Draw Media

​     پشکۆ ناکام​ ​ ......لە تازە و هەزەلیترین نوکتەی دەسەڵاتی هەرێم ئەوەیە کە هەر سێ سەرۆکایەتیەکە کە دوانیان تاپۆی بنەماڵەیە و سێیەمیان کارتۆنیە نیازیان وایە بە بەرنامەیەکی گونجاو ڕووبەڕوی ڤایرۆسی"کۆرۆنا" ببنەوە و خەڵکی کوردستان لە مەترسییەکانی نەخۆشییەکە دووربخەنەوە ، کەسێکی دوور لە هەرێم وا ئەزانێ ئەمڕۆ لە هەرێم هیچ گرفتێکی تەندروستی و دەرمان لە ئارایا نیە و سیحەتی "وەک خۆیان ئەڵێن ساغلەمیش" خەڵکی هەرێم لە ئەوروپییەکان باشترە و دەسەڵاتی هەرێم وەک جۆن رێگە نایە هیچ سوپایەکی بێگانە پێ بخاتە ئەم دیوهەر بەو جۆرەش ئەو ڤایرەسەی رووبکاتە هەولێر بەزمەکەی سی و یەکی ئابی بەسەرا یەت...​ یاخوا هیچ میللەتێک وەک ئەمەی ئەم هەرێمە کڵۆڵ و نەگبەت نەبێ ، ئاخر دوو سەرۆکایەتی و یەکێکی تری پاشکۆ پێمان ناڵێ بە کام میکانیزم و ئالیاتی پزیشکی و ئیداری بەرامبەر بە ڤایرۆسە ئەوەستنەوە ؟؟بە دەرمانەکانی دەرمانخانەکان!!حەب گەجە ، شروب دۆشاوە ، خزمەت گوزاری گەر سفر نەبێ شتێک لەسەروو سفرەوەیە ، گرانی عیادەکان بۆ خەڵکی کەم دەرامەت کابس و مۆتەکەیەکی رۆژانەیە ، هێنانی دەرمان لە دەرەوەی هەرێم مۆنۆپۆڵی بەرپرسێکی زەرد و کوڕی بەرپرسێکی سەوزە ، بە هەموو شارێکی وەک سلێمانی بیست ئیسعافی تیا نیە کە بە پێی ستانداری جیهانی بێ( بەڵام رەنگە دوو سێ هەزار سەیارەی حیمایەی بە دەرع و بێ دەرع تیا بێ !) بەدەیان سکانداڵ " فەزیحە"ی پزیشکی کە هاووڵاتیانی تیا بوون بە قوربانی لای دەسەڵات تێپەڕی کرد هەر لە کیسە خوێنی ئێکسپایەر و دەرزی کوێر کردن و و بەجێ هێشتنی کوردستان لەلایەن بەشێکی زۆر لە پزیشک و کادیرە کانی خەستەخانە دوای ئیهانە کردنیان لە لایەن حیزبەوە ، چونکە گەر هەموویان نەبێ بەشێکی زۆری ئەوانەی خەریکی قاچاخچێتین بە دەرمان و کەل و پەل و ئێکسسواری پزیشکییەوە​ سەر بە دەسەڵات و حیزبین قازانجەکەشی برامان برایی کیسەمان جیایی لەگەڵ قاچاخچیە گەورەکە بەش ئەکەن ، دکتۆرێک دەیان ساڵ ئەخوێنێ و خۆی پێئەگەیەنێ ، کاتێ ئەگەڕێتەوە هەرێم بۆ خزمەت کردن بە خۆبەخشی و کاتێک زات ئەکا راستیەکان بدرکێنێ ناوی ئەچێتە لیستی ڕەشەوە و هەنێ فیشەک و میشەکی پێوە ئەنێن بۆ دەم کوت کردنی ، ئەویش ناچار بەهەڵەداوان ئەرواتەوە دونیای غەریبی ، بەڵام دونیای ئازادی و دڵنەوایی...​ هەر چوار ساڵ جارێک وەزیرێکی صحە دائەنرێ و لەو چوار ساڵەیا دەیان فەزیحە لە وەزارەتەکەیا کەشف ئەبێت بەڵام کادیری حیزبیە لە گوڵ کاڵتری پێ ناووترێت دوای چوار ساڵەکەش بە خانەنشینیەکی چە هەزار دۆلاری لەماڵەوە لەبەردەمی سپلیتا خۆی فێنک ئەکاتەوە ، لە رابردووا وەزیری صحەی وا هەبوە کە ئەگەر بە وەزیریش لەدایک بووبێ هەر بەشی تێ چووی ئەو خانوە ناکا کە دروستی کردوە!  لەبەردەمی دەرگای دەرەوەش لەوحەیەکی هەڵواسیوە" هژا من فچل ربی"....​ ڕەنگە لێرە و لەوێ خەستەخانەی پێشکەوتوو هەبێت ، بەڵام ئەوە بۆ خەڵکە ئاساییە کەم دەرماتەکە نیە ،چونکە مەسرەفی دوو سێ  شەوی داهاتی ساڵێکیێتی ، بەڵام بۆ بەرپرسە حیزبییەکان گەر بە ئیسعافیش فریا نەکەوون رەنگە هەلیکۆپتەر بەکار بێنن، ئەم دەسەڵاتە جۆ ن ئەتوانێ رووبەروی ڤایرۆس و نەخۆشی کتە و پڕ ببێەوە ، خۆ ڤایرۆس گەریلاکانی باکوور نیە تا سوپای تورکیا بهێنێتە سەریان ، دەسەڵاتی هەرێم و سیحەتی خەڵکەکەی زۆر دوورن لەیەک ، لە شارێکی وەک سلێمانی لە پەنجا پلەی گەرمای هاوین خۆڵ و خاشاکی هەموو شارەکە لە تانجەرۆ ئەسووتێنرێ و دوکەڵەکەشی ئەچێتە سنگی دانیشتوانی شارەکە، تۆیەک کە خەڵکت لامەبەست نیە عەرزی عەزەلاتی چی ئەکەیت؟! بەرپرسە حیزبیەکان بۆ دان پاکردنەوەش ئەچنە لای پزیشکی تایبەت لەدرەوەی ووڵات ، ئەی ئەو خەڵکە بێ چارەیە رووبکاتە کوێ؟ بە ساڵا جوویەکی بەدبەخت کە بە زەرف فرۆشتن خێزانێک بە خێو ئەکات پارەی دەمامک و پێویستیەکانی تری لە کوێ بوو ؟ دەسەڵات ئەیەوێ بەوە خەڵک چەواشە بکا کە گویا ئامێرێکیان هێناوە کە نەخۆشیەکە دەست نیشان ئەکات ، ئەمەش وەک ئەو ئامێرە وایە کە کاتی خۆی لە هەڵبژاردنەکانا هێنایان و ووتیان تەزویر بەم ئامێرە ناکرێت ، دەرکەوت تەزویر دوو قات بوو!! تا ئێستا لە چین و ئەوروپاش لەسەداسەد نازانرێ ڤایرەسی کۆرۆنا سەرچاوە ئۆرگیناڵەکەی چیە و لە کام کەش و هەوایا گەشە ئەکات ، کەچی دەسەڵاتی هەولێر پێش هەموو دونیا کەوت بە هێنانی یەک ئامێر بەری لە شاڵاوی نەخۆشییەکە گرت ، رەنگه دوای ماوەیەک هەقی هێنانی ئەو ئامێرە هەر خێزانێک ئەبێ شتێک پارە بەن بە دەسەڵات هەروەک سەعاتی ئاو و کارەباکە !​ ڕاستیەک هەیە ئەوەی خۆی لێ لابات بە زۆر خۆی گێل ئەکات ئەویش مەترسییەکانی کۆرۆنا و مەترسییەکانی دەسەڵات لەسەر خەڵکەکەی هەرێمە ، بڕواناکەم لە هەموو ڤایرۆسە خەتەرەکان هیچیان شان با لە شانی دەسەڵات ، نەخۆشیەک یەت و هەر جارەسەر ئەکرێ ، مەسەلەکە تەنها کاتە و جێی داخیشە تا ئەو کاتە کۆمەڵێک خەڵک ئەبنە قوربانی ، بەڵام لەسایەی سەری ئەم دەسەڵاتەوە رۆژانە دەیان کەس هەر لە داخ و بێزاری و نەبوونی گیان لەدەست ئەیا ، لە کوێی دونیا ئەونەی هەرێم خەڵکی گەنج و پیر بەجەڵتە گیان لەدەست ئەیەن و دەسەڵاتیش مێش میوانی نیە ، ئەم دەسەڵاتە کە توانای چارەسەرکردنی نەخۆشی و گرفتە پزیشکیەکانی ناوخۆی نەبێت بە چ ئەقڵێکەوە لە رووی کۆرۆنا ئەوەستێت؟ بەراستی دەسەڵاتی هەرێم ڤایرۆسێکە نەک هەر سیحەتی خەڵکی تێک یاوە : تەئریخ ، ئەدەب ، کەلتور ، پەروەردە ، داهات و ئابووری ، داەات ، خوێنن ، سەربەخۆیی و سیادەی هەرێم ، سەربارزی و شانازی کردنی تاکی کورد بە ئینسان بوونی خۆی ، نەهێشتنی خەتی جیاواز  لە نێوان نیشتمان پەروەری و جاشێتی ، چەپڵە لێیان بۆ خیانەت ، سووکایەتی کردن بە ژن و بە ئاسانی کوشتنیان،،،و،،،و،،و،،هتد​ من بەش بەحاڵی خۆم پێم وایە دەسەڵاتی هەرێم حەزی ئەکرد ئەو ڤایرۆسە تێکەڵ بەنەوت بکرایە ئەویشی ئاودیو بکردایە و پارەکەشی: هەبوو ، نەبوو !​ ئەوانەی لەعەرشی دەسەڵاتا ئەخولێنەوە چەن جار حەبی گەجیان خواردوە؟ چەن جار لە قاوشی گشتی خەستەخانەکان ماونەتەوە؟ چەن جار لەسەرەیا وەستاون بۆ چوون بۆ لای دکتۆر ؟مناڵی کامیان دەرمانی دەرمانخانە ئاساییەکان بەکار ئەهێنن؟ جا ئیتر ئەم دەسەڵاتە نوکتەی وەستان لە رووی کۆرۆنا بۆ کێ باس ئەکا؟ بە بچێ بۆ حەلاوی باس کات، لە بوونی گرفتێکی واگەورەی وەک کۆرۆنا ،دانانی ڕێ و شوێنی پێویست بە سیاسی بازرگان و قاچاخچی ناکرێت ، بە خەڵکی خۆی ، بە بسپۆری شارەزا ، بە پزیشکێک کە میللەتەکەی لەسەروو حیزبەکەیەوە سەیر کات،  بە کادرێکی تەنروستی کە ئینسان لای ئەو لەسەروو هەموو بەهاکانەوەیە ، بەو جۆرە کەسایەتی و خەمخۆرانە پرۆسەی کار و ئەجیندای گونجاو یەتە جێ بەجێ کردن ، تا حیزبیش هەبێ ئەو جۆرە کەسانە رێگە پێ دراوو نین وەک خۆیان وەک ئیختیساسی خۆیان کار بکەن ، ئاشکراشە لای حیزبەکان پارە و دەسەڵات لە لووتکەی بەهاکانە ، بۆیە کەس دڵی بەوەخۆش نەبێ دەسەڵاتی هەرێم لەو ئاستەیا بێ بەرامبەر هەچ گرفتێک میللەت هەڵبژێرێت ، گەر کۆرۆنا بهاتایە زمان ئەیووت: ئەی کوێرایم دایە ئێوە ڕێم لێ ئەگرن ؟!​ ڤۆن هەر ڤایرۆسێک لە کەش و هەوایەکی دیاری کراوا گەشە ئەکات، دەسەڵاتی کوردیش لە کەش و هەوای بێدەنگی و نە وەستان لەڕوویا ، رۆژ بە رۆژ زیاتر گەشە ئەکا و وەک ئەمیبیا پەل ئەهاوێتە هەموو ئاست و مەترسیەکانیشی قوڵتر و کاریگەر تر ئەبن لەسەر ئەیندەی هەموو کۆمەڵانی خەڵک ، جا هەقی خۆیەتی پێش ئەوەی کار لەکار بترازێ هیممەتێک بۆ بە گژاجوونەوەی ئەو ڤایرۆسەی ناوی" دەسەڵاتی کوردی"ە لەسەر وەزنی برنجی کوردی...       ​


عەزیز ڕەئووف ڕۆژگارێکی خراپ دەگوزەرێنین، دۆخێکی تەواو پڕ لە فەوزاو پڕ لە قەیران و پڕ لە دەنگەدەنگ، ڕۆژگارێک دەگوزەرێنین گەندەڵکاران و بەرپرسان کەرەستەی تر بەکار دێنن و ململانێی کۆمەڵایەتی و بەلاڕێدابردرنی ڕووداوەکان و دروستکردنی کارەکتەری دینی مقەبا لە مێنبەرەکانەوە ڕۆژێک هێرش دەکەنە سەر خەڵکانی ئازادیخواز و ڕۆژێک سیناریۆی مەحکەمەی درۆزنانە و ڕۆژێک خواردنەوەی میزی حوشتر لە شاشەکانەوە و ڕۆژێکش هەر ئەم مەخلوقانە دێنن لەسەر نەخۆشیەکان نەسیحەتمان بکەن. کەمێک هوشیاری پێویستە بۆ دەربازبوون لە نەخۆشی کۆرۆنا و لە نەخۆشی جەهل و سیناریۆ و دۆخی نەخوازراوی دروستکراو. ئێمە شایەنی ئەم هەموو برینە نین، ئێمە شایەنی ئەم دنیا تاریکە نین، دەیان ساڵ خوێن نەڕژا تا دنیایەکی لەم شێوەیە ببینین، بەڵام ئەوەش دەزانم ئەم دەمامکە دەکەوێت و ئەم ڕوخسارە دروزنانەیە دەردەکەوێ. ئەمە شەڕێکی نەخوازراوەو دەسەڵات لە شاشەکانیەوە وەک ژەهر دەیڕێژێـتە نێو ماڵەکانمانەوە. من دەزانم کەرەستەی بەرگری لەم دۆخە لەبەردەست نیە، بەڵام لانی کەم پێویستمان بەوەیە بە وریایەوە لەم دۆخە بڕوانین، من دەزانم هیچ هێزێکی عەقڵانی نیە ئومێدی لەسەر دروست بکەین تا سبەینێمان جوانتر بکات، بەڵام ئەوەش دەزانم ئەم جۆرە لە نیگەرانی لە هەناویدا پڕە لە ئومێدی گەورە و ڕاچڵەکینی گەورە و ڕۆژێک دێت ئەم هەموو توڕەییە دەبێت بە پڕۆژە و لە ئێستادا کاتێتی توڕەییەکانمان لەم دۆخە بکەین بە پرۆژە و کار لەسەر کۆی برینەکانی کۆمەڵگە بکەین. لە ئێستادا ئەم شەڕە قورستر بووە بەوەی کە خەریکە ململانێی خەڵک و دەسەڵات دەگۆڕێت بۆ ململانێی خەڵک و خەڵک لەڕێکەی دروستکردنی کارەکتەری زمانزبر و دروستکردنی فەزای دینی و دژەدینی کە لە ئێستادا نە دۆخێک هەیە بۆ فەزای ئاین و گروپی دینی و عەقڵانی نە دۆخێک لە ئارادایە بۆ عەلمانیەتێک کە پڕ بێت لە هوشیاری و دنیا بینی. ئەم دۆخە دروست کرداوە وەک چۆن دۆخێکی قسەلەسەرنەکراو و ئاڵۆز و داپۆشراو بووە، بە هەمان شێوەش هەڵدانەوەی زێرابی ئەم جۆرە لە دەنگەدەنگ و بەتاڵی و خاڵیکردنەوەی دید و تێڕوانین بە هێرش و پەلاماردانی میدیایی و مینبەر و بێدەنگکردنی شانۆ و دادگای کۆنترۆڵکراو جگە لەبیربردنەوەی دۆخی پڕ لە قەیران هیچی تر نیە. ڕۆژێک ئەستێرەیەک هەڵدێ. نیشتیمان هی ئەوانەیە کە کاری تێدا دەکەن نەک هی ئەوانەی ئاوی سازگاری ئەم بنارە لیخن دەکەن. کەرەستەکان زۆرن بۆ ناشرین کردنی دنیای ئێمە، بەڵام ئێمە لێرەین و سبەینێ دەمامکەکان دەکەون و سەرزەمینێک دەبینین کە شایەنی ژیان بێت.


 هیوا سەید سەلیم   لە گەل نزیکبوونەوەی وادەی ئاشکراکردنی ناوی کابینە وەزاریەکەی، بۆ ئەوەی پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بکات، عەلاوی کارنامەی کابینەحکومیەکەی ئاشکراکرد، کارنامەکە وەک ئەوەی ڕایگەیاندووە بریتیە لە چوارچێوەی گشتی بۆ حکومەتەکەی. موحەمەد تۆفیق عەلاوی، کە لە سەرەتای مانگی شوبات لەلایەن سەرۆک کۆمار بەرهەم ساڵح، راسێردراوە بۆ ئەوەی ببێتە جێگرەوەی کابینەی عادل عەبدولمەهدی، کە دووەمیان لە ژێر فشاری خۆپیشاندەران ناچارکرا دەست لەکار بکێشێتەوە، کارنامەکەی لەسەر دوو تەوەرەی سەرەکی هەڵوەستەی کردووە:  یەکەمیان بریتیە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پاک و ئازاد بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، تەوری دووەمیش بریتی دەبێت لە چاکسازی حکومی.  ئەو دوو تەورەی کارنامەی عەلاوی، زێدەتر بۆ رازیکردنی داخوازیەکانی شەقام داڕێژراوە، بەوەشیان دەردەکەوێت کە کابینەکەی عەلاوی، کابینەیەکی راگوزەرە و ئەرکە سەرەکیەکەشی بریتی دەبێت لە رەخساندنی زەمینەی هەڵبژاردن بە میکانزمی تازە کە بریتیە لەو کۆمسێۆنەی کە ئەرکی سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی بە یاسایی هەمورکراوی هەڵبژاردن پێسپێردراوە. کورد تا نووسینی ئەو وتارەمان دیارنیە کە پشتیوانی لەو کابینەیە دەکات یان دەنگی بۆنادات و بایکۆتی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێەران دەکات، رۆڵی لە کارنامە وەزاریەکە تەواو فەرامۆشکراوە، هەروەها هیچ یەک لە تەوەرەکانی کارنامە وەزاریەکەش تایبەت نەکراون بە کێشەکانی نیوان هەڕێم و ناوەند. کە باس لە کورد دەکەین، دەبێت ئەوەش بڵێین کە وێڕای ئەوەی هەوڵی زۆر لە ئارادایە کە سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانیەکان بە یەکڕیزی مامەڵە لەگەڵ کابینەی عەلاوی بکەن، بەڵام گومانی ئەوە هەیە کە لە کۆتایدا درزبکەوێتە نێوانیان و هەموویان تا سەر یەکهەڵوێست نەمێنن. تا ئێستا لایەنە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان (پارتی ویەکێتی)  کێشەیان لەگەڵ عەلاوی بریتیە لە میکانیزمی دیاریکردنی وەزیرە کوردەکان، نەک کارنامە وەزاریەکە، کە دووەمیان بۆ کورد گرنگترە، بۆ ئەوەی هەرێم پێداگری لەسەربکات نەک ئەوی کێ و چۆن وەزیر کاندیددەکرێت؟ لە رابردوودا کاتێکدا  کورد باشترین نوێنەری ناردۆتە بەغدا، وە زۆرترین کاریگەری لەسەر پڕۆسەی سیاسی هەبووە، هەمیشە کێشەکانی لەگەڵ ناوەند بریتی بووە  لە پابەندنەبوونی هەردوولا  یان لایەنێکیان بە کارنامەی حکومەت،  یان ریکەوتنامە دوو قۆڵیەکان، چونکە کێشەکانی نێوان هەرێم و ناوەند بە روونی وە بە نووسراو لە کارنامە و رێکەوتننامەکان ئاماژەیان پێنەدراوە. لە تەواوی کابینەکانی رابردووی دوای پرۆسەی ئازادکردنی عێراق، کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی باشترین کارنامەی هەبووە، بە تایبەت ئەو لێکتێگەیشتنەی کە تایبەت بە نەوت و مووچە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ ساڵێ ٢٠١٩ ئەنجامی دابوو.  بەڵام بەهۆی ئەو دۆخەی تووشی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی کرایەوە، کورد باشترین سەرۆک وەزیرانی لە بەغدا لەدەستدا، کە لێرەدا دەتوانین بڵێین بەشێکی ئۆباڵێ فشارەکانی سەر عەبدولمەهدی دەکەوێتە ئەستۆی هەرێمی کوردستانیشەوە. لە کۆتاییدا دەڵێین کابینەکەی عەلاوی بەو کارنامەی کە بڵاویکردۆتەوە، وە بەو شێوازەی کە هەڕێمی کوردستان دانوستانی لەگەڵ دەکات، پێناچێت شتێکی تازەی بۆ کورد پێبێت، جگە لەوەی ناوەند لەسەر حسابی هەرێم بەهێزتردەکاتەوە، ئەگەر کێشەی زیاتریشی بۆ درووست نەکات.  


گۆران عەلی کەریم   ماوەیەکی زۆرە رێبوار کەریم وەلی، لەباتی هەمووان خەمێکی گەورەی یەکێتی و یەکێتیەکانی  لەکۆڵ ناوە و هەر فرسەتی هەبێت، بەناوی شیکارییەوە موغریزانە بێ کەوچک دەوێت شتێک لەسەر حسابی یەکێتی بخوات، رەنگە ئەوەی کەزیاتر هانی ئەم برادەرەیەی یاوە  وابکات، ئەوە بێت کە ویسنتی شانسی خۆی لەسەر حزبەکەی( پارتی) تاقی بکاتەوە، بەڵام نەک بۆی نەلوا بەڵکو هەر زوو لە نوسینیان خست و نوسینسزیان کرد، دەنا کێشەی ناو پارتی هیچی لە یەکێتی کەمتر نییە گەر زیاتر نەبێت و دەیان بابەتی گرنگ هەیە بۆ نوسین، کە لای رێبوار کراوەتە بڤە و ناتوانێت لەسەری بنوسێت، بۆیە ئەشێ مەرجی گەرانەوەی بۆ ناو دنیای نوسین، ئەوەی بەسەردا سەپێنرابێت، خەمە گەورەکەی یەکێتی لەکۆڵ بگرێتەوە و ئەرکەکەی پێشووی بۆ هێرشکردنە سەر یەکێتی بۆدیاری کرابێت و پێسپێردرابێت.   لەدواین نوسینیدا لەژێر ناوی ( قۆناخی پۆست بەرهەم ساڵح) جارێکی تر باسی چۆنیەتی وەرگرتنی  پۆستی سەرۆک کۆماری دەکاتەوە و چرنوک دەگرێت، بێ ئەوەی خۆی لەوە بدات، کە ئەو هەنگاوە بۆ یەکێتی دەستکەوتێکی گەورە بوو، کە بەبێ ئیزنی پارتی و موبارەکەی بارزانی، ئەو پۆستە بەهەڵبژاردنێکی بێ تەزویر، سەرباری گوشارەکان و بەخشینەوەی پارە لەدژی دکتۆر بەرهەم، بەڵام بەزۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارەکان متمانە درابە بە سەرکردەیەکی یەکێتی، لەلایەکی تریشەوە ئەمە وێنە راستیەکەی نیشاندا کە سەرۆک کۆمار کاندیدی هەموو عێراقیەکانە نەک تەنها چەند حزبێکی کوردی، بەڵام پێدەچێت رێبوارەکان لایان وابێت، بەبێ موبارەکەی پارتی لەعێراقدا کەس نابێت پەنجە بکات بەئاودا، بۆیە لەدەرەوەی خواستی ئەوان هەر کارێک بکرێت، بەکارێکی تاکرەوانەی دەداتە قەڵەم، ئاخر کە پرسەکە هاتە سەر مڵمڵانێیەتی  و هەڵبژاردن لەنێوان دوو کەسدا، بەدڵنیاییەوە کارەکە پرسێکی تاکلایەنانە، دەنا بارزانی پێویستی نەدەکرد کاندیدی خۆی بنێرێتە ناو ئەو کێبەرکێییەوە.  پێدەچێت نوسەر تای کۆرونای هەبێت بۆیە لەم وتارەی زیاتر لەوتارەکانی تری  زێدەرۆیی دەکات و زبر دەنوسێت و دانەجیرەیتی و لەباتی پارتی هەرەشە ئەکات و دەڵێت". تا ئێستا پارتی بە ئەعسابێكی ساردەوە مامەڵە دەكات و خۆی لە كاردانەوەی توند پاراستووە، بەڵام ئەوەی ئەمجارە وەك بابەتی سەرۆككۆمار وا بە ئاسانی بەسەر كەسدا تێپەڕ نابێت و باجەكەی زۆر قورسە". ریبوار رەنگە چپەیەک بەگوێدا کرابێت بۆیە وا بەئاشکرا هەرەشە دەبرکێنێ، بەڵام ئەوەی ئەو لای وایە چپەیەو تەنها خۆی ئەیزانێت، ساڵانێکی دورو درێژە هەموو خەڵکی کوردستان لێی بەئاگان، چونکە لەرابردوودا هیچ هێزێک هێندەی سەرکردەکانی پارتی هەرەشەیان نەکردوە و دواتر لێی پەشیمان بونەتەوەو پێچەوانەکەیان کردوە، دیارە پارتی هێزێکی بەئەزمونەو مامەڵە لەگەڵ واقعی حاڵدا دەکات، نەک بەقسەی زبرنوسەکانی، وەک ئەوەی لەبرابردووش بەتایبەت لەگەڵی یەکێتی هەروایکردوە، نزیکترین نمونەش ئەوەی ئەو ناوی دەبردن (بەگروپی ١٦ی ئۆکتۆبەر) ئێستا هەر ئەوان قیادەی یەکێتی ئەکەن و پارتیش ناچارە وەک شەریک و هاوبەش مامەڵەیان لەگەڵدا بکات. رێبوار وەک نوسەرێکی بەناو لیبراڵ خۆی ماندو ئەکات تا خەڵکی تر لەخۆی رازی بکات، رەنگە ئامانج و ئاراستەی نوسین لای ئەو رازیکردن و رەتکردنەوەکان، لەدەرەوەی ویستی خۆی بێت، بۆیە زۆر جار شتگەلێک ئەنوسێت و ئەڵێت، تەواو جیاوازە لەقەناعەتەکانی خۆی.  لەبەشێکی تری نوسینەکەیدا دەڵێت"هەڵبەتە مافی رەوای سەرۆك بەرهەم ساڵح بوو وەك سیاسییەك ببێ بە سەرۆكی ئەو وڵاتە كەلاوەیەی پێیدەڵێن عێراق، بەڵام دەرهاوێشتەكانی ئەو كارە ئێستا روون دەبنەوە كە حەمە تۆفیق عەللاویش وەك عەبادی نایەوێ حیساب بۆ رای حیزبە سیاسییەكانی كوردستان بكات و وەزیرە كوردەكانی، بە پشتیوانیی سەرۆككۆمار و دەنگی موقتەدا و هادی عامری بە پەرلەماندا تێپەڕێنێ. دیار نییە بۆی دەچێتە سەر یان نا؟ بەڵام ئاوێك رژاوە تازە ناگەڕێتەوە ناو جۆگە".  سەرەتا با لەو دەستەواژەیەوە دەسپێبکەین کە ئەو عێراق بەوڵاتێکی کەلاوە دەداتە قەڵەم، بەڵام لەم کەلاوەیەوە چەندین بەرپرسی کورد لەناویانا بەرپرسی باڵای حزبەکەی ئەو لەسەر گەندەڵی لەپۆستەکەی دورخرایەوە، ئەی لەکوردستان بۆپرسی گەندەڵی چی؟ لەو کەلاوەیەوە پەرلەمانێک هەیە بەهەموو کەمو کورتیەکانیەوە، نوزەیەکی جیاوازی هەیە، ئەی لەپەرلەمانەکەی خۆمان چی؟ لەو کەلاوەیە تائێستا موچە هەیە و موچەی فەرمانبەرانیش لەهی هەرێم بەرزترە موچەی هەرێمیش بەشێکی لەو کەلاوەیەوە دێت، گەر نەیەت تاقی کرایەوە چی ئەگوزەرێت، ئیتر بۆ ئەبێت، ئەولا کەلاوەو ئەملا شامی شەریف بێت! ئەوەی کە پەیوەندی بە محەمەد تۆفیقەوە هەیە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران، ئەوە بەسازان و ئۆکەی بارزانی و بەشێکی زۆری لایەنی سوننەو شیعە بووە، بۆدانانی وەزیرەکانیش، رێبوار بە ئاوازی بانێکەو دوو هەوا سەما دەکات، لەلایەک باسی ئازایەتی و جوامێری پارتی ئەکات کە لەحکومەتەکەی نوری مالیکی نەیهێشتوە گۆران وەزارەت وەرگرێت و لەکابینەکەی عادل عەبدولمەهدیش مەنعی وەرگرتنی وەزارەتی کردوە بۆ یەکێتی، کەچی تازە خەبری بوتەوەو بەتەنها لەتۆمەتی دانان لەوەزیری کابینەکەی عەلاوی باس لەمەترسی لە دەستچونی ئیجماعی کوردی ئەکات، تەنها شتێک کە لەناو وتارەکەی مەقبول بێت، ئەو دەستەواژەیەیە کە دەڵێت، دەمێکە ئیجماعی کوردی تێکچووە، تازە ئاوێکەو رژواوەو ناگەرێتەوە ناوجۆگەکە. رێبوار راست ئەکات دیارە ئاوەکە ناگەرێتەوە ناوچۆگەکە چونکە بنەوانەکەی سەرەوە لایداوە.


 رێبوار کەریم وەلی (1)   رێككەوتنی باڵە ناڕازییەكانی ناو یەكێتی، بەتایبەتیش ماڵباتی تاڵەبانی و كۆسرەت رەسوڵ (بە پاڵپشتیی كەركووكییەكان)، جۆرێك بوو لە دابەشكردنی دەسەڵات لە نێوان دوو ماڵبات و رازیكردنی ئەوانی دیكەش. هاوكات بەرهەم ساڵحیشی بە یەكجاری لە هاوكێشەی دەسەڵاتی ناو یەكێتی ئاوت كرد؛ بەپێی ئەو دابەشكارییەی ئێستا، سەرۆك بەرهەم ساڵح جگە لە ئەندامێكی سادەی سەركردایەتی (ئەویش بە تەزكییە) هیچ پێگەیەكی دیكەی لەناو یەكێتیدا نەماوە.   كشانەوەی بەرهەم ساڵح لە مەسەلەی هاوسەرۆكی، كاری باڵەكانی ناو یەكێتیی بۆ گەیشتن بە رێككەوتن ئاسان كرد. چونكە بەرهەم ساڵح باڵ نەبوو، بگرە هەمیشە بەپێی بەرژەوەندیی خۆی و بۆ گەیشتن بەوەی خۆی دەیویست لە پەنای باڵێكدا بوو. با لە كوێوە هاتبایە، چارۆگەی بۆ هەڵدەدا.    سەرئەنجام، دوای ئەوەی ماڵباتی تاڵەبانی تا دوائەندازە بەكاریان هێنا، گەورەترین پشت و پەناشی كە كۆسرەت رەسوڵ بوو، لە بەرامبەر راكێشانی سێپایەكی ژێر پێی بێدەنگیی نواند و لە ژوورێكی رووناكدا، بڕیاری دا چیتر شەڕ بۆ بەرهەم ساڵح نەكات. ئەو ئاڵایەی كە لە ماراتۆنی سەرۆكایەتیی كۆماردا دابوویانە دەستی و وایدەزانی تا كۆتایی دەیبات، لێی وەرگیرایەوە و كەوتە دەستی ئامۆزاكان.   رەنگبێ لە دەیەی رابردوودا، لەڕووی خوڵقاندنی ئانارشیزمی سیاسییەوە، هیچ كەسێك بەقەدەر بەرهەم ساڵح لەناوخۆ و دەرەوەی یەكێتی ئەسپی تاو نەدابێت، بەشێكی زۆر لە قەیرانەكانی ناو یەكێتی و دەرەوەی یەكێتی بەرهەمی ململانێی سیاسیی بەرهەم ساڵح بوون بۆ گەیشتن بەوەی كە دوای تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا ببێ بە واجیهەی سەركردایەتیی سلێمانی. لەو پێناوەشدا، دەرەوە و ناوەوەی یەكێتی (بە وڵاتانی ئیقلیمیشەوە) بەكارهێنا، بەڵام لەو كەین و بەینەدا، بەشێكی زۆر لە پردەكانی پشت خۆیشی رووخاندن كە پارتی یەكێك بوو لە گرنگترینیان.   رەنگبێ بە تەواوەتی مەعلوم نەبێ كە رۆڵی داهاتووی بەرهەم ساڵح لە ئاییندەی یەكێتیدا چی دەبێت، بەڵام ئەوە مەعلومە كە ئیتر لەم دابەشكارییە تازەیەدا جێگەیەك بۆ قەبارەی ناوەكەی نەماوە و ناشتوانێ وەكو كۆسرەت رەسوڵ لە حاڵەتی پێكهەڵنەكردنی ئامۆزاكاندا رۆڵی یەكلاكەرەوە ببینێ لە بەلاداخستنی كێشەكاندا. یان بتوانێ گرەو لەسەر پەیوەندیی ئامۆزاكان لەگەڵ پارتیدا بكات. بۆیە ئاییندەیەكی وەك فوئاد مەعسووم چاوەڕێی دەكات.   ئەو ئاوەی رژا (2)   رێگریی پارتی لەوەی كە گۆڕان لە كابینەكەی نووری مالیكیدا وەزارەتێك وەرگرێت، بە هەمان شێوە رێككەوتنی تاكلایەنانەی شانزدەی ئۆكتۆبەر و هەڵبژاردنی سەرۆككۆمارێكی كورد بە دەنگی شیعە و عەرەب و، تۆڵەسەندنەوەی دووبارەی پارتی لە یەكێتی بەوەی كە لە كابینەی عەبدولمەهدیدا وەزارەتیان پێ نەدرێت، هەمووی دەلالەتی ئەوەن كە شتێك بەناوی ئیجماعی سیاسیی ناو ماڵی كوردی دەمێكە لەناوچووە. لەناو ئەو رووداوانەدا، رەنگبێ مەترسیدارترینیان بۆ ئاییندەی سیاسی و پێگەی كورد لە بەغدا، هەڵبژاردنی تاكلایەنانەی سەرۆككۆمار بووبێت كە میلادێك بوو بۆ زۆر هەنگاوی دیكە لەوانەی ئەمڕۆ دەبینرێن.   رەنگبێ ئەو رۆژانەی بەرهەم ساڵح، بێ پشتیوانی و وەكو تەحەدداكردنی بارزانی چووە ناو ململانێی سەرۆككۆمارییەوە، زۆر كەس ئەنجامەكەیان تەنیا وەكو سەركەوتن و ژێركەوتنێكی سیاسی دیتبێت، بەڵام لەڕاستیدا ئەم كردەوە تاكڕەوانەیە، سەرەتایەكی مەترسیدار بوو. ماڵباتی تاڵەبانی هەردوو جێگری سكرتێری گشتییان لە ململانێیەك خزاند كە دواتر تووشی تەجریدی سیاسیكردن.   هەڵبەتە مافی رەوای سەرۆك بەرهەم ساڵح بوو وەك سیاسییەك ببێ بە سەرۆكی ئەو وڵاتە كەلاوەیەی پێیدەڵێن عێراق، بەڵام دەرهاوێشتەكانی ئەو كارە ئێستا روون دەبنەوە كە حەمە تۆفیق عەللاویش وەك عەبادی نایەوێ حیساب بۆ رای حیزبە سیاسییەكانی كوردستان بكات و وەزیرە كوردەكانی، بە پشتیوانیی سەرۆككۆمار و دەنگی موقتەدا و هادی عامری بە پەرلەماندا تێپەڕێنێ. دیار نییە بۆی دەچێتە سەر یان نا؟ بەڵام ئاوێك رژاوە تازە ناگەڕێتەوە ناو جۆگە.   بەرهەم ساڵح دەزانێ ئیتر بەغدا دوا مەنزڵ و پەناگەی سیاسییەتی، بۆیە بەو جۆرە قەرەبووی پێگەی لەدەستچووی خۆی دەكاتەوە و تەنانەت هەوڵ دەدات خۆی وەكو نوێنەری كوردستان وێنا بكات. تا ئێستا پارتی بە ئەعسابێكی ساردەوە مامەڵە دەكات و خۆی لە كاردانەوەی توند پاراستووە، بەڵام ئەوەی ئەمجارە وەك بابەتی سەرۆككۆمار وا بە ئاسانی بەسەر كەسدا تێپەڕ نابێت و باجەكەی زۆر قورسە.   لە بەرلین هەیە، لە هەولێریش هەیە؟   (3)   ساڵی 1750، ئەو كاتەی فرێدریكی دووەم پاشای ئەڵمانیا دەبێت، پاشا لەگەڵ ئاشەوانێكی هەژار تووشی كێشە دەبێت، پاشا دەیەوێ زەوی و ئاشەكەی لێبكڕێت و بیخاتە سەر باخی كۆشكەكەی خۆی، ئاشەوانیش رازی نییە بیفرۆشێت. وایلێدێت فرێدریك بەوپەڕی تووڕەییەوە داوا دەكات كابرای ئاشەوانی بۆ بێنن. پاشا بە ئاشەوان دەڵێ من پاشای ئەم وڵاتەم و چیم بوێ دەتوانم بیكەم، بەڵام پێم ناڵێی تۆ بە چی دەنازی؟ ئەویش دەڵێ راستە، بەڵام لە بەرلینیش دادوەری لێن كە دەتوانم پەنایان بۆ ببم و تۆش ناتوانی لە بڕیاری ئەوان دەرچی. فرێدریك واز لە كڕینی زەوی كابرا دێنێ و دەبنە دراوسێی یەكتری.   بەڵێ لە بەرلین دادوەری لێبوو، هەتا ئێستاش هەر لێیەتی، بەڵام هەموو ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوو لە بارەی ئەو كچە هەشت ساڵانەیە بیستم، دیتم و خوێندمەوە، دەلالەتە لەوەی كە سیستەمی دادوەری لای هاووڵاتیانی كوردستان متمانەی لەدەستداوە. هێشتا مرەكەبی روونكردنەوەی گەورەترین دەسەڵاتی دادوەری وشك نەبووەتەوە، دادگا بڕیارێك دەردەكات كە 180 پلە جیاوازە! كامیان راستن؟   عەدالەت بنچینەی سەرەكیی ژیانی بەكۆمەڵە و بە پیادەكردنی ئەرك و مافی یەكسان بۆ هەمووان دەستبەر دەبێ. لە هەر شوێنێك متمانە بە دەسەڵاتی دادوەری نەما، ئەوە نیشان دەدات كە عەدالەت نەماوە و، فەرقی هەولێر و بەرلینیش لەوەدایە. RUDAW


شێرزاد شێخانی له‌چه‌ند وتارێكی پێشوومدا ئاماژه‌م به‌م چه‌كه‌ داوه‌و ، پێشبینیشم كردوه‌ كه‌ نه‌وه‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ له‌نه‌تیجه‌دا ناچار هانا بۆ ئه‌م چه‌كه ‌ئه‌به‌ن بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زاتیه‌كانیان دژ به‌ده‌سه‌ڵات وداواكردنی مافه‌كانیان .. گومانی تێدا نیه‌ كه‌وا فه‌یسبوك وه‌رچه‌رخانێكی زۆر گه‌وره‌ی له‌م سه‌رده‌مه‌دا هێنایه‌ ئاراوه‌ ، به‌تایبه‌تیش له‌گه‌ڵ بڵاوبونه‌وه‌ی مۆبایل و خاوه‌ندارێتی زۆرینه‌ی نه‌وه‌ی ئیستا به‌م جیهازه‌ بچووكه‌ كه‌ دونیای بۆ خستۆنه‌ته‌ سه‌ر شاشه‌یه‌كی بچووك ، كه‌ دونیایه‌كی تازه‌یه‌ به‌نیسبه‌ت خۆیانه‌وه‌ ، بۆیه‌ هه‌میشه‌و هه‌موو ده‌م گییرۆده‌ی ئه‌و دونیا تازه‌یه‌ن‌ و ئه‌مڕۆ به‌واقیع فه‌یسبوك بۆته‌ خه‌و خۆراكی گه‌نجه‌كان . فه‌یسبوك به‌پله‌ی دووه‌م دێت له‌كرانه‌وه‌ی فه‌زای سیاسی‌ له‌به‌رده‌م گه‌لانی دونیادا ، له‌دوای په‌یدابونی كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌ تایبه‌ته‌كان ، كه‌ ئه‌وانیش رۆڵێكی گه‌وره‌یان بینیوه‌ له‌هوشیاركردنه‌وه‌ی  كۆ‌مه‌ڵگه‌دا . جاران ده‌وڵه‌ت ئیحتكاری میدیای كردبوو ، هه‌ر یه‌كه‌و به‌پێی سیاسه‌تو نه‌هجی خۆی و بۆ پاراستنی رژێمه‌كه‌ی به‌كاریهێناوه‌ ، به‌ڵام ئێستا ده‌وڵه‌ت ده‌سه‌ڵاتی زۆرلاواز بووه‌و ئه‌م رۆڵه‌ی له‌ده‌ستداوه‌ . ئه‌مڕۆ هه‌ر كه‌سێك خاوه‌ن میدیای سه‌ربه‌خۆی خۆیه‌تی ، كه‌ ئه‌ویش فه‌یسبووكه‌ .. به‌بێ هیچ چاودێریه‌كی ده‌وڵه‌ت و به‌شكاندنی هه‌ندێ له‌تابۆیه‌كانیش ده‌توانێ راوبۆچوونی خۆی زۆر به‌ ئازادی‌ بخاته‌ به‌رده‌م كۆمه‌ڵگاوه‌ ، نه‌ هیچ پاره‌یه‌ك سه‌رف ئه‌كات ، نه‌ پێویستی به‌ستافی به‌ڕێوه‌به‌ریش هه‌یه‌ بۆ راپه‌ڕاندنی كاروباری میدیاكه‌ی ، ته‌نها به‌ چه‌ند چركه‌یه‌ك ده‌توانێ كۆمه‌ڵگه‌ بهه‌ژێنێ به‌ده‌سه‌ڵاتی سیاسیشه‌وه‌ . سه‌ره‌تای به‌كارهێنانی ئه‌م چه‌كه‌ كاریگه‌ره‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شۆڕشه‌كه‌ی میسر دژی حوسنی موباره‌ك ، له‌سه‌رتاوه‌ له‌رێگه‌ی فه‌یسبوكه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك گه‌نجی میسر توانیان هه‌ڵوێست له‌به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سته‌مكاری موباره‌ك وه‌رگرن كه‌ زیاتر له‌سی ساڵ له‌سه‌ر ته‌ختی حوكم بوو ، دواتر وه‌كو ئاگرێك ئه‌و هه‌ڵوێسته‌یان په‌ره‌ی سه‌ندو سه‌رتاپای وڵاتی گرته‌وه‌و ، ئه‌مه‌ش بووه‌ ریخۆشكه‌ر بۆ هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی سه‌رتاسه‌ری میسر . له‌ زۆربه‌ی خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی عیراق ولوبنانیش ، هه‌ر فه‌یسبووك بوو كه‌ هه‌واڵ و چالاكی شۆرشگێڕانی شه‌قامی ده‌گواسته‌وه‌ بۆ‌ دونیا ، بۆیه‌ بینیمان رژێمه‌كانیان له‌یه‌كه‌م هه‌وڵیاندا بۆ دامركاندنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی گه‌نجان خه‌تی ئه‌نترنێتیان بڕی بۆ په‌كخستنی ئه‌م تۆڕه‌ی په‌یوه‌ندی له‌نیوان شۆڕشگێڕانی شه‌قام . ئه‌وه‌ش سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستیه‌ن كه‌وا فه‌یبسبووك كاریگه‌رترین چه‌كی ده‌ستی میلله‌ته‌ دژ به‌ده‌سه‌ڵات . ئیدی پێویست ناكات گه‌نجانی وڵاته‌ دیكتاتۆره‌كان خه‌باتی ژێرزه‌مینی ، یاخود خه‌باتی چه‌كداری دژی ده‌سه‌ڵاته‌ چه‌وسێنه‌ره‌كان به‌رپا بكه‌ن ، ته‌نانه‌ت پێویست ناكات بڕژێنه‌ سه‌رشه‌قام و سینگی خۆشیان بده‌نه‌ به‌ر گوله‌ی ده‌زگا ئه‌منی و شه‌بیحه‌كانی ده‌سه‌ڵات ، پێویسته‌ كار له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی ئه‌م چه‌كه‌ كاریگه‌ره‌ بده‌ن . به‌تایبه‌تیش گه‌نجانی هه‌ولێر كه‌ به‌هه‌موو پێوه‌رێك ده‌سه‌ڵاتێكی فاشیزمی دیكتاتۆرو مرۆڤكوژ حوكمڕانی ئه‌كات . روداوه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی هه‌رێم سه‌ڵماندی كه‌وا گوشاری كۆمه‌ڵگه‌ رۆڵێكی گه‌وره‌ی ده‌بێ له‌سه‌ر ملكه‌چكردنی ده‌سه‌ڵاته‌ سته‌مكاره‌كه‌ی هه‌رێم ، بۆ ‌نموونه‌ ئه‌و دوو هه‌ڵمه‌ته‌ی كرا له‌سه‌ر شه‌قامی سه‌د مه‌تری سلێمانی و ، دۆسییه‌ی كچه‌ زوڵملێكراوه‌ حه‌وت ساڵیه‌ ئه‌تككراوه‌كه‌ی هه‌ولێر كه‌ زه‌لزه‌له‌ی خسته‌ ناو ده‌سه‌ڵات وبه‌ناچاری ملی پێ شۆڕ كرد تاوانباره‌كان بخاته‌وه‌ زیندان .ئه‌گه‌ر به‌هه‌مان نه‌فه‌س فشاری كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رفره‌وان بكرێته‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر قه‌یرانه‌كانی خزمه‌تگوزاری وه‌كو ئاوو كاره‌با و باج نه‌وت وغاز ، پێموایه‌ سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ به‌ده‌ست دێنن به‌بێ ئه‌وه‌ی یه‌ك دڵۆپ خوێنیان لێ بڕژێ . به‌ڵام لێره‌دا پێویسته‌ هه‌ندێ خاڵی گرنگ  له‌به‌رچاو بگرن ، كه‌ ئه‌مانه‌ن : 1- گومان له‌وه‌دانیه‌ ده‌سه‌ڵاتی فاشیزمی پارتی بۆ پاراستنی خۆی هه‌موو رێكارێكی تووندوتیژی به‌كار ده‌هێنێ له‌دژی نه‌یارانی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی ، هیچ گومانیش له‌وه‌دانیه‌ كه‌ پارتی جه‌یشێكی گه‌وره‌ی ئه‌منی وموخابه‌راتیشی هه‌یه‌ كه‌ كاروپیشه‌ی رۆژانه‌یان تاقیباتی نه‌یارانی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یانه‌ ، به‌تایبه‌تیش تاقیباتی خه‌ڵكه‌ نه‌یاره‌كانی له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان . هیچ درێغیش ناكات ئه‌گه‌ر چوار پێنج كه‌س له‌م تۆڕانه‌دا شتێك بڵاو بكه‌نه‌وه‌ له‌دژی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌ستگییریان بكات یان گۆشاریان بخاته‌ سه‌ر ، بۆیه‌ زۆر پێویسته‌ له‌كاتی وروژاندنی هه‌ر هه‌ڵمه‌تێكی دژی ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر هه‌ر بابه‌تێك بوو، زۆرترین كه‌س بینه‌ سه‌رخه‌ت و پشتگییری بكه‌ن ، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ژماره‌كه‌ زۆر بوو و گه‌یشته‌ چوار پێنج هه‌زار كه‌س ، ئه‌وسا ده‌سه‌ڵاتیش ناتوانێ ئه‌م هه‌موو خه‌ڵكه‌ بگرێ وبیانخاته‌ زیندانه‌وه‌ ، ئه‌وسا ناچار ده‌بێ مل شۆر بكات وته‌سلیمی ئیراده‌ی خه‌ڵك بێت . بۆ نموونه‌ له‌سه‌ر قه‌یرانی كاره‌با كه‌ پێموایه‌ قه‌یرانێكی دروستكراوه‌ ، زۆر به‌ئاسانی ده‌سه‌ڵات ئه‌توانێ چاره‌سه‌ره‌ی بكات ، به‌ڵام به‌ئه‌نقه‌ست نایكات ، ئه‌گه‌ر كه‌مپه‌ینێك له‌فه‌یسبوك دروستبكرێ بۆ فشارخستنه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات وپێنج هه‌زار كه‌س پشتگییری بكات ، ئه‌وسا ده‌سه‌ڵات مه‌جبوره‌ ئه‌م كێشه‌ سی ساڵییه‌ چاره‌سه‌ر بكات  . 2- تۆڕی فه‌یسبووك رۆژانه‌ ده‌یانو سه‌دان هه‌زاران كه‌س كۆمینتی تیا ئه‌نوسرێ له‌ دژی زوڵمو زۆرداری ده‌سه‌ڵات ، پێویسته‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ ناڕازییه‌ له‌جیاتی هه‌وڵی تاكه‌كه‌سی خۆیان رێكبخه‌ن وببن به‌ده‌سته‌یه‌ك و تواناكانیان یه‌كبخه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كه‌مپین دروستبكه‌ن دژ به‌ده‌سه‌ڵات .. 3- له‌كاتی ده‌ركه‌وتنی هه‌ر تاوانێك یان بڕیارێكی سته‌مكارانه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ، پێویسته‌ گه‌وره‌ترین هه‌ڵمه‌تی ئیدانه‌و ناڕه‌زایه‌تی له‌فه‌یسبوووك ده‌رببردڕێ ، یاخود لانیكه‌م لایكی ئه‌و كۆمینتانه‌ بكرێ كه‌ هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرن ، چه‌ندی ژماره‌ی كۆمینت ولایكه‌كان زۆرتر بن ئه‌وه‌نده‌ كاریگه‌رییان زیاتر ده‌بێ . له‌كۆتاییدا ده‌ڵیم ، گه‌نجانی كوردستان و نه‌وه‌ی داهاتو ته‌نها ئه‌م فرسه‌ته‌یان له‌به‌رده‌مدا ماوه‌ بتوانن داهاتووی خۆیان جوانتر بكه‌ن له‌وه‌ی ئێستا ، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ئه‌گه‌ر به‌مشێوه‌یه‌ی ئێستا بۆی بچێته‌ سه‌ر‌ ، بڕوا بكه‌ن تا دوو سه‌د ساڵی تریش هه‌ر هه‌مان ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه‌ حوكمڕانی كوردستان ئه‌كه‌ن ، له‌ئێستاشه‌وه‌ خۆیان ئاماده‌كردووه‌ بۆ حوكمی ئه‌به‌دی له‌سه‌ر هه‌مان شێوازی شێخه‌ عه‌ره‌به‌كانی كه‌نداو حوكمه‌ پاشایه‌تیه‌كان ودیكتاتۆره‌كانی ئه‌فریقیا ..


هیوا عومەر مامەڵەكردن لەگەڵ ڤایرۆسی كۆرۆنا، تەنیا بابەتێك نییە، پەیوەندی داربێت بە زانستی پزیشكی و تاقیگەپزیشییەكان. ئەگەر پرسەكە لە ئاستی توێژینەوەی زانستی پزیشكی لەسەر ڤایرۆسەكە، چۆنیەتی درستبون و ژینگەی گەشەكردن و چۆنیەتی خۆپارێزی وەلا بنێین، بۆ توێژەرانی ئەم بوارە، ئەوە بە دیوە سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتییەكەی، خوێندنەوە و توێژینەوەی زۆر هەڵدەگرێت . تادێت چڕتر مۆدێلی سیستەمی سەرمایەداری تازە، هەنگاو بە هەنگاو بەسەر كۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەگشتی و رۆژهەڵاتی ناوەرست بە تایبەتی فەرزدەكرێت . بەتایبەتیكردنی كەرتی تەندورستی و نەهێشتنی وەك موڵكی گشتی و هەراجكردن و فرۆشتنی بە مافیاكانی بزنس لە چوارچێوەی سیاسەتی بەتایبەیتكردن و بە تاكیكردنی هەمووشتێك، بەشێكی سەرەكی پاكێجە فراوانەكەیە، لە چوارچێوەی رەچەتەی نیولیبرالیزمدا . لە سایەی ئەم سیستەمەدا هەمووشتێك لە چوارچێوەی قازانج و كۆكردنەوەی پارە بۆ كەمینەیەك دیزاین دەكرێت ، لە وەها دۆخێكدا نەخۆشكەوتنی زیاتری مرۆڤ یەكسان دەبێت بە قازانجی زیاتری ئەوان، بۆیە سیاساتی تەندروستی لەمرۆدا بۆ نەخۆشە نەك بۆ مرۆڤێكی ساغ ، واتە مامڵەكردن لەگەڵ دەرئەنجام نەك هۆكارەكەی. لە ئاستی جیهان و ناوەخۆدا بەرزبونەوەی رێژەی نەخۆشییە جەستەیی و دەرونی و درێژخانەكان ، سەرەنجام دابەزینی ئاستی ناوەندی تەمەن هتد ... دابڕاونییە لە لێكەوتەی ئەم سیستەمە. لە كاتێكا رۆژ لە دوای رۆژ حكومەتەكان واز لە ئەرك و بەرپرسیارەتییە جڤاتییەكانیان دەهێنن و پاشگەزدەبنەوە لە بیمە تەندروستی و كۆمەڵایەتییەكان لە ژێر رۆشنایی رەچەتەكانی سیستەمدا. هەر ئەم بەهای قازانج پەرستیەیە لە بڕی رووبەروو بونەوە، كار بۆ بەكارهێنان و ئیستغلاڵكردنی دەكات بۆ بەرژەوەندی كۆمپانیا و شەڕی زلهێزەكانی جیهان لە ئاستی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، ئەمەش هۆكاری گەورەكردنیەتی . لە ئاستی ناوەخۆی هەرێمی كوردستان تا نوسینی ئەم وتارە دەزگا فەرمییەكان هیچ حالەتێكیان رانەگەیاندوە، بەڵام پرسیارێك رووبەروومان دەبێتەوە، رەنگە زۆربەشمان لە خۆشمان كردبێت . لە حالەتی بڵاوبونەوەی لە هەرێمی كوردستان سیستەمی تەندروستی ئێمە تاچەند بەرگەی رووبەروو بونەوەی پەتایەكی وەها دەگرێت؟ لە كاتێكا ماوەی چەندساڵێكە كەوتونەتە هەراج كردن و فرۆشتنی كەرتی تەندروستی گشتی، بۆ كەرتی تایبەت. - لە چوارچێوەی سیاسەتی نیولیبرالیزم شتێكمان ماوە بەناوی سیاساتی تەندورستی نیشمانی و پاراستنی تەندروستیمان ؟ - ئەمرۆ سیاساتی تەندروستیش نەدراوەتە دەست بزنسوانان و كۆمپانیا حزبییەكان ؟ - نەبوونی بیمەی تەندروستی و تەرخانكردنی تەنها لە %5 بودجەی هەرێم بۆ كەرتی تەندروستی دەتوانێت چی پێ‌ بكرێت ؟ - ئەی كەرتی تایبەت چ رۆلێكی هەیە، تەنیا وەك بازرگانێك دەرفەتەكە دەقۆزێتەوە وەك لە ئێستاوە دەستیان پێكردوە، ماسكێك واتە دەمامك بە بڕی 15هەزار دیناری بەخەڵكی دەفرۆشنەوە، كە خۆی هەزاردیناری تێناچێت ؟ - رۆڵی میدیا چییە؟ ئەوەیە كە ئێستا دەیبنین ! لە بڕی بەرزكردنەوەی گیانی بەرگری ، دەبێتە ماشێنی بڵاوكردنەوەی ترس و تۆقاندن و بەشێك لە هیرۆشی پەتاكە . - ئیستغلالكردنی ئەم پەتایە لە لایەن كۆنەپارێزەكان و بەشێك لە پیاوانی ئاینی لە بڵاو كردنەوەی جەهل و نەزانینی و هێرشەكانیان بۆسەر عقل چی بەرهەم دەهێنێت ؟ ئەی ئێستا چی دەڵێن، ئەوە وڵاتانی ئیسلامیشی گرتەوە. بینینی دیالیكتیكی نەك میكانیكی هاوكێشەكە، لە چوارچێوەی هەلومەرجی ئەمرۆمان، گرنگە، جگە لە گەڕانەوەش بۆ زانست و هێز و ئیرادەی خۆمان، شتێكی تر، نامان پارێزێت. بەهێزكردنی روحی بەرگری ، رووبەرووبونەوەی ئەو ماشێنە لە جەهل و نەزانینی، لە میدیا و سۆشیالمیدا و ناوەندە كۆنەپارێزەكان، دەبێت ئەولەویەت بێت ،بۆ بینینی كێشەكە لە قەبارەی خۆیدا .


ئارام سەعید لەدوای روخانی سەدامەوە و لەسایەی دەسەڵاتی پۆڵ بریمەری حاکمی مەدەنی عێراق یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکان دەرکرا، هەربەپێی ئەو یاسایەش لەهەرێمی کوردستانیش 2005هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پاریزگاکان کرا. لەمبارەیەوە حکومەتی ئەمریکا بودجەیەکی گەورەی دابینکرد بۆ بەهێزکردن و پتەوکردنی دەسەلاتی لامەرکەزی و پێدانی زۆربەی دەسەلاتەکان بە ئەنجومەنەکانی پاریزگاکان. رێکخراوی ( Research triangle institute RTI) ی ئەمریکی کە بەکوردیەکەی دەکاتە پەیمانگای سیقۆڵی بۆ لێکۆڵینەوە ئەرکی جیبەجیکردنی بەرنامەکەی پی سپیردرا و لەمبارەیەوە لەهەر هەژدە پاریزگاکەی عێراق تیمی پیکهینا بەناوی پرۆژەی حوکمڕانیی ناوخۆیی(LGP Local Governance Project)، کە بودجەکەی لەلایەن ئاژانسی ئەمریکی بۆ گەشەپیدانی نێودەولەتی (USAID) دابینکرابوو.بەندە لەو تیمەی سلێمانی بووم و راستەوخۆ لەگەل پاریزگار و ئەنجومەنی پارێزگای سلیمانی کارمان دەکرد وەک راویژکاری حوکمرانیی ناوخۆیی ریکخراوەکە بۆ ئەنجومەنی پاریزگا. لەبەرئەوەی لەهەر هەژدە پاریزگاکە ئۆفیس هەبوو جگە لە ئۆفیسی هەرێمیی لەهەوڵیر و فوراتی ناوەراست و باشور لە بەسرە، ئۆفیسی سەرەکی لە بەغدا بوو، بەردەوام ئاگاداری چالاکی و راپۆرتی یەکتر بوین، واتە ئەگەر لەبەسرە چالاکیەک بکرایە ئیمە زانیاری تەوامان پێدەگەیشت. کارەکانمان زۆر بواری گرتەوە لە ڕاهێنان و بەرەوپێشبردنی ئەندامانی ئەنجومەن و سەرۆکی ئەنجومەنەکان و هاوکاریکردنیان بۆ دانانی لیژنە تایبەتەکان و دانانی پلانی ستراتیژی و سازکردنی کۆنفرانس لەسەر ئاستی هەموو پاریزگاکان و شیکردنەوەی یاساکە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان. ئەندامانی ئەنجومەن و سەرۆکی ئەنجومەن و پاریزگار و جیگری پاریزگار کە هەمویان بەهەلبژاردن دانرابون حەماسیکی باشیان هەبوو بۆ کارکردن، هەولی زۆریان ئەداو پێشبرکێ لەنیوان لایەنەکاندا هەبوو بەوەی کێ پرۆژەی باش پێشکەش بکات، گفتوگۆکان کەم گرژیان تێدا دروست دەبوو. لێرەوە دەنگێک دروست بوو لەناو نوخبەی سیاسیدا کە ئەمریکا پشتگیری فیدراڵیەتی پاریزگاکان دەکات و ئەم پرۆژەیە دژی کیانی هەرێمی کوردستانە، کە دیارە ئەمەش زەقکردنەوەو باسکردنی بۆ ئەوە بوو کە ریگە بگرن لە دەسەڵاتی لامەرکەزی و وردە وردە بەرەو مەرکەزیەت کوردستان بەرنەوە، کە رەنگە ئەمریکا مەبەستیکی هەبوبیت بۆ لامەرکەزیەت، بەلام خۆ ئەگەر دەسەڵاتی كوردی بەنیازی دەوڵەتی کوردیش بیت ئەوا نمونەی لامەرکەزیەت یەکیکە لە ئەزمونە سەرکەوتوەکانی جیهان. گەر بپرسین بۆ دەسەلاتی سیاسی لە هەریم لەگەل لامەرکەزیەت نیە ئەوا وەڵامەکەی هاوکێشەیەکی زۆر ئاسانە لەبەرئەوەی لە سیستمی لامەرکەزیدا هەرشار وشارۆچکەیەک نوێنەری خۆی دەبێت و دەسەڵاتیان دەبیت لە پلان و بەریوەبردنی ناوچەکانی خۆیاندا و بە دەنگدان دادەنرین، هەرکات نوینەریک باش نەبوو بۆ جاری داهاتوو دەنگی پێنادریت. لە راپۆرتەکانی ریکخراوەکەماندا دەمان بینی لە بابل یان کەربەلا یان هەر پاریزگایەکی تری باشور ئەنجومەن بەرێوەبەری گشتی لەسەر کار لادەبرد و لیپرسینەوەیان لەگەل پارێزگار دەکرد، بەلام لە هەرێمدا ئەوە زۆر لاواز بوو چونکە پشکی حزبەکان بوو بەڕێکەوتن دانرابون، جگە لەوەش دەستبەرداری ئەنجومەنی شارەوانی نەبون و ئەوەی لە پارێزگا بۆیان نەکرایە لە شارەوانی تێیان دەپەراند. ئەمە سەرەتای پرۆژەکە بوو کە رەنگە دواتر ئەو ئەنجومەنانە لە پاریزگاکانی تری عێراق چەندین کاری گەندەڵییان لی ئاشکرابوەو جەندین پارێزگار دراونەتە دادگا و حزبە گەورەکانی شیعەش پشکی گەورەیان لەو لەو گەندەلیانە بەرکەوتوە، بەلام بە ئێستاشەوە دەسەڵاتی پاریزگار و ئەنجومەن لە پاریزگاکانی تری دەرەوەی هەریم زیاترە وەک لەوەی لەهەریم هەیە. سەرەڕای ئەوەی لەپارێزگاکانی تری عێراق ئەنجومەنی قەزاکانیش پێکهێنرا. کە دیارترینیان شاری کەرکوک بوو. خواستی دەسەڵاتدارانی هەرێم دەرکەوت کە لەگەل ئەو یاسایەدا نیە و بۆئەوەی ئەو دەسەڵاتەی ئەنجومەن و پارێزگار نەهێڵن لە پارلەمانەوە یاسایەکی تریان پەسەند کرد و کلک وگوێی هەمویان کرد ودەسەلاتی گرنگیان بۆ ئەنجومەن و پاریزگار نەهێشتەوەو بەپراکتیکی سەلماندیان کە لەگەل لامەرکەزی نین. حکومەتی ئەمریکا بریاریدا کە ریکخراوەکە لەهەرێمی کوردستان بکشێنێتەوە و دەستبەرداری ئەو پرۆژەیە بیت، بەلام بۆ ماوەیەکی زیاتر لە ژمارەیەک شاری تری عێراق بەردەوام بوو. لەهەرێمی کوردستان بەهەردوو زۆنی زەرد وسەوزەوە لەجیاتی لامەرکەزی دەسەڵاتی مەرکەزیان پەسەند کرد کەئەویش دەسەلاتی حزب و دواتر بنەمالەو پاشان خیزان زیاتر دەکات و مانایەک بۆ بۆ دەسەڵاتی خۆجێی نەمایەوە. لەدوای ساڵی ٢٠١٤ ەوە ئەو بێدەسەڵاتیە نەک دەسەلاتی خۆجێی بەڵکو دەسەلاتی لەلای حکومەت و پارلەمانیش نەهێشت ، وردە وردە بەرەو سەرۆکایەتی هەرێم رۆیشت دەسەلاتەکان....


*سەلام عومەر زانیاری ناڕاست لە ڤایرۆسەکە ترسناکترە. ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتۆتە ئێرانی دراوسێ، بەڵام ئەو ڤایرۆسەی پێشتر گەیشتووە و لە کۆرۆنا مەترسیدارترە بڵاوکردنەوەی زانیاری شێوێنراو و هەڵەیە دەربارەی ڤایرۆسەکە. ڕێنمایی ڕۆژنامەوانی لەبەردەستدان تا زانیاری ناڕاست یان هەواڵێکی درۆ بناسیتەوە، ئەو ڕێنماییانە زانیاری ناڕاستیش دەربارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەگرێتەوە. تۆ ئەگەر ئێستا ئەم بابەتە دەخوێنیتەوە تکایە جارێکی تر بۆ هاوڕێ و کەسوکار و هاوپیشەکانتی باس بکە.  (١٠) ڕێنمایی بۆ ناسینەوە هەواڵێکی بێبنەما دەربارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا: یەکەم: بزانە چ کەسێک زانیارییەکەی نوسییوە؛ لە بواری تەندروستییدا کاردەکات؛ پەیامنێری تایبەت بە بواری تەندروستییە و ئایا چی لێپرسراوێتییەکی هەیە. دووەم: تکایە تەنیا ناونیشانەکە مەخوێنەرە؛ پێویستە هەموو هەواڵی تایبەت بە ڤایرۆسەکە بخوێنیتەوە. چەند هەواڵێکی کەم بخوێنەرەوە، بەڵام هەموو هەواڵەکە بخوێنەرەوە. سێیەم: بزانە کام دەزگای ڕاگەیاندن هەواڵەکەی بڵاوکردۆتەوە، دەزگاکە هیج ئەزمونێکی هەیە لە بواری تەندروستیدا، بەرنامەی تایبەتی هەیە لە بواری تەندروستیدا. چوارەم: بزانە کەی هەواڵەکە بڵاوکراوەتەوە؛ نوێیە یان بەسەرچووە. پێنجەم: بزانە کام سەرچاوە لە هەواڵەکەدا پشتی پێبەستراوە، ئەو سەرچاوەیە بۆ قسەی کردووە، لایەنێکی تایبەتمەندە؛ باش بزانە هەواڵی بێ سەرچاوە خۆی ڤایرۆسە. شەشەم: بزانە فۆتۆ و ڤیدیۆکان لە کوێوە هاتوون. بە هەموو ڤیدیۆیەک باوەڕمەکە! حەوتەم: بیربکەرەوە لەوەی ئەو لایەن یان کەسەی هەواڵەکەی بڵاوکردۆتەوە، هیچ ئامانجێکی شاراوەی هەیە. بۆچی ئەو هەواڵە لەو کاتەدا بڵاودەکاتەوە. هەشتەم: بزانە کامە دەزگای راگەیاندنی تر ئەو هەواڵەی بڵاوکردۆتەوە، زانیارییەکان بەراورد بکە. ئەگەر کەسێکی نزیکت زمانێکی تر دەزانێت داوای لێبکە بە زمانەکەی تریش دڵنیابێتەوە لە زانیارییەکە.  نۆیەم: رۆژانە بزانە لیژنەی تایبەت لە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی تەندروستی حکومەتی فیدراڵی دەربارەی نەخۆشییەکە چی دەڵێن.  دەیەم: باش بیربکەرەوە پێش ئەوەی هەواڵەکە شێربکەی! کە بەهەڵە بڵاوبۆوە کۆکردنەوەی نییە!   * ڕاهێنەری ڕۆژنامەوانی


ڕێبوار سیوەیلی 1. هەرچەندە ئەم ڤایرۆسە كوشندە دیارە، بەڵام وەك كەمپینێكیش بۆ تۆقاندن دێتە پێشچاوم. دنیا بە زۆر دیاردە و ڕووداوی دیكە ئەوەندە مەترسیدارە، كە زەحمەتە بەم ڤایرۆسە مەترسیدارتر ببێت.. كاتێ بیر لە پیسبوونی ژینگە بەدەستی مرۆڤ و زیانە گیانییەكانی بۆ ژینواری مرۆڤ و ئاژەڵ و باڵندان دەكەمەوە، ئەم ڤایرۆسە دڵۆپێكە لە دەریاییەك. بیهێنەرەوە پێشچاوی خۆت ڕۆژانە چەند كەس بەڕووداوی هاتووچۆ دەمرن و بە هۆی دەرمانی هەڵەوە، گیان لەدەستدەدەن! كەمێك بیر بكەینەوە لەو نایەكسانییە ئابوورییەی كە سیستەمی سەرمایەداری لە جیهاندا دروستیكردووەو بۆتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی بێكاری و بەرزبوونەوەی هەژاریی و دەرەنجامەكانی.. كەمێك بهزرین لەو هەموو زیادە مەسرەفەی لە جیهاندا و لە بابەت و كەرەستەی ڕازاندنەوەو لۆكسووسیدا، سەرفدەكرێت و بەراوودیی بكە بەو بڕەپارەیەی كە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ نەخۆشیی شێرپەنجە و نەخۆشییەكانی دڵ پێویستیمان پێیەتی و دەستناكەوێت.. 2. بۆیە وەكچۆن كاتی خۆی بە ناوی ئەنفلۆنزای باڵندەوە، كردیانینە ڕاوچیی باڵندە هاوماڵە بێگوناهەكانی خۆمان و بە بەرد و دارلاستیك شوێنیان كەوتبووین، ئەم نومایشەی ڤایرۆسی كۆرۆناش بە دروستكراوێكی دەستەناشیرینەكەی جیهان دەزانم، كە ئێستا خۆی لە گۆشەیەكەوە دانیشتووە و قاقا بە مرۆڤایەتی پێدەكەنێت.. من دەزانم ئەم ڤایرۆسە هەیە و نوێیە و مەترسییە، بەڵام دەشزانم كە ئەم كەمپانیای ترسە دەستێكی لە پشتە بۆ گەورەتركردنی و شاردنەوەی شتی دیكە. جاران زیرەكەكان لە بیری چارەسازیی كێشە جیهانی و مرۆییەكاندا بوون، بەڵام لە ئێستادا و لە سایەی ئەم سیستەمە سەرمایەدارییە خۆسەپێنە، زیرەكەكان بێباكانە كێشەكان دەنێنەوەو گەورەیان دەكەن و خۆشیان پێمان پێدەكەنن.. 3. میللەتان شایانی ئەم هەموو گاڵتەجاڕییە نین. بەڵام سیستەمێكی ئابووریی سەنتەر، هیچ گوێ بەو هەموو قوربانیانەی مرۆڤایەتی نادات كە شارستانییەتی بەم ڕۆژە گەیاندووە. ئەم سیستەمە هەر ماوەیەك و بڕێك لە كات، بە هۆی نانەوەی قەیرانێكەوە، كە ڕەنگە هەشبێت، بەڵام بەهۆی گەورەكردنی لە ڕاددەبەردەرییەوە، دەیكاتە ئامرازێك بۆ گەیشتنی خۆی بە ئاماجەكەی. لەم نێوانەشدا چەند كەس دەبنە قوربانی، بۆ ئەو كێشە نییە، چونكە ئەو وەك "بەڵگە" بۆ كەمپانیا تۆقێنەرەكەی بەكاریان دەهێنێت.. 4. دروستكردنی مژدە و ترس، هەمیشە بەشێك بووە لە میژووی مرۆڤایەتی. ئایینەكان لەمەدا دەستپێشخەر بوون و مژدە و ترسیان وەك میكانیزمێك بۆ پێملكردنی مرۆڤ لە پێناوی مانەوەی خۆیاندا، بەكارهێناوە.. لە ئایینە تاكخوداییەكاندا، ڕەگەزی ترس بكەیتە دەرەوە، هیچكەس بڕوای بەو مژدەیە نامێنێت كە لە پەسڵانێدا دێتە دی.. ئەو سیستەمە ئابوورییەی ئێستای جیهان، لە هەموو شوێنەكانی ئەم سەر عەردەدا، دەستی درێژكراوەی خۆی هەیە. هەرچی بیەوێت لە ڕێگەی دەستە درێژكراوەكانییەوە دەیكات، كە هاوبەشی ئابووری و دەستندەخۆری خۆیین. سەرمایەدارییەت لە ئێستادا بە قۆناغێك گەیشتووە، پێویستی بەوە نییە لەڕێگەی سوپا و لەشكرەوە مرۆڤایەتی داگیر و پێمل بكات بۆ ژێر خواستەكانی خۆی. نانەوەی ترس و پێدانی مژدە زۆر بە ئاسانیی ئەمەی بۆ دەكەن. ئێمە ڕێك لە نێوان ئەم دوو هێزەداین: لە ترسی ئەوەی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا نەمرین، بڕوا بەو مژدەیە دەكەین كە پیماندراوە.. 5. من بوونی زانستیانە و واقیعیانەی ئەم ڤایرۆسە ڕەتناكەمەوە، توانای ئەوەشم نییە و ناشڵێم نییە و پێی نامرین و ڕێنماییە ساخلەمییەكان ڕەچاو نەكەین و ئاگامان لە منداڵەكان نەبێت.. بەڵام من گومانیكم هەیە ئەوەی كە هێزێكی جیهانی نەبێت، ئەم كەمپانیای ترسەی نەخستبێتە گەڕ بۆ تۆقاندنی مرۆڤایەتی و گەیشتن بە ئامانجەكەی خۆی.. وەلێ پێمخۆشە ئەوەندە گەمژە نەبم كە پاشان بەخۆم بڵێم: چەندە ئاسان ژیان و ئاسوودەییم لە خۆم و ماڵ و منداڵم تێكدا و ماچكردنی هاوسەرەكەم تەرك كرد.. یەكێك لە جوانییەكانی ئەم ڤایرۆسە ئەوەیە كە كچانی تەلەفزیۆن وەك نقووڵ لە زاریان بەردەبێتەوە.. كە گوێم لەو دەنگە ناسكەیان دەبێت چۆن گۆی دەكەن، ئەم ڤایرۆسەم لێدەبێتە شیفاو چارەسەر.. چونكە من لە ناخی خۆمدا بەرگریی دەكەم و ترس ناكەمە بەشێك لە ژیانی ناو ماڵەكەم.. نیو كارتۆن ماسكیشمان هەیە كە شەش مانگ پێش ئێستا دوای نەشتەرگەریی دڵم كڕیومانن، كێ پێوستی پێیانە بەدیاری پێشكەشیانی دەكەم.. نابێت ترس لە دڵی مندا هەبێت، وەلێ خەمی كچە دەستدرێژیكراوەسەرەكە، خەمگینی كردووم.. ئەو گەورەترە لە ڤایرۆسێكی بچكۆلە كە ئەوەندە گەورەمان كردووە.. 22/2/2020 هەولێر


بەیار عومەر عەبدوڵا پارێزگای هەڵەبجە نازی بەسەر هەموو تاکێکی کوردەوە هەیە. کیمیابارانی هەڵەبجە خاڵی وەرچەرخان بوو لە مێژووی کوردا و دۆزی کوردی بە دنیا ناساند. بەڵام لە ڕوی خزمەتگوزاری و ئاوەدانی و وەبەرهێنانەوە لە ئاستی پێویستدا نیە و دەبێت گرنگی زیاتری پێبدرێت. پارێزگای هەڵەبجە بریتیە لە شاری هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ و بیارە و سیروان و بەمۆ، بە هەموو گوندەکانیانەوە و ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی ١٢٠ هەزار کەسە. ١- لە ڕوی گەشتوگوزارەوە: دەریاچەی سیروان کە ١٥ کیلۆمەتر لە هەڵەبجەوە دوورە، یەکێکە لە شوێنە دڵڕفێنەکانی کوردستان. حکومەت دەتوانێت بەنداوێکی لەسەر دروستبکات چونکە تەنها لە بەهار و زستاندا ئاوی تێدایە و لە پایز و هاویندا وشک دەکات. ئەم بەنداوە دەتوانێت ئاوەکەی گلبداتەوە و بیکات بە ناوچەیەکی گەشتیاری چواروەرزە. پاشان حکومەت دەتوانێت ڕێگە و ئاو و کارەبای بۆ ڕابکێشێت. هەروەها دەتوانێت هانی وەبەرهێنی ناوخۆیی و بیانی بدات پرۆژەی گەشتیاری لە کەناری ئاوی سیروان دروستبکەن، کە نەک هەر دەبێت بە شوێنێک بۆ کاتبەسەربردن بۆ خەلکی پارێزگای هەڵەبجە، بەڵکو هەزارەها گەشتیار لە سەرجەم پارێزگاکانی کوردستان و عێراقەوە دەتوانن ڕویتێبکەن و سەرەنجام ئابوری هەڵەبجە و دەڤەری شارەزور ببوژێتەوە. هەروەها سود بە کەرتی کشتوکاڵیش دەگەیەنێت. سەر بەنداوەکەش دەکرێت وەک پرد سودی لێببینرێت، کە دوری نێوان سلێمانی و هەڵەبجە بە ١٥ کیلۆمەتر کەمدەکاتەوە. لە حاڵەتی دروستکردنی ئەو بەنداوەدا، دوو ئاو دەریاچەی سیروان پڕدەکەن کە بریتین لە ئاوی تانجەرۆ و ئاوی زەڵم. هۆنراوەکەی پیرەمێردیش باسی ئەو دوو ئاوەکە دەکات وەختێک دەڵێت: دوو ئاوانەکەی شوێن ماڵە گەورە سەرەوخوار ئەڕۆی بە پێچ و دەورە تۆ بە ڕوناکی وێنەی بلوری ئاوی زیندەگی گشت شارەزووری ئاوی دەربەندیخانیش ٧٥% ی لە ڕوباری سیروانەوە دێت کە سەرچاوەکەی لە ئێرانە و حکومەتی ئێرانیش دوو بەنداوی لەسەر دروستکردوە و لەلای پاوەوە ڕێڕەوەکەی گۆڕیوە و ئاوەکەی دەبات بۆ نزیک سەرپێڵی زەهاو. ئەمەش ئاوی دەربەندیخان بەرەو کزی دەبات. کەواتە دروستکردنی بەنداوی سیروان بۆتە زەرورەت، چونکە سەرچاوەکانی (دوو ئاوانەکە) لە ناو خاکی هەرێمی کوردستاندان و هیچ وڵاتێک ناتوانێت دەستکاریان بکات. لەو حاڵەتەدا دەریاچەی سیروان لە بری دەربەندیخان دەتوانێت ئاوی خواردنەوەی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیانیش دابینبکات. هاوکات دروستکردنی ڕێگەیەکی ١٧کم لە هەڵەبجەوە بۆ سازان و بەنێودەوڵەتیکردنی مەرزی سازان یەکێکە لە ڕێگەچارەکان بۆ پەرەدان بە بواری بازرگانی و جوڵەی بازاڕ لە هەڵەبجەدا. بەهۆی کیمیابارانەوە هەڵەبجە بۆتە ناوێکی نێودەوڵەتی. دەکرێت هاوشێوەی هێرۆشیما و ناکازاکی یابان، ساڵانە چەندین ڤیستیڤاڵ و کۆڕ و کۆنفرانس لە هەڵەبجە سازبکرێن لەبارەی مەترسیەکانی چەکی کیمیایی و کۆمەڵکوژەوە و لە وڵاتانی دنیاوە خەلک بانگبکرێن، کە هەم هەڵەبجە و نەهامەتیەکانی کورد زیاتر بە دنیا دەناسێنێت، هەم بەهۆی هاتنی چەندین وەفد و خەڵکەوە ئابوری هەڵەبجەش دەبوژێتەوە. سەبارەت بە خورماڵیش، ئەوەی پێیدەڵێن گەڕاوەکەی خوڕماڵ و ئاوی گەرمی کانزایی هەیە و بۆ پێست باشە، دەکرێت چەندین پرۆژەی گەشتیاری و پزیشکی لێبکرێتەوە بۆ چارەسەری نەخۆشیەکانی پێست ڕۆماتیزمە و ببێت بە شوێنێکی گەشتیاری پزیشکی. لەم روەشەوە چەندین نمونە لە دنیادا هەن، یەکێک لەوانە شارێکە بە ناوی کارلۆڤی ڤاری (Karlovy Vary) لە وڵاتی چیک. بەهۆی بونی ئاوی کانزاییەوە ساڵانە هەزارەها گەشتیار ڕویتێدەکەن. بەڵام لەبەر ئەوەی شارەکەیان ڕازاندۆتەوە گەشتیار چەند ڕۆژێک دەمێنێتەوە و پارەی زیاتر خەرج دەکات، بەو هۆیەشەوە ئابوری شارەکە بوژاوەتەوە. بە هەمان شێوە ناوچەیەکیش هەیە لە تورکیادا بە ناوی پەموکالێ (Pamukkale). دەکرێت لە خورماڵ چەندین چارەسەرگا و سپا و هۆتێل و ڕیستۆرانت دروستبکرێن و بکرێن بە ناوچەیەکی گەشتیاری پزیشکی. تەوێڵە و بیارە و ئەحمەدئاوا و شنروێ و ئاوێسەر و زەڵم و هاوار و عەبابەیلێ و وەزگێڵ و باوەکۆچەک لە جوانترین شوێنەکانی کوردستانن، دەکرێت حکومەت لە ڕوی ڕێگاوبان و ئاو و کارەباوە خزمەتی زیاتری ئەم ناوچانە بکات و دواتر هانی وەبەرهێنان بدات بۆ بنیاتنانی پرۆژەی گەشتیاری. ٢-لە ڕوی کشتوکاڵ و پیشەسازیەوە: هەڵەبجە لە روی کشتوکاڵەوە خاوەنی زەویەکی بەپیتە لەسەر ئاستی جیهان. حکومەت دەتوانێت هانی دروستکردنی چەندین کارگە بدات کە بەروبومە کشتوکاڵیەکان بگۆڕن بۆ شەربەت و مرەبا و دۆشاو و ڕوبەهەنار و زەیتی زەیتون و سابون و چەندین بەرهەمی تر. واتە چەند کارگەیەک دروستبکرێن کە پشت بە کشتوکاڵ دەبەستن (Agro-Industrial Plants). هەروەها گرنگە سایلۆیەک لە نزیک هەڵەبجە دروستبکرێت بۆ عەمبارکردنی گەنم و دانەوێڵە. هەروەها ساردخانە دروستبکرێت بۆ هەڵگرتنی میوەهات. عەنەب بە توتن بەناوبانگە و دەکرێت حکومەت هانی جوتیارەکانی ناوچەکە بدات دەستبکەن بە بوژاندنەوەی کێڵگەکانی توتن و هانی وەبەرهێنەکان بدات کارگەیەکی گەورەی توتن و جگەرە لە نزیک عەنەب دروستبکەن. ڕاستە جگەرە کاڵایەکی زیانبەخشە، بەڵام مادەم هەر کڕیاری هەیە، واباشترە لە جوتیار و وەبەرهێنی کورد بکڕدرێت و سود و داهاتەکەی بۆ ناوخۆ بێت. ٣-لە ڕوی کەرتی نەوتەوە: ناوچەی هەڵەبجە بلۆکی ژمارە ٥٦ ە و درابوو بە کۆمپانیای گازپرۆمی ڕوسی. بەپێی مەزەندە یەدەگی نەوتی ئەم بلۆکە ٧٠٠ ملیۆن بەرمیلە. بەڵام بە هۆکارێکی نادیار لە سەردەمی ئاشتی هەورامیدا گازپرۆم ناوچەکەی بەجێهێشت. ئەگەر لامەرکەزیەت پەیڕەوبکرێت و دەسەڵات و پارە بدرێتەوە بە پارێزگاکان، ئەوا هەڵەبجە بە پارەی نەوتەکەی خۆی دەتوانێت ئەو پرۆژانە جێبەجێبکات کە لە سەرەوە باسمان کرد و ببێت بە پارێزگایەکی دەوڵەمەند و نمونەیی لە کوردستان و عێراقیشدا. بەڵام ئەگەر وەک ئێستا دەسەڵات و داهات هەمووی لە پایتەخت و لە دەستی سەرۆکی حکومەتدا بێت، دۆخی پارێزگای هەڵەبجەش وەک خۆی دەمێنێتەوە و هیچ پرۆژەیەکی ستراتیژی ڕویتێناکات.


هادی حەمەرەشید  ساڵێك زیاتر لەمەوبەر کاك شۆڕش_حاجی پەیوەندیی پێوەکردم؛ حەزدەکەم سەرێکم لێبدەیت، پێکەوە هەندێ قسە بکەین، دڵنیام ئەم بزووتنەوەیە لە ئاست پێداویستیی ئەم قۆناغەدا نیە، بەڵام مەرج نیە «دوورکەوتنەوە» دەرمانی هیچ دەردێك بکات، تۆ وەرە لێرە درێژەی ئەم گفتوگۆیە ئەکەین. ڕۆژی ٢٢/١/٢٠١٩ بەدەم داواکارییەکەیەوە چووم، بەو پێیەی کە سەرەتای ڕێککەوتنی_پارتیی_و_گۆڕان بوو، لۆدێکی زۆری سیڤی ناردن لەسەر گردەکە هەبوو، کۆمەڵێك کارەکتەری هەلپەرست(تەنانەت لەوانەش کە لەسەر ناڕازییەکانی گۆڕان هەژمار ئەکران، بەگەرمی هاتوچۆی ئەوێیان ئەکرد و ئەم ژوور و ئەو ژووریان بوو!) بۆ من پڕ ئازار بوو لەو تەوقیتەدا سەردان بکەم، بەڵام پێم نا بەجەرگی خۆمدا و لە نیوەڕۆیەکی تاڕادەیەك چۆڵدا خۆم کرد بە ژوورەکەی کاك شۆڕشدا. زۆر ڕێزی گرتم و زۆرترین کاتی پێدام، بۆ ئەمە سوپاسی ئەکەم، ئەوە یەکەمجار نەبوو گفتوگۆی لەگەڵ بکەم، هەموو جار پێکەوە ڕاشکاو بووین. لەسەر دۆخی ڕێکخراوەیی گۆڕان و پڕۆسەی سیاسیی لەکوردستان و گرفتەکانی بەردەم گۆڕانکاریی قسەی کرد، زۆبەی قسەکانی پاڵپشت بەلۆژیك و مەعقول بوون، بەڵام بە گشتیی لۆبیی بوون بۆ «مانەوە» لەناو بزووتنەوەکەدا و ڕەواییدان بوون بە مانەوە نەك جێهێشتنی حیزبەکە. بۆ ئەم مەبەستە سەرنجێکی وت:(کاری سیاسیی پشوودرێژیی پێویستە، هەڵبژاردنی تەوقیت گرنگە، خۆ ئەگەر دەرفەت نەبوو بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانت نابێت هیوا لەدەست بدەیت، مام جەلال کە کراوە بە ڕابەری قوتابخانەی «جەلالیی» و تاسەر ئێسقان دژی مەلا مستەفا و «مەلایی» ململانێی کرد، بەڵام خودی خۆی«مەلایی»ـیەکی موخلیس بوو، لەبەرامبەردا نەوشیروان مستەفا«جەلالیی»ـیەکی سەرسەخت بوو، ئەمە بۆیە ئەڵێم؛ مەرج نیە کە من لێرەم کەواتە ڕازییم بە هەموو شتێك، لێرەم و بەرەنگاریی ئەکەم) زیاتر دوا و گلەیی لەم بارودۆخە کرد کە گۆڕانخوازانی تێدایە:(ئەوانەی کە ئەیانەوێت کوردستان خراپ بکەن با زۆریش نەبن، بەڵام هاوڕان و یەکگرتوون، ئەمە بۆ گۆڕانیش ڕاستە، بە داخەوە دڵسۆزان و ئەوانەی دژی گەندەڵین پەرتەوازە و ناتەبان...تد) پاشان گوێی لە من گرت، سەرەتا پێمووت: ئەگەر ڕاشکاو و ڕاستگۆیانە لەگەڵت بدوێم، لەلام قورس بوو ئەم دیدارە و لەم گردەدا، چونکە هەست ئەکەم ئیتر ئێمەومانان نامۆین لەم شوێنەدا، فیعلەن بە دزەشارکێ خۆم گەیاندە لات، بۆ ساتێك حەزم ئەکرد وەك بوونەوەرێکی ئەفسووناوی لەچاوی هەموواندا ون بم و کەس نەزانێت کە هاتووم بۆ ئێرە! وتی: بۆچی تا ئەو ڕادەیە؟! وتم: (فڵان) کە ئەیناسیت(یەکێك لە بۆدی گاردەکانی گردەکەم مەبەست بوو)، دوێنێ شەو لە فەیسبووك پۆستێکی هەڕەشەئامێزی نووسیوە، بەکورتیی و بە زمانی ناڕەوانی خۆی ئەڵێ: (ماوەیەکە هەست ئەکەم کە کۆمەڵێك دەموچاوی ناڕازیی سەردانی گردەکە ئەکەنەوە، کاتی چنینەوەی ئیمتیازاتە و ڕوونە ئەوانە بۆچی دێن، نەیخۆن تاڵە! مەگەر ئێمە بمرین بهێڵین ئەوانە پۆست وەرگرن!) پاشان وتم: تۆ وتەبێژی ئەم بزووتنەوەیەیت، حەتمەن هەندێ جار بۆ گۆڕینەوەی بۆچوون و ڕا و دنیابینیتان، کەسانی نەیار بەم حیزبە دێنە ئێرە و پێکەوە گفتوگۆ ئەکەن، مەعقولە ئەمە ئاسایی بێت بەڵام هاتوچۆکردنی هەڵسوڕاو یان بەرپرس و لە هەندێ باردا سەرکردەیەکی گۆڕان خۆی(جا با زۆر ناڕازییش بێت) بەو لۆژیکەی ئەو برادەرە لێك بدرێتەوە؟! کۆسە کۆسەیەك دروست بکرێت کە گۆڕەپانەکە یەکلابێت بۆ خۆیان و گۆڕانخوازە ڕاستەقینەکان تەنێکی نامۆبن بەسەر جەستەیەکی نامۆوە؟! دیارە بەڕێزی زۆر ناڕازیی بوو بەو زمانە نالایەقەی ئەو فەیسبووکەوانە، بەتوندی وتی: جا ئەو چ کارەیە؟! وتم: کاك شۆڕش ئەو برادەرە یەکێکە لە بەردەستەکانی چیا و لەخۆیەوە ئەم «فەرمایشتە»ی نەنووسیوە، با ڕووڕاست بین؛ من و تۆ چ کارەین؟! ئەمە ئەو دەردە بێدەرمانەیە کە تۆ ناتەوێت هەستی پێبکەیت، ئێوە ناوتان لێنراوە «خانەی ڕاپەڕاندن » و لەڕووکاردا دەستەبژێری سەرکردایەتی بزووتنەوەکەن، بەڵام بڕیاردەر و خاوەنی حەقیقی کەسانیترن، ئاریشەی«تەوریسی سیاسیی» گرفتێکی بونیادییە و سەری هەموو کێشەکانە، کۆمەڵە مرۆڤێکی قەزەم بنەماڵەیەکیتریان بۆ کورد ڕاست کردەوە و بە مانەوەتان لەم جێگایەدا بەرپرسیارێتیی ئەم قۆناغەتان بەرئەکەوێت. ئەو کە دیاربوو کەیفی بەوە نەئەهات لەو پۆلێنەدا ناوی بهێنرت، دیسانیش وتی: من باوکم پیاوی مەلا مستەفا و مام جەلال بووە، خۆیشم پیاوی مام جەلال و کاك نەوشیروان، بەڕاستیی بە هیچ جۆرێك نامەوێت کوڕ و نەوەکانم پیاوی نێچیر و مەسرور و بافڵ و نما و چیا بن! گفتوگۆکەی ئێمە درێژەی هەبوو، ڕاشکاوانە زۆر قسەمان کرد کە ئەکرێت مەحرەمانە بەشێکیان بمێننەوە، بەڵام بۆ مێژوو پرسیارێك کە لەوم کرد، ئەشێت لە ئەو و زۆرێك لە برادەرەکانی ئەویشی بکەین؛ بەڕێزی وەك سیاسییەکی موخەزرەم لە سەرەتای هەشتاکاندا بڕوانامەی لە ئەندازیاریدا بەدەستهێناوە، خەباتی پێشمەرگایەتی هەیە، ڕەگەزنامەی عەریقترین وڵاتی هەیە، دەستپێشخەریی دروستکردنی مینبەری جیاواز(ڕەوتی گۆڕینی دیموکراتیی_ڕەگ)ـی لەناو یەکێتیی هەبووە، ئەندامی گەڕان و جیاکردنەوەی بەڵگەنامەکانی ڕژێمی پێشووی عێراق بووە لە ئەمریکا، ماستەر و دکتۆرای وەرگرتووە و هەلی بۆ ڕەخساوە کە مامۆستای زانکۆ بێت، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بووە و خانەنشینییەکی زۆری هەیە، لەناو گۆڕاندا لە بازنەی لوتکەی دەسەڵاتدا بووە، وتاربێژێکی بە توانایە، نووسەرە و توانای توێژینەوەی هەیە...تد. پێم ناڵێن؛ بۆچی ئەبێت تا لە پۆست و پێگەی گرنگدان ئەم سەرمایە ڕەمزیی و پڕ بەهایانە ناخەنەگەڕ و سنوورێك بۆ ملهوڕیی مناڵ و شازادە جێنشینەکان دانانێن؟! شۆڕش حاجی وتارێکی درەنگ وەختی نووسیوە؛ گەر گۆڕانکارییتان پێناکرێت گۆڕەپانەکە چۆڵکەن. نووسینەکە دەرخستەیەکی باشە بۆ حاڵی ئێستای گۆڕان، بەجۆرێك لە جۆرەکان«إرحل»ـی لە سەرانی ئێستای گۆڕان کردووە، بە مەرجێك ئەگەر ناتوانن گۆڕانکاریی بکەن! هەڵبەت بۆ خۆی بەقووڵیی ئەو وەڵامەی لایە کە هیچ موقەوەماتێکی گۆڕانکاریی لەو هێزەدا نەماوە، بزووتنەوەیەك سەراپای ئەوانەی تیایدا ماونەتەوە هیچ پاساوێکی بابەتییان نەماوە جگە لەبەرگرییکردن لە دەستکەوتە کەسییەکانیان، یان چاوەڕێی پشکی خۆیانن لە غەنیمەتەکە، بۆچی ئەبێت تازە بێین و بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە بگەڕێین؟! ئێستا بەم نووسینە تەنیا ئەیەوێت بڵێت «منیش قسەی خۆمم کرد» یان بە پێچەوانەوە ئامادەیە شان بداتە بەر بەرپرسیارێتیی ئەم قۆناغە؟! قۆناغێك کە سیاسیی خۆنەویست و ئەکتیڤیستی ئەوێت نەك تەنیا قسەکەر!


کاروان عەلی شامار (١) خۆپیشاندانەکەی نەوەی نوێ!  وابریارە رۆژی شەممە جوڵانەوەی نەوەی نوێ خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستاندا ئەنجام بدا، بەھەموو پێودانگێک مەھامی سەرەکی خۆپیشاندانەکە دوو رەھەندی سەرەکی لەخۆ دەگرێ، یەکێکیان، ئەوەیە کە سەرۆکی جوڵانەوەکە نزیکەی (٧٠)ملیار دینار قەرزی حکومەتی لایە، دوای بریاری چاکسازی حکومەت لە خانەنشینی پلەتایبەتەکان، یەکێک لە برگەکانی چاکسازی تایبەتە بەوەرگرتنەوەی قەرزەکانی حکومەت لای وەبەرھێنەرەکان، کە پێویستە لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا سەرجەم قەرزەکان وەرگرێتەوە، کاک شاسواریش بە خۆپیشاندانەکەی سبەی دەیەوێ فۆکەسی میدیا و شەقام بەلای خۆیدا بباو دیزەبەدەرخونەی بابەتی وەرگرتنەوەی قەرزەکانی بکا!  رەھەندێکی تری سیاسیەو دور نییە ھەندێک سیاسی بزنس کە بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ سەرۆکی جوڵانەوەکەدایە بۆ مەرامی سیاسی و تایبەت لەگەڵ خۆپیشاندانەکەدابن، بەتایبەت دوای کۆنگرەی یەکێتی جۆرێک لە مەترسی دروست بووە لەسەر بەرژەوەندی و کۆمپانیاو بزنسەکانیان، بەتایبەت لەسنوری قەلەمرەوی یەکێتیدا! (٢) دیاردەی دەستدرێژی سێکسی لە پایتەختدا! دوای بڵاوبونەوەی ھەواڵی ئازادکردنی چەن تاوانبارێک کە دەستدرێژی سێکسیان کردبۆوە سەر منداڵێکی تەمەن (٧)ساڵان لە پایتەختی ھەرێمی کوردستاندا، ھەر زوو ھەواڵەکە لە میدیاو سۆسیال میدیاکاندا بلاوکرایەوەو سەرنجی زۆر کەسی بەلای خۆیدا برد، بەڵام دیوی پشتەوەی ئەو روداوە کەمترین قسەی لەسەر کراوە. دەسەڵاتدارانی ئەمنی پارتی ھەنوکە بۆ سەرکوتکردنی نەیارەکانیان میتۆدو شێوازێکی نوێیان گرتۆتە بەر کە ئەویش بریتییە لە ئختیصاب و ئەتکردن و ئابروبردنی کەسانی ئەنتی و دژ بە ئەجنداکانی پارتی، واتە ئەگەر لەرابردوو کەسێک تیرۆرکرابێ لەسەر بابەتێکی سیاسی یاخود بەھۆکاری دژایەتی ماڵباتی بارزانی و پارتی، لێ ھەنوکە کەرامەتی دەشکێنرێ و ئەتک و لاقە دەکرێ دواتریش تیرۆر دەکرێ! (٣) کوردو حکومەتەکەی عەلاوی دوای ئەوەی شاندی دانوسانکاری ھەرێم سەردانی بەغدایان کردو لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغدا کۆبونەوە بۆ رێکەوتن لەسەر پشکی کوردو دانانی وەزیرەکان وەلێ نەگەشتنە ھیچ رێکەوتنێک، چونکە عەلاوی سورە لەسەر ئەوەی وەزیرەکانی کابینەکەی دەبێ کەسانی ناحیزبی و تەکنۆکرات بن، بەشێکی پێداگری و سوربونی لەسەر مەرجی کەسانی ناحیزبی پابەستە بە پلان و داواکاری بەرھەم صالحەوە چون لەلایەک بەھۆی دانەنانی بەسەرۆکی یەکێتی دەیەوێ تۆلەی خۆی لەو حیزبە بکاتەوەو لەلایەکی تریشەوە دەیەوێ ھاوسۆزی خەلکی عیراق بەلای خۆیدا راکێشێ، چون وابریارە لە سالی ئایندەدا ھەلبژاردنی پێشوەختە بکرێ و جارێکی تر چانسی بوون بەسەرۆک کۆماری ھەبێتەوە! (٤) کوردستان و ڤایرۆسی کۆرۆنا دەنگۆی بلاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناو گەشتنی بە سنورەکانی ھەرێمی کوردستان بوە بە مژاری رۆژ، بەلام تا ھەنوکە حکومەتی ھەرێم و وەزارەتی تەندروستی میکانیزمی چۆنیەتی خۆپاراستن و رێگری لەم جۆرە ڤایرۆسەی بەشێوەیەکی زانستی رانەگەیاندووەو ھیچ ئامادەکارییەکی پێشوەختەی بۆ نەکردووە، بڵاوبونەوەی ڤایرۆسێکی کوشندەی وەک کۆرۆنا نەک بۆ ھەرێمێکی پێنج ملوێنێ لێ بۆ وڵاتێکی گەورەی وەک چین جێی ھەڵوەستەیەو لەئەگەری تەشەنەکردنی بەتایبەت ئەو ولاتانەی کە سیستمێکی تەندروستی بەھێزیان نییە دور نییە کارەساتی مرۆیی بەدوای خۆیدا بێنێ، بەو ھۆیەشەوە ترسێکی گەورەی خستۆتە نێو خەلکی کوردستانەوە، ئەگەرچی ھیچ حالەتێکی نەخۆشی لەکوردستان تۆمارنەکراوە وەلێ بەئاشکرا درک بەمەترسیەکانی دەکرێ و بەشێک لەکەلوپەلی خۆپاراستن لە نەخۆشیەکە وەک ماسک و دەمامک و دەسکێش نرخەکانیان چەن ھێندە بەرزبۆتەوە!


د.كامه‌ران مه‌نتك   هه‌موو ئاماژه‌كان به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌چن، ئه‌وه‌ی له‌ باشووری كوردستان ده‌گوزه‌رێت، كارێكی هاكه‌زایی نیه‌و به‌رنامه‌ بۆ داڕێژراوه‌، ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ له‌سه‌رئاستی هه‌رێم گه‌وره‌تره‌و ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردی ناو ده‌به‌ن، جگه‌ له‌ جێبه‌جێكاری ئه‌جیندایه‌كی ده‌ره‌كی زیاتر نین، كه‌ ده‌یه‌وێت ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ له‌ره‌گه‌وه‌ هه‌ڵته‌كێنیت و هه‌موو بنه‌ماكانی مانه‌وه‌و به‌رده‌وام بوونی تیا چرووك بكات. بۆ ئه‌وه‌ی مه‌به‌سته‌ش هه‌ندێك دیارده‌ی رۆژانه‌ وه‌ك دێوجامه‌ به‌كاردێت و سیاسه‌تی وروژاندنی قه‌یرانه‌كان پیاده‌ ده‌كرێت، له‌ په‌نای ئه‌و قه‌یرانانه‌شدا سیاسه‌ته‌ مه‌ترسیداره‌ جێبه‌جیده‌كرێت!. ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ئه‌و چه‌مكه‌ وردتر روونبكه‌ینه‌وه‌، ده‌بینین، هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان و زۆرینه‌ی هه‌ره‌ زۆری میدیاكان و په‌یگی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، به‌ مه‌به‌ستی سیاسی و ناسیاسی كار له‌سه‌ر خستنه‌رو و گه‌وره‌كردنی قه‌یرانه‌كانی وه‌ك قه‌یرانی موچه‌و گازو كاره‌باو ئاو و ...هتد ده‌كه‌ن و مێشكی تاكی كوردی پێوه‌ خه‌ریك ده‌كه‌ن، راسته‌ ئه‌و قه‌یرانانه‌ ژیارین و راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیان به‌ژیانی رۆژانه‌ی خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌یه‌و گرنگی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌م قه‌یرانانه‌ هه‌مووی دروست كراون و وه‌ك دێوجامه‌یه‌ك به‌كارده‌هێنریت بۆ فریودانی رای گشتی له‌ هه‌رێمی كوردستان و خه‌ریك كردنی ئاوه‌زی تاكی كورد به‌م قه‌یرانانه‌، بۆئه‌وه‌ی نیگاكانی له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌جێندا ستراتیژی و مه‌ترسیدارانه‌ دووربخاته‌وه‌، كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی سیسته‌ماتیك كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت. ئه‌مه‌ش بۆ وه‌رچه‌رخاندنه‌وه‌ی تای ته‌رازووه‌كه‌یه‌، واته‌ ئه‌وه‌ی دوژمنانی كورد له‌ ماوه‌ی سه‌د ساڵی رابردوودا نه‌ك هه‌ر پێیان نه‌كرا، بگره‌ گیانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌و مانه‌وه‌شیان لای تاكی كورد به‌هێزتر كرد، ئێستا به‌ ناوی ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵیه‌وه‌ ده‌كرێت و سه‌ركه‌وتنی زۆر گه‌وره‌شیان به‌ ده‌ستهێناوه‌!. بۆ نمونه‌ ئه‌وه‌ی رژێمی به‌عس له‌ماوه‌ی 45 ساڵی ته‌مه‌نیدا بۆی نه‌چووه‌ سه‌ر، سه‌رباری ئه‌نفال و به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیاوی و هه‌موو جۆره‌ چه‌كێكی تری كوشنده‌، پارتی و یه‌كێتی زۆر به‌سه‌ركه‌وتوویی ئه‌نجامیاندا، ئه‌گه‌ر به‌عس ئه‌نفالی به‌ هه‌شت قۆناغ ئه‌نجامدا، ئه‌وا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ئه‌ركه‌كه‌ی بۆ ته‌واو كردو له‌رێگای شه‌ڕی ناوخۆوه‌ ئه‌نفالی نۆیه‌می كرد، كه‌ هه‌موو سیماكانی ئه‌نفای به‌ زیاده‌وه‌ش له‌خۆوه‌ گرت و وه‌ك به‌رپرسێكی سه‌ربازی ئه‌و دوو حیزبه‌ گوتی" ئه‌گه‌ر چه‌كیمیاویشمان هه‌بوایه‌ له‌ یه‌كترمان ده‌دا". بۆیه‌ به‌وردی سه‌یری قۆناغه‌كانی ته‌مه‌نی ئه‌و دوو حیزبه‌ بكه‌ین، به‌روونی بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ زۆرینه‌ی هه‌ره‌ زۆری كاره‌كانیان دژی كۆمه‌ڵگاو له‌ پێناو تێكشكاندنی تاكی كورد بووه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ جێبه‌جێكارێكی وردی تیووری شۆك بن بۆ سڕینه‌وه‌ی یاده‌وه‌ریه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ به‌كاربهێنرێن. ئه‌گه‌ر بپرسین له‌به‌رژه‌وه‌ندی كێ ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ن، ئه‌وا به‌پله‌ی یه‌كه‌م له‌به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوو هێزه‌ هه‌رێمیه‌كه‌ توركیاو ئێرانه، ئێران له‌ رێگای ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان و سیخوڕی و كۆنتڕۆڵكردنی حزبیكی گه‌ورره‌ی كوردستان، كاره‌كانی ئه‌نجامده‌داو بازاره‌كانی كوردستانی غه‌رقی ماده‌ی هۆشبه‌ر كردووه‌، رۆژنیه‌ له‌ هه‌واله‌كان گوێبیستی گرتنی ده‌یان كیلۆ له‌و مادانه‌ نه‌بین، له‌كاتێكدا به‌شێكی زۆریش ده‌كه‌وێته‌ بازاڕه‌كان و به‌كارده‌هێنرێت!. توركیا راسته‌وخۆ به‌شێكی گه‌وره‌ی باشووری كوردستانی داگیركردوه‌و به‌ شێوه‌یه‌كی كرده‌یی سوتماكی ده‌كات، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌ڕێگای ئه‌و خواردن و ده‌رمان و كه‌ل و په‌له‌ بارگاویكراوانه‌ی به‌ جۆره‌ها نه‌خۆشی، شه‌ڕێكی بایۆلۆژی ترسناك دژی هه‌موو كوردو به‌تایبه‌تیش دژی باشوور جێبه‌جێ ده‌كات، ئه‌وه‌ی قۆنته‌راتی جێبه‌جێكردنی ئه‌و تاوانه‌ قێزه‌ونانه‌شی گرتۆته‌ ئه‌ستۆ، زۆرینه‌ی ئه‌و به‌رپرس و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ن، كه‌ به‌ ناوی ده‌سه‌ڵاتی كوردیه‌وه‌ كارده‌كه‌ن!. كه‌واته‌ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ردوو ده‌ڤه‌ره‌كه‌ ئه‌و قۆنته‌راتانه‌ی گرتووه‌ به‌رپرسسه‌ بالاده‌سته‌كانن، چونكه‌ دیاره‌ كاری له‌وشێوه‌یه‌ گه‌وره‌ به‌ خه‌ڵكی ئاسایی ناكرێت. بۆیه‌ مانه‌وه‌ی ئه‌و به‌رپرسانه‌ بۆ ته‌نیا یه‌ك رۆژ له‌ ده‌سه‌ڵات یه‌ك سه‌ده‌ كورد له‌ مافه‌كانی خۆی دوورتر ده‌كاته‌وه‌. جێگای داخیشه‌ هه‌موو كایه‌ گرنگه‌كان له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ قۆرخكراوه‌. په‌روه‌رده‌، زانكۆكان، قه‌زا، ئیداره‌، هه‌مووی له‌ لایه‌ن ئه‌و به‌رپرسانه‌و ئه‌ندامانی ئه‌و دوو حیزبه‌، راستر وایه‌ بڵێین تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و هه‌واڵگریه‌كانی ناو ئه‌و حیزبانه‌ ته‌رخانكراوه‌، ته‌نانه‌ت خودی سه‌رۆكی حزبه‌كانیش بێ ره‌زامه‌ندی و ئۆكه‌ی ئێران و توركیا دانانرێن، بۆیه‌ ئێستا ئه‌و دووده‌وڵه‌ته‌ هیچ پێویستیان به‌وه‌ نه‌ماوه‌‌ باشووری كوردستان له‌رێگای هێزی چه‌كداریه‌وه‌ داگیر بكه‌ن، چونكه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌ كوردیانه‌ دژی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆیان بۆیان ده‌كه‌ن، هه‌رگیز ئه‌وان زاتی ئه‌وه‌ ناكه‌ن و بۆشیان ناچێته‌ سه‌ر!.ئه‌وانه‌ توانیویانه‌ ئاكار، زانست، زمانی كوردی، هه‌ستی كوردبوون به‌ ده‌ردێك به‌رن، كه چاككردنه‌وه‌ی ده‌یان ساڵی تری بوێت، لام سه‌یره‌ كۆمه‌ڵێك به‌ناو رۆشنبیرو حزبی سیاسی هه‌ڵپه‌رست و به‌رژه‌وه‌ندیخواز باس له‌ چاكسازی ده‌كه‌ن، له‌كاتێكدا ئه‌ركی راسته‌قینه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ته‌نیا خراپ سازی بووه‌، چاكسازی و خزمه‌تكردن به‌وه‌ پێكنایه‌ت، كه‌ تۆ شه‌قامێك دروست بكه‌یت، یاخود به‌رپرسێكی پله‌ ده‌ بخه‌یته‌ به‌رده‌م دادگا، راسته‌ ئه‌وانه‌ كاری گرنگ و باشن، به‌ڵام له‌راستیدا ئه‌م هه‌نگاوه‌ له‌ پێناو به‌ داووه‌كردنی دڕنده‌ بچووكه‌كانه‌ به‌ مه‌به‌ستی پاراستنی دڕنده‌ گه‌وره‌كان!. ئه‌وه‌ی گرنگه‌ خه‌ریكه‌ هه‌موو به‌هایه‌كی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ له‌ناو ده‌به‌ن، وڵاتیان هه‌ڕاج كردووه‌، ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كوردستان هه‌رگیز به‌ كۆمپانیای توركی و ئێرانی ناكرێت، ئه‌گه‌ر بشیكه‌ن ئه‌وان بۆ خۆیانی ده‌كه‌ن نه‌ك بۆ تۆ!.


مەریوان وریا قانع کەم تاوان ھەیە لە دونیای ئێمەدا وەک تاوانی فڕاندن و دەستدرێژکردنە سەر ئەم کچە ٧ ساڵانەیە لە ھەولێر چەندان ڕەھەندی جیاوازیی ژیانی کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقیی و سیاسیی ئەو کۆمەڵگایە بخاتە ژێر پرسیاری گەورەوە. کەم تاوان ھەیە وەک ئەم تاوانە بمانباتە سەر ئەو کێشە گەورانەی لەو وڵاتەدا ئامادەیە، بەبێ ئەوەی ھەوڵێکی ڕاستەقینە لە ئارادابێت، نەک تەنھا بۆ چارەسەرکردن و کۆتاییپێھێنانیان، بەڵکو بۆ لێتێگەیشتنیشیان. لەم نووسینەدا ھەوڵئەدەم زۆر بە کورتیی لەسەر ھەندێک لەو ڕەھەندە سەرەکییانە بوەستم. دەستدرێژی سێکسیی و توندوتیژیی ھەموو کردەیەکی دەستدرێژی سێکسیی کردەیەکی توندوتیژە، جۆرێکی تایبەتە لە جۆرە زۆرەکانی توندوتیژیی. بە پێی یاسای نێودەوڵەتی دەستدرێژی سێکسیی تەنھا توندوتیژیی و تاوانێکی سادە نییە، بەڵکو ”تاوانە دژ بە مرۆڤایەتیی“، کە بۆ ئاستی مامەڵکەردنی وەک جینۆساید بەرزدەبێتەوە. ئەو خاڵەی کە دەبێت لای ھەر یەکەێک لە ئێمە تەواو ئاشکرا و بەرچاو بێت ئەوەیە دەستدرێژی سێکسیی وەک جۆرێک لە توندوتیژیی، لە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆدایە بە بڕ و ڕادەی توندوتیژیەوە کە لە کۆمەڵگادا ئامادەیە، بەشێکە لەو دۆخە گشتییەی توندوتیژیی کە فۆرمە جیاوازەکانی پەیوەندیی نایەکسان و پەیوەندیی چەوساندنەوە و پەراوزێخستن و فۆرمی حوکمڕانیی و دەوڵەتداریی و بەڕێوەبردنی ناکۆکیی و ململانێکان، سەروەریدەکەن. لە کۆمەڵگایەکدا توندوتیژیی ڕێسا و گرامەری پەیوەندییە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابورییەکان بێت، پەڕینەوەی بۆ بواری پەیوەندییە سێکسییەکان پەڕینەوەیەکی ئاساییە. بۆیە یەکەمین دەرەنجامێک بکرێت لەم ڕووداوەوە بەدەستبھێنین بەرزکردنەوەی چەندان پرسیارە بە ڕووی ئەرک و وەزیفە جیاوازەکانی توندوتیژیی لە دونیای ئێمەدا. سێکس وەک ئامرازیی سوکایەتیپێکردن کە توندوتژیی گرامەری ڕێکخستنی پەیوەندییەکان بوو، ئەودەم سوکایەتیکردن بە یەکتری دەبێت بە بەشێک لەو ڕێسا سیاسیی و ئەخلاقیی و کۆمەڵایەتییەی سەروەردەکرێت. سێکس لەم دۆخەدا دەگۆڕێت بۆ ئامرازێکی بەھێزی ئیھانەکردن و قێزەوانکردنی بەرامبەر. تەعەدای سێکسی دەبێت بە کردەیەکی ڕەمزیی شکاندن و سڕینەوە و کوشتنێکی رەمزیی بەرامبەر، دەبێت بە سیمبولی تەعەداکردنێکی ڕەمزیی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئەو کەس و خێزن و لایەنەی کە تەعەداکەیان ڕووبەڕوو دەبێتەوە. بەمەش ڕەھەندێکی ھێجگار ترسناک بە سێکس و کردەی سێکسی لە کۆمەڵگادا دەبەخشرێت. پەیوەندیی نێوان نێر و مێ سێکس وەک ئامرازیی سوکایەتیپێکردن و وەک کردەی کوشتنێکی ڕەمزیی، لەپاڵ زۆر دەرەنجامی ترسناکدا، پەیوەندیی نێوان نێر و مێ لە کۆمەڵگای ئێمەدا ڕووبەڕووی داڕمانێکی ھەمەلایەن دەکات. ئەو فۆرمە تایبەتە لە پاتریارکیەت و پیاوسالاریی، کە لە دونیای ئێمەدا پڕن لە قەیران، دۆخی ژنبوونیان لە دونیای ئێمەدا تەواو ترسناک کردوە. ژنبوون وەک پرۆژەیەکی بەردەوام بۆ دەستدرێژکردنی فیزیایی و ڕەمزیی. لە سێ دەیەی ڕابردوودا دونیای ئێمە ڕووبەڕووی ”شڵەژانێکی پێوانەیی“ ھەمەلایەن بوەتەوە کە ھێڵە سادەکانی جیاکردنەوەی باش لە خراپ و تاوان لە بێتاوانیی و دەشێ لە ناشێی کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی و دینیی بەتەواوی وێرانبوون. لە سەرێکەوە وڵاتەکە پڕکراوە لە سیستمە رەمزییەکانی سێکس و بە سێکسیکردنی جەستە و چێژ و پەیوەندییەکان، لەسەرێکی دیکەوە گوتارێکی بەھێزی دژە جەستە و دژە سێکس لەئارادایە کە سێس بە سوکایەتیکردن و سڕینەوەی ڕەمزیی یەکساندەکات. لەسەرێکەوە چێژ بۆتە بەشێک لە ئابوریی باڵادەستی وڵاتەکە و بووە بە پێوەری جیاکردنەوەی دەشێت لە ناشێی کۆمەڵیەتیی و سیاسیی و ئەخلاقیی، لەسەرێکی دیکەوە گوتارێکی دژ بە چێژ و دژ بە لەش سەرەوەرکراوە کە جەستە وەک تاوانبار و وەک گڵاوێکی فەرھەنگیی و دینیی و ڕەمزیی مامەڵە دەکات. ھەموو ئەمانە پەیوەندیی نێوان نێر و مێیان لە کۆمەڵگاکەدا بەشێوەیەکی ترسناک ئاڵۆز و بیمار خستوە. ماناکانی منداڵیی لە دونیای ئێمەدا ئەو ڕووداوەی لەگەڵ ئەو کچە ٧ ساڵەندا ڕوویداوە نیشانمان ئەدان چۆن منداڵ بەگشتیی و منداڵیی کچ بەتایبەتی گۆڕاون بۆ بابەت و یەکەی سێکس لە دونیایەکدا کە لە ھەموو پنتێکیدا قەیرانێکی گەورە ئامادەیە، منداڵیی لە دونیای ئێمەدا لە زۆر سەرەوە لە بەردەم ھەڕەشەی گەورە و ھەمەلایەندایە. ئەم ڕووداوە نیشانیئەدات چۆن بێباکانە لەگەڵ ئەو کچە مەنداڵەدا مامەڵەدەکرێت، چۆن بووە بە بابەتێکی میدیایی و سیاسیی و ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ڕای گشتیی. بێدەربەست لەوەی ئەم بە میدیایکردنە چ دەرەنجامی سایکۆلۆژیی و جەستەیی ترسناکی بۆ ئەو کچە منداڵە ھەیە. ئەوەی یەک لاپەڕەی لە بواری دەرووناسیدا خوێندبێەتوە دەزانێت تراوما، بە عەرەبی الصدمە النفسیە، دەرەنجامی ڕاستەوخۆی ھەم کردەی دەستدرێژیکردنی سێکسییە کەیە و ھەم دەرەنجامی ئەو فۆرمە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو مندڵەدا. ئەم سەدمە سایکۆلژیەش زۆرجار ھەموو تەمەن لەگەڵ کەسەکەدا دەمێنێتەوە و ژیانی بۆ جەھەنەمێکی نەفسی دەگۆڕێت. ئەو منداڵە لە ئێستادا پێویستیی بە پاراستن و دوورخستنەوە ھەیە لەو فەزایەی تێیکەوتوە. سێکس و دەسەڵات ئەوەی کەیسی ئەم کچە بە ڕوونی نیشانیئەدات پەیوەندیی سێسک و دەسەڵاتە بەیەکەوە. ئەم کەیسە نیشانمانئەدات تەعەداکردن و دەستدرێژی سێکسیی کاتێک دەبێت بە تاوان و وەک تاوان مامەڵەدکرێت، کە لە پەیوەندییەکی تایبەتدا بێت بە سیستمە سوڵتانییەکەوە- لەم سیستمەدا دوور و نزیکیی لە سوڵتان و ناوکە داخراوەکەی سیستمە سوڵتانییەکەوە، واتە دوورونزیکی لە خێزان و بنەماڵە دەسڵاتدارەکانەوە، دەستنیشانی بڕ و ڕادەی تاوانباربوون و بێتاوانیی دەکات. سوڵتان و ناوکە سوڵتانیەیکە وەک سێنتەری سیستمە دەسەڵاتدارێتییەکە، دەچێتە شوێنی یاسا و داوەریی و دەزگاکانی پۆلیس و چاودێریی و لێپرسینەوەوە. شتێک بە ناوی چاودێریکردنێکی یاسایی و ئەخلاقیی تاوانەکانی دەسەڵاتەوە نامێنێتەوە گەر تاوانباران لە دۆخی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ و بەھێزدابن بە سوڵتان و ناوکە سوڵتانیەکەوە. ئەم سیستمە ھەموو فۆرمەکانی سێکس بە کەسە نزیکەکانی دەبەخشێت، بە تاوانە سێکسیەکانیشەوە... وەزیفەی باوک دواھەمین خاڵێک لێرەدا بمەوێت باسی بکەم پێگە و وەزیفە و وێناکردنی باوکە وەک بکەر و ڕەمزێکی کولتوریی لەم ڕووداوەدا. لە زۆربەی کۆمەڵگاکانی دونیادا تا ئەمڕۆش باوکایەتیی وەک میکانیزمێکی سەرەکیی بۆ پاراستنی منداڵ و پاراستنی ئەندامانی خێزان وێنادەکرێت. تەعەداکردنە سەر کچێکی ٧ ساڵان و بتوانایی باوک لە پاراستنی ئەو منداڵەدا، تەعەداکردنێکی ڕاستەوخۆیە بۆسەر باوکایەتی وەک ھێزێک لەناو واقیعدا و وەک بەھایەکی کولتوریی و بەھایەکی سایکۆلۆژیی. ئەمەش مانای دروستبوونێکی فۆرمێک لە دەسەڵات لەو وڵاتەدا کە ھەموو دەسەڵاتەکانی دەرەوەی خۆی وێران کردوە و لەڕێگای ئەم وێرانکردنەوە خۆی بە ڕەھا کردوە. بۆ باوکی ئەو کچە ٧ ساڵانە سەرەڕای ئەو زمانە سیاسییەی باوکی ئەو کچە ٧ ساڵانە قسەی پێدەکات، شتێک لەو پیاوەدا ھەیە، کە مایەی ئافەرین و دەستخۆشیلێکردنە، ئەویش نەشاردانەوە و بێدەنگنەبوونە لەو تاوانە و باوەشکردنەوەی باوکانەیەتی بە کچە بریندار و پڕوکێنراوەکەیدا



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand