فەرماندە سەربازیەكانی گۆڕان بۆ پێكهێنانی هێزی چەكداری كۆبونەوە

Draw Media

2018-05-21 18:19:14



(درەو میدیا):
بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر چۆنیەتی پێکهێنانی هێزی سەربازیی، فەرماندە سەربازییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان كۆدەبنەوە و ئامادەكاری دەكەن بۆ دامەزراندنی.

فەرماندەیەكی سەربازی بزوتنەوەی گۆڕان كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بە " درەو میدیا" ی راگەیاند: ئەمرۆ فەرماندە سەربازییەكان بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر شێوازی پێكهێنانی هێزی چەكداری لە ناو بزوتنەوەی گۆڕاندا كۆبونەوە و لە كۆبونەوەكەدا باس لە چەندین شێواز كرا، بەتایبەتی چۆنیەتی دامەزراندنی ئەوهێزە.

هەندێك لە فەرماندە سەربازییەكان پێیان وابوو كە فەوجێكی سەربازی دروست بكرێت و لە وەزارەتی پێشمەرگە مۆڵەتی بۆ وەربگیرێت، بەشێكی دیكەی فەرماندەكان پێیان وابوو كە شێوازێكی سەربازیی دروست بكرێت هەر لە چوارچێوەی گۆڕاندا و بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت.
پرسی پێکهێنانی هێزی چەكداری لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا ماوەی چەند ساڵێكە بوەتە جێگەی گفتوگۆ لە ساتی رێگریكردن لە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆی لەسەر كراو كە هێشتا نەوشیراون مستەفا لە ژیاندا بوو بەڵام نەوشیروان مستەفا رازی نەبووە، دواتر جارێكی دیكە ساتی  خۆپیشاندانەكانی مانگی 12ی 2017 و سوتانی بارەگا حزبییەكان جارێكی تر گفتوگۆی لەسەر كرا بەڵام دواتر وازی لێهێنرا، ئێستا و لەدوای ئەوەی لە شەوی 12ی ئایار کە هێرشكرایە سەر گردی زەرگەتە ئەو پرسە بوەتە پرسێكی جدی و گفتوگۆی لەسەر دەكرێت. 
شۆڕش حاجی ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان، لە لێدوانێكدا بۆ " درەو میدیا" بێ ئاگایی لە كۆبونەوەی فەرماندە سەربازییەكان راگەیاند، بەڵام سەبارەت بە پێكهێنانی هێزی سەربازی لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە رایگەیاند: "تا ئەم ساتەوەختە  گۆڕان لەسەر بنەما جێگیرەكانی خۆیەتی كە پابەندبوونەوە بە خەباتی مەدەنیە و پێشی وایە كە شاڕێی گۆڕانكاری لە هەرێمی كوردستاندا خەباتی مەدەنیە، بەڵام لەدوای 12ی ئایارەوە و دوای ئەوەی هێزێكی چەكدار و سەركردایەتیەكی یەكێتی بە ئاشكرا و بە چەكی قورس هێرشیكردە سەر مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان  لە گردی زەرگەتە، كە هەزاران كەسی مەدەنی تێدا بووە بە مەبەستی كوشتنیان، بەبێ لێپرسینەوە و بەبێ ئەوەی هیچ رێوشوێنێكی یاسایی و حكومی و حزبی بەرامبەری بگیرێتەبەر، بۆیە پێمان وایە لەم جەنگەڵستانەدا، كە حكومەت و تەنانەت حزبیش لێپرسینەوە ناكات، دەبێت گۆڕان بیر لە شێوازێكی تر بكاتەوە بۆ بەرگریكردن لە خۆی". 

راپۆرتی پەیوەندیدار

http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=745

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand