لەناوچوونی شەشەم لەسەر زەوی، لە لادێکەی منەوە بوو

Draw Media

2022-01-11 17:52:23



خالد سلێمان
کانی بامێ ناوێکی گرێدراوە بە سیستمێکی ژینگەیی سروشتیی داهێنەرەوە، هەروەها بە هۆشیارییەکی خۆڕسکەوە دەربارەی گرنگیی پاراستنی هەمە-چەشنی کە باوکم پێی بەخشیم. کانی بامێ کە دەکەوێتە ناوچەی گەرمیان، باشووری ڕووباری ئاوەسپی، هەمە-چەشنییەکی دەگمەنی تیا بوو: ئاوی سازگار، باڵندەی کۆچەریی ڕووی تێدەکردو هی تر بەجێی دەهێشت، بۆقی زۆرو جۆراجۆر، پونگەو نەعنا بەسەوزایی و بۆنی خۆشیانەوە، زۆر جۆری تریش لە ڕووەکی کێوی؛ گۆلە مەرەزەکانی مەنسووری خاڵیشم لەبیر ناچێت، کە سەرچاوەی دەرامەتی خێزانەکەی بوو. لە کانی بامێ، هەر جۆرێک سەرچاوەی خۆراکی جۆرێکی تر بوو. بۆقێک لەسەر بوونەوەرەکانی ناو ئاوەکەدا دەژیا، باڵندەیەکی لەق لەقیش لەسەر بۆقەکە دەژیا. برنج لەسەر ئاوە دەژیا، ئێمەش لەسەر برنجەکە. سیستمی ژینگەیی فێرمان دەکات کە برنجیش جۆرە، وەک گیانلەبەرێکیش جۆرە.
زەوییەکانی چواردەوری چەمی کانی بامێ بۆ باپیرەم دەگەڕایەوە لەلای دایکمەوە. لە وەرزێکی زیاتری دروێنەی گەنمدا، باوکم لە لەو زەویانەدا جوتیاریی دەکردو گەنم و جۆی دەچاند. من و خوشکی لەخۆم گەورەترم، نەزیرە، هەموو چێشتەنگاوێکی هاوین خواردنمان بۆ باوکم دەبرد، دایکم چەند نانێکی گەرم و دۆو کەرەی تازە دەرچووی لە مەشکەی دەخستە ناو چاورۆکەیەکەوە؛ من و نەزیرەش هەڵمان دەگرت بەرەو کێڵگەکانی گەنمی لای کانی بامێ دەکەوتینە ڕێ. ساڵێکیان گەنمەکانی باوکم کەوتبوونە دیوی باکووری چەمەکەوە، ملەیەک هەبوو بەچاوی مناڵیمان بەرزو سەخت بوو، هەر لەو چەمەوە بۆ سەردەکەوتین و دەمانبڕی تا دەگەیشتینە لای باوکم . زۆرجار لە چەمەکدا دوادەکەوتین و باوکیشم لەگەڵ ئەوەی برسی و ماندووی ناو کێڵگەی گەنم بوو، لێی نەدەپرسین بۆ چی دواکەوتوین. دەیزانی مناڵین و شتێک لەسەر ڕێگە هەر دەبێت تا سەرنجمان ڕابکێشێت. لە راستیدا من و نەزیرە خواردنەکەمان دەخستە لاوەو لە چەمی کانی بامێدا بەدووای بەچکە لەق لەقدا ڕامان دەکرد، ڕۆژێکیان ڕاکردنەکەمان بە زایە نەچوو، بەچکەیەکمان گرت و  جارێکی تر، کەوتینەڕێ بۆ کێڵگەکەی باوکم. 
لەق لەقی دایک وازی لێ نەهێناین و بەسەرسەرمانەوە لەشەقەی باڵی دەدا، ئێمەی دڵخۆش  بە بەچکەیەکەوە لە ناو دەستماندا هەنگاوەکانمان خێراتر دەکردو ئەویش زیاتر باڵەکانی بەیەکدا دەدا. پێش گەیشتنمان بەچەند هەنگاوێک، باوکم درکی بەوەکرد چی لە ئارادایەو لەق لەق بەدووای بەچکەدا نەبێت ئەوەندە لە کەس نزیک نابێتەوە. کە گەیشتین پێی وتین بەچکەکە بەرەڵا بکەین و وازی لێ بهێنین. بەزمانە سادەکەی خۆی باسی پەیوەندی نێوان ئێمەو گیانلەبەرانی بۆ کردین، زمانەکەی باوکم بەدەریش نەبوو لە جۆرێک لە ترساندن، بۆ نموونە باسی گرنگیی لەق لەقی کرد کە چۆن مار دەخوات. دەیەویست پێمان بڵێت کە دەگەرێینەوە بۆ ماڵەوە، مار لەسەر ڕێگا پێمانەوە نادات، چونکە لەق لەقەکان دەیانخۆن. 
ئەم چیرۆکەم لە کاتێکدا بیردەکەوێتەوە، کە لە ڕاپۆرتێکەوە دەچمە سەر ڕاپۆرتێکی تر لەسەر لەناوچوونی شەشەمی گەورەی جۆرەکان لەسەر زەوی، ئەویش بەهۆی تێکدانی جێلانە سروشتییەکانیانەوە لەلایەن مرۆڤایەتیییەوە، لە پێناو کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی خۆراک و زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی داهاتەکانی زەویدا، گۆڕانی کەشیس لەولاوە بگرە. پێش قسەو ڕاپۆرتی زاناکان لەسەر  مەحفبوونی شەشەمی گیانلەبەران، کانی بامێکەی ئێمە، لە چەمێکی پڕ لە هەمە-چەشنی و جۆرەکانەوە: ئاو، پونگەو نەعنا، مار، بۆق، لەق لەق، کڵاوکوڕەو جۆری تر، گۆڕا بۆ خاکێکی دەیم و بۆر، کەس بڕوا ناکات ڕۆژێ لە ڕۆژان ژیانی کێویانەی بەخۆوە بینیبێت. بەکورتیەکەی کە ئاوەکە وشکی کرد، سەوزایی نەماو خۆراکی گیاخۆرەکان لە بنهات و لەناچوون، ئاژەڵە گۆشتخۆرەکانیش کە لەسەر  گیاخۆرەکان دەژیان، یان ڕەویانکرد، یان ئەوانیش مەحفبوون. ئێستا کانی بامێ چەمێکی وشک و برینگە، نە لەق لەق ڕوی تێدەکات و نە ژیانی هەمە-چەشنی تیایە. بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتانەش کە دەیانخوێنمەوە، هەموو گۆی زەوی لەسەر ڕێگەکەی کانی بامێیە.
بەگوێرەی زۆرینەی ڕاپۆرتی سەنتەرو دەستەو زانکۆ جیهانییەکان، کە لەم ساڵانەی دوواییدا بڵاوبوونەتەوە، زۆربەی جۆرەکان لە ناوچە کەمەرییەکاندا، بەتایبەتیش لە چیاو دوورگە زەریاییەکاندا، ڕووبەڕووی لەناوچوون دەبنەوە. ئەوەی ئاشکراشە زۆربەی جۆرەکانی باڵندەو شیردەرو وشکاوییەکان لە ئەمریکای ناوەڕاست و باشوور، ئەفریکای باشووری بیابان و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیای نزیک هێڵی ئیستیوادا دەژین. ئەم ناوچانە دارستانی ئیستیوایی و نیمچە ئیستیوای شێدارو گەڵای پان و بەرینان هەیە، واش مەزەندە دەکرێت کە زۆربەی جۆرە کێویەکان و هەروەها جۆری بوونەوەرەکانی ئاوی شیرین لە خۆدەگرن. لەبەر ئەم هۆکارەش، وا دادەنرێت ئەو جۆرانەی شیردەرو باڵندەو وشکاوییەکان کە ئامەژەیان بۆ کرا، زۆربەی ئەم کۆمەڵە کێوییە دیاریکراوانە بگرنەوە. ئەوەی ئێستا ڕوودەدات جیاوازە، چونکە حاڵەتی لەناوچوون بەشێوەیەکی فراوان لە کێشوەرەکاندا بەربڵاوە، لە کاتێکدا زۆربەی حاڵەتەکانی لەناوچوون لە 1500 ساڵی پێشوودا لە دوورگە زەریاییەکاندا ڕوویانداوە. ئامارەکان باس لەوە دەکەن کە بەربڵاویی لەناوچوونی جۆرەکان لە بیست ساڵی ڕابووردودا، هەروەک دوورگە زەریاییەکان، لەکێشوەرەکانیشدا بڵاوبوەتەوەو گەیشتووەتە 50%. 
ئەمڕۆ، جۆرەکانی شیردەرو باڵندەو وشکاوییەکان بەشێوەیەکی دراماتیکی توشی لەناوچوون دەبنەوە، ئەمەش پاڵی بە توێژەرو زانای زۆرەوە لە بواری هەمە-چەشنیدا ناوە، لەناوچوونێکی پێشوەختەی شەشەم ڕابەگەیەنن. ڕاپۆرتە زانستیەکانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ڕیتمی لەناوچوونی ئێستای جۆرەکان 100 تا 1000 جار زیاترە لەوەی پێش زاڵبوونی مرۆڤ بەسەر زەویدا بەملیۆنان ساڵ ڕوویداوە. پێنجەم لەناوچوونی گشتیی جۆرەکانیش لەسەر زەوی دەگەرێتەوە بۆ 65 ملیۆن ساڵ و  76%ی جۆرەکانی لەسەر زەوی لەناوبرد.
لە 500 ساڵی پێشووداو بەپێی یەکێتی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ژینگە، مرۆڤایەتی بووەتە هۆکاری لەناوچوونی 869 جۆر لە بوونەوەرەکان. ئەگەر دۆخەکەش لەسەر ئەم ڕیتمە بەردەوام بێت، ئێمە لەبەردەم لەناوچوونی شەشەمداین، چونکە هەزاران ساڵە، ڕێگەی باوباپیرانمان لە ڕاوشکاری و کشتوکاڵ و زیادەڕۆیی لەبەکارهێنانی زەوی و بوونەوەرەکانیدا بەرنەداوە. مرۆڤایەتی نیوەی لانەی ئاژەڵانی گۆڕیوە بۆ کشتوکاڵ و نیشتەجێبوون، ئەمە جگە لە ماڵیکردن و ملکەچکردنی جۆرێکی زۆر لە ئاژەڵان یان جیاکاری و بەباشتر زانینی ماڵییەکان لەبەرامبەر کێویەکاندا، ئێمە هەڵۆیەکی ڕاوی ماڵیمان پێ باشترە لە باڵندەیەکی کێوی، سەگێکی ماڵیمان پێ باشترە لە ڕێوییەک، ئەمە جیاکاریی دەستی مرۆڤ، چونکە بونەوەرەکانی تر جیاکاریی نازانن.
دروستبوونی کێشوەرو زەریاکان و جێگیربوونیان بەم شێوەیە کە دەرەنجامی گۆڕانکاری جیۆلۆجییە، پێویستی بەملیۆنان ساڵ بووە، جۆری بوونەوەرو بنەچەکانیشیان لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە جیۆلۆجیانەدا گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، بەردەوامیش جۆرو بنەچەی نوێ لەسەر زەوی دەرکەوتووە. لەناوچوونی یەکەمەوە کە وا مەزەندە دەکرێت بگەڕێتەوە بۆ 440 ملیۆن ساڵ پێش ئێستا، لەناوچوونی جۆرەکان پەیوەست بووە بە گۆڕانکارییە جیۆلۆجیە بەردەوامەکان. لەو ئاژەڵانەش کە پێش دەرکەوتنی مرۆڤ لەسەر زەوی، لە پێنج لەناوچوونی گەورەدا لەناوچوون، تەنها 2 تا 4% یان، ئەمڕۆ لە نێوانماندا دەژین و ئەوانی تر هەموو مەحفبوون. 
ئەم لەناوچوونەی ئەمڕۆ ڕوودەدات، دەرەنجامی گۆڕانکاری جیۆلۆجی نیە یان کەوتنی نەیزەکێک بەسەر زەویدا، وەک چۆن مەزەندە دەکرێت لەناوچوونی پێنجەمدا ڕوویدابێت، بەڵکو دەرەنجامی پێشکەوتنی شارستانیەتی مرۆڤایەتییە کە دۆخی زەوی گەیاندووەتە ناهەموارییەکی بێوێنە لە مێژوودا. ئەم دۆخە ناهەموارە بەپێوانەی ژیانی مرۆڤ هەروەها بەپێوانەی ژیانی جۆرەکانی تر لە مێروویەکی بچووکەوە تا ئاژەڵێکی زەبەلاح، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئیتر ئێمە لەبەردەم ترسێکی گەورەداین و تەمەنی زەوی زۆر کورت بووەتەوە. ئەگەر سەرنجێکی ژمارەی مرۆڤەکان لەسەر زەوی بدەین، دەبینین لە 0.01% تێپەڕ ناکات، بەڵام لەسەرەتای سەرهەڵدانی شارستانیەتەوە ئەم ژمارە کەمە بووەتە هۆی لەناوچوونی 80%ی بوونەوەرەکانی تر. لەناوچوونەکەش جۆرێکی دیاریکراو ناگرێتەوە، بەڵکو  هەموو ئاژەڵان، بۆ نموونە ئاژەڵە ناسراوەکانی وەک ورچی جەمسەر، ماسیە گەورەکانی وەک قرش، ئەسپی ئاوی و ماسی ناو ڕووبارە سازگارەکان و ڕووەکی حەوزی سپی ناوەڕاست. بەم شێوەیەش  بەڵگەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە جۆرە ئاویەکان وەک جۆرەکانی تر ڕووبەڕووی لەناوچوون دەبنەوە. واش مەزەندە دەکرێت ژمارەی ئەو ئاژەڵانەی لەژێر مەترسی لەناوچووندان، بگاتە 17000 جۆر، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی بۆشاییەکی گەورە لە سیستمی خۆراک و ئاسایشی ژینگەییدا. هۆکارەکەش ئەوەیە کە ئەم هەمە-چەشنییەی ئێستا، کە پێویستی بە ملیۆنان ساڵ بووە تا جێگیر ببێت، ڕۆڵێکی بنەڕەتی هەیە لە سیستمی ژینگەیی و ئەو خزمەتگوزاریانەی کە سیستمە ئایکۆلۆژییەکان پێشکەشی دەکەن: وەک خۆراک بەخشین، سوڕی ئاو، پێکهاتەی خاک و پاراستنی، بەرگری لە جۆری داگیرکەرو زیانبەخش (مشەخۆر)، پیتاندنی ڕووەک، رێکخستنی کەش و لەناوبردنی پیسبوون و درم و پەتا، ئەمڕۆ ڕووبەڕووی تێکچوونێکی دەگمەن بووەتەوە. ئەم سیستمە داهێنەرە، ساڵانە بڕی 33 ترلیۆن دۆلار خۆراک پێشکەشی مرۆڤ و بوونەوەرەکانی تری سەر زەوی دەکات، ئەم بڕەش دوو ئەوەندەی ئەو خۆراکەیە کە چالاکی مرۆیی بەرهەمی دەهێنێت. بۆ نموونە 5000 تا 7000 هەزار جۆری ڕووەک بۆ دروستکردنی دەرمانی میللی و نوێ بەکار دەهێنرێن، زیاتر لە 100 ملیۆن تەن لە جۆرە ئاوییەکان، تیایاندا ماسی و نەرمۆڵە و توێکڵدارەکان بەشداری لە دابینکردنی ئاسایشی خۆراکی جیهانیدا دەکەن، هەروەها ئاژەڵە کێویەکان بەشدارییەکی بەرچاو لە دابینکردنی خۆراک و دەرامەتی ژیانی زۆرێک لەو وڵاتانەدا دەکەن کە گیرۆدەی دەستی هەژاری و نەبوونی ئاسایشی خۆراکن. 
کامانەن هەڕەشەی نەمانی جۆرەکان؟ 
ئەو هۆکارە سەرەکیانەی لە پشت تێکچوونی سیستمی ئایکۆلۆژییەوەن لەسەر زەوی، بە پلەی یەکەم مرۆیین، جیاوازیشن لەهۆکارەکانی لەناوچوونە گەورەکان کە پێش ملیۆنان ساڵ، لەسەر زەوی ڕوویانداوەو بە پێنج ڕووداوە گەورەکە ناسراون. توێژینەوە زانستیەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئێستا بە لەناوچوونی شەشەمدا تێپەڕ دەبین، ئەویش لەدەرەنجامی گەرمبوونی زەوی و گۆڕانی کەش. لەهەموو بارێکیشدا نابێت هەموو هۆکارەکان لە گۆڕانی کەشدا ببینرێن، چونکە بەشێکی زۆریان پەیوەستن بە چالاکی مرۆییەوە، کە کە ڕاستیدا کەمتر نیە لە هۆکارەکانی تری مەحفبوونی جۆرەکان لەناو سیستمی ژینگەیی و هەمە-چەشنیدا. دەکرێ هۆکارە ڕاستەخۆکان کە لە پشت نەمانی ئاژەڵانەوە دەوەستن، لەم خاڵانەی خوارەوەدا کۆبکرێنەوە:
یەکەم: تێکدانی لانەی ئاژەڵان لەدەرەنجانی کشتوکاڵ و لەناوبردنی دەوەن و دارستانە سروشتییەکان.
دووەم: زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی ئاژەڵان وەک بازرگانی و ڕاوشکاریی ...هتد.
سێیەم: پیسبون لە دەرەنجامی سوتاندنی وزەی ژێرزەوی (نەوت، گاز و خەڵووز)، بەکارهێنانی پلاستیک و کەرەستەی کیمیاوی و هۆکاری تر.
چوارەم: بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتا لە ژیانی کێویانەو ئاویدا.
پێنجەم: دەرکەوتن و بڵاوبوونەوەی جۆری داگیرکەرو مشەخۆر کە هەڕەشە لە کۆمەڵگەی جۆرە ڕەسەنەکان دەکەن. وەک بڵاوبوونەوەی جۆرێک لە قارچکی ژەهراوی کە لە کۆتایی سەدەی ڕابووردوو، سەرەتای ئەم سەدەیەدا بوە هۆی نەمانی جۆری بۆقی ئاڵتوونیی لە ئەمریکای باشووردا. 
شەشەم: گۆڕانی کەش: ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، زریان، کەمبوونەوەی ئاو و خۆراک، توانەوەی ڕووبارە بەستووەکانی جەمسەرەکان کە دەبێتە هۆی تێکدانی لانەی جۆرە جەمسەرییەکان و هەروەها دوورگە زەریاییەکان لە دەرەنجامی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریادا، ئەو زیانانەش لەولاوە بگرە کە دەگاتە باخچە مەرجانییەکان. 
بەنسبەت ئاژەڵە شیردەرەکانەوە، تێکدانی لانە سروشتییەکانیان و زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانیاندا، وەک کۆکردنەوەو بازرگانی، بووەتە هۆی ئەوەی 35% لە جۆرەکانیان بکەونە ژێر هەڕەشەی لەناوچوونەوە، هەروەها 30% لە جۆرەکانی باڵندەو ئەوەش پەیوەستە بە بوونەوەرە وشکاوییەکانەوە 29% یان لەژێڕ هەڕەشەی لەناوچوونی ڕاستەوخۆدان. بەگوێرەی یەکێتی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ژینگە، کارلێکردن لە نێوان دیارە توندو ناهەموارەکانی کەشدا، وەک وشکانی، تیۆری دیارو سەرەکییە لە کەمبوونەوەی زۆرو فراوانی جۆرە وشکاوییەکاندا. هەرچەندە، هەڕەشەکان لەسەر سیستمی ئاوی زەریاو شیرین زۆر ڕوون نین، وادیارە زیادەڕۆیی لە بەکارهێناندا هەڕەشە گەورەکەیە دژی جۆرە ئاوییەکان، دووای ئەوەش هەڕەشەی تێکدانی لانەکانیان دێت. 
وادیارە، لەدەستدانی لانەی جۆرەکان، هەڕەشەی یەکەم بێت دژی جۆرەکانی ئاوی سازگار، دووای ئەوەش هەڕەشەی نەخۆشی و پەتا دێت کە جۆرە داگیرکەرو مشەخۆرەکان لەسەر سەر سیستمی ژینگەیی دروستی دەکەن. ئەوەی ناسراوە لەسەر هەمە-چەشنی ئەوەیە کە هەڕەشەکانی لەناوچوون، بەگوێرەی گۆڕانکارییەکانی کات دەگۆڕێن. لە پێشدا جۆری داگیرکەرو مشەخۆر، گەورەترین هەڕەشە بوون بۆ سەر باڵندە، دووای ئەوەش زیادەڕۆیی لە بەکارهێنان و تێکدانی لانەکانیاندا، بەڵام ئەمڕۆ، تێکدانی لانە بووەتە هەڕەشەی یەکەم، دووای ئەوەش جۆری داگیرکەرو مشەخۆر و زیادەڕۆیی لە بەکارهێناندا. دووریش نیە بەهۆی گۆڕانکاری کەشەوە، گۆڕانکاری بەسەر ئەم دۆخەشدا بێت. ئەمەش بەگوێرەی ڕاپۆرتی سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەسەر هەڵکشانی گەرما لە 1.5 ەوە بۆ 2.0 لەنێوان 2030-2052 کە ساڵی 2018 بڵاوکرایەوە. 
واش مەزەندە دەکرێت بەرزبوونەوەی گەرمای زەوی بۆ 2.0 پلەی سێلزی، دەیان ملیۆن مرۆڤ و بوونەوەر جیهاندا بخاتە بەردەم هەڕەشەی تەوژمی گەرماو بێئاوی و لافاو و زریانەوە، بەتایبەتی لەشارەکانی ڕۆخی دەریادا. توێژینەوە زانستیەکانیش لەم بوارەدا ترسی ئەوە ناشارنەوە کە دۆخێکی ئاوەها ببێتە هۆی لەناوچوونی نیوەی جۆرەکان لەسەر زەوی، ڕێک وەک ئەوەی پێش دوو دەیە زیاتر، لە لادێکەی ڕوویدا. 


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand