چاوپێكەوتن لەگەڵ مەریوان وریا قانع

Draw Media

2018-09-11 18:11:33



دامەزراوەی "درەومیدیا" چاوپێكەوتنێكی تایبەتی لەگەڵ نوسەرو ڕوناكبیری  كورد د.مەریوان وریا قانع ئەنجامداوە و تیایدا قسە لەسەر دۆخی گشتی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و نیگەرانیەكانی خەڵك و شكستی ئیداری و حوكمڕانی و ڕۆڵ و پێگەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی جاران و كۆمەڵێك پرسی تر دەكرێت، هەفتانە  د.مەریوان وریا قانع وەڵامی یەكێك لەپرسیارەكان دەداتەوەو لە(درەومیدیا)وە، بڵاودەكرێتەوە.

پرسیاری یەكەم: 

درەو میدیا/ قسە زۆر لەسەر ئومێد ئەكرێ و دژە نائومێدیش وەكجۆرێك لەبەرەنگاری و زیندوێتی ڕۆحی تەحەدی، پێتانوانیە ئومێد بۆخۆشی لەسەر كۆمەڵێك بنەمای واقیعی بنیاتدەنرێت، یان لانی كەم كەرەستەكانی بەردەست و بەرجەسەتەبن، لەغیابی كەرەستەكاندا، دروستكردنی ئومێد بۆخۆی جۆرێك نیە لەوەهم؟ 

مەریوان وریا قانیع : بەر لەوەی بە وردی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە دەمەوێت بڵێم پێویستە ھەمیشە مەسەلەی ئومێد زۆر بە جدی وەربگرین، بە ئاسانی دەستبەردار نەبین و لە سایکۆلۆژیای تایبەتیی ئەم یان ئەو نووسەر و ئەم یان ئەو گروپ و ھێزی کۆمەڵایەتییەوە لێینەڕوانین. چونکە ھیچ یەکێک لەوانە یارمەتیمان نادەن لەو واقیعە کۆمەڵایەتیی و مێژووییە بگەین کە لەناویدا دەژین. وەک ئێوە دەزانن ساڵانێکی درێژە من بەرگریی لە پلۆرالیزم دەکەم و بە مەسەلەی سەرەکیی ناو ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایتیی و ڕۆشنبیریی خۆمانی دەزانم. بەڵام پلورالیزم ھەرگیز بەتەنھا مانای بوونی ھێز و گروپ و خەون و زمان و چاوەڕوانیی و جیھانبینی جیاواز نییە، ئەوانە ڕەگەزی زۆر سەرەکیی و گرنگیی ناو پلورالیزم، بەڵام ھەموو پلورالیزم نییە. ڕەھەندێکی گرنگیی پلورالیزم مانای بوون و ئامادەگیی زیاد لە واقیعێکە لەناو ”واقیع“ خۆیدا، بینینی واقیع خۆیەتی وەک واقعێکی پلورال. لەم دیدەدا ھەموو واقیعێک واقعێکی ئاڵۆز و پلورالە، کۆمەڵێک واقیعی جیاوازە لەناو یەک واقیعدا. شتەکان ھەرگیز بە یەک شێوە لە ناو دونیادا ئامادە نین، یەک ”بونیاد“ و یەک ”سیستم“  و یەک ”عەقڵ“ و یەک ”خودا“ و یەک ”حەتمیەت“ بوونی نییە کە لە ژێرەوە گشتێتی واقیع، یان ھەموو واقیع لەباوەشگرتبێت و بە کۆمەڵێک میکانیزمی پۆڵایینەوە حوکمیبکات. ئەم دیدە بۆ واقیع دیدێکی تەواو میکانیکیی و ھەڵە و ناتەواوە، لە ڕاستیدا دیدێکی خورافیی و کاریکاتێرییە. واقیع بەردەوام واقیعێکی پلورالە و دینامیکیەتی خۆی ھەیە و بەردەوامیش لە جوڵە و گۆڕان ڕوخان و دروستبووندایە.  لەم ڕوانینە دینامیکیەدا بۆ واقیع مەسەلەی ”ڕێکەوت“، یان ”بیرلێنەکراوە“ یان ”چاوەڕواننەکراو“، ئەوەی بە ئینگلزیی پێیدەگوترێت contingency، ڕۆڵی زۆر گرنگ دەگێڕێت لە بوارە جیاوازەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا. ”ڕێکەوت“ یان ”بیرلێنەکراوە“ خۆی دەبێت بە بەشێک لە واقیع خۆی، دەبێت بەیەکێک لەو ھێزانەی کە یارمەتیی گۆڕانکاریی ئەدات. بەم مانایە واقیع تەنھا بونیاد و سیستم و یاسا و جوڵەی بابەتیی و حەتمیەتی میکانیکییانە نییە و ھەموو پێناسەکردنێکی واقیع بەو تێرمانە تەواو ناڕاست و کورتھێن و ھەڵەیە. بڕێکی گەورەی ئەوەی دەبێت بە ”واقیع“ پەیوەستە بە ”ڕێکەوت“ەوە، بەو شتانەوە کە سەرەتا چاوەڕواننەکراو بوون، لەوانەش بۆ نموونە، ڕێکەوتی دروستبوونی گروپێکی سیاسیی شێلگێر، ڕێکەوتنی سەرھەڵدانی کۆمەڵێک ڕۆشنبیریی جدیی، ڕێکەوتنی لاوازبوونی دەوڵەتێک، ڕێکەوتی درستبوونی سەرکردەیەکی کاریزمی بەھێز و خاوەن خەون، ڕێکەوتی لێکنزیکبوونەوەی چەند ھێزێکی کۆمەڵایەتیی،.بەرپابوونی ھەندێک جەنگ و پێکدادانی گەور و بچووک، ھتد... ھەموو ئەمانە دەشێت ڕۆڵی سەرەکیی لە ژێرەژووربوونەوەی واقیعدا بگێڕن. 
جگە لەمانە ”ڕێکەوت“ پەیوەندییەکی پتەویشی بە ”ئەگەر“ەوە ھەیە، ھەموو واقیعێکە ئەگەری جوڵە و گۆڕان و داڕشتنەوەی لەناو ھەناوی خۆی تێدایە. ئەو ئەگەرانە حەتمیەت نایانجوڵێنێت، بەڵکو ھەندێکجار ڕێکەوت ڕێگەیان بۆ دەکاتەوە بۆئەوەی لەناو واقیعدا بەرجەستەبن. جگە لە ھەموو ئەمانە واقیع تەنھا لە ئاستێکیدا ئەوەیە کە ھەیە و بە ئێمە دراوە، لە ئاستەکانی تریدا ئەوەیە کە ئێمە چی لەو واقیعە دەکەین، چۆن لەناویدا ئامادەدەبین، چ جۆرە بەشدارییەکمان لەناویدا ھەیە، مەبەستەکان و چاوەڕوانییەکانمان لەناویدا چییە، چەند چالاکانە یان پاسیڤانە لەناویدا دەجوڵێین. ھەمیشە تەنھا ”بەشێک“ لە واقیع بە ئێمە دراوە، بەشەکانی تری، دەکرێت بڵێم بەشە زۆرکەی، پابەستی کردە و چالاکییەکانی ئێمەیە لەناویدا. ئەمە وادەکات من باوەڕم وابێت ھەمیشە ھەندێک ئەگەر و توانا ھەبن بۆئەوەی ھەم دونیایەکی باشتر دروستبکەین، ھەم خۆشمان بکەین بە خودێکی باشتر. ئەگەرەکانی ناو واقیعیش پەیوەندییان بە بڕی ئامادەگیی چالاکانەی مرۆڤەوە لەناو واقیع خۆیدا ھەیە. بێگومان پەیوەندیشیان بەو جۆرە قسە و گوتار و دونیابینیانەشەوە ھەیە کە لەناو ئەو واقیعەدا کاردەکەن. بەکورتییەکەی مەسەلەکە لە ئاستە سۆسیۆلۆژیی و فەلسەفییەکەیدا مەسەلەی خۆشباوەڕیی نییە، سەتحیی ڕوانین نییە، بەرخوردی دڵخۆشکەرانە نییە، بەڵکو پابەستی ئەوەیە چ ڕوانینێکمان بۆ واقیع و بۆ مرۆڤ و بۆ ڕۆڵی ڕێکەوت و بۆ کردەی کۆمەڵایەتیی و بۆ ڕۆڵی فیکر و گوتار و ھەڵسوکەوتەکان، ھەیە. پرسیاری سەرەکیی ھەر واقعێک ئەوەیە ئایا  ئینسان لەو واقیعەدا  وەک بکەرێکی چالاک ئامادەیە یان نا. ئەگەر ئامادەیە ئەم ئامادەگییە چۆن لێکبدەینەوە و ئەگەر نائامادەشە بۆ نائامادەیە. واقیع شتێک نییە لە دەرەوەی ڕەنج و تەقالا و ھەوڵی ئینسانەکاندا بوون یان مانایەکی تەواوی ھەبێت. ئەوەشی ھەیە و لە ئێستادا دروستکراوە، قابیلی سەرلەنوێ دروستکردنەوە و داڕشتنەوە و گۆڕان و تازەکردنەوەیە. دەکرێت ھەبوونێکی تری ھەبێت،کە لە ئێستادا نیەتی، یان زەحمەتە ھەیبێت، مەسەلەکە پەیوەندیی بە بوونی یاسای بابەتەیی و بونیاد و سیستمەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە شێوازیی ئامادەگیی تاکەکەسەکان و ھێزەکانەوە ھەیە لەناو ئەو واقیعەدا کە دروستکراوە. ھیچ واقیعێکیش خۆژیەن، self-sufficient، نییە، بەڵکو ھەمیشە ھێزێک یان چینێک یان گروپێک ئەو واقیعە دەژیەنێت و درێژە بەژیانی ئەدات، ھەر ھێز و کەس و گروپی تریش دەتوانن بینێژن و شتێکی تازە دروستبکەن. بە کورتییەکەی بۆ ئەوەی لە واقیع تێبگەین پێویستە خاڵی سەرەکیی و بنەڕەتیی لە ڕوانینماندا بۆ واقیع مەسەلەی کردەی مرۆیی و شێوازی ئامادەگی تاکەکەس و گروپەکان بێت لەناو مێژووی خۆیاندا، نەک نووقمبوون لەناو باسکردی کۆمەڵێک بونیاد و ڕێگر و سیستمی پۆڵایینی گریمانکراودا، کە نەکرێت دەسکاریبکرێن. ئێمە ھەموومان وەک تاکەکەس و وەک خاوەنی زمان و قسە و کردە، وەک ئەندامی ئەم یان ئەو گروپی کۆمەڵایەتیی، وەک کەسی چالاک یان پاسیڤ، بەشێکین لە واقیع و بەشدارین لەوەدا چۆن دروستبووە و چۆن دروسەبێت و چۆن دەگۆڕێت یان ناگۆڕێت. ئەوانەی ڕەشبینن باس لەوە دەکەن کە ”مەحاڵ“ە دەسکاریی واقیع بکرێت، ئەوانەشی کە گەشبینن باس لە ”حەتمیەت“ی گۆڕاکاریی دەکەن. لەنێوان ئەم دوو دیدەدا دیدێکی تر ھەیە پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە شتێک ھەیە ناوی مرۆڤە، ناوی مرۆڤەکانە، ناوی بکەری مێژووییە، ناوی ڕێکەوتە، ناوی کردەی ئینسانییە، ناوی توانای دروستکردنی سەرەتای تازەیە، کە ھەموویان بەشداران لەوەدا کە دروستدەبێت و دەپارێزرێت و دەسکاریدەکرێت و دەگۆڕدرێت. شتێکیش بەمانای بوونی ”خود“ یان ”بوونی تاکەکەسیی“ لەپێش یان لەدەرەوەی کردەکانەوە بوونی نییە. ئەوەی دەمانکات بە خود و دەمانکات بە تاکەکەسێکی تایبەت کردەکانمانە، شێوازی ئامادەبوونمانە لەناو مێژوودا، ئەو پەیوەندییانەیە کە بە جیھانەوە دروستیدەکەین، دەسکاریکردنی زمانمانە. ”کەسبوون“ شتێک نییە پێشوەخت پێماندرابێت، شتێکە بە بەردەوامی دروستیدەکەین. واقیعیش شتێکە ھەموو ڕۆژێک دروستدەکرێت و بەرھەمدەھێنرێتەوە و دەگۆڕدرێت و درێژدەکرێتەوە. ھەموو ئەمانەش لەڕێگای کردەی ئینسانییەوە ڕووئەدەن، بۆیە کردە گرنگە. ئەگەر لەم دیدەوە لە واقیعمان ڕوانیی، بەبێ ئەوەی باوەڕمان بە حەتمیەت یان ئایدیۆلۆژیایەکی گەشبین بێت، ھەمیشە ڕووبەرێک بۆ کردەی مێژوویی دەبینین، گرنگیی دەستپێشخەریی ئینسانیی دەبینین، ڕۆڵی ڕێکەوت دەبینین، و توانای گۆڕان و تازەبوونەوەش، دەبینین. وەک دەبینن ئومێد لێرەدا لەسەر دیدێکی یۆتۆپی بونیادنەراوە، لەسەر وەھم و خورافەت دروستنەکراوە، بەشێکیش نییە لە ئایدیۆلۆژیایەکی مژدەبەخش، بەڵکو لەسەر وێنەیەکی ئاڵۆز و دینامیکی بۆ کۆمەڵگا و بۆ مرۆڤ و بۆ کردەی مێژووی دروستکراوە. نەبوونی ئەم وێنەیە بۆ واقیع تەنھا بکەرە کۆمەڵایەتییەکان لێی بەرپرسیار نین، بەڵکو ئەو شێوازەش لە فیکر لێی بەرپرسیارە کە لەسەر ئەو واقیعە کاردەکات. لەبیرمان نەچێت لەپاڵ توندوتیژیی ھێزە حوکمڕانەکانی دونیای ئێمەدا، لەپاڵ سیاسەتی وێرانکەریی ھێزە سیاسییەکاندا، جۆرێکی زۆر خراپ لە فیکری ”سیستمگەرایی“ و لە فیکری ”دژەسیاسەت” و ”دژەکردار“ لە دونیای ئێمەدا ئامادەیە، کە بەسەریەکەوە ڕێ لە سادەترین شیکردنەوەی زانستیی و نیمچەزانستی ئەو واقیعە ئاڵۆزە دەگرن و ھەموو کردەیەکی مێژوویی دەکوژن.
کە ئەمانە دەڵێم نکوڵی لەوە ناکەم کە دۆخی ئەمڕۆکەی کۆمەڵگای ئێمە دۆخێکی سەخت و قەیراناوییە، ئەگەری دەسکاریکردنی کایە سیاسییەکەی و سنووردانان بۆ باڵادەستیی نوخبە و بنەماڵە حوکمڕانە خراپەکانی، لاوازە. ھاوکات باوەڕیشم وایە لە دونیای ئێمەدا تا کایەی سیاسیی ڕادیکاڵانە ڕیفۆرم نەکرێت و بەشێوەیەکی تەواو جیاواز دانەڕێژرێتەوە، زەحمەتە لە بوارەکانی تری ژیانی کۆمەڵایەتیی و ئاوبووریی و دەزگایی و بیرۆکراسیدا گۆڕانکاریی گرنگ بکرێت. لە کۆمەڵگای ئێمەدا بەبێ دەسکاریکردنی کایەی سیاسەت دەسکارییکردنی کایەکانی تر لە مەحاڵ نزیکبۆتەوە. لەم ڕووەوە ئێمە لەو جۆرە لە ساتەوەختی مێژووییدا دەژین کە ھانا ئارێنت ناوی ”سەردەمی تاریک”ی لێدەنێت. سەردەمی تاریک بەمانای نەمانی ژیانێکی گشتیی لە کۆمەڵگادا کە تیایدا بیر و ڕا و بۆچوونی مرۆڤەکان نرخ و بەھا و گرنگیان ھەبێت و ھەقیقەتە جیاوازەکان لەناو ئەو ژیانە گشتیەدا دەربکەون و بەسەریەکیشەوە وەک سەرەتایەک بۆ کردەی مێژوویی نوێ و چالاک دەستبەکاربن. بەڵام وەک ئارێنت خۆشی دەڵێت تەنانەت لەناو ئەو ساتەوەختە تاریکانەشدا مرۆڤ مافی ئەوەی ھەیە ھەندێک تیشک و درەوشاننەوە ببینێت. دۆخی تاریک مانای ئەوە نییە ئێمە لەبەردەم واقیعێکداین ھیچ ئەگەرێکی گۆڕانکاریی تیادانەماوە، یان لەبەردەم واقیعێکداین خاڵیە لە مرۆڤ وەک بکەرێکی کۆمەڵایەتیی ھۆشیار، مانای ئەوەش نییە ھیچ ”ڕێکەوت“ێکی مێژوویی لەو واقیعەدا نەماوە کە وەک زەمینەی ھاتنەکایەی ھێز و ڕووداوی مانادار بۆ دەسکاریکردنی ئەو دونیایە، کاربکات. کە ئەمانە دەڵێم خۆشباوەڕیی و بیرکردنەوەی سەتحی بە کەس نافرۆشم. ئەم جۆرە تۆمەتە ھی ئەوانەیە کە توانای بیرکردنەوەیان نییە و لەسەر سادەکردنەوەیەکی کوشندەی واقیع و سادەکردنەوەیەکی ترسناکی فیکر و بیرکردنەوە دەژین. گەر دونیای دوای ڕاپەڕین وەک نموونە وەربگرین، دەبینین واقیعی ئەمڕۆکەی کۆمەڵگای ئێمە، بەھیچ مانایەک واقیعی بەر لە دونیای دوای ڕاپەڕین نییە، لە زیاد لە کایە و ئاست و پێگەیەکدا گۆڕانی گەورەی تیا دروستبووە، مەرج نییە ئەو گۆڕانانە گۆڕانبووبن بەرەو باشیی، زۆرێک لەو گۆڕانانە دۆخێکی ھێجگار خراپیان ھێناوەتەکایەوە. ئەو خاڵەی من دەمەوێت پێی لەسەر دابگرم ئەوەیە واقیع لە دونیای ئێمەدا وەک خۆی نەماوەتەوە و دونیای بەر لە ڕاپەڕین و دونیای دوای ڕاپەڕین دوو دونیای تەواو جیاوازن. کتێبی ”کۆمەڵگا و غەریبەکانی“ من، کە ئەم ساڵ بڵاوکرایەوە،  ھەوڵدانێکە بۆ نیشاندانی ئەو گۆڕانە قووڵانەی لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا لە زیاد لە ئاستێکی ژیانی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و فەرھەنگیی ئێمەدا ڕوویداوە و ئەو گۆڕانانەش ئەم قەیرانانەی ئەمڕۆکەیان دروستکردوە. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand