حلمی رەسول رەزا بەو ناونیشانەی سەرەوە، بەرێز عیماد عەلی بابەتێكی تا ڕادەیەك شرۆڤەكاری نووسیوەو لە پەیج و ماڵپەڕی "رونگەو رەخنە" بۆیان بڵاوكردۆتەوە. دیارە بەڕای من ئەوەی لە كوردستان تۆزێ جوانی پێوە ماوە ئەو ئازادی رادەربڕینەیە كە لە چوارچێوەی رێزو یەكدیی قبوڵكردندا ماوە. لەم سۆنگەیەوە و بەهۆی ئەوەشی ناوبراو لە شێوەی پرسیاردا بابەتەكەی نوسیوە بە پێویستم زانی وەكو وەبیرهێنانەوەیەك چەند قەڵەمێك بۆ برای بەرێز بخەمە روو. سەرەتا نووسەر پرسیار دەكات بەرهەم ساڵح لەماوەی دوو ساڵدا چی كردوە، پاشان دەپرسێ بۆچی ئەگەر پارتی كاندیدەی بكشێنێتەوە هەردوو تەرەفی سەدری و ئیتار رازین، بەڵام بە پێچەوانەوە ئیتار رازی نییە؟ . دیارە لەم سەردەمی زانیاری و تەكنەلۆجیا و سۆشیال میدیایەی ئێستا لە گۆڕێیە، كەم كارو كردەو رەفتار هەیە وون بێت، بەتایبەتی ئەگەر بێت و بابەتەكە سەبارەت بەكەسێكی سیاسی دیارو خاوەن پۆستێكی هەستیاری وەك سەرۆك كۆمار بێت، بۆیە ماوەی دوو ساڵ نیە كە سەرۆك كۆمارە بەڵكو زیاترە، هەرچی دەربارەی كارەكانی سەرۆك كۆمارە لەو ماوەیەدا نووسەر دەتوانێ بچێتە سەر سایتی سەرۆكایەتی كۆمار بۆ ئەوەی بزانێ چەند پرۆژە یاسای بابەیەخ و گرنگ لەو دامەزراوەیەوە ئاراستەی پەرلەمان كراوە، نووسەر ئەگەر ئاگای لە رووداوەكانی تەشرینی ساڵی 2019 ە بێت دەزانێ هەڵوێستی بەرهەم ساڵح لەگەڵ خۆپیشاندەران و داواكانیان چۆن بوە، لە رووی هەڵوێستی سیاسیەوە دەبێ ئەوەی بێتەوە یاد كە چەندین كەس بۆ پۆستی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران كاندید كران؛ ئایە بەرهەم ساڵح هەر بێ دەسەڵاتانە رەفتاری كرد یان بەرپرسانە؟ ئەگەر نووسەر نێوانی لەگەڵ ئەندامانی وەفدی كوردی بۆ بەغدا یان نوێنەرانی كورد لە پایتەخت هەبێت دەكرا بە تەلەفۆنێك پرسیاری لە هەموویان بەبێ جیاوازی بكات بزانێ رۆڵ و هەلوێست و رەفتاری سەرۆك لەگەڵیاندا چۆن بوەو چیشی بۆ كردوون، بزانێ ئایە هەروا سەرپێی رەفتاری كردوە یاخود جێدەستی لەهەموو پرسەكاندا هەبوەو بوارو دەرفەتی بۆ رەخساندوون و كاری بۆ ئاسان كردون. بەڵام ئەگەر پرسیارەكە بۆ ئەوە بێت كە بەرهەم ساڵح نەچۆتە ژێر باری پینەو پەڕو و دزی و فزی و چاوپۆشین لە كارە نایاسایی و دەستووریەكاندا؛ ئەوا بێ گومان نەك پشتیوان بوە، بەڵكو دژییشی وەستاوەتەوە. لەبارەی قسەكانی نووسەر كە دەرهەق بە نەتەوەی سەردەستەی كردوە، گوایە لەلاوازیدا پەنا بۆ هەموو شتێك دەبەن، دەبێ بزانێ ئەوان سیاسەت دەكەن نەك قسەی ناودیوەخان، دەكرا كوردیش بەهەمان شێوە لە لاوازیدا یەكدەست بن و هەرچی رێگا هەیە بیگرنە بەر؛ بەڵام رێگای تابۆ نا بەڵكو ئەوەی كورد لەسەری رۆشتوە كە شارێگای رەوایەتی و مافە، بڕواش ناكەم هەرگیز ئەوان حەسوودیان بەو حاڵەی ئێمە بردبێت كە دەسەڵاتداران بەسەر خەڵكی خۆیاندا هێناویانە. هەرچی دەربارەی ئەوەیە گوایە بەرهەم ساڵح لە بەرژەوەندی ئەواندا كاری كردبێت؛ ئەمە بۆ خۆی ناڕەواییەكی بەرچاوە، چونكە هەلوێستەكانی زۆر روون و ئاشكرا بووە لە بەرامبەر هەموو پێكهاتەكان و ئەسڵەن وەك سەرۆك كۆمارێكی بێ لایەن بۆ سەرجەم خەڵك نەوەك پێكهاتەیەكی ئایینی یان نەتەوەیی رەفتاری كردوە، و لە شێوەی رەحمەتی مام جەلال دا هەوڵی داوە تا پێی بكرێت نەهێڵێت خوێنی تائیفی و ئیتنی بڕێژرێت، ئەم كارەی بەرهەم ساڵح وەك پرەنسیبە نەك تاكتیك، بە سروشتی خۆی بڕوای پێیەتی نەوەك رووكەشی، ئەو وای نابینێ چەنگ لەناو عێراقدا ببێتە مایەی سەقامگیری كوردستان، پێی وا نیە ئەگەر ئەوان لاواز بن ئێمە بەهێز دەبین، بەڵكو لەسەر بنەمای هاوسەنگی و پێكەوە ژیان و یەكدی قبوڵكردن كاری كردوە. هەربۆیە وەك نووسەر بۆی چووە، پۆستەكان كارتۆنی نین، بەڵكو كاریگەریشن و سوود و بەرژەوەندی كوردیش پارێزراوە ئەگەر بێت و یەكدەنگی و كارو رەفتاری دەسەڵاتدارانی هەرێم شەفاف و روون بن، كەواتە ئەوە سوچی بەرهەم ساڵح نیە كە بارمان لە بەغدا لارە، ئەوە سوچی دوو بەرەكی و دوو فاقی و فرۆشتنەوە و بزواندنی هەستی نەتەوایەتیە وەك تاكتیك بەكاردەهێنرێ و وەك ستراتیژ دەرخواردی خەڵكی دەدەرێ. هەموو ئەوانەشی باسكران سەلمێنەری ئەوەن بەرهەم ساڵح سیفەت و بیركردنەوەو عەقیدەی بەرێوەبردنی لە هەمووان جیاوازە، ئەگەر لێكچوونیشی لەگەڵ هەندێكدا هەبێت ئەوە بەسروشتە نەوەك كاریگەربوون بەوان !
سەنگەر رسوڵ ساڵی ٢٠١٩، لەگەڵ بەرپرسێکی باڵای زۆنی سەوز کە پەیوەندیداربوو بەمەلەفی دارایی؛ گفتوگۆمکردو ئەمەی خوارەوەش بۆچوونەکانی ئێمە بوون ئەوکات. یەکێک لەپێشنیازەکانی من کە لەچوارچێوەی دەسەڵاتی ئەو دابوو، پێم وت هەرگیزو هەرگیز نەکەن داوای پارە یاخود داهات بکەن، بەڵکو دەبێت داوای دابەشکردنی دادپەروەرانەی پڕۆژە بکەن لەهەولێر. بۆ نموونە؛ وتم: ١) ئێستاکە کە پرۆژهی شەقامی ١٢٠م لەهەولێر جێبەجێبووەو ١٥٠ مەتری دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئایا لەبەرامبەردا سلێمانی وهەڵەبجە و ڕاپەرین چی بۆ دەکرێت؟ ٢) پێم ڕاگەیاند دەزانی پارتی چۆن بەشیک لەپرۆژەکانی لەسنوری زۆنی زەرد جێبەجێ دەکات؟ یەکێک لەنموونەکان لەڕێگەی پێدانی نەوتی خاوە لەبەندەری جیهان بە خاوەن پرۆژەکان لەبری پارە! ٣) بەکارهێنانی پێگەو دەسەڵاتی حکومەتە لە گواستنەوەی داهاتەکان لەشوێنی ئەلفەو بۆ بێ! بەتایبەت کە لەئێستادا بۆ چەندین ساڵ دەچێت پرۆژە یاسای بودجەش لەبەردەست نییە! ئەمە چۆن دەکرێت؟ بۆ نموونە لەداهاتی هاتوچۆ پارەیەکی زۆرهەیە، ئەوا سەرۆکی حکومەت و ئەنجومەنی وەزیران بەسانایی ئەو پارەیە دەگوازنەوە بۆسەر پرۆژەو سێکتەرێکی دیکە، ئایا کێ گرەنتی ئەوە دەکات هەموو ناوچەکان بەیەکسانی لەبەرچاو دەگیرێن لەگواستنەوەی داهاتە زیادەکان؟ خۆی ئەمە رێپێدراوه بەڵام دەبێ لەچوارچێوەی یاسای بودجە دابێت کە نییە! ٤) بەکارهێنانی پێگەی حکومەتە بۆ وەرگرتنی قەرزو ئەنجامدانی پرۆژە لەڕێگەی قەرزەوە، ئەمەش چۆن لەسەرحسابی پارێزگاو ئیدارەکانی دیکەوە دەبێت؟ بۆ نموونە ١٠ ملیۆن دۆلار بۆ پرۆژەیەکی رێگاوبان لەزۆنی زەرد تەرخان دەکرێت بەقەرز دەکرێ، ئەوا حکومەت لەبودجەی گشتی قیستی ئەو قەرزە مانگانە دەداتەوە ئینجا دێت داهاتی ماوە لەنێوان زۆنی سەوزو زەرد دابەش دەکات! ئەوە یەکێکە لە تەکنیکەکان بۆ کەمکردنەوەی داهاتی ناوچەکانی دیکە! ٥) لەجووڵەی داهاتی ناوخۆ، ئەوا هەر زۆنی زەرد باڵا دەست دەبێ چونکە هیچ یاسایەک و ئامرازێکی دادپەروەری بوونی نییە تا مافی راستەقینەی ناوچەکەت بەدەست بێنی، بەڵام لەشەری بەدەستهێنانی پرۆژەکان ئەوا بواری زۆری تێدایە چەندین پرۆژە بەدەست بێنی بۆ سنوورەکەت. لەگەڵ چەندین ووردەکاری دیکەم خستەڕوو، هەوڵمدا راستەوخۆ و بەبێدەنگی بۆچوونەکانم بگەینم و ووتم با لەڕێگەی میدیاوە نەبێت، بەڵام بەداخەوە وەک هەرپێشنیازو بۆچوونێکی دیکەی هەرکەسێکی دیکە گوێیان پێنەدا. لێرەدا ئەوەی مەبەستمانە بیڵێین ئەوەیە کە ئەگەر بتەوێ شەڕی دادپەروەری و حوکمداری باش بکەیت ئەوا دەبێ قووڵ ببیەوە لەچەمک و پایە سەرەکییەکانی حوکمڕانی باش و ناکرێت کۆمەڵێک دروشمی قەبە قەبەت هەبێت و هیچ ئامادەکاری و توانایەکیشت بۆ ئیدارەدانی قەیرانەکان نەبێت.
عهدالهت عهبدوڵڵا كرانهوهو دهرچه له پرۆسهی سیاسیی ئێستای عێراقدا ئاڵۆزه. گۆڕانكاری روونادات ئهگهر ئهجێندای سیاسیی لایهنه براوهكان گۆڕانكاریی بهسهر نهیهت. گۆڕانكاری له ئهجێنداو خهونی لایهنه سیاسییه عێراقییهكانیشدا بهدی نایهت، ئهگهر گۆڕانكاری له ئایدیاو بیروباوهڕدا نهیهته ئاراوه. 5 مانگه، دوو بهرهو دوو جهمسهری جیاواز سهریاههڵداوه كه یهكێكیان ههڵگری تێزی حكومهتی سازانهو ئهویتریان تێزی حكومهتی زۆرینهی نیشتمانی. ئهم دوو بهرهیه، ههردوولایان، سوور دهزانن بهبێ یهكتر قورسه بتوانن حكومهت پێك بهێنن، كهچی بهو بهڵگهنهویسته سادهیهشهوه لهسهر تاقیكردنهوهی سیناریۆ و گرهوهكانی خۆیان بهردهوامن. ههردوو جهمسهرهكه، ههریهكه دوو جۆر له گرهوی ههیه، یهكهمیان: گرهو لهسهر یهكلابوونهوهی دهنگی پهرلهمانتاره سهربهخۆكانی ناو ئهنجوومهنی نوێنهران، دووهمیان: گرهو لهسهر كات و دروستبوونی درزو خزانی لایهك له لایهنهكانی ناو ئهم دوو بهرهیه بۆ ناو بهرهكهی تر بۆ ئهوهی هاوكێشهكه بگۆڕێت. لهو سهروبهندهدا، له دهرهوهی گرهوهكان، مامهڵهی دیكهش لهو بۆڕبۆڕینهی نێوان ههردوو جهمسهرهكهدا ههیه، لهوانه: فشاری دهرهكی، جوڵهی دیبلۆماسیی ئاشكراو نهێنی، پاره بهخشینهوه، بهڵێنی نوسراو و زارهكی بۆ گهورهكردنی بهرهكان، تهنانهت ههڕهشهكردن و بهكارهێنانی توندوتیژی راستهوخۆ و ناڕاستهوخۆ، یان فیزیكی و رهمزی، ههروهها بهكارهێنانی جهنگی دهروونی، شهڕی میدیایی و پڕوپاگهندهو واتهوات و..هتد. واته لهم ماوهیهدا ههموو ئامرازێكی لهدهستهاتوو بهكار هاتووهو بهكاریش ئههێنرێت بۆ ئهوهی یهكێ لهم بهرانه لاواز ببێت و كۆڵ بدات و لهكۆتاییدا ئاڵای سپی بۆ بهرامبهرهكهی ههڵبكات. جا لهبهر ئهوهی ئهم جهمسهرگیرییهی ناو پرۆسهی سیاسیی عێراق، حساباتی ههرێمایهتی و نێودهوڵهتیشی تیایه، دهبینین، لهههمانكاتدا، جهمسهربهندییهكی چارهنووسسازیشه، بۆیه به ئاسانی نابینیت كه كۆتایی پێ بێت و ههرهس بهێنێت، ئهمه لهكاتێكدا كه حهوت مانگی رهبهقه گۆڕهپانی وڵاتهكه لهناو مانۆڕی جیاجیاو ترسناك و گهمهو دهستبادانی جۆراوجۆری هێزه براوهكاندا ئهژی. بهرهی رزگاری نیشتمانیی سهدر، به ئاشكرا دهیهوێت یهكێ له هێزه كاریگهرهكانی ناو چوارچێوهی ههماههنگی بهلای خۆیدا رابكێشێت، ئهمهش به زهقی یهكسانه به لێدان لهو چوارچێوه سیاسییهو بگره ئهگهری ههڵوهشانهوهشێتی، ئهوهش ئهگهرێكی ئاسان نییه، یان لانیكهم، ههتا ئێستا، ئهنجامێكی نهبووه. ئامادهبوون و كۆكردنهوهی 220 پهرلهمانتار بۆ ئهوهی پهرلهمان بتوانێ كۆببێتهوهو پرسی سهرۆك كۆمارو حكومهتی نوێ یهكلابكرێتهوه، لهسایهی ئهو تهعهنوده سیاسییهی ئێستادا، ئاسان نییه. پاشان دهستوهردانی ئیقلیمی و دهرهكی له عێراقدا، بڕیاری سیاسیی سهربهخۆی بۆ لایهنه سیاسییهكان نههێشتۆتهوه، بهوهش كرانهوه له پرۆسهكهدا ئاڵۆزتربووهو مهرجی زیاتری چۆتهسهر!. ئێستا ئهوهی ماوهتهوه تهنها ئهوهیه كه، پهرلهمانتاره سهربهخۆكان دهستپێشخهریی نوێ بخهنهڕوو بۆ دهرچوون له بنبهستی سیاسی. هاوكات بڕیاروایه سهرۆكی پارتی دیموكراتیش دهستپێشخهرییهك بنوێنێت، بهڵام ههروهك لهرۆژنامهی (الشرق االاوسط)ی نزیك له سعودییهكانهوه شیكاری بۆ كراوه، ئهو دهستپێشخهرییهش، له كۆتاییدا، بهو ئامانجهیه كه تهنها لایهك له لایهنهكانی ناو چوارچێوهی ههماههنگی بێته ریزی بهرهكهی ئهوانهوه. رهنگه له قۆناغی ئێستاشدا، بهپلهی یهكهم و نزیك، گرهوهكه لهسهر یهكێتیی نیشتمانیی كوردستان بێت، ههر ئهمهش تهفسیری بانگهوازو جوڵهی پارتی دیموكرات دهكات بۆ كۆبوونهوه لهگهڵ یهكێتیی نیشتمانیدا، گرهوێك كه بێگومان سهركهوتن و سهرگرتنی، لهههلومهرجی ئێستادا، ئهگهر لهلایهك لهسهر سازشی پارتی لهسهر داواكردنی پۆستی سهرۆك كۆمار وهستابێت، ئهوا لهلایهكی تر لهسهر سازشی یهكێتی-یش ئهوهستێت لهسهر ئهوهی درێژه به مانهوه بدات لهناو بهرهی چوارچێوهی ههماههنگیدا، كارێك كه بێگومان، لهههموو دۆخێكدا، وهك جۆرێك له ریسكی سیاسی وایه بۆ یهكێتی و ئاسان نییه سازش بنوێنێت، واته تهنها بۆ وهدهستهێنانی پۆستی سهرۆك كۆمار چهندین هێزی شیعهو دۆستایهتیی وڵاتێكی ههرێمایهتیی بههێزی وهك كۆماری ئیسلامیی ئێرانییش لهخۆی بكات و ئهوسهری دۆخی ناوچهكانی ژێر دهسهڵاتی خۆی لێوه دیار نهبێت!.
رێبوار کەریم وەلی لەدوای كودەتای سپیی هەشتی تەمموزی ناو یەکێتی، یەکەمجارە پارتی لە بەرزترین ئاستدا، قسە لەسەر ئەو بابەتە دەکات. هەرچەندە کە گوتراوە ئەوە مەسەلەیەکی ناوخۆی یەکێتییە، بەڵام لە راستیدا قاچێکی هەرچییەک لە کوردستان رووبدات لەناو پارتییە. تەنانەت بارودۆخی ناو ماڵی پارتی، یەکێکە لە گرنگترین ئەسبابی ئەو هەڵبەز و دابەزەی لە ناو حزبەکانی دیکەدا هەیە. * فازڵ میرانی ئەگەرچی لە باڵی کۆترەکانی ناو پارتییە، بەڵام زۆر بە راشکاوی بە یەکێتیی نوێ دەڵێ: پۆستە داتاشراوەکانتان بایی ئەوەندە نین کە لە ئاستی سەرۆکی پارتیدا و هاوکوفی ئەو مامەڵەتان لەگەڵدا بکرێت، بەڵام قەیناکا مادام کوڕی مام جەلالن، بە سیفەتی برازا قەبوڵمانن! * ئاڵۆزییەکانی ناو یەکێتی کە بەشێکی زۆر لە پارتییەکانی بە دورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگی لە هەرمی بڕیاردان شاگەشکە و خەنی کردبوو، وردە وردە بەرەو گەستنی پەنجەی پەشیمانییە و چەندجارێک لەئاستی زۆر بەرزی ناو پارتیدا، خۆزگەیان بەدەوری سابیق خواستووە کە هەر نەبێ لاهور ساحێبی قسەی خۆی بووە. * بێدەنگیی پارتی لە هەشتی تەمموز و واڵاکردنی دەستی نوێنەری یەکێتی لە حکومەتدا، بۆ تەسفییاتی ناوخۆیی بەناوی حکومەتەوە، هیچ قازانجێکی بۆ پارتی نەبووە و تەنانەت ئیدارەدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کوڕانی تاڵەبانی لە بنبەست نزیک کردۆتەوە؛ تا هەڵگری سیفەتی برازا بوون موو بە نێوانیاندا نەدەچوو کە بوونە سەرۆک و شتی وا، ئیتر وایانزانی سەرۆک بەرامبەر سەرۆک دەخوێنێ! * پارتی دەتوانێ و دەبێ رۆڵی هەبێ لە ئاساییبونەوەی بارودۆخی ناو یەکێتی، تا وەزعی ناوخۆی یەکێتی ئاوا بێت، پارتی زیاتر زەرەر دەکات. قسەکانی فازڵ میرانی ئاماژەیەکی روونن بۆ ئەوەی کە پارتی مامەڵە لەگەڵ ئەو ئەمری واقعە نیوەچڵەدا ناکات. بە ئاشکرا دەڵێ کە جارێ بڕۆ ببە بە سەرۆک یان نیوسەرۆکییەکەت بەهاوسەرۆک کامڵ بکە، ئینجا دادەنیشین بزانین کەی مەوعیدێکی جەنابی سەرۆکت بۆ وەردەگرین.! * ئەوەی رەنگبێ پاڵی بەپارتییەوە نابێ کە بڵێ سەد رەحمەت لە کفندز! ئەو 10 مانگەی رابردووە کە لە رووی خراپییەوە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ پێش هەشتی تەمموز بەراورد ناکرێت. بۆیە ئەوەی فازڵ میرانی دەیڵێ هۆشدارییەکی جدییە بۆ کوڕانی تاڵەبانی کە چیتر پارتی پشتیوانی لەم دیزە بە دەرخۆنەییەی ناو یەکێتی ناکات.
د. كامەران مەنتك یەكێك لەكێشەكانی هەرێمی كوردستان ئۆپۆزسیۆن بوونە، كە بۆتە مۆدێلێكی سەقەت وهیچ شتێكی لە ئۆپۆزسیۆن ناچێت، هەركەسێك بەشڕە خوێندەواریەكەوە جنێو بەیەكێتی وپارتی بدات، خەڵك چەپڵەی بۆ لێدەدات، ئەمە لەلایەك دۆخی بێزراوی ئەو دوو حیزبە نیشان دەدات، لەلایەكی تر ئیفلاسی ئەوانە نیشان دەدات، كە لەسەر ئەو جنێودانە كاوێژ دەكەن وهەركاتێك دەگەنە پلەو پۆستێك بەتەواوی دەگۆڕێن، بۆ نمونە ساڵیكیان یەكێك لەو بەناو ئۆپۆزسیۆنانە هاتە یەكێك لە كۆلیژەكانی زانكۆی سەلاحەدین و تاپێی كرا رەخنەی لەدەسەڵات گرت، دوای ئەوەی لەو حكومەتەی رەخنەی لێدەگرت پۆستێكیان دایە، هەر هەمان كەس لەهەمان شوێن بەرگری لەدەسەڵات كردو پاساوی بۆ دەهێنایەوە، كە هۆكاری ئەو پارادۆكسە مەهزەلە ئامێزەیان لێپرسی، گوتی ئێستا لەبەرەی دەسەڵاتم! كەواتە كێشەی سەرەكی لەهەرێم خەڵك نیە، وەك بانگەشەی بۆ دەكرێت ودەسەڵات وئۆپۆزسیۆن بەیەكەوە هەموو باڵێكی ئەو دۆخە دەخەنە ئەستۆ، بەڵكو ئەو كەمینە مشخۆرەیە، كە لەڕێگەی جنێودانەوە نان پەیدا دەكەن وەك رۆشنبیرو سیاسەتمەدارو ئەكادیمیست و ... هتد خۆیان نیشان دەدەن، پێویستە تاكی كورد ئەو دوو لایەنە بەتەواوی لەیەكتر جیا بكاتەوە. خەڵكی كوردستان هیچ تاوانێكی لەو دۆخەدانیە، نەك لەئاست قوربانیداندا بووە، بگرە هیچ گەلێكی ناوچە بەقەد كۆمەڵگەی كوردی قوربانی نەداوەو ئامادەی قوربانی دان نەبووە ونیە لەپێناو نیشتمانەكەی، بەڵام هەمیشە بەری قوربانیدانەكەی لەلایەن توێژەكەی ترەوە بازرگانی پێوەكراوەو بەهەدەر دراوە، ئەوەیە ئەمڕۆ بێمتمانەیی لای خەڵك دروست كردووە، دیارە ئەمەش دەرئەنجامی تێگەیشتنە لەو گەڕەلاوژەیەی بەناوی ئۆپۆزسیۆن ودەسەڵات لەو هەرێمە دەگوزەرێت. دۆخەكە بە قۆناغێك گەیشتووە، ئۆپۆزسیۆن ودەسەڵات بەتەواوی تێكەڵ بووە، ئەو هێزانەی بەشێكن لەحكومەت وكاڵەكەكەی دەڕننەوە، رەخنە لە حكومەت دەگرن، كەچی هەر لەو كاتەی بێزاری خۆیان دەردەبڕن، بۆ بەیانی لەهەواڵەكان گوێبیستی ئەوە دەبین چەند پۆستێكی تریان وەرگرتووە! جێگەی سەرنجە كەسێك گوێ لەمیدیاكانی پارتی ویەكێتی بگرێت، وا مەزەندە دەكات بەیانی دەبێتە شەڕی ناوەخۆ، ئەو شەڕەی، كە هەمیشە خەڵكی كوردستانی پێ دەترسێنن، لەبەرئەوەی لەو شەڕانە جگە لەخەڵكی هەژارو ستەمدیدەی كوردستان كەسی تر زەرەمەند نابێت، بینیمان لەماوەی شەڕی رابردوو بەرپرسەكان كاتێك بەدیل دەگیران دەبوونە میوانی یەكترو بەڕێزەوە تا ئەم بەر، یاخود ئەو بەری دێگەڵە رەوانە دەكران، كەچی خەڵكی ئاسایی بەدڕندەترین شێوە بەدیلی دەكوژران!. ئەو فەوزای دەسەڵات وئۆپۆزسیۆن بوونە كاریگەریەكی ئێجگار نەرێنیانەی كردۆتە سەر كۆمەڵگای كوردی، بەتەواوی سەری لێشێواندووەو متمانەی لا نەهێشتووە، نۆستالیژیایەكی لا دروست كردووە، خەون بەگەڕانەوەی ئەو بەعسە دەبینێت، كە ئەنفال وكیمیابارانی كرد، ئەمەش جێگەی داخێكی گەورەیە، كاتی ئەوە هاتووە كۆمەڵگای كوردی لەدەرەوەی ئەو بەناو دەسەڵات وئۆپۆزسیۆنە بیر بكاتەوەو كۆمەلگا بخرێتەوە سەر رێگەی راستەقینەی خۆی، بەمەش لەكۆتایدا هەردوو لایەنی ئۆپۆزسیۆن ودەسەڵات سزا دەدەن وتووڕیان هەڵدەدەنە زبڵدانی مێژوو، وەك چۆن بەكردەیی تووڕە هەڵدراون.
لهتیف فاتیح فهرهج 1 عهبدوڵا پهشێو دهفهرموێ چ دهعبایهكی سهیرو سهمهرهم ئهستۆم نایهوێ سهرم راگرێ خوێنم دهمهیێ ، تا فڕكه نهكا بهرهو پهل و پۆم گلێنهی چاوم تف له یهك دهكهن له یهك نهبانن رهفیسك و ئهژنۆم ، حاجی قادری كۆی پێش ئهوبای حیزه بخۆیی و ناتهبایی كردووه ، دهردهكه دهردێكی دورو بێچارهسهره ، رۆشنبیر له ناو یهكا ، مهلاكان له ناو یهكترا ، حوبهكان، خێزانهكان و خوشك و براكان ، دراوسێكان ،مامۆستا له گهڵ یهك و له گهڵ فێرخواز ، دكتۆر له گهڵ دكتۆرو له گهڵ نهخۆش ، مناڵهكانی كۆڵان به رهنگی حزب گۆشكراون ، بابه نهخۆشیهك ههیه نهخۆشیهكی مهترسیدار ، یان دهبێت خۆتی بدهیته دهستهوه ، یان بێدهنگ بیت یان راكهیت و نهشڵێی رهفیقان من ئهوا رۆیم له لاتان . كورد بوون ، ئاكاری كوردی ، بیر كردنهوهی كوردی ،ههستی كوردی ، نهریتی جوانی كوردی ، لێبوردهیی كوردی ، ههموو شتێكی كوردی له باشوری كوردستان له بهردهم ههڕهشهیهكی گهورهدایه ، لهم رۆژانه مامۆستایهكی بهڕێزی زانكۆ ، له سهر گێڕانهوهی قسهی گهنجێك نیگهران بوو ، بهڵام ئیتر ئهوه راستیهكهیه ، ههموومان له یهكتر به گومان و له یهكتر له بۆسهداین ، ئهژنۆو رهفیسكمان دژی یهكترن ، "گیانێك نین له دوو جهستهدا" . له سهر بارو دۆخی خهڵك له سهر قوتی خهڵك بۆ ژیانی خهڵك كۆمهڵێك كهس له تهك بهرپرسێكی ئهم وڵاتهدا دانیشتوین ، رون و رهوان چیمان ههبووه پێمان وتوه ، قسهی خهڵكمان گهیاندوهو زۆر راشكاوو بێمنهت بووین ، كهسمان داوای هیچمان بۆ خۆمان نهكردوه ، ناشیكهین ، منهتیشمان به كهس نیه ، خهڵكیش بێمنهت بن له دهنكه گهنمێكهوه تاخهرمانێ چییان له سهر من و ههروهها ئهو هاوڕێیانهش دۆزیهوه با له قاوی دهن ، چ بێئاكاریهكه بهو جۆره دنیاكه شێوابێت ،ماوهیهك لهمهوبهر گهلحۆیهك نووسیبووی لهتیف ئۆتۆمبیلی درعی وهرگرتوه ، من تا ئێستا نهسایهقی دهزانم نهمۆڵهتی شۆڤێریشم ههیه نه ههرگیز سواری سهیارهی درعیش بوومه ، له درۆو بوختانی تر كهڕێن ، خهڵك ههیه له سهر جاده خۆپیشانداندهكات له ئهوروپاو وڵاتیش ههشه له پشت لاپتۆپێكهوه قسهی زل ، ئهو دێت قاچ و قولی خهڵك دهگهزێ ، وهرن با له رۆژی ئهوهڵهوه ههق و حسابێك بكهین ، بهڵام مسقاڵه زهڕهیهك ئاكار بۆ مرۆڤ باشه . له گهڵ چهند بهڕێزێكا له سهر داوای دهزگایی میدیایی درهو گیرو گازی ئهو بارو دۆخهمان ئاڵانده بهرپرسی یهكهمی ئهم سنورهوه ، كه جێگری سهرۆكی حكومهته ، رۆژی پێش ئهو دانیشتنه من وتارێكی توندم له سهر ئهو بهڕێوه نووسیوه ، بڵاویش كراوهتهوه ، كۆی دیدارو قسهكانیش لای درهوه ، ئاخر ئهوه چ بێویژدانیهكه ، بێ ئاگاداری و زانیاری بگهزی ، له كۆتای ئهم وتاره وتارهكهی پێشتریش كه كهمتر له 20 سهعاتی بهینه له گهڵ دانیشتنهكهدا دادهنهم ، بۆ ئهوهی خهڵك ههقیقهت وهك خۆی ببینێ ، منهتم به كهس نیه تا گیانیش له بزاوتا بێت شهڕی ئازادی و ژیانی خهڵك و قوتی هاوزمانهكانم دهكهم . 2 وتارهكهی پێش دیدارهكه قوباد تاڵهبانی بۆ قسه ناكات ههرجارێك مام جهلال له گهڵ نووسران و رۆژنامهنووسان كۆببوایهتهوه باسی نان و ئازادی دهكرد ، ئهو دهیوانی نان و ئازادی ههردووك گرنگن ، نان قوتهو ئازادی وتن و نهترسان ، یادی به خێر محهمهد موكری چیرۆكنووس دوای 2003 پێی وتم لهتیف ناوی چوار پێنج نووسهری كهركوكم بدهرێ مام جهلال هاوكاریان دهكات ، پێش ئهوهش رێكخراوه دیموكراتیهكانی یهكێتی بێ پرسی ئایدۆلۆژی و بیرو ڕا ماوهیهكی زۆربوو هاوكاری نوسهرو رۆشنبیرو هونهرمهندانی دهكرد . چهند ناوێكم پێدا یهك دوو جاریش بینیم له ههولێریشهوه نوێنهری نووسهران و رۆشنبیران دههات و هاوكاریهكهی مام جهلالی دهبردهوه ، مام جهلال ئهوهی له سهریشی به خراپه نووسیبا ، ئاسایی وهریدهگرت ، ئێستا نهك نووسهرو رۆشنبیر ، فهرمانبهرو پێشمهرگهو مامۆستا و پاكهوان سوكایهتی پێدهكرێت و قوباد تاڵهبانی كه كوڕی مام جهلالهو جێگری سهرۆكی حكومهتیشه نقهی لێوه نایات . مهسرور بارزانی پرسیاری داهاتی سلێمانی دهكات ، دهڵێت بانگیان دهكهم لێیان دهپرسم ، ههرچهند خۆی پێی قهڵسه پرسیاری داهاتی نهوت و جیاوازی و ستهمی لێبكهی ، بهڵام ئهویش پرسیاری ههیه ، ئێ دهبێت جێگرهكهی وهڵامی بداتهوه ، خهڵك سبهی دهچنه سهر گۆڕهكهی مام جهلال و دهپرسن له گۆڕهكهت وهره دهرهوهو سهیرێكی سلێمانی بكه ، دهچنه بهردهرگای بافڵ و دهڵێن كوا ئهو بهڵێنهی دوای دهركردنی ئامۆزاكهت له حزب به خهڵكت دا ، قوباد دهبێت له بری مام و براكهشی وهڵام بداتهوه . من دهزانم رقێك له خهڵكی سلێمانی ههیه ، ئێران و عیراق و توركیاو خهڵكی تریش رقیان لێیهتی ، رقیان له شێخ مهحموده ، چونكه وتی دهڕۆم كهركوك ئازاد دهكهم و دهوڵهتی كوردستان دروست دهكهم ، رقیان له بێكهسی شاعیره چونكه رووبهڕووی ئهدمۆنز بووهوه ، رقیان له پیره مێرده چونكه وتی " سوراحی سهر فرو دێنێ له بۆ پیاڵه كه تێكا بۆی " رقیان له عهوله سیسه ، رقیان له گۆرانه چونكه به تریفهی مانگی وت خۆت بپارێزه لهم كوردی عیراقه ، رقیان له سهیوان و چهمی تانجهڕۆیه ، بهڵام ئهم رقه تاكهی ، ئێستا بهرپرسی یهكهم لهم بارو دۆخه قوباد تاڵهبانیه ، ئهو پیاوهی ههموو عهیب و كهم و كوڕیهكی سلێمانی دهكهوێته ئهستۆی ، ئهگهر ههر وا بێدهنگ بێت . بۆ قوباد تاڵهبانی وهك كوڕی جهلال تاڵهبانی چارهسهر كردنی ریشهیی سێ كێشه سهنگی مهحهكن : یهكهم : دابینكردنی موچهی سلێمانی له كاتی خۆیدا . دوهم : چارهسهركردنی كێشهكانی پاككردنهوهی شارهكان و دهستپێكردنهوهی خزمهتگوزاری . سێیهم : دابینكردنی داو دهرمان بۆنهخۆشخانهكان . تهنها كهس كه دهبێت لهم دۆخهدا قسه بكات قوباد تاڵهبانیه ، چونكه له پێناوی بودجهو موچهی خهڵكی كوردستاندا به دهۆك و ههولێریشهوه دهجار چووه به غدا بێئهوهی هاوپهیمانهكهی سوپاسێكی بكات .
ساڵح ژاژڵەیی بەشی دووەم تكایە تا كۆتایی بە دیقەتەوە بیخوێنەوە بۆ ئەوەی بزانیت چۆن شارەكەت وێرانكراوە . شاری سلێمانی لە شاری هەڵمەت و قوربانیەوە بۆ شاری قوربانی . لە بەشی یەكەمی ئەم باسەمدا باسی كێشەو گرفتی ناو خۆی یەكێتی دوای كۆنگرەی چوارەم و بارودۆخی زونی سەوز و پەیوەندیەكانی نێوان یەكێتی و پارتیم كرد . باسی كێشەی نەمانی پارە لە بانكەكانی سلێمانی و تۆمەتباركردنی پارتی لایەن یەكێتییەوە بە هۆكاری نەمانی پارەو وەڵامدانەوەی پارتی بۆ تۆمەتەكانی یەكێتی . هەرچەندە بە ڕواڵەت هەرێمی كوردستان خاوەنی حكومەت و ئیدارەو دام و دەزگاو هێزی پێشمەرگەو بەڕێوەبردنی خۆیەتی ، بەڵام لە ناوەرۆكدا هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی لە ژێرناوی پارتی و یەكێتیدا بەڕێوەی دەبەن . بەڵام ئەوەی گرنگە ئاماژەی بۆ بكەم ئەوەیە كە بنەماڵەی بارزانی باش خۆیان ڕێك خستوەو خاوەنی مەركەزیەتی خێزانی و لە هەمان كاتیشدا حیزبیشن . پەیوەندی ناوخۆیی و دەرەكیشیان بەهێزەو ڕاوێژكاری تایبەتیان هەیە كە ڕێنماییان دەكات و بەو هۆیەوە بونە هێزی یەكەمی هەرێمی كوردستان و لە ئێستادا هەموو جومگە ئەساسیەكانی حكومەتیان لە دەستدایە ئەگەر حكومەت هەر بە ناویش بێت . بنەماڵەی بارزانی كە بە ئاشكرا دەڵێن پارتی حیزبی بنەماڵەی ئێمەیەو ئەوەی دەیەوێت پارتی بێت دەبێ ئێمەشی قبوڵ بێت . وەكو تا ئێستا دەریش كەوتوە پارتی لە هەموو حیزب و لایەنەكانی تر زیاتر وەفا دارە بۆ لایەنگرانی خۆی . یەكێتی نیشتمانیش كە لەساڵی 1976 دروست بو و ڕەگی دروستبونەكەشی لە جیابونەوەی بەشێك لە سەركردەكانی ئەو كاتی پارتی سەرچاوە دەگرێت كە لە ساڵە 1964 جیابونەوەو دوایی بە بەرەی جەلالی ناسران . یەكێتی كە لە چەندین لایەنی سیاسی خاوەن بیرو بۆچونی سیاسی جیاواز پێك هاتبو خۆی بە خاوەنی شۆڕشی نوێی گەلی كورد دەزانی و خاوەنی هەزاران شەهیدە . بەڵام دوای ڕاپەڕێن و نەمانی حیزبی بەعس و بونی مامجەلال بە سەرۆك كۆمار ، یەكێتیش بوو بە حیزبی بنەماڵەو دوای نەمانی مامجەلال كوڕەكانی بونە میراتگری و ئێستا یەكێتی بە حیزبی خۆیان دەزانن. گۆڕانكاری و ڕوداوەكان و مەترسیەكانی دوای كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی : یەكەم : كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی بە مەبەستی نوێكردنەوەو بەهێزكردنی یەكێتی بەسترا ، بەڵام ئەم كۆنگرەیە شێوە كودەتایەك بوو لەناو یەكێتیدا ئەنجامدراو ئەوەندەی تر ڕێزەكانی یەكێتی پەرتەوازە كرد . دوو كەس لە بنەماڵەی تاڵەبانی بونە هاوسەرۆكی یەكێتی . زوربەی هەرە زۆری سەركردە كۆنەكانی یەكێتی سەردەمی شاخ لە ناوەندی بڕیار دوورخرانەوە . 124 كەسی بونە ئەندامی سەركردایەتی . دوای ماوەیەكی كورت نێوانی دوو هاوسەرۆك تێك چوو ، بافێڵا تاڵەبانی لاهوری شێخ جەنگی ئامۆزای لە هاو سەرۆكی یەكێتی دوور خستەوەو ئەوەندەی تر ریزەەكانی ناو یەكێتی لێكترازان و پەرتەوازە بون و كەوتنە دژایەتی یەكتری تا ئاستی دورخستنەوەو لەناوبردنی لایەنگرانی نزیك لە لاهور شێخ جەنگی. دووەم : بە بۆچونی خۆم گەوروترین مەترسی بۆ سەر زونی سەوز دوای كۆنگرەی چواری یەكێتی و ڕوداوەكانی 8 ی تەموز ئەوەیە كە ژمارەیەكی زۆر بونە ئەندامی سەركردایەتی كە وێنەی نییە . وەكو ژمارە زۆر نەگونجاوەو چۆن كۆبونەوە بەو ژمارە زۆرە دەكرێت ؟. جاری وا هەیە حیزبێك كۆنفڕانسێك یان پلینۆمێك دەبەستێت هەر ئەوەندە ئەندام بەشدار دەبن . كەواتە ئەمانە هەر ناون و هیچی تر . لە لایەكی ترەوە زۆرینەی هەرە زۆریان شایانی ئەوە نین و ناشێت ئەوانە ببنە ئەندامی سەركردایەتی حیزبێكی گەورەی خاوەن مێژو و دەیان هەزار شەهید . لە لایەكی ترەوە ئەوانە دەبنە بارێكی قورس بەسەر بودجەو قوتی خەڵكەوەو خەرجی مانگانەی ئەمانەو بەنزینی ئوتومبیل و نەسریەو پاساوانەكانیان بەشی دامەزراندنی دەرچوی 1000 خوێندكاری زانكۆ دەكات كە چەندین ساڵە یەك كەس دانەمەزراوە .یەكێتی پێویستی بە 25 ئەندامی سەركردایەتی هەیەو لە ناو ئەوانەدا 7 كەسێك ببنە ئەندامی مەكتەبی سیاسی . بەڵام دەبێ كەسانێكی شارەزای بواری سیاسەت و دیبلۆماسیەت و خاوەن كەسایەتی و خوێندەواربن نەك هەر تەنها ناوبن و بەس . لێرەدا مەبەستی من ئەوە نییە كە نابێ كەسی تازە بێتە پێشەوەو تەنها سەركردە كۆنەكانی سەردەمی شاخبن . گرنگ ئەوەیە كەسانی شایستەبن بۆ ئەو شوێنە و كۆن و تازە شتێك نییە بایەخی هەبێت . بەڵام مەترسیە گەورەكە لیرَەدا ئەوەیە سەرە ڕای بونی ئەو لەشكرەی سەركردایەتی ، كەس خاوەن قسەو بڕیار نییەو هەموو بڕیارێك لەدەستی یەك كەسدایە و دواجار هەر ئەوەشە دەبێتە گەورەترین كارەسات بۆ سەر ئایندەی یەكێتی . سێیەم : مەترسی سێیەم ئەوەیە كە ئەوانەی ئێستا سەركردایەتی یەكێتی دەكەن بە هاوسەرۆك و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیشەوە ئاگاداری خەبات وماندوبونی پێشوی خەڵك نین ، بۆیە هەستیش بە ئازارەكانیان ناكەن . ئەوانەی ئێستا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتین ئاگایان لە ماندوبون و خەباتی ڕابوردوی خەڵك نییەو تەنها ئەوە دەبینن كە ئێَستا هاتونە سەر حازری و بیتاقەیان بۆ دەرچوەو بەلای ئەوانەوە خەڵك هەیەتی یان نییەتی ماندو بوە یان ماندو نەبوە موچە لە كاتی خۆیدا وەر دەگرێت یان دوادەكەوێت ئەوە كیشەی ئەو نییەو خۆی مسوەگەرەو خواداویەتی و بۆچی لەقەی لێ بداو لە خۆی تێك بداو قسە بكات . لێرەوە ناڕەزایی و ڕەخنەی خەڵك دەست پی َدەكات ، ئەگەر بارودۆخ هەر بەردەوام بوو ، قۆناغی مانگرتن و خۆپیشاندان دەست پی َدەكات وەكو ئێستا ،خۆ ئەگەر بارودۆخەكە چارەسەر نەكرا ، خەڵك بیر لە ڕاپەڕین دەكاتەوە چونكە ئەم دەسەڵاتە بە دوژمنی خۆی دەزانێت . ئەوەتا خەڵك تەمەنا بۆ سەردەمی بەعس دەخوازێت و داوادەكەن موچەی خەڵك بچێتەوە سەر بەغدا . واتە هەرێمی كوردستان بگەڕێـتەوە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی مەركەزی و دەست بەسەر نەوتیش دا بگرێتەوە . چوارەم : دوای لێدوانەكەی مەسرور بارزانی بە تەواوی دەرگای ژوورە تاریكەكان كرایەوەو پەردە لەسەر خاڵێكی گرینگی ڕێكەوتنی ستراتیجی نێوان پارتی و یەكێتی لادراو ڕاستییەكان بۆ خەڵك ئاشكرا بوو . مەسرور بارزانی دەڵێت : كاتی خۆی كاك قوباد لەگەڵ نیچیر بارزانی ڕێك كەوتوە و ڕازی بوە بەوەی لە سەدا 43 داهاتی نەوت و 200 ملیارەكەی بەغدا بۆ یەكێتی بێت و لە سەدا 57 بۆ پارتی و ئەگەر كەمی هێنا بۆ موچە دەبێ هەر لایەنەو لە داهاتی سنووری خۆی تەواوی بكات . دوایی دەڵێت . من دەسەڵاتم داوەتە كاك قوباد كە بچێت داهاتی سنووری یەكێتی بۆخۆیان كۆبكەنەوە . قسەكەی ئەو وەكو ئەوە وایە بڵێ پێم وتوە بچن داهاتی سنوری خۆتان بۆ موچەو پێداویستی سنووری سەوز كۆ بكەنەوە بەڵام بۆخۆیانیان بردوە . واتە بۆ بنەماڵەی تاڵەبانی . كەواتە ئەم هاش و هوش و هەڕەشانەیان لەچی كە دەڵێن قبوڵی ناكەین پارتی سزای سلێمانی بدات . ئەوە ئێوە خۆتانن لە پێناوی دەسكەوتی خۆتاندا سلێمانیتان سوك كردوە . ئەی پێشتر نەتان دەزانی كە داهاتی ناوخۆی پارتی دوو ئەوەندەی داهاتی ناوخۆی سنوری یەكێتیە ؟.ئەی ئەگەر بەغدا 200 ملیار دینارەكەشی بڕی ئەو كات چی ئەكەن ؟. داهاتی سنووری پارتی ئەوەندە زۆرە ئەگەر پارە لە بەغداشەوە نەیەت دەتوانن موچەی سنووری خۆیان بدەن . ئاخر ئێوە بە چ عەقڵێكەوە قبوڵتان كرد هەرێمی كوردستان بكرێتە دوو ئیدارەی و چۆن ڕازیبون و چۆن حەقتان بەخۆتاندا زونی سەوز توشی كارەسات بكەن تەنها لەبەر ئەوەی ژێر بە ژێر بەرتیل وەرگرن لەسەر حسابی خەڵك. كاتی خۆی دەگوترا قوباد تاڵەبانی بەشی خۆی لە داهاتی نەوت هەیە و بەو هۆیەوە هەرگیز ناڕەزایی دەرنابڕێـت . سەیركەن ئەم هەموو قسەو باس و هەڕەشەو تۆمەتباركردنی یەكتری لە گۆڕێدایە ،تا ئێستا قوباد تاڵەبانی یەك قسەی نەكردوە ، لە كاتێكدا دەبوو ئەو لە بری هەموو یەكێتیەكان قسەی بكردایە . ئەگەر ئەوەی مەسررور بارزانی دەیڵێت ڕاست نییە ، با قوباد تاڵەبانی وەڵامی بداتەوەو كێ ڕێگای لێگرتوەو دەمی بەستوە . ئەگەر قسەكانیشی ڕاستە ئەم هات و هاوارەتان لە چی و چی قبوڵ ناكەن ؟. ئێوە مامەلەتان بە زونی سەوزەوە كردوەو دواجار توشی ئیفلاسبونتان كردوە . كاتی خۆشی بەردەوام بەرپرسانی یەكێتی دەیانگوت ئێمە ئاگامان لە داهات و دۆسیەی نەوت نییە . دوایی پارتی هاتەدەنگ و وتیان ئەوە ڕاست نییەو وەكو ئێمە ئاگادارن . ئەو كات عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆكی حكومەت بوو هاتە دەنگ و وتی بەڵی ئاگام لە هەموو شتێك هەیە . . ئاشكرایە لای هەمومان كەنێوانی پارتی و یەكێتی خراپە . واتە پارتی هەمیشە دژایەتی یەكێتی دەكات و ئەوەش دەكاتە دژایەتی كردنی زونی سەوز و حەزدەكەن خەڵكەكە لە یەكێتی نیگەرانبن تا ئاستی ڕاپەڕین لێیان . سەرانی یەكێتیش لە بری ئەوەی كارێكی وا بكەن خەڵك لە خۆیان ڕازی بكەن ، ئەوانیش سزای خەڵك دەدەن موچەكانیان دوادەخەن . بە هەموو عەقڵیانەوە وادەزانن خەڵك دژی پارتی ڕاپەڕین دەكات . بەڵام ئەگەر ڕاپەڕین بكەن دژی یەكێتی دەیكەن نەك پارتی . پێنجەم : دەست بەسەراگرتن و بە تاڵانبردنی موڵك و ماڵی گشتی دیاردەیەكی بەربڵاوە لە هەموو هەرێمی كوردستان و لە هەموو شارو شارۆچكەكان بە سنووری پارتی و یەكێتیشەوە. من لێرەدا تەنها باسی ناو شاری سلێمانی دەكەم چونكە لێرە بەچاوی خۆم زیادەڕەویەكان دەبینم . دەست بەسەراگرتنی موڵكی گشتی بۆ بەرژەوەندی بنەماڵەو حیزب و نزیكەكانیان هەموو سنوورێكی تێپەڕاندوە . هەمومان دەزانین ئەوەی هەیە هەر بۆ ئێمە نییەو نەوەكانی داهاتوش پێویستیان پێیەتی .دەبێ حساب بۆ گەشەی شار و زۆر بونی ژمارەی دانیشتوان و پێداویستیەكانی داهاتویان بكرێت. دەبێ فەرمانگەكانی حكومەت بە تایبەت فەرمانگەی پلاندانان،لانی كەم ڕەچاوی پێداویستی 5 ساڵی داهاتوی گەشەی شار بكات لە كاتی دانانی پلانەكانی . بەڵام لە ئێستادا سەرانی بنەماڵە و حیزب وبەرپرسی فەرمانگەكان بەو پێیەی سەر بە حیزبن ، هەر یەكەو بە پێی میزاج و عەقَڵا و بەرژەوەندی خۆی بڕیار دەدات و موڵك ماڵی گشتی تەخشان و پەخشان دەكات . با لێرەدا زۆر بە خێرایی هەندی نمونەتان بۆ بهێنمەوە: چەندین پارچە ئەرزی زۆر بە نرخ لە نێوان خەستەخانەی هەرێم و هۆتێل تایتانێك لەسەر شەقامی 60 مەتری بە خۆڕایی بەخشراون و كراونە پیشانگای ئوتومبێل و بەنزینخانەو دوكان .بایی ملیۆنان دۆلارن و دەكرا ئەو شوێنە بكرێتە شوێنی گەشتیاری . لەناو خەستەخانەی شاردا ئەرز دراوە بە موساتەحەو كراوە بە گەراجی ئوتومبیل لە كاتێكدا ئەمە وەكو كفر وایە ئەگەر سبەی خەستەخانە پێویستی بە فراوانكردن بوو ، لە كوێ ئەرز دێنن . لە نێوان شوقەكانی گاردن سیتی و بەنزینخانەی هەڵگوردا لەسەر شەقامی 60 مەتری ئەرزێكی بەتاڵ هەبوو تازە پێشی بەلەوح گیراوەو بەخشراوە . لە پردی كۆبانیەوە بەرەو هەواری شار بایی 50 ملیۆن دۆلار ئەرز بەخشراوەو هەموانیش دەزانن بە بڕیاری كێ و بە كێ دراوە . لای دادگای سلێمانی و بەنزیتخانەی ئاشتی بە دوو قۆناغ بایی چەندین ملیۆن دۆلار زەوی بەخشراوە كە لە ڕاستیدا شوێنی بەنزینخانەی چاڵەكەو دەورو بەری دانرابوو بكرێتە باخچە . شەقامی سەر پردەكە بەرەو كەركوك ئەوەندە فراوان نییە بە ئاسانی سەیارەی پێدا بڕوات و كەس نییە بیریشی لێ بكاتەوە . بەڕێوە بەڕایەتی رۆِششنبیری سلێمانی خاوەنی زەویەك بوو لەسەر شەقامە گشتیەكە و ئەو ئەرزەیان بۆیە پێدابوو كە دوا ڕۆژ بكرێتە هول َوبۆ ئەنجامدانی چالاكی هونەری . بەڵام ئێستا بە موساتەحە دراوە بە سەرمایەدارێك . شوێنی مەسڵەحەی كۆن كە نرخەكەی بە 20 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت و دانرابوو كە بكرێتە باخچە ، ئێستا دراوەتە سەرمایەدارێك كە بیكاتە تاوەری نیشتەجێبون لە كاتێكدا قەدغەیە لە ناو گەرەِكدا تاوەری بەرز دروست بكرێت . سەرۆكی نوێی شارەوانی سلێمانی و دادگای سلێمانی فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەیان دەركردوە و ئەوە جێگەی دەست خۆشییەو هیوادارم نمونەیان زۆر بێت و ئاوا لەسەر بەهەدەردانی موڵكی گشتی بێنە دەنگ ، بەڵام دەڵێن ئیشكردن تێیدا بەردەوامە . كەواتە ئەوە دەسەڵاتدارانی باڵای یەكێتیان لە پشتەوەیەو ئەوانە لە یاسا گەورەترن . كاتی خۆی پارێزگای سلێمانی داوای لە بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی سلێمانی كردوە بە نوسراوی 6460 لە ڕۆژی 15/6/ 2009 كە بڕی 140 دۆنم زویان بۆ تەرخان بكەن بۆ یاریگای تۆپێ پێی نێودەوڵەتی . بەڵام سەرۆكی پێشوی شارەوانی سلێانی لە كاتێكدا بە فەڕمی لە پۆستەكەشیدا نەماوە ، فەرمانی دەركردوە كە بكرێتە شوێنی نیشتەجێبون . گومانی تێدا نییە ئەوە بەفەرمانی باڵای حیزب بۆ بەرژەوەندی خەڵكی سەر بەخۆیان كراوە. بەڕاستی زۆرم لاسەیرە پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگا لە ئاستی تاوانێكی ئاوا گەورەدا بێدەنگ بن ؟. ئەو تاوانە ئەوە دێنێت پارێزگار و كۆی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا لە سەرئەوە دەست لە كار بكشَێننەوە . لە ئەوەش سەیرتر ئەوەیە سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا هەڕەشە لە پارتی دەكات گوایە غەدری لە سلێمانی كردوە . دەبوو ئەوە بۆ كاك قوباد جێ بێڵێت چونكە ئیشی ئەوە , جەنابیشیان لەسەر داگیر كردنی ئەو زەویە بهاتایە دەنگ كە خۆیان داوایان كردوە بۆ یاریگا . من تێناگەم بۆچی داوای لامەركەزی دەكەن و لامەركەزیتان بۆچییە ، بۆچی ماوتانە كاولی كەن ؟. باشە پارتی فەرمانی پێكردون شوێنی یاریگا بكەنە شوێنی نیشتەجێبون ؟. بە هەزاران پارچە زەوی بەناوی دژە تیرۆرو هێزەكانی 70 وە بەناوی كەس و كاری شەهیدانەوە تەخشان و پەخشان كراون و ئەگەر بەدواداچونی ورد بكرێت ئەو كات دەزانن ئەو زەویانە چییان لێكراوەو دراون بە كێ . گەورەترین تاوان و دەست درێژی بۆسەر موڵكی گشتی ئەو بینا حكومیانەی كە ئێستا پەیمانگای وەرزشی پەروەردەو كۆلیجی سەلاحەدینی تێدایە كە دەكەوێـتە نێوان خەستەخانەی ئەنوەر شێخە لەخوارەوەو مەكتەبەكانی یەكێتی لە لای پشتەوە .ئەو ئەرزەی ئەم بینایەنەی لەسەر دروست كراوە پانتاییەكی زۆر گەورەیە . بە نەخشەی كۆن كراوەو ژووری زۆركەمە . جگە لەوەش هەر چوار دەوری ئەو بینایانە ئەرزی بەتاڵە . ئەگەر ئەمرۆِش نەبێـت ڕۆژێك دێـت پارە دەبێـت و ئەو كات هەموو ئەو بینایانە تێكدرێن لەگەڵا ئەرزە بەتاڵەكانی دەوری بیناكان ، دەتوانرێـت گەورەترین خەستەخانەی مۆدێرن و كۆلیجی پزیشكی و پەیمانگای پێگەیاندنی پەرستاری لەسەر دوست بكرێـت . یان دەتوانرێت بكرێتە زانكۆیەكی چەند كۆلیجی . زۆر بە دەگمەن شوێنێكی ستراتیجی ئاوا لەناو شاردا دەست دەكەوێت بۆ بنیات نانی پڕۆژەی گەورە . بەڵام ئێستا ئەرزە بەتاڵەكەی بەشی پشتەوەی بەرامبەر بە مەكتەبەكانی یەكێتی لەسەر شەقامە قیرەكە دراوە بە سەرمایەدارێكی خەڵكی دەربەندیخان وەكو باسیش دەكرێت ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە لە هەمان كاتدا بەرپرسیشە لە ئیدارە گشتی شەریكە لەگەڵ ئەو سەرمایە دارە . سەیركەن چۆن خەڵك دەخەڵەتێنن كە ئەم زەویە تاڵان نەكراوە . لەسەری سەرەوەی تابلۆكە نوسراوە . حكومەتی هەرێمی كوردستان . سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەستەی وەبەرهێنان .ئەگەر بە ڕاستی ئەمانەی لەسەر ئەو تابلۆیە نوسراون لە ئەرزی واقیعدا هەبونایە ، كی َدەیتوانی ئەو زەویە لەو شوێنە داگیر بكات . ئەم بەشەی تابلۆكە بۆ خەڵەتاندنە لە ژێر ئەو تابلۆیە تابلۆیەكی تر هەیە كە لەسەری نوسراوە: نەخۆشخانەی ئەهلی باشوور وەبەر هێنەر : كۆمپانیای سەنگی سیا ژمارەی مۆڵەت 1097 . وەكو باسیشی دەكەن ئەو بەشەی دەكەوێتە سەرشەقامەكە دەكرێتە دوكان و بازاڕ . هەر بە پێدانی زەویەكە لەو شوێنە بە خۆڕایی كابرا بوو بە ملیۆنێر لەسەر حسابی خەڵكی شار . ئەگەر ئەم زونە كەسانێكی خەمخۆری هەبێت و بیر لە ئایندەی نەوەكانی بكاتەوە چۆن دەبێت ئەو زەویە لەو شوێنە بدرێتە سەرمایەدارێك بە خۆڕایی . وەكو زانیاریشم دەست كەوتوە ئەم زەویە لە لایەن سەرۆك پێشوی شارەوانی دراوە بەو سەرمایە دارە , هەر ئەویش بڕیاریداوە شوێنی یاریگاكە بكرێتە شوێنی نیشتەجێبون . بەلای منەوە ئەمە تاوانبارێكی گەورەی ئەم شارەیە .هیوادارم ڕۆژێك بێت وبیدەنە دادگاو سزای قورس بدرێت . هەر كەسێكیش پشتیوانی لێ بكات ئەویش وەكو ئەو دوژمنی نەوەكانی ئەم شارەیە . هەر كەس و لایەنێك ئیمزایان لەسەر مۆڵەتەكە كردبێت ، شایانی لێپرسینەوەو سزادانن. سەیركەن لە بازگەی عەربەتەوە تا كەڵەوانان ئەرز ئیفڕاز كراوە . ئیفڕازكردنی زەوی لەسەر ئەو بنەمایەیە كە شار گەشەی كردوەو پێویستی بەئەرز هەیە بۆ شوێنی نیشتەجێبون . بەڵام ئەو زەویانە لەسەر ئەو بنەمایە ئیفڕاز نەكراون ، بەڵكو بەرپرسێكی وەكو ئەوەی ئەم زەویەی بەخشیوە هاتوە لەگەڵ كۆمەڵێك خاوەن ئەرز ڕێك كەوتوەو لە بەرامبەر ئەوەدا پارەی وەرگرتوە . . حكومەت لە سەدا 12 زەویەكە دەداتەوە بە خاوەن موڵك ، بەڵام لە بەرامبەر ئەوەدا حكومەت دەبێ خزمەت گوزاری بۆ ئەو ئەرزانە بەرێت وەكو ئاو ئاوەڕۆ ، شەقام ، كارەبا . ئەگەر ئەوانەی بۆ نەكرێت چۆن خانو لەسەر ئەو زەویانە دروست دەكرێت . بڕواتان هەبێ شوێنی واهەیە 30 ساڵی تریش خزمەت گوزاری ناگاتێ . من خۆم زەویم لە شوێنێك هەیە زۆریش نزیكە 18 ساڵە قەرەبوم وەرگرتۆتەوە تا ئێستا خزمەت گوزاری بۆ نەچوە . ئەگەر ئێستا زەویەكە بفرۆشم بەشی زەریبەی ئەو18ساڵە ناكات . باشە حوكمڕانی ئاوا دەكرێت ؟. ئەگەر بچیتە لای هەمان كەس كە لە ڕێگاوە بایی 10-15 ملیۆن دۆلاری بە خۆڕایی داوەتە سەرمایەدارێك و داوای لی َبكەی خزمەت گوزاری بۆ ئەم زەویانە بەرن ، حۆی توڕە دەكات و پێت دەڵێ كەی كاتی ئەوەیە و پارەمان لە كوێ بوو ئەوەتا پارە بۆ موچە نییە ؟. ئەی چۆن و بە چ شێوەیەك و بە چ حەقێك بە پێی چ یاسایەك حەق بەخۆت دەدەی بای 12 ملیۆن دۆلار زەوی بە خۆڕایی دەبەخشی و ئەی بۆچی ئەو زەویە ناخەیتە موزایەدەوەو بە پارەكەی خزمەت گوزاری بۆ ئەو زەویانە بەریت و شۆستەكانی ناو شاری پی َچاك بكەیت كە هەموی بۆتە قاڵدرمە . ئەگەر یاساو لێپرسینەوە هەبێت چۆن كەسانێك دەتوانن دەست بەرن بۆ پیرۆزیەكانی شار . ئەمە سوكایەتی و تەعدا كردنە لە خەڵكی شار . ئەمە نیشانەی نەبونی حكومەتە . بۆیە لێرەوە ڕوی دەمم دەكەمە بەڕێز پارێزگاری سلێمانی ، ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ، سەرۆكی شارەوانی سلێمانی ، ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی ، سەرۆكی فەرمانگەی وەبەرهێنانی سلێمانی و داویان لی َدەكەم هەمویان بەیكەوە لەسەر ئەم سوكایەتیە بەشاری سلێمانی دەكرێت و دەست دەبرێـت بۆ داگیر كردنی شوێنی باخچەو شوێنی یاریگاو زەوی بەردەمی قوتابخانەكان و ڕێگرییان لی َبكەن لە پێناوی بەرژەوەندی خەڵكی شارو نەوەكانی داهاتو . ئەگەر نەشتوانن ڕابوردوو بگەڕێننەوە ئەمەیان تا ئێستا هیچی تێدا نەكراوەو تكام وایە ڕێگری لێ بكەن و دەستی یەكە یەكەتان ماچ دەكەم . هاولاِتیانی بەڕێز : ئەگەر پارتی پارە بۆ سلێمانی نەنێرێـت ئاساییە چونكە نەیاری یەكێتییە . ئەگەر پارتی دزبێت بچۆ سەیری شەقام و تونیڵا و پردەكانی سنووری پارتی بكەو بزانە ئەوێ چۆنەو ئێرە چۆنە . لەوێ شەقامی 60 مەتری و 100 مەتری و 150 مەتری هەیە شەقامەكانی نیوان دهۆك و مەرزی حاجی ئۆمەران و شارۆچكەكانی ترییش ببینەو بەراوردیان بكە بە یەك شەقامی 60 سلێمانی سەردەمی سەدام . ئەو هەموو موڵكە گشتیانە كە دەستیان بەسەردا گیراوە كە بایی سەدان ملیۆن دلۆلارن ، بەڵام تەنها یەك كێلۆمەتری نێوان بازاڕەكەی كارێز وشك وپاركی ئازادی كە لەسەردەمی سەدامدا قەرەبوی هەموو خاوەن دوكان و ماڵەكان كراونەوە كە بەرشەقامەكە دەكەون و فریا نەكەوتن بیكەن دوو ساید ، لە ماوەی 31 ساڵی حوكمڕانی یەكێتی لەم شارەدا نەیانتوانی بیكەنە دووساید كە زۆر سیمای شار جوادەكات . ئەمە لە كاتێكدایە كە تەنها لای پردی كۆبانی بایی 50 ملیۆن دۆلار زەوی داگیر كراوە . تا بزوتنەوەی گۆڕانیش دروست نە ببو مانگانە یەكێتی و پارتی هەر یەكەیان 35 ملیۆن دۆلاریان لەبودجەی گشتی بۆ خۆیان دەبرد . بەشی یەكێتی لە ساڵكیدا كردویەتیە 420 ملیۆن دۆلار . تا ئێستا نەیانتوانیوە بینایەكی جوانی سەردەمیانە بۆ مەكتەبی سیاسی حیزبەكەی خۆیان دروست بكەن وبینای قوتابخانەیەكیان داگییر كردوە . هەرچی شەقامی ئەم شارەیە بۆتە وێرانەو چاڵ و چۆَل و قاَڵدرمە . هەرچی شۆستەكانی ناو شاری سلێمانی هەیە بۆتە قاڵدرمەو بچن بەچاوی خۆتان بیانبینن . تۆ بێی پارەی گومرگ و داهاتی ناوخۆ بۆ خۆت بەری هەرچی كاسبی هەیە دەستی بەسەردا بگرێت ، هەرچی زەوی بەنرخی ناو شار هەیە بۆخۆت بەتاڵانی بەری ، ببێتە قاچاخچی و هەرچی كاسبی باشیش هەیە دەستی بەسەردا بگرێت . بەردەوام باجیش بخەیتە سەر هاوڵاتیان و پارەی خۆڵ و خاشاك لە خەڵك وەرگرێت و پارەی كۆمپانیاكان نەدەیت و كارمەندەكان مان بگرن و شار بۆگەن بكات ، پارە نەبێت بۆ ئەمبوڵانسەكانی خەستەخانە. بەخۆتان دەڵێن چی ؟. ئەگەر لەبەر بەرژەوەندی خۆتان و بۆ مەبەستی تاڵانی نییە ، لە كاتێكدا دەڵێن پارەمان نییە بۆ موچەو ئەنجامدانی خزمەتگوزاری و قیرتاوكردنی شەقامە وێرانەكان ، بۆچی بایی سەدان ملیۆن دۆلار زەوی ئەم شارە بەتاڵان دەبەن و نایفرۆشن و ئەو كەم و كورتیانەی ناو شاری پێ جێ بەجێ ناكەن . هۆكاری هەموو ئەمانە ئەوەیە كە ئەم تاڵانچیانە بۆیە لێرەنین خزمەتی خەڵك بكەن ، بۆیە لێرەن شار تاڵان بكەن . ئەگەر تا ئێستا هۆكاری نەبونی پارەی موچەیان خستبێتە ئەستۆی پارتی ، دەركەوت كە خۆیان بەرپرسیارن . ئەگەر لەگەڵاَ پارتی ژێر بە ژێر لەسەر هەموو پرسەكان ڕێك نەكەوتون ، با قوباد تاڵەبانی هەولێر جێ بهێلێت . سەیری ئەم گاڵتە جاڕیە بكەن . دوای ئەم هەموو تاوانباركردنەی پارتی تازە بە تازە پۆستی حكومی وەر دەگرن . كەواتە ئەمانە ژێر بە ژێر ڕێكن بۆ بەتاڵانبردنی سامانی گشتی و ئەوەی بە سەرزارەكی دەیڵێن بۆ چەواشەكردنی خەڵكەو هیچی تر . ئەگەر بارودۆخ هەر بەم شێوەیەی كە ئێستا هەیە بەردەوام بێت بێ شك تەقینەوەیەكی گەورەی جەماوەری لە زونی سەوز ڕودەدات . ئەگەر یەكێتی دەیەوێت هەر لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە باشتر وایە داهاتی ئەم سنوورە بخەنە خزمەتی خەڵكەوەو واز لە تاڵانی و قاچاخچیەتی بهێنن . ئەگەر دەشزانن ناتوانن ئیدارەی ئەم ناوچەیە بدەن باشترین ڕێگا ئەوەیە بۆ پارتی بەجێ بهێلن. ئیتر خەڵك لە ڕاستییەكان گەیشتوەو ژیانی دەوێـت و شەر لەسەر هیچ لایەك نەكەن و چیتر نایانەوێت ببنە قوربانی ناكۆكیەكانی دوو بنەماڵەی دوژمن بەیەك . ئێستا ئەوەندەی یەكێتی مەترسییە بۆ سەر زونی سەوز پارتی ئەوەندە مەترسی نییە . لەشكرێك لە ئەندامانی حیزب كە بیكارن بون بە بارێكی قورس بەسەر بودجەی خەڵكەوە. یەكێتی تا دێت بارودۆخی خرابتر و خرابتر دەبێت . لەبەر ئەوەی هەر لە سەرەتاوە مەركەزیەتی تێدا نەبوە و نەتوانراوە ئەو هەموو داهاتەی لەبەردەستی دابوە بە باشی وەكو پارتی كۆی بكاتەوەو بەكاری بهێنیت ، ئەوەتا بەرەو ئیفلاسبون دەڕوات . یەكێتی هەر لە سەرەتاوە وەكو لاشەیەكی ئاژەڵێكی گەورەی بێ خاوەن وابوەو كەوتۆتە بەردەستی كۆمەڵێك ئاژەڵی دڕندەی گۆشت خۆر و لاشەكەیان لەت لەت كردوەو گۆشت و ئێسقانیان تێكشكاندوەو خواردویانە . سەركردەكانی ئەم حیزبەش بە ئەوانەی ئێستاشەوە هەمویان خەریكی بەتاڵان بردنی سامانی حیزبەكەن بۆ خۆیان كە لە ناوەرۆكدا ئەوە قوتی خەڵكە . بۆیە چیتر خەڵك پشتیوانیان لێ ناكات چونكە خەڵك گەیشتونە ئەو بڕوایەی كە ئەمانەی ئێستا بەناو خۆیان بە كوێخاو خاوەن و حاكمی ئەم زونە دەزانن ، سامانی هاوڵاتیان بەتاڵان دەبەن و ماڵ و مناڵیان برسی دەكەن . لەم كاتەدا ئەركی كەس و كاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە دێرینەكانە بێنە دەنگ و ببنە پیشەنگ بۆ خۆپیشاندان لە پێناوی مافی خەڵكداو كۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی ئەوانەی كە بەردەوام داهات و موڵكی گشتی و قوتی خەڵك بەتاڵان دەبەن . دڵنیابن ئەگەر خۆمان فریای خۆمان نەكەوین ، كەس فریامان ناكەوێـت . دیكتاتۆرەكان لە خۆیانەوە ناڕۆن بەڵكو دەبێ بەزۆر دەركیرَن . هیوادارم كە ڕۆژێك بێت هەموو ئەو سەرۆكی فرمانگانە حكومیانەو هەمو ئەو فەرمانبەرانەی بەناو حكومین و بەڵام كۆیلەی حیزبن و بە ویستی خۆیان یان بە فەرمانی بەرپرسانی حیزبی موڵكی گشتیان بەناوی وەبەرهێنان و پاساوی ترەوە بەتاڵان داوە و ئاسان كارییان بۆ كردون ، بدرێنە دادگاو سزای توند بدرێن چونكە ئەوانەش تاوانبارن . خۆ ئەگەر لە لایەن بەرپرسانی باڵای حیزبەوە بە زۆر و بە فەرمان ئەوەیان پێكراوە ، دەبێ بایی ئەوە شەهامەتیان تێدابێت كاری ئاوا نایاسایی نەكەن و واز لەو پۆستە بهێنن و مێژویەكی پڕسەروەری بۆخۆیان تۆمار بكەن و دنیا هەر ئەم دوو ڕۆژەی ئێستاش نییە . هیوا دارم رۆژی سزادان نزیك بوبێتەوە .
شادمان مەلا حەسەن لە بیستەكانی سەدەی بیستەم ,كاتێ حكومەتی عێراق دامەزراو .شا فەیسەڵ لە حیجازەوە هێنرا كرا بە پادشای مەملەكەتی تازەی عێراق. پێشتر دەوڵەتی عوسمانی و دواتریش ئینگلیز زۆر پشتیوانی عەشایر بوون .چونكە كۆمەلگای عێراقی لەسەرەوە تاكو خوارەوە پێكهاتەكەی زیاتر خێڵەكی بوو .ئینگلیز بەمەبەستی مانەوەی خۆی و پشتیوانی كردن لێی .پشتیوانی گەورەی لە عەشایەر دەكرد بەیارمەتیدانیان و تاپۆكردنی زەوی لەسەریان و ماوەدانیان بۆ هەڵگرتنی چەك .لە كۆتایی بیستەكاندا شا فەیسەڵ بە ڕاشكاوی گلەیی كرد لای مەندوبی سامی ,چۆن دەبێت ئەو پادشای وڵاتێك بێت .حكومەتەكەی پازدە هەزار تفەنگی بەدەستەوە بێت ,كەچی عەشایەر و دانیشتوانەكەی سەد هەزار تفەنگیان بەدەستەوە بێت . ئەم هاوكێشەیە زۆر كێشەی بۆ دەوڵەت و فەرزكردنی قانوون دروست كردبوو .زۆری چەك هەمیشە رێگر بوو لەسەر بنیادنانی دەوڵەتی مەدەنی لە عێراق . هەرێمی كوردستان لە دوای دروست بوونی بە شێوەیەكی فراوان چەك بلاو بۆتەوە بەناو خەڵكدا. لە ئێستادا زۆرترین چەك لە لای خەڵكە ,باوەڕناكرێ نیوەی ئەو چەكەی لە دەست خەڵكە ,ئەوەندە لەدەست حكومەت بێت . ئەو ئەفسەر و فەرماندانەی كە لە ناو هێزی پێشمەرگە و ئاسایشی ناوخۆن ,ئەوانیش لەسەر بنەمای خوێندن و لێهاتووی و شارەزایی دانەمەزراون .بەلكو لەسەر بنەمای وەلائی حزبی و رازیی كردنی بنەمالە عەشایرەكان دانراون .بۆیە چەكی دەستی ئەوانیش ئەوەندی بۆ ئەنجامدانی تاوانە لە دەرەوەی كاری رەسمی خۆیان ,بۆ پاراستن نیە .چونكە بەردەوام چەكیان پێیە لە دوای دەوامی رسمیش . چەند هۆكارێك وایان كردووە كە خەڵك چەك هەلبگرێ و باوەڕ و متمانەی بە حكومەت لاوازبێت بۆ پاراستنی . یەكەم هێزی پاراستن لەسەر بنەمای حزبی دانراوە .ئەو هێزە ئەوەندی لە خەمی پاراستنی ئەندام و لایەنگرانی حزبەكەیەتی ئەوەندە لە خەمی پاراستنی ئاسایشی گشتی نیە . سەرۆك و سەركردەی حزبەكان باوەڕیان بە ئاسایشی گشتی نیە .بۆیە هەموو دەستە و سریە و فەوج و لیوای خۆیان هەیە بۆ پاراستنی خۆیان .ئەم دیاردەیە بەرپرسی زۆر بچوكیشی گرتۆتەوە لە حزب و حكومەت . هەمەجۆری هێزە چەكدارەكان لە كوردستان بەچەندین شێوە تەشكیلاتی جیاواز جیاواز .هێنانی چەكێكی زۆر لە لایەن حزبەكان و بەخشینەوەیان وەك دیاری بەسەر هەوادارەكانی خۆیان .ئەو هۆكارانە و چەندین هۆكاری تر كە باسیان دەكەین وایكردووە ,كوشتن و تاوان بە چەك زۆربێت و ببێتە دیاردە .لەماوەی یەك مانگی رابردوو چەند كۆمەڵكوژیەك لە هەرێمی كوردستان روویداوە .بەهۆی چەكەوە . هەركە كۆمەلكوژیەكە روودەدات پۆلیس یان ئاسایش یەكسەر رایدەگەێنێ كەوا لەسەر كێشەیەكی كۆمەلایەتی بووە . مرۆڤ لە بنەڕاتدا هەمووی كەسایەتیەكی كۆمەلایەتی یە.بەلام مەرج نیە هەمووی سیاسی بێت . بۆیە ئەم دەربڕینە وایكردووە خەڵك بە ئاسایی وەریبگرێ و رای گشتی هیچ نەجولێ . لەولاش پەنادانی بكوژ زۆرە ,لەم سنورە دەپەڕێتەوە سنورەكەی تر .یان لە بن پالی ئەو مەسئول بۆ بن پالی ئەو مەسئول .یان سەنگەر گۆڕینی لەم حزبەوە بۆ ئەو حزب ,بە جێنەگەیاندنی سزا قوڕسەكانی دادگا .دەرچواندنی لێبوردنی گشتی و تایبەت لە لایەن سەرۆكی هەرێم و پەرلەمان .ئەنجامدانی سولحی عەشایەری لە لایەن مەكتەبی كۆمەلایەتی حزبە دەسەڵاتدارەكان . ئەمانە و چەندین هۆكاری تر بوونەتە هۆی ئەوەی بكوژ بێباك بێت لە ئەنجامدانی تاوان . چارەسەر ئەوەیە رێگا لە بلاو بوونەوەی زیاتری چەك بگیرێ .ئاسایشی گشتی وڵات بەهێزتربكرێت .واتە ئاسایش بۆ هەموو كەس بێت .نەوەك ئاسایش تەنها بۆ گروپێكی فەرمانڕەوا بێت . سزاكان زۆر قوڕس بكرێن لەسەر تاوانباران ,هەروەها بڕیاری دادگاكان بەخێرایی لەسەر تاوانباران جێبەجێ بكرێت.
هیوا سەید سەلیم ساڵی ڕابردوو بابەتی بە ئەندام بوونی ئۆكرانیا لە هاوپەیمانی ناتۆ بووە هۆی ئەوەی كاردانەوەی روسیای لێبكەوێتەوە، وە دواجار جەنگ لە نێوان روسیا و ئۆكرانیا سەرهەڵبدات، دوای چەندین مانگ لەو جەنگە، وە بە مەبەستی خۆپارێزی لە هەڕەشەكانی روسیا لە ئێستادا هەریەك لە وڵاتانی (فیلەندا و سوێد) دەخوازن ببن بە ئەندام لە هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی ناسراو بە ( ناتۆ). شایانی باسە، هەریەك لەو دوو دەوڵەتە لە دوای جەنگی جیهانی دووەم مەبەستیان بوو وەك دوو دەوڵەتی بێلایەن لە ململانێی دوو جەمسەری نێوان هاوپەیمانی ناتۆ و وارشۆ بمێنەوە. بە تایبەت فیلەندا كە لە جەنگی جیهانی دووەم وەک وڵاتێکی هاوسێی سوڤیەت بووە قوربانی سیاسەتی پاوانخوازی جۆزێف ستالین كاتێك لە ساڵی ١٩٣٩لە جەنگی ناسراو بە جەنگی زستانە یەكێتی سۆڤیەتی ئەوسا بە سەرکردایەتی ستالین بەشێكی فیلەندای داگیركرد. لە ئێستادا پرسی بە ئەندامبوونی ئەو دوو دەوڵەتە (سوید، فیلەندا) بە تەنیا كاردانەوەی روسیای لێنەكەتۆتەوە، بە تایبەت کاتێک روسیا هەڕەشەی وێرانكردنی ئەو دوو دەوڵەتە دەكات، بگرە شانبەشانی روسیا دەوڵەتی توركیاش نیگەرانە لەوەی ناتۆ هەریەك لەو دوو دەوڵەتە بە ئەندام وەرگرێت. تورکیا وەک ئەندام لە هاوپەیمانی ناتۆ دوای پێشکەشکردنی خواستی بە ئەندامبوونی (سوێد و فینلەندا) رایگەیاندووە: " هەریەک لە سوید، فیلەندا پشتیوانی لە تیرۆر دەکەن" . مەبەستی تورکیا لە تیرۆر جموجۆڵی ئەندام و لایەنگرانی PKK یە لە ناو ئەو دوو وڵاتە. بابەتی فراوانکردنی هاوپەیمانی ناتۆ بۆ وڵاتانی رۆژئاوا بابەتێکی گرنگە، بە تایبەت وەگرتنی وڵاتێکی وەک فیلەندا کە شوێنێکی گرنگی ستراتیژی هەیە و بە درێژایی ١٣٠٠ کیلۆمەتر هاوسنوورە لەگەڵ روسیا، بۆیە تورکیا چەندە لەو هەنگاوە نیگەران بێت ناتوانێت رێگری لە بە ئەندام بوونیان بکات. تورکیا بۆ دژایەتیکردنی وەرگرتنی ئەو دوو وڵاتە تەنیا باس لە بیانووی PKK دەکات، ئەگینا هۆکاری دیکە زۆرن کە بوونەتە هۆی نیگەران بوونی تورکیا. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەرتای دامەزراندنی هاوپەیمانی ناتۆ وە هەڵسەنگاندن بۆ پێگەی تورکیا لەو هاوپەیمانیە بکەین، ئەوا تێدەگەین بە درێژای تەمەنی ئەو رێکخراوە کە لە ساڵی ١٩٤٩ دامەزراوە، تورکیا هەوڵی داوە شوێنی جیۆپۆلەتیکی وڵاتەکەی وەک چەکێک بەکاربهێنێت تا پێگەی خۆی لە ناو ئەو هاوپەیمانیەتیە بەهێز بکات، مەرجی خۆی بەسەر ئەندامانی دیکەی ناو هاوپەیمانیەتیەکە بسەپێنێت. وەک دەزانرێت لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی یەکێک لە ئامانجەکانی دامەزراندنی هاوپەیمانی ناتۆ بریتی بووە لە ڕێگریکردن لە بەرفراوانبوونی هەژموونی یەکێتی سۆڤیەتی ئەوسا. بۆ ئەم مەبەستە تورکیا بە هۆی پێگەی ستراتیژیەکەی رۆڵی گرنگی پێسپێرداوە. لە ئێستادا ئەگەر روسیا لە جەنگی لەگەڵ ئۆکرانیا سەرکەوتوو نەبێت، لە لایەکی دیکەشەوە فیلەندا بە ئەندامی ناتۆ وەبگیرێت، جیۆپۆلەتیکی تورکیا گرنگی جارانی نامێنێت، بۆیە تا بۆی دەکرێت کۆسپ لەبەردەم بە ئەندام بوونی دوو ئەندامە پێشنیازکراوەکەی ناتۆ درووست دەکات. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا پێناچێت ئەندامانی ناتۆ بە تایبەت ئەمەریکا هیچ حساب بۆ نیگەرانیەکانی تورکیا بکەن، بگرە بابەتی بە ئەندامبوونی (سوید، فیلەندا) وەک پرسێکی گرنگ وەردەگرن و هەر زووش ئەندامەتیان یەکلایی دەکەنەوە، تا ئەوانیش وەک دوو دەوڵەتی نزیک لە روسیا بەدەردی ئۆکرانیا نەچن. لە لایەکی دیکەشەوە ئەگەر ئەو دوو دەوڵەتە ببنە ئەندام لە هاوپەیمانی ناتۆ، ئەوا بابەتی گەمارۆدانی روسیا ئاسانتر دەبێت، بە شێوەیەک کە سنووری هاوبەشی نێوان روسیا و وڵاتانی ناتۆ دەبێتە ١٩٠٠ کیلۆمەتر، لە لایەنی ئابووریشەوە ناتۆ لە روسیا بەهێزتر دەبێت، هەروەها لە بواری سەربازیشەوە ناتۆ هێزی زیاتری پێدەدرێت بەراورد بە هێزی سەربازی روسیا. دواجار دەپرسین تورکیایەک کە لەو چەند ساڵەی دواییدا بە کڕینی مووشەکی S400) (ی رووسی ناتۆی نیگەران کردوو، پەیوەندیە دبلۆماسیەکانی لەگەڵ ئەندامە سەرکیەکانی ئەو رێکخراوە بە تایبەت ئەمەریکا و فەرەنسا ساردی تێکەوت، بە دەربڕینی نیگەرانی لە وەرگرتنی (سوید، فیلەندا) لە هاوپەیمانی ناتۆ چی پێدەکرێت؟ بە خوێندنەوەمان بۆ ئەو بنەمایانەی کە هاوپەیمانی ناتۆی لەسەر دامەزراوە، تێدەگەین کە هیچ یەک لە ئەندامانی ناتۆ مافی ئەوەی پێ نەدراوە داوای وەرگرتنی وڵاتی تازە رەتبکاتەوە، یان ئەو داوایە ڤیتۆ بکات، تورکیاش ئەمە باش دەزانێت، بۆیە ئامانجی تورکیا لە دەربڕینی نیگەرانی زیاتر بۆ ئەوەیە سەوداو مامەڵە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە ناو ناتۆ بکات، بە تایبەت بۆ پرسی وەرگرتنی تورکیا لە یەکێتی ئەورپا، کە ساڵانێکە بە هۆی سیاستە نا دیموکراسیەکانی AKP لە ناوخۆی تورکیا و دەستوردانی لە ئاستی دەرەکی دەرفەتێکی ئەوتۆ بۆ چوونە ناو یەکێتی ئەورپا لە لایەن تورکیاوە نەماوەتەوە، بۆیە تورکیا یاریەک دەکات تا بتوانێت سوود لە هەر جۆرە کارتێک وەرگرێت. بەڵام دوای جەنگی ئۆکرانیا پرسی فراونکردنی هاوپەیمانی ناتۆ بۆتە پرسێکی گرنگ و هەستیار، هەر بۆیەشە پێناچێت حساب بۆ نیگەرانیەکانی تورکیا بکرێت، بگرە دەبێت تورکیا بۆ لەمەودوا خۆی لە نێوانی ململانێی روسیا و ئەمەریکا یەکلابکاتەوە، ناکرێت ئەندامی ناتۆ بیت و دڵی بۆ روسیا و هاوپەیمانەکانی لێبدات.
د. موئمین زەڵمی زیادکرانی زمانی کوردی/ سۆرانی/ ناوەڕاست بۆ وەرگێڕانی گووگڵ یەکێکە لە هەواڵە جوانەکانی ٢٠٢٢، ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ کوردەکان، بۆ کوردستان و ئەو گەنجە سەربەرزانەش چەند ساڵێکە سەرقاڵی ئەم پرۆژەیەن. ئەم پرسە لە یەک کاتتدا هەم ئاڵەنگاری تێدایەو هەم دەرفەتیش دڕەخسێنێت کە هەوڵ ئەدەم بە چەند خاڵێک ئاماژەیان پێبکەم: * مامۆستایانی بەڕێزی زانکۆو پەیمانگەکان دەبێ بزانن لەمەولا قوتابیان بۆ نوسینەکانیان وەک قوتابیانی وڵاتانی جیهان پشت بە وەرگێڕانی کوردی- ئینگلیزی (گووگڵ) دەبەستن، گرنگە لە ئێستاوە خۆیان بۆ سازان لەگەڵ ئەم دۆخە رابهێنن. * وەرگێڕانی گووگڵ دەبێتە مایەی زیاتر بەکارهێنانی زمانی کوردی لەلایەن قوتابیانی زانکۆو پەیمانگەکانەوەو ئەمەش بایەخێکی یەکجار گەورەی هەیە لە ڕووی سیاسەتی زمان و شکۆمەندی و مەکانەتی زمانی کوردییەوە. * ئەم پرسە هەم ئاڵەنگاریی تێدایەو هەم دەرفەتی گەورەش دێنێتە ئاراوە کە گرنگە ژینگەی ئەکادیمی کوردستان ئاڵەنگارییەکان بخوێنێتەوەو سود لە دەرفەتەکان وەربگرێت. * توێژەران و مامۆستایانی زانکۆو پەیمانگەکان چەندین ناونیشانی گرنگیان بۆ دێتە پێشەوە بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی نوێ و بەرۆژ، دەربارە رەهەندە جیاوازەکانی زیادکرانی زمانی کوردی/ ناوەڕاست/سۆرانی بۆ وەرگێڕانی گووگڵ. * مامۆستایان و قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگەکان دەبێ بزانن کە ئەم پرۆسەیە بێ کەموکورتی نیە، وەرگێڕانی گووگڵ بۆ هەموو زمانەکان هەر وا پڕ کەموکورتییە و وەک مامۆستایانی زمان ئێمە تەنها وەک هاریکار بە قوتابیانی دەناسێنین نەک وەک سەرچاوەی وەرگێڕان… لەگەڵ ئەوەشدا وەرگێڕانی ئامێریی هەمیشە پڕکێشەو کەموکورتی بووەو دەبێت و هێشتاش هیچ ئامێرێک جێگای هەستی بەرزی مرۆڤ ناگرێتەوە کە لەکاتی وەرگێڕاندا دەیخاتەکار بۆ دۆزینەوەی وشەو رستەی شایستەو پڕبەپێست. * یەکێکە لە ئاڵەنگارییەکان کە لە جیهاندا هاتووەتە پێشەوە، پرسی وەرگێڕانی پوختەی توێژینەوەکان، کە بەپێی ژمارەیەک توێژینەوە، زۆرینەی توێژەرانی جیهان بۆ نوسینی توێژینەوەکانیان و پوختەی توێژینەوەکان سود لە وەرگێڕانی گووگڵ وهردەگرن و ئەم وەرگێڕانەش نائەکادیمییەو نابێت توێژەران پشتی پێببەستن. (توێژینەوەی ئانگاکاناو گریفت -٢٠٢٠ کە هەڵسەنگاندنیان بۆ ٥٤ توێژینەوەی توێژەرانی تایلەندی کردووە، گەشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە زۆرینەی زۆری توێژینەوەکان بە وەرگێڕانی گووگڵ کراونەتە ئینگلیزی و نائەکادیمیانە کراون). * بەکارهێنانی وەرگێڕانی گووگڵ لە نوسینی ڕاپۆرت، دارشتن و پەیپەرەکانی وانەی نوسینی ئەکادیمی زیاتر دەبێت و ئەمەش ئەرکی مامۆستایانی زانکۆو پەیمانگەکان لەم وانەیەدا سەختتر دەکات لەهەمان کاتدا توانای نوسین زیاترو ئاگایی قوتابیان بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکانیان زیاتر دەکات (کۆڵ، شکۆلینگ و کۆهین -٢٠١٨ لە ئەنجامی هەڵسەنگاندنی دارشتنی وانەی نوسینی ئەکادیمی، بەراوردی ئەو داڕشتنانەیان کردووە کە بە وەرگێڕانی گووگڵ نوسراون لەگەڵ ئەوانەی بەبێ وەرگێڕانی گووگڵ نوسراون کە ئەنجامەکان دڵخۆشکەر بوون، ئەوان پێشنیار دەکەن کە بۆ وانەی (زمانی ئینگلیزی بۆ مەبەستی ئەکادیمی) وەرگێڕانی گووگڵ بەکاربهێنرێت). * پرسی زیادبوونی زمانی کوردی/ سۆرانی/ ناوەڕاست بۆ وەرگێڕانی گووگڵ، دووەمین هەوڵی زیادبوونی زمانی کوردییە بۆ ناو جیهانی تەکنەلۆجیا، ئەویش پاش ئەوەی چەند ساڵێکە کوردی/ کرمانجی زیادکراوە، بۆیەش لەگەڵ ئەوەی کە تازەیە بەڵام ژمارەیەک ئەکادیمیست رەخنەی وردیان لەسەر هاوواتایی وشەکان گرتووەو دەکرێت ئەم ببێتە هەوڵێکی باشتر بۆ چاکسازی لە پرۆسەکە و هاریکاری و هاندانی ئەو گەنجانەی کاریان لەسەر ئەم پرسە کردووە. * حکومەتی هەرێم دڵخۆشی بەم هەنگاوە دەربڕیوە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران سوپاسی گووگڵی کرد، وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی هەرێم و خودی وەزیری رۆشنبیری و لاوان پەیوەندییان بەیەکێک لەو گەنجانەوە کردووەو سوپاسیان کردووە. * لە ناو کۆمەڵگەی کوردی و شەقامی کوردیدا دەنگدانەوەیەکی گەورەی لێکەوتەوە خەڵکی بە شێوەیەکی گشتی دڵخۆشن بەم هەنگاوەو داوای رێزلێنان لەو گەنجانە دەکەن کە بەم کارە هەستاون. * ئێستا لە هەر کاتێکیتر پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیران بێنە سەرخەت و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان راسپێرن بۆ پشتیوانی پرۆژەی نوسین و داڕشتنی (سیاسەتی زمانیی بۆ هەرێمی کوردستان) کە ماوەیەکە کاری لەسەر دەکرێت و لەئەگەری سەرکەوتنی ئەم پرۆژەیەدا دەستکەوتی گەورە بۆ زمانی کوردی و پرسی زمانەوانیی لە هەرێمی کوردستان دێتە ئاراوە. لە کۆتاییدا گرنگە ئەوە دووپات بکەینەوە کە ئەرکی زانکۆو پەیمانگەکان قورستر دەبێت و گرنگە هاوکات لەگەڵ رێزلێنان و نرخاندنی کاری ئەم ژمارە گەنجە بە تایبەت (بۆکان جاف، سەرچیا خورشید، رۆشنا عمر عەبدلرەحمان، میدیا غازی زادە، سامان وەیسیپوور)، هەوڵەکان فراوانتر بکرێن بە مەبەستی بە جیهانیکردنی زمانی کوردی.
کاوە محەمەد بەرپرسە بێ سەوادەکانی ئەم هەرێمە کوڕ و نەوەکانیان دەکەن بە سەرۆکی زانکۆ بێ ئەوەی تاکە یەک توێژینەوە و بڕوانامە یان دەستکەوتێکی زانستیانمان بینیبێت..دەتوانن هەموو زانکۆ و دامەزراوەکانی تری خوێندنی باڵا بە هەوا و هەوەسی خۆیان هەڵسوڕێنن، کە لەدەرەنجامدا وایانکردووە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لە عیلم و مەعریفەت بەتاڵیان بکەنەوە و پڕیان بکەن لە خوێندکار و مامۆستای گوێڕایەڵی حزب و بەرپرسانیان و سەرەنجام کوشتنی ئەو هەموو توانا و بەهرە گەنجانەیەی کە لە کۆمەڵگاکەماندا بوونیان هەیە و پێوەر و پێوانەکانی حزب و دەسەڵات دەرفەت و دەرگاکانیان بە ڕوو دادەخات . لەبەرامبەر ئەوەدا گەنجانی وەک (بۆکان جاف) یش دەبینین کە بە بێ دەنگی ساڵان دەخاتە سەر ساڵان تا بەرهەم و ئەنجامێکی وا دڵخۆشکەری وەک زیادکردنی زمانی کوردی-سۆرانی بۆ (google translate) بەدەستبێنێت کە مایەی شانازی بێت بۆ هەموو کوردێک لەکوردستان و دەرەوەش.. ئاخر ئەم جۆرە کار و هەنگاوانەن کە دەچنە خانەی نەتەوەسازییەوە، نەک هاش و هوشی بێ بنەما و پڕ لە موزایەدەسازیی بۆ دروستکردنی (دەوڵەت)ێک کە ببێت بە (دەوڵەت)ی کوڕ و نەوەکانی ئەو بەرپرسانە نەک ببێت بە هی (بۆکان)ەکان و ئەوانەیش کە شانازی بە کارەکەیەوە دەکەن.. دەستخۆشی بێ ئەندازەم بۆ کاکە (بۆکان جاف)ی گوڵ و گوگڵ..هەر سەرکەوتوو و پڕ بەرهەم بێت..
سهردار عهزیز پەرلەمانی عێراقی خوێندنەوەی یەکەمی یاسای یاساغکردنی پەیوەندی لەگەڵ کیانی سەهیونی ئەنجام دا. ڕەشنوسی یاساکە هەتا بڵێی توندە. ڕەشنوسەکە ڕەهەندی دەوڵەتی و شەخسی و کۆمپانیایی هەیە. ئەگەر بپرسین ئەم یاسایە بۆ، ڕەنگە بە ئاسانی وەڵامێکی ڕونمان دەست نەکەوێت. ئایا ئیسرائیل هێندە پەیوەندی و کاریگەریی هەیە لەسەر عێراق. بێگومان نەخێر. یاساکە دژ بە تەتبیع یان نۆرمەلایزەیشنە. ئێستا ئەم چەمکە کە یانی ئاساییکردنەوە بوەتە ڕەوتێکی کاریگەر لە ناوچەکەدا. ئەمە وەرچەرخانە لە دێوزەمەبونی ئیسرائیل بۆ ئاسایی بوونی. لای هەندێک وڵات ئیسرائیل نەک هەر دەبێتە ئاسایی بەڵکو دەبێتە پشتیوانێکی ئاسایشیی، بە تایبەتی لە پاش ڕۆڵ گۆڕینی ئەمریکا. هەرچەندە ئەم پرۆسەیە بەم شێوازەی ئێستا لە ئیدارەی ترەمپدا دەستی پێکرد، بەڵام ئەم ئیدارەیەش هاندەری ئەم پرۆسەیە. یەکەم پەیامی یاساکە دژایەتی ئەو ڕەوتەیە. ئەمەش وەها دەکات کە گومانی سەرەکی بۆ ئێران بچێت لە پشت ئەم یاسایەوە. هەرچەندە پێشنیارەکە لەلایەن سەدرییەکانەوەیە، بەڵام دۆخی بۆ خولقا تەنانەت پارتیش پشتیوانی لێبکات. بەڵام ئەوەی گرنگە کە ئایا ئەم یاسایە ئەگەر تێپەڕێت چۆن کاریگەری دەبێت لە ناوەوەی عێراق و گاڵتەجاریی دیموکراسی. ئیسرائیل چەندین ئاستی ئامادەیی هەیە لە کەلتوری سیاسی و حوکمداری ناوچەکەدا. زۆربەی جار ئیسرائیل بەکاردێت وەک بەهانەیەک بۆ تاوانبارکردن و سەرکوتکردن و دژایەتی دیموکراسی. یەکەم بەرهەمی خوێندنەوەی یەکەمی یاساکە، یاساغکردنی باسم خەشان بوو، کە ئەندام پەرلەمانێکی ئیزعاجکەرە بۆ حەلبوسی. هەرچەندە خەشان هەنگاوەکانی لە تەیارەوە نزیکە، بەڵام جێگای بڕواپێکردن نیە لای ئەوانیش. خەشان نمونە ئەو کۆلکە سیاسییە چالاکوانانەیە لە عێراقدا کە وەک گەمژەیەکی بە سود هەڵدەسوڕێنرێن. کارو چالاکیەکانی پێویستن بەڵام دەرئەنجامەی یارییەکە لە دەستی خۆیدا نیە. بەڵام ڕوداوەکە ئاماژەیە بۆ سودوەرگرتن لە ڕەشنوسەکە بۆ سەرکوتکردنی ئیزعاجەکان. دووەم کاریگەری ڕەهەندی ئابورییە. لە داهاتودا هەر کۆمپانیایەک بە دڵی دەسەڵاتداران نەبێت یان سودمەندیان نەکات، ئەوا بە ئاسانی بوونی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلدا بۆ دروست دەکەن و ڕێگریی لێدەکەن. لە ڕوانگەی ئابورییەوە زیانێکی زۆر لە عێراق دەدات چونکە ئیسرائیل خاوەن پڕ داهێنەرترین ئابورییە لە ناوچەکەدا، وڵاتێکی وەک چین پێویستی پێیەتی، لێگەڕێ وڵاتێکی دواکەتووی وەک عێراق. دیارە بێگومان ڕەهەندی پۆپیلیزمی و گەوجاندنی جەماوەر هەمیشە ئامادەیە، بە تایبەتی بۆ پەرلەمانێکی پەککەوتەی بێسود. ئیسرائیل وڵاتێکە کە بێزارییەکی زۆر بۆ کەلتورو سیستەمەکانی ناوچەکە دروست دەکات. هەموو موسڵمانان بە ترسنۆک و کەم و بێزراو سەیری ئیسرائیل دەکەن، ئەمە ڕەهەندی مێژویی و کەلتوری و دەرونی هەیە. جۆرێکە لەوەی نیتچە ناوی نا رێسێنتموا، یانی نەفرەتکردن لە بونێک، کە لە بنەڕەتدا نەفرەتەکە ئیرەیی و هەست بە کەمیکردنە، بەڵام وەها دەردەکەوێت جۆرێکە لە باڵایی. نیتچە لە هیچدا باڵا نەبێت لە خوێندنەوەی کەلتوری کۆیلەدا باڵایە.
دڵسۆز حەمە لە ناوەڕاستی ژورەکەدا (پیاوەکە- بکوژەکە- باوکی چوار منداڵەکە) وەستاوە کە دیوارو فەرش و پەردەکان لە خوێن هەڵکشاوەو چیرۆکی تاوانەکەی دەگێڕێتەوە: ئا لێرەدا چەقۆیەکم دا لە سنگی و هەر لێرەدا کەوت، ئنجا دەڵێت: منداڵەکانیش هەر ئالێرەدا بون (چوار منداڵی خوار دەساڵان!) . لەهەمان ژوور کە شانۆی تاوانەکەیەو باوکەکە بەدڕندانەترین شێوە دایکەکەی داوەتە بەر چەقۆو دواجار سەریشی دەبڕێت ! پیاوە (تاوانبارەکە) دەڵێت: کوشتم چونکە ژنەکە (دڵی خۆش نەدەکردم )! تاوانەکەی هێندە دڕندانەو نامرۆڤانەو ناپیاوانەو نائەخلاقی و نادادوەرانەیە چەقۆکەی شەرمەزار کردوە! ئەگەر ساڵانێک لەمەوبەر تیرۆرو کوشتنی ژنان لەدەرەوەی شارەکان وهەندێک جاریش بە نهێنی و دوور لە چاوی کۆمەڵگا ئەنجام دەدرا، تەرمەکان لە چۆڵەوانی و لەشاخ و دەشت و دەرانە فڕێدەدران و پاشان بە ڕێکەوت دەدۆزرانەوەو ماوەیەکیشی دەخایاندا هەتا تاوانبار دەدۆزرایەوە، ئێستا کوشتن و تیرۆری ژنان لەسەرشەقامی گشتی، لە شوێنی کار، لەناو بازاڕ، لەناو جەرگەی کۆمەڵگا لە ناوماڵ و لەپێش چاوی منداڵەکان و لەبەرچاوی کۆمەڵگاوە ڕودەداو بکوژەکانیش وەکو پاڵەوانی فیلمی ئاکشن و درامایەکی تەلەفزیۆنی و زنجیرە تورکیەکان لەوێ ئامادەن و بگرە چاوپێکەوتن و گفتوگۆشیان لەگەڵ دەکرێت و بەناو سۆشیال مێدیا وناوەندەجیاوازەکانی تردا بڵاو دەکرێتەوە ، کۆمەڵگا بە کاوەخۆ گوێبیستی پاساوەکانی بکوژەکانی خۆی دەبێت تا ڕادەی ئاساییکردنەوەی کوشتن وەکو هەر ڕوداوێکی تر. کوشتن و بڕینی ژن و منداڵ بە تراژیدیترین شێوە لەم کۆمەڵگایەی ئێمەدا لە حاڵەتەوە بوەتە دیاردەیەکی ڕۆژانەی مەترسیدار، ئەگەر ئەمە گوزارشت بێت لە هەڵکشانی خودی توندوتیژی وەکو دیاردەیەکی مەترسیداری ژیانی گشتی و وەکو لێکەوتەو کەڵەکەبونی ئەو هەمو کێشە ئابوری و سیاسی و کارگێڕیانەی کۆمەڵگای ئێمە پێوەی دەناڵێنێت ئەوا بەدیوەکەی تریشدا گوزارشتە لە داڕمانی ئەخلاقی و ئینسانی و دەرونی کۆمەڵگاکەمان، لەپچڕانی ئەو ناوکۆییە کۆمەڵایەتی و کەلتوری و نۆرم و بەهایانەی کە مرۆڤەکان لە ژینگەیەکی ئینسانی و جوگرافیدا پێکەوە گرێدەدات، گوزارشتە لە داڕوخان و لێکترازانی ئەو بۆندە هیرارکی و ئینسانی و ئەخلاقیەی کە بە ئاڕاستەی شاقوڵی و ئاسۆیی هاولاتیان بە یەکترو بە دەسەڵات و بە دەزگاکانی بەڕێوەچونی کۆمەڵگاوە گرێدەدات، گوزارشتە لەو هەڕەشە و مەترسیە گەورەیەی کە لەسەر ستراکتۆری خێزان پەیدابوە، خێزان وەکو سەرەکیترین و گرنگترین یەکەی بەهێزکردن و ڕاگرتنی کۆمەڵگا، خێزان وەکو گرنگترین پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی و ڕەمزی و مەعنەوی و ئەخلاقی و ئینسانی کە دواجار نمایشی کۆمەڵگا دەکات وەکو ستراکتۆرێکی مێژویی و سیاسی و کۆمەڵایەتی بەتایبەتی لە کۆمەڵگایەکی وەکو ئێمەدا کە هێشتا خێزان تەنها یەکەیەکی فیزیکی و مەعنەوی و ئابوریە کە بەرپرسیاری ئەندامەکانی خۆی هەڵدەگرێت هەربۆیە هەمو تەنگژەو قەیران و کێشە ئابوریەکان ڕاستەوخۆ کاردانەوەی دەبێت لەسەر ژیانی خێزان و ئەندامەکانی. نەبونی دەسەڵاتێکی بەرپرس و پاشاگەردانی لە بەڕیوەبردنی کۆمەڵگادا جگە لە فەراهەمکردنی فەزایەکی فراوان بۆ گەندەڵی ئیداری و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی دەبێتە زەمینەیەکی لەباریش بۆ زۆربونی کێشەی کۆمەلایەتی، هەڵکشانی توندوتیژی و بێڕێزیکردن بە یاساو بە مرۆڤ و بە کۆمەڵگاو بەو پەیمانە کۆمەلایەتیە قسەلێنەکراوانەی کە نۆرم و بەهای ئەخلاقین و هێمنی وڕیزبەندی و ناوکۆیی کۆمەلایەتی دەپارێزێت، لەغیابی هۆشیاری و نەزانیشدا سەر دەکێشێت بۆ توندوتیژی زیاتر. کارەساتێکی سیاسی و ئیداری و ئەخلاقی گەورەیە کە هەمو شێوازی بەرپرسیاری و خەیاڵی ئیدارەدانی کۆمەڵگای ئێمە کورت کراوەتەوە بۆ پێدان یان پێنەدانی موچە! لەکاتێکدا توندوتیژی و هەڵچونی کۆمەڵایەتی گەشتۆتە ئاستی کوشتنی منداڵ و سەربڕینی ژن و خوێناویکردنی یەکەی خێزان، دەسەڵاتی سیاسی تا سنوری سەرخۆشی ململانێی پارەو نەوت و عەقارات و مەستی کۆمپانیاو دەسکەوتە ماددیەکانە تا ڕادەی بێهۆش بون لەوەی لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا دەگوزەرێت ! خێزانی ناتەندروست مانای کۆمەڵگایەکی نەخۆش، کۆمەڵگای نەخۆش توانای ڕەخنەگرتن و بیرکردنەوە لەدەستدەدات، ئیرادەی بەرەنگاربونەوە و ململانێ نامێنێت، خەیاڵی گۆڕینی دەدۆڕێنێت، ئەمەش لە بەرژەوەندی دەسەڵاتێکی سستەمکارە بۆیە لەئاست ئەو هەمو زەنگە مەترسیدارەی کوشتن و بڕین و توندوتیژیدا هێندە خەمساردو بێباک و نابەرپرسیارە. مێدیا فەرمی و نافەرمیەکان، سۆشیال مێدیا پەیج و هەمو ناوەندە مێدیاییەکان ڕۆڵێکی مەترسیداریان گێڕاوە لە ئاساییکردنەوەی کوشتن و هاندان بۆ توندوتیژی، لەڕاستیدا چیرۆکەکان هێندە بە خوێنساردی و ئاسایی و ووردەکاریەوە فڕێدەدەنە فەزای گشتیەوە کە خەریکە کەوتنە خوارەوەی لاشەی خوێناوی ژنێک بۆ سەرزەوی، خوێنڕشتن و چەقۆلێدان دەبێیتە بابەتێکی چیرۆک و دراماو ئاسایی چاوی لێبکرێت ! ئاساییکردنەوەی توندوتیژی، مەترسیدارترین قۆناغی لەدەستدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و لێکترازانی کۆمەڵگایە، کە جارێکی تر دەبێتەوە زەمینەیەکی لەبار بۆ دوبارە بەرهەمهێنانەوەی تاوان و توندوتیژی، ژن و منداڵیش هەمیشە یهكەمین قوربانی ئەو دۆخانە دەبن. لە هیچ کۆمەڵگایەکی دنیادا وەکو ئەمەی ئێمە چیرۆکی کوشتوبڕینی کۆمەڵایەتی و ووردەکاری تاوان و چیرۆکە دڵتەزێنەکان ئاوا بە ئاشکرا ناخرێتە سەرشاشەکان و ناو کۆمەڵگاوە، بەتایبەتی کۆمەڵگای ئێمە کە بیماری ناهۆشیاری و توندوتیژی و فەرهەنگی توندڕەویە.
ئاسۆ حاجی لەوەتەی بۆتە سەرۆکی حکومەت گوتارەکانی مەسرور بارزانی سێ دەستەواژە بە بەهێزی ئامادەییان هەیە، راشکاوی و جورئەت و سادەیی. ئەو سێ خەسڵەتە لە گوتارەکەی ئەمڕۆی بە هەموو رەهەندەکانیانەوە بە تەواوی دیار بوون، دەربارەی بارودۆخی کوردستان، بە تایبەتی ئەو قەیرانە ئابوریەی لە سلێمانی دروست کراوە، مەسرور بارزانی لە دەقی قسەکانی(تێکست) وەک وشە و دەستەواژە بەسەر زاری دا نەهات، بەڵام لە کۆنتێکست (سیاق)ی گوتارەکەیدا، بە هەر سێ حیزبی پێکهێنەری حکومەت و بە تایبەتی بە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان(کە بە هۆی کۆمەڵێک هۆکاری زاتی و مەوزوعی دەستی بەسەر دەڤەری سلێمانیدا گرتووە) گوت کە ئێستا قۆناغی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیە و قۆناغی تەنها بەشداربوون لە دەسکەوت و خۆ بە بەرپرس نەزانین کۆتایی هاتووە. مەسرور بارزانی لە راگەیاندنی کارنامەی کابینەکەی لە پەڕلەمانی کوردستان، ئەوکاتیش رایگەیاند کە ئەو کابینەیە درێژکراوەی کابینەکانی دیکە نابێت و دەبێ پچڕانێکی مێژوویی و مەعریفی لە ئیدارەدانی کوردستان و خزمەت کردنی خەڵکەکەی هەبێت، ئەوەش نەک بەو مانایەی کە کابینەکانی دیکە خراپ بن و کار و خزمەتیان نەکردبێ، بەڵکو بەو واتایەی سەردەمی ئێستا وەک چۆن لە هەموو روو و بوارێک جیاوازە دەبێ لە شێوازی حوکمڕانیش جیاواز بێت. سەرۆکی حکومەت وەک چۆن لە سەرەتای دەست بەکاربوونی، زۆر لێکدانەوە و پێشبینی دەکران، کە کابینەکەی ئەمنی و داخراو دەبێت و سەرۆکی حکومەت بەهەمان دنیابینی بەڕێوەبردنی دەزگایەکی هەواڵگری و ئەمنی حوکمەتداریش بکات، بەڵام ئەوانە تەواو پێچەوانە دەرچوون، لە هەبوونی ئەوپەڕی شەفافیەت لە داهاتی نەوتی و نانەوتی، هەروەها کارکردن بۆ راستکردنەوەی ئەو هێلە خێچ و خوارەی حوکمڕانی کە لە دەرئەنجامی بەحیزبی کردنی کۆمەڵگەی کوردستان و تێکەڵبوونی سیاسەت و بازرگانی دروست بووە و ئێستا خەڵک باجەکەی دەدەن. لە کۆنتێکستی گوتارەکەی مەسرور بارزانی گوتاری سەرلەنوێ داڕشنەوەی پەیوەندی حکومەت و خەڵک ئامادەییەکی گەورەی هەبوو، لەوەی کە دەبێ خەڵک حکومەت و حەقیقەتی حوکمڕانی لە کوردستان بناسن، دەبێ لەوە تێبگەن کە هەبوونی دەسەڵاتی حیزبی و سەربازی و دارایی لە دەرەوەی حکومەت کارەسات دروست دەکات وەک ئەوەی ئێستا لە سلێمانی هەیە، لە بەبارمەتە گرتنی خەڵکی شارێک و سزادانیان لە پێناو دەسکەوتێکی شەخسی یان حیزبی. بۆیە ئەوەی یاری بە ژیان و پاروە نانی منداڵان دەکات حکومەت نیە، بەڵکو کەسانێکن کە بەهەمان شێوەی خەڵک دژایەتی و دوژمنایەتی حکومەتیش دەکەن. بەوەش نیشانی دا کە حکومەت و خەڵک لە یەک بەردان و پێویستیشە هاوکار و پاڵپشتی یەکتر بن بۆ ئەوەی بتوانن وێکڕا رێگری لەو کارە نە خوازراو و ناشیاوەی بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان بە گشتی و دانیشتوانی سلێمانی و هەلەبجە و گەرمیان و راپەڕین بە تایبەتی دەکرێ. دەرئەنجامەی کار و ئەو گوتارە نوێیەی مەسرور بارزانی بۆ شێوازی بەڕێوەبردن و بەهێزکردنەوەی کوردستان و ئاشتکردنەوەی خەڵک و دەسەڵات لەگەڵ یەکتر بە دڵنیایەوە بەرهەمی دەبێت، چونکە لەو رووەوە( لە بازنەیەکی بچووکتر) ئەزموونێکی سەرکەوتووی هەیە، کاتێک لە دوای تەواوکردنی ماستەرەکەی لە ئەمریکا و گەڕانەوەی بۆ کوردستان و وەرگرتنی بەرپرستارێتی دەزگای پاراستن، توانی پەیوەندی نێوان ئەو دەزگا هەواڵگری و ئەمنیە لە پەیوەندی (ترس و گومان) بگۆڕێت بۆ پەیوەندی(رێز و متمانە). ئەوەی دەبێ خەڵک و لایەنە سیاسیەکان تێیگەیشتبن لە واتا نەگوتراوەکانی مەسرور بارزانی ئەوەیە کە مێژوو راناگیرێ و کات ناگەڕێتەوە دواوە، بۆیە دەبێ پێویستیەکانی ئەو قۆناغە لەبەرچاو بگرن و هەرسی بکەن، ئەگەر نا بەو قۆناغە راناگەن و بەجێ دەمێنن و لە کێبڕکێی خزمەت کردن دەکەونە دواوە و دەدۆڕێن، مێژوو و خەڵکیش رەحم بە دۆڕاوان ناکەن
نووری بێخاڵی ئەگەر هێزە سیاسییە کوردستانییەکان لە ئاستی ناوخۆییدا هەر ئاوا بە پەرتەوازەیی بمێننەوە و خەریکی قۆڵبادانی یەکتر بن، ئەوا جگە لەوەیچیتر کورد لە بەغدا وەک پێکهاتەی خاوەن مافی نیشتمانی و نەتەوەیی، بوون و ئامادەیی لاواز دەبێ، وەکووتر، بەغداش داشی زیاتری لەبەرامبەر ئێمەدا سوار دەبێت و لەسەر ناکۆکییەکانمان، دەرفەتی زۆرتری بۆ دەڕەخسێت تا کاری جیددیتر لەسەر بە سەنتەرکردنی دەسەڵاتیخۆی و گەمارۆدانمان بکات. بەرپرسیارییەتی نیشتمانی و نەتەوەیی ئەوە لە هێزە کوردستانییەکان بە گشتی و پارتی و یەکێتی بەتایبەتی دەخوازێت، لەبری ئەوەیناکۆکییەکانیان بکەنە دەرفەت بۆ بەغدا، پێویستە هەڕەشە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانی بەغدا لە هەرێمی کوردستان، هێز و ئیرادەیئەوەیان پێ بدات، بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و کێشەکانیان چارەسەر بکەن. لەو باوەڕەدا نیم هێزە کوردستانییەکان خۆیان خستبێتە نێو بەرداشی یاریی قەیرانسازی و کاتکوژی لەگەڵ بەغدا، بەڵام گریمان ئەگەر وایانکردبێت و پێیان وابێت کە بە دروستکردنی قەیران لە بەغدا و سوودوەرگرتن لە کات، یارییەکە دەبەنەوە، ئەوا ڕەنگە پێچەوانەکەی ڕاست بێ وخودی کاتکوشتنەکە خزمەتی خۆکۆکردنەوەی بەغدا و تۆکمەکردنی پێگە و دەسەڵاتی خۆی لە ئاست هەرێمی کوردستاندا بکات. ئەگەر قەدەر و چارەنووسی کورد هێشتا هەر ئەوەیە کە لە بەغدا بێت، دەبێ هێزە سیاسییەکانی، وەک کورد، وەک پێکهاتە، یەک دەنگ و یەکهەڵوێست لە بەغدا بن، نەک وەک حزبی پەرتەوازە و ناکۆک، کە بەداخەوە خەریکە هاوکێشەی ئامادەبوونەکە بە ئاقاری یەکەمیاندا دەچێت. بوون و ئامادەیی کورد لە بەغدا، دەبێت بۆ پاراستن و تۆکمەکردنی پێگەی یاسایی و دەستووریی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەوڵەتیفیدڕال بێت. دەبێ ئامادەیی بێت بۆ پاراستنی دەسکەوتەکان و مسۆگەرکردنی مافە نیشتمانی و نەتەوەییەکان، نەک بۆ بەرژەوەندیی حزبیو خەمی پچڕینەوەی پۆست و ئیمتیازی کەسی و تایبەتی. دوور نییە زۆر کەس و لایەن، تەنیا وەک پیرۆزبایینامە سەرەدەریان لەگەڵ پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، لەجەژنی ڕەمەزاندا کردبێت، لەکاتێکدا پیرۆزبایی جەژن دەرفەتێک بوو بۆ گەیاندنی پەیامە نیشتمانی و نەتەوەییەکەی ناوەڕۆکی جەژننامەکە،کە پەرۆشی و جەختکردنەوەیان بوو لەسەر گرنگیی یەکڕیزی و تەبایی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەگشتی و پارتی و یەکێتیبەتایبەتی. سەرۆک نێچیرڤان بارزانی زۆر باش دەرکی بە مەترسیی بەردەوامبوونی ئەو ناکۆکی و ململانێ ناوخۆییانە و دەرهاویشتە نەرێنی وترسناکەکانیان لەسەر داهاتووی هەرێمی کوردستان و پێگەکەی کردووە، بۆیە بێ پەردە و بە ڕاشکاوی، ڕووی پەیامی کردە پارتی و یەکێتیکە ئاییندەی کوردستان و چارەنووسی کوردستانیان نەکەنە قوربانیی ململانێکانیان. سەرۆکی هەرێمی کوردستان باوەڕێکی پتەوی بەوە هەیە، کە خاڵە هاوبەشەکانی بەیەکەوەهەڵکردنی نێوان لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان وبەتایبەتیش پارتی و یەکێتی، لە خاڵی دژایەتیی نێوانیان زیاترن. بۆیە ئەگەر بیانەوێت لە بەرامبەر خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی خەڵکیکوردستان و مێژوودا ڕوو سوور بن ، ئەوا خاڵە هاوبەشەکانیان دەکەنە هەوێنی ئاشتەوایی و یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی نێوماڵی کورد وگرێیەکە هێندە وشک و کوێر نییە، تا بە دەست نەکرێتەوە و ددانیانی پێ بشکێنن. بە کورتی و بە کوردی، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی خاڵی لەسەر پیتەکان دانا و گوتی: ئەگەر هەموومان بەیەکەوە خاوەنداریەتی لە دۆزە نەتەوەیی و نیشتمانییەکەمان بکەین، ئەگەر لە ئاست یەکتریدا دڕدۆنگ و بەدگومان نەبین،ئەگەر متمانەی نێوانمان بونیات بنێینەوە و پتەوی بکەین، ئەگەر بەیەکەوە و بە جیاوازییەکانمانەوە هاودەنگ و هاودەست بین، ئەگەر لە ئاستیەکتریدا لێبووردە بین و سازش بۆ یەکتری بکەین، ئەگەر ویست و ئیرادەی جیددییمان بۆ گفتوگۆ و دانوستاندنی هاوسەنگ هەبێت، ئەگەر لەخەمی بەرقەرارکردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی دەروونیی خەڵک و سەقامگیریی سیاسیدا بین، ئەوا ئیرادەگەرانە ناکۆکییەکانمانبەلاوە دەنێین و هەموو هێز و هەوڵەکانمان بۆ یەکڕیزی و تەبایی و بەیەکەوەیی دەخەینە گەڕ، بەمەش لە شەڕی پاراستنی دەسکەوتەکان ووەدەستهێنانی مافە زەوتکراوەکانی تری خەڵکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، براوە دەبین.