ئاسۆ حاجی ھاوڕێیەکی ئەوروپیم ھەیە لە یەکێک لە ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە کار دەکات و جاروبار سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات و یەکدی دەبینین. جارێکیان شتێکی بۆ باسکردم و ئەوڕۆ دوای روونکردنەوەکەی سەرۆکایەتی حکومەت دەربارەی گرفت دروستکردن بۆ گەیشتنی گازی شل بە ھەولێر و دھۆک لەلایەن کەسانی دەست رۆیشتوو لە دەڤەری سلێمانی و گەرمیان قسەی ئەو برادەرە ئەوروپیەم وەبیرھاتەوە. زیاتر لە ساڵێک پێش ئێستا لەگەڵ ئەو برادەرە گفتوگۆمان دەربارەی حکومڕانی کوردستان و چۆنیەتی مامەڵەکردنی حیزبەکان لەگەل حکومەت دەکرد، ئەو بۆی باسکردم کە برادەرێکی نزیکی ئەو کە لە دەزگای ھەواڵگری وڵاتەکەی لە کوردستان بۆ ماوەیەک کاری کردووە بەراوردێکی سەرنج راکێشی لە نێوان دەسەڵات لە ھەولێر و سلێمانی بۆ کردووە. ئەو کەسە پەیوەندی و کاری لەگەڵ دەزگاکانی ھەواڵگری و ئاسایشی کوردستان ھەبووە، گوتوویەتی کارکردن لە دەڤەری سلێمانی بۆ ئێمە زۆر خۆشتر و ئاسانترە لەوەی ھەولێر. چونکە ھەر کەسێکمان بوێ، تەنھا ناوەکەی بدەینە دەزگا پەیوەندیدارەکان بەبێ سێ و دوو بێ پرسیارکردن کەسەکەمان بە قۆلبەست کراوی بۆ دێنن و ئەگەر بمانەوەێ ھەر لەناوی ببەن بەبێ پرسیار کردن کارەکە ئەنجام دەدەن، تەنھا بۆ ئەوەی باڵادەست بوون و ھێزی خۆیانمان نیشان بدەن، بەڵام لە ھەولێر داوای لەو شێوەیە توشی ھەزاران پرسیار و لێکۆڵینەوەت دەکا و بەبێ بریاری دادگا کەس ناتوانێ کەسێکی دیکە دەستگیربکا یان ھەڵبکوتێتە سەر ماڵان. ئەوەشی لە قسەکانی زێدە کرد کە لە ھەولێر ئەگەر داوای کەسێک بکەی ئەوە یەکسەر داوای دۆسیەکەت لێ دەکەن و بەخۆیان مامەڵە لەگەڵ کەیسەکەدا دەکەن. ئەو کات قسەکانم بە ھەند وەرنەگرت و گوتم چونکە دەزانێ نێوانی ھەولێر و سلێمانی سیاسەت تێکیداوە و کەسانێک بۆ بەرژەوەندی خۆیان ھەر دوولا بۆ دژایەتی ھاندەدەن و خەڵکی ئەو دوو شارە تا رادەیەکی زۆر کەوتوونەتە ژێر کاریگەری ئەو گوتارەی رک وەبەردێنێ، بۆیە ئەو قسانە دەکات. بەڵام ئێستا کە دەزانم مافیاگەلێک دەستیان دەچێتە بڕینی گاز بۆ بەشێکی وڵاتەکەیان و میللەتەکەیان، ئەوە ناچارم دەستبەرداری لێکدانەوەکەم بم و ددان بەو راستەقینە تاڵەدا بنێم کە برادەرە بیانییەکەم بۆی باسکردم و دەزانم ئەوەی حکومەت دەیڵێ راستە و چەند کەسێکی مافیا گرفت دروست دەکەن بۆ ئەوەی گازی شل بگاتە ھەولێر و دھۆک.
هۆشیار عەبدوڵا (۱) پارتی لە دەسەڵاتدا نەبوایە،بۆ نمونە وەک کۆمەڵ یا یەکگرتو بوایە هەرگیز وەک ئێستا رەخنەم لێنەدەگرت،لە هەمو دونیادا ئۆپۆزسێۆن،رۆشنبیران،میدیا،خەڵک بەگشتی رەخنە لەو هێزە دەگرن کە لە دەسەڵاتدایە،هەمان شت بە حەجمی خۆیان بۆ یەکێتی و گۆڕانیش راستە،دەسەڵاتێک نیە لە دونیادا بێ رەخنە! (۲) کۆمەلێک حەربا و هەڵگەڕاوە پەیدابون پاکانە بۆ پارتی دەکەن،رەخنە لە پارتی دەبەنەوە سەر پرسی ئایدۆلۆژیا لە کاتێکدا(بەشێک)لە کادیرەکانی پارتی خۆیان رەخنەکان لەو بەناو سیاسیە ئەکادیمیانە سروشتی تر وەردەگرن،هەن بەڕادەیەک خۆیان و فکری دوێنیان بیرچۆتەوە دەلێن؛رەخنە سودی بۆ خەڵک چیە؟! (۳) هەن هێندە هەڵگەراونەتەوە!ئۆباڵێ هەمو کەموکوڕیەکی هەرێم دەخەنە ئەستۆی گۆڕان،لەولاشەوە دەڵێن گۆڕان تەواو بوە و نەماوە!من هێشتا بێهیوا نیم لە گۆڕان بۆیە رەخنەشی لێدەگرم،سبەی وازیش بێنم هیوای سەرکەوتن بۆ ئەو هاورێیانەم دەخوازم کە دەمێننەوە،گەڕ گەڕ ناکەومە وێرانکردنی ماڵەکەی دوێنێم!؟ (٤) قەناعەتم بە دو بۆچون زۆرە،یەکیان،دەڵێ؛لەگەڵ کەسێک مەکەوە بەرخورد کە هیچی نیە لە دەستی بدات،یەکێکیش کە دایم فکری لای پارە و دەسکەوتی ماددی بێ،چونکە تۆ هەرچیەک بکەی ئەو هەر دژتە چونکە فکری لای گرێ دەرونیەکەی خۆیەتی؛بۆچی تۆ بویتە پەرلەمانتار و ئەو نەبو؟!بۆچی تۆ هەیت و ئەو نیە؟! (٥) گەر تەنها هەڵسوراوی گۆڕان بومایە و بەدەنگی خەڵک نوینەر نەبومایە،مەجبور نەبوم بەردەوام بدوێم.دەشتوانم دەست بەکڵاوەکەمەوە بگرم با نەیبا،ئەگەر وەفا بۆ فکری گۆڕانخوازی نەبێت پەرلەمانتاریش نەبوایە دەمتوانی میدیاکارێکی بەناز یا وەک زۆرێک لە بری رەخنە خەریكی رازیکردن و مەرایی دەسەڵاتبم!
هەندرێن شێخ راغب من دكتۆر نیم، شارەزای زانستی پزیشكی نیمو مافی ئەوەم نیە قسە لەسەر ڤایرۆسو نەخۆشیەكی دیاریكراو بكەم. بەڵام دیوە بە سیاسی بوونەكانی ئەم بابەتە دەشێ رای لەسەر بدەین. چینی ئێستا بەرهەمی سەركەوتنی شۆڕشێكی چەپە، یەكێك لە سەمبولەكانی ئەم شۆڕشە (ماوتسی تۆنگ)ە، ئەم سەركردەیە كاریگەری لەسەر فكری بەشێك لە سیاسیە كوردیەكانیش داناوە. كاتێك دامودەزگای دەوڵەتیان وە چنگ كەوت، دنیا زۆر بە بایەخەوە لە قوڵاییەكانی نەدەڕوانی. دواتر دوو شۆڕش لە ناو چین راگەیەندرا، یەكەمیان شۆڕشی رۆشنبیری، دووەمیان شۆڕشی كشتوكاڵ. لەسەر ئەم دوو شۆڕشە ماوتسی تۆنگو هاوڕێكانی خەڵكیان كوشتوە. واتە بەزۆر بووە. قبوڵكردنی ئەم دوو شۆڕشە ئیجباری بوو. دەسەڵات دەیگوت دەبێت هەموو هاوڵاتیانی چین بەشداری ئەم دوو شۆڕشە بكەن، رۆشنبیریو كشتوكاڵی. بەرهەمەكەی دیارە كە ئێستا دەركەوت چین ئەژدیهای ئابوری جیهانەو تەختی دنیای سەرمایەداری خستۆتە لەرزەو كۆنتڕۆڵ ناكرێت. خاكی زۆرە، ئەگەر ملیارێكی دیكەش زیاد بكات لەخۆی دەگرێت. دنیا سێ بەش بێت بەشێكی خەڵكی چینە، یەك حزب حاكمە، حزبی شیوعیە. دەوڵەت چەپە. ئەمەش زۆر دژی رەهەندەكانی ئەمریكاو ئەوروپاو دنیای سەرمایەدارییە. ئەمریكاو ئەوروپای رۆژئاوا سەركەوتن لە روخانی یەكێتی سۆڤیەت. لە پاشەكشەی گەورەی فكری ئیسلامی لەناوچەكە. باڵە چەكداریەكەی ئیسلامی سیاسیان لەناوبرد. ئێستا یەك كۆسپیان لەبەردەم ماوە كە وڵاتی چینە. چین بە ئابوریەكی مەزن كە باكگراوندی دوو شۆڕشی لەپشتە، شۆڕشی رۆشنبیریو كشتوكاڵی. ئاسان نیە دەستەمۆ بێت. ئێستا دوای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، میدیای درۆزنی ئەمریكیو ئەوروپای رۆژئاوا، كەوتونەتە گیانی هاوڵاتیانی جیهانو دەیانەوێت چین وێران بكەن، وە بڕێكی زۆریش سەركەوتن، بەهەزاران گەشتو كۆمپانیاو كاری بازرگانیان لەچین پەك خست. دەیانەوێت جەنگی كۆرۆنا، وەك جەنگی ئابوریو سیاسی بەرامبەر چین بەكاربهێنن. لەكاتێكدا دەبێت بەمەترسی تەندروستیو پزیشكیو چارەسەری ئەم ڤایرۆسە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت. لەئێستادا لەم جەنگە دەرونیو ڤایرۆسیە بەرامبەر چین سەردەكەون، بەڵام چین لەداهاتوو ناكەوێتو هەڵدەستێتەوە. تەنانەت گرفتی ئەمریكا لەگەڵ ئێران هەر ئەوەیە، ئۆپۆزسیۆنی كۆماری ئیسلامی ئێران، چەپەكانن، ئەمریكا دەترسێت ئەگەر كۆماری ئیسلامی بڕوخێنن، رژێمێكی مەیل چەپگەرا بێتە حوكمو ئەوكاتە ئێران ببێتە چینی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەمەش خزمەت بە ستراتیژی سەرمایەداریو بازاڕی ئازادی رۆژئاوایی ناكات. دنیای سەرمایەداری ناكۆكە بە ئایدۆلۆژیاو دینو مەزهەب، چونكە ئەمانە خزمەتی بازاڕو بازرگانی ئازادی ئەو ناكەن، جگە لە حالەتێك نەبێت كە بیانكاتە كەرەستەی بازرگانیو قازانج.. ئێستاش ئیسلامو چەپ دوو فكرن وەك یەك رووبەرووی دنیای سەرمایەداریو رۆژئاوا دەبنەوە بەسەركردایەتی ئەمریكا. ئەم دوو فكرە لەجیاتی ئەوەی پێكەوە كاربكەن، میدیاو سیاسەتو پلانەكانی ئەمریكاو رۆژئاوا وایكردووە كە دژی یەكتربنو ئاگایان لە مونافیسە سەرەكیەكەی خۆیان نەبێت. بەهەرحاڵ، وڵاتی چین ئاسان ناكەوێتو جڵەوكردنی زەحمەتە، چونكە ئایدیای چەپ بۆتە ئایدیای بازاڕو فەرهەنگو كاری دامەزراوەكانو هاوڵاتیان. وەك چۆن چینیەكان دەڵێن رۆژێك دێت كارێك دەكەین زمانی چینی ببێتە زمانی یەكەمی جیهان. هەرێمی كوردستان بازرگانیەكی زۆر لەگەڵ وڵاتی چین دەكات، بازاڕی ئێمە كاڵای زۆری چینی تێدایە. دەبێت هێمن تربینو ئاگامان لە بەرژەوەندی بازرگانیو بازاڕو كارمان بێت. بەتایبەت لە ئاستی گوتار لە ئێستادا.
زانا عەبدولڕەحمان ئەسپی تەروادە چیرۆكێكی بە ناوبانگی گەلی یۆنانییە، ئەم چیرۆكە بۆتە ڕەمزی لە خشتەبردن و فریودانی بەرامبەر؛ بۆ سەركەوتنی پڕۆسەی داگیركاری . ئەم چیرۆكی فریودانە لەبەر گرنگییەکەی كراوتە فیلم، لە دنیایی سیاسەتكردن و ململانێ و بەرەنگاری بەو جوڵەیە ئەڵێن ستراتیژی ئەسپی تەروادە. پارتی لە ساڵی (1992)وە دەوێت سلێمانی بخات ژێر ركێفی خۆیەوە و هەژموونی لەو شارە زیاد بكات، بەڵام تا ئەم كاتە سەركەوتوو نەبووە. هەرچەندە هەوڵی زۆریان لەو بوارەداوە بە ڕێگەی جیاواز چ بەهێزی خۆی و بە سود وەرگرتن لە هێزی داگیركەران، بە پارە و كڕینی خەڵك و موڵك و ماڵ، بە فشار دروست كردن، هەوڵی جدی بەردەوامیداوە؛ بەڵام وەك بڵقی سەرئاو هەوڵەكانی زوو تەقیوون. پارتی هەروازی نەهێناوە؛ بەڵكو كۆتا هەنگاوی بۆ سەپاندنی خۆی، هێنانی (ئەسپەكەی تەروادەیە) كە پڕی كردوە لە جاسوس و كاسەلێس و ئۆپۆزسیۆنی پۆپۆلیستی درۆزن و خۆهەراج كەر؛ كە ئێستا بوونەتە دەم ڕاستی پارتی و پڕۆسەی بەناو چاكسازی. بەشێكی زۆری ئەوانەی كادری دیاری یەكێیتی و گۆڕانن بۆ رەزامەندی پارتی، بۆ بەرژەوەندی دراو؛ خۆیان بە ئەسپە دارینە وەهمییەكەی پارتی هەڵواسیوە و خەریكی بێ هیوا كردنی خەڵكن لە سلێمانی و دەیانەوێ ناشرینترین وێنە نیشانی خەڵك بدەن؛ بڵێن گەر ئێوە تەسلیم نەبن؛ گەر هەمووتان نەبنە بەشێك لە ئەجێندای سەری رەش و ئەسپەكەی، ئەوا نە شەقامی قیرتان بۆ دەكرێت؛ نە بازارٍ جوڵە و گەشەسەندنی بازرگانیتان بۆ دەرەخسێت؛ نە پڕۆژەی پێویستان بۆ جێبەجێ دەكرێت؛ نە دامەزراندن بۆ ئێوە هەیە؛ چونكە ئێوە پارتی نین و بە قسەی ئێمە ناڵێن ... (بەڵێ)؟! بانگەشەی ئەوە ئەكەن؛ هەرچی خۆراكی خراپ و موادی خراپە تەنها لە سنوری مەرزەكانی سلێمانیەوە دێت چونکە ئێوە پارتی نین ؟، وا پیشان ئەدەن كە تەنها دەروازە لە هەرێم تەنها ئەوانەی سلێمانییە!!! ئەمە بەشێكە لەو دەستەواژانەی كە خۆفرۆشەكانی یەكێیتی و گۆڕان لە ناو ئەسپەكەی تەروادە بانگەشەی بۆ دەكەن. تاقمی ناو ئەسپەكە خەریكن ئەم شارە و هەیبەتەكەی تا لێواری خستن بەرن و حەق و رەوایەتی بدەن بەو سزاییەی پارتی؛ لە لایەکی ترەوە خستنی كەناڵە میدیاكانی سلێمانی بۆ ؟ بۆ كەئێن ئێن داخرا بۆ كوردسات و گەلی كوردستان نوزەیان لێبڕا ؟ لەوانەیە بڵێن هۆكارەكە بێ پارەیە؛ بەڵام وانییە، ئاخر چۆن سەرۆكی حكومەت پارە بۆ سێ كەنالی ئاسمانی هەیە؟! یانی چی جێگرەكەی پارەی بۆ كەناڵێك پێ نییە؟! چۆن حیزبێكی وەك گۆڕان كە جاران ئۆپۆزسیۆن بوو پارەی بۆ كەناڵەكە هەبوو ئێستا شەریكی پارتیە و لە حكومەتە بڵێت پارەم پێ نییە بۆیە ئەمانە بە ئەنقەست بە دڵی پارتی كراون تا خەڵك ئەم شارە تەنها چاوی لەو كەناڵانە بێت كە بە ستۆدیۆی زەبەلاحەوە هاتونەتە سلێمانی و سەپۆرتی سیاسیەتی پارتی و ئەسپەكەی تەروادە ئەكەن؛ تا پێمان بڵێن كە ئێوەیی خەڵكی سلێمانی كەمترن لە خەڵكی شارەكانی تر بەشێ لە كاربەدەستانی یەكێیتی و گۆڕان لە حكومەت لەبەر بەرژەوەندی خۆیان، خۆیان بەم ئەسپەی پارتییەوە هەڵواسییوە، بەڵگەش بۆ ئەوە هەندێ لە كاربەدەستانی گۆڕان و چەند كەسێكی یەكێتی لە حكومەتەكەی پێشوو نەگەڕانەوە سلێمانی و ئیعلانی پارتی بوونی خۆیان راگەیاند و بوونە سەرتۆپی پلانی خستنی ئەم شارە. ئەم كولتوری خۆفرۆشتنە بە پۆست خەریكە دەبێتە دیاردەیەكی زەق؛ چونكە هاوكێشەیەك هەیە هەرچی پۆست لە هەولێر وەردەگرێت. دوای دوو مانگ دڵی لە سلێمانی تەنگ دەبێت و حەز ناكات بە سەردانیش بێتەوە ئەم شارە. ئەو نهێنیە چیە؟ بۆ ئەو كەسانە واهەڵدەگەڕێنەوە؟ وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتیەكانی یەكێیتی و گۆڕان دەبنە دوژمنی پڕۆژەكانی سلێمانی و یەك هەنگاو بۆ ئاوەدانكردنەوەی ئەم شارە نانێن، ئەوانن كە پێمان دەڵێن پێویستە ببنە پارتی و بەڵێ بۆ بارزانی و كوڕەكانی بكەن؛ ئەگەرنا نە خۆشی دەبینن و نە گەشەسەندنی شارەكەتان. بەڵام ئەم جاسوسانە تاكەی بەرگە ئەگرن ؟ هێشتا لەوە نەگەیشتون سلێمانی شاری خۆی بە دەستەوەدان نییە؛ چۆن پارتی و یەكێتی و گۆران و هەموو ئەوانەی رەتكردۆتەوە ئەم هەنگاوەش تەنها هەر بڵقی ئاوی كانی ئاسكان ئەبێت ئەسپەكەی پارتی بە تۆپیووی ئەگرێتەوە بۆ بارەگای خاوەنەكەی
سامانی وەستا بەکر دیاری کردنی کاندیدێکی سەربەخۆ لەسەر داوای شەقامی ڕاپەڕیووی عێراق قورس نیە بەڵکو ئەوەی قورسە دەست هەڵگرتنە لە پاوانخوازی، گەندەڵی، تاوان، حیزب و خێزان و تاک پەرستی. لە عێراق چەندین کەسایەتی بەهێز، پرۆفیشناڵ، لێهاتوو، بوێر، سەربەخۆ و خاوەنی تەنها ڕەگەزنامەی عێراقیبن بوونی هەیە هەروەک ئەوەی شەقامی ڕاپەڕیووی ئەو وڵاتە داوای ئەکەن بەڵام ئەوەی لەو کەسایەتیانەیا نیە گرەنتی پاراستنی بەرژەوەندیە حیزبی و خێزانی و کەسایەتیەکانی دەستەی باڵادەست و قۆرخکاری فەزای سیاسین دوای ساڵی ٢٠٠٣وە. حزبی سیاسی کە بە یەکێک لە پرەنسیپەکانی دیموکراسی دادەنرێت بریتییە لە ڕێکخستن و بەیەکەوە کارکردنی کۆمەڵێک لە تاکەکانی کۆمەڵگە کە یەک تێڕوانینی فکری ھاوبەشیان ھەیە و ھەوڵئەیەن ڕای گشتی بەلای خۆیانا ڕابکێشن لەپێناو گەیشتن بە دەسەڵات. لە چلەکانی سەدەی ڕابردووەوە دروستکردنی حزب یەتە ناو کۆمەڵگەی کوردی، بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستاش ناتوانرێت ئەم حزبانە وەک حزبی مۆدێرن وێنا بکرێن، فاکتەرەکانیش بەشێکیان پەیوەندییان بە خەباتی ڕزگاریخوازی کوردەوە ھەیە، و بەشەکەی تریش پەیوەندی بە مێنتاڵتی خودی حزبەکەکانەوە ھەیە، بەشی هەرە گەورەشی پەیوەندی بە تێگەشتنی تاکی کوردەوە هەیە بۆ حیزب. حزبەکانی جیهانی سێ و ڕۆژهەڵاتی ناوین لە ناویشیانا باشوری کوردستان لەڕووکاردا دیموکراسین، بەڵام لە تایبەتمەندی و کڕۆکدا ھەڵگری پرەنسیپ و تایبەتمەندی دیموکراسی ڕووکەشن نەک ناوەرۆک بەڵکو بگرە نزیکترن فاشیزم. فاشیزم ھەڵگری کۆمەڵێک پرەنسیپە کە ئەمانەن” حکومەت لەسەروو ھەموو کۆمەڵگاوەیە و کنە لە ژیانی تایبەتی تاکەکانا ئەکات، دژی دیموکراسییە، دژی سەرمایەدارییە، ئەرکی تاک بریتییە لە خزمەتکردنی کۆمەڵگا بە پێوانەی حیزب، ئازادییە کەسیەکان ڕەتئەکاتەوە، دژی ڕۆشنبیرانە”. لەڕووی تایبەتمەندیشەوە تەرکیز ئەکاتە سەر” چڕکردنەوەی دەسەڵات لەدەستی چینێکی دیاریکراو، ئازادییە تاکەکەسیەکان سنوردار ئەکات وەک ئازادی ڕاگەیاندن و گردبوونەوە و کۆبوونەوە، ھەروەھا دەسەڵات دەست ئەگرێت بەسەر ئامرازەکانی ڕاگەیاندن و بەکارھێنانیان بەمەبەستی کاریگەری دانان لەسەر ڕای گشتی. ئەگەر پرەنسیپ و تایبەتمەندییەکانی فاشیزم بەراورد بکەین لەگەڵ حزبەکانی جیهانی سێ و ڕۆژهەڵاتی ناوین، لێکچونێکی زۆر بەدی دەکرێت لەنێوانیانا، لەھەندێک بارو دۆخیشا هەندێک حزب سنورەکانی فاشیزمیش تێئەپەڕێنێت بەڵام تەنها جیاوزی ئەوەیە پێشتر فاشیزم ڕاستەوخۆ و بێ هەڵسڵەمینەوە بوو بەڵام لە ئشتایا فاشیزم بەناڕاستەوخۆو بەبریکار بەڕێوە ئەبرێ بونمونە "دروست کردنی چەندین مێدیای سێبەر و دامەزراندنی سوپایەک لە قەڵەم لووس و دروست کردنی چەندین کۆمپانیای بازرگانی.... هتد. لە جیهانی سێ و ڕۆژهەڵاتی ناوین حزب جێگەی ئەو حکومەتە ئەگرێتەوە کە لە فاشیزما باڵادەستی پێئەدرێت و خاوەنی دەزگای جاسوسیە و تەنانەت خاوەنی پۆلیسی نھێنیشە، و ئەچێتە ناو ژیانی تایبەتی مرۆڤەکانەوە. ھەروەک چۆن فاشیزم دژی دیموکراسیە، هەندێک حیزبیش دژی دیموکراسین، سەرجەم پرەنسیپەکانی دیموکراسی لای ئەم جۆرە حزبانە لە ھەڵبژاردنا کورت کراوەتەوە! ھەڵبژاردنەکانیش پڕن لە خروقات و پێشێلکاری و توندوتیژی و ھەڕەشە و هەمیشەش خۆیان براوەی هەڵبژاردنەکانن بە کەمێک دەستکاری ژمارەکانەوە. لە فاشیزمدا حزب و سەرکردەکانی حزب خاوەنی ھێزی میلیشیا نین، بەڵام حزبەکانی جیهانی سێ و ڕۆژهەڵاتی ناوین لە ناویشیانا عێراق و باشوری کوردستان و سەرکردەکانیان خاوەنی ھێزی میلیشیا و لەشکرن، لەفاشیزما حزب بەڕاستەوخۆ کۆمەڵگا ئاراستە ناکات بەڵکو لە ڕێگەی حکومەتەوە ئەم کارە دەکات، بەڵام حزبەکانی جیهانی سێ لەڕێگەی حزبەوە دەستیان گرتووە بەسەر کۆمەڵگایا و بە ویستی خۆیان بڕیار لەسەر ھەموو پرسەکان ئەیەن. فاشیزم ڕاستەوخۆ سەرمایەداری ڕەت ئەکاتەوە، ھەرچی حزبەکانی جیهانی سێ و ڕۆژهەڵاتی ناوین لە ناویشیانا باشوری کوردستان ھێزی سەرمایەدارن، بەڵام ڕێگە نایەن کەسایەتی سەرمایەدار دروست ببێت ئەگەر خۆیان پشکیان لەو سەرمایەیەیا نەبێت. یەکێتی و پارتیش بە ئەندازەی فاشیزم دژی ڕۆشنبیرانن، ئەو ڕۆشنبیرانەی پەنجە دەخەنە سەر لایەنە نێگەتیڤەکانیان، و بۆچوون و نوسینەکانیان خزمەت بە حزبەکانیان نەکات ئەوا ڕووبەڕووی چەندان تۆمەت ئەکرێتەوە و لای ئەمان پێناسی ڕۆشنبیری لێ ئەسەنرێتەوە بە تێکدەرو ئاژەوچی و لەڕیلادەرو کڕاو بگرە تا تیرۆرستیش تۆمەتبارەکرێ و خۆ ئەگەر ئەم کارانەش ئەنجامی نەبێ ئەوا بێ سێ و دوو ئەکوژرێ و بە سیناریۆیەک یان چیرۆکێک کۆتایی بە تاوانەکەیان ئەهێنن کەسیش لەسەری ناگیرێ. لە بەڕێوەبردن و سەرکردایەتیکردنی حزب و حکومەتیشدا، لەناو حزبەکانی جیهانی سێ و ڕۆژهەڵاتی ناوین لە ناویشیانا باشوری کوردستان بەدرێژایی تەمەنیان چەند کەسێک بەبەردەوامی لەناو کایەکەیا ئامادەن، ئەم کەسانە بوونەتە ئەو چینە دیاریکراوە کە بەیەکێک لە تایبەتمەندییەکانی فاشیزم دائەنرێت. لە عێراق و باشوری کوردستانیش ئازادیی ڕاگەیاندن و گردبوونەوە و خۆپیشاندان جۆرێکە لە موجازەفەکردن بەژیان، ڕۆژنامەنوسمان بینی تیرۆرکرا لەسەر چەند نوسینێک، ڕۆژنامەنوسمان بینی کە فڕێندرا و سوکایەتی پێکرا، ڕۆژنامەنوسمان بینی ناچارکرا نیشتیمان جێبھێڵێت، خۆپیشاندەران شەھیدکران، لێیاندرا، خرانە حەپس و بەڵێننامەیان پێ پڕکرایەوە، لە گۆڕەپانی خۆپشاندانەکانی عێراق چەندین خۆپشاندەر کرانە قوربانی و چەندینی تریش بە شیوەی کاری تیرۆ ژیانیان لێسەندرایەوە. حزبەکانی جیهانی سێ و ڕۆژهەڵاتی ناوین لە ناویشیانا عێراق و باشوری کوردستان تا ئەو ئاستەی توانیویانە دەستیان گرتووە بەسەر ئامرازەکانی ڕاگەیاندنا و بەشێوەیەک ئاراستەیان ئەکەن کە خزمەت بە بەرژەوەندی و ئامانجەکانیان بکات، بۆ ئەم مەبەستەش کۆمەڵێک ڕێگەیان گرۆتەبەر وەک دروستکردنی میدیای سێبەر، و ئەتراکتیڤکردنی چەند ڕۆژنامەنوسێک بۆ کارکردن لە کەناڵەکانی خۆیان، و پێدانی ئیمتیازاتێکی زۆر بەو کەسانەی کە لە میدیای ئەوانا کارئەکەن. بەم ھەنگاوەشیان ئەتوانن دوو ئامانج بپێکن: یەکەمیان لە رێی ئەم نوخبەیەوە دەسەڵات ئەجێندا حیزبییەکەی جێ بەجێئەکات و جەماوەریان بۆ دروست ئەکات. دووەمیشیان کێشە و قەیرانە سەرەکییەکانی پێ لە بیر خەڵکی ئەباتەوە و بە شتی ترەوە سەرقاڵیان ئەکات کە لە واقیعا خەم و خەونی ئەوان نیە. لەبەر ئەوە بارودۆخ ھەر چۆنێک بێت پێویستە رۆشنبیران جا سەر بە ھەر ئایدیا و ئایدیۆلۆژیایەک بن، گرنگە قسەی خۆیان ھەبێ و رەخنەی جیددیان لە کەموکوڕی و چەوت و چەوێلییەکانی سیستمی سیاسی بە پلەی یەک و کۆی سیستمی بەڕێوەبردنی وڵاتەوە هەبێ و هەرگیز خۆیان ڕادەستی عەقڵیەتی فاشی پاوانخوازی و دیکتاتۆری ئەو دەستە کەمینەیە نەکەن کە دەستیان بەسەر دەسەڵاتا گرتووە و کار بۆ ڕۆشنبیرکردنی کۆمەڵگەبکەن و ماندوونەبن.
د. محەمەد عەلی دژایەتیکردنی پارتی و بنەماڵەی بارزانی، بزینسێکە تەمەنی نزیک بۆتەوە لەشەست ساڵ و سەدان ڕۆڵەی ئەم نیشتمانەی بۆ بەکوشت دراوەو چەندین کەسیشی پێ دەوڵەمندبوە. نمونەی دیاری ئەم دیاردەیەش: یەکێتی نیشتمانی و بزوتنەوەی گۆڕانە. کەدواتر ھەردو حیزب سەلماندیان، ھەمان ڕەفتارو کردراەکانی پارتی دوبارە دەکەنەوەو کۆپیەکی خراپی پارتین. ھۆشیار عەبدوڵا دیارترین فیگەری نوێی بەڕواڵەت دژ بە کلتوری پارتی و بە ڕەفتار چونیەکە. چۆن؟ حیزبی بنەماڵەو تەوریسی سیاسی یەکەم: هۆشیار عەبدوڵا نەک دژ بە دەسەڵاتی بنەماڵەنیە، بەڵکو ئەندازیارو داھێنەری تەوریسی سیاسییە لە ناو گۆڕان. پاش کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، ھەمو بەڵگەو ڕوداوەکان شاھیدن کە ناوبراو لەگەڵ حەمەتەوفیقی ھاوڕێ و ھاوپەیمانی، زۆرترین ڕۆڵیان بینی لە ئیفلیجکردنی دامەزرواوەکانی گۆڕان و بزوتنەوەکەیان کردە ئەسیری کۆمپانیای وشەی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا. لەدو دانیشتنی ٢٠١٧/٥/١٨ و شەوی ٢٠١٧/٦/٢٢، لەگەڵ ئەم کاک هۆشیارەو کۆمەڵێک گەنجی تر کۆبوینەوە، ناوبراوو ژمارەیەک لەگەنجانی ئامادەبوو حەمەتەوفیق، زۆر سەرسەختانەو بێ پەردە، بەئەجێندایەکی دیاریکراوە کاریاندەکرد بۆ تەسلیمکردنی موتڵەقی بزوتنەوەکە بە کوڕەکانی ڕێکخەری پێشو. دوەم: ناوبراو یەکێک بوو لە پلانداڕێژەرانی قوتدانی میدیاو دامەزراوە داراییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لەلایەن کۆمپانیای وشەوە. ڕەنگە زۆرێکتان وتارەکەیتان لەبیرمابێت کە بەناونیشانی "گردەکە هی کێیە" و چاوپێکەتنەکەی لە کەی ئێن ئێن، چۆن بەرگری لە تاپۆکردنی گردەکەکردوە. ناوبراو پشکی شێری بەردەکەوێت لەگەڕانەوەی کەی ئێن ئێن بۆ کۆمپانیای وشە. سێیەم: لەوەڵامی ڕۆژنامەی ئاوێنە لە ٢٠١٧/٨/٣٠، کاک هۆشیار یەکێک بوو لە نوسەرانی ڕوونکردنەوەکەی کوڕەکانی ڕێکخەری پێشوی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێک بوو لەوانەی پێداگری کردبوو کە نەنوسن گردەکە هی بزوتنەوەی گۆڕانە. بەپشتیوانی ئەم و کۆمەڵێک بەناو گەنجی تر ئەوەی ئێستا لەگۆڕان دەگوزەرێت هاتۆتە ئاراوە. چوارەم: بەناوی کەمکردنەوەی ستافی کەی ئێن ئێن، هۆشیار عەبدوڵا ڕۆڵێکی یەکجار دیارو خراپی بینی لەتەسفیەو دەڕپەڕاندنی چەندین کادیری باش و بەتوانای کەناڵەکە. پێنجەم: لەسەروبەندی هەڵبژاردنەوەی خانەی ڕاپەڕاندندا مانگی ٧ی ٢٠١٩، فراکسیۆنی گۆڕان لەبەغداد بەنیازبوون بەیاننامەیەک لەسەر خانەی ڕاپەراندن و بەرپرسەکانی بڵاوبکەنەوەو هەموو شکستەکانی ئێستای گۆڕان بخەنە ئەستۆی خراپی ئەدائی ئەوان. پێشنیارێک ھەبوە باسی تەوریسی سیاسیش بکرێت وەک ئافاتێکی کارەساتبار بۆ گۆڕان، بەڵام لەبەرئەوەی کاک هۆشیارو یەک دوو برادەری تر رازینەبوون باسی تەوریس بکرێت، نوسینی بەیاننامەکە ھەڵوەشاوەتەوە. شەشەم: یەکێک لەبیانوەکانی ھۆشیار عەبدوڵا و گروپی تەوریس: ئەگەر گردەکە بکرایە بەناوی بزوتنەوەکە و کەسانی ترەوە، ئەوا دابەشیان دەکردو ھەرکەسەیان پشکی خۆی دەبرد. بەڵام بۆ وەبیرھێنانەوە: سەرەتای دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان، نەوشیروان مستەفا پێشنیاردەکات بۆ چوار لەبرادەرەکانی کە گردەکە بکەن بەناوی ھەرپێنجیانەوە (بەخۆشیەوە)، بەڵام ھەرچواریان پێشنیارەکەیان ڕەتکردوەتەوە. ئەو چوار کەسایەتیە ھەمویان لەژیاندا ماون. کەواتە ئەگەر تەماعێک لەو گردەدا ھەبوبێت، ئەوکات قبوڵیان دەکرد. تەوریسی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان جەڵدەیەکی سیاسی و عەقڵی بوەو ھەمو بەڵگەو ڕوداوەکان نیشانی دەدەن کە ھۆشیار عەبدوڵا گەورەترین ڕۆڵی ھەبوە لەم پرۆسەیەداو تەسفیەی ڕاجیاوازەکان. ئایا ئێستە بە چ جورئەتێکەوە باس لەلاوازبونی گۆڕان دەکات و دژبە حیزبی بنەماڵە قسەدەکات؟ لەگەڵ گروپێکدا، ڕۆڵێکی هێجگار خراپی گێڕا تا سەرەنجام گۆڕانیان کرد بەم حیزبەی کە ئێستا هیچ کەس بەغیلی پێنەبات. ئایا بازرگانی کۆمپانیای وشەو لۆکس، چ جیاوازیەکی ھەیە لەگەڵ ھەردو کۆمپانیای نۆکان و کار؟! گۆڕان و حکومەت یەکەم: ھۆشیار عەبدوڵا لەم ڕۆژانەدا نوسیبوی سیستمی سیاسی لەهەرێم (کلیبتۆکراسیە-حوکمڕانی چەتەکانە)، باشە ئەگەر حوکمڕانی چەتەکانە، حزبەکەی جەنابت ئیشی چییە لەوێ؟ ئەی چۆن بەڕێزت قبوڵتکردووە لەحزبێکدا بیت کە بەشێکە لەسیستمی چەتەیی و جێگری سەرۆکی ھەرێم و چوار وەزیری گرنگی لەلایە کە گرنگترینیان وەزیری دارایی و ئابوریە؟ دوەم: لەنوسینێکی دوای ئەوەدا، ناوبراو دەنوسێت "خۆمن نەمووتوە گۆڕان لەحکومەت بێتە دەرەوە، بەڵام بێدەنگی مانای خۆکوژییە". ئێمەش دەزانین مەبەستەکەی تۆ هەر ئەوەیە قسەبکەیت، تۆ هەر زوو وتت "خۆشبەختانە بڕیاری چوونەحکومەتی گۆڕان بووە بە بڕیاری هەموان". ئێستاش قسەو ڕەخنەکانت هەر بۆئەوەیە بەخەڵک بڵێیت من جیاوازم و هەڵوێستم هەیە. ناهەقیشت نییە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەپێشەو پیاو دەبێت زەخیرەیەک بخات. ئاشکرایە هەموو کاسبی و هونەری بەڕێزتان بریتیە لە قسەوتن بە پارتی، ئەگەر ئەوەتان لەدەست وەرگرنەوە حیکایەتێکی ترتان نامێنێت بۆ خەڵکی بکەن. ئەگەر وانیە: بێزەحمەت ئەجێنداو بەرنامەی وەزیرەکانی گۆڕان بۆ حکومڕانی بڵاوبکەنەوە. چوارەم: ئەم قسە وتنەی کاک هۆشیار بە پارتی تائێستا چی گۆڕیوە لەدۆخی خەڵک؟ بەڵام دۆخی خۆی باش گۆڕیوە! دژایەتیکردنی پارتی بە قسەدەکرێت یان پێشکەشکردنی مۆدێلێکی سیاسی جیاوازتر لەوان؟ ئێوە نەک ئەمەتان نەکرد، بەڵکو زۆر ناشرینتر لاسایتان کردنەوە. پێنجەم: هەموو ئەم هەرایەی ماوەیەکە کاک هۆشیارو هەندێک لەبرادەرەکانی دەیکەن دژی پارتی و حکومەتەکەی مەسرور بارزانی، کۆمەڵێک ئامانج و بەرژوەندی تایبەتی لەپشتەوەیە. هەندێک لەوانەی لەناو گۆڕان پشتیوانی دەکەن چاوەڕوانن پۆستەکانی تر وەربگرن، هۆشیار عەبدوڵاو برادەرەکانی تریشی خەڵک گەرمدەکەنەوەو ئامادەیان دەکەن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق. لەمە بترازێت دوورو نزیک پەیوەندی نییە بەچاکسازی و بەرژوەندی خەڵکەوە.
سەید ئەكرەم کورد لناڤبارا چەکوچێ ئەمریکا و صندانێ روسیادا ماینە حەیری: ۱. هەلامەتێ صینێ جیهانگێریێ دخوەدا کوم دکەتن. هەلامەتێ صیڻێ هێدی خو ڤەدکێشا ناڤا دلێ روژهەلاتا ناڤینا زەنگین، بوێ مەرەمێ مارەبرینەکا دومدرێژ دگەل دا بکەتن، لێ خەریکە ڤایروسێ کرونا خەونێن وان بکەتن خەیالەکا غەرقی..ئاشوپێ هەلامەتەكێ مەودا نەدیار سەنگێ ئەرمانجێ بهەزقینیتن ... تەپا صینی بوان جارەک دی ڤەگەرینیتن و ل سەروان خەریکە بیتن گوڵ. ۲. روسیا ماردەکێ چاڤ تاریە. روسیا ماردەکێ چاڤ تاری و بێ گوهە، هزرێن وان دسەریدا لێک دزڤرن و یاریێ بتنێ بو خوە دکەن، ئەگەر دیتن سێنیا بەرێ وان یا چەور و بتامە..دێ لیتکەکێ ل دەورێن خوەدەن و مفایێ خوە کەنە بەریکا خوە...خو دهەڤالێ خوە ناگەهینن..نابینن وان چ قەتلازی بەرامبەری یێ دی کریە...بلا ئەم گەلەک دویر نەچین...ئەرێ ما شێخ سەعیدێ پیران ب پشتەڤانیا وان شورەش نەکر...باشە ل دەمێ تورکیا دەڤێ وان شرین کری...پێهنەک ل شێخی دا و ئێخستە ناڤا زیندانێ..ل رژهەلاتێ قازی مەحەمەدی دیسان بهەڤکاریا وان جمهوریەتا دیموکراسیا مهاباتێ راگەهاند، دیسان ل دەمێ شاهی دەڤێ وان سویر کری، هەما وەکی تیمساحەکی خو ڤەکێشا و کورد پشت گوهێ خو ئێخستن..ل شورەشا ئەیلولێ خو دکوردان نەگەهاند و بونە پشتەڤانێن کومارا عێراقێ...ل روژئاڤا کێش و ڤەکێشان ب کوردان دکەن..کێتکا میریا ژمالا میران بەردەمە تە دێ ترسی...نوکەژی گازپروم کریە یاریا ڤەشارکان و بن ئاڤ کرنێ.....!! ۳. بو ئەوێن شارەزیی یاریاسیاسی ئەمریکا خوش هەڤالە. راستە ئەمریکا ژی ل پەیمانا جەزائیر خودانی ل کوردان نەکر، ل عەفرینێ پشتگیریا کوردان نەکر...لێ سالا ۱۹٦۷تاکو ۱۹۷٥بدەهان ملیون دولار دانە کوردان، پشتگریەکا لەشکەری، دبلوماسی ب رەنگەکی ژ رەنگان ژ کوردان کرن...ل ئازادیا عێراقێ و بسەردا هاریکاریا گەلێ کورد کر، ل بەریا ریفراندومێ نامەیەکا سەنگین بوکوردان هنارت...نوکەژی پشگیریا کوردان دکەن..بملیارەها دولاڕ ل عێراقێ و سوریێ خەرج کرنە، کورد ژی سودمەندن...!! ٤. پسیار و هەلبژاردەیێن باش. پسیار ئەوە لناڤبەرا ئەمریکا و روسیا...د یاریا هەرێمی دا کورد چ هەلبژارتن، بخو بکەنە ژێگردە..چ رێک ل بەرخو بگرن...!! ۱. بو کوردان دەلیڤە هاتیە و گرنگە ئەمریکا هەلبژێرن و جهێ خوە بنەجێ بکەن دناڤا ترازیا بەرژەوەندیێن وان دا، دیسان نابیتن روسیا ژی توڕە بکەین...ئەڤێ ژی یاریەکا سیاسیا ب شارەزایی، پێ دڤێتن... ۲. عێراق یا شلوقە، هەردچیتن شلوق ترێ دبیتن...لێ دیسان هشیاری و سەردەریەکا هوشمەندی پێ دڤێتن...دچارڤوڤێ عێراقێ دا ،گرنگە کورد خودان بەرنامە و پلان بن، ب ئێک دەنگی و ببێ دەنگەیا ل سەرخو گاڤێن خوە باڤێژن ...نانێ خوە باش بروین بکەن..دەڤێ خوە باش شرین بکەن...بێ پێ گوتن و هەلا و بەلا... نانێ خوە بخون و ئەقلێ خوە دسەرێ خوە بکەن...خو نەکەنە ..خوێ بو گرارا کەسێ دی...مللەتێ خوە ئاشت بکەن، باش خودان بکەن، ئاخا خو بگرن و ب پارێزن، سەلامەتیا ناڤخویی بزەلالی و رون و زەلالی بپرێزن...دام و دەزگەهێن خوە سازی بکەن، چاکسازیەکا راست و دروست بکەن، هێزا خو ژ گەلێ خوە ورگرن، دگەل مللەت و ئاخا خو دراست گوبن...خو رێک بێخن...نەبن ئاستەنگ و بەلا ... نە بو دەولەتێن هەرێمی، نەژی بو دونیا دەرڤە و هاوپەیمانێن ناڤ نەتەوەیی.... براستی ژی روژا مە ژروژئاڤا دهەلێتن...گرنگەژی ب باشی سودێ خوە ژ هەڤبەندیا چاحی وەربگرین...دەرگەهێ مە ئەمریکایە، روین وتەڤن ئیسرائیلە...نابیتن ژی خوبێخینە ناڤا مەترسیێن دهێن..گازیا سەلامەتیێ بومە گەلەک یا گرنگە....
🔹 مەریوان وریا قانع - ئاراس فەتاح بهشی دووههم با لەو خاڵەوە دەستپێبکەین کە ھیچ شتێک لە ھەرێمی كوردستاندا سیستهمی سیاسیی ناباتەوە سەر سیستەمی پەرلەمانیی؛ پەرلەمان خۆشی دەزگایەک نییە لانی ھەرەکەمی مەرجەکانی پەرلەمانێکی سەربەخۆ و خاوەن دەسەڵات و خاوەن توانای لێپرسینەوە و ههیبهتی سیاسیی و ڕێزی کۆمەڵایەتیی تێدابێت. ئەو پەرلەمانەی لە ھەرێمدا ھەیە نەک تەنھا نوێنەرایەتی کۆمەڵگا ناکات، بەڵکو نوێنهری کایە سیاسییەکە خۆشی نییە، چونکە کەسە بەھێز و ھەڵقە سهرهكیی و سێنتەرە گرنگهكانی دەسەڵات و بڕیاردان لە ھەرێمدا نهك ههر لەناو پەرلەماندا نین، بهڵكو لە ڕاستیدا لەناو حکومەتیشدا نین. ئەمە وایکردوە پەرلەمانی ھەرێم، بەتایبەتی لەم خولەدا، بە کردەوە بگۆڕێت بە شوێنی بەخشینی ڕەوایەتیی بەو ھەڵقە سەرەکییانەی دەسەڵات کە لە دەرەوەی ھەڵقە ڕەسمییەکانی دەسەڵاتدان و لەناو ڕووبەری چەند خێزان و بنەماڵەیەکی سیاسیدا جێگیرە. ئەم دۆخە نوێیهی پهرلهمان و كایهی سیاسیی له ههرێمدا ڕەنگدانەوەی ئەو ڕاستییە سادەیەن کە زۆرینهی حیزبه سیاسییهكانی ھەرێم بە کردەوە بوون به ”حیزبی بنهماڵهیی“ و سیستهمە سیاسییەکە خۆشی بە کردەوە گۆڕاوە بۆ ”سیستهمێكی بنهماڵهیی“ لە فۆرمی سوڵتانیزمی سیاسییدا. ئەگەر سوڵتانیزمی سیاسیی تا چەند ساڵێک لەمەوبەر ئەگەرێکی سەرەکیی و بەھێزی ناو مۆدێلی حوکمڕانیی ھەرێم بووبێت، ئەوا لە پاش مەرگی نەوشیروان مستەفا و تاپۆكردنی موڵک و سامانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ کوڕەکانی و لهدوای دواھەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتیمانیشهوه، ئەم سیستهمە سوڵتانییە بە کردەوە بووە بە سیستهمی حیزبیی باڵادەست و بە فۆرمی حوکمڕانی چەسپاو لە ھەرێمدا. ھەر سێ پارتە سەرەکییەکەی ھەرێم، پارتی و یەکێتی و گۆڕان، بە پلە و ڕادەی جیاواز حیزبی سێ بنەماڵەی سیاسیین، ئەو سیاسەت و ستراتیژانەشی کە ئەم ھێزانە دەجوڵێنێت، بهرژهوهندیی و ویست و خەون و تەماح و ھێزی سەربازیی و ئابوریی و میدیایی خێزانە سیاسییەکانە. ئەو بەرگریییە سیاسیی و فیکریی و ئەخلاقییەی ساڵانێک لەمەوبەر بەرامبەر بە پرۆسەی تهوریسی سیاسیی و بەخێزانیبوونی دهسهڵات و بەسوڵتانیبوونی دەسەڵاتدرێتیی لە ھەرێمدا ھەبوو، لە ئێستادا بوونی نەماوە، یان تەواو لاوازبووە و کەوتۆتە پەراوێزەوە. ئەوەی لە دوو ساڵی ڕابردوودا لهناو کایەی سیاسییدا ڕوویدا، پرۆسەی چەسپاندنی تەواوهتیی بەخێزانیکردنی دەسەڵات و بهبنهماڵهییكردنی حیزب و بەخێزانیکردنی بەشێکی گرنگ و بنهڕهتی دەزگا سەرەکییەکانی ژیانی سیاسیی و ئابوریی و میدیایی و سەربازیی و ئەمنیی، ئەو کۆمەڵگایەیە. ئەو پێدراوە سادانە نیشانمان ئەدەن، سەرەڕای بوونی پەرلەمان و ھەڵبژاردن بۆ پەرلەمان، بەڵام سیستهمی سیاسیی له ھەرێمدا ھیچ شتێک نایباتەوە ناو سیستهمی پهرلهمانیی و، بنهما و رێسا ھەرە سەرەتاییەكانی دیموكراسیی و حوکمڕانییەکی باش و بەرپرسیاری تێدا پهیڕهوناكرێت. جاران سێنتەری سەرەکیی سیستمە سیاسییەکە سەرۆکێک بوو کە ھەمەدەسەڵات و بێچاودێریی بوو، ئێستا لە بری ئەو سەرۆکە بارەگایەکی ناڕەسمیی بوونی ھەیە، کە بارەگای بارزانییە و، ههرچی بڕیارە گەورە و چارەنووسسازەکان ههیه بەناو ژووری ئەو بارەگایەدا تێدەپەڕێت و لە لایەن باوک و کوڕ و ئامۆزایەکەوە لهناو دهزگاكانی حوكمڕانیی ههرێمدا ئاراسته و پیادهكرێن. ئەگەر لە خولەکانی پێشودا پەرلەمان تیپی چوارھەم و پێنجەمی دەسەڵات بووبێت، ئهوا لەم خولەدا و دوای چەسپاندنی تەواوەتی دەسەڵاتی خێزانیی، پەرلەمان لەوە کەوتوە ھەڵقەیەک لە ھەڵقەکانی دەسەڵات بێت، بەڵکو گۆڕاوە بۆ شوێنی کۆبوونەوەی کۆمەڵێک موچەخۆری بێدەسەڵات، کە زۆرینەی ڕههایان خەریکی پیادەکردنی ئەو ئەمر و نەھییە سیاسییانەن کە لە کرۆکە داخراوەکەی دەسەڵات و بازنه تهسكهكهی خێزانه سیاسییهكانەوە بۆیان دێت. لە ڕاستییدا پەرلەمان لەم خولەدا گۆڕاوە بۆ لاوازترین و بێكهڵكترین دهزگای سیاسیی ناو ھەرێم. لەڕووی ئەخلاقیشەوە ئەم دهزگایە بووە به شوێنی نەفرەتی زۆرینەی ڕەھای دانیشتوانی ھەرێم. بڕێکی زۆریش لە پەرلەمانتارەکان خۆشیان کەسانی ڕیزەکانی خوارەوەی حیزبن کە پەرلەمان تهنها وەک وێستگەیهك دەبینن و مامەڵەدەکەن بۆ سەرکەوتنیان بە پلە حیزبییەکانی ناو سیستمە خێزانییەکەی خۆیان. ئەم دۆخە پەرلەمان و پێگهی پهرلهمانتارانی بەجۆرێک سوک کردوە، كه زۆرینەی خەڵک پەرلەمانتاران وەک نوێنەری گیرفان و قازانجی شەخسی خۆیان وێنادەکرێن، نەک نوێنەری کۆمەڵگاکەیان. ئەمە ھاوشان بەو ڕاستییەی کە سەرجەم پەرلەمانتارەکان، لە باشترین دۆخدا، تەنھا نوێنەرایەتی نزیکەی ٣٠% کۆمەڵگاکە دەکەن، بۆیه ئهو له ٧٠% یهی خەڵک كه دهنگیان نهدا، ئەگەر نەفرەتیشیان لێنەکەن، ئەوا وەک نوێنەری خۆیان نایانبینن و ھیچ متمانیهکیشیان پێیان نییه. ئێمه ساڵانێكە له چهندان وتار و چاوپێكهوتندا باسمان له كێشه سهرهكییهكانی سیستهمی سیاسیی ههرێم كردووه و پێمان لهسهر ئهو ڕاستییه تاڵه داگرتووه كه پهرلهمانی كوردستان له ڕۆژی دروستبوونییهوه تا ئهمڕۆ بهشێوهیهكی سیستهماتیكی و مهترسییدار بێبههادهكرێت. ههیبهت و توانای چاودێریی و كاریگهرییەکانی ئەم دەزگایە به شێوهیهكی ستراتیژیی، نهك تەنھا لاواز دهكرێت، بهڵكو تا ئاستی گاڵتهجاڕیی نابووددهكرێت. چ حیزبه دهسهڵاتدارهكان و چ حیزبهكانی ئۆپۆزیسیۆنی كۆن و نوێش نهیانویست كولتووری كاندید و تایبەتمەندیی پهرلهمانتار بهو شێوەیە دابڕێژن كه پهرلهمان بكاتە شوێنی ململانێی نێوان كهسانی یهكهمی حیزبه سیاسییهكان، ھەروەھا نەیانھێشت ھەڵقە سەرەکییەکانی دەسەڵات لەناو کایەی سیاسییدا بۆ ناو دهزگای پەرلەمان بگوازرێنەوە و لەوێدا کار و ململانێی سیاسیی خۆیان بکەن. لە بری ئەمە ئەم ھێزانە کولتووری دروستکردنی پەرلەمانتاریان وەک موچەخۆری خاوەن وەلائهت بۆ خێزانه سیاسییهكان و وەک کەسی لاوەکیی و پەراوێزی ناو سیستمە سیاسییەکە و وەک کەسانێک کە دوای قازانج و بهرژهوهندی شەخسیی خۆیان کەوتون، دروستکرد. ئەم یارییە ناشیرینە وایکرد پهرلهمان به لۆژیكی پارتی و یهكێتی و ھێزەکانی تر، له ئۆفیسی سهرۆكهكان و لە ژووری ئەندامانی بنەماڵە و ماڵی کەسانی ناو ھەندێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسییەکان و باڵە ڕەسمیی و ناڕەسمییەکانی ناو حیزبەوە، ئاراستهبكرێت. ھەروەھا واشیکرد پەرلەمان لەباتی ئەوەی خەریکی کێشە سەرەکیی و بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگابێت و دەسەڵاتی ئەوەی ھەبێت لەسەر چۆنیەتی چارەسەرکردنی ئەو کێشانە بڕیاربدات، بوو بە بەشێک لەو مەقاشە درێژە کە ئەو خێزانە سوڵتانییانە و کەسەکانی ڕیزی یەکەمی حیزب بەدەستیانەوەیە و لەڕێگای ئەو مەقاشەشەوە دەستی خۆیان بۆ ناو زۆرێک لە دەزگاکان و کایەکان و خانەکان درێژدەکەن. ئەگەر پەرلەمان لە چەند خولێک لە خولەکانی ڕابردوویدا ھەندێک جار بۆ ئاستی پەراوێزێک بەرزبووبێتەوە کە ساتەوەختی کۆنترۆڵنەکردن و سەربەخۆبوونێكی ڕێژهیی تێدابووبێت و توانیبێتی لەدەست سێنتەرە سەرەکییەکانی دەسەڵات ڕزگاریبێت و جۆرێک لە تەحەدا بەرامبەر بە خواستی خێزانه سیاسییەکان نیشانبدات، یاخود سەرقاڵی بڕیار و پرۆژەیەک بووبێت لە دەرەوەی لۆژیکی ئەو خێزانە سیاسییانەدا، ئەوا لە ئێستادا ھەموو ئەو توانایانەی لەدەستداوە و خودی پەراوێزبوونەکەشی بەشێوەیەکی ھەمەلایەن کۆنترۆڵ کراوە. پەرلەمان بووە بە ڕووبەرێکی دەزگایی ئیفلیج و دەستە دەرەکییەکانی دەرەوەی پەرلەمان، چییان بوێت و چۆنیان بوێت بەو شێوەیە دەیجوڵێنن. بۆیه به بۆچوونی ئێمه ئەوەی ئەمڕۆ لە پەرلەمانەکەی ھەرێمدا ڕوودەدات چاکسازیی نییە بە مانای ڕاستەقینەی وشەکە، ھەوڵدان نییە بۆ گۆڕینی کۆڵەکە و بونیادە سەرەکییەکانی ئەو حوکمڕانییە سوڵتانییهی لە نزیکەی سێ دەیەدا دروستکراوە و بەرپرسیارە لە سەرجەم دزیی و گەندەڵیی و نادادپەروەریی و قەیرانە گەورەکانی ئەو سیستهمە. ھەروەھا سەرەتایەکی تازەش نییە بۆ فۆرمێکی نوێ لە دەسەڵات کە تیایدا توانای چاودێریکردن و لێپرسینەوە و بەیاساییکردنی پراکتیک و بڕیارەکان جێبەجێبکرێن. ئەوەی ڕوودەدات تلدانی سیستهمە سیاسییەکەیە لەناو قوڕ و لیتەکەی خۆیدا و دۆزینەوەی شەرعییەتە بۆ ئەم تلدانە لەناو پەرلەمان خۆیدا. ئهوهی له ڕووی سیاسییهوه ڕوودهدات، خۆتهكاندن و خۆپاككردنهوهی سیاسیی باڵێکی نوێی دهسهڵاته لەناو تهپوتۆز و پاشەڕۆکانی كابینهکانی پێشووتردا.
دانا ھەڵەبجەیی کاتی خۆی سەرقاڵی تەختەیەک بووم کە پێیان ئەوت کەمان، کەمانچە، ڤیۆل،،، ئێستا ئەزانم کە ھەڵبژاردەیەکی جوان بوو،،ئەو تەختە و ژێیە، چ جیھانێکی بچوک بوو و چ کارامەیەکی گەورە بوو. کە ناسک بوو ئەو دونیایەی زمانی باڵا و کلاسی بەرزی خۆشەویستی تێدا ئەخوێندرا، کە بەھادار بوو ئەو تەمەنەی کە بەخشین و فیداکاریمان تیایدا سەرمشقی خود بوون و کورد بوونمان بوو. کاشکی سروشت و جوانی و موزیک و ھونەر و ئەدەب و کوردایەتی، وەک جاران بەھای خۆی بۆ ئەگەڕایەوە، ھیوا و ئومێد و فەنتازیای منداڵی و مێردمنداڵی و لاویمان، بەم شێوەیە تارمایی تەڵخ تاڵانی نەئەكرد. مرۆڤەکانی سەردەمی پاکییەکان ئالودەی ئەم جیھانە ئالوەدەیە نەبوون، نەبووبونە ڕۆبۆتی ئەو مۆبایلەی بە دەستیانەوەن، نەبووبونە ئاوێتەی زنجیرە دراما بێ کەڵکە تورکییەکان، گوڵەبەڕۆژە و نێرگەلە ساتە ڕامانەکەنییانی لێ نە ئەسەندن. تی ڤی و ھەواڵە فەیکەکان گەمەی بە عەقڵیان نەئەکرد. مرۆڤ خاوەنی خۆی بوو، یا باش بوو یا جاش، یا ڕەش بوو یا سپی. ئێستا ھەموو دنیا بە میدیا و مۆبایل بەڕێوە ئەچێت، یا ئاکتێڤیت یا پاسیڤ، یا جوڵێنەری یا جوڵێنراو. کەم کەس ئەبینیت خاوەن کەسایەتیەکی نەجوڵاو و نەگۆڕ بێت، بەپێی سات و کات و شوێن وەک حەدبا ڕەنگ و دەنگت بۆ ئەگوڕێت. کەم کەس ئارامە و ئاسودەیە، ھەمووی ھێلاک و بیزارە، ڕەخنە لە ھەموو شت و لە ھەموو بابەتێک ئەگرێت، تەنھا لە خۆی نەبێت. جاران خود خاوەنی خۆی بوو، بە ئاسانی ئەتناسییەوە، ئێستا ئاستەمە بێناسیتەوە، ڕەنگاوڕەنگی وبێ ڕەنگی ھەمووی گرتوەتەوە. ھەر بۆیە مرۆڤەکانی جاران ھاوڵاتی جوگرافییەکی دیاریکراو بوون، ئێستا خۆیان بە ھاوڵاتی جیھان ئەزانن، ھەر بۆیە نە خاوەنی جوگرافیای خودی خۆیانن نە خاوەنی جیھانیشن. گەڕانەوە بۆ خودی خۆمان و ئاشتکردنەوەی شتە جوانەکانی ژیان بە خۆمان لەم سەردەمە ڕومەڵخەزانە، ھیچ نەبێت پاراسیتۆڵێکی ئازارشکێنە.
سەلاح خدر بڕیاری ساڵی ڕابردووی دادگای بەرایی بەلجیکا لەبارەی ئەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە ڕێکخستنێکی تیرۆری نییە چەند ڕۆژ لەمەوبەر لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ئەو وڵاتەوە ئەرێ کرا. ساڵی ڕابردوو دۆزگەر و پارێزەرانی دەوڵەتی تورک پێداچوونەوەیان بە بڕیارەکەی دادگای بەرایدا کردبوو، دادگاش لە ١٤ی کانونی دووهەمی ئەمساڵدا دانشتینێکی لەوبارەیەوە ئەنجامدا، تیایدا لایەنی تورک داویان کردبوو کاتی زیاتریان پێبدەن. دۆزگەری دادگای باڵای بەلجیکی بڕیارەکەی دادگای خواری خۆی لەمەڕ دۆزی پەکەکەوە بە ئەرێنی بینی بوو. ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو ٢٨ی کانونی دووهەم دانشتینی دووهەمینی دادگا لەوبارەیەوە پێکهات، دۆزگەری دادگای باڵای لەوێ قسەی کرد، بەپێی سەرچاوەکانی نزیک لە دۆسیەکە قسەکانی دۆزگەر پێداگری بووە لە هەڵوێستەکەی پێشووی خۆی. پارێزەری لایەنی کوردی جان فەرمۆن لەوبارەیەوە قسەی بۆ ئاژانسی فرات کردووە و گوتویەتی، دەزگای سزای بەلجیکا لە ماوەی یەک ڕۆژدا دەتوانێت بڕیاری خۆی بدات، تانەکانیش لە دژی بڕیارەکەی دۆزگەر ڕەد کراونەتەوە. فەرمۆن دەڵێت، لە بڕیارەکەی پێشووتردا هاتبوو کە پەکەکە ڕێکخستنێکی تیرۆری نییە، بەڵکو بەشێکە لە شەڕی ناوخۆ. پارێزەرەکە سەرنجی ڕاکێشاوەتە سەر ئەوەی کە ئیدی ئەوە کۆتا بڕیارە و دەڵێت، بەلای منەوە بڕیارێکی گرنگە، لەسەر پەکەکە نرخاندنی گرنگ کرا، ئەم بڕیارە دادپەروەرانەیە و بەپێی ماف و حقوقە نێونەتەوەییەکان دراوە، من لەو باوەڕەدام ئەم بڕیارە سود بە پرسی چارەسەری سیاسی کێشەی کورد لە چوارچێوەی ئەوروپادا دەگەیەنێت، بڕیارەکەی دادگا بەوەی پەکەکە ڕێکخستنێکی تیرۆریستی نییە، دەرگایەکی نوێ بەڕووی پرسی کوردا لەناوەندەکانی ئەوروپا دەکاتەوە، نیشانی دا کە ئەوروپا لە پرسی چارەسەری سیاسیدا جدییە. فەرمۆن گوتویەتی، ئەم بڕیارە کاریگەری لەسەر هەڵوێست و لیستی ڕێکخستنە تیرۆرییەکانی یەکێتی ئەوروپا دەبێت، بۆ ئەوەش دەڵێت، ئەم بڕیارە حقوقیە سیاسی نییە، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر حکومەتەکان دەبێت. حکومەتی بەلجیکا نیشان دەدات کە پێویستە چاو بە لیستی تیرۆری یەکێتی ئەوروپادا بخشێندرێتەوە. لەمانگی تشرینی دووهەمی ٢٠١٨ دا دیوانی دادی ئەوروپا لە لوکسەمبۆرگ بەڵگەکانی نێوانی ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٧ی لەمەڕ مانەوەی پەکەکە لە لیستی تیرۆر بەکەم و ناتەواو بینی بوو، هەربۆیە بەبڕیارێک لیستەکەی بەتاڵ کردبوەوە، بەڵام وڵاتی بەریتانیا لەسەر ناوی یەکێتی ئەوروپا تانەی لە بڕیارەکە دابوو، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی پەکەکە ئۆتۆماتیک بکەوێتەوە ناو لیستەکە، لە مانگی ئاداری ٢٠١٩ دا لایەنی کوردی جارێکی تر سەرلێدانی لەوبارەیەوە کردبوەوە. دواین جار دادگای پێداچوونەوەی بەلجیکا لە هەشتی ئاداری ٢٠١٩ دا دەربارەی دوو دۆسیەی جیاواز پێنج بڕیاریدا بوو، لە بڕیارەکاندا هاتبوو کە ئەو کەس و گروپانەی گومان دەکرێن ئەندامی پەکەکە بن لە دادگای بەرایی بەلجیکا بڕیاریان لەسەردراوە کە نابێت لەسەر ناوی بەشداربوون لە چالاکی گروپێکی تیرۆریست سزا بدرێن، دادگا دەستنیشانی کردبوو کە پەکەکە هێزێکی چەکداری بێدەوڵەتە، لەبەرامبەردا دەوڵەتی تورک و دادگای فیدراڵی بەلجیکا لە ٢٠ی ئاداری ٢٠١٩ دا تانەیان لە بڕیارەکەی دادگای پێداچوونەوەدا. ئەم دۆسیەیە ساڵی ٢٠٠٦ لە بڕۆکسل کرابوەوە تیایدا لێکۆڵینەوە لە ٣٧ کەسایەتی و دەزگا کرابوو، کەلەناودا میدیا و ڕاگەیاندنە کوردیەکان و شەهید فیدان دۆغانیش هەبوون، فیدان لە ٩ی کانونی دووهەمی ٢٠١٣ دا لە پاریس لەگەڵ ساکینە جانسز تیرۆرکرا. جگە لەوانە دۆسیە لەسەر کوردێک بەناوی فەیسەڵ چۆڵاک کرابوەوە بەتۆمەتی ئەوەی چەند پارچەیەکی پێداویستی ئەلەکترۆنی بردووەتە باشووری کوردستان بۆ پەکەکە، لەو چوارچێوەیەدا ماوەیەک چۆڵاک زیندانی کرابوو، پاشان بڕیاردرابوو کە پەکەکە ڕێکخستنێکی تیرۆریسی نیە و نابێت چۆڵاک لەسەر ئەوە سزا بدرێت.
قائید میرۆ مزووری لەدوا کۆبونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دا، بڕیار لەسەر ئەنجامدانی کۆنگرەی چواردەھەم درا، ئەنجامدانی کۆنگرە بۆ حزبە کوردیەکان بڕیارێکی وەھا ئاسانییە، بەتایبەتی بۆ حزبێکی وەک پارتی دیموکراتی کوردستان کە ھەم گەورەترین ھێزی کوردستانە و حکوومەت و دەستھەڵاتیشی بەدەستەوەیە، بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیارە پارتی چ کۆنگرەیەک ئەنجامدەدات ئایا وەک حزبەکانی دیکە تەنیا چەند رۆژێک کادیر ولایەنگرانی پێوەی سەرقال دەکەن یانیش دەبێتە کۆنگرەی گۆڕانکاری و نوێبوونەوە، یەکەم ھەنگاوی کۆنگرە ھەڵسەنگاندنی کاری حزبە لە نێوان دوو کۆنگرەدا، واتە پارتی پێداچوونەوە بکات لە کۆنگرەی رابردوو تا رۆژی کۆنگرەی نوێ بەڕێوەدەچێت چی روویداوە و پەیڕەوی ناوخۆ تا چەند جێ بەجێکراوە، وەک ئاشکرایە لەنێوان ھەردوو کۆنگرەدا رووداو گەلێک ھەن، پێویستە پارتی ئەمجارە لەسەریان بوەستێت و پێداچوونەوە بە سیاسیەتی خۆیدا بکات. سیاسەکانی ھەرێمی کوردستان بە پارتیشەوە گەیشتوونەتە ئەو باوەرە حزبایەتی لە ھەرێمی کوردستان کاڵبوتەوە، ئەوەیشی ماوە خەڵکێکی زۆر بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان چووتە نێو حزبەکان، ئەمە ئەگەر بۆ پارتی وابێت بۆ حزبەکانی دیکەش راستە، بەڵام پارتی و یەکێتی بەھۆی ھەبوونی داراییەکی باش و ناردنی کادیر بۆ حکوومەت زیاتر خەڵکی پەیوەندیان پێوەدەکەن، ئەوەی لێرەدا گرینگە تاکی کورد ئینتیمای بۆ حزبەکان نەماوە، بەشێکی زۆر کەم نەبێت بەدوای بیرۆ باروەری حزبەکان کەوتوون ئەوانی دیکە تەماحیان لە پارە و پۆستە نەک بەرنامەکەی حزب ، لەدوای راپەڕینەوە دەیان و سەدان نموونەمان لەبەردەستە سەنگەر گواستنەوەی بەتاک و کۆی ئەندامانی حزبەکان دەستیان پێکرد بۆ ئەو لایەنانەی پارە و ئیمتیازاتیان لایە، پارتی تەنیا بۆەتە دەزگایەکی بۆ پارە و پلە بەخشینەوە بەبێ ئەوەی سیستەمێک ھەبێت بۆ رێکخستنەوەیان تەنیا ژمارە زیاد دەکرێت و کەس ناپرژێتە سەرناوەڕۆک، ئەگەر مەکتەبی پەیوەندیەکان وەک نموونە بەرچاو بگرین زۆرترین ئەندامی ھەیە و لە رابردووشدا بینیمان پارتی خراپترین پەیوەندی لەگەل لایەنەکان ھەبو، ژمارەی ئەندامانی مەکتەبی پەیوەندیەکانی پارتی زۆر زیاترە لە پەیوەندیەکانی پارتی کۆماریی و دیموکراتەکانی ئەمریکا کەچی پارتی وەک پێویستی پەیوەندی نیە لەگەل لایەنەکانی دیکە. ئەوەی پشتی کادیر و ئەندامانی پارتی شکاندووە بابەتی پارە و جێ بەجێ نەکردنی پەیڕەوی ناوخۆی حزبە، چونکە پەیڕەو وەک یاسا وایە ھەرچەندیش کەم و کوڕی تێدابێت جێ بەجێکردنی لە جێ بەجێنەکردنی باشترە، ئەوەی جێگەی دڵگرانی کادیر و ئەندامانی پارتیە پەیڕەو تەنیا چەند رۆژێک دوای کۆنگرە جێ بەجێناکرێت، پارتی زیاتر وەک کۆمپانیایەک بەکاردەھێندرێن لەلایەن کاربەدەستەکانیەوە، بۆ نموونە لەنێوان دوو کۆنگرەدا سەدان ئەندامی مەکتەب و لق و ناوچە زیادرکراون، بەبێ ئەوەی حزب پێویستی بەدانانیان ھەبێت، بەشێکی زۆر لەو کەسانەی لەدەرەوەی پەیڕەو و پلانی حزبدا زیادکراون زیاتر لەسەر بنەمای خزمایەتی و بازرگانی و کۆتلەکاری نێو حزبووە، ھەڵەنیم تێدا ھەیە پارتیش نەبووە، بەڵام بەرپرسێک تەزکیەی کردوە، لەڕووی مادیەوە ئورگانە فەرمییەکانی حزب وشکراون، بەپێچەوانەوە نووسینگەی سەرکردەکانی پارتی و ئورگانە سێبەرەکانی حزب لە باشترین رەوشی دارایی دا بەڕێوەدەچن، ھەندێکجاریش وەک نەفام و ساویلکە دەڕوانە کادیر و ئەندامانی پارتی، لەبەر ئەوەی ژیانیان وەک پێویست گەرەنتی نەکراوە و نەوانیش لە ژیانی شاھانەدان، ئەوەی زۆر گرینگە ئەرکی کۆنگرەیە پێداچوونەوە ورد بە پەیڕەوی ناوخۆی حزبدا بکات، تا بتوانێت ھەندێک لەو دڵگرانی و یاخیبوونەی ئەندام و کادیرانی بڕەوێنێتەوە.
محەمەد فاتح حامد یاسا یهكێكه لهو بنهمایانهی بهمهبهستی رێكخستنهوهی ههڵسوكهوتی كۆمهڵگه دانراوه و پهیڕهودهكرێت و پێویسته ههموان ملكهچی بن ، ئهگهر بێتو تاكهكانی ههرچ كۆمهڵگهیهك ملكهچی یاسا نهبن و بهویست و ئارهزوی خۆیان ههڵسوكهوت بكهن ، بهبێ رهچاوكردنی ئهركی سهرشانیان و مافهكانیان و پێشێلنهكردنی مافی كهسانی دیكه ، ئهو كۆمهڵگهیه سهركهوتونابێت. كۆمهڵگهی ئێمهش بهنده به یاساوه و ههرچ هاوڵاتیهكی ئاسایی سهرپێچی یاسا بكات ، لێپێچینهوهی لهگهڵ دهكرێت ، بهدهر له دهسهڵاتداران و بهرپرسان و كاربهدهستانی ههرێمی كوردستان ، كه تاكو ئێستا نهمان دی لێپرسینهوه و لێپێچینهوهیان لهگهڵدا بكرێت. بچوكترین نمونه كاتێك ئۆتۆمبێلێك به بازگهیهكدا دهڕوات ناتوانێت بهبێ پرسی بازگهكه تێپهڕببێت ، و ئهگهر بێت و ئهو یاسایه پێشێل بكات بۆی ههیه گولله بارانی بكهن ، بهڵام كاروانی ئۆتۆمبێلی بهرپرسهكان بۆیان ههیه ئهم یاسایه پێشێل بكهن و ئهگهر بازنهكان ناڕازی بن بۆی ههیه رووبهڕووی لێپرسینهوه و لێپێچینهوهش ببنهوه. دواتر ههر له زمانی پهرلهمانتارهكان خۆیان ، بهرپرسان و كاربهدهستانی ههرێم پشكیان ههیه لهو كهلوپهلو و خۆراكانهی به قاچاخ ئاودیوی كوردستان دهكرێن و مهترسین بۆ سهر ژیانی هاونیشتیمانانی ههرێمی كوردستان ، ههر وهها ئهو پهلهمانتاران دهڵێن : كه بهرپرسانی ههرێمی كوردستان له دۆسێی گهندهڵی نهوت تێوهگلاون ، دواترین لێدوانیان لهلایان پهرلهمانتار سامان بابانهوه بوو ، رایگهیاند : زۆربهی كۆمپانیاكان سهر به مافیاكان و بهرپرسانی حزبهكان و ئهندامانی مهكتهبی سیاسی حزبهكانن ، داوای له پهرلهمانی ههرێمی كوردستانیش كرد چیتر بێدهنگ نهبن لهو گهندهڵییهی له خاڵه سنوریهكان و دۆسێی نهوتدا ههیه ، داواشی كرد چاكسازی له حكومهتی ههرێمی كوردستانهوه دهستپێبكات چونكه ئهم كابینهیهی حكومهتی ههرێم گهندهڵیهكی زۆری تیایه!. ههروهها دكتۆر شێركۆ جهودهت ئهندامی لیژنهی وزهو سامانه سروشتیهكان و پیشهسازی و بازرگانی له پهرلهمانی كوردستان دهڵێت : ئیدارهكردنی كهرتی نهوت و گاز له ههرێمی كوردستاندا له خراپترین ئاستیدایه و له 40% داهاتی دیار نییهو رێگری له پهرلهمانتاران و دامهزراوه پهیوهندیدارهكان و تهنانهت دیوانی چاودێری داراییش دهكرێت كاری وردبینی لهو كهرتهدا بكات. لای خۆیهوه پهرلهمانتار عهلی حهمه ساڵهح ئاشكرای كرد : خاڵه سنوریهكان بۆته ناوهندێك بۆ قاچاخچێتی و قۆرخكاری و به ملیۆنێركردنی چهند بهرپرس وكهسێك و ئهم دۆخی گهندهڵیه لهسهرجهم خاڵه سنوریهكاندا ھهیه، ھهریهكه به شێوازی جیا و بهدواداچونمان بۆ ھهموو دۆسیهكان كردوه، له ئیبراھیم خهلیل و سمێلكاوه تاوهكو باشماخ ، رونیشیكردوه : ئهوهی دیومه، لوتكهی فهسادو گهندهڵیه و كۆی بهرپرسانی حكومهت لهم دۆسیه مهترسیدارانه ئاگادار كراونهتهوه، بهڵام تاوهكو ئێستا بهردهوامه! كوان یاساكان كامهن ؟ بۆچی تاكو ئێستا نهمان دی بهرپرسێك لهسهر گهندهڵی دادگایی بكرێت ، سهرهڕای ئهو ههمو بهرپرسه دز و ........ هینهی ههمانه ! ئهی بۆچی منێكی هاونیشتیمانی ئاسایی ئهگهر بێت و بوتڵه غازێك یان بهرمیله نهوتێك بدزم یاسا راپێچی دادگام دهكات ! ، كهچی ئهوان به بۆڕی و به تانكهر دهیدزن بهبێ ئهوهی بهرمیلێك به میلهت رهوا ببینن ، كهچی یاسا لهئاستی ئهواندا گوێره وبونی نیه ! ئهمانه نمونهیهكی بچوكن لهچاو ئهو گهندهڵێ گهورانهی دهیكهن و تێكڕای هاونیشتیمانانی ههرێمی كوردستان ئاگاداری دزی و گهندهڵێكانیانن و باسی لێوه دهكهن. به ئارهزوی خۆیان ئهگهر مهبهستیان بێت تهشهیر بهیهك دهكهن و لایانگرانی خۆیان ئهكهن بهگژ یهكا و یاساش هیچیان لهگهڵ ناڵێت ، بهڵام ئهگهر رۆژنامهنوسێكی وهكو من ، دۆسێی گهندهڵی ههرچ كام لهبهرپرسهكان ئاشكرا بكهم ، دهڵێن تهشهیره و یاسا یان راپێچی دادگام دهكات ، یانیش لهلاكۆڵانێكا دهكوژرێم و دواتر چهند بهیاننامهیهكم بۆ دهردهكرێت و لیژنهیهكی لایانداری بكوژهكانم پێكدههێنن و سهرهخۆشی بۆ بنهماڵه و هاوسهر و مناڵهكانم دهردهكهن و دهستخۆشیش له بكوژهكانم دهكهن! لهكۆتاییدا ئاماژه به لێدوانێكی تشی گیڤارا شۆڕشگێڕی مهزنی ئهرژهنتینی بهناوبانگی جیهانی دهكهم كه دهڵێت : ئهو یاسایهی بهرامبهر به ههموان پهیڕهونهكرێت و یهكێكی لێ بهدهر بكرێت ، پێویسته رێزی لێنهگیرێت !
عەدنان عەلی تاڵەبانی بەپێوەری جیهانی هەموو كابینەیەكی نوێ دوای 100 رۆژ دەتوانرێت هەڵسەنگاندن بۆ كارەكانی بكرێت و رووبەڕووی رەخنە بكرێتەوە, كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم نزیكەی 200 رۆژە سوێندی یاسایی خواردووەو دەستبەكاربووە, بۆیە ئێستا بەرچاوڕوونی زیاتر هەیە ئەم كابینەیە لەماوەی 4 ساڵی یاساییدا دەتوانێت چی بكات؟ مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لەكارنامەی دەستبەكاربوونیدا وتی: "خواستی یەكەمی من لەم كابینەیەدا رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاكسازییە", لە هێڵە گشتیەكانی بەرنامەی كابینەكەیشیدا یەكەم پرس دەستی بۆ چاكسازی بردوەو بە 13 خاڵا بڕێك لە میكانیزمی چاكسازی دیاریكردووە, لە دەستپێكی هێڵە گشتیەكانی بەرنامەكەشیدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە " بەرنامەی كابینەكەی بەرنامەی رێككەوتنی گشت لایەنە بەشداربووەكانی ناو حكومەتە", بەو مانایەی حزبە بەشداربووەكان بە دیاریكراوی یەكێتی و گۆڕان وەك چۆن خواستیان لە كارنامەی كابینەكەدا جێكراوەتەوە, بە ئەندازەی حزبەكەی خۆیشی (پارتی) بەرپرسیارن لەبەرامبەر چاكەو خراپەكانی حكومەتدا. بەڵام ئەوە تەنها كارنامەیە لەسەر كاخەز, لەم وڵاتەدا چاكسازی و ریفۆرم بە كەسێك و دامەزراوەیەك ئەكرێت دەسەڵاتی هەبێت, لەكوردستانیش دەسەڵاتی حەقیقی لەناو حكومەت و وەزارەتەكان و پەرلەمان و دادگادا نیە و دەسەڵات لە شوێنێكی ترە, بۆیە هەر ئەو دەسەڵاتەی لە دەرەوەی دامەزراوە رەسمیەكانە لەپرسە گرنگ و چارەنوسسازەكاندا بڕیار ئەدات, نەك دامەزراوە رەسمیەكانی وەك پەرلەمان و حكومەت. بەپێی رێككەوتنی پارتی و گۆڕان بۆ پێكهێنانی حكومەت ئەبوو سەرۆك وەزیران یاریدەدەرێكی هەبێت بۆ كاروباری چاكسازی و لە پەرلەمانەوە یاسایەكی بۆ دەربكرێت و ئەم پۆستەش بدرێتە گۆڕان, بەڵام سەرۆكی حكومەت بێ یاسا 4 یاریدەدەری تری بۆخۆی دامەزراندوەو دوای 6 مانگیش هێشتا یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی دەستبەكار نەبووە!. بێگومان ئەمە هەڵەیەكی گەورەی گۆڕانە لە رێككەوتنەكەیدا, چونكە هیچ لۆژیكێك پێمان ناڵێت پارتی كە نزیكەی چوار ئەوەندەی گۆڕان كورسی هەیە, پرسێكی گرنگی وەكو چاكسازی كە خواستی هەموو خەڵكە تەسلیمی گۆڕانی ئەكات و ئەویش تەنها هاوكار و تەماشاكار ئەبێت و وەكو دەستكەوتیش بۆ بزوتنەوەی گۆڕان تۆمار بكرێت, پارتی دیموكراتی كوردستان وەك هێزی یەكەمی پێكهێنەری حكومەت ئەگەر نیەتی چاكسازی هەبوایە هەرگیز رازی نە ئەبوو ئەو پۆستە بدرێتە لایەنێكی تر. بۆ نمونە پێش پەسەندكردنی یاسای بەناوی چاكسازی لە پەرلەمانی كوردستان هەوڵێك هەبوو لەناو پەرلەمانەوە كەمترین موچەی خانەنشینی بە 300 هەزار دینار لەناو یاساكەدا جێگیربكرێت بەڵام پەرلەمانتاران بۆیان نەكرا, دوای چەند رۆژێك پارتی لەڕێی سەرچاوەیەكەوە هەواڵێكی لە سایتی رەسمی حزبەكەوە خستۆتە ناو رای گشتیەوە كە "سەرۆكی حكومەت لەگەڵا ئەوەدایە كەمترین موچەی خانەنشینی 400 هەزار دینار بێت". كەوابێت پارتی ئامادە نەبێت زیادكردنی 100 هەزار دیناری خانەنشینان بكاتە دەستكەوت بۆ هاوبەشەكانی لە دەسەڵات, ئیتر بە چی لۆژیكێك چاوەڕوان دەكرێت چاكسازی لە نەوت و گاز و خەرجی و داهات و گومرگ و هێزی پێشمەرگەو كۆی حكومڕانی بداتە لایەنێكی بەشداری حكومەت و خۆیشی تەنها هاوكار و تەماشاكار بێت!. لەسەرەتای ئەم كابینەیەو ئاڵوگۆڕی پۆستی سەرۆكی حكومەت لە نێوان دوو ئامۆزاو دەستبەركاربوونی مەسرور بارزانی چاوەڕوانیەك ئەگەر هەبووبێ بۆ چاكسازی لەو تێڕوانینەوە سەرچاوەی گرتبوو كە دەسەڵاتە حەقیقیەكەی ناو پارتی لوتكەی دەسەڵاتی جێبەجێكردنیشی گرتووەتە دەست و ئەگەر خواستی هەبێت ئەتوانێت چاكسازی بكات, ئیتر ئەو بیانوانەی كابینەكانی رابردوو نەماوە وەك كەسە نزیكەكانی نێچیرڤان بارزانی دەیانخستە ناو رای گشتی گوایە لەناوخۆی پارتیەوە بەربەستی ئاسنین هەیە بۆ ئەنجامدانی چاكسازی, ئەگەرنا "جەنابی دەوڵەتمەدار" خواستی ئەنجامدانی چاكسازی هەیە!. سەرۆك وەزیران سەرباری ئەوەی كوڕی گەورەی بارزانی و سەرۆكی پارتیەو پشتیوانیەكی گەورەیەتی بۆ ئەوەی لەیەكەم ئەزمونی حكومەتداریدا سەركەوتوو بێت, بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانیەكان لەناو حزبەكەشیدا "برا گەورە" پێگەی بەهێزەو زۆربەی سەركردایەتی پارتەكەی هاوكاری و پشتیوانی لێ ئەكەن, لەناو دەزگا ئەمنی و نهێنیەكانی حزبەكەشیدا كەسی یەكەمەو لە كابینەكانی رابردوودا سەرۆكی دەزگای ئەنجومەنی ئاسایش بووە كە بۆ خۆی ئەو ئەنجومەنە حكومەتێكی بچوكراوە بووە لەناو حكومەتدا, بۆیە مەسرور بارزانی دەسەڵاتی تەواوی هەیە و هیچ رێگریەك لە بەردەمیدا نیە و ئەگەر نیەتی هەبێت دەتوانێت چاكسازی بكات. وەك خۆیشی لە كارنامەی دەستبەكاربونیدا دەڵێت: خواستی یەكەمی ئەنجامدانی چاكسازییە, بەڵام دوای زیاتر لە 6 مانگ لە دەستبەكاربوونی كابینەكەی پێشبینی ئەوە ناكرێ چاكسازی خواستی یەكەمی جەنابی "برا گەورە" بێت, رەنگە خواستی یەكەم و جەوهەری بەهێزكردنی پێگەی شەخسی خۆی بێت لەناو دەوڵەتی قوڵداو پەراوێزخستنی كەسە نزیكەكانی نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای بێت و دوای ئەوەش لە رێگەی حكومەتەوە بەتەواوی دەست بەسەر حزبەكەیشیدا بگرێت,و تەوریسی سیاسی لەناو پارتیدا لەسەر رێچكەی خۆی بەردەوام بێت و دوای باوكی بۆ خۆی بمێنێتەوە, نەوەك تەوریسەكە گۆڕانكاری تێدا رووبدات و دوای مەسعود بارزانی بگوازرێتەوە بۆ نێچیرڤان بارزانی برازا.
لهتیف فاتیح فهرهج 1 ئهگهر نێچیرڤان یان بهرههم كارێكی باش بكهن و بهرتاقای كاره باشهكه پێیان بڵێی ، ئهوه پیاههڵدان نیه ، ئهوه به مانایهكی تر هاندانه بۆ بهردهوامی ، ئهگهر له خواری خوارهوه ، لهو پاككهرهوهی شهقامهوه كه بهره بهیان جادهكان پاكدهكاتهوه تا دهگاته سهری سهرهوه تا ئهو كهسهی له سهر كورسی شاهانه دانیشتووه ، له بهرانبهر باشهكان باش و له بهرانبهر كهمتهرخهمی رهخنهیان لێبگرین ، ئهمه نهلایهنگری و نهدژایهتیه ، ئهوه چ لۆژیك و ئاوهزێكه پێت وابێت مادام من رهخنه له مهسعود بارزانی دهگرم ئهوه دژی پارتیم و مادام به بهرههم ساڵح دهڵێن لهو دۆخهی ئێستادا باش دهكات ئهوه من لایهنگری ئهو دهكهم ، بهرههم ساڵح و مهسعود بارزانی و ههموو بهرپرسانی ئهم وڵاته شایانی رهخنهو ههڵوهسته لهسهر كردنن، خواستی ئێمهو خواستی گشتیش ئهوهیه ئهوانهی به خوایشت یان به زۆر دهبنه نوێنهریان نوێنهری باش بن و بهرژهوهندی گشتی بخهنه سهروو بهرژهوهندی تایبهتیهوه ، ئێ كه واناكهن ، خۆ ئێمه ناكرێت به لۆژیكی ئهو باباحزبیهی ، سهرۆك له پارهی گشتی دهیژێنێت ، سهرگهرمی پیاههڵدان بین . 2 تۆ دهبێت وهك پارتیهك پێت خۆش بێت من رهخنه له نێچیرڤان بارزانی ، یان ههر بهرپرسێكی تری پارتی بگرم ، ههڵبهت بۆ یهكێتیش ههروهسا ، دهبێت كادیری یهكێتی پێیان خۆش بێت من رهخنه له كۆسرهت رهسوڵ یان لاهور بگرم ، لایهنی پیاههڵدانهكه بۆ ئێوهو رهخنه گرتنهكهش بۆ ئێمه ، ئێ جار جاره كه كارێكی باشیش بكهن ، ئێمه بۆ بهردهوامی پێیان دهڵێین ئافهرین ، بهڵام رهخنه گرتنی ئێمه زهرهری بۆ خۆمان و قازانجی بۆ ئێوهیه ، دهی لانی كهم ، ئهوهی ئێوه ناتوانن بهسهروی خۆتانی بڵێن ئێمه دهیڵێین و رهنگه خێرو بێری وتنهكهش بۆ سهری خۆتان و ئێوه بێت و نهفرهتهكهش بۆ ئێمه ، ئێمه خهمی ئایندهمانهو ئێوهش خهمی حزب ، ئێوه خهڵك بهرنه حزبهوهو له راپۆرتی مانگانهدا شانازی بهو كارهوه بكهن ، ئێمهش به سهرانی حزب دهڵێین ئهوهتان خراپهو ئهوهتان ناجۆر . 3 تۆ كاتێك به بهرههم بڵێم باشی كرد ، پێت ناخۆش بێت و رهخنهم لێبگری ، لێ كاتێ به بارزانی بڵێم لهو كارهدا باشی كرد ئافهرینم كهیت ، ئهم لۆڤیكه حزبیهو له قاڵبدانی مرۆڤه ، من وهك تۆ ناكهم ، ناتوانم ههموو ناشرینیهكان جوان بكهم ، هیچ جوانیهكیشم پێ ناشرین ناكرێت ، جیاوازیهكه ئهوهیه ، من جارێكیان وتم 13 ساڵ مۆڵهت و بوار درابه مهسعود بارزانی ببێته چهترێك بۆ ههمووان و قۆناغی 31ی ئاب و شهڕی ناوخۆ به جێبێڵێت ، نهیكرد ئهمه دوژمنایهتی نیه ، من هیواخواستن بوو بهوهی كه وابێت ، كهنهبوو تۆ وهك پارتیهك چۆن ئهوه دهبینی كهیفی خۆته ، بهڵام ئهركی من رهخنه كردنه ، ئهمه بۆ بهرههم و فڵان و فیساریش ههروایه . بیرت نهچێت خهڵك پێكهوهیی و پێكهوه ژیانی ئاشتیانهو تهبایی دهوێت ، ئێمهو مانانیش كار بۆ ئهوه دهكهین ، سهیركه وێنهیهكی بهرههم و نێچیر له كوردستانیش نهگیراوه له داڤۆس و له ناو سهرمایهو پارهدا گیراوه ، كهچی خهڵك كۆڵێك دڵیان پێخۆشه .
پشکۆ ناکام ڕۆژی یەکی شوباتی ئەمساڵ یادی نۆساڵەی کۆچی دوایی رۆژنامە و ڕۆمان نووس ، شاعیر ، وەرگێڕ ، ئەدیبی عەوداڵی مافی زەوت کروای میللەتەکەمان لە ڕۆژهەڵات و لە باشوور " سعید ناکام"ە ،ناکام لە تەواوی ژیانیا جگە لە سەربەرزی و شانازی کردن بە تێکۆشانی سیاسی و بەرهەمە ئەدەبییەکانی بیری لە چیتر نەکردۆتەوە کە ئەیتوانی وەک خەڵکانێکی تری هاوبیروباوەڕی ئەو کە سەردەمانێک "کۆمۆنیست" بوون و ئێستاش بە دۆلار لووت ئەسڕن و لەسەر وەزنی" چەسپی دووقلو" نیو شیوعی و نیو سەرمایەدار ژیان بەسەر بەرێ ، ناکام هەر زوو وزە و کارامەیی ئەدەبی و خوێنەواری و دونیا دیدەنی تیا بەدی ئەکرا بە شێوەیەک کە نەک هەر خۆی حەزی ئەکرد خەڵکانی تریش ببن بە خوێنەوار تا لەرووی نا عەدالەتیەکانی کۆمەڵگای غەرقی نەخوێنەواری و پەویوەندییە دەرەبەگایەتییەکەی ئەو سەردەمانەی ناوچەی موکریان کە خۆی لەوێ ساڵی"1917"لەدایک بوە بوەستننەوە ، بەندە دوای ڕووخانی رژێمی شاهنشای ئێران ساڵی 1979 لە نێو زەنگەوە چووم بۆ مهاباد و سەردانی مامۆستای خێرنەدیو " هێمن موکریانی" ی شاعیرم کرد ئەو ووتی " من زۆر قەرزاری بابتم" منیش بەسوعبەتەوە ووتم چەنی لاتە ؟ حەزئەکەی بیەرەوە بە من! كەمێک پێکەنی و ووتی :" ڕەنگە گەر ناکام نەبوایە من ئەم هێمنەی ئێستام لێ دەرنەچوایە چونکە بە مناڵی ئەوەنەم ڕق لە فێربوونی خوێنەواری و زمانی کوردی ئەبووەکە دایمە لێم ڕائەکرد تا بردمیانە لای ناکام، ئەو بەشێوەیەک فێربوونی زمان و ئەلف و بێی کوردی لا خۆشەویست کردم کەحەزم ئەکرد بە شەو و بە جومعانیش لای ئەو بم.." - بڕوانە ناڵەی جودایی" ، کاتێک ناکام زانی کۆمەڵگای کوردی و بۆچونەکانی ئەو یەک ناگرنەوە لەهەڕەتی گەنجیا رووی کردە کوردستانی عێڕاق و لای "مامۆستا سەی حوزنی موکریانی" گیرسایەوەکە لە رێگەی ماڵی باوکییەوە لە مهاباد ئاشنایەتییان هەبوو و هەرلای ئەو زاتە گەورە و بە حورمەتە دەستی کردوە بە فێربوون وکارکردن لەسەر چاپخانە و نزیک بوونەوەش لەخەڵکانی سیاسی بە تایبەتی چەپ خوازەکان ، پاشتر روو ئەکاتە سلێمانی و جاپخانەی "ژین" لەگەڵ "پیرەمێرد" سەرەڕای جیاوزی تەمەنیان ئەبن بە دوو هاوڕێی نزیک لەیەک و تێگەیشتوو لەیەکتر ، هەر لەو کاتەشەوە زیاتر لە دونیای سیاسەت نزیک ئەبێتەوە و ئەچێتە ڕیزەکانی " حیزبی شیوعی عێڕاق" و زۆر دڵسۆز و بێ سڵەمینەوە لە دەرئەنجامەکان بانگەشەی بۆ مارکسیزم و داکۆکی کردن لە کرێکار و هەژار و چەوساوەکان کردوە هەر لەو دەروازەیەشەوە بوە بە هاوڕێ و ئاشنای نزیکی دەیان ئەدیب و شاعیری گەورە و بلیمەتی کورد وەک " گۆران ، بێکەس ، نوری عبد الواحید، سەلام ، دیلان..و دەیانی تریش" هەم لەسەر سیاسەت و هەم لەسەر نووسین و هەڵوێستەکانی سەدان جار تووشی گرتن و ئەشکەنجە و راونان و خۆشارنەوە و ماڵ وێرانی و دەربەدەری نێوان عێڕاق و ئێران بوە ( دایکی کۆچ کردووم ئەیگێڕایەوە کە دایمە دەستێک نوێن و سەفەرتاسییەکی حازر کراو لەماڵەوە هەبووە ، هەر پۆلیسێک لەدەرگای بایە مانای وابوو ناکام گیراوە و نوێن و خواردنەکەیان بۆ ئەنارد ..)زیندانەکانی سلێمانی ، کەرکوک ، قسر شیرین ، بەغا ، نوگرە سلمان ، ئەمنی عامه و زیندانەکانی تریش بونەتە شوێنی حەوانەوە ، چەن جارێکیش بە ماڵ و مناڵەوە گیراوە ، چەن جارێکیش دوورخراەوەتەوە لەگەڵ تەواوی خێزانەکەی بۆ باشووری عێڕاق ،،، ئەو هیچ نارەحەتییەکی سیاسی وای لێنەکردوە بۆ یەک جاریش لە پرینسیپەکانی خۆی لابات یان ببێتە مایەی نارەحەتی و نائارامی بۆ هاوڕێ و ئاشناکانی و خەڵکانی تر، ئەو پێی وابوو دەرگا داخستن لەسەر خۆت و برسێتی زۆر مەردانەترە لە وەرگرتنی نان و ئازادی لە کەسانێکی نا کەس بەچەوە،، تەنانەت ئەو سەردەمانەش کە ئەیزانی کەسانێکی شیوعی حیزب و بیروباوەڕی چەپ بۆ بەژەوەنی تایبەتی خۆیان بەکار ئەهێنن ئەو دژیان وەستاوەتەوە و هەردەم توانج بارانی کردوون.ناکام پاش ئەوەی تێئەگا و ئەگاتە قەناعەت کە بە داخەوە حیزبی شیوعی لە بناغە فەلسەفی و تیۆرییەکانی خۆی ووردە ووردە لا ئەیات بە تایبەتی دوای دروست بوونی " قیادەمرکزی" و جیابوونەوەی لە جەماعەتی "لیژنەی مرکزی" ' ئەو دوور ئەکەوێتەوە و ئیتر ئەکەوێتە ناو بەرداشی هەر سێ لایەکە ، حکومەت و پارتی و هاوڕێیەکانی دوێنێی حیزب !!! ماوەیەک " شیخ لەتیفی شیخ محمودی حەفید" ئەو زاتە جوانە خۆشەویستە داڵدەی ئەیا و لای ئەو ئەمێنێتەوە ، من خۆم جارێک چووم بۆ " سیتەک"- سیتەکی ئەوسا ئێستا نا - بۆ لای باوکم ، جەبابی شێخ لەتیف کە کەسێکی قسە خۆش بوو پێی ووتم : ژوورێکیش بۆ تۆ دروست ئەکەم کە گەورە بوویت و پێویستت بە خۆ شاردنەوە بوو ، وەرە بۆ لای مامی خۆت.. ناکام لە تەمەنێکی سەروو نەوەد ساڵییەوە ماڵ ئاوایی لێکردین بە داخەوە وەک خۆی ویستی لە سلێمانی نەبوە میوانی هەمیشەیی خاکەکەی ، ئەو دوای خۆی نەوەد مەتر ئەرزی نە هەبوو و نە جێهێشت، !!! ناکام هەر زوو ئەیتوانی لە نێوان گیرفان و مێژوو یەکەمیان هەڵبژێرێت ، بەڵام ئەو گیرڤانێکی سپی و مێژوویەکی ڕەشی پێ نەنگ بوو ، مێژوو کە ئەبەدیە هەڵبژاردەی ناکام بوو و ئەو گیرفانەی قەت بیری لێ نەکردبۆوە خستە جۆگەی مەلەزاتە کاتییەکانی تەمەن.. لە یادی کۆچی دوایی " ناکام"ی باوکم ، بەباشم زانی ئیشارەت بە چەن باسێک بەم کە ڕەنگە وەک خۆی باسی لێنەکراوە یان بەهاراتی پێوە کرا بێ ، لەوانەش : = هەر وەک هاوسەری " شەهید قازی محمد" جەن ساڵێک لەمەوبەر لە یادی کۆماری مهابادا باسی لێکرد کە لە یادکردنەوەی کۆمارا غەدرێکی زۆر لە ناکام ئەکرێ کە کەمتر لە ڕۆڵی ئەو لە چاپخانەی کوردستان باس ئەکرێ ، چونکە ناکام وەک ئەدیبێکی تێکۆشەری ئەو کۆمارەی موکریان کە خۆبەخشانە سەرپەرشتی چاپخانەکەی کردوە و جێ دەست و کارامەیی ئەو لە بیر ناکرێ =. كاتێک ناکام ڕۆمانی " ئاگری بن کا " بڵاو ئەکاتەوە ، پارتی ئەمە بە فورسەتێکی باش ئەزانن و بۆ پیشاندانی " حسن النیە" و نزیک بوونەوە لێی ، بریار ئەیەن کە خەڵاتی بنەماڵە کە ناویان لێ ناوە خەڵاتی بارزانی !! ببەخشن بە ناکام ، بەڵام ئەو سەرەتا رەتی کردۆتەوە نەبادا دەهۆڵی پارتی بوونی لێ بەن ، بەڵام دواتر " مام هەژار" تکای لێ ئەکا و ئەویش قبوڵی ئەکا و خەڵاتەکە وەرئەگرێ بێ ئەوەی ببێ بە پارتی.. = دەزگایەک هەیە بەناوی " ئاراس" کە مەبەست لێی "چەم"ی ئاراسە ،بە بێ پرس و ڕای خانەوادەکەی ، هەستاوە بە چاپ کردنەوەی " بیرەوەرییەکانی ناکام" بەڵام زۆر بەسەقەتی و ناڕاستگۆیانە، زۆر شتیان بەو مانا و شێوەیەی کە خۆیان مەبەستیانە وابێ وایان داڕشتوە وەک ئێمە لەبیرمان چووبێ شەستەکان پارتی پاشکۆی بنەماڵە ویستیان لە ڕێی کاژیکەکانی کانی ماسییەوە ناکام تیرۆر بکەن ،بەڵام هەر ئەو کەسەی ئەبوایە تیرۆەکە جێ بە جێ بکا پێی ووتبو من فەرمانی کوشتنی تۆم ، بەڵام بە هەقی نازانم و بۆ بتکوژم؟؟ =. ساڵی2000 کاتێک گەرامەوە سلێمانی "شێرکۆ بێکەس"ی شاعیرم بینی ، پێی ووتم کە هەفتەی ڕابردوو(ئەو کاتە)خۆی و ناکام سەردانی جەنابی" مام جەلال"یان کردوە بۆ کارئاسانی لە گواستنەوەی لەشەقڵاوەوە بۆ سلێمانی و جێنشین بوونی هەمیشەیی لەوێ ، وەک ناکام خۆی ووتبوی خەڵک ئەگەڕێتەوە سلێمانی تیا بژی من ئەگەڕێمەوە تیا بمرم چونکە زۆرم خۆش ئەوێ و یادگاری زۆرم لەگەڵیا هەیە...کاک شێرکۆ ووتی خانوویەکی بۆ ئامادە کراوە و ئێستاش گەڕاوەتەوە ماڵ و مەکتبەکەی بێنێ ، بەڵام چەن هەفتەیەک تێپەڕئ هەر دیار نەبوو ، دوایی زانیمان کە ناکام گەڕابۆوە "ئاسایش!!"ی پارتی بانگیان کردوە و پێیان ووتوە: چۆن بێ پرسی ئێمە چوویت بۆ سلێمانی و نیازیشت وایە بڕۆی بە یەکجاری لەوێ لای "جەلالییەکان" لە سلێمانی بژیت ؟؟ ئێمە بە پێی فەرمانی سەرووی خۆمانەوە ڕێگەت پێ نایەین کارێک لەو جۆرە بکەیت ، ئیتر ئەوە بوو وەک جێنشین کردنی زۆرە ملێی بردیان بۆ هەولێر و بۆیشی نەبوو لەو شارە بچێتە دەرەوە ، ناچار لەوێ مایەوە تا کۆچی دوایی کرد............................ . =. لە کۆنگرەی ڕاپەڕینی نووسەران لە 15/7/1992 ناکام وەک بەتەمەنترین بەشدار بووی کۆنگرە هەڵئەبژێرێت بۆ بەرێوەبردنی جەلسەکانی کۆنگرە تا هەڵبژاردنی دەستەیەکی تازەی یەکێتی نووسەران ، ئەویش قبوڵی ئەکات بەڵام ئەڵێت پێش ئەوەی دەست بە هیچ شتێک بکەین (تکایە : ئەو جاش قەڵەمانەی بە ناوی نووسەرانی کوردەوە خزمەتی بەعسیان کردوە ، با هەوییەی بەعسایەتیەکەیان بێنن لەسەر مێزە دایبنێن ) ئیتر کۆمەڵێک لەوانەی ئەم قسەیە ئەیگرتنەوە رەنگیان سپی ئەبێ و لەگەڵ نوێنەرانی سەرۆکی بنەماڵەی بارزانی ئەیکەن بە چپە چپ و بە پاساوی ئەوەی سەرۆکی بنەماڵە لێبوردنی دەرکردوە ئەبێ لاپەڕەیەکی تازە هەڵبدرێتەوە ...زۆربەی ئەوانەی هەوییەکانیان پێ بوو و بەر لێبوردنکە کەووتبوون ، تا دوا هەناسەیان بچووکی بنەماڵە بوون.