لیست و قەوارەکان، لە کارنامەی هەڵبژاردن ژینگە فەرامۆش دەکەن

2025-10-18 18:45:46
درەو:
(ئاییندەی ژینگە) گۆشەیەكی هەفتانەیە
مەعروف مەجید سەرۆكی رێكخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە رۆژانی شەممە بۆ (درەو) دەینوسێت
🔹 ناکرێت بە نوێنەرایەتی نزیکەی (7 ملیۆن) هاوڵاتی بچیته پەرلەمان، بەڵام چارەسەرت پێنەبێت بۆ گرفتە ژینگەییەکان.
🔹 بەشێک لە لیست و قەوارەکان، گرنگیان بە کارنامەی هەڵبژاردن هەر نەداوە، ئەمەش پێچەوانەی هەڵبژاردنەکانی ترە، ئەوانەشی کارنامەیان هەیە، بە کەمترین ووشە باسیان لە ژینگە کردووە.
🔹 ساڵی 2018 بۆ پەرلەمانی کوردستان، له‌کۆى (33 هەزار و 791) وشه، ته‌نها به (743) وشه باسى ژینگه کراوه.
🔹 بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە (11/11/2025) کەمترین ووشە لەسەر ژینگە ئاماژەی پێکراوە.
🔹 کارنامه‌ى هه‌ندێ له کاندیده‌کان باسى ژینگه‌ى زیاتر تێداکراوه، به‌راورد به کارنامه‌ى لیسته‌کان.
کارنامەی حزب و قەوارەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
ماوەی چەند ڕۆژێکە، وەکو گۆشەی ئایندەی ژینگە، سەرقاڵی کۆکردنەوەی زانیارین تایبەت بە کارنامەی حزب و قەوارەکان لەنێوشیاندا گرنگیدان بە ژینگە، بەڵام بەشێکی زۆر بەردەست نەبوون.
هەڵبژاردنی ڕابردووی پەڕلەمانی کوردستان، ساڵی 2024 جارێکی تر هەوڵماندا کارنامەکان بەراورد بکەین، بەڵام بە داخەوە زۆرینەیان بەردەست نەبوون.
ئەوەی مایەی نیگەرانییە، جگە لە گرفتە دارایی و سیاسیەکان لە عێراق، کە بەشێکی زۆری لیست و قەوارەکان بە ووتەی خۆیان کار لەسەر ئەو تەوەرە دەکەن، بەڵام یەکێکی تر لە گرفتە گەورەکانی ئەمڕۆی عێراق بابەتی ژینگەیە، کە گومانی تێدانیە پەیوەستە بە ژینگەی هەرێمی کوردستانیشەوە. لەوانە؛
- گرفتی ووشکەساڵی
- گرفتی دیاردەی بەبیابانبوون
- گرفتی کەمی ڕێژەی سەوزایی
- گرفتی کەمی ئاوی سەرزەوی
- گرفتی ئاو لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ
- گرفتی زۆربوونی پاشماوەکان
- گرفتی نەبوونی کارگەی ڕیسایکڵین
- گرفتی پاشماوەکانی کارگەکان
- گرفتی هۆکاری گواستنەوە
- گرفتی پاشماوەکانی جەنگ
- گرفتی کەمی ڕێژەی سەوزایی
دەیان گرفتی تری ژینگەیی، کە ئەم گرفتانە ڕاستەوخۆ کاریگەریان لەسەر ژینگەی هەرێمی کوردستان دەبێت، ناکرێ تۆ بە نوێنەرایەتی نزیکەی (7 ملیۆن) هاوڵاتی بچیته پەرلەمان، بەڵام چارەسەرت پێنەبێت بۆ ئەو گرفتانە.
بە پێی بە دواداچوونەکان، بەشێک لە لیست و قەوارەکان، گرنگیان بە کارنامەی هەڵبژاردن هەر نەداوە، ئەمەش پێچەوانەی هەڵبژاردنەکانی ترە، بەشێکی تریش بە کەمترین ووشە باسیان لە ژینگە کردووە.
لیستی کۆمەڵی دادگەری
لە کارنامەی لیستی کۆمەڵ بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژە بەو دوو خاڵ دراوە تایبەت بە ژینگە، بە جۆرێک؛
1. هاندانی وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی لە بوارەکانی ژێرخانی ئابووریی، بە تایبەت لە ڕووی کشتوکاڵ و پیشەسازیی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان و خزمەتگوزارییە گەشتیارییەکانەوە، لەگەڵ پاراستن و چاککردنی ژینگەی عێراق.
2. گرنگیدان بە ژینگەی عێراق و هەرێمی کوردستان و پەرەوپێشبردنی، بە پێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەوەی کاریگەرییەکانی قەیرانی کەش و هەوا کەم بکرێتەوە.
لیستی یەکگرتوو
لە کارنامەی لیستی یەکگرتوو بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەو دوو خاڵ دراوە تایبەت بە ژینگە، ئەوانیش؛
1. بنیاتنانی سیستەمێکی تەندرووستی تەواو بۆ دڵنیابوون لە ژیانێکی تەندروست بۆ هاوڵاتییان، لەگەڵ پاراستنی ژینگە، و بەهێزکردنی پاک‌وخاوێنی گشتی، و لابردنی هەموو پاشماوەکانی جەنگ و چەک و ماددە زیانبەخشەکان.
2. پشتیوانیکردن و دابینکردنی وزەی خاوێن و بەردەوام، وەک چارەسەرێکی کاریگەر بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی پیسبوونی ژینگە، و پاراستنی ژینگە، و خۆپاراستن لە مەترسییەکان کە هەڕەشە لە تەندرووستی گشتی دەکەن.
جوڵانەوەی نەوەی نوێ
جوڵانەوەی نەوەی نوێ کارنامەیەکی (15) ساڵیان هەیە بۆ هەرێمی کوردستان، وە کارنامەیەکی تری چوارساڵیشیان هەیە بۆ پەرلەمانی کوردستان، بەڵام هیچ کارنامەیەکیان نیە بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران.
بەرەی گەل
بەرەی گەل بەهۆی ڕووداوەکانی 22 ئاب، بە وتەی بەرپرسێکی ئەو بەرەیە، کارنامەیەکی وایان ئامادە نەکردووە، بە تایبەتی لەسەر بابەتی ژینگە.
ڕەوتی هەڵوێست
ڕەوتی هەڵوێست، وەکو بەشێک لە لیست و قەوارەکانی تر کارنامەیەکی دیاری کراویان نیە، سەرکردەیەکی ئەو ڕەوتە ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکان کارنامەی خۆمان بڵاو کردۆتەوە.
لیستەکانی یەکێتی و پارتی
هەرچی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان و لیستی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە، دوای چەندین جار پەیوەندی کردن بە سەرۆکی لیستەکانیان لەسەر ئاستی پارێزگاکان بەڵام کارنامەی ئەوانیش بەردەست نەبوون.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2018
له کۆى (38) قه‌وارە کە کۆمیسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆیى بۆ هه‌ڵبژاردن و راپرسى هه‌رێمى کوردستان بڵاوى کردبووه‌یه‌وه له کارنامه‌کانیاندا، له کۆى (33 هەزار و 791) وشه ته‌نها، به (743) وشه باسى ژینگه کراوه.
به‌پێى ئه‌و به‌دواداچونه‌ى ساڵی 2018 بۆ هەمان پرس ئەنجاممان داوە، بۆ رۆژنامه‌ى هاوڵاتى، تایبه‌ت به کارنامه‌ى لیست و قه‌واره‌کان بۆ چوار ساڵى ئاینده‌ى هه‌رێمى کوردستان ده‌رکه‌وتووه که‌مترین بوارى خزمه‌تکردن و گرنگى دانى حزبه‌کان له بوارى ژینگه‌دایه.
پسپۆڕانى بوارى ژینگه له هه‌رێمى کوردستان ره‌خنه‌ى ئه‌وه‌یان له حزب و کاندیده‌کان هەبوو، که که‌مترین بواریان به ژینگه داوه‌و له‌کارنامه‌کانى خۆیاندا باسی ژینگه‌یان نه‌کردووه و ئەوەش بێباکى حزبه‌کان ده‌ره‌خات سه‌باره‌ت به ژینگه.
ئه‌گه‌رچى له ناو لیژنه هه‌میشه‌ییه‌کانى په‌رله‌ماندا لیژنه‌ى ژینگه و ته‌ندروستى بونى هه‌بوو، به‌ڵام هیچ یه‌ک له لیست و قه‌واره‌کان کاندیدى تایبه‌ت به پسپۆڕى ژینگه کاندید نه‌کردووه.
به‌دواداچونەکە بۆ کارنامه‌ى شه‌ش لایه‌نى سه‌ره‌کیی به‌شدار له هه‌ڵبژاردنى ئه‌وجاره‌ى کوردستان کربووە که بریتین له (پارتى، یه‌کێتى، گۆران، نه‌وه‌ى نوێ، لیستى به‌ره‌و ئیسڵاح، کۆمه‌ڵ)، ئەنجامەکە بەجۆرێک بوو؛
لیستى به‌ره‌و ئیسڵاح
لیستی به‌ره‌و ئیسلاح که پێکهاتبووه له (یه‌کگرتووى ئیسلامى کوردستان و بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامى کوردستان و ره‌وتى گه‌شه) کارنامه‌که‌یان پێکهاتووه له (2 هەزار و 256) وشه و له‌ناو کارنامه‌دا ته‌نها به (64) وشه باسى ژینگه‌ى کردبوو.
ئه‌و لیسته له کارنامه‌که‌ى خۆیدا بەجۆرێک ئاماژه‌ى به ژینگه کردبوو تیایدا هاتبوو "زیادکردنی رێژه‌ی سه‌وزایی، قه‌ده‌غه‌کردنی بڕینی دار، ڕاوی ئاژه‌ڵه کێوییه‌کان، ره‌چاو کردنی مه‌رجه‌کانى ژینگه‌پارێزی له هه‌رێمی کوردستان، هاوکاریکردنی رێکخراوه‌کانی تایبه‌ت به پاراستنی ژینگه، کۆنتڕۆڵکردنی پاڵاوگه‌کان به‌شێوه‌یه‌ک که نه‌بێته هۆی پیسبوونی ژینگه".
نه‌وه‌ى نوێ
لیستى نه‌وه‌ى نوێ، ئه‌گه‌رچى یه‌که‌م جاریان بوو به‌شدارى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان بکه‌ن، درێژترین کارنامه‌یان بۆ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه ئاماده‌کربوو، که بریتی بوو له (14 هەزار و 981) وشه، ئه‌مانیش ته‌نها به (288) وشه باسى ژینگه‌ى کردبوو، وه‌ک زیادکردنى رێژه‌ى سه‌وزایی له رێگه‌ى چاندنى (80 ملیۆن) نەمام، و دامه‌زراندنى کارگه‌ى ریسایکلین .
لیستى کۆمه‌ڵی ئیسلامی
لیستى کۆمه‌ڵی ئیسلامی، له‌و کارنامه‌یەی که بۆ په‌رله‌مانى کوردستان ئاماده‌ى کردبووه، بریتی بوو له (هەزار و 736) وشه، ته‌نها به (60) وشه باسى ژینگه‌ى کردبوو. ئه‌و خاڵانه‌ى که لیستى کۆمه‌ڵ گرنگی پێدابوو له بوارى سامانی ئاو و پاراستنی ئاوی ژێر زه‌وی و دابینکردنی ئاوی پاک بۆ هاووڵاتیان، به‌پێی ستانداره نێوده‌وڵه‌تییه‌کان، هه‌روه‌ها خوێندنی بابه‌ته‌کانی ژینگه، له پرۆگرامی خوێندنی قۆناغه جیاوازه‌کاندا.
پارتى دیموکراتى کوردستان
پارتى دیموکراتى کوردستان له لیستى کارنامه‌که‌ی خۆیدا که بۆ هه‌ڵبژاردنى 30ى ئه‌یلولی 2018 بڵاویکردبوویه‌وه له (2 هەزار و 450) وشه، ته‌نها به (24) وشه باسی ژینگه‌ی کردبوو، ئه‌ویش له بوارى ئاودا. له کارنامه‌که‌ى پارتى دا هاتبوو "گرنگى به پاراستن و گلدانه‌وه و رێگرتن له به‌فیرۆدانى ئاو و زیاد کردنى ژماره‌ى به‌نداوه‌کان بدرێت"
لیستى یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان
یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان له کارنامه‌ى لیسته‌که‌یان که له 6256 وشه پێکهاتووه، ته‌نها به 55 وشه باسى ژینگه کراوه ئه‌ویش له بواره‌کانى، داڕشتنی ستراتیژی ئاو، پێداگیری له‌سه‌ر پاڵاوتنی دوکه‌ڵی کارگه‌کان له رێگه‌ی ئامێری ژینگه پارێزییه‌وه، ریکلامی فراوان بۆ سروشت و ئاو‌و هه‌وا بکرێت.
لیستى بزوتنه‌وه‌ى گۆران
کارنامه‌ى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بریتی بوو له (6 هەزار و 119) وشه، له‌ناو کارنامه‌که‌یدا ته‌نها به (252) وشه باسى ژینگه کرابوو، له بواره‌کانى، ئاو، پۆلیسى دارستان، هۆشیارى ژینگه‌یی، پیسبونى ژینگه، پاشماوه و خاشاک، که‌مکردنه‌وه‌ى ژاوه‌ژاو، دانانى باج له‌سه‌ر ئه‌وانه‌ى ژینگه پیس ده‌که‌ن، پاراستنی ژینگه‌ی دارستان و روه‌کی سروشتی، ئاژه‌ڵ و باڵنده کێوییه‌کان، فراوانکردنی روبه‌ری سه‌وزایی، پارێزراوی سروشتی. ره‌تکردنه‌وه‌ی هه‌ر پرۆژه‌یه‌ک که مه‌ترسی گه‌وره بۆ سه‌ر ژینگه دروست بکات.
لە ئێستادا، کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە پێی ئامارەکان، زیاتر لە (7 هەزار و 900) کاندید ڕکابەری لەسەر (329) کورسی پەرلەمانی عێراق دەکەن، زۆرێک لە عێراقییەکان هەست بە بێهیوایی دەکەن لە هەر چاکسازییەکی پێکهاتەیی لە دەوڵەتی عێراقدا، کە بە پشکی حزبی و تائیفی بەڕێوەدەچێت، پێیان وایە بابەتە هەستیارەکانی وەکو ژینگە، کەمترین گرنگی پێدەدرێ لەکاتی بانگەشەکانی هەڵبژاردن.
لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق زیاتر لە (300) پارت و قەوارەی سیاسی و کاندیدى سەربەخۆ کێبڕکێ دەکەن و زیاتر لە (25) ملیۆن دەنگدەر مافى دەنگدانیان هەیە.
