Draw Media

ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ  پارتێكی نوێ‌ لەلایەن سەرجەم پێكهاتەكانی شاری رەققەی سوریاوە دامەزرێنرا كە ماوەیەكە لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكرات و بەهاوكاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە دەست رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی " داعش" رزگاركراوە. پارتە نوێكە ناوی " پارتی سوریای دوارۆژ" ە و  هەموو پێكهاتەكانی شاری رەققە لەخۆدەگرێت و كۆنگرەی دامەزراندنیشی لە شاری رەققە بەڕێوەچوو رۆژی سێشەممە " ئیبراهیم قەفتان"  بە سەرۆكی ئەو پارتە هەڵبژێردرا. ئیبراهیم قەفتان 51 ساڵ لە نەتەوەی عەرەب و خەڵكی شاری مەنبجە و كۆلێژی ئەندازیاری لە زانكۆی بەیروت تەواوكردووە و بەهۆی بیروبۆچونە سیاسییەكانیەوە لەلایەن حكومەتی سوریاوە دەستگیركراوە و ساڵی 2014  ماوەی مانگ و نیوێكیش لە شاری باب لەلایەن داعشەوە دەستگیركراوە و شوباتی ساڵی رابردووش بە هاوسەرۆكی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی دەسەڵاتی خۆسەری دیموكراتی مەنبج هەڵبژێدرا. لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ماڵپەڕی " هاوارنیوز" لینا بەرەكات ئەندامی پارتی سوریای دواڕۆژ دەڵێت " دۆخی سوریا و ململانێكانی ئێستای سوریا و دەستوەردانی دەرەكی و ئیقلیمی و ئامادەنەبوونی هێزێكی سیاسی بۆ ئاراستەكردنی گەلی سوریا و بۆ چارەسەركردنی كێشەی سوریا بووە هۆی خستنەڕووی بیرۆكەی دامەزراندنی پارتێك كە نەتەوەكان تێپەڕێنێت." بەوتەی لینا بەرەكات پارتی سوریای دواڕۆژ جیاوازە لە هەموو پارتەكانی تری سوریا و بڕوای بە یەكسانی نێوان ژن و پیاو هەیە و هەوڵدەدات بۆ یەكگرتوویی خاكی سوریا و هەموو دەستوەردانێكی دەرەكی رەتدەكاتەوە.


ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ  دواجار سەرۆكایەتی كۆمار یاسای بودجەی 2018ی عێراقی رەوانەكرد بۆ وەزارەتی داد بۆئەوەی لە رۆژنامەی وەقائعی فەرمیدا بڵاوبكرێتەوە یاساكە بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، كەناڵی عێراقیە لە هەواڵێكی بەپەلەدا  رایگەیاند دیوانی سەرۆكایەتی كۆمار یاسای بودجەی رەوانەی وەزارەتی داد كردووە، بۆئەوەی لە رۆژنامەی وەقائعی رەسمیدا بڵاوبكرێتەوە. سەرەتای ئەم مانگە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوای مشتومڕێكی زۆر پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراقی بۆ ساڵی 2018 پەسەندكرد  و یاساكەی رەوانەی سەرۆكایەتی كۆماركرد بۆئەوەی پەسەندی بكات. رۆژی 13ی ئازار ئەمیر كینانی راوێژكاری یاسایی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق رایگەیاند فوئاد مەعسوم یاسای بودجەی رەتكردەوە و رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی كردووە بەهۆی ئەوەی پێشێلكاری یاسایی و دەستوری تێدایە. بە گوێرەی مادەی  73 ی دەستوری هەمیشەیی عێراق " سەرۆك كۆمار یاساكانی ئەنجومەنی نوێنەران پەسەند دەكات، دوای 15 ڕۆژ لە بەدەستگەیشتنی یاساكان دەچنە بواری جێبەجێكردنەوە"،  واتە سەرۆك كۆمار دەسەڵاتی ڤیتۆكردنی یاسا پەسەندكراوەكانی پەرلەمانی نییە و خودی حەیدەر عەبادیش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا  رایگەیاند هیچ كەسێك مافی ئەوەی نییە بودجەی وڵات ڕابگرێت، دوای ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر دا، هیوادارین كۆپی یاساكە كە لە سەرۆكایەتی كۆمارە بگاتەدەستمان، بۆئەوەی بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە. یاسای بودجە گەڕێنرایەوە ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵام ئەنجومەنەكە بەبێ‌ دەستكاریكردنی گەڕاندییەوە سەرۆكایەتی كۆمار. بۆئەوەی یاسای بودجە بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە پێویستە لە رۆژنامەی وەقایعی عێراقیدا بڵاوبكرێتەوە، ئێستاش وەزارەتی داد كە ئەو ئەركەی پێ سپێدراوە كەوتوەتە نێوان بەرداشی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران. رۆژی 25ی ئەم مانگە  ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران نوسراوێكی فەرمی و دەقی یاسای بودجەی 2018ی  ئاراستەی نوسینگەی وەزیری داد كردووە و داوادەكات بە گوێرەی مادەی 73 بڕگەی سێیەمی دەستوری عێراق و بەرچاوكردنەوەی ئەوەی ماوەی یاسایی سەرۆك كۆمار بۆ پەسەندكردنی یاساكان، یاسای بودجە لە رۆژنامەی رەسمی بڵاوبكرێتەوە   و ژمارەی  رۆیشتوو" صادرە"ی دواهەمین یاسای پێ بدرێت كە لەلایەن سەرۆكایەتی كۆمارەوە رەوانەی وەزارەتی داد كراوە.  لەكاردانەوەی ئەو نوسراوەی ئەنجومەنی وەزیراندا سەرۆكایەی كۆماری عێراق رۆژی 27ی مانگ نوسراوێكی ئاراستی وەزارەتی داد كردووە و دەڵێت " پەسەندكردنی پرۆژە یاساكان و دەركردنیان بە گوێرەی دەستور لە رێگەی سەرۆك كۆمارەوە دەكرێت، لەبەرئەوە فەرمانگەی وەقایعی سەر بە ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیران مافی ئەوەی نیە رێگە بە بڵاوكردنەوەی هیچ یاسایەك بدات." سەرۆكایەتی كۆمار دەشڵێت" داواكاری ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ بڵاوكردنەوەی یاسای بودجەی 2018  پێشێلكارییەكی رون و ئاشكرای مادەكانی دەستور و یاسای بڵاوكردنەوەیە لە رۆژنامەی رەسمیدا." سەرۆكایەتی كۆمار هۆشداریشیداوە  لەوەی كە هەر لایەنكێك بەبێ‌ ئاگاداركردنەوەی سەرۆكایەتی كۆمار یاسای بودجە لە رۆژنامەی رەسمیدا بڵاوبكاتەوە رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێت.


راپۆرتی : محەمەد رەئوف   ئێستا گرتەی ڤیدیۆیی و وێنەی خۆپیشاندانەكان لەبری میدیای بینراو لە ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە  بڵاودەبێتەوە و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بونەتە سەرچاوەی  گواستنەوەی خۆپیشاندانەكان،  رەنگە هۆكاری سەرەكی  ئەم دۆخە رێگریكردن و گرتنی پەیامنێران و رۆژنامەنووسان بێت لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە و رێگە نەدانیان بە روماڵكردنی خۆپیشاندانەكان بەتایبەتیش لە دەڤەری هەولێر و دهۆك. لەماوەی خۆپیشاندانەكانی چەند رۆژی رابردوودا دەیان رۆژنامەنوس دەستگیركران و ژمارەیەكی زۆری پەیامنێر و رۆژنامەنوسی دیكە لێیان دراوە و كەلوپەلەكانیان لێسەندراوە، ئەو چەند رۆژەی خۆپیشاندانەكان سەرەرای گرتن و لێدان و سوكایەتیكردن بە خۆپیشاندەران رۆژانێكی رەش بوون بۆ رۆژنامەنووسان و مێدیاكاران، لەو چەند رۆژەدا پەیامنێر و وێنەگرانی كەناڵەكانی ( NRT . KNN . PAYAM . SPEDA . XENDAN   ) و چەندین دەزگاو میدیای دیكە، لە هەولێر و دهۆك دەستگیردەكرێن و لێیان دەدرێت و كەل و پەلەكانیان لێدەستێنرێت و سوكایەتیان پێدەكرێت. ئەو پێشێلكاریانەی بەرامبەر بە رۆژنامەنووسانكراوە گەیشتوەتە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و لە راپۆرتێكدا رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی " Amnesty International    " رایگەیاندووە" توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران و رۆژنامەنووسان لە هەرێمی كوردستان، رێزنەگرتنی ئاشكرای ئازادی رادەربڕین نیشاندەدات". لین مەعلوف بەڕێوەبەری توێژینەوەكانی رێكخراوەكە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت" خۆپیشاندەران كە بەشێوازێكی ئاشتیانە خۆپیشاندانیان دەكرد رووبەڕووی سوكایەتیپێكردن بوونەتەوە و رۆژنامەنوسانیش كە بە كامێرا و مۆبایلەكانیان هەوڵی بە دۆكیۆمێنتكردنی خۆپیشاندانەكانیان دەدات رووبەڕووی هێرش بوونەوە ئەوەش قبوڵنەكراوە و هەوڵێكی ئاشكرایە بۆ كۆنترۆڵكردنی ئۆپۆزسیۆن". لەلایەن خۆشیانەوە لیژنەی داكۆكی لەرۆژنامەنوسان داوادەكات حكومەتی هەرێم لێكۆڵینەوە لە هێرشەكانی سەر ڕۆژنامەنوسان بكات ئەوانەشی ئەو هێرشانەیان ئەنجامداوە بدرێنە دادگا.ڕۆبەرت ماهون بەڕێوەبەری لیژنەكە دەڵێ بەرپرسانی هەرێم بەردەوام دەڵێن كە پشتگیری لە ئازادی ڕۆژنامەنووسی دەكەن، دواین نمونەی ڕەفتاری بەڵتەجیانە لەلایەن چەند هێزێكی ئەمنیی هەرێمەوە پێچەوانەی ئەو قسەیە دەڵێن، داوا لە حكومەتی هەرێم دەكات ئەو كەسانەی هێرشەكانیان ئەنجام داوە ڕووبەڕووی دادگا بكاتەوە و تەواوی ئەو كەلوپەلانەشی كە براون ڕادەستی ڕۆژنامەنووسانی بكاتەوە. بەشێك لەو رۆژنامەنووسانی دەستگیركراون و ئازاردراون و رێگریان لێكراوە:. -    دلبرین غازی پەیامنێری كوردسات لە ئاكرێ دوای هێرشكردنەسەری و برینداركردنی لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیردەكرێت و كەل و پەلەكانی دەشكێنرێت -     ڕادیۆی ئاكرێی یەكگرتوو دەستی بەسەرداگیرا -    سیروان زێباری بەڕێوەبەری ڕادیۆی پەیامی یەكگرتوو لە شاری ئاكرێ دەستگیركرا  -    لەزاخۆ ئاسایشی دەستیگرتووە بەسەر كەلوپەلی كەناڵی خاپیر كە كەناڵێكی ناوخۆیی خاوەن جەماوەری یەكگرتووە لە شاری زاخۆ -    دڵشاد هیمۆ، پەیامنێری خەندان لە شاری دهۆك لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركراوە -    یاسر عەبدولرەحمان پەیامنێری سپێدە لە كاتی رووماڵكردنی خۆپیشاندانی مامۆستایانی دهۆك لەگەڵ ستافەكەی لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە هێرشكرایە سەریان و خۆی دەستگیر كرا و دەستبەسەر تەواوی كەلوپەلی رۆژنامەوانی ستافەكەی سپێدەشدا گیرا. -    ئاكار فارس ڕۆژنامەنوس و پەیامنێری كەناڵی ئاسمانی سپێدە، لەدوای ئەوەی دوێنێ سێ شەممە لە ناوخۆپیشاندانەكان لەهەولێر -    ئاراس عەزیز و موتەلیب خۆشەوی پەیامنێرو كامێرەمانی‌ كەناڵی‌ ئاسمانیی‌ پەیام لەهەولێر دەستگیركران -    پەیامنێران و كامێرامانانی كەناڵی NRT  لە هەولێر و دهۆك پێشێلكاریان بەرامبەر كراوەو رێگریان لێكراوە -    پەیامنێران و كامێرامانانی كەناڵی KNN لە هەولێر و دهۆك پێشێلكاریان بەرامبەر كراوەو رێگریان لێكراوە -    پەیامنێران و كامێرامانانی كەناڵی پەیام لە هەولێر و دهۆك پێشێلكاریان بەرامبەر كراوەو رێگریان لێكراوە -    پەیامنێران و كامێرامانانی كەناڵی سپێدە لە هەولێر و دهۆك و زاخۆ و سۆران و شێلادزێ  پێشێلكاریان بەرامبەر كراوەو رێگریان لێكراوە -    دەستگیركردن و ئەشكەنجەدانی رۆژنامەنوس و پەیامنێری سایتی دوارۆژ هانا چۆمانی لە هەولێر -    پەلاماردان و ئازاردانی رۆژنامەنووس نیاز عەبدوڵا لە هەولێر سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە رۆژنامەنووسان و روانگەی ئازادی رۆژنامەگەری ( JFO ) لە راگەیەنراوێكدا چەندین چەندین پێشێلكاریان بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان تۆماركردووە لە ( لێدان ، گرتن، سوكایەتیكردن، رێگریكردن) لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە تۆماركراوە، راگەیەنراوەكە ئاماژەی بە گرتنی هوما ئاراس و عەزیز موتەلیب پەیامنێر و كامێرامانی كەناڵی پەیام كردووە لەگەڵ ئاكار فارسی پەیامنێری سپێدە لە هەولێر دەستگیركراون، هاوكات یاسر عەبدولرەحمان پەیامنێری سپێدە لە دهۆك و دڵشاد هیمو پەیامنێری خەندان لەدهۆك روبەرووی گرتن و لێدان بوونەتەوە هاوكات پەیامنێری سایتی دوارۆژ هانا چۆمانی روبەرووی لێدان و گرتن بۆتەوە لە شاری هەولێر. هاوكات دڵبرین شێروانی پەیامنێری كوردستات و وریا حەمەنوری پەیامنێری NRT  و بەشدار عوسمان و سیروان زێباری روبەرووی لێدان و گرتن بونەتەوە، لەگەڵ گرتنی عەمار رەجەب كامێرامانی NRT . راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە كە هەموو ئەو كارانە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە ئەنجامدراون.  لقی‌ هەولێری‌ سەندیكای‌ رۆژنامەنووسانی‌ كوردستانیش لە بەیاننامەیەكدا داوای‌  ئازادكردنی‌ رۆژنامەنووسان دەكات و رایگەیاندووە، لە هەولێر ژمارەیەك رۆژنامەنوس لە ئەنجامی رۆماڵكردنی خۆپیشاندانەكاندا دووچاری پێكان و رێگریی لێكردن و دەستگیركردن بونەتەوە. هەر جۆرە توندو تیژییەك و دەستگیركردنی رۆژنامەنوسان، بە پێشێڵكاری راستەوخۆ دەزانین بۆسەر رۆژنامەنوسان و ئازادی كاری راگەیاندن و ئازادییەكان، ئەو پێشێلكاریانە هیچ خزمەتێك بە پرۆسەی سیاسی لە كوردستان ناكات، بەڵكو سەرەنجام ئەم جۆرە كارانە دەبنە هۆی زیاتر لەكەداركردنی ئەزمونی سیاسی كوردستان. هاوكات دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان ڕاگەیاندراوێكی لەسەر خۆپیشاندانەكانی هەرێم بڵاوكردەوە، لە هەندێ ناوچە پێشیلكاری زەق بەرامبەر چەند رۆژنامەنوس و پەیامنێر و وێنەگری هەندێ كەناڵ كراوە دەست گیراوە بەسەر كامیراو كەلوپەلەكانیان، دوپاتی دەكەینەوە دەبێت ڕێز لە كاری رۆژنامەوانی بگیرێت و نابێت رۆژنامەنوسان چ خۆیان چ لەلایەنی بەرامبەرەوە بە ئامانج بكرێن و ببنە بەشێك لە خۆپیشاندەر و شیكەرەوەی ڕووداوەكان. ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی بڕگەی چوارەمی مادەی حەوتەمی یاسای ژمارە ( 35)ی ساڵی 2007 ی یاسای كاری رۆژنامەنووسی، رۆژنامەنووس مافی ئامادەبوونی هەیە لە كۆنگرەو چالاكییە گشتییەكاندا، لە بڕگەی پێنجی مادەی حەوتدا هاتووە: هەركەسێك بەهۆی كارەكەیەوە سوكایەتی بە رۆژنامەنوو بكات، یان دەستدرێژی بكاتە سەر ئەوا هەمان ئەو سزایە دەیگرێتەوە كە بۆ دەستدرێژیكردنە سەر فەرمانبەرێك لە كاتی یان بەهۆی بەجێهێنانی ئەركەكانی دانراوە). بەڵام لە خۆپیشاندانەكاندا ئەوەی سوكایەتی بە رۆژنامەنووسان دەكات و دەستگیریان دەكات و كەل وپەلەكانیان لێدەستێنێ و رێگریان لێدەكات هێزە ئەمنیەكانی سەربەحكومەت خۆیەتی، تا ئێستاش  لێپێچینەوە بەرامبەر كەس نەكراوە و كەسیش لەسەر ئەو هەموو پێشێلكاریانە نەكراوە.     


بەپێی نوسراوێك كە لەلایەن سۆران عومەر سەرۆكی لیژنەی ماقی مرۆڤی پەرلەمانی كوردستانەوە بڵاوكراوەتەوە كە ژمارە( 7 ، 50)ی لەسەرەو بەرواری 13/8/2013ی لەسەرە، پلەو موچەی نوێنەر و كارمەندانی نوێنەرایەتیەكانی حكومەتی هەرێم لەدەرەوە، بەم شێوەیە موچەكانیان رێكخراوە، بەپێی نوسەراوەكە بێت، نوێنەری حكومەتی هەرێم (8500$ هەشت هەزار و پێنج سەد دۆلار) وەردەگرێت كە دەكاتە( 85 گەڵا) و بە دیناری عێراقیش دەكاتە ( 10 ملیۆن و 200 هەزار دینار)  كە لە ئێستادا زۆرینەی مامۆستا و فەرمانبەرانی موردستان بە نزیكەی ( 400 هەزار دینار) مانگانە وەردەگرێت بەو پێیەش موچەی نوێنەری حكومەتی هەرێم لەدەرەوە ( 26 ) ئەوەندەی موچەی مامۆستایەك یان كارمەندێكی حكومیە، هاوكات موچەی جێگری نوێنە بە (7000$   حەوت هەزار دۆلار ) دانراوەو كارمەندی ژمارەیەك موچەكەی (6500$  شەش هەزار و پێنج سەد دۆلار) و  كارمەندی پلە دوو (5500$  پێنج هەزار و پێنج سەد دۆلار) و كارمەندی پلە سێ (4500$  چوار هەزار و پێنج سەد دۆلار) و  كارمەندی پلە چوار(3500$  سێ هەزار و پێنج سەد دۆلار) و كارمەندی پلە پێنج(2500$  دوو هەزار و پێنج سەد دۆلار) موچەكەیەتی.  


رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی " Amnesty International    " كە رێكخراوێكی قازانج نەویستی نێودەوڵەتییە و بارەگاكەی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە لە سەر هێرشكردنە سەر خۆپیشاندەران و رۆژنامەنوسان لە هەرێمی كوردستان هاتە دەنگ و لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند" توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران و رۆژنامەنووسان لە هەرێمی كوردستان، رێزنەگرتنی ئاشكرای ئازادی رادەربڕین نیشاندەدات". لین مەعلوف بەڕێوەبەری توێژینەوەكانی رێكخراوەكە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت"  بە وتەی ئەو شایەدحاڵانەی چاوپێكەوتنمان لەگەڵدا کردوون هێزەكانی ئاسایشی هەرێم  ئەو چەكدارانەی كە جلی مەدەنیان لەبەردابووە، توندوتیژیان بەكارهێناوە بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندانەكان." هەروەها دەشڵێت" خۆپیشاندەران كە بەشێوازێكی ئاشتیانە خۆپیشاندانیان دەكرد رووبەڕووی سوكایەتیپێكردن بوونەتەوە و رۆژنامەنوسانیش كە بە كامێرا و مۆبایلەكانیان هەوڵی بە دۆكیۆمێنتكردنی خۆپیشاندانەكانیان دەدات رووبەڕووی هێرش بوونەوە ئەوەش قبوڵنەكراوە و هەوڵێكی ئاشكرایە بۆ كۆنترۆڵكردنی ئۆپۆزسیۆن". لە كۆتایی بەیننامەكەی رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیدا بەڕێوەبەری توێژینەوەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی رێكخراوە دەڵێت " پێویستە لەسەر دەسەڵاتدارانی كورد دەستبەجێ سنورێك دابنێن بۆ لێدان و تەنگپێهەڵچنین و ترساندن و تۆقاندنی خۆپیشاندەران و رۆژنامەنووسان و لەسەریان پێویستە دۆخێك بێنە ئاراوە كە هەمووان بەبێ‌ هیچ دەستێوەردانێك ناڕەزایەتی ئاشتیانەی خۆیان دەرببڕن".


ئامادەكردن و وەرگێرانی: نامیق رەسوڵ 12ی ئایاری داهاتووی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەدەچێت و دەنگدەرانی هەر 18 پارێزگاكەی عێراق ئەنجومەنێكی نوێ‌ هەڵدەبژێرن كە بۆ ماوەی چوار ساڵی داهاتوو ئەركی یاسادانان و چاودێریكردنی دەسەڵاتی جێبەجێكردنی دەكەوێتە سەرشان.. وادەی ئەم خولەی ئێستای ئەنجومەنی نوێنەران لە كاتێكدا كۆتایی دێت كە چەند پرۆژە یاسایەكی گرنگ گەیشتونەتە قۆناغی كۆتایی بەڵام دەنگیان لەسەر نەدراوە و پرۆسەی لێپرسینەوەی چەند وەزیر و لێپرسراوێكیش گەیشتوەتە قۆناغی كۆتایی بەڵام تا ئێستا وەڵامی ئەو وەزیری و بەرپرسانە لەسەر پرۆسەی لێپرسینەوەیان نەخراوەتە دەنگدانەوە، ئەمەش نیگەرانی لێكەتوەتەوە.. لە دانیشتنی ئەمڕۆ چوارشەممەی ئەنجومەنی نوێنەراندا سەلیم جبوری سەرۆكی ئەنجومەنەكە  وادەی كۆتاییهاتنی ئەم وەرزەی یاسادانان و كۆتاییهاتنی كارەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئاشكراكرد و وتی " خولی یاسادانانی ئێستا رۆژی 30 نیسانی داهاتوو كۆتایی دێت بە پێی دەستور". وتیشی " ئەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەران  رۆژی 30 حوەزیرانی داهاتوو كۆتایی پێدێت". جبوری لە بەشێكی تری وتەكانیدا راشیگەیاند لەم ماوەیەی كە لەبەردەم ئەنجومەنی نوێنەراندا ماوە دەتوانرێت دانیشتنی ئاسایی یان نائاسایی بەپێی پێویست ئەنجام بدرێت و وتی" دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەن بانگەوازدەكات بۆ دانیشتنێك و تێیدا پرۆسەی دەنگدان لەسەر ئەو پرۆژە یاسا گرنگانە ئەنجامدەدات كە لە ئەستۆی ئەم خولەی ئەنجومەندایە". یەكێك لەو رەخنانەی كە ئاراستەی ئەنجومەنی نوێنەران دەكرێت تەواونەكردنی پرۆسەی لێپرسیرنەوەی چەند وەزیرێكی كابینەكەی حەیدەر عەبادییە، سەبارەت بەو پرسە هومام حەمودی جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە سەرۆكایەتی بەشێكی دانیشتنەكەی رۆژی چوارشەممەی پەرلەمانی عێراقی كرد رایگەیاند لە دانیشتنی داهاتووی ئەنجومەنەكەدا دەنگ لەسەر متمانە بوون یان نەبوون بە وەڵامی ئەو وەزیرانە دەدرێت كە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا كراوە.. ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رۆژی یەكی تەمموزی 2014 یەكەمین دانیشتنی خولی سێیەمی دەستپێكرد و لەماوەی ئەو چوار ساڵەدا لە زیاتر لە 150 پرۆژە یاسای پەسەندكردووە و لێپرسینەوەشی لە چەندین وەزیر و بەرپرسی باڵای حكومەت كردووە و متمانەشی لە چەند وەزیرێك سەندەوە كە دیارترینیان عەبدولقادر عوبێدی وەزیری بەرگری و هۆشیاری زێباری وەزیری داراییە.


لەدوای كۆنگرە رۆژنامەنووسیەكەی نێچیرڤان بارزانی شێوازی دەستكاریكردنی پاشەكەوتی موچەی راگەیاند كە تا 400 هەزار دینار هیچ لە موچەكەیان پاشەكەوت ناكرێت، دواتر 10% بۆ 30% لە موچەی موچەخۆران پاشەكەوت دەكرێت پۆختیەكەی:  1- هەر مووچەیەک لە 400 هەزار دینار کەمتربێت پاشەکەوت نایگرێتەوە. 2- زۆرترین رێژەی پاشەکەوت 30 دەبێت، ئەویش بۆ بەڕێوەبەری گشتی و بریکاری وەزیرەکان، دەنا مووچەی فەرمانبەرانی ئاسایی تاوەکو ملیۆنێک و 500 هەزاریش لە 25% زیاتر نابێت. 3- ئەگەر فەرمانبەرێک 840 هەزار مووچەکەی بێت، لە رابردوودا 50%ی لێ پاشەکەوتکراوە، بەڵام ئێستا بۆ 18% کەمکراوەتەوە، واتە هەموو مانگێک 688 هەزار دینار مووچە وەردەگرێت. 4- ئەگەر فەرمانبەرێک مووچەکەی ملیۆنێک بۆ ملیۆنێک و 500 هەزار دینار بێت، پێشتر 50%ی لێ پاشەکەوت دەکرا، بەڵام ئێستا کراوەتە 23%، واتە 503 هەزاری بۆ دەخرێتەوە سەر مووچەکەی. 5-پاشەکەوتی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، زیندانییانی سیاسی، خانەنشینان و تۆڕی کۆمەڵایەتی هەڵوەشاوەتەوە و لەمەودواش هەموو مانگێک مووچە وەردەگرن. 6- هەموو مانگێک مووچەیەک دابەشدەکرێت. 7- ئێستا مانگانە 720 ملیار دینارمان داهات هەیە. 8- مانگانە زیاتر لە 150 ملیار دینار خەرجیمان هەیە.


لەدوای كۆنگرە رۆژنامەنووسیەكەی نێچیرڤان بارزانی شێوازی دەستكاریكردنی پاشەكەوتی موچەی راگەیاند كە تا 400 هەزار دینار هیچ لە موچەكەیان پاشەكەوت ناكرێت، دواتر 10% بۆ 30% لە موچەی موچەخۆران پاشەكەوت دەكرێت رێباز حەملان  وەزیری دارایی هەرێم لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا وردەكاری دەستكاریكردنی سیستمی پاشەكەوتی زۆرەملێی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی راگەیاند وتی: كە خوار 400 هەزار دینار پاشەكەوتی موچەی ناكرێت، هەروەها ئەوانەی سەر بەشەهیدان‌ و خانەنیشان ‌و كەسوكاری ئەنفالكراوانن،  هیچ پاشەكەوتێك لە موچەیان ناكرێت. وەزیری دارایی وتیشی ئەگەر كەسێك موچەكەی ن 840 هەزار دینار بێت،  18%ی موچەكەی پاشەكەوت دەكرێت و  ئەوەشی موچەی لە نێوان 1 ملیۆن بۆ یەك ملیۆن ‌و نیوە، 23%ی موچەكەی پاشەكەوت دەكرێت. وەزیری دارایی وتیشی پاشەكەوتی موچەی پلە باڵاكان وەك پێشوو دەمێنێتەوە.  


دوای كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:  لە ئاییندەیەكی نزیكدا كۆتایی بە سیستمی پاشەكەوتی موچە دەهێنین و بڕیارێكی باشمان داوە لە بەرژەوەندی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان. سەبارەت بە خۆپیشاندانەكانیش  نێچیرڤان بارزانی جۆرێك لە هەڕەشە بە قسەكانیەوە دیاربوو وتی بۆ رێگری لە ئاژاوە هەموو رێگەیەك دەگرینە بەر. دەشڵێت هەندێك هێزی سیاسی ئیستغلالی خۆپیشاندانەكانیان كردوە و دەشڵێت ئەم دەسەڵاتە بە هەڵبژاردن هاتووەو بە سندوقی دەنگدانیش دەڕوات. هەر لە كۆنگرە رۆژنامەڤانییەكەدا رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان وردەكاریی بڕیارەكەی حكومەت ئاشكرادەكات.


ئامادەكردنی: درەو  حەماسو چاونەترسی و گەرموگورٍی خۆپیشاندەران بەرامبەر بەشەقوەشێنەكان لە پایتەختی كوردستان، نایەڵێت لە ماڵەوە دانیشیت و كێشت دەكات بۆ ناو ئاپۆڕایەكی توڕەی دەورەدراو بە شەقاوەو چەقۆكێش و كارەكتەرە حیزبیەكانی راهێنراو تەنها بۆ لێدان و سوكایەتیكردن بە هاوڵاتیان. نیاز عەبدوڵا دەڵێ بە ئیرادەیەكی بەهێزو ورەیەكی بەرزەوە بەرەو ناو خۆپیشاندەران رۆیشتم لەوێ خۆپیشاندەران بە هێزی ئەمنی و رەسمی و نارەسمی دەورەدرابوون خۆپیشاندەران بە چەپڵەلێدانەوە دروشمی بروخێ دز شەرێكی دز، چیتانەوێ مامۆستا ژیانێكی شایستەیان دەوتەوە، گەنجەكان بە درووشم و شیعر خوێندنەوە خۆپیشاندەرانیان گەرمدەكرد تا نەترسن لە چاوسوركردنەوەو هەڕەشەی پیاوەكانی حیزب، خۆپیشاندان بەردەوام بوو، بەجۆرێك پیاوەكانی دەزگا ئەمنیەكان بە جل و بەرگی مەدەنیەوە هاتبوونە ناو خۆپیشاندەران و وەك ئەوان بەفێڵ چەپڵەیان لێدەداو دروشمیان دەوتەوە. نیاز كە مۆبایلەكەی دەركردووەو وێنە دەگرت و باسی پەلاماردانی هاورێكانی دەكرد لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە، كەسێكی تیشێت زەرد لە تەنیشتی چەپڵە لێدەدات دیارە بەپلان هاتبووەتەنها بۆ بردنی مۆبایلەكەی نیاز كە بە روونی لە گرتەی مۆبایلەكەی نیازدا دەركەوتووە خۆی نزیك دەكاتەوە لە پڕ پەلاماری مۆبایلەكەدەدات  و دەیبات بۆ عەبدولخالق تەڵعەت بەرێوەبەری پۆلیسی هەولێر كە لەوێ سەرپەرشتی هێزە ئەمنیەكانی دەكردو 15 مەترێك لە نیازەوە دوور بوو، نیاز عەبدوڵا بەپەلەو هاوارەوە پەلاماری دەستی عەبدولخالق تەڵعەت دەدات و مۆبایلەكەی لەدەست دەستێنێ و فڕێی دەداتە ناو خۆپیشاندەران، دیارە خۆپیشاندەران بە هێزە ئەمنیەكان دەورەدراون و دیواریان بەدەوردا بۆ درووستكراوە، نیاز كە دڵنیا دەبێت لەوەی مۆبایلەكەی نەكەوتۆتە دەستی هێزە ئەمنیەكان و لە دەستێكی ئەمیندایە پەلاماری عەبدولخالق تەڵعەت دەدات ە شەڕ لە نێوانیامدا درووست دەبێت و حەماس و توڕەیی نیازو خۆپیشاندەران ئاوێتەی درووشتم و رق وتوڕەیی خۆپیشاندەران دەبێت، لەوێدا خۆپیشاندەران بەهەموو هێزوو توانایانەوە بەرگری لە نیاز دەكەن، بەجۆرێك هەموو دروشمی پشتیوانی بۆ نیاز عەبدوڵا دەڵێنەوە. ئێستا هێزە حیزبیەكان تەكتیكی نوێ دەگرنە بەرو بە جلی مەدەنیەوە دەچنە ناو خۆپیشاندەران و وەك ئەوان درووسم دەڵێنەوە، هەریەكەو بۆ كەسێكی دیاریكراو دادەنرێت و وەزیفەی خۆی دەبینێت.لەئێستاداو دوای خۆپیشاندانەكان هێزە ئەمنیەكانی هەولێر لەهەوڵی دەستگیركردنی نیاز عەبدوڵادان •    نیاز عەبدوڵا ئەندامی دەستەی نوسەرانی سایتی درەوە    


ئامادەكردنی: دراو قەیرانەكان و سەپاندنی سیستمی پاشەكەوتی موچە و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان، مامۆستایان و فەرمانبەران و چین و توێژەكانی شاری دهۆك و قەزا و ناحییەكانی ناوچەی بادینانیشی هێنایە سەرشەقام. هاوشێوەی  هەولێر لە  دهۆكیش خۆپیشاندەران  روبەرووی گرتن و لێدان و ئەشكەنجەدان بوونەوە و ژمارەیەكی زۆری مامۆستا و خۆپیشاندەر دەستگیركران.  بەپێی زانیارییەكان زیاتر لە 100 كەس لە مامۆستا و رۆژنامەنووس و چالاكی مەدەنی دەستگیركراون كە بەشێك لە چالاكان ئەو هەڵمەتە بە رەشبگیری ناو دەبەن. لە ناحیەی شیلادزێی سەربە پارێزگای دهۆك وێنەی سەروچاو خوێناوی مامۆستا عەبدولستار رێكانی  كە  كارگێڕی مەڵبەندی دهۆكی كۆمەڵی ئیسلامییە بڵاوكرایەوە كە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لێی دەدرێت و سەروچاوی خوێناوی دەكرێت.  وێنە و ڤیدیۆی ئەو مامۆستایە دوای هێرشكردنە سەر مامۆستا بە تەمەنەكەی هەولێر  لە تۆڕە  كۆمەڵایەتییەكاندا پانتاییەكی زۆری  داگیركردووە . سەرەرای رێگری و لێدانەكەی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بەڵام مامۆستا عەبدولستار رێكانی هاوار دەكات و بە هێزە ئەمینەكان دەڵێت دەستان خۆش بێت بەو كارەتان عەفرینتان رزگاركرد، كەركوكتان رزگاركرد مافی خەڵكتان جێبەجێكرد. بەپێی زانیارییەكانی " درەو" كە لەچەند سەرچاوەیەكەوە دەستیكەوتووە هەر  لە ناحیەی شیلادزێ مامۆستا مەحمود بەریان و چەندین مامۆستای دیكە دەستگیركراون  تەنها لە خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆ سێشەممەدا زیاتر لە 50 مامۆستا و چالاكی مەدەنی و خۆپیشاندەر لە دهۆك دەستگیركراونن، بەشی زۆریشیان  لەلایەن  چەكداری  بێ ناسنامەن و ئەوانەی كە  بەجلوبەرگی مەدەنیەوە بڵاوكراونەتەوە، سوكایەتی و ئەشكەنجەی زۆری خۆپیشاندەران دەدەن. بەوتەی سۆران عومەر سەرۆكی لیژنەی مافەكانی مرۆڤی  پەرلەمانی كوردستان" پارتی سەدان چەكداری بە جلی مەدەنییەوە  لە پارێزگای دهۆك بڵاوەپێكردووە". بۆ ئەوەی رووبەڕووی خۆپیشاندەران ببنەوە. لە قەزای ئاكرێش رۆژنامەنووس سیروان زێباری دەڵێت  توڕەبوونی خەڵك هێندە زۆر بوو هەموو فشار و پەلاماردانی هێزە ئەمنییەكان نەیانتوانی كۆتایی بە خۆپیشاندان بهێنن.  ئەو دەڵێت "  بەرێوەبەری ئاساییشی ئاكرێ وتی هەرگیز رێگە نادەین خۆپیشاندان لە ئاكرێ بكرێت، 15 كەس دەستگیركران كە 10یان مامۆستا بوون لەگەڵ دوو رۆژنامەنووس."  سەرەڕای ئەوەی پەلامار و هێرشی توند كرایەسەر خۆپیشاندەران و  پەیامنێری  كوردسات  دلبرین غازی لە ئاكرێ دوای هێرشكردنە سەری و برینداركردنی لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیركرا، بەپێی سەرچاوەكان پارتی دیموكراتی كوردستان هێزی بارزانی بردوەتە شیلادزێ بۆسەركوتكردنی خۆپیشارندەران. سۆران عومەر سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی كوردستان لە راگەینراوێكدا باسلەوەدەكات "  بۆ رێگری لە خۆپیشاندەران هێزە ئەمنییەكانی سەربە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم بە بەرگی مەدەنیەوە و بە دەمانچە و دار وشەق، پەلاماری خۆپیشاندەران دەدەن  و زۆر نامرۆڤانە پەلاماری مامۆستا و پزیشك یاندا چەندین خۆپیشاندەر و رۆژنامەنووس دەستگیركراون  و  ئێستادا زیاتر لە 20 هەزار چەكدار و هێزی ئەمنی هێنراونەتە ناو شار و شارۆچكەكان ئێستا بارێكی ئەمنی بەسەر شاری هەولێر و دهۆكدا سەپێنراوە".


دەڵێن مێژووی ئەمشارە بۆ سەدان هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە، ئەوانەی بەرگری لەم بۆچونە دەكەن  ئەو پارچە ئێسك و پاشماوە بە بەردبووانە دەكەنە بەڵگە كە تەمەنیان زیاتر لە 60 هەزار ساڵە و لە گوندێكی نزیك شاری شەنگالی ئێستا دۆزراوەنەتەوە، ئەوەش سەلمێنراوە كە ئەم شارە بچوكە  كە پێگەیەكی ستراتیژی هەیە لەم شوێنەی ئێستادا بوونی هەبوو لە سەردەمی ئاشورییەكان و هەتا بابلیەكانیشدا. باوەڕدارانی ئاینی ئێزدیی كە زۆرینەی دانیشتوانی شەنگال پێكدەهێنن، بڕوایان وایە كە ئاینەكەیان دێرینترین ئاینە لە جیهاندا، مێژووش دەڵێت ئەم كەمایەتییە ئاینییە بەدرێژایی مێژوو روبەڕووی چەوساندنەوە و سەركوتكردن بوەتەوە.. ئێزدییەكان هیچ كات مەملەكەتێك یان ئیمپراتۆریەتێكیان دانەمەزراندووە، بە پێچەوانەوە هەمیشە شارەكەیان لەلایەن داگیركەرانەوە داگیركراوە و ئاینەكەیان كە ئاینێكی موژەدەبەر" تەبشیری " نییە وایكردووە نەتوانن زۆر گەشەبكەن و پێگەی جوگرافی شارەكە و دەوڵەمەندیی بووتە جێی تەماحی فەرمانڕەوا پاوەنخوازەكانی وەك ئاشورییەكان و رۆمانییەكان و دواتریش موسوڵمانەكان. هەندێك لە مێژوونوسان باس لەوەدەكەن كە ئیمپراتۆریەتی رۆمانی هێرشی كردوەتە سەر شەنگال كاتێك لە ژێر كۆنترۆڵی ئارامییەكاندا بووە، شەنگالییەكان بەرگری داگیركاری رۆمانییەكانیان كردووە بەڵام نەیانتوانیوە لەبەردەم سوپای بەهێزی رۆمانییەكاندا خۆیان رابگرن، چەوڕێژكردنی یەكەمین شەقامی شارەكەش بەبەرد ئێستا وەك كارێكی باشی ئەو كاتەی رۆمانییەكان باس دەكرێت.  موسڵمانەكان دوای دەركەوتنی ئاینی ئیسلام بە بیست ساڵ بە سەرۆكایەتی ئەبو موسای ئەشعەری چونە ناو شەنگالەوە، ئەوەی جێی سەرنجە دانیشتوانی شەنگال بەرپەرچی موسڵمانەكانیان نەدایەوە لەو كاتەدا و رێگەیاندا بەئاشتی بچنە ناو شارەكەوە. نزیكەی پێش هەزار ساڵ  سوپای سەلجوقییەكان بە فەرماندەیی توغرول بەگ هێرشیانكردە سەر عێراق، پێش ئەوەی سوپای سەلجوقییەكان بگاتە بەغدا، رێگاكەیان بە شەنگالدا تێدەپەڕی  و لە بەرگریكردن لە شارەكە نزیكەی چوار هەزار لە دانیشتوانەكەی كوژران كە بۆماوەی نزیكەی مانگێك گەمارۆدران و باسلەوەشدەكرێت كە بەهۆی ئەو بەرگرییە سەختەی روبەڕویان بوەوە لە شەنگال سەلجوقییەكان داوای هێزی پشتیوانیان كردووە، پێش ئەوەی بچنە بەغدا و لە چنگی بوەیهییەكانی دەربهێنن، بەڵام بەلای ئێزدییەكانەوە ماوەی " تاریكی " یان كاتی داگیركاری عوسمانییەكانە، كە جارێكی تر سوپای ئەو ئیمپراتۆریەتە كۆمەڵكوژی لە ناوچەكەدا كرد، دوژمنەكانی ئەمجارەی ئێزدییەكان تێكەڵەیەك بوون كە بەلای ئەوانەوە ئێزدییەكان " كافرن" و شەیتان دەپەرستن و هەروەها بنچینەشیان دەگەڕێنەوە بۆ نەتەوەی كورد. دواهەمین كارەسات كە روبەڕووی شەنگال بوەوە لە تەمموزی 2014دا روویدا كاتێك چەكدارەكانی داعش هێرشیانكردە سەر شارەكە كە لەلایەن پێشمەرگەوە دەپارێزرا، خەڵكی شارەكە بە دەنگی پاشەكشێی زنجیری زرێپۆشەكانی هێزی پێشمەرگە لە خەو بەئاگاهاتن و روبەڕووی قێزەونترین كۆمەڵكوژی بوونەوە لە مێژووی عێراقدا. هەتا ئێستا لە كۆی 4000 ژن و كچی ئێزدی رفێنراو، چارەنووسی زیاتر لە 2000 هەزاریان نادیارە كە كرانە كۆیلە و كەنیزەكی چەكدارەكانی داعش. زیاتر لە 2000 هەزار ئێزدی لەسەر دەستی داعش كوژران، سەدانیان لە برسێتی و تینوێتیدا مردن لە كاتی ئاوارەبونیاندا، زۆرینەیان لەسەر چیای شەنگالی نزیك لە شارەكە مردن كە بەدرێژایی مێژوویان پەنایان بۆ بردووە. دوای رزگاركردنی شەنگال بەشێكی زۆری شارەكە وێران بوو، هێزەكانی حەشدی شەعبیی و چەكدارە هاوپەیمانەكانیان لە ئێزدییەكانی و هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان و چەكدارە هاوپەیمانەكانیان لە ئێزدییەكان كۆنترۆڵی شارەكەیان كەوتەدەست، جارێكی تر ئێستا شەنگال رووبەڕووی هێرشی توركیا دەبێتەوە، ئەمجارە لەبەر بوونی پارتی كرێكارانی كوردستان وەك چۆن رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا باسی لێوەدەكات.  ئەگەر سەرۆكی توركیا ئەو هەڕەشانەی جێبەجێ بكات، كە وادەردەكەوێت لێی پاشگەزبوبێتەوە، هێزەكانی دەیان كیلۆمەتر دێنە ناو خاكی عێراقەوە و لەوانەشە جارێكی تر ئێزدییەكان بیرلەوەبكەنەوە پەنا بۆ چیای شەنگال بەرنەوە. وەرگێڕانی : نامیق رەسوڵ سەرچاوە: رادیۆ سەوا .


ئامادەكردنی: نیاز عەبدوڵا جیاواز لە خۆپیشاندانەكانی رابردوو ئەمجارە خۆپیشاندان لە شاری هەولێر پەرەیسەندووە و سەرەرای توندوتیژی هێزە حیزبییەكان هێزە ئەمنییەكانیش توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپیشاندەران ئەنجامدەدەن لە ( گرتن ،  لێدان، سوكایەتیكردن، داپڵۆسین ، بڵاوەپێكردن)ی خۆپیشاندەران. ئەگەرچی خۆپیشاندەران بەوپەڕی هێمنییەوە خۆپیشاندان دەكەن، لەم خۆپیشاندانەكاندا لە هەولێر  لە ماوەی رۆژانی خۆپیشاندانەكاندا بە دەیان چالاك و خۆپیشاندەر دەستگیركراون و ژمارەیەكی زۆریش لێیاندراوە و سوكایەتیان پێكراوە، لە كاتێكدا هیچ یەك لە خۆپیشاندەران توندوتیژیان بەرامبەر بە هێزە ئەمنییەكان دامودەزگاكانی دەوڵەت بەكارنەهێناوە.  لە كاتی خۆپیشاندانەكەی ئەمڕۆ سێشەممە 27/3/2018 دا لە  فولكەی مامزی هەولێر رەشبگیری خۆپیشاندەران لە لایەن چەكدارە بەڵتەجییەكانی ئاسایش بە ئامادەبوونی عەمید عەبدولخالق تەڵعەت بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر دەستیپێكرد. پاشان بە قەمە و بە بۆكس و شەق بەربوونە گیانی خۆپیشاندەران و برینداریان كردن و بە برینداریش دەستگیركران. جگە لەو دەیان كەسەی كە دەستگیركران ، ئێستا هەر یەك لە : ١-عەدنان رەحمان-هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان   ٢-فەرمان فارس-چالاكوانی مەدەنی  ٣-رێبوار جەلال-مامۆستای زانكۆ ٤-حەیدەر محەمەد-یەكگرتوو ٥-د.عەباس محەمەد-سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ٦-رەعد فەتاح-كۆمەڵ ٧-ئەحمەد ئەسكەندەر-بەڕێوبەری سكرتێری گەشەپێدانی كۆمەڵ 8- ئاكار فارس پەیامنێری تەلەفزیۆنی سپێدە  9- وێنەگرەكەی كەناڵی سپێدە ١٠-هەژار ساڵح ١١- مامۆستا دەشتی- مامۆستا لە خوێپیشاندانەكەی رۆژی دووشەممە 26/3/2018 ی هەولێردا بە دەیان چالاكوان و خۆپیشاندەر دەستگیركران و بەشێكیان دوای ئەشكەنجەدان و بۆ ماوەیەك مانەوەیان ئازادكران. دەستگیركراوەكان : ١-عەلی مەحمود- ئازادكرا ٢- هەژار ساڵح- شوێنبزرە ٣-محەمەد عوسمان-ئازادكرا ٤-مامۆستا ئیدریس-ئازادكرا  5- ئاراس عەزیز پەیامنێری كەناڵی پەیام -ئازادكرا 6- موتەیەب خۆشەوی وێنەگری كەناڵی پەیام -ئازادكرا ٧-جەمال سورچی-ئازادكرا 8-هێمن شێخانی- ئازادكرا 9- ئاوارە سلێمان- ئازادكرا  10-محەمەد عەزیز- ئازادكرا 11-رێبین شەمامكی-ئازادكرا لەگەڵ دەستگیركردنی چەند مامۆستایەكی خۆپیشاندەری تر كە لە ناو خۆپیشاندانەكان براون.  بەپێی قسەكانی مامۆستا یوسف عوسمان و شایەتحاڵەكانی وەزارەتی تەندروستی لە هەولێر و بەدواداچوونمان بۆ ئەم دۆسیەیە:  26ی ئادار لە كاتی دەوامی ئاسایی خۆیدا "لە لایەن بەڕێوەبەری گشتی كاروباری تەندروستی لە دیوانی وەزارەت دكتۆر دارا حەمە رەشید كە ماوەیەك دكتۆری چارەسەری كۆسرەت رەسوڵ بوو لەگەڵ مەحمود یونس بەڕێوەبەری یەكێك لە ‌بەشەكانی هەمان وەزارەت كە هاوكات بەرپرسی كۆمیتەی ٧ی عەنكاوەی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە، لەگەڵ یەكێك لە شوفێر و پاسەوانێكی تایبەتی دكتۆر دارا و لە پێش دەرگای نوسینگەی وەزیر دكتۆر رێكەوت حەمە رەشید لێی دراوە بەهۆی بەشداریكردنی لە خۆپیشاندانەكانی دوێنێی هەولێر". هەر ئەمڕۆ لە ناو دیوانی وەزارەتی تەندروستی "نزیكەی 50 كارمەندی تەندروستی وەك بەشێك لە ناڕەزایەتییەكان لە ناو حەوشەی دیوان كۆبوونەوە" بەڵام ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی دوێنێ و ئەمڕۆی كارمەندانی تەندروستی و بەشدارییان ئەو دەستدرێژییە چوار كەسییەی بۆسەر مامۆستا یوسف لێكەوتەوە كە خاوەن بڕوانامەی ماستەرە لە بایۆلۆجی و 32 ساڵە خزمەتی لە بوارەكەی هەیە و چوار جار زیندانیكراوە لەلایەن حكومەتی بەعس و پارتی دیموكرات و یەكێتی نیشتمانی. بۆیە ناوبراو ئەمڕۆ دەستی بەرێكارەكانی ‌ تۆماركردنی سكاڵای یاسایی كرد لە دژی دەستدرێژیكاران.  ئەمڕۆ و دوێنێ دوای دەستدرێژیكردنە سەر خۆپیشاندەران لە رێگای بۆمبی دەنگی و گوللەی پلاستیكی و دەستدرێژی هێزە ئەمنییەكان بە جلی مەدەنییەوە، ژمارەیەكی زۆر لە خۆپیشاندەران لە ترسی دەستگیرنەكردنیان نەچوونەتە نەخۆشخانە گشتییەكان بۆ وەرگرتنی چارەسەر. بەوهۆیەوە بەشێكیان ئازار و شوێنی لێدانەكانیان زیادیكردووە و پێویستدەكات بە زووترین كات دەستەبەری چارەسەری تەندروستی بۆ خۆپیشاندەرە بریندارەكان بكرێت و مەترسی دەستگیركردنیان لەسەر هەڵبگیرێت. بەپێی زانیارییەكانی پارێزەر هوشیار شێركاوەیی كە هاوكات ئەندامی رێكخراوی ئینەفە بۆ داكۆكیكردن لە مافەكانی مرۆڤ و ئازادی رۆژنامەوانی 26ی ئادار لە كاتژمێر 6ی ئێوارە "16 كەس لە هێزەكانی ئاسایشی گشتی هەولێر كە بەجلی فەرمی كارەكەیانەوە بوون هەڵیانكوتایە سەر هەردوو نوسینگەی رێكخراوی ئینەف و نوسینگەی تایبەتی كاری پارێزەرایەتی هوشیار شێركاوەیی لە گەڕەكی روناكی هەولێر". لەوێ كە بە تەنیا یەكێك لە كارمەندەكان ئامادە دەبێت "داوای ناسنامەكەی دەكەن و پاشان دەیدەنەوە و كلیلی نوسینگە هاوبەشەكەی لێوەردەگرن و پێی دەڵێن: ئێرە دادەخەین و كەس بۆی نییە بیكاتەوە، با هوشیار شێركاوەیی بێت بۆ ئاسایشی گشتی قسەی لەگەڵ دەكەین". پێدەچێت پارتی دیموكراتی كوردستان بە بەكارهێنانی هێزە ئەمنییەكانی بیەوێت هەرچی دەنگی ناڕازی شارەكەیە بە زەبر و زەنگ كپی بكاتەوە و هەر بەوەشەوە نەوەستن، چاوەڕواندەكرێت ئەم شەو و رۆژانی داهاتوو هێزە ئەمنییەكان بەهۆی بەشداریان لە خۆپیشاندانەكان و بڵاوكراوەكانی فەیسبووك و لایك و كۆمێنتەوە هەڵبكوتنە سەر هاوڵاتییان. سۆران عومەر سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی كوردستان لەراگەیەنراوێكیدا كە ئاراستەی ئۆفیسی یۆنامی‌و كونسوڵگەری وڵاتانی كردوە لە هەولێر دەڵێت ” زیاتر لە 20 ھەزار چەکدارو ھێزی ئەمنی ھێنراونەتە ناو شارو شارۆچکەکان بەجلوبەرگی سەربازیی و مەدەنیەوە بڵاوەیان پێکراوە، لەبەرامبەر خۆپیشاندانەکان لەھەولێرو دھۆک، ھێزێکی ئەمنی دیاریکراو کە سەر بەئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستانە، بەجلوبەرگی مەدەنی و بەدەمانچەو بەشەق پەلاماری خۆپیشاندەران دەدرێت و ھاوکات چەندین خۆپیشاندەرو ڕۆژنامەنوسیش دەستگیرکراون”.  


دوای هەڵگرتنی قەدەغە لەسەر فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی عێراق و   بڕیاری حكومەتی توركیا بۆ كردنەوەی كایەی ئاسمانی وڵاتەكەی تەنها بەرووی فڕۆكەخانەی هەولێردا، كاتژمێر 2:30 خولەكی شەوی رابردوو فڕۆكەیەكەی توركیا بە 150 سەرنیشنەوە لە فڕۆكەخانەی هەولێر نیشتەوە. بن عەلی یەڵدرم سەرۆك وەزیرانی توركیا رۆژی  23ی ئەم مانگە رایگەیاند گەشتەكانی فڕۆكەكانی توركیا تەنها بۆ فڕۆكەخانەی هەولێر دەستپێدەكەنەوە و فڕۆكەخانەی سلێمانی ناگرێتەوە، ئەوەش لە كاتێكدایە لەماوەی رابردوودا حكومەتی عێراق ئامادەیی نیشاندا بۆئەوەی قەدەغەی راگرتنی گەشتە نێودەوڵەتییەكان لەسەر فڕۆكەخانەی سلێمانی هەڵبگرێت بەڵام جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم ئامادەنەبوو بەبێ‌ هەڵگرتنی قەدەغەكە لەسەر فڕۆكەخانەی هەولێر ئەو بڕیارە جێبەجێ بكرێت.  


حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە تەلەفۆن ئاڵۆزییەكانی سەرسنور لەگەڵ بن عەلی یەڵدرم سەرۆك وەزیرانی توركیا تاوتوێدەكات. نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا عەبادی رایگەیاندووە كە فەرمان بە هێزەكانی سوپای عێراق دراوە رێگەنەدەن هیچ چەكدارێك لە خاكی عێراقەوە هێرش بكاتە سەر توركیا. عەبادی راشیگەیاندووە" هەموو دەستدرێژییەكی توركیا بۆسەر خاكمان رەتدەكەینەوە".  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand