Draw Media

وه‌فده‌ی هه‌رێم چی وتووه‌؟

وه‌فده‌ی هه‌رێم چی وتووه‌؟

2023-10-21 15:01:51


راپۆرت: درەو
ئەو نرخەی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی هەر بەرمیلێك نەوت لە هەرێمی كوردستان دیاریكردووە بڕی (26) دۆلار كەمترە لەو نرخەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم دیاریكردووە، ئامانج رەحیم لەبەردەم لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقدا راپۆرتی وه‌زاره‌تی دارایی خوێنده‌وه‌و رایگەیاندووە، ئەگەر هەمان پێوەری یاسای بودجەی 2021 لەبەرچاو بگیرێت، هەرێمی كوردستان بۆ بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی هەر بەرمیلێك نەوت بڕی زیاتر لە (27) دۆلاری دەكەوێت. روانگەی وەفدی هەرێم لەبارەی جیاوازی نرخی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی نەوت چۆن بووە كە ئێستا یەكێكە لە تەوەرە سەرەكییەكانی كێشەی نێوان هەرێم‌و حكومەتی فیدراڵ لەبارەی یاسای بودجەوە؟ وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. 

ئامانج رەحیم راپۆرتەكەی خوێندوه‌ته‌وه‌
وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژی 18ی ئەم مانگە چووە بەردەم لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە ئامادەبوونی (تەیف سامی) وەزیری دارایی عێراق، وەفدی هەرێم كە ئاوات شێخ  جەناب وەزیری دارایی سەرۆكایەتیی دەكرد، راپۆرتی دۆخی دارایی خۆی لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا خستەڕوو. 
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە (درەو)ی راگەیاند، سەرەتا ئاوات شێخ جەناب وتەیەكی پێشكەشكردو دواتر ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران راپۆرتی حكومەتی هەرێمى لەبەردەم لیژنەی دارایدا خوێندەوەو، ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.

ناكۆكی لەبارەی نرخی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی نەوت !
(درەو) كۆپییەكی راپۆرتەكەی وەفدی هەرێمی دەستكەوتووە، بەشێكی راپۆرتەكە تایبەتە بە نرخی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی نەوت، كە یەكێكە لە بابەتە كێشە لەسەرەكانی بودجە لەنێوان هەردوو حكومەتی هەولێرو بەغدادا. 
راپۆرتی حكومەتی هەرێم باسلەوە دەكات، لە ماددەی 12ی یاسای بودجەدا، بۆ بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی بڕی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێم، هەمان ئەو نرخە دانراوە كە بۆ بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی یەك بەرمیل نەوت لە عێراق دانراوە. 
بەپێی راپۆرتەكە، فەرمانگەی ئابوری وەزارەتی نەوتی فیدراڵ تێچووی بەرهەمێنان‌و گواستنەوەی هەر بەرمیلێك نەوتی بە بڕی (8 هەزارو 960) دینار دیاریكردووە كە دەكاتە (6,9) دۆلار، ئەمە لەكاتێكدایە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی تێكڕای ئەم خەرجییەی بە بڕی (32,91) دۆلار دیاریكردووە، بەمشێوەیە: 
•    بڕی (24,32) دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی یەك بەرمیل نەوت
•    بڕی (8,59) دۆلار بۆ گواستنەوەی یەك بەرمیل نەوت
لەسەر بنەمای هەناردەكردنی (400 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە‌و بە نرخی (70) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، ئەو پارەیەی كە وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ تێچووی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی نەوتی هەرێم دیاریكردووە بڕی (26) دۆلاری كەمترە لەو نرخەی كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم دیاریكردووە. 

حكومەتی هەرێم چی دەڵێ ؟
وەفدی هەرێم رەخنەی لە فەرمانگەی ئابوری وەزارەتی نەوتی عێراق هەیە‌و دەڵێ: لە لێكدانەوەیدا بۆ میكانیزمی هاتوو لەیاسای بودجەدا تایبەت بە ئەژماركردنی تێچووی  بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی، زۆر خاڵی گەوهەری لەبەرچاو نەگرتووە، لەوانە:
•    سروشتی گرێبەستە نەوتییەكان لە هەرێمی كوردستان، كە گرێبەستی (هاوبەشی لە بەرهەمهێنان)ە‌و كۆمپانیا نەوتییەكانن كە نەوت بەرهەمدەهێنن‌و هەرێم هیچ كۆمپانیایەكی نیشتمانی تایبەت بەخۆی نییە، پشەسازی نەوت لە هەرێم لەلایەن كەرتی تایبەت‌و كۆمپانیا نەوتییەكانەوە بەرهەمهێنانی تێدا كراوە‌و پارەیەكی زۆریان لە پرۆسەی دۆزینەوەو پەرەپێدان‌و بەرهەمهێنان خەرجكردووە، بەبێ ئەوەی هیچ بڕە پارەیەكیان لەچوارچێوەی یاسای بودجەی هەرێمدا لە ساڵانی پێشوو بۆ تەرخان بكرێت، ئەم كۆمپانیایانە خەرجی وەبەرهێنان‌و بەكارخستن‌و پشكی قازانجی خۆیان لە داهاتی هەناردەو فرۆشی نەوت دەگەڕێننەوە، ئەمە لەكاتێكدایە بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق بڕێكی زۆر پارە بۆ خەرجی بەكارخستن‌و وەبەرهێنان‌و پشكی قازانجی كۆمپانیاكان تەرخانكراوە، كە بۆ ساڵی دارایی 2023 بڕەكەی (24 ترلیۆن) دینارە. 
•    هێڵی بۆرییەكانی نەوت لای حكومەتی فیدراڵ موڵكی گشتین‌و خاوەندارێتییان بۆ وەزارەتی نەوتی فیدراڵی دەگەڕێتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە ئەو بۆرییانەی نەوت كە لە هەرێمی كوردستان هەن لەرێگەی وەبەرهێنانی تایبەتەوە دروستكراون‌و پەرەیان پێدراوە‌و خراونەتەگەڕ، بۆیە خەرجی دروستكردنی ئەم بۆرییانە لە داهاتی هەناردەو فرۆشی نەوتی هەرێم دەردەكرێت. 
•    وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی فیدراڵ بەگوێرەی نوسراوی ژمارە (264) لە رۆژی 23/5/2023‌و پاڵپشت بە كۆبونەوەی هاوبەش لە رۆژی 26/1/2023 كە نوێنەری فەرمانگەی ئابوری وەزارەتی نەوتی فیدراڵ‌و نوێنەری كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" بەشداربوون تێیدا، رێككەوتن كرا لەسەر ئەژماركردنی شایستەی كۆمپانیا نەوتییەكان لەچوارچێوەی گەڕەكانی مۆڵەتپێدان بۆ هەرێمی كوردستان، بەدیاریكردنی تێچووی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بە بڕی (19) دۆلار (12 دۆلار بۆ خەرجی بەرهەمهێنان‌و 7 دۆلار بۆ خەرجی گواستنەوە)ی هەر بەرمیلێك نەوت. 
•    ئەژماركردنی تێكڕای تێچووی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی هەر بەرمیلێك نەوتی خاو بە بڕی (8 هەزارو 960) دینار واتە (6,9) دۆلار لەلایەن فەرمانگەی ئابوری وەزارەتی نەوتی فیدراڵەوە، پێچەوانەی ئەو تەرخانكراوەیە كە لەچوارچێوەی خەرجی سیادیدا بۆ ئەم جۆرە خەرجییە كراوە كە بڕەكەی (3 ترلیۆن‌و 800 ملیار) دینارە. 
•    پێوەری پێشنیازكراو لەلایەن فەرمانگەی ئابوری وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بۆ ئەژماركردنی تێكڕای خەرجی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی یەك بەرمیل نەوت، لەلایەن كۆمپانیا نەوتییە بەرهەمهێنەرەكانەوە لە كوردستان لە كۆبونەوەی رۆژی 23/8/2023 بە فەرمی رەتكرایەوە. 
•    پێشتر حكومەتی فیدراڵ دانی ناوە بە خەملاندنی نزیك لە واقع سەبارەت بە تێچووی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی كوردستان‌و شایستەی كۆمپانیا نەوتییەكان بەگوێرەی گرێبەستی هاوبەشیكردن كە لەنێوانیاندا كراوە، ئەمەش بەڕوونی لە بڕگەی (دووەم/ ا)ی ماددەی (11)ی یاسای بودجەی فیدراڵی ژمارە (23)ی ساڵی 2021دا دەردەكەوێت، ئەمەش لەرێگەی پابەندكردنی هەرێم بە بەرهەمهێنانی بڕی (460 هەزار) بەرمیل رۆژانە، هاوكات لەگەڵ داواكارییەكەی بۆ ئەوەی تەنیا (250 هەزار) بەرمیلی بە نرخی سۆمۆ بێت‌و بڕی (50 هەزار) بەرمیلی بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی‌و بەرهەمهێنانی كارەبا بێت‌و ئەوەی دەمێنێتەوە كە بڕەكەی (160 هەزار) بەرمیلە، تەرخان بكرێت بۆ خەرجی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی نەوت‌و شایستەكانی تر، ئەم بڕە كە بۆ خەرجی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی نەوت تەرخانكراوە، رێژەی 34%ی تێكڕای بەرهەمهێنانی نەوت پێكدەهێنێت (160/460 × 100= 34%). ئەگەر هەمان رێژە هەژمار بكەین (بەهۆی ئەوەی سۆمۆ نەوتەكە دەفرۆشێت)، ئەوكاتە شایستەی هەرێم‌و كۆمپانیاكان بەمشێوەیە دەبێت (80 $ تێكڕای نرخی فیعلی بەرمیلێك × 34%= 27,2$) ئەمە دەیسەلمێنێت ئەو بنەمایەی كە لایەنی تایبەتمەند لە وەزارەتی نەوت پشتی پێبەستووە لە ئەژماركردنی خەرجی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی نەوتی هەرێم (6$ بۆ هەر بەرمیلێك) ستەمێكی روونی تێدایە‌و شایستەی كۆمپانیاكانی تێدا لەبەرچاو نەیگراوەو وادەكات هەرێم نەتوانێت شایستەی ئەو كۆمپانیایانە بدات‌و بەمە وەبەرهێنانی نەوت رادەوەستێت‌و وادەكات هەرێم نەتوانێت پابەندییە نەوتییەكانی جێبەجێ بكات. 

ژمارەكانی وەزیری بەوەكالەت
كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان بەوەكالەت رۆژی 4ی ئەیلولی ئەمساڵ لەگەڵ وەفدی دانوستانكاری حكومەتی هەرێم بەشداری كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی كرد.
لە كۆنگرەكەدا، كەمال محەمەد رایگەیاند، بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس لە پێنج تانە پێكهاتووە كە دژی دۆسیەی نەوتی هەرێم تۆماركراوە، خۆشەبەختانە چوار دۆسیەی لەبەرژەوەندی هەرێم شكاوەتەوە كە بریتین لە دۆسیەكانی (ئیدارەدان- بەرهەمهێنان- گواستنەوە- عەمباركردن)‌و دادگاكە لەم بوارانەدا مافی بە هەرێم داوە، بەڵام لە بابەتی (فرۆشتنی نەوت)دا حەقی بە هەرێم نەداو دەبێت لەڕێگەی كۆمپانیای "سۆموە" بێت. 
وەزیری بەوەكالەت ئاماژەی بەوەكرد" لە 25ی ئازارەوە هەناردەی نەوتی هەرێم راگیراوە، بەڵام تاوەكو بەر لە راگرتنی هەناردە، بە داهاتی نەوت شایستەی كۆمپانیاكان‌و مانگانەش موچە دابین كراوە".
"راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لەبەرژەوەندی عێراقدا نییە، چونكە راگرتنی 400 هەزار بەرمیل ئەگەر بۆ هەر بەرمیلێكیش (70 دۆلار) ئەژمار بكەین، واتا مانگانە (850 ملیۆن) دۆلار زیان لە داهاتی عێراق دەكەوێت" كەمال محەمەد وای وت.
وەزیری ئاسمانە سروشتییەكان هەرێم ئاشكرایكرد" لە 25ی حوزەیران وەزارەتی نەوتی عێراق داوایكردووە ئێمە لە 50 هەزارەوە دەستپێبكەین تا 140 هەزار بەرمیل رادەستبكەین، ئێمە لە 25ی حوزەیراندا ئەو نەوتەمان رادەستی پاڵاوگەی (كار) كرد كە بۆ عێراق كار دەكات، ئێستا رۆژانە بە تێكڕا (85 هەزار) بەرمیل نەوت بە عێراق دەدەین، بەڵام لەوكاتەوە یەك دینارو یەك دۆلار بۆ بەرهەمهێنان خەرج نەكراوە، ئەمەش بەبەهانەی ئەوەی دەڵێن بۆ كرێی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوە هەر بەرمیلێك 6 دۆلار حساب دەكەین".  
لەبارەی ناكۆكییەكان سەبارەت بە نرخی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی نەوت لەنێوان هەرێم‌و بەغداد، ئاماژەی بەوەكرد" گرێبەستەكانی ئێمە وەكو هەرێمی كوردستان جیاوازە لە گرێبەستەكانی عێراق، چونكە عێراق كۆمپانیای نیشتمانی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی هەیە، بەڵام ئێمە لەرێگەی كۆمپانیاوە دەیكەین. لە 24ی ئابدا لەگەڵ كۆمپانیاكان كۆبوینەوە كە نرخی دیاریكراو بۆ بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی نەوت لەلایەن  وەزارەتی نەوتی عێراقەوە بە (6 دۆلار) دیاریكراوە‌و ئەوە لە بودجەدا پەسەندكراوە، كۆمپانیاكان هەموویان بە فەرمی وەڵامی ئێمەیان دایەوە‌و وتیان ئێمە ناتوانین بەو (6 دۆلار) بەردەوام بین لەسەر بەرهەمهێنانی نەوت".
وەزیری سامانە سروشتییەكان داوای لە وەزارەتی نەوت‌و حكومەتی عێراق كرد پێداوچوونەوەیەك بە بابەتی نرخی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەدا بكات، بۆ ئەمەش نمونەی بەوە هێنایەوە كە "لە عێراق چەندین كێڵگە هەن تێچووی بەرهەمهێنانیان تێیاندا زیاتر لە 30 دۆلارە".
لەبارەی نرخی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی نەوت بە تێكڕا لە هەرێمی كوردستان، ئاشكرایكرد" ئێمە بۆ وەبەرهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت پێویستمان بە 24 دۆلارە‌و بۆ گواستنەوەش پێویستمان بە (7 دۆلار)ە، واتا تێكڕای خەرجی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی نەوت لە هەرێم (31 دۆلار)ە‌و بەو (6 دۆلار)ەی دیاریكراوە كۆمپانیاكانی هەرێم ناتوانن نەوت بەرهەم بهێنن".
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand