Draw Media

بەپێی ئامارەكانی سایتی ( تانكەر تراكەرز)  كە تایبەتە بە بەدواداچونی هەناردە و فرۆشتنی نەوت لە رێگەی كەشتیەوە) بڵاویكردوەتەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە مانگی كوردستان لە مانگی ئازاردا ( 1/3/2018 تا 1/4/2018 ) رۆژانە بڕی (324 هەزار 496 ) بەرمیل نەوتی لە رێگەی بەندەری  جەیهانی توركیاوە هەناردە کردووە، بەو پێیەش كۆی گشتی دەكاتە( 10 ملیۆن و 148 هەزار و 319 )بەرمیل تەنها لە مانگی ئازاردا. ئێستا نرخی یەك بەرمیل نەوتی برێنت لە بازارەكانی جیهاندا ( 69 دۆلار)ە نەوتی هەرێم بە ( 10 دۆلار) كەمتر دەفرۆشرێت، ( هەروەك نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم وتی) بەو پێیەش كۆی داهاتی نەوتی  مانگی ئازاری هەرێم كە (10 ملیۆن و 148 هەزار و 319 ) بەرمیل بووە دەكاتە  ( 599 ملیۆن دۆلار ) دۆلار كە دەكاتە ( 718 ملیار دینار )ی عێراقی، ئەگەر لەو داهاتە ( 200 ملیار) دیناری بۆ خەرجی بڕوات ئەوا ( 518 ملیار دینار ) دەمێنێتەوە لەگەڵ ( 317 ملیار دیناری) بەغدا و ( 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ و ( 25 ملیار دیناری) ئەمریكا دەكاتە ( 980 ملیار دینار) كە كۆی موچەی موچەخۆران بە موچەی تەواوەتیەوە ( 897 ملیار دینار)ە بەو پێیەش حكومەت دەتوانێت تەواوی موچەش بدات و مانگانەش بڕی ( 83 ملیار دینار)ی بۆ دەمێنێتەوە. (... داهاتی نەوت و پارەی بەغداد و داهاتی ناوخۆ و پارەكەی ئەمریكا، كە كۆی گشتی دەكاتە 980 ملیار دینار، بە ئاسانی بەشی موچەی تەواوەتی موچەخۆران دەكات و زیاتر لە 83 ملیار دیناریشی زیاد دەبێت..) راپۆرتەكەی سایتی( تانكەر تراكەرز)  ئاماژەی بەوەشكردووە ئیسرائیل كڕیاری سەرەكی نەوتی هەرێمی كوردستانە و (رۆژانە 130 هەزار و 721 بەرمیل ) نەوتی هەرێم  بە ئیسرائیل دەفرۆشرێت كە 40%ی كۆی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكات .لەدوای ئیسرائیل یۆنان لە پلەی دووەمی كڕیارە سەرەكییەكانی نەوتی هەرێمدا دێت كە رۆژی( 87 هەزار و 236 )بەرمیل دەكڕێت كە دەكاتە ( 26.88%)ی كۆی نەوتی هەناردەكراوی هەرێم. لە دوای یۆنان، كرواتیا لە پلەی سێیەمی كڕیارە سەرەكییەكانی نەوتی هەرێمی كوردستاندا دێت و رۆژانە( 42 هەزار و 94) بەرمیل، واتە 12.97%ی نەوتی هەناردەكراوی هەرێمی كوردستان دەكڕێت.


مەحمود زیاب ئەحمەد دواین وەزیری ناوخۆی رژێمی سەدام حسێن  كاری ئەندازیاری دەكات لە سودان، مەحمود زیاب ئەحمەد دواین وەزیری ناوخۆی رژێمی سەدام حوسێنیان  لە نزیك پرۆژەیەك لە وڵاتی سودان لەگەڵ چەند كرێكارێكی سودانی بڵاوكردوەتەوە. مەحمود زیاب كە لە ( 28/5/2001 – 9/3/2003 وەزیری ناوخۆی عێراق بووە) لە ساڵی 2003 و لەكاتی لێدانی عێراق لەلایەن هاوپەیمانانەوە، بەردەوام بە كڵاشینكۆڤێكی ئاڵتونیەوە لە تەنیشت محەمەد سەعید سەحاف ( علوج) دەردەكەوت و هەڕەشەی لە هێزە ئەمریكییەكان دەكرد. لەدوای روخانی رژێمی بەعسەوە یەكێك بوو لە داواكاراوانەی كە لەلایەن هاوپەیمانانەوە لە 8/8/2003 دەستگیركراوەو لەسەر دۆسیەی هۆڕەكان بۆ ماوەی 7 ساڵ سزادرا، دوای تەواوكردنی ماوەی سزادانەكەی وەزارەتی دادی عێراق لە ڕۆژی 9ی تەمموزی ساڵی 2012 بڕیاری ئازادكردنی دەركرد. مەحمود زیاب هەشتەم بەرپرسی رژێمی سەدامە كە تا ئێستا ئازادكراوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە 18ی نیسانی ساڵی ڕابردودا هەواڵی ئاازادكردنی محەمەد مەهدی ساڵح وەزیری بازرگانی و حامید یوسف حەمادی وەزیری ڕۆشنبیری و چەند بەپرسێكی تری پێشوی حزبی بەعسی ئاشكراكرد.  https://youtu.be/Ujk0qS4Nfqo            


رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی رایگەیاند دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا  زیاتر لە 200 ملیار دۆلار پارەی تایبەت بە هەوڵەكانی دووبارە ئاوەدانكردنەوەی سوریا بلۆككرد و ئیدارەكەشی رۆڵی ئەمریكا لەو وڵاتە هەڵدەسەنگێنێت. رۆژنامەكە لەزاری بەرپرسانی ئەمریكا ئاشكرایكرد كە كۆشكی سپی فەرمانیداوە بە وەزارەتی دارایی بۆ بلۆككردنی ئەو پارەیە. ئەو بەرپرسانەی ئەمریكا ئاماژەیان بۆئەوەشدا كە ترەمپ ئەو بڕیاری دوای ئەوەداوە كە راپۆرتێكی هەواڵی بینیوە و تێیدا ئاماژەبەوەكراوە كە ویلایەتە یەكگرتووەكان بەمدواییە بەڵێنیداوە 200 ملیۆن دۆلاری تر بۆ هەوڵەكانی زوو ئاوەدانكردنەوەی سوریا پێشكەشبكات. شوباتی رابردوو رێكس تیلەرسۆن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پێش ئەوەی پۆستەكەی بەجێبهێڵێت لە كۆنگرەی كوەیتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بەڵێنی پێشكەشكردنی ئەو بڕە پارەیەی دابوو. رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ دەشڵێت ئەو بڕیارەی ترەمپ هاوتەریتە لەگەڵ لێدوانەكانی رۆژی پێنجشەممەی دەربارەی كشانەوەی سوپای ئەمریكا لە سوریا كاتێك لە وتەیەكیدا لە شاری ریچفێڵدی  ویلایەتی ئۆهایۆ وتی هێزەكانی ئەمریكا لەسویا " زۆر بە زوویی" لەو ناچانەی لێی جێگیركراون دەكشێنەوە. ترەمپ وتیشی " گورزی كەمەرشكێنمان لە داعش داوە و زۆر بە زوویی سوریا بەجێدەهێڵین و بەجێیدەهێڵین ئەوانی  تر بایەخی پێبدەن." هەروەها ترەمپ وتیشی " لە سەداسەدا كۆنترۆڵی ئەوە دەكەین كە پێی دەڵێت خاكی خەلافەت، زۆر بە خێرایی كۆنترۆڵی دەكەین، بەڵام بەمزوانەش لەوەێ‌ دەردەچین." وەرگێرانی: نامیق رەسوڵ


رۆژنامەی میدڵ ئیس ئایە بڵاویكردوەتەوە كە دوای شەش مانگ لە دژایەتیكردن، ئەنكەرە لاپەڕەكی نوێ لەگەڵ هەولێر هەڵئەداتەوە لە پێناو بەدەستهێنانی هاوپەیمانێتیەكدا دژبە پارتی كرێكارانی كوردستان لە كوردستانی عێراق، حكومەتی توركیا هەنگاوەی یەكەمی هەڵگرت بۆ كۆتاییهێنان بەو گەمارۆ ئابوریەی كە لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان دای نابوو لەدوای ریفراندۆمەكەی ئەیلولی 2017،  ئەویش بە هیوایەی هەولێر هەنگاوی جدی هەڵبگرێت دژ بە دەركردنی پارتی كرێكارانی كوردستان لە شەنگال.  لە 26ئازارەوەو دوای شەش مانگ لە راگرتنی، هیڵی ئاسمانی توركیا گەشتی راستەوخۆی فرۆكەی لە توركیاوە بۆ هەولێر دەستپێكردەوە، ئەوەش رونترین ئاماژەیە كە ئیستا ئەنكەرە رازیبوە لاپەرەیەكی نوی هەڵبداتەوە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردوستان، ئەویش لە پێناو بەدەستهێنانی دەستكەوتی گەورەی سەربازی بۆ ئەنقەرە لە باكوری عێراق. عەلی فایەق دەمیر، مامۆستای زانكۆی گالاتەسەرای ئەستنبوڵ دەڵیت:  ئەو هەنگاوەی ئەنكەرە نیشاندانی نیازپاكیەكی گەورەیە لەلایەن توركیاوە  بۆ هەرێمی كوردستان و سەركەوتنێكی گەورەشە بۆ توركیا و هەلێر و عیراقیش.ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە شەنگال لە ئەستۆی بەغدایە، بەڵام بەغداد دڵخۆش دەبێت كە ئەگەر ئەنكەرە هەولێر رازی بكات كە رۆڵی خۆی بگێرێت لە دەركردنی پەكەكە لە شەنگال. وەرگێڕان: سەفین ئازاد 


راپۆرتی: محەمەد رەئوف دوای سێ مانگ لە دەستگیركردن و زیندانیكردنی قازیەكان بەرەبەیانی‌‌ 31 ی ئازاری 1947 دوای نزیكەی یەك ساڵ لە دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە مهاباد، پێشەوا قازی‌ محەمەد سەرۆك كۆماری كوردستان, حەمەحوسێن خانی‌ (سەیفی‌ قازی‌ ) وەزیری جەنگ و ئامۆزای‌ پێشەوا قازی محەمەد ‌و ئەبولقاسم‌ سەدری‌ قازی‌( برای‌ پێشەواقازی محەمەد و نوێنەری مهاباد  لە تاران) لە مەیدانی چوارچرای مهاباد لە سێدارەدان، لەو شوێنەی كە لە 22/1/1946 كۆماری كوردستانی لێراگەیەنرا. ئەو تاوانانەی كە لای رژێمی پادشایەتی درابوونە ئەستۆی قازیەكان: ـ گۆڕین ‌و دەستكاریكردنی نەخشەی وڵاتی ئێران. ـ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی‌ و داگیركردنی بەشێك لە خاكی ئێران بە ناوی كوردستان. ـ بازرگانیكردنی نەوت لەگەڵ‌ سۆڤیەت بەبێ‌ ئاگاداری‌ و ڕەزامەندی دەوڵەتی ناوەندی. ـ سازكردنی نەخشەی كوردستانی گەورە‌ بەلكاندنی كوردستانی ئێران، عێراق، توركیا و سوریا. ـ هێنانەناوەی بێگانە و بەشێك لە خاكی ئێران خستنەژێردەستی (مەبەست مەلا مستەفا بارزانی)یە. ـ دانانی ئاڵای جیاواز بۆ كوردستان بە ئاڕمی چەكوش‌ و داس بەشێوەی ئاڵای سۆڤیەت. ـ لێدانی سكەی پووڵ‌ بۆ كوردستان بە وێنەی ڕووپیەی ڕوسی لەدوای جەنگی دووەمی جیهانیەوە و دابەشكردنی ئێران بەسەر وڵاتانی روسیا و ئەمریكا و بەریتانیا كە كوردستان دەكەوتە ژێر دەسەڵاتی روسیاوە، بۆیە هەر لە ساڵی 1941 ەوە بۆشاییەكی ئیداری لە ناوچەكە درو=وست بوو دەسەڵاتی حوكمی ئێران لەناوچەكەدا لاواز بوو، هەربۆیە بەسود وەرگرتن لە بارودۆخەكە و كۆبونەوەی ژمارەیەكی زۆری فەرماندە و سەركردەی كوردی پارچەكانی دیكەی كوردستان لە مهاباد لە رۆژی 22/1/1946 كۆماری كوردستان راگەیەنرا   بەڵام لە 23/12/1946 واتا لەدوای 11 مانگ و یەك رۆژ سوپای ئێرانی گەیشتە ناو شاری مهاباد و سەركردەكانی كۆمارەكە دەستگیركران و دوای زیاتر لە سێ مانگ لە بەرەبەیانی 31/3/1947 قازی محەمەد و سەیفی قازی و سەدری قازی لە مەیدانی  چوارچرای  شاری مهاباد لەسێدارەدران. قازی محەمەد پێش لەسێدارەدانی وەسێتنامەیەك دەنوسێت كە ئەمە دەقەكەیەتی بسم‌اللە الرحمن الرحیم رۆڵە‌ و برا عەزیزەكانم! برا بەش خوراوەكانم, میللەتە زوڵم لێكراوەكەم! وام لە دوایین ساتەكانی‌ ژیانم‌دا, چەند ئامۆژگاری‌یەكتان دەكەم, وەرن بە خاتری‌ خوا چیتر دوژمنایەتیی‌ یەكتری‌ مەكەن؛ یەك بگرن‌و پشتتان وەیەكتری‌ بدەن, لە بەرابەر دوژمنی‌ زۆردار‌و زاڵم بوەستن, خۆتان بە خۆرایی‌ بە دوژمن مەفرۆشن, دوژمن هەر ئەوەندە ئێوەی‌ دەوێ‌, تا كاری‌ خۆتان پێ‌جێبەجێ‌ دەكا‌و قەت بەزەیی‌ پێتان‌دا نایە؛ لە هەر هەلێك‌دا بێ‌, قەت لێتان نابوورێ‌. دوژمنانی‌ گەلی‌ كورد زۆرن, زاڵمن, زۆردارن؛ بێ‌بەزەیین؛ رەمزی‌ سەركەوتنی‌ هەر گەل‌و نەتەوەیەك, یەكگرتن‌و یەكبوونە؛ پشتگیریی‌ تەواوی‌ میللەتە. هەر میللەتێك یەكیەتیی‌‌و تەبایی‌ نەبێ‌, هەر دەم ژێردەستی‌ دوژمنانی‌ دەبێ‌, ئێوە گەلی‌ كورد! هیچتان لە گەلانی‌ سەر ئەم گۆی‌ زەویە كەمتر نیە, بەڵكوو لە پیاوەتی‌‌و غیرەت‌و لێهاتوویی‌؛ لە زۆر لەو گەلانەی‌ رزگار بوون لە پێشترن. ئەو میللەتانەی‌ كە لە چنگی‌ دوژمنە زۆردارەكانیان رزگاریان بوو, وەك ئێوەن؛ بەڵام ئەوانەی‌ خۆیان رزگار كردوە, یەكیەتییان لە نێوان‌دا هەبووە؛ با ئێوەش وەكوو هەموو گەلانی‌ رووی‌ زەوی‌, چیتر ژێردەست نەبن؛ هەر بە یەكگرتن‌و حەسوودی‌ بەیەك نەبردن‌و خۆنەفرۆشتن بە دوژمنان لە دژی‌ نەتەوەكەمان دەتوانن رزگار بن. براكانم! چیتر فریوی‌ دوژمن مەخۆن؛ دوژمنی‌ كورد لە هەر رەنگ‌و دەستە‌و قەومێك بێت, هەر دوژمنە, بێ‌روحمە, بێ‌ویژدانە؛ روحمتان پێ‌ناكا, بەیەكترتان بەكوشت دەدا؛ تەماحو وەبەر دەنێ‌؛ بە درۆ‌و فڕ‌وفێل بەگژ یەكترودا دەكا؛ لەناو هەموو دوژمنەكانی‌ گەلی‌ كورد, دوژمنی‌ عەجەم لە هەموویان زاڵمتر‌و مەلعوونتر‌و خوانەناستر‌و بێبەزەییترە؛ لە هیچ تاوانێك بەرانبەر بە گەلی‌ كورد دەست ناگێڕێتەوە؛ هەر بە درێژایی‌ مێژوو لەگەڵ‌ گەلی‌ كورد, غەرەز‌و كینەی‌ ریشەداری‌ هەبووە‌و هەیەتی‌. = تەماشا كەن, بڕوانن تەواوی‌ گەورە پیاوانی‌ گەلەكەتان, لە سمایل ئاغای‌ شكاكەوە بگرە؛ تا جەوهەر ئاغای‌ برای‌‌و هەمزە ئاغای‌ مەنگور‌و چەند‌و چەندین مرۆڤی‌ دیكە, هەر هەموویان بە فریودان, ئارامیان كردنەوە‌و خەڵكیان لە پشت كردنەوە‌و ئینجا زۆر نامەردانە, كوشتیانن؛ هەموو ئەوانەیان بە سوێند‌و قورئان فریو دان كە گویا عەجەم نییەتی‌ خێری‌ لە گەڵیان‌دا هەیە‌و چاكەیان لەگەڵ‌‌دا دەكات, بەڵام هەر كوردە خۆش باوەڕە‌و بە سوێند‌و سۆزی‌ عەجەم فریوی‌ خواردوە‌و باوەڕی‌ پێ‌ هێناون؛ كەچی‌ تا ئێستاش بە درێژایی‌ مێژوو, كەس نەیدیوە تاكوو جارێكیش عەجەم بە سوێند‌و وادە‌و ئەو پەیمانانەی‌ كە بە سەرانی‌ كوردی‌ داوە, وەفای‌ پێ‌بكا‌و وادەكانی‌ لەگەڵ‌ كورد بەجێ‌ بگەیەنێ‌؛ هەر هەمووی‌ درۆ‌و فڕ‌وفێڵ‌ بووە. جا وا من وەكوو برایەكی‌ چووكەی‌ ئێوە, لە رێگای‌ خوادا, بۆ خاتری‌ خودا پێتان دەڵێم: یەكتر بگرن‌و قەت پشتی‌ یەكتر بەرمەدەن. دڵنیا بن ئەگەر عەجەم هەنگوینتان بداتێ‌, دیارە ژەهری‌ تێ‌كردوە. بە سوێند‌و بەڵێنی‌ درۆی‌ عەجەم فریو مەخۆن؛ كە ئەگەر هەزار جار دەست لە قورئانی‌ پیرۆزیش بدا‌و بەڵێنتان پێ‌بدا, دڵنیا بن مەبەستی‌ فریودانی‌ ئێوەیە, تاوەكوو فێڵێكتان لـێ‌بكا. وا من لە دوایین ساتەكانی‌ ژیانم‌دا بە خاتری‌ خودای‌ گەورە ئامۆژگاریتان دەكەم, پێتان دەڵێم‌و خوا بۆ خۆی‌ دەزانێ‌ كە من ئەوەی‌ لە دەستم هات, بە سەر‌و بەگیان‌و تێكۆشان, بە ئامۆژگاری‌‌و رێنوێنی‌‌و رێگەی‌ راست نیشاندانی‌ ئێوە, درێغیم نەكردوە. ئێستاش لەو ساتەدا‌و لەو بارودۆخەدا, دیسان پێتان رادەگەیەنم كە چیتر فریوی‌ عەجەم نەخۆن‌و باوەڕ بە سوێند‌و دەست لە قورئان دان‌و بەڵێن‌و سۆزەكانیان مەكەن. چونكە عەجەم نە خوا دەناسن‌و نە باوەڕیان بە خوا‌و پێغەمبەر هەیە‌و نە باوەڕیان بە رۆژی‌ قیامەت‌و حساب‌و كیتاب هەیە. لە لای‌ ئەوان ئێوە هەر لەبەر ئەوەی‌ كە كوردن, با موسڵمانیش بن, تاوانبار‌و مەحكوومن, بۆ وان دوژمنن؛ سەر‌و ماڵ‌‌و گیانتان بۆ ئەوان حەڵاڵە‌و بە غەزای‌ دەزانن, بەڵێنم وانەبوو من بڕۆم‌و ئێوە بە دەست ئەو دوژمنە دڵڕەشانەوە بەجێ‌ بهێڵم, زۆر جاریش بیرم لە رابردوو‌و گەورە پیاوانمان كردۆتەوە, كە عەجەم بە فریو‌و سوێند‌و درۆ‌و حیلە گرتوویانن‌و كوشتوویانن, چونكە لە مەیدانی‌ نەبەردیدا پێیان نەوەستان‌و نەیان توانیوە لە بەرانبەریان‌دا رابوەستن, ناچار بە درۆ‌و فڕ‌وفێڵ‌ هەڵیان خەڵەتاندوون, كوشتوویانن. من ئەوانم هەر هەموویان لەبیر بوو؛ قەتیش باوەڕم بە عەجەمان نەكردوە؛ بەڵام عەجەم لە پێش گەڕانەوەیان بۆ ئێرە چەندین جار وەڵام‌و راسپاردەیان بە نامە‌و بە ناردنی‌ كەسی‌ ناوداری‌ كورد‌و فارس بە دانی‌ بەڵێن‌و پەیمانی‌ یەكجار زۆر‌و بۆرەوە كە دەوڵەتی‌ عەجەم‌و شا خۆی‌ نیەتی‌ خێریان هەیە‌و ئامادە نین تەنانەت دڵۆپێك خوێن لە كوردستان بڕژێ‌. ئێستا ئێوە ئەنجامی‌ بەڵێنەكانیان بە چاوی‌ خۆتان دەبینن؛ ئەگەر سەرانی‌ هۆز‌و عەشیرەتە كوردەكانمان خیانەتیان نەكردبا‌و خۆیان بە حكوومەتی‌ عەجەم نەفرۆشتبا, ئێمە‌و ئێوە‌و كۆمارەكەمان وای‌ بەسەردا نەدەهات. ئامۆژگاری‌‌و وەسیەتم ئەوەیە: با منداڵەكانتان بخوێنن, چونكە ئێمەی‌ میللەتی‌ كورد هیچمان لە میللەتانی‌ دیكە كەمتر نیە, ئیللا خوێندن نەبێ‌؛ بخوێنن بۆ ئەوەی‌ لە كاروانی‌ گەلان دوا نەكەون, هەر خوێندن چەكی‌ كوشندەی‌ دوژمنە. دڵنیا بن‌و بزانن ئەگەر تەبایی‌‌و یەكگرتن‌و خوێندەواریتان باش بێ‌؛ زۆر باشیش بەسەر دوژمنانتان‌دا سەردەكەون, ئێوە نابێ‌ بە كوشتنی‌ من‌و برا‌و ئامۆزاكانم چاوتان بترسێ‌, هێشتا دەبێ‌ زۆر كەسی‌ دیكەی‌ وەكوو ئێمە لەو رێگایەدا ]گیانی‌ خۆیان[ بەخت بكەن؛ تا دەگەنە ئاوات‌و مەبەستتان. دڵنیام لە دوای‌ ئێمەش زۆر كەسی‌ دیكە هەر بە فێڵ‌‌و دووڕوویی‌ لە بەین دەبرێن. دڵنیام زۆر لەوانەی‌ لە دوای‌ ئێمەش دەكەونە داوی‌ فڕ‌وفێڵی‌ عەجەمان, لە ئێمەش زاناتر‌و لێهاتووتر دەبن, بەڵام هیوادارم كوشتنی‌ ئێمە ببێتە پەند‌و عیبرەت بۆ دڵسۆزانی‌ گەلی‌ كورد. وەسیەتێكی‌ دیكەم بۆ ئێوە ئەوەیە كە لە خوای‌ گەورە داوا بكەن, هەر چیەكتان بۆ سەرفرازیی‌ ئەو گەلە كرد, كۆمەكتان لە ئەو بۆ بێ‌؛ دڵنیام خوای‌ گەورە سەرتان دەخا‌و كۆمەكتان دەكا. رەنگە بڵێن ئەی‌ بۆ من سەرنەكەوتم, لە وەڵام‌دا دەڵێم: بەو خوایە من سەركەوتووم؛ چ نیعمەتێك‌و چ سەركەوتنێك لەوە گەورەترە كە ئێستا وا من لە رێگەی‌ گەل‌و میللەت‌و وڵاتەكەم‌دا, سەر‌و ماڵ‌‌و گیانم لە پێناوی‌ ئەودا دادەنێم, باوەڕ بكەن من خۆم لە دڵمەوە ئارەزووم بوو, ئەگەر مردم بە مەرگێك بمرم كە لە حزووری‌ خوا‌و رەسووڵی‌ خوا‌و گەل‌و میللەتەكەم‌دا, روو سوور بم؛ بۆ من ئەو مەرگە سەركەوتنە. خۆشەویستەكانم! كوردستان ماڵی‌ هەموو كوردێكە؛ هەر وەكوو لە ماڵەوەدا ئەندامانی‌ ئەو ماڵە هەر كەس لە هەر جۆرە كار‌و كردەوەیەك‌دا دەیزانێ‌, ئەو كارەی‌ پێ‌دەسپێرن, ئیتر كەس مافی‌ چاوچنۆكیی‌ پێ‌نیە, كوردستانیش هەر ئەو ماڵەیە؛ ئەگەر زانیتان كەسێك لە ئەندامانی‌ ئەو ماڵە كارێكی‌ لە دەست دێ‌؛ لێی‌ گەڕێن با بیكا. ئیتر نابێ‌ بەرد بخەنە سەر رێی‌‌و نابێ‌ بەوە دڵگیر بن كە یەكێك لە ئێوە بەرپرسیارەتیی‌ گەورەی‌ بەدەستەوەیە. ئەگەر كاری‌ گەورە كەوتۆتە سەر شانی‌ كەسێك‌و بەڕێوەی‌ دەبا, دیارە لێی‌ دەزانێ‌‌و بەرپرسیارەتیی‌ گەورەتریش ]ی‌[ لە بەرانبەر ئەو ئەركەدا هەیه. دڵنیابە برا كوردەكەت هەر چاكترە؛ دوژمن كینەی‌ لە دڵە‌و ئەگەر من بەرپرسیاریەتیی‌ گەورەم لە سەرشانی‌ نەبوایە, ئێستا لەژێر داری‌ سێدارەدا رانەدەوەستام. بۆیە نابێ‌ لەگەڵ‌ یەكتری‌دا چاوچنۆك بن. ئەوانەی‌ فەرمانی‌ ئێمەیان بەجێ‌ نەدەگەیاند, نەك هەر فەرمان جێبەجێ‌ نەكردن, بەڵكوو بە تەواوی‌ دوژمنایەتییان دەكردین, لەبەر ئەوەی‌ خۆمان بە خزمەتكاری‌ خەڵكی‌ خۆمان دەزانی‌, ئێستا ئەوان لەنێو ماڵ‌‌و منداڵی‌ خۆیان, لە شیرین خەودان, بەڵام ئێمە بە ناوی‌ خزمەتكردن بە میللەت, وا لە ژێر داری‌ سێدارەین‌و خەریكم دوایین ساتەكانی‌ ژیانم بەم وەسیەت نامەیە تەواو دەكەم؛ جائەگەر منیش بەرپرسیارەتی‌ گەورەم لەسەر شان نەبووایە, ئێستا منیش وەك ئێوە لە ناو خاوخێزان‌و ماڵی‌ خۆم لە شیرین خەودا دەبووم, ئەوەی‌ كە ئامۆژگاریتان بۆ دوای‌ خۆم دەكەم, ئەمەش یەكێكە لەو بەرپرسیارەتیانەی‌ كە لەسەر شانمە, دڵنیام ئەگەر كەسێكی‌ دیكە لە ئێوە؛ بەرپرسیارەتیی‌یەكانی ‌ منی‌ وەئەستۆی‌ خۆی‌ گرتبا, ئێستا ئەو لە شوێنی‌ من لە ژێر سێدارە دەبوو. وا من بە مەبەستی‌ رەزایەتی‌ خودا‌و بە پێی‌ بەرپرسیارەتی‌ سەرشانم, وەكوو كوردێكی‌ خزمەتكاری‌ گەل‌و لە رێگای‌ كاری‌ چاك‌دا (امر بالمعروف) ئەو چەند ئامۆژگارییەم كردن كە هیوادارم لەمەودوا عیبرەت وەربگرن‌و بە تەواوی‌ گوێ‌ لە ئامۆژگارییەكانم بگرن. بە هیوای‌ خوای‌ گەورە بەسەر دوژمنانتان‌دا سەركەون. 1ـ باوەڕتان بە خودا‌و (ماجاْ من عنداللە)‌و پەرستنی‌ خودا‌و پێغەمبەر (د.خ)‌و بەجێگەیاندنی‌ ئەركی‌ ئایینی‌ پتەو بێ‌. 2ـ یەكیەتی‌‌و تەبایی‌ لە نێوان خۆتان‌دا بپارێزن, كاری‌ نەشیاو لە بەرانبەر یەكتردا مەكەن‌و چاوچنۆك مەبن؛ بە تایبەت لە بەرپرسیاریەتی‌‌و خزمەت كردن‌دا. 3ـ خوێندن‌و زانست‌و پلەی‌ زانیاریتان بەرنە سەرەوە؛ بۆ ئەوەی‌ كەمتر فریوی‌ دژمنان بخۆن. 4ـ باوەڕ بە دوژمنان مەكەن, بە تایبەت بە دوژمنی‌ عەجەم, چونكە بە چەند هۆ‌و رێگاوە عەجەم دوژمنی‌ ئێوەیە, دوژمنی‌ گەل‌و نیشتمان‌و ئایینتانە. مێژوو سەلماندویەتی‌ كە بەردەوام لە كورد بە بەهانەیە‌و بە كەمترین تاوان دەتانكوژێ‌‌و لە هیچ تاوانێك بەرانبەر بە كورد دەست ناگێڕیتەوە. 5ـ بۆ چەند رۆژێك ژیانی‌ بێ‌ قیمەتی‌ ئەم دنیایە خۆتان مەفرۆشن بە دوژمن, چونكە دوژمن دوژمنە‌و جێگەی‌ هیچ باوەڕ پێكردنێك نیە. 6ـ خیانەت بە یەكتری‌ مەكەن, نەخیانەتی‌ سیاسی‌‌و نە گیانی‌‌و ماڵی‌‌و نامووسی‌, چونكە خیانەتكار لای‌ خودا‌و مرۆڤ سووك‌و تاوانبارە, خیانەت بە رووی‌ خیانەتكاردا دەگەڕێتەوە. 7ـ ئەگەر یەكێك لە ئێوە توانی‌ كارەكانی‌ ئێوە بە بێ‌ خیانەتكردن ئەنجام بدا, هاوكاری‌ بكەن, نەوەك لە پێناوی‌ چاوچنۆكی‌‌و بەخیلیدا دژی‌ بوەستن, یان خوا نەكا لەسەری‌ ببن بە جاسووسی‌ بێگانە. 8ـ ئەو شوێنانەی‌ لە وەسیەتنامەكەدا نووسیومە بۆ مزگەوت‌و نەخۆشخانە‌و قوتابخانە؛ ئێوە هەمووتان داوای‌ بكەن تا دەكرێ‌‌و سوودیان لـێ‌وەردەگیرێ‌. 9ـ ئێوە لە خەبات‌و هەوڵ‌‌و تێكۆشان مەوەستن؛ تا وەك هەموو گەلانی‌ دیكە لە ژێر چەپۆكی‌ دوژمنان رزگارتان دەبێ‌, ماڵی‌ دنیا هیچ نیە, ئەگەر وڵاتێكو هەبێ‌, سەربەستی‌یەكو هەبێ‌؛ ماڵ‌‌و خاك‌و نیشتمانەكە‌و هی‌ خۆتان بێ‌, ئەو كاتە هەموو شتێكتان هەیە, هەم ماڵ‌, هەم سەروەت, هەم دەوڵەت‌و ئابڕوو‌و نیشتمانیشتان دەبێ‌. 10ـ من پێم وا نیە حەقی‌ خودا نەبێ‌, حەقی‌ دیكەم لەسەر بێ‌؛ بەڵام ئەگەر كەسێك لای‌ وابوو, لە كەم تا زۆر شتێكی‌ لای‌ منە, سەروەتی‌ زۆرم جێ‌ هێشتوە, با بچێ‌ لە واریسانم داوا بكا‌و وەری‌ بگرێتەوە. تا ئێوە یەكتر نەگرن, سەرناكەون؛ زوڵم‌و زۆر لە یەك مەكەن, چونكە خوا زۆر زوو زاڵم لەبەین دەبا‌و نابوودی‌ دەكا, ئەوە بەڵێنی‌ خواوەندە بێ‌كەم‌و زیاد, زاڵم دەڕووخێ‌‌و نابوود دەبێ‌, خوا تۆڵەی‌ زوڵمی‌ لـێ‌دەكاتەوە. هیوادارم ئەوانە لەگوێ‌ بگرن‌ و خوا سەركەوتووتان بكا خزمه تگوزاری گه ل و نیشتمان قازی محەممەد كۆماری كوردستان


ئامادەكردن و وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ  فەرەنسا نیازی خۆی بۆ نێوەندگیری لە نێوان توركیا و هێزەكانی سوریای دیموكراتی و یەپەگە ئاشكراكرد، ئەم هەڵوێستەی پاریس توڕەیی و نیگەرانی بەرپرسانی ئەنكەرەی لێكەوتەوەو ئەوەش لە كاتێكدایە لێپرسراوانی ئەمریكا رەتیدەكەنەوە هیچ زانیارییەكان دەربارەی پلانی دۆناڵد ترەمپ  بۆ كشاندنەوەی سوپای ئەمریكا لە رۆژئاواەی كوردستان هەبێت. رۆژی پێنجشەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بە شێوەیەكی كتوپڕ رایگەیاند كە زۆر بە زوویی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا دەكشێننەوە و كێشەی سوریا بۆ لایەنەكانی تر بەجێدەهێڵن. ئەمریكا نزیكەی 2000 هەزار سەربازی لە رۆژئاوای كوردستان جێگیركردووە  سەرەكیترین هاوپەیانی واشنتۆن لە سوریا كە هێزەكانی سوریای دیموكراتە تائێستا لەو پلانەی ترەمپ ئاگادارنین. كینۆ گابرێل وتەبێژ بەناوی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز وتی"  هێشتا هەماهەنگی و كاری هاوبەشمان لە چوارچێوەی پرۆگرانی پاڵپشتی و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان لە هەموو ناوچەكاندا بەردەوامە." وتیشی " لێدوانەكەی ترەمپ رون نییە و ئەو لێدوانی بەرپرسانی تری ئیدارەی ئەمریكاش نە رەتیانكردوەتەوە نە جەختیان لێكردو ەتەوە". لێپرسراوانی ئەمریكا ئاگاداری پلانەكەوی ترەمپ نین؟ كاتێك دەربارەی كشاندنەوەی سوپای ئەمریكا لە سوریا و رۆژئاوای كوردستان پرسیار لە هێزەر ناوێرت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كرا لەوەڵامدا وتی كە هیچ زانیارییەكی دەربارەی پلانێكی لەو جۆرە نییە، هاوكات رۆژی هەینی رایان دیلۆن وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە رێگەی ئیمیلەوە وەڵامی ئاژانسی رۆیتەرزی دایەوە رایگەیاند هیچ قسەیەك ناكات لەسەر پرۆسەكانی داهاتوو. دیلۆن وتیشی " رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی " داعش" هێشتا دوو ناوچەی لە سوریا بەدەستەوەماوە كە ئەوانیش ناوچەیەكی لە نزیك هەجینی سەر روباری فورات و ناوچەی دشیشەی نزیك سنوری عێراقە" وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش راشیگەیاند بەهۆی ئەوەی كە هێزەكانی سوریای دیموكرات و هێزەكانی یەپەگە سەرقاڵی بەرپەرچدانەوەی سوپای توركیا هیچرشی هێزەكانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی كەمكراوەتەوە و وتی " هاوپەیمانی و هێزەكانی سوریای دیموكرات بەردەوام لەوەدەكۆڵنەوە كە چۆن هەلەكان بقۆزنەوە و گورز لە پاشماوەی داعش و تیرۆریستان بوەشێنن." نیگەرانی و توەڕیی توركیا لە فەرەنسا توركیا دەستپێشخەرییەكەی سەرۆكی فەرەنسای بۆ نێوندگیری لە نێوان ئەنكەرە و هێزەكانی سوریای دیموكرا رەتكردەوە،  ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا لەمیانی پێشوازیكردنی لە وەفدێكی رۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریا هیوایخواست " بەهاوكاری فەرەنسا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دانوستان لە نێوان توركیا و هێزەكانی سوریای دیموكرات بەڕێوەبچێت" بە گوێرەی بەیاننامەیەكی كۆشكی ئیلیزێ‌. توركیا بە رەهایی ئەو دەشتپێخەرییەی رەتكرەوە و بەكر بۆزداغ جێگری سەرۆك وەزیرانی توركیا رایگەیاند ئەو هەڵوێستەی فەرەنسا، پارس دەخاتە رێڕەوی بەریەككەوتن لەگەڵ توركیادا. بۆزداغ  لە تویتێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر وتیشی " هیوادارین فەرەنسا ئەو هەنگاوە نالۆژیكییە نەنێت  و ئەوانەی هاوكاری گروپە تیرۆریستییەكان دەكەن و پشتگیرییان دەكەن لەدژی توركیا .. هاوشێوەی تیرۆریستان دەبنە ئامانجی توركیا." رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیاش رایگەیاند " زۆر دڵتەنگە" بەو هەڵوێستە " هەڵەیە" ی فەرەنسا، ئەردۆغان لە وتارێكی تونددا لە بەردەم ئەندامانی پارتەكە لە ئەنكەرە وتی " ئێوە كێن تا باسی نێوەندگیری لە نێوان توركیا و رێكخراوێكی تیرۆریستیدا بكەن؟". وتیشی " دەستوەرمەدەنە شتگەلێك كە سنوەركانی ئێوەی تێپەڕاندەوە، پێویستمان بە نێوەندگیر نییە." لایخۆشیەوە مەولود چاوشئۆغڵۆ وەزیری  دەرەوەی توركیا هێرشی توندی كردە سەر فەرەنسا و وتی " ناكرێت بوترێت دەوڵەتێك كە پێشوازی لە یەكینەكانی پاراستی گەلی كورد بكات لە ئیلیزێ‌، بێ‌ لایەنە." لەدوای كۆنترۆڵكردنی بەشێكی زۆری خاكی سوریا لەلایەن داعشەوە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هاوپەیمانێتییەكە نێودەوڵەتی  پێكهێناو تاكە هێزیش كە لەسەر خاكی سوریا هاوپەیمانی ئەم هاوپەیمانێتییە هێزەكانی سوریای دیموكراتە كە یەكینەكانی پاراستی گەل " یەپەگە گ و یەكینەكانی پاراستنی ژنان " یەپەژە" بڕبڕەی پشتی ئەو هێزە پێكدەهێنن، ئەنكەرە ئەم هێزە بە درێژەپێدەری پەكەكە دادەنێت و لەماوەی رابردوودا زۆر نیگەران و توڕە بووە لە مامەڵەی ئەمریكا و وڵاتانی تری ئەوروپا لەگەڵیدا. لەماوەی رابردوودا توركیا و هاوپەیمانەكانی لە گروپە توندڕەوەكانی سوریا ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانیان بۆ كانتۆنتی عەفرینی رۆژئاوای كوردستان دەستپێكرد و دوای نزیكەی دوو مانگ لە بۆردومانی چڕ و شەڕی سەخت ئەو كانتۆنەیان داگیركرد و كۆنترۆڵیانكرد و ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هیچ كاردانەوەكیان نەبوو، ئێستا توركیا دەیەوێت بەرەو مەنبج و كانتۆنەكانی تر هەنگاوبنێت كە هێزەكانی ئەمریكای تێدایە.


راپۆرتی/ محەمەد رەئوف بە تیرۆركردنی ئەحمەد ئێرانی بەیانی ئەمرۆ لە قەزای سۆران، تەنها لەم مانگەدا سێ سەركردەو كادری حیزبی دیموكراتی  كوردستان لە باشوری كوردستان  تیرۆردەكرێن، هەرێمی كوردستان بەرەو جەنگەڵی تیرۆرستان وڵاتانی ناوچەكە دەڕوات، كە رۆژانە بە بەرچاوی هێزە ئەمنیەكانی هەرێمەوە كادری هێزەكانی رۆژهەڵات لە هەرێمی كوردستان تیرۆر دەكرێت، لە ماوەی تەنها یەك مانگدا سێ هەوڵی تیرۆركردن بەرامبەر بە كادران و سەركردەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران ئەنجامدراون، حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانیش، كۆماری ئیسلامی ئێران تۆمەتبار  دەكات بەو كردەوە تیرۆرستیانە. تیرۆری كادرانی حیزبەكانی رۆژهەڵات لە باشوری كوردستان مێژویەكی درێژی هەیەو درێژكراوەی ئەو هەوڵانەیە كە بۆ تیرۆركردنی سەركردەو بەرپرسەكانی ئەو حیزبە لە وڵاتانی دونیادا هەبووە، هەروەك تیرۆركردنی ( عەبدولڕەحمان قاسملۆی سكرتێری حیزبی دیموكراتی كوردستان لە 13ی تەموزی 1989 لە ڤیەنای پایتەختی نەمساو و تیرۆركردنی د.سادقی شەرەفكەندی سكرتێری حیزبی دیموكراتی كوردستان  لە 17ی ئەیلولی 1992 لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا) ئەمە سەرەڕای تیرۆركردنی دەیان كادرو ئەندامی باڵای حیزبەكانی رۆژهەڵات لە باشوری كوردستان، كە بەپێی زانیاریەكانی حیزبی دیموكرات تا ئێستا نزیكەی 400 سەركردەو ئەندامی ئەو حیزبە لەدەرەوەی ئێراتن تیرۆركراون. دوایین هەوڵی تیرۆركردن لە باشوری كوردستان تیرۆركردنی ئەحمەد ئێرانیە، كە لە كاتژمێر شەشی بەیانی رۆژی هەینی 30/3/2018 لە قەزای سۆران ئەحمەد میر ئەحمەدی ناسراو بە (ئەحمەد ئێرانی) ئەندامێكی حیزبی دیموكراتی كوردستانی  و دەست بەجێ گیان لەدەست دەدا،  ئەحمەد ئێرانی كە لە ساڵی 1964 لە شاری  نەغەدەیە لە رۆژهەڵاتی كوردستان و 40 ساڵە لەناو حیزبی دیموكراتدایەو ئێستا لە شارۆچكەی دارەتووی نزیك هەولێر دەژی   هەر لەم مانگەداو لەرۆژی پێنجشەممە  1/3/2018 لە قەزای بنەسڵاوەی هەولێر بۆمبێكی چێنراو بە ئۆتۆمبێلی سەڵاح عەباس فەرماندەی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران تەقییەوە، بەهۆی ئەو هەوڵە تیرۆرستیەشەوە خۆی برینداربووەو كوڕەكەشی سەباح رەحمانی تەمەن 33 ساڵ لەدوای چەند كاتژمێرێك مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. هاوكات لە 7/3/2018 لە نزیك گوندی هەرتەلی دۆڵی بالیسان سەركردەیەكی حیزبی دیموكراتی كوردستان تیرۆركرا بەناوی ( قادر قادری) تەمەن 50 ساڵی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان و دانیشتووی كۆیە،بەپێی راپۆرتی توێكاریش 21 گوللەی پێوە بووە، لە راگەیەنراوێكیشدا حیزبی دیموكراتی كوردستان كوشتنی قادر قادری خستووەتە ئەستۆی كۆماری ئیسلامیی ئێران. لەماوەی تەنها ئەم مانگەدا ( مارسی 2018 ) سێ كادرو فەرماندەی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە باشوری كوردستان تیرۆركراون  هەرئەو كات  ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران  كەپێكهاتوون لە(حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، حیزبی دێموكراتی كوردستان، كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران، كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران) لە راگەیەنراوێكی هاوبەشدا كە لە 7/3/2018 بڵاویانكردۆتەوە دەڵێن " دەزگای تێرۆری كۆماری ئیسلامی پێشینە و ڕابردوویەكی پڕ دیاری لە تێرۆری كادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبە كوردییەكانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمدا هەیە، هەر لە تێرۆرەكانی دەیەی ٩٠ی زایینی دژ بەهێزە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كە سەدان تێكۆشەری كوردیان لێ ستاندین، هەم لە تێرۆری كەسایەتییە سیاسییەكانی دژبەری كۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات، بە تایبەت تێكۆشەرانی كورد كە كۆماری ئیسلامیی ئێران و كاربەدەستانی هەرە سەرووی ئەو ڕێژیمە لە پشتی ئەو تێرۆر و تاوان و جیناتانە‌ن كە ڕێژیم لە دەرەوەی وڵات كردوونی" ئەگەر ئەم هەوڵی تیرۆكردنانە بەشێكی كەمتەرخەمی بە هێزە ئەمنیەكانی هەرێمی كوردستانەوە هەبێت، ئەوا بەشێكی گومانی گەورە لەسەر هێزە باڵادەستەكانی كوردستان درووست دەكات، كە ئەگەر كارئاسانی یاخود رێگە خۆشكردن یان كەمتەرخەمی نەبێت، چۆن دەوڵەتێكی دراوسێ دەتوانێت بە ئاسانی دەزگاكانی خۆی بخزێنێتە ناو هەرێمی كوردستانەوەو تەسفیەی نەیارەكانی بكات، لەناو هەموو ئەو هێزە جۆراوجۆرە ئەمنی و هەواڵگریانەی هەرێمی كوردستان.  مەترسی ئەو جۆرە تیرۆرانە تەنها بۆ حیزبی دیموكرات و حیزبەكانی رۆژهەڵات نیە هێندەی مەترسیەكە بۆسەر هەرێمی كوردستانە، بەو پێیەی ئێستا هەرێمی كوردستان سەروەری ئەمنی و هەواڵگری لەدەستداوە، چونكە جێگیركردنی  حیزبەكانی رۆژهەڵات لە هەرێمی كوردستان و راگرتنی چالاكیەكانیان لە ناو خاكی ئێران بە رێكەوتن بووە،  ئەمە تەنها هەر بۆ ئێران درووست نیە بەڵكو بۆ توركیاش درووستە كە توركیا سەرەرای لەشكركێشی بەردەوام و بوونی دەیان بنكەو بارەگای ئاشكرای سەربازی و هەواڵگری لە هەرێمی كوردستان، چەندین جار هەوڵی تیرۆركردن و رفاندنی داوە لە هەرێمی كوردستان هەر لە دەستگیركردنی دوو ئەندامی باڵای میت لە سلێمانی كە ویستبویان هەوڵی رفاندن ئەنجامبدەن و هاوكات هەوڵی رفاندنی ئەندام و لایەنگرانی كۆمەڵەی خزمەتی فەتحوڵا گویلەن لە هەولێر و سلێمانی. ئێستا هەرێمی كوردستان بۆتە تەراتێنی  دەزگا هەواڵگری و سەربازیەكانی وڵاتانی دراوسێ بەتایبەتیش كۆماری ئیسلامی ئێران و توركیاو گۆمان دەكرێت كە دەزگای هەوڵگری زۆرێك لە وڵاتانی جیهانیش لە هەرێمی كوردستان كاری خۆیان بكەن.


یەكەمجار نیە كوردەكان لە عێراق و سوریا رووبەروی ئایندەیەكی نادیار دەبنەوە، ئێستا لە سوریا 150هەزار كەس ئاوارەبوون بەهۆی  هێرشكردنە سەر عەفرین كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی كوردە ، سوپای توركیا بەهاوكاری سوپای سوریای ئازاد چونە ناو شاری عەفرین، كوردەكان  ماڵ  و سەروەت و سامانیان بەجێهێشت و ئاوارەبوون، هەندێك كەس  وەك  كۆڕەوەكەی كوردی عێراقی دەدەنە قەڵەم كە  لەساڵی 1991 لەدەست چەوساندنەوە و دڕندەیی سەدام ئاوارەبوون، لە دەستدانی عەفرین ئاماژەیە بۆ كپكردنی هیوا و ئاواتی كوردەكات كە لەم دواییە بەتەواوی گەشەی سەندبوو ، بەتایبەتیش لەدوای جەنگی داعش  و هاوكاری وڵاتان بۆ كوردەكانی عێراق.  لە سوریا بارودۆخەكە جیاوازە بەڵام لەوێش بێهیوایە بۆ كورد، ئیستا سێ ساڵە لەدوای كۆبانی كورد بەرپەرچی هێرشی داعش دەداتەوە توركیا كوردەكانی سوریا یان یەپەگە وەك بەشێك لە پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە سەیردەكات، لە كاتێكدا كوردەكانی سوریا لەگەڵ ئەمریكا دژ بە داعش جەنگاون و كاریان كردووە،  دوای ئەوەی توركیا بڕیاریدا پەلەماری عەفرین بدات  لە باكوری سوریا، بەڵام حكومەتی روسیا كە پشتگیری رژێمی سوریا دەكات، دەركەوت كەررازییە بە هاتنی فڕۆكەی توركیا بەسەر ئاسمانی سوریا،  دەركەوت مۆسكۆ و  دیمەشق رازین عەفرین بۆ توركیا و سوپای سوریای ئازاد بێت، لەبەرامبەردا رژێمی سوریا لە سەركەوتن لە غوتەی رۆژهەڵات نزیك دەبێتەوە، ئەو مامەڵەیەی نێوان دیمەشق و روسیا و توركیا بۆ ئەوەی بوو كە رێگری لە خەونی سەربەخۆیی كورد بكرێت لە باكوری سوریا، بۆیە كوردەكان لە خەونی سەربەخۆییەوە  گەیشتنە ئاوارەبوونی زیاتر لە 100 هەزار كەس و كوژرانی سەدانی تر.؟ ئێستا كوردەكان لە سوریا و عێراق متمانە و هیوایەكیان بە خۆرئاوا نەماوە تا بیانپارێزێت لە هێرش و هەڕەشە و دەستدرێژییەكان و پشتیوانیان لە مافەكانیان. وەرگێران و ئامادەكردنی: سەفین ئازاد 18/03/the-west-has-shamefully-abandoned-its-kurdish-allies/


نوسینگەی ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا رایگەیاند فەرەنسا پێشنیازیكردووە نێوەندگیری لە نێوان توركیا و هێزەكانی سوریای دیموكراتی لە رۆژئاوای كوردستان بكات و جەختیشیكردوەتەوە كە پاریس پشتیوانی لە سەقامگیری باكوری سوریا دەكات. خالید عیسا،  نوێنەری خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی دیموكراتیی باكوری سوریا له‌ فه‌ره‌نسا بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند وەفدێكی رۆژئاوای كوردستان و یەكینەكانی پاراستی گەل لەگەڵ سەرۆكی فەرەنسا كۆبونەوە و لە كۆبونەوەكەدا ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا بەڵێنیداوە بۆ هێزی سەربازی رەوانەی مەنبج بكات بۆ پاڵپشتی شەڕی داعش لەكاتی هاتنەپێشەوەی سوپای توركیا بەرەو شارەكە. هەروەها رۆژنامەی لۆفیگارۆی فەرەنسی بڵاویكردوەتەوە كە فەرەنسا بڕیاریداوە بۆ پشتیوانی لە كوردەكان هێز رەوانەی كوردستانی سوریا بكات، رۆژنامەكە دەڵێت لە میانی پێشوازیكردنی لە وەفدێكی رۆژئاوای كوردستان لە كۆشكی ئیلیزێ،  ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا بڕیاریداوە پشتیوانی لە هاوپەیمانە كوردەكانی بكات لە سوریا ئەوەش لەدوای هێرشەكانی توركیا دژ بە رۆژئاوای كوردستان رۆژنامەكە ئاماژەیبەوەشداوە كە، لە كۆتاییدا فەرەنسا و ئەمریكا بڕیاریاندا كە بۆ رێگری لە هێرشەكانی توركیا هێز رەوانەی مەنبج بكەن. لۆفیگارۆ نوسیویەتی ئامانجی ناردنی هێزی فەرنسا بۆ مەنبج رێگریكردنە لە هێرش و پەلامارەكانی توركیا كە بەهۆی هێرشەكانیەوە توركیا هەوڵ ئەدا كۆنترۆڵی ئەو ناوچانە بكات كە لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی یەپەگەدایە بەتایبەتیش لە دۆڵی فوراتی باكوری سوریا.  


دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند  لە ماوەیەكی " زۆر نزیكدا" هێزەكانیان  لە سوریا دەكشێننەوە. ترەمپ لە گردبونەوەیەكی جەماوەریدا لە وتەیەكیدا لە ویلایەتی ئۆهایۆ داواشی لە لایەنكانی تر كرد بایەخ بە سوریا بدەن بەبێ‌ ئەوەی ناوی ئەو لایانانە و وادەی دیاریكراوی پرۆسەی كشانەوەی سوپای ئەمریكا لە سوریا ئاشكرابكات. كەمێك دوای لێدوانەكەی ترەمپ، هێزەر ناوێرت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە كۆنفرانسی رۆژنامەوانی هەفتانەیدا رایگەیاند هیچ زانیارییەكی دەربارەی پلانی كشانەوەی سوپای ئەمریكا لە سوریا نییە.


سروە عەبدولواحید ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا كە كۆپییەكی بە " درەو" گەیشتووە، داوا لە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات رۆڵی خۆی بگێڕیت لە پاراستی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان و مامەڵە لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێم و جێگرەكەی نەكات تا كاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێی هەرێمی كوردستان و  لە بری ئەوە مامەڵە لەگەڵ پارێزگاكان بكات چونكە حكومەتی هەرێمی ئێستا شەرعییەتی نەماوە و دوژمنی گەلی كوردە. ئەمەش دەقی بەیاننامەكەیە:  بەناوی خوای گەورە و میهرەبان " لە ئێستادا هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بە سەختترین بارودۆخی ژیان و بژێویاندا تێپەڕدەبن بەهۆی ئەو مافیایانەی دەستیانگرتووە بەسەر دەسەڵات و داهاتی هەرێمدا. ماوەی چەند ڕۆژێكیشە هەزاران فەرمانبەر و مامۆستا لەهەرێمی كوردستان خۆپیشاندان دەكەن و داوای موچە و مافەكانیان دەكەن كە لەلایەن دەسەڵاتەوە لێیان زەوتكراوە. بەڵام حكومەتی هەرێم و سەرۆكەكەی بێ ئەوەی هەست بە شەرمەزاری بكات بەدوور لە گرنگییەوە باس لە مافی فەرمانبەران و مامۆستایان و داواكانیان دەكات و لەبری ئەوەی باس لە هێرش و هەڵمەتی دەستگیركردنی مامۆستایان و فەرمانبەران و ڕۆژنامەنوسان و ئافەرەتان و پیر و گەنجان دەكات و وەك كارێكی ئاسایی سەیریی دەكات. جەنابی برازاكەی بارزانی، ئەڵێی بیرتان چووەتەوە كە زەین ئەلعابدین سەرۆكی تونس یەكەم پریشكی شۆرشی ئیهمالكرد و بە سوكییەوە سەیریكرد كە بوعزێزی بوو، بەڵام  دواتر ناچار بوو بە پەلە ڕابكات و وڵات بەجێبهێڵێت. ئەی قەزافیت بیرچووەوە كە بە میللەتەكەی دەوت زەنگە زەنگە دواتان دەكەوین بەڵام بە قۆندەرەی میللەتەكەی كوژرا و لەناوبرا. بەسە خۆبەزلزانینتان بەسەر میللەتەوە، ئەو میللەتەی كە لە كەرەج بوون لە ئێران خزمەتیدەكرن و كە گەڕانەوە  لەدوای ڕاپەڕین خزمەتی دەكردن، بێڕێزی بەرامبەر كەرامەتی میللەت و تواناكانیان مەكەن بۆ قڵپكردنەوەی مێزەكە بەسەرتاندا.  لێرەوە داوا لەسەرۆك وەزیرانی فیدراڵ دەكەم كە رۆڵی خۆی بگێڕیت لە پاراستی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان و مامەڵە لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێم و جێگرەكەی نەكات تا كاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێی هەرێمی كوردستان، وە لە بری ئەوە مامەڵە لەگەڵ پارێزگاكان بكات چونكە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئێستا شەرعییەتی نەماوەو دوژمنی گەلی كوردە". سروە عەبدولواحید- ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق  


ئامادەكردن و وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ ناوی پۆڵ بریمەر ئەو كاتە دەركەوت كە لە دوای 2003 و روخاندنی رژێمی سەدام حسێن لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە ، وەك یەكەم حاكمی مەدەنی عێراق دەستبەكاربوو، بۆ ماوەی یەك ساڵ ئەركی دامەزراندنی عێراقی نوێی دوای سەدامی پێسپێدرا. ئێستا بریمەری تەمەن 76 ساڵ دوور لە كاری سیاسی و ئیداری لە سەیرانگای ئۆكیمۆ ماونتن لە ویلایەتی ڤێرمۆنتی باكوری خۆرهەڵاتی ئەمریكا راهێنەری یاری خلیسكانی سەر بەفرە، بە گوێرەی سایتی " Task & Purpose " ئەمریكی. بریمەر لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئەو سایتە دەڵێت سەرەراِی ئەوەی كە زۆرێك وا لە رۆڵەكەی لە عێراق دەڕوانن كە ئەو وڵاتەی بەرەو پشێوی بردووە، بەڵام هەست بە پەشیمانی ناكات لەو رۆڵەی كە گێڕاوێتی دوای سەركردایەتیكردنی دەسەڵاتی ئیئیتلافی كاتی لەو وڵاتەدا". بریمەر دەشڵێت" گەلی عێراق بە بەراورد بە ماوەی حكومڕانی سەدام حسێن ئەمڕۆ زۆر باشترە، هەتا دوای هەموو كێشەكانی كە دەكرێت دانیان پێدا بنێین كە روویانداوە". بریمەر لەماوەی دەسەڵاتیدا لە عێراق چەند بڕیارێكی دەركرد كە مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، دیارترین بڕیاریشی هەڵوەشاندنەوەی چەند دامەزراوەیەكی سیادی دەوڵەتی عێراق بووە لەوانەش سوپای عێراق و هێزی پۆلیس و ئاسایش و وەزارەتی راگەیاندن. زۆر كەس بڕوایان وایە كە ئەو بڕیارانەی بریمەر دەرگایەكی فراوانی بۆ شەڕ لە دژی هێزەكانی ئەمریكا كردەوە، دوای ئەوەی بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی سوپای و هێزە ئەمنییەكانەوە سەدان هەزار عێراقی سەرچاوی بژێوییان بڕدرا. بریمەر بەرگری لەو بڕیارانەی ئەو كاتەی دەكات و دەڵێت " زانیم كە چۆن ئەو گەمەیە بكەم، دەمزانی كە روبەڕووی مەترسی دەبمەوە، بەڵام چاوم لەوە نەبوو پارێزگاری لە خۆم بكەم". دەشڵێت" كاتێك دەگەیتە پۆستێكی لەو شێوەیە، یان ئەو كارە دەكەی كە بڕوات وایە راستە، یان دەستلەكاردەكێشیتەوە و دەرئەنجامەكانی لە ئەستۆدەگریت." پۆڵ بریمەر ساڵی 1941 لە دایكبووە، شەشی ئایاری 2003 جۆرج بوش سەرۆكی ئەمریكا وەك سەرۆكی دەسەڵاتی مەدەنی عێراق دەستنیشانیكرد بۆ دووبارە بونیادنانەوەی عێراق و ماوەی یەكساڵ لەو ئەركەیدا بەردەوام بوو. بریمەر بە گەڕانەوەی لە عێراق كۆتایی بە 23 ساڵ كاری دیپلۆماتی هێنا و چووە كۆمپانیای كیسنجەر ئەسۆشیتس كە كۆمپانیایەكی راوێژكارییە و هێنری كیسنجەر وەزیری پێشووتری ئەمریكا ساڵی 1989 دایمەزراندووە ەو ئێستاش راهێنەری یاری خلیسكانی سەر بەفرە لە ویلایەتی ڤێرمۆنت. بریمەر بەكالۆریۆسی لە زانۆی ییل و بڕوانامەی پەیمانگای لێكۆڵینەوە سیاسییەكانی  لە زانكۆی پاریس و ماستەری لە كۆلێژی كارگێڕی كار لە زانكۆی هارڤارد بەدەستهێناوە دوای گەڕانەوەشی بۆ ئەمریكا كتێبێكی بەناوی " My year in IRAQ" چاپ و بڵاوكردەوە. سەرچاوە: سایتی ئەلحوڕە


كەریم تەمیمی وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ، رایگەیاند هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ 14ی نیسانی داهاتوو دواخرا. تەمیمی لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی غەد پرێس وتی " هۆكاری دواخستنی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ 14ی نیسان دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆكارێكی تەكنیکی كە پەیوەندییان بە كۆمسیۆنەوە هەیە پێشتر كۆمسیۆن 10ی نیسانی بۆ دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دیاریكردبوو كە بڕیارە 12ی ئایاری داهاتوو بەڕێوەبچێت و جگە لە 18 پارێزگاكەی عێراق بنكەی دەنگدان لە 19 وڵاتی دەرەوەش دەكرێتەوە  


ئامادەكردنی: محەمەد رەئوف لەژێر فشاری خۆپیشاندەران و ناڕەزایی موچەخۆراندا، حكومەتی هەرێم بڕیاری دەستكاریكردنی پاشەكەوتی موچەی راگەیاندو بڕی پاشەكەوت لە نێوان 10% بۆ 30% و پلە باڵاكانیشی وەك خۆی هێشتەوە، بەڵام هەروەك وەزیری دارایی رایگەیاند: گرنتی پێدانی موچە لەماوەی 30 رۆژ جارێك و بەم شێوەیەی كە راگەیەنراوە،  وەستاوەتە سەر ناردنی ئەو بڕە پارەیە لەلایەن بەغداوە دێت و  كێشەدرووست نەبوون بۆ نەوت و ئەو سەرچاوە داراییانەی كە لەبەردەستدان، كە بریتین لە :. یەكەم/ مانگانە 375 ملیار دینار لەداهاتی نەوتی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان دووەم/ مانگانە 317 ملیار دیناری بەغداد سێیەم/ مانگانە 25 ملیار دیناری ئەمریكیەكان بۆ پێشمەرگە  چوارەم / مانگانە 120 ملیار دینار داهاتی ناوخۆ كە ئەمەیان ( بۆ خەرجی وەزارەتەكان دانراوە)  كە كۆی گشتی دەكاتە ( 837 ملیار دینار) ئەگەر داهاتی ناوخۆی لێدەربكەین  بەپێی وتەی وەزیری دارایی مانگانە داهاتەكەیان دەكاتە ( 720 ملیار دینار) و پێشتر پێویستیان بە 588 ملیار دینار بووە بۆ موچە بە پاشەكەوتووە، بەڵام ئێستا بەپێی ئەو داهاتانەی دێتە دەستیان سیستمی پاشەكەوتی موچەیان دەستكاریكردووە. بەڵام هەموو ئەو سەرچاوەی داهاتانەی كە دەستیان دەكەوێت، جێگیر نیەو گرنتی بەردەوامی نیە، بەو پێیەی . یەكەم/ ئەو بڕە پارەیەی لە بەغداوە بۆیان دێت كە ( 317 ملیار دینار)ە گرنتی بەردەوامی نیە، بەپێی وتەی عەلی حەمە ساڵح جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابوری پەرلەمانی كوردستان، ناردنی پارە لە بەغداوە كاتیە تاوەكو بڵاوكردنەوەی یاسای بودجەی عێراقە لە ڕۆژنامەی وەقائع و ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان، چونكە بەپێی یاسای بودجەی عێراق، هەرێمی كوردستان دەبێت ڕۆژانە( ٢٥٠ هەزار )بەرمیل نەوت بداتە بەغدا، نەك هەرێم نەوتی خۆی بفرۆشێت و بەغداش پارە بدات، پێشی وایە ئەم كارەی حەیدەر عەبادی  لەپێناو ئەوەدایە پشتیوانی كورد بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی بكرێتەوە سەرۆك وەزیرانی عێراق، هەركاتیش كرایەوە سەرۆك وەزیران، یاسای بودجە جێبەجێدەكات.           "ســەرچاوەكانی داهــاتی وەزارەتی دارایی بۆ پێدانی موچە جێگیر نین لە ( پارەی بەغداد ، داهاتی نەوت ، پارەی ئەمریكا،           داهاتی ناوخۆ ) بۆیە هیچ گرەنتیەك نیە بــــۆ جێبەجێكردنی  سیستمی نــــوێی موچە"   دووەم/ مانگانە بڕی ( 375 ملیار ) دینار لە داهاتی نەوت دەست دەكەوێت، چونكە ئێستا حكومەتی هەرێم رۆژانە نزیكەی ( 370 هەزار بەرمیل ) نەوت بەرهەمدەهێت و نزیكەی ( 335 هەزار ) بەرمیل نەوت دەفرۆشێت و ئەوەی دیكەی بۆ ناوخۆیە، كە بەپێی راپۆرتی ( سۆمۆ) هەرێمی كوردستان لە مانگی سێدا ( مارس ) رۆژانە ( 344 هەزار ) بەرمیل نەوتی رەوانەكردووە. بەڵام ئەم پارەیە گرنتی نیە لەبەر ئەوەی:. ا- هەركات یاسای بودجە لە بەغداد جێبەجێبكرێت پێویستە هەرێم رۆژانە ( 250 هەزار ) بەرمیل نەوت بداتە بەغداد، ئینجا بەغداد پارە دەنێرێت. ب- زۆرجار فرۆشتنی نەوت هەرێم كێشەی تێ دەكەوێت لە ( رەوانەكردن ، فرۆشتن، هێنانەوەی داهاتەكەی، كێشەی كۆمپانیاكانی نەوت ). بۆیە پارەی نەوتەكەی هەرێمیش كە مانگانە ( 375 ملیار) دینارە گرەنتی نیە لە كاتی خۆیدا مانگانە بگاتە دوەستی وەزارەتی دارایی و ئەویش دابەشی بكات.  سێیەم/ ئەو پارەیەی ئەمریكیەكان بۆ پێشمەرگە كە بڕەكەی ( 25 ملیار دینار)ە كۆمەڵێك مەرج و پێوەری توندیان دیاری كردووە لەبەرامبەر پێدانیان بە پێشمەرگە ئەویش پشتی پێنابەسترێت. چوارەم/ داهاتی ناوخۆ كە بڕكەی مانگانە ( 120 ملیار  دینار)ە كەم و زیاد دەكات و ئەگەر یاسای بودجەی عێراق جێبەجێبكرێت ئەبێت ئەو داهاتانە بەتایبەتیش گومرگ و خاڵە سنوریەكان و فڕۆكەخانەكان بگەڕێنەوە بەغداد، كەواتا ئەو داهاتەش گرەنتی نیە. بۆیە بە هەموو پێوەرێك ئەو هەنگاوەی حكومەتی هەرێم بۆ موچەی موچەخۆران هیچ گرەنتیەكی نیە بەردەوام بێت و مانگانە لە كاتی خۆیدا بدرێت.    


دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دەیڤد شۆڵكن وەزیری جەنگاوەرە دێرینەكانی لە پۆستەكەی دوورخستەوە و رۆنی جاكسۆن پزیشكی سەربازی كۆشكی سپی لە شوێنەكەی دانا. ترەمپ لە تویتێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر دەڵێت" خۆشحاڵم كە رایدەگەیەنم  ئەدمیراڵ رۆنی ئیل جاكسۆن كە رێزێكی زۆری هەیە بە وەزیری نوێی كاروباری جەنگاوەرە دێرینەكانی  دادەمەزرێنم."  ترەمپ دەشڵێت" زۆر مەمنونی ئەو خزمەتەم كە شۆڵكن پێشكەشی وڵاتەكەمان و جەنگاوەرە گەورەكانمانی كردووە." ترەمپ رونیشیكردەوە تا یەكلاكردنەوەی دانانی جاكسۆن ، رۆبەرت ویلكی بەرپرس لە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا ئەو پۆستە بەڕێوەدەبات. وەزارەتی كاروباری جەنگاوەر دێرینەكان گەورەترین وەزارەتە دوای وەزارەتی بەرگری ئەمریكا و 310 هەزار كەس كاری تێدا دەكەن و رۆبی جاكسۆن كە ترەمپ وەك وەزیری نوێی ئەو وەزارەتە دەستنیشانیكردووە تەمەنی 58 ساڵە و لە ویلایەتی تەكساس لە دایكبووە و ساڵی 2005 لە عێراق كاری كردووە لەسەردەمی جۆرج بوشی كوڕ و باراك ئۆباما و دۆناڵد ترەمپدا پزیشكی سەربازی كۆشكی سپی بووە. لە ماوەی رابردوودا دۆناڵد ترەمپ چەند وەزیر و بەرپرسێكی ئیدارەكەی  دوورخستوەتەوە كە دواهەمینیان ریكس تیلەرسۆن وەزیری دەرەوە و ژەنەراڵی هێربەرت ماكمستەر راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا بوون.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand