سندوقی نیشتمانی ئەمریکا بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

هەواڵ

چاوپێکەوتن

زوبێر ئایدار: هێشتا گومانمان لە پرۆسەی ئاشتی هەیە

لە دوای بانگەشەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، هێشتا پرسیاری داهاتووی تەڤگەری ئازادی کورد و هەنگاوە پراکتیکییەکانی دەوڵەت جێگای مشتومڕ و گومانن. زوبێر ئایدار، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتیدا بۆ (درەو) جەختی لەوە کردەوە کە لەگەڵ هەبوونی هەندێک نیشانەی ئەرێنی، هێشتا هیچ گەرەنتییەکی یاسایی و هەنگاوێکی پراکتیکی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە نەگیراوە. ئەو هەروەها باس لە بەردەوامبوونی تەڤگەری ئازادی و هێزەکانی پاراستن کرد و پێی وایە چارەسەری پرسی کورد لە باکوری کوردستان کاریگەرییەکی گشتی لەسەر هەموو پارچەکانی کوردستان دەبێت. لە هەمان کاتدا، ئایدار رەخنەی لە دواکەوتنی پێکهاتنی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان گرت و داوای خێراکردنی کۆبوونەوەی پەرلەمان و پێکهاتنی حکومەت کرد.

بڵاوکراوەتەوە لە : 12 حوزەیران 2026

زوبێر ئایدار: هێشتا گومانمان لە پرۆسەی ئاشتی هەیە

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

ئێستا 20 مانگە لە باکووری کوردستان پرۆسەیەکی دیالۆگ و گەڕان بەدوای ئاشتیدا هەیە، بەڕاستی بەهایەکی گەورەی دەبێت ئەگەر بتوانن سەرکەوتووی بکەن؛ بۆ هەموو کوردیش پڕۆژەیەکی ستراتیژییە.
ئێستا پرۆسەکە زۆر بە هێواشی دەڕوات، هەتا ئێستا هیچ هەنگاوێکی ئەوتۆ لەلایەن دەوڵەتەوە نەنراوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە لایەنی کوردی زۆر هەنگاوی ناوە و ئێمە وەک لایەنی کورد بەڕاستی جدین و دەمانەوێت ئەم مەسەلەیە بە ئاشتیانە چارەسەر بکەین.
بەڵام گومان و دوودڵییەک بەرامبەر بە ئێمە هەیە، ئەم پرۆسەیە بە گومان و شکەوە ناڕوات؛ مرۆڤ ناتوانێت مامەڵەی بازرگانی بە پرۆسەیەکی ئاوهاوە بکات، واتە ناتوانیت بڵێیت "باوەڕ دەکەم یان باوەڕ ناکەم"، ئەگەر دانوستان سەرکەوت، سەرکەوتووە، ئەگەر نا، ئەوە شتێکی دیکەیە. بەڵام ڕاستییەکەی هەتا ئێستا هیچ هەنگاوێکی پراکتیکی نەنراوە. زیاتر لە ساڵێکە شەڕ ڕاوەستاوە، شەڕ نییە و ئەوانیش هێرش ناکەن، زیاتر لە ساڵێکە لە باکووری کوردستان وەک پێشوو گرتن و ئۆپەراسیۆن بۆ سەر کەسایەتییە سیاسییەکان نەماوە. کۆمیسیۆنێکی پەرلەمانییان دروست کردووە و ئەو کۆمیسیۆنە سەردانی ئیمراڵییان کردووە، واتە لەگەڵ ڕێبەرێکی کورد لە ژوورەوە دانوستانیان کردووە و پەرلەمانتارانی تورکیا چوونەتە لای و لێیان پرسیوە کە چی دەوێت و ڕاپۆرتێکیان لەسەر ئامادە کردووە، بەڵام هەتا ئێستا هەنگاوی کردەیی نەنراوە.

ئایدار: بەبێ گەرەنتی یاسایی و دەستووری، چارەسەری پرسی کورد جێگیر نابێت


ئێستا پرۆسەکە گەیشتووەتە قۆناغێک کە ئێمە پێی دەڵێین "قۆناغی دووەم"، واتە پێویستە یاسا و دەستوور بگۆڕدرێن. ئێستا دەبێت لەسەر یاسایەک یان چوارچێوەیەک بۆ ئەم کارە ڕێکبکەوین، چونکە بە یەک یاسا مەسەلەکە چارەسەر نابێت، بەڵام دەبێت چوارچێوەیەکی یاسایی و مافپەروەری دابنرێت. لەم چوارچێوە نوێیەدا پێویستە ئەم خاڵانە هەبن:
ستاتۆی "سەرۆک ئاپۆ" ڕوون بکرێتەوە، چونکە باخچەلی دەرکەوت و گوتی: پێشنیار دەکەم ئەو [ئۆجەلان] قسە بکات و ستاتۆی سیاسیی پێ بدرێت بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی تێکنەچێت. ڕێگە بۆ سیاسەت خۆش بکرێت و ئەوانەی زیندانیکراون ئازاد بکرێن.
هەنگاوی پراکتیکی هەن، بۆ نموونە: قەیومەکان لە شارەوانییەکان لاببرێن، وردە وردە قەدەغەکردن لەسەر پەروەردە و زمانی کوردی هەڵبگیرێت و کورد وەک نەتەوە و وەک گەل بناسرێت و بچێتە ناو چوارچێوەی دەستوورەوە.
ئێستا دەوڵەتی تورکیا و بەرپرسانی دان بەوەدا دەنێن کە کورد هەیە و مافی هەیە، بەڵام ئەمە تەنها گوتنە؛ تاوەکو نەبێتە یاسا و لە دەستووردا جێگیر نەکرێت، هیچ شتێک ڕوون نابێتەوە، واتە تەنها قسەیە و کاری پێناکرێت. ئەگەر پانتاییەکی یاسایی بۆ دابندرێت، بەڵام ئەگەر نەخرێتە ناو چوارچێوەی یاسا و دەستوورەوە، مەسەلەکە چارەسەر نابێت.
ئێستا بابەتەکە بەردەوامە؛ سەبارەت بە پرسی ئەوەی کە 24 مانگ تێپەڕیوە، واتە دیداری نێوان سەرۆک ئاپۆ و بەرپرسانی حکومەت ڕێکخرابوو و پلانی بۆ داڕژابوو. پەرلەمان هێشتا نەچووەتە پشووەوە؛ بە شێوەیەکی ئاسایی پەرلەمان لە 15ی تەممووزدا دەچێتە پشووەوە، بۆیە پێویستە پێش ئەو بەروارە ئەم یاسایانە دەربکرێن، وەک: یاسای لێبووردن، یاسای تێکەڵکردنەوە (ئینتیگراسیۆن) و گەلێک یاسای دیکە کە پێویستە لەم ڕووەوە دابڕێژرێن.
مەبەستی سەرەکی ئێمە ئەوەیە؛ واتە لە باکوور، کورد ببێتە خاوەن قەوارەیەکی یاسایی و دەستووری، بە ڕەسمی بە یاسا و دەستوور قبوڵ بکرێت، هەروەها قەدەغە لەسەر هەموو شتێک هەڵبگیرێت، لەوانەش زمان، کولتوور و خۆڕێکخستن. ئەگەر قەدەغەکان هەڵگیران، ئێمە وەک گەل دەتوانین زۆر شت بۆ خۆمان بکەین، تەنانەت بێ دەوڵەتیش دەتوانین خۆمان بەڕێوە ببەین؛ واتە ئێمە دەزانین چی دەکەین، ئەوە پەیامی ئێمەیە.
ڕاستییەکەی ئەم پرۆسەیە شتێکی ئاوا ئاسانیش نییە، چونکە ئێمە [کورد] زیاتر لە 220 ساڵە شەڕی ئازادیمان لە دژی دەوڵەتی تورکیا هەیە.
یەکەم ڕاپەڕین لە ساڵی 1806دا بە سەرکردایەتیی عەبدولڕەحمان پاشای بابان لە دژی عوسمانییەکان لەوێوە [لە ناوچەی بابان] دەستی پێکرد؛ لەو کاتەوە و تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 100 ساڵ لە دژی عوسمانییەکان و 100 ساڵیش لە دژی کۆمار [حکومەتی کۆماری تورکیا] تێکۆشانمان بۆ ئازادی هەیە. ئەگەر ئەمە کارێکی ئاسان بووایە، گەلێک کەس چارەسەریان دەکرد، بەڵام بەو شێوەیە چارەسەر ناکرێت و پێکنایەت. ئێمە ئەوە دەزانین کە ئەم مەسەلەیە لە ڕۆژێکدا جێبەجێ نابێت، بۆیە بە سەبر و حەوسەڵەوە لێی نزیک دەبینەوە؛ واتە ئەگەر ئەم مەسەلەیە هەنگاو بە هەنگاویش بڕوات، دیسان بۆ ئێمە سەرکەوتنە و دەمانەوێت سەرکەوتوو بین.
با سەیری ڕاپەڕینەکانی ڕابردوومان بکەین لە سەردەمی عوسمانی و سەردەمی کۆماردا؛ هەمیشە کاتێک ڕێبەرانی شۆڕش دەکەوتنە دەست دەوڵەت، تاوەکو ئێستا هیچ سەرکردەیەکی شۆڕش کە کەوتبێتە دەستی دەوڵەت بە ساغی دەرنەچووە. بەڵام ئێستا دەرفەتێکی باش هاتووەتە پێش کاتێک سەرۆک ئاپۆ بە ساغی لە دەستی دوژمن دەرکەوتووە، بۆیە ئەم پرۆسەیە شتێکی گەلێک مەزنە.

پێویستە پەرلەمانی کوردستان بە زوویی کۆببێتەوە، ئەگەرنا هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە

کاتێک دەڵێم 220 ساڵە شەڕی کورد هەیە، شۆڕش بە سەرکردایەتیی پەکەکە لە هەموویان مەزنترە. بەپێی ئامارەکانی سەرۆک ئەرکانی دەوڵەتی تورکیا، کاتێک ڕاپەڕینی هەندێک عەشیرەت بە ڕاپەڕین هەژمار دەکەن، دەڵێن کورد 48 جار سەری هەڵداوە و پەکەکە ڕاپەڕینی 49 یەمینە و لە هەمووشیان گەورەتر و مەزنترە. کاتێک [پەکەکە] دەڵێت کێ لە هەرێمەکەدا کاریگەریی زیاترە، پێگەی خۆی دیاری دەکات، هەروەها کاتێک دەڵێت سەرانسەری وڵات، مەسەلەکە گشتگیرتر و زیاتر بووەتە بابەتێکی جیهانی و ئێمەش دەمانەوێت چارەسەر بکرێت. ئەگەر لە باکوور چارەسەر بێت [کاریگەریی گەورەی دەبێت]، چونکە بەشە مەزنەکەی کوردستان لە باکوورە؛ دوژمنی گەورەش دەوڵەتی تورکیایە، واتە دوژمن جیاوازی لە نێوان بەشەکاندا ناکات و لە هەندێک شوێنیش خراپتر و زیاتر دژایەتی دەکات.
ئێستا دوژمنی ئێمە و لە هەموو داگیرکەرانی کورد، زیاتر دەوڵەتی تورکیایە؛ ئەگەر ئێمە بتوانین زیاتر [بەرپەرچی بدەینەوە] و دەوڵەتی تورکیا بشکێنین، ئەوا:
 دەتوانین [دۆخی] ڕۆژاوا گەرەنتی بکەین و دەستکەوتەکانی خۆمان فراوانتر بکەین. لە دوای ئەوەشەوە، چونکە هەڕەشە لەسەر باشووریش هەیە، ڕاستییەکەی ئەگەر لە باکووردا چارەسەری نەبێت، جارێکی دیکە ئاڵۆزی دروست دەبێتەوە و هەڕەشەکان لەسەر باشووریش زیاتر دەبن. بەڵام [بە سەرکەوتنی باکوور] هەم دەتوانن باشوور گەرەنتی بکەن، هەمیش ناوچە دابڕاوەکانی ماددەی ١٤٠ ئازاد بکەن. هەروەها لە ڕۆژهەڵاتیش دەستمان واڵا دەبێت؛ واتە دەتوانین پشتگیریی خۆمان پێشکەش بکەین بۆ ئەوەی گەلەکەمان لەوێش ئازاد ببێت.
کەواتە؛ ئازادیی باکوور، چارەسەری [کێشەی] تەواوی کوردستانە.
پێویستە هەر کوردێک بەم شێوەیە لەم مەسەلەیە تێبگات؛ واتە گەلێک لایەن هەن بە سەبر و حەوسەڵەوە لێی نزیک دەبنەوە. شتێکیش هەیە کە دەبێت هەرکەسێک بیزانێت؛ ئێمە و دەوڵەتی تورکیا دوژمنی یەکترین. ئێمە دەستپێشخەریمان کردووە و هاتووینەتە پێشەوە بۆ ئەوەی ڕوون بین لەسەر پرسی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، نەک بۆ ئەوەی ببینە دۆستی یەکتر. پەیوەندیی نێوانمان پەیوەندییەکی دوژمنانەیە و تاوەکو ئاشتی نەیەتە دی، ئەو دوژمنکارییە بەردەوام دەبێت. دەبێت ئەو ڕاستییە بزانین کە ئێمە بە هەزاران کەسمان لە یەکتر کوشتووە و دۆخەکە بەو شێوەیەیە؛ ئاشتی لەگەڵ دوژمندا دەکرێت، نەک لە نێوان من و تۆدا کە دۆستی یەکترین.
بۆ ئێمە کوردستان یەک وڵاتە و گەلی کوردیش یەک میللەتە؛ ئەگەر پرۆسەی ئاشتی پێش بکەوێت، یەکڕیزی و یەکێتیی ناوماڵی کورد زۆر ئاسانتر دێتە دی. لێرەدا ئەزموون هەیە؛ کاتێک پەیوەندیی نێوان ئێمە و دوژمنان توند و وشک دەبێت، پەیوەندیی نێوان هێزە کوردییەکانیش بەرەو خراپی دەچێت، بەڵام کاتێک ئێمە لەگەڵ دەوڵەتدا دەست بە گفتوگۆ و دیالۆگ دەکەین، پەیوەندیی نێوان هێزە کوردییەکانیش ئاسایی دەبێتەوە. کەواتە بەم پێوەرە، ئەم پرۆسەیە پرۆسەیەکی ستراتیژییە و ئێمە داوای پشتگیریی گەلەکەمان دەکەین؛ داوا دەکەین پشتگیریی تەڤگەری ئازادی بکەن بۆ چەسپاندنی چارەسەری، تاوەکو لەم ڕووەوە دەستمان واڵا و بەهێز بێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم مەسەلەیە. هیچ گەرەنتییەک نییە و ناتوانین بڵێین گەیشتووینەتە فڵان قۆناغ، بەڵام ئێمە دەمانەوێت بگەینە ئەنجامێک کە گەرەنتیی تێدابێت و بۆ ئەمەش هەوڵ دەدەین.
ئێستا ئێمە زۆر بە وریایی و تەکبیرەوە کار دەکەین؛ کاتێک هەنگاوێک دەنێین، دە جار بیر دەکەینەوە و یەک جار بڕیار دەدەین. مەبەستی سەرەکیی ئێمە، ئازادیی گەلەکەمان و تەواوی گەلی کوردستانە.
هەزار و یەک گومانمان هەیە؛ ڕاستە پەکەکە وەک تەڤگەر [لە چوارچێوەی پرۆسەکەدا] خۆی فەسخ دەکات، بەڵام تەڤگەری ئازادی لە شوێنی خۆی بەردەوام دەبێت. چونکە گەلێکی بێ ڕێکخستن، تەنها ژمارەیە؛ ئەگەر ژمارەت بگاتە 100 ملیۆن کەسیش بەڵام ڕێکخستنت نەبێت و هیچ نەکەیت، تەنها ژمارەیەکی بێبایەخیت.
بۆ ئێمە ڕێکخستن بنچینەیە (ئەساسە)؛ واتە بێ ڕێکخستن مردنە. ئێمە هەموو پەیوەندییەکانی خۆمان بەردەوام دەکەین و لە ئاستی جیهانیدا کاری دیپلۆماسی دەکەین. لە نێو تەواوی کوردیشدا هەوڵ دەدەین یەکێتییەکی بەهێزتر (خۆڕاگرتر) پێکبهێنین. کورد نەتەوەیەکی مەزنە و ژمارەی دەگاتە 60 ملیۆن کەس، بۆیە پێویستە نوێنەرایەتیی  بکرێت. هەر مافێک کە عەرەب، فارس و تورک هەیانە، پێویستە بۆ ئێمەش هەبێت؛ ئێمە هیچ شتێکی کەمتر یان زیاتر لەوە ناخوازین، بەڵام لە کەسیش کەمتر نین، تەڤگەر بەبێ تەکبیر و وریایی هەنگاو نانێت.
قۆناغ و سەردەمی جیاواز هەن؛ چل ساڵە شەڕ هەیە، نە ئەوان سەرکەوتوون و نە ئێمەش سەرکەوتووین. گەلی کورد وەک پۆتانسێلێکی (توانایەکی) مەزن لە هەرێمەکەدایە؛ شەڕێکی جیهانی لەم ناوچەیەدا بەڕێوە دەچێت و وڵاتانیش کورد وەک پۆتانسێل و هێزێک دەبینن، کوردیش لەگەڵ ئەواندا لە پەیوەندیدایە. ئەم دۆخە مەترسی لە سەر تورکیاش دروست دەکات؛ بۆیە لەم ڕووەوە، هەنگاوێکی عاقڵانەیە ئەگەر [دەوڵەتی تورکیا] لەگەڵ کورددا دابنیشێت و ئەم مەسەلەیە چارەسەر بکات، چونکە ئەمە هەم بۆ ئێمە باشە و هەم بۆ ئەویش باشە.
 20 مانگ بەسەر هەڵبژاردنی باشووردا تێپەڕیوە، بەداخەوە (مەخابن) هێشتا قەیران لە هەرێمەکەدا هەیە؛ ئەوەی کە نوێنەران هاتوونەتە هەڵبژاردن بەڵام نەتوانن پەرلەمان کۆبکەنەوە و حکومەتیش پێکنەهێنراوە، کارێکی زۆر خراپە. ئەم دۆخە جگە لەوەی بەهۆی ناکۆکیی لایەنەکانەوەیە، هاوکات هەم لەسەر ئاستی بەغدا و هەم لەسەر ئاستی دەرەوەش زیان بەخشە و یەکڕیزییەکەمان تێکدەشێنێت.
باشوور پارچەیەکی وڵاتی ئێمەیە و گەلێک گرنگە؛ دەستکەوتەکانی باشوور هەستیارن و دەمانەوێت بپارێزرێن، چونکە پاراستنی ئەو دەستکەوتانە لە بەرژەوەندیی تەواوی کورددایە. نەبوونی یەکڕیزی لە ناوماڵی کورددا زیانی هەیە و ڕەخنەی قورس لەسەر شێوازی بەڕێوەبردن هەیە؛ پێویستە لە زووترین کاتدا پەرلەمان کۆببێتەوە، ئەگەر نا با هەڵبژاردن [دووبارە] بکرێتەوە. پێویستە لایەنەکان دیموکرات بن و پەیوەندیی نێوان هێزەکان لەسەر بنەمای یەکێتی و دیموکراسی بێت.
ئەم بابەتە تەنها پەیوەندیی بە باشوورەوە نییە، بەڵکو پێویستە یەکێتیی دیموکراتی لە نێوان هەموواندا دروست ببێت؛ کێشەکانی ئێمە زۆرن و پێویستە گفتوگۆی زیاتر بکەین، چونکە بۆ ئێمە باشوور گەلێک گرنگ و بایەخدارە.

دواین هەواڵەکان

زیاتر ببینە
null
٧ حوزەیران ٢٠٢٦

هیچ کەسێک تاقەتی سەریەشەی سیاسیی پارتی و یەکێتی نەماوە

null
٣ حوزەیران ٢٠٢٦

هەرێم بەبەهای (850) ملیار دینار نەوت رادەستی بەغداد دەكات

null
٣ حوزەیران ٢٠٢٦

هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەت لە عێراق و هەرێمی کوردستان