Draw Media

لە شەرعیەتی خەڵكەوە بۆ شەرعیەتی پەرلەمان

لە شەرعیەتی خەڵكەوە بۆ شەرعیەتی پەرلەمان

2019-07-06 18:06:20


 راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف- نامیق رەسوڵ
بەدەستپێشخەری ژمارەیەك پەرلەمانتاری سەربە پارتی‌و یەكێتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان، لە پەرلەمانی كوردستانەوە بە یاسایەك تەمەنی پارێزگارو ئەنجومەنی پارێزگاكان درێژدەكرێتەوە، پارتی دەیەوێت پارێزگاری هەولێر بگۆڕێت، گۆڕان دەیەوێت پارێزگارو پۆستەكانی سلێمانی بهێڵێتەوە، یەكێتیش دەیەوێت پۆستێكی نوێ بۆ سەركردەكانی ئامادە بكات.
زیاتر لە ساڵێكە وادەی یاسایی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە هەرێمی كوردستان كۆتایی هاتووە، ئەم ئەنجومەنانە‌و پارێزگارەكانیش بەبێ بوونی هیچ پاڵپشتییەكی یاسایی كاروباری خۆیان بەڕێوەدەبەن.
سێ پارێزگای هەرێمی كوردستان (هەولێر، سلێمانی، دهۆك) دوچاری ئەم كێشەیە یاساییە بوون، پارێزگای هەڵەبجە بەهۆی ئەوەی پارێزگایەكی تازەدروستكراوە، دۆخی تایبەتی هەیە‌و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای تێدا نەكراوە، ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە بڕیاربوو بەرێككەوتنی سیاسی نێوان لایەنەكان‌و بەشێوازی دامەزراندن پێكبهێنرێت، بەڵام ئەوەش بەهۆی ناكۆكی نێوان لایەنەكانەوە تائێستا دروستنەكراوە، پارێزگاری هەڵەبجەش لەچوارچێوەی رێككەوتنی سیاسی نێوان یەكێتی نیشتمانی‌و بزوتنەوەی گۆڕان بەشێوازی دامەزراندن دانراوە.
پارێزگارو ئەنجومەنی پارێزگاكان بەپێی یاسای كارپێكراو، كارەكانیان لەچوارچێوەی وەزارەتی ناوخۆدایە، رۆژی 29ی ئایاری ئەمساڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بە نوسراوێك هەموو ئەنجومەنەكانی ئاگاداركردەوە بەهیچ جۆرێك هیچ    بڕیارێك دەرنەچوێنن.
وەزارەتی ناوخۆ ئەم نوسراوەی بە پشتبەستن بە رادەربڕینێكی ئەنجومەنی شورای هەرێم كردوو، كە رۆژی 19ی ئازاری ئەمساڵ دەرچووە‌و تێیدا هاتووە" بڕیارەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە دوای رۆژی 21/9/2018وە نایاساین"، واتە لەو رۆژەوە ئەنجومەنەكان شەرعیەتیان لەدەستداوە، پارێزگارەكانیش كە لەلایەن ئەنجومەنەكانەوە هەڵبژێردراون، ئەوانیش شەرعیەتی یاساییان نەماوە.
پارێزگارو ئەنجومەنی پارێزگاكان كە پێشتر بە هەڵبژاردن‌و دەنگدان خەڵك دروستكراون، ئێستا بۆ مانەوە پەنایان بۆ پەرلەمان بردووە. 
چەند رۆژێكە پەرلەمانی كوردستان سەرقاڵی ئەوەیە دەرچەیەكی یاسایی نوێ بۆ كاری ئەنجومەنی پارێزگاكان بدۆزێتەوە‌و بەشێوەی یاسایی وادەی كاركردنیان درێژبكاتەوە تا ئەو كاتەی هەڵبژاردنێكی نوێ دەكرێت یاخود بە هەر شێوازێكی تر چارەنوسی ئەم ئەنجومەنانە یەكلادەكرێتەوە.

چارەسەرێكی یاسایی !
(19) پەرلەمانتار لە هەرسێ فراكسیۆنی (پارتی، یەكێتی، گۆڕان) لە پەرلەمانی كوردستان بە ئیمزای خۆیانەوە پرۆژەیەكیان پێشكەش كرد بۆ هەمواركردنەوەی یاسای ژمارەی (3)ی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان.
پەرلەمانی كوردستان هەر زوو بۆ ئەم پرسە هاتەدەست، ئەمڕۆ لە كۆبونەوەیەكدا بەشێوەیەكی خێرا خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرد‌و هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان بە ئیمزای خۆیەوە پێشنیازی هەموارە یاساكەی رەوانەی لیژنە پەیوەندیدارەكان كرد بەمەبەستی ئامادەكردن راپۆرتی كۆتایی.
بڕیارە سبەینێ كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ پەرلەمان جارێكی تر كۆببێتەوە بۆ خوێندنەوەی دووەمی پرۆژە هەموارەكە‌و پەسەندكردنی.
كاتژمێر 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەر دوای كۆبونەوەی پەرلەمان، بەشێوەیەكی خێرا هەردوو لیژنەی (كاروباری یاسایی)و لیژنەكانی (پێشمەرگەو ناوخۆو ئاسایش‌و ئەنجومەنە خۆجێیەكان) كۆبونەوە بەمەبەستی ئامادەكردنی راپۆرتی كۆتایی.

پارێزگار لە دەرەوەی ئەنجومەن
ئەو پرۆژە یاسایەی كە ئێستا لەبەردەم پەرلەماندایە ناوی "پێشنیازی یاسای هەمواری یاسای ژمارەی 3ی ساڵی 2009 یاسای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان"ە.
ماددەی یەكەمی ئەم پرۆژە یاسایە داوای هەمواركردنی خاڵی (1) لە بڕگەی سێیەمی ماددەی (شەشەم)ی یاساكە دەكات.
"هەڵبژاردنی پارێزگار لەنێوان ئەندامانی ئەنجومەن بەزۆرینەی رەهای ژمارەی ئەندامان ئەنجومەن.." ئەمە ئەو دەقە یاسایەیە كە داواكراوە هەموار بكرێتەوە.
هەموارە نوێیەكە دەڵێت" هەڵبژاردنی پارێزگار لە دەرەوەی ئەندامانی ئەنجومەن یان لەنێوانیاندا بەزۆرینەی رەهای ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەن دەبێت..".
جیاوازی نێوان یاسا بنەڕەتییەكە‌و پێشنیازە هەمواركراوەكەی ئەوەیە، بەپێی یاسا بنەڕەتییەكە رێگە بە كەس نادرێت ببێت بە پارێزگار ئەگەر ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا نەبێت، بەڵام هەموارەكە كە ئێستا پەرلەمان دەیەوێت پەسەندی بكات، دەرگا لەبەردەم ئەوە دەكاتەوە كەسێك لە دەرەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكانیش پۆستی پارێزگار وەرگرێت، بەڵام لە هەردوو حاڵەتەكەدا دەبێت پارێزگار بە دەنگی زۆرینەی رەها واتە دەنگی (50+1) كۆی ئەندامانی ئەنجومەن هەڵبژێردرێت.

بۆیان درێژدەكرێتەوە
پرۆژە یاساكەی پەرلەمانی كوردستان تەمەنی یاسایی ئەنجومەنی پارێزگاكان تا هەڵبژاردنی خولێكی نوێی ئەنجومەنی پارێزگاكان درێژدەكاتەوە، ئەمەش لەكاتێكدایە تائێستا هیچ وادەیەك بۆ بەڕێوەچوونی ئەو هەڵبژاردنە دیارینەكراوە.
دەقی هەموارەكە بەشێوەیەكە، ئەو ماوەیەشی كە ئەنجومەنەكان لەدەرەوەی شەرعیەتی یاسایی كاریان كردووە، كارەكانیان بۆ كراوە بە یاسایی، چونكە دەقی هەموارەكە دەڵێ" بەدەر لە حوكمی بڕگەی دووەم لەماددەی چواردەهەمی یاساكە، ئەم خولەی پارێزگاكان لە پیادەكردنی تایبەتمەندییەكانیان لەكاتی (كۆتایهاتنی ماوەی یاساییان تا هەڵبژاردنی خولێكی نوێی ئەنجومەن) بەردەوام دەبن".

چەند سەرەنجێكی تر
پەیمانگەی كوردی بۆ هەڵبژاردن لە راپۆرتێكدا بۆچونی خۆی لەبارەی ئەو هەموارە بڵاوكردەوە كە ئێستا لەبەردەم پەرلەمانی كوردستاندایە، لە راپۆرتەكەدا پەیمانگەكە چەند تێبینییەكی خستوەتەڕوو كە ئەمانەن:
* ئامانج لە دەرچوونی یاسای پارێزگاكان قوڵكردنەوەی پرەنسیپی لامەركەزییە لەڕێگەی هەڵبژاردنی نوێنەرانی خۆجێی پارێزگاكان، بەڵام ئەم هەمواركردنە مافی هەڵبژاردن بۆ دیاریكردنی پارێزگار لە هاوڵاتیان دەسەنێتەوەو ئەوەش كوشتنی رۆحی لامەركەزیەتە.
* چەسپاندنی لامەركەزیەتی كارگێڕی پێویستی بە زیاد لە یاسایەكەو تەنها بە یاسای پارێزگاكان رووماڵناكرێت، چ جای ئەوەی وەك ئێستا بە پەلەپروزكێ‌و پینەوپەڕۆ ئەو دوو بڕگەیەی یاساكە هەمواربكرێتەوە.  
* لەبری ئەوەی ماوەی كاركردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان درێژبكرێتەوە، شەرعیەتی یاسایی‌و دیموكراسی ئەوە دەخوازێت، هەڵبژاردن بۆ خولی سێهەمی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامبدرێت.
* هەڵبژاردنی پارێزگار لەدەرەوەی ئەنجومەنی پارێزگا، دەرگا لەسەر دەرچوونی ئەو پاڵێوراوانە دەكاتەوە كە دڵخوازی مەكتەب سیاسی حزبەكانن بە بەڵگەی ئەوەی دەنگی راستەوخۆی هاوڵاتیانی بەدەستنەهێناوە.

هەموارەكە بۆچی ؟
پرۆژە یاساكە پێشنیازكراوەكەی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی هۆكاری دەرچواندنی ئەم یاسایەوە دەڵێ" بەمەبەستی دروستنەبوونی بۆشایی یاسایی لە ئەنجومەنی پارێزگاكان‌و بەردەوامبوونی ئەنجومەنەكان لەپیادەكردنی تایبەتمەندییەكانیان بەمەبەستی فەراهەمكردنی‌و گەیاندنی خزمەتگوزارییەكان بۆ هاوڵاتیان بەشێوەیەكی باشتر، ئەم یاسایە دەرچوێندرا".
بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بەدەر لەم پاساوە یاساییە كە لە پرۆژە پێشنیازكراوەكەدا نوسراوە، بەهانەی گرنگتر لە ئارادایە كە وایكردووە پەرلەمانی كوردستان‌و بەدیاریكراویش هەرسێ لایەن (پارتی، یەكێتی، گۆڕان) بەپەلە دەستبكەن بە هەمواری یاسای ژمارەی (3)ی پارێزگاكان.

پاساوی پارتی
پارتی دیموكراتی كوردستان سەركردایەتی هەوڵی هەموارەكە دەكات، پارتی دەیەوێت (نەوزاد هادی) پارێزگاری هەولێر بگۆڕێت، بەڵام لەناو ئەندامانی فراكسیۆنەكەی لە ئەنجومەن هیچ بەدیلێكی نییە كە بتوانێت جێگاكەی نەوزاد هادی پربكاتەوە، پارتی دەیەوێت لە دەرەوەی ئەندامانی فراكسیۆنەكەی لە ئەنجومەنی پارێزگا كەسێكی تر بكات بە پارێزگار.
بەگوێرەی زانیارییەكان، پارتی پۆستێكی وزاری لەكابینەی نوێی حكومەت بە نەوزاد هادی دەدات‌و لەبری ئەو (فرسەت سۆفی) لە پۆستی پارێزگاری هەولێر جێگیر دەكات، فرسەت سۆفی پێشتر پەرلەمانتاربووە‌و ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا نییە، بەبێ ئەم هەموارە یاساییە ناتوانێت ببێت بە پارێزگار.
سەرباری ئەمە، پارتی داوا دەكات ئەنجومەنی پارێزگاكان هەڵوەشێندرێنەوە‌و لەبری ئەوان ئەنجومەنی شارەوانییەكان كارا بكرێنەوە، پارتی كار لەسەر ئەم پرسە دەكات، دیارنییە كەی لایەنەكان دەگەنە رێككەوتن، چارەنوسی ئەنجومەنی پارێزگاكانیش نادیارە، بۆیە پارتی دەیەوێت تائەو كاتەی چارەسەری پرسی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكرێت، پارێزگارەكانی لەناو چوارچێوەی یاسایدا كاربكەن.

پاساوی بزوتنەوەی گۆڕان
بزوتنەوەی گۆڕان كە رۆژگارێك دژی درێژكردنەوەی ماوەی یاسایی دامەزراوەكان بوو بەدیاریكراویش ماوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئێستا پشتیوانی درێژكردنەوەی ماوەی یاسایی ئەنجومەنی پارێزگاكان‌و پارێزگارەكان دەكات.
بزوتنەوەی گۆڕان هاوشێوەی پارتی بەهانەی خۆی هەیە بۆ پشتیوانی لە هەموارە یاساییەكە، بزوتنەوەی گۆڕان پۆستی پارێزگاری سلێمانی‌و كۆمەڵێك پۆستی تری قایمقام‌و بەڕێوەبەری ناحیە‌و فەرمانگەكانی لە سنوری سلێمانی‌و هەڵەبجە‌و ئیدارەی گەرمیان‌و راپەڕین بەدەستەوەیە، بەهۆی ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ پارتی لەبارەی پێكهێنانی حكومەت كردویەتی، پەیوەندییەكانی لەگەڵ یەكێتی تێكچووە‌و بەردەوام ترسی هەیە یەكێتی بەپشتبەستن بەتەواوبوونی وادەی یاسایی ئەنجومەنی پارێزگاكان، پۆستە ئیدارییەكانی لێوەرگرێتەوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، درێژكردنەوەی تەمەنی یاسایی ئەنجومەنی پارێزگاكان یەكێك لەو تەوەرانە بووە كە لە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتیدا رێككەوتنی لەسەر كردووە، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە پێشتر بزوتنەوەی گۆڕان بەهیچ جۆرێك نەچووە ژێر باری فشارەكانی یەكێتی بۆ دوركەوتنەوە لە پارتی.
سەرباری ئەمە، بزوتنەوەی گۆڕان لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان رێژەی دەنگەكانی 50% كەمیكرد، 30 نیسانی 2014 كاتێك هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان 24 كورسی هەبوو، بەڵام ئێستا ژمارەی كورسییەكان 12 كورسییە، گۆڕان ئێستا لە كۆی (32) كورسی، لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی (12) كورسی هەیە‌و كورسییەكی لە یەكێتی زیاترە، بەدرێژكردنەوەی ماوەی یاسایی ئەنجومەنی پارێزگاكان پارێزگاری لەو زۆرینەیە دەكات كە لە ئەنجومەنەكەدا هەیەتی، بەڵام لە هەر ئەگەرێكی تردا پۆستەكانی لەدەستدەدات.
لەلایەكی ترەوە بزوتنەوەی گۆڕان بەهۆی ئەو پاشەكشێی لە دەنگەكانیدا كردویەتی، لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكاندا نییە‌و چاوی لەوەیە كۆتایی بە كێشە ناوخۆییەكانی بهێنێت‌و جارێكی تر بەهێزەوە بگەڕێتەوە بۆ ناو گۆڕەپانە سیاسییەكە، بزوتنەوەی گۆڕان تەنانەت لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش نەبوو، ساڵی رابردوو هەوڵی زۆریدا هەڵبژاردنی پەرلەمان دوابخرێت، بەڵام هەوڵەكانی سەركەوتوو نەبوو. 

پاساوی یەكێتی
ئێستا یەكێتی لە كۆی چوار پارێزگای كوردستان تەنیا یەك پۆستی پارێزگاری بەدەستەوەیە كە پۆستی پارێزگاری هەڵەبجەیە‌و لەچوارچێوەی رێككەوتنی سیاسیدا ئەو پارێزگارەی بەشێوەی "تعین"كردن بۆ دانراوە.
بەڵام بەرپرسانی یەكێتی هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی بە نوێنەری خۆیان دەزانن‌و پشتیوانی لێدەكەن، ئەمە لەكاتێكدایە هەڤاڵ ئەبوبەكر وەكو نوێنەری دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەو پۆستەی وەرگرتووە. 
یەكێتی پشتیوانی هەمواری یاسای ژمارەی (3)ی پارێزگاكان دەكات‌و ئیمزای لەسەر كردووە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، پاساوی سەرەكی یەكێتی بۆ پشتیوانی لە پرۆژە هەموارەكە زیاتر بەهۆی ئەو بڕگەیەوەیە كە دەرفەت دەدات پارێزگار كەسێك بێت لە دەرەوەی ئەندامانی ئەنجومەن، سەركردەكانی یەكێتی لە داهاتوودا ئەگەر بیانەوێت پارێزگار بە دیاریكراوی پارێزگاری سلێمانی لە پۆستەكەی دوربخەنەوە، دەرفەتی ئەوەیان دەبێت یەكێك لە سەركردەكانی حزبەكەیان لە پۆستی پارێزگاردا جێگیر بكەن، نەك ناچار بن پەنا بۆ هەڵبژاردنی ئەندامێكی ئەنجومەن ببەن كە هیچ پۆستێكی حزبی ئەوتۆیان نییە.

ئیمتیازی ئەنجومەنەكان
ئێستا لە هەرێمی كوردستان سێ ئەنجومەنی پارێزگا هەن كە ئەمانەن:
•    ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر: پێكهاتووە لە (30) ئەندام
•    ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: پێكهاتووە لە (32) ئەندام
•    ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك: پێكهاتووە لە (28) ئەندام
واتە بە تێكڕا ئێستا (90) كەس وەكو ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا لە هەرێمی كوردستان موچە وەردەگرن.
موچەی مانگانەی هەر ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگا بە موچەی بنەرەتی‌و دەرماڵەوە (3 ملیۆن) دینارە، واتە مانگە (270 ملیۆن) دینار تەنیا بۆ موچەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەڕوات، ئەمە جگە لە موچە‌و دەرماڵەی پارێزگارەكان.
پێشتریش هەر ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگاكان بە رێژەی (80%)ی كۆی موچەكانیان خانەشینكراون، واتا هەر ئەندامێكی خانەنشینكراوی ئەنجومەنەكان مانگانە (2 ملیۆن‌و 400 هەزار) دینار موچەی خانەشینی وەردەگرن، (121) كەس وەكو ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگاكان موچەی خانەنشینی وەردەگرن، كۆی ئەو پارەیەی بەم خانەنشینكراوانە دەدرێت مانگانە (290 ملیۆن‌و 400 هەزار) دینارە.
بەتەنیا ئەو پارەیەی كە لەساڵێكدا وەكو موچە بۆ ئەندامانی خانەنشینكراوی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەڕوات، (3 ملیارو 484 ملیۆن‌و 800 هەزار) دینارە، ئەمەش پارەیەكی زۆرە‌و لەئاست بودجەی وەزارەتێكدایە.

لەبارەی ئەنجومەنەكانەوە
یەكەمین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە هەرێمی كوردستان ساڵی 2005 بەڕێوەچوو، ئەمە هەڵبژاردنێك بوو لە چوارچێوەی هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراق، ئەوكات هەرێم خاوەنی یاسای تایبەت بە پارێزگان نەبوو، هەڵبژاردنەكە بەپێی بڕیاری ژمارەی (71)ی دەسەڵاتی مەدەنی ئەمریكا لە عێراق "پۆل بریمر" بەڕێوەچوو.
ئەوكات بۆ هەر پارێزگایەك بەبێ لەبەرچاوگرتنی ژمارەی دانیشتوان‌و پێودانگكردنی بە كورسی، بۆ ئەنجومەنی هەر پارێزگاكایەك (41) كورسی دیاریكرا.
ساڵی 2010 دەبوو هەرێمی كوردستان لەگەڵ پارێزگاكانی تر عێراق هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بكات، بەڵام بۆ خولی نوێی هەڵبژاردنی نەكرد‌و هاوشێوەی ئێستا ئەنجومەنەكە تەمەنی خۆی درێژكردەوە. 
ساڵی 2014 دووەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، ئەم هەڵبژاردنە هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بەڕێوەچوو، بەڵام دەسەڵاتی ئەنجومەنەكان‌و پارێزگارەكان بەپێی یاسای ژمارەی (3) پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دیاریكرا كە ساڵی 2009 دەرچوو بوو.
ئێستا كە پەرلەمانی كوردستان دەیەوێت تەمەنی یاسایی ئەم خولەی ئەنجومەنی پارێزگاكان درێژبكاتەوە، پەنای بۆ یاسای ژمارە (3)ی پارێزگاكان بردووە.
لە عێراقیش بەهەمان شێوە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەوادی یاسایی خۆی دواكەوتووە، بڕیارە لە نیسانی ساڵی داهاتوو عێراق هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بكات، بەڵام دیارنییە هەرێم كوردستان لەگەڵ عێراق ئەو هەڵبژاردنە دەكات یاخود نا.
چارەنوسی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم تائێستا ناڕوونە، پارتی دیموكراتی كوردستان كە ئێستا گەورەترین هێزی پەرلەمانییە داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكات‌و دەخوازێت لەبری ئەو، ئەنجومەنی شارەوانییەكان كارابكرێنەوە، بەڵام یەكێتی نیشتمانی لەئێستادا بۆچونی پێچەوانەی هەیە.

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand