Draw Media
هه‌واڵ / كوردستان

  كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق داواكارییەكی دانا ئەحمەد مەجید رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕانی رەتكردەوە تایبەت بە بەستنی كۆنفرانسی برزووتنەوەی گۆڕان، هەرچەندە كۆمسیۆن دانی نەناوە بە كۆنفرانسەكەی گردی زەرگەتەدا. لە نوسراوەكەی كۆمسیۆندا كە ئاماژەی بە نوسراوێكی دانا ئەحمەد مەجید كردووە ژمارە (13) لە رۆژی 24/3/2025 یه‌كه‌م: پاڵپشت به‌ بڕیاری ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران ژماره‌ (1)ـی كۆنووسی نائاسایی ژماره‌ (48) له‌ 11/9/2024، كه‌ تێیدا ده‌سه‌ڵاتی رێكخه‌ری گشتی و خانه‌ی راپه‌ڕاندنی دیاریكردووه‌ بۆ ماوه‌ی (6) مانگ كه‌ له‌ 11/3/2025 كۆتایی دێت. *داواكه‌ی دانا ئه‌حمه‌د مه‌جید بریكاری‌ رێكخه‌ری‌ گشتی‌ بزووتنه‌وه‌كه‌ (عومه‌ر عه‌لی‌ حسێن) له‌ 24/3/2025 له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ رێكخه‌ری‌ گشتی‌ حزب ماوه‌ی به‌سه‌رچووه‌.   دووه‌م: نووسراوه‌كه‌تان له‌ژێر ناونیشانی به‌ستنی كۆنگره‌دایه‌، به‌ڵام له‌ ناوه‌ڕۆكدا هیچ ئاماژه‌یه‌كی تێدا نییه‌ بۆ دیاریكردنی واده‌یه‌ك بۆ به‌ستنی كۆنگره‌ و دیاریكردنی شوێن و كات، به‌و پێیه‌ی كه‌ له‌ بڕیاری ئه‌نجومه‌ندا هاتووه‌. سێیه‌م: ئه‌و ده‌ست له‌كاركێشانه‌وانه‌ی‌ له‌لایه‌ن دانا ئه‌حمه‌د مه‌جید بریكاری‌ رێكخه‌ری‌ گشتی ماوه‌به‌سه‌رچوو پێشكه‌ش كراون، پێویسته‌ به‌ داواكاری‌ كه‌سی‌ (كشانه‌وه‌) پێشكه‌ش بكرێن و كارتی‌ نیشتمانی‌ هاوپێچ بكرێت تا وردبینی‌ بۆ بكرێت و له‌لایه‌ن فه‌رمانگه‌كه‌وه‌ پشتی پێببه‌سترێت. كۆمسیۆن رایگه‌یاندووه‌ كه‌ "بۆیه‌ له‌ژێر رۆشنایی ئه‌و هۆكارانه‌ی سه‌ره‌وه‌دا، ره‌زامه‌ندی نادرێت له‌سه‌ر داواكه‌تان بۆ به‌ستنی كۆنگره‌، چونكه‌ داواكه‌تان پێچه‌وانه‌ی یاسای پارته‌ سیاسییه‌كان و بڕیاری ئه‌نجومه‌نی كۆمسیارانی ئاماژه‌ پێدراوه‌".  


خالید سلێمان، توێژەری بواری ژینگەیی  پرۆسەی ئەنفال كە جینۆسایدكردنی خەڵكی كوردستان بوو لە ساڵی 1988، لە دەمێكدابوو كە زەوی گەرم بوو، هەموو ئاماژەكانی گۆڕانكاری كەشوهەوا درووست بووبوو، لەلایەكی ترەوە هەرچی شەڕو هەرچی ماڵوێرانی هەیە، لەسەردەمی كۆڵۆنیالیزمەوە تا ئەمڕۆ بەشدارییەكی راستەوخۆیان هەبووە لە تێكدانی سیستەمی سروشتی و سیستەمی ژینگەیی لە زۆرناوچەی جیهاندا. كوردستانیش لە ساڵی 1988 لەكاتی پرۆسەی ئەنفالدا توشی ئەمەبوو، چونكە هەموو هێرشەكانی سوپای بەعس بوونە هۆی وێرانكردنی سیستەمی ژینگەیی لە هەرێمی كوردستاندا، ئەگەر لە دارستانەكانەوە بیگرین، ئەگەر لەسەرچاوەكانی ئاوەوە بیگرین،  تەنانەت ئەگەر لە خاكی كوردستانیشەوە بیگرین و هەروەها ئاوو هەوای كوردستانیش، ئەم خەسڵەتانە كە سیستەمی ژینگەیی لە هەرێمی كوردستان پێكدەهێنن، كەوتنە بەر هێرشێكی بێوێنە، لەبەكارهێنانی چەكی كیمیاوی و هەمووجۆرە چەكێكی نوێ كە ئەو كاتە رژێمی بەعس لەبەردەستیدابوو. لە كۆتاییدا ئەو سیستەمە ژینگەییەی كە هەبوو لە كوردستاندا گەیشتە ئاستێك كە ئیتر توانای ژیانی تیا نەمێنێت، لە زۆر شوێندا كە چەكی كیمیاوی و بۆمپی پێشكەوتوو بەكاردەهێندرا ئەمە تەنیا نابووە هۆی لەناوبردنی دارستان و خاكەكەی بەڵكو دەبووە هۆی لەناوبردنی كۆی سیستەمی ژینگەیی كە لەناویدا باڵندەو مێروویی ناوی هەیە ئەمە سەرەرای لەناوبردنی سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان كە دەبێتە هۆی لەناوبردنی گیانەوەرە ئاوییەكانی ناو سەرچاوە ئاوییەكان كە لە كوردستاندا هەبوون. خاڵێكی تر كە كەمتر تەركیزی لەسەرە ئەوەیش ئەوەیە گوندنشینەكانی كوردستان كولتورێكی خۆڕسكیان هەبوو، لە پەیوەندیدا لەگەڵ سیستەمی ژینگەیی بە نمونە پەیوەندی لەگەڵ ئاودا لەگەڵ سەرچاوە سروشتییەكانی وەك دارستان و خاكدا ئەم كلتورە لەناوبرا چونكە لادێكانی كوردستان ئەنفالكران و راگوێزران بۆناو كۆمەڵگا زۆرەملێكان، ئەمانە نەوەیەك هەبوون لە ژیاندا نەمان نەوەیەكی تر هەیە لەوانەیە مابێتن بەڵام ئەم نەوەیە لەماوەی ئەم دووسێ دەیەیەدا بنەما كولتورییەكانی خۆی لەدەستداوە، كە پەیوەندی چۆن بوو لەگەڵ سروشتدا لەگەڵ سیستەمی ژینگەییدا پەیوەندی چۆن بوو لەگةڵ خاك و ئاوو هەوادا، دواتر لە ئۆدوگا زۆرەملێكاندا نەوەیەكی تر لەدایك بوو ئەم نەوەیە بەهیچ شێوەیەك بە سیستەمی خۆڕسكی خۆی ئاشنا نەبووە. بەگشتی كۆمەڵگای گوندنشینانی كوردستان كۆمەڵگای ژینگە پارێزبوون، كە خاوەنی كلتورێكی خۆڕسكی بوون تەنانەت ئێستا جیاوازییەكی زۆر گەورە هەیە لە نێوان گوندنشینەكانی پێش ئەنفال و دوای ئەنفال، گوندەكانی پێش ئەنفال لەو كەرەستانە پێك هاتبوون كە بەشێك بوون لە سروشتی كوردستان خۆی، بۆ نمونە پێش ئەنفال خانووی قڕ هەبوو كە هیچ زیانێكی نەبوو بۆ ژینگە، چونكە وزەیەكی كەمی تیا بەكاردەهێندرا، گازی گەرمكەرەوە ی نەبوو بۆ كەشوهەوا بەڵام گوندەكانی ئەمڕۆ هەموویان بوونەتە كۆنكرێت، ئەمانە لەبری هەڵمژینی گازە گەرمخانەیەییەكان گازە، بەپێچەوانەوە گازی گەمرخانەیی دەمژن.      


مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو) لە دوو هەفتەی ڕابردوودا دەنگەدەنگ و هات و هاوارێکی زۆر، لە ڕاستیدا جەنگێکی رەمزیی سەرسەخت، لەسەر کەسایەتی و پێگەی سەلاحەدینی ئەیوبی لە مێژوودا دروستبوو. لەم جەنگە رەمزییەدا دوو بەرەی ناکۆک بەریەک دەکەوتن و بەڕووی یەکتریدا دەتەقینەوە. یەکێكیان «بەرەی ئیسلامیزم»ە بە هەموو باڵە جیاوازەکانییەوە، ئەویتریان «بەرەی ناسیۆنالیزم»ە بە هەموو ئەوانەوە کە خۆیان وەک بەرگریکەر لە «نەتەوە» و «خەباتی نەتەوایەتی» نمایشدەکەن. هەردوو بەرەکە خۆیان بە نوێنەری دوو مێژووی جیاواز دەزانن، هەریەکێکیشیان وێنەیەکی تەواو جیاواز بۆ ئەو مێژووە دەکێشێت.  وەک هەمیشەش زمانی جەنگە رەمزییەکەیان تەواو زمانێکی بریندارکەر و هێرشبەر و یەکتر نەفیکەرێکی هەمەلایەن بوو. با لەو خاڵەوە دەستپێبکەین کە هەم «ئیسلامیزم» و هەم «ناسیۆنالیزم »دوو ئایدیۆلۆژیای سیاسی تازەن و بەرهەمی گۆڕانکارییە گەورەکانی سەدەی بیستەمن،  بە تایبەتی بەرهەمی قۆناخی دوای کەوتنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیی و هاتنی مۆدێلی دەوڵەتی نەتەوە بۆ ناوچەکەن. بەر لە سەدەی بیستەم هیچ یەکێکیان بوونی لەناو مێژووی ئێمە و مێژووی ناوچەکەدا، نەبووە. بەڵام نە ناسیۆنالیزم و نە ئیسلامیزم دان بەم تازەبوونەی خۆیاندا ناهێنن و هەردووکیان مێژو و کەلەپورێکی دێرین و «رەگوریشە»ی تایبەت بۆ خۆیان دروستدەکەن. مێژووی خۆیان بۆ سەدان ئەگەر نەڵێم هەزران ساڵ لەمەوبەر، دەبەنەوە. ئێرنست گیڵنەر، یەکێک لە گەورە تیوریستەکانی بواری ناسیۆنالیزم، لە وتارێکی بەناوبانگدا بەناوی «ئایا نەتەوە ناوکی هەیە»، باس لە تازەبوونی نەتەوە و ناسیۆنالیزم دەکات. گیڵنەر لەو وتارەدا دەپرسێت ئایا نەتەوە «ناوک» یان «سێنتەر» یان «باوک»ێکی دێرینی هەیە و ئایا نەتەوە لەو «ناوک»ە دێرینەوە دروستبووە؟ وەڵامی گیڵنەر ئەوەیە کە نەتەوە تەنانەت لەناو مێژووی ئەوروپا خۆیشیدا دروستکراوێکی تازەیە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەهەم و سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەهەم. گیڵنەر پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە نەتەوە و ناسیۆنالیزم «ناوک»یان نییە،  هەردووکیان دروستکراوێکی تەواو تازەی ناو دونیای مۆدێرنن و پەیوەندییان بە دونیای بەر لە دونیای مۆدێرنەوە نییە. «ئیسلامیزم»یش بەهەمان شێوە ئایدیۆلۆژیایەکی تازەیە، لە کۆتایی بیستەکانی سەدەی بیستەمدا دروستدەببێت. دروستکردنی یەکەمین ئۆرگانی ئەم ئایدیۆلۆژیایە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٢٨ کاتێک حەسەن بەنا رێکخراوی «ئیخوانی موسلیمین» دروستدەکات.  لە راستیدا لە خۆرهەڵاتی ناوەراستدا بەگشتیی و لە دونیای ئێمەدا بەتایبەتی، ناسیۆنالیزم شتێک لە ئیسلامیزم کۆنترە. ناسیۆنالیزم لە فۆرمە کولتورییە ناسیاسییەکەیدا لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەمدا بوونی هەیە، هەرچی ئیسلامیزمە بەرهەمی راستەوخۆی دوای کەوتن و کۆتایی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییە. بەڵام هیج ئایدیۆلۆژیایەک نییە «ناوک» بۆ خۆی دروستنەکات و «رەگوریشە» و «ریشاڵ»ی دێرین بۆ خۆی دانەهێنێت. ئەوەی لە دوو هەفتەی ڕابردوودا لەسەر مەسەلەی سەلاحەدینی ئەیوبی هاتەکایەوە، بەریەکەوتنی دوو «ناوک»ی ئایدیۆلۆژیی جیاواز و هەڵشاخانیانە بەرووی یەکتریدا. یەکەمیان، ناوکێکە ناسیۆنالیستە 'عەلمانی' یەکان بەرگری لێدەکەن. ئەم ناوکە مێژووی خۆی بۆ سەر نەورۆز و کەسایەتی کاوەی ئاسنگەر دەباتەوە. ئەم «ناوکسازییە» لە پیرەمێردی شاعیرەوە دەستپێدەکات و تا ئەمرۆش زۆر بە خەستی لەناو دەرکەوتە فەرهەنگیی و دەستەجەمعییەکەی ناسیۆنالیزمی کوردیدا ئامادەیە و کاردەکات. ئەم گوتارە ناسیۆنالیستییە لە پەیوەندیدا بە کەسایەتی سەلاحەدینی ئەیوبییەوە دیدگایەکی نێگەتیڤی هەیە و سەلاحەدین وەک بەشێک لە «ناوکە» مێژووییەکەی خۆی نابینێت. لەم گوتارەدا سەلاحەدین هیچ شتێکی قابیلی باسکردن و بەرگریلەکردنی بۆ «کورد» وەک هەڵگری جۆرێک لە شوناسی«ئەتنی» و وەک خوازیاری شوناسێکی «نەتەوەیی تایبەت» نەکردوە. بە حوکمی ئەوەی ناسیۆنالیزمی کوردی لە رۆژی دروستبوونییەوە داوای مافی ئەتنی و نەتەوەیی دەکات، نەک مافی دینیی، بۆیە ئەم ناسیۆنالیزمە لە هەناوی خۆیدا هەڵگری دیدگایەکی نادینیی یان عەلمانییە. ناسیۆنالیزمی کوردی کێشەی کوردی لەگەڵ دەوڵەتە مەرکەزییەکاندا وەک کێشە لەسەر دین نەبینیوە، بەڵکو لەسەر مافی ئەتنیی و نەتەوەییەکان بووە، بۆ نموونە، لەسەر مافی بەکارهێنانی زمان، مافی هەبوونی جۆرێک لە سەربەخۆیی سیاسیی، مافی گەشەدان بەوەی ناو «کولتور» و فەرهەنگی کوردیی لێدەنێت، داواکردنی پێشخستنی «ناوچە کوردییەکان» و مامەڵەکردنیان وەک ناوچەکانی تری ئەو وڵاتانە، هتد.. بە کورتیی مافی نەچەوساندنەوە بێمافنەکردن لەسەر بنەمای شوناسی ئەتنی و نەتەوەیی. مافی هەبوون و ڕێزگرتن و پێشخستنی کورد وەک نەتەوە و کوردبوون وەک شوناسی سەرەکیی ئەو نەتەوەیە. هەرچی «ئیسلامیزم»ە مێژوویەکی زۆر کورتتری لە «ناسیۆنالیزم» لە مێژووی سیاسیی و لەناو کۆمەڵگای ئێمەدا هەیە. ئەگەر ئیخوانی موسلیمین لە میسر لە ساڵی ١٩٢٨دا دروستبووبێت، ئەوا بوونی راستەقینەی باڵە جیاوازەکانی ئیسلامیزم وەک ئایدیۆلۆژیا و وەک هێزی سیاسیی رێکخراو، بۆ کۆتایی هەشتەکان و بۆ دونیای دوای راپەرین دەگەڕێتەوە. پرۆژەی ئیسلامیزم پرۆژەی دروستکردنی دەسەڵات و حوکمڕانییەکی دینییە، خاڵی هەرەسەرەکیی و بنەڕەتیی ئەم ئایدیۆلۆژیایە پێداگرتنە لەسەر شوناسی دینیی کەسەکان و بینینی خەڵک وەک «موسڵمان». لێرەشەوە دروستکردنی دەسەڵاتێکی دینیی کە لەگەڵ ئەو موسڵمانبوونەدا بگونجێت. لە پرۆژەی ئیسلامیزمدا چۆنیەتی بەستنەوە و گرێدانی «موسڵمانبوون» بە «کوردبوون»ەوە، بەگشتیی و بە «مەسەلەی کورد»ەوە بە تایبەتی، جۆرێک لە پشێویی و فەوزا و تەمومژ لە بیرکردنەوەیاندا هەیە. لانیکەم لای بەشێکی زۆریان. ئیسلامیزم وەک ئایدیۆلۆژیا لەباتی بەرگریکردن لە شوناسی «کوردبوون»، بەرگریی لە شوناسی «موسڵمانبوون» دەکات، یان لە باشترین حاڵەتدا کوردبوون بۆ موسڵمانبوون کورتدەکاتەوە. ئەگەر «مەسەلەی کورد»، وەک باسمانکرد، پەیوەندیی بە مافی دینییەوە نەبێت و لە جەوهەریدا پەیوەندی بە مافی سیاسیی و نەتەوەیی و ئەتنییەوە هەبێت، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئیسلامييەكان چۆن پرۆژە سياسيیەکەیان بەم مەسەلە سەرەکییەوە گرێئەدەن.. ئەم خاڵە وادەکات سەلاحەدینی ئەیوبی، نەک تەنها رۆڵی «ناوک»ێک بۆ هێزە ئیسلامییەکان ببینێت و لە ڕێگای ئەو «ناوک»ەوە رەگوڕیشە و قوولاییەکی مێژووی بۆ خۆیان دروستبکەن، بەڵکو پێداگرتن لەسەر «کوردبوون»ی سەلاحەدین خۆیشی، شتێک لەو قەیرانە فیکرییەیان بۆ چارەسەردەکات کە لە بەستنەوەی «کوردبوون» بە «موسڵمانبوون»ەوە تێیکەوتون. قەیرانێک لە ساڵانی رابردوودا وای لە هەندێک لە بکەرە ئیسلامییە تازەکان کردوە، سڵ لە هێرشکردنە سەر «نەورۆز» نەکەنەوە و بە جەژنی کافران ناویببەن، هەروەها لە بۆنە و نابۆنەدا هەندێکیان پێ لەسەر ئەوە دابگرن کە بۆ ئەوان مەکە و مەدینە لە کوردستان گرنگتر و بایەخدارترە. بە کورتییەکەی، هەردوو بەرە ئایدیۆلۆژیەکە لە کردەی دروستکردنی «ناوک»ێکدا بۆ خۆیان ئەمیان سەلاحەدین وەک کەسێکی «ناپاک» بەرامبەر بە کوردبوون دەبینێت و مامەلەدەکات. ئەویتریان وەک «ناوکی» ئایدیۆلژیا دینییەکەی خۆی دەبینێت و بەناوی ئەو «ناوەک»ەشەوە بەرگری نەک تەنها لە سەلاحەدین دەکات، بەڵکو وەکو قارەمانێکی کورد نمایشی دەکات. ئەوەی شوێنی سەرنجە چۆنەیتی قسەکردن و بەرخوردی ئەم دوو بەریەیە لەگەڵ یەکدا. گوتار و زمان و شێوازی خۆدەربڕین و قسەکردنەکانیان. بەر لە هەمووشتێک. بە دەگمەن نەبێت، کەسانێک لەم دوو بەرەیەدا نادۆزیتەوە هەڵگری دیدگایەکی مێژوویی بن. واتە دیاردەکان بخەنە ناو رەوتە مێژووییە تایبەتەکانی خۆیانەوە و لەوێدا بەدوای ماناکانیاندا بگەڕێن، نەک مانایەک چەندە سەدە دواتر بەسەریاندا بسەپێنرێت.    خاڵی دووهەم ئەوەیە، لەپشتی بیرکردنەوە نامێژوویی و نامەنهەجییەوە پرۆسەی «خۆ بە ئایدیاکردن»، خۆ بە پاکژ و باش و بەسود و چاکەکار،  نمایشدەکەن. کاتێک ئیسلامییەکان بەرگری لە سەلاحەدین دەکەن و وەک موسڵمانێکی دەگمەن وێنایدەکەن، هاوکات دەخوازن بڵێن ئێمەش، وەک سەلاحەدین و بەهەمان شێوە موسڵمانی راستەقینە و چاکەکار و دەگمەنین. ئەوانەشی کە پێیان وایە سەلاحەدین «جاش» و «ناپاک» بووە، دەخوازن بڵێن ئێمە کەسانی پاک و خەباتگێرین و کار بۆ نەتەوەکەی خۆمان دەکەین، نامانەوێت وەک سەلاحەدین پیس و ناپاک بین و کار بۆ نەتەوەی تر بکەین. ئەوەی لەم جەنگە رەمزییەدا ڕووئەدات دۆخێکە نەک تەنها فیکر لەناویدا غائیبە، بەڵکو ئەوەی هەیە و کاردەکات کاردانەوەی نێگەتیڤ و توڕەبوون  و یەکتری سڕینەوە و نەفیکردنێکی سەرتاسەریە بە بڕێکی گەورە لە توندوتیژیی رەمزییەوە. هەر لەسەرەتاشەوە لۆژیکی ململانێکە لۆژیکی ئەوەیە کێ دەمی کێ دادەخات؟ کێ «سەرکەوتن» بەسەر ئەویتردا بەدەستدێنێت؟ کێ ئیهانەی زیاتری ئەویتر دەکات؟  کێ دەتوانێت ئەویتر زیاتر زەلیل بکات؟ لای هەردوو بەرەکە کۆمەڵێک گریمانە و داوەریکردنی دۆگمایی رەقهەڵاتو ئامادەیە و کاردەکات، کە هیچ شتێک نایانباتەوە ناو فیکر و بیرکردنەوەیەک لانی هەرەکەمی مێژوویبوون و مەنهەجیبوونی تێدابێت. ئەو جەنگە رەمزیی و هەوڵدانە گەورەیەی یەکتر زەلیلکردنەیش کە دروستبووە، جگە لە گەورەکردن و بەهێزکردنی «پرۆژەی خودنەفرەتیی» شتێکی دیکەی لێ سەوز نابێت. ئەوەی لەناو ئەم ململانێیەدا ڕووئەدات رقبوونەوەیە لە خود لەڕێگای رقبوونەوەیەکی دینییەوە لەیەکتری. رقبوونەوەی دینیش یەکێکە لە شادەمارەکانی دیاردە و پرۆژەی خودنەفرەتیی لە دونیای ئێمەدا.  


راپۆرتی شیكاری: هێمن خۆشناو له‌ رۆژی پێنجشه‌ممه‌ (10 نیسانی 2025) ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌ركۆماری توركیا له‌ كۆشكی (باشته‌په‌) پێشوازی كرد له‌ شاندی ئیمڕالی كه‌ پێكهاتبوو له‌ هه‌ردوو په‌رله‌مانتاری پارتی یه‌كسانی و دیموكراسی گه‌لان (پارتی ده‌م) سری سوره‌یا ئۆنده‌ر و په‌روین بۆڵدان. له‌ دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش‌ (پارتی ده‌م) له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ ئه‌رێنی و زۆرباش وه‌سف ده‌كات و ده‌ڵێت:" ئه‌مڕۆ له‌ دوێنی ئومێده‌وارترین". له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان هه‌ریه‌ك له‌ ئیبراهیم كاڵن راوێژكاری ده‌زگای هه‌واڵگری توركیا (میت) و ئه‌فغان ئاڵا (جێگری سه‌رۆكی ئاكه‌په‌) ئاماده‌بوون. ئه‌فغان ئاڵا له‌ پڕۆسه‌ی پێشتری چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد له‌ ساڵانی 2012 – 2015، فیگوڕێكی گرنگ بوو، تا شكستی پڕۆسه‌كه‌ رۆڵێكی گرنگی هه‌بوو. ئاماده‌بوونی ئیبراهیم كاڵنیش له‌ ئێستادا به‌نده‌ به‌ گفتوگۆی ئیمرالیه‌وه‌ كه‌ پڕۆسه‌كه‌ له‌لایه‌ن ده‌زگای میت به‌ڕێوه‌ده‌چێت. سازدانی ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ هه‌موو ئه‌م ده‌نگۆیانه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ باس له‌ كۆتایی هاتنی ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ ده‌كه‌ن. كۆبوونه‌وه‌ی پاشته‌په‌ و هه‌ڵمه‌تی ده‌ستگیركردنی ئیمامئۆغڵو! پێشوازیكردنی ئه‌ردۆغان له‌ شاندی ئیمرالی له‌كاتێكدا دێت كه‌ دۆخێكی سیاسی ناسه‌قامگیر و ئاڵۆز له‌ناو توركیا له‌ ئارادایه‌.‌ له‌ دوای (19 ئاداری 2025) به‌هۆی ئۆپاراسیۆنی ده‌ستگیركردنی (ئه‌كره‌م ئیمامئۆغڵو) سه‌رۆكی شاره‌وانی گه‌وره‌ی ئیستانبۆڵ كه‌ له‌ هه‌مان كاتدا دیارترین ركابه‌ر و كاندیدی سه‌ركۆماری داهاتووی توركیایه‌، شه‌پۆڵێكی خۆپیشاندان، ناڕه‌زایی، ده‌ستگیركردنی رۆژنامه‌نووسانی لێكه‌وتۆته‌وه‌ كه‌ زۆربه‌ی شاره‌ گرنگه‌كانی توركیای گرتۆته‌وه‌. ئه‌ردۆغان، له‌ ئۆپاراسیۆنی دژ به‌ ئیمامئۆغڵو دوو ویستی هه‌بوو، یه‌كه‌مینیان ده‌یویست ناوبراو وه‌كو تاوانبارێك كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ تیرۆره‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌روه‌ها (به‌رتیل خۆر و گه‌نده‌ڵ) به‌ كۆمه‌ڵگا و رای گشتی توركیا بناسێنێت، دووه‌میشیان، چاوه‌ڕێ بوو دوای ده‌ستگیركردنی ئیمامئۆغڵو، پارتی گه‌لی كۆمار (جه‌هه‌په‌) له‌ هێز بكه‌وێت و دوای مایه‌وه‌ك ئۆزگور ئۆزه‌ل سه‌رۆكی ئه‌م پارته‌ ئاڵای سپی له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌ردۆغان هه‌ڵبكات. به‌ڵام خۆپیشاندان و كۆبوونه‌وه‌ جه‌ماوه‌ریه‌كان كه‌ بۆ پشتگیری ئیمامئۆغڵو به‌رده‌وام ساز ده‌كرێت، ئاماژه‌یه‌ به‌ شكستهێنانی ئه‌م ویسته‌ی ئه‌ردۆغان. ئیتر ئیمامئۆغڵو بووه‌ سه‌مبۆلی دژ به‌ زوڵم له‌ چاوی زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگای توركیادا. له‌چاوی نه‌یار و ركابه‌رانی ئه‌ردۆغانیشدا، ئیمامئۆغڵو بووه‌ ئه‌م كاندیده‌ی كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی سه‌ركۆماری توركیادا شكست به‌ ئه‌ردۆغان ده‌هێنێت. دیسان هه‌ر به‌ پێچه‌وانه‌ی ویستی ئه‌ردۆغان، دوای ئۆپاراسیۆنی ده‌ستگیركردنی ئیمامئۆغڵو، خه‌ریكه‌ جه‌هه‌په‌ ده‌ستبه‌رداری كاره‌كته‌ری ئۆپۆزسیۆنی ئۆپۆرتۆنیست ده‌بێت، ئه‌م پارته‌ ئۆپاراسیۆنی دژ به‌ ئیمامئۆغڵوی له‌ دژه‌ ده‌رفه‌ت كرده‌ ده‌رفه‌ت و خۆی له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆنی كۆمه‌لایه‌تی ئاوێته‌ی یه‌كتر كرد،  كه‌ گه‌نجان و خوێندكارانی زانكۆ رێبه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن و له‌ ئه‌نجامی ئۆپاراسیۆنی ئیمائۆغڵودا به‌رفراوانتر و كاراتر و قسه‌رۆیشتربووه‌ له‌ناو شه‌قامی توركیدا. هه‌رچه‌نده‌‌ ئه‌كره‌م ئیمائۆغڵو له‌ كونجی زیندان دایه‌، به‌ڵام به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می به‌ر له‌ 19 ئادار پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری زیاتره‌ بووه‌. كۆمه‌ڵگای توركیا، له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌ كه‌ ده‌ستگیركردنی ئیمامئۆغڵو نادادپه‌روه‌رانه‌یه‌، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاندیدێكی به‌هێزی سه‌ركۆماریه‌ راپێچی زیندان كراوه‌. ئه‌م هه‌سته‌ كۆمه‌ڵگای توركیا جوڵاند، بازنه‌ی پشتگیركردنی له‌ ئیمامئۆغڵو به‌رفراوانتر كرد. ئایا كوردانی باكوور ده‌بنه‌ فریادره‌سی ئه‌ردۆغان؟ شكستنی ئۆپاراسیۆنی ئه‌ردۆغان دژ به‌ جه‌هه‌په‌ پێگه‌ی سه‌ركۆماری توركیا ئه‌وه‌نده‌ی دیكه‌ لاواز ده‌كات و ناچاری ده‌كات تا به‌دوای رێگایه‌كی دیكه‌دا بگه‌ڕێت بۆ ئه‌وه‌ی شكسته‌كه‌ی له‌به‌رامبه‌ر جه‌هه‌په‌ و ئیمائۆغڵو قه‌ره‌بوو بكاته‌وه‌. ئایا رێگای قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌م شكسته‌ به‌كوێدا تێپه‌ڕ ده‌بێت‌؟ دۆخی ئابووری له‌خۆوه‌ خراپ بوو، به‌ڵام دوای 19 ئادار خراپتر بووه‌. ئۆپاراسیۆنی 19 ئادار، له‌ قه‌یه‌كی توندی له‌ هه‌موو ئه‌م هه‌نگاوانه‌دا كه‌ (محه‌مه‌د شیمشه‌ك) وه‌زیری ئابووری و دارایی توركیا له‌ دوای ساڵی 2023 گرتوویه‌تیه‌به‌ر بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ڵاوسان. كاتێك ئه‌ردۆغان زانی له‌ رێگای ئابووری ناتوانێ شتێك به‌ شتێك بكات، ویستی شكسته‌كه‌ی له‌ رێگای هه‌ڵمه‌تێكی نێوده‌وڵه‌تی قه‌ره‌بوو بكاته‌وه‌. دوای رووخانی رژێمی (به‌شار ئه‌سه‌د) سوریا بووه‌ ناوه‌ندێكی هه‌ژموونی توركیا، به‌ڵام پڵانی ئیسرائیل و په‌لكێشی سه‌ربازی بۆ ناو سوریا، ئه‌نجامه‌كه‌ی‌ گۆڕی. راسته‌ هێشتا توركیا ئه‌كته‌رێكی گرنگ و به‌هێزه‌ له‌ناو سوریا، به‌ڵام ناچاره‌ به‌دوای رێگای رێككه‌وتن و لێكتێگه‌یشتن بگه‌ڕێت له‌گه‌ڵ ئیسرائیل. كه‌واته‌ له‌ سوریاشدا چیرۆكێكی پڕ له‌ سه‌ركه‌وتن بۆ ئه‌ردۆغان نانووسرێته‌وه‌ تا له‌ناوخۆی توركیادا باری لاسه‌نگی خۆی پێ راستبكاته‌وه‌. كاتێك ئه‌م دوو كارته‌ له‌ ده‌ست ئه‌ردۆغان نه‌مێنێ، ئه‌وه‌ كارتی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد دێته‌ گۆڕێ. له‌ مانگی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی رابردوو (2024) كاتێك (ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی) سه‌رۆكی پارتی بزوتنه‌وه‌ی میللی (مه‌هه‌په‌)  له‌ ده‌ستپێكردنی وه‌رزی نوێی په‌رله‌مانی توركیا، ته‌وقه‌ی له‌گه‌ڵ هاوسه‌رۆكانی پارتی ده‌م كرد و بووه‌ سه‌ره‌تایه‌كی ئاشكرا بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كانی له‌مه‌ڕ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد، به‌شێك له‌ چاودێر و شرۆڤه‌كاران، پێیانوابوو ئه‌وه‌ی باخچه‌لی ده‌یكات هه‌وڵی ئه‌ردۆغانه‌ بۆ سه‌رله‌نوێ وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستی سه‌ركۆمار. له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌گووترا:" ئه‌ردۆغان ده‌خوازێت پشتگیری پارتی ده‌م و كورد به‌ده‌ست بێنێت و تا هه‌تایه‌ ببێته‌وه‌ به‌ سه‌ركۆمار". به‌ڵام ئه‌م شرۆڤه‌یه‌ له‌ جێگای خۆیدا نه‌بوو، چونكه‌ ئه‌ردۆغان وه‌ك ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی مكوڕ و به‌ هه‌وه‌س نه‌بوو له‌سه‌ر پڕۆسه‌كه،‌ كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی مه‌جازی هه‌ندێك جار به‌ (پڕۆسه‌ی باخچه‌لی) به‌ناو ده‌كرا. ئه‌ردۆغان له‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی پڕۆسه‌ی گفتوگۆی ئیمرالی و ده‌وڵه‌ت، قسه‌ی نه‌‌كرد و بێده‌نگی هه‌ڵبژارد، بێده‌نگی ئه‌ردۆغان ئاماژه‌یه‌‌ كه‌ پڕۆسه‌كه‌ به‌ ده‌ستپێشخه‌ری و ئاره‌زووی ئه‌ردۆغان ده‌ستپێنه‌كراوه‌. له‌ پشت ئه‌م هه‌ڵوێسته‌شیدا یه‌كێك له‌م دوو هۆكاره‌ خۆی حه‌شار داوه‌: - له‌وانه‌یه‌ ئه‌ردۆغان پێیوابێ ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع جێبه‌جێ ناكرێت. - له‌وانه‌شه‌ پێیوابێ ئه‌گه‌ر پڕۆسه‌كه‌ جێبه‌جێش بكرێت، ناكه‌وێته‌ خزمه‌ت به‌رنامه‌ كه‌سی و تایبه‌تیه‌كانی! پاش تێپه‌ڕیوونی شه‌ش مانگ له‌سه‌ر ته‌وقه‌ چاوه‌ڕواننه‌كراوه‌كه‌ی باخچه‌لی، رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو، بۆ یه‌كه‌م جار ئه‌ردۆغان پێشوازی له‌ شاندی ئیمڕالی كرد، به‌ گوێره‌ی ئه‌م پارته‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ زۆر ئه‌رێنی بووه‌. ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ش دوو خوێنده‌وه‌ی هێنایه‌ گۆڕى كه‌ هه‌ردووكیان یه‌ك جه‌وهه‌ریان هه‌یه‌: - به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆنی دژ به‌ ئه‌ردۆغان، پێیوایه‌ سه‌ركۆمار ده‌خوازێت به‌ پشتگیری بزوتنه‌وه‌ و ده‌نگده‌ری كورد باری لاسه‌نگی خۆی راست بكاته‌وه‌. - لایه‌نگرانی ئه‌ردۆغانیش پێیانوایه‌ ئه‌مجاره‌ كورد ده‌بێته‌ فریادره‌سی ئه‌وان.  ئه‌ردۆغان پێویستی به‌ فریادره‌سێك هه‌یه‌! دۆخی ناوخۆیی سیاسی و ئابووری توركیا، هه‌روه‌ها پێگه‌ی توركیا له‌ناو هاوكێشه‌ ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا، هیچ گومانێك ناهێڵێته‌وه‌ كه‌ ئه‌ردۆغان پێویستی به‌ فریادره‌سێكه‌! به‌ڵام ئاماژه‌یه‌كی دیار نابیندرێت كه‌ كورد ده‌بنه‌ فریادره‌سی ئه‌ردۆغان یان نا؟ چه‌ندین هۆكاری هه‌یه‌، ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه‌ پشتڕاست ده‌كاته‌وه‌: - ئه‌و دۆخه‌ی ئه‌ردۆغان تێیكه‌وتووه‌، دۆخێك نیه‌ ته‌نیا به‌ پشتگیری كورد راست ببێته‌وه‌. ئه‌مڕۆ بێزاری كۆمه‌ڵگای توركی له‌ ئه‌ردۆغان له‌ لوتكه‌ دایه‌. - بزوتنه‌وه‌ی سیاسی كورد ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ نیه‌ تا بێ مه‌رج و بێ داواكاری پشتگیریه‌كی بێ به‌رامبه‌ری ئه‌ردۆغان بكات! كورد ئه‌زموونێكی زۆری په‌یدا كردووه‌، وانه‌كانی ئه‌زموونی رابردوو له‌ناو مێشكی كورد په‌نگی خواردۆته‌وه‌. له‌ ئێستادا له‌ سێ شاره‌وانی گه‌وره‌ی ناوچه‌ كوردیه‌كان (وان، ماردین و دیاربه‌كر) دوو شاره‌وانی قه‌یوومی له‌سه‌ر سه‌پێندراوه‌. لۆژیكی نابێت كورد زوو به‌ زوو ئه‌مه‌ له‌بیر بكات و متمانه‌ به‌ ئه‌ردۆغان بێنێت. بێگومان كورد له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ ناكشێته‌وه‌، كورد ده‌خوازێت ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ بگاته‌ ئه‌نجام به‌ تایبه‌تی كه‌ (عه‌بدوللا ئۆجالان) موخاته‌به‌ تیایدا به‌ڵام ئه‌مه‌ بۆ خزمه‌تی ئه‌ردۆغان نیه‌، به‌ڵكو بۆ خاتری قه‌ندیل ده‌بێت. له‌ ئه‌نجامگیری و به‌ره‌وپێشچوونی پڕۆسه‌ی ئیمرالی، بزوتنه‌وه‌ی كورد زۆر ده‌ستكه‌وتی ده‌بێت، توركیاش به‌ هه‌مان شێوه‌ چه‌ندین ده‌ستكه‌وتی ده‌بێت، به‌ڵام دیاره‌ نیه‌ ده‌ستكه‌وتی ئه‌ردۆغان چی ده‌بێت! بۆ نموونه‌ له‌ پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ری له‌ ساڵی 2015، كاتێك پارتی دیموكراتی گه‌لان 13٪ ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا و به‌ سه‌نگ گه‌یشته‌ په‌رله‌مان، بۆ یه‌كه‌م جار ئاكه‌په‌ ده‌رفه‌تی به‌ ته‌نیا دروستكردنه‌وه‌ی حكوومه‌تی له‌ده‌ستدا. له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ ده‌كرێت بڵێین، كورد نابنه‌ فریادره‌سی ئه‌ردۆغان! به‌ڵكو هه‌وڵده‌ده‌ن ببنه‌ فریادره‌سی خۆیان، ده‌خوازن كێشه سیاسی، ده‌ستووری، ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانیان به‌ره‌و ئاقاری چاره‌سه‌ری ببه‌ن. لۆژیكی نیه‌، ئه‌گه‌ر بڵێین كورد له‌ باكووری دركی به‌و دۆخه‌ پڕه‌ لاوازیه‌ نه‌كردبێت كه‌ ئه‌ردۆغان تێی كه‌وتووه‌، نه‌زانێ كه‌ سه‌ركۆمار هێزی پێشتری نه‌ماوه‌، به‌بێ باخچه‌لی بۆی ناچێته‌سه‌ر، هه‌موو رێگایه‌ك تاقیده‌كاته‌وه‌ تا دۆناڵد تره‌مپ رازی بكات یان لێی رازی بێت. له‌ رابردوودا كه‌ ئه‌ردۆغان تووشی قه‌یرانێك یان دۆخێكی نه‌خوازراو ده‌بوو، به‌ لێدوانێك خه‌ڵك و هه‌وادارێكی زۆری له‌ ده‌وری خۆی كۆده‌كرده‌وه‌، به‌ڵام له‌ ئێستادا ئه‌و لۆكسه‌ی جارانی نه‌ماوه‌. ئه‌م دۆخه‌ هێزی سه‌وداكاری كوردی (ئیمرالی، قه‌ندیل و پارتی ده‌م) زیاتر كردووه‌. له‌ رابردوو په‌یوه‌ندیه‌كی نایه‌كسان هه‌بوو، ئه‌ردۆغان زۆر به‌هێزتر بوو، كورد لاواز بوو. ئه‌مڕۆ دۆخه‌كه‌ گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه‌، تای ته‌رازوو گۆڕاوه‌. كورد ئه‌مه‌ ده‌بینێت، بۆیه‌ چاوه‌ڕوان ناكرێ، كورد له‌ به‌رامبه‌ر ده‌ستكه‌وتێكی بچووك یان چه‌ند گفتێك سازشێكی گه‌وره‌ بۆ ئه‌ردۆغان بكات. له‌وانه‌یه‌ هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردبێت ئه‌ردۆغان تا زۆر ناچار نه‌بێت له‌ باشته‌په‌ له‌گه‌ڵ شاندی ئیمڕالی دانه‌نیشێت! كورد چه‌ند داواكاریه‌كی هه‌یه‌، بۆ نموونه‌ قه‌ندیل بۆ به‌ستنی كۆنگره‌ی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ داوای ئاگربه‌ست و راگرتنی هێرشه‌ ئاسمانی و زه‌مینیه‌كان ده‌كات. ئایا ئه‌ردۆغان به‌ پیر ئه‌م داواكاریه‌وه‌ ده‌چێت؟ له‌لایه‌كی دیكه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان هێزی جارانی نه‌ماوه‌، بزوتنه‌وه‌ی سیاسی كورد باخچه‌لی به‌ خاوه‌نی ده‌ستپێشخه‌ری ئه‌مجاره‌ ده‌بینێت. ئه‌مه‌ش بژارده‌ی و بیرۆكه‌ی نوێ بۆ بزوتنه‌وه‌ی كورد دروست ده‌كات. ئه‌مڕۆ هاوشێوه‌ی ساڵانی پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ری (2012 – 2015)، نه‌ ئه‌كره‌م ئیمائۆغڵو، نه‌ ئوزگور ئۆزه‌ل و نه‌ جه‌هه‌په‌، رۆڵ و لێدوانێكیان نیه‌ بزوتنه‌وه‌ی كورد نیگه‌ران بكات. چه‌ند رۆژێك به‌ر له‌وه‌ی ده‌ستگیر بكرێت ئه‌كره‌م ئیمائۆغڵو سه‌ردانی دیاربه‌كری كرد و له‌باره‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد په‌یامی ئه‌رێنی به‌ گوێی بزوتنه‌وه‌ی كورد چرپاند. ئوزگور ئۆزه‌ل به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی سه‌راجخانه‌ و شیشلی له‌ ئیستانبۆل پشتگیری خۆی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد نیشاندا. واتا بادانه‌وه‌ به‌ره‌و جه‌هه‌په‌ له‌ ئه‌گه‌ری پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان، وه‌كو بژارده‌یه‌ك له‌به‌رده‌م كورد كراوه‌یه‌. بۆیه‌ پێشبینی ناكرێت بزوتنه‌وه‌ی كورد بۆ خارتری ئه‌ردۆغان دژ به‌ جه‌هه‌په‌ و ئه‌كره‌م ئیمائۆغڵو بووه‌ستێته‌وه‌ كه‌ جه‌ماوه‌ر و پێگه‌یان له‌ هه‌ڵكشاندایه‌ و پشتگیری له‌ ئه‌ردۆغانێك بكات كه‌ رۆژانه‌ لاوازتر ده‌بێت و پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری بچووكتر ده‌بێته‌وه‌. بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیابین كه‌ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت، پێویست ده‌سه‌ڵاتی ئاكه‌په‌ هه‌ندێك هه‌نگاو بنێت، ناكرێت له‌ توركیادا باس له‌ به‌رده‌وامی و به‌ره‌وپێشچوونی پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ری بكرێت و كه‌سێكی وه‌كو (سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش) له‌ زیندان بێت. به‌ كوردی و به‌ پوختی، ئه‌گه‌ر چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ی دیكه‌ش له‌ باشته‌په‌ بكرێت، كورد خۆی ناكوژێت و هه‌موو هێلكه‌كانی ناخاته‌ ناو سه‌په‌ته‌ ره‌ش و سه‌ر داپۆشراوه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان! به‌ڵكو به‌ پشووی درێژی و هه‌ندێك جاریش به‌بێ ده‌نگی هه‌نگاو ده‌نێت تا ئه‌ردۆغان خۆی یه‌كلایی ده‌كاته‌وه‌!    


(درەو): مەزڵوم عەبدی بۆ یەكەمجار لیستی ناوی ئەندامانی لیژنەی ناوچەكانی باكورو خۆرهەڵاتی سوریای بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی دیمەشق رادەستكردو، داوا دەكات بەنداوی تشرین لە هێرشەكان بپارێزرێت.  مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە شاری حەسەكە لەگەڵ (حسێن سەلامە) سەرۆكی لیژنەی راسپێردراوی حكومەتی دیمەشق بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی (10ی ئازار) نێوان هەردوولا كۆبووەوە. لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتانە كراوە: •    پێویستیی كەمكردنەوەی ئاڵۆزییەكان و راگرتنی شەڕ لە سوریا، لەنێویاندا پاراستنی بەنداوی تشرین لە هێرشە سەربازییەكان. •    پێكهێنانی لیژنە بۆ گفتوگۆ لەبارەی گەڕانەوەی زۆرەملێی ئاوارەكان لە سەرجەم ناوچەكانی سوریا. •    ناوی ئەندامانی ئەو لیژنەیە ئاشكرا كرا كە نوێنەرایەتی ناوچەكانی باكورو خۆرهەڵاتی سوریا دەكەن لە دیالۆگ لەگەڵ حكومەتی دیمەشق، كە لەماوەیەكی كەمدا ئەم دیالۆگە دەستپێدەكات، ئەندامانی لیژنەی دیالۆگی ناوچەكانی باكورو خۆرهەڵاتی سوریا (كورد) بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق بریتین لە:  -    فەوزە یوسف -    عەبدولحامید مهباش -    ئەحمەد یوسف -    سەنحەری بەرسوم -    سوزدار حاجی -    مەریەم ئیبراهیم لەگەڵ یاسر سلێمان (ئەم دوانە وتەبێژی لیژنەكە دەبن)


(درەو): لە ناوەڕۆكی گفتوگۆو دەرەنجامی دانوستانی نێوان رێبەر ئاپۆو نوێنەرانی دەوڵەت لە زیندانی ئیمراڵی بێخەبەرین.. لەدۆخی ئێستادا لەژێر فشاردا لە زیندانی ئیمرالی؛ رێبەری ئێمە ناتوانێت بەشداری كۆنگرە بكات و لەم دۆخەدا ناتوانرێت كۆنگرە بكرێت.. ئەگەر بەبێ مەرج چەك دابنێین واتا بەدەوڵەتی توركیا دەڵێن بێن ئێمە لەناوببەن و بمانكوژن، ئەمە خۆكوژییە، هیچ كەسێك ئەم جۆرە خۆكوژییە قبوڵ ناكات، ئامانج لە چەكداماڵین دیاریكراوە، ئەگەر مەرجەكان فەراهەم نەبن ئێمە بەردەوامین دەبین لە بەرگریكردن لە خۆمان، ئەمانە قسەی (جەمیل بایك) هاوسەرۆكی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)یە لە دیمانەیەكدا لەگەڵ كەناڵی (بی بی سی فارسی)، كە لەبەر بایەخی ناوەڕۆكەكەی (درەو) بەشێك لە پرسیارەكانی دیمانەكەی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی و لێرەدا بڵاویدەكاتەوە. دەقی دیمانەكە: بی بی سی: پەیامی ئۆجەلان بۆ چەكدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە چ واتایەكی هەیە بۆ ئێوە؟ جەمیل بایك: رێبەری ئێمە ئاپۆ لە 27ی شوباتی 2025دا مانفێستێكی راگەیاندو داوای ئاشتی و دروستكردنی كۆمەڵگەیەكی دیموكراتی كرد، لەسەر ئەم بنەمایە داوای راگرتنی چالاكییە سەربازییەكان و هەڵوەشاندنەوەی پەكەكەی كرد، كۆمیتەی ناوەندیی پەكەكە وەڵامی ئەرێنیی ئەم داواكارییەی رێبەر ئاپۆی دایەوەو رایگەیاند ئامادەیە بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانی؛ لەسەر ئەم بنەمایە فەرماندەیی هێزەكانی پەكەكە (هەپەگە) راگربەستی راگەیاندو وتی ئەگەر هێرشمان نەكرێتەسەر لەژێر هیچ بارودۆخێكدا هێرش ناكەین، بۆ ئەوەی زەمینەی داواكارییەكانی رێبەرمان فەراهەم ببێت، توركیا تائێستا هێرشەكانی رانەگرتووەو رۆژانە بە درۆن و فڕۆكەو تانك و تۆبخانە ئێمە بۆردومان دەكات، لەم بارودۆخەدا توانای جێبەجێكردنی بڕیاری كۆمیتەی ناوەندیی پەكەكە نییە، دەوڵەتی توركیا دەبێت ئەم هێرشانە رابگرێت بۆ ئەوەی كۆنگرە ببەسترێت و لەبارەی داواكارییەكانی رێبەرمان گفتوگۆو بڕیاری پێویست بدرێت، بۆ بەدیهێنانی ئەم بڕیارانە دەبێت دۆخی ژیانی رێبەری ئاپۆش باشتر بكرێت و زەمینەی گونجاو بۆ چالاكی ئەو بڕەخسێت، لەدۆخی ئێستادا لەژێر فشاردا لە زیندانی ئیمرالی؛ رێبەری ئێمە ناتوانێت بەشداری كۆنگرە بكات، لەم دۆخەدا ناتوانرێت كۆنگرە بكرێت، كۆنگرە تەنیا كاتێك دەتوانرێت بكرێت كە دۆخی شەڕ نەمێنێت، لەم دۆخەدا ئێمەش دەتوانین بڕیاری پێویست بۆ ئایندە بدەین. بی بی سی: ئۆجەلان 26 ساڵە لەزنیداندایە، چ گەرەنتییەك هەیە كە لەبارودۆخێكی ئاسایی و لەژێر فشاردا نەبووە كە بانگەوازەی كردووە ؟ بۆچی لەم كاتەدا ئەم بانگەوازەی كردووە؟  جەمیل بایك: رێبەری ئاپۆ هەمیشە رون و ئاشكرا بووە، ئەو خوازیاری چارەسەری كێشەی كورد بووە دور لە توندوتیژیی و لە رێگەی سیاسی و دیموكراتیك و یاساییەوە، دەبێت ئەوەش بەیاد بهێنمەوە رێبەری ئاپۆ ئەمڕۆ ئەم بڕیارەی نەداوە، ئەو لە ساڵی 1993 ئاگربەستی یەكلایەنەی راگەیاند، لەو سەردەمەدا مام جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لەنێوان ئێمەو دەوڵەتی توركیادا نێوەندگیری كرد؛ ئەو سەردەمە تۆرگوت ئۆزال سەرۆك كۆماری توركیا بوو، ئۆزالیش خوازیاری چارەسەری كێشەی كورد بوو لەرێگەی یاسایی و دیموكراتییەوە، بەڵام سیاسەتی دەوڵەتی توركیا نكولیكردن لە ناسنامەو كۆمەڵكوژی كورد بوو، ئەوان رێگەیان نەدا رێبەر ئاپۆو تورگۆت ئۆزال درێژە بە گفتوگۆ بدەن تا ئەنجامێك بەدی بێت، لەوكاتەوە تائێستا رێبەر ئاپۆ لەهەوڵدا بووە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی ئاشتی، ئەو گۆڕانكاریی گەورەی لە جوڵانەوەی پەكەكەدا دروستكردووە، ئەم گۆڕانكارییانە كە لە ساڵی 1993وە دەستیان پێكرد، بووەهۆی دروستبوونی هەڵوێستێكی نوێ كە ئامانجی لێی رێبەرایەتیكردنی خەباتی چەكداریی بووە بەرەو خەباتی سیاسی. ئامانجی ئەو دروستكردنی كۆمەڵگەیەكی دیموكراتیك لەسەر بنەمای پاراستنی ژینگەو ئازادی ژنان هەروەها مامەڵەكردن بوو لەگەڵ كۆمەڵگە دیموكراتیكەكان، ئەم پارادایمە تەواوی میللەت و باوەڕە جیاوازەكان لەخۆدەگرێت تاوەكو لەچوارچێوەیەكی گونجاو و لە زەمینەیەكدا لەسەر بنەمای یەكسانیی، ئازادی و دیموكراسی بە ناسنامەو فەرهەنگ و بیروباوەڕی خۆیانەوە بژین. رێبەر ئاپۆ تاوەكو ساڵی 2025 واتا سەردەمێك كە بەشێوەی ئاشكرا بانگەوازەكەی خۆی راگەیاند، بارودۆخەكەی بەگونجاو نەدەبینی كە دۆزی كورد لەرێگەی سیاسییەوە چارەسەر بكرێت، ئەگەر ئەمڕۆ ئەو بانگەوازەی كردووە بێگومان هۆكارێكی بۆ ئەمە هەیە. بی بی سی: ئایا گۆڕانكارییەك لە هەڵسوكەوتی رێبەرانی سیاسیی توركیا توركیا روویداوە یان نا؟ جەمیل بایك: ئامانجی دەوڵەتی توركیا لە لەناوبردنی كاریگەریی رێبەر ئاپۆو (پەكەكە)یە، لەناوخۆی توركیاش كێشەی زۆر دروستبووە، سیاسەتی ناوخۆیی توركیا گەیشتوەتە بنبەست و نەیتوانیوە كێشە ناوخۆییەكانی چارەسەی بكات. هاوكاتیش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانكاری بنەڕەتی و گەورە روویداوە، ئەم گۆڕانكاری و قەیرانانە دەوڵەتی توركیای ترساندووە، لەم بارودۆخەدا رۆڵ و كاریگەریی كورد دەركەوتووەو چارەنوسی توركیا كەوتوەتە دەستی كوردەوە. دەوڵەتی توركیا ناچار بووە رێبەر ئاپۆ وەكو كەسایەتییەكی كاریگەر قبوڵ بكات تا لەو دۆخە مەترسیدارە دەربچێت، بەڵام بارودۆخێك كە لە توركیاو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە توركیای ناچار كردووە بەرەو لای كورد بڕوات، ئەگەر پشتیوانی كورد بەدەست نەهێنێت ناتوانێت قەیرانەكان چارەسەر بكات و روبەڕووی مەترسی گەورە دەبێتەوە، توركیا پێگەی خۆی لەدەستداوەو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش گۆڕانكاری گەورە روویداوە، هەژموونی ئیسرائیل و هاوپەیمانێتیی ئەو وڵاتە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی دروستبووەو سەرمایەدارانی جولەكەو عەرەب گەیشتونەتە رێككەوتن، ئێران و توركیا ئیتر كاریگەرییەكانی پێشتریان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نییە، توركیا زۆرێك لە دەستكەوتەكانی خۆی لەدەستداوە بەو هۆكارە ترساوە. پێگەی كوردیش گۆڕانكاری بەسەردا هاتووەو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی كەوتوەتە بەر باس، ئێستا هەمووان هەوڵدەدەن كە كورد بەلای خۆیاندا رابكێشن و هەركەسێك لەم كارەدا سەركەوتوو بێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا براوە دەبێت، ئەمانە هۆكاری نزیكبوونەوەی توركیان لە رێبەر ئاپۆو كورد، نەك ئەوەی لەڕووی بیكردنەوەوە گۆڕانكارییەك روویدابێت.  بی بی سی: ئایا بەر لە بڵاوكردنەوەی بانگەوازەكەی ئۆجەلان، رێبەرانی پەكەكە ئاگاداری گفتوگۆی ئۆجەلان و دەوڵەتی توركیا بوون؟ جەمیل بایك: رێبەر ئاپۆ لەبارەی پێشنیاری چەكدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە هەرگیز لەگەڵ كەس مامەڵە یان سازشێكی نەكردووە، ئەو باوەڕی بەخۆی هەیەو بەتەنیایی بڕیاریداوە كە ئەم بابەتە بەرەو پێش ببات، بۆچی؟ چونكە دەیەوێت دۆزی كورد بەرەو ئاڕاستەی سیاسی و یاسایی ببات و بەمشێوەیە پرسی كورد چارەسەر بكات. بۆ بەدیهێنانی ئەمە دەبێت دەوڵەتی توركیاش بەرپرسیارێتیی خۆی هەڵگرێت و هەنگاوی پێویست بگرێتەبەر. ئێمە ناپرسین ئایا توركیا لەم پرۆسەیەدا جدییە یاخود نا. ئەوە ئێمەین كە جددین، دەمانەوێت رێگەچارەی سەربازیی بۆ چارەسەری دۆزی كورد بخەینەلاو، لەرێگەی سیاسی و یاسایی چارەسەری بكەین، دەمانەوێت توركیا ناچار بكەین كە چەند هەنگاوێك هەڵگرێت، ئەمە ئەو شتەیە كە ئەمڕۆ هەوڵی بۆ دەدەین. تائێستا هیچ جۆرە پەیوەندیی، دانوستان یان گفتوگۆیەك لەنێوان ئێمەو دەوڵەتی توركیادا نەكراوە. رێبەر ئاپۆ لە زیندانی ئیمرالی لەگەڵ ئەواندا گفتوگۆ دەكات؛ لە دەقی پەیوەندی و خواستەكانی رێبەر ئاپۆوە روونە كە ئەو لەگەڵ نوێنەرانی دەوڵەت لە زیندانی ئیمرالی دانوستانی كردووە، ئێمە لە ناوەڕۆكی ئەو گفتوگۆیانەو دەرەنجامی دانوستان بێخەبەرین، ئەوەی كە دەبوو لەرێگەی خەباتی چەكدارییەوە بەدەستبهاتایە، بەدەستهاتووە، خەباتی چەكداری ئەوكات تاكە بژاردە بوو، ئێستا خەباتی چەكداری ئەتوانێت رابوەستێت و دۆزی كورد دەتوانێت بە رێگای دیموكراتی و سیاسی چارە بكرێت، بەڵام دەوڵەتی توركیا پێداگریی دەكات لەسەر سیاسەتی لەناوبردنی ئێمە. هەركاتێك رێبەر ئاپۆ پێشنیاری ئاگربەستی كردووە ئەوان ئاگربەستیان شكاندووەو نەیانویستووە دۆزی كورد چارەسەر بكرێت، بۆچی؟ چونكە ئەگەر دۆزی كورد چارەسەر ببێ بۆ ئەوان قازانجی نییە، بەڵام ئەگەر جەنگ بەردەوامی پێبدرێت لەو جەنگە قازانج و بەرژەوەندیی بەدەستدەهێنن. بی بی سی: ئایا دوای چەكدانان سەركردەو ئەندامانی پەكەكە ئامادەن بگەڕێنەوە بۆ توركیا؟  جەمیل بایك: لەم بارودۆخەدا ئێمە چۆن بتوانین بگەڕێینەوە بۆ توركیا، لەئێستادا رۆیشتن بۆ توركیا بەواتای رۆیشتنە بۆ زیندان، بێگومان هیچ كەسێك نایەوێت بەمجۆرە زیندانی بكرێت، هەركاتێك توركیا دۆزی كوردی قوبڵكردو بەدوای رێگاچارەوە بێت، بێگومان ئێمەش لەو كاتەدا دەمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ خاكی دایكیی خۆمان، ئێمە خاكی میللەتی خۆمانمان خۆشدەوێت، ئەگەر ئەم عیشق و پەیوەندییە نەبووایە بۆچی ساڵەهایەك بۆ ئازادی خەبات و كۆششمان دەكرد، كاتێك بۆ خەبات چوینە شاخەكان عاشقی جەنگ و چەك نەبووین، ئێمە چوینە شاخەكان و خەباتی چەكداریمان دەستپێكرد چونكە هەموو رێگا دیموكراتییەكان بەڕووماندا داخرابوون. هەر بەوجۆرەی كە وتم تاكە مەرجی ئێمە ئەوەیە كە ئەو سنورداركردنانەی لە زیندانی ئیمرالی خراوەتەسەر رێبەر ئاپۆ دەبێت هەڵوەشێندرێنەوە، بۆ ئەوەی ئەو بتوانێت ئازادانە چالاكی بكات. كاتێك كە دەوڵەتی توركیا ئەمە پەسەند بكات، بابەتەكانی تر چارەسەر دەبن. كاتێك كە رێبەر ئاپۆ لە سیستەمی زیندانی ئیمرالی بچێتە دەرەوەو كەشوهەوای چالاكی ئازادانەی بۆ فەراهەم بكرێت ئەمە بەواتای ئەوەیە كە دۆزی كوردو هەوڵ بۆ چارەسەركردنی لەبەرنامەی كاری دەوڵەتدا جێگەی گرتووە، بێگومان دەبێت هاوڕێیانی تری زیندان ئازاد بكرێن، رەنگە بپرسیت ئەوانە كێن لە زیندانەكاندان؟ ئەوانە نوێنەرانی پەرلەمان، سەرۆك شارەوانییەكان، ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانییەكان، چالاكانی سیاسی، رۆژنامەنوسان و هونەرمەندانن، تەواوی ئەو كەسانەی كە ئێستا زیندانین چالاكی سیاسی و دیموكراتییان هەبووە، بۆچی كەوتونەتە زیندانەوە؟ چونكە كورد بوون، چونكە بەناسنامەی خۆیانەوە دەژیان، چونكە خوازیاری چارەسەری پرسی كورد بوون و لەو رێگەدایە تێكۆشین دەكەن. چەكداماڵین واتا ئامادەبوون بۆ مەرگ، ئێمە هێشتا نەمردووین، دەوڵەتی توركیا دەیەوێت كورد لەناو ببات، ئێمەش لەبەرامبەر ئەم سیاسەتەدا راوەستاوین و رادەوەستین، ئەگەر بەبێ مەرج چەك دابنێین واتا بەدەوڵەتی توركیا دەڵێن بێن ئێمە لەناوببەن و بمانكوژن، ئەمە خۆكوژییە، هیچ كەسێك ئەم جۆرە خۆكوژییە قبوڵ ناكات، ئامانج لە چەكداماڵین دیاریكراوە، ئەگەر مەرجەكان فەراهەم نەبن ئێمە بەردەوامین دەبین لە بەرگریكردن لە خۆمان و بەردەوامی دەدەین بە تێكۆشینی خۆمان.  


  درەو: بەرپرسێکی باڵای کورد، بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، کوردانی سوریا بڕیارە داوای سیستمێکی فیدراڵی بکەن لە سوریای دوای ئەسەد، کە ڕێگە بە دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمی و سەرپەرشتیكردنی هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکە بدات، وەك جەختكردنەوە لەسەر دیدگای نا ناوەندێتی، کە سەرۆکی کاتی سوریا دژایەتی دەکات. داواکاریی بۆ حوکمڕانی فیدراڵی، گوڕوتنێكی گەورەی پەیداكرد دوای بڵاوبونەوەی  نیگەرانی لەناو کەمینەکانی سوریا،  لەبەرامبەر کوشتنی بە کۆمەڵی عەلەوییەکان لە مانگی رابردودا، ئەوە لەكاتێكدا، گروپە کوردییەکان ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری کاتی و گروپە ئیسلامییەکەی تۆمەتبار دەکەن بە پیادەكردنی رێڕەوێكی هەڵە بۆ سوریای نوێ و قۆرخکردنی دەسەڵات. سەرچاوە کوردییەکان رایانگەیاندووە، پارتە کوردییەكانی سوریا، لەنێویاندا هێزی  باڵادەست لە باکوری رۆژهەڵاتی وڵاتەكە، کە لەلایەن کوردەکانەوە بەڕێوەدەبرێت، مانگی رابردوو لەسەر دیدێکی سیاسی هاوبەش - لەنێویاندا فیدراڵیزم – رێککەوتوون، كە تا ئێستا بە فەرمی رایاننەگەیاندووە. بەدران چیا کورد، بەرپرسی باڵای ئیدارەی خۆسەر، بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، سەرجەم گروپە کوردستانییەکان لەسەر "دیدێکی سیاسی هاوبەش" رێککەوتوون، کە جەخت لەسەر پێویستی "سیستەمێکی پەرلەمانی فیدراڵی، فرەیی، دیموکراسی" دەکاتەوە. لێدوانە نوسراوەکانی چیا کورد لە وەڵامی پرسیارەکانی رۆیتەرزدا، بە یەکەمجار دادەنرێت كە بەرپرسێکی ئیدارەی خۆسە بە رابەرایەتی کورد جەخت لە ئامانجی فیدرالیزم بکاتەوە، دوای ئەوەی لە مانگی رابردودا لایەنە کوردییەکان لەسەری رێککەوتن. ئیدارەی خۆسەری کوردی، بەردەوام خۆی لە وەسفکردنی وشەی "فیدراڵیزم" وەك ئامانج بەدوورگرتووە، لەبری ئەوە داوای نا ناوەندێتی كردووە. شەرع دژایەتی خۆی بۆ سیستمی فیدراڵی راگەیاندووەو، لە مانگی كانونی دووەمدا بە رۆژنامەی ئیکۆنۆمیستی راگەیاندبوو، ئەو سیستەمە لەلایەن جەماوەرەوە پەسەندكراونییەو لە بەرژەوەندی سوریادا نییە. چیا کورد ئاماژەی بەوەکردووە، پرسی بنەڕەتی بۆ سوریا، پاراستنی تایبەتمەندی ئیداری و سیاسی و کلتوری هەر ناوچەیەكە، کە پێویستی بە ئەنجومەنی یاسادانانی ناوخۆیی لەناو ناوچەكە، لەگەڵ دەستە جێبەجێکارەکان بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ناوچەکەو هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆش سەر بەوان دەبێت، پێویستە ئەمە لە چوارچێوەی دەستوری سوریادا دابنرێت. مانگی رابردوو، پەیەدە لەگەڵ ئەنجومەنی نیشتمانی کورد (ENKS)  کۆبووەوە، کە گروپێکی رکابەری کوردی سوریایە و بە پشتیوانی یەکێک لە پارتە کوردییە سەرەکییەکانی عێراق، پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی بنەماڵەی بارزانی دامەزراوە، پارتی دیموکراتی کوردستان پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ تورکیا هەیە. سلێمان ئۆسۆ، سەرۆکی ENKS رایگەیاند، پێشبینی دەکات تا کۆتایی مانگی نیسان دیدگای هاوبەشی کورد لە کۆنگرەیەكدا رابگەیەندرێت. وتیشی، پێشهاتەکانی سوریا لەدوای روخانی ئەسەدەوە وایکردووە، زۆرێک لە سورییەکان سیستەمی فیدراڵی وەک "چارەسەرێکی گونجاو" ببینن. ناوبراو ئاماژەی بۆ هێرشکردنە سەر عەلەوییەکان و بەرەنگاربونەوەی دەسەڵاتی ناوەندی لەناو کەمینەی دروزەکان و راگەیاندنی دەستوری حکومەتی نوێ كردووە، کە ئیدارەی کوردی دەڵێت، ناکۆکە لەگەڵ فرەچەشنی سوریا. جاڕنامەی دەستوری دەسەڵاتی فراوانی بەشەرع بەخشیوە و شەریعەی ئیسلامی وەک سەرچاوەی سەرەکی یاسادانان چەسپاندووە، زمانی عەرەبیشی وەک زمانی فەرمی سوریا ناساند، هیچ ئاماژەیەک بە زمانی کوردی نەکراوە. ئۆسۆ وتی: پێمان وایە  چارەسەری گونجاو بۆ پاراستنی یەکگرتویی سوریا سیستمێکی فیدراڵییە، بەوپێیەی سوریا وڵاتێکە چەندین نەتەوە و ئایین و مەزهەبی تێدایە. "کاتێک دەچینە دیمەشق، بە دڵنیاییەوە بۆچوون و داواکارییەکانمان دەخەینەڕوو".


راپۆرتی رۆژنامه‌وانی: هێمن خۆشناو لە كۆتایی مانگی رابردوو به‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌مریكا له‌سه‌ر سنووری رۆژئاوای كوردستان و توركیا كۆبوونه‌وه‌ك له‌ نێوان (هه‌سه‌ده‌) و ده‌سه‌ڵاتداره‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی توركیا ئه‌نجامدراوه‌و وەك هەنگاوی یەكەم هێرشەكانی توركیا بۆسەر بەنداوی تشرین چەند رۆژێكە راگیراوە. له‌ رۆژی سێشه‌ممه‌ (1 – 4 – 2025) ئه‌نجوومه‌نی سوریای دیموكراتی (مه‌سه‌ده‌) و ده‌سه‌ڵاتدارانی دیمه‌شق له‌ باره‌ی هه‌ردوو گه‌ڕه‌كی كوردنشین (ئه‌شره‌فیه‌ و شێخ مه‌قسود) گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتنی كاتی. به‌ گوێره‌ی ئه‌م رێككه‌وتنه‌ هێزه‌كانی سوریای دیموكراتی (هه‌سه‌ده‌) له‌م دوو گه‌ڕه‌كه‌ ده‌كشێنه‌وه‌. ئه‌م رێككه‌وتنه‌ وه‌كو یه‌كه‌م لێكه‌وته‌ی رێككه‌وتنی نێوان (مه‌زڵوم عه‌بدی) فه‌رمانده‌ی گشتی هه‌سه‌ده‌ و (ئه‌حمه‌د ئه‌لشرع) سه‌ركۆماری سوریا له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێت، كه‌ له‌ (10 – 3 – 2025) به‌ ناوبژیوانی ئه‌مریكا و فه‌ڕه‌نسا واژوكراوه‌ و تیایدا میكانیزمی یه‌كخستنی (هه‌سه‌ده‌) له‌ناو سوپای نیشتیمانی سوریا خراوه‌ته‌ڕوو. رێككه‌وتنه‌كه‌ی حه‌له‌ب ته‌نیا په‌یوه‌ست نیه‌، به‌ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی (هه‌سه‌ده‌) له‌ گه‌ڕه‌كه‌ كوردنشینه‌كان، به‌ڵكو ئه‌نجوومه‌نی هه‌ردوو گه‌ڕه‌كه‌كه‌ كاروباری ئیداری به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن و هێزه‌كانی ئاسایش درێژه‌ به‌كاره‌كانیان ده‌ده‌ن، كه‌ هێزی سه‌ره‌كیه‌ له‌ناوچه‌كانی ئیداره‌ی خۆسه‌ر بۆ پاراستنی سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌. له‌ هه‌مان كاتدا هه‌ردوولا بڕیار له‌سه‌ر ئازادكردنی دیله‌كان ده‌ده‌ن، ئه‌م خاڵه‌ش له‌ رۆژی پێنجشه‌ممه‌ (3 نيشانی 2025) كه‌وته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌. تیایدا ده‌سه‌ڵاتدارانی نوێی سوریا (140) به‌ندكراو و دیلی هه‌سه‌ده‌ی ئازاد كرد، له‌ به‌رامبه‌ریشدا هه‌سه‌ده‌ 100 به‌ندكراوی سه‌ر به‌ حكوومه‌تی سوریا ئازاد كرد. به‌ گوێره‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌ت، له‌ كۆتایی مانگی رابردوو، به‌ر له‌ راگه‌یاندنی‌ رێككه‌وتنی (حه‌له‌ب) به‌چه‌ند رۆژێك له‌ نێوان (مه‌سه‌ده‌) و وه‌زاره‌تی ناوخۆی سوریا، به‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌مریكا له‌سه‌ر سنووری رۆژئاوای كوردستان له‌گه‌ڵ توركیا كۆبوونه‌وه‌ك له‌ نێوان (هه‌سه‌ده‌) و ده‌سه‌ڵاتداره‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی توركیا ئه‌نجامدراوه‌. به‌ گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كه‌، كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌ كه‌شێكی ئه‌رێنی به‌ڕێوه‌ چووه‌، تیایدا گفتوگۆ له‌باره‌ی راگرتنی هێرشه‌كانی توركیا له‌سه‌ر ناوچه‌كانی خۆسه‌ری دیموكراتی كراوه‌. هه‌روه‌ها گفتوگۆ له‌باره‌ی یه‌كخستنی (هه‌سه‌ده‌) له‌گه‌ڵ سوپای نوێی سوریا و گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵكی (عه‌فرین) بۆ سه‌ر موڵك و ماڵه‌كانیان دوو ته‌وه‌ره‌ی دیكه‌ی گفتوگۆی نێوان هه‌سه‌ده‌ و توركیا بووه‌. له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا (هه‌سه‌ده‌) و توركیا ره‌زامه‌ندی خۆیان له‌باره‌ی رێككه‌وتنی (حه‌له‌ب) نیشانده‌ده‌ن. هه‌ر له‌ دوای ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ش رێككه‌وتنی (حه‌له‌ب) له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌ بۆ رای گشتی راگه‌یه‌ندرا. لێكه‌وته‌یه‌كی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی نێوان توركیا و هه‌سه‌ده‌ به‌سه‌رپه‌رشتنی ئه‌مریكا، راگرتنی هێرشه‌ ئاسمانیه‌كانی سوپای توركیایه‌، بۆ سه‌ر به‌نداوی تشرین و ناوچه‌كانی دیكه‌ خۆسه‌ری دیموكراتی. سیاسه‌تمه‌داری كورد و هاوسه‌رۆكی پێشووی (پارتی یه‌كێتی دیموكراتی) ساڵح موسلیم له‌ لێدوانێكی تایبه‌ت، له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی هه‌سه‌ده‌ و توركیا ده‌ڵێت:" ئه‌گه‌ر كۆبوونه‌وه‌یه‌كی له‌م شێوه‌یه‌ كرابێت، ئێمه‌ ئاگامان لێنیه‌، چونكه‌ ئه‌م جۆره‌ كۆبوونه‌وانه‌ په‌یوه‌ستن به‌ هه‌سه‌ده‌ و لایه‌نی سه‌ربازی". ساڵح موسلیم كه‌ له‌ سه‌رده‌می پڕۆسه‌ی ئاشتی له‌ ساڵانی 2012 تا 2015 چه‌ند جارێك به‌سه‌ركردایه‌تی شاندی رۆژی كوردستان گفتوگۆی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی تورك كردووه‌، له‌باره‌ی ئه‌م بارودۆخه‌ی له‌ ئارادایه‌ و ئه‌گه‌ری راگه‌یاندنی ئاگربه‌ست له‌ نێوان هه‌سه‌ده‌ و توركیا ده‌ڵێت:" هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ به‌رقه‌راركردنی ئاگربه‌ست بره‌و به‌ هه‌وڵه‌كانی ده‌دات.  ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌كی رێككه‌وتنی نێوان به‌ڕێز (مه‌زڵوم عه‌بدی و ئه‌حمه‌د ئه‌لشه‌رع) چۆنیه‌تی گه‌یشتنه‌ به‌ ئاگربه‌ست له‌ سوریادا، كه‌ ئه‌مه‌ش په‌یوه‌سته‌ به‌ توركیا. له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ پێویسته‌ رێككه‌وتن بكرێت له‌باره‌ی بڕیاردان له‌سه‌ر راگه‌یاندنی ئاگربه‌ست". له‌باره‌ی پرسیاری: چه‌ند رۆژێكه‌ سوپای توركیا هێرشه‌ ئاسمانیه‌كانی راگرتووه‌ بۆ سه‌ر به‌نداوی تشرین و ناوچه‌كانی دیكه‌، ئایا ئه‌مه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی گفتوگۆی نێوان هه‌ردوولایه‌نه‌ یان شتێكی دیكه‌یه‌؟ موسلیم ده‌ڵێت:" ئه‌مه‌یان نازانم، راسته‌ توركیا چه‌ند رۆژه‌ بۆمبارانی راگرتووه‌، به‌ڵام به‌دره‌وام درۆن و فڕۆكه‌كانی له‌سه‌ر ئه‌م ناوچانه‌ ده‌فڕن!".  


مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو) ئەگەر بکرێت مرۆڤ لە نێوان هەڵبژاردنی بەهاکاندا ناچار بەوە بکرێت تەنها یەک بەها لە بەهاکان هەڵبژێرێت و تەنها ئەو بەهایە ژیانی خۆی و ژیانی کەسانی تر ڕێکبخات، دەبێت ئەو بەهایە کام بەها بێت؟ کام بەها لە سەرجەمی بەهاکانی تر بۆ ژیانی تاکەکەسی و ژیانی پێکەوەیی مرۆڤەکان گرنگترینە؟ لەناو ئەو بەهایانەدا کە پێغەمبەران و فەیلەسوفان و شاعیران و پیاوچاکەکان پێشنیاریان کردوە کام بەها لە پێش هەموو ئەوانیترەوەیە؟ بە بۆچونی من پێویستە ئەو بەهایە بەهای «پاراستنی ژیانی مرۆڤ و دەستدرێژی نەکردنە سەر ژیان» بێت. ئەمەش بەو مانایەی مافی ئەوە بە مرۆڤ ببەخشرێت بژیی بەو جۆرە کە دەخوازێت و بەو جۆرە کە حەزدەکات بژی. بەو مانایەی مرۆڤ بتوانێت ئەوەی بوێت کە حەزدەکات و دەخوازێت هەیبێت. مافی ئەوەی هەبێت بەوشێوەیە بیربکاتەوە کە دەخوازێت بیربکاتەوە. مافی داهێنان و دەسکاریکردنی ژیانی خۆی هەبێت و بشتوانێت بیر لە بوونی چوارچێوەی تر بۆ رێکخستنی ژیانی خۆی بکاتەوە. بە کورتییەکەی مافی مرۆڤ لەوەدا کە ژیانێکی کەرامەت پارێزراوی هەبێت و بژیی.  بەڵام ژیانێک ژیان و کەرامەتی مرۆڤی تێداپارێزراوبێت، ژیانێک کەس نەتوانێت دەستی بۆبەرێت، مرۆڤ تیایدا ئازادبێت لەوەدا چۆن دەژیی، کام جۆرە ژیانێکە؟   ئایا ئەو جۆرە ژیانەیە کە دیندارەکان بە ئێمە دەڵێن کام ژیانەیە؟ یان ئەو جۆرە ژیانەیە کە بێدینەکان دەیڵێن و باسیدەکەن؟  ژیانێکی فەلسەفیانەی پر تێرامان و بیرکردنەوە بە بڕێکی گەورە لە تەنهاییەوە؟ یان ژیانێکی کەرنەڤاڵ ئامێزە لەگەڵ ئەوانەدا کە مرۆڤ لگەڵیاندا دەژیی؟ ئایا ژیانێکە لەگەڵ بوونی خودادا یان ژیانێکە بەبێ خودا؟ ژیانێکە لە پێناوی چێژ و خۆشحاڵی بەردەومدا، یان ژیانێکە تێوەگلان لە پرسیار و بیرکردنەوەی ئالۆز، ئاراستەی دەکات؟ ژیانێک تیایدا مرۆڤ لە ژینگەیەکی سنوورداریی تەواو ناسراو و جێگیر و بێگۆرانکاریی گەورەدا، دەیگوزەرێنێت؟ یان ژیانە وەک کۆچەرییەک کە هیچ شوێن و سەرزەمین و ماڵ و ژینگەیەک نەتوانێت بیوەستێنێت و دایمەزرێنێت؟ ئایا ژیانێکە پر لە ڕاکردن و جولە یان ژیانێک پڕ لە دانیشتن و جێگیریی؟   بێگومان هیچ یەکێک لەو پرسیارانە لە بۆشاییدا ناکرێن و هیچ یەکێکیشیان لە بۆشاییدا وەڵام نادرێنەوە.لە پشتی هەریەکێک لە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەوە، جۆر و مۆدێل و سیستمی سیاسیی تایبەت و جۆر و مۆدێلی تەیباتیش لە کۆمەڵگا ئامادەیە. وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە هەرچۆنێک بێت ئەوەی گرنگە هەمیشە و هەردەم ئامادەبێت، دوورکەوتنەوەیەکی تەواوەتییە لە یەک بەها و پرنسیپ، کە بەها و پرنسیپی قوربانیدانە بە مرۆڤ لە پێناوی ئەم یان ئەو بۆچوون و ئەم یان ئەو ئایدیای ئەبستراکتدا. بۆ نموونە قوربانیدان بە مرۆڤ لە پێناوی:  نەتەوە، چین، دین، دەولەت، حیزب، سەرۆک، تەنانەت خودا خۆیشیدا. ئەوەی لە سەرجەمی وەڵام بەو پرسیارانەدا پێیوستە پرنسیپی سەرەکیی و ژێرخانی رێکخستنی ئەخلاقیی و کۆمەلایەتی و سیاسیی بێت، «بەموقەدەسکردنی ژیان» خۆیەتی. لەناو هەریەکێک لەو چەمکە ئەبستراکتانەی سەرەوەدا کە باسکران، دەریایەک خوێن و گۆڕستان مەرگ و کوشتن و بریندارکردن و بێنخرکردنی ژیان و کەرامەتی مرۆڤ ئامادەیە. قوربانیدان بە مرۆڤ و بەکەم سەیرکردنی ژیان، بەشێکە لە مێژووی مرۆڤ. لە هەندێک کولتوردا تەنانەت قوربایندان بە ئاژەڵ دەگۆڕێت بە قوربانیدان بە مرۆڤ. جەنگەکان، بە باش و خراپیانەوە، هەمیشە بیرۆکەیەک ئاراستەی کردون، بیرۆکەی پاراستنی شتێک گەورەتر و بەنرختر لە ژیان خۆی. جا ئەو بیرۆکەیە دەشێت بەرگریکردنبێت لە  نەتەوە، چین، دین، دەوڵەت، حیزب، سەرۆک، یان خودا خۆیشی. زۆرن ئەوانەی بەناوی پاراستن و بەگریکردن لەم بیرۆکە ئەبستراکتانەوە ئامادەن پەلاماری ژیان بدەن و قوربانی بە مرۆڤ بدەن. ئەگەر شتێک هەبێت ناوی ئەخلاق بێت ئەوا کۆی ئەو هەوڵدان و تێکۆشانانەیە کە دەیانەوێت کۆتایی بەم کولتور و خواستی دروستکردنی قوربانییە بهێنن، لە پێناوی ئەو بیرۆکە ئەبستراکتانەدا. بەگژاچونەوەی ئەو هێز و دەزگا و دونیابینیانەیە کە لەسەر دروستکردن و گەورەکردن و پاراستنی ئەم قوربانیسازییە کاردەکات.  ئەم خاڵە وادەکات ئەخلاق زۆر بە توندیی بە سیاسەتەوە گرێبدرێت. کە باس لە سیاسەت دەکەم باس لە سیاسەت وەک چالاکی سەرەکیی دروستکردنی ژیانێکی هاوبەش دەکەم، کە تیایدا مرۆڤەکان بتوانن هەم خۆیان بن و هەم لێگەڕێن کەسانیتریش خۆیان بن بەو شێوەیەی دەیانەوێت و خوازیارن کە هەبن. واتە سیاسەت وەک چالاکی رزگارکردنی ژیانی مرۆڤەکان لە  ساختەکاریی و فێل و درۆ و گەمەکردن بە یەکتریی و بە ژیان خۆی، لە پێناوی دروستکردنی ژیانێکی هاوبەش و متمانەپێکراودا. لەم دیدگایەدا ئەخلاق و سیاسەت زۆر بە توندی بەیەکەوە گرێدراون، مرۆڤ ناتوانێت «مرۆڤێکی ئەخلاقیی» بێت گەر «مرۆڤێکی سیاسیی» نەبێت، واتە بەشدار نەبێت لە دروستکردن و رێکخستن و ئاراستەکردنی ژیانی گشتیدا. وەکچۆن مرۆڤ ناتوانێت «مرۆڤێکی سیاسیی» بێت، واتە خەریکی دروستکردن ڕێکخستن و ئاراستەکردنی ژیانی گشتیی بێت، بەبێ ئەوەی «مرۆڤێکی ئەخلاقیی» بێت. وەک وتیشم پرنیسیپی ژمارە یەکی ناو ژیانی ئەخلاقیش پرنسیپی قوربانینەدان بە مرۆڤ و قوربانینەدان بە خودی ژیانە. لە هەموو ئەو دۆخانەدا، مرۆڤەکان بەناوی هەر پرنسیپێکی ئەبستراکتەوە بیربکەنەوە و کاربکەن، ئەوەی دەبێت بپارێزرێت وێناکردنی ژیانی مرۆڤە وەک پێدراوێکی پیرۆز. ئەگەر مرۆڤ بوونەوەرێک بێت نەتوانێت بەبێ موقەدەس بژیی، ئەوا موقەدەسی ژمارە یەک وێناکردنی ژیان خۆیەتی وەک پێدراوێکی پیرۆز کە کەس نەتوانێت، بەناوی هیچ ئایدیایەکی ئەبستراکتەو، لە نەتەوە و بۆ نیشتیمانەوە بیگرە بۆ سەرۆک و خودا خۆیشی، دەست بۆ ئەو ژیانە ببات و دەستدرێژی بکاتە سەر. ئەو خەونەی مرۆڤێکی ئەخلاقیی دەتوانێت بیبینێت خەونی دروستکردنی جیهانێکی باشتر و ئینسانیترە، جیهانێک تیایدا خۆشەویستی لە ڕق، هێمنیی لە توڕەبوون، دادپەروەریی لە بێدادیی، ئازادیی لە نائازادیی، ئاسایش لە جەنگ، ماف لە بێمافیی، بەهێزتر و بەرفراوانتر بێت. جیهانێک بێت «سەرجەمی موقەدەسەکان» لە خزمەتی موقەدەسی پاراستنی ژیان و پاراستنی کەرامەتی ئینسانیدا بن. دروستکردنی ئەم جیهانەش پێویستی بە بەشداریی هەمووانە: لە هونەرمەندان و شاعیران و فەیلەسوفانەوە بیگرە، بۆ پێغەمبەران و سیاسەتمەداران و  زانایان، بە تێپەرین بەناو بەشداریی کاسبکاران و باوکان و دایکان و منداڵاندا. جیهانێکی لەو شێوەیە شتێک نییە تەنها بە هێزێک لە هێزەکان دروستبکرێت. هەم شاعیرێک و هەم زانایەک، هەم جوتیارێک و هەم بازرگانێک، هەم دیندارێک و هەم بێدینێک، هەم ژنان و هەم پیاوان پێویستن بۆ دروستکردنی.  


(درەو): وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بردنەوەی حكومەتی هەرێمی لە كەیسی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی كێڵگە نەوتییەكانی (بینا باوێ)و (میران) راگەیاند. وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە، تێیدا رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دۆسیەی ناوبژیوانی دژی کۆمپانیای گەنێل ئینێرجی میران بینا باوی لیمیتەد (GEMBBL) قەرەبوی بەرچاوی تێچووی یاسایی دەکرێ. وەزارەت ئاماژەی بەوەكردووە،  بڕیارەکە دوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی دێت، لە کانونی دووەمی ٢٠٢٤ دا، کە تێیدا دادگاکە بڕیاریدا حکومەت بە شێوەیەکی ڕەوا PSCی (بینا باوی)و (میران)ی هەڵوەشاندەوەو هەموو داواکارییەکانی کۆمپانیای (گەنێل ئینێرجی میران بینا باوی لیمیتەد)ی لە دژی حکومەت ڕەتکردەوە. سامانە سروشتییەكان دەڵێ: لە 4ی نیسانی 2025، دادگای ناوبژیوانی بڕیاری کۆتایی خۆی سەبارەت بە تێچوونەکان دەرکرد، تێیدا بڕیاریدا کۆمپانیای (گەنێل ئینێرجی میران بینا باوی لیمیتەد) بڕی 26,868,905.29$ دۆلاری ئەمریکی بدات بە حکومەت، لەگەڵ سوودی دوای بڕیارەکە.  


درەو: ئەمڕۆ لە گردی زەرگەتە بزووتنەوەی گۆڕان (گردی زەرگەتە) سێەمین كۆنفرانسی خۆی بەست، بزوتنەوەی گۆڕان (كوردسات) بڕیاریانداو رۆژی پێنجشەممە كۆنفرانس بكەن لە كۆنفرانسەكەدا بزووتنەوەی گۆڕان (گردی زەرگەتە) ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی هەڵبژارد كە (55) ئەندام و (12) ئەندامی یەدەگە.  


تۆڕی هاوپەیمانی  ١٩، سلێمانی: لە مانگی ئاداردا، ناڕەزایی جەماوەریی بەرفراوان، وەک مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، نەبوو. گردبوونەوەی ناڕەزایی بەرامبەر نەدانی مووچە بە رێژەی ٩١٪ کەمی کردووە و هیچ گردبوونەوەیەک لەگەڵ یان دژی پرۆسەی بەبانکیکردن ئەنجام نەدراوە. دیارترین خۆپیشاندان لە سلێمانی بۆ مافی ژنان رێکخراوە و لە هەولێر دوو چالاک دەستگیر کراوون. بەپێی پێوەرەکانی مافەکانی مرۆڤ، پێویستە هەموو کەس بەبێ ترس لە تۆڵەسەندنەوە و دوور لە سانسۆر، بتوانن گوزارشت لە بیروڕای خۆیان بکەن و رێز لە مافی ئازادیی گردبوونەوەی ئاشتیانە و ئازادیی رادەربڕین بگیرێت. ئەمەش نیشاندەری ئاستی پابەندبوونی ئەو کۆمەڵگایەیە بە مافەکانی مرۆڤ بە گشتی. مانگی ئادار کە بە مانگی بۆنەکان لە باشووری کوردستان هەژمار دەکرێت، وەک یادی راپەڕین، رۆژی جیهانیی ژنان، جەژنی نەورۆز، تێیدا (١٢) گردبوونەوە و خۆپیشاندان ئەنجام دراون.  ناڕەزاییەکان بەراورد بە مانگی شوبات کە (٥٤) چالاکی بوون، بە رێژەی (٧٨٪) کەمیان کردووە. بەپێی بەدواداچوونی تۆڕەکە، لە شارەکانی هەڵەبجە و دهۆک هیچ چالاکییەکی ناڕەزایی رێکخراو تۆمار نەکراوە. هەر (١٢) چالاکییەکە لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی بوون؛ (٧) چالاکی لە سلێمانی و (٥) چالاکی لە هەولێر بوون. داخوازییەکان بەم شێوەیە بوون: (٤) بۆ مافەکانی ژنان، (٣) بۆ خزمەتگوزاری، (٢) بۆ مووچە. ئەو (٣) چالاکییەی دیکە دژ بە سیستمی تەندروستی، بۆ مافی خاوەن پێداویستیی تایبەت، و ئازادیی رۆژنامەگەری بوون. بەپێچەوانەی مانگی رابردوو (شوبات) کە زۆرینەی چالاکیی و ناڕەزاییەکان بۆ مووچە رێکخرابوون و ژمارەیان (٢٢) چالاکی بوو، ئەم مانگە (ئادار) تەنها دوو گردبوونەوەی ناڕەزایی بۆ مووچە رێکخراوە، بەمەش ناڕەزاییەکان لەسەر مووچە بە رێژەی (٩١٪) کەمیان کردووە. هیچ گردبوونەوەیەک (لەگەڵ) یان (دژ) بە پرسی بەبانکیکردن ( هەژماری من) ئەنجام نەدراوە. گەورەترین و فراوانترین خۆپیشاندانی مانگی ئادار لە شاری سلێمانی بەڕێوە چوو، کە لەلایەن رێکخراوەکانی ژنانەوە رێکخرا بوو. بەشداربووان لە سەرەتای شەقامی سالم (باخی گشتی) تا (سەهۆڵەکە) بە رێپێوان دروشمیان بۆ یەکسانی بەرز کردبووەوە و هوتافیان ده‌گوته‌وه‌، بەبێ روودانی هیچ بەرکەوتنێک لە نێوان بەشداربووان و هێزی ئەمنی. ئێوارەی ٢٠ی ئاداری ٢٠٢٥، ئاسایشی هەولێر چالاکوان (هاوڕێ عەبدوڵا سابیر) ناسراو بە (هاوڕێ کوردی) و پاشان (زیوەر محەمەد) ناسراو بە (زیوەر گەردی) لە گەڕەکی نەورۆز دەستگیر کرد، بەبێ ئەوەی هیچ دەزگایەکی رەسمی روونکردنەوەیەک لەسەر هۆکاری دەستگیرکردنیان بدات. تۆڕی هاوپەیمانی ١٩، بەدواداچوونی بۆ کەیسی دەستگیرکراوان کرد. بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، "تۆمەتەکەیان پەیوەندیی بە بانگهێشتکردنی هاونیشتیمانیانەوە بووە لەڕێی تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە بە مەبەستی بەشداری لە ئاهەنگی نەورۆز کە ساڵانە لە ٢٠ی ئازار لە چیای قەندیل رێکدەخرێت". هاوڕێ کوردی، وێنەی بانگهێشتنامەی "کۆمیتەی ئامادەکاریی نەورۆزی قەندیل"ی لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووک بڵاوکردبووەوە و لەسەری نووسیبووی: "خۆشەویستانم لە شاری هەولێر". تێیدا دەڵێت: "بۆ نەورۆزی ئەمساڵ لە شاری هەولێر ئۆتۆمبێلی گواستنەوە (پاس) دابین کراوە بە خۆڕایی، هەر کەسێک دەیەوێت بەشدار بێت لە ئاهەنگی نەورۆز دەتوانێت پەیوەندیم پێوە بکات." تۆڕی هاوپەیمانی ١٩ بۆ بەرەوپێشبردن و پاراستن و چاودێریکردنی مافی ئازادیی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستانی عێراق بەردەوام دەبێت، جەخت دەکاتەوە لە دەستەبەرکردنی رێزگرتن لەو مافە وەک لە ماددەی ١٩ی جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە.      


(درەو): وەزارەتی نەوتی عێراق وەڵامی كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێم "ئەپیكور" دەداتەوەو بە "چەواشەكار" ناویان دەبات، داوای كۆبوونەوەیەكی بەپەلە دەكات بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستانەكان بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهانی توركیا، بەڵام لەسەر بنەمای هەمواری یاسای بودجە. بەیاننامەی وەزارەتی نەوتی عێراق سەبارەت بە راگەیەندراوی (كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان- ئەپیكور):  •    ئاماژە بە بەیاننامەی کۆمەڵەی ئەپیكور کە لە 28ی ئازاری 2025 كە تێیدا بانگەشەی ئەوە کراوە وەزارەتی نەوت ئامادە نەبووە خۆی دانوستان لەسەر چارەسەرێک بكات كە پابەند بێت بە گرێبەستی كۆمپانیاكان و حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی نەوتی كۆماری عێراق بەداخە بۆ بڵاوكردنەوەی ئەم بەیاننامە هەڵەو چەواشەكارانە.  •    وەزارەتی نەوت کار بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی دروستی هەموارکردنەوەی یاسای بودجە دەكات کە لە 2ی شوباتی 2025 پەسەندکرا، بۆ ئەوەی هەناردەکردن لە ڕێگەی بۆری عێراق- تورکییەوە بە زووترین کات دەستپێبکات. لە هەموارکردنەوەی یاسای بودجەدا هاتووە، وەزارەتی دارایی فیدراڵی قەرەبووی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی خاو دەکاتەوە کە رادەستی كۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) یان بۆ وەزارەتی نەوت دەکرێت. هەروەها مەرجی ئەوەی داناوە کە تێچووی دادپەروەرانەی خەمڵێنراوی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بۆ هەر كێڵگەیەك بە جیا لەلایەن راوێژکاری نێودەوڵەتییەوە دیاری دەكرێت، هەروەها ئەو تێچوونانە بۆ دیاریکردنی پارەدان لە وەزارەتی دارایی فیدراڵی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنرێت. هەموارکردنەوەی یاسای بودجە داوا دەکات دەستبەجێ سەرجەم بەرهەمەکانی هەرێمی کوردستان بگوازرێتەوە بۆ كۆمپانیای (سۆمۆ)و وەزارەتی نەوتی فیدراڵی، لەگەڵ جێبەجێكردنی میکانیزمی قەرەبووکردنەوەی کاتیی بۆ پێدانی پارە بە حكومەتی هەرێم لەكاتێكدا كە راوێژكاریی نێودەوڵەتیی بە كارەكەی هەڵدەسێت.  •    حکومەتی عێراق هەنگاوی کۆنکرێتی و جددی ناوە بۆ نیشاندانی نیەتپاکی خۆی لە دانوستانەکان و دڵنیابوون لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆری عێراق- تورکیا (ITP) بە خێرایی و بەرپرسیارانە. بەردەوام کار دەکات بۆ دەستەبەرکردن و خزمەتکردنی بەرژەوەندی نیشتمانی وڵات. هەوڵی زۆری داوە بۆ پاراستنی سەرچاوەکانی عێراق و جێبەجێکردنی چارەسەری یاسایی و بەردەوام. •    سەرۆک وەزیران ئەندازیار محەمەد شیاع سودانی دووپاتی کردەوە کە فرۆشتنی نەوت لە ڕێگەی چوارچێوەی نایاسایی لە دەرەوەی بەرپرسیارێتی سۆمۆ و میکانیزمەکانی فرۆشتنی، پێشێلکردنی مافەکانی گەلی عێراقە. هەروەها بە ئاشکرا داکۆکی لە هەموارکردنی ئەم دواییەی یاسای بودجەی گشتی کرد- کە لەڕێگەی میکانیزمێکی دیموکراسی شەرعیەوە تێپەڕێندرا- بۆ بەرزکردنەوەی شەفافیەت و حوکمڕانی بەڕێوەبردنی سەرچاوە نەوتییەکان و حکومەت لە بەرزترین ئاستەکاندا سەرقاڵی دۆزینەوەی چارەسەرێکی دادپەروەرانە بۆ ئەم پرسە بووە. •    ئاڵنگاریی سەرەکی لەم دانوستانانەدا ئەوەیە کە هەر جارێک پێشکەوتن لەڕێگەی ڕێککەوتنێکی تایبەتەوە ئەنجام دەدرێت، هەنگاوی نەرێنی دەگیرێتەبەر- بەڵام لەلایەن حکومەتی عێراقەوە نا، چونکە داواکارییە ناواقعی و نایاساییەکان ڕێگری لە پێشکەوتنەکان دەکەن بەرەو یەکلاییکردنەوەی کۆتایی، بەتایبەتی لەگەڵ دەركەوتنی گرێ و گۆڵی نوێ کە پێچەوانەی رێککەوتنەکانی پێشوون. وەزارەت جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم جۆرە داواکاریانە خزمەت بە دانوستانە بنیاتنەرەکان ناکەن کە لەسەر بنەمای نیەتپاکی دامەزراون. •    گەیشتن بە چارەسەرێک كە رێككەوتنی لەسەر بێت لە زووترین كاتدا، كارێكی زۆر گرنگە بۆ راگرتنی پرۆسەی فرۆشتنی نایاسایی و نائوسوڵی و پاراستنی سەروەت و سامانی گەلی عێراق. حکومەتی عێراق پابەندە بە پاراستنی بەرژەوەندیی هەموو لایەنەکان و دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییە باڵاکان، لەوانەش بەرژەوەندی کۆمپانیا نێودەوڵەتییە نەوتییەکان، بەپێی یاسا کارپێکراوەکان و ئەو رێککەوتنانەی كە كۆراون، هەروەها هەوڵەکانی خۆی تەرخان دەکات بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی سەرنجڕاکێشی وەبەرهێنان کە پاڵپشتی گەشەپێدانی ئابوریی بکات و چارەسەرێکی دادپەروەرانەو بەردەوام مسۆگەر بکات کە خزمەت بە هەمووان بکات. •    وەزارەتی نەوت داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان و دیالۆگ بەمەرجێک دانوستانەکان ملکەچ و بەگوێرەی یاسای بودجەی هەموارکراو بێت، هەروەها بگاتە میکانیزمێکی کارکردنی ڕوون کە مافەکانی عێراق بپارێزێت و پابەندبوونەکانی بەرامبەر وەبەرهێنەران گەرەنتی بکات. •    ئامانجی سەرەکی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتە لە ڕێگەی بۆرییەوە دەستبەجێ و بە سەلامەتی و یاسایی، هاوکات دەستەبەرکردنی سەروەری یاسا و پاراستنی سامانی نیشتمانی لە هەر ئیستغلالێکی نایاسایی.  


(درەو):  بەراورد بە شوباتی ئەمساڵ، لەدوای بانگەوازی ئاشتییەوە، هێرشەكانی توركیا بۆسەر هێزەكانی پارتی كرێكاران لە هەرێمی كوردستان لە مانگی ئازاردا بەرێژەی 21% كەمیكردووە، بەڵام توركیا سوپاكەی لە خاكی هەرێم نەكشاندوەتەوە، ئەمە بەگوێرەی راپۆرتی (تیمەکانی دروستکەری ئاشتی کۆمەڵگە CPT هەرێمی کوردستانی عێراق).                                                                                     دەقی راپۆرتەكە: بەردەوامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان لەدوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی تاکلایەنەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ١ی ئاداری ٢٠٢٥دا، لە وەڵامی بانگەوازی ئاشتی ڕێبەری دەستگیرکراوی پەکەکە عەبدوڵڵا ئۆجەلان و لەدوای دەستپێشخەری ئاشتی، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی مەهەپەو پشتیوانی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ پڕۆسەی چارەسەری ئاشتییانە، پارتی کرێکارانی کوردستان ئاگربەستی تاکلایەنەی بەرامبەر بە سوپای تورکیا ڕاگەیاندو ئامادەیی حزبەکەی بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە دەربڕی بەمەرجی ئامادەیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەکۆنگرەی حزبەکەدا بۆ دروستکردنی بڕیار لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە. لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی ئاگربەستی تاکلایەنەی پەکەکەو بەدرێژایی مانگی ئادار، سوپای تورکیا ١١٨ بۆردوومان و هێرشی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە. لەم ژمارەیە، ٨٦ هێرشیان، هێرشی ئاسمانی بوون. ٢١ هێرش لە ڕێگەی تۆپباران و ١٠ هێرش لە ڕێگەی هەلیکۆپتەرەوە بووە. هەر لە مانگی ئاداردا، سوپای تورکیا هێرشێکی بە بەکارهێنانی تی ئێن تی ئەنجامداوە. لەبەرامبەر هێرشەکانی تورکیا لە مانگی ئاداردا، پارتی کرێکارانی کوردستان ٩ جار وەڵامی هێرشەکانی داوەتەوە. لە وەڵامی یەکێک لە هێرشەکاندا، چەکدارانی پەکەکە لە ڕۆژی ١٦ی ئادارادا، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیان لە جۆری "ئاکنجی"، لە گوندی سۆفیانی سەر بە ناحیەی بنگرد، لە قەزای دوکان لە پارێزگای سلێمانی خستە خوارەوە. داتاو ژمارەی هێرشەکانی سوپای تورکیا لە مانگی ئاداردا، ئەوە نیشاندەدەن کە سوپای تورکیا لە هێرش و بۆردوومانەکانی بۆسەر هەرێمی کوردستان بەردەوام بووەو ڕێژەی هێرشەکان بڕێک کەمی کردووە. هێرشەکانی سوپای تورکیا لە مانگی ئاداردا، بەراورد بە مانگی کانوونی دووەم بە ڕێژەی ١٢٪ کەمی کردوووە. هەروەها بەراورد بە مانگی شوبات، ٢١٪ کەمی کردووە. چاوەڕواندەکرا لەدوای خوێندنەوەی بانگەوازی ئاشتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێژەی هێرش و بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمببێتەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە، هەفتەی یەکەمی دوای ڕاگەیاندنی بانگەوازەکە، ژمارەی هێرش و بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا بەراورد بە دواین هەفتەی پێش ڕاگەیاندنی بانگەوازەکە، بە ڕێژەی ١٤٥٪ زیادیکرد. بەگشتی هەردوو پارێزگای هەولێرو دهۆک لە مانگی ئاداردا زۆرترین جار بە ئامانجگیراون. سوپای تورکیا ٥٥ هێرشی بۆ سەر سنوری پارێزگای هەولێرو ٥١ هێرشی تری بۆ سەر سنوری پارێزگای دهۆک ئەنجامداوە. سنوری پارێزگای سلێمانیش لە مانگی ئاداردا، ١٢ هێرش و بۆردوومانی کراوەتە سەر. ئەمە لەکاتێکدا لە مانگی ئاداردا، هیچ هێرش و بۆردوومانێک بۆسەر سنوری پارێزگای موسڵ ئەنجامنەدراوە. لە مانگی ئاداردا، ڕێژەی بۆردوومانەکان بۆ سنوری سەرجەم پارێزگاکان بێجگە لە سنوری پارێزگای هەولێر کەمیکردووە. ژمارەی هێرش و بۆردوومانەکان بۆسەر سنوری پارێزگای هەولێر لە مانگی ئاداردا بەراورد بە مانگی شوبات، بە ڕێژەی ١٢٠٪ زیادیکردووە. هەروەها لەگەڵ کەمبوونی ژمارەی هێرش و بۆردوومانەکانیشدا، ڕێژەی بەکارهێنانی هەلیکۆپتەر لە هێرشەکاندا زیادیکردووە بە شێوەیەک لە مانگی ئاداردا، سوپای تورکیا ١٠ جار هەلیکۆپتەری لە هێرشەکانیدا بەکارهێناوە، ئەمە لە کاتێکدا لە مانگی شوباتدا، سوپای تورکیا تەنیا ١ جار هەلیکۆپتەری بەکارهێناوە. سەرباری ئەمانە، سوپای تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٥دا، لەڕیگەی بەکارهێنانی ماددەی تەقەمەنی وەکو تی ئێن تی، هەروەها بۆردوومانی ڕاستەوخۆوە ئەشکەوتە سروشتییەکانی نزیک بارەگا سەربازییەکانی لە هەرێمی کوردستاندا بە ئامانجدەگرێت و خاپوریان دەکات، لەکاتێکدا ئەو ئەشکەوتانە لە ژێر دەسەڵات و کۆنتڕۆڵی چەکدارانی پەکەکەدا نین. بۆ نموونە، لە ٢٥ی ئاداردا، سوپای تورکیا، لەڕێگەی بەکارهێنانی تی ئێن تییەوە ٥ ئەشکەوتی لە گوندی سگیرێ لە قەزای ئامێدی تەقاندەوە. ئەو ئەشکەوتانە، سروشتی بوون و تونێلی دەستکردو دروستکراوی چەکدارانی پەکەکە نەبوون، بەڵام بەهۆی مەترسی بەکارهێنانیان لەلایەن پەکەکەوە، سوپای تورکیا هەر پێنج ئەشکەوتە سروشتییەکەی تەقاندەوە. هەر لەم ساڵیشدا و لە ٢٢ی شوباتدا، سوپای تورکیا بۆردوومانی ئەشکەوتی شێخی کرد لە گوندی بەلاڤەی سەر بە قەزای ئامێدی، کە یەکێکە لە شوێنەوارە گرنگەکانی ناوچەکەو وەکو شوێنێکی دێرینی سەردەمی شۆڕشی یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی کورد سەیرکراوە. لە ڕۆژی ٢٦ی ئاداردا، هەواڵی کشانەوەی سەربازانی تورکیا لە بنکە سەربازییەکانی گەلی رەشاڤە لە ناحیەی دێرەلوک بڵاوبۆوە. بەڵام ئەمە تەنیا دەنگۆ بوو. سوپای تورکیا لە ڕێگەی ٢٥ کامیۆنی سەربازییەوە ئاڵوگۆڕی سەربازەکانی ئەنجامدابوو و، ئەمەش لەلایەن بەشێک لە میدیاکانەوە وەکو کشانەوەی سەربازانی تورکیا بڵاوکراویەوە، لە کاتێکدا تەنیا ئاڵوگۆڕ بە سەربازەکان کرابوو و سوپای تورکیا لە هیچ بنکەو بارەگایەکی لە هەرێمی کوردستاندا نەکشاوەتەوە.  لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ەوە تاوەکو ٣١ی ئاداری ٢٠٢٥، سوپای تورکیا بەلایەنی کەمەوە ٤٠٤ هێرش و بۆردوومانی لە هەرێمی کوردستاندا ئەنجامداوە. لە ئەنجامی ئەو هێرش و بۆردوومانانەدا، ٤ هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبوون و ٢ هاوڵاتی تری مەدەنیش برینداربوون. بەردەوامی هێرش و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان ژیانی هاووڵاتییانی مەدەنی ناوچەی کاریگەر بە شەڕو بۆردوومانەکانی خستۆتە مەترسییەوە. بەتایبەت ژیانی ئەو هاوڵاتی و گوندنشینانەی کە بژێوی ژیانیان لەسەر کشتوکاڵکردنە و لە وەرزی بەهاراندا بۆ کۆکردنەوەی گژو گیای خۆڕسک ڕوودەکەنە چیاکان بەردەوام لەمەترسیدایە.  تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی CPT، داوای ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دەوڵەتی تورکیا لە هەرێمی کوردستاندا دەکات و بانگەواز لە هەردوولای ئەو شەڕ و ململانێیانە دەکات کە لەڕێگەی بەشداری چالاکانە لە پڕۆسەی ئاشتیدا کێشەو ململانێکانیان کۆتایی پێبهێنن و چیتر ژیان و ئاسایشی هاوڵاتیانی مەدەنی و گوندنشینان، لە هەرێمی کوردستاندا نەخەنە مەترسییەوە. تیمەکانی دروستکەری ئاشتی کۆمەڵگە CPT هەرێمی کوردستانی عێراق ٣ی نیسانی ٢٠٢٥


🔻 کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن پترۆلیۆم (GKP)ی بەریتانی، بەرهەم و داهاتی گشتی بۆ ساڵی (2024) بڵاوکردووەتەوەو ڕایگەیاند؛ 🔹 بە سەلامەتییەکی بەهێزەوە، بەبێ بەفیڕۆدانی کات (790) ڕۆژە بەردەوامین لە کارکردن. 🔹 تێکڕای بەرهەمهێنانی گشتی لە ساڵی (2024) بە ڕێژەی (86%) زیادیکردووە بۆ (40 هەزار و 689) بەرمیل نەوتی خاو لە ڕۆژێکدا، لە کاتێکدا لە ساڵی (2023) تێكڕای بەرهەم گەیشتبووە (21 هەزار و 891) بەرمیل نەوتی رۆژانە. 🔹 ئەو نرخەی لە ساڵی (2024) بۆ هەر بەرمیلێک نەوت بەدەستهاتووە بە تێکڕا (26.8) دۆلار بووە. 🔹 لە سەرەتای ساڵی (2025) تا (18 ئازاری 2025) تێکڕای بەرهەمهێنانی ڕۆژانە گەیشتووە بە (46 هەزار و 400) بەرمیل نەوت، هەر بەرمیلێکی لە نێوان (27 بۆ 29) دۆلار فرۆشراوە. 🔹 تێکڕای تێچووی گشتی کارکردن بۆ هەر بەرمیلێک بە ڕێژەی (21%) دابەزیوە بۆ (4.4) دۆلار لە کاتێکدا لە ساڵی (2023) تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت (5.6 دۆلار) بووە. 🔹 داهات بە ڕێژەی (22%) زیادی کردووەو گەیشتووە بە (151.2 ملیۆن) دۆلار لە کاتێکدا لە ساڵی (2023) داهاتی کۆمپانیاکە (123.5 ملیۆن) دۆلار بووە. بەرهەم و داهاتی کۆمپانیای (گۆڵف کیستۆن پترۆلیۆم) لە کێڵگەی نەوتی شێخان ساڵی 2024 کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن پترۆلیۆمی بەریتانی ڕایگەیاندووە، بە سەلامەتییەکی بەهێزەوە، بەبێ بەفیڕۆدانی کات (790) ڕۆژە بەردەوامین لە کارکردن، تێکڕای بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی کێڵگەکە لە ساڵی (2024) بە ڕێژەی (86%) زیادیکردووە بۆ (40 هەزار و 689) بەرمیل نەوتی خاو لە ڕۆژێکدا، لە کاتێکدا لە ساڵی (2023) تێكڕای بەرهەم گەیشتبووە (21 هەزار و 891) بەرمیل نەوتی رۆژانە، ئەم بەرزبونەوەیەش کاریگەری و ڕەنگدانەوەی خواستی بەهێزی بازاڕی ناوخۆییە بۆ کڕینی نەوتی خاوی کێڵگەی شێخان. کۆمپانیاکە ئەوەشی ڕاگەیاندووە، ئەو نرخەی لە ساڵی (2024) بۆ هەر بەرمیلێک نەوت بەدەستهاتووە بە تێکڕا (26.8) دۆلار بووە. هاوکات لە سەرەتای ساڵی (2025) تا (18 ئازاری 2025) تێکڕای بەرهەمهێنانی بەرهەمی ڕۆژانە گەیشتووە بە (46 هەزار و 400) بەرمیل نەوت، هەر بەرمیلێکی لە نێوان (27 بۆ 29) دۆلار فرۆشراوە. تێچووی گشتی کارکردن بۆ هەر بەرمیلێک بە ڕێژەی (21%) دابەزیوە بۆ (4.4) دۆلار لە کاتێکدا لە ساڵی (2023) (5.6 دۆلار) تێچووی بەرهەمهێنان بووە بۆ هەر بەرمیلێک، ئەمەش بە پلەی یەکەم ڕەنگدانەوەی بەرهەمهێنانی زیاترە سەرەڕای بەردەوامبوون و گرنگیدان و کارایی کارکردن. ئەوەشی دەربارەی داهاتی کۆمۆمپانیاکەیە بە ڕێژەی (22%) زیادی کردووەو گەیشتووە بە (151.2 ملیۆن) دۆلار، لە کاتێکدا لە ساڵی (2023) داهاتی کۆمپانیاکە (123.5 ملیۆن) دۆلار بووە. کێڵگەی نەوتی شێخان کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن پترۆلیۆمی بەریتانی وەبەرهێنان لە کێڵگەی نەوتی شێخان دەکات، کێڵگەکە دەکەوێتە سنوری پارێزگای دهۆک، قه‌زای شێخان ده‌گرێته‌وه‌ بە (60) کم لە پارێزگای هەولێرەوە دوورە، ڕووبه‌ری کێڵگەکە نزیکەی (283) کیلۆمەتر دووجایە، کۆمپانیاکە گرێبەستی هاوبەشی بەرهەمهێنانی لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەیە و 80%ی پشکی کارکردنی لە چوارچێوەی گرێبەستی شێخان هەیە. گرێبەستی هاوبەشکردنی بەرهەمهێنانی کێڵگەی شێخان لە ساڵی 2007 لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بەخشراوە، ساڵی (2009) لە یەکەم بیر لە کێڵگەدا بەناوی (SH-1) دۆزرایەوە، بۆ یەکەم جاریش تەمموزی ساڵی (2013) کێڵگەکە گەیشتە قۆناغی بەرهەمهێنان. لەو کاتەوە، زیاتر لە (100 ملیۆن) بەرمیل نەوت بەرهەم هێنراوە. بەجۆرێک کۆی گشتی تێکڕای بەرهەمهێنان لە ساڵی (2013)دا بریتی بووە لە (هەزار و 361) بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، کێڵگەکە بەردەوام لە گەشەسەندندا بووە تا ساڵی (2021) تێکڕای بەرهەمی ڕۆژانە گەیشتووە بە  (43 هەزار و 440) بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا. کێڵگەکە (18) بیری تێدایە بەرهەمەکانیان دەگوزارێنەوە بۆ دوو وێزگەی عەمبارکردنی نەوتی کێڵگەو لەوێوە بە بۆری نەوتی کوردستان دەگوزارێتەوە. سەرچاوە -    Gulf Keystone Petroleum, 2024 Full Year Results Announcement, at 20TH MARCH 2025; https://www.gulfkeystone.com/2024-full-year-results-announcement/  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand