داتاکانی کۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی بۆ سێ چارەکی یەکەمی 2023
2023-10-18 20:15:48
درەو:
🔻 بەپێی دواین ڕاگەیەندراوی کۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی، کە لە کێڵگە نەوتییەکانی (تاوکێ، فیشخابور و بەعشیقە) گرێبەستی هەیە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە بەرهەمهێنانی نەوت لەو کێڵگانە؛
🔹 لە چارەکی یەکەمی (2023)، بە تێکڕا ئاستی بەرهەمی رۆژانەی هەرسێ کێڵگەکە بریتی بووە لە (94 هەزار و 719) بەرمیل نەوتی بەرهەمهێنراو.
🔹 لەدوای راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە لە (25/3/2023)، لە چارەکی دووەمی هەمان ساڵ، ئاستی بەرهەمی ناوچەی گرێبەستەکانی کۆمپانیاکە بە رێژەی (99.9%) دابەزی بۆ تەنها (65) بەرمیل نەوتی رۆژانە،
🔹 کۆمپانیاکە لە (18ی تەموز)ەوە دەستی بە کارەکانی کردووەتەوە، لە چارەکی سێیەمی (2023)دا تێکڕای ئاستی بەرهەمی گەیاندووەتەوە بە (25 هەزار 984) بەرمیل نەوتی رۆژانە.
یەکەم؛ کۆمپانیای (DNO) لە کێڵگە نەوتیەکانی هەرێمی کوردستان
کۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی، لە چوارچێوەی گرێبەستی کێڵگەکانی نەوتی (فیشخابوور و تاوکێ) کە بە گرێبەستی "تاوکێ" ناسراوە، لەگەڵ کێڵگەی نەوتی بەعشیقە، گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، بەجۆرێک؛
1. ناوچەی گرێبەستی تاوکێ: هەردوو کێڵگەی نەوتی (فیشخابور و تاوکێ) دەگرێتەوە، لە بەر ئەوەی هەردوو کێڵگەکە بە یەک گرێبەست دراوە بە کۆمپانیا پشکدارەکان, بۆیە بە ناوچەی گرێبەستی "تاوکێ" ناسراوەو (75%) پشکەکانی دراوە بە کۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی و (25%) کۆمپانیای گنێڵ ئێنێرجی تورکی وەبەرهێنانی تێدا دەکات.
2. کێڵگەی نەوتی بەعشیقە: یەکێکی دیکەیە لەو کێڵگە نەوتیانەی کۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی پشکی (64%) تێدا هەیە و (16%)ی پشکەکانیشی دراوە بە کۆمپانیای وزەی تورکی (TEC) و (20%)ی پشکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و لە ناوەڕاستی نیوەی یەکەمی ساڵی (2022) گەیشت بە قۆناغی بەرهەمهێنان.
دووەم؛ بەرهەمی کاری (DNO) لە کێڵگە نەوتیەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2023)دا
بهپێی ڕاپۆرتەکانی کۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی، بەرهەمی کاری کۆمپانیاکە بەجۆرێک بووە کە؛
1. چارەکی یەکەمی (2023)؛ لە چوارچێوەی گرێبەستی کێڵگەکانی نەوتی (فیشخابوور و تاوکێ) کە بە گرێبەستی "تاوکێ" ناسراوە، هەردوو کێڵگەکە پێکەوە لە چارەکی یەکەمی (2023) دا بە تێكڕای رۆژانە (93 هەزار و 879) بەرمیل نەوتیان لێ بەرهەم هێنراوە، بە جۆرێک؛
- کێڵگەی نەوتی فیشخابور: لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بە تێکڕای رۆژانە لە کێڵگەی فیشخابور (49 هەزار و 478) بەرمیل نەوت بەرهەم هێنراوە.
- کێڵگەی نەوتی تاوکێ: لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بە تێکڕای رۆژانە لە کێڵگەی تاوکێ (44 هەزار و 400) بەرمیل نەوت بەرهەم هێنراوە
- کێڵگەی نەوتی بەعشیقە: یەکێکی دیکەیە لەو کێڵگە نەوتیانەی کۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی پشکی (64%) تێدا هەیەو لە ناوەڕاستی نیوەی یەکەمی ساڵی ڕابردوو گەیشت بە قۆناغی بەرهەمهێنان. بەپێی داتاکانی کۆمپانیا نەرویجییەکە لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بە تێکڕای رۆژانە لە کێڵگەی نەوتی بەعشیقە تەنها (841) بەرمیل نەوت بەرهەم هێنراوە.
کەواتە لە سەرجەم ئەو کێڵگە نەوتیانەی کە کۆمپانیای (DNO) گرێبەستی هەیە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە تێکڕای ڕۆژانە زیاتر لە (94 هەزار 719) بەرمیل نەوتیان بەرهەمهێناوە.
2. چارەکی دووەمی (2023)؛ دوای ئەوەی دادگای نێوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس بڕیاری لەبارەی دۆسیەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە دەرکرد، ئەنجامەکەی ئەوەبوو لە (25ی ئازاری 2023) هەناردەی نەوتی هەرێم بە یەکجاری ڕاگیرا، بووە هۆی ئەوەی لە چارەکی دووەمی هەمان ساڵ، ئاستی بەرهەمی ناوچەی گرێبەستەکانی کۆمپانیاکە بە رێژەی (99.9%) دابەزێت بۆ تەنها (65) بەرمیل نەوتی رۆژانە.
3. چارەکی سێیەمی (2023)؛ بەپێی دواین ڕاگەیەندراوی کۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی، کە لە (16ی ئۆکتۆبەری 2023) بڵاوی کردووەتەوە، کۆمپانیاکە لە (18ی تەموز)ەوە دەستی بە کارەکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی ناوچەی گرێبەستی تاوکێ کردووەتەوە، لە چارەکی سێیەمی (2023)دا تێکڕای ئاستی بەرهەمی گەیاندووەتەوە بە (25 هەزار 984) بەرمیل نەوتی رۆژانە، بەڵام سەرجەم ئەو بەرهەمە بە کڕیارانی ناوخۆ فرۆشراوەو بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە، ڕەوانەی بەندەری جەیهان نەکراوە.
تایبەت بە تێکڕای ئاستی بەرهەمی ئەو کێڵگانەی کۆمپانیای (DNO) کاریان تێدەکات لە چارەکەکانی (یەکەم، دووەم و سێیەمی 2023)، بڕوانە چارتی هاوپێچ؛
سەرچاوەکان؛
- DNO ASA, Q1 2023 Interim Results Presentation;
https://bitly.ws/XCZ5
- DNO ASA, Q2 2023 Interim Results Presentation;
https://bitly.ws/XCZI
- Q3 2023 Trading Update and Invitation to Earnings Call
https://bitly.ws/XCZa