"رەغدی كچی سەددام حسێن لای ئێمە پەنابەرە، ئەگەر بسەلمێت پاڵپشتی لە تیرۆر كردووە چاوپۆشی لێناكەین" ئەمە قسەی عاتف تەراونە سەرۆكی پەرلەمانی ئوردنە. لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ سایتی (یوم سابع)، سەرۆكی پەرلەمانی ئوردن رایگەیاند، هیچ یەكێك لە سەركردەكانی رژێمی پێشووی عێراق لە ئوردندا نین، تەنیا رەغدی كچی سەددام حسێن لە ئوردنە، ئەویش پەناهەندەیە و لە میوانداریكردنیشیدا یاسای ئوردن پێشێلنەكراوە. سەرۆكی پەرلەمانی ئوردن وتی: شانشینی ئوردن هەر هاوڵاتییەكی ئوردنی یاخود بیانی دادگایی دەكات كە زیان بە وڵاتانی دراوسێ بگەیەنێت. لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بەوەی رەغدی كچی سەددام حسێن پاڵپشتی لە تیرۆر كردووە، سەرۆكی پەرلەمانی ئوردن ئاماژە بەوەدەكات، دادگا هەیە، ئەگەر ئەو یان هەر كەسێكی تر ئیدانە بكرێت بە تیرۆر، ئوردن چاوپۆشی لێناكات، سەرباری ئەمە چەند پێوەرێك هەن بۆ نیشتەجێبونی لە ئوردن و ئەو میوانە و لە چوارچێوەی رێگەپێدراو دەرنەچووە كە یاسای ئوردنی دیاریكردووە، لەناو خاكی ئوردنەوە هیچ چالاكییەكی سیاسی نەكردووە زیان بە عێراق بگەیەنێت. ئەم قسانەی سەرۆكی پەرلەمانی ئوردن دوای ئەوەدێت رۆژی 5ی شوباتی ئەمساڵ حكومەتی عێراق لیستی ناوەی (60) داواكراوی بڵاوكردەوە كە لەناویاندا یەكێكیان رەغدی كچی سەددام حسێن بوو. لە یەكەم كاردانەوەدا دوای بڵاوبونەوەی ناوەكەی لەو لیستە، رەغد رایگەیاند، ئەو لەدوای مردنی باوكییەوە هیچ لێدوانێكی نەداوە و سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا لەوەی ناوی لەو لیستەدا دانراوە، بۆیە سكاڵای یاسای لەسەر هەموو ئەو كەسانە تۆمار دەكات كە ناویان زڕاندووە. رەغد سەددام حسێن • 1968 لەدایكبووە • هاوسەری حسێن كامیلە كە ساڵی 1996 بە فەرمانی سەددام حسێن كوژرا • پێنج منداڵی هەیە بە ناوەكانی (عەلی- حەریر- وەهج- سەددام- بەنان) • لەدوای روخانی رژێمی پێشووەوە لەگەڵ منداڵەكانیدا لە عەممانی پایتەختی ئوردن دەژی و میوانی خێزانی شاهانەی ئوردنە • زۆر سەرسامە بە كەسایەتی باوكی، سەددام كاتێك لە زیندان بووە چەندینجار نامەی بۆ رەغد ناردووە • تاكە ئەندامی خێزانی سەددام حسێنە كە لەدوای روخانی رژێمی پێشووەوە چالاكی سیاسی كردووە
بەپێی ئاماری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، لیستی كاندیدی حزب و هاوپەیمانێتییەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران كە بڕیارە رۆژی 12ی ئایار بەڕێوەبچێت، پەسەندكراوە. بەمەبەستی وردبینیكردن لە ناوی كاندیدەكان، كۆمسیۆن لیستی كاندیدی هەموو لایەنە بەشدارەكانی هەڵبژاردنی ئاڕاستەی دەستەی لێپرسینەوە و دادوەری و بەڵگەی تاوان و وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆ و خوێندنی باڵا و توێژنەوەی زانستی و پەروەردە كرد، پەسەندكردنی لیستی كۆتایی كاندیدەكان دوای گەڕانەوەی ناوی كاندیدەكان هات لەلایەن ئەو دەستە و وەزارەتانەوە. ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لەبەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد، ژمارەی ئەو كاندیدانەی كە پەسەندكراون گەیشتوەتە (6 هەزارو 986) كاندید، لەم ژمارەیە (4 هەزارو 972) كاندیدیان پیاو و (2014) كاندید ژنن. ژمارەی ئەو كاندیدانەی كە رێوشوێنەكانی دەستەی لێپرسینەوە و دادوەری گرتونیەتەوە گەیشتوەتە (337) كاندید، لەم ژمارەیە لیست و هاوپەیمانێتییەكان ناوی (220) كاندیدیان گۆڕیوە، (21) كاندیدیش تانەیان پێشكەشكردووە و تانەكانیان پەسەندكراوە، بەشێوەیەكی گشتیش (96) كاندید بەهۆی رێوشوێنەكانی دەستەی لێپرسینەوە و دادوەرییەوە دورخراونەتەوە و لەلایەن لیست و هاوپەیمانێتییەكانیانەوە بەر لە دورخستنەوەیان نەگۆڕدراون. ژمارەی ئەو كاندیدانەی كە كارمەندی وەزارەتی ناوخۆ بوون و بەوهۆیەوە دورخراونەتەوە (43) كاندید بووە، (2) كاندیدیش لە وەزارەتی بەرگری، (35) كاندیدیش بەهۆی نەبوونی بڕوانامەی خوێندن دورخراونەتەوە. بەشێوەیەكی گشتی ژمارەی ئەو كاندیدانەی كە بەهۆكارە جیاجیاكان دورخراونەتەوە گەیشتوەتە (176) كاندید. (54) كاندیدیش خۆیان لە پرۆسەی هەڵبژاردن كشاونەتەوە.
وەرگێران و ئامادەكردنی: سەفین ئازاد سایتی ( Atlantic Council )لە راپۆرتێكی شیكاریدا باس لە مەترسی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا دەكات لە سوریا و بڵاویكردۆتەوە، سەرۆكی ئەمریكا لە كۆتایی مانگی ئازاری ساڵی 2018 بڕیاری راگرتنی 200ملیۆن دۆلاریدا كەتەخانكرابوو بۆ بنیات نانەوەی سوریا كە ئەمەش ئاماژەبوو بە هەنگاونان بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا، كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا دەبێتە دەرفەتێك بۆ دەستوەردانی ئێران لە ناوچەكەو فراونبوونی دەسەڵاتەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە دەسەڵاتەكانی درێژدە بێتەوە لەعێراقەوە بۆ سوریا و لوبنان، ئەگەر ویلایەتەیەكگرتوەكانی ئەمریكا لە لەسوریا بكشێتەوە و پشتگرییەكانی بۆ هیزی كوردی لەسوریا ڕابگرێت كەهاوپەیمانی سەرەكی ویلایەتەیەكگرتوەكانی ئەمریكایە، ئەو هەنگاوە كوردەكان ناچاردەكات بەرەو لای رژێمی ئەسەد بچن. بەشار ئەسەد ریگایدا بەهێزەكانی بەرگری نەتەوەیی سوریا تاكو بچنە عەفرین لەم جەنگەی بەم دواییە لە دژی توركیا و هیزەكانی قەڵغانی فورات بۆسەر عەفرین دەستی پێكردبوو، ئەمەش رێگاكە بۆ هێزەكانی ئێران دەكاتەوە كە كۆنترۆڵی باكوری رۆژ هەڵاتی سوریا بكەن، ئەمەش دەبێتە سەرەتای ریگای دروست كردنی هیلالی شیعە كە لە ئیرانەوە دریژ دەبیتەوە لە ناو عێراقە وە بۆ حەلەب و تا لە حمس كۆتایی دێت لە بەندەری لازقیە لەسەر دەریایی ناوەڕاست. سەرۆكی پیشوی ویلایەتەیەكگرتوەكانی ئەمریكا باراك ئۆباما بەشێوەیەكی گشتی سیاسەتەكانی هیچ كاریگەری نەبووە لە ئیدارەدانی ململانێ و ناكۆكیەكان رۆژهەڵاتی ناوەرات، بەتایبەتیش لە سوریا، بەڵام دۆناڵد ترەمپ پشت دەبەستیت بەپلانی كورت خایەن و كاردەكات لە سەرناكۆكیەكانی وڵاتان لەسوریا وەك توركیا ، ئەڵمانیا، فەرەنسا و سعودیە ئەوان ناچاردەكات تاپشتگیری بكەن بۆ جێگربوونی سوریا و رێگا بگرێت لە فراوان بوونی ئێران بۆ ناوچەی رۆژ ئاوای روباری فورات و روسیاش بوەستنێت لە سوریا، كە كاریگەرترین یاریكەرە لە سوریا، كارتی بەردەستی ترەمپ لە سوریا ناوچەی ژێر دەستی هێزە كوردیەكانە، كە هێزەكانی سوریای دیموكرات كۆنترۆڵی لە سەدا 80%ی ناوچە نەوتیەكانیان كردووەو زۆرینەی نەوتی سوریا دەكەوێتە سنوری هێزە كوردیەكانەوە. ویلایەتەیەكگرتوەكانی ئەمریكا دەتوانێت كارتەكانی بەكاربهێنت بۆ دابەشكردنی دەستكەوتەكانی لە سوریا لەگەڵ هێزەكانی تر بەرامبەر بە روسیا، بەتایبەتیش كارتی نەوت كەرۆڵێكی گرنگ دەگێرێت لە ململانێكان بەتایبەت بۆ نەوت بۆ روسیا زۆر گرنگە، چونكە كەسەرۆكی روسیا هەوڵ ئەدات قەرەبووی خەرجی سەربازەكانی بكاتەوە لە سوریا بەتایبەتیش خەرجی سەربازەكانی لەو وڵاتە، كە ئەمە پەیوەندی بە پاراستنی بەرژەوەندیە ئابوریەكانی روسیاشەوە هەیە چونكە بەشێك لەوسەربازانە ئەركیان پاراستنی كۆمپانیا نەوتیەكانی روسیایە لە سوریا. بۆیە كشانەوەی ئەمریكا رێگە بۆ روسیا خۆش دەكات كە نزیك بێتەوە لە كوردەكان ئەویش بۆ دەستكەوتە ئابوریەكانی كە نەوتە لەو وڵاتە.
درەو میدیا ئەمریكیەكان فشار لە حكومەتی عێراقی دەكەن بۆ گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ كەركوك لە پێناو یەكخستنی تواناكان بۆ روبەروبونەوەی داعش لەو ناوچانە، لەگەڵ ئەوەی حكومەتی عێراق تا ئاستێك رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان كە پێشتر عەبادی چەند جارێك رایگەیاندوە دەبێت ئەو ناوچانە بە هاوبەشی بەرێوەببرێن، بەڵام مەرجی هەیە بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە، لەو بارەیەوە واسق هاشمی سەرۆكی گروپی عێراقی بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی عێراق بە غەد پرێسی راگەیاندووە: لە كۆبوونەوەی ئەمرۆ هەینی ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاساییشی نیشتیمانی عێراق كە بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی كۆبۆتەوەو تیایدا گفتوگۆ لەسەر گەڕانەوەی پێشمەرگە كراوە بۆ كەركوك، كە حكومەتی فیدراڵی دەیەوێت ناوچە جێناكۆكەكان لەلایەن هەموو پێكهاتەكانەوە بەرێوەببرێت بە هێزی پێشمەرگەشەوە، بەڵام بە مەرجێك فەرمادەیی و ئیدارەی هێزی پێشمەرگە لەژێر فەرماندەیی دەسەڵاتی فیدراڵی عێراقدا بێت و لەژێر دەستی فەرماندەیی هێزە چەكدارەكانی عێراقدا بێت. ئەم رەزامەندیەی حكومەتی عێراقی دوای فشارەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكان هات بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە، كە چەند رۆژێكە گفتوگۆی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ كەركوك گەرمە تەنانەت هەندێك سەرچاوە ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەمریكیەكان ژمارەیەك پێشمەرگەیان بردۆتەوە كەركوك، لەو بارەیەوە بەرپرسێكی باڵا وەزارەتی بەرگری ئەمریكا "پێنتاگۆن" رایگەیاند چەند گروپێكی سەر بە هێزی پێشمەرگە بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی عێراق گەڕِاونەتەوە پارێزگای كەركوك. ئەمەش بەوتەی پەیامنێری " ئەلحوڕە". ئەو لێپرسراوەی پێنتاگۆن كە داوایكرد ناوی ئاشكرانەكرێت، وتیشی ئەو ژمارەیە لە هێزی پێشمەرگە كە گەڕاونەتەوە بۆ كەركوك زۆر بەوردی هەڵبژێردراون و زۆرینەشیان سەر بە یەكێتی نیشتمانی كوردستانن.هاوكات رێبوار تەها پەرلەمانتاری عێراق دەڵێت: نیمچە رێكەوتن هەیە لە نێوان پێشمەرگەو هێزی فیدراڵی بۆ گەرانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك . بەڵام جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: هیچ رێكەوتن و لێتێگەیشتنێك لەنێوان پێشمەرگەو سوپای عیراق نییە بەمەبەستی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە دابڕێنراوەكان. لەلایەن خۆشیەوە جەمال ئیمینكی سوپا سالاری پێشمەرگە بێئاگایی خۆی لە گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ كەركوك دەردەبڕیت و دەڵێت : هەر رێكەوتنێك بەبێ ئاگاداری وەزارەتی پێشمەرگەو حكومەتی هەرێم بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك رەتدەكەنەوە. هەواڵی گەرانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك لەلایەن زۆرینەی بەرپرس و فەرماندە ئەمنیەكانەوە رەت دەكرێتەوە، عەلی كەمال بەڕێوەبەری پۆلیسی كەركوك رەتیكردەوە پێشمەرگە گەڕابێتەوە بۆ كەركوك و لە لێدوانێكیدا بۆ " رادیۆ سەوا" وتی " تەنها هێزەكانی سوپا و پۆلیسی فیدراڵی و دژە تیرۆری عێراق لە كەركوكدان. راكان سەعید پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت بە غەدپرێسی راگەیاندووە كە هیچ رێكەوتنێك نەكراوە بۆ بڵاوەپێكردنی هێزی پێشمەرگە لە پارێزگای كەركوك ئاماژەی بەوەشداوە كە پەیوەندی بە حەیدەر عەبادیەوە كردووە و ئەویش تویەتی ئەو زانیاریانە راست نین، راكان سەعید دەشڵێت: بڵاوەپێكردنی هێزی پێشمەرگە لە شاری كەركوك بەتەواوی رەتدەكەینەوە هاوكات بەپێی راپۆرتێكی سایتی نیقاشی ئەڵمانی لە ئێستادا حكومەتی عێراقیو هەرێمی كوردستان لەگفتوگۆدان بۆ دانانی پلانێك بۆ رووبەرووبوونەوەی داعش ئەوەش بەگەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ پارێزگای كەركوكو ناوچە جێناكۆكەكان.پلانەكەش خۆی لەوەدا دەبینێتەوە هێزەكانی پێشمەرگە لەدەوروبەری ئەو شارانەدا جێگیربكرێت كە مەترسی هێرشی توندڕەوەكانیان لەسەرە، چاودێرانی بواری ئەمنیش پێیان وایە ئەم هەنگاوە بێدەسەڵاتی هێزە ئەمنییەكانی عێراقو پەلەیی هێزە كوردییەكان دەسەلمێنێت بۆ گەڕانەوەی ئەو ناوچەنەی لە سێ ساڵی رابردوو تێدا باڵادەست بوون. سەبارەت بە پێكهاتەكانی كەركوكیش بەجۆرێك لە جۆرەكان پێكهاتەی عەرەبی بێدەنگی هەڵبژاردووە لەسەر ئەو پرسە لەچاو بەرەی توركمانی كە بە توندی دژی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەیە بۆ كەركوك، هەروەك ئەرشەد ساڵحیی، سەرۆكی بەرەی توركمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "بەپێی یاسا پێشمەرگە هێزی پاراستنی سنوورەكانی عێراقە، بۆیان نییە بێنە ناو شارەكان، هەرگیز ڕێگا نادەین هێزەكانی پێشمەرگە بێنە كەركوك، جگە لە پۆلیسی فیدراڵی، هەر هێزیكی تر بێتە كەركوك نایاساییە". زانیاریەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە گفتوگۆو لێكتێگەیشتن هەیە بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە بگەرێتەوە كەركوك بەر لە هەڵبژاردنەكان، چونكە ئەو ناوچەیە تا ئێستاش مەترسی گروپە توندەرەوەكانی لەسەرەو حكومەتی عێراقیش دەیەوێت بە پرۆرسەی هەڵبژاردن بە ئارامی بەرێوەبچێت بۆیە چاوەڕوان دەكرێت، بەشێك لە هێزی پێشمەرگە بەلەژێر چاودێری و فەرماندەیی دەسەڵاتی عێراق و سەرپەرشتی ئەمریكیەكان بگەڕێنەوە كەركوك، بەڵام نەیاری ئەم هەنگاوە تا ئێستاش لەناو لایەنە عێراقیەكان زۆرە، چونكە تا ئێستاش تەپوتۆزی روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری رابردوو لەسەر بارودۆخی كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان ماوە، كە بەهۆی ئەو روداوەوە هێزی كورد ( 44330 كم2 ) خاكی ناوچەی جێناكۆكی لەدەستدا كە دەكاتە 51.4%ی كۆی خاكی باشوری كوردستان كە ناوچە جێناكۆكەكان لە 44 ناحیە و 16 قەزا پێكهاتووە.
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رووبەڕووی فشار بوەتەوە بۆئەوەی پرۆسەی جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەنگەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری ئەنجومەنی نوێنەران بە شێوەی ئەلیكترۆنی بەڕێوەنەچێت و بەدەست دەنگەكان جیابكرێنەوە. كەریم تەمیمی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیاران و وتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی: " ئامێری ئەلیكترۆنی رێگە لە دەستێوەردانی مرۆڤ دەگرێت بۆئەوەی حزبەكان گومیانیان نەبێت لە گۆڕینی ئەنجامەكان و رۆیشتنی دەنگی كاندیدێك بۆ كاندیدێكی تر". تەمیمی وتیشی: " ئێمە دەمانەوێت حزبەكان هانی ئەو پرۆسەیە بدەن و پشتگیری لە كۆمسیۆن بكەن رەچاوردنی ئەوەی كە ئەو ئامێرە بە شێوەیەكی باش رێگە لە ساختەكاری دەگرێت و یارمەتیدەریش دەبێت لە زوو راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، بەڵام ئێمی تێبینیمان كردووە كە هەندێك لایەن خوازیاری ئەوە نین."
دادگایەكی كۆریای باشوور بە تاوانی گەندەڵی سزای 24 ساڵ زیندانیكردنی بەسەر پارك گیۆن های سەرۆكی پێشووی وڵاتدا سەپاند. هەروەها دادگاكەی 17 ملیۆن دۆلار غەرامەشی بەسەر پارك گیون هایدا سەپاند. دادگای كۆریای باشوور 16 تۆمەتی بەسەر سەرۆكی پێشووی كۆریای باشووردا سەپاند كە دیاترینیان وەرگرتنی بەرتیل و خراپ بەكارهێنانەی دەسەڵاتە، دادگا بڕوای وایە كە سەرۆكی پێشووی كۆریای پۆستەكەی بەكارهێناوە بۆئەوەی كۆمپانیاكان ناچاربكات پارە بدەنەوە دامەزراوەكانی یەكێك لە هاوڕێكانی. پارك گیۆن های یەكەمین ژنە لە مێژووی كۆریای باشووردا پۆستی سەرۆكی وڵات بگرێتە دەست و ساڵی رابردوو داوای لەسەركارلابردنی لە پۆستەكەی لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركرا.
شەڕ و ململانێی لە سوریا ماوەی زیاتر لە حەوت ساڵە دەستیپێكردووە و رۆژ لەداوی رۆژ دۆخەكە خراپتر دەبێت، شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە بووە ململانێیەكی نێودەوڵەتی لەسەر خاكی سوریا. هۆكارەكانی ئەو جەنگە چین؟ لایەنەكانی ململانێكە كێن؟ پاڵنەرەكانیان چین؟ هۆكاری جەنگەكە لەسەرەتادا بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا هەوڵیدا لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە كە لەلایەن خۆرئاوای بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و بۆردومانكردنی هەڕەمەكی و بەكارهێنانی چەكی كیمیایی تۆمەتباردەكرێت، هەرچەندە ئەسەد ئەو تۆمەتانە رەتدەكاتەوەن ئامانجی ئەسەد لە سەرەتاد نەهێشتنی ئۆپۆزسیۆن بوو كە بە " گروپە تیرۆریستییەكان" وەسفیدەكردن. ئۆپۆزسیۆنی سوریا دوای ئەو سەركوتكردنی ئەو خۆپیشاندانانەی كە بە شێوەیەكە ئاشتیانە لە 2011 بەڕێوەدەچوون دەستیكرد بە شەڕ و سەرەتا چەندین كەسی سەربازی و مەدەنی پەیوەندییان كرد بە ریزەكانییە و ژمارەیەكی زۆریان لە شەڕەكاندا كوژران و ئێستا ئۆپۆزسیۆنی سوریا پێكدێت لە چەند گروپێكی چەكداری ئیسلامی توندڕەو، هەروەها كوردەكانیش هەن كە دوای كشانەوەی هێزەكانی حكومەتی سوریا لەسەرەتای شەڕدا ناوچەیەكی بەرفراوانیان كۆنترۆڵكرد و ئەوان وەك خۆیان دەڵێن ئامانجیان لە شەڕ بەدیهێنانی ئۆتۆنۆمی و نەهێشتنی داعشە. لایەنەكانی ململانێی سوریا • سەرۆكی سوریا بەشار ئەسەد: لە لایەن روسیا و ئێران و چەند هێزێكی سەر بەئێرانەوە لەوانەش حزبولای لوبنانی هاوكاری دەكرێت. • گروپە ئۆپۆزسیۆنەكان: ئەم گروپانە گورزێكی توندیان بەركەوت، بەڵام هێشتا شەڕ دەكەن و ئەمریكا و توركیا و وڵاتانی كەنداو هاوكاریان پێشكەشی چەند گروپێكی جیاوازی ئۆپۆزسیۆن كرد، گەورەترین گروپی سوپای ئیسلام و گروپی ئەحرار شامە. • كورد: لە رۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریان و ناوچەیەكی بەرفراوانیان لەژێر دەستدایە و هاوپەیمانی ئەمریكان. • توركیا: كە دژی هێزەكانی كورد دەجەنگێت. • ئیسرائیل: كە هێرشی ئاسمانی دەكاتە سەر باشووری سوریا • رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی " داعش": ئەم رێكخراوە بۆ ماوەیەك رووبەرێكی بەرفراوانی خاكی سوریا و عێراقی كۆنترۆڵكرد و دواتر رووبەڕووی گورزی كوشندە بووە و تواناكانی لاوازبوون. پاڵنەرەكانی ئەم جەنگ و ململانێیە یەكێك لە هۆكارەكانی شەڕ و پشێوی سوریا ئەوەیە كە بووە گۆڕەپانی شەڕی بەوەكالەتی هێزە نێودەوڵەتییەكان، كەوات بۆچی ئەم هێزان دەستیان لەو شەڕ و ململانێیە وەردا؟ روسیا: ئەسەد نزیكترین هاوپەیمانی مۆسكۆیە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەگەر بڕوخێت ئەوا روسیا جێ پێی لە ناوچەكەدا لەدەستدات و هەروەها تەرتوسیش لەدەستدەدات كە تاكە دەروازەیەتی لەسەر دەریای ناوەڕاست. ئێران: ئەسەد هاوپەیمانێكی دێرینی تارانە، هەروەها دەستوەردانی ئێران پەیوەندیشی هەیە بە رووبەڕووبوونەوەی سعودیەی نەیاری، جگە لە هەوڵدان بۆ فراوانتركردنی هەژمونی لە ناوچەكەدا. ئەمریكا: واشنتۆن هاوككاری چەند گروپێكی ئۆپۆزسیۆنی سوریای كرد، بە تایبەتی هێزەكانی سوریای دیموكرات كە پڕچەكی كردن و مەشق و راهێنانی پێ كردن و پێكهاتەی سەرەكی ئەم هێزەش یەكینەكانی پاراستنی گەلە. توركیا: رۆڵی سەرەكی بریتی بوو لە داڵدەدانی چەندین ملیۆن ئاوارەی شەڕ و ململانێتی سوریا، ئەنكەرە پشتگیری و هاوكاری گروپێكی ئۆپۆزسیۆن دەكات بەناوی " سوپای سوریای ئازاد" توركیا لەوە دەترسێت كە ئۆتۆنۆمیی و خۆبەڕێوەبەری كورد لە باكوری سوریا ببێتە هاندانی زیاتری بیری جواداخوازی كورد لە توركیا، لەبەرئەوە ئەنكەرە شەڕی لە دژی یەكینەكانی پاراستی گەل بەرپاكرد و بەوەش توركیا كە ئەندامی پەیمانی ناتۆیە لە نزیكەوە كار لەگەڵ روسیادا دەكات. ئیسرائیل: ئەوەی كە زۆر ئیسرائیل نیگەران كردووە گەیشتنی چەكی پێشكەوتووە بە حزبوڵای لوبنان، لەبەرئەوە هێزی ئاسمانی ئیسرائیل جارجارە چەند پێگەیەك لە سوریا بۆردوماندەكان و دەڵێت پێگەی حزبوڵان. وەرگێڕانی : نامیق رەسوڵ سەرچاوە : بی بی سی
توركیا و ئێران و روسیا چوار ئەم مانگە بەڵێنیاندا هەوڵەكان خێرابكەن بۆ ئەوەی سەقامگیری باڵ بەسەر سوریادا بكێشێت و جەختیانكردەوە لەسەر پابەندبوونە هاوبەشەكانیان بەرامبەر ئەو وڵاتە. رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لە ئاماژەیدا بۆ هاوكاریكردنی كوردەكانی سوریا لەلایەن ئەمریكاوە رایگەیاند یەكگرتوویی خاكی سوریا پشتدەبەستێت بە دووركەوتنەوە لە هاوكاریكردنی سەرجەم رێكخراوە تیرۆریستییەكان. ئێران و روسیا بە تەواوەتی پشتیوانی لە بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا دەكەن، بەڵام ئەنكەرە هاوكاری ئۆپۆزسیۆن دەكات بۆ رووخاندنی ، هێشتا ئەو سێ وڵاتە لەسەر ئەرزی واقیع ناكۆكن سەرەڕای هەماهەنگی و هاوكارییان بە ئامانجی نەهێشتنی توندوتیژی، لەو چوارچێوەیەدا ماڵپەڕی گۆڤاری " دێرشپیگڵ"ی ئەڵەمانی دەربارەی كۆبوونەوەی سێ قۆڵی ئەنكەرە نوسیوێتی:" ئەو گروپە سێ قۆڵییە لە ساڵی هەشتمی جەنگدا گفتوگۆیان كرد كە چۆن دۆخەكە لە سوریا بەردەوام دەبێت، بڕیارەكەشیان جێبەجێكردنی بنەمای " پەرت بكە و زاڵ بە " بوو، هەرسێ وڵاتە لە رێگەی بریكارەكانیانەوە دەیانەوێت لە ناوچە جیاوازەكانی سوریا بمێننەوە و دەشیانقۆزنەوەبۆ خزمەتكردنی بەرژەوەندییەكانیان.. ئێستا روحانی لە ئەنكەرەوە رایدەگەیەنێت كە داهاتووی سوریا پێویستە سورییەكان بڕیاری لێبدەن نەك حكومەتە بیانییەكان، ئەوە بۆ سورییەكان وادەردەكەوێت كە وەك گاڵتەپێكردن و بەكەم زانین بێت". هەرسێ سەرۆكی توركیا و ئێران و روسیا لە بەیاننامە هاوبەشەكەیاندا دووپاتیانكردەوە لەسەر پابەندبوونیان بە هاوكاریكردن لە پێناوی گەیشتن بە ئاگربەستێكی هەمیشەیی لە نێوان لایەنە ناكۆكەكاندا لە سوریا بەوە چارەنوسری سوریا لەدەستی ئەو سێ وڵاتەدا دەبێتم هەروەكا چۆن رۆژنامەی " دی تسایت" لە ماڵپەڕی ئەلیكترۆنی خۆی ئاماژەی پێداوە و نوسیوێتی:" پرسێك ئەو سێ وڵاتە دەبەستێت بە یەكەوە، ئەوەش هەنگاوەكانی داهاتوو لە سوریا دیاریدەكات، بەهۆی تێبینی ئەوروپا لەسەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، و بەهۆی ناڕوونی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا و دۆناڵ ترەمپی سەرۆكی بۆشاییەكی دیپلۆماتی دەركەوت، رێكخستنەوەی دۆخی سوریا لە داهاتوودا ئێستا لە دەست روسیا و ئێران و توركیادایە ... ئایا ئەو گروپە سێ قۆڵییە دەتوانن بگەنە لێكتێگەیشتن لە نێوان خۆیاندا؟ ئەمە هێشتا روون نییە، بەڵام ئەوەی كە زۆر ئاشكرایە، ئەوەیە كە روسیا و ئێران و توركیا بە بەردەوامی كاریگەرییان دەبێت." هەروەها دەبارەی ئەو كۆبوونەوە سێ قۆڵییە رۆژنامەی " دی تاگستسایتۆنگ" دەڵێت:" پۆتین و رۆحانی ئێستا تاكە كەسن كە بتوانن ئەردۆغان لە هێرشكردنە سەر كوردەكات لە سوریا لابدەن، بەهای ئەوەش ئەوەیە كە واز لە پارێزگای ئیدلب بهێنن بۆی كە هەموو چەكدارە نەیارەكانی ئەسەدی وەك ناوچەیەكی پارێزراو تێدا كۆبوونەتەوە، لە بەرامبەر ئەوەش ئەردۆغان ئامادەیە چەند لێكتێگەیشتنێك لەگەڵ كورددا قبوڵ بكات و لە كۆنگرە رۆژنامەوانییە هاوبەشەكەی ئەنكەرەدا هیچ وشەیەك دەربارەی داهاتووی دیكتاتۆری سوریا بەشار ئەسەد نەوترا، وادەردەكەوێت كە ئەردۆغان ئامادەیە قایل بێت كە ئەسەد لە دەسەڵاتدا بەردەوام بێت ئەگەر روسیا و ئێران گرەنتی ئەوەی بدەنێ لەبەرامبەردا هێزەكانی ئەسەد واز لە ئیدلب بهێنن و ئەوەش لانیكەم لەوانەیە ئاگربەستێكی كاتیی بهێنێتەدی." رۆژنامەی " بەرلینەر تسایتۆنگ" دەربارەی " هاوپەیمانێتی نوێ بە بێ ئەوروپا" بڕوای وایە كە كۆبونەوەكەی ئەنكەرە ئاماژەیەكە كە بۆ ئەوروپییەكانی كە كێشەیان لەگەڵ كرملن و ئەنكەرە هەیە بەهۆی هێرشە ژەهراوییەكەی سالزبۆری و هەژموون و ستەمكاری ئەردۆغانەوە". رۆژنامەكە دەشڵێت" ئاماژەكە لەوانەیە بەو واتایە بێت كە دەربارەی بابەتێك لەگەڵماندا مشتومڕ مەكەن چونكە هەتا ئێستا ئەوروپا ناتوانێت دەستبەرداری وزەی روسیا بێت و توركیاش پرسی پەنابەرانی لە بەرژەوەندی ئەوروپا لە ئەستۆ گرتووە و بەرامبەر پارە لە ئەوروپییەكان ئاوارەكانی سوریای داڵدەداوە.
ئامادەكردنی: محەمەد رەئوف رۆژ لەدوای رۆژ نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە و حكومەتی هەرێمیش ئاستی هەناردەی نەوت بەرزدەكاتەوە، بەڵام وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی مانگانە تەنها 375 ملیار دینار دەداتە وەزارەتی دارایی بە وتەی وەزیری دارایی حكومەتی هەرێم، واتا پوختەی داهاتی نەوت مانگانە ( 375 ملیار دینار)ە، بەو پێیەی حكومەتی هەرێم مانگانە :. یەكەم/ مانگانە بڕی 125 ملیۆن دۆلار دەداتەوە بە قەرزی كۆمپانیاكانی نەوت، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان، پارەی پێشەكی لێوەرگرتوون. دووەم/ مانگانە بڕی 35 ملیۆن دۆلار قەرزا دەداتەوە بە حكومەتی توركیا لەبەرامبەر ئەو قەرزەی لێی كردووە، كە دەوترێت 4 ملیار دۆلارەو مانگانە حكومەتی هەرێم دەیداتەوە و مانگانە سوودی زۆری دەچێتە سەر. سێیەم/ مانگانە بڕی 25 ملیۆن دۆلار خەرجی گواستنەوەی نەوتە . بەڵام سەرەرای ئەو پارەیەی كە حكومەتی هەرێم وەك خەرجی و قەرز دەیداتەوە، دەبێت داهاتی نەوتی زیاتر بێت لەو بڕەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەیداتە وەزارەتی دارایی كە ( 375 ملیار دینارە) بۆ نمونە:. بەپێی ئامارەكانی سایتی ( تانكەر تراكەرز) كە تایبەتە (بە بەدواداچونی هەناردە و فرۆشتنی نەوت لە رێگەی كەشتیەوە) بڵاویكردوەتەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە مانگی ئازاردا ( 1/3/2018 تا 1/4/2018 ) رۆژانە بڕی (324 هەزار 496 ) بەرمیل نەوتی لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە هەناردە كردووە، بەو پێیەش كۆی گشتی دەكاتە( 10 ملیۆن و 148 هەزار و 319 )بەرمیل تەنها لە مانگی ئازاردا. ئێستا نرخی یەك بەرمیل نەوتی برێنت لە بازارەكانی جیهاندا ( 69 دۆلار)ە نەوتی هەرێم بە ( 10 دۆلار) كەمتر دەفرۆشرێت، ( هەروەك نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم وتی) بەو پێیەش كۆی داهاتی نەوتی مانگی ئازاری هەرێم كە (10 ملیۆن و 148 هەزار و 319 ) بەرمیل بووە دەكاتە ( 599 ملیۆن دۆلار ) دۆلار كە دەكاتە ( 718 ملیار دینار )ی عێراقی،خۆ ئەگەر مانگانە ( 125 ملیۆن دۆلار قەرزی كۆمپانیاكان و 35 ملیۆن دۆلار قەرزی توركیاو 25 ملیۆن دۆلار خەرجی گواستنەوە ) كە دەكاتە ( 185 ملیۆن دۆلار) واتا ( 222 ملیار دینار) بەو پێیەیش لەكۆی ( 718 ملیار دینار - 222 ملیار دینار = 496 ملیار دینار) واتا 496 ملیار دیناری داهاتی نەوت بەسافی بۆ حكومەت دەمێنێتەوە، بەلام ئەوان دەڵێن ( 375 ملیار دینار) واتا لەو نێوەندەدا زیاتر لە 120 ملیار دینار ونە.
محەمەد عوسمان ناسراو بە حەمە سور دووشیوانی، كە سەرۆكی لیستی یەكێتی نیشمانی كوردستانە لە پارێزگای كەركوك بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كشانەوەی خۆی لە سەرۆك لیستی و كاندیدی رایگەیاند. محەمەد عوسمان لە راگەیەنراوێكدا لە ئەكاونتەكەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسیەتی : " من (محەمەد عوسمان ) ناسراو بە حەمە سور دووشیوانی ، بەهۆی هەندێك هۆكارەوە بڕیاری كشانەوەی خۆم ڕادەگەیەنم لە سەرۆك لیستی و كاندیدبوون لە لیستی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە كەركوك ، وە لێرەوە بە پێویستی دەزانم كە سوپاسی سەرجەم هەڤاڵانی یەكێتی بكەم كە ئەو متمانەیەیان بە من بەخشی، دڵنیاش بن زیاتر لە جاران لە هەوڵی خزمەتكردنی یەكێتیەكەی سەرۆك مام جەلال دەبم و كار بۆ سەرخستنی لیستی یەكێتی دەكەم لە كەركوك وە ھەر چۆن لە یەكەم ڕۆژەوە بەجێمان نەھێشتون دڵنیا بن قەت بەجێتان ناھێڵین." بە گوێرەی زانیارییەكان كشانەوەكەی پەیوەندی بە هاوكارینەكردنی ناوبراوەوە هەیە لەلایەن سەركردایەتی یەكێتیەوە، چونكە پێشتر مەرجی هەبووە كە ئەگەر هاوكاری نەكەن و داواكارییەكانی جێبەجێنەكەن لە سەرۆك لیستی دەكشێتەوە، زانیارییەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە بەشێكی تری دەستلەكار كێشانەوەی بەرچاو رون نەبووە لە رێكخستنەكانی یەكێتی لەو شارە كە بەسەر كوتلە و باڵەكان دابەش بوون و هاوكات لیستەكەی د. بەرهەم ساڵیحیش لە كەركوك كە لەگەڵ گۆڕان و كۆمەڵ پێكەوەن، زیانی بە پێگەی یەكێتی گەیاندووە وئەمانە بەشێك لە هۆكارەكانی كشانەوەی محەمەد عوسمانن لە كاندیدی و سەرۆكی لیستی یەكێتی لە پارێزگای كەركوك . هەندێك لە زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەكەن كە خودی محەمەد عوسمان لە ماوەی رابردوودا سەردانی زۆری ناوچە و شارۆچكەكانی كەركوكی كردووە و هەستی كردووە بەدەمەوەهاتنی خەڵكی بۆ یەكێتی لە ئاستی پێویستدا نیە و چاوەڕواندەكرێت دەنگی یەكێتی لەو پارێزگایە زۆر كەمبكات، بۆیە محەمەد عوسمان نایەوێت ئەو هەرجۆرە كەمكردنی دەنگ یان شكست بخاتە ئەستۆی خۆی ، بۆیە كشاوەتەوە. بیرهێنانەوە لە هەڵبژاردنی 30/4/2014 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای كەركوك لە كۆی (570795 ) دەنگدەری ئەو پارێزگایە كە 12 كورسی هەبوو ، یەكێتی ( 209964 ) دەنگی هەبووە 6 كورسی و پارتی ( 63076 ) دەنگی هەبووە 2 كورسی بەدەستهێناوە.
ئامادەكردنی: فازل حەمەرەفعەت هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە بڕیارە لە 12ی ئایاری داهاتوو بەرێوەبچێت و لە 14ی نیسان لە پارێزگاكانی عێراق و لە 15ی نیسان لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بەرێوەدەچێت: • 205 حزب بەشداری هەڵبژاردنەكە دەكەن. • 7 هەزارو 376 كەس خۆیان كاندید كردووە. • 7 ملیۆن و 200 هەزار كارتی دەنگدان رادەستی دەنگدەران كراوە. • 374 كاندید بەهۆی رێوشوێنەكانی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەییەوە دوورخراونەتەوە. • 52%ی دەنگدەران كارتی دەنگدانیان وەرگرتوەتەوە. لە 19 وڵات دەنگدەرانی عێراقی دەتوانن بەشداری هەڵبژاردنەكە بكەن و کۆمسیۆنی هەلبژاردنەکان لەم وڵاتانە بنکەی دەنگدان دەکاتەوە: 1- ئوردن 2- میسر 3- ئیمارات 4- لوبنان 5- ئێران 6- توركیا 7- ئوسترالیا 8- كەنەدا 9- ئەمریكا 10- بەریتانیا 11- هۆڵەندا 12- ئەڵمانیا 13- دانیمارك 14- سوید 15- فینلەندا 16- نەرویج 17- نیوزلەندا 18- نەمسا 19- بەلجیكا - رۆژی 14ی نیسانی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەكات: ئەو لایەنانەی كە بەشداری هەڵبژاردنەكە دەكەن پەیماننامەییەكی شەرەفیان ئیمزاكردووە كە لە 24 خاڵ پێكدێت: دیارترین خاڵەكانی پەیماننامەی شەرەف: • بەڕێوەچونی هەڵبژاردنێكی خاوێن • ئیدانەكردنی گوتاری تایەفی و رەگەزپەرەستی و رەتكردنەوەی توندوتیژی • بەكارنەهێنانی ئامرازەكانی فشارو هەڕەشە و ناچاركردنی دەنگدەران بۆ دەنگدان • پابەندبوون بە ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات • رێزگرتن و پاراستنی مافی دیموكراتییەكانی ركابەرێتیكردنێكی شەریفانە و ئازاد • رەخساندنی دەرفەتی یەكسان بۆ هەموو كاندیدو ئەندامی حزبە ركابەرەكان • كاركردن بەشێوەیەكی ئازادانە لە كەشوهەوایەكی نیشتمانی و خۆجێی بەمەبەستی بانگەشەكردن بۆ بەرنامەی هەڵبژاردن و فرەیی حزبی
نیاز عهبدوڵڵا رۆژی 24ی ئازار كۆما جڤاكێن كوردستان" کەجەکە" رایگهیاند، گهریلاكانی له قهزای شهنگال دهكشێنێتهوه تا توركیا به بیانووی بوونی گهریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان هێرش نهكاته سهر ئهو ناوچهیه. بهڵام له دوای تێپهڕبوونی زیاتر له 10 رۆژ بهسهر ئهو بڕیارهی كهجهكه، قاسم شهشۆ فهرماندهی هێزی ئێزیدخان له شهنگال به بهشی كوردی دهنگی ئهمریكای راگهیاند "پارتی کرێکارانی کوردستان وتیان دهكشێنهوه كهچی نهكشاونهتهوه و تا ئێستاش نەڕۆیشتوون و ئهوه تهنها نمایشتێک بوو". پێشتر كهجهكه وتیان به رێككهوتن لهگهڵ حكومهتی عێراق كشاونهتهوه و مهرجیشیان بۆ كشانهوه "پاراستنی ئێزدییهكان و خهڵكی شهنگاله له رووبهڕووبوونهوهی شهڕێكی تر" و ئهم ئهركهش هێزه عێراقییهكان بۆ لهمهودا جێبهجێی دهكهن. جهمیل خدر عهبدال بهرپرسی مهڵبهندی یهكێتی نیشتمانی كوردستان له شهنگال لهبارهی كشانهوهی گهریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان-" PKK" له قهزاكهیان تایبهت به درهو میدیای وت "له دوای بڕیارهكهی كهجهكه بەكشانهوهی هێزەكەیان لە شهنگال و هەماهەنگی كردن لەگەڵ عیراق، هیچ هێزێكی پهكهكه لە شهنگال نەماون و ئەو هێزەی (ی.پ.ش و ی.پ.ژ )هش كه پێشتر سهربهوان بوون ئێستا لەناو هێزە عێراقییهكان رێكخراون وسەر بەدەزگا سەربازییەكانی عێراقن و پێشتر ههماههنگی دوولایهنه بۆئهمه كراوه". وهك جهمیل عهبدال بۆ "درهو" خستییه روو، ئهو هێزانهی كه ئیستا له شهنگالن بریتیین له هێزه عێراقییهكان و بهم شێوهیهن "له بازنهی یهكهم لەسەر سنوورهكانی شهنگال به رووی سووریا و رۆژئاڤا هێزی سەربازی عێراقی كه پێكهاتوون له هێزهكانی پەیادە و تانك و زریپۆش ههن، لەبازنەی دووەم هێزهكانی حهشدی شهعبی بە هێزی ( ی.پ.ش )وە كەهەموویان ئێزدیین و خەڵکی شهنگالن و سەر بە عێراقن ههن، كه تهواوی ئهو هێزانه رۆڵی هێزی بهرگریكردن دهبینن له شهنگال". به پێچهوانهی قسهكانی شهشۆ فهرماندهی هێزی ئێزیدیخان كه داوای فشار له دهوڵهتهكانی ئهمریكا و ئهوروپا دهكات فشار بخهنه سهر حكومهتی عێراق تا پهكهكه له شهنگال دهربكهن و وهك دهڵێت " لهدوای داعش مهترسی گهورهی سهر شهنگال پهكهكهیه". ئهو بهرپرسهی مهڵبهندی یهكێتی له شهنگال دهڵێت "دهبێت عێراق رۆڵی بهرگریكردنی وهك دهوڵهت لە شهنگال ببێنێت و به هاوبهشی لهگهڵ شهنگالییەكان ئەمن و ئاسایشی ناوخۆ بپارێزن و لەئەستۆی بگرن".
ئامادەكردنی: فازل حەمەرەفعەت دادگای باڵای بەرازیل رایگەیاند، لەو ماوەیەدا كە تانە لەو تۆمەتانە دەدرێت كە ئاڕاستەی كراون، لەناویاندا تۆمەتی گەنددەڵی، لویس ئیناسۆ دا سیلڤا سەرۆكی پێشووی وڵات زیندانی دەكرێت. بڕیاری دادگای باڵا بۆ دەستگیركردنی دا سیلڤا بەكۆی دەنگی ئەنجومەنی دادوەران بوو. لۆلا دا سیلڤا بەتاوانی گەندەڵی و وەرگرتنی بەرتیل ماوەی 12 ساڵ زیندانی دەكرێت، بەڵام ئەو خوازیارە دادگا رێگەی پێبدات لە دەرەوەی زیندان بمێنێتەوە تا ئەوكاتەی هەموو دەرفەتەكانی تانەدان لە حوكمەكانی دادگا بەكاردەهێنێت. لۆلا دا سیلڤا دەڵێ ئەو بڕیارەی دادگا كە لەدژی دەرچووە، بڕیارێكی سیاسییە نەك یاسایی و ئامانج لێی رێگرتنە لە خۆكاندیددكردنەوەی بۆ ویلایەتی سێیەمی سەرۆكایەتی بەرازیل. بڕیارە 7ی تشرینی یەكەمی داهاتوو هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە بەرازیل بەڕێوەبچێت، راپرسییەكان پپێشبینی دەكەن لۆلا دا سیلڤا بە ئاسانی هەڵبژاردنەكە بباتەوە ئەگەر خۆی كاندید بكاتەوە. لە چوارچێوەی دۆسیەیەكی لێكۆڵینەوەدا كە ماوەی دوو ساڵە لە بەرازیل بەردەوامە ژمارەیەكی زۆر سیاسەتمەدار و لێپرسراوانی كۆمپانیای پترۆبراس دەستگیركراون. لۆلا دا سیلڤا لە ساڵی 2003 بۆ 2011 سەرۆكی بەرازیل بوو، دەیەوێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی 2018ی بەرازیل جارێكی تر خۆی كاندید بكاتەوە، بەڵام ئەگەر تاوانەكانی لەسەر ساغ ببێتەوە و حوكمی دەستگیركردنەكەی لەسەر جێبەجێ بكرێت ئەو هەڵە بەدەستدەدات.
لەبارەی ئەو تانەیەی كە سەرۆك كۆماری عێراق د. فوئاد مەعسوم لە یاسای بودجەی گشتی عێراق 2018 تۆماركردووەو بەڵام لە هیچ یەك لە تانەكانی پەیوەندی راستەوخۆی بە هەرێمی كوردستان و پشكی كوردەوە نیە لە بەغداد لە وتارێكدا د. لەتیف شێخ مستەفا پسپۆری یاسای دەستوری بەناوی ( سكاڵاكەی سەرۆك كۆمار لە یاسای بودجە ) چەندی تێبینیەك لەسەر تاكەكەی سەرۆك كۆمار دەخاتەروو تیایدا دەنوسێت سەرۆك كۆمار تانەی لە بڕگە ئەساسی و گرنگەكە نەداوە كە ئەویش كەمكردنەوەی ڕێژەی لەسەدا ١٧ ەكەیە بۆیە لە ھەموو حاڵەتێكدا ڕێژەكەی ھەرێم واتە لەسەدا دوانزەكە بەرامبەر تەسلیم كردنی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا لە ھەرێمەوە بۆ بەغدا وەك خۆی دەمێنیتەوە، سەبارەت بە تانەكانیش دەنوسێت كە سەرۆك كۆمار تانەی لە بەندی سێیەم/ب مادەی ١١ داوە كە دەسەڵاتی داوە بە وەزیری دارایی فیدراڵ فەرمانبەری زیادە لە وەزارەتە دەمجكراوو ھەڵوەشاوەكان بگوازێتەوە بۆ وەزارەتەكانی ، دەڵێ ئەم بەندە پیچەوانەی مادەی ٨٦ ە لەدەستور ، مافەی ٨٦ ی دەستور دەڵێت وەزارەتەكان و دەسەڵاتەكانیان بە یاسا ڕێك دەخرێن ، بۆیە ئەم تانەیە لە لایەن دادگاوە ڕەت دەكرێتەوە ، چونكە بەندی سێیەم / ب لە مادەی ١١ لە یاسای بودجە ھیچ پێچەوانەی ئەو مادەیەی دەستور نیەو ئەسڵەن شتێكی ترە هاوكات سەرۆك كۆمار تانەی لە برگەی ج لە ھەمان مادەی یاسای بودجە داوە كە پێچەوانەی مادەی ٦١ لەیاسای بودجەیە ئەویش ڕەت دەبێتەوە چونكە ئەوە ئیشی دادگای فیدراڵ نیە ، واتە دژ بەیەك بونی دوو دەقی یاسایەك . هاوكات تانەی لە بڕگەكانی یەكەم و دوەم و سێیەم لە مادەی ١٣ ی یاساكە داوە كە گوایا ئەو بابەتانە ھەمواری یاساكانی وەزیفەی گشتی و خانەنشینی گرتوە نابێ لە یاسای بودجەدا ئەوە بكرێ ، ئەمەش ڕەت دەكرێتەوە چونكە ئیشی دادگای فیدراڵ نیە سەبارەت بەوەی تانەی لە بڕگەی ٤ لە مادەی ١٣ لە یاساكەداوە كەوا مخسەسات و دەرماڵەی بەردەستی سێ سەرۆكایەتی و وەزیرەكان و پارێزگارەكانی وەستاندوە ، ئەمەش ڕەت دەبێتەوە چونكە ئیشی دادگای فیدراڵ نیە
ئەمریكا ماوەی مانەوەی هێزەكانی لە سوریا درێژكردەوە، فەرەنسا بڕیاریداوە هێز رەوانەی سوریا بكات، بەریتانیا لە هەوڵدایە بچێتە ناو بارودۆخەكەوە، لەبەرامبەریشدا هەریەك لە روسیا و توركیا و ئێران بارودۆخی سوریا تاوتوێدەكەن، هەرلایەنەو لەهەوڵی پچِرانی پشكی خۆیەتی لە سوریا. ئەوەی زیاتر بوەتە جێگەی گفتوگۆی میدیا و سیاسییەكان بونی هێزەكانی ئەمریكایە لە سوریا، كە زانیارییەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەمریكا ( 2000 ) سەرباز و 10 بنكەی سەربازی و 2 بنكەی ئاسمانی لە سوریا هەیە بەسەر ناوچەكاندا دابەشبوون بەم شێوەیە:. 1- بنكەی سەربازی رمێلان كە دەكەوێتە فرۆكەكانی رمێلانی رۆژهەڵاتی شاری قامیشلۆ كە لە مانگی 10ی 2015 وەك یەكەم بنكەی سەربازی ئەمریكا لە سوریا دانرا ، كە تیایدا فڕۆكەخانەی سەربازی و سەربازو شارەزایانی ئەمریكی لێیە. 2- بنكەی خەراب عیشق كە دەكەوێتە باشوری كۆبانی و رۆژئاوای عەین عیسا كە 300 سەربازو شارەزای سەربازی تێدا جێگیرە . 3- بنكەی سەربازی عەین عیسا كە بە گەورەترین بنكەی سەربازی ئەمریكی دادەنرێت لەرووی روبەرەوە كە دەكەوێتە باكوری سوریا و كە زیاتر لە 100 سەربازی ئەمریكی لێیە. 4- بنكەی سەربازی كۆبانی كە زیاتر لە 300 سەربازی ئەمریكی لێیە كە پێكهاتوون لە ژمارەیەك شارەزای سەربازی كە سەرپەرشتی پرۆسەی سەربازی هاوپەیمانان دەكەن دژ بە داعش، كە روبەری بنكەكە 35 هێكتار زەویە. 5- بنكەی سەربازی بێدەر كە دەكەوێتە 30 كم باكوری رۆژئاوای پارێزگای حەسەكە لە قامیشلۆ لە سنوری توركیا كە سەربازگەیەكە بۆ راهێنانی پۆلیس و بەرگری مەدەنی بۆ هاوكاریكردنی هێزە كوردیەكان لەو ناوچانە. 6- بنكەی سەربازی گردە سپی لە سنوری توركیایە كە زیاتر لە 200 سەربازی ئەمریكی لێیە كە لەوێ ئاڵای ئەمریكا لەسەر زۆرێك لە بینا حكومیەكانی ئەو ناوچەیە هەڵكراوە. 7- بنكەی سەربازی تەبقە كە لە فرۆكەخانەی سەربازی تەبقەیە و لە ریفی رۆژئاوای رەقە. 8- بنكەی سەربازی روباریا كە دەكەوێتە شارۆچكەی مالكیەی باكوری رۆژهەڵاتی حەسەكە لە نزیك سنوری توركیا عێراق، كە فرۆكەخانەیەكی كشتوكاڵیە و ئەمریكیەكان كردویانەتە فرۆكەخانەی سەربازی بۆ چاودێری و سەرپەرشتیكردنی سەربازەكانی و پێشكەشكردنی هاوكاری لۆجستی بە هێزە كوردیەكانی ئەو ناوچەیە 9- بنكەی سەربازی تەنەف لە سنوری سوریا عێراق كە لەوێ سەربازانی ئەمریكی و بەریتانی و نەرویجی لەوێدا جێگیرن لە چوارچێوەی هێزی هاوپەیمانان. 10- بنكەی سەربازی خربەت زەقف كە دەكەوێتە سنوری سوریا عێراقەوە و ژمارەیەك سەربازی ئەمریكی لێیە. ئەمە سەرەرای چەندین بنكە و هێزی سەربازی ئەمریكا لە مەنبج. هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ داعش لە مانگی ئابی 2014 پێكهات كە لە 68 وڵات پێكهاتووە. سەرچاوە / http://www.aljazeera.net/encyclopedia/military/2018/3/1/%D8%B3%D9%88%D8%B1%D9%8A%D8%A7-%D9%85%D9%83%D8%AA%D8%B8%D8%A9-%D8%A8%D8%A7%D9%84%D9%82%D9%88%D8%A7%D8%B9%D8%AF-%D8%A7%D9%84%D8%A3%D8%AC%D9%86%D8%A8%D9%8A%D8%A9-%D8%AA%D8%B9%D8%B1%D9%81-%D8%B9%D9%84%D9%8A%D9%87%D8%A7 https://arabic.sputniknews.com/infographics/201712261028765313-%D8%A7%D9%84%D9%82%D9%88%D8%A7%D8%B9%D8%AF-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B3%D9%83%D8%B1%D9%8A%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%A3%D9%85%D8%B1%D9%8A%D9%83%D9%8A%D8%A9-%D8%B3%D9%88%D8%B1%D9%8A%D8%A7/ http://alaalam.org/ar/politics-ar/item/599-611031117