Draw Media

بۆچی تادێت هەرێمی کوردستان لافاو زیاتر دەیگرێتەوە؟

بۆچی تادێت هەرێمی کوردستان لافاو زیاتر دەیگرێتەوە؟

2025-12-16 19:24:22


شێركۆ وەهبی - ماستەر لە بواری ژینگە - سوید 


لەم ساڵانەی دواییدا لافاو بووەتە دیاردەیەکی بەردەوام و زۆر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بە گشتی و هەرێمی کوردستانی عێراقی بە تایبەتی گرتۆتەوە. وەک لەم هەفتانەی دواییدا بینیمان لافاوێکی زۆر ڕێگاوبانەکانی خاپورکرد و زۆر شوێنی نیشتەجێبوون پڕ بوون  لە قوڕاو زیانێکی زۆری ماڵی و گیانی لێکەوتەوە. لە هەرێمێکدا کە بە شێوەیەکی نەریتی پەیوەندی بە وشکەساڵی و کەمیی ئاوەوە هەیە، دووبارەبوونەوەی بارانبارینی بەخوڕ پرسیارێک دەوروژێنێت: بۆچی ئێستا ئەمە ڕوودەدات؟
گۆڕانی کەشوهەوا لە ناوچە شاخاوییەکاندا
گۆڕانی کەشوهەوا بە شێوەیەکی بەرچاو بووەتە دیاردەی ڕۆژانە لە ناوچەکانیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. مەرج نییە بارانبارین لە ناوچە شاخاوییەکانی کوردستاندا بە گشتی زیادی کردبێت، بەڵکو چڕتر و توندتر بووە. بارانێک کە پێشتر بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک دەباری، ئێستا لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا بەخوڕ دەبارێت.
هەتا هەوا گەرمتر بێت زیاتر دەریا، دەریاچەو ڕووبارەکان هەڵمی ئاویان لێ بەرزدەبێتەوە بۆ ئاسمان. کاتێک بارستە هەوای شێدار لە دەریای ناوەڕاست یان کەنداوی فارسەوە پاڵیان پێوەدەنرێت و دەگەنە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس و تۆرۆس بە خێرایی سارد دەبنەوە و لە ناکاودا لێزمە بارانی بەخوڕیان بە هێزێکی توندەوە لێ پەیدا دەبێت، کە لە ئەنجامدا لافاوی گەورەی لێ دەکەوێتەوە.
هۆکارە ناوخۆییەکان دۆخەکە خراپتر دەکەن
تا ئێستاش لە زۆر شوێنی هەرێمی کوردستانی عیڕاقدا کارەبا بە سوتەمەنی بەردین (فۆسێل) بەرهەم دەهێنرێت. سەرباری ئەوەش تەواوی موەلیدەکان بە دیزڵ و بەنزین کاردەکەن، ماڵەکان بەنەوت گەرم دەکرێن، زیادبوونی قەبارەی هاتوچۆ هەم پلەی گەرمی ناو شار و هەم دەردانی گازی ژەهراوی زیاد دەکات. بڕێکی یەجگار زۆر دووانە ئۆکسیدی کاربۆن دەکرێنە بەرگەهەواوە، کە دیاردەی قەتیسبوونی گەرمی بەهێزتر دەکەن. ئەمەش دوورگەیەکی گەرمی لە ناو شاردا دروست دەکات، کە شارەکان چەند پلەیەک گەرمتر دەبن لە لادێکانی دەوروبەری. وەک ئاماژەمان پێکرد، گەرمای زۆریش بارانبارینی بەخوڕ چڕتردەکاتەوە.
زەوی وشک کە ناتوانێت ئاو هەڵبمژێت
لەم ساڵانەی دواییدا ئاگری دارستان و خاک لە کوردستان زیاتر بووە. کاتێک ڕووەک دەسوتێت، خاک توانای سروشتی خۆی بۆ ڕاگرتنی ئاو لەدەست دەدات. دوای هاوینێکی زۆر و گەرم، زەوی و کێڵگەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا وشک و ڕەق دەبنەوە. کاتێک باران زۆر بە خوڕێ دەبارێت، خاک ناتوانێت ئاوەکە هەڵبمژێت. بەڵکو بەخێرایی بە لێوارەکاندا دەڕوات و لە دۆڵ ، گوند، شار و شارۆچکەکاندا کۆدەبێتەوە. ئەو دۆڵانەی چەم و ڕووبارەکانی لە هاویندا  وشک دەکەن، لە چەند خولەکێکدا دەگۆڕدرێن بۆ ڕوبار و چەمی بەخوڕ. ئەو خانووبەرانەی لە نزیک ئەم کەناڵە ئاوەڕۆ سروشتیانەوە دروستکراون لافاو دەیانبات یان مەترسی جدیان دەکەوێتە سەر.
ئەو شارانەی کە زۆر خێراتر لە ژێرخانەکانیان گەشەیان  کردووە
شارەکانی وەک هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و تێکڕای شارۆچکەکانی تر ژمارەی دانیشتووانیان بە خێرایی زیادی کردووە و ڕووبەرەکانیان پەرەی سەندووە. زۆربەی کات شار و شارۆچکەکان بەبێ پلانی درێژخایەن فراوانبوون. لە زۆربەی ناوچەکاندا جادەی قیر و کۆنکرێت و یەکەکانی نیشتەجێبوون و خانوبەرە بە چڕوپڕی جێگەی زەوی کشتوکاڵی و سیستەمی ئاوەڕۆی سروشتی گرتۆتەوە، بەڵام تۆڕەکانی ئاوەڕۆ و سیستەمی ئاوی بۆ کەشوهەوایەک داڕێژراون کە ئیتر بوونیان نییە. جا کاتێک بارانێکی بەخوڕ دەبارێت، ئەو سیستەمە کۆنانە ناتوانن بەرگەی قەبارەی ئەو ئاوە بەخوڕو زۆرە بگرن، بۆیە شەقامەکان دەبنە ڕووبار و ژێرزەمینەکان پڕ دەبن لە ئاو، ئەو ناوچە نزمانەی شوێنی نیشتەنیان تیادا دروستکراوە دەبنە دەریاچەی کاتی. 


ململانێ و پشتگوێخستنی بەڕێوەبردنی ئاو
هەرێمی کوردستانی عیڕاق دەیان ساڵە بەدەست ململانێی حیزبییەوە دەناڵێنێت، ئەمەش  دامەزراوەکانی دەوڵەتی لاواز کردووە. بەنداو، کەناڵ و سیستەمی ئاگادارکردنەوە نە پارێزراون و نە مۆدێرن کراون. لە هەمان کاتدا گرژییە سیاسییەکانی نێوان وڵاتانی دراوسێ بەدرێژایی ڕوبارەکانی دیجلە فورات، بەڕێوەبردنی ئاوی ناوچەکەی قورس کردووە. هەروەها لە ڕۆژئاوای ئێران، شارەزایان ئاماژە بە دروستکردنی بەرفراوانی چەندین بەنداو و لادانی تیراسای ڕووبارەکان کردووە، ئەمەش کاریگەری لە ڕێبازی ئاوی سروشتی کردووە و هەندێک ناوچە زیاتر ڕووبەڕووی لافاوێی مەترسیدا بوونەتەوە.
ئاماژەیەکی ئاگادارکردنەوە بۆ داهاتوو
زانایان هۆشداری دەدەن کە ئەمە تەنها سەرەتایەکە. مۆدێلەکانی کەشوهەوا دەریدەخەن کە ناوچەکە کەمتر ڕۆژانی باراناوی دەبێت، بەڵام ڕووداوی بارانبارینی توندتر تا دێت ڕوو لە زیاتربوون دەکات. ئەمەش بە واتای ئەوە دێت کە ماوەی وشکەساڵی درێژتر دەبێت و ناوە ناوە بارانبارینی بەخوڕ و دروستبوونی لافاو ناوچەکان دەگرێتەوە.
چیدی بۆ دانیشتوانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دەوروبەری ئەم کارەساتە سروشتیانە دیاردەی نامۆ نین، بەڵکو ئەوە شێوازێکی نوێیە لە کەشوهەوا. بەبێ وەبەرهێنان لە پلاندانانی شارستانی بەردەوام، سیستەمی هۆشداری باشتر و هاوکاری ناوچەیی، مەترسی لافاوەکان هەم زۆرتر و هەم کوشندەتر دەبن.
ئامادەکاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی زیادبوونی مەترسییەکانی لافاو لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا
لە بەرامبەر زیادبوونی مەترسییەکانی لافاو، وڵاتە پێشکەوتووەکان لە چەند ڕوویەکەوە ئامادەکاریی خۆیان بەهێزتر کردووە. بە بەردەوامی زۆربەی شار و شارۆچکەکان بە سیستەمی دژە زریانی تەیاردەکرێن، بۆ نموونە لە سوید زۆربەی بۆری ئاوی باراناویان گۆڕی بە سیستمێکی نوێ کە بەرگەی تێپەربوونی ئاوی زیاتر دەگرێت و ڕاستەوخۆ دەیگوازێتەوە بۆ ناو دەریا. شارەکان پلانی تۆکمە وتوندتریان بۆ داڕێژراوە، هەوڵێکی زۆری بە یاسا دراوە کە بیناسازی لە ناوچە لاوازەکاندا قەدەغەکرێت. چەندین کەناڵی نوێ ئامادەدەکرێت بۆ گواستنەوەی ئاوی لافاو  بۆ ناوچە سەوزەکان کە بۆ هەڵمژینی بڕێکی زۆری ئاو بەکاردەهێنرێت. لە هەمان کاتدا سیستەمی ئاگادارکردنەوە و ئامادەکاری بۆ باری نائاسایی باشتر کراوە بۆ ئەوەی بە خێرایی بگاتە خەڵک. سەرباری ئەوانەش چۆنیەتی یاسادانان بەبەردەوامی لەگەڵ مەترسییەکانی کەشوهەوا لە داهاتوودا دەگونجێنرێن، هەروەها توێژینەوە و هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان ڕۆڵێکی چارەنووسساز لە م بوارەدا دەگێڕن.
قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان 
زۆربەی وڵاتە پێشکەوتووەکان ڕێسایەکی تایبەتیان هەیە بۆ قەرەبووکردنەوەی زیان لێکەوتوان، بۆنموونە لە لافاوەکەی دۆڵی ئەهر (The Ahr Valley) ساڵی 2021 لە ئەڵمانیا، لە میانەی کارەساتەکەدا حکومەتی فیدڕاڵی بە هاوکارییەکی بەرفراوانەوە هاتە ناوەوە بۆ فریاگوزاری و ئاوەدانکردنەوەی درێژخایەن. سەرەتا کابینەی فیدراڵی پاکێجێکی فریاگوزاری بە بڕی نزیکەی 400 ملیۆن یۆرۆ پەسەند کرد تاکو بە خێرایی پارە بۆ خێزانە زیانلێکەوتووەکان، ماڵ و ژێرخانی وێرانبوو دابین بکات، کە لەلایەن هەرێمە فیدراڵییەکانەوە بە هاوبەشی ئامادەکرا. دوای ماوەیەکی کەم، سندوقێکی نیشتمانی ئاوەدانکردنەوە بە بڕی 30 ملیار یۆرۆ دامەزرێنا، کە ئیتر شارەوانییەکان، ماڵ و کۆمپانیاکان دەتوانن داوای پشتگیری لەو سندوقە بکەن بۆ دابینکردنی بەشێکی زۆر لە تێچووی چاککردنەوە و ئاوەدانکردنەوە بۆ بژاردنی نزیکەی 80% ی زیانەکان لە داهاتوودا. هەروەها حکومەتی فیدراڵی لەگەڵ وڵاتانی تر کەوتنەکار بۆ خێراکردنی پارەدان و بەکارهێنانی سندوقەکانی هاوپشتی یەکێتی ئەوروپا بۆ بوژانەوەی ناوچەکە.
بەڵام بەداخەوە لای خۆمان لە ناوچەیەکدا کە لە مێژە کەم ئاو بووە، ئێستا بەهۆی لافاوەوە ئاوەکەشی بەفیڕۆ دەڕوات.  
 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand