هێنرێت، هه‌ریه‌ك له‌ فرسه‌ت سۆفی و گۆڕان ئازاد، به‌ هه‌وڵێكی تاكه‌كه‌سی یه‌كه‌م كاریان ئاماده‌كردنی راپۆرتێك ده‌بێت، كه‌ ئه‌و ڕاپۆرته‌ كه‌ ده‌بێته‌ بنه‌مایی چاكسازی و دواتر حكومه‌ت چه‌ند بڕیارێكی له‌سه‌ر بنه‌مایی ئه‌و ڕاپۆرته‌ ده‌ركرد، به‌هۆی ئه‌و هه‌وڵه‌ مه‌سعود داوایان لێده‌كات بچنه‌ لیژنه‌ی باڵای چاكسازی كه‌ له‌ لایه‌ن خۆیه‌وه‌ ئه‌وكات دروستی ده‌كات، بۆیه‌ فرسه‌ت سۆفی ده‌چێته‌ لیژنه‌ی باڵای چاكسازی ده‌بێته‌ ئه‌ندامی ئه‌و لیژنه‌یه‌و، له‌ ماوه‌ی كاركردنیان زۆرترین دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵی و به‌هه‌ده‌ردانی سامانی گشتیی هه‌ڵده‌داته‌وه‌، له‌وماوه‌یه‌شدا ناوبراو ده‌بێته‌ كه‌سێكی نزیكی هه‌ریه‌ك له‌ مه‌سعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی وڕۆژانه‌وهه‌فتانه‌ زۆرترین جار ده‌یانبینێت. به‌پێی به‌دواداچوونه‌كان و قسه‌ی نزیكه‌كانی سۆفی، ناوبراو باوه‌ڕی به‌ ژیانی شاهانه‌ نییه‌، هیچ دۆسییه‌كی گه‌نده‌ڵیشی له‌سه‌ر نه‌بووه‌، له‌و ماوه‌یه‌دا له‌ سنووری پارتی ده‌ستی بۆ زۆترین دۆسیه‌ی گه‌وره‌ی به‌رپرسی باڵای حزبی و حكومی برد، سه‌ڕه‌رای ئه‌وه‌ی زۆرترین ئۆفه‌رو هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌خرێته‌ به‌رده‌م و ڕووبه‌رووی ده‌كرێته‌وه‌، به‌ڵام هه‌ر كۆڵ نادات و به‌رده‌وام ده‌بێت. له‌ دوای سڕكردنی یاسایی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و نێچیرڤان بارزانی داوای لێده‌كات نوسینگه‌كه‌ی داناخات و به‌رده‌وام بێت له‌كاره‌كانی به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌و دیوانی چاودێری دارایی، له‌ نێو حكومه‌ت. فرسه‌ت سۆفی به‌یارمه‌تی هاوكاره‌كانی ئه‌و مه‌له‌فانه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ سنووری سلێمانیشه‌وه‌ هه‌بوو، له‌ ڕێگه‌ی نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵه‌بانی ده‌یخاته‌ به‌رده‌م به‌رپرسانی ئه‌و حزبه‌ به‌مه‌به‌ستی ساخكردنه‌وه‌یان. له‌ماوه‌ی ئه‌وه‌نده‌ ساڵه‌ی كاركردنی ناوبراو له‌ لیژنه‌ی چاكسازی، وه‌ك ده‌وترێ ئه‌وه‌ی "سڕو تڕی" به‌رپرسه‌ حزبی و حكومییه‌كانه‌ ده‌كه‌وێته‌ به‌رده‌ستی، به‌مه‌ش زۆرێك له‌ سه‌ركرده‌ باڵا ده‌سته‌كانیش ده‌یانه‌وێ خۆی لینزیكبكه‌نه‌وه‌و به‌رده‌وام موجامه‌له‌یان كردووه‌. فرسه‌ت؛ عه‌راب و ئه‌ندازیاری نزكیبوونه‌وه‌ی پارتی له‌گه‌ڵ هێزه‌كان له‌دوای ئه‌وه‌ی ناوبراو له‌ ساڵی 2015 و 2016 ده‌چێته‌ پێش، له‌وماوه‌یه‌دا زۆرترین لینك و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی یه‌كێتیی و گۆڕان دروستده‌كات، دواتر به‌شێوه‌یه‌كی نا فه‌رمی ده‌بێته‌ مونه‌سیقی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان پارتی له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی و گۆڕان، زۆرترین په‌یوه‌ندی و دانیشتنه‌ نهێنییه‌كان له‌ لایه‌ن ئه‌وه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌. فرسه‌ت سۆفی له‌ رێگه‌ی دۆسته‌كانی له‌ نێو یه‌كێتیی و گۆڕان له‌ لیژنه‌ی چاكسازی حكومه‌ت، له‌و ماوه‌یه‌دا به‌ ئاگاداری هه‌ردووك بارزانی ده‌بێته‌ متمانه‌پێكراوی هه‌ریه‌ك له‌ هێرۆخان و كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ، زۆرترین جار دیدارو چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵیان ده‌بێت، هه‌موو جۆره‌ په‌یام و نامه‌و ئاسایكردنه‌وه‌یه‌كی دۆخه‌كه‌ش له‌ نێوان پارتی له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی و گۆڕان ڕۆڵی ئه‌وی تێدا ده‌بێت. ناوبراو په‌یوه‌ندییه‌كی توندو تۆڵی له‌گه‌ڵ كوڕه‌كانی تاڵه‌بانی و نه‌وشێروان موستا هه‌بووه‌و له‌ زۆربه‌ی دۆسیه‌ هه‌ستیاره‌كانی پارتی له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو لایه‌نه‌ ئاماده‌یی هه‌بووه‌و زۆربه‌ی په‌یامه‌كان له‌و نێوه‌نده‌دا له‌ لایه‌ن ناوبراو گه‌یاندراوه‌. ئه‌و هه‌ماهه‌نگی و ته‌نسیقه‌ی نێوان لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر ده‌ستی فرسه‌ت سۆفی به‌رده‌وامی ده‌بێت، تاوه‌كو هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌م دوایه‌ی هه‌رێمی كوردستان، دواتریش سه‌ركردایه‌تی پارتی ده‌یكات به‌ ئه‌ندامی لیژنه‌ی دانوستانكاری پارتی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان، به‌و پێیه‌ی ناوبراو كلیكی كردنه‌وه‌ی زۆربه‌ی دۆسیه‌ ئاڵۆزه‌كانه‌و ئه‌ندازیای ئه‌و هه‌ماهه‌نگیه‌ بوو. به‌ر له‌وه‌ی دانوستانه‌كانی پارتی له‌گه‌ڵ گۆڕان و یه‌كێتیی به‌ فه‌رمی ده‌ستپێبكات، ناوبراو زه‌مینه‌یه‌كی زۆر له‌ بار دروستده‌كات له‌ نزیكبوونه‌وه‌ی پارتی و گۆڕان، دواجاریش ئه‌و زه‌مینه‌ خۆشكردنه‌ بووه‌ هۆی پارتی و گۆڕان، له‌م چه‌ند دانیشتنێكی زۆر كه‌مه‌دا ڕێككه‌وتن واژووبكه‌ن. ئه‌گه‌رچی ناوبراو تاوه‌كو ئێستا پۆستێكی باڵای حزبی نییه‌، به‌ڵام دۆسیه‌ ئاڵۆزه‌كانی دانوستاندنی نێوان پارتی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه‌، هه‌رده‌م له‌ ژێر ده‌ستی ئه‌ودابوون و هه‌ركاتێك له‌یه‌ك دوور بایه‌ن، داوایان لێده‌كرت وه‌كو هۆكاری خێر چاره‌سه‌رێك بدۆزێته‌وه‌و قسه‌یه‌كی تێدا بكات. به‌پێی وته‌ی ئه‌ندامانی لیژنه‌ی دانوستانكاری هێزه‌كان له‌و كۆبوونه‌وه‌ ئاڵۆزانه‌ی كه‌ له‌ماوه‌ی ڕابردوودا به‌ڕێوه‌ده‌چوون، ناوبراو دوای هه‌مووان قسه‌ی خۆی ده‌كرد، زۆرترین پێشنیازو قسه‌كانیشی به‌ ئاڕاسته‌ی گه‌یشتنی لایه‌نه‌كان بوو، له‌ هه‌ركۆبوونه‌وه‌یه‌كیش لایه‌نه‌كان نه‌گه‌یشتبووان به‌ لێكتێگه‌یشتن دواتر په‌یوه‌ندی به‌ ناوبراوه‌وه‌ ده‌كرا تا قسه‌یه‌كی باش له‌ بابه‌ته‌كه‌ بكات. له‌سه‌ر پرسی دانانی پارێزگاری كه‌ركوكیش ڕۆڵێكی گرینگی بینی له‌ نێوان مه‌سعود بارزانی و كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ. فرسه‌ت سۆفی و پۆستی باڵا له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی 30ی ئه‌یلولی 2018، مه‌سعود بارزانی له‌ ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی په‌یوه‌ندی به‌ فرسه‌ت سۆفیه‌وه‌ ده‌كات، تاوه‌كو جارێكی دیكه‌ خۆی بۆ ئه‌ندامیه‌تی په‌رله‌مان كاندید بكات، به‌ڵام ناوبراو به‌ بارزانی ڕاگه‌یاند : كه‌ هیچ ره‌غبه‌تێكی له‌سه‌ر بوون به‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان نییه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌ویش سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كاندید بكرێت، ئه‌وا داواكه‌ی بارزانی ڕه‌تناكاته‌وه‌.بارزانیش زۆری لێناكات و داواكه‌ی خۆی ده‌كاته‌ ئاره‌زوومه‌ندانه‌، دواتریش ناوبراو له‌كاندیدكردنی ده‌كشێته‌وه‌. له‌ دوای ئه‌وه‌ی فۆڕمی خانه‌نشینی خولی ڕابردووی په‌رله‌مان به‌سه‌ر ئه‌ندامان دابه‌شده‌كرێت، ناوبراو تاكه‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان ده‌بێت له‌ فراكسیۆنی خۆی و فراكسیۆنه‌كانی دیكه‌، پڕكردنه‌وه‌ی ڕه‌تده‌كاته‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌كی كرداری ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر كاری پێشووی وه‌ك مامۆستایی زانكۆی پۆله‌ته‌كنیك، له‌ ئێستاشدا له‌ یه‌كێك له‌ زانكۆ ئه‌هلییه‌كان وه‌كو وانه‌بێژ وانه‌ ده‌ڵێته‌وه‌. دوای فرسه‌ت سۆفی جێگای متمانه‌پێكراوی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی، دوجار له‌ لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ پێشنیازی چه‌ند پۆستێكی باڵای پێدرا له‌وانه‌ پۆستی ( پارێزگاری هه‌ولێر، وه‌زیر، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران)، له‌گه‌ڵ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كان، به‌ڵام دواجار ته‌نها بژارده‌ی هه‌ڵبژاردنی یه‌كێك له‌ پۆسته‌كانی له‌به‌رده‌م مایه‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ هه‌ڵیبژێرێت، ئه‌ویش ناچار ڕازی بوو به‌ وه‌رگرتنی پۆستی پارێزگاری هه‌ولێر. خاڵه‌ لاوازو به‌هێزه‌كانی فرسه‌ت سۆفی له‌ دوای ده‌ستبه‌كاربوونی فرسه‌ت سۆفی، وه‌كو پارێزگاری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان، به‌هۆكاری ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام خواست له‌سه‌ر پۆستی یه‌كه‌می ئه‌و پارێزگاره‌ له‌ دوای ساڵی 1996ه‌وه‌ به‌رده‌وام له‌لایه‌ن سه‌ركرده‌كانی پارتی ململانێی توندی له‌سه‌ر بووه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌و سه‌ركردانه‌ی كه‌ خه‌ڵكی شاره‌كه‌ن و خۆیان به‌ شایه‌نی وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته‌ ده‌زانن و به‌رده‌وامیش شه‌ڕیان له‌سه‌ر كردووه‌. وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته‌ له‌وكاته‌دا وابه‌ئاسانی نه‌بوو، چونكه‌ به‌ر له‌وه‌ی بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بدرێت ناوبراو بكرێته‌ پارێزگار هه‌ریه‌ك له‌ : ( پشتیوان صادق و ئه‌حمه‌د كانی و مامۆستا عبدالڵه‌ و چه‌ند كه‌سێكی دیكه‌ ) داوایان كردبوو ببنه‌ پارێزگار. له‌به‌رئه‌وه‌ی فرسه‌ت سۆفی له‌سه‌ر ئاستی حزبی سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی هیچ به‌رپرسیاریه‌ته‌كی نییه‌، له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كیش نییه‌، كه‌ باوك و باپیرانی به‌رپرس بووبن، هه‌ربۆیه‌ رووبه‌ڕووی ئاڵنگارییه‌كی گه‌وره‌ ده‌بێته‌وه‌و ڕه‌نگه‌ ئاسان نه‌بێت موماره‌سه‌كردنی ئه‌و پۆسته‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ی له‌ جه‌رگه‌ی هه‌ولێر ژیابێت، باش ئه‌وه‌ده‌زانێت، كه‌ هه‌رده‌م سه‌ركرده‌كانی پارتی له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر، له‌سه‌ر ئاستی ئه‌نجومه‌نی سه‌كردایه‌تی هه‌ولێر، به‌ درێژایی ساڵانی ڕابردوو له‌ ململانێی توندابوون له‌گه‌ڵ یه‌كتر، ئێستاش كه‌سێك كه‌ هیچ به‌رپرسیاریه‌تێكی نییه‌و دێته‌ ئه‌و شوێنه‌، ئاسان نییه‌ هه‌زمه‌كردنی وه‌ك پارێزگار. ئاڵنگارییه‌كی دیكه‌ كه‌ له‌ ئێستادا ڕووبه‌رووی ناوبراو ده‌بێته‌وه‌ نه‌بوونی بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگارو بودجه‌ی حكومه‌ته‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان، چونكه‌ له‌ بیرمان نه‌چێت ئه‌نجامدانی كاری خزمه‌تگوزاری و ئیداری له‌ ئه‌وله‌ویه‌تی كاره‌كانی هه‌ر پارێزگارێكه‌، هه‌ربۆیه‌ ئه‌گه‌ر قه‌یران به‌رده‌وام بێت و ناوبراو پاره‌ی پێویستی له‌به‌رده‌ست نه‌بێت، ڕه‌نگه‌ ببێته‌ خاڵێكی لاوازی بۆی به‌ یه‌كجاری مێژووی ژیانی سیاسی بكه‌وێته‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ناوچوون، هه‌ر له‌ گه‌نجیه‌وه‌ خۆری ئاوابێت. هه‌رچه‌نده‌ لای به‌شێك خه‌ڵك ئه‌وه‌ده‌خوێندرێته‌وه‌ كه‌ دانانی ناوبراو له‌ شوێنی نه‌وزاد هادی له‌ سه‌روبه‌ندی ململانێی نێوان نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانیه‌، ئه‌م دانانه‌ش له‌وكاته‌دا وه‌كو پاكتاوكردنی باڵی نێچیرڤان بارزانی له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێت، به‌ڵام له‌ بنه‌ڕه‌تدا ناوبرو به‌یه‌ك دووری په‌یوه‌ندی باشی له‌گه‌ڵ هه‌ردوولا هه‌یه‌و دانانه‌كه‌شی چه‌ند مانگێك به‌ر له‌ ئێستا بڕیاری له‌سه‌ردرابوو. ئاڵناگه‌رییه‌كی به‌رده‌می ناوبراو ئه‌وه‌یه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی پارێزگاری هه‌ولێر چه‌قی ڕووبه‌رووبوونه‌وه‌ی زۆربه‌ی به‌رپرسه‌ بازرگانه‌ گه‌وره‌كانی هه‌رێمه‌، بۆیه‌ ئاسان نابێت بۆ ئه‌و ڕووبه‌رووی ئه‌و هه‌موو بازرگانه‌ ببێته‌وه‌ له‌یه‌ك كاتدا. دوو خاڵی به‌هێزی پارێزگاری نوێ هه‌ن، كه‌ ڕه‌نگه‌ هه‌رئه‌مه‌ش وایكردبێ به‌ وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسه‌ ڕازیبێت، ئه‌ویش نزیكایه‌تی و پاڵپشتی هه‌ریه‌ك له‌ مسعود بارزانی و مه‌سرور بارزانی و نێیچیرڤان بارزانییه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش واده‌كات هیچ كه‌سێك نه‌توانێت له‌ماوه‌ی ژیانی پارێزگاریه‌تی دژایه‌تی بكات. هه‌رچه‌نده‌ سۆفی به‌ سروشتی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ نییه‌ دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵی له‌ دژی هیچ كه‌سێك له‌ رێگه‌ی میدیاو هه‌ڕه‌شه‌ی ناڕاسته‌وخۆ بجولێندرێت، پێویسته‌ ڕێره‌وی یاسایی خۆی وه‌ربگرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ ڕوون ئاشكرایه‌، كه‌ زۆربه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵیان هه‌یه‌ له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر( به‌ به‌رپرسه‌ گه‌وره‌و بچووكه‌كان) مه‌له‌فیان له‌سه‌ر ژێر ده‌ستی ناوبراوه‌و، بۆیه‌ش ئاسان نابێت داژیه‌تیكردنی و ترسی دۆسییه‌كان له‌ دڵی ئه‌و كه‌سانه‌ هه‌رده‌مێنێت. له‌ڕۆژانی داهاتوو ناوبراو به‌ فه‌رمی ده‌بێته‌ پارێزگاری هه‌ولێر، دواتر ڕوونتر ده‌رده‌كه‌وێ تا چه‌ند سه‌ركه‌وتووه‌ له‌یه‌كه‌م ئه‌زموونی ئیداره‌دانی پارێزگارێكی گه‌وره‌ی وه‌كو هه‌ولێر.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand