(درەو): ئێران داوای لە پارتیو یەكێتیی كردووە، هێزە كوردییەكانی رۆژهەڵات چەك بكەنو لە دوو ئۆردوگای نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێرو سلێمانی جێگیریان بكەن، یان لە هەرێمی كوردستان و عێراق دەربكرێن، هەردوولا رەزامەندن، بەڵام بەر لە جێبەجێكردنی داوایان كردووە قاسم ئەعرەجی بچێتە واشنتۆنو ئاگاداریان بكات، بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان روبەڕووی فشاری ئەمریكا نەبێتەوە. دوو مەرج ! رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستانو هیوا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای گشتی ئاسایشی هەرێم لەگەڵ قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق سەردانی تارانیان كرد. ئەم سەردانە بۆ تاوتوێكردنی دواین رێوشوێنەكانی تایبەت بە ئاسایشی سنورەكان بوو، مەبەست لە ئاسایشی سنور، رێككەوتنێكی ئەمدواییەی عێراقو ئێرانە كە ناوی لێنراوە "كۆنوسی ئەمنیی"، رێككەوتنەكە تایبەتە بۆ كۆنترۆڵكردنی سنورەكانی هەرێمی كوردستان بە ئێرانەوە. چوار رۆژ لەمەوبەرو بەر لەوەی بچێت بۆ تاران، قاسم ئەعرەجی سەردانی سلێمانی كردو لە هەرێمی كوردستانەوە بەرەو ئێران بەڕێكەوت، ئەعرەجی مانگێك پێشتریش بۆ هەمان مەبەست چووە هەولێر. بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست (درەو) كەوتووە، لە سەردانەكەی تاراندا، عەلی ئەكبەر ئەحمەدیان ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران كە بەمدواییە لە شوێنی (عەلی شەمخانی) دەستبەكاربووە، دوو داواكاری خستوەتە بەردەم وەفدە ئەمنییە هاوبەشەكەی حكومەتی عێراقو هەرێمی كوردستان، كە ئەمانەن: • داواكاری یەكەم: هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران لەناو خاكی هەرێمی كوردستان چەك بكرێنو لە دوو ئۆردوگای سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان لەسنوری سلێمانیو هەولێر دابنرێن. • داواكاری دووەم: یاخود یەكجاری ئەو حزبانە چەك بكرێنو لەناو خاكی هەرێمی كوردستانو عێراق بكرێنە دەرەوە. هیوا ئەحمەد بە نوێنەرایەتی یەكێتییو رێبەر ئەحمەدیش وەكو نوێنەری پارتی گوێیان لە دواین هەڵوێستی ئێران بووە سەبارەت بە چارەنوسی پارتە كوردییەكانی رۆژهەڵاتو بەپێی زانیارییەكان بە داواكارییەكانی ئێران رازی بوون، بەڵام داوایان كردووە پەلەیان لێ نەكرێت. كوردستان لەنێوان تارانو واشنتۆندا بەر لە سەردانەكەی تاران، رێبەر ئەحمەد بە قاسم ئەعرەجی راگەیاند، هەرێمی كوردستان پابەندە بە رێككەوتنی كۆنوسی ئەمنیی نێوان عێراقو ئێرانەوە. سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (درەو)ی راگەیاند، ئێستاو دوای داواكارییەكانی ئێران، پارتیو یەكێتیی داوایانكردووە وەفدێكی ئەمنی عێراق سەردانی ئەمریكا بكاتو لەبارودۆخەكە ئاگاداریان بكاتەوە، بۆ ئەوەی لەحاڵی جێبەجێكردنی داواكارییەكانی ئێراندا، ئەمریكا فشار لە هەرێمی كوردستان نەكات. هەمان سەرچاوە ئاشكرایكرد، لەسەر داواكارییەكەی پارتیو یەكێتیی، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق سەردانی واشنتۆن بكات. هەرێمو نیگەرانییەكانی ئێران لەدوای خۆپیشاندانەكانی ساڵی رابردوو كە بەهۆی كوژرانی كچە كوردێكەوە بەناوی "ژینا ئەمینی" سەریهەڵدا، كۆماری ئیسلامی ئێران دەستیكرد بە بۆردومانكردنی بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵات لە هەرێمی كوردستان، سەرباری ئەمە هەرێمی تۆمەتبار كرد بەوەی رێگەی داوە لە سنورەكانییەوە چەك بگوازرێتەوە بۆ خۆپیشاندەران لەناو خاكی ئێران، حكومەتی هەرێم لەكاتی خۆیدا ئەم تۆمەتەی رەتكردەوە، بەڵام لەوكاتەوە ئێران فشارێكی تری بۆ كردنەدەرەوەی هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەناو هەرێمی كوردستان دەستپێكردووە. بەمدواییە كە یادگەی نیشتمانی بارزانی لە دهۆك كرایەوە، بەرپرسانی ئێرانی بەشێوەیەكی كتوپڕ مەراسیمەكەیان بەجێهێشت، ئەمە وەكو ناڕەزایەتییەك بوو دژی بانگهێشتكردنی سەركردەی حزبەكانی رۆژهەڵات بۆ ئەو مەراسیمە. بەهۆی ئەم نیگەرانییەوە، چەند رۆژێك دواتر وەزارەتی دەرەوەی ئێران باڵیۆزی عێراقی لە تاران بانگهێشتكردو ناڕەزایەتییەكەی پێگەیاند، دواتر ئاژانسی "میهر"ی ئێران ئاشكرایكرد، وەفدێكی مەكتەبی سیاسی پارتی سەردانی كونسوڵگەری ئێرانیان كردووە لە هەولێرو بەفەرمی داوای لێبوردنیان كردووە سەبارەت بە رووداوەكەی مەراسیمی كردنەوەی یادگەی بارزانی. كۆماری ئیسلامی تەنیا لە بوونی هێزەكانی رۆژهەڵات لەناو خاكی هەرێم نیگەران نییە، ناو بەناویش هەرێم تۆمەتبار دەكات بەوەی بووەتە لانەی سیخوڕەكانی ئیسرائیل، رۆژی 13ی ئازاری 2022، تۆپخانەكانی ئێران ماڵی (شێخ باز) بەڕێوەبەری كۆمپانیای (كار گروپ)یان لە هەولێر بۆردومان كردو رایانگەیاند، چەند بەرپرسێكی ئیسرائیلییان لەو شوێنەدا كردوەتە ئامانج. موشەكبارانەكەی ماڵی شێخ باز، پەیوەندییەكانی بارزانیو ئێرانی ئاڵۆزتر كرد، بەڵام رۆژی 10ی نیسانی 2022، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتیو مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتو نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم لە هەولێر چاویان بە وەفدێكی ئێرانی كەوت كە (حەسەن دانایی فەڕ) باڵیۆزی پێشووی ئێران لە عێراق سەرۆكایەتیی دەكرد، میدیاكانی پارتی ئەم هەواڵەیان لەكاتی خۆیدا شاردەوە، بەڵام كونسوڵگەری ئێران لە هەولێر وێنەی دیدارەكانی بڵاوكردەوە. ئەوكات ئێرانییەكان لە بارزانی نیگەران بوون، هۆكاری نیگەرانییەكەش بۆ ئەوە دەگەڕایەوە بارزانی هاوپەیمانێتی لەگەڵ سەدر كردبوو، كۆماری ئیسلامی ئەمەی بە هەوڵدان بۆ تێكدانی ناو ماڵی شیعەی عێراق وێنا دەكرد، هەروەك لێكدانەوەیان بۆ هاوپەیمانێتییەكە ئەوە بوو گوایا پارتیو سوننەكان بەشێكن لە پرۆژەیەكی هەرێمی بۆ پەرتكردنی ناو ماڵی شیعە لە عێراقو ئەمەش مەترسی لەسەر ئاسایشی ئێران دروستدەكات، بەڵام بە كشانەوە سەدر لە پرۆسەی سیاسی ئەم گرێیە كرایەوەو ئارامی بۆ پەیوەندییەكانی هەردوولا گەڕایەوە. ئێستا پارتیو یەكێتیی هاوبەشن لە حكومەتی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا، كە ژمارەیەك لایەنی شیعەی نزیك لە ئێرانن، بۆیە ئێران زیاتر فشارەكانی لەسەر بوونی هێزەكانی رۆژهەڵات لەناو خاكی هەرێم توندكردوەتەوە.
(درەو)- راپۆرتی رۆیتەرز شازادەی جێنشینی ئوردن دوێنێ بەبۆنەی هاوسەرگیرییەكەیەوە ئاهەنگی سازكرد، ئاهەنگێك كە تەماشاكەرێكی زۆری هەبوو، سەركردەكانی ئەو وڵاتە ئومێدەوارن ببێتە هۆی بەهێزكردنی هاوپەیمانێتییە ناوچەییو جیهانییەكانیان. سەركردەكانی ئوردن لە مێژە وەك پایەیەكی سەقامگیری لە ناوچەیەكی ناسەقامگیردا، لە پاڵپشتی خۆرئاوا بەهرەمەند بوون. شازادە حسێن (28 ساڵ) كە شا عەبدوڵای باوكی لە ساڵی 2009وە وەكو شازادەی جێنشین دیاریكردووە، هاوسەرگیری لەگەڵ (رەجوە ئال سەیف)ی (29 ساڵ)دا كردووە كە كچە تەلارسازێكی سعودیەو نەوەی خێزانێكی گەورەیەو خێزانەكەی پەیوەندییان لەگەڵ خێزانی دەسەڵاتداری سعودیەدا هەیە. ئوردن لەمێژە بۆ پاڵپشتی ئابورییەكەی پشت بە خۆرئاوا دەبەستێت، بەجۆرێك گەورەترینی ئەو وڵاتانەیە كە یارمەتیی لە ئەمریكاو ئەوروپا وەردەگرێت، چاودێران هیواخوازن هاوسەرگیرییەكەی شازادەی جێنشین ببێتەهۆی نزیكبوونەوە لەگەڵ سعودیەداو قورساییەكی ناوچەیی دروستبكات. محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە بەشداری لە ئاهەنگەكەدا نەكرد، ئەمە لەكاتێكدا بوو بەوپێی قسەی بەرپرسانی ئوردنی چاوەڕان دەكرا بەشداری بكات. بەڵام مێزی خوانەكە پڕبوو لە ئەندامانی خێزانە شاهانەكان لە ئەوروپاو ئاسیاو كەسایەتییە دیارەكانی ئەمریكا لەنیویشیاندا جیل بایدن خانمی یەكەمی ئەمریكا، هەروەك هەریەكە لە شازادە ولیام شازادەی بەریتانیاو خاتوو (كەیت)ی هاوسەریشی بەشداربوون. دواین چەندین ساڵ لە ئاڵۆزی پەیوەندییەكانیان، دواین سەردانی شازادەی جێنشینی سعودیە بۆ ئوردن ساڵێك لەمەوبەر بوو، ئەمەش لەكاتی خوێدا ئومێدی ئەوەی زیندووكردەوە سەردانەكەی ببێتە هۆی باشكردنی پەیوەندییەكانو كردنەوەی دەرگا بەڕووی پاڵپشتی زیاتری ئابوری. هەروەك هاوسەرگیرییەكە هەنگاوێكی گرنگیشە لەبەردەم شازادە حسێندا بە ئاڕاستەی وەرگرتنی تەختی پادشایەتیی، بەرپرسانو ئەوانەی ئاگاداری كاروبارەكانن دەڵێن شا عەبدوڵا هەست بە دڵنیایی دەكات كە ئێستا سەقامگیری وڵاتەكەی زیاتر جێی خۆی دەگرێت. شا عەبدوڵا ساڵی 2004 زڕبرای بچوكەكەی (شازادە حەمزە)ی لە شازادەی جێنشینیی خست، دواتریش شازادە حەمزە تۆمەتباركرا بە پلانگێڕیی بۆ لادانی پادشا لە پیلانێكدا كە لە دەرەوەی وڵاتەوە رێكخرابوو، بەڵام سەرباری ئەمەش ئوردن ئەو ئاڵۆزییانەی بەخۆوە نەبینی كە بووە هۆی لادانی زۆرێك لە سەرۆكو سەركردەكانی ناوچەكە، تاڕادەیەكیش لەو نائارامییانە دەربازی بوو كە ناوچەكە لە دەیەی رابردوودا بەخۆیەوە بینی. تاج لە چەند ساڵی كەمی رابردوودا، شازادە حسێن كە دەرچووی زانكۆی جۆرج تاونی ئەمریكاو ئەكادیمیای شاهانەی (ساندهێرست)ی سەربازییە، بەشێوەیەكی زیاتر ئەركەكانی پادشای داهاتووی وڵاتی گرتووەتە دەست، وڵاتێك كە ژمارەی دانیشتوانەكەی دەگاتە 11 ملیۆن كەس. شازادە حسێن چاوی بە سەركردەكانی جیهان كەوتووە، لەوانە جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمریكا، مانگی رابردوو لەمیانی بەڕێوەچوونی لوتكەی عەرەبی لە شاری جەددەی سودیە، شانبەشانی باوكی رۆیشت بۆ ئەوەی سڵاو لە شازادەی جێنشینی سعودیە بكات، شازادە حسێن بەبەردەوامی دەبینرێت سەرۆكایەتی كۆبونەوەی ئۆرگانە حكومییەكان دەكات. بەگوێرەی نەریتی خێزانی هاشمی، ئاهەنگە گشتییەكان لەوكاتەوە دەستپێدەكات كە شازادە حسێنو هاوسەرەكەی لە كۆشكی زەهران لە عەممان، گرێبەستی هاوسەرگیرییان دەبەستن. دەیان هەزار كەس لە خەڵكی ئوردن لەسەر ئەو شەقامە ریزیان بەست كە كاروانی بوكو زاواكە بە ئۆتۆمبیلێكی سپی كراوەی رەنج رۆڤەر پێیدا تێپەڕی، تا گەیشتە كۆشكی حسەینییە بۆ ئامادەبوونی لە خوانی فەرمیدا لەگەڵ سەدان میوان. سەرباری كەموكورتییەكانی سیستەمی پادشایەتیی، زۆرێك لە هاوڵاتیانی ئوردن دەڵێن پێیان باشە ئەم سیستەمە لە وڵاتەكەیان بەردەوام بێت، بۆ ئەمەش ئاماژە بە ساڵانی ململانێ لە عێراقو سوریا دەكەن وەكو دوو وڵاتی دراوسێ. عالیە ئیبراهیم كە مامۆستایە لە خوێندنگەیەكی تایبەت لە عەممان دەڵێ، بەڵای ئەوانەوە خێزانی هاشمی زامنی ئارامی وڵاتن. خواستی واشنتۆن بۆ هاوپەیمانێكی سەقامگیر لەناوچەیەكی پڕ لە ئاڵۆزیی بەو مانایە دێت كە دەبێت چاو لە چاكسازییە دیموكراسییەكانی ئوردن دابخات كە بەشێوەیەكی هێواش بەڕێوەدەچێت، هەروەك دەبێت چاوی خۆشی كوێر بكات لە تۆماری خراپی ئوردن لەبواری مافەكانی مرۆڤدا. ئەمریكا لە ئوردن چەندین بنكەی سەرباری هەیەو لەوێ بەشێوەیەكی سیستماتیك راهێنانی هاوبەش ئەنجام دەدات. ئابوری شانشینی ئوردن دوای چەندین ساڵ لە خاوبوونەوەی گەشەو بەرزبوونەوەی ئاستی بێكاریی، بەشێوەیەكی هێواش گەشە دەكات، ئەمەش لەچوارچێوەی نوێترین پرۆگرامی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بۆ ئەو وڵاتە. لەگەڵ ئەوەشدا، لەژێر فشاری خراپی دۆخی بژێویدا، ساڵی رابردوو زۆرێك لە خەڵكی ئوردن رژانە سەر شەقامەكان دژ بە بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی، ئەم خۆپیشاندانانە گرژیو كوژراوی بەدوای خۆیدا هێنا. هەندێكیش رەخنەیان لە ئاهەنگی هاوسەرگیرییەكەی شازادەی جێنشین هەیە، وەكو بەهەدەردانی سامانی گشتی ناوی دەبەن، لەنێو ئەوانەدا عەبدوڵا فایز كە سەربازێكی خانەنشینەو لە یەكێك لە گەڕەكەكانی دەوروبەری عەممان بە پاشەكەوتێكی كەم دەژی، دەڵێ:" چۆن هەست بە خۆشبەختی بكەین كە بۆ باشكردنی ژیانی رۆژانەمان تێدەكۆشین؟ ئەمە ئاهەنگی هاوسەرگیری شازادەیە نەك ئاهەنگی ئێمە".
درەو: راپۆرتی پێگەی (الطاقة) تائێستا قەیرانی راگرتنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەجێی خۆیەتی, دوای تێپەڕبونی بە كۆمەڵێك ئاڵۆزیدا, كە دیارترینیان, هەڵبژاردنەكانی توركیاو هەوڵەكانی ئەنقەرەیە بۆ سازشكردن بەلایەنی عێراقی و كۆتابهێنان بە سزایەی دادگای ژوری بازرگانی نێودەوڵەتی پاریس بەسەر توركیادا سەپاندی, كە بە بڕەكەی (1)ملیارو (471) ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت, بەهۆی پێشێلكردنی رێككەوتنی ساڵی (1973)ی نێوان عێراق و توركیا. بەگوێرەی دەقی رێككەوتنەكە, كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق"سۆمۆ" هەژموونی تەواوەتی دەبێت بەسەر ناردنی نەوت لەڕێی هێڵی عێراق_توركیا, كە توركیا لەساڵی (2014)دا, پێشێلی ئەمەی كرد, كاتێك رێگەیدا نەوتی هەرێم بەبێ رەزامەندی بەغداد هەناردەبكرێت. نەبیل مەرسومی پسپۆڕی نەوتیی عێراقی دەڵێت: زیانەكانی عێراق لەئەنجامی راگرتنی هەناردەی نەوتی كوردستان و كەركوك لەماوەی دوو مانگی رابردودا, بە نزیكەی (2)ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت, بەهۆی راگرتنی زیاتر لە (470)هەزار بەرمیل نەوتی مانگانە, كە لەو كێڵگانەوە رەوانەی بازاڕەكانی جیهان دەكران, لەڕێی بەندەری جەیهانەوە. كەمكردنەوە لەبایەخی بڕیاڕی ناوبژیوانی مەرسومی لەلێدوانەكەیدا ئاماژە بەوەدەكات, هەندێك لایەنی توركی هەوڵدەدەن لەبایەخی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی كەمبكەنەوە, پێشبینیشی كردووە, لەكۆتایدا لایەنی توركی ملكەچی بڕیاڕەكەی دادگا ببێت, بەڵام لەگەڵ هەندێك دەستی دەستی كردن, بۆ فشاركردن لەعێراق لەپێناو بەدەستهێنانی سازشكردن. ئەو پسپۆڕەی بواری نەوت پێشیوایە, سێ هۆكار هەن توركیا ناچاردەكەن پابەندی بڕیاڕەكەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی ببێت: یەكەم: بڕیارەكانی دادگای كۆتایی و پابەندكەرن و دەبێت جێبەجێبكرێن لەلایەن هەردوو لایەنی ناوبژیوانیەكە. دووەم: هەوڵی توركیا بۆ ئەوەی رێڕەوێكی ئارام و باوەڕپێكراوی هێڵی بۆری نەوت و غازبێت, كە ئەوەش وادەكات گوێڕایەڵبوونی بۆ بڕیارەكانی ناوبژیوانی و جێیەجێكردنی كارێكی گرنگ بێت بەو ئاڕاستەیە. سێیەم: توركیا لەو وڵاتانەیە كە واژوی لەسەر رێككەوتنی لیستی وزە كردووە, كە تێپەڕبونی بۆری نەوت و غاز و ناوبژیوانیكردن لەباریەوە, گرنگترین خاڵەكانێتی. هەوڵەكانی توركیا بۆ فشاركردن لە عێراق دكتۆر نەبیل مەرسومی دەڵێت: حكومەتی توركیا لە ئێستادا بە هەموو توانایەوە كاردەكات بۆ سود وەرگرتن لەڕێككەوتنی پێشوی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان, بۆ ئەوەی زۆرترین بڕی ئەو سزایەی سەپاوە بەسەریدا بیخاتە ئەستۆی هەرێم, رەنگە رێككەوتنێكی نا راگەیەندراویش هەبێت لەنێوان حكومەتی توركیاو هەرێم لەو بارەیەوە. دەشڵێت: توركیا هەواڵی سازشكردن بە عێراق دەدات, لەنمونەی كەمكردنەوەی قەبارەی سود لەسەر ئەو پارەی قەربووەی بڕیارە بیدات بەعێراق, یاخود زامنكردنی بەردەوامیی ئەو پارە زۆرەی كە لەهەرێمی كوردستانی وەردەگرت وەك (رسومات)ی تێپەڕبونی نەوت, پێش دەرچونی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی و نەگەڕانەوەی بۆ رسوماتەكانی پێشوو, كە (1)دۆلارو (12)سەنت بووە بۆ هەر بەرمیلێك نەوتی عێراق كە بە بۆری توركیادا تێپەڕیووە. توركیا رەنگە پەنابباتە بەر راكێشانی بۆریەكی نوی لەخاكی توركیاوەو تەرخانی بكات بۆ نەوتی هەرێم, كە ملكەچی رێككەوتنی ئێستای هێڵی بۆری نەوت نەبێت لەگەڵ عێراق, ئەنقەرە هەوڵی ئەوەش دەدات بانكێكی توركی بۆ گلدانەوەی داهاتی هەناردەكراوی نەوتی هەرێم دیاریبكات, یاخود بۆری نەوت لەڕێی سوریاوە رابكێشێت. بەوتەی ئەو پسپۆڕە, رەنگە عێراقیش هەوڵی زیندوكردنەوەی هێڵی كەركوك و بەنی یاسر بدات, بەڵام توركیا هەوڵی دروستكردنی بەربەست دەدات بۆی, بگرە ئەگەر هەیە پەناش ببات بۆ بەكارهێنانی شێوازی تری فشاركردن لەسەر عێراق, كە رەنگە سیاسیبێت, یاخود لەڕێی دۆسیەی ئاوەوە. هەڵبژاردنەكانی توركیا مەرسومی رونیدەكاتەوە, هەڵبژاردنی توركیا رۆڵی هەبوو لەدواخستنی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهان, بەهۆی ئەوەی ئەم دۆسیەیە لەچاوەڕوانی ئەوەدا بوو, كێ دەچێتە كۆشكی كۆماری و بۆچونی بۆ رێككەوتن لەگەڵ لایەنی عێراقی چۆن دەبێت. توركیا لەهەوڵی دیراسەكردنی ئەو زیانانەشدایە كە بەر هیڵی بۆری نەوتی عێراقی توركی كەتووە, بەهۆی ئەو بومەلەرزەیەی زستانی ئەمساڵ لەو وڵاتەی دا, بڕوای خۆشی پیشانداوە بەوەی حكومەتی داهاتوی توركیا, بتوانێت چارەسەری قەیرانی نەوتی كوردستان بكات لەگەڵ حكومەتی عێراق. ئەو پسپۆڕە عێراقیە ئاماژەی بەوەشداوە, كۆمەڵێك بژاردە لەبەردەست بەغداددایە, لەپێشیانەوە, گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستانە بۆ پاڵاوتگەكانی باكور, بەتایبەت كەركوك و زیادكردنی توانای هەناردەكردن لەباشورەوە. مەرسومی جەختیشكردووە: عێراق لەئێستادا پارەیەكی زۆر لەدەستنادات بە بەراورد بەو بڕەی لە بودجە بڕیاری لێدراوە, بەهۆی كۆتوبەندەكانی (ئۆپێك+) كە پشكی بەرهەمهێنانی عێراقی بە رێژەی (430) بەرمیلی رۆژانە كەمكردووەتەوە, ئەوەش وایكردووە هەناردەكردنی نەوتی عێراق هاوتای ئەو ژمارانەبێت كە لەبودجەدا هاتووە. ئومێدی خۆشی پیشانداوە بەوەی, ئاستی هەناردەی نەوتی عێراق بگاتە زیاتر لە (3) و (700)هەزار بەرمبل نەوتی رۆژانە, دوای دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان. مەرسومی ئاشكراشیكردووە: عێراق لەئێستادا هەوڵی زیندوكردنەوەی سێ هێڵی نوێ دەدات, لەوانە: - هێڵە كۆنەكەی لەگەڵ سوریا. - هێڵە كۆنەكەی لەگەڵ سعودیە. - خستنەكاری بۆری نەوتی بەسرە_عەقەبە بۆ گواستنەوەی یەك ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە. هەروەها هەوڵی پەرەدان بەتوانای هەناردەكردن دەدات لەڕێی ئاوەوە, لەپێناو زیادكردنی بڕێكی زۆرتر لەهەناردەكردنی نەوت, یەتایبەت دوای بەردەوامبونی راگرتنی نەوتی عێراق لەڕێی بەندەری جەیهانی توركیەوە. سەرچاوە: پێگەی الطاقة
(درەو): مەسعود بارزانی لەگەڵ ئەوەدایە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان رەتبكرێتەوە، نایەوێت ئەمە ببێت بە پێشینەیەك بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ئەو دادگایە بڕیاری تر بەسەر هەرێمدا بسەپێنێت، مەسرور بارزانی داوا دەكات تا دوای پەسەندكردنی بودجەی 2023ی عێراق پارتی هەڵوێستی خۆی لەبارەی بڕیارەكەی دادگا یەكلانەكاتەوە، نێچیرڤان بارزانیش لەگەڵ ئەوەدایە مامەڵە لەگەڵ بڕیارەكە بكرێتو كۆمسیۆنی عێراق هەڵبژاردنی كوردستان بەڕێوەببات "هەڵبژاردنی پێشوو كۆمسیۆنی عێراق كردی و پارتی زۆرترین دەنگ و كورسی هێنا". بارزانی دژی بڕیارەكەی دادگایە ! دوێنێ مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی كۆبووەوە، جێگرانی سەرۆكی پارتی (نێچیرڤان بارزانیو مەسرور بارزانی) بەشداربوون لە كۆبونەوەكەدا. ئەم كۆبونەوەیە كە دوێنێ بەڕێوەچوو، بۆ تاوتوێكردنی لێكەوتەكانی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بوو سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان. بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لەناو پارتی دەست (درەو) كەوتوون، لە كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی پارتیدا، مەسعود بارزانی سور بووە لەسەر ئەوەی دەبێت كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی كوردستان هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان بەڕێوەببات، ئەمە پێچەوانەی بڕیاری دادگای فیدراڵییە كە دانیشتنی رۆژی 22ی مانگی رابردووی پەرلەمانی بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆنەكەی كوردستان هەڵوەشاندوەتەوە. (درەو) زانیویەتی، لە كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی پارتیدا، مەسعود بارزانی لەگەڵ ئەوەدا بووە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی كوردستان رەتبكرێتەوە، بەڵام مەسرور بارزانی داوایكردووە، پەلە نەكەن لە وەڵامدانەوەی توندی دادگای فیدراڵی تا ئەوكاتەی بودجەی 2023ی عێراق پەسەند دەكرێتو پشكی هەرێم تێدەپەڕێت، لەم نێوەندەدا نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئەوەدا بووە مامەڵە لەگەڵ بڕیارەكەی دادگادا بكرێت، بۆ ئەمەش نێچیرڤان بارزانی بەڵگەی ئەوەی هێناوەتەوە كە هەڵبژاردنەكانی پێشتری هەرێمی كوردستان هەر لەلایەن كۆمسیۆنەكەی عێراقەوە بەڕێوەبراوەو پارتیش براوە بووە. ئەگەر پارتی بۆچونەكەی نێچیرڤان بارزانی پەسەند بكاتو مامەڵە لەگەڵ بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بكات، دەبێت نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم بە فەرمی نوسراوێك ئاڕاستەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بكاتو تێیدا داوایان لێ بكات لە وادەی دیاریكراودا هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەببەن. بەڵام لەبەرامبەردا، مەسعود بارزانی وەكو سەرۆكی پارتی وای دەبینێت ئەگەر پابەندی بڕیاری دادگای فیدراڵی ببن، بۆ هەموو كەیسێكی تر دادگاكە بڕیاری خۆی بەسەر هەرێمدا دەسەپێنێتو ئەمە دەبێت بە بنەما، بەتایبەتیش كە پێشتر لە بەیاننامەیەكدا خۆی دادگاكەی بە (محكمە الپورە)ی پێشووی بەعس ناوبردووە. یەكێك لە بڕیارەكانی كۆبونەوەی دوێنێی مەكتەبی سیاسی پارتی ئەوە بوو، جارێ بەرپرسانی پارتی خۆیان لە هەر لێدوانێك سەبارەت بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بپارێزن تا ئەوكاتەی پارتی بەتەواوەتی هەڵوێستی خۆی لەوبارەیەوە یەكلادەكاتەوە. پارتی پابەند دەبێت ؟ پێشبینی دەكرێت، دوای تێپەڕینی بودجەی 2023 لە پەرلەمانی عێراق، هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان یەكلابكاتەوە. دوای كۆبونەوەكەی مەكتەبی سیاسیی، ئەمڕۆ فوئاد حسێن ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی لە بەغداد سەردانی دادوەر جاسم محەمەد عەبود سەرۆكی دادگای فیدراڵی كرد، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) لەبارەی چۆنیەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كوردستان پرسو راوێژی لەگەڵ سەرۆكی دادگا كردووە. لەلایەكی ترەوە، پابەندبوون بە بڕیاری دادگای فیدراڵی وا دەكات لە داهاتوودا هەرێمی كوردستان جارێكی تر نەتوانێت لە هیچ بارودۆخێكدا تەمەنی پەرلەمان درێژبكاتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە لە 31 ساڵی رابردوودا بەهۆی بارودۆخی شەڕی ناوخۆییو ناكۆكییە سیاسییەكانەوە (8) جار تەمەنی پەرلەمانی كوردستان درێژكراوەتەوە. بەهۆی ئەوەی ئێستا سیستمی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان پەرلەمانییە، هەر جۆرە درێژكردنەوەیەكی تەمەنی پەرلەمان بەواتای درێژكردنەوەی تەمەنی سەرۆكی هەرێمو كابینەی حكومەتیش دێت، چونكە سەرۆكی هەرێمو كابینەی حكومەت لەناو پەرلەمانەوە متمانەیان پێدەدرێت.
شیكاری: درەو: # لە ساڵی (1992) (ملیۆنێک و 112 هەزار) کەس مافی دەنگدانی هەبووەو یەکێتی (423 هەزار) دەنگی بە ڕێژەی (38%) کۆی گشتی دەنگدەرانی بەدەستهێناوە. # لە دواهەڵبژاردندا بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (3 ملیۆن و 486 هەزار) كەس مافی دەنگدانی هەبووە، یەکێتی (215 هەزار) دەنگی بەدەستهێنا بەرێژەی (17%)ی کۆی گشتی دەنگدەران، لە سێ پارێزگاکەی هەرێم، واتا لە نێوان 1992 -2021 یەكێتی بەنزیكەی (50%)ی دەنگەكان كەمیكردووە # ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە لە یەکەم هەڵبژاردنەوە تا دوا هەڵبژاردنی گشتی بە ڕێژەی (214%) زیادیان کردووە، بەڵام یەکێتی نیشتمانی کوردستان (208 هەزار و 517) دەنگی بە ڕێژەی (49%) کەمی کردووە. # لەیەكەم هەڵبژاردندا یەكێتی لە سلێمانی (207 هەزارو 168) دەنگ بەرێژەی (%60) دەنگی بەدەستهێنابوو، لە دوایین هەڵبژاردندا (124 هەزار) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی (32%) بەڵام لە (8%)ی دەنگی ئەو كەسانەی هێناوە كە مافی دەنگدانیان هەبووە . # لەیەكەم هەڵبژاردندا یەكێتی لە هەولێر (148 هەزار) دەنگی بەدەستهێنا بەرێژەی (44%)، لەدوایین هەڵبژاردندا یەکێتی لە هەولێر (65 هەزار) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی (15%) بەڵام لە (4%)ی دەنگی ئەو كەسانەی هێناوە كە مافی دەنگدانیان هەبووە # لە دوای ساڵی (1992)ەوە لە هەرێمی کوردستان (12) هەڵبژاردنی گشتی بەڕێوەچووەو یەکێتی بەشداری سەرجەمیانی کردووە. # یەکێتی (3) جار بە شێوەی هاوپەیمانی و (9) جار بە لیستی سەربەخۆ بەشداری کردووە. پێگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا پوختە؛ لە ساڵی (1992)ەوە (12) هەڵبژاردنی گشتی (پەرلەمانی کوردستان، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان)، بەڕێوە چووە، یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سەرجەم هەڵبژاردنەکان بەشداری کردووە، کە لە (9) هەڵبژاردنیان بە لیستی سەربەخۆ و (3) هەڵبژاردنیان بەشێوەی هاوپەیمانی چووتە نێو پرۆسەی هەڵبژاردنەوە. ئەوەی جێگەی سەرنجە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی لە سێ پارێزگاکەی هەرێم مافی دەنگدانیان هەیە، یەکێتی نیشتمانی کوردستان نەک نەیتوانیوە بە هەمان ئاست ژمارەی دەنگەکانی بەرز بکاتەوە، بەڵکو بە ڕێژەیەکی گەورە دەنگەکانی دابەزیوە، بۆ نمونە لە هەڵبژاردنی خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان کە لە (19/5/1992) بەڕێوەچوو (ملیۆنێك و 112 هەزار) كەس مافی دەنگدانی هەبووە، یەکێتی نیشتمانی کوردستان (423 هەزارو 833) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی (38%) کۆی گشتی دەنگدەران. بەڵام لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە (10/10/2021) بە ڕێوەچوو، لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، یەکێتی نیشتمانی كوردستان توانیویەتی تەنها (215 هەزارو 316) دەنگ بەدەستبهێنێت بەرێژەی (6%)ی کۆی گشتی دەنگدەران. بەم پێیەش ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە لە هەرێمی کوردستان لە یەکەم هەڵبژاردنەوە تا دوا هەڵبژاردنی گشتی بە ڕێژەی (214%) زیادی کردووە، بەڵام یەکێتی نیشتمانی کوردستان (208 هەزار و 517) دەنگی بەڕێژەی (49.2%)ی دەنگەکانی کەمی کردووە ، (بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە خشتەو چارتی ژمارە (1))، لە خوارەوە پێگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سەرجەم هەڵبژاردنە گشتییەکان ڕوونکراوەتەوە. خشتەی ژمارە (1) پێگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا چارتی ژمارە (1) تێبینی؛ لە خولی دووەم و سێیەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و خولی یەکەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەکێتی لەگەڵ لایەنی دیکە لە هاوپەیمانیدابووە، بۆیە ژمارەو ڕێژەی دەنگەکانی ئاماژەی پێ نەدراوە. یەکەم؛ هەڵبژاردنی خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان 1. خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان لە 19/5/1992 بەرێوەچوو. 2. ( ملیۆنێك و 112 هەزار) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3. (971 هەزارو 593) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (87%). 4. یەکێتی نیشتمانی کوردستان زەحمەتکێشان لە لیستێکدا بەشداریان کردوو (423 هەزارو 833) دەنگیان بەدەستهێنا. - دەنگی یەکێتی لە پارێزگای سلێمانی (207 هەزارو 168) دەنگ بەرێژەی (%59.9) - دەنگی یەکێتی لە پارێزگای هەولێر (148 هەزارو 352) دەنگ بەرێژەی (44.4%) - دەنگی یەکێتی لە پارێزگای دهۆك (15 هەزارو 148) دەنگ بەرێژەی (7.7%) - دەنگی یەکێتی لە سنوری كەركوك (53 هەزارو 129) دەنگ بەرێژەی (60.3%) چارتی ژمارە (2) دووەم؛ هەڵبژاردنی خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستان 1. خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستان لە 30/1/2005 بەرێوەچوو. 2. ( 2 ملیۆن و 290 هەزارو 736) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3. (ملیۆنێك و 753 هەزارو 919) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (75.6%) 4. سەرجەم حزبەكان جگە لە (كۆمەڵی ئیسلامی) لەچوارچێوەی لیستی (نیشتمانی دیموكراتی كوردستان) بەشدار بوون كە (ملیۆنێك و 570 هەزارو 663) دەنگیان بەدەستهێناو (104) كورسی پەرلەمانیان مسۆگەر كرد. سێیەم؛ هەڵبژاردنی خولی یەکەمی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی کوردستان 1. هەڵبژاردنی خولی یەکەمی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە 30/1/ 2005 بەڕێوەچوو. 2. ( 2 ملیۆن و 290 هەزارو 736) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3. (ملیۆنێك و 753 هەزارو 919 ) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (75.6%) 5. یەکێتی نیشتمانی کوردستان (765 هەزارو 544) دەنگی بەدەستهێنا، بە جۆرێک؛ - دەنگی یەکێتی لە پارێزگای سلێمانی (485 هەزارو 718) دەنگ بەرێژەی (65.9%) - دەنگی یەکێتی لە پارێزگای هەولێر (244 هەزارو 343) دەنگ بەرێژەی (37.7%) - دەنگی یەکێتی لە پارێزگای دهۆك (35 هەزارو 483) دەنگ بەرێژەی (9.3%) چارتی ژمارە (3) چوارەم؛ هەڵبژاردنی خولی یەكەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 1. هەڵبژاردنی خولی یەكەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 30/1/2005 بەرێوەچوو. 2. (2 ملیۆن و 290 هەزارو 736) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3. (ملیۆنێك و 753 هەزارو 919) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (75.6%) 4. سەرجەم حزبەكان جگە لە (كۆمەڵی ئیسلامی) لەچوارچێوەی لیستی (هاوپەیمانی كوردستان) بەشدار بوون كە (2 ملیۆن و 175 هەزارو 551) دەنگیان بەدەستهێنا و (75) كورسی پەرلەمانیان مسۆگەر كرد. پێنجەم؛ هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان 1. هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان لە 25/7/2009 بەرێوەچوو. 2. ( 2 ملیۆن و 518 هەزارو 773) كەس مافی دەنگدانی هەبووە 3. (ملیۆنێك و 876 هەزارو 196) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (74.5%) 4. یەکێتی و پارتی لە چوارچێوەی لێستێكدا بەناوی (لیستی كوردستانی) بەشدارییان كردوو (ملیۆنێك و 76 هەزارو 370) دەنگیان بەدەستهێناو (59) كورسی پەرلەمانیان مسۆگەر كرد. شەشەم؛ هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 1. هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 7/3/ 2010 بەڕێوەچوو. 2. (2 ملیۆن و 590 هەزارو 274) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3. (ملیۆنێك و 938 هەزارو 754 ) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (74.8%) 4. یەکێتی نیشتمانی کوردستان (396 هەزارو 237) دەنگی بەدەستهێنا، بە جۆرێک؛ - دەنگی یەکێتی لە پارێزگای سلێمانی (237 هەزارو 379) دەنگ بەرێژەی (28.47%) - دەنگی یەکێتی لە پارێزگای هەولێر (124 هەزارو 632) دەنگ بەرێژەی ( 18.3%) - دەنگی یەکێتی لە پارێزگای دهۆك (34 هەزارو 226) دەنگ بەرێژەی ( 8.06%) چارتی ژمارە (4) حەوتەم؛ هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان 1. هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان لە 21/9/2013 بەرێوەچوو. 2. (2 ملیۆن و 803 هەزارو 283) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3. (ملیۆنێك و 950 هەزارو 130) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (74%) 4. هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بەیەك بازنە بەرێوە چوو. 5. یەکێتی نیشتمانی كوردستان (350 هەزارو 500) دەنگی بەدەستهێناو (18) كورسی پەرلەمانی مسۆگەر كرد. هەشتەم؛ هەڵبژاردنی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 1. هەڵبژاردنی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 30/4/2014 بەڕێوەچوو 2. ( 2 ملیۆن و 717 هەزارو 82) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3. (2 ملیۆن و 128 هەزارو 167 ) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (78%). 4. یەکێتی نیشتمانی كوردستان (500 هەزارو 410) دەنگی بەدەستهێنا، بە جۆرێک؛ - دەنگی یەکێتی لە پارێزگای سلێمانی (294 هەزارو 265) دەنگ بەرێژەی (33%) - دەنگی یەکێتی لە پارێزگای هەولێر (168 هەزارو 688) دەنگ بەرێژەی (23%) - دەنگی یەکێتی لە پارێزگای دهۆك (37 هەزارو 457) دەنگ بەرێژەی (7%) چارتی ژمارە (5) نۆیەم؛ هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی پارێزگاكان 1. هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە 30/4/2014 بەڕێوەچوو. 2. ( 2 ملیۆن و 717 هەزارو 82) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3. (2 ملیۆن و 161 هەزارو 38 ) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (80%) 4. یەکێتی نیشتمانیی كوردستان (528 هەزارو 122)دەنگی بەدەستهێنا ، بە جۆرێک؛ - دەنگی یەکێتی لە پارێزگای سلێمانی (318 هەزارو 723) دەنگ بەرێژەی (35.2%) - دەنگی یەکێتی لە پارێزگای هەولێر (168 هەزارو 603) دەنگ بەرێژەی (22%) - دەنگی یەکێتی لە پارێزگای دهۆك (40 هەزارو 796) دەنگ بەرێژەی ( 8.1%) چارتی ژمارە (6) دەیەم؛ هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 1. هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 12/5/2018 بەڕێوەچوو. 2. (3 ملیۆن و 758 هەزارو 896) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3. (ملیۆنێك و 795 هەزارو 686 ) كەس دەنگیاندا 4. یەکێتی نیشتمانیی كوردستان (364 هەزارو 638) دەنگی بەدەستهێنا. بەجۆرێک؛ - دەنگی یەکێتی لە پارێزگای سلێمانی (259 هەزارو 378) دەنگ بووە. - دەنگی یەکێتی لە پارێزگای هەولێر (79 هەزارو 745) دەنگ بووە. - دەنگی یەکێتی لە پارێزگای دهۆك (25 هەزارو 215) دەنگ بووە. چارتی ژمارە (7) یانزە؛ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان 1. هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە 30/9/2018 بەڕێوەچوو. 2. ( 3 ملیۆن و 85 هەزارو 461) كەس مافی دەنگدانی هەبووە 3. (1 ملیۆن و 845 هەزارو 979 ) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (59%) 4. هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بەیەك بازنە بەرێوە چوو. 5. یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (319 هەزارو 912) دەنگی بەدەستهێنا و (18) كورسی پەرلەمانی مسۆگەر كرد. دوانزە؛ هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەران (خولی پێنجەم) 1. هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەران (خولی پێنجەم) لە 10/10/2021 بەڕێوەچوو 2. (3 ملیۆن و 486 هەزارو 787) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3. (1 ملیۆن و 232 هەزارو 897 ) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (35.4%) 4. یەکێتی نیشتمانی كوردستان (215 هەزارو 316) دەنگی بەدەستهێنا، بەجۆرێک؛ - دەنگی یەکێتی لە پارێزگای سلێمانی (124 هەزارو 414) دەنگ بەرێژەی (31.6%) - دەنگی یەکێتی لە پارێزگای هەولێر (65 هەزارو 862) دەنگ بەرێژەی (14.8%) - دەنگی یەکێتی لە پارێزگای دهۆك (25 هەزارو 40) دەنگ بەرێژەی (6.3%) چارتی ژمارە (8) * هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانیەكان لە ساڵی 2000 لە دەڤەری سلێمانی و لە 2001 لە دەڤەری هەولێر بەڕێوەچوو
(درەو): دوو رۆژ بەسەر بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان تێپەڕیوە، چوار سەرۆكایەتییەكەی هەرێم هێشتا بێدەنگن، ئەمڕۆ سەرۆكی دادگای فیدراڵی بە فوئاد حسێنی وتووە: با سەرۆكی هەرێم داوا لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بكات هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەببات. فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق كە هاوكات ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانیشە، ئەمڕۆ سەردانی دادوەر جاسم محەمەد عەبود سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی عێراقی كرد. ئەم سەردانە دوای دوو رۆژ دێت لە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان. دوای سەردانەكەی، لەوتەیەكی كورتدا فوئاد حسێن وتی: باسی هەڵبژاردنمان كردووە لەگەڵ سەرۆكی دادگای فیدراڵی. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەم كۆبونەوەیەدا فوئاد حسێن بە سەرۆكی دادگای فیدراڵی وتووە: كوردستان بە چ شێوازێك هەڵبژاردن بكات، سەرۆكی دادگای وەڵامی داوەتەوە كە بڕیاری دادگا روونەو دەبێت كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق پرۆسەكە بەڕێوەببات، بۆ ئەمەش پێویستە سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوا لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بكات پرۆسەی هەڵبژاردن لە كوردستان بەڕێوەببات. ماوەی دوو رۆژە دادگای فیدراڵی عێراق پەرلەمانی كوردستانی هەڵوەشاندوەتەوە، بەڵام هێشتا ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی كوردستان وەكو ئەندامی پەرلەمان چالاكی دەكەنو وێنەی خۆیان بڵاودەكەنەوە. تائێستا چوار سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان (سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكایەتی پەرلەمان، سەرۆكایەتی حكومەت، ئەنجومەنی دادوەریی) هیچ قسەیەكیان لەبارەی بڕیاری دادگای فیدراڵی نەكردووەو دیار نییە هەرێم پابەند دەبێت بە بڕیارەكەوە یاخود نا. لە ئەگەری پابەندنەبوون بە بڕیاری دادگای فیدراڵییەوە، واتا سازدانی هەڵبژاردن لەرێگەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستانەوە، كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم روبەڕووی كێشەی یاسایی دەبێتەوە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵو وا لێكدەدرێتەوە حكومەتێكی ناشەرعییە، چونكە پێچەوانەی رێوشوێنەكانی دادگای فیدراڵی دروستبووە. جگە لە سەرۆكایەتییەكانی هەرێم، پارتیو یەكێتیی وەكو دوو لایەنی سەرەكی ناكۆك لەبارەی هەڵبژاردن، هێشتا هیچ قسەیەكیان لەبارەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی نەكردووە، سەرچاوە ئاگادارەكان باس لەوە دەكەن پارتی لە بڕیارەكە نیگەرانە، بەڵام نایەوێت لەم كاتەدا هیچ قسەیەك بكات بۆ ئەوەی كێشە بۆ تێپەڕبوونی پشكی هەرێم لە بودجەی 2023ی عێراق دروست نەبێت. یەكێتیش خۆشحاڵە بەوەی هەڵبژاردنی داهاتووی كوردستان لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقەوە بەڕێوەببرێت، چونكە بەمدواییە دادوەرێك كراوە بە سەرۆكی كۆمسیۆنەكەی عێراق كە لە سلێمانییەوە كاندیدكراوە. نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم رۆژی 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی وەكو وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دیاریكردووە، رۆژی 6ی هەمان مانگ بڕیارە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە عێراق بەڕێوەبچێت، هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی كۆمسیۆنەكەی عێراق لە یەككاتدا هەردوو هەڵبژاردنەكە بەڕێوەببات، بەڵام دوێنێ سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لەبەردەم لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراقدا وتی:" لەڕووی هونەرییەوە ناتوانن هەردوو هەڵبژاردنەكە لەیەككاتدا بەڕێوەببەن"، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بۆ شەش مانگ دواتر دوادەكەوێتو دەكەوێتە مانگی ئایاری ساڵی داهاتووەوە. پارتی و یهكێتیی سهرباری ئهوهی رۆژی 22ی ئهم مانگه لهسهر كاراكردنهوهی كۆمسیۆنی ههڵبژاردنی كوردستان چوونه ناو شهڕی دهستهو یهخهو شهڕی میدیاییهوه، بهڵام بهپێچهوانهی ئهوكاتانهی كه قوباد تاڵهبانی و تیمی یهكێتیی له كۆبونهوهكانی حكومهت كشانهوه، هێشتا پهیوهندییهكانیان توشی دابڕان نهبووه، ئهمڕۆ پارتی لهسهر چهندین ئاستی پیرۆزبایی یادی دامهزراندنی له یهكێتیی كرد، ئهمه ئاماژهیهكه بۆ ئهوهی تاڕادهیهك ههردوولا لهسهر دواخستنی ههڵبژاردن كۆكن، بهڵام هیچ لایهكیان نایهوێت بهشێوهیهكی فهرمی بهرپرسیارێتییهكهی بگرێتهئهستۆ. لهحاڵی دواخستنی ههڵبژاردندا، تا ساڵی داهاتوو پارتی سهرۆكایهتی ههرێم و سهرۆكایهتی حكومهتی بهدهستهوه دهمێنێت، یهكێتیی كه تهنیا پۆستی سهرۆكی پهرلهمانی بهدهستهوه بوو، ئهم پۆستهشی بهدهستهوه نامێنێت و بهتهنیا چاوی له جێبهجێكردنی ئهو رێككهوتنه دهبێت كه قوباد تاڵهبانی لهبارهی ئیدارهدانی داهات و خهرجیی لهگهڵ مهسرور بارزانی كردویهتی بۆ گهڕانهوهی تیمی یهكێتیی بۆ ناو كۆبونهوهكانی حكومهت.
(درەو): وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی مانگی ئایاری نەوتی بڵاوكردەوە: 🔹 داھاتی مانگی رابردووی نەوت گەیشتوەتە (7 ملیارو 306ملیۆن) دۆلار. 🔹 بڕی ھەناردەی نەوت (102 ملیۆن و 436ھەزارو 387) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای ھەناردەی رۆژانەی نەوت ( 3 ملیۆن و 305ھەزار) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای نرخ گەیشتوەتە زیاتر لە (71,3) دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک. وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی مانگی نیسانی نەوتی بڵاوكردەوە: 🔹 داھاتی مانگی رابردووی نەوت گەیشتوەتە (7 ملیارو 796ملیۆن) دۆلار. 🔹 بڕی ھەناردەی نەوت ( 98 ملیۆن و 634 ھەزارو 947) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای ھەناردەی رۆژانەی نەوت ( 3 ملیۆن و 288 ھەزار) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای نرخ گەیشتوەتە زیاتر لە (79) دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک.
راپۆرتی: گۆران دوكانی- ئەمریكا "بەشی یەكەم" "پێشەكی" ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بۆ هەموو نەتەوە جیاوازەكان گرنگترین ووڵاتی ستراتیژی سەرئەم زەمینەیە بۆ دروستكردنی لۆبی سیاسی و ئابوری و نەتەوەیی و فەرهەنگی و كەلتوری، بەڵام كورد لەمەشدا نەیپێكا! زۆرینەی كوردەكان لەنزمترین ئاستی ئەم ووڵاتە عوزمایەدا دەژین! "كورد لەكوێی ئەمەریكا دەژی؟" بەپێی زانیاریەكانی ماڵپەڕی The Tennessean نزیكەی 20 هەزار كورد بەتەنها لەشاری ناشڤێڵی ویلایەتی تێنسی دەژین، ئەمەش گەورەترین ڕێژەی دانیشتوانی كوردە Kurdish Community لە ئەمەریكادا ئەمە جگە لەشارەكانی دیكەی ویلایەتی تێنسی وەك شارەكانی مێمفس و ناكسڤێڵ و...هتد، شاری ناشڤێڵ كە بە كوردستانی بچووك Little Kurdistan ناسراوەو ماوەیەك لەمەوبەر بە دەستەخوشكی شاری هەولێریان ناساند، ناشڤێڵ پایتەختی ویلایەتی تێنسیەو هاوكات گەورەترین شاری ویلایەتەكەشە، بەڵام شاری ناشڤێڵ لەسەر ئاستی ئەمەریكادا 40هەمین شاری گەورەیە كەژمارەی دانیشتونی 1,315,000 كەسە بەپێی تازەترین ئاماری ساڵی 2023. ئەوەی پێویستە بیزانین شاری ناشڤێڵی ویلایەتی تێنسی كە گەورەترین ڕەوەندی كوردی لێیە لە كوێی پێشكەوتنەكانی ئەمەریكادایە؟ "ئابووری" شاری ناشڤێڵ و دەوروبەری لەڕوی ئابووریەوە بەرهەمی گشتی ناوخۆیی Gross Domestic Product (GDP) یەكێكە لەو شارە ئابووری لاوازانەی ئەمەریكا كە لەڕیزبەندی ژمارە 29دایە، واتا نزمتر لە 50% بەمانایەكیتر لەكۆی 50 ویلایەت و شارو ناوچەی دیكەی ئەمەریكا 28 شوێنی باشتر لەڕوی ئابووریەوە لە شاری ناشڤێڵ هەیە. "كەلتووری" ویلایەتی تێنسی كە زۆرترین كورد لێ نیشتەجێیە خودی ئەمەریكیەكان خۆیان بە بەشێكی دانیشتوانی ئەم ویلایەتە دەڵێن هێڵبیڵی Hillbilly واتا خەڵكی شاخاوی و دەشتەكی دواكەوتو (هەرچەند ئەم وشەیە نیگەرانیەكی زۆری لای بەشێك لە خەڵكی ئەمەریكا دروست كردوە) "هێڵبیڵیەكان كێن؟" هیڵبیلی Hillbilly زاراوەیەكە (زۆرجار سووكایەتیپێكردنە) بۆ ئەو كەسانەی كە لە ناوچە گوندنشین و شاخاوییەكانی ئەمریكادا دەژین، بە پلەی یەكەم لە ناوچەی ئەپالاچین. لەگەڵ كۆچكردنی خەڵك بۆ دەرەوەی ناوچەكە لە سەردەمی خراپیی ئابووریی گەورەدا، ئەم زاراوەیە لەگەڵ ئەوان بەرەو باكوور و ڕۆژئاوا بڵاوبووەوە. سەرچاوە: "ویكیپیدیا" تێبینی/ ویلایەتی تێنسی و شاری ناشڤێڵ دەكەونە ناوچەی ئەپالاچینەوە كە ژمارەیەك لە هێڵبڵیەكانی تیادە دەژین. هەروەها ویلایەتی تێنسی یەكێكە لەو ویلایەتانەی ئەمەریكا كەخەڵكانێكی Redneck ڕێدنێكی تێدا دەژی بەتایبەت شاری ناشڤێڵ و دەوروبەری. "بەكێ دەوترێت ڕێدنێك؟" مل سوور یان گەردن سوور Redneck زاراوەیەكی سووكایەتیپێكردنە بە شێوەیەكی سەرەكی، بەڵام بە تایبەت نییە، بۆ ئەمریكییە سپی پێستەكان بەكاردێت كە بە چەقۆكێش و نائاسایی هەستیان پێدەكرێت، پەیوەندییەكی نزیكیان بە سپیپێستە گوندنشینەكانی باشووری ئەمەریكاوە هەیە. ڕەنگە مانای ئەوان لە سووتاوی خۆرەوە سەرچاوەی گرتبێت كە لەسەر ملی جووتیاران دۆزرایەوە كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ كۆتایی سەدەی نۆزدەهەم. سەرچاوە: "ویكیپیدیا" "گروپە كوردە مافیاكەی شاری ناشڤێڵ" نەتەوەكانی دیكەی جیهان كە لەئەمەریكادا دەژین جگە لەوەی داهێنان و پێشڤەچون بەخۆیانەوە دەبینن هاوكات كاردەكەن بۆ پێكەوەژیان و ڕاهاتن لەناو ئەو ژینگە هەمەجۆرە سیاسیە، ئابووریە، كەلتوریە، فەرهەنگیەی ئەمەریكادا كەچی لەم شارەی ئەمەریكا كە زۆرترین ڕێژەی كوردی لێ نیشتەجێیە كۆمەڵێك چەتەو مافیای گەنجی كورد نازناوی كوردیان لای ئەمەریكیەكان بەگشتی و خەڵكی ویلایەتی تێنسی و شاری ناشڤێڵ ناشرین كردبوو بە دروستكردنی گروپێكی مافیای كوردی بەناوی (باندی شانازی كورد) Kurdish Pride Gang كە كاری ئەم گروپە كوشتن و چەتەو دزێتی و ڕێگری بوو بەرامبەر خەڵكی شارەكە، تاكو لەم ساڵانەی دوایدا لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركران. لەهەمووشی سەیرتر بەشێك لەكوردەكانی شاری ناشڤێڵ شانازیان بەم تاقمە چەقۆكێش و مافیایەوە دەكرد. ببینن گەورەترین ڕۆژنامە لەسەر ئاستی هەموو جیهاندا (نیویۆرك تایمز) چی دەربارەی ئەم گروپە مافیا كوردەی شاری ناشڤێڵ دەڵێت: "دوای زنجیرەیەك تاوانی گەورەو خۆكوشتنی تۆمەتبارێكی هەرزەكار و چوار دەستگیركردنی پەیوەست بەهەوڵی كوشتنی پۆلیسێك، باندی شانازی كورد بووەتە مایەی شەرمەزاری و بێزاری قووڵ!" "سەلامەتی" بەشێك لەشارەكانی ئەمەریكا هەر لەكۆنەوە بەشاری تاوانكاری ناسراون و بۆ ژیان كردن سەلامەت نین هەربۆیە گرنگە لەئەمەریكادا ئەو شارەی لێی دەژیت لەڕووی تاوانەوە شارێكی سەلامەتبێت هەروەك خودی ئەمەریكیەكان خۆیان شوێنی نیشتەجێبون و تەنانەت لە ئیش و كاروباری ڕۆژانەشدا بۆهەر شتێك دەڵێن: سەلامەتی پێش هەرشتە First Safety بەڵام لەویلایەتی تێنسیدا لەدوای شاری ناشڤێڵ شاری مێمفس دووەم شاری گەورەی ویلایەتەكەیە كەبەشێك لە كوردەكانی ویلایەتی تێنسی جگە لەشاری ناشڤێڵ لەشاری مێمفێس دەژین، لەكاتێكدا شاری مێمفێس بەپێی داتاكانی تاوان لە ساڵی 2023دا دووەمین شارە لەسەر ئاستی هەموو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكادا كە زۆرترین ڕێژەی تاوانی تێدا ئەنجام دەدرێت!، شاری ناشڤێڵیش لەسەر ئاستی 100 ترسناكترین شاری ئەمەریكادا كە تاوانیان تێدا ئەنجام دەدرێت لەڕیزبەندی ژمارە 45دایە!، تەنانەت لە هەردوو شارە گەورەكەی ویلایەتی میزۆریشدا (سانت لیویس و كەنساس سیتی) كە ژمارەیەك كوردی زۆری لێ نیشتەجێیە بەڵام ئەم دوو شارە لە پلەی پێنجەم و شەشەم ترسناكترین شاردان لەسەر ئاستی هەموو ئەمەریكادا. "پرسیار" ئێستا زانیمان گەورەترین ڕەوەندی كوردی لەكوێی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكادا دەژین، لەكاتێكدا باسی نەتەوە ڕۆشنبیرو پێشكەوتوەكانی دیكەی جیهان ناكەین كە لەئەمەریكادا دەژین تەنها باسی چەند نەتەوەیەكی جیهانی سێهەم (هەژارنشین) دەكەین، بۆ نموونە: گەورەترین ڕەوەندی نیپاڵی و بەنگلادیشیەكان لە ئەمەریكادا لە شاری نیویۆرك سیتیە! گەورەترین ڕەوەندی ڤێنزویلیەكان لەشاری مەیامیە، گەورەترین ڕەوەندی فلیپینی لەشاری دایڵی كالیفۆرنیایە، تەنانەت گەورەترین ڕەوەندی ئەفغانی لەشاری فریمۆنتی كالیفۆرنیایە كە بەدووری تەنها 25 خولەك دەكەوێتە نێوان هەردوو شاری سان فرانسیسكۆی ناسراو بە شاری ئایتی لەسەر ئاستی جیهان و دۆڵی سلیكۆن Silicon Valley كە دەكەوێتە شاری سان هۆزەی شوێنی دامەزراوە تەكنەلۆجیاكانی جیهان و گەورە كۆمپانیاكانی ئەمەریكا لە نموونەی گوگڵ و ئەپڵ و فەیسبووك و یاهۆو ئەمەزۆن و تێسڵاو سەنتەری زانكۆی ستانفۆردو سەنتەری توێژینەوەی ناسا. تەنانەت توركەكان گەورەترین ڕەوەندیان دەكەوێتە شاری پاترسنی ویلایەتی نیوجەرسی كەتەنها 22 مایەڵ لە سەنتەری بازرگانی جیهانی نیویۆركەوە دورە!، فارسەكانیش گەورەترین ڕەوەندیان لەشاری لۆس ئەجڵیسی ویلایەتی كالیفۆرنیایە. سەرچاوەكان: - ماڵپەڕی The Tennessean - ماڵپەڕی Macrotrends - ماڵپەڕی Wikipedia - ماڵپەڕی The New York Times - ماڵپەڕی World Population Review
درەو: بڕیارە رۆژی 11/6/2023 دادگای فیدراڵی لە سەر سكاڵاكانی یەكێتی كۆببیـَتەوە كە تایبەتە بە پرسی (كورسی كۆتاكان، سیستمی هەڵبژاردن و یەك بازانەیی، تۆماری دەنگدەران) لە سەرەتای ئەم مانگەدا یەكێتی لە رێگەی سەرۆكی فراكسیۆن و بریكارنامەكانیەوە ژمارەیەك سكاڵای لەسەر سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان تۆماركردووە، كە تایبەتن یاسای هەڵبژاردنەكان لە هەرێمی كوردستان: - كورسی كۆتاكان لە هەرێمی كوردستان - تۆماری دەنگدەران و سیستەمی تۆماری پەڕاوی - سیستەمی هەڵبژاردن و یەك بازنەیی لە هەرێمی كوردستان بەپێی زانیارییەكانی (درەو) بڕیارە رۆژی 11/6/2023 دانیستنی دادگای فیدراڵی لەسەر ئەو سكاڵایانەی یەكێتی بەڕێوەبچێت. دوێنێ دادگای فیدراڵی بڕیاری كۆتایی لەسەر درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان راگەیاندو بە نادەستوری لەقەڵەمدا، هەموو ئەو بڕیار و یاسایانەی بە پوچ ناوبرد كە لەدوای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستانەوە دەركراون.
(درەو): تائێستا سەرۆكایەتییەكانی هەرێمی كوردستان بێدەنگیان هەڵبژاردووە سەبارەت بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی تایبەت بە هەڵوەشانەوەی پەرلەمانی كوردستان، ئێستا مەكتەبی سیاسی پارتی بەسەرۆكایەتی مەسعود بارزانی لە كۆبوونەوەدایە، ئەمڕۆش بەسەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی، كارگێڕانی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی كۆدەبێتەوە. دوێنێ دادگای فیدراڵی بڕیاریدا بە نادەستوریبوونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان و هەموو بڕیارو یاساكانی پەرلەمانی لەو ماوەیەی كە تەمەنی درێژكردووەتەوە بە پوچهڵ و هەڵوەشاوە ناوبرد. پێشتر دادگای فیدراڵی چەند بڕیارێكی لە دژی هەرێمی كوردستان دەركرد، لە 15ی شوباتی 2022 بڕیاریدا بە نادەستوریبوونی یاسای نەوت و گازی هەرێم و نایاساییبوونی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم، ئەوكات حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند نەبوو پێیەوەو نەوتی رانەگرت تا بڕیارەكەی دادگای ناوبژیوانی لە پاریس دهرچوو، توركیا ههناردهی نهوتی راگرت، دواتر لە 25/1/2023 دادگای فیدراڵی بڕیاری نایاسایبوونی ناردنی پارەی لە بەغداوە بۆ هەرێم دەركرد، ئەوكات مەسعود بارزانی دادگای فیدراڵی بە (محكمة الثورة)ی رژێمی پێشووی ناوبردو سەرۆكایەتییەكانی هەرێمیش بەیاننامەیان لە دژی دەركرد. تائێستا سەرۆكایەتییەكانی (هەرێم، پەرلەمان، حكومەت، دادوەریی) هیچ لێدوان و قسەو كاردانەوەیەكیان بەرامبەر بە بڕیارەكەی دوێنێی دادگای فیدراڵی نییه، نازانن رەتیبكەنەوە یان پابەند پێیەوە. بە پێی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی پەرلەمان هەڵوەشاوەتەوەو حكومەت كاربەڕێكەرەو سەرۆكایەتی هەرێمیش دەبێت لەماوەیەكی دیاریكراودا داوا لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق بكات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن. هێشتا پارتی و یەكێتیی و بەشێك لە حزبەكان بەرەسمی رای روونیان لەسەر بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی نەبووە، نە رەتیان كردووەتەوەو نە پشتیوانیان كردووە. • پارتی دیموكراتی كوردستان دوێنی بە ناڕاستەوخۆ لە رێگەی وتەبێژەكەوە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە بەڵام زیاتر جەختكردنەوە بوو لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و خۆی بەدوور گرتبوو لە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی و ناوهێنانی، بۆیە لە ئێستادا مەكتەبی سیاسی پارتی بەسەرۆكایەتی بارزانی و ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی لە كۆبوونەوەدایە، بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی رەتیبكاتەوە یان پابەند بێت پێیەوە، سەرچاوەیەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند، لەئێستادا رەتكردنەوەی بە زیان بۆ پشكی هەرێم لە یاسای بودجەدا دەگەڕێتەوە بۆیە پارتی خۆی لێبەدوورگرتووە، بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بەشێكی زۆری لە قازانجی پارتییە، بەڵام پابەند بوون پێیەوە زیانی گەورە بە قەوارەی هەرێم دەگەیەنێت و رەنگە بڕیاری توندتری بەدواوە بێـت. • تائێستا یەكێتیی نیشتمانی كوردستان وەك حزب و وەك نوێنەرانی لە حكومەت و پەرلەمان هیچی لەسەر نەوتووە، بڕیارە ئەمڕۆ یەكێتیی لە رێگەی كارگێرانی مەكتەبی سیاسی و بەسەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی لە سلێمانی كۆببێتەوە، سەرچاوەیەك لە یەكێتیی بە (درەو)ی راگەیاند: یەكێتی بڕیارەكەی پێ باشە، لەلایەك ستۆپكردنە بە پارتی كە بە نایاسایی كۆمسیۆنی كاراكردەوەو لە ئەنجومەنی دادوەریش تێیپەڕاندووه، لەلایەكیش سەرۆكی كۆمسیۆنی عێراق لە یەكێتیەو بۆ یەكێتیی كۆمسیۆنی عێراق باشترەو داوای یەكێتی هەر ئەوەبووە. • تا ئێستا یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان بێدەنگن و هیچ لێدوان و قسەیەكیان لەسەر بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی نەكردووە. • نەوەی نوێ هەرزوو پشتیوانی لە بڕیارەكە كردو جگە لە سكاڵاكەی د. یوسف محەمەد، نەوەی نوێ سێ سكاڵای كردبوو لە دادگای فیدراڵی عێراق. • كۆمەڵی دادگەریی بەیاننامەیەكی دەركردو بەرپرسانی هەرێمی كوردستانی بەرپرسیار كرد لە دروستبوونی ئەو بارودۆخەو دەرچواندنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی.
راپۆرت: درەو لەماوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەماندا (6) كەس وەكو ئەندامی پەرلەمان سوێندی یاساییان خواردووە، ئەمانە بەبڕیاری دادگای فیدراڵی سوێنەكەیان هەڵوەشایەوەو موچەی خانەنشینی پەرلەمانتاریش نایانگرێتەوە. هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان گۆڕانكارییە وەزارییەكانی پارتیو یەكێتیی لە حكومەت رادەگرێت، لەدوای رادەستكردنی نەوت، هەرێمی كوردستان پرۆسەی هەڵبژاردنیشی رادەستی عێراق كرد، بڕیاری دادگای فیدراڵی لەوەدا لە سودی یەكێتییە كە كۆمسیۆنی عێراق هەڵبژاردن بەڕێوەببات، پارتیش لەوەدا براوە دەبێت هەڵبژاردن بە یاسا كۆنەكە دەكرێت، یەك بازنەیی وەكو خۆی دەمێنێتەوەو كورسی كۆتاكانیش بەشی سلێمانی لێنادرێت. وردەكاری لێكەوتەكانی بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی لەم راپۆرتەدا. پەرلەمانی درێژكراوە هەڵوەشایەوە نزیكەی 15 مانگ مشتومڕو ناكۆكی پارتیو یەكێتیی لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، بە هەڵوەشاندنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمان كۆتایی هات، بەبێ ئەوەی پەرلەمانی ماوەدرێژكراوە بتوانێت كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كارا بكاتەوەو یاسای هەڵبژاردن هەموار بكات. دوای زیاتر لە 5 مانگ دانیشتنی دادبینیو دواخستن، دواجار ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری خۆی لەبارەی ئەو سكاڵایانە راگەیاند كە لەبارەی درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان تۆماركرابوون. دادگای فیدراڵی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستانی هەڵوەشاندەوە، بەمەش هەموو ئەو یاساو بڕیارانەی لەدوای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە دەرچوون، هەڵدەوەشێنەوە. سكاڵاكارەكانی كەیسی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لەبەردەم دادگای فیدراڵی بریتی بوون لە هەریەكە لە (یوسف محەمەد) سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، (شاسوار عەبدولواحید) سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، (سروە عەبدولواحید) سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراقو (كاوە عەبدولقادر) سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان. یەكەم دانیشتنی دادگای فیدراڵی لەبارەی ئەم كەیسە لە رۆژی 18ی كانونی یەكەمی 2022 بەڕێوەچوو، تێیدا دادگای فیدراڵی هەموو سكاڵاكانی یەكخست. واتا زیاتر لە پێنج مانگە ئەم كەیسە لەبەردەم دادگادا بوو. دواین دانیشتنی دادگای فیدراڵی لەبارەی كەیسی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی 29ی ئازاری رابردوودا بەڕێوەچوو، ئەمە شەشەم دانیشتنی دادبینی بوو، تێیدا دادگا كۆتایی بە دادبینییەكان هێناو رۆژی 3/5/2023ی دیاریكرد بۆ دەركردنی بڕیار، بەڵام بۆ وەرگرتنی بۆچوونی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، دادگای فیدراڵی جارێكی تر دەرگای دادبینی لە رۆژی 24ی ئەم مانگەدا كردەوەو بڕیاری كۆتایی خۆی بۆ ئەمڕۆ دواخست. وەرگرتنی قسەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق بۆ ئەوە بوو، دەرەچە لەبەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە كوردستان بكرێتەوە ئەگەر هاتوو دادگا بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان. لەگەڵ پەرلەمانی شتی تریش هەڵوەشایەوە ! بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان، هەموو ئەو یاساو بڕیارانە دەگرێتەوە كە لەدوای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە دەرچوون. رۆژی (6ی تشرینی دووەمی 2022) تەمەنی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی هات، واتا لەدوای ئەم رێكەوتەوە هەموو ئەو یاساو بڕیارانەی كە لە پەرلەمانەوە دەرچوون، بە پوچەڵ ئەژماردەكرێن، كە دیارترینیان ئەمانەن: • یاسای ژمارە (13)ی ساڵی 2022 یاسای پەروەردەو فێركردن لە هەرێمی كوردستان-عێراق • یاسای ژمارە (14)ی ساڵی 2022 یاسای ڕێكخستنی مامەڵەكردن لەگەڵ ئاژەڵە ماڵیو بێلانەكان • یاسای ژمارە (15)ی ساڵی 2022 یاسای بەركاركردنو هەمواری پیادەكردنی یاسای واژۆی ئەلیكترۆنیو مامەڵە ئەلیكترۆنییەكان ژمارە (78)ی ساڵی 2012 لە هەرێمی كوردستان-عێراق • یاسای ژمارە (16)ی ساڵی 2022 یاسای هەمواری پیادەكردنی یاسای بەڕێوەبردنی ئەوقافی عێراقی ژمارە (64)ی ساڵی 1966ی هەمواركراو لە هەرێمی كوردستان-عێراق • یاسای ژمارە (17)ی ساڵی 2022 یاسای هەمواری یەكەمی یاسای ئەنجومەنی شورای هەرێمی كوردستان-عێراق ژمارە (14)ی ساڵی 2008 • بڕیاری ژمارە (10)ی تایبەت بە كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی لە هەرێمی كوردستان دەستلەكاركێشانەوەو سوێندخواردن سەرباری هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایانەی لەماوەی درێژكراوەی تەمەنی پەرلەمان دەرچوون، هەموو ئەو دەستلەكاركێشانەوەو سوێندخواردنانەی پەرلەمانتارانیش بە هەڵوەشاوە ئەژماردەكرێت كە لەماوەی درێژكراوەی تەمەنی پەرلەماندا كراون. لەماوەی درێژكراوەی پەرلەماندا، ژمارەیەك پەرلەمانتار دەستیانلەكاركێشایەوە، كە ئەمانەن: - شایان عەسكەری - عەلی حەمەساڵح - كازم فاروق - شێركۆ جەودەت- یەكگرتوو - هلز ئەحمەد- یەكگرتوو - ئەبوبەكر هەڵەدنی- یەكگرتوو - سەرچنار ئەحمەد- یەكگرتوو - ئیسماعیل سگێری- یەكگرتوو ژمارەیەك پەرلەمانتاری نوێ لە شوێنی دەستلەكاركێشاوەكان سوێندی یاساییان خوارد، بڕیاری ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی سوێندەكەی هەڵوەشاندنەوە، بەم پێیە ئەم كەسانە نابن بە پەرلەمانتارو موچەی خانەنشینی پەرلەمانتاریش نایانگرێتەوە، ئەو كەسانە ئەمانەن: - سۆز عەبدولقادر- لیستی گۆڕان - دلێر عەبدولخالق- لیستی گۆڕان - مەهدی خاكی- لیستی نەوەی نوێ - عەبدوڵا وەرتی- لیستی بەرەو ئیسڵاح (بزوتنەوەی ئیسلامی) - لەیلا عەلی عەبدولعەزیز- لیستی بەرەو ئیسڵاح (بزوتنەوەی ئیسلامی) - بێریڤان فەقی ئیسماعیل- لیستی بەرەو ئیسڵاح (یەكگرتوو بوو، وازی هێناو بوو بە پەرلەمانتار) كێ هەڵبژاردن لە كوردستان بەڕێوەدەبات ؟ رۆژی 22ی ئەم مانگە پارتی دیموكراتی كوردستان بەبێ رەزامەندی یەكێتیی نیشتمانیو لایەنەكانی تر، درێژەی بە كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستاندا، تێیدا زۆرینەی بەكارهێناو كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی هەرێمی كوردستانی كاراكردەوە، ئەم بڕیارە لەلایەن وەزارەتی دادەوە لە رۆژنامەی "وەقایع"ی كوردستان بڵاوكرایەوە. پەلەكردنی پارتی بۆ ئەوە بوو، پێش بڕیاری دادگای فیدراڵی بكەوێتو كۆمسیۆن كارا بكاتەوە، بەڵام بەگوێرەی بڕیاری ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی، كۆبونەوەی 22ی ئەم مانگەی پەرلەمانی كوردستان بە هەڵوەشاوە ئەژمار دەكرێت، واتا دادگای فیدراڵی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی هەرێمی هەڵوەشاندەوە، چونكە دادگا لە حوكمەكەیدا دەڵێ: هەموو ئەو یاساو بڕیارانەی لەدوای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە دەرچوون، پوچەڵن. ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی لە بەرژەوەندی یەكێتیی نیشتمانی شكایەوە، چونكە یەكێتیی دژی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان بوو، سەرۆكی پەرلەمان (رێواز فایەق) كە سەربە یەكێتییە، دانیشتنەكەی 22ی مانگی هەڵگرت، بەڵام هێمن هەورامی جێگری كە سەربە پارتییە، درێژەی بە دانیشتنەكەدا، ئەمە ناكۆكییەكی تری لەنێوان پارتیو یەكێتیی دروستكرد. بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی گورزێكیش بوو كە بەر ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان كەوت وەكو دەسەڵاتی سێیەم لەئاستی هەرێم، چونكە رۆژی یەكشەممەی ئەم هەفتەیە، ئەنجومەنی دادوەریی هەرێم سەرباری دژایەتی سەرۆكی پەرلەمان، نوسراوی هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی جێبەجێكردو لەسەر ئەو بنەمایە سوێندخواردنی دوو ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێمی پەسەند كرد، بۆ پەسەندكردنی بڕیارەكەی هێمن هەورامی، ئەنجومەنی دادوەریی تەنانەت نیسابی یاسایی خۆشی شكاند. ئێستا كە ئیتر دادگای فیدراڵی پەرلەمانی كوردستانی هەڵوەشاندوەتەوە بە كۆبونەوەی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنیشەوە، سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان رادەستی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەكرێت. بەر لەوەی دادگای فیدراڵی بڕیاری كۆتایی خۆی دەربكات، یەكێتیی بەپێی رێككەوتنێك كە لەگەڵ پارتی كردبووی، داوای دەكرد كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستانو هەمواری یاسای هەڵبژاردن پێكەوە لە یەك رۆژدا لە پەرلەمان ئەنجام بدرێن. پارتیو یەكێتیی لەسەر كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان بە هەمان پێكهاتەی خۆیەوە رێككەوتن، بەڵام لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن بەدیاریكراویش لەسەر بابەتی چۆنیەتی دابەشكردنی (11) كورسییەكەی "كۆتا"ی پێكهاتەكان ناكۆك بوون، ئەم ناكۆكییە درێژەی كێشا تا ئەوكاتەی دادگای فیدراڵی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە. سەرباری ئەوەی بە فەرمی هیچ قسەیەكی لەوبارەیەوە نەكردووە، بەڵام یەكێتیی دڵخۆشە بەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق پرۆسەی هەڵبژاردن لە كوردستان بەڕێوەببات، بەتایبەتیش كە بەمدواییە دادوەرێكی خەڵكی سلێمانی كراوە بە سەرۆكی كۆمسیۆنەكەی عێراق. بەكام یاسا هەڵبژاردن دەكرێت ؟ ئەگەر هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە لەو بابەتەدا بە سودی یەكێتیی نیشتمانی شكابێتەوە كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێم بەڕێوەببات، ئەوا لەبەرامبەردا لەوەدا بە زیانی یەكێتیی دەشكێتەوە كە هەڵبژاردنەكە دەبێت بە یاسای پێشووی هەڵبژاردنەكان بكرێت. لەماوەی 15 مانگی رابردوودا یەكێتیی چووە ناو كێشمەكێشێكی زۆرەوە لەگەڵ پارتی لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكانی كوردستان، لەم كێشمەكێشو دانوستانانەدا پارتی قایل كرد بەوەی هەڵبژاردن بەشێوەی "فرە بازنە" بەڕێوەبچێت، سەرباری ئەمە لە پرسی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكاندا، لەكۆی (11) كورسی پەرلەمان داوای دەكرد (4) كورسی بدرێت بە سنوری سلێمانی، لەسەر ئەم بابەتە تاڕادەیەك گەرەنتی بەدەستهێنانی (2) كورسی كۆتاكانی كرد. بەڵام ئێستا كە دادگای فیدراڵی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستانی هەڵوەشاندوەتەوە بەبێ ئەوەی پەرلەمان یاسای هەڵبژاردنی هەمواركردبێتەوە، ئیتر دەبێت بۆ سازدانی هەڵبژاردن پەنا بۆ یاسا كۆنەكەی هەڵبژاردن ببرێت، ئەمەش لە بەرژەوەندی پارتییە، بەتایبەتیش كە یاساكە شێوازی (یەك بازنە)ی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە كوردستان دیاریكردووە، ئەم شێوازە یەكێتییو زۆرینەی لایەنەكانی دژی بوون، چونكە پێیانوابوو لە شێوازی (یەك بازنە)یدا پارتی دەتوانێت جارێكی تر (زۆرینە) لەناو پەرلەمانی كوردستان دروست بكات. سەرباری ئەمە، بەپێی یاسای هەڵبژاردن بەبێ هەموار، 11 كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان وەكو خۆی لە سنوری هەولێرو دهۆكدا دەمێنێتەوەو هیچ كورسییەكی بە سلێمانیو ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتیی نادرێت. یەكێتیی لەم مانگەدا لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سێ سكاڵای لەسەر یاسای هەڵبژاردنەكان تۆماركردووە، هێشتا دانیشتنی دادبینی لەسەر ئەم سكاڵایانە بەڕێوەنەبردووە، رەنگە ئەمە هەندێك كێشە دروست بكات، هەرچەندە ئیتر پەرلەمانێك نەماوە بۆ ئەوەی یاسای هەڵبژاردن هەمواربكاتەوە بەوشێوەی كە یەكێتیی دەیەوێت. هەڵبژاردن دەكرێت ؟ رۆژی 24ی شوباتی 2022 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆژی 1ی تشرینی یەكەمی 2022ی وەكو وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیاریكرد، لە ئایار بۆ ئابی 2022 لایەنە سیاسییەكان بەدیاریكراویش (پارتیو یەكێتیی) چونە ناو زنجیرەیەك كۆبونەوە بۆ رێككەوتن لەسەر سازدانی هەڵبژاردن، بەڵام رێكنەكەوتن، بەمشێوەیە سازدانی هەڵبژاردنی لە رۆژی 1ی تشرینی یەكەمی 2022دا لەبارچوو. رۆژی (6ی تشرینی دووەمی 2022) تەمەنی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی هات. نزیكەی مانگێك بەر لە تەواوبوونی تەمەنی یاسایی خۆی، پەرلەمان لە رۆژی 9ی تشرینی یەكەمی 2022دا لە دانیشتنێكدا بۆ ماوەی (یەك ساڵ) تەمەنی خۆی درێژكردەوە. بەدەنگی (80) پەرلەمانتاری فراكسیۆنەكانی (پارتی، یەكێتی، هەشت پەرلەمانتاری گۆڕان، پێكهاتەكان) تا كۆتایی وەرزی پایزەی 2023 تەمەنی پەرلەمانی كوردستان درێژكرایەوە. درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بەبەهانەی ئەوە بوو بۆشایی یاسایی دروست نەبێت تا ئەوكاتەی لایەنەكان لەسەر هەڵبژاردن دەگەنە رێككەوتن، درێژكردنەوەیەك كە عاقیبەتی باش نەبوو، دادگای فیدراڵی هەڵیوەشاندەوە. 26ی مانگی ئازاری ئەمساڵ، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم بۆ جاری دووەم وادەی هەڵبژاردنی دیاریكردەوە، ئەمجارە رۆژی 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی دیاریكرد، ئەم وادەیەش لەبەردەم ئەگەری دواكەوتنێكی تردایە، بەتایبەتی ئەگەر دوای بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی، پارتیو یەكێتیی لەسەر سازدانی هەڵبژاردن بە كۆمسیۆنی عێراقو یاسا كۆنەكە نەگەنە رێككەوتن. ئەم دۆخە نوێیە گەڕێكی نوێی دانوستانی دەوێت لەنێوان پارتیو یەكێتییو لایەنەكانی تر، كە دیار نییە چەند مانگ دەخایەنێت. حكومەت بەبێ پەرلەمان! كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتیی دەكات لە رۆژی 6ی تشرینی دووەمی 2022وە بووە بە حكومەتی كاربەڕێكەر، چونكە پەرلەمان وادە یاساییەكەی تەواو بووە. ئێستا كە دادگای فیدراڵی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە، سەرباری بڕیارەكە لێكەوتی لەسەر چارەنوسی هەڵبژاردنێكی نوێ لە كوردستان دەبێت، كاریگەریی لەسەر بەڕێوەچوونی كاروبارەكانی كابینەی نۆیەمیش دەبێت، چونكە: • پۆستێكی یەكێتیی لە حكومەت كە پۆستی وەزارەتی (هەرێم بۆ پەیوەندییەكانی هەرێمو بەغداد) چۆڵ بووە، وەزیری ئەم وەزارەتە خالید شوانی بوو، ئەم پیاوە پۆستی وەزارەتی دادی عێراقی وەرگرتو پۆستەكەی چۆڵ بوو، لەوكاتەوە پڕنەكراوەتەوە، یەكێتیی دوای گەڕانەوەی بۆ ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران چاوی لەوە بوو لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا ئەم پۆستە پڕبكاتەوە، بەڵام كە ئێستا پەرلەمان هەڵوەشاوەتەوە، هیچ دەرفەتێك بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكە نەماوەتەوە. • وەزیری پێشمەرگە (شۆڕش ئیسماعیل) كە سەربە یەكێتییە، دەستی لە پۆستەكەی كێشاوەتەوە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت دەستلەكاركێشانەوەكەی پەسەندكردووەو ناوی كاندیدی شوێنگرەوەی ئەم پۆستەی كە (رێباز بێركۆتی)یە ناردووە بۆ پەرلەمان بەمەبەستی پێدانی متمانە، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەبێتە هۆی ئەوەی یەكێتیی جێگۆڕكێكە نەكات، هیچ دەرفەتێك لەبەردەم یەكێتییدا نامێنێت جگە لەوەی قایل بێت بە گەڕانەوەی شۆڕش ئیسماعیل، ئەمەش ئەگەر مەسرور بارزانی رەزامەندی لەسەر بدات. • پارتی لەدوای كۆنگرەی 14ی خۆیەوە بڕیاریدا ئەوانەی پۆستی ئەندامی مەكتەبی سیاسی وەردەگرن دەبێت دەست لە پۆستە حكومییەكانیان بكێشنەوە، (پشتیوان سادق) وەزیری ئەوقاف بووە بە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی، بڕیاربوو لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی یەكێتیدا ئەویش لە پۆستەكەی لابچێتو (ئەحمەد كانی) شوێنەكەی پڕبكاتەوە، بەڵام هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی كوردستان تەگەرە بۆ ئەم گۆڕانكارییەش دروست دەكات. سەرباری گۆڕانكارییە وزارییەكان، بڕیاربوو پارتی لەناو پەرلەمانی كوردستانیش گۆڕانكاری بكات، هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان لەدوای كۆنگرەی 14ی پارتی بوو بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی، دەبوو دەستلەكاربكێشێتەوەو (زانا مەلا خالید) شوێنەكەی پڕبكاتەوە، ئەمەش بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانەوە روونادات، بەڵام كۆتاییهاتنی خولی پێنجەم بە بڕیاری دادگای فیدراڵی دەرفەتی ئەوە بە هێمن هەورامی دەدات ئیتر لەمەودوا خۆی بۆ كاروبارەكانی مەكتەبی سیاسی پارتی یەكلابكاتەوە.
درەو: دادگای فیدراڵی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستانی بە نادەستوری ناوبرد - هەموو یاسایەك كە لە دوای 6/11/2022 ەوە دەرچووە هەڵدەوەشێتەوە - دەستلەكاركێشانەوەو سوێندخواردنی پەرلەمانتاران هەڵدەوەشێتەوە - كۆبوونەوەی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنیش هەڵدەوەشێتەوە د. یوسف محەمەد سادق سەرۆكی پێشوی پەرلەمانی كوردستان یەكێك لە سكاڵاكارانی كەیسی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لە دادگای فیدراڵی بۆ (درەو): دادگای فیدراڵی یاسای درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستانی هەڵوەشاندەوە، واتا لە رۆژی 6/11/2022 ەوە پەرلەمانی كوردستان شەرعیەتی نەماوە. واتا لە رۆژی 6/11/2022 ەوە هەر یاسا و رێوشوێنێك لە پەرلەمانی كوردستان گیرابێتە بەر هەڵدەوەشێتەوە، بە دەستلەكاركێشانەوەو سوێندخواردنی پەرلەمانتاران و دەركردنی یاساكان و تا دەگاتە كۆبوونەوەكەی 22ی مانگ و بابەتی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی كوردستان. دوای ماندووبونێكی زۆر جێگەی خۆشحاڵیمانە دادگای فیدراڵی ئەو بڕیارەی دەركرد، هیوادارین ئەمە ببێتە هۆی ئەوەی جارێكی تر درێژكردنەوەی پەرلەمان لە هەرێمی كوردستان كۆتایی بێت، هیوادارین لەمەودوا هەڵبژاردن بە خاوێن لە كوردستان بەرێوە بچێت.
(درەو): كۆبوونەوەكەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت تەواو بوو، پارتی داوای گۆڕینی چەند خاڵێكی راپۆرتەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كردووە، یەكێتيی لەسەر گۆڕینی بڕگەی پارێزگاكان ناڕازیبووه، لایەنی شیعە وتویانە ناتوانین راستەوخۆ بڕیاری لیژنەی دارایی بگۆڕین. ئێوارەی ئەمڕۆ لەماڵی فوئاد حسێن ئەندامی مەكتەبی سیاسی و وەزیری دەرەوەی عێراق لە بەغداد، هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت كۆبووهوە، لە كۆبوونەوەكەدا وەفدی یەكێتیی و پارتی بەشداربوون، فوئاد حسێن ناڕەزایی سەركردایەتی پارتی گەیاند بە سەركردەكانی ئیدارەی دەوڵەت لەسەر بڕیارەكانی لیژنەی دارایی عێراق سەبارەت بە پشكی هەرێمی كوردستان، پارتی داوایكردووە رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد لە رەشنوسی یاسای بودجەدا جێگیربكرێت و لە شوێنی راپۆرتەكەی لیژنەی دارایی دابنرێت، نیگەرانییەكانی خۆشی لەسەر چەند بڕگەیەكی راپۆرتەكەی لیژنەی دارایی راگەیاند، لەوانە: • بڕگەی تایبەت بە پاشەكەوت- بڕگەی (12) لەماددەی (14): وەفدی پارتی لەگەڵ ئەوە بوون (ئەگەر ئەو بڕگەیە وەك خۆی بمێنێتەوە، دەبێت پارەی تر خەرجبكرێت بۆ دانەوەی پاشەكەوت، نەك هەر لەسەر ئەو بڕە پارەیە بێت كە بۆ پشكی هەرێم دانراوە). • سەبارەت بە نەوتی پارێزگاكانی كەركوك و نەینەوا- بڕگەی (10) لە ماددەی (14): وەفدی پارتی داوایكردووە ئەو بڕگەیە لاببرێت كە رێگری دەكات لە دەرهێنانی نەوتی كەركوك و نەینەوا لهو بیرانهی ئێستا لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتی هەرێمدان، بەتایبەت بیرە نەوتییەكانی (خۆرمەڵەو كۆرمۆر). • سەبارەت بە ناردنی بودجە بۆ پارێزگای ناڕازی- بڕگەی (9) لە ماددەی (14): وەفدی پارتی لە كۆبوونەوەكەدا رایگەیاندووە، رازی نین بەو ماددەیە كە باس لەوە دەكات راستەوخۆ بودجە بنێردرێت بۆ پارێزگای ناڕازیی، بەڵام وەفدی یەكێتیی وتویانە (بەهیچ شێوەیەك رازی نابین دەستكاری ئەو بڕگەیە بكرێت)، لایەنە شیعەكانیش پشتیوانیان لە نوێنەری یەكێتیی كردووە لەسەر ئەم بڕگەیە. • سەبارەت بە دەسەڵاتی خەرجكردنی پارەی نەوت- بڕگەی (1) لە ماددەی (14): وەفدی پارتی زۆرتوندبوون لەسەر ئەم بڕگهیه، وتویانە (بەهیچ شێوەیەك رازی نابین وەزیری دارایی عێراق لەژێر چاودێری دیوانی چاودێریی، دەسەڵاتی خەرجكردن بدات به سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان). نوێنەرانی لایەنە شیعەكان تا ئاستێك بەڵێنی ئەوەیان داوە. سەبارەت بە تێبینی و سەرنجەكانی دیەكەی نوێنەری پارتی لە كۆبوونەوەكە. لایەنەكان وتویانە لەگەڵ پەرلەمانتارهكانیان قسە دەكەن، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، چاوەڕوان دەكرێت چەند بڕگەیەك گۆڕانكاری تێدا بكرێت، بەڵام وەفدی یەكێتیی سووربوون لەسەر ئەوەی بڕگهكانی تایبەت بە (خەرجكردنی پارەی بۆ پارێزگای ناڕازیی و دانەوەی پاشەكەوتی موچە) لە رەشنوسی بودجەدا بمێنێت. دەقی ماددەكانی (13-14)ی یاسای بودجەی گشتی عێراق كە تایبەتن بە پشكی هەرێم و ئیلتیزاماتی هەرێم، بڕیارە رۆژی شەممە لە پەرلەمان پەسەند بكرێت، ئهمانهن. ماددەی 13: یەكەم: پاكتاوی حساباتی ساڵەكانی 2004 بۆ 2022 لە نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمدا ئەنجام بدرێت. دووەم: ٲ- حكومەتی هەرێم پابەند بێت بە هەناردەكردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە رێگەی سۆمۆ یاخود بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی، داهاتەكەشی وەكو داهاتی كۆتایی گەنجینەی فیدراڵی تۆمار دەكرێت. ب- حكومەتی هەرێم پابەند بێت بە ناردنی داهاتە نانەوتییەكان بۆ خەزێنەی حكومەتی فیدراڵی. ج- حكومەتی ناوەند پابەند بێت بە ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێم. د- حكومەتی هەرێم پابەند دەكرێ قەرزەكانی بانكی بازرگانی عێراقی (TBI) بداتەوە بە قیستی مانگانە، كە لای بانكە حكومی و ئەهلییەكانەوە هەیە، بە قیستی مانگانانە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە لەم ساڵەوە بۆ ماوەی (٥) ساڵ. ماددەی 14: یەكەم: داهاتی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە هەژمارێكی بانكیدا لە بانكی ناوەندی عێراق دادەنرێت بەبێ هیچ لێبڕینێك، وەزاری درایی لەژێر چاودێری دیوانی چاودێری دارایی، دەسەڵاتی خەرجكردن دەداتە سەرۆكی حكومەتی هەرێم. دووەم: دیوانی چاودێری دارایی عیراق بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و هەماهەنگی نێوان هەردوو وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەكان، وردبینی لەو هەژمارەدا دەكات كە لە بڕگەی یەكەمدا هاتووە. سێ یەم: لەلایەن كۆمپانیایەكی وردبینیی نێودەوڵەتییەوە وردبینیی لەو هەژمارەدا دەكرێت كە لە بڕگەی یەكەمدا هاتووە، ئەو كۆمپانیایە راپۆرتی خۆی پیشكەش بە دیوانی چاودێری دارایی عیراق و هەرێم دەكات. چوارەم: وردبینی لە داتا داراییەكانی ساڵانە، 6 مانگی، مانگانە بە ئیمزای وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم و چاودێرێكی ژمێریاری سەربەخۆی نێودەوڵەتی دەكرێت و وێنەیەك بۆ وەزارەتی دارایی عێراق دەنێردرێت. پێنجەم: لیژنەیەكی هاوبەش لە هەردوولا پێداچوونەوە بۆ ماوەكانی پێشوو لە كەرتی نەوت و غازو پەیوەندییەكانی وەزارەتی نەوتی ناوەندو وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەكات، پاشان بە روانگەیەكی هاوبەش و پەسەندكراو بەپێی دەستور لەلایەن هەردوولاوە پاكتاوی ماوەكانی پێشوو دەكرێت. شەشەم: هەموو ئەم بڕگانە جێبەجێدەكرێت لە رێكهوتی دەرچوونییەوە تا دەرچواندنی یاسای نەوت و غاز. حەوتەم: لە هەبوونی هەر ناكۆكییەك لەنێوان حكومەتی ناوەندو حكومەتی هەرێم لەسەر ماف و پابەندییەكان، یان پابەند نەبوون، شایستە داراییەكانی هەرێم دەبڕدرێت و بە بڕیاری دادگای فیدراڵی كاردەكرێت. هەشتەم: كوردستان پابەندە كە دوای وردبینی دیوانی چاودێری حكومەتی ناوەند زانیارییەكان لەسەر فەرمانبەرانی (شارستانی، سەربازی) بدات بە وەزارەتی دارایی عێراق. نۆیەم: حكومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە پێدانی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بەپێی ئەو پێوەرانەی لەو بودجەیەدا هاتووە بە دادپەروەری شایستە داراییەكان لەنێوان پارێزگاكان دابەش دەكات بە بێ جیاوازی، بە پێچەوانەوە حكومەتی فیدڕاڵی پشكی پارێزگای ناڕازیی لە بودجە دەبڕێت و ڕاستەوخۆ دەیداتە پارێزگا ناڕازییەكە. دەیەم: حكومەتی عێراق پابەند دەكرێ بە هاوبەشی لەگەڵ حكومەتی هەرێم بە ڕێگریكردن لە دەرهێنانی نەوتی كێڵگەكانی كەركوك و موسڵ كە ئێستا لە ژێر كۆنتڕۆڵی حكومەتی هەرێمن بۆ كاتی ئێستا. یانزەیەم: حكومەتی عێراق پابەند دەبێ بە هاوبەشی لەگەڵ حكومەتی هەرێم دەروازە سنوریەكان بەڕێوەببات و سەرپەرشتی بكات. دوانزەیەم: حكومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە گەڕاندنەوەی (10%)ی پاشەكەوتی موچەی ساڵانی پیشوو و كە لێبڕینی تێدا كراوەو بەردەوام ئەو گوژمەیە پارەیە دەدات تاوەكو تەواوی شایستە داراییەكان دەداتەوە.
شیكاری: درەو # لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2023)دا، پشکی هەرێم بە ڕێژەی (12.67%) لە بودجەی گشتی دیاری کراوە، بڕەکەشی دوای لێدەرکردنی خەرجی سیادی حاکیمە، زیاتر دەبێت لە (16 ترلیۆن و 609 ملیار) دینار. # ئەگەر ئەو پشکەی دیاری کراوە مانگانە وەک خۆی بگاتە هەرێمی کوردستان ئەوا بڕەکەی دەگاتە زیاتر لە (ترلیۆنێک و 384 ملیار) دینار. # لەو پشکەش بە ڕێژەی (10%) وەک شایستەی دارایی موچەی پاشەکەوتکراوی موچەخۆران خەرج بکرێت، ئەوا مانگانە حکومەتی هەرێم زیاتر لە (138 ملیار و 413 ملیۆن) دینار خەرجییەکانی لە بواری موچەدا زیاد دەکات. # شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، کە بەهۆی لێبڕین و پاشەکەوتی موچەوە لە ئەستۆی حکومەتی هەرێم ماوەتەوە، بریتیە لە (18 ترلیۆن و 787 ملیار و 997 ملیۆن) دینار. # ئەگەر ئەو بڕە لە پاشەکەوت و لێبڕینی موچە دابەشی (ڕێژەی (10%)ی پشکی هەرێم) لە بودجەی مانگانە بکەین، ئەوا لە حکومەتی هەرێم پێوستی بە زیاتر لە (135 مانگ) هەیە بۆ ئەوەی شایستەی دارایی موچە خۆران بگێڕێتەوە. یەکەم؛ پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق پاڵپشت بە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2023) لە (13/3/2023) ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، رەشنوسی بودجەی ساڵی (2023)ی پەسەند کرد کە وەک ئاماژەی پێدراوە بۆ ساڵانی (2024 و 2025)یش بەرکار دەبێت، پرۆژەکەش گەورەترین رەشنوسی یاسای بودجەیە لە مێژووی عێراقدا. لەکۆبونەوەی ژمارە (18)ی رۆژی (5/4/2023) خوێندنەوەی یەکەم و لە (18/4/2023) ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ پرۆژە یاساکە ئەنجامدا، چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی ئایندەدا پرۆژە یاساکە پەسەند بکرێت. لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2023)دا داهاتی گشتی بە (134 ترلیۆن و 552 ملیار و 919 ملیۆن و 63 هەزار) دینار دەخەمڵێنرێت، کە ڕێژەی (87%) لە داهاتی فرۆشتنی نەوت و بەرهەمە نەوتی و کانزاییەکانەوە سەرچاوەی دەگرێت. هاوکات خەرجی گشتی بە (199 ترلیۆن و 22 ملیار و 111 ملیۆن و 663 هەزار) دینار دەخەمڵێندرێت. لەو خەرجیانەش پشکی هەرێم بە ڕێژەی (12.67%) جێگیر کراوە ، بە جۆرێک؛ - لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2023)دا، پشکی هەرێم بە ڕێژەی (12.67%) لە بودجەی گشتی بریتی دەبێت لە بڕی (25 ترلیۆن و 216 ملیار و 101 ملیۆن و 547 هەزار) دینار، بەڵام دوای لێدەرکردنی نزیکەی (7 ترلیۆن و 350 ملیار) دینار لە خەرجی سیادی و بڕی (ترلیۆنێک و 256 ملیار و 611 ملیۆن و 724 هەزار) دینار لە خەرجی حاکیمە، هەرێم پشکی (16 ترلیۆن و 609 ملیار و 639 ملیۆن و 162 هەزار) دیناری بۆ دەمێنێتەوە. بۆ وردەکاری بڕوانە خشتەی ژمارە (1). دووەم؛ پاشەکەت و لێبڕینی موچە وەک شایستەی دارایی موچەخۆرانی هەرێم لە ئەستۆی حکومەت یەکێک لە کاریگەرترین ئەو بابەتانەی ڕاستەخۆ پەیوەندی بە ژیان گوزەرانی هاوڵاتیانەوە هەیە دابینکردنی پژێوی و موچەی موچە خۆرانە، ئەم پرسە ئەگەر بۆ هەر کیان و دامەزراوەیەک جارێک ڕاست بێت، ئەوا بۆ هەرێمی کوردستان و هاوڵاتیەکانی دووجار ڕاستە، چونکە جگە لەوەی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی لاوازدایەو هاوڵاتیان و خێزانەکان ناتوانن وەک پێویست پشتی پێببەستن، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە (1 ملیۆن و 250 هەزار) موچەخۆرە، ئەگەر دانیشتوانی هەرێمی کوردستان (6 ملیۆن) کەس بێت، ئەوا (20%) دانیشتوانی هەرێمی کوردستان موچە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەردەگرن. بە دیوێکی دیکەدا بەپێی داتاکانی دەستەی ئامار ژمارەی خێزان لە هەرێمی کوردستان (1 ملیۆن و 201 هەزار) خێزانە واتە بە نزیکەیی هەموو خێزانێک موچەیەکی بەردەکەوێت. ئەم ڕاستییەی سەرەوە گرنگی و بایەخی موچە دەردەخات بۆ هاوڵاتیان و بازاڕ لە هەرێمی کوردستان. بەڵام هێشتا بابەتی هاتن و دابەشکردن و دابەشنەکردنی موچە هاوشێوەی ئەزمونی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەواڵی گەرم و بە پەلەی ئامرازو کەناڵەکانی ڕاگەیاندنە. لە بانگەشەی هەڵبژانی (30/9/2018) لایەنە سیاسییەکان بانگەشەی گێڕانەوەی موچە پاشەکەوت کراوەکان و کردنەوەی ژمارەی حیسابی بۆ موچە خۆران دەکرا، لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم موچەخۆران لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی موچە پاشەکەوتکراوەکانیان بوون، بەڵام ئەم کابینەیە بیدعەیەکی نوێی داهێناو ناوی نا، لێبڕین، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی (2020)دا ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرا لە خەرج نەکردنی موچەی موچە خۆران بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)). سەبارەت بەو شایستە داراییانەی موچەخۆران کە لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمەوە، لە دوو کابینەی یەک لە دوای یەک بریتین لە؛ 1. پاشەکەوتی مووچە؛ ئەم قۆناغە لە سەردەمی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی بەڕێوەچوو، لەماوەی نێوان ساڵانی (2015 - 2018) مووچەخۆران (5) موچەی تەواویان پێنەدراوە (23) مانگیش چارەکە مووچەو (11) مانگیش بەشێک لەم موچەکانیان پاشەکەوت کرا. سەبارەت بە کۆی پارەی پاشەکەوتەی موچەخۆران سەرۆكی حكومەتی هەرێم (مەسرور بارزانی) لە دانیشتنی رۆژی 5/10/2020 لە پەرلەمان رایگەیاند، قەرزەکانی سەر حکومەتی هەرێم زیادیان کردووە و بونەتە نزیکەی (28 ملیار و نیو) دۆلار لە ماوەی چەند مانگی رابردوو ملیارو نێوێک زیاد بووە. لە بەشێکی قسەکانی تایبەت بە قەرزی موچە پاشەکەوتکراوەکانی فەرمانبەران ئەوەیان ڕاگەیاند، کە بەهاکەی بریتیە لە (8 ملیار و 966 ملیۆن و 156 هەزار و 514) دۆلار، کە بەرامبەر بوو بە (10 ترلیۆن و 597 ملیار و 997 ملیۆن) دینار. ئەم زانیارییانەش پێش خەرنەجکردنی موچەی مانگەکانی (4، 5، 6، 7، 8، 11،12ی ساڵی 2020)ی لێبڕینەکانی ساڵانی (2021 - 2022)ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بوو لە سەردەمی کابینەی نۆیەم. 2. لێبڕینی موچە؛ ئەم قۆناغە لە سەردەمی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی داهێنرا، لەم قۆناغەدا لەماوەی ساڵی (2020 - 2021) موچەخۆران (7) موچەی تەواویان بڕاو و (10) موچەشیان بە لێبڕینی (18%) و (21%) بۆ خەرجکرا. هاوکات ڕۆژی 28/6/2021 ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند؛ "كۆی قەرزەكانی هەرێمی كوردستان لەمانگی 3ی 2020 (28 ملیار و 476 ملیۆن و 675 هەزار) دۆلار بووە، بەڵام لە مانگی (3ی 2021) گەیشتووە بە: (31 ملیار و 637 ملیۆن) دۆلار". دواتریش لە ڕونکردنەوەیەکدا ئەوەیان ڕاگەیاند؛ کە زیاکردنی ئەو (3 ملیار) دۆلارە پەیوەندیدارە بە شایستە داراییەکانی فەرمانبەران بۆ مانگەکانی (5، 6، 7، 8، 11،12ی ساڵی 2020)ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان". کەواتە کۆی ئەو شایستە داراییەی موچە خۆران لە کابینەی نۆیەمدا لێیان بڕاوە بریتیە لە؛ • (7) مانگ موچەی بڕاو X (900 ملیار) دینار = (6 ترلیۆن 300 ملیار) دینار • (10) مانگ بە لێبڕینی (21%) X (189 ملیار) دینار = (1 ترلیۆن 890 ملیار) دینار • کەواتە کۆی ئەو موچانەی لەکابینەی نۆیەمدا لەموچە خۆران بڕاوە دەکاتە؛ (6 ترلیۆن 300 ملیار) دینار + (1 ترلیۆن 890 ملیار) دینار = (8 ترلیۆن 190 ملیار) دینار کەواتە کۆی ئەو شایستە داراییانەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، کە بەهۆی لێبڕین و پاشەکەوتی موچەوە لە ئەستۆی حکومەتی هەرێم ماوەتەوە بریتیە لە؛ (10 ترلیۆن و 597 ملیار و 997 ملیۆن) دینار پاشەکەوت (لە کابیەی هەشتەم) + (8 ترلیۆن 190 ملیار) دینار (لە کابیەی نۆیەم) = (18 ترلیۆن و 787 ملیار و 997 ملیۆن) دینار. بڕوانە (خشتەی ژمارە (3)). سێیەم؛ گێڕانەوەی پاشەکەوتی فەرمانبەرانی هەرێم پاڵپشت بە پرۆژەی یاسای بودجەی عێراق پاڵپشت بە پێشنیاری لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە "هەمواری ماددەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان" لە پرۆژە یاسای بودجەدا، کە لە (ماددەی 14 بڕگەی یانزەیەم)دا هاتووە "حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت مانگانە (10%)ی ئەو بڕە پارەیەی لە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم پاشەکەوت کراوە زیاد بکات بۆ مووچەی خەرجکراو تا خەرجکردنی تەواوی ئەو لێبڕینانە". بەگوێرەی ئەم دەقە یاساییە لەم بەشەدا پاڵپشت بە داتاکانی پێشوو (پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی و قەبارەی شایستە داراییەکانی موچەخۆران لای حکومەتی هەرێم)، شیکاری ئەوە دەکەین کە ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبێت بەو بڕگە یاساییە، کاریگەرییە داراییەکانی لەسەر بودجەی هەرێم و بڕی پێویست لە بودجەی تەرخانکراو لە ماوەی دانەوەی پاشەکەوتی موچەی موچەخۆران چەند و چۆن دەبێت. وەک لە بەشی یەکەمدا ئاماژەمان پێدا، لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2023)دا، پشکی هەرێم بە ڕێژەی (12.67%) لە بودجەی گشتی دیاری کراوە، بڕەکەشی بریتی دەبێت لە (25 ترلیۆن و 216 ملیار و 101 ملیۆن و 547 هەزار) دینار، بەڵام دوای لێدەرکردنی نزیکەی (7 ترلیۆن و 350 ملیار) دینار لە خەرجی سیادی و بڕی (ترلیۆنێک و 256 ملیار و 611 ملیۆن و 724 هەزار) دینار لە خەرجی حاکیمە، پشکی (16 ترلیۆن و 609 ملیار و 639 ملیۆن و 162 هەزار) دینار بۆ هەرێم دەمێنێتەوە. بەم پێیەش ئەگەر ئەو پشکەی بۆ هەرێم دیاری کراوەو مانگانە وەک خۆی بگاتە هەرێمی کوردستان ئەوا بڕەکەی دەگاتە (ترلیۆنێک و 384 ملیار و 136 ملیۆن و 596 هەزار و 833) دینار. ئەگەر لەو پشکەش بە ڕێژەی (10%) وەک شایستەی دارایی موچەی پاشەکەوتکراوی موچەخۆران خەرج بکرێت ئەوا مانگانە حکومەتی هەرێم بڕی (138 ملیار و 413 ملیۆن و 659 هەزار و683) دینار خەرجییەکانی لە بواری موچەدا زیاد دەکات. وەک لە بەشی دووەمی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەمان پێدا، ئەو شایستە داراییانەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، کە بەهۆی لێبڕین و پاشەکەوتی موچەوە لە ئەستۆی حکومەتی هەرێم ماوەتەوە، بریتیە لە؛ (18 ترلیۆن و 787 ملیار و 997 ملیۆن) دینار. ئەگەر ئەو بڕە لە پاشەکەوت و لێبڕینی موچە دابەشی (ڕێژەی (10%)ی پشکی هەرێم) لە بودجەی مانگانە بکەین ئەوا لە حکومەتی هەرێم پێوستی بە (135 مانگ و چەند رۆژێک) هەیە بۆ ئەوەی شایستەی دارایی موچە خۆران بگێڕێتەوە، واتە زیاتر لە (11) ساڵی دەوێت بۆ ئەوەی موچە خۆران شایستە داراییەکانیان وەربگرنەوە. بۆ بەرچاوڕونی بڕوانە (خشتەی ژمارە (4)).
خستنەڕووی راستییەكان و روونتركردنەوەی حەقیقەتەكان لەبارەی دانیشتنەكەی پەرلەمان بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن هێمن ههورامی- جێگری سهرۆكی پهرلهمانی كوردستان پاشخانی بابەتەكە پرسی کاراکردنەوەی کۆمسێۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان ڕاپرسی هەرێمی كوردستان و ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن، یەک لە بابەتە ھەرە گرنگ و لەپێشنەکانی بەردەم کاری خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بوون. ھەوڵ و ھیمەتی ھەموو لایەکیشمان بۆ ئەوە بوو بە پشوویەکی درێژەوە، خاڵی ھاوبەشی نێوان سەرجەم فراکسێۆنەکان بدۆزینەوەو بنەمای سفر یان ١٠٠ لە بیرکردنەوەو جوڵەی فراکسێۆنەکان زاڵ نەبێت بەسەر لۆجیکی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن دا. لەو پێناوەشدا و لەپێناوی ئەوەی كە ئەو زەمینەسازییە سیاسییە لەبارە بهێنرێتە ئاراوە كە ئەم پرسە نیشتیمانیانە بەپێی ڕێككەوتن و گرتنەبەری ڕێوشوێنە یاسایی، پەیڕەوی و پەرلەمانییەكان، هەنگاوەكانیان بۆ بگیرێتە بەر، لە ڕێكەوتی ٣ ـی ١١ ـی ٢٠٢١ ـەوە، واتە ساڵێک بەر لە کۆتایی ھاتنی وادەی خوولی پێنجەمی پەرلەمان، کۆبوونەوە و دیداری فراکسێۆنەکان لەسەر ئەو پرسی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسێۆن دەستیان پێکرد. پێش ئەم ڕێكەوتەش، خودی کۆمسیۆن بە سێ نوسراوی جودا به نووسراوەكانیان (ژ. 76 له 5 ـی 8 ـی 2019) و (ژ. 62 له 4ـی 8ـی 2021) و (ژ.13 لە 3ـی 3ـی 2022)، داوای لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردبوو کە چارەنووسی ئەنجوومەنی كۆمسیارانی کۆمسیۆن یەکلایی بكەنەوە، بەو پێیەی لە مانگی ١٢ ـی ٢٠١٩ ـەوە وادەی یاسایی ئەنجوومەنی كۆمسیاران کۆتایی ھاتبوو، سەرباری ئەوەش شوێنی دوو کۆمسیار بە بەتاڵی مابوویەوە. دوای چەندین ھەوڵ و دانیشتن بە داخەوە فراکسێۆنەکان نەگەیشتنە لێکتێگەیشتنی ھاوبەش. گفتوگۆكانیش كاتی زۆری خایاند، بە جۆرێك كە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی لە وادەی یاسایی خۆیدا زەحمەت و ئەستەم كرد. سەرەنجامیش لەپێناو ڕێگرییكردن لە دروستبوونی بۆشایی یاسایی و دامەزراوەیی، بە ناچاری، بە دەنگی زۆرینەی ھەرە زۆری ئەندامانی پەرلەمان یاسای بەردەوامبوونی خوولی پێنجەمی پەرلەمان ژمارە (12)ـی ساڵی 2022، تا ٣١ ی ١٢ ی ٢٠٢٣ دەنگی لەسەر درا. پاساوی یاسایی دەرچوواندنی ئەم یاسایە گرتنەبەری سەرجەم ڕێكارە یاسایی و ئامادەسازییەكان بوو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان. ئەمەش بەڕوونی لە ھۆیەکانی دەرچوانی یاساكەدا، جێگیر كراوە. لە كاتێكدا، هەوڵە فرەلایەنەكان بۆ ڕەخساندنی زەمینەسازییە هەمەلایەنەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن هەر بەردەوام بوون، هاوتەریب هەوڵەكانی دروستكردنی بەربەستی زیاتر و دۆزینەوەی بەهانەی یەك لە دوای یەك بۆ خۆدزینەوە و ملنەدان بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و لابردنی بەربەستەكانی بەردەمی پرۆسەكە، بەردەوام بوون. كاتێكیش كە گرتنەبەری ڕێكارە پەیڕەوییەكان تەوەری كاراكردنەوەی ئەنجوومەنی كۆمسیاران بۆ بەرنامەی كاری دانیشتنی ژمارە (4)ـی ئاسایی لە ڕێكەوتی 22ـی 5ـی 2023ـدا، زیاد كرا، هەر بەگوێرەی بنەما و ڕێكارە پەیڕەوییەكانیش، بڕگەكە جێبەجێ كراو بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران ، بەگوێرەی بڕیارەیاسای ژمارە (10)ـی ساڵی 2023، ئەنجوومەنەكە كارا كرایەوە. بەدوای ئەوەشدا ڕێكارە تەواوكارییەكانی جێبەجێكردنی بڕیارەكە گیرانەبەر. بڕیارەكە لە ڕۆژنامەی فەرمیی "وەقایعی كوردستان" ژمارە (305) لە 23 ـی 5ـی 2023ـدا بڵاو كرایەوە. هەردوو كۆمسیارە نوێیەكەش لەبەردەم ئەنجوومەنی دادوەریدا لە 28ـی 5ـدا سوێندی یاساییان خوارد و بەگوێرەی فەرمانی ژمارە (1603) لە ڕێكەوتی 28ـی 5ـی 2023ـدا، دەستبەكار بوون. كە ئێستا بەشێوەیەكی پەیڕەویی و یاسایی ئەنجوومەنی كۆمسیاران كارا كراوەتەوە، لەمپەرێكی سەرەكی بەردەم ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن، نەهێڵدراوە. لەپێناو ڕوونتركردنەوەی ڕاستییەكان و دەرخستنی حەقیقەتەكانی پەیوەست ئەم پرسە نیشتیمانییە گرنگە، بەپێویستی دەزانم بەشێك لە ڕاستیی و بەڵگەكانی پەیوەست بەو بابەتە بۆ ڕای گشتی كوردستان ڕوون بكەمەوە. هەندێك بابەت و وردەكاریی و پیلان بۆ تێكدانی دانیشتنەكە و سەرنەگرتنی ئەم هەوڵە هەن، با بمێنن بۆ كاتی خۆی. هەوڵەكان بۆ لابردنی لەمپەرەكان لە دانیشتنێكی نائاسایی و كردنەوەی وەرزی بەهارەدا لە پێناو ڕەخساندنی ئەو زەمینە سیاسییەی كە پرۆسەی هەڵبژاردن پێویستییەتی و نزیككردنەوەی بۆچوونە سیاسییە جیاوازەكان لەبارەی پرسەكانی پەیوەست بە پرۆسەی هەڵبژاردن، مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕاگەیەندراوی فەرمیی کۆبوونەوەی رۆژی ١٨ ـی ١ ـی ٢٠٢٣ ـدا ئامادەیی پارتی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە شێوازی فرەبازنەیی (4 بازنەیی)، بەكارهێنانی تۆماری بایۆمەتری عێراق بە پێداویستییەکانیەوە و داتاکانی وەزارەتی بازرگانی و پلاندانانی عێراقیش بکرێنە بنەما. بەم هەنگاو و دەستپێشخەرییە، مەودای جیاوازی بۆچوونەکان لە سەر ھەمواری یاسای ھەلبژاردن بە رێژەی ٩٥٪ کەمکرایەوە. سەبارەت بە پێكهاتەكانیش ھەلوێستی فەرمیی پارتی ئەوە بوو کە پێکھاتەکان خۆیان لەگەل "یۆنامی" لەسەر ھەر فۆرمولەیەک رێکبکەون، پارتی پێشوازی لێ دەکات. دوای ئەم هەڵوێست و ھاتنەپێشەی پارتی و نیازپاکیە، ئێمە لە پەرلەمانی کوردستان داوای کۆبوونەوەیەکی دەستەی سەرۆکایەتی و سەرۆکی فراکسێۆنەکانی بەشدار لە کابینەی نۆیەممان کرد. لە ١٩ ـی ٢ ـی ٢٠٢٣ لە نوسینگەی سەرۆکی پەرلەمان ئەو کۆبوونەوەیە بەرێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا، داوام کرد کە ئێمە پێش ١ ـی ٣ ،کە رۆژی کردنەوەی وەرزی بەھارەیە، دانیشتنێكی نائاسایی پەرلەمان ئەنجام بدەین بۆ دوو بابەت: 1- خوێندنەوەی یەکەم بۆ ھەموو ئەو پێشنیازەیاسایانەی بۆ ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن کە پێشتر پێشکەشکراون، واتە پرۆژەکانی یەکێتی و گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵ و نەوەی نوێ و بزووتنەوەی ئاشوری. 2- کۆمسێۆن کارا بکەینەوە و بۆ ئەوەش بە پێی یاسای کۆمسێۆن لێژنەیەک بۆ وەرگرتنی سیڤی شوێنە بەتاڵەکان لەو کۆبوونەوە نائاساییەی پەرلەمان دروست بکەین. داواشمان کرد کە لەم کۆبوونەوە نائاساییەدا، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازەیاساكان دەکەین و خەسڵەتی بەپەلەش دەدەینە پێشنیازەکان بۆ ئەوەی دەستوبردیان تێدا بكرێت و لە دانیشتنی ١ ـی ٣ ـدا، دانیشتنی کردنەوەی وەرزی بەھارە، خوێندنەوەی دووەمیان بۆ بکەین و پاشان لە دانیشتنی دوای ئەوەدا، ھەم دەنگ بە ھەمواری یاساکە بدەین ھەم دەنگیش بە کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی كۆمسیاران و هەڵبژاردنی دوو کۆمسیاری نوێ بۆ پڕکردنەوەی شوێنە بەتاڵەکان، بە ئەنجام بگەیەنین. بۆ مێژوو، سەرۆکی پەرلەمان لەگەل ئەوە بوو کە ئاساییە دانیشتنە نائاساییەكە ئەنجام بدرێت و خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیازەیاساكان بكرێ، بەڵام سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی ئەم پێشنیازە پەسەند نەكردو داوای كرد كە مۆڵەتی چەند ڕۆژێكیان بدرێتێ بۆ ئەوەی بچنەوە سلێمانی و لەگەڵ قیادەی خۆیان تاوتوێی بكەن. ئێمە ئەوكات پێمان ڕاگەیاندن كە ئەگەر ئێستاش ئەو دانیشتنە نائاساییە نەكرێت، خۆ دەبێت ئەم دوو بابەتە لە بەرنامەی كاری دانیشتنی كردنەوەی وەرزی بەهارەدا هەبن. پاش چەند رۆژێک، سەرۆکی فراکسێۆنی یەکێتی و جێگرەکەی ھاتنەوە لای من و لە نوسینگەی خۆم داوایان کرد کە بۆ دانیشنتی ١ ـی ٣ ئەو دوو پرسە نەخرێنە بەرنامەی كارەوە، چونكە هەوڵێك هەیە كە هەردوو دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و یەكێتی كۆبوونەوەیەكی خێرا بكەن و خاڵە هاوبەشەكان كۆنووس بكەن، پاشان ئەو خاڵە هاوبەشانە لە پەرلەمان كاریان لەسەر بكرێت. من ئیتر لەوەوە تێگەیشتم كە سەرۆکی پەرلەمان "ئۆکەی" حیزبەکەیی لا نییە بۆ ئەوەی نە دانیشتنە نائاساییەكە بكرێت، نە ئەو دوو بابەتە گرنگەش بخرێنە بەرنامەی كاری دانیشتنی كردنەوەی وەرزی بەهارەوە، بەڵام دیسان لە پێناوی پێدانی دەرفەتێكی دیكە و هەماهەنگی هاوبەش، ڕەزامەند بووین كە ئەو دوو بابەتە نەخرێنە بەرنامەی كاری دانیشتنەكەی 1-ـی 3 ـوە. بۆچی تەنانەت لێژنەی یاساییش خوێندنەوەی بۆ پێشنیازەیاساكان نەكرد؟ لەگەل دەستپێکی وەرزی بەھارەدا، فراکسێۆنی پارتیش پێشنیازەیاسای ھەمواری یاسای ھەلبژاردنی پێشکەش کرد. هاوكات لێژنەی یاساییش، ڕۆژی یەكشەممە 12ـی 3 ـی 2023 ڕایانگەیاند كە 13ـی 3 كۆبوونەوەی لێژنە دەكرێت بۆ ئەوەی پێشنیازەیاساكانی، كە بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن لەلایەن یەکێتی و پارتی و گۆڕان و کۆمەل و یەکگرتوو و نەوەی نوێ و بزووتنەوەی ئاشوری، پێشکەشکراون، ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتی بکەن تا لە نزیکترین دانیشتندا (بڕیار درا بوو كە چوارشەممە 15ـی 3 دانیشتنی پەرلەمان بكرێت) بخرێنە بەرنامەی کارەوە و خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ بكرێت. ھەڤالانی یەکێتی، ھەم لە فراکسێۆن ھەم لە لێژنەی یاساییش ڕازی نەبوون نەنانەت لە لێژنەی یاساییش كۆبوونەوە لەبارەی پێشنیازەیاساكانەوە بكرێت. سەرۆکی فراکسێۆنی یەکێتی بە سەرۆکی فراکسێۆنی پارتی وتبوو ئەو دانیشنتەی لیژنەی یاسایی ببێت، کاریگەری لەسەر کۆبوونەوە بڕیارلێدراوەكەی پەرلەمان لە 15ـی 3ـشدا دەبێت. جارێكی دیكە، هەر لە پێناو پێدانی دەرفەتێكی دیكە و ڕەخساندنی زەمینەیەكی دیكە بۆ ڕێككەوتنی هاوبەش، ئەو كۆبوونەوەیەی لێژنەی یاساییش ئەنجام نەدرا. گرتنەبەری چەند هەنگاوێكی گرنگی پەیوەست بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن پەرلەمانی كوردستان له دانیشتنی ژماره (2)ـی ئاسایی خۆی لهڕێكهوتی 15ـی3ـی2023ـدا به بڕیاری ژماره (8)، لیژنهیەكی پهرلهمانیی لە 5 كەس پێكهێنا، كە تایبهت بوو بە وهرگرتنی ناو و سیڤی كاندیدان بۆ پڕكردنەوەی دوو پۆستە بەتاڵەكەی ئەنجوومەنی كۆمسیاران. بەدوای ئەوەشدا جەنابی سەرۆكی هەرێم (كاك نێچیرڤان بارزانی) لە 26ـی 3ـدا به فهرمانی ههرێمی ژماره 90 بە ئەركی یاسایی خۆی هەستا و 18ـی 11ـی 2023 ـی وەك ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان دیاری كرد. دوابەدوای ئەوەش جەنابی سهرۆكی حكوومهتی ههرێم (كاك مەسروور بارزانی)ـیش بهفهرمانی ژماره (1472) له 16ـی4ـی2023 ـدا ئامادهیی حكوومهتی بۆ دابینكردنی سهرجهم پێداوویستیهكانی كۆمسیۆن بۆ ئهنجامدانی ههڵبژاردنهكان دهربڕی. هەموو ئەمانە لە كاتێكدا بوون كە دانیشتنی دادگای فیدڕاڵ لەمەڕ تانەكانی كە لە یاسای ژمارە (12)، یاسای بەردەوامبوونی خوولی پێنجەمی پەرلەمان درابوون، بەڕێوە دەچوون. ئەمەش پێویستی دەكرد كە پەرلەمانی كوردستانیش بە ئەركی یاسایی و مێژوویی خۆی هەستێت و هەنگاوەكانی خۆی چڕ بكاتەوە و ئامادەكاریی بۆ ئەگەر و سیناریۆكانی لەمەڕ بڕیاری چاوەڕوانكراوی دادگای فیدڕاڵی ئامادە بكات. بەڵام بەداخەوە ڕێگریی لە دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان دەكرا. چەندین جاری دیکە داوامان کردەوە کە دانیشتنی پەرلەمان بکرێ و بابەتی خوێندنەوەی یەکەم بۆ ھەمواری یاسای ھەلبژاردن بکەین و دانیشتن بۆ خوێندنەوەی دووەم بکەین و لە دانیشتنی دەنگدان بۆ ھەمواری یاسا، دەنگ بە کاراکردنەوەی کۆمسێۆن بدەین، بەلام بەداخەوە نە سەرۆکی پەرلەمان و نە فراکسێۆنی یەکێتی دوا بریار و ئۆکەی حیزبەکەیان لا نەبوو، بۆیە نەدەتوانرا دانیشتنی پەرلەمان ئەنجام بدرێت. ئەمە لە كاتێكدا، كە پێشتر و لە کاتی چوونمان بۆ سلێمانی لە ٢٨ ـی ١ ـی ٢٠٢٣ و کۆبوونەوەمان لەگەل شاندی یەکێتی، لە ناو کۆبوونەوە چەندین جار تکا و ڕجام لە برایانی یەکێتی کرد رێگە بە سەرۆکی پەرلەمان و فراکسێۆنی یەکێتی بدەن دانیشتنی پەرلەمان بۆ خوێندنەوەی یەکەمی ھەموارەکان کە پرۆژەی خۆتانە و کاراکردنەوەی کۆمسێۆن وەک خۆی کە رێککەوتنی ھەموو فراکسێۆنەکانە جێبەجێ بکرێ، بە داخەوە ھیچ بە پیرەوە ھاتنێکمان لێ نەبیبینین. دوای ئەوەی دادگای فیدرال دانیشنتنی بڕیاردانی لەبارەی یاسای ژمارە (12)ـیەوە بۆ ٣ ـی ٥ ـی 2023 دوا خست، چەند جارێکی دیکە داوامان کرد کە سود لەم دەرفەت پێدانە وەربگرین و ھەر ھیچ نەبێت خوێندنەوەی یەکەم بکرێ و کۆمسێۆن کارا بێت بۆ ئەوەی بۆ خەڵکی کوردستان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و دادگای فیدراڵێش بسەلمێنین کە بەردەوامی خوولی پەرلەمان بۆ ئەم ھەنگاونانە یاساییانەیە كە پرۆسەی هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، پێویستیەتی. بەڵام بە داخەوە ھیچ وەڵامێکی پۆزەتیڤمان لە برایانی یەکێتی، نە لەناو پەرلەمان و نە لە دەرەوەی پەرلەمان، وەرنەگرت. سوودوەرنەگرتن لە دەرفەت و دەستپێشخەری و بەڵێنەكان لەم سەرووبەندانەدا، بەشی ھەڵبژاردنی پارتی و دەزگای ھەڵبژاردنی یەكێتی لە کۆبوونەوەکانیان بەردەوام بوون و لەسەر زۆر خاڵ رێککەوتبوون. داوامان کرد ئەو خاڵانەی رێککەونتیان لەسەر کراوە بکرێنە بنەما بۆ ھەموارەکان و با لە پەرلەمان کاریان لە سەر بکرێ، بەڵام دیسان رێگە بە تیمی یەکێتی لەپەرلەمان نەدرا ھەنگاو بنێن. دوای دەستپێخەرییەكەی (سەرۆک بارزانی) کە لە مەراسیمی کردنەوەی "یادگەی نیشتیمانی بارزانی"ـدا لە 11ـی 5ـی 2023ـدا، وەکو شاندی مەکتەب سیاسی پارتی رۆژی چوارشەمە ١٧ ـی ٥ چووینەوە سلێمانی. لەگەڵ دەستپێكی كۆبوونەوە هاوبەشەكەی هەردوو مەكتەبی سیاسییدا، سەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەڕێز (كاك بافڵ تاڵەبانی)، لوتفی كردو پاش بەخێرهاتن، ئەوەی ڕاگەیاند كە ئەگەر بابەتێكی پێویست هەبوو، پەیوەندیم پێوە بكەن. بۆیە لەو کۆبوونەوەكەدا بە شاھێدی ھەردوو شاند سێ جار تکاو ڕەجام لە برادەرانی یەكێتی كرد كە ڕێگە بە (د. رێواز) و فراکسێۆنی یەکێتی بدەن کە پەرلەمان بۆ كاركردنەوەی كۆمسیۆن، وەك خۆی، و خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیازەكانی هەمواری یاسای هەڵبژاردن، دانیشتنێك ئەنجام بدات. لەم پێناوەشدا هەر گەرەنتیەكی یاسایی و سیاسییان بۆ دڵنیایی خۆیان دەوێت، ئامادەین، بە جۆرێك با سەرەتا كۆمسیۆن كارا بكەینەوە و مەرجی ئەوەی بۆ دادەنێین كە تا یاسای هەڵبژاردنیش هەموار نەكرێتەوە، كۆمسیۆن هیچ هەنگاوێك ناهاوژێت. تەنانەت پێشمان وتن خۆ ئەگەر كۆمسیۆن كاراش بكرێتەوە پارتی زۆرینەی تێدا نییە و بێ لایەنەكانی دیكە ناتوانێت هەنگاو بنێت. سەرەنجام لەسەر ئەوە رێککەوتین شاندی ھەڵبژاردن و فراکسیۆن بێنە پەرلەمان و بە ئامادەبوونی من و (د. رێواز) کۆببنەوەو ھەوڵی نزیک بوونەوە بدەین و را ھاوبەشەکان بۆ کۆبوونەوەی دواتری مەکتەب سیاسی ھەردوولا بھێنینەوە. ھەمان رۆژی کۆبوونەوەمان لە سلێمانی، دوای نانخواردن داوام لە کاک (د. خەسرەو گوڵ محەمەد) ئەندامی شاندی یەکێتی کرد لەگەل (کاک بافڵ) قسە بکات بەوپێیەی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دیار نییە چۆن و بە چی ئاڕاستەیەك دەبێت. بۆیە ئێمە دەبێت ئامادەسازیی خۆمان بكەین و پێش بڕیاری دادگا، هەرچۆنێك بووە، ئێمە كۆمسیۆنی خۆمان كارا بكەینەوە. پاش گەڕانەوەمان، بەڕێز (كاك بافڵ) پەیوەندی پێوەكردین و داوای ڕوونكردنەوەی زیاتری ئەو بابەتەی لێكردین كە لەگەڵ (كاك د. خەسرەو) قسەمان لەسەر كردبوو. منیش بابەتەكانم بۆ بەڕێزیان ڕوونتر كردەوەو داواشم لێكرد كە ئەو دەرفەت و كاتەی لەبەردەستماون بقۆزینەوە و سوود لە دەستپێشخەرییەكەی جەنابی (سەرۆك بارزانی) وەربگرین. هەروەك بە بەڕێزیشیانم وت ئێمە سبەی، هەینی ۱9 ـی ٥، لە پەرلەمان کۆ دەبینەوە ئەگەر ڕێنمایی تیمی یەكێتی بكرێ ڕێك بكەوین، لە ماوەی یەك هەفتەدا كۆمسیۆن كارا بكەینەوەو خوێندنەوەی یەكەمیش بۆ پێشنیازەیاساكانی پێشكەشكراو بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن دەكەین. بەڕێزیشیان وتی "ئێمەش هاوكار دەبین"! بەڵام لە کۆبوونەوەكەی رۆژی هەیینیدا لە پەرلەمان هیچ شتیکی نوێ لە هەڵویستی شاندی یەکێتیدا نەبینرا. لەسەر كاغەزێك سێ پرسیارم نووسی و دامە دەست بەڕێز (د.ریواز)و داوام لێکرد لەگەڵ قیادەی خۆیاندا لە سلێمانی باس و گفتوگۆیان لەبارەوە بكات. پرسیارەکانیش ئەمانە بوون: - ئایا لەبەرامبەر بڕیاری دادگای فیدراڵی پێکەوە دەبین یان نا؟ - ڕێگە دەدەن کۆمسیۆن کارا بکەینەوە ؟ - چ زەمانەتیکی یاسایی و سیاسیتان بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆن دەوێ؟ رۆژی شەممە 20 ـی ٥ ـی 2023، برایانی یەکێتی چەند کۆبوونەوەیەکی کارگێڕییان هەبوو. لە یەکێک لە کۆبوونەوەکاندا بەڕێز (د. ڕێواز)ـیش بە ڤیدیۆ کۆنفرانس بەشدار بوو بوو، بەڵام بەداخەوە هیچ وەڵامێك بۆ ئەو پرسیارانە بەدەست نەهاتن و هیچ شتێكی نوێش نەهاتنە پێش. رۆژی یەکشەمە۲۱ ـی ٥ ـی 2023، شاندی مەکتەب سیاسی یەکێتی هاتنە پیرمام و لەگەل شاندی پارتیدا كۆبوونەوە. بە شاهێدی هەردوو شاند جارێكی دیكەش سێ جار تكاو ڕجام لێكردنەوە كە ڕێگە بە سەرۆكی پەرلەمان بدەن بۆ ئەوەی بابەتی كۆمسیۆن بخەینە بەرنامەی كاری پەرلەمانەوە و فراكسیۆنی یەكێتیش هاوكار بێت. تەنانەت کاک (مەحمود محەممەد) سەرۆکی شاندی پارتی، پێی وتن فەرموون با سبەی بابەتی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و دانانی هەردوو وەزیرەکەتان و گۆڕانکاریەکانی ئێمەش بخەینە بەرنامەی کارەوە، بەڵام بەداخەوە هیچ بەپیرەوەهاتنێكمان بۆ ئەم تەرح و پێشنیازانە لێ نەبینین! تەنانەت هەر لەو كۆبوونەوەیەدا، پێمان وتن لەپێناوی یەكلاییكردنەوەی بابەتی پێكهاتەكانیش، با یەكێتی و پێكهاتەكان لەگەڵ "یۆنامی" بەبێ پارتی كۆ ببنەوەو بگەنە ڕێگەچارەیەك. لەو كۆبوونەوەیەدا هەر ڕێككەوتنێك بكرێ لەوبارەیەوە، پارتی پشتیوان دەبێت و پەسەندی دەكات، بەڵام دیسان گەرموگوڕییەكیش بۆ ئەم پێشنیازە بەدی نەكرا. هەموو ئەمانەش لەكاتێكدا بوو كە بەرنامەی كاری دانیشتنی پەرلەمان ژمارە (4)ـی ئاسایی لە 22ـی 5ـدا ڕاگەیەندرا بوو. ئیتر دەبوا چاوەڕێی چی بین؟ كە هیچ بەپیرەوەهاتنێك بۆ پێشنیازە یەك لەدوای یەكەكان نەبوو. تكاوڕجاكانی ئێمەش سوودێكیان نەبوو. بەڵێنەكانیش جێبەجێ نەكران، نەدەزانرا چاوەڕێی چی بین و تاكەی چاوەڕێ بین. بۆیە لەپێناوی لابردنی بەربەستێكی گەورەی بەردەم ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن و چیتر بەفیڕۆنەدانی ئەو كاتە كەممەی كە لە بەردەستدا ماوە. هەروەها ئەو لێژنە پەرلەمانییەی كە بۆ وەرگرتنی "سی ڤی" بۆ پڕكردنەوەی شوێنی دوو كۆمسیارەكەی كۆمسیۆن پێكهێنرابوو، سەرجەم كارەكانی خۆی تەواو كردبوو، یادداشتیشی بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان بەرز كردبووەوە. بۆیە فراكسیۆنی پارتی به پشتبهستن بە دەقی ڕوون و زەلالی برگهی چوارهمی ماددهی (48)ـی پهیرهوی ناوخۆ، 24 كاتژمێر بەرلە وادەی دانیشتنەكەی ڕۆژی 22ـی 5 داواكارییەكی بۆ زیادكردنی بڕگهیهك بۆ بهرنامهی كاری دانیشتنەكە پێشكەش كردبوو، بهمهبهستی كاراكردنهوهی كۆمسیۆنی ههڵبژاردنهكانی ههرێم و پڕكردنهوهی بۆشایی دوو كۆمسیارهكهی. ئهم ههنگاوه یاساییهش مافێكی یاسایی و پهیرهویی بێچەندوچوونی هەر سەرۆكی فراكسیۆنێك، یان نوێنەری پێكهاتەیەك یان 10 ئەندامی پەرلەمانە كە پێشكەشی بكەن. پەیڕەو تەنها قەیدی 24 كاتژمێری بۆ پێشكەشكردنی داواكارییەكە بۆ زیادكردنی خاڵێك لە بەرنامەی كاری ڕاگەیەندراو، داناوە. كاتێكیش داواكارییەكە لەو ماوە یاساییەدا پێشكەش كرا، ئیتر بهپێی حوكمهكانی بڕگهی یهكهم له ماددهی (16) و بڕگهی یهكهمی ماددهی (47) پهیڕهوی ناوخۆی پهرلهمانیش، بەرپرسیارێتی یاسایی دهخاته ئهستۆی دهستهی سهرۆكایهتی پهرلهمان تا ههمواری بهرنامهی كاری ڕاگهیهندراو بكهن و ئهو بڕگهیهی كه داواكراوه بۆی زیاد بكهن. هەمان رۆژ من و بەڕێز سکرتێری پەرلەمان چووینە لای بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان و داوامان کرد کە بە ئەركی یاسایی خۆمان هەستین و ئەو خاڵە بۆ بەرنامەی کار زیاد بکەین. بەڵام بەڕێزیان ئامادە نەبوو كە بەرنامەی كاری هەمواركراو ئیمزا بكات و وتیشی "لەگەڵی نیم و لەگەڵیشی نابم، سبەی خاڵی یەكەم و دووەم جێبەجێ دەكەم و بۆ ئەوەی كۆمسیۆن لەوێ نابم." ! پێمان وت کە هیچ کات بە دەستەوە نەماوە و ڕێککەوتنی هەموو لا هەیە كە کۆمسیۆن وەک خۆی کارا بكرێتەوە و لێژنەكەش كاری خۆی بە ئەنجام گەیاندووە. بۆیە تكایە با ئەم پرسە یەكلایی بكەینەوە و ڕۆژی سێشەممەش دانیشتنێكی دیكە بۆ خوێندنەوەی یەكەمی پێشنیازەیاساكانی پەیوەست بە هەمواری یاسای هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و خەسڵەتی بەپەلەیان بدرێتێ، بەڵام دیار بوو هیچی لە حزبەكەیەوە پێ نەوترابوو. بۆیە بەرنامەی كاری واژۆ نەكرد و بەپێی پەیرەوی ناوخۆش، بە ئیمزای جێگری سەرۆكی پەرلەمان و بەڕێز سكرتێری پەرلەمان بەرنامەی كار ئیمزا كرا و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن بۆ بەرنامەكە زیاد كرا. ئیوارەی رۆژی یەکشەمە ۲۱ ـی ٥ ، بەریز کاک (عیماد ئەحمەد) سەرۆکی شاندی یەکێتی تەلەفۆنی بۆ کردم داوای کرد کە دانیشتنی سبەی دوابخەین. پێم وت: " ئێمە ڕازین و فەرموو بە بەریز د.ڕێواز بڵێن با ئیعلانی دانیشتن بۆ سێشەمە یان چوارشەمە بکات و بەرنامەی کاریش کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن و دانانی وەزیرەکانی یەکێتی و ئاڵوگۆڕەکانی ئێمەش بێت لە ناو پەرلەماندا." رۆژی دووشەمە ۲۲ ـی ٥ كاتژمێر 8 و 51 دەقیقەی بەیانی نامەیەكی دەنگیم بۆ بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان ناردو داوام لێكرد با دانیشتنەكەی ئەمڕۆ دوا بخەین، بەمەرجێك بەڕێزیان هەر هەمان كات دانیشتنێكی دیكە ڕابگەیەنێت بۆ سبەینێ (واتە سێشەممە 23ـی 5) وە بەرنامەی كار هەمان ئەو خاڵانە بن كە لەگەڵ (كاك عیماد) باسمان كردبوو. لە هەمان كاتیشدا بەڕێز سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی نامەیەكی دەنگی بۆ بەڕێز سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی ناردو هەمان داوای لێكردبوو. بەڵام بە داخەوە، نە سەرۆكی پەرلەمان و نە سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیش وەڵامێكی ئەرێنیان بۆ ئەم پێشنیازە پێ نەدرایەوە. کە چووینە دانیشتنەکەش، پێش دەستپێک، دیسان پرسیارم لە بەرێز سەرۆکی پەرلەمان کرد كە ئایا هیچ وەڵامێكی ئەرێنی بۆ پێشنیازەكەی ئێمە هەیە، وتیان: "نەخێر"! بۆیە كاتێك دانیشتنەكە دەستی پێكرد، بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان بە خراپبەكارهێنانی دەسەڵاتەكانی و لێكدانەوەی نادروست بۆ دەقەكانی پەیڕەوی ناوخۆ دواخستنی دانیشتنەكەی ڕاگەیاند. لە كاتێكدا بەهیچ شێوەیەك دانیشتنی ڕاگەیەندراو كە نیسابی یاسایی دەستەبەر بێت، پێش جێبەجێكردنی بڕگەكانی و تەواوكردنیان لە دەسەڵاتی سەرۆكی پەرلەماندا نییە. بەڵكو لەكاتی دانیشتنەكاندا ئەگەر دواخستن و هەڵپەساردنێك پێویست بووایە، ئەوا بەپێی بڕگەی دووەم لە ماددەی (48) ئەوە دەسەڵاتی دەستەی سەرۆكایەتی دەبوو لەگەڵ ڕەزامەندی زۆرینەی پەرلەمانی. بەو پێیەش سەرۆكی پەرلەمان خۆویستانە دانیشتنێكی یاسایی و پەیڕەوی بەجێهێشت بۆیە بەپێی بڕگەی یەكەمی ماددەی (19) ئەركی بەرێوەبردنی دانیشتنەكە دەكەوێتە ئەستۆی جێگری سەرۆكی پەرلەمان. بە تایبەتیش كە زۆرینەی دەستەی سەرۆكایەتی و زۆرینەی پەرلەمانی، بەدەنگدان، لەگەڵ بەردەوامبوونی دانیشتنەكەدا بوون. بۆیە ئێمە بە ئەركی یاسایی و پەیڕەوی خۆمان هەستاین و دانیشتنەكەمان بەڕێوە برد. وێڕای هەوڵی بەردەوامی ئەندامانی یەكێتی بۆ ڕاوەستاندنی دانیشتنەكە، بەڵام بە جێبەجێكردنی بڕگەی یەكەم لە ماددەی (48)ـی پەیڕەوی ناوخۆ، بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران خاڵی تایبەت بە كاراكردنەوەی كۆمسیۆن هێنرایە خاڵی یەكەمی دانیشتنەكە و پاشانیش بە زۆرینەی دەنگی 58 پەرلەمانتاری ئامادەبوو (45 ئەندامی فراكسیۆنی پارتی، 2 ئەندامی فراكسیۆنی بزووتنەوە، 1 ئەندام فراكسیۆنی سەردەم و 10 ئەندام لە پێكهاتەكان)، بڕگەكە پەسەند كراو بەپێی بڕیاری ژمارە (10)ـی ساڵی 2023، ئەنجوومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆن، كارا كرایەوە و دوو كۆمسیاری نوێشی بۆ هەڵبژێردرا. پاش ئەوەش لەبەر ئەوەی بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان خۆویستانە هۆڵی دانیشتن و باڵاخانەی پەرلەمانیشی بەجێهێشتبوو، بە ئامادە نەبوو هەژمار دەكرێت. بۆیە بەپێی بڕگەی یەكەمی ماددەی (19)ـی پەیڕەو و سەرجەم دەسەڵاتەكانی لەلایەن جێگری سەرۆكی پەرلەمانەوە پیادە دەكرێت. ئەمەش بە حوكمی پەیڕەوە و پێویستی بەهیچ جۆرە تەفویز و بریكارییەك نییە. هەربۆیە، بەپێی سرووشتی بڕیارەكە و گرنگی ناوەڕۆكەكەی بە ئیمزای جێگری سەرۆكی پەرلەمان بڕیارەكە بۆ لایەنە پەیوەنددارەكان نێردرا بۆ جێبەجێكردنی ناوەڕۆكەكەی. سەرەنجامیش بڕیارەكە لە ڕۆژنامەی فەرمی "وەقایعی كوردستان" ژمارە (305) لە 23 ـی 5ـی 2023ـدا بڵاو كرایەوە. هەردوو كۆمسیارە نوێیەكەش لەبەردەم ئەنجوومەنی دادوەریدا لە 28ـی 5ـدا سوێندی یاساییان خوارد و دەستبەكار بوون. دەرەنجام ئەوەی كراوە، وێڕای گرتنەبەری سەرجەم ڕێكارە یاسایی و پەیڕەوییەكان، جێبەجێكردنی ڕێككەوتنێكی فرەلایەنەی سیاسی نێوان پارتی، یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵ و یەكگرتووە كە لە 11ـی 3ـی 2023ـدا لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ئەنجام دراوە كە تایبەتە بە كاراكردنەوەی كۆمسیۆن وەك خۆی و پڕكردنەوەی كورسییە بەتاڵەكانی. كاراكردنەوەی كۆمسیۆن، بابەتێكی خیلافی نێوان لایەنەكان نەبووە. بەڵكو ئەگەر لە پێشتردا پارتی بەپێی ماف و ئیستیحقاقی هەڵبژاردنی خۆی، داوای دەكرد كە بەرمەبنای هەڵبژاردنەكانی 2018ـی كوردستان و 2021ـی عێراق كۆمسیۆن دابڕێژرێتەوە و كارا بكرێتەوە. چونكە لە كاتێكدا پارتی لە پێكهاتەكەی ئێستادا لە كۆی 9 كۆمسیار، سێكۆمسیاری هەیە، ئەوا بەپێی ئیستیحقاقی ئەو دوو هەڵبژاردنە كۆمسیارەكانی دەبوون بە چوار. بەڵام لە پێناو لابردنی بەربەستەكانی بەردەم هەڵبژاردن و ڕەخساندنی زەمینەی لەباری هەمەلایەنە بۆی و گەیشتن بە ڕێككەوتنی نیشتیمانی، دەستبەرداری ئەم مافەی خۆیشی بوو. ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە، ئەگەر كاراكردنەوەی كۆمسیۆن بابەتێكی خیلافی نەبووبێت، بۆچی هەوڵی لەمپەر دروستكردن لەبەردەم كاراكردنەوەیدا درا، بۆچی هەوڵی زۆر بۆ تێكدانی ئەو دانیشتنەی درا كە كۆمسیۆنی تێدا كارا كرایەوە ؟ ئێستاش جەخت دەكەینەوە پرۆسەی هەڵبژاردن ئامرازی یەكەمی پیادەكردنی دیموكراسی و دەستاودەست پێكردنی دەسەڵاتە و مافێكی بنچینەیی گەلی كوردستان و هاووڵاتیانیەتی. مافێكی حزبی و تایبەت نییە تا بكرێتە كەرەستەی دانوستاندن و ڕێگرییلێكردن. بۆیە داوا دەكەین كە پێكەوە پەلە بكەین لە ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەمواركردنی هەشتەمی یاسای هەڵبژاردنی ژمارە (1)ـی ساڵی 1992ـی هەمواركراو لەسەر بنەمای چوار بازنەیی و بەكارهێنانی تۆماری بایۆمەتری و بە بنەماكردنی داتاكانی وەزارەتەكانی بارزگانی و پلاندانانی عێراق. ئەمەش لە پێناوی ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لە كاتی دیاریكراوی خۆی لە 18ـی 11ـی 2023ـدا. كەواتە، لە ئێستادا كە كاراكردنەوەی ئەنجوومەنی كۆمسیاران، بەگرتنەبەری ڕێكارە یاسایی و پەیڕەوییەكان، كارا كراوەتەوە، هەر ڕێگریی و لەمپەردروستكردنێك لەبەردەم كارەكانیدا، لە هەرلایەكەوە بێت، بە پاڵنەری سیاسییە و ئامانجیش لێیان ڕاگرتن و خاوكردنەوەی هەنگاوەكانە بە ئاڕاستەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا.