Draw Media

ڕەگوڕیشەی کێشەکان: فەلەستینییەکان و ئەرمەنییەکان و کوردەکان.

ڕەگوڕیشەی کێشەکان: فەلەستینییەکان و ئەرمەنییەکان و کوردەکان.

2023-10-18 13:46:53


مەریوان وریا قانع 

تەمەنی ململانێ سەرەکییەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕست سەد ساڵی تێپەراندوە و تا ئەم ساتەش زۆربەی هەرەزۆریان نەک تەنها بەبێچارەسەرکردن ماونەتەوە، بەڵکو خوێناوێکی زۆریشیان لەبەر دەڕژێت. لەسەردەمی جەنگی جیهانی یەکەم و دەرەنجامەکانی دوای جەنگەکە، کە هەرە دیارەکانیان بریتیبوو لە کەوتن و هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیی و لەدایکبوونی سیستمی دەوڵەتی نەتەوە لە ناوجەکەدا بوو، دۆخێک دروستبوو تییادا سێ گروپی ئەتنی جیاواز ڕووبەڕووی کێشەی سەخت و هێجگار گەورە بوونەوە.

یەکەمیان ئەرمەنییەکان بوون کە لەسەردەمی جەنگەکەدا روبەڕووی جینۆساید بوونەوە و عوسمانییەکان نزیکەی دوو ملیۆنێکیان لێکوشتن، ژمارەیەکی زۆریشیان دیپۆرت کران و بەشێکی تریان وەک کۆچبەری بێماڵ بە جیهاندا بڵاوبوونەوە. ئەم کێشەیە تا ئەمرۆکەش لە فۆرمی جیاوازدا ئامادەیی هەیە، هەم بەشێکە لە یاداوەریی برینداریی گشتی میلەتی ئەرمەن، لە هەر شوێنێکی دنیادا بژین، هەم بەشێکە لە سیاسەتی خوێناویانەی ئەمرۆکەش، وەک لە ململانێ خوێناویەکەی ئەم دواییەی ناگۆرۆ کەرەباخدا بینیمان. سەدان هەزار ئەرمەنی ناچارکران زێدی خۆیان بەجێبهێڵن و برۆن لە ئەرمینیادا بژین.

گروپی دووهەمیان کورد بوو، کە لە دوای جەنگەکەوە بوونیان لە ناوچەکەدا کورتکرایەوە بۆ بوونێکی کەمینەیی، بوونی چوار کەمینە لەناو چوار دەوڵەتی تازەدروستکراوی نادیموکراس و دەسەڵاتخواز و ستەمگەردا. وەک کەمینەیەکیش سەرجەمی داخوازییە سیاسیی و کولتوریی و ئەتنییەکانیان، نەک تەنها وەلاوەنران و گوێیان لێنەگیرا، بەڵکو وەک مەسەلەیەکی ئەمنیی مامەلەکردن و لەفۆرمی هەڕەشەدا بۆ بوون و مانەوەی ئەو دەوڵەتانە نیشاندران. گۆڕینی میلەتێک بۆ کەمینە ئەو تاوانە سیاسییە گەورەیە بەرامبەر بە کورد لە سەدەی بیستەمدا دەکرێت. لەو ساتەوە تا ئەمرۆ، ئەو دیاردەیە لەدایکبوەو کە ناوی «مەسەلەی کورد»ە، مەسەلەی میلەتێک کە بە زەبری هێز بە کەمینە کراوە. میلەتێک خواستی ئەوەی هەیە لەو دۆخی کەمینەبوونە دەرچێت و رزگاریببێت. ئەم خواستەش بەناو رووبارێک لە خوێن و کارەسات و نەهامەتیدا تێپەریوە، تا ئەمرۆکەش بەشی هەرەزۆری بەهەمان ناوەرۆکەوە ماوەتەوە.

گروپی سێهەمیان فەلەستینیەکان بوون کە خاکەکەیان لێسەندرا و بەشێکی زۆریان وەک پەناهەندە بەناوچەکەدا بڵاوبوونەوە. میلەتێکی بێخاککراو و نیشتەجێکراو لەناو کەمپ و خێمە و سەرسنووری چەندان دەوڵەتانی جیاوازدا. هەوڵدانی بەردەوامی ئەم میلەتە بۆ گەرانەوە بۆسەر خاکەکەی خۆی و بۆ دروستکردنی ژیانێکی سیاسیی سەربەخۆ لەو خاکەدا، جەوهەری کێشەی فەلەستینییەکانە. کێشەکەیان کێشەی داگیرکردنی خاک و رێگرتنە لەوەی لەرووی سیاسییەوە سەربەخۆبن. وەکچۆن کێشەی گەڕاندنەوەی ئەو ژمارە گەورەیەیە لە پەناهەندەی دەرکراو بۆسەر خاک و ناو ماڵەکانی، خۆیان.

هیچ یەکێک لەم کێشانە پەیوەندییان بە دین و دیندارییەوە نییە، هۆکاری دروستبوونیشیان پەیوەندیی بە دین و دیندارییەوە نییە. کێشەکان کێشەی سیاسیی و ئەتنیی و نەتەوەیی چەند میلەتێکە کە گۆڕانکارییە گەورەکانی سەدەی بیستەم غەدرێکی مێژوویی گەورەی لێکردون. سەرجەمی ئەو هێزە دینیانەش کە دواتر لەدایکدەبن و جەوهەری کێشەکە دەگۆڕن بۆ کێشێیەکی دینیی، هەم خیانەت لە خودی کێشەکە دەکەن، هەم جۆرێک لە ململانێی دینیی دروستدەکرێن کە قابیلی چارەسەرکردن نییە. هەریەکێکیان بەناوی خوداکەی خۆیەوە بەرگریی لەخۆی دەکات و بەناوی ئەو خودایەوە دەچێتە جەنگەوە.
هاوکات جۆرێک لە هاریکاریی و بەدەمەوەچونی دینیی پێشنیاردەکەن کە پرە لە ناکۆکىی و زۆرجاریش تواو هەموو سنورێکی ئینسانیی تێدەپەرێنێت. ئەگەر بەدەمەوەچونی فەلەستینییەکان بۆ هۆکارێکی دینیی بێت چونکە ئەوان موسڵمانن، ئەی بۆچی بۆ هەمان هۆکار بەدەم کوردانی رۆژئاواوە ناچن کە لەیەککاتدا هەم برای ئەتنی و هەم برای دینیی خۆیانن. ئەوانیش لەلایەن دەوڵەتێکی سوڵتانی ستەمگەریی وەک دەوڵەتی تورکیا و سەرۆکێکی دەسەلاتگەری وەک ئەردۆگانەوە پەلامار دەدرێن و کۆمەڵکوژ، دەکرێن. جگە لەمە منداڵێکی بچوووک چ موسڵمان یان جولەکە یان مەسیحی یان بوزیەک بیکوژێت، یان هێزەکی عەلمانیی، تاوانە، تاوانێکی گەورەش.

بە کورتییەکەی، نە ئەرمەنییەکان هەموویان دینداربوون، نە فەلەستینییەکان هەموویان موسڵمانن، نە جولەکە هەموویان ئیمانداری دینین، نە کوردیش هەموویان دیندار و موسڵمانن. بەڵام هەموویان خاوەنی کێشەی سیاسیی و نەتەوەیی گەورەن. ئەم کێشەیەش کێشەیەکە لە دەرەوەی دین و دیندارییدا، کێشەی خاک و کێشەی شوناسی ئەتنیی و نەتەوەیین، پەیوەندیی بە خاوەندارێتی خاک و بە مافی سەروەریی سیاسییەوە هەیە. هەموو ڕاکێشانێکی دین بۆ ناو ئەم کێشانە ناپاکییەکی سیاسیی و ئەخلاقیی و ئینسانییە، بەرامبەر بە سەرجەمی ئەو میلەتانە و کێشەکانیان.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand