درەو: (ئاییندەی ژینگە) گۆشەیەكی هەفتانەیە مەعروف مەجید سەرۆكی رێكخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە رۆژانی شەممە بۆ (درەو) دەینوسێت 🔹 بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بە ڕووی وڵاتاندا کراوەیە بۆ هێنانی چەندین جۆر تایەی ئۆتۆمبێل، کە زیاد لە (30 جۆر) و کارگە و کۆمپانیا بونیان هەیە، جۆری تایەکان و مانەوەیان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، بە تێکڕا، پێویستە دوای (60 هەزار) کیلۆمەتر ڕۆیشتن تایەکان بگۆڕدرێن، بەڵام لە باشووری کوردستان کیلۆمەتر بۆ گۆڕینی تایە پێوەر نیە. 🔹 بە هۆی هەرزانی نرخ، کۆمپانیاکانی وڵاتی چین زۆرینەی تایەی بازاڕەکانی هەرێم پێکدەهێنن. ئەگەر چوار تایەی ئۆتۆمبیلی لاندکرۆزەر بەرهەمی وڵاتی یابان بێت (700) دۆلاری، بەڵام کۆمپانیا چینییەکان دەیفرۆشن بە (300) دۆلار. 🔹 ئەگەر چوار ساڵ جارێک ئۆتۆمبیلێک تایەکانی بگۆڕێت، ئەوا نزیکەی (10 ملیۆن) تایە تەنها لە باشووری کوردستان فڕێدەدرێن، ژمارەی ئۆتۆمبیلەکان لە عێراقدا گەیشتووە بە (8 ملیۆن) ئۆتۆمبیل. بەهەمان پێوەر، تەنها لە ماوەی چوار ساڵدا تایەی ئۆتۆمبیل بگۆڕن، ئەوا چوار ساڵ جارێک عێراق (32 ملیۆن) تایە فڕێدەداتە ناو ژینگەوە. ئەمە لە کاتێکدایە، جگە لە ئۆتۆمبیلە بچوکەکان، ئۆتۆمبیلی بار و بازرگانی و کشتوکاڵی و سەربازی، ژمارەی تایەکانیان لە چوار تایە زیاترە. 🔹 تایەی سەوز یان دۆستی ژینگە جۆرێکە لە تایە، بە شێوەیەک دروستکراوە، کە ژینگە دۆستتر بێت لە تایەی ئاسایی. لە لاستیکێکی سروشتی و پەتۆی ئۆرگانیک و ماددە ژینگەدۆستەکانی تر دروست دەکرێن. ئەم ماددانە بڕی وزەی پێویست بۆ دروستکردنی تایەی ئۆتۆمبێل و بڕی پاشماوەی دروستکراو کەمدەکەنەوە. هەرێمی کوردستان... ژمارەی ئۆتۆمبیل و پاشماوەی تایەی ئۆتۆمبیل بەپێی ئامارەکانی ساڵی (2024) نزیکەی (2 ملیۆن و 350 هەزار) ئۆتۆمبێل هەن، (2 ملیۆن و 200 هەزار)یان لە وەزارەتی ناوخۆ تۆمارکران و (150هەزار) یشیان تۆمار نەکراون، هەروەها نزیکەی (20 هەزار)یان ماتۆڕسکیل (ماتۆڕی سێ تایە)ن، بەجۆرێک؛ • پارێزگای هەولێر نزیکەی (ملیۆنێک و 200 هەزار) ئۆتۆمبێل. • پارێزگای سلێمانی (670 هەزار) ئۆتۆمبێل. • پارێاگای دهۆک (500 هەزار) ئۆتۆمبێل. بەگوێرەی دوایین سەرژمێری گشتی دانیشتوان، کە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024 دا لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچووە، ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان (6 ملیۆن و 370 هەزار و 688) کەس بووە و بەو پێیەبێت هەر (2.7) کەسێک لە هەرێمی کوردستان ئۆتۆمبێلێکی بەر دەکەوێت. بەپێی کۆتا ئامار، لە هەرێمی کوردستان (ملیۆنێک و 379 هەزار و 163) خێزان بوونی هەیە. بەپێی بە دواداچونێکی گۆشەی ئایندەی ژینگە، لە ئێستادا بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بە ڕووی وڵاتاندا کراوەیە بۆ هێنانی چەندین جۆر تایەی ئۆتۆمبێل، کە زیاد لە (30) جۆر و کارگە و کۆمپانیا بونیان هەیە، لە نێوان هەر جۆرێک و هەر وڵاتێک نرخێکی جیاواز بونیان هەیە، چینی و ئێرانی لەناویاندا هەرزانترین نرخیان هەیە. بەپێی جۆری تایەکان و مانەوەیان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، بە تێکڕا، پێویستە دوای (60 هەزار) کیلۆمەتر ڕۆیشتن تایەکان بگۆڕدرێن، بەڵام لە باشووری کوردستان کیلۆمەتر بۆ گۆڕینی تایە پێوەر نیە، واتە، ئەگەر ئۆتۆمبێلێکی کرێ (تاکسی)یەک ڕۆژانە بەردەوام کاربکات و هاتوچۆ بکات، دەبێ لە ماوەی ساڵێک تا ساڵێک و دوو مانگ تایەکانی بگۆڕێت. ئەمەش پێوەرە بۆ هەموو ئۆتۆمبیلەکانی تر بەپێی زانیارییەکان بە هۆی هەرزانی نرخ و زوو فرۆشتنی لە ئێستادا کۆمپانیاکانی وڵاتی چین زۆرینەی تایەی بازاڕەکانی هەرێم پێکدەهێنن. بەو پێیەی نرخی تایەکانی لەگەڵ کۆمپانیا و کارگەی وڵاتانی تر زۆر جیاوازن. بە هۆی هەرزانی نرخ، کۆمپانیاکانی وڵاتی چین زۆرینەی تایەی بازاڕەکانی هەرێم پێکدەهێنن. ئەگەر چوار تایەی ئۆتۆمبیلی لاندکرۆزەر بەرهەمی وڵاتی یابان بێت (700) دۆلاری، بەڵام کۆمپانیا چینییەکان دەیفرۆشن بە (300) دۆلار. پاشماوەی تایەکان چیان لێدەکرێ؟ و چۆن لەناودەبرێن؟ بەپێی ووتەی فرۆشیارێکی تایە، ماوەی دوو ساڵ دەبێ تایە کۆنەکان کۆدەکرێنەوە و لە چەند کارگەیەک دووبارە بەکار دەهێنرێنەوە، ئەگەرنا پێش ئەوە سەرجەم تایەکانی ئۆتۆمبیلی بچوک تا گەورە فڕێدەدرانە ناو ژینگە و سرووشتەوە. ئێستا ئەو کارگانە، بە دوو ڕێگە لە خەڵکی وەردەگرن، تایەی بچوک چواری بە (هەزار) دینارە، یا بە شێوەی تەن لە دووکانەکانی وەردەگرن تەنی (40 هەزار) دینار، ئەمە شتێکی واناکات بۆ خاوەن دوکانەکان لەبەر ئەوەی کرێی بردن و بارکردنیش دەکەوێتە ئەستۆیان. پێشتر، سەرجەم تایەکان فڕێدەدران، یا گوندنشینەکان دەیانبرد بۆ هەندێ پێداویستی یا خەڵک دەیسوتاندن یا لە زبڵدان و کۆڵان و دەرەوەی شارەکان بە تایبەتی دەشت و دۆڵەکان فڕێدەدران، کە ئەمەش مەترسی بوون بۆ سەر ژینگە. بەپێی ئامارە نافەڕمییەکان، ئەگەر چوار ساڵ جارێک ئۆتۆمبیلێک تایەکانی بگۆڕێت _کە پێویستە زووتر بگۆڕدرێن_، ئەوا نزیکەی (10 ملیۆن) تایە تەنها لە باشووری کوردستان فڕێدەدرێن، ئەمە لە کاتێکدایە، جگە لە ئۆتۆمبیلە بچوکەکان، ئۆتۆمبیلی بار و بازرگانی و کشتوکاڵی و سەربازی، ژمارەی تایەکانیان لە چوار تایە زیاترە. بەپێی زانیارییەکانی گۆشەی ئایندەی ژینگە، پاشماوەی هاڕدراوی تایە کۆنەکان، وەکو سووتەمەنی بەدیل بۆ هەندێ کارگە لەبری سووتەمەنی بەکاردەهێرێن، کە ئەمەش جارێکی تر مەترسی پیسبوونی ژینگەی لێدەکرێت. عێراق و ژمارەی ئۆتۆمبێل بەپێی ئامارە نافەڕمییەکان، لە ئێستادا ژمارەی ئۆتۆمبیلەکان لە عێراقدا گەیشتووە بە (8 ملیۆن) ئۆتۆمبیل. ئەگەر بەهەمان پێوەر، تەنها لە ماوەی چوار ساڵدا تایەی ئۆتۆمبیل بگۆڕن، ئەوا چوار ساڵ جارێک عێراق (32 ملیۆن) تایە فڕێدەداتە ناو ژینگەوە. وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان لە حکومەتی فیدراڵی ڕایگەیاند: کە عێراق ساڵانە نزیکەی (10 ملیۆن) تایەی ئۆتۆمبێل لە سەرچاوە جیاوازەکانەوە هاوردە دەکات. حەیدەر ناسر، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای گشتی وەزارەت بۆ پیشەسازی لاستیک و تایەی ئۆتۆمبێل لە بەرنامەی "ئەرکی ڕاستگۆیی"، کە لە کەناڵی ئەلعێراقییە نیوزەوە پەخشکرا، ڕایگەیاند، "کارگەی تایەی بابل بەهۆی نەبوونی هێڵەکانی مۆدێرنکردن و ناوەندەکانی بازاڕکردن داخراوە". ئاماژەی بەوەشکردووە، "مێژووی ئامێرەکانی کارگەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی حەفتاکان". ئاماژەی بەوەشکرد، "عێراق ساڵانە (10 ملیۆن) تایەی ئۆتۆمبێل لە وڵاتە جیاوازەکانەوە هاوردە دەکات. لە ساڵی 2024 دا (ملیارێک و 644 ملیۆن) ئۆتۆمبێل لەسەرتاسەری جیهاندا هەبووە، کە ئەمەش پاشماوەی تایەی ئۆتۆمبیلەکان سەروو (4 ملیار) تایە دەکات. تایە سوتاندن و چەند زانیاریەکی ژینگەیی ئایا ئەم زانیاریانە دەزانیت؟ ئایا زانیووتە لەیاساکانی ژینگەدا سوتاندنی تایەی ئوتۆمبێل قەدەغەیە؟ هەرتایهیەکی ئۆتۆمبێل له بازنهیهكی پۆڵا یان كانزا دروستكراوه كه دهورهدراوه به لاستیكێكی دهستكرد، پێكهاتهی كیمیایی لاستیكه دهستكردهكه پشت دهبهستێت به پێكهاتهی (بهنزین، كاربۆنی ڕهش، ئۆكسیدی زینك، كبریت، كانزا، سولفهر و ههندێ ماددهی تر). له كاتی سووتانی تایهی ئۆتۆمبێل ئهم ماددانه بهرز دهبنهوه بهرهو بۆشایی ئاسمان و له ههوادا بڵاودەبنەوە، ڕێژهی ئۆكسجین كهم دهبێتهوه، كه كاریگهری خراپی لهسهر بهرگی زهوی و ئاو و ههواو خاك و بوونهوهره زیندووهكان ههیه، كه تا ماوهیهكی دوورو درێژ ئهم كاریگهریانه بهردهوام دهبێت. له كاتی سووتانی تایهی ئۆتۆمبێل، کە دهبێته هۆی زیندووبوونهوهی گازی یهكهم و دووهم ئۆكسیدی كاربۆن، كانزا قورسهكان وهك (زهرنیخ، قورقوشم، ئوكسیدی نایترۆجین، ماددهی ئهندامی بهبا رۆیشتوو، گهردیلهی بچووك و ئۆكسیدی كبریت) كه دهچێته ههوا و كار له پێكهاتهی گهردیلهی (ئۆزۆن) دهكات بهرهو نهمان و لێك ترازانیان دهبات و نایهڵێت دووباره دروست ببنهوه. كاریگهری سووتانی تایەی ئوتۆمبێل لهسهر تهندروستی مرۆڤ ئهم گازانه به ههڵم ناچن بهڵكو كۆدهبنهوه له ئاستێكی دیاریكراو له بهرگی زهویدا و ههموویان ماددهی شێرپهنجهین، بۆیه كاریگهری خراپی لهسهر تهندروستی هاوڵاتیان ههیه، بەتایبهتی منداڵ، كه دهبێته هۆی تووشبوونی نهخۆشی ڕهبۆ به تایبهتی له نێوان تەمەنی (13 بۆ 16) ساڵ كه نهخۆشیهكی مهترسیداره، لهوانهیه ببێته هۆی مردن. ههروهها دهبێته هۆی ههوكردنی كۆئهندامی ههناسه، به شێوهیهكی بهردهوام كه له كۆتایی كار له ههناسهدانمان دهكات و دهبێته هۆی له دهستدانی سییهكان. کەواتە، تایە سوتاندن بۆ کردنەوەی ئاگر لە کاتی بۆنەی نەورۆز و خۆپیشاندان و دروستکردنی ڤیدیۆ کلیپ و هەر بۆنەیەکیتردا کارێکی ناژینگەیی و ناشارستانیە، هەموو دوكەڵێک خراپە بۆ ژینگە و پیسبونی ئەو هەوایەی هەڵی دەمژین. بەڵام سوتاندنی تایەو دوکەڵەکەی زۆر مەترسیدارترە لە جۆرەکانی تری دوکەڵ. بە هۆی پێکهاتە کیمیاوییەکانی. کە دەبێتە هۆی چەندان نەخۆشی لە ناویشیاندا شێرپەنجە. گرنگی دووبارە بەکارهێنانەوەی تایەی ئۆتۆمبیلەکان. پرۆژەی کارگەی ڕیسایکلکردنی تایەکان ئامانجی گۆڕینی تایەی کۆنە بۆ بەرهەمی نوێ و بەکارهێنەر، وەکو لاستیک و کەرەستەی گونجاو بۆ بەرهەمهێنانی سووتەمەنی بەدیل. پرۆسەکە پشت بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو دەبەستێت بۆ شکاندنی تایەکان بۆ پێکهاتە سەرەتاییەکانیان و دووبارە پرۆسێسکردنیان بە شێوەیەکی بەردەوام. بەرهەمەکانی پڕۆژە؛ - لاستیکی ڕیسایکل کراو: لە دروستکردنی فەرش و زەوی لاستیک و بەرهەمی پلاستیکیدا بەکاردێت. - سووتەمەنی جێگرەوە: لە پایرۆلیسی تایەکان بەرهەم دێت و لە پیشەسازیدا وەک سەرچاوەیەکی وزە بەکاردێت. - وایەری پۆڵا: لە تایەی دەرهێنراو لە پیشەسازییە جیاوازەکاندا بەکاردەهێنرێت، وەک بیناسازی و پیشەسازی ئۆتۆمبێل. - ڕیشاڵی قوماش: دەتوانرێت لە پیشەسازییە جیاوازەکاندا بەکاربهێنرێتەوە، وەکو عەزلی دەنگ. تایبەتمەندیەکانی پڕۆژەکە؛ - پاراستنی ژینگە: پڕۆژەکە بەشدارە لە کەمکردنەوەی پاشماوەی لاستیک کە زیان بە ژینگە دەگەیەنێت. - سەرچاوەی نوێی داهات: پڕۆژەکە بەرهەمی نوێ دابین دەکات، کە دەتوانرێت بفرۆشرێت و لە چەندین پیشەسازیدا بەکاربهێنرێت. - پشتگیریکردن لە ئابووری ناوخۆیی: دابینکردنی هەلی کاری نوێ و باشترکردنی بەکارهێنانی سەرچاوە بەردەستەکان. - پاشەکەوتکردنی سامانە سروشتییەکان: کەمکردنەوەی پێویستی بە لاستیک و خەڵوزی خاو. - توانای گەورەکردن: دەتوانرێت پڕۆژەکە فراوانتر بکرێت، بۆ ئەوەی ڕیسایکلکردنی جۆرەکانی تری پاشماوە بگرێتەوە. ئایا دەزانی بازاڕی تایەی جیهانی لە ساڵی 2024 بەهای 143 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت و پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2030 بگاتە (174 ملیار) دۆلار؟ سوودە ئابوورییەکان؛ - دەرفەت بۆ دروستکردنی بەرهەمی نوێ و کەرەستەی خاو بەدیل، و ڕەخساندنی هەلی کار. زیانەکانی تایەی ئۆتۆمبیل بۆ سەر ژینگە تایەی ئۆتۆمبێل هەزار هێندەی دوکەڵی غازی ئۆتۆمبێل گەردیلەی زیانبەخشی پیسکەر بەرهەم دەهێنێت. ئەمەش لە دوای زنجیرەیەکی نوێی تاقیکردنەوە دێت، کە لە بەریتانیا ئەنجامدراوە ئاشکرایکردووە، زەنگێکی نوێی لە جیهانی پاراستنی ژینگەدا لێداوە. بەپێی تۆژینەوەکە، پێدەچێت تایەی ئۆتۆمبێل سەرچاوەیەکی سەرەکی پیسبوونی ژینگە بێت لە هەموو ئاستەکاندا، زنجیرەیەک تاقیکردنەوەی نوێ دەرکەوتووە کە تایەی ئۆتۆمبێلەکان بۆ هەر کیلۆمەترێک (5.8) گرام گەردیلەی ژەهراوی و زیانبەخش دەردەکەن بۆ هەوا، ئەم تەنۆلکانە دەرئەنجامی ڕۆیشتنی بەردەوامی تایەکانن کاتێک بە قیرەکەدا دەڕۆن. بەگوێرەی ڕۆژنامەی بەریتانی، دەیلی مەیلی بەریتانی، ئەم ژمارەیە بەراورد دەکرێت بەو (4.5) میلیگرام پیسییەی کە بەهۆی دوکەڵی غازی ئۆتۆمبێلەوە دەردەچێت، واتە ئەو زیانانەی کە بەهۆی بەرکەوتنی تایەی ئۆتۆمبێلەوە تووشی دەبن هەزار جار زیاترە. گرنگە لەبیرمان بێت کە کێشەی فڕێدانی تایەی ئۆتۆمبێلی بەکارهاتوو و تێکچوو بەهۆی هەڵگرتنی درێژخایەن، یەکێکە لە گەورەترین ئاستەنگەکانی سەردەمی ئێمە، بەو پێیەی شوێنی تایەی لە خزمەتگوزاری دەرچوو لە سەرانسەری جیهاندا کەڵەکە دەبن و فڕێدانیان پێویستی بە بڕە پارە و ماندووبوونێکی یەکجار زۆرە. زۆرێک لە شارەزایان مەزەندە دەکەن، کە شوێنی فڕێدانی کەڵەکەبوونی تایەی فڕێدراو زیاتر لە یەک ملیار و نیو تایەی تێدایە، ئەمەش ژمارەیەکی ترسناکە و ژینگەپارێزانی تووشی گرفت دەکات. ئەڵمانیا وڵاتێکی پێشەنگە لە ڕیسایکلکردنی تایەی ئۆتۆمبێل و توانەوەی و تێکەڵکردنی لەگەڵ قیرەکانی ڕێگاوبان، بەڵام بڕی تایەی بەکارهێنراو بۆ ئەم مەبەستە کەمن بە بەراورد بە بەرهەمهێنانی ساڵانەی تایەی خراپ لە وڵاتێکدا کە بەپێی ئامارە تاڕادەیەک کۆنەکان زیاتر لە (40 ملیۆن) ئۆتۆمبێل لەسەر ڕێگاکانی لێدەخوڕن. توێژینەوەکە لەسەر ئەم تاقیکردنەوانە بڵاوکراوەتەوە، هۆشداری داوە لەوەی کەمی پەستانی تایەکان و قیرێکی زبر و تایەی هەرزان پیسبوون زیاد دەکەن، کە لە ئەنجامی ڕۆیشتنی تایەکان دروست دەبێت. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئاستی لێڕۆیشتن لە بارهەڵگرەکان و ئامێرە قورسەکانی بەکارهێنراو بۆ هەڵکەندن و ئۆتۆمبێلی سەربازی زرێپۆشی تایە و ماتۆڕسکیلدا زۆرترینە و لە پاسکیلەکاندا نزمترینە. لە ئێستادا جیهان ئامرازەکانی کۆنترۆڵکردنی ئەم پیسکەرە کوشندانەی نییە، یان لانیکەم سنووردارکردن و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانیان. زۆرێک لە ژینگەپارێزان پێشنیاری قەدەغەکردنی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی تایبەت دەکەن لەسەر ڕێگا گەورەکانی شارەکان، یان لانیکەم سنووری خێرایی بۆ (30) کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا کەم بکرێتەوە. لە هەمووی ترسناکتر ئەوەیە کە پسپۆڕانی ژینگە بێخەمن و ڕەنگە بێ ئاگان لەو مەترسیانەی کە پاشماوەی تایەکان دروستی دەکەن. جیاوازی نێوان تایەی دۆستی ژینگە و تایەی ئاسایی تایەی سەوز یان دۆستی ژینگە جۆرێکە لە تایە، بە شێوەیەک دروستکراوە، کە ژینگە دۆستتر بێت لە تایەی ئاسایی. لە کەرەستەی بەردەوامتر دروست دەکرێن و کاریگەرییان لەسەر ژینگە کەمترە. بە شێوەیەکی گشتی لە لاستیکێکی سروشتی و پەتۆی ئۆرگانیک و ماددە ژینگەدۆستەکانی تر دروست دەکرێن. ئەم ماددانە بڕی وزەی پێویست بۆ دروستکردنی تایەی ئۆتۆمبێل و بڕی پاشماوەی دروستکراو کەمدەکەنەوە. بە گشتی ئەم تایانە زیاتر لە 200 پێکهاتە و زیاتر لە 20 جۆری جیاوازی لاستیکیان تێدایە، هەریەکەیان تایبەتمەندی خۆیان هەیە. هەروەها سیلیکایان تێدایە کە یارمەتیدەرە بۆ باشترکردنی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕێگاوبانەکان. هەروەها تایەی سەوز زیاتر بەهێزترە، ئەمەش گرتنی سوکان و کارایی سووتەمەنی باشتر دابین دەکات، سەرەڕای ئەوەش، تایەی سەوز بە شێوەیەکی گشتی سووکترە، ئەمەش دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی سووتەمەنی. هەڵسەنگاندنی تایەی ئۆتۆمبێل لەگەڵ کارکردنی یەکێتی ئەوروپا و بەریتانیا بۆ کەمکردنەوەی شوێنپێی کاربۆنی بەکۆمەڵیان، هەڵسەنگاندنی ژینگەیی تایەکان بۆ بەکارهێنەران گرنگتر بووە. ئەمەش ڕێگەیەک بۆ بەکارهێنەران دەڕەخسێنێت کە بڕیاری ئاگادارانە سەبارەت بە ژینگەدۆستترین تایەی ئۆتۆمبێلەکان بدەن، کە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی ئۆتۆمبێلەکان. سیستەمی هەڵسەنگاندنی ژینگەیی یەکێتی ئەوروپا تایەکان لەسەر پێوەرێکی A-G ڕیزبەندی دەکات، کە A زۆرترین ژینگەدۆستە و G کەمترین دۆستی ژینگەیە. تایەی ڕیزبەندی A یان B بە دۆستترین تایەی ژینگە دادەنرێت. ئەم تایانە بە شێوەیەک دروستکراون کە کاراتربن و بەکارهێنانی سووتەمەنی تا 7-10% کەم بکەنەوە، هەرچەندە هەندێک بانگەشەی ئەوە دەکەن کە زیاتریش زیاترە. سوودەکانی تایەی دۆستی ژینگە تایەی سەوز تەنها بۆ ژینگە باشتر نییە، بەڵکو دەتوانێت لە درێژخایەندا پارەت بۆ پاشەکەوت بکات، لێرەدا چەند سوودێکی سەرەکی تایەی سەوز دەخەینەڕوو: - کەمکردنەوەی بەکارهێنانی سووتەمەنی: تایەی سەوز بۆ کەمکردنەوەی بەرگری ڕۆڵکردن و باشترکردنی ئابووری سووتەمەنی دروستکراوە. ئەمەش واتە ئۆتۆمبێلەکەت سووتەمەنی کەمتر بەکاردەهێنێت، لە ئەنجامدا دەردانی گازی ژەهراوی کەمتر دەبێتەوە و تێچووی کارکردن کەمتر دەبێتەوە. - باشترکردنی سەلامەتی: تایەی سەوز گرتن و مامەڵەکردنی باشتر پێشکەش دەکات لە چاو هەندێک تایەی ئاسایی. - کەمکردنەوەی پیسبوونی ژاوەژاو: تایەی دۆستی ژینگە بە شێوەیەک دروستکراوە کە پیسبوونی ژاوەژاو کەم بکاتەوە و سواربوونێکی بێدەنگتر دابین بکات. - درێژخایەنتر: تایەی سەوز بە شێوەیەک دروستکراوە کە زیاتر بمێنێتەوە لە هەندێک تایەی ئاسایی، واتە پێویست ناکات وەک جاران بیانگۆڕیت. - باشترە بۆ ژینگە: لەبەر ئەوەی تایەی دۆستی ژینگە لە تێکەڵەیەک لە مادەی سروشتی یان ڕیسایکل کراو دروست دەکرێت، زیاتر لە زۆربەی تایەی ئاسایی دەشکێت بە زیندەیی. - بەکارهێنانی تایەی سەوز چەندین سوودی هەیە، ئەمانەش تەنها چەند سوودێکن، ئەگەر بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕێیت بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانت. - بە خەمی ژینگە و پاشەکەوتکردنی پارە، تایەی سەوز هەڵبژاردەیەکی زۆر باشە.
درەو: پۆڵ بریمەر، فەرمانڕەوای پێشوی مەدەنی ئەمەریکا لە عێراق دەڵێت: ئەوانەی لە ساڵی 2003 دا لە بەغداد چاوی پێیان کەوتووە، سیاسەتمەداری راستەقینە نەبوون، بەڵکو کەسانێک بوون زۆرینەیان ئەزمونیان نەبوو، هەندێکیشیان تەنها بەدوای پارەدا دەگەڕان، بەشێكی تریشیان تەنها كاتیان بە فیڕۆدام. لە چاوپێكەوتنێكدا لە گەڵ كەناڵی(mbc) كە رۆژنامەنوسی سعودی مالیك ئەلروقی ئەنجامیداوە تيايدا بە بریمەر دەڵێت: چاوم بە زۆربەی سیاسەتمەدارە عێراقییەکان و بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی حوکم كەوتووە، کە لە ساڵی (٢٠٠٣) لە سەردەمی داگیرکردنی بەغداد لەگەڵ ئێوە لە کۆشکی سەدام حسێن کۆدەبوونەوە، پێیان وتم تۆ هۆکاری وێرانکردنی عێراق و وێرانکردنی ئایندەو ئەوەی ئێستا تیایداین. لە وەڵامدا بریمەر وتویەتی: مالیک ئازیزم، من سیاسەتمەدارێكم نەبینیوە، کەسانێکم ناسی کە زۆربەیان ئەزموونیان نەبوو، هەندێکیان تەنها پارەیان دەویست و هەندێکیشان تەنها کاتیان بەفیڕۆدام.
هۆشیار عەبدوڵا «بەشی سێهەم» «لە جەنگدا وشەکان ڕەنگە هێواشتر لە گوللە بکوژن، بەڵام هەر کوشندەن!» ئەلبێر کامۆ 📌شەوی ١٧ ی شوبات کە پارتی هێزی هێنابوو تا هێرش بکاتە سەر گردی زەرگەتە، ئێمە بانگەوازێکمان نوسی، بڕیار بوو بڵاوی بکەینەوە، میدیامان تا ڕادەیەکی زۆر ئارامکردبۆوە، لە چوارچێوەی ئەوەی پێی دەڵێن دانبەخۆداگرتن، خەڵکێکی زۆر توڕەبوو، تەلەفونیان دەکرد قسەی نەشیاویان دەگوت، بە پەلەی سورمان دانابوو کە بانگەوازێکمان دەبێت « لە دەرفەتی تردا لەسەر چیرۆکی ئەو بانگەوازە کە بەدەست و خەتی بەندە نوسرا قسەی تایبەتم دەبێت»، بانگەوازەکە تایپ کرابوو، خرابوە سەر شاشەی بەردەم بێژەر، ئامادە بوو بۆ خوێندنەوە، کاک نەوشیروان و هاورێکانی لە گفتوگۆ و باس و خواس دابوون پەیوەست بەوەی هێرش دەکەن سەر گردی زەرگەتە یاخود نا، ئەو شەوە من هێشتا بەڕیوەبەر نەبووم بەڵام بەرێوەبەری ئەو کاتە مۆڵەتیدا من تصرف بکەم، کاک نەوشیروان و برادەرانی چەند جارێک گوتیان ئەو بانگەوازە با بڵاونەبێتەوە تا خۆمان دەڵێین بڵاوی بکەنەوە، دواجار و لە درەنگانی شەودا کاک نەوشیروان تەلەفونی کرد و گووتی تەلەفزیۆنەکە وەک شەوانی تر لێ بکەرەوە، گوتم ئەی بانگەوازەکە، گوتی تەواو لایبەرن با نەڕوا، گوتم ئاخر نوسیومانە کە کەمێکیتر بڵاوی دەکەینەوە بۆ ئێمە خراپە بڵاونەبێتەوە، گووتی؛ «کە باس هاتە سەر دەنگی بیکەیسی و ئاربیجی کەس گوێ لە بانگەواز ناگرێ، سەلامەتی گیانی خەڵک لەسەروی بانگەوازەکەوەیە بۆیە لایبەرە و وابزانە هەر نە نوسراوە». 📌لە ڕوداو و کارەساتی ٢٢ ی ئابدا، میدیاکانی پارتی و یەکێتی رۆڵێکی ئێجگار خراپ و بەدکارانەیان بینی، جوڵەی هێزەکان و لالەزار و چواردەوری ئەو ناوچەیە لە گەڕەکی سەرچناری شاری سلێمانی ببوە شانۆیەک بۆ زوومی کامێراکانی ئەو کەناڵانە و وەک ئەوەی هەنگیان لەداردا دۆزیبێتەوە ئەوەی دەیانگوت نەیاندەگوتەوە، توندبوونەوە و هەستیاری دۆخەکەیان سەردەخست، گەرمی و حەماسی هەردولایان بەرزدەکردەوە، بێ ئەوەی هەست بەوە بکەن دواجار ئەوەی دەبێتە قوربانی ئینسانە، ماڵ و گەڕەک و شارە، ئارامی و ئاسودەیی خەڵکە! 📌یەکێتی و دەزگا ئەمنییەکان کە جوڵەیان بە هێزێکی گەورە کردبوو بۆ دەوروپشتی لالەزار هیچ پێویستیان بەوە نەبوو لە کەناڵەکانیانەوە نیشانی بدەن و پشدەری گووتەنی «سام ڕابنێن» هەموو کەس دەزانێ حاکمی موطڵەقی شارەکە خۆیانن و بەس، ئەوەندەشیان نمایش بە هێزەکانیان کردوەە هەموو لایەک بزانن هێزیان هەیە! لاهوری شێخ جەنگییش هیچ پێویست نەبوو لە کەناڵێکی پارتییەوە قسەبکات و دۆخەکە زیاتر هەستیار بکات، پێم وایە نەدەبوو هەر قسەبکا یان دەبوو لە کەناڵی زوومەوە قسە بکا، کە بە مەودایەکی زۆر فراوانتر لە میدیاکانی دەسەڵات نەرمتر و پرۆفیشناڵتر کاری دەکرد.. لێرەوە نمایشی هێز لە میدیاکانەوە، قسەکردن لە میدیاکانەوە دۆخەکەی بەرەو بەریککەوتن برد نەک ساردکردنەوە، چاوی کامێراکان ڕۆڵی بەنزینیان بۆ سەر ئاگرەکە بینی. 📌ئا لێرەدا با چیرۆکێکی دیکەی کاک نەوشیروانتان بۆ بگێڕمەوە کە چۆن مامەڵەی لەگەڵ ئەو لەحزە هەستیارانەدا دەکرد، ساڵی ٢٠١٣ کە یەکێتی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان دەنگەکانی بەڕادەیەکی زۆر داکشا؟ کە ئەنجامە سەرەتاییەکان دەرکەوتن یەکێتی کەوتە جموجۆڵی نائاسایی و بێزاری پێوەدیار بوو، شەوەکەی هێشتا دەنگەکان تەواو جیا نەکرابوونەوە کاک نەوشیروان تەلەفونی کرد، ئەوکات بەرێوەبەری کەی ئێن ئێن بووم، گوتی؛ کامێرایەک و پەیامنێرێک بێنە و خۆشت وەرە، چوینە ئەوبەر لێدوانیدا و گووتی« کەس دۆڕاو نییە هەمومان براوەین، گرنگ پرۆسەکە سەلامەت کۆتایی هاتووە» چەندین قسەی دیکەی ئاڵتونی کرد کە یەکێتی زۆر خاو کردەوە. تەنانەت کە ساختەکاری ئەلبیسەکەش ڕویدا کاک نەوشیروان دژی ئەوە بوو لە میدیاوە زۆر گەورەی بکەین و بە دەق بە منی گووت «توندی مەکەنەوە پێنج کورسی ببەن باشترە لەوەی پێنج کەس بکوژن». 📌من بۆ ماوەی چەند مانگێک لە قۆناغی پێش پەخش لە ساڵی ٢٠٢٤ دا، وەک ڕاوێژکار لەگەڵ کەناڵی زووم کارمکرد، لە نزیکەوە دەمزانی کە ڕاستە زووم ئیمکانیاتی ماددی زۆر کەمە و وەک میدیاکانی دەسەڵات پارەی هەڵڕژاوی لە بەردەستدا نییە بەڵام بە شایەتی هەموو ئەوانەی پرۆفیشناڵن لە کاری میدیاییدا ئەو گروپە میدیاکارە لێهاتووەی زووم ئێجگار تووند دەستیان گرتبوو بە پرەنسیپەکانی کاری رۆژنامەوانی و میدیاوە. کاری من و یەک دوو هاورێم لەگەڵیاندا زیاتر لەگەڵ بەرێوەبەر و چەند بەرپرسی بەشێک بوو بەڵام ئەو کەناڵە ژمارەیەکی باش لە میدیاکار و رۆژنامەوان و خەڵکی رۆشنبیری لێبوو کە بە مووچەیەکی زۆر کەم بەراورد بە میدیاکانی دەسەڵات کاریان دەکرد بەڵام پرۆژەکەیان خۆش دەویست، یەکێتی هەڵەیەکی گەورەی کرد کە زوومی داخست، کارێکی باشیش دەکات رێگە بدات ئەو پرۆژەیە بەردەوام بێت و خەون و ماندووبونی ئەو میدیاکارە ناوازانە زیندەبەچاڵ نەبێت، من کە ئەو دێڕانە دەنوسم دوور و نزیک وا نزیک ساڵیکە کارم لەگەڵیان تەواو بووە و هەرچیی سەرکەوتن و باشیەک هەبێت هی خۆیانە، بەڵام ناکرێ یەکێتی بە پاساوی دەستگیرکردنی کەسێک کەناڵێک دابخات کە بچوکترین سەرپێچی کاری میدیایی نەکردووە! 📌با بێمەوە سەر باسی رۆڵە خراپەکەی میدیا، ئەو ڕاستیە لای هەمووان ڕوونە کە پارتی و میدیاکەی لە پەیوەندی بە ململانێکانی نێوان دەباشان و لالەزار بێلایەن و بێ ئەجێندا نین، هەمان شت بۆ میدیای یەکێتیش بەرامبەر دۆخی ناوخۆی پارتی و سنوری دەسەڵاتی ئەوان ڕاستە، لە روداوەکانی خورشید هەرکی بە ڕوونی دیار بوو… بۆچی پێم سەیر بوو کە لاهوری شێخ جەنگی ئەو چاوپێکەوتنەی نەدا بە زووم کە کەناڵی نزیک لە خۆی بوو، چونکە جارێک لەباس و خواسی زوومدا هەڵوێستێکی کاک نەوشیروانم لەگەڵ کەی ئێن ئێن بۆ کاک لاهور باسکرد، وتم حەقە تۆش وابکەیت لەگەڵ زووم، بۆم گێرایەوە کە سەرەتای کردنەوەی کەناڵی کەی ئێن ئێن جارێک تکایەکم لە کاک نەوشیروان کرد تا کۆتایی تەمەنی پابەند بوو پێوەی، پێم گووت کاک نەوشیروان تکایە خۆت پێش هەموو کەس رێزی میدیا و میدیاکارەکانی خۆت بگرە، قسە و چاوپێکەوتنی تایبەت تەنها لەگەڵ کەی ئێن ئێن بکە، ناز و رێزی میدیاکارەکانی دەرەوەی ئەم گردە مەدە بەسەر ئەوانەی ئێرەدا، هەتا وەفاتی کرد ئێن ئاڕتی و ڕوداو دەیانجار داوای دیداری تایبەتیان لێکرد، نەیکرد و هەموو جارێک دەیگوت؛ ئەگەر قسە بکەم بۆ کەناڵەکەی خۆمان قسە دەکەم. بەهەرحاڵ، ئەو قسانەی لاهوری شێخ جەنگی باش نەبوون چونکە ئەجێندای ئەو کەناڵە ئێجگار ڕوونە، قسەکانیشی توند بوون، کەناڵەکەش ئەوەندی تر بارودۆخەکەی پێ گەرم و ئاڵۆسکاوتر کرد، لەو ڕوەشەوە دیقەتی وردەکارییەکی جوان و جیاوازی عەقڵییەتی خاتوو ئاواتی شێخ جەنگی بدەن، پێرێ کە قسەیکرد بۆ میدیا و ڕوداوەکانی گێڕایەوە لە هیچ میدیایەکی حزبی قسەی نەکرد بەڵکو درەو میدیای هەڵبژارد چونکە دەزانێ درەو ئەجێندای سیاسیی نییە، دەشزانم چ فشارێکی لەسەرە بۆ ئەوەی قسە بکات بۆ میدیا حزبیەکان بەڵام نەیکرد و هیوادارم نەشیکات چونکە خزمەتی دۆخەکە ناکات. 📌پارتی و یەکێتی خاوەنی دوو ستراتیژی میدیایین کە بە تەواوی حزبی و ئایدۆلۆژییە، میدیاکانی دەسەڵات ئەو شەوە، کاتی شەڕەکە، دوای شەڕەکە رۆڵی بارود و گڕ یان بینی، میدیاکانی پارتی خوای خوای ئەوەیان بوو بگەنە ئەو ئەنجامەی کە ئەوەتا لە سلێمانیش هەمان حاڵەتی خورشید هەرکی هەیە، میدیای یەکێتیش کاری دەکرد ئەوە نەسەلمێت، بێگومان ئەو ستراتیژە میدیاییە بێ پاشخان و لە خۆڕا نییە و قووڵایی خۆی هەیە، لێرەوە دەبێ ڕاستییەک هەیە وەکخۆی بیڵێم؛ لە روداوەکانی ٨ ی تەمموز و ٢٢ ی ئابدا پارتی رۆڵێکی گەورەی هەبوو لە قووڵکردنەوەی ناکۆکی نێوان کاک بافڵ و کاک لاهوردا، سەرەتا و لە قۆناغی یەکەمدا پێش هەشتی تەمموز یەکەمیان هاندا دژی دووەم و هەموو هاوکارییەکیشیان کرد، لە حکومەتەوە، لە سەرۆکایەتی هەرێمەوە، لە میدیاکانیانەوە بە ڕوونی پشتی بافڵ تاڵەبانیان گرت! پاشان کە زانیان برینەکە قوڵ بۆتەوە لە نێوانیان ئەوجارە دەرگای پەیوەندیی و دۆستایەتییان بۆ لاهوری شێخ جەنگی کردەوە و پەیوەندیان لەگەڵیدا بە تەواوی ئاساییکردوە و هەمان یارییان دووبارە کردەوە، پێش هێرشەکانی سەر لالەزار و کاتی هێرشەکان و دوای هێرشەکانیش میدیایان خستە خزمەتی لاهوری شێخ جەنگی و تا ئێستاش فرمێسکی تیمساحی بۆ دەڕێژن. دەشێ هەبێ بڵێت پارتی دەستی خۆش بێت، ئەو دووانە بۆ وا لە خۆیان و حزبەکەیان دەکەن و بۆ بەقسەیان دەکەن، منیش هەمان ڕا و هەمان بۆچوونم هەیە ئەکید. 📌تا کۆتایی روبەڕووبونەوەکانی شەوی ٢٢ ی ئاب میدیای هەردوو حزب گوایە تەنها کەڤەری ڕوداوەکانیان کردوە و هیچیتر، بەڵام لەگەڵ بڵاوکردنەوەی وێنەی لاشەی قوربانییەکان و بریندار و دەستگیرکراوەکان ئەجێندا شەیتانی و نائینسانییەکان زیاتر ڕوون بوونەوە، دەرکەوت ئەو میدیایانە باکیان بە وێنەی کورد و هەرێمەکە و سلێمانی و رۆحی ئینسان و دڵ و دەروونی خزم و کەسوکاری قوربانییەکان نییە و هەموو شتێک بە ئەجێندای سیاسیی لە پێناوی لایک و بینەری زیاتردا دەکەن و هەموو شتێک دەکەن بە قوربانی دروشمی پوچ و تافهی یەکەمی و ملیۆن بینەری و چی و چی. 📌ئەم سەردەمی سۆشیال میدیایە کە هەموو کەسێک خاوەنی زیاد لە پەنجەرەیەکە بە ڕووی دنیادا، رۆڵ و بەرپرسیارێتی میدیا ئێجگار گەورەیە، لەم قۆناغە تاریکەی حوکمڕانی کوردیدا لە هەرێمی کوردستان یەکێک لەو بلدۆزەرانەی کە زۆر نابەرپرسانە کۆمەڵگەی ئێمە، ئینسانیەتی ئێمە، کوردبوونی ئێمە دەشێلێ میدیای دەسەڵاتە، میدیایەک کە پارەیەکی قەبەی لە داهاتی ئەم خەڵکە پێ دەدرێ بۆ ئەوەی هەمان خەڵک تا دوا سنور وێران بکا. 📌ئەوەی لە نێوان میدیاکانی یەکێتی و پارتیدا ڕویدا لە ڕوداوەکانی ٢٢ ی ئابدا، لێدانی نەشتەری زیاتر بوو لە جەستەی برینداری سلێمانی و کوردستان، شکاندنی هەموو سنورەکانی مافی مرۆڤ و حورمەتی ژیان و لاشەی ئینسان و ماڵ و گەڕەکی شار بوو، لەو ڕوداوانەدا میدیا خەریکی گواستنەوەی وێنەکان نەبوو بەتەنها بەڵکو خەریکی خوڵقاندنی وێنەگەلێکی نوێ بوو تا زیاتر بریندارمان بکات. 📌ئێمە لە ڕابردودا خەمی ئەوەمان بوو بۆچی وەک ئینگلیز (بی.بی.سی) یەکمان نییە، بۆچی ناتوانین ببینە خاوەنی (سی.ئێن.ئێن) ێک ، بۆچی ناتوانین میدیایەکی نیشتیمانیمان هەبێت کە ڕووی لە نەتەوە و نیشتیمان و خەڵک و خاک بێت، کەچی کۆمەڵێک کەناڵی قەبەمان هەیە وەک تەکنیک و ئیمکانیاتی بەردەستیان هیچیان لە کەناڵە جیهانییەکان کەمتر نییە، بەڵام عەقڵیان هێشتا لە لولەی چەکی دەستی چەکدارێکی نەفام و بێ ڕەحم بچوکتر و تەسکترە! کەناڵ گەلێک کە بوونەتە سەرهێشەی گەورە بۆ کۆمەڵگە و بوونەتە ئافاتی گەورە بۆ تێکدانی هەرچی بەها و رەسانەیەتییە. ماویەتی .. «بەشی دووەم» 📌ناکۆکی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی سروشتێکی تەواو شەخصی هەیە، لەباشترین حاڵەتدا ململانێیەکی حزبییە لەسەر دەسەڵات، دەشێ دوای جیابونەوەیان و دابەشبونی تیژیان بەسەر دووبەرەی جیاوازی نێوخۆیی و هەرێمایەتیدا ناکۆکیەکان قوڵتر بوبنەوە، بەڵام دواجار ڕەهەندە کەسی و کۆمەڵایەتییەکەی ئێجگار تۆخە. جارێکیان قوباد تاڵەبانی زۆر ڕاستگۆیانە بە رۆژنامەوانێکی گوتبوو؛ «کێشەی ئێمە و لاهور پێش ئەوەی سیاسیی بێت کۆمەڵایەتییە، هەرکات کێشە کۆمەڵایەتییەکە چارەسەر بوو، کێشە سیاسیەکەش چارەسەر دەبێت» دیقەت بدەن؛ ڕوداوەکانی هەشتی تەمموز و ٢٢ ی ئاب لە ڕووی سروشتی ململانێکەوە تا ڕادەیەکی زۆر لەیەک دەچن یان بە ڕوونی هەست دەکەی دوو ئەڵقەی یەک زنجیرن لە ململانێیەک کە هی نێوان دوو ئامۆزا و دوو خزمن. سەرنج بدەن لە قسەکانی خاتوو ئاوات کە بۆ درەو قسەیکردووە تێدەگەن ڕادەی قوڵی پەیوەندی نێوانیان چۆن بووە؟! ورد ببنەوە لە بێ منەتی و متمانە بەخۆبوونی خاتوو ئاواتی شێخ جەنگی ئەو خوشکە نمونەیی و ئازا و گیانفیدایە بۆ براکانی، چەند بوێرانە مامەڵە دەکات لەناو ئەو هەموو هێزە سەربازییەدا بێ ئەوەی ئەصڵەن حسابیان بۆ بکات، لە گەرمەی شەڕدا پێی وابووە هێشتا بافڵ تاڵەبانی دەچێت و باوەشی پێدا دەکات، لە ناو هێزەکاندا وا دەجوڵێتەوە ئەصڵەن وەک ئامر و بەرپرسیان دەردەکەوێت ئەوەش جگە لە ئازایەتی خۆی، جگە لەوەی کە نمونەیەکی ئێجگار گەورەی لە وەفای خوشکێک بە تامی دایک بە تامی سوپەر و پەرژین نیشاندا و تاکە وێنەی جوان و گەشی ناو دیمەنە دزێوەکانی ٢٢ ی ئاب بوو، سەرباری هەموو ئەوانە ئەو پارێزبەندییە خزمایەتیەش کە لە نێوانیاندا هەیە رۆڵی گەورەی هەیە و هەرچەندێک خۆیانی لێ بدزنەوە ناتوانن لێی دەرباز بن و کاریگەری هەیە و هەر دەشیمێنێ. 📌کە هەشتی تەمموز ڕویدا و لاهوری شێخ جەنگی لە هاوسەرۆکی لابرا، من شتێکی ئەوتۆم لەسەر نەنوسی و قسەیەکی واشم لەسەر نەکرد، چونکە پێم وابوو ئەمانە جگە لەوەی دوو کەسی ناو یەک بنەماڵەن، دوو هاورێشن، دەشێ جیا ببنەوە و دواتر نزیک ببنەوە، « نمونەی مامجەلال و کاک نەوشیروانیشم لەبەرچاوو بوو کە چۆن دوای ئەو هەموو ناکۆکییە گەورەیە باوەشیان بە یەکدا کردەوە» بە قوڵیش پێم وایە خیلاف و جیاوازی ئەو دووانە نەوعی نییە و شکلیە، ئەمجارە لە ٢٢ ئاب جیاوازییەکە ئەوەیە سەریکێشا بۆ توندوتیژییەکی بێتام و پەڕگیر، لە خانەی ململانێیەکەوە کە لەسەر دەسەڵاتە هاتۆتە ناو خانەیەک کە پەیوەستە بە ژیان و ئاسایشی رۆحی مرۆڤەکانەوە! هەر لێرەوەیە کە خەڵک ئەمجارە وەک ٨ ی تەمموز نییە و توڕەیی و بێزارییەکەی زۆر زیاترە. 📌با ئەوەش ڕوون بێت توڕەیی خەڵک دوو لایەنە ڕاستە نوکی ڕمەکە زیاتر لەسەر یەکێتی و دەسەڵاتە، بەرامبەر بافڵ تاڵەبانی و هێزە ئەمنیەکانە، بەڵام کەمیش نین ئەوانەی دەڵێن نەدەبوو لالەزار بهێڵێ بگاتە ئەو چرکە ساتە خوێناوییە! نەدەبوو لاهوری شێخ جەنگی بهێڵێ بگاتە روبەڕوبونەوەی چەکداری و کارەسات، کارەساتێک کە حیکمەت و دانایی، دانبەخۆدا گرتن و لە خۆبردوویی لەهەردولاوە تێدا نەبوو. بەڵام هەرچۆنێک و هەرچییەک بێت نەدەبوو لایەنی دەسەڵاتدار کە بەرپرسیارێتیەکەی گەورەترە لە هەموو لایەکی دیکە ، گرێیەک کە بە ئاسانی و بە دەست دەکرایەوە بیکاتە گرێیەکی ئاڵۆز کە بە ددانیش نەکرێتەوە. ئەگەر ململانێی نێوانیان بە سیاسیی و مەدەنی و ئاشتیانە بمابایەتەوە نە سلێمانی وا بریندار دەبوو نە خۆیان ئاوا بەجەکەیان لەبەردەم خەڵک و مێژوودا ئەدا، بەڵام خاڵێکی گرنگ کە دەمەوێ لەم نوسینەدا ئاماژەی پێ بدەم ئەوەیە؛ هۆکاری ئەوەی سروشتی ئەو ململانێیە گۆڕا بۆ ئاگر و ئاسن عەقڵیەتێکی دۆگما و چەقبەستووە کە تەنها باوەڕی بە «لۆژیکی هێزە» ، کولتوری «هەڵکوتانە سەریەکتری» و پەلاماردانی سەربازی! 📌بەڕاست قەت پرسیوتە ڕیشەی ئەو کولتورە لانیکەم لەناو یەکێتیدا لە ٢٥ ساڵی ڕابردوو چۆنە و چییە؟! باسی سەردەمی شەڕی ناوخۆ ناکەم باسی قۆناغی ئاشتی و دوای پرۆسەی ئازادی و بوونی هەرێم بە کیانێکی دەستوری دەکەم لە عێراقدا کە دەبوو ژیانی دیموکراسی و مەدەنی و دامەزراوەیی حوکممان بکات نەک لولەی چەک و زنجیری دەبابە و تارمایی درۆن. با بتانگەڕێنمەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٤ و سەروەختی واژۆکان دژی مامجەلال، یەکێک لە سەرکردە ناڕازییەکانی ئەو کاتە لە مامجەلال، لە کۆبوونەوەیەکدا کە کاک نەوشیروان سەرپەرشتی دەکات دەڵێت، رێگەم بدەن دەچمە سەر مامجەلال و قۆڵبەست دەکەم و دەیبەم لە فەرماندەیی سجنی دەکەم، کاک نەوشیروان بە توندی جوابی دەداتەوە و دەڵێت ئەوە بکەیت من دەچم لە ماڵی مامجەلال و دیفاعی لێدەکەم، بە توڕەییەوە پێیدەڵێت؛ ئێمە ناکۆکی سیاسیمان لەگەڵ مامجەلال هەیە و کولتوری هەڵکوتانەسەر و چونەسەریەکتری بەهێز دەبێ بنێژرێ، بەردەوام دەبێت و دەڵێت؛ ئەگەر ئەمڕۆ رێگە بدەم ئەوە دژی مامجەلال بکەیت ئەوە سبەی دژی خۆشم دەیکەیت «ئەو قسانە زیاد لە جارێک لە دەمی کاک نەوشیروان خۆیەوە بیستومە کە لە مەجلیسەکانیدا گێڕاویەتەوە»! هەر لە سەروەختی واژۆکاندا دوای ئەوەی نامە هاوبەشەکەی کاک نەوشیروان و کاک کۆسرەت و عومەری سەید عەلی بە واژۆی ئەو هەموو سەرکردایەتی و کادر و ئەندامەوە دەگاتە مامجەلال، داوای کۆبوونەوەیان لێدەکات و دەڵێت فەرموون وەرن بۆ قەڵاچوالان، هەر هەمان گروپی توندڕەو دەڵێن بڕۆن بۆ کۆبوونەوەکە بەڵام بە هێزێکی زۆرەوە، کاک نەوشیروان دەڵێ ئێمە بۆ گفتوگۆ و رەخنە لەسەر جۆری ئیدارەدانی حزب دەچین نەک بۆ شەڕ، بە چەک و هێزەوە بچین خراپ لێکدانەوەی بۆ دەکرێ، پێم باشە بە یەک دوو سەیارە و بێ حیمایە بچین، هەر وا دەکەن کاتێک دەگەنە قەڵاچوالان و مامجەلال بەو جۆرە دەیانبینێ زۆری پێ خۆش دەبێت و بە نیەتێکی باش و کراوەوە دەست دەکەن بە گلەیی و گازەندەکردن لە یەکتری! ئەو پەتەی کە دەمەوێت ئەو قسانەی بە ئێستاوە پێ گرێبدەم ئەوەیە کە دوای نەمانی مامجەلال و کاک نەشیروان لەسەر شانۆی سیاسی زۆنی سەوز، ئەو تێگەیشتنی «پەلامار و هەڵکوتانەسەر بەهێز»ە، زیاد لە جارێک خۆی نمایش کرد، یەکەم جاریش بە پەلاماری گردی زەرگەتە دەستی پێکرد و دواتر هێز لە ٨ ی تەمموزی ٢٠٢١ دژی لاهوری شێخ جەنگی وەک هاوسەرۆک جوڵێنرا، پاشان ڕوخاندنی قەڵای عوزێرییەکانی بە دواداهات، تا گەیشت بە کارەساتی شوم و خوێناوی ٢٢ ی ئابی لالەزار! 📌بافڵ تاڵەبانی سیاسییەکی ئێجگار ڕوون و ڕاشکاوە، هیچ لە دڵیدا ناهێڵێتەوە و هەمووی دەڵێت، جۆری ئاخاوتن و قسەکردنی سەرنج ڕاکێشە، یەکێک لە دروشمەکانی کاتی هەڵبژاردنی ئەوەبوو « ئەوەی دەیڵێم، جێبەجێی دەکەم »، دەی باشە، لە گەرمەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی ١٠ ی ٢٠٢٤ لە دهۆک گووتی « دوای هەڵبژاردن بە خۆشی بێت یان بە ئاگر دەریان دەکەم لە سلێمانی» هەر لەو قسانەیدا بە بادینی رونیشی کردەوە کە مەبەستی کێیە!؟ لای چەند رۆژنامەوانێکیش لە بۆنەیەکی چەند هەفتەیەک لەومەبەری کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر گوتبووی « هیوادارم کە چوومە سەر لاهور بەرگری بکات!» ئەوەی لە منەوە دیارە وەک ڕۆژی روناک ئەو قسانە و ئەو بۆچونانەی بافڵ تاڵەبانین، باقیاتی ئەوەی پەیوەستە بە هەوڵی کودەتا و پلان و پیلانی لاهور تاڵەبانی و ئەژی ئەمین وەک دەگوترێت بۆ تیرۆری بافڵ تاڵەبانی ئیشی دەزگا ئەمنیەکان و دادگایە کە ڕوونی بکەنەوە …بەڵام بوەستن بزانین کام دادگا …؟!! کێشەکە ئەوەیە خودی دادگاکانی هەرێم هەر لە لایەن کاک بافڵ خۆیەوە لە دیداری میریدا لە شاری هەولێر زەڕبی سفر کران و گووتی؛ «بۆیە دەچینە دادگای بەغدا چونکە ئێمە دادگامان نییە»، کێشەکەش ئەوەیە وەک وتم شێوازی قسەکردنی ئەوەندە سەرنج ڕاکێش و تایبەتە هەرچی دەیڵێ دەبێتە ترێند و ئەو کوتانەی دادگاش ماوەیەکی زۆر ترێند بوو! راستی و ناڕاستی پلان و پیلانەکان بۆ تیرۆری بافڵ تاڵەبانی چۆنن، قسەی لاهوری شێخ جەنگی خۆی چییە؟ ئایا هەوڵی داوە یان نا، دانیپێداناوە یاخود نا؟! ئەمانە هەمووی کات ڕونیان دەکاتەوە، دەشێ ڕاست بن «بەتایبەتی ئەگەر خۆی ئیعتراف بکات» و دەشێ سیناریۆ و هەڵبەستراو بن، بەڵام مادام لە سەرەتاوە وتیان لاهور تاڵەبانی و هاوکارە کودەتاچییەکانی ئەمری دادگایان لەدژ دەرچووە، دەبوو بە یاسایی و رۆحی یاساکان مامەڵەیان کردبا نەک ئاگر و ئاسن، دەبوو مادام هێز و باڵا دەستی لای ئەوان بوو نەهێڵن بگاتە توندوتیژی..چونکە لەمجۆرە ڕوبەڕووبونەوانەدا تەنها دیوێکی سەرکەوتن سەربازییە، دەیان دیوی دیکەی سیاسیی و مەدەنی و ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی هەیە! یەکێک لەقوربانییە هەرە گەورەکانی ئەمجۆرە ململانێیانە یاسایە و دادگاکانن، یاسا بۆ چەسپاندنی عەدالەت و پاراستنی نەزمی گشتی و سەلامەتی هاوڵاتیانە، هیچ یاسایەک ئەوەندە دڵرەق نییە بۆ گرتنی کەسێک یان گروپێک رێگە بەو هەموو توندوتیژییە بدات، یان رێگە بدات ئەو هەموو خوێنە ئەو هەموو قوربانی و کاولکارییە لە شارێکی جوانی وەک سلێمانیدا ئەنجام بدرێت. 📌ڕاستیەکەی بێزاری و توڕەیی قوڵی زۆرینەی خەڵکی سلێمانی و کوردستان لە کارەساتی ٢٢ ی ئاب، جۆری چارەسەرەکەیە نەک خودی ململانێکە. چونکە پێشتر و تا ئەو شەوە بە گشتی خەڵک وەک کێشەیەکی حزبی و بنەماڵەیی لە ناکۆکیەکانی دەڕوانی، بەڵام ئەو شەوە باسەکەی گۆڕی بۆ ئازار و مەترسییەک کە ئەو ململانێیە گەیاندییە سەر ئێسقانی شارێکی زیندووی وەک سلێمانی، گەیاندییە مەترسییەک کە ئیدی زمانی دەبابە و درۆن و گوللە حاکمی یەکەم و موطڵەقە نەک هیچ شتێکی دیکە، ئەمەش هەڕەشەیەکی ئێجگار جدییە لەسەر کۆی هەرێمەکە و لەسەر جۆری پەیوەندی نێوان هاوڵاتی و دەسەڵات. 📌پوختەی قسە لەم بەشەی ئەم زنجیرە وتارەدا ئەوەیە؛ دوای ڕوداوەکانی ٢٢ ی ئاب دوای ئەدائی ئەمنی و پۆلیسی و سەربازی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار پارتی و یەکێتی، قسەکردن لەسەر ململانێی مەدەنی، هەڵبژاردن ، ئۆپۆزسیۆن و دەنگی خەڵک بەهایەکی ئەوتۆی نەماوە، لە باشترین حاڵەتدا دەبێ دەمووچاوی هەموو قۆناغەکە بشۆین تا بیناسینەوە، دیوێکی هەرە دزێو و ناشرینی کارەساتی ٢٢ ی ئاب، بێ هەڵوێستی و ترسنۆکی حزبە بەناو ئۆپۆزسیۆنەکانە کە زاتی بەلاغ و بەیاننامەیەکییان نەکرد، رۆلێکیان کەموزۆر نەگێرا، بە هەموویانەوە هێندەی حزبی شيوعی و چەند نوسەر و روناکبیرێکیان پێ نەکرا، زۆرێکیان چەند دێڕێکی ناچیزیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نوسی تەنها تا بڵێن ئەوەتا شتێکمان گووت و هیچیتر. 📌جێگەی داخە بۆ ئێمە وەک نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت و بێ پەرچەم ئاوا مامەڵە لەگەڵ خۆمان، لەگەڵ هەرێم، لەگەڵ کوردبوون لەگەڵ دیموکراسی بکەین، ئاخر کەس نییە نکوڵی لەوە بکات کە ململانێ سیاسییەکانی ئەم سەردەمە بە گشتی نە مەدەنین، نە دیموکراسین، نە لەسەر چاکەی گشتین، بەڵکو ململانێی چەکداریی و ئەمنین، خەریکە لۆژیکی هێز، هەڵکوتانەسەر، پەلاماردان بە یەکجاری رۆحی کۆمەڵگە و شار و مەدەنییەت و هاوڵاتیبوون لەم هەرێمەدا وردوخاش و وێران دەکات ، یان وێران بووە و ئێمە بە دیار هیوایەکی موزەییەفەوە خۆمان دەخەڵەتێنین کاتێک دەنوسین « خەریکە، خەریکە» ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە لە «خەریکە» دەرچووە و دەمێکە وێران بووە! ماویەتی… «بەشی یەکەم» (ئامانجی یەکەم و کۆتایی ئەم زنجیرە وتارە، هەوڵە بۆ دەرس و عیبرەت وەرگرتن لە کارەسات و ڕواوەکان تا دووبارە و سەدبارە نەبنەوە نەک خوێکردن بە برینەکاندا، هیچ کەناڵ و میدیایەکی حزبی بۆی نییە ئەم زنجیرە وتارە بە ئامانجی سیاسیی بەکاربهێنێ و دێر و پەرەگراف لەناوکۆی وتارەکان دەربهێنێت.) شەوی ٢٢ ی مانگی ئابی ٢٠٢٥، لە رۆژژمێری سلێمانی و هەرێمی کوردستاندا پڕ بەمانای وشە کارەساتە. کارەساتێکی ئینسانی گەورە کە خوێنی گەنج و لاوی کوردی تێدا ڕژا، ژیان و گیانی مرۆڤی کوردی تێدا بێ بایەخکرا، شکۆی مرۆڤی تێدا شکێنرا، کارەساتێک کە هێشتا ژمارەی قوربانیەکانی نازانرێ، وەک ئەوەی ژیانی مرۆڤ، ژیانی گەنجێک هێندە بێ بایەخ و هەرزان بێت تا شایستەی ئەوە نەبێت لاشەکەی دیار بێ و سوکایەتی پێ نەکرێ و ئیهانە نەکرێ. کارەساتێک کە حورمەتی شار و گەڕەک و ماڵ تێیدا بە گەورەیی ئیهانەکرا. ٢٢ی ئاب ئەگەر خوێنی تێدا نەڕژایە، قوربانی گیانی نەبووایە، ژیانی لە چەندین گەنج نە سەندایەتەوە، ئیهانەی شکۆی دیل و برینداری تێدا نەکرایە، بە ڕوداوێکی ناخۆش دەکرا بناسێنرێ بەڵام ڕژانی خوێنی مرۆڤێک تاکە یەک مرۆڤ بە هەرچی پێوەری ئینسانی و ئاینی و ئەخلاقی کارەساتە، چ جای بگاتە چەندین مرۆڤ! کارەساتی ٢٢ی ئاب راستییەکی زۆر تاڵی لا تۆخ کردمەوە، ڕاستی ئەوەی ئێمە نەتەوە و میللەتێکین هەموو کارەساتێکی ئینسانی بە سیاسیی دەکەین! لەجیاتی ئەوەی هۆش و تەرکیزمان لەسەر دیوە ئینسانییەکانی، ژمارەی قوربانی و خوێن و پاراستنی ژیانی مرۆڤەکان بێت، هۆشمان لەسەر دیووە سیاسییە پڕوپوچەکانی ئەو روداوانەیە! وەک مرۆڤێک، وەک کوردێک چاوت دابخە و بیر بکەرەوە و هەرچی تۆ بە کارەساتی دەزانی کە لەسەر دەستی حزبی کوردی بەسەر خەڵکی کوردستاندا هاتووە بزانە دیوە سیاسییەکەیت لێ دیارە یان دیوە ئینسانییەکەی و ژمارەی قوربانییەکانی؟! بزانە زیاتر حزب و کەس و سەرکردەکانت لێدیارە یان ئەو گەنج و لاوانەی هەمیشە سوتماکی شەڕەکانن و کەس تەنانەت ناویاشیان ناپرسێ؟! چاو دابخە بیر لە جۆری کارکردنی میدیا شەیتانیی و نەگریسەکەی دەسەڵات بکەرەوە، بزانە چەند بێباک لاشەی گەنجێکی کورد دەکاتە کەرەستەی میدیایی؟! بزانە چۆن ماکینەی میدیایی دەسەڵات کارەساتی شارێک بە حزبی دەکات و دەیکاتە پڕوپاگەندەی سیاسیی؟! بزانە چۆن ئەو میدیا نەفرەتییەیان لەسەر رۆحی ئەو قوربانیانە و جەستەی برینداری سلێمانی سەما دەکەن و فرمێسکی تیمساحی دەڕێژن؟! « لە بەشەکانی داهاتوودا بە تایبەتی لەسەر رۆڵی فیتنەگێرانەی میدیا لە قۆناغی پێش هێرشەکانی سەر لالەزار و کاتی هێرشەکان و دوای ئەوەش هەڵوەستە دەکەم». ٢٢ ی ئاب، کارەساتێکی شۆکئاوەری ناخهەژێنە، لە ئاستی شەخصیدا بە قوڵی شەڕی ناوخۆی هێنایەوە یادەوەریم، منێک کە ئەو سەردەمە تۆسنە مێردمنداڵێک زیاتر نەبووم دیمەنەکانی ئەوێ ڕۆژێ کە بەچاوی خۆم کوژراو و برینداری سوکایەتی پێکراوم بینی، پێم وانەبوو وا ئاسان جارێکیتر هەمان عەقڵیەت لەناو رۆحێکی شارستانی زیندوو و ژیاندۆستی وەکو سلێمانیدا هەمان دیمەن لە ئیهانەکردن و بەکەم سەیرکردنی خوێنی تاکی کورد ببینم! هەڵەبوون هەموو ئەوانەی دەیانگوت بەرژەوەندی گەورەی ماددی ئەو حزبانە رێگری دەکات لەوەی بوێرن و زاتبکەن دەست ببەن بۆ چەک و توندوتیژی گەورە! کۆی کارەساتی ٢٢ ی ئاب لە لایەک و کوشتن و ئیهانە و بڵاوکردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی قوربانیەکان لە لایەکیتر، دیمەنی ئەو هەموو توندوتیژی و دڵرەقی و عەبەسی بوونە لەلایەن هێزی چەکداری حزبی و کەسی ئەم هەرێمە لە لایەکیتر! کارەساتێک کە لە شەوی ٢٢ ی ئابەوە تا ئێستا هۆش و خەیاڵی شارێک و هەرێمێکی داگیر کردووە و وەک مۆتەکە لە کۆڵی نابێتەوە و زوو زوو و لەگەڵ هەر دیمەنێکی نوێدا وەک برینێکی تازەی خوێن لێڕۆیشتوو دەکولێتەوە! ئاخر لە باوەڕی هەموو مرۆڤدۆستێکدا، لە کوردەوارییە ڕەسەن و پاکەکەی خۆماندا دواجار مرۆڤ زیندوو بێت یان مردوو حورمەتی خۆی هەیە، ماڵ ئاوەدان بێت یان داڕوخاو حورمەتی خۆی هەیە! ٢٢ ی ئاب لێدانێکی گەورەبوو لەو قەناعەت و باوەڕە جێگیرە ئینسانیانە. من زۆرجار هەستم بە شۆک، بە دڵشکان، بە بێچارەیی، بە بێتاقەتی کردووە، بەڵام کەمجار وەک ٢٢ ی ئاب هەستم بە لێبونەوەی یەکجاری کردووە پەیوەست بە مانەوەی هەر هیوایەک بۆ رۆلی سیاسەت، بۆ ڕۆلی میدیا، نوسین … ڕوداوی وەک ٢٢ ی ئاب، ئەگەر بۆ کۆی کۆمەڵگە جارێک شۆک و خەم بێت، بۆ ئەوانەی وەک من باوەڕی قوڵیان بە خەباتی ناتوندوتیژی هەیە هەزاران جار زیاتر خەم و بێهوایی دروست دەکات! بەتایبەتر کە دەکرا بەڵێ زۆر ئاسان دەکرا ئەو توندوتیژییە ڕوو نەدات و دەیان رێگە چارەی تری مەدەنیانە و دوور لە توندوتیژی لەبەردەست و مومکین بوون. لە لای من ٢٢ ی ئاب ڕووداو، کارەساتێکی ئێجگار گەورەیە، ئا ئەم لەحزەیە هەست دەکەم هێشتا ٢٢ ی مانگە، لەو شەوەوە هەرچییەک دەکەم بۆ ساتێک جێم ناهێلێ، پێشم وایە بە ئاسانی لە یادەوەریم ناڕوا، هەربۆیە نەهاتم «وەک بەعزە پۆپۆلیستێکی سیاسیی» هەر لە سەرەتاوە دوو دێر بنوسم بۆ دەفعی گلەیی و خۆم لە ئەرکە گەورەکە بدزمەوە کە قسەکردنێکی ڕاشکاو و ئازایەنەی قوڵ و فرە لەوەی کە ڕویدا! ئەصڵەن لە سەرەتای روداوەکان تا چەند رۆژی دواتریش هێندەی دڵم لای ئەوەبوو ئایا دەتوانم چی بکەم بۆ ئەوەی رۆڵێکی بچوکیش بێت هەمبێت تا کێرڤی ئەو ئەو توڕەی و ڕق و گرتن و توندوتیژییە دابەزێنم، فکر و هۆشم هەر لای نوسین و تۆڕەکۆمەڵایتییەکان نەبوو! لەگەڵ خوێندنەوەی ئەم زنجیرە وتارەدا، بەردەوام ڕاستییەکت لا ڕوون بێت، کە نوسەری ئەم ديڕانە وەک هاوڵاتی و هاونیشتیمانی و دانیشتویەکی سلێمانی قسە دەکات کە دوور و نزیک بەشێک نییە لە هیچ هاوکێشەیەکی سیاسیی، من لە گۆڕاندا بۆ یەکەمجار رۆژنامەوانی و میدیام بۆ سیاسەت جێهێڵا و هەر لە گۆڕانیشدا خاڵی کۆتایم بۆ کاری سیاسیی چالاک دانا، ئەمە بۆیە دەڵێم تا لە بۆچوونەکاندا ئەو ڕاستییە بزانی وەگەرنا لەسەر هەر ڕا و دێرێکی ناو ئەم وتارانە حزبی دەسەڵاتداری ئەم ئەم شارە کە یەکێتیە ئازادە لەوەی دەمگرێ ، دەمکوژێ، یان وڵات بەدەرم دەکات.. بەڵام ویست و ئیرادە و هێزی خوای گەورەی لێ بەدەر بکەیت هیچ هێزێک نییە بتوانێ رێگری بکا لەوەی لەو کارەساتە بێدەنگ بم کە بەر لەوەی کارەساتی نێوان یەکێتی و بەرەی گەل بێت، بەر لەوەی ناکۆکی و دوژمنایەتی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور تاڵەبانی بێت، کارەساتێکە بەسەر جوانی و ئارامی و ناوبانگ و جوانییەکانی سلێمانی و هەرێمدا هێنراوە. ئەو کارەساتە، ئەو ڕوداوانە هەرگیز بە داپۆشین، بە ماکیاژکردن پاساو نادرێن، برینەکانی دڵی سلێمانی لە دوای ٢٢ ی ئابەوە هەرگیز بە شەڕی میدیایی نێوان پارتی و یەکێتی ساڕێژ نابن بەڵکو پڕ سوێ تر دەبن، چارەسەر « ئەوە ئەگەر ڕومان بێت بڵێین چارەسەر» ئەوەیە، وەک خۆی بە قوڵی هەموو ڕەهەندەکانی ببینین و باسیان بکەین، باسکردنێک کە ئامانجەکەی بریتی نەبێت لە سەنگەرگیری سیاسیی، ململانێ و قۆڵبادانی حزبی، بەڵکو ئەوەبێت کە بۆ گەیشتوین بەو هەموو توندتیژییە، بۆ گەیشتوین بەو نائینسانیەتەی کە بە بریندار و کوژراو و دیلەکان دەکرێ، بۆ گەیشتوین بەو خوێنساردییەی گەنجی کورد لەم هەرێمەدا بڵێ « رێگە بدا با یەکێکیان بکوژم؟!» ئێمە بۆ گەیشتین بەو هەموو بێباکییە لە خوێنی ئینسان؟! ئەو هەموو بێ باکییە لە ژیان و رۆحی گەنجی کورد؟! بێباکیەک کە بتوانێ گەڕەکێکی نازاداری شاری سلێمانی بکاتە بەرەی جەنگ؟! بێ باکیەک کە ماڵەکانی ، هۆتێلەکانی بداتە بەر تۆپ بێ ئەوەی بیان ناسێتەوە و بزانێ کوێ کوێیە؟! هاتنە دەنگ لە ناشرینی و بەدکارییەکانی دەسەڵاتی کوردی جگە لەوەی ئەرکە، بەرپرسیارێتیەکی ئاڵۆزە، ئاڵۆزە چونکە دەسەڵات و میدیا فاشیستەکەی لە خۆیەوە بۆ تۆ ئەڕوانێ، کە قسە دەکەیت دژتە، کە بێدەنگیش دەبیت هەر دژتە، نە لە راستی قسەکانت تێدەگات و نە لە حیکمەتی بێدەنگیت، من لە ڕووداوەکانی نێوان پارتی و خورشید هەرکی یەک دێڕم نە نوسی، یەک حەرفیشم نەگوت چونکە پێم وانەبوو هاندان یان هەر قسەیەک کە ببێتە ڕژانی خوێنی تاکی کورد کارێکی باش یان مایەی شانازی بێت و روبەروبونەوەکەشم بە کارێکی نەوعی یان چاکەی گشتی نەدەبینی کە چارەسەریش بوو ئاسودە بووم نەک لەبەر خاتری چاوی حزبێک یان بنەماڵەیەک چونکە من راستگۆم لەگەڵ قەناعەتەکانم کە دژی توندوتیژی و چەکم، لەسەر کارەساتی ٢٢ ی ئابیش ئەنقەست ویستم تا وێنەکە کەمێک ڕوون دەبێتەوە قسە نەکەم کەچی بێدەنگی منیشیان کردە کەرەستەی ئەو شەڕە نا ئینسانییە دژە کوردەی کە وەک ڕۆن لە لەشیان بدەیت حەزی لێدەکەن! لە بەشەکانی داهاتوودا، بە ڕوونی لەسەر کۆی ڕوداوەکان، رەهەندە مێژووییەکانی، بە تایبەتی سەرپێخستنی کولتوری پەلاماردانی چەکداری پاڵپشت بە زۆر ڕوداو کە خۆم تێیدا شایەتحاڵ بووم لە پەیوەست بە کارەساتی ٢٢ی ئاب دەنوسم و دەدوێم .. ماویەتی..
بەرهەمهێنان بە ڕێژەی (12%) و داهات بە ڕێژەی (17%) زیادی کردووە هەر بەرمیلێک تێچووەکەی (4.2) دۆلار بووە و بە (27.8) دۆلار فرۆشراوە راپۆرتی: درەو 🔻 کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن پترۆلیۆم (GKP)ی بەریتانی، بەرهەم و داهاتی گشتی نیوەی یەکەمی ساڵی (2025) بڵاوکردووەتەوەو (جۆن هاریس – بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە) ڕایگەیاند؛ 🔹 دوای "داخستنی کاتی" کێڵگەی شێخان لە مانگی تەمموزدا، کە پەیوەندی بە ناسەقامگیری ئەمنییەوە هەبوو، سەرەتای ئەم مانگە بەرهەمهێنان دەستیپێکردەوە، ئێستا بە تەواوی توانای بەرهەمهێنانەوە کاردەکەن. 🔹 بە سەلامەتییەکی بەهێزەوە، بەبێ لەدەسچونی کات (950) ڕۆژ بەردەوامبوونە لە کارکردن. 🔹 تێکڕای بەرهەمهێنانی نەوت لە نیوەی یەکەمی (2025) بە ڕێژەی (12%) زیادیکردووە بۆ (40 هەزار و 100) بەرمیل نەوتی خاو لە ڕۆژێکدا، لە کاتێکدا لە نیوەی یەکەمی (2024) تێكڕای بەرهەم گەیشتبووە (39 هەزار و 252) بەرمیل نەوتی رۆژانە. 🔹 ئەو نرخەی لە نیوەی یەکەمی (2025) بۆ هەر بەرمیلێک نەوت بەدەستهاتووە لە نێوان (27-28) دۆلار بووە. 🔹 تێکڕای تێچووی گشتی کارکردن بۆ هەر بەرمیلێک (4.2) دۆلار لە کاتێکدا لە ساڵی (2023) تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت (5.6 دۆلار) بووە. 🔹 داهات بە ڕێژەی (17%) زیادی کردووەو گەیشتووە بە (83.1 ملیۆن) دۆلار، لە کاتێکدا لە نیوەی یەکەمی (2024) داهاتی کۆمپانیاکە (71.2 ملیۆن) دۆلار بووە. 🔹 کۆمپانیاکە ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆرییەوە، بە مەرجێک ڕێککەوتن و ڕەزامەندی لەسەر گەرەنتی پارەدان بۆ هەناردەکردنی نەوت لە داهاتوودا و گەڕاندنەوەی قەرزە نەدراوەکان و پاراستنی ئابووری گرێبەستی ئێستا بکرێت. بەرهەم و داهاتی کۆمپانیای (گۆڵف کیستۆن پترۆلیۆم) لە کێڵگەی نەوتی شێخان لە نیوەی یەکەمی 2025 کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن پترۆلیۆم (GKP)ی بەریتانی، بەرهەم و داهاتی گشتی خۆی بۆ نیوەی یەکەمی ساڵی (2025) بڵاوکردووەتەوەو (جۆن هاریس – بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە) ڕایگەیاند؛ بە سەلامەتییەکی بەهێزەوە، بەبێ بەفیڕۆدانی کات (950) ڕۆژە بەردەوامین لە کارکردن، تێکڕای بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی کێڵگەکە لە نیوەی یەکەمی (2025) بە ڕێژەی (12%) زیادیکردووە بۆ (40 هەزار و 100) بەرمیل نەوتی خاو لە ڕۆژێکدا، لە کاتێکدا لە کاتێکدا لە نیوەی یەکەمی (2024) تێكڕای بەرهەم گەیشتبووە (39 هەزار و 252) بەرمیل نەوتی رۆژانە.، ئەم بەرزبونەوەیەش کاریگەری و ڕەنگدانەوەی خواستی بەهێزی بازاڕی ناوخۆییە بۆ کڕینی نەوتی خاوی کێڵگەی شێخان. کۆمپانیاکە ئەوەشی ڕاگەیاندووە، ئەو نرخەی لە نیوەی یەکەمی (2025) بۆ هەر بەرمیلێک نەوت بەدەستهاتووە لە نێوان (27-28) دۆلار بووە. تێچووی گشتی کارکردن لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ بۆ هەر بەرمیلێک نەوت (4.2) دۆلار بووە، کە یەکسانە بە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەمان ماوەی نیوەی یەکەمی ساڵی (2024)، لە کاتێکدا لە ساڵی (2023) (5.6 دۆلار) تێچووی بەرهەمهێنان بووە بۆ هەر بەرمیلێک، لە تەواوی ساڵی (2024) تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوتی خاو بە تێکڕا (4.4) دۆلار بووە، ئەمەش بە پلەی یەکەم ڕەنگدانەوەی بەرهەمهێنانی زیاترە سەرەڕای بەردەوامبوون و گرنگیدان و کارایی کارکردن. ئەوەشی دەربارەی داهاتی کۆمۆمپانیاکەیە لە نیوەی یەکەمی (2025) بە ڕێژەی (17%) زیادی کردووەو گەیشتووە بە (83.1 ملیۆن) دۆلار، لە کاتێکدا لە نیوەی یەکەمی (2024) داهاتی کۆمپانیاکە (71.2 ملیۆن) دۆلار بووە. بەشی زۆری ئەو زیادبوونەش لە نرخی فرۆشتنی نەوتەکەوە بەدیهاتووە، چونکە لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ هەر بەرمیلێک نەوت بە (27.8) دۆلار فرۆشراوە، لە کاتێکدا بەروارد بە نیوەی یەکەمی (2024) تێکڕای نرخی فرۆشتنی بەرمیلێک نەوت بە ڕێژەی (6%) و بڕی (1.5) دۆلار زیادی کردووە، چونکە لەو کاتەدا هەر بەرمیلێک نەوت بە تێکڕا درابوو بە (26.3) دۆلار. کۆمپانیاکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆرییەوە، بە مەرجێک ڕێککەوتن و ڕەزامەندی لەسەر گەرەنتی پارەدان بۆ هەناردەکردنی نەوت لە داهاتوودا و گەڕاندنەوەی قەرزە نەدراوەکان و پاراستنی ئابووری گرێبەستی ئێستا بکرێت. کێڵگەی نەوتی شێخان کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن پترۆلیۆمی بەریتانی وەبەرهێنان لە کێڵگەی نەوتی شێخان دەکات، کێڵگەکە دەکەوێتە سنوری پارێزگای دهۆک، قهزای شێخان دهگرێتهوه بە (60) کم لە پارێزگای هەولێرەوە دوورە، ڕووبهری کێڵگەکە نزیکەی (283) کیلۆمەتر دووجایە، کۆمپانیاکە گرێبەستی هاوبەشی بەرهەمهێنانی لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەیە و 80%ی پشکی کارکردنی لە چوارچێوەی گرێبەستی شێخان هەیە. گرێبەستی هاوبەشکردنی بەرهەمهێنانی کێڵگەی شێخان لە ساڵی 2007 لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بەخشراوە، ساڵی (2009) لە یەکەم بیر لە کێڵگەدا بەناوی (SH-1) دۆزرایەوە، بۆ یەکەم جاریش تەمموزی ساڵی (2013) کێڵگەکە گەیشتە قۆناغی بەرهەمهێنان. لەو کاتەوە، زیاتر لە (100 ملیۆن) بەرمیل نەوت بەرهەم هێنراوە. بەجۆرێک کۆی گشتی تێکڕای بەرهەمهێنان لە ساڵی (2013)دا بریتی بووە لە (هەزار و 361) بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، کێڵگەکە بەردەوام لە گەشەسەندندا بووە تا ساڵی (2021) تێکڕای بەرهەمی ڕۆژانە گەیشتووە بە (43 هەزار و 440) بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا. کێڵگەکە (18) بیری تێدایە بەرهەمەکانیان دەگوزارێنەوە بۆ دوو وێزگەی عەمبارکردنی نەوتی کێڵگەو لەوێوە بە بۆری نەوتی کوردستان دەگوزارێتەوە، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی ڕاوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوە، بەرهەمی نەوتی کێڵگەکە ڕاستەخۆ بە کڕیارانی ناوخۆ دەفرۆشرێت و بە تانکەر دەگوازرێتەوە. سەرچاوە - Gulf Keystone Petroleum, 2025 Half Year Results Announcement, at 28TH AUGUST 2025; https://www.gulfkeystone.com/2025-half-year-results-announcement/
درەو: ماڵپهڕی شەفافیەت بۆ چاودێری و رێكخستنی داهاتە نانەوتییەكانی پارێزگای( سلێمانی و هەڵەبجە) و ئیدارەکانی (راپەڕین و گەرمیان) بڵاویكردەوە: داهاتی هەفتەی رابردووی سنوری سلێمانی 23/8 – 29/8/2025: ( 16 ملیار و 119 ملیۆن )دینار بووە، بەجۆرێك كە 93%ـی داهاتەكە بەشێوەی نەختینەیە و 7%ـی داهاتەكە بەشێوەی چەك بووە. داهاتی هەفتەی رابردووی سنوری سلێمانی 16/8 – 22/8/2025:: ( 22 ملیار و 16 ملیۆن )دینار بووە. سایتەكە بڵاویكردووەتەوە لە نێوان ئەو دوو هەفتەیە داهات بەڕێژەی (26%) كەمیكردووەبە زیاتر لە (5) ملیار دینار. داهاتی مانگی ئابی سنوری سلێمانی تا ئێستا بریتی بووە له ( 62 ملیار و 924 ملیۆن) دینار ، كه 85%ی بهشێوهی نهختینه بوه و 15%ی بهشێوهی چهك بوه. داهاتی مانگی تەمووزی سنوری سلێمانی بریت بووە له ( 118 ملیار و 926 ملیۆن) دینار ، كه 28%ی بهشێوهی نهختینه بوه و 67%ی مەقاسە بووەو 5% بهشێوهی چهك بوه. داهاتی مانگی حوزەیرانی سنوری سلێمانی ( 139 ملیار و 173 ملیۆن دینار) بووە، كه (76) ملیار دینار بەڕێژەی 54% كەمیكردووە.
درەو: 🔻 ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە دوو دەیەی ڕابردوودا؛ 🔹 یەکەم یاسای بودجەی ساڵی 2005 لە 1/12/2005 پەسەندکرا. 🔹 دەسەڵاتی یاسادانان (ئەنجومەنی نوێنەران)ی عێراق (801) یاسای دەرکردووە. 🔹 (هەزار و 264) دانیشتنی ئاسایی و (22) دانیشتنی نائاسایی گرێداوە. 🔹 (23) جار پرساندنی لە وەزیرو کاربەدەستدا حکومەت کردووە، (227) میوانداری وەزیر و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و .... هتد کردووە، متمانەی لە (2) وەزیر وەرگرتووەتەوە، (5) پارێزگاریشی لە پۆستەکانیان دوورخستووەتەوە. 🔹 تەنها تێچووی دارایی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران، کە لە مانگی یەکی ساڵی 2022 تا نیوەی یەکەمی ساڵی 2025 بەردەوام دەبێت، (ترلیۆنێک و 91) ملیار دیناری عێراقی تێپەڕاندووە. لەم ماوەیەدا ئەنجومەن (134) دانیشتنی ئەنجامداوە. بە دابەشکردنی کۆی خەرجییەکان بەسەر ژمارەی دانیشتنەکاندا، ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە تێچووی یەک دانیشتن لە (14 ملیار) دینار زیاترە. 🔹 لە ماوەی سێ ساڵی خولی پێنجەمدا، هەر ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەران (5.1 ملیار) دینار لەسەر بودجەی گشتی کەوتووە (بەبێ خەرجییەکانی نیوەی دووەمی ساڵی 2025) سەرەتا ئەنجوومەنی نوێنەران، لقی سەرەکی دەسەڵاتی یاسادانانە و لە خولی ئێستای خۆیدا لە (329) ئەندام پێکدێت، بە ڕێژەی یەک کورسی بۆ هەر (100 هەزار) هاوڵاتی عێراقی، کە نوێنەرایەتی تەواوی گەلی عێراق دەکات. ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران بە مافی دەنگدانی ڕاستەوخۆ، نهێنی، گشتگیر هەڵدەبژێردرێن، ئەمەش نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکانی دانیشتووان مسۆگەر دەکات. لەم خولەی ئێستادا ئەندامەکان (27) لیژنە پێکدەهێنن کە ئەرکی جۆراوجۆریان لەسەرە. ئەنجومەنی نوێنەران بەرپرسیارە لە دەرکردنی یاسای فیدراڵی و سەرپەرشتیکردنی ئەدای دەسەڵاتی جێبەجێکردن و هەڵبژاردنی سەرۆک و ڕێکخستنی پرۆسەی پەسەندکردنی پەیماننامە و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان بەپێی دەرستور و یاسا، ئەمە جگە لە جێبەجێکردنی ئەو دەسەڵات و ئەرکانەی بۆ ئەنجومەنەکە دیاریکراون. لەم ڕاپۆرتەدا شیکاری و پێداچوونەوە بە کار و تێچووە داراییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کراوە بە خستنەڕووی دانیشتنەکانی و بڕیار و یاساکانی دەرچووی پەرلەمانی عێراق خستنەڕووی بودجە و خەرجییەکان دامەزراوەکە. یەکەم؛ ئاماری چالاکییە دەستوری و یاساییەکانی دەسەڵاتی یاسادانان (کۆمەڵەی نیشتمانی و ئەنجومەنی نوێنەران)ی عێراق 2004 – 2025 # ئەنجومەنی نیشتمانی لە (100) ئەندام لەڕێگەی کۆنفرانسێکی نیشتمانی گشتی پێکهێنرا، کە زیاتر لە (1100) نوێنەری پارت و لایەنە سیاسییەکان ئامادەی بوون. کۆنفرانسەکە بە سەرۆکایەتی فوئاد مەعسوم و چوار جێگری سەرۆک بەڕێوەچوو. # یەکەم یاسای بودجەی ساڵی 2005 لە 1/12/2005 پەسەندکرا. # بەشێوەیەکی گشتی لە دوو دەیەی ڕابردوودا دەسەڵاتی یاسادانان (ئەنجومەنی نوێنەران)ی عێراق (801) یاسای دەرکردووە. # (هەزار و 264) دانیشتنی ئاسایی و (22) دانیشتنی نائاسایی گرێداوە. # (23) جار پرساندنی لە وەزیرو کاربەدەستدا حکومەت کردووە، (227) میوانداری وەزیر و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و .... هتد کردووە. # (34) پرسیاری زارەکی ئاراستەی حکومەت کردووە. # ئەنجوومەنی نوێنەران متمانەی بە حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق داوە لە ساڵی 2006 تا 2025، بەشێک لە متمانەدانەکان زیاتر لە قۆناغێکی بڕیوە. # متمانە لە وەزیرانی دارایی هۆشیار زێباری و خالد عوبێدی وەزیری بەرگری لە حکومەتەکەی حەیدەر عەبادی (2014 - 2018) وەرگیراوە. # دوورخستنەوەی (5) پارێزگار لە پۆستەکانیان، ئەوانیش؛ پارێزگاری نەینەوا (ئەثیل نوجەیفی)، (نەجمەدین کەریم) پارێزگاری کەرکوک، (نەوفل ئەلعاکوب) پارێزگاری نەینەوا، (عەمار ئەلجبوری) پارێزگاری سەلاح الدین و (زوهێر عەلی) پارێزگاری دیوانیە. # موسادەقەی لەسەر کاندیدەکان بۆ پۆستی باڵیۆزەکان، دامەزراندنی دادوەرەکان بۆ دەستەی تێهەڵچوونەوە کە بەرپرسیارە لە پێداچوونەوە بە تانەدانەکان لە بڕیارەکانی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری کردووە. # موسادەقە و دامەزراندنی سەرۆک کۆمار و جێگرانی، سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوە، دادوەرەکان بۆ دەستەی تێژەڵچوونەوە کە بەرپرسە لە پێداچوونەوە بە تانەدان لە بڕیارەکانی کۆمیسیۆنی لێپرسینەوە و دادپەروەری، کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، سەرۆکی داواکاری گشتی و سەرۆکی دەستەی چاودێری دادوەری. هاوکات ئەو دادوەرانەی کاندیدکرابوون بۆ دادگای فیدڕاڵی، پۆستەکانی باڵیۆزی عێراق لە بەریتانیا، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیران، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆک و جێگری سەرۆک کۆمار و ئەندامانی ئەنجومەنی خزمەتگوزاری فیدراڵی و دەستەی ئەمینداری تۆڕی میدیایی عێراقی پەسەندکران. # موسادەقە لە پۆسەتەکانی سەرۆکی ئەرکانی سەرۆکایەتی کۆمار، بەڕێوەبەری دیوانی سەرۆکایەتی پەرلەمان، بەڕێوەبەری دیوانی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان، ڕێکخەری گشتی بۆ کاروباری پارێزگار لە دەستەی باڵا بۆ هەماهەنگی نێوان پارێزگاکان بە پلەی وەزیر، ئەمینداری گشتی پەرلەمان، بەڕێوەبەری دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکی ئەنجوومەنی ڕاوێژکاران و پسپۆڕان لە سەرۆکایەتی کۆمار بە پلەی وەزیر، سەرۆکی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری، جێگری سەرۆکی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری، سەرۆکی داواکاری گشتی، سەرۆکی دەستەی چاودێریی دادوەری، بەڕێوەبەری دیوانی سەرۆکایەتی پەرلەمان، جێگری سکرتێری گشتی پەرلەمان بۆ کاروباری پەرلەمان، جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئەمینداری گشتی پەرلەمان بۆ کاروباری کارگێڕی، سەرۆکی دەزگای شەهیدان، سەرۆکی دەزگای زیندانیانی سیاسی، یاریدەدەری ئەمینداری وەزیری پلاندانان بۆ کاروباری تەکنیکی، یاریدەدەری وەزیری بازرگانی بۆ کاروباری ئابووری، یاریدەدەری وەزیری بازرگانی بۆ کاروباری کارگێڕی، یاریدەدەری ئەمینداری وەزیری باڵا پەروەردە و توێژینەوەی زانستی بۆ کاروباری توێژینەوەی زانستی، یاریدەدەری ئەمینداری وەزیری تەندروستی بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی، ڕاوێژکار لە وەزارەتی کۆچ و ئاوارە، جێگری بەڕێوەبەری دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، ڕاوێژکاری وەزارەتی کارەبا، و سەرۆکی دەستەی حەج و عومرە. خشتەو گرافیک دووەم: تێچووی دارایی و خەرجییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 2006 – 2025 1. خولی یەکەمی ئەنجومەن 2006-2010 ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ یەکەمجار لە دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2005 پێکهێنرا، کە 275 ئەندام پێکهاتبوو. لە خولی یەکەم ئەنجومەنەکە بڕی (561 ملیار) دینار بودجەی عێراقی بۆ تەرخانکراوە، بۆ ماوەی چوار ساڵ، بەجۆرێک؛ بۆ ساڵی 2006 (105 ملیار) دینار تەرخانکراوە، هەروەها (334 ملیۆن) دینار بۆ تێچووی هەر ئەندامێکی ئەنجومەنەکە بووە بۆ ئەو ساڵە. ساڵی دواتر (125 ملیار) دینار بۆ ئەنجومەن تەرخانکرا، تێچووی هەر ئەندامێکیش (894 ملیۆن) دینار لەسەر بوجەی گشتی کەوتووە. لە ساڵی 2008 دا تەرخانکراوەکانی ئەنجومەن گەیشتووەتە (129 ملیار) دینار، تێچووی هەر ئەندامێکیش (ترلیۆنێک) دیناری تێپەڕاند. لە ساڵی 2009 دا تەرخانکراوەکان گەیشتە (202 ملیار) دینار، تێچووی هەر ئەندامێکیش گەیشتە (ملیارێک و 900 ملیۆن) دینار. سەبارەت بە دامەزراندنی کارمەند، ژمارەی فەرمانبەران لە ئەنجومەن لە ماوەی خولی یەکەمدا لە (315) فەرمانبەرەوە بۆ (788) فەرمانبەر زیادی کردووە. 2. خولی دووەمی ئەنجومەن 2010-2014 ژمارەی ئەندامان خولی دووەمی پەرلەماندا، کە لە ساڵی 2010 دەستیپێکردووە، بۆ (325) ئەندام زیادیکردووە، هەر نوێنەرێک لە ساڵی 2011دا بڕی (1.6 ملیار) دیناری لە بودجەی عێراق تەرخانکراوە، لە ساڵی (2012) شدا بڕی (780 ملیۆن) دیناری بۆ تەرخانکراوە، هاوکات کۆی ئەو تەرخانکراوانەی بۆ ئەنجومەن تەرخانکراون لەماوەی خولەکەدا بڕی (ترلیۆنێک و 308 ملیار) دینار بووە، واتە لەتەرخانکردنی ئەنجومەن زیاتر لە دوو هێندە زیادی کردووە. تەرخانکراوەکان بەسەر ساڵانی خولەکەدا بەم شێوەیە دابەشکراون: ساڵی 2010، (267 ملیار) دینار، 2011؛ (530 ملیار) دینار (بەرزترین بڕی تەرخانکراوی بودجە لە خولی یەکەم و دووەم)؛ (283 ملیار) دینار لە ساڵی 2012 و (228 ملیار) دینار لە ساڵی 2013. هەروەها ژمارەی فەرمانبەران لە ماوەی خولەکەدا لە (788) فەرمانبەرەوە بۆ (هەزار و 807) فەرمانبەر زیادی کردووە. 3. خولی سێیەمی ئەنجومەن 2014-2018 خولی سێیەمی ئەنجومەن لە ساڵی 2014 بە (328) ئەندام پەرلەمان دەستیپێکرد، هەریەکەیان لە ساڵی دووەمدا (2 ملیار) دیناری لە بودجەی دەوڵەت بۆ تەرخانکرا، لە ساڵی سێیەم و چوارەمیشدا (2.4 ملیار) دینار بۆ هەر ئەندامێک تەرخانکرا. هاوکات کۆی گشتی تەرخانکردنی دارایی ئەنجومەن بۆ خولەکە لە ماوەی سێ ساڵدا (961 ملیار) دینار بووە. تەرخانکردنەکان بەسەر ساڵانی خولەکەدا بەم شێوەیە دابەشکراون: 2014: نادیارە؛ 2015: (272 ملیار) دینار، 2016: (314 ملیار) دینار و 2017: (375 ملیار) دینار. شایەنی باسە لەماوەی ئەم خولەدا ژمارەی فەرمانبەران بۆ (هەزار و 947) فەرمانبەر بەرزبووەتەوە. 4. خولی چوارەمی ئەنجومەن 2018-2021 لە ساڵی 2018 دەستی پێکرد و لە ساڵی 2021 بە هەڵبژاردنی پێشوەختە کۆتایی هات بەهۆی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی شۆڕشی تشرینی دووەم، ئەم خولەی ئەنجومەن لە ڕووی خەرجییەوە. کۆی گشتی تەرخانە داراییەکانی بڕی (ترلیۆنێک و 786 ملیار) دینار بووە، کە بەسەر ساڵانی دانیشتنەکەدا بەم شێوەیە دابەشکراوە: 2018؛ (372 ملیار) دینار، ساڵی 2019؛ (470 ملیار) دینار، ساڵی 2020؛ (448 ملیار) دینار، 2021؛ (496 ملیار) دینار. هاوکات کۆی خەرجی هەر ئەندامێک (329 نوێنەر) لە ماوەی خولەکەدا (5.6 ملیار) دینار بووە. هەروەها ژمارەی فەرمانبەران بۆ (2 هەزار و 223) فەرمانبەر زیادی کردووە. 5. خولی پێنجەمی ئەنجومەن 2022 - تا ئێستا تێچووی دارایی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەران، کە لە مانگی یەکی ساڵی 2022 تا نیوەی یەکەمی ساڵی 2025 بەردەوام دەبێت، (ترلیۆنێک و 91) ملیار دیناری عێراقی تێپەڕاندووە. لەم ماوەیەدا ئەنجومەن (134) دانیشتنی ئەنجامداوە. بە دابەشکردنی کۆی خەرجییەکان بەسەر ژمارەی دانیشتنەکاندا، ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە تێچووی یەک دانیشتن لە (14 ملیار) دینار زیاترە. هاوکات لە ماوەی سێ ساڵی خولی پێنجەمدا، هەر ئەندامێک (5.1 ملیار) دینار تێچووی هەبووە (بەبێ تێچووی نوێنەرێک بۆ ساڵی 2025). پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە خولی پێنجەمی ئەنجومەن هێشتا بەردەوامە و ئەو بڕە پارانەی پێشتر ئاماژەیان پێکراوە خەرجییەکانی نیوەی دووەمی ساڵی 2025 ناگرێتەوە. گرافیکەکەی خوارەوە بڕی تەرخانکراو و تێچووی خەرجییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران ئەندامانی لە ماوەی ساڵانی (2006 - 2025) ڕووندەکاتەوە. گرافیک سەرچاوەکان - د. عادل حسن دفار، احصائية بعدد النشاطات الدستورية للسلطاث التشريعیة المؤقتة ومجلس النواب العراقي 2004 – 2025، مجلس النواب، دائرة البحوث والدراسات النیابیة، قسم البحوث، تموز 2025، أغسطس 17, 2025؛ https://shorturl.at/e05RR - صحافة البيانات-شبكة الساعة، مجلس النواب العراقي: تكاليف مليارية ونتاج تشريعي ورقابي محدود، 2025-08-20؛ https://shorturl.at/l2uMj
(درەو): ماوەی پێنج مانگە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك نیسابی لەدەستداوەو ناتوانێ كۆببێتەوە، یەكێتیی كە دەیەوێت كۆتایی ئەمساڵ پۆستی پارێزگار لە بەرژەوەندی خۆی نوێ بكاتەوە، لەكۆی (16) كورسی ئەنجومەن تەنیا (7 كورسی) بەدەستەوە ماوە، لەبەرامبەردا بەرەی بایكۆت كە پارتیشی تێدایە، ژمارەی كورسییەكانی بۆ (9) كورسی بەرزبووەتەوە، سەرۆكی ئەنجومەن كە سەربە پێكهاتەی عەرەبە ئەمڕۆ هەڕەشەی كردو دەڵێ هەر ئەندامێكی ئەنجومەن بەشداری كۆبوونەوەی رۆژی شەممەی ئایندە نەكات دەدرێتە دادگا، لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردن و ئاڵوگۆڕی پۆستەكان دۆخی سیاسی كەركوك ئاڵۆزتر دەبێت. ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ویستی ئەمڕۆ كۆببێتەوە، بەڵام نیساب تەواو نەبوو. بەهۆی بایكۆتی ژمارەیەك لە ئەندامەكانییەوە، ماوەی پێنج مانگە ئەم ئەنجومەنە نیسابی پێ تەواو ناكرێت و ناتوانێت كۆببێتەوە. ئیبراهیم حافیز سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا كە دوو رۆژ لەمەوبەر بانگهێشتنامەی بۆ ئەندامان ناردووە، توڕەیە لەم دۆخەو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ساڵێك بەسەر پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوكدا تێپەڕیوە، بەڵام ئەنجومەنی پارێزگا بەهۆی ئەو بایكۆتە سیاسییەی كە هەیە هیچ خزمەتێكی نەكردووە، ئەمەش لەكاتێكدا كە ئەندامانی ئەنجومەن رۆڵی چاودێریكردنیان لەسەرەو موچە وەردەگرن. "یاسا شەرعیەتی بە بایكۆت نەداوە، شتێك نییە بەناوی بایكۆتەوە، چونكە ئەندامانی ئەنجومەن كارمەندن و ئەركیان لەسەرە، بۆیە ئەگەر لە دانیشتنی داهاتووی رۆژی شەممەدا بەشداری نەكەن، دەدرێن بە دادگا". دوای یەكەم هەڵبژاردن كە ساڵی 2005 بەڕێوەچوو، رۆژی 18ی كانونی یەكەمی 2023 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگان بەڕێوەچوو. لەم هەڵبژاردنەدا 16 كورسی ئەنجومەنی پارێزگا بەشێوەیە دابەشبوون بەسەر لایەن و پێكهاتەكاندا: • كورد: 7 كورسی (5 كورسی یەكێتیی + 2 كورسی پارتیڤ) • توركمان: 2 كورسی (بەرەی توركمانی هەردوو كورسییەكەی بردەوە) • پێكهاتەی عەرەب بە هەموو لایەنەكانییەوە: 6 كورسی • 1 كورسی پێكهاتەی مەسیحی، بزوتنەوەی (بابلیۆن)ی رەیان كلدانی بردویەتی، كە هاوپەیمانی یەكێتییەو كورسییەكەی خۆی خستەپاڵ كورسییەكانی یەكێتیی لەسەر بنەمای ئەم ئەنجامانە، 10 ئابی 2024 یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لەگەڵ كورسییەكەی رەیان كلدانی و نیوەی ئەندامانی پێكهاتەی عەرەب لە ئەنجومەن (واتا 3 ئەندامیان لە كۆی 6 ئەندام)، نیسابی سازدانی كۆبونەوەی ئەنجومەنی لە هۆتێل رەشیدی بەغدادو لەژێر چاودێری محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی فیدراڵدا تەواو كرد، لەم كۆبوونەوەیەدا (رێبوار تەها) لە پێكهاتەی كورد (یەكێتیی) بە پارێزگارو (ئیبراهیم حافز) بە سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا لە پێكهاتەی عەرەب هەڵبژێردران، بەو مەرجەی دوای دوو ساڵ بە دوو ساڵ كوردو عەرەب پۆستەكان ئاڵوگۆڕ بكەن. لەبەر رۆشنایی ئەم رێككەوتنەدا پێكهاتەی عەرەبی چاوی لەوەیە كۆتایی ئەمساڵ پۆستی پارێزگاری كەركوك لە كورد وەرگرێتەوەو پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی رادەستبكات. بەمدواییە ئەندامێكی یەكێتیی لە ئەنجومەنی پارێزگا وتی: هیچ بەڵگەیەك نییە بیسەلمێنێت پۆستەكان ئاڵوگۆڕ دەكرێن، ئەمە پێكهاتەی عەرەبی توڕە كردو باسیان لە رێككەوتنە نوسراوەكە كرد. بەهۆی دروستبوونی ئەم حكومەتە خۆجێییەوە، لە بنەڕەتەوە هەریەكە لە پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرەی توركمانی و نیوەی پێكهاتەی عەرەب لە كەركوك بایكۆتی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی پارێزگایان كردووە كە بە تێكڕا (7) كورسییان هەیە لە كۆی (16) كورسی (2 كورسی پارتی+ 2 كورسی بەرەی توركمانی+ 3 كورسی عەرەب)، بەڵام ئەمساڵ یەكێك لە ئەندامانی بەرەی توركمانی بایكۆتی شكاندو چووە ناو كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا، بەڵام ئەمە زۆری نەخایاند، ئەویش بایكۆتی كردەوە. بەمدواییە دژی قسەی ئەندامێكی كورد (ئەحمەد كەركوكی) كە سەربە یەكێتییەو وتویەتی پۆستی پارێزگار رادەستی عەرەب ناكەین، قوڕەكە خەستتر بووەتەو دوو ئەندامی تری عەرەب چونە پاڵ بایكۆتچییەكانەوە، بەوهۆیەوە ئێستا بەرەی بایكۆت لە كۆی (16) كورسی ئەنجومەن (9) كورسییان هەیەو بەرەی دەسەڵات نیسابیان لەدەستداوەو تەنیا (7) كورسییان بەدەستەوە ماوە كە بریتییە لە (5 كورسی یەكێتیی+ 1 كورسی عەرەب+ 1 كورسی مەسیحی). لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق كە بڕیارە 11/11ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، هەروەها نزیكبوونەوەی وادەی ئاڵوگۆڕی پۆستەكان لە كۆتایی ئەمساڵدا، تادێت ئاڵۆزی سیاسیی لە كەركوك زیاتر دەبێت، ئەمەش هێندەی تر دانیشتنەكانی ئەنجومەنی پارێزگای پەكخستووە، سەرباری ئەمە تێكچوونی نیسابی ئەنجومەن لە بەرژەوەندی بەرەی بایكۆت، رەنگە گرفت بۆ یەكێتیی لە نوێكردنەوەی پۆستی پارێزگاردا دروستبكات، هەرچەند یەكێتییەكان بە متمانەوە باسلەوە دەكەن كە پلانی خۆیان هەیەو پۆستەكە جارێكی تر لە بەرژەوەندی خۆیان یەكلادەكەنەوە.
درەو: ماوەی مانگێكە حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆنەبووەتەوە، چەند رۆژێكە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دەرەوەی وڵاتن. بەپێی بەدواداچوونەكان: - مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بەمەبەستی پشكنینی تەندروستی ماوەی چەند رۆژێكە لە نەمسایەو تا ئێستا نەگەڕایەوەتەوە. - مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ماوەی زیاتر لە (20) رۆژە بۆ پشوو لەگەڵ خێزانەكەی لە ئەمریكان. هەموو چوارشەمەی هەفتەیەك ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە، بەڵام بەهۆی گەشتی سەرۆكی حكومەتەوە، ئەنجومەنی وەزیران چوار هەفتەیە كۆبوونەوەی نەكردووە، دواین كۆبوونەوە لە 30ی تەمووزی 2025 كردویەتی واتا نزیكەی مانگێكە حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆنەبووەتەوە. كۆنەبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لەكاتێكدایە نزیك دەبینەوە لە مانگی ئەیلول، هێشتا موچەخۆران موچەی مانگی حوزەیرانیان وەرنەگرتووە، سەرەڕای پێكنەهێنانی حكومەت و پەرلەمان و ئەو گرژی و شەڕو ئاڵۆزیانەی لە هەرێم هەیە.
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو) بەشی دووهەم چاور ساڵ لەمەوبەر، ئێوارەی هەشتی تەمووزی ساڵی 2021، کاتێک بڕێک لە هێزەکانی یەكێتی نیشتیمانی بەسەركردایەتی بافڵ تاڵەبانی، دەزگای زانیاریی و دژەتیرۆری یەكێتیان کۆنترۆل کرد و هەنگاوی یەکەمیان بۆ كۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی لاهور شێخ جەنگی هێنا، کە ئەودەم هاوسەرۆكی یەكێتی بوو، من دیسانەوە لە سلێمانی بووم. ئەو رۆژە ململانێی نێوان ئامۆزاکان بەبێ توندوتیژیی و خوێڕشتن، بە قازانجی بافڵ تاڵەبانی بەلاداکەوت. لەو کاتەدا لاهوری شێخ جەنگی کەسی هەرەبەهێزی ناو یەکێتی بوو، خاوەنی بڕیار و خاوەنی دەسەلاتێکی گەورەی بێ لەمپەر و بێ لێپرسینەوە بوو. لەگەڵ بافڵدا هەم سەرمایەی مادیی و هەم سەرمایەی رەمزیی یەکێتی و تاڵەبانیبوونیان بەشکردبوو. لەدوای هەشتی تەموزی ساڵی ٢٠٢١ەوە بافڵ تالەبانی شوێنەکەی لاهوری گرتەوە و بوو بە کەسی یەکەمی ناو یەکێتی. گێمی یەکەمی ململانێکەی بردەوە. من لەو کاتەدا نووسینێکم لەسەر ئەو ململانێیەی نێوان نەوەی دووهەمی بنەماڵە سیاسییەکان نووسیی و ئەوەی روویدا بە «کودەتای ناو کۆشک» ناومنا. لەو نووسینەدا باسم لەوەکرد کە «کودەتای ناو کۆشک» کردەی سیاسیی کەسانی ناو کۆشکی حوکمڕانییە، کودەتای ئەم یان ئەمیر و ئەمیرەیە بەسەر ئەوانیتری ناو هەمان کۆشکدا. لەوە دوام «زۆرجار ژەنەراڵێک ژەنەڕاڵێکی تر، یان جێگرەوەی سەرۆکێک سەرۆکەکە، یان کوڕێک باوکی، یان ھاوڕێ و ھاوخەباتێک، ھاوڕێ و ھاوخەباتێکی تر لادەبات و خۆی دەچێتە شوێنەکەی.» هاوکات لەوەش دوام «بە دەگمەن نەبێت ئەم جۆرە گۆڕانکارییانە ھیچ شتێکی قابیلی باسکردن و لەسەروەستان ئەنجامنادەن»، زۆرجار «درێژە بە ھەمان دونیا و بە ھەمان ھێڵی حوکمڕانیی دەدەن کە پێشتر ھەبووە. ھەندێکجاریش دۆخەکە بەرەو خراپتر دەبن و لە پاڵ کێشە کۆنەکاندا کێشەی نوێ دروستدەکەن.». ئەو خاڵەشم بیرهێنایەوە کە لە مێژووی ناوچەکەدا ”کودەتای ناو کۆشک“ «دەرەنجامێکی پۆزەتیڤی نەبووە، کە سەدام حوسەین ئەحمەد حەسەن بەکری لەناو حیزب و سیستمی حوکمڕانیادا لابرد، دونیایەکی تەواو تۆقێنەرتر و خوێناویتری دروستکرد. کە بن عەلی لە تونس بۆرقێبەی لابرد، سەردەمێکی گەندەڵتر و نابودتری دروستکرد»، هتد.. لە کۆتایی نووسینەکەشدا جەختم لەوە کرد کە « ”کودەتای ناو کۆشک“ کودەتای ناو ”کۆشک“ە. ”کۆشک“ بە کۆشکی و” لۆژیکی کۆشک“یش وەک ”لۆژیکی کۆشک“ دەمێنێتەوە و ئەوەی دەگۆڕێت ڕوخساری شازادە کانە، جێگرتنەوەی ئەم شازادەیە بۆ ئەویتریان.». بە کورتییەکەی، پەیامی ئەو نووسینە ئەوەبوو ناکرێت هیچ چاوەروانییەکی پۆزەتیڤمان لەمجۆرە گۆڕانکارییانە هەبێت. هەمان تاس و هەمان حەمام دەمێننەوە و بەردەوام دەبن. ئەوەی چوار ساڵ دواتر لە رۆژی ٢١ ئابی ئەم ساڵدا لە لالەزار روویدا، هەڵقەیەکی نوێی ئەو ململانێ تایبەتەی ناو کۆشکە. ململانێیەک دوای تێپەرینی چەند ساڵێک گەیشتۆتە ئاستی شکاندنی ئێسقانەکانی یەکتریی. لە ئێستادا پێدەچێت پەلامارە خوێناویەکەی لالەزار کۆتایی بە ململانێکە هێنابێت. بافڵ تاڵەبانی لەو هێرشە خوێناویەدا هەم ئامۆزاکەی و هەم کەسە نزیکەکانی ئامۆزەکەی بەدیل گرتووە و زیندانی کردون. بەم کارەشی دەسەڵاتی خۆی هەم لەناو یەکێتیدا و هەم لەناو زۆنی سەوزدا بە ڕەهایی سەپاندبێت. بەدەر لە شێوازی پەلاماردانەکە، کە لە پشتیەوە عەقڵەتی بێباکبوونێکی ترسناک بەرامبەر ژیانی خەڵک و بەرامبەر بە موڵک و ماڵى ها وڵاتیان ئامادەیە، ئێمە لەبەردەم ئاکتێکی سیاسیی، لە راستیدا ناسیاسیداین، کە لۆژیکی دارستان ئاراستەی دەکات و تیایدا «بەهێز لاواز دەخوات»، یەکێک بە رەهایی سەردەکەوێت و یەکێکیش بە ڕەهایی دەدۆرێت. بەدەر لەم لۆژیکە دارستانییە ترسناکەکەی پەلاماردانەکە، کە لۆژیکی بەر لە دروستبوونی کۆمەڵگا و دەوڵەتە، ئەوەی روویدا، جۆرێکە لە «فیتنەی سیاسیی» کە لۆژیکی هێز و دەسەڵاتێکی کۆنترۆڵ نەکراو، تا ئاستی سڕینەوە و کوشتن، ئاراستەی دەکات. ئەوەی لەم ململانێیەدا غائیبە پرۆژە و دید و خواست و پلان و بەرنامەی سیاسیی و جیهانبینی جیاوازە. هەردوو ئامۆزاکە کۆپییەکی تەواوی یەکترین و دوو هەڵقەی یەکتری تەواوکەری ناو یەک سیستمی ویراسیین، کە تیایدا دەسەڵات لە باوکەوە بۆ کوڕ و برازاکان ماوەتەوە. ئەوەی روویدا بەریەکەوتنێکی خوێناوی کەسە جیاوازەکانی ناو هەڵقە داخراوەکەی کۆشکە سوڵتانیی و شاهانەکە بوو، یەکێکیان ئەویتریانی گرت و کۆتایی بە ئەستێرەی سیاسیی و تەماحەکانی دەسەڵاتی ئەویتریان، هێنا. دوای ئەم کۆتاییهێنانە کوتوپرەش، ئێستا نۆرە هاتۆتە سەر حیکایەتەکانی ئەو ململانێ خوێناوییەی ناو کۆشکەکە، ئەو گوتارانەی دێن و دەیانەوێت گەمەی رەوایەتییبەخشین لەگەڵ کۆمەڵگاکەدا بکەن. هەردوو گوتارەکەش یەک لۆژیک ئاراستەی دەکات: لۆژیکی من قوربانیم و لایەنەکەی تر ناپاکە. ئەم جۆرە حیکایەتانە، هەمیشە حیکایەتی خیانەت و پیلان و ناپاکییە، ئەمیان ئەویتریان بە ئەنجامدانی ئەو کارانە تۆمەتبار دەکات. ئەمیان باس لە دروستکردنی بەرەی نهێنی، مانۆری سیاسیی پشتی دەرگا داخراوەکان، پیلانی کوشتن، سیاسەتی پشت پەردە، رێکەوتنی ژێربەژێر، گۆرینی وەلا و گواستنەوەی سەنگەر، بەرامبەر بەویتریان دەکات. رەنگە بڕێک لەو حیکایەتانە راستبن، بەڵام ئەم «راست» بوونەیان هیچ نرخێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقیی نییە، تا لانیکەم لایەنێکی سەربەخۆ لێیان نەکۆڵێتەوە و راستیی و ناڕاستیان دەربخات. بە کورتییەکەی ئەوەی لەم جۆرە ململانێیەدا غائیبە یاسا و بڕیاری سیاسیی ئاشکرا و هەستکردن بە لانی هەرەکەمی بەرپرسیارێتییە. بەتایبەتی گەر ئەو راستییەمان زانی کە ئەم نەوە تازە ویراسییە حوکمڕانە لە کوردستاندا، تاقە شتێک وایکردوە بچێتە پێگەی دەسەڵاتەوە، ئەو راستییەیە کە ئەمانە باوکیان حوکمڕان بووە و لەو باوکەوە دەسەڵاتیان بە ویراسی بۆ ماوەتەوە. لەم جۆرە دۆخانەدا ئەوەی کاردەکات و ململانێکان ئاراستە دەکات هێزی رووتە، هێزێک هیچ یاسایەک و هیچ دەزگایەک و هیچ داوەرێک و هیچ بەشێکی کۆمەڵگاکە توانای لێپرسینەوە و داوەریکردنی نییە، بەوجۆرەش حوکمدەکات کە هێزی رووت مەیسەری دەکات. هەر ئەم هێزە رووتەیە، وایکردوە ئەوەی لەم ساتەوەختەدا بریارەکان بدات، نەوەی دووهەم و سێهەمی بنەماڵە سوڵتانییەکان بێت. ئەمانیش کوردستان و خەڵکەکەی وەک موڵکی شەخی خۆیان وەک ماڵ و موڵکێکی تایبەت مامەڵەبکەن. ئەو ئایدیالە سیاسییەش کە هەڵگرین، دەسەڵاتێکی قسەکەر و بەرهەمهێنەری گوتارە، بەرامبەر بە رەعیەتێکی بێدەنگ و بێنوزەی سەرلەقێن. لەبەردەمی ئەم نەوە تازەیەدا هەموو کەسێک لە وڵاتەکەدا تاوانبارە، کاتێک پرسیار لە شەرعیەت و عەقڵیەت و تێگەیشتنی ئەوان بۆ خۆیان و بۆ کۆمەڵگاکە و بۆ دەسەلات و بۆ جیهان، دەکات. تاوانباربوون لای ئەوان گرێدراوە بە تەسلیمنەبوون بە خودئەڤینیی و نارسیزمی بیماریی ئەو لەشکرە لە ئەمیر و ئەمیرەی خاوەن دەسەڵاتەوە. ئەوەی لەم دۆخەدا حومکڕانە، نە یاسایە، نە دەزگایە، نە ئەم یان ئەو گرێبەستی کۆمەڵایەتییە، نە فڵان یان فیسار پرنسیپی ئەخلاقییە، بەڵکو سایکۆلۆژیای ڕووت و چاودێرینەکراوی ئەو ئەمیر و ئەمیرانەیە وەک حوکمڕانی رەها و کەسی ژمارە یەک و بازنە داخراوەکەی ناو سیستمە سیاسییەکە. ئەوەی لە لالەزاردا ڕوویدا درێژکراوەی لۆژیکی ناوەکیی تەوریسی سیاسییە بۆ ئاستی خواستی قۆرخکردنی دەسەڵات لەلایەن ئەمیرێک لە ئەمیرەکانی ناو خێزانە سوڵتانییەکەوە. هەم بافڵ تالەبانی و هەم لاهوری شێخ جەنگی دوو هەڵقەی جیاوازیی ناو یەک لۆژیکی تەوریسکردنی دەسەڵاتن. ململانێکەیان لەسەر سەرمایەی مادیی و سەرمایەی رەمزی حیزبەکەیانە، هەرکەسێکیان بۆی بکرێت و بۆی بکرایە ئەویتریانی لەناودەبرد. لەمەدا هیچ جیاوازییەک لەنێوان ئەو دوو بکەرە سیاسییەدا نییە. تەوریسی سیاسیی لەعنەتی ژمارە یەکی ناو ژیانی سیاسی کۆمەڵگای ئێمەیە. داخستنی کایەی سیاسییە بە رووی چەند خێزان و بنەماڵەیەکی دیاریکراودا. بەحوکمی ئەوەیس کە کایەی سیاسیی دەستنیسانی چۆنیەتی ئیشکردنی لۆژیکی کایەکانی تر دەکات، بۆیە قۆرخکردنی دەسەڵاتی سیاسیی مانای قۆرخکردنی سەرجەمی دەسەڵاتە سەرەکییەکانی تری ناو کۆمەڵگاکە. داهێنەر و پیادەکەری ژمارە یەکی ئەم مۆدێلە ویراسییە لە کوردستاندا، پارتی دیموکراتی کوردستانە. لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتیدا نەوەی یەکەم و دووهەم و سێهەمی بارزانییەکان، سەرجەمی دەسەڵاتە سەرەکییەکانیان قۆرخکردوە. لە دەسەڵاتی سیاسیی و سەربازیی و ئەمنییەوە بیگرە، بۆ دەسەڵاتی ئابوریی و میدیایی، تا بە کۆنترۆڵکردنی ئۆرگانەکانی کۆمەڵگای مەدەنیش دەگات. لە ئێستادا ئەم مۆدێلە سوڵتانییە، بووە بە مۆدێلی باڵادەست لە هەرێمدا و هێزەکانی دەرەوەی پارتیش لەناو ئەو ئاوە سوڵتانیەدا مەلە دەکەن کە پارتی سالانێکی درێژە ڕشتویەتی. ئەم مۆدێلە لە ئێستادا و لەپاڵ لەعنەتی نەوتدا، کۆپیەکی خراپی مۆدێلی شێخنشینە گەندەڵ و دەسەڵاتگەرە نەوتاویەکانی، خەلیجە. پرسیارەکە ئەوەیە چی وا لەو ژمارە زۆرە لە گەنجان دەکات بچنە رىزی هێزە سەربازیی و میلیشیایەکانی ئەم مۆدێلە سوڵتانییەوە. رەنگە ژمارەیەکی کەمیان لە قەناعەت و باوەڕبوونەوە بەو کەسایەتییە سیاسییانەوە ئەم بڕیارەیان دابێت. بەڵام پێناچێت ئەمە دۆخی زۆرینەی ئەو گەنجانە بێت، کە لە رووداوێکی وەک رووداوەکەی لالەزاردا گیانیان لەدەستدا و کوژران. بەهۆی دۆخی ئابوریی داڕماوی هەرێمەکە و بەهۆی نەمانی هیچ ئومێدێک بە ئایندەیەکی باشتر، هەزاران هەزار گەنجی ئەم وڵاتە، ناچارکراون بچنە ناو ریزەکانی ئەم هێزانەوە و ببنە سووتەمەنی شەڕ و تەسفیەی حساباتی ئەمیرە سیاسییەکان لەگەل یەکتریدا. دیاردەی «حیزبی چەکدار» خۆیشی، ژێرخانی بەشێکی گەورەی ئەو کارەساتانەیە لە هەرێمدا روودەدەن. دروستکردنی میلیشییای تایبەتیش، کە بە ئەمری ئەم یان ئەو ئەمیری سیاسیی دەجوڵێن و کاردەکەن، ئامرازی سەرەکیی هێشتنەوەی سیستمە سیاسییە سوڵتانیەکە و سەپاندنی دەسەڵەتەکەیەتی لە کۆمەڵگاکەدا. چەک شوێنی متمانەکردنی گرتۆتەوە. دروستبوونی بازاڕێکی گەورەش بۆ چەکداربوون، بازارێک دەشێت ناویبنێین «بازاڕی میلیشیا»، کۆڵەکەیەکی تری ئەو سیستمەیە کە دیاردەی وەک رووداوەکەی لالەزار و هاوشێوەکانی، مەیسەر دەکات. لەم بازارە میلیشییایەدا ملیۆنێر و ملیاردلێرە سیاسییەکانی دونیای دوای راپەرین و بەشێکی بەرچاوی گەنجە بێکار و بێئومێدەکان بەیەک دەگەن، ئەمیان ئەویتریان دەکڕێت و لە سیاسەتی سەپاندنی خواست و چەسپاندنی دەسەڵاتەکانیدا بەکاریان دەهێنێت. ئەم دۆخە تایبەتە کۆمەڵگای ئێمەی گۆڕیوە بۆ ئەو «کەمپ»ەی فەیلەسوفی ئیتالی، جۆرجیۆ ئاگامبن، باسیدەکات. کەمپێک بەشێوەیەکی بەردەوام لە «دۆخی نائاسایی» و «دۆخی ناوازە»دا دەژیی. دۆخێک لەناویدا هیچ بوونەوەرێک خاوەنی هیچ جۆرە مافێک نییە، بە مافی هەبوون و پاراستنی ژیانیشەوە. هەموو سیستمێکی سیاسیی بۆ ئەوەی بتوانێت لانی هەرەکەمی دادپەروەریی و کەرامەت پارێزیی تێدابێت، پێویستی بە بوونی کۆمەڵێک پرنسیپی ئینسانییە کە کەس نەتوانێت لێیان لابدات. ئەو پرنسیپانەش پێویستە لەناو دەستورێکدا جێگیرکرابن کە سنوور و یاسا و جۆری بەرپرسیاریەت هەم بۆ دەسەڵاتداران و هەم بۆ هاولاتیان دابنێت. دوای ئەوە ئیرادەیەکی سیاسیی و پێکهاتێکی دەزگایی پێویستە بتوانن و بخوازن ئەو پرنسیپانە بخەتەکار و لەناو ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و یاسایی و ئابوریدا بەگەڕیان بخەن. نەبوونی ئەمانە وادەکات ئەوەی ژیانی سیاسیی ئاراستەبکات، بریتییبێت لە هەست و سۆز و هەڵچوون و داچونی سایکۆلۆژیی حوکمڕانان، یان نارسیزم و خوئەڤینیی بیمار و پاسۆلۆژیانەی کەسایەتییە باڵادەستەکان، یان سەرەڕۆیی و بێباکی حومکڕانان، یاخود باڵادەستبوونی لۆژیکی قازانجی شەخسیی و خێزانیی و بنماڵەیی، یان رق لەوانیتر، هتد... ئەوەی لە سیاسەتی کوردیدا غائیبە ئەو پرنسیپانەیە کە باسمکردن. شەوەکەی لالەزار ماڵى خوشکەکەم، کە چەند سەد مەترێک لە لالەزارەوە دوورە، چەندان گولەی بەرکەوت. چەند گولەیەکیان بەر ئوتۆمۆبێلەکانیان کەوتبوو بەشێوەیەک هەرکەسێک لەو ساتەدا لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بووایە دەکرا بکوژرایە و ژیان لەدەستبدات. تانکی نەوتەکەیان لەسەربان جەند گولەیەکی بەرکەوتبوو، شانسیان هەبوو تانکیەکە گری نەگرتبو و ماڵەکەیان نەسووتا. پەنجەرە و دەرگای ماڵەکەیان زیاد لە گولەیەکەی بەرکەوتبوو. شەوەکەی لالەزار شەوێکی جەهەنەمی بوو بۆ ماڵی ئەوان، وەکچۆن شەوێکی جەهەنەمی بوو بۆ خەڵکێکی زۆر لە شاری سلێمانیدا. بەبێ دەسکاریکردنێکی ریشەیی سیستمە سیاسییەکە لە هەرێمدا، چەندان لالەزاری دیکە لە پێشمانەوەیە.
درەو: ئاراس شێخ جەنگی بە (درەو)ی راگەیاند: بە (15) هەمەر و باجەر و لۆریەوە چونەتە سەر ماڵەكەم لە كەلكان و كەلوپەلەكانیان بردووە، ئەوان بە بیانووی گەڕان بەدوای ئاسۆی شێخ جەنگی چونەتە گوندەكە. ئاراس شێخ جەنگی برای لاهور شێخ جەنگی كە لە ئێستادا لەدرەوەی وڵاتە بە (درەو)ی راگەیاند بەڵێ ئەم بەیانییە هێزێكی زۆر بە (15) هامەر و باجەر و تەنانەت لۆریشیان پێبوو چونەتە سەر گوندی كەلكان شوێنی لە دایكبوونمان و چونەتە سەر ماڵەكەم و بە لۆری كەلو پەلەكانیان بردووە. ئاراس شێخ جەنگی ئەوەشی بە (درەو) وت بڕیار بوو ئەم ماوەیە بێدەنگ بم و قسە نەكەم هەتا دۆخەكە ئاسایی دەبێتەوە، بەڵام ئێستا چۆنەتە سەر ماڵەكەم هەر دەبێت قسە بكەم، ئەوان بە بیانووی گەڕان بەدوای ئاسۆی شێخ جەنگی چونەتە ئەوێ. بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) كە لەگەڵ بەشێك لە خانەوادەكەی قسەی كردووە، هێزەكە چونەتە سەر گوندی كەلكان، بە بیانووی گەڕان بەدوای ئاسۆی شێخ جەنگی كە لە شەڕەكەی لالەزار خۆی دەرباز كردووە، یەكێك لە ئەندامانی خانەوادەكەی بە (درەو)ی وت، هێزەكە چونەتە سەر ماڵی ئاسۆی شێخ جەنگی، ئاراس شێخ جەنگی، ئاواز شێخ جەنگی و چەند ماڵێكی تر بە بیانووی گەڕان بەدوای ئاسۆ شێخ جەنگی. ئەو سەرچاوەیە بە (درەو)ی راگەیاند ئاسۆی شێخ جەنگی دوای دەرباز بوونی لە لالەزار و ئێستا خۆی شاردووەتەوە. لە ئێستادا (ئاراس شێخ جەنگی، ئاسۆ شێخ جەنگی، ئاكۆ شێخ جەنگی، ئاواز شێخ جەنگی، هاوسەرو منداڵەكانی لاهور شێخ جەنگی) لەدەرەوەی وڵاتن، ئەوەی لە هەرێم ماونەتەوەو سەرقاڵی بەدواداچوونی كەیسەكەی لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگین و هەریەك لە (هیوا شێخ جەنگی) و (ئاوات شێخ جەنگی) خوشكی لاهور شێخ جەنگیە، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) چەند جارێك گفتوگۆ هەبووە لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی بۆ بینین و هەواڵپرسینی لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی.
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو) بەشی یەکەم ماوەی زیاد لە مانگێکە من لە کوردستانم، بە پلەی یەکەم لە سلێمانیم. ئەم گەڕانەوەیشم وەک هەموو گەرانەوەکانی پێشتر پڕبوو لە دۆست و هاورێ و خەڵک بینین. لە هەر گەڕانەوەیەکدا چەندان وێنەی جیاواز و ناکۆک بەیەکتری دەبینم. هەندێک لە وێنانە وەز و گوڕێکی زیندوو بە مرۆڤ دەبەخشن و دڵ بەوە خۆشدەکەن کە لەم بەشەی جیهاندا کەسانێک دەژین مرۆڤن بە مانا راستەقینەکەی مرۆڤبوون. کەسانێکن خەمی خۆیان و خەمی ماڵ و منداڵ و دۆست و هاوڕێ و کەسە نیزکەکانیان دەخۆن، ئەو ژینگە راستەوخۆیەش کە تێیدا دەژین بەشێکە لەو خەمانەی رۆژانە پێوەی گیرۆدەن، ئینجا خەمی شار و خەمی ئەو ژیانە گشتییەی تیایدا ئامادەن. زۆرینەی ئەم کەسانە بەبێ هیچ فێڵ و فریوێک، بەبێ نیازێکی شاراوەی بە دەمامک داپۆشراو سەیری یەکتری دەکەن. ڕاستییەکان وەک خۆی و بە رووتیی دەبینن، نەک بەو شێوەیەی ئارەزووی بینینیان بکەن. ئەم بەشەی کۆمەڵگاکە کەسانێکن نەرم و نیان و میهرەبان. کە قسەدەکەن بە دڵسۆزییەوە قسە دەکەن، بەشێکی زۆری ئەو قسسانەش لەگەڵ قەناعەتی ناوەکیاندا گونجاوە. زۆرینەیان شتێک ناڵێن باوەڕیان پێینەبێت. دەستەکانیشیان پاک و کراوەن، ئامادەی یارمەتیدانی کەسانیترن، دوورن لە ئیستغلالکردن و دەستپیسیی و فێڵکردنەوە. کارەکانیان بەقەد قورسایی خۆیان سوودیان بۆ کەسانی تریش، هەیە. بڕێکی زۆریان دوورن لە ساختەکارییەوە. تا ئەو شوێنەی بتوانن و دەسەڵاتیان بەسەردا بشکێت سوودیان بۆ کەسانی دیکە هەیە. خاوەنی دڵێکی پاک و بێتەماحن، خاوەنی ویژدانێکی پاکژیشن، شتێکی زۆریان لە بەزەیی تێدایە، بینینی ئازارەکانی کەسانیتر ئازاریان ئەدات. خۆبەزلزانین و کەسانیتر بە هیچ و گەمژەزانیان تێدانییە، هەڵگری غرورێکی بیمار و نەخۆشیش نین. لە ڕووی ئەخلاقییەوە کەسانێکی پاک و نەزیهن، زۆربەی جار قسە و کردەوەکانیان هاوئاهەنگە، شتێک لە دادپەروەریی لە ئەخلاقیاندا هەیە و ئامادەیە. خەمباردەبن، کاتێک دۆخێک دێتەپێشەوە دەخوازێت خەمباربن و دڵخۆش و سادەشن کاتێک دلخۆشبوون و سادەبوون لەناو ئەگەرەکانی ئەو ساتەوەختەدان کە تیایدا دەژین. شتێکیش لە ئەخلاقیاتی بوێریان تێدایە وایان لێدەکات بە ئاشکرا بە خراپ بڵێن خراپ و بە باشیش بڵێن باش. بە کورتییەکەی ئەم بەشەی کۆمەڵگاکە، لە کەسانێک پێکهاتوە کە ڕاستگۆ و چاکەکارن، خۆیان لە خراپەکاریی بەدووردەگرن، جێی متمانەن و بە درۆ خۆیان ناکەن بە دۆست و هاوڕێ و هاوسێ و هاوشاری یەکتری. ئەم جۆرە کەسانە بەر لە هەمووشتێک پەیوەندییەکی پاکژیان لەگەڵ خۆیاندا هەیە، نە سوکایەتی بەخۆیان و نە بەکەسانیتر قبووڵدەکەن، هەم راستگۆن لەگەڵ خۆیاندا هەم لەگەڵ کەسانیتریشدا. ئەمانە پەیوەندییەکی کراوە و ئەخلاقیشیان لەگەڵ «ئەویتر»ی جیاواز و لەخودنەچوودا هەیە. کەسانێکن جێی متمانە و دەکرێت پشت بە قسە و بەڵێنەکانیان ببەسترێت. لەبەردەمی کەسدا دەمامک ناپۆشن و خۆیان ناکەنە بە کەسێک کە خۆیان نییە. کەرامەتی مرۆڤەکانی تر دەپارێزن و هەرگیز کەسانی تر وەک بوونەوەری بچووک و گرگن سەیرناکەن. پەیوەندیشیان بە هەقیقەتەوە پەیوەندییەکی راستگۆیانەیە، لەوە ئاگادارن هەموو راستیی و هەقیقەتەکان لای ئەوان نییە. کراوەن بۆ گوێگرتن و بیستنی شتی جیاواز. پەیوەندیشیان بە جیهانەوە پەیوەندییەکی کراوەیە، ئەوان گەمژە نین و دیوە سەخت و ناقۆڵاکانی ژیان ئەبینن، بە گرفتە گەورەکان ئاشنان، بەڵام نایانەوێت و خۆیان دەپارێزن لەوەی ببن بە بەشێک لە ناشیرینییەکانی دەوروبەریان. رێز لە خۆیان و لە بەرامبەرەکەیان دەگرن، بەرگریش لە پێکەوەژیانێکی هێمن و ئاشتیخوازانە دەکەن. بەشێکی گەورەی ئەم مرۆڤانە مرۆڤی ئیشکەر و خاوەن کار و کاسب و خاوەن خەون و خاوەن بەرپرسیارێتی تایبەتن. هەم خۆیان و هەم ماڵ و منداڵ و خوشک و براکانیان دەژیەنن. ئەمانە بەشە زیندو و بەرچاوەکەی خەڵکی شارن، لەناو دوکان و بازاڕ و قەیسەری و کێلگە و کارخانە و و چاخانە و قوتابخانە و مزگەوت و یانە سادەکانی شاردا ئامادەن. ئەمانە کاردەکەن و ماندوو دەبن، هەم خۆیان دەژیەنن و هەم کەسە نزیکەکانیان، هەم پێدەکەنن و هەم خەمبار، هەم دڵخۆشدەبن و هەم دلیىشیان بە قووڵی دەشکێت. زۆرینەی ئەم کەسانە لە سیاسەت و حیزب و بنکە و مقەر و مەڵبەند و لق و بارەگا حیزبییەکان دوورن. سەر بە هیچ پارتێکی سیاسیی نین، گوێ لە هەواڵ و درۆ و دەلەسەی هێزە سیاسییەکان ناگرن. بەلایانەوە گرنگ نیی کام کەسی ئەم یان ئەو بنەماڵەی سیاسیی حوکمڕانە، کام منداڵی ملیۆنێریان لەسەر شاشەکان دەردەکەون، کامیان خاوەنی زانکۆیە و کامیان دەزگای خێرخوازیی هەیە، کامیان چ میدیایەکی لەژێر دەستدایە و کام رۆشنبیر و هونەرمەندیش لەو دەزگایانەدا کاردەکەن. ئەەمانە ململانێی نێوان نەوە تازە و کۆنەکانی ناو بنەماڵە حوکمڕانەکانیشیان بەلاوە گرنگ نییە، بەلایەنەوە مەسەلەیەک نییە کێ لە کێ دەباتەوە و کامیان ئەویتریان دەگرێت و زیندان دەکات، یان کامیان ئەویتریان بێهێز دەکات و پەراوێزی دەخات. ئەم بەشە لە کۆمەڵگاکە لە رووی سیاسییەوە پاسیڤ و بێکردە و بێجوڵە نییە، ئەوەش نییە خاوەنی هۆشیارییەکی رەخنەیی نەبێت، ئەوەی ئەم بەشەی کۆمەڵگاکە دەیکات، تەڵاقدانی سەرجەمی کایە سیاسییەکەیە، بە سەرجەمی بکەرەکانی ناوییەوە. بە هێزە دینیی و نادینییەکانیشەوە. ئەمانە لە ڕێگای بەشدارینەکردن لە گەمە سیاسییەکان و لە میکانیزمە سەرەکییەکانی بەڕێوەبردنی پێگە سیاسییەکانی ناو کایەکەوە، لە پێش هەمووشیانەوە، بەشدارینەکردن لە گەمەی بێمانا و بێنرخکراوی هەڵبژاردەکاندا، دید و کردەی سیاسیی خۆیان نیشانئەدەن. بە حوکمی ئەوەیش کایەی سیاسەت لە هەرێمەکەدا پیسترین و ناشیرترین کایەکانی ناو کۆمەڵگاکەیە، بەشدارینەکردن لە کردەی سیاسیدا، مانای نەچوونە ناو ئەو حەوزە سیاسییە پیسەوەیە لە هەرێمەکەدا دروستبووە. ئەمەش بەر لەوەی هەڵوێستێکی سیاسیی بێت و هێما بۆ ناچالاکبوونی سیاسیی ئەوان بکات، هەڵوێستێکی ئەخلاقییە، هێما بۆ بەشدارنەبوون دەکات، لە کردەی درێژەدان بە دروستکردنی دونیایەکی سیاسیی تەواو ناشیرن و خراپ و وێرانکەردا. هێما بۆ پاراستنی ئەو لانیکەمە لە پاکژیەتی ئینسانیی دەکات، لەناو سیستێمێکی تەواو بۆگەندا. ئەگەرچی ئەمجۆرە بەشدارینەکردنە دەشێت بەشێوەیەکی ڕەها لێکبدرێتەوە و وەک خیانەتکردن لە سروشتی مرۆڤ وەک مرۆڤ ببینرێت. بە تایبەتی بەپێی ئەو کەلەپورە ئەرستۆییەی پێیوایە مرۆڤ ئاژەڵێکی سیاسییە و سیاسەت بەشێکە لە پێکهاتەی ناوەکیی مرۆڤ. دەڵێم راستە دیوێکی ئەم بەشدارینەکردنە دەمانخاتە ناو ئەو کێشە فەلسەفیی و فیکرییەوە، بەڵام ئەوەی دەبێت ئاشکرابێت ئەوەیە کە بریاری بەشدارینەکردنی ئەم بەشەی کۆمەڵگا لە گەمە سیاسییەکاندا، خۆی لە خۆیدا بڕیارێکی سیاسییە. هەڵبژاردنی بەشدارینەکردن خۆی هەڵوێست و خۆبەیانکردنێکی سیاسییە. بۆ نموونە، ڕەتکردنەوەی بەشداریکردن لە دەنگداندا دەتوانێت هێما بۆ ئەم راستییە ترسناکە بکات: باوەڕنەمانی ئەم بەشەی کۆمەڵگاکە بە شەرعیەتی سیستەمەکە و بە شەرعیەتی گەمەکەرە سیاسییەکانی ناوی، چ ئەوانەی کە حوکمڕانن و چ ئەوانەیش کە رۆلی ئۆپۆزیسیۆنێکی ئیفلیج دەبینن. لە راستیدا دەتوانین تا ئەو شوێنە برۆین و بڵێین بەشدارینەکردن لە یارییە سیاسییەکاندا جۆرێک لە یاخیبوونی بێدەنگ. یاخیبوون لە ڕێگای بەدەمەوەنەچوونی یارییە گەندەڵەکانی ناو کایە سیاسییەکەوە. ئەەمەیە وادەکات ئەم جۆرە بەشدارینەکردنە نکوڵیکردن لە سیاسەت لە دونیای ئێمەدا نەبێت، بەڵکو شێوەیەکی هۆشیار و بێدەنگی یاخیبوونی سیاسیی بێت بەگژ سیاسەتێکدا لەوە کەوتوە سیاسەت بێت. واتە کردەیەک بێت رووی لە باشترکردن و بەرەوپێشەوەبردنی ژیانی گشتیی و پێکەوەیی کۆمەڵگاکە بێت.
درەو: 🔹 لە دوو دەیەی ڕابردووداو لە یەکەم خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، تا هەڵبژاردنی خولی شەشەم کە بڕیارە لە (11/11/2025) بەڕێوەبچێت، ژمارەی گشتی ئەوانەی لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی و دهۆک) مافی بەشداریکردنیان هەبووە/هەیە لە (2 ملیۆن و 290 هەزار و 736) هاوڵاتییەوە بۆ (3 ملیۆن و 883 هەزار و 501) هاوڵاتی بەرزبووتەوە، بەو مانایایەی لە ماوەی (2005 – 2005) بەڕێژەی (70%) و (ملیۆنێک و 592 هەزار و 765) هاوڵاتی نوێ مافی بەشداریکردنیان بەدەستهێناوە. 🔹 لە هەڵبژاردنی خولی دووەم لە ساڵی (2010)ەوە بۆ خولی شەشەم لە (2025)، ژمارەی گشتی دەنگدەر لە پارێزگای هەولێر (54%) و سلێمانی (40%) دهۆک (64%) زیادی کردووە. 🔹 بەپێی دوا ئاماری کۆمسیۆن لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم، بۆ خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەوانەی مافی بەشدارییان هەیە ژمارەیان (3 ملیۆن و 883 هەزار و 501) هاوڵاتییە و (79%) بایۆمەتریان هەیەو (21%)یان بایۆمەترییان نەکردووە. یەکەم؛ ژمارەو ڕێژەی گەشەی گشتی دەنگدەر لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 2005 – 2025 لە دوو دەیەی ڕابردووداو لە یەکەم خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کە لە (30/1/2005) لەسەر ئاستی گشتی عێراق بە یەک بازنەی هەڵبژاردن بەڕێوەچوو، ژمارەی گشتی ئەوانەی لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی و دهۆک) مافی بەشداریکردنیان هەبوو لە هەڵبژاردنەکەدا (2 ملیۆن و 290 هەزار و 736) هاوڵاتی بوون، تا هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەران کەوا بڕیارە لە (11/11/2025) بەڕێوەبچیت، ئەو ژمارەیە بۆ (3 ملیۆن و 883 هەزار و 501) هاوڵاتی لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان بەرزبووتەوە، بەو مانایایەی لە ماوەی (2005 – 2005) بەڕێژەی (70%) و (ملیۆنێک و 592 هەزار و 765) هاوڵاتی ژمارەیان زیادی کردووەو مافی بەشدارییان بەدەستهێناوە، ئەگەر وردتری بکەینەوە، ئەوا؛ 1. لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە (30/1/2005) لەسەر ئاستی عێراق بە یەک بازنەی هەڵبژاردن بەڕێوەچوو، ژمارەی گشتی ئەوانەی لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی و دهۆک) مافی بەشداریکردنیان هەبوو لە هەڵبژاردنەکەدا (2 ملیۆن و 290 هەزار و 736) هاوڵاتی بوون، بەراورد بە خولی یەکەمی هەڵبژاردن. 2. لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە (7/3/2010) لەسەر ئاستی عێراق بە (18) بازنەی هەڵبژاردن بەڕێوەچوو، ژمارەی گشتی ئەوانەی لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی و دهۆک) مافی بەشداریکردنیان هەبوو لە هەڵبژاردنەکەدا (2 ملیۆن و 590 هەزار و 274) هاوڵاتی بوون، بەم پێیە ژمارەی ئەوانەی لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مافی بەشداییان هەبوو (299 هەزار و 538) هاوڵاتی بە ڕێژەی (13%) زیادیانکردووە. 3. لە خولی سێیەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە (30/4/2014) لەسەر ئاستی عێراق بە (18) بازنەی هەڵبژاردن بەڕێوەچوو، ژمارەی گشتی ئەوانەی لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی و دهۆک) مافی بەشداریکردنیان هەبوو لە هەڵبژاردنەکەدا (2 ملیۆن و 717 هەزار و 82) هاوڵاتی بوون، بەم پێیە ژمارەی ئەوانەی لە خولی سێیەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مافی بەشداییان هەبوو (126 هەزار و 808) هاوڵاتی بە ڕێژەی (5%) زیادیانکردووە، بەراورد بە هەڵبژاردنی پێش خۆی. 4. لە خولی چوارەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە (12/5/2018) لەسەر ئاستی عێراق بە (18) بازنەی هەڵبژاردن بەڕێوەچوو، ژمارەی گشتی ئەوانەی لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی و دهۆک) مافی بەشداریکردنیان هەبوو لە هەڵبژاردنەکەدا (3 ملیۆن و 144 هەزار و 730) هاوڵاتی بوون، بەم پێیە ژمارەی ئەوانەی لە خولی چوارەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مافی بەشداییان هەبوو (427 هەزار و 648) هاوڵاتی بە ڕێژەی (16%) زیادیانکردووە، بەراورد بە خولی سێیەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. 5. لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە (10/10/2021) لەسەر ئاستی عێراق بە (83) بازنەی هەڵبژاردن بەڕێوەچوو، ژمارەی گشتی ئەوانەی لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان (هەولێر (4) بازنەی هەڵبژاردن، سلێمانی (5) بازنەی هەڵبژاردن و دهۆک (3) بازنەی هەڵبژاردن بوو) مافی بەشداریکردنیان هەبوو لە هەڵبژاردنەکەدا (3 ملیۆن و 450 هەزار و 773) هاوڵاتی بوون، بەم پێیە ژمارەی ئەوانەی لە خولی چوارەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مافی بەشداییان هەبوو (306 هەزار و 43) هاوڵاتی بە ڕێژەی (10%) زیادیانکردووە، بەراورد بە خولی خولی چوارەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. 6. لە خولی شەشەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کەوا بڕیارە لە (11/11/2025) لەسەر ئاستی عێراق بە (18) بازنەی هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت و هەر پارێزگایەک بازنەیەکی هەڵبژاردن پێکبهێنێت، ژمارەی گشتی ئەوانەی لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی و دهۆک) مافی بەشداریکردنیان هەیە لەم هەڵبژاردنەدا (3 ملیۆن و 883 هەزار و 501) هاوڵاتین، بەم پێیە ژمارەی ئەوانەی لە خولی شەشەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مافی بەشداییان دەبێت (432 هەزار و 728) هاوڵاتی بە ڕێژەی (13%) زیادیانکردووە، بەراورد بە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. بۆ وردەکاری و بەرچاوڕوونی زیاتر لەسەر بڕو ڕێژەی گەشەی ژمارەی گشتی دەنگدەر لەسەر ئاستی گشتی هەرێم و پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی و دهۆک) بڕوانە خشتەی ژمارە (1)، کە بە جۆرێک لە هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی (2010)ەوە بۆ خولی شەشەم لە (2025)، ژمارەی گشتی دەنگدەر لە پارێزگای هەولێر (54%) و (492 هەزار و 427) کەس، سلێمانی (40%) و (434 هەزار و 442) کەس و دهۆک (64%) و (366 هەزار و 358) کەس زیادیان کردووە. خشتەی ژمارە (1) یەکەم؛ ژمارەی گشتی دەنگدەر لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وا بڕیارە لە (11/11/2025) خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت، ئەم هەڵبژاردنە هەر پارێزگایەک و بازنەیەکی هەڵبژاردن دەبێت، بەم پێیەش هەرێمی کوردستان دابەشی سەر سێ بازنەی هەڵبژاردنی (هەولێر، سلێمانی و دهۆک بووە) بە پێی دواین ئامارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە دوا نوێکردنەوەی (4/8/2025)ە، لەسەر ئاستی هەرسێ بارێزگاکەی هەرێمی کوردستان؛ ئەوانەی مافی بەشدارییان هەیە ژمارەیان: (3 ملیۆن و 883 هەزار و 501) هاوڵاتییە. ئەوانەی بایۆمەتریان كردووە ژمارەیان:(3 ملیۆن و 070 هەزار و 839) هاوڵاتییە بە رێژەی 79%. ئەوانەی بایۆمەتریان نەكردووە ژمارەیان: (812 هەزار و 662) بە ڕێژەی (21%). ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە و ژمارەیان: (3 ملیۆن و 883 هەزار و 501) هاوڵاتییە، بەجۆرێک دابەشبوون بەسەر پارێزگانی هەرێمی کوردستان، وەک؛ پارێزگای هەولێر: (ملیۆنێک و 410 هەزار و 112) هاوڵاتی. پارێزگای سلێمانی: (ملیۆنێک و 530 هەزار و 893) هاوڵاتی. پارێزگای دهۆك: (940 هەزار و 496) هاوڵاتی. ئەوانەی بایۆمەتریان كردووە كۆی گشتی ژمارەیان (3 ملیۆن و 70 هەزار و 839) هاوڵاتییەو دابەشبوون بەسەر پارێزگانی هەرێمی کوردستان، وەک؛ پارێزگای هەولێر: (ملیۆنێک و 88 هەزار و 601) هاوڵاتی بەڕێژەی (77%). پارێزگای سلێمانی: (ملیۆنێک و 202 هەزار و 502) هاوڵاتی بەڕێژەی (78%). پارێزگای دهۆك: (779 هەزار و 736) هاوڵاتی بەڕێژەی (83%). ئەوانەی بایۆمەتریان نەكردووە كۆی گشتی ژمارەیان (662 هەزار و 812) هاوڵاتییەو دابەشبوون بەسەر پارێزگانی هەرێمی کوردستان، وەک؛ پارێزگای هەولێر: (321 هەزار و 511) هاوڵاتی بەڕێژەی (23%). پارێزگای سلێمانی:(330 هەزار و 391) هاوڵاتی بەڕێژەی (22%). پارێزگای دهۆك: (160 هەزار و 760) هاوڵاتی بەڕێژەی (17%). بۆ بەرچاوڕونی بڕوانە خشتەی ژمارە (2) و گرافیکەکانی هاوپێچ.
درەو: (ئاییندەی ژینگە) گۆشەیەكی هەفتانەیە مەعروف مەجید سەرۆكی رێكخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە رۆژانی شەممە بۆ (درەو) دەینوسێت 🔹 هەرێمی کوردستان، پشت بە سەرچاوەی جیاواز دەبەستێ بۆ بەرهەمهێنانی ووزە. لە ساڵی 2008 بەڕێژەی (90%) بە گازوایل کارەبا بەرهەمدەهێنرا. لە ئێستادا هەرێمی کوردستان، خاوەنی نزیکەی (4 هەزار و 500) مێگاواتە، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، بە کەرتی گشتی و تایبەت، بەشێکی ئەو وێستگانەی کاردەکەن، دۆستی ژینگەن و بەشێکیشی تا ئێستا کاریگەری خراپی لەسەر ژینگە هەیە. 🔹 لە ساڵی 2025، نیوەی زیاتری بەرهەمهێنانی کارەبا سەرچاوەکانی دۆستی ژینگەن، یا زیانیان بۆ ژینگە کەمترە. لە ئێستادا وەزارەتی کارەبا، کار دەکات بۆ بەرهەمهێنانی (300) مێگاوات کارەبا لە تیشکی خۆر. 🔹 بەرهەمهێنانی هەر (100) مێگاوات کارەبا لە کاتژمێرێکدا، پێویستی بە (33 هەزار) لیتر گاز هەیە. 🔹 عێراق، یەکەم وێستگەی وزەی خۆر بە توانای (250) مێگاوات لە ژێر پڕۆژەی تۆتاڵ دەستپێکردوەو بڕیارە تا کۆتایی ساڵی 2025 بکرێتەوە. 🔹 عێراق، یەکەمین پڕۆژەی گۆڕینی پاشەڕۆ بۆ کارەبا لە ناوچەی نەهرەوان لە بەغدا، بە هاوکاری کۆمپانیایەکی چینی دەستیپێکردووە. سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانی ووزەی دۆستی ژینگە هەرێمی کوردستان خاوەنی (4 هەزار و 500) مێگاوات کارەبایە، کە لەسەرچاوە جیاوازەکانی دۆست و دژی ژینگە بەرهەمی دەهێنێت. بەشێک لەو بەرهەمی کارەبایە لە ڕێگەی کەرتی تایبەتەوە بە شارەکانی عێراق دەفرۆشرێن. زۆرینەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان لەلایەن کەرتی تایبەتەوە بە پاڵپشتی و دابینکردنی سووتەمەنی لەلایەن حکومەتەوە بەرهەمدەهێنرێت. حکومەت، خۆی خاوەنی کەمترین کارەبایە. شێوازی کارکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بەم شێوەیەیە کە مەترسین بۆ سەر ژینگە؛ - وێستگەی خەبات، (250) مێگاوات بە نەوتی ڕەش کار دەکات، خراپترین جۆری سوتەمەنییە بۆ پیسکردنی ژینگە. - وێستگەی باعەدرێ، (130-150) مێگاوات، بە نەوتی ڕەش کاردەکات، دیسان خراپترین جۆری سوتەمەنییە بۆ پیسکردنی ژینگە. - وێستگەی (29) مێگاواتییەکان، نەوتی ڕەش و گازوایل، لە هەولێر، دهۆک و سلێمانی، (18_25) مێگاوات، بۆ هەر پارێزگایەک، خراپترین جۆرە بۆ پیسکردنی ژینگە. ئەوانەی بە غازی سرووشتی کاردەکەن، وێستگەکانی سلێمانی، دهۆک و هەولێر زیانیان بۆ ژینگە هەیە بەڵام کەمترە، ئەمانە زۆرینەی کارەبای هەرێم پێکدەهێنن. ئەو کارەبایەی لە ڕێگەی ئاوەوە بەرهەمدەهێنرێن (دووکان، دەربەنیخان و دێرەلووک)ن. وێستگەی کارەبای دەربەندیخان_دووکان، (5%) کارەبای گشتی هەرێمی کورستان بەرهەم دەهێنن، لە کاتێکدا ئەگەر گرفتی ئاویان نەبێت، واتە ئەگەر هەرێمی کوردستان (4 هەزار) مێگاوات کارەبای هەبێ ئەوا (5%)ی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دوو وێستگەیە کە پێویستیان بە هیچ سەرچاوەیەکی ووزە نیە. کارەبای هایدرۆ، تەقتەق، چۆمان، بێخاڵ، چەند مێگاواتێکە، دۆستی ژینگەن، ڕێژەیەکی کەمن. (هەزار و 700) مێگاوات کارەبای هەڵمی لە وێستگەکان بەرهەمدەهێنرێن، لە کاتێکدا پێویستیان بە هیچ سەرچاوەیەکی ووزە نیە. وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ڕێگەی هەڵمەوە بریتین لە؛ - وێستگەی سلێمانی_ چەمچەماڵ (500) مێگاوات هەڵمی، واتە هیچ سووتەمەنییەک بەکار نایات. - وێستگەی سلێمانی_ بازیان، بەتوانای (250) مێگاوات. - وێستگەی هەولێر غازی، (500) مێگاوات. - وێستگەی خورمەڵە، (450) مێگاوات. لە ئێستادا وەزارەتی کارەبا کار لەسەر بەرهەمهێنانی (300) مێگاوات کارەبا دەکات، کە دۆستی ژینگەیە و لە ڕێگەی ووزەی خۆرەوە بەرهەمدێت. کاریگەری بەرهەمهێنانی کارەبا لەسەر ژینگە کاریگەری بەرهەمهێنانی کارەبا لەسەر ژینگە، کاریگەری ئەو ماددانەیە کە دەسوتێنرێن و کارەباکەی پێبەرهەمدەهێنرێت. وێستگەکانی کارەبا بەهۆی سووتانی کەرەستەی خاوی وەک خەڵوز و سووتەمەنی بەردینی و نەوت وغاز، زیانێکی زۆر بە ژینگە دەگەیەنن. ئەم ماددانە بە شێوەیەکی گشتی لە زەوی دەردەهێنرێن و کاتێک دەسووتێن، گازێ دروست دەکەن کە مادەی ژەهراوی وەک دووەم ئۆکسیدی کاربۆنیان تێدایە. بەشێک لەو گازانە کە لە ئەنجامی سووتانی ماددە خاوەکانەوە دروست دەبن، دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی زەوی، ئەمەش ڕاستەوخۆ بەشدارە لە گەرمبوونی جیهان. هەروەها ئەم سوتانە دەبێتە هۆی پیسبوونی هەوای بەرچاو، کە مرۆڤ و زیندەوەرانی تر هەناسەی تێدا دەدەن و تەندروستییان دەخاتە مەترسییەوە. ئەم هەوایەی ناو بەرگەهەوا تەنها شتێک نییە کە هەناسەی پێدەدەین؛ هەروەها ڕووەک و ئاژەڵەکان ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەرە. سووتانی سووتەمەنی و بەرهەمهێنانی کارەبا لە وڵاتانی پێشکەوتوودا زۆر زیاترە لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوودا. بەڵام بەو پێیەی زیانەکانی ژینگە نەک تەنها ئێمە بەڵکو بە هەمووان زیان دەگەیەنێت، کۆمەڵگا دەبێت پێکەوە کار بکەن بۆ پاراستنی ژینگەیەکی پاک. بەرهەمهێنانی وزەی کارەبایی لە وێستگەکانی کارەبادا دەبێتە هۆی دەردانی زۆرێک لە دەردراوە زیانبەخشەکان بۆ ژینگە. ئەم دەردانە دابەش دەکرێن بەسەر دەردانی ڕەق، شل، گازی و تیشکدەرەوەکان، کاریگەری بینراوی نەرێنییان هەیە، بەو پێیەی بوونی وێستگەی کارەبا و هێڵی گواستنەوە، دیدگای گشتی دەشێوێنێت و لەوانەیە ببێتە هۆی ژاوەژاو. چەندین جۆری وێستگەی کارەبا هەیە کە قەبارەی کاریگەری و زیانەکانی بۆ ژینگە دەگۆڕێت. بۆ نموونە وێستگەکانی کارەبا کە بە سووتەمەنی بەردینی کاردەکەن، چەندین غازی ژەهراوی وەک ئۆکسیدی گۆگرد و نایترۆجین، یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن و دووەم ئۆکسید، هایدرۆکاربۆن و گازی ژەهراوی جۆراو جۆر دەردەدەن. ماددە ڕەقەکانی وەک خۆڵ و خۆڵەمێش کە بە هەڵواسراویی لە هەوادا دەمێننەوە، لەکاتێکدا وێستگە ئەتۆمییەکان هەموو دەردانی ڕەق و شل و گازی دەردەدەن کە زیانێکی زۆریان بۆ ژینگە هەیە. هەروەها هێڵەکانی گواستنەوەی کارەبا و ژێرخانی بەکارهێنراو بۆ دابەشکردنی کارەبا کاریگەری لەسەر ژینگەی دەوروبەری هەیە. تاوەرەکانی کارەبا و هێڵە درێژخایەنەکانیان دیمەنی بینراو دەشێوێنن و کاریگەرییان لەسەر ڕووەک و گیانلەبەرە کێوییەکان دەبێت ئەگەر ئەم تاوەرانە لێیانەوە نزیک بن. گەورەترین وێستگەکانی بەرهەمێنانی کارەبا لە عێراق چوار گەورەترین وێستگەی کارەبا لە عێراق لە ڕووی توانای بەرهەمهێنانەوە، وەک پڕۆژەی سەرەکی لە هەوڵەکانی بەهێزکردنی ژێرخانی کارەبادا دیارن. بەپێی داتاکانی کەرتی کارەبای عەرەبی و جیهانی لە پلاتفۆرمی وزە کە بنکەکەی لە واشنتۆنە، (4) گەورەترین وێستگەی کارەبا لە عێراق بەکۆمەڵ زیاتر لە (11 هەزار) مێگاوات کارەبا دابین دەکەن، ئەمەش بەشدارە لە کەمکردنەوەی پچڕانی کارەبا و باشترکردنی کارایی تۆڕی نیشتمانی. ئەم وێستگانە لە سەرانسەری عێراقدا دابەشکراون و پێداویستی شارە گەورەکان و ناوچە پیشەسازییەکان و کەرتە خزمەتگوزارییەکان دابین دەکەن. پشت بە چەندین تەکنەلۆژیا دەبەستن، لەوانە تۆرباینەکانی خولی تێکەڵاو، غاز و هەڵم، وێستگەی کارەبای گەرمی. سەرەڕای ئاستەنگەکانی کارکردن، وەک کەمیی سووتەمەنی و هەڵاوسانی هاوردەکردنی غاز، ئەم وێستگانە وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی ستراتیژی وزەی عێراق دەمێننەوە، ئەوانیش؛ - وێستگەی کارەبای غازی بیسمایە؛ وێستگەی کارەبای غازی بیسمایە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی بەغدا و یەکێکە لە چوار وێستگەی کارەبای گەورە لە عێراق لە ڕووی توانای بەرهەمهێنانەوە، بە کۆی توانای بەرهەمهێنانی (4 هەزار و 500) مێگاوات. کارگەکە لەلایەن کۆمپانیای ماس هۆڵدینگەوە بە گرێبەستێکی دروستکردن BOO)) لەگەڵ وەزارەتی کارەبا جێبەجێکراوە. کارەکان لە ساڵی 2015 بە سێ قۆناغ دەستی پێکردووە کە هەر قۆناغێک توانای (هەزار و 500) مێگاواتیان هەیە. کارگەکە سیستەمێکی خولی تێکەڵاو بەکاردەهێنێت و لە 18 یەکەی بەرهەمهێنان پێکهاتووە، کە 12 یەکە بە غاز و شەش یەکە بە هەڵم کاردەکەن، ئەمەش کارایی بەرهەمهێنان بەرز دەکاتەوە و لەدەستدانی گەرمی کەمدەکاتەوە. وێستگەی کارەبای بسمایە پایەیەکی سەرەکییە لە پێدانی کارەبا بۆ بەغدا و ناوچەکانی دەوروبەری. تایبەتمەندی تەکنەلۆژیای مۆدێرن لەخۆدەگرێت کە دەردانی گازی ژەهراوی کەمدەکاتەوە و کارایی سووتەمەنی زیاد دەکات. - وێستگەی کارەبای ڕومایلە؛ وێستگەی کارەبای ڕومەیلە دەکەوێتە پارێزگای بەسرە، یەکێکە لە پرۆژە گرنگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق. پشت بە سیستەمی خولی تێکەڵاوی تۆرباینێکی غاز دەبەستێت. وێستگەکە دەستیکرد بە بەرهەمهێنانی (هەزار و 460) مێگاوات لەڕێگەی پێنج یەکەی کارپێکراوی غازەوە، بە زیادکردنی دوو یەکەی خولی تێکەڵاو لە ساڵی 2021 فراوانکرا و توانای بەرهەمهێنانی گەیشتە (2 هەزار و 200) مێگاوات. وەک بەشێک لە فراوانکردنی بەردەوام، کارگەکە لە چوار قۆناغدا پەرەی پێدرا. کۆی توانای بەرهەمهێنانی پڕۆژەکە گەیشتە (3 هەزار و 156) مێگاوات، ئەمەش دوای هێنانەکایەی قۆناغی سێیەم، کە شەش یەکەی بە غازی لەخۆگرتبوو. قۆناغی چوارەم سێ یەکەی هەڵمی زیادکرا لەگەڵ بۆیلەرەکانی وەرگرتنەوەی گەرمی و سیستەمێکی پێشکەوتووی ساردکردنەوە. کارگەکە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە دابینکردنی کارەبا بۆ تۆڕی نیشتمانی، جگە لەوەی خۆراک دەدات بە کێڵگە نەوتییەکانی ڕومایلا و بەردەوامیی بەرهەمهێنانی نەوت و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە سەرچاوە دەرەکییەکانی وزە. - وێستگەی کارەبای گەرمی زوبەیدیە؛ وێستگەی کارەبای گەرمی زوبەیدیە دەکەوێتە پارێزگای واست و دووەم گەورەترین وێستگەی کارەبای گەرمییە لە عێراق و توانای بەرهەمهێنانی (2 هەزار و 800) مێگاواتە. کارگەکە لە شەش یەکەی بەرهەمهێنان پێکهاتووە، کە توانای جیاوازیان هەیە و پشت بە تەکنەلۆژیای تەقلیدی بەرهەمهێنانی کارەبای گەرمی دەبەستێت، ئەمەش وایکردووە ببێتە پڕۆژەیەکی ستراتیژی، کە بەشدارە لە سەقامگیری تۆڕی نیشتمانی بەتایبەت لە باشووری عێراق. وێستگەکە ڕووبەڕووی هەندێک تەحەدای کارکردن دەبێتەوە، وەک سەختی دەستەبەرکردنی سووتەمەنی پێویست، بەڵام وەک وێستگەیەکی سەرەکی کارەبا دەمێنێتەوە، کە بەشدارە لە کەمکردنەوەی کورتهێنانی کارەبا، بەتایبەتی لە ماوەی لوتکەی خواستدا. - وێستگەی کارەبای گەرمی ئەلموسەییب؛ دەکەوێتە کەناری ڕووباری فورات لە پارێزگای بابل، یەکێکە لە گەورەترین وێستگەکانی کارەبای گەرمی لە عێراق و تاکە وێستگە لە ناوچەی فوراتی ناوەڕاست. وێستگەکە لە ساڵی 1984 بە توانای (هەزار و 280) مێگاوات دەستی بە کارکردن کردووە، بەپێی پێداچوونەوەی پلاتفۆرمی وزەی تایبەتمەند، چوار یەکەی بەرهەمهێنان بە توانای هەریەکەیان (320) مێگاوات بەکاردەهێنرێت. کارگەکە بەهۆی ئەو زیانانەی لە کاتی جەنگەکاندا تووشی دابەزینی بەرهەمهێنان بووە، بەڵام هەوڵە بەردەوامەکانی نۆژەنکردنەوە ئامانجیان گەڕاندنەوەی توانای بەرهەمهێنانی تەواوەتییە. وێستگەی کارەبای ئەلموسەییب ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت لە دابینکردنی کارەبا بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست، ئەمەش وایکردووە ببێتە پێکهاتەیەکی سەرەکی هاوسەنگی کارەبای نیشتمانی. سەرەڕای چوار گەورەترین وێستگەی کارەبای عێراق، کە کارەبای بەرچاو بۆ تۆڕی نیشتمانی دابین دەکەن، بەڵام وڵاتەکە بەردەوامە لە دەست قەیرانێکی بەردەوامی کارەباوە، بەتایبەتی لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەکاربردن و ناجێگیری هاوردەکردنی سووتەمەنی. بەرهەمهێنانی کارەبای ژینگەدۆست لە عێراق لە عێراق لە ساڵی 2025 هەوڵەکان بەردەوامن بۆ فراوانکردنی بەرهەمهێنانی کارەبای پاک لە ڕێگەی پڕۆژەکانی وزەی خۆر و با، یەکەم وێستگەی وزەی خۆر بە توانای 250 مێگاوات لە ژێر پڕۆژەی تۆتال بڕیارە تا کۆتایی ساڵی 2025 بکرێتەوە. جگە لەوەش پڕۆژەی پاشەڕۆ بۆ وزە لە بەغدا بەردەوام، ستراتیژی حکومەت ئامانجیەتی کەمکردنەوەی پشتبەستن بە سووتەمەنی بەردینی و پێشخستنی وزەی بەدیل بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی پیسبوون و دابینکردنی خواستی گەشەسەندوو بۆ کارەبا. وزەی خۆر؛ بڕیارە یەکەم وێستگەی وزەی خۆر بە توانای 250 مێگاوات تا کۆتایی ساڵی 2025 بکرێتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی گرێبەستی یەکگرتووی باشووری عێراق کە لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی واژۆ کراوە. فراوانکردنی ستراتیژی: وەزارەتی کارەبا هەوڵدەدات بنکەی وزەی پاکی خۆی زیاد بکات و پڕۆژەکانی وزەی خۆر لە چەندین پارێزگادا فراوان بکات. بەرهەمهێنانی پاشماوە بۆ کارەبا: ئەمەش نوێنەرایەتی یەکەمین پڕۆژەی پاشەڕۆ بۆ کارەبا دەکات لە عێراق لە ناوچەی نەهرەوان لە بەغدا، بە هاوکاری کۆمپانیایەکی چینی. بەشێکە لە پلانەکانی حکومەت بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەی وزە و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی پاشماوە لەسەر ژینگە. پڕۆژەکانی داهاتوو: پلان هەیە بۆ دامەزراندنی پڕۆژەی هاوشێوە لە بوارەکانی دیکە، وەک ئەبوغرێب، بۆ زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی پاشماوە بۆ وزە و کەمکردنەوەی پیسبوون بەهۆی سووتانی بێ جیاوازی. وزەی با: توێژینەوە سەرەتاییەکان: توێژینەوەکانی ئیمکانی تەکنیکی بۆ دەستنیشانکردنی گونجاوترین بوارەکان بۆ دامەزراندنی وێستگەکانی وزەی با بووەتە واقیعێکی پراکتیکی لە عێراقدا، ئەمەش ئاماژەیە بۆ هەنگاوێکی ستراتیژی بەرەو ئەم سەرچاوە پاکەی وزە. ئامانجە گشتیەکان: ئەم پڕۆژانە ئامانجیان کەمکردنەوەی بەرچاوە لە دەردانی گازی ژەهراوی و کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە. پڕکردنەوەی بۆشایی کارەبا: حکومەت هەوڵدەدات کەلێنی نێوان بەرهەمهێنان و پەرەسەندنی خواست لەسەر کارەبا لە ڕێگەی دەرفەتی وەبەرهێنان لە وزەی نوێبووەوە پڕبکاتەوە. ئابووری سەوز: ئەم پڕۆژانە وا لە عێراق دەکات بتوانێت بگوازرێتەوە بۆ ئابوورییەکی کەم کاربۆن و پشتبەستن بە سەرچاوەی وزەی بەردەوام زیاد بکات. جیهان و گرنگی دان بەبەرهەمهێنانی کارەبای دۆستی ژینگە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە: وزەی نوێبووەوە تا سەرەتای ساڵی 2025 لە بەرهەمهێنانی کارەبادا لە خەڵوزدا تێدەپەڕێت. ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە دووپاتی کردەوە کە وزەی بەرهەمهاتوو لە سەرچاوە کەم دەردانی گازی ژەهراویەکانی وەک با و وزەی خۆر و وزەی ئەتۆمی بەس دەبێت بۆ پڕکردنەوەی گەشەی خواستی جیهانی لە ماوەی سێ ساڵی داهاتوودا، ئاماژەی بەوەشکرد، دەردانی گازی ژەهراوی لە کەرتی وزەدا بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، بە پلەی یەکەم بەهۆی کەمبوونەوەی تێچووی وزەی خۆرەوە. ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە ڕاپۆرتێکدا کە ساڵی (2024) بڵاویکردەوە، ڕایگەیاندووە، دوای گەشەیەکی پێوانەیی، بەرهەمهێنانی کارەبا لە سەرچاوە کەم دەردانی کارەباوە تا ساڵی (2026) نزیکەی نیوەی وزەی جیهانی پێکدەهێنێت، لەکاتێکدا لە ساڵی (2023)دا کەمتر لە (40%) بووە. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە چاوەڕوان دەکرێت سەرچاوەی وزەی نوێبووەوە لە داهاتووی نزیکدا پێش خەڵوز بکەوێت و زیاتر لە یەک لەسەر سێی کۆی بەرهەمهێنانی کارەبا پێکدەهێنێت. پێشبینی دەکرێت زۆربەی توانای نوێ لە ماوەی سێ ساڵی داهاتوودا لە چین و هیندستانەوە بێت. هەروەها پێشبینی دەکرێت خواست لەسەر کارەبا بە تێکڕا لە ساڵی 2024 تا 2026 بە ڕێژەی 3.4% بەرزبێتەوە، پێشبینی دەکرێت نزیکەی 85%ی گەشەی خواست لە چین و هیندستان و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بێت، دوای ئەوەی گەشەکردنەکە لە ساڵی 2023دا کەمێک مامناوەند بووە بۆ 2.2%، بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە. هاوکات لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە پێشبینی دەکرێت ڕێژەی دەردانی گازی ژەهراوی لە جیهاندا بە ڕێژەی 2.4% لە ساڵی 2024دا کەمببێتەوە، دواتر لە ساڵانی 2025 و 2026دا دابەزینی بچووکتر ڕووبدات. لە لایەکی دیکەوە، بەرهەمهێنانی کارەبا بە خەڵوز بە تێکڕا ساڵانە بە ڕێژەی 1.7% دابەزین دەبێت تا ساڵی 2026 – بە پلەی یەکەم بەهۆی دابەزینی چاوەڕوانکراوی بەکارهێنانی سووتەمەنی بەردینی لە چین. ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە پێشبینی دەکات بەشداریی سووتەمەنی بەردینی لە سیستەمی کارەبای جیهانیدا لە ساڵی 2026دا بۆ 54% دابەزێت، ئەمەش بۆ یەکەمجارە لە ساڵی 1971ەوە بۆ خوار 60%.
درەو: لاهور شێخ جەنگی سەرۆكی بەرەی گەل، لە ئێستادا لە زیندانی ئاسایشی سلێمانیدایە، دادگایی دەكریت؟ یان رەوانەی بەریتانیا دەكرێت وەك هاوڵاتییەكی بەریتانی، لاهور شێخ جەنگی خۆی رادەستكرد، یان دەستگیركرا، ئەو فەرماندەیەی لالەزار كێ بوو خۆی رادەستنەكردو دەربازی بوو؟ سەرەتای روداوەكە لەماوەی دوو مانگی رابردوودا بەتایبەتیش لە دوای هەوڵی خۆپیشاندانەكانی سلێمانی و رێگریكردنی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بەبیانووی ئەوەی خەڵكی تر دەیانەوێت بیقۆزنەوە، ئەوكات بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتی پێیان وابووە كە جموجوڵی ئەمنی هەیەو بەتایبەت كۆمەڵێك لە بەرپرسە سەربازییەكانی یەكێتی لە شوێنان كۆبوونەوە دەكەن و نیگەرانی دەردەبڕن، بۆیە گۆمان دەكرێت كە هەوڵی كودەتا و جموجوڵی ئەمنی هەبێت لەناو یەكێتی، یەكێتی دەست دەكات بە گرتنە بەری رێوشوێنی ئەمنی. هەفتەیەك پێش هێرشكردنە سەر لالەزار هێزێك دەچێتە سەر لالەزار سەعات پێنجی بەیانی روبەروبونەوە روو دەدات لەگەڵ هێزەكەو هیزەكەی لالەزار دوو كەسیان لێ بریندار دەكەن و دواتر نزیكەكانی لاهور شێخ جەنگی لەو دۆسێیە بەرپرسانی ئاساییش ئاگادار دەكەنەوە بەڵام بە وتەی بەرپرسانی لالەزار ئەوكات باسیان لەوە كرد بە وێنەو ڤیدیۆ دۆسیەكەمان دایە ئاسایش و هیچ لێپرسینەوەیەكیان نەكرد. بەڵام نزیكەكانی بافڵ تاڵەبانی باس لە هەوڵێكی تیرۆركردن دەكەن و لاهور شێخ جەنگی و بەرپرسێكی دیكەی ئەمنی پێ تۆمەتبار دەكەن، كە چەند رۆژێك پێش هەڵكوتانە سەر لالەزار هەوڵیانداوە لە رێگای درۆنەوە بافڵ تاڵەبانی تیرۆر بكەن، بەڵام لاهور شێخ جەنگی پێی وابوو ئەوە راست نەبووەو هەوڵەكە لەناو خۆی یەكێتی بووەو چەند سەركردەیەكی باڵای یەكێتی هەوڵی جوڵەیان داوەو هیچ پەیوەندی بە لاهور شێخ جەنگیەوە نەبووەو پێش دەستگیركردنیشی رایگەیاند پەلاماردانی لالەزار بۆ ئەوەیە چاوترسێنی سەركردەكانی ناوخۆی یەكێتی پێبكرێت، واتا تەنیا ئامانجەكە لاهور شێخ جەنگی نەبووەو بەڵكو ناڕاستەوخۆ سەركردەكانی تری ناوخۆی یەكێتی بووە، كە بەشێكیان نیگەران بوون و بە ئاشكرا قسەیان لەسەر سیاسەتەكانی بافڵ تاڵەبانی كردووە. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) رۆژی 20ی مانگ بافڵ تاڵەبانی دەچێتە بەغداد بەشێك لە باڵیۆزخانەكان ئاگاداردەكاتەوە بەتایبەتی ئەمریكا و بەریتانیا و فەرەنسا و بەشێك لەسەركردە سیاسیەكانی عێراقیش لە هێرشكردنە سەر لاهور شێخ جەنگی ئاگادار دەكاتەوە، عەسرەكەی دەگەڕێتەوە دەباشان لەرێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیەوە، بە نزیكەی 40 ئۆتۆمبێل و ژمارەیەك هێلیكۆپتەریش پاسەوانی دەكەن و بۆ ماوەیەك هێلێكۆپتەرەكان بەسەر دەباشان و بەرزاییەكانی سلێمانی دەسوڕێنەوە. رۆژی 21ی ئاب دوای نیوەڕۆ هێز لە سەرجەم بازگەكان بڵاو دەكرێنەوەو فەرمان بە تەواوی بازگەكان دەدرێت و رێگە لە دەرچون و هاتنە ناوەوەی كەسانی نزیكی لاهور شێخ جەنگی دەگیرێت. تەواوی هێزەكانی نزیكی بافڵ تاڵەبانی دەخرێنە ئامادەباشی تەواوەوە(دژەتیرۆر، كۆماندۆ، سواتی ئاسایش) بەتەواوی كارمەند و ئەفسەر و چەك و جبەخانەی قورسەوە، ئامادەباشی دەكەن، سەعاتی سفر (3)ی بەیانیە. لە لالەزار ئامادەكاری دەكرێت، ئەوەی ئامادەبووە، ئەو هێزەی كە پاسەوانی لالەزار بووە و سەربە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمە كە نزیكەی (200) كەس بووە ، لەگەڵ پۆڵاد شێخ جەنگی و رێبوار حامید حاجی خالی و ئەحمەد ئەسەفو هیچ كەسێك لەوانەی پێشتر وەك خۆبەش و وەك كەسانی لایەنگری لاهور شێخ جەنگی دەردەكەوتن لەوێ نەبوون. شەو ئامادەكاری دەكرێت و بافڵ تاڵەبانی خۆی سەرپەرشتی دەكات و ژووری عەملیات پێكدەهێندرێت، بەڵام لە دەرەوەی دەباشان واتا بافڵ تاڵەبانی لە دەباشان نابێت، شەو لاهور شێخ جەنگی پەیوەندی بە بەڕێوەبەری دەزگای ئاساییشی سلێمانیەو دەكات، ئەم هێزە چیەو چۆنە بۆچی هێناوتانە؟ بەرپرسی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە ژووری پرۆسەكان دەبێت دەڵێت فەرمانی گرتنت هەیە پێویستە خۆت رادەست بكەیت، لەكاتی قسەكاندا بافڵ تاڵەبانیش لەوێ دەبێت و گوێی لە قسەو دەنگی بەرزی لاهور شێخ جەنگی دەبێت كە هەڕەشە دەكات، بافڵ تاڵەبانی تەلەفۆنەكە وەردەگرێت، ئیتر پەیوەندی و قسەكردنەكە لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی درووست دەبێت، ئەو شەوە زیاتر لە (5) جار قسە دەكەن بافڵ تاڵەبانی دەڵێت دەبێت خۆت رادەست بكەیت و لاهور شێخ جەنگیش دەڵێت منەتان نەبێت وەرن چیتان لەدەست دێت بیكەن. سەعات (3) سەعاتی سفر دەبێت، كات لە سەعاتی سفر نزیك دەبێتەوە، هەوڵێكی تر دەدرێت كە خۆیان رادەست بكەن، لاهور شێخ جەنگی بە ڤیدیۆیەك وەڵام دەداتەوە كە " بەپێوە وەستاوین و بە پێوەش دەمرین" بۆیە سەعات (3:30)ی بەیانی شەڕ دەستیپێكرد، دەنگی تۆپ و چەكی قورس و بانگی بەیانی تێكەڵ بوو، بۆ ماوەی زیاتر لە (3) كاتژمێر شەڕ بەردەوام بوو، سەرەتا هێزەكان روبەرووبونەوەی سەخت روویداوە، بەهێزێ زۆری دژەتیرۆر و كۆماندۆ و ئاسایش بە نزیكەی (15) دەبابە و (120) باجەرو دەیان تۆپ و هاوەن و درۆن بەشدارییان تێداكردووە، تا نزیكی (5:30) شەڕی سەخت دەبێت و هێزە ئەمنییەكان ناتوانن پێشڕەوی بكەن لەلالەزارەوە بەرگری زۆر دەكرێت، بۆیە هێزە ئەمنییەكان نەخشەی شەڕ دەگۆڕن، بە درۆنێكی زۆری خۆكوژی هێرش دەكرێتە سەر لالەزار، دواتر هێزەكەی كۆماندۆ چەند ئۆتۆمبێلێكی باجەری گولە نەبڕ دێنن و دەچنە ژوورەوە، شەڕەكە زۆر توند دەبێت، (درەو) قسەی لەگەڵ چەند كەسێك كرد كە ئاگاداری شەڕەكەن، هێزەكەی لاهور شێخ جەنگی دوای زیاتر لە (3) كاتژمێر فیەشكیان پێنامێنێت، هێزەكەی كۆماندۆ دەچنە ژوورەوە ژمارەیەك لەو هێزەی لاهور شیخ جەنگی دەگرن كە فیشەكیان پێنامێنێت، لاهور شێخ جەنگی سەرقاڵی تیماركردنی قاچی پۆڵاد شێخ جەنگی دەبێت كە خوێنێكی زۆری لێدەڕوات، دەڵێن خۆتان رادەست نەكەن هەمووتان رەمی دەكەین، بۆیە وەهاب هەڵەبجەیی دەچێتە ژوورە و لەگەڵ خۆیان دەیانهێنێت، لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی پۆڵاد شێخ جەنگی و ژینۆ محەمەد و فێنك ئەحمەدی لەگەڵ دەبێت. ئاوات شێخ جەنگی لە كاتی دەستگیركردنیدا ئاوات شێخ جەنگی خوشكی لاهور شێخ جەنگی لەكاتی دەستگیركردنی لاهور شێخ جەنگی دەردەكەوێت، یەكێك لە خانەوادەی شێخ جەنگی بە (درەو)ی راگەیاند ئاوات زۆر نەخۆش بوو زۆر هەوڵیاندا نەچێتە لالەزار بەڵام وتی ناتوانم براكانم جێبهێڵم خۆ ئەزانم هیچم پێناكرێت بەڵام هەر دەچم بۆیە تا كۆتایی شەڕەكە لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی بوو، تەنانەت لەگەڵ دەستگیركردن و بردنیشی لێدانەبڕا، ئاراس شێخ جەنگی و هیوا شێخ جەنگی و ئاكۆ شێخ جەنگی براكانی لاهور شێخ جەنگی لەدەرەوەی وڵاتن، ژن و منداڵەكانی لاهور شێخ جەنگی لەوێ نەبوون و لەدەرەوەی وڵات بوون. رێبوار حامید حاجی غالی سەبارەت بە گرتنی رێبوار حامید حاجی غالی بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) كەلەگەڵ بەرپرسانی نزیكی لالەزار و بەرپرسە ئەمنییەكان قسەی كرد، رووداوەكە بەم شێوەیە بووە، لەدوای ئەوەی بۆ ماوەی زیاتر لە (3) كاتژمێر شەڕ و نەمانی فیشە پێیان دوای دەستگیركردنی لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی، زۆر هەوڵ ئەدەن رێبوار حامید حاجی غالی خۆی رادەست بكات خۆی رادەست ناكات و شەڕ دەكات، بەڵام یەكێتی پەیوەندی بە باوكییەوە دەكەن (حامید حاجی خالی)و دەڵێن خۆی رادەست نەكات دەیكوژین، بۆیە باوكی پەیوەندی پێوە دەكات و لە رێگەی باوكیەوە خۆی رادەست دەكات، نەك ئەوەی پێش شەڕەكە خۆی رادەستكردبێت، چونكە رێبوار لە گەرمەی شەڕەكەدا دوای دوو كاتژمێر شەڕ پۆستێك دەكات و دەڵێت سەردەكەوین، ئەحمەد ئەسەف دەربازی بوو بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) ئەوەی لە لالەزار بوو هەموویان دەستگیركران و خۆیان رادەستكرد، تاكە كەسێك و بەخۆی مەفرەزەكەیەوە رزگاری بوو ئەحمەد ئەسەفە كە فەرماندەیەكی نزیكی لاهور شێخ جەنگی بووە تا كۆتایی لەحزە شەڕی كردووەو دواتر بەشەڕ خۆی دەرباز كردووەو تا ئێستا دەستگیر نەكراوە، ئەمڕۆ ئەحمەد ئەسەف لە ئاكاونتەكەی لە تۆڕی كۆمەلایەتی فەیسبووك نوسیویەتی " من هەڵۆی لوتكەی بەرزی داڵانیم، هەرگیز وەك قاڵاو ناكەومە چینە". ژمارەی كوژراوو بێسەرو شوێنەكان ئەوەی بەڕەسمی راگەیەندراوەو بەپێی راگەیەندراوی دەزگای ئاسایشی هەرێم (سلێمانی) لە روداوەكەدا (3) كارمەندی هێزە ئەمنییەكان كوژراون و (19)ی دیكەش برینداربوون. لەبەرامبەریشدا دەوترێت كوژراوو بریندار هەیە لەبەرەی لالەزارهەرچەندە هێشتا رانەگەیەندراوەو یەكلا نەكراوەتەوە بەڵام باس لەوە دەكرێت كوژرا و بریندار لە لالەزاریش هەیەو نزیكەی (30) كەس لەهێزەكەی لاهور شێخ جەنگی كوژراو و بریندارن تەنانەت باس لەوە دەكرێت شەش پاسەوانی تایبەتی لاهور شێخ جەنگی كوژراو و بێسەروشوێنن، هەرچەندە (درەو) قسەی لەگەڵ بەرپرسانی بەرەی گەل كرد ئەوان وتیان تەنیا ژمارەیەك (بریندار) هەیە و تا ئێستا نەمانبیستووە كوژراو هەبێت. چارەنووسی لاهور شێخ جەنگی دوای دەستگیركردنیان لاهور شێخ جەنگی راستەوخۆ بە ئۆتۆمبێلەكانی فەرماندەی دژە تیرۆر دەبرێتە زیندانی ئاساییش، پۆڵاد شێخ جەنگی گولەیەك بەر قاچی دەكەوێت و دەبرێتە نەخۆشخانەی فاروق و چارەسەری بۆ دەكرێت، دەستگیركراوانی تریش دەبرێنە زیندانی كانی گۆمە، ژینۆ محەمەد و فێنك ئەحمەد ئازاد دەكرێن. لە ئێستادا باس لە چەند سیناریۆیەك دەكرێت بۆ چارەنوسی لاهور شێخ جەنگی، سەرەتا باس لە مادەی (56) دەكراو دوای شەڕەكە باس لە مادەی (406) دەكرێت، پێش دەسپێكردنی شەڕەكە حاکم سەڵاح حەسەن وتەبێژی دادگای سلێمانی رایگەیاند" لە دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی فەرمانی دەستگیركردن بۆ لاهور شێخ جەنگی دەرچووە، بەپێی مادەی (56) كە تایبەتە بە (كۆمەڵێك كەس یەكبگرن بۆ تێكدانی ئەمن و ئاساییش). بەڵام دوای كۆتایی شەڕەكە دەزگای ئاسایش راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو دەڵێت: لەلایەن دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشەوە فەرمانی دەستگیركردن بەمادەی (٤٠٦) لەیاسای سزادانی عیراقی بۆ داواكراو لاهور جەنگی بورهان و ژمارەیەك داواكراوی دیكە دەرچوو، كە تایبەتە بە كوشتنی بە ئەنقسەت. بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی سورە لەسەر ئەوەی دەبێت دادگایی بكرێن چونكە - پلانیان دانەوە بۆ نانەوەی ئاژاوەو تێكدانی ئارامی و هەوڵی كودەتا - روبەرووی هێزە ئەمنییەكان بووەنەتەوە - چەند كارمەندێكی هێزە ئەمنییەكان كوژراون. بەڵام ئەوەی دەزگای ئاسایش بڵاویكردووەتەوە تەنیا تاوانباركردنییەتی بە مادەی (406) واتا كوشتن، ئەویش كوشتنی ئەو كارمەندانەی هێزە ئەمنییەكانە، چونكە هەرزوو حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بەیاننامەیەك ئەوەی رونكردەوە كە ئەو هێزانەی چونەتە سەر لاهور شێخ جەنگی هێزی حزبی یەكێتی بوون و هێزی حكومەت نەبوون، نوسینگەی سەرۆکی حکومەت لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە: هێرشی سەر لالەزار لە لایەن هێزەکانی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە ئەنجام دراوە، کە کێشەیەکی نێوان یەكێتی و بەرەی گەل بووە و سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم ئاگادار نەبووە تا دوا ساتەکانی گەمارۆدان و پەلاماردان. هەرچەندە باس لەوە دەكرێت كە یەكێتی، پارتی لەو رووداوە ئاگاداركردووەتەوەو باس لەوە دەكرێت كە بەڕێككەوتن كراوە، بەڵام (درەو) قسەی لەگەڵ بەرپرسێكی بالای پارتی كرد و ئەو راگەیاند: پارتی پەیوەندی بەو رووداوەوە نەبووەو نەك پارتی تەنانەت نێچیرڤان بارزانی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی هەرێمەوە و ئاگاداری جوڵەی هێزەكان نەبووە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت و ئەنجومەنی ئاسایشەو ئاگادری جوڵەی هێزەكان نەبووە، بۆیە ئەو هێزانە نەك بەفەرمانی حكومی نەچوڵاون بەڵكو حزبیش نین و كەسین فەرمان لە قوباد تاڵەبانیش وەك جێگری سەرۆكی حكومەت وەرناگرن، بەڵكو راستەوخۆ سەربە خودی بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتین و فەرمان لەو وەردەگرن. رەگەز نامەی بەریتانییان هەیە لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی هەڵگری رەگەزنامەی بەریتانین و هەرزوو بەریتانییەكان چونە سەر خەت و بە پێی زانیارییەكان قسەیان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی كردووە چونكە ئەوان هاوڵاتی بەریتانین، بەپێی بەدواداچوونەكان بافڵ تاڵەبانی سوربووە لەسەر ئەوەی دەبێت دادگایی بكرێن و ئەوان تاوانبارن بە كوشتن، بەڵام رێگەیەكی تر خراوەتە بەردەمی كە ئەوان بەڵێن بدەن كاری سیاسی نەكەن و ببرێنەوە بۆ بەریتانیا لەوێ نیشتەجێبنو چونكە پێشتریش داواكاری بافڵ تاڵەبانی ئەوەبوو كە دەبێت لاهور شێخ جەنگی بڕوات و كوردستان بەجێبهێڵێت. بەڵام هەموو روانینەكان بەو ئاراستەیەن كە لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی دادگایی دەكرێن و حوكم دەدرێن. سەبارەت بە چارەنووسی بەرەی گەل شادمان مەلا حەسەن یەكێك لە سەركردەكانی بەرەی گەل بە درەوی راگەیاند: بەرەی گەل لەكاركردن بەردەوام دەبێت و لە پرۆسەی سیاسیش بەردەوام دەبێت بۆ ئەم راپۆرتە (درەو) قسەی لەگەڵ ژمارەیەك بەرپرسی ئەمنی و سەربازی (یەكێتی و پارتی و بەرەی گەل) كرد