دڵشاد ئەنوەر ئەبراهام لینکۆڵنی شانزەهەمین سەرۆکی ئەمەریکا، بەهۆی یەکخستنەوەی ویلایەتە جوداخوازەکان و پاراستنی یەکڕیزی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەسەردەمی شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتەدا، بووە ئەو سەرۆکە مێژووییەی هەرگیز ڕۆڵی لەبیر ناکرێت. لەگەرمەی شەڕی ناوخۆی ئەمەریکا لە مانگی تەموزی ساڵی ( ١٨٦٣) و دوای ڕوودانی شەڕێکی قورسی ناوخۆیی لە شاری ( گێتیس بێرگ)، لینکۆڵن کە ئەوکات سەرۆکی ئەمەریکا بوو، خۆی دەگەیەنێتە شوێنی شەڕەکەو لە وتارێکی مێژوویی کورت دا، دەڵێت( بەهۆی خوێنی ئەو سەربازانەمان، نەتەوەیەک لەدایک دەبێت کە دەبێتە پێشەنگی دیموکراسیەت بۆ هەموو جیهان.) دەربارەی سەربازە باشوریەکانیش کە لەجەنگەکەدا دژی بوون، لینکۆڵن وتی ( ئەوانیش دەگەرێنەوە بۆ باوەشی ئەو نەتەوەیەی دروست دەبێت.) ئەوەی لینکۆڵنی کردە ئەو سەرۆکە گرنگە مێژووییەی ئەمەریکا، لە پاڵ هەنگاوەکانی بۆ پێدانی ماف بە ڕەشپێستەکان و جێبەجێکردنی سستمی بانکی نیشتیمانی لە وڵات و ..هتد، ئەو ڕۆڵە گرنگە بوو کە گێڕای لە ڕزگارکردنی ئەمەریکا لە کەرتبوون. لینکۆڵن شەڕی کرد تا وڵاتەکەی لە بەش بەشبوون بپارێزێ، ئەو شەڕەی بووە هۆی پاراستنی یەکڕیزی ویلایەتە یەکگرتووەکان، تا گەیشتە گواستنەوە لە قۆناغی گیرۆدەبوون بەدەست شەڕی ناخۆییەوە بۆ قۆناغی حوکم کردنی جیهان. خۆ گەر ئەمەریکا ئەو سەردەمە بەهۆی ناکۆکی نێوان ویلایەتەکانەوە دابەش بایە، ئەم ئەمەریکا زلهێزەی ئێستا بوونی نەدەبوو، بۆیە کاتی خۆی لینکۆڵن شەڕی کرد، تا ئەمەریکا لەکەرتبوون بپارێزێ، گەر ئەوکات نەیاری هەبووبێ، خۆ ئێستا هەموو گەلی ئەمەریکا کۆکن لەسەر ئەوەی لینکۆڵن پاڵەوانی مانەوەی ئەمەریکایە بەیەکگرتوویی. هەرچەندە بەراوردکردنی ئەمەریکای سەردەمی لینکۆڵن بە هەرێمی ئێستای کوردستان لە زۆر ڕووە ناواقعیە، بەڵام بەراوردەکە لەچەند ڕوویەکیشەوە لۆژیکیە، بەتایبەت هاوشێوەی گیرۆدەبوونی ئەمەریکای ئەوسا بە دەست جیاوازی شێوەی پێستی خەڵکەکەی، هەرێمی ئێستای کوردستانیش گرفتاری جیاوازی ڕەنگەکانە، نەک ڕەنگی پێست، بەڵکو ڕەنگی ئاڵای حیزبەکان. گەر لەئەمەریکای ئەوکات، جوداخواز و دابەشبوو خواز دەنگی بیسترابێ، ئەوا لە هەرێمی کوردستانیش کە هێندەی شارێکی ئەمەریکای پەنجا ویلایەتیە، دەنگی دابەشبوون و دوو ئیدارەیی و دابڕاندنی سێ پارێزگای بێ هێز و ئابووری لاواز بڵندە. جیاوازیەکە ئەوەیە، گەر خوێن ڕشتن لەپێناو هێشتنەوەی ئەمەریکا بەیەکگرتوویی بووبێتە دەستکەوتێکی گەورەی مێژوویی بۆ لینکۆڵن، ئەوا لێرە پێچەوانەکەیەتی، دۆخێک خوڵقێنراوە، دڵسۆز ئەوانەن لەگەڵ دابڕاندنی ئیدارە لەقە سێ پارێزگاییەکەدان لە یەکتری، بێ ئەوەی بپرسرێ، گەر هێزە پەڕۆ جیاوازەکان لەسەر پارەو نەوت و گومرگ و بەرژەوەندی شەڕیانەو ڕۆژێک ڕیفراندۆم و باسی دەوڵەت دەکەن، ڕۆژێکیش بانگەشەکردن بۆ دوو ئیدارەیی، ئەی منێکی گەرمیانی و تۆیەکی زاخۆیی چی بەرژەوەندیەکمان لە کەرتبوون و دروستکردنی شورادایە لە نێوانمان؟ لە بری هەڵپەڕین بە ئاوازی حیزبەکان، ڕۆژێک شایی بۆ دەوڵەت و ڕۆژێکیش گۆرانی وتن بۆ دوو ئیدارەیی، دەبێت ئەو تێگەشتنەمان لا دروست ببێت، هەرێم موڵکی باوکی هیچ حیزبێک نیە بە ئارەزووی خۆی دابەشی بکات، ئەوان لەسەر دزی ناکۆکن، ئەی چی ناکۆکیەک لە نێوان منی گەرمیانی و تۆی زاخۆییدا هەیە؟ ڕاستە گەر لینکۆڵنێکیش لە نێو کورددا دروست ببێت، هەل و مەرجە ئیقلیمیەکە ڕێی پێنادات حیزبە کوردیەکان ڕابماڵێت و هەرێم یەکبخاتەوە، چونکە وڵاتانی دەوروبەرمان هەریەکەو لە پشت لایەکیانن و لەگەڵ بەردەوامبوونی ئەم بەربەرەکانێدان، تا هێدی هێدی هەرێم دەپوکێتەوە، بەڵام جێی سەرسوڕمانە بە تەپڵی دوو ئیدارەیی یەکێتی و پارتی هەڵپەڕین، لەکاتێکدا منی نیشتەجێی زۆنی سەوز چەنێک بێزارم لەدەست خراپ بەڕێوەبردنی زۆنەکە، ئەوی دهۆکیش هێندە بێزارە لە واقیعە سەپێنراوە حیزبیەکە. ئەی منی نیشتەجێی ئێرەو تۆی دانیشتووی ئەو زۆنەکە، گەر هەردووکمان بێزاربین، حیزبەکانیش لەخراپیدا کۆپیکراوی یەک بن، کەواتە دابڕان و کەرتبوونمان چ سودێکی هەیە، حیزب لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گۆرانی بۆ پێکەوە بوون یان دابەشبوون بچڕێت، ئەی من و تۆی نیشتەجێی دوو زۆنە جیاوازەکە چی بەرژەوەندیەکمان لە دابڕان هەیە، تا بە ئاوازی حیزبهەڵپەڕین؟!
رێبوار کەریم وەلی باس باسی غازی کوردستانە، ئەو غازەی کەھێشتا خەڵکی کوردستان بە بتڵ و بە نیوەچڵی لێی سودمەندن و زۆربەی کاتیش قەبارەی بەرھەمھێنانەکەی ناگاتە ئەوەی پێویستیی ماڵان پڕ بکاتەوە. * کاربەدەستانی مەیدانیی بواری نەوت و غازی کوردستانیش دان بەوە دادەنێن کە ئەوەی ئێستا بەرھەم دێت و قەرارە بەرھەم بێت تا پێنج ساڵی دیکەش رەنگبێ بای ئەوەندە نەبێ کە ھەناردەی دەرەوەی بکەی، خۆ ئەگەر ھەناردەش بکرێ دیسان بەھۆی ئەو گرێبەستە درێژخایەنانەی کە کراون شتێکی ئەوتۆ لە سەرئێشە زیاتر نەڕژێتە قاسەی حکومەتەوە. * ئینجا ئەسڵی مەتڵەب شتێکی دیکەیە کە ئەو غازە سروشتییەی کە گوایە و قەرارە ببێتە جێگرەوەی غازی روسیا لە ناوچەیەکدایە کە لەژێر کۆنتڕۆڵی یەکێتیدایە و تەنانەت ئەگەر یەکێتیش رازی بێت، ئێران و رای گشتیی ناوچەکە رێگرن لەوەی کە پارتی بە ناوی حکومەتەوە دەستی بۆ ببات. * دەمێکە یەکێتی ھەموو ژێرخانی سیاسی و ئاییندەیی بۆ بەرھەمھێنان و ھەناردەکردنی غازی چەمچەماڵ لە رێگەی بەغداوە بڕاندۆتەوە و لە بەرامبەریدا، بەڵێنی سەربەخۆیی ئابوریی ناوچەکەی زامن کردووە. * ھاتنی خەڵک بۆ ناو پارتی و چەکدارکردنیان لە ناوچەکە، بەشێکی زۆری پەیوەندیی بەوەوە ھەیە کە ئەگەر لە داھاتوودا، پێکدادانێک لە نێوان پارتی و یەکێتی لە سەر غاز لەو ناوچەیە درووست بێت، ئەو چەکدارانە بخرێنە ئیشەوە! ئەمە دیدگایەکی ترسناکە. * بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیش چەندی پەیوەندیی بە ئێستای سیاسەت و واقیعی مامەڵەی حکومەت بە نەوت و غازەوە بێت، دوو ئەوەندە پەیوەستە بە رێگریکردن لە دەستبردنی زیاتری پارتی بۆ سەرچاوە بەرھەم نەھاتووەکان لە داھاتوودا. * پرۆژەی نابوکۆ کە دە پانزدەساڵ پێش ئێستا ئەوروپییەکان و تورک لەسەری پێ‌داگر بوون، فەشەلی پێھێندرا و خەونی ئەوەی کوردستان ببێتە جێگرەوە یان دابینکەری بەشێکی بچوکی وزەی ئەوروپا لەباربردرا. ھاوکات لەگەڵ ئەوەشدا، سوریای کاول کرد. ئەوەی ئێستاش لە ئارادایە ھەمان ئەو قسانەن کە دە پانزدە ساڵ پێش ئێستا دەکران. خوا دەزانێ ئەمجارە کوێ کاول دەکات!؟ * پێداگریی پارتی لەسەر ئەوەی کە بیەوێ یەکلایەنانە دەست بۆ سەرچاوەکانی ژێر دەستەڵاتی یەکێتی ببات، شەڕێکی خوێناوی لە کوردستان بەرپا دەکات و تا ئاگری ئەو شەڕە دەکوژێتەوە، وڵاتانی ئەوروپا پێویستییان بە غاز نەماوە، بەڵام ئەو کاتە شتێکیش بەناوی ھەرێم نەماوە!
د. كامەران مەنتك ئیبن خەلدون دەڵێت خۆشگوزەرانی یەكێك لە مەرجەكانی دامەزراندنی شارستانیەتە، بەڵام خۆشگوزەرانی زۆر هۆكارێكە بۆ رووخانی شارستانیەت. هەروەها پێی وایە، كاتێك ژمارەی بەرپرسەكان زۆر دەبێت، پیاوەكان لاسایی ئافرەتان دەكەنەوە، دەستیان لە خەنە دەنێن ووەكو مامز بە لەنجەو لار رێدەكەن، ئەوە ئاماژەیەكە بۆ بەكۆتا هاتنی شارستانیەت، بە واتایەكی تر بۆ رووخانی دەوڵەت! باشترین نمونە لەمێژوودا، بۆ شرۆڤەكردنی ئەو چەمكە، قۆناغی دوا خەلیفەی عەباسیەكانە، معتصم بالله، كاتێك مەغۆلەكان هێرشیان بۆ كرد‌و لە سەردەمی ئەودا دەوڵەتی عەباسیان رووخاند، معتصم هەموو ئەو زێر‌و زیوو سامانەی كەوتبووە بەردەست، كەخەلیفەكانی عەباسی لە ماوەی 524 ساڵدا بەیەكەوەیان نابوو، ئەو خەلیفەیە خەریكی رابواردن وكەیف وسەفابوو، گوێێ نەدەدا ئەوەی هەموو وڵاتەكەی داگیر‌و وخاپوور بكرێت، ئەو هەمیشە وتە بەناوبانگەكەی دووبارە دەكردەوە:" بەغداد بۆ من بەسە"، واتە هەموو وڵاتەكەی بڕوات تەنیا بەغدای بۆ بمێنێتەوە ئەو بەسی بوو، لەسەر دەمی ئەو خەلیفەیەدا مەغۆلەكان بەئاڕاستەی بەغدا دەهاتن، هۆلاكۆ لەرێگای خۆیدا سێ نامەی بۆ نارد‌و داوای خۆبەدەستەوەدانی لێ‌كرد، ئەو بایەخی پێ نەدا، تاوەكو هۆلاكۆ گەیشتە بن دیوارەكانی بەغدا وخۆی بۆ پەلاماردانی ئامادەكرد، لەو كاتەدا هۆلاكۆ داوای لە فەرمانڕەوای شاری موسڵ كرد، كە چەك و مەنجەنیقی بۆ بنێرێت، بۆئەوەی لەداگیركردنی بەغدادا بەكاریان بهێنێت، هەر لەو كاتەدا خەلیفە داوای لە فەرمانڕەوایی مووسڵ كرد تیپێكی میوزیكی بۆ بنێرێت! دەتوانین وانەی ئەوە لەو رووداوە هەڵێنجین، كاتێك بەرپرسانی وڵاتێك دووچاری گەندەڵی دەبن وخەریكی ژیانی خۆیان دەبن، ئاگایان لەهیچ نامێنێت وباكیان بەهیچ نابێت، دوای 764 ساڵ لە هەولێر هەمان دۆخ دەكەوێتە بەرچاوو دووبارە دەبێتەوە، لەكاتێكدا زۆرینەی خەڵكی كوردستان لەدۆخێكی دارایی ودەروونی سەختدا دەژیت، لەكاتێكدا توركیا هێرشێكی بەرفراوانی كردۆتە سەر هەرێمی كوردستان وچاوەڕوانی ئەوە دەكرێت ئەو هەرێمە ببێتە گۆڕەپانی شەڕ، لەو كاتە بەرپرسەكانی هەولێر خەریكی ئاهەنگ گێڕان وهەڵپەڕكێن، وەك ئەوەی ئەوانیش بڵێن هەولێرمان بەسە، كە بەداخەوە ئەوە ئاماژەیەكە بۆ كۆتایی قۆناغێك، ئەوانەی لەو كاتە هەستیارانەشدا ئاهەنگ دەگێڕن،هەمیشە لەكاتە سەختەكاندا رادەكەن وبەدوای فەرمانڕەوا نوێكان دەگەڕێن بۆئەوەی ئاهەنگیان بۆ ساز بكات!.
ئاسۆ حاجی هەرجارەی تورکیا لە دژی چەکدارانی پەکەکە ئۆپڕاسیۆن لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدات، دەنگی ناڕازی بوون بەرز دەبێتەوە، بە تایبەتی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە سەر ئاستی میدیایی دەست بە هۆنینەوەی چیڕۆکی یەکتر تاوانبار کردن دەکرێت، لایەنە کوردستانیەکان وەک هەمیشە بەسەر دوو بەرە دابەش دەبن، هەر بەرەیە و دەست بە کۆکردنەوەی چیڕۆک و داڕشتنی هەواڵی وەدیارخستنی تۆمەتباربوونی لایەنەکەی دیکە دەکات، هەموو ئەوانەش دەبنە هەوڵ و کارێک، کە سەرنجی خەڵک و دونیاش لە سەر لایەنی سەرەکی و راستەقینەی ئەو دەستڕێژیانە لابدات. پەکەکە کە بەهانەی ئامادە و هەمیشەیی تورکیایە، بۆ شاردنەوەی نیەتە ئەسلیەکەی خۆی، بۆ خۆ دزینەوە لە چارەسەرکردنی پرسی کورد لە چوارچێوەی دەوڵەتی تورکیا، بە پێچەوانەوە هەموو حکومەتەکانی تورکیا، پرسی کوردیان بە پەکەکەوە گرێداوە، کە رێکخراوێکی سیاسی ماڕکسی رادیکالە، و لە سەر ئاستی جیهانی پێشکەوتوو و دیموکراتیک پەسند نیە، لە ئەمریکا و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە لیستی رێکخراوە تیرۆرستیەکانە، ئەوەش وای کردووە تورکیا دەست کراوەتر بێت، لە داپڵۆسینی کورد و چەوسانەوەیان، هەروەها ددانەنان بە کەمترین مافی نەتەوەیی و نیشتیمانیان. بەزاندنی سنوورە دەولیەکانی عێڕاق و راوەدوونانی پەکەکە لەلایەن سوپای تورکیاوە، زادەی رێکەوتنی تورکیا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان نیە، بەڵکو بەرهەمی رێکەوتنی تورکیا و عێڕاقە کە مێژووەکەی بۆ پێش دروست بوونی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستانی عێڕاق دەگەڕێتەوە، یەکەمین رێکەوتنی ئەمنی نێوان تورکیا و عێڕاق بۆ ساڵی ١٩٨٣ دەگەڕێتەوە، دوای بەستنی یەکەمین کۆنگرەی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) لە ناوچەی بیقاعی لوبنانی، کە لەو کۆنگرەیە بڕیار درا، شەڕی چەکداری لە بەرامبەر تورکیا بەرپا بکرێ، خاڵی دەست پێکردنی شەڕەکەشیان ناوچە سنووریەکانی نێوان باشور و باکوری کوردستان هەڵبژارد، بە گوێرەی ئەو رێکەوتنەی نێوان تورکیا و عێڕاق، تورکیا بۆی هەیە بە قووڵایی (١٠کم) بچێتە ناو سنووری عێڕاق، لە ساڵی ١٩٩٢ مام جەلال دوای سەردانێکی بۆ ئەنقەڕە، گەڕایەوە کوردستان و لە پەڕلەمانی کوردستان، هێرشی توندی کردە سەر پەکەکە و عەبدوللا ئۆجەلان، یەکەمین جار بوو سەرکردەیەکی سیاسی کورد، پەکەکە بە رێکخراوێکی تیرۆرستی بناسێنی و ئۆجەلانیش وەک کەسێکی (شێت – دین) پێناسە بکات، بە پێچەوانەی ئەوە تورکیا و سەرۆک تۆڕگۆت ئۆزال وەک دۆست باسیان بکات و تا ئێستاش لە ئەدەبیاتی کوردی باشور بە گشتی و ئەدەبیاتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، تۆڕگۆت ئۆزال وەک دۆستی گەلی کورد دەناسێندرێ و وای پێناسە دەکەن کە نیەتی چارەسەری پرسی کوردی هەبوو لە تورکیا بەڵام مەرگ مەودای نەدا. لە دوای روخانی رژێمی دیکتاتۆری بەعس، لە ساڵی ٢٠٠٧ لە سەردەمی نوری مالیکی کە سەرۆک وەزیرانی بوو، هەروەها جەواد پۆلانی وەزیری ناوخۆی عێڕاق بوو، هەمان رێکەوتنیان لەگەڵ تورکیا نوێ کردەوە، بەڵام ئیمتیازاتی زۆرتریان بە تورکیا دا، بە دامەزراندنی ژووری هاوبەشی ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری هەواڵگری لە نێوان هەردوو وڵات، لەوەش زیاتر ئیمتیازێکی تر بوو بۆ تورکیا کە چیتر پێویست نیە بۆ بەزاندنی سنوور، پرس بە حکومەتی عێڕاقی بکات هەروەها لە جیاتی (١٠کم) دەتوانێ بە قووڵایی(١٥کم) لە ناو خاکی عێڕاق ئۆپڕاسیۆنی سەربازی ئەنجام بدات، ئەوە لەو کات بوو، کە تورکیا هەموو رۆژ هەڕەشەی داگیرکردنی لە هەرێمی کوردستان دەکرد، بەوە تۆمەتباری دەکرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی، بە چەک و ئازووقە یارمەتی پەکەکە دەدەن لە دژی تورکیا، ئەو سەردەم مام جەلال سەرۆک کۆماری عێڕاق بوو، کە بە گوێرەی دەستووری هەمیشەیی عێڕاق، پێویستە هەموو رێکەوتنێک لەگەڵ وڵاتان ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگی لە سەر بدا و سەرۆک کۆمار پەسندی بکات. لەو دوو رێکەوتنە گرنگتر کە پێویستە باسی بکرێ، نوێ کردنەوەی هەمان رێکەوتنە لە سەردەمی حەیدەر عەبادی، لە سەروبەندی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی باشوری کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧ یە، کە خاڵەکانی ئەو رێکەوتنە بە نهێنی ماونەتەوە و کەس باسیان ناکات، چونکە تەنازولی زۆر گەورەی عێراقی تێدایە لە بەرامبەر تورکیا، لە بەرامبەر دژایەتی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی باشوری کوردستان لەلایەن تورکیاوە، عەبادی مافی سنووربەزاندن و هاتنە ناوەوەی سوپای تورکیای کردە (٣٠کم) بۆ قووڵایی خاکی عێڕاق، هەروەها ئەو مافەشی بە تورکیا داوە، کە لە هەر شوێنێک پەکەکە هەبێ دەتوانێ هێرشی ئاسمانیان بکات سەر، ئەگەر پەکەکە سەربازگەیان لەو شوێنانە هەبوو ئەوە دەتوانێ ئۆپڕاسیۆنی وشکانیش لە دژیان ئەنجام بدات، هەروەها بە گوێرەی رێکەوتنەکانی لۆزان ١٩٢٣ و رێکەوتنی تورکیا و بەریتانیا ١٩٢٦ مافی هەبوونی سەربازگەی بە تورکیا داوە، لە جوگرافیای ویلایەتی موسڵی سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی، هەبوونی سەربازگەی باشیقی سوپای تورکیا کە زیاتر لە (٢٠٠٠) سەربازی تێیدایە بە گوێرەی ئەو رێکەوتنەیە بۆیەشە حکومەتی عێڕاقی جگە لە هەندێک راگەیەندراوی میدیایی ناتوانێ هیچ رێکارێکی دیکە لە بەرامبەر تورکیا بگرێتە بەر. لە دوای ئەو مێژووە تورکیا لە بۆردوومان کردنی مەخمور و شەنگال و دەڤەری سلێمانی دەستی نەپاراستووە، هەر کاتێک و بەهەر شێوزێک ویستبێتی هێرشی کردووە. ئەو رێکەوتنەی عەبادی لە ساڵی ٢٠١٨ لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆک کۆماری عێڕاق تەئکیدی لێکرایەوە و بە هەمان ناوەڕۆک ئیمزا کرایەوە. ئەوە حەقیقەتی بێ منەتی تورکیایە لە بەزاندنی سنوور و ئەنجامدانی ئۆپڕاسیۆنی سەربازیە لە قووڵایی خاکی عێڕاق، جگە لە هەردوو لایەنی تورکی و عێڕاقی، ئەوە لایەنی سێیەم کە هەمیشە وەک بەهانە ئامادەیی هەیە، پارتی کرێکارنی کوردستان(پەکەکە)یە، کە تورکیا هێرشەکانی بە هەبوونی ئەوانەوە لە ناو سنوورەکانی هەرێمی کوردستان دەبەستێتەوە. ئەو کەس و لایەنانەی مەبەستیانە راستیەکە بزانن، پێویستە لە پەڕلەمانی عێڕاق فشار لە سەر حکومەتی کازمی دروست بکەن تا راستیەکان ئاشکرا بکات، چونکە ئەو لایەنی بەرپرسە و کازمیش لە سەردەمی رێکەوتنەکەی عەبادی و دواتریش بەرهەم ساڵح لەگەڵ تورکیا ئەو بەرپرسی دەزگای هەواڵگەری عێڕاق بووە و پەیوەندیەکی تایبەتی و کەسی بە رەجەب تەیب ئەردۆغان دەبەستێتەوە.
د. جەعفەر عەلی مێژووی دەوڵەتی تورکیا لە دامەزراندنییەوە تا ئێستا، لە ئەتاتورکەوە بۆ ئەردۆگان، مێژووی خوێن و شمشێرە، مێژووی هێرش و پەلامار بۆ سەر ئازادی و بوونی کوردە وەک نەتەوەیەک. دەوڵەتی تورکیا‌و سوڵتانە مۆدێرنەکانی، بۆ سەد ساڵی تەواو دەچێت پەلاماری بوونێکی سیاسی و کولتوری دەدەن، یەک سەدەی تەواوە هەرچی ڕێگەو شێوازی توندوتیژی هەیە بەرامبەر ئەم بوونە سیاسی و کولتورییە تاقیانکردووەتەوەو بەردەوامیشن، سەد ساڵەو شمشێری سوڵتانەکانی ئەنکەرە خەریکی خوێناویکردنی ئازادی و سەرەتاییترین مافی ئینسانە، لەڕێی خەون هەڵچنین لەسەر نوکی شمشێر شەڕی سڕینەوەی نەتەوەیەکیان بە ئامانج گرتووە. سەد ساڵەو هێشتا نایانەوێت لەو ڕاستییە مێژوویی و سیاسییە تێبگەن، ئیرادەی مرۆڤی بەهێز، گەلی بە ئیرادە، بە نوکی شمشێر ناشکێنرێت. مرۆڤ ئەگەر ئیرادەی هەبوو، نەک شمشێرە مۆدێرنەکانی سوڵتان، دوامۆدێلی چەکە بەکارنەهێنراوەکانی گەنجینەکانی بەرگریش هێزی ئەوەی نابێت ئازادی و ژیان لە ناخی ئەو گەلەدا بکوژێت و بۆ هەمیشە مل بە نەتەوەیەک کەچ بکات. کێشەی ڕیشەیی دەوڵەتی تورکیا، کێشەیە لەگەڵ جیاوازی، کێشەیە لەگەڵ دیموکراسی و بەیەکەوە ژیان. دەوڵەت لە تورکیا هەموو شتێکی قبوڵە جیاوازی و ناسنامەی سیاسی و کولتوری جیاواز نەبێت، دەوڵەت دەبێ یەکڕەنگ و یەک نەتەوە بێت. ئەوان بەوە ڕازین تۆ پەرلەمانتار، سەرۆک شارەوانی، کاندیدی سەرۆک کۆماری دەوڵەتیشت هەبێت، بەڵام هەرگیز ناتوانن بەوە ڕازی بن، تۆ وەک کوردێک هەوڵی داکۆکی لە ناسنامەی سیاسی و کولتوری خۆت بدەیت، هاوشانی گەلان و ئیتنیکە جیاوازەکانی دیکەی تورکیا، خەبات بۆ بەرەوپێشبردن و بڵندبوونی شوناسی نەتەوەیی خۆت بکەیت. ئەوە ئەو هێڵە سورانەن کە ڕۆحی فاشیزم لەسەریان دەژی و دەرچوون لێی وەک ئەوە وایە لە ناو میحرابی مزگەوتدا سوکایەتی بە خودا‌و پیرۆزییەکانی دین بکەیت. لێرەوە ئەو ڕۆحی فاشیزمەی دەوڵەت، حیزبە سیاسییەکانی تورک و دەسەڵات لە تورکیا، لە هەر نمایش و ڕۆڵێکی نمایشییانەی دیموکراسی و بەیەکەوە ژیان بەتاڵ دەبێتەوە و ماسکە ساختەکەی سەر دەموچاویان بە بەرچاوی دونیاوە دەکەوێت. فاشیزم دەتوانێت بە ناوی دیموکراسی و بەیەکەوە ژیانەوە قسە بکات، بەڵام هەرگیز ناتوانێت لەگەڵ پرەنسیپەکانی دیموکراسی و ژیانکردن لەگەڵ جیاوازیدا بژی. مۆسۆلینی شمشێرێکی نەخشێنراو بەهێمای ئیسلامی بەسەر پشتی ئەسپێکەوە بەرزکردەوە، ئەتاتورک لە کوردە موسڵمان و کۆمۆنیستەکانیش هاتەپێش، بەڵام هەردوو فیگەرە فاشیستەکە وەکیەک خەریکی نمایش و بەستنی ماسکی ساختە بوون. ئەردۆگان کوڕی ناو ئەو دونیای فیکر و نمایش و ماسک و میتۆدە فاشیستییەیە، بۆیە چۆن ئەتاتورک لە سەرەتای بەر لە دامەزراندنی دەوڵەت و لە هەنگاوەکانی دامەزراندنیشیدا، توانی هێزو وزەی مرۆیی و جەنگی کورد‌و ئەوانی دیکەیش بە قازانجی فاشیزم هەڵمژێ، ئەردۆگانیش لەسەرەتای دەسەڵاتیدا تا ئەندازەیەکی گەورە سوودی لە گوتاری ساختەی بەیەکەوە ژیان لەژێر پەردەی ئیسلام و مرونەتی دینی ئیخوانی بینی، هەر لەم ڕێگەیەشەوە توانی هەم لە کورد نزیک بێتەوە، هەم جۆرێک لە سەقامگیری سیاسی، ئاشتی کۆمەڵایەتی و بەرەوپێشچوونی ئابووری لە تورکیا بهێنێتەدی، بەڵام گرفتی ئەردۆگانیش، هەمان گرفت و ئەو گرێی خودباڵاییە بوو، ئەو ئیگۆ قوڵ و ڕۆحی فاشیستییە بوو، کە وەک میراتێکی ڕۆحی لە باوکی تورک، ئەتاتورکەوە بۆی بەجێماوە. ئەردۆگان، چەند هەوڵبدات هێزی دەرچوون و جیابوونەوە لەو میراتە ڕۆحی و فیکرییەی باوکی دامەزرێنەر، ئەتاتورکی نییە، چەند بەناوی دیموکراسی، ژیاندۆستی، دینەوە قسە بکات، هێشتا هەموو هەنگاوێکی، هەر جوڵەیەکی سیاسی و دیپلۆماسی، بە ڕەنگی عەقڵ و فیکری باوکانی پێش خۆی ڕەنگکراوە، هێشتا بۆ چرکەساتێکیش توانای ڕاستەقینەی بۆ دابڕان لەو ڕۆحی فاشیزمە نییە، ناتوانێت لەو سێبەرو تارماییە قورسە ئایدیۆلۆژی و دۆزەخییە دووربکەوێتەوەو مامەڵەی ڕاستەقینەو ئینسانی لەگەڵ سفرکردنەوەی کێشەکانیدا بکات، کە هاوشانی تیۆریسین و هاوڕێ کۆنەکەی داود ئۆغلو، درۆی سفرکردنەوەی کێشەکانی تورکیایان بۆ ناوەوەو دەرەوەی خۆیان بەیان دەکرد. ئەردۆگان، نەک هەر نەیتوانی کێشەکان سفر بکاتەوە، بەڵکو سفریشی کرد بە ژمارەیەکی گەورە، ئەو بە تەنیا کێشەکانی گەورەتر نەکرد، بەڵکو دەیان کێشەی نوێ و گرفتی سیاسی، ئابووری نوێیشی بۆ دەوڵەت و گەلانی تورکیا زیادکرد. لە هەموو ئەوانەش ترسناکتر، مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان تورک- کورد، تورک- ئەرمەن، تورکیا لەگەڵ سوریا‌و عیراق و زۆرێک لە پەیوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی دیکەیشی ئاڵۆزتر‌و خوێناویتر کرد. دەوڵەتی تورکیا سەد ساڵی تەواوە نایەوێت عەقڵانی سیاسەت بکات، نایەوێت لەو ڕاستییە مێژووییە تێبگات، چیتر خوێن و شمشێر نامانگەیەنێت بە هیچ، چیتر پەلامارو هێرشی سەربازی، زمانی چەک و قین و توڕەیی، بەرەو بەدیهێنانی ئامانجە ستراتیژییەکانمان نابەن، چیتر سوڵتانەکان هێزی ئەوەیان نابێت بتوانن لەسەر نوکی شمشێرەکانیان دانیشن و گەرەکیشیان بێت لەسەر ئەو کورسی خوێنە، ژیان ئارام و هێمن بێت.
شادمان مەلا حەسەن زۆرجار دەگوترێت مێژوو خۆی دووبارە دەكاتەوە .هەندێ رووداو و كردار بە جیاوازی زەمەن زۆر لەیەك دەچن .بەتایبەت ئەگەر لە یەك ژینگەی مێژوویی و جوگرافی بن, رۆژی (14/9/1922) ئینگلیز شێخ مەحمودی حەفیدیان لە دەست بەسەری هێنایەوە و كردیان بە حوكمداری كوردستان لە ناوچەی سلێمانی .ئەوكات سلێمانی هەتا رادەیەك بوژابۆوە .وەك سەردەمی قۆناغی یەكەمی حوكمداریەكەی شێخ نەبوو .چاپخانەی لێ‌بوو ,زۆر شت گۆڕابوو .لە هەمان كاتدا بریتانیەكانیش لەشەڕدا نەمابوون و حكومەتی عێراقیان دروستكردبوو. واتە ئینگلیز كەم كێشە تر بوو ,وەك لەسەردەمی جەنگ,بۆیە هەركات بیان ویستابایە بەهێز ویستی خۆیان فەرزدەكرد, حكومەتی بریتانیا و عێراق دانیان بە حوكمداریەكەی جنوبی كوردستان دانا بوو . ماوەیەكی پێچوو ,شێخ مەحمود ناسنامەی خۆی لە حوكمدارەوە كرد بە مەلیك . لەوەش كێشە زۆر نەبوو .بەلام رووی كێشەكان زیاتر لە بەغدا و بریتانیەكان بوو .ئەوێ رۆژێ لە ژێر كاریگەری چەند ئاراستەیەكی ئاینی و پاشماوەی تورك خواهی و كاردانەوەی هەندێ رەفتاری بریتانیا ,حكومەتی كوردستانی جنوبی بە ئاراستەی تورك رۆیشت .بێگومان تورك هێشتا لە نێوان توركیای ئەنادۆلی و عوسمانیش یەكلایی نەبووبۆوە,چونكە لە جەنگ دۆڕا و تێك شكاوبوون . ئەمە وایكرد لە ئەنجامدا تێك هەلچوون لە نێوان بریتانیەكان و هێزی حكومەتی كوردستان بێتە كایەوە .كەهاوسەنگی هێزیش لەبەراووردكردن نەدەهات .سەرئەنجام كۆتایی بە ئەزموونی حوكمداری كوردستانی جنوبی هات .لە دوای سەد ساڵ ئەزموونی هەرێم بە هەمان شێوە خەریكە بەهۆی وابەستە بوون بە توركیای ئاك پارتی كۆتایی پێ بێت . ئێمە هەرێمێكی فیدڕالین بە پێی دەستور و دان پێدانانی دەوڵەتی عێراق .كەچی سەرانی حوكەتی هەرێم هەوادارەكانی خۆیان بە نەبانی ئەم دەوڵەتە دەزانن .كە كورد دەستی گەورەی لە دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ئەم دەوڵەتە تازەیە هەبووە . بەهەمان شێوە سەد ساڵ لەمەوبەر دەبێ بزانین عێراق گۆڕاوە .عێراقی سەردەمی شەڕی داعش نیە . ماوەی پێنج ساڵە شەڕ لە عێراق تەواو بووە .دەوڵەتی عێراق ئەگەرچی هێشتا كێشەی زۆرە .بەلام ساڵ بە ساڵ بە هێزتر دەبێ ,ئابووریەكەی ئەستوورتر دەبێ .هەرێمیش لاواز بووە و رۆژ بە رۆژ لە هەموو ئاستەكان لە پاشەكشەدایە ,بۆیە ماف و ئەرك و ناسنامەی ئێمە لە عێراقە نەوەك لە توركیا و ئێران .زەروورە ئەم عەقلیەتە چەواشەكاریە وەلا بنرێت ,ئەوەی دەكرێ لەگەل هیچ عورف و یاسا و رێسایەكی دەوڵەتی و نیشتمانی وێك نایەتەوە . ئەگەر بەزووی ئاراستەی هەرێم نەگەڕێتەوە بەغدا و عێراق ,بەدلنیایەو چارەنووسی ئەم هەرێمە لە چارەنووسی حكومەتی كوردستانی جنوبی باشتر نابێت .
د. كامەران مەنتك وەك لە وتارەكەی پێشوومدا دەربارەی دەستپێكردنی هێرشی توركیا بۆ سەر باشوور پێشبینیمان كرد، دوێنی شەو لەكاتژمێر 9 ئێوارەوە چەندین كۆپتەرو فڕۆكەی شەڕكەری توركیا هێرشیان كردە سەر لوتكەی كوڕەژار ولینكێ،دواتر هێزە سەربازیەكانی توركیا دابەزێنرانە ئەو ناوچەیە وگەریلاكانی پەكەكە رووبەروویان بوونەوە ئەو شەڕە تا درەنگانی شەو بەردەوام بوو، هیچ زانیاریەكی راستەقینەش لەگۆڕەپانی شەڕەكە نیە وەستان وئەنجامی ئەو شەڕە تا ئێستا بەراستی روون نەبۆتەوە، وەزارەتی بەرگری توركیا دەڵێت ئێمە ئامانجی هێرشەكەمان بەدیهێنا، گەریلاكانی پەكەكەش دەڵێن هێرشەكەی توركیامان تێك‌شكاند. لەهەموو حالەتەكاندا ئەمە واتای ئەوەیە گەریلاكانی پەكەكە وەڵامی ئەو هێرشەیان داوەتەوە ورووبەڕووی بوونەتەوە، ئەو رووبەڕووبوونەوەیەش خۆی لەخۆیدا ئیرادەو باوەڕێكی بەهێزی گەرەكە، لەبەرئەوەی هیچ بەرابەریەك لەنێوان هەردوو هێزی شەڕكەردا نیە شایەنی ئاماژە پێكردنە ئەو دوو لوتكەیە، شوێنێكی ئێجگار ستراتیژین ولەروانگەی سەربازیەوە ئەو هێزەی كۆنتڕۆڵی ئەو لوتكانە بكات باڵادەستی سەربازی خۆی دەسەپێنێتە سەر ناوچەكە بەگشتی و تا دەگاتە دەشتاییەكانی مووسڵ. چڕ بوونەوەی ئەو شەڕە سەرەتایەكە بۆ هێرشێكی فراوانتر، واپێدەچێت توركیا ئەو جارە بیەوێت بە پانتایی باشووری كوردستان پڕۆسە سەربازیەكەی بەڕێوە بەرێت، بەپێچەوانەی پڕۆسەكانی تر، كە لەسێ ئاڕاستە جیاوازەوە وهەرجارەی لە ئاڕاستەیەكدا هێرشی دەكرد، لەم چەند رۆژەی دادێت رەنگ بێت شەڕەكان بپەڕێتەوە ناوچەی برادۆست وخواكوڕك ودەشتی بەرازگر، كە ئەمە پێشكەوتنێكی زۆر مەترسیدارە! هاوكات ئەگەری ئەوە هەیە شان بەشانی ئەو هێرشەی سەر باشوور پەلاماری رۆژئاوای كوردستانیش بدات، بۆئەوەی باشوور ورۆژئاوا بەیەكجاری لەیەكتر دابڕێت وزنجیرەكانی ناوچەی ئارام لەرۆژئاوا وباشوور بەیەكەوە بلكێنێت. هەڵوێستی هێزەكانی باشووری كوردستان زۆر لاوازەو وتا ئێستا هیچ هێزێكی باشوور بوێری ئەوەی نەبووە تەنانەت سەركۆنەی ئەو هێرشەش بكات، ئەمەش جێگەی شەرمەزاریەو مێژوو لێیان نابورێت، خەڵكی باشووریش بە مەسەلەی لاوەكیەوە خەریك كراوە، تەنانەت وەك پەرچەكردارێك بەرامبەر دەسەڵاتی كوردی، زۆرینەی خەڵك بایەخ بەدۆخەكە نادات و ئامادەن پێشوازی لە هەر داگیركەرێك بكەن، تەنیا بۆئەوەی لەكۆڵ ئەو دەسەڵاتە ببنەوە، ئەمەش سەرئەنجامی ئەو شەڕە رۆشنبیری ومیدیایی ودەروونییەیە، كە لەم بەشەی كوردستان دەگوزەرێت، هەموو ئاماژەكان بەرەو ئەوە دەچن دۆخی كوردستان بەگشتی وهەرێم بەتایبەتی لەچاوەڕوانی قۆناغێكی سەخت دایە، سەرئەنجامی ئەو قۆناغەش دەوەستێتە سەر چارەنووسی داڕشتنەوەی هاوسەنگی هێزی جیهانی وهەرێمی، كە بەداخەوە بەگوێرەی گۆڕانكاریەكان پێناچێت لەبەرژەوەندی كورددا یەكلایی بێتەوە ووەك قۆناغی شەڕی سارد، كوردستان خەریكە دەبێتەوە ناوچەیەكی تامپۆنی ودەكەوێتەوە نێوان بەرداشی زلهێزەكانەوە. هێرشی توركیا بۆ سەر باشوری كوردستان دەستپێكرد!!! د. كامەران مەنتك 17-4-2022 لە 15 ئەم مانگەوە توركیا هێرشی بۆ سەر لوتكەی كورەژارو لینك وگەلی رەشاڤەو ئاڤا مارك وبانی رینج وبراخە لەزنجیرە چیای مەتینا دەستپێكردووە، رۆژانە تۆپەكانی توركیا بە چڕی ئەو ناوچەیە بۆردەمان دەكەن ودرۆنەكانی ئەو وڵاتە بەئاستێكی ئێجگار نزم دەفڕن وناوچەكە كێوماڵ دەكەن وبەدوای سەنگەرەكانی گەریلاكانی پەكەكە دەگەڕێن، هێشتا هێرشی زەمینی دەستی پێ نەكردووە، هێزەكانی توركیا دەیانەوێت بە تەنیا هێرشەكە بكەن، بەگوێرەی زانیاریەكانی خەڵكی ناوچەكەش، دیارە تا ئێستا پارتی بەمە رازی نەبووەو دەڵێن دەبێت هێزەكانی زێرەڤانی شان بەشانی هێزەكانی توركیا لەو زنجیرە چیایانە دابنرێن، بۆیە رەنگ بێت یەكێك لە ئەگەرەكانی سەردانی شاندەكەی پارتی لەم چەند رۆژەی دوایی بۆ توركیا‌و كۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەردۆگان بۆ رێككەوتن لەسەر ئەو بابەتە بوو بێت، توركیا بەناوی شەڕی پەكەكەوە دەیەوێت ئەو ناوچانە داگیر بكات وبنكەی سەربازی خۆی لێ دابنێت، وەك خەڵكی ناوچەكە دەڵێن پارتی داوای لە هێزەكانی پەكەكە كردووە ئەو ناوچانە بۆ ئەوان چۆل بكەن تاوەكو هێزەكانی زێرەڤانی لێ دابنێن، بەڵام گەریلاكانی پەكەكە بەمە رازی نین وبە پلانی توركیای تێدەگەن، هاوكات داوای لە خەڵكی ناوچەكە كردووە لە ناوچە سەربازیەكان نزیك نەبنەوە. جێگەی داخە توركیا توانیویەتی یەكڕێزی كورد تێكبدات وهیچ متمانەیەك لەنێوان هێزە كوردیەكان نەهێڵێت. بەگوێرەی ئەو دەستپێكە دەبێت چاوەڕوان بین لەچەند رۆژی ئایندە هێرشی زەمینی توركیا بەشێوەیەكی فراوان وبەرنامە بۆ داڕێژراو بۆسەر باشووری كوردستان دەست پێبكات، شایەنی ئاماژە بۆ كردنە توركیا بەیانووی شەڕی پەكەكە دەیەوێت ناوچە ستراتیژی وگرنگەكانی باشووری كوردستان لەرووی سەربازیەوە داگیر بكات، تا ئێستاش لەرێگەی ئەو ئۆپەڕاسیۆنە سەربازیانەی ساڵانە دەیكاتە سەرهەرێم، توانیویەتی چەندین ناوچەی ستراتیژی وگرنگ داگیر بكات، دوای هەر داگیركردنێكیش ئامێرەكانی سوپای توركیا دەكەونە كار بۆ راكێشانی جادەی سەربازی ودروستكردنی قەڵاو بنكەی سەربازی، توركیا لەو ناوچانەوە بەرەو دواخاڵی هەژموونی خۆی، كە دەكاتە زینی وەرتێ بەشێنەیی هەنگاو دەنێت، بۆئەوەی بە بیانووی دابڕینی هێزەكانی پەكەكە، ناوچەكانی خەتی برۆكسل، كە رێك دەكاتە سنوورەكانی نێوان توركیا‌و ئێراق، بە قووڵایی 32 كیلۆمەتر داگیر بكات، وەك بەشێك لە دامەزراندنی پڕۆژەی ناوچەیەكی ئارام، كە لەعەفرین وچیایی كرمانجان نزیك دەریای سپی ناوەڕاست دەستیپێكردووە دەیەوێت بیگەیەنێتە دواخاڵی سنوورەكانی خۆی و كۆتا پێگەی هەژموونی خۆی لەباشووری كوردستان، جێگەی داخە لەو دۆخە هەستیارەدا خەڵكی كوردستان بەململانێیە ناوخۆییەكان خەریك كراوە، میدیا‌و راگەیاندنەكانی كوردی لەجیاتی ئەوەی خەڵك لەو مەترسیانەی داگیركاری توركیا ئاگادار بكەنەوە، كەوتوونەتە فریودان وبەڵارێدانی بردنی خەڵك خەریك كردنی بەشتی لاوەكی وبێبایەخەوە!.
عه‌بدولڕه‌زاق شه‌ریف سەرەتا بڵێم لەبەر دوبارەبونەوەی ناوی کاک فاروقی مەلا مستەفا و کاک نەوشیروان مستەفا، ناچار ناوی یاکەم بە (ف م) و ئەویتر بە ( ن م) ئەنوسم … دوای قسە و لێدوانی (ف م )، ماوەیەک و چاوەڕوان بوم یەک لەوانەی خۆیان بە هاوڕێی خەبات و فکری (ن م) زانیوە، یان ئەوانەی لای کەمی لە (ب گ)، کاریان لەگەڵ کردوە، یان خزم و خێزان و نەوەکانی سەبارەت بە موڵکیەت و خاوەندارێتی و پارە و داهاتی کارگەی چیمەنتۆی گاسن و ….هتد بێتە دەنگ، قسەیەک و وەڵامێکی هەبێت، بەداخەوە بێدەنگی ئەوان وەک لە دوای مەرگیشی هەر بێدەنگ بون وەک ئەوە وایە ئیتر بیسەلمێنن کە (ن م)، جگە لە بازرگانێک و خەمخۆری مناڵەکانی هیچیتر نەبوە ! چیرۆکی خاوەندارێتی کارگەی گاسن و هەمو موڵکەکانی پرۆژەکەی (ن م) نە بە نهێنی بوە و نە ئەفسونێکیشە تەنیا من بیزانم و کەسیتر نەیزانێت، بەڵام بۆچی تەنیا من قسە بکەم؟ دواتر وەڵامی ئەم پرسیارەش ئەدەمەوە. لە بەغدا و لە کۆبونەوەیەکی دو قۆڵی و بە رێکەوتنێک (ن م) کۆتایی بە کاری سیاسی خۆی لەگەڵ مام جەلال ئەهێنێت . ـ ناوەندێکی لێکۆڵینەوە و راگەیاندن دروستبکات ـ زەویەکی بدرێتێ ـ تێچوی ناوەندەکەش کە فەخری کەریم قەزاوەتیان بۆ ئەیا ( دە ملیۆن دۆلار )ی بدرێتێ ماوەیەکی کەم و لەسەر ئەو گردەی زەرگەتە رێکدەکەون کە سنفەکەی لە زەوی غاباتەوە بە فەرمانی مام جەلال خۆی گۆڕدراوە بۆ موڵکی سرفی عەرەسە و بە ناوی (ئیدارەی گشتی ینک) ەوە کراوە . قسەش لە چۆنیەتی بونی داهاتێکی مانگانە ئەکەن بۆ بەردەوامی پرۆژەکە. (ن م)، پێشنیازی تاپۆکردنی بۆ ناوی خۆی ئەکات وەک مامەڵەی کڕین و فرۆشتن و بەشێک لەو پارەیە ئەگەر بە پێی نرخ رەمزیش بوبێت ئەگەڕێنێتەوە بۆ (ینک)، بۆ ئەوەی مامەڵەکە لە ئایندەیا تانەی قانونی لێنەدرێ، ( شارەزایانی ئەو بوارە ئەزانن کە جگە لەم رێگەیە بەهەر رێگەیەکیتر مامەڵەکە بڕۆشتایە مافی دەوڵەت یان حکومەت بو هەرکات بیەوێت وەریبگرێتەوە و کێشەی یاسایی بۆ دروست بکات، دوای روداوەکانی هەڤدەی شوبات دروست ویستیان هەنگاوێکی وەها بنێن و لەروی یاساییەوە نەیانتوانی لێی وەربگرنەوە ). بۆ مەسەلەی داهاتی مانگانەی پرۆژەکە و بەردەوامی مام جەلال پێشنیازی هاوکاریەکی مانگانەی بۆ ئەکات بەڵام (ن م) کە خۆی ئەزانێ بەتەمای چیە ! رەتی ئەکاتەوە و داوای مۆڵەتی کارگەیەکی چیمەنتۆ ئەکات، پێشی ئەڵێت کە لەگەڵ کۆمپانیایەکی بیانی یان خۆماڵی بۆ بەردەوامی پڕۆژەکەی دایئەمەزرێنێت . ئەوکات لەبەر هەر هۆیەکی یاسایی و ئیداری یان ئابوری کە من نازانم بۆ ؟ مۆڵەتی کارگەی چیمەنتۆ رێگە پێنەدراو بو ! بۆیە هەر سەرمایەدارێک تەمەناو هەوڵی بەدەستهێنانی مۆڵەتێکی لەوجۆرەی ئەکرد. تێکچونی باری ئەمنی و سیاسی و ئابوری هەرێم و تێچوی زۆری کارگەکە، کەبە سەدان ملیۆن دۆلار مەزەندە ئەکرا، وایکرد کەس بەدەنگ جێبەجێکردنیەوە نەچێت . دواجار (ف م) وەک پشتیوانیەک بۆ (ن م) و وەک موجازەفەیەک لەگەڵ کۆمپانیا میسرییەکان رێکەوت و دەستیپێکرد. سەرەتا مەبدەئیەن لەسەر سەدا بیستوپێنج ٢٥٪ رێکەوتن، بەڵام لە قۆناغی سەرەتاییدا بو بزوتنەوەی گۆڕان پێکهات و تەنگی بە پارتی و یەکێتی هەڵچنی، ئەوانیش بۆ سەرنەگرتنی پرۆژەی کارگەکە مۆڵەتی کارگەی چیمەنتۆیان ئازاد کرد و داوایان لە سەرمایەدارەکان کرد هەرکەسیان بیانەوێت مۆڵەتیان ئەدرێتێ و کارئاسانی زەوی و پشتیوانی حکومەتی هەرێمیان بۆ دەستەبەر ئەکرێت . دوای ئەم بڕیارە (ف م) ئەیتوانی بەبێ شەراکەتی هیچ کەس مۆڵەتی کارگەکە وەربگرێت بەڵام چونکە پابەندی قسە و پەیمانی پێشوی خۆی بو هەر ئەوەندەی پێکرا بەرەزامەندی پشکەکانی (ن م) بۆ سەدا پانزە ١٥ ٪ کەمبکاتەوە. بەرهەمهێنان لە ناوەراستی ساڵی دوهەزاروپانزەوە بە تەدریج لە کەم بۆ زۆر دەستیپێکرد، تەواوی ئەو ماوەیە هەتا رۆژی مەرگی (ن م) داهاتەکەی بزوتنەوەکە وەریگرتوە، دورونزیک نە خۆی نە مناڵ و خێزانی بەلای پارە و داهاتی ئەو کارگەیەدا نەچون ..! زۆرێک لە سەرکردەکانی بزوتنەوەکە ئەم راستیە ئەزانن ..! دواجار و لە سەرەتای ساڵی دوهەزاروهەڤدەوە ئەو داهاتە روبەروی (فازیل دگل) کرایەوە و هەموانیشی راسپارد کە ئەو داهاتە بۆ هەڵبژاردن و خەرجی هەڵبژاردنەکانی ئایندەیە ..! تەنانەت لەو ماوەیەدا بزوتنەوەکە توشی قەیرانێکی دارایی هات هەم لە خۆی و هەم لە کاک فازیلیشمان بیست کە پارەی کارگەی چیمەنتۆی گاسن تایبەتە بە خەرجی بزوتنەوەکە و بۆ کاتی هەڵبژاردنەکان تەرخانکراوە. بەداخەوە پێش هەڵبژاردن (ن م) مرد و هێشتا چلەی نەچوبو خاوەندارێتی گشت موڵکوماڵی بزوتنەوەکە بە پشتیوانی (سەید عومەر، جەلال جەوهەر، حەمە تۆفیق، جەمال حاجی محەمەد و شۆڕش حاجی) بۆ هەردو کوڕەکەی یەکلا کرایەوە، لەکۆبونەوەی رەسمی جڤاتەکەشدا، وتاریاندا کە هەموی موڵکی شەخسی (ن م) یە، کە منیش بەگژیانا چومەوە لە کۆبونەوە کرامە دەرەوە ! ئیتر لەو رۆژەوە کوڕەکانی بونە خاوەنی داهاتی کارگەکە و هەمو موڵکوماڵی تری بزوتنەوەکە. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ـ ئەگەر کارگەی گاسن تایبەت موڵکی (ن م) و خێزانەکەی بوبێت بۆچی هەتا رۆژ و هەفتەکانی پێش مردنی داهاتەکەی لای بزوتنەوەکەوە و بۆ خەرجی بزوتنەوەکە وەرگیراوە ؟ ـ ئەی بۆچی ئێمەومانان کە بەگژ ئەو پیلانی خاوەندارێتیەدا چوینەوە کەمینەیەک بوین و هەریەک بە شێوازێک (گردبەدەر) کراین ؟ ـ جڤاتی نیشتیمانی بۆچی پشتیوانی کوڕەکانیان کرد ؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە ئاشکرا و رونە کە بزوتنەوەکەی بەو دەردە برد، پێبزانن یان نەزانن مێژوی تێکۆشان و بیری نەوشیروان مستەفا و شۆڕشی نوێ و خوێنی شەهیدەکان و ماندوێتی هاوڕێکانی شۆڕش و تەنانەت قوربانیەکانی گەلەکەمان بە هەڵەبجە و ئەنفالەکانیشەوە کەوتۆتە ژێر پرسیار گەلێکی جدیەوە ! دەنا ئێمە ئەوەندە گەمژە نەبوین وەک سەرکردەیەکی خۆمان و شۆڕشەکە (ن م) نەناسین ! ئەوە هەندێ لەهاوڕێکانی خۆی و جڤاتی بزوتنەوەکە و نەوەکانی بون خیانەتیان لێکرد ..!
ئارام سەعید هەموومان دەزانین لەئێستادا گۆڕانکاری بەسەر هەموو شتەکاندا هاتووە، هاوڕێیەتیش یەکێکە لەوانە، هەندێک ناتوانن تەسلیمی ئەو گۆڕانکارییە ببن و پێیانوایە تەکنەلۆژیا هاوڕێیەتی تێکداوە، بەگشتی لەناو کۆمەڵگەدا هەمیشە کەسانی وا هەیە کە بە تەکنەلۆژیای نوێ هەستیارن و هەر زوو هەڵوێست وەردەگرن بەرامبەر بەکارهێنانی. لەوەڵامی پرسیارێکدا لە فەیلەسوف ئەندریە کونت سپۆنڤیل کە یەکێکە لەوانەی زۆر لەسەر هاوڕێیەتی نوسیوە لەوەی ئایا هاوڕێیانت لەسەر ئینتەرنێت هەیە؟ وتی" وەک ئەوەیە مناڵی خۆم هەبێت بەبێ ئاگاداری خۆم، کاتێ پەیجێکی فەیسبوکم کردەوە لەماوەی چەند سەعاتێکدا سێ نامەم بۆ هات کە داوای هاوڕێیەتییان دەکردو من نەمدەناسین، هەستمکرد ئەوە هێرشێکە بۆ سەرم و نەمتوانی تەحەمولی بکەم، ئەوە شیکردنەوەیەکی هەڵەیە بۆ هاوڕێیەتی، هەربۆیە دەستبەجێ لاپەرەکەم لە فەیسبوک سڕیەوە" بەگوێرەی شیکردنەوەی ئەو فەیلەسوفە "پەیوەندییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زۆر رووکەشین، ئەو هاوڕێیەتییەی کە لەواقیعدا هەیە ئەوەیە مرۆڤ هێندە دەبەخشێت بەهاوڕیی خۆی ئیتر هیچی پێ نامێێنێت بیداتە کەسی تر". سپۆنڤیل پێیوایە "هاوڕێیەتی پێویستی بە متمانەیەکی زۆر هەیە، پێکەوەبوون، کات بەخشین بە هاورێیەتی، ئەوەش بۆ دەیان و سەدان کەس نابێت وەک ئەوەی لە سۆشیاڵ میدیا هەیە. لەکۆتاییدا دەڵێت "بێگومان هاوڕێی ئیفترازیت هەبێت باشترە لەوەی هەر هاوڕێت نەبێت، بەڵام ترسناک و خەمگینە لێیان رازی بیت ومتمانەت پێیان هەبێت، بۆیە باشترە ژمارەیەکی کەم هاوڕێی راستەقینەت هەبێت وەک لەوەی سەدان هاوڕێی ئیفترازیت هەبێت لەسەر فەیسبوک و ئەنستاگرام و تویتەر". ئەرستۆ دەڵێت" سێ جۆری هاوڕێیەتی هەیە، یەکەم لەسەر بنەمای خۆشیی بینین، دووەم لەسەر بنەمای قازانج بینین، سێهەم کە باشترینە لەسەر بنەمای چاکە (فضیلە) کە لەهەردوولادا هەیە" کە هاوڕێیەتییەکی جێگیرەو پاکە. بەڵام ئایا ئەم پێناسەیەی ئەرستۆ بۆ هاوڕێیەتی لە فەیسبوکدا هەیە؟ ئایا لایک و کۆمێنتی زۆر ئەو هاوڕێیەتییە نزیکە دروست دەکات؟ رەنگە هەندێک لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هاوڕێی باشیان ناسیبێت و دەتوانین بڵێین ئەم پیناسەیەی ئەرستۆ بۆ هاوڕێیەتی فەیسبوک دەبێت چونکە لەرێگەی هەلوێست و نوسینەکانی کەسێک لە فەیسبوکدا توانیویەتی هاوڕێی باش بناسێت، بەڵام هەندێکی تر توشی گرفت بوون لەئەنجامی هاوڕێیەتییەک کە توشی جۆری دوەمیان بوون کە لەسەر بنەمای قازانجە، لەڕاستیدا ئەمە لە هاوڕێیەتی واقیعیشدا هەیە، بەنمونە بەبێ بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا رەنگە لەسەر پارچە کاغەزیک و چەند درۆیەکەوە دەیان هاوڵاتی هەڵخەڵەتێنراون و پارەیان خوراوە، هەربۆیە دەکرێت بڵێن فێل و هەڵخەلەتاندن بەتەنها لە سۆشیال میدیا نیە، بەڵام ئەوەی تەکنیکی فێل و خێراییەکەی گۆڕیوە تەکنەلۆژیایە کە خێراتر بووەو زۆرتر بووە. بەگشتی چەمکی هاوڕێیەتی لەسەر دەستی فەیسبوکدا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، لەسەردەمێکدا ژمارەی هاورێکان لە پەنجەی دەست تێندەپەڕین ئێستا لە فەیسبوک بە سەدان و هەزارانن.. خەڵکی جیاواز لە وڵاتی جیاواز‌و پیشەی جۆرارجۆر هاوڕێن، کە ئەمەش لایەنی ئەرێنی و نەرینی هەیە. پارێزەرێک کە ماوەی چوارساڵە فەیسبوکی خۆی سڕیوەتەوە دەڵێت" پێشتر ئالودە بووبوم و بەردەوام سەیری ژیانی ئەوانی ترم ئەکردو چاودێریم ئەکردن، رێگام ونکردبوو، بەڵام ئەمرۆ پاش ئازادبونم لەو کۆت و بەندەی سۆشیاڵ میدیا، ئەچمە دەرەوەو روبەروو خۆشەویستانم ئەبینم و هیچ گرفتێکی دەرونیشم نیە..". لەڕاستیدا ئارەزومان هەبێت یان نا ئێستا سۆشیاڵ میدیا بۆتە سەکۆیەکی گرنگ لەژیانی رۆژانەداو لەڕیگەیەوە کاریگەری هاوڕێکانمان لەسەرەو بەپێچەوانەشەوە، بەڵام وەک ژیانی ناو واقیعیش لە سۆشیاڵ میدیاش هەموو جۆرەکانی هاورێ و دۆستایەتی هەیە، هەربۆیە ژیانی مۆدیرن پێویستی بە خویندنەوەی دروستە بۆئەوەی مامەڵە لەگەل ئەو ئامرازە گرنگە بکەین. بەهەزاران و ملیۆنان خێزانی دابڕاو لەیەکتر ئێستا لەجیهاندا لەڕێگەی سۆشیال میدیاوە دەتوانن بەردەوام پێکەوە قسە بکەن و وێنەی یەکترو تەنانەت ڤیدیۆش ببینن. لێرەوە دەکرێت پێناسە بۆ هاوڕییەتی فەیسبوک جیابکریتەوە لەو هاوڕێیەتیەی لەواقیعدا هەیە، بەڵام لەهەردوولا هاوڕێیەتی هەر هەیە....
عەتا قەرەداخی ( بەشی پێنجەم) وه‌كو پێشتریش ئاماژه‌مان بۆ كرد، بنه‌ماى سه‌ره‌كی بنیادى شیعرى گۆران په‌یوه‌ندى نێوان دووانه‌ى لێكچوو یان دووانه‌ى دژه، ئه‌مه‌ش بنه‌ماى سه‌ره‌كی جێگیرى و هارمۆنیاى سرووشت و گه‌ردوونه. گۆران سه‌ربارى ئه‌وه‌ى كه دووانه‌ى نێر‌و مێ، یان پیاو و ژن وه‌كو دوو پێكهێنه‌رى سه‌ره‌كی ژیان سه‌یر ده‌كات، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى وه‌كو دووانه‌ى به‌رامبه‌ر دایان ده‌نێت، به‌ڵام له‌و روانگه‌یه‌وه سه‌یرى په‌یوه‌ندى نێوانیان ده‌كات كه ته‌واوكه‌رى یه‌كترین. ده‌شێ ئه‌مه‌ش له روانگه‌ى ئه‌و بۆچوونه‌وه بێت كه پێیوایه دژ‌و ناكۆكه‌كانیش یه‌كترى ته‌واو ده‌كه‌ن. هه‌رچه‌نده له رووى گه‌وهه‌رییه‌وه نێرومێ زیاتر له‌وه‌ى دژبن، به‌رامبه‌ر، یان هاوشان یان ته‌واوكه‌رى یه‌كترین. سه‌ربارى ئه‌م له‌به‌رامبه‌ر یه‌كتر دانانه، گۆران پیاو وه‌كو هێماى هێزو ژنیش وه‌كو هێماى جوانی-سۆز- نه‌رم و نیانی- ناسكی سه‌یر ده‌كات. له وه‌سفی ئه‌و هه‌ڵپه‌ڕكێیه‌دا كه له گه‌شتی قه‌ره‌داخدا بینیوێتی، پاش ماوه‌یه‌ك له هه‌ڵپه‌ڕینی پیاوان ده‌ڵێت: نۆره‌ى ئافره‌ته ئه‌مجا هه‌ڵپه‌ڕێ سا هێز ده‌ست به‌ردا، جوانی ده‌ست بگرێ. هێز وه‌كو گوتمان مه‌به‌ست پیاوانه و جوانیش مه‌به‌ست ژنانه. لێره‌وه دیسان گۆران ژن وه‌كو جوانی پێناسه ده‌كات و له هه‌مان كاتدا ئه‌و جۆرێك له هاوشانی له نێوان (هێز/ جوانی)دا درووست ده‌كات و ئه‌وه‌ش واى لێده‌كات كه ته‌نانه‌ت بۆ هه‌ڵپه‌ڕكێش یه‌كسانی له نێوان ئه‌م دوو ڕه‌گه‌زه‌دا درووست بكات. واته لێره‌دا ئه‌وه ئاشكرا ده‌بێت كه جوانی ئافره‌ت به ئه‌ندازه‌ى هێزى پیاو گه‌ریگه‌رى هه‌یه‌و ڕێگا نادات هه‌ژموونی هێزى پیاو به‌سه‌ر ئافره‌تدا باڵاده‌ست بێت. هه‌روه‌ك ئه‌وه‌شمان بۆ ئاشكرا ده‌كات كه ده‌سه‌ڵات ته‌نیا له هێزدا نیه به‌ڵكو جوانیش وه‌كو سامانێكی مه‌عنه‌وى گه‌وره به‌رهه‌مهێنی ده‌سه‌ڵاته. هه‌ر لێره‌وه له‌به‌رامبه‌ر هێزى پیاودا، جوانی ژن هه‌یه كه ده‌بێته هۆى درووستكردنی جوڕێك له هاوسه‌نگی له نێوان ئه‌م دوو ڕه‌گه‌زه‌دا. گۆران نایه‌وێت به درووشمی ساده‌ى زمانی باس له هاوشانی و یه‌كسانی نێوان ژن و پیاو بكات، به‌ڵكو له‌به‌رامبه‌ر هێزى پیاودا ڕه‌گه‌زێك لاى ژن ده‌دوێنێت كه ئه‌وه‌نده توانا‌و هێزى هه‌یه له‌به‌رامبه‌ر هێزى پیاو یان ڕه‌گه‌زى نێردا رایبگرێت. هه‌روه‌ك ئاشكرایه لاى گۆران په‌یوه‌ندى ده‌سه‌ڵاتی به‌رهه‌مهاتوو له هێزى پیاو، له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی به‌رهه‌مهاتوو له جوانی ژن، په‌یوه‌ندى دوژمنایه‌تى و له رووى یه‌كتردا وه‌ستان نیه، به‌ڵكو هاوسه‌نگی درووستكردن و ته‌واوكردنی یه‌كتریه. سه‌ربارى ئه‌وه‌ى كه جوانی ئافره‌ت زیاتر ده‌چوێنرێت به جوانی سرووشت، به‌ڵام لاى گۆران هه‌ندێجار به مرۆڤكردنی سرووشت هه‌یه. واته خاسێته‌كانی مرۆڤـــ بۆ سرووشت قه‌رز ده‌كات یان سرووشت به جوانی ئافره‌ت ده‌چوێنێت كه سه‌رچاوه‌ى ئه‌م جۆره له لێكچواندن له پێش گۆران‌دا لاى مه‌وله‌وى ئاشكرابووه. واته گوڵ و ڕه‌گه‌زه‌كانی تر‌ى سرووشتی چواندووه به جوانی یار یان ئافره‌ت. گۆران لێره‌دا خاسێتی مرۆڤــ به سرووشت ده‌به‌خشێت، كاتێ ده‌ڵێت: سه‌رانسه‌رى چه‌م دارى ژاڵه‌یه ئه‌و داوێن سه‌وزى سه‌رلق ئاڵه‌یه ڕۆژ: ڕۆژى شایی، كات: به‌یانیه ته‌بیعه‌ت مه‌ستی بزه‌ى جوانیه. لێره‌دا لێكچواندنی سرووشت به مرۆڤـــ هه‌یه. كاتێ وه‌سفی دارى ژاڵه ده‌كات له وێنه‌یه‌كی قه‌شه‌نگدا باسی سه‌وزى داوێنی ئه‌و دره‌خته‌و ئاڵی سه‌رى ده‌كات. داوێن بۆ مرۆڤـــ ده‌بێت و زیاتریش بۆ ئافره‌ت به‌كاردێت. بۆ نموونه ده‌گوترێت داوێنی كراسه‌كه‌ى. هه‌روه‌ك ئاڵ زیاتر ئاوه‌ڵناوێكه بۆ وه‌سفی لێو و روومه‌تی ئافره‌ت به‌كار دێت، به‌ڵام لێره‌دا ئه‌م وه‌سفكردنانه دراونه‌ته پاڵ دره‌ختی ژاڵه، وه‌كو ڕه‌گه‌زێكی نێو سرووشت. هه‌روه‌ها بزه كه به ماناى زه‌رده‌خه‌نه دێت خاسێتی مرۆڤه به‌ڵام گۆران ئه‌م ئاوه‌ڵناوه به‌كار ده‌هێنێت بۆ وه‌سفی سرووشت. واته خاسێتی مرۆڤـــ ده‌دات به سرووشت به‌وه‌ى ئاوه‌ڵناوى بزه‌ى جوانی پێ ده‌به‌خشێت. هه‌روه‌ك ناوى ئه‌ندامێكی جه‌سته‌ى مرۆڤــ هه‌یه كه بزه‌ى له‌سه‌ر ده‌بێت ئه‌ویش لێوه، به‌ڵام له ده‌قه‌كه‌دا ناوى نه‌هاتووه. كه‌واته سرووشت وه‌كو مرۆڤـــ بزه‌ى جوانی له‌سه‌ر لێوێتی. كردنی مرۆڤـــ به سه‌رچاوه بۆ ئه‌وه‌ى ڕه‌گه‌زه‌كانی سرووشت به‌و بچوێندرێت ماناى ئه‌وه‌یه كه شاعیر له روانگه‌ى جوانیه‌وه سه‌یرى هه‌موو شتێك ده‌كات و كام شت جوانتر بێت لاى ئه‌و ده‌بێته سه‌رچاوه. له زۆربه‌ى وێنه‌و ده‌قه‌كانیدا سرووشت و جوانی سرووشت سه‌رچاوه‌یه‌و جوانی ئافره‌ت به‌و ده‌چونرێت، به‌ڵام لێره‌شدا جوانی ئافره‌ت ده‌كرێته سه‌رچاوه‌و سرووشت به‌و ده‌چوێنرێت، یان خاسێته‌كانی مرۆڤ ده‌درێن به سرووشت، كه ئه‌وه‌ش بریتیه له به مرۆڤكردنی سرووشت. ئه‌وه‌ش ماناى زیاتر به‌هاپێدان و به گرنگ سه‌یركردنی سرووشته بۆیه خاسێته‌كانی مرۆڤی پێده‌به‌خشرێت. گۆران خاسێتـه‌كانی مرۆڤـــ به‌كارده‌هێنێت بۆ وه‌سفی كات، به‌ڵام كاتیش له‌و چوارچێوه‌یه‌دا وه‌كو ڕه‌گه‌زێكی سرووشت به‌كارده‌هێنێت كه ئه‌و كاته‌ش پایزه. له هه‌ڵبه‌ستی" پایز"دا ده‌ڵێت: پایز! پایز / بووكی پرچ زه‌رد من مات تۆ زیز/ هه‌ردوو هاوده‌رد. پایز یه‌كێكه له چوار وه‌زه‌كه‌ى ساڵ كه وه‌رزى پێگه‌یشتنی به‌روبووم و پاشان گه‌ڵاڕێزان و رووتبوونی داردره‌خت و دیمه‌نی سرووشته. گۆران ئه‌م وه‌رزه به بووك ناو ده‌بات، به‌ڵام بووكێكی پرچ زه‌رد. ئاشكرایه بووك ته‌نیا به‌و ئافره‌ته ده‌گوترێت كه شووده‌كات و له‌كاتی گواستنه‌وه له ماڵی باوانه‌وه بۆ ماڵی نوێ و بۆ لاى زاوا پێی ده‌گوترێت بووك كه له كورده‌واریدا بووك ده‌ڕازێنرێته‌وه‌و وه‌ك ده‌زانین پێشتر تاراى سوور ده‌درا به‌سه‌ردا بووكدا. كه‌واته گۆران خاسێتی بووك وه‌رده‌گرێت بۆ پایزو له‌برى تاراى سوور، ئه‌و به پرچ زه‌رد وه‌سفی ده‌كات كه له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌ش وه‌سفێكی زۆر ورد‌و جوانه بۆ وه‌رزى پایز كه گۆران به پایز ده‌ڵێت تۆ له جوانیدا بووكیت، به‌ڵام بووكێكی پرچ زه‌رد نه‌ك سه‌رداپۆشراو به تاراى سوور. هه‌روه‌ها شاعیر لێكچوون له نێوان خۆى و پایزدا درووست ده‌كات. واته خۆى و ئه‌وى بووكی پایز وه‌كو یه‌ك نیشان ده‌دات. ئاشكرایه پایز هێمایه بۆ غه‌مگینی و بێزارى و ته‌نانه‌ت جۆرێك له بێ هیوایی و سه‌ركه‌وتنی ته‌مه‌ن. وه‌سفكردنی پایز به پرچی زه‌رده‌وه‌و به زیزى، ئاماژه بۆ ئه‌و خه‌مبارى و بێ هیواییه ده‌كات كه هاوشێوه‌یه له‌گه‌ڵ مات و مه‌لولیه‌كه‌ى ئه‌مدا. كه‌واته لێره‌دا خاسێتی مرۆڤـــ به كات، یان به وه‌رزى پایز وه‌كو به‌شێك له سرووشت ده‌به‌خشرێت، كه ئه‌ویش وه‌كو ئه‌می مرۆڤـــ خه‌مبارو بێزار‌و بێ هیوایه. له ڕاستیدا كات شتێكی بێلایه‌نه به‌ڵام كاتێ خاسێتی پایزى پێده‌درێت، ماناى وایه له ڕێگاى ئه‌و خاسێته‌وه جۆرێك له ناساندن دێته ئاراوه، كه خاسێتی بووكیشی بخرێته پاڵ، ئه‌و كاته ماناى وایه له ڕێگاى پێدانی خاسێتی مرۆییه‌وه شووناسی ڕاسته‌قینه‌ى ئه‌و كاته دیارى ده‌كرێت و ئاماژه‌ش بۆ ئه‌و ده‌لاله‌ت و مانایه ده‌كرێت كه له‌پشتی ئه‌م كاته‌وه هه‌یه. هه‌روه‌ك له هه‌ڵبه‌ستی" هه‌ورى پایز"دا گۆران خاسێتی مرۆییبوون یان به مرۆڤكردن ده‌به‌خشێته هه‌موو سرووشت و وه‌كو مرۆڤـــ باسی ده‌كات. كاتێ ده‌ڵێت: بگرمێنێ، ته‌پ و لم دابكا، بیكاته شه‌ست، هه‌رگیز نه‌وه‌ستی قوڵپی گریانی، نه‌وه‌ستی هه‌وره‌كه‌ى پایز ته‌بیعه‌ت زه‌ردو ژاكاوه، له حاڵی گیان كه‌نشتایه نیشانه‌ى ماته‌می پایز له فرمێسكی درشتایه. گۆران باسی باران بارین ده‌كات كه له كورده‌واریدا ئه‌گه‌ر یه‌كه‌م بارانی ئه‌و ساڵه بێت پێی ده‌ڵێن بارانی په‌ڵه. له شێوه‌ى ده‌ربڕینی بنیادى زمانی ده‌قه‌كه‌دا جۆرێك له حه‌زكردن، یان په‌رۆشی بۆ بارینی ئه‌و بارانه هه‌ست پێده‌كرێت. واته واده‌رده‌كه‌وێت كه بوونی ئه‌و بارانه پێویست بێت، ئه‌گه‌رچی بارانی په‌ڵه‌بێت پاش هاوینی درێژ‌و وشك كه سه‌ره‌تاى ساڵی نوێی چاندن و وه‌شاندنه، یان ئه‌گه‌ر بارانی مه‌عنه‌وى بێت بۆ شۆردنه‌وه‌و خاوێنكردنه‌وه‌ى هه‌موو ئه‌و توخم و ڕه‌گه‌زه پیس و ناشیرین و خراپانه‌ى كه‌وتوونه‌ته سه‌ر زه‌وى و دار‌و دره‌خت و رووى جوانی ئه‌وان و سرووشتیان به‌گشتی ته‌ڵخ كردبێت. ئه‌وى قسه‌كه‌رى شیعره‌كه داواى بارینی بارانی به خورژم ده‌كات، به‌ڵام بارینی ئه‌و بارانه به قوڵپی گریان ناو ده‌بات كه گریان خاسێتێكی مرۆییه، به‌ڵام شاعیر وه‌سفی بارانی پێده‌كات، واته خاسێتی مرۆڤــــ ده‌دات به باران، یان به هه‌ور كه باران له‌وه‌وه ده‌بارێت. له باڕێكی وه‌هاشدا ئه‌گه‌ر هه‌ور بگرى ماناى وایه باران فرمێسكی هه‌وره. هه‌ڵبه‌ت پایز هێماى خه‌مبارى و دڵته‌نگیه. مرۆڤ ئه‌گه‌ر هه‌ست به دڵـه‌نگی له ئه‌ندازه به‌ده‌ر بكات، گریان ده‌بێته شێوه‌یه‌كی هه‌ڵڕشتنی ئه‌و خه‌فه‌ت و خه‌مباریه‌و كه‌مێك بارى شانی ئه‌و سووك ده‌كات. هه‌روه‌ك ئاشكرایه وه‌كو جۆرێك له خاوێنكردنه‌وه‌ى رۆح سه‌یرى گریان ده‌كرێت. كه‌واته به‌هه‌مان شێوه ره‌نگ زه‌ردى و مات و مه‌لولی پایزیش هه‌مان ئاماژه‌ى هه‌یه‌و گریان هۆكاڕێكه بۆ سووك كردنی بارى قورسی سه‌رشانی پایز. كه‌واته لێره‌دا به گشتی پایز وه‌كو مرۆڤـــ وه‌سف ده‌كرێت، یان خاسێتی مرۆیی به پایز ده‌درێت و پایز ده‌كرێت به مرۆڤـــ و وه‌كو مرۆڤیش خه‌مبار ده‌بێت. له‌م وه‌رزه‌دا سرووشت به گشتی ره‌نگ زه‌ردو شێواوه، دره‌خته‌كان پرچیان شێواوه‌و به‌رگی سه‌وزیان زه‌ردبووه. به‌گشتی ئه‌م بووه‌ى كه شاعیر وه‌كو مرۆڤـــ یان زینده‌وه‌ر وه‌سفی ده‌كات له حاڵی گیان كێشان یان مردندایه. دیاره هۆكارى ماتی پایزو گریانی به قوڵپی پایز مه‌رگی سرووشته. لێره‌وه به ئاشكرا ده‌رده‌كه‌وێت كه گۆران سرووشت و پایز وه‌كو مرۆڤـــ وه‌سف ده‌كات و وه‌كو مرۆڤـــ له‌گه‌ڵیان ده‌دوێَت. هه‌رچۆن له لایه‌كه‌وه خاسێته جوانه‌كانی سرووشت وه‌رده‌گرێت بۆ وه‌سفكردنی جوانی مرۆڤ، گۆران به‌هه‌مان شێوه خاسێته‌كانی مرۆڤیش وه‌رده‌گرێت بۆ وه‌سفكردن یان ده‌رخستنی هه‌ندێ بار‌و دیارده‌ى سرووشت. به‌ڵام زیاتر ئه‌و خاسێتانه‌ى مرۆڤـ وه‌رده‌گرێت كه ئاماژه‌ى خه‌مبارى و بێ هیوایی و ناكارایی و مردن و كۆتایی ده‌كه‌ن. بۆ نموونه هه‌ور ده‌گرى، پایز خه‌مبارو مات و مه‌لوله، ته‌بیعه‌ت زه‌ردو ژاكاوه، پایز بووكی پرچ زه‌رده. دیسان گۆران جوانی ڕه‌گه‌زه‌كانی سروشت ده‌چوێنێت به جوانی مرۆڤـــ. ئه‌م شوێن گۆڕینه له لێچواندندا كه جاڕێك ئافره‌ت ده‌چوێنێت به سرووشت و جاڕێك سرووشت ده‌چوێنێت به ئافره‌ت، ئه‌وه نیشان ده‌دات كه ئه‌م دوو ڕه‌گه‌زه كه هه‌ردووكیان سه‌رچاوه‌و به‌رهه‌مهێنی جوانین و هه‌ردووكیشیان سه‌رچاوه‌ى ئیلهامی شیعرى گۆرانن و شیعریش به‌لاى ئه‌وه‌وه هۆكاڕێكه بۆ هێشتنه‌وه‌ى ناوى مرۆڤـــ و به‌جۆرێك نه‌مرى پێ ده‌به‌خشێت. به گشتی ئه‌م دوو انه هاوشانن یان هاوتاو یه‌كسانن له جوانیدا و تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ى هیچ كامیان به بێ بوونی ئه‌ویتریان ئه‌و جوانیه‌ى نابێت كه پێكه‌وه هه‌یانه. گۆران له هه‌ڵبه‌ستی "دارچواله‌ى پشكووتوو"دا، دارچواله ده‌چوێنێت به بووك، واته دره‌خت له‌گه‌ڵ مرۆڤدا لێكچواندنی پێ ده‌كرێت، به‌ڵام نه‌مرۆڤێكی ئاسایی و نه مرۆڤـــ له ساتێكی ئاسایدا، به‌ڵكو ئافره‌ت و له ساتێك‌دا كه بووك بێت، كه ئه‌و ساته‌ش بۆ هه‌موو ئافره‌تێك هه‌ستیارترین ساته‌وه‌ختی ژیانه، ساتی لوتكه‌ى رازاندنه‌وه‌و جوانی و مه‌ستی و چاوه‌ڕوانی ئه‌و ئافره‌ته‌یه. گۆران له‌م هه‌ڵبه‌سته‌دا ده‌ڵێت: ریزێك نه‌مامی دارچواله‌ى نازدار كه ڕێك وه‌ستابوون له‌سه‌ر گیاى به‌هار وه‌ك بولبول ئه‌ندامیان له سووراو نابوو له‌نجه‌ى تاوتاویان بۆ چپه‌ى با بوو. دارچواله خاسێتی بووكیان پێ ده‌درێت و وه‌كو بووك سووراو ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها له‌نجه‌ولار ده‌كه‌ن كه ئه‌میش دیسان خاسێتی ئافره‌ته له كاتی جوڵاندندا. هه‌روه‌ها (با) له ڕێگاى خاسێت یان چالاكیه‌كی مرۆییه‌وه وه‌سف ده‌كرێت كه ئه‌ویش "چپه"یه، ئاشكرایه چپه دواندنی مرۆڤه به ده‌نگێكی نزم. ئێستا چپه وه‌سفی باى پێ ده‌كرێت و له‌نجه‌ى دارچواله بۆ چپه‌ى بایه. له‌م لێدوانه دووجه‌مسه‌ریه‌دا ئافره‌ت و سرووشت هه‌ر جاره‌و یه‌كێكیان ده‌بێته سه‌رچاوه‌و ئه‌ویتریانی پێ به‌راورد ده‌كرێت، یان لێكچواندنیان پێ ده‌كرێت. ئه‌مه‌ش وه‌كو گوتمان دیدو تێڕوانینی گۆران بۆ ئه‌م دوو ڕه‌گه‌زه‌ى به‌رهه‌مهێنی جوانی نیشان ده‌دات كه یه‌كێكیان مرۆڤه و ئه‌ویتریان سرووشته. مرۆڤـــ به‌رزترین و هوشیارترین ئه‌فریده‌بووى ناو ئه‌م گه‌ردوونه‌یه‌و ئه‌ویتریان سرووشتی جوانه واته ئه‌و سرووشته‌ى كه سه‌رچاوه‌ى بوونه یان له پێناوى مرۆڤدا درووستكراوه یان هه‌یه. گۆران له هه‌ڵبه‌ستی "دوا سه‌رنج"دا كه به ده‌ست به‌سه‌ركراوى ئه‌و ئافره‌ته ده‌بینێت و ئه‌و بینینه ده‌بێته ئیلهامی ئه‌م شیعره‌ى، ئه‌گه‌رچی واپێده‌چێت ئافره‌ته قژزه‌رده‌كه له چاوه‌ڕوانی كه‌سێكی تردا بێت و له گۆرانی ده‌ست به كۆت و پێوه‌ند بێ ئاگابێت. گۆران له جوانی ئه‌و شۆخه هیواى ئازادبوون وه‌رده‌گرێت. كاتێك ده‌ڵێت: پرشنگی نیگایه‌ك كه له رووى رووناك هه‌ڵئه‌ستێ و تیژ ئه‌كشێ تا ناخی ده‌روون كڵپه‌ى نوێ ئه‌خاته كووره‌ى عه‌شقی پاك ده‌فرى گیان لیپ ئه‌كا خۆزگه‌ى به‌ربوون بۆ ئه‌وه‌ى بتوانم له په‌رده‌ى بیرم نیگارێ هه‌ڵكه‌نم شێوه‌ى لێت بچێ تا هه‌رچه‌ن گازى گرت له له‌ش زنجیرم ئازارم سووكتر كا خه‌یاڵی كچێ. دیسان گۆران ده‌یه‌وێت له سه‌ر په‌رده‌ى ناسكی خه‌یاڵی، وێنه‌یه‌كی ئه‌م شۆخه بكێشێ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و دیمه‌نه جوانه‌ى له‌یاد نه‌چێته‌وه، چونكه پێیوایه ئه‌و دیمه‌نه جوانه هێزێكی مه‌عنه‌وى گه‌وره‌ى پێ ده‌به‌خشێت و واى لێده‌كات له‌به‌رده‌م ئازار‌و ئه‌شكه‌نجه‌ى زینداندا به‌هێزترو دان به‌خۆدا گرتووتر بێت. كه‌واته لێره‌دا وێنه‌ى ئه‌وى ئافره‌ت له لایه‌ك هیواى رزگاربوون به ئه‌می زیندانی ده‌به‌خشێت و له لایه‌كی تریشه‌وه ده‌بێته هۆى سووككردنی ئازارى زنجیر‌و ئه‌شكه‌نجه‌ى زیندان. ئه‌مه‌ش ئه‌وه نیشان ده‌دات ئافره‌ت هه‌ر ته‌نیا سه‌رچاوه‌ى چێژ‌و مۆتیڤی داهێنان و ژیان نیه لاى گۆران، به‌ڵكو هیوابه‌خشی ژیان و ئازادیه‌و وره‌به‌خش و به‌هێزكه‌رى گیانی به‌رگرى مرۆڤه به‌رامبه‌ر به ئازار‌و ئه‌شكه‌نجه‌و زیندان. لێره‌وه ئه‌و ده‌لاله‌ته به‌رهه‌م دێت كه ئافره‌ت به هه‌موو شێوه‌یه‌ك مۆتیڤى ژیان و به‌رده‌وامی و نه‌ڕواخان و هیواى ئاینده‌یه.
چیا عەباس جاران، تایبەت پێش سەدەی بیست و یەکەم، کوردبون و کوردایەتی بەهایەکی ئێجگار پێرۆز و مەزنیان هەبو، سەردەمانێک بو کورد بەرامبەر درەندەیی دوژمنەکانی لە بەردەم دو بژاردەی سەرەکیدا بو: یا لە بەرەی میللەت و بێدەنگی یاخود بەرەی دوژمنان. ئەم دو بەرەیە خەسڵەت و ناسنەمەی تایبەت بە خۆیان هەبو، پێشمەرگە و تێکۆشەر و ئەوی تر خائین و جاش و بەکرێگیراو، هەر دو تەرەف بە وردەکاریەوە لای میللەت ناسراو بون و هەڵسەنگاندنی تایبەتیان بۆ دەکرا. لەم سەردەمەی باشوری کوردستان بەها و پرەنسیپەکان بەسەر یەکدا ترشاون و هەریسەیەکی سیاسی، حزبی، فکری و کۆمەڵایەتی بەرپابوە، بەتەنیشت ئەمەوە حوکمرانیش بوارێکی دروست و یاسایی نەخوڵقاندوە بۆ دابینکردنی حوکمی یاسا و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و پاراستنی مافەکانی هاوڵاتی، ئیدیعاکردنیشیان بۆ سیستەمی دیموکراسی و پەرلەمان بریتیە لە دەسەڵاتی رەهای حزب و بنەماڵە و پێشێلکردنی مافەکانی هاوڵاتیان و کەمینەکان، ئاکامەکەی دروستبونی ئۆلیگارشی حزبی، بنەماڵەیی، ئابوری و جەمسەرە سەربازی و حزبیە بەهێزەکان. لەم کەش و هەوایەدا بەرەیەکی زۆر گەورە و بەرفراوانی هاوڵاتی و کادر و تێکۆشەر و رۆشنبیر و نوسەر کە بەشێکی گەورەیان خۆی لە ژیانی حزبایەتی دابریوە و ئیدیعای ئۆپزسیۆنبون و بەرەی نارازی دەکەن، ئەم تاقمانە لە دوای راگرتنی شەری ناوخۆ و دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان پێگەیەکی بەرچاویان لە ژیانی سیاسی و حوکمرانیدا دەستکەوت، بە گشتی رۆڵی بەرچاویان لە پرۆسەی سیاسی و مۆتۆربەکردنی چەمکی ئۆپزسیۆن و نارازی و میدیای ئازادا هەبوە. دوای وەفاتی کاک نەوشیروان و مام جلال بۆشاییەکی زەق هەڵتۆقی کە غیابی دو سەرکردەی کورد وەک مەرجەع و زیاتر تۆلێرانت و گوێگر لە هاوسەرکردەکانیان تەواوی پرۆسەی گۆرانکاری و ئومێد و ئاراستەکردنی روداوەکانی بە رادەیەک خاوکرد کە ژیانی سیاسی و حزبی لەلایەن چەند دەستەیەکی ئۆلیگارشی بنەماڵە و حزبی و ئابوری قۆرخ کراو و ئەو کزە هیوایەی هەبو رۆژ دوای رۆژ ئاوا دەبێت. لە ئاکامدا بێئومێدی و خۆماتکردن و چاوەروانی یەخەی زۆربەی ئەو کەسایەتی و تاقم و گروپانەی بە خەستی گرتوە، سەرەرای ئەمەش شکستخواردو بون لە دۆزینەوەی هاوکێشەیەک کە زۆربەیان کۆبکاتەوە و لایەنی کەم خۆیان وەک ئۆپزسیۆنێکی تۆکمە ئامادەبکەن. باوەر بە ژیانی حزبایەتی و سیاسی لە باشور گەیشتۆتە نزمترین ئاست لە مێژوی بزافی کوردایەتی لە کوردستانی گەورە، شکستی شۆرشی مەزنی ئەیلول و لە سەردەمی درندەیی بێ وێنەی رژێمی سەدام و بێباکی دنیای دەرەوە بە پرسی کورد رۆڵە تێکۆشەرەکانی میللەت تەسلیم بەو واقیعە نەبون، هێدی هێدی یەکێک لە مەزنترین شۆرشەکانی کوردیان بەرپاکرد و بە خوێن و قوربانیەکی بێئەندازە گەیاندیانە مەزنترین راپەرین لە مێژوی ناوچەکەدا. ئێستا لە ناو شار و دەسەڵاتی خۆماڵی و کرانەوەیەکی رێژەیی لە چەند ناوچەی گرنگی باشوری کوردستان و سەرمایەکی نەتەوەیی گەورە لە نارازی و نیەت و خواستی چاکسازی و گۆرانکاری و چاودێریکردنێکی نێودەوڵەتی کەچی گروپەکانی ئۆپزسیۆن و نارازیە راستەقینەکان دەستەوەسان وەستاون، پەرتەوازە و بێ خاوەن و دیدگای هاوبەشن. هێزە ئیسلامیەکان و بزوتنەوەی گۆڕان شایستەی باوەر و متمانەی جدی نین بۆ گۆرانکاری، نەوەی نوێش سەرکەوتو نەبوە لە سەلماندنی نیەتی جدی بۆ گۆرانکاری، لە بۆشایی سیاسی و غەوغای پروپاگەندە و دروشم و کرداری پۆپۆلیستیدا و لە سایەی کێشەکانی یەکێتی و نەرمنواندنی پارتی پشتگیریەکی کاتی سنورداری نێو تاقمە نارازیەکانی بەدەست هێناوە، زیادە بۆ ئەمەش ئەم گرتبونەوەیە رەگ و ریشەی توند داکوتروای سیاسی و فکری نیە، بۆیە ئەستەمە ئومێدی جدی لەسەر هەڵبچێنرێت. لەم کەش و هەوایەدا دەبینین گروپ و تاقم و کەسایەتیە نارازیەکان پەنایان بۆ چەند سایتێکی سەربەخۆ و زۆر تایبەت بۆ سۆشیال میدیا بردوە. دروستە کە ژیانی حزبایەتی ئەم سەردەمە وای لێهاتوە کە مەبەستی سەرەکی بۆ بەرژەوەندی و موچە و پۆست و دەسکەوتی ترە، زۆر دروستە کەسانێک کە سەرقاڵی خەبات و کاری حزبایەتی پاک بوبون خۆیان لەم جۆرە حزبایەتیە دور راگرتوە، ئەوە مانای ئەوە نیە چەمک و گرنگی حزب بەسەرچوە، لە بری ئەوەی هەوڵ بۆ ئەو مەبەستە بدرێت دەبینین سۆشیال میدیایان کردوە بە بارەگای حزبی شەخسی خۆیان، بێ پێرەو و چاودێریکردن و لێپرسینەوە و بە مەزاجی رۆژ و ئارەزوی خۆیان هەزاران پەیج و کۆمێنت و نوسینیان هەیە، دروستە ئەوانە کاریگەری ئەرێنینان لەسەر کۆی گشتی پرۆسەی گەشەکردنی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵایەتی و دەربرینی نارازی و رەخنە و بۆچونی دروست هەیە، هاوکاتیش وەک پرۆسەیەکی پارادۆکسی هەڵتۆقیوی ئەو دۆخە زیانەکانیشی کەم نین. کاتێک هاوڵاتی و گەنجێکی خەمخۆر و پەرۆش لە یەک ساتدا چەندین پەیج و کۆمێنتی چەند گروپ و کاراکتەری نارازی و ناسراو دەبینێت و هەر یەکێک لێیان لە ئاوازێک دەخوێێت، بەدەگمەنیش دەبینێت پەیامەکان تۆوی خۆشەویستی و متمانە بچێنن، بەپێچەوانەوە راستەوخۆ و ناراستەوخۆ تەنراون بە زمان و نیەتی تۆڵە و رق و کینە و ناشرینکردنی هاوکارەکانیان و دەگەدان لەم و لەو و فابرەکردنی هەواڵی نادروست.... تاد ئەوا بێگومان هەزار و یەک پرسیاری لا دروست دەبێت و گومانەکانیشی تەشەنە دەکەن، ئەمە ئەو واقیعەیە کە لە دوا مەتافدا سەد لە سەد لە خزمەتی بەرەی نارازی و ئۆپزسیۆندا نیە و بە رەچاوکردنی واقیعی ئەقڵیەتی دەسەڵاتیش ئەوەندە لێی دڵتەنگ نەبوە و ناشبێت، چونکە دەسەڵاتی کوردی هەزمی بونی ئۆپزسیۆن ناکات، باشیش دەزانێت ئۆپزسیۆن بونی بەرچاوی هەیە، جا ئۆپزسیۆنێکی پەرتەوازە و لەتلەت و نەگونجاو لە گەڵ یەکتری زۆر پێ باشترە لە پێچەوانەکەی. ئەمە ئەو واقیعەیە سۆشیاڵ میدیای بەو شێوەیەی لەم وتارەدا باسم کردوە ختوکەی ناراستەوخۆی دەسەڵات دەدات. ئەمە لە کاتێکدا هێزەکانی دەسەڵات درێغیان لە بواری سۆشیاڵ میدیادا نەکردوە و بە پارەی میللەت هەزاران سایت و پەیج و شتی تریان بۆ ئارایشتەکردنی خۆیان و ناشرینکردنی بەرامبەر خستونەتە گەر. بۆ خۆم زانیاریم نیە دەربارەی رۆڵی وڵاتانی دراوسێ و بەغدا لەم جۆرە کارانەدا، بەڵام بێگومانم کە دەستێکی چەوریان تێدایە. رۆتەردام: ١٧ ئەپریل ٢٠٢٢
كارزان سه‌باح هه‌ورامی به‌پێی ئه‌و رێككه‌وتنه پارتی دیموكراتی كوردستان به یه‌كێتی گوتووه كه ده‌بێت له‌سه‌ر داهاتی ناوخۆ له سنووری پارێزگای سلێمانی ته‌كمیله‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی ئه‌و پارێزگایه بكرێت، به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر یه‌كێتی پابه‌ند نه‌بوو یان نه‌یتوانی ئه‌و هه‌نگاوه بنێت ده‌بێت واز له ئیداره‌دانی داهاتی سلێمانی بهێنێت دواتر حكوومه‌ت خۆی راسته‌وخۆ سه‌رپه‌رشتی كۆكردنه‌وه‌ی داهات له سلێمانی بكات بۆ ئه‌مه‌ش لێژنه‌یه‌كی وه‌زاره‌تی دارایی و لێژنه‌یه‌كی ئه‌منی راسته‌وخۆ خۆی سه‌رپه‌رشتی كۆكردنه‌وه‌ی داهاتی مه‌رزه‌كان بكات هه‌رچه‌نده ئه‌مه پیشووتر له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی قوباد تاڵه‌بانی و سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان ره‌تكراوه‌ته‌وه، یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ئێستا تووشی دوو ریانێك بووه، چونكه ناتوانێت به‌داهاتی ناوخۆ ته‌كمیله‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی سلێمانی بكات و ناشیه‌وێت ته‌واوی داهاته‌كه راسته‌وخۆ بدرێته حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، یه‌كێتی له‌به‌رده‌م دوو رێگای سه‌خته هه‌ركامیان هه‌ڵبژێرێت (به‌بیركردنه‌وه‌ی خۆی ته‌سلیم بوونه). تائێستا به‌فه‌رمی یه‌كێتی پارتی ئاگادار نه‌كردوه‌ته‌وه كه رازی نییه له سنووری ئه‌ودا گازی سروشتی به‌رهه‌م بهێنرێت، به‌ڵام له ئاستی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی قسه هه‌یه كه ئه‌وان رێگرن له به‌رهه‌م هێنانی گازی سروشت له سنووری سلێمانی، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌مه راست بێت و نیه‌تی یه‌كێتی بێت كه‌وایه به‌شداریكردن و نه‌كردنیان له حكوومه‌ت وه‌ك یه‌كه بگره بۆ پارتی بارقورسیه، ئه‌گه‌ریش مه‌به‌ستیان له ئیداره‌دانی سلێمانییه له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه، ئه‌مه‌ش قسه‌یه‌كی دیكه‌یه چونكه شكستی پرسی لامه‌ركه‌زیه‌تی سلێمانی گه‌وره‌ترین گورز بووه له‌وه‌ی بیر له ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سلێمانی بكرێته‌وه، ئه‌گه‌ریش بابه‌ته‌كه ئه‌وه‌یه كه راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا مامه‌ڵه بكه‌ن ده‌بێت ئاگاداربن كارتی پارتی له‌به‌غدا ئه‌وه‌نده بێ هێز نییه له‌به‌غدا ئه‌و بابه‌ته به ئاسانی تیپه‌رێت، له‌كاتێكدا یه‌كێتی ته‌واوی سه‌دریه‌كان و سوننه‌كانیشی كردوه‌ته‌وه دژی خۆیان!! له‌به‌غدا ئه‌وه‌ی به‌ده‌ست یه‌كێتییه‌وه ماوه چوار چێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیه كه نازانرێت داهاتوویان له عێراق چۆن ده‌بێت. به‌ره‌یه‌ك له‌دژی پارتی دیموكراتی كوردستان دروست بووه كه ئه‌وانه‌ی له‌چوار چێوه‌ی ئه‌و به‌ره‌ن نازانن بۆچی كه‌وتونه‌ته دژایه‌تییه‌وه؟ به‌ڵام یه‌كێتی ده‌زانێت، چونكه به‌كورتی نایه‌وێت به‌پێی پێوه‌ری هه‌ڵبژاردن مامه‌ڵه‌ی سیاسی له‌گه‌ڵ بكرێت، حزبه‌كانی دیكه‌ش وه‌ك كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو نه‌وه‌ی نوێ چونكه جێنفوسیان له سلێمانییه و له‌ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی به‌هه‌ڵویستێك بچنه به‌ره‌ی پارتییه‌وه نا‌وێرن ئه‌و هه‌نگاوه بنێنن ناچار له‌به‌ره‌ی هه‌ڵویستی یه‌كێتی یاری ده‌كه‌ن، باشترین به‌ڵگه له‌گه‌ڵ چونی نه‌وه‌ی نوێ بۆ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌سه‌ر پرسی سه‌رۆك كۆمار بینیمان به 2 رۆژ له سلێمانی به سۆشیال میدیا و میدیای سێبه‌ر و به‌ناوی چالاكوانه‌وه ره‌شماڵی نه‌وه‌ی نوێیان لوله‌پێچ كرد و دواجار سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌كه له هه‌ڵویسته‌كانی په‌شیمان بویه‌وه، بۆیه به‌كرده‌یی یه‌كێتی دووئیداره‌ی له سلێمانی دروستكردووه، نازانین قازانجی تێدا ده‌كه‌ن یان زه‌ره‌ر، به‌ڵام ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه ده‌چن كه سلێمانی له ئیفلیج بوونی ئیداره به‌یه‌كجاری نزیك بوه‌ته‌وه ته‌نیا راگه‌یاندنی ماوه. یه‌كێتی باش ده‌زانێت كه له سیایه‌تدا ده‌ره‌قه‌تی لوله‌پیچ و تاكتیكی پارتی ناباته‌وه بۆیه به‌هێزترین كارتی به‌كارهێنانی سلێمانییه له‌دژی ئه‌و تاكتیكه‌ی پارتی ئیتر سلێمانی چی لێ دێت گرنگ نییه هه‌ر وه‌ك ئێستا كه پاره له بانقه‌كان نییه، خزمه‌تگوزاری نییه پرۆژه‌كان راوه‌ستاون گرنگ ئه‌وه‌یه كه سلێمانی چه‌كێكی ئاماده‌كراوه بۆ جێبه‌جێكردنی داواكاریه‌كان.
سوپا سلام بەرلەوەی بمانخەنە چوارچێوەی بەرگری كردن لەو سیستمە ئیداریەی ئەم هەرێمەی بەڕێوەبردووە،منیش لە كوردستانی باشور دەژیم كە سیخناخ بووە بە گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات، چوار كابینەی رابردووی حكومەتی هەرێمیش جەخت لەو راستیە دەكەنەوە كە گەندەڵی هەیە و ئەم كابینەیەش یاسای چاكسازی لەبارەوە دەركردووە. بەڵام پێویستە مەسەلەی گەندەڵی ئیداری و دارایی لە چوارچێوەی خۆیدا مامەڵەی لەتەكدا بكرێت و میكانیزمی تایبەتی بۆ بگیرێتەبەر ،هاوكات پرسی نەتەوەو قەوارەی هەرێم و خەباتی نزیكە سەدەیەكی چوارچێوەیەكی دیكەدا مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت. چونكە پرسی گەندەڵی بەرلەوەی وابەستەی كەس و گروپێكی دیاریكراو بێت بەتەنها، زادەی كلتوری كۆمەڵگایەكی دواكەوتووی چەقبەستووە كە لە ئەنجامی نەبوونی چاودێریەكی ورد و یاسایەكی تۆكمە گەرای خۆی داناوەو هیچ گروپ و حزب و جوڵانەوەیەكیش عەصاكەی موسای بەدەستەوە نیە لە چاوتروكانێكدا چارەسەری بكات. مێژووش ئەو شاهیدیەمان بۆ دەدات كە هەرچی بزوتنەوە و جوڵانەوەیەكی سیاسی لەسەر ئەم پاكێجە (گەندەڵی) نمایشی خۆی دەستپێكردبێت سەرەنجام دۆخە ئیداری و داراییەكەی خراپتر كردووە نەك چاكی بكات. ئەفسوس لەدوای بڕینی بەشەی بودجەی هەرێم ئاوازی رادەستكردنی داهاتی هەرێم بە بەغدا لەلایەن دەستەیەك لە نوسەران و (رۆشنبیران) بەگوێماندا دەدرێ،وەلێ دوای بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵیش ئەم بۆچوونە لەلایان بووە فریاد رەسی چاكسازی و خۆشگوزەرانی هاوڵاتیانی هەرێم!ئەگەرچی زیاتر لە 10 ساڵە ئەم تایپە لە نوسەران نەك كاریان ناشرینكردنی دەسەڵات و حوكمڕانیە(كە لەمەیا ئازادن) بەڵكو قێزەون وێنا كردنی تاكی كورد دەستپێكی نوسینیان بووە، زۆربەی ئەم قەڵەم بەدەستانە دڵسۆزی خۆیان بۆ نیشتمانەكەیان لەو رێگایەوە نیشان دەدەن كە هەتا دووا پلە كورد سوك و بچوك بكەنەوە،وەك ئەوەی ریسواكردنی كورد جۆرێك بێت لە رزگاركردنی خود لە ریسوایی، دەنا لە چ پرۆسەیەكی ریفۆرمخوازی ئیداری و داراییدا دەستپێكی چارەسەر بە تەسلیمبوونەوە بە وڵاتی داگیركەر و بەهەدەردانی خوێنی سەدان هەزار شەهید و ئەنفال و بێسەرو شوێن كراوەتە بنەمای چاكسازی! ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵیش كە ئەم خەیاڵ پڵاوانە پێی شاگەشكە بوون ئەگەرچی لە بنەڕەتدا چارەسەری كێشەی دارایی هەرێم ناكات ، شكاندنی شكۆی خەباتی نەتەوەیی تاكی كوردە و، لە ئەرزی واقعدا جێبەجێكردنی ئەستەمە، چونكە لایەنێكی بەهێزی ناو گەمەكە توركیایە كە سودمەندێكی سەرەكی پرۆسەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمە ،لەلایەكی دیكەشەوە قەیرانی وزەی ئەوروپاش كە بەهۆی جەنگی (روسیا – ئۆكراین) سەری هەڵداوە و لە كۆبوونەوەكانی ئەم دواییەی گەورە بەرپرسان لە یۆنان لەگەڵ شاندی هەرێم گرنگی بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی وزەی هەرێم(غاز) بەروونی بەدیار كەوتن پەیامێكی دیكەبوون بۆ حكومەتی عێراق و دادگای فیدڕاڵی، بەڵام ئەوەشمان لە یاد نەچێ بە وریایی مامەڵەنەكردن لەگەڵ ئەم پرسەو وەرنەگرتنی گرەنتی نێودەوڵەتی دوورنیە هەرێمی كوردستان بەلكێش بكاتە ناو ململانێیەكی قورسەوە كە سەرەنجامەكەی بە لەناوچوون كۆتایی بێت. بۆیە دەكرێت لەنیوان بەردەوامی دان بە پرۆسەی گەندەڵی یان تەسلیمبوونەوە بە بەغدا رێگەی سێهەم پێشنیار بكرێت كە خۆی دەبینێتەوە لە دابینكردنی مووچە و شایستە داراییەكانی مووچەخۆرانی هەرێم لەوادەی خۆیدا و، دابەشكردنی عادلانەی پرۆژە خزمەتگوزاریەكان و، بنەبڕكردنی هەموو جۆرەكانی بەفیڕۆدانی سامانی گشتی و، دابنكردنی ژیانێكی شایستە بۆ هاونیشتمانیان بەو داهاتە گشتیەی مانگانە دەست حكومەت دەوكەوێت. هاوكات ئاڕاستەكردنی سێكتەرە پەروەردەیی و رۆشنبیری و راگەیاندنەكان بە ئاڕاستەی بنیادنانی ئینتمای نیشتمانی بەجۆرێك تاكی كورد نیشتمانەكەی خۆی خۆشبوێت و بەو دەستكەوتانەش رازی نەبێت كە تەنها بە زیندویی بیهێڵێتەوە،وەلێ چاوەڕێی فریاد رەسی دەرەكی نەكات هەتا خۆشگوزەرانی بۆ فەراهەمبكات، بەڵكو چاكسازی بكاتە ئەمری واقع لە لوتكەی سەرەوەی حوكمڕانیەوە هەتا بنكەی خوارەوەی هەڕەمەكە بەردەوامبێت. * ماجستێر لە زانستی ئابووری - توێژەری دكتۆرا لە دارایی گشتی
سالاری بازیان لەسەروەختی یادکردنەوەی کارەساتی ئەنفال و کۆبوونەوەی بەرپرساندا، لە پایتەختی ئەنفال، وێنەی خانمێکی میراتی ئەنفال، جوانترین و کاریگەرترین وێنەبوو، کوردە دەنا دەبێت ئەو وێنەیە بچێتە ریزی سەد وێنەی کاریگەری جیهان و هاوشانی وێنەکانی (جين ئایستنی بەریتانی )،(فلورانس نايتينگل،) (ئاملین پنکهرست) و ، چەندەهای تر، وێنەی ئەو تەوارە سەرسەختە بۆ هاوتاکانی و سەرجەمی ئەوانەی داد و بێدایی نیگەرانییانە، ئاوی دڵ دەدات و جێی شانازییە، وەلێ وێنەکە بۆ سەرانى حكومەت، ئەوپەڕی شەرمەزاریییە، چونکە دوای چەندها ساڵ چەوسانەوە و ئاوڕنەدانەوە لە دۆخی سەختی ژیانیان، وێنەیەک پێمان بڵیێت وەک خۆمانین، ڕێک دیمەنەکە لەو ساتە دەچێت، کە لەزیلەکانەوە بەرەو زیندانەکانی مەرگ و ژێر خوڵ و لمی بیابان بەرێکراین. ئەو خاتوونە پێی وتین ئەو ڕۆژەی بەعس گورگ ئاسا کەوتە گیانمان ئێوە لەکوێ بوون؟ ئێمە هەرخۆمان بووین و ئێستاش هەر خۆمانین، ئێمە یازمەکەی سەرمان نەکردۆتەوە، چونکە هەست بەئارامی ناکەین، پێمان دەڵێت ئێوە هەمووتان لەیەک دەچن، دوێنی جەستەمان ئەنفالکرا، ئەمڕۆ غروورمان، دوێةی ڕووحمان لەدار درا، ئەمڕۆش هیوا و ئایندەمان. ئیتر دەکرێت وێنەی ئەو خاتوونە ئاڵامان بێت، سنوور و نەخشەمان بێت لەپشتی سەری هەمو کورسیەکەوە بێت؟ ئەم وێنەیە پێمان دەڵێت: ئیدی درۆ دەرچوو كه زەمەن هەموو شت چارەسەر دەکات، تەنها قژەکانی ئه نفالى سپی‌تر کرد، برینی کۆنی حەسرەتمانی گەورەترکرد، دڵتەنگیمان زیاتر و ڕۆژگارمانی ڕەشتر کرد. وێنەکە پێ وتین چەند سەرزەمنێکی ساختە و درۆزنی بێ قەول و قەرارمان هەیە، دەسەڵاتێکی غرور و پارەدار و خاوەن کۆشک هەر جارە بە ناوێک بەڵێندەدا و هیچی لێ سەوز نابێت، جارێک بەناوی نەتەوە و نیشتیمانپەروەریی، جارێک بەناوی دین، علمانیەت، جارێک بەناوی خۆشبەختی و مارکسیزم و جارێک بەناوی سۆسیالیستی، بەڵام هەمویان لەیەکدی دەچن و منداڵی یەک منداڵدانن، لەدۆشینی خێر و بێری وڵات، لەچەوساندنەوە و خوێنمژی و خاکفرۆشی و لە نەوت دزین، لە بەتاڵانبردنی غاز، ڕۆژێک شەڕ و ڕۆژێک ئاشتی لەبەردەم میللەت لوتبەرز، لەبەردەم دوژمنان‌دا دەستلەسەر سنگ و ملکەچ و بێ ئەرزش. وێنەکە پێوتین، چیتر خوێ مەکەن بەسەر جەستە شەقار شەقار و زامدار و پارچە پارچەکراوەکانماندا، پێوتین 31ساڵە هەر چاوەڕێن، ئێمە هەر لەخۆمان دەچین هیچمان نەگۆڕاوە، نە بەرگ نە ڕوخسار، نە میحنەت و هەناسەی ساردمان. وێنەی ئەو تەوارە پێی وتین وەرن با بەیەکەوە سەیری وێنەکانی ڕابردوومان بکەین!؟ هەزار خۆزگەمان بەو ڕۆژانە هەموومان لەیەک دەچوین، هەزار نەفرەت لەم ڕۆژەی کەهیچ شتێکمان لەیەک ناچێت. چەند لەیەک دەچین؟ ئێمە چاوەڕێ ڕۆڵەکانمانین، چاوەڕێ کرانەوەی دەرگای خێر و ڕەحمەتین، بەڵام ئێوە چاوەڕێی پولی زیاتر و کۆشکی باڵاترن، ئێمە چاوەڕێ موچەیەکی نەفرەتین، ئێوە چاوەڕێی فرۆشتنی غازەکەن.. ئێمە چاوەڕێی مەرگی خۆمانین... ئێوە چاوەڕێی مەرگی خەڵک و نیشتیمانن. چەند سەیر و سەمەرەیە خۆزگەکانمان، ئێمە چاوەڕێن بەغدادی پایتەختی تاوانین دەستی خێرى بمانگاتێ تا لەسەرەی موچەدا نەمرین.! ئێتر ئێمە لەگەڵ داهاتوی ئێوە زۆر لەیەک دەچین گیرفانی خاڵی ئێمە و خەزانی خاڵی حکومەت هەر دووکمان زۆر لەیەک دەچین لەچاوەڕوانی دوژمنان‌دا ئێمە بۆ لاشەی ون و بێ‌ناونیشان، ئێوەش بۆ بەشە پارەی نەوت. چەند لەیەک دەچین ئێمە و ئێوە؟ ئـێمە زام و ژان و دەردو کۆمان دەکاتەوە، ئێوەش شادی و سەروەت، دەزانن لەچیدا لەیەک ناچین ئێمە غەریب کەوتین بەعەشقی خاک و سەربەرزیمان فریودراین، بەنیشتمان ماڵی هەمومانە بە هۆنراوەکانی شێرکۆ بێکەس و بەشەڕی ناوخۆ.. بەحکومەتی ساوا و بەڕیفراندۆم، بەکەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان، بەماددەی 140، ئەمڕۆ نا سبەی کاتێک لەم خەوە بەئاگا هاتینەوە.. عەیامێکە ئێمەتان بەڕێکردووە، ئیدی سەردەم چەرخی ڕۆژگاری گەڕاوە و ئێمەش بەڕێتان دەکەین.
كەمال چۆمانی ئاڵا هەڵدان یان هەڵنەدان لە دانیشتنی ئەردۆغان و بارزانیدا پرسەکە نییە. ئەوەی پرسە و مەترسییە و لە رابردو و ئێستا و داهاتوش، بونی هەرێمی کوردستانە بە قوبرسێکی دیکە، بەشداربونی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە شەڕی تورکیا دژ بە کورد لە تورکیا، کۆنتراکتێکی دیکەی پەنجا ساڵیی دیکەی نەوت و گازە، بونی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە ململانێیەکی هەرێمیی کە لە توانای حکومەتی ئێمەدا نییە. بە نەوتی هەرێمی کوردستان ماڵی بارزانی خزمەتی شەڕی تورکیا دژی کورد دەکەن، خزمەتی ئەردۆغان دەکەن تا حیزبەکەی و بنەماڵەکەی لەڕوی ئابورییەوە بەهێز بمێنن کە خۆیی و حیزبەکەی و بنەماڵەکەی بونەتە بەڵا بەسەر تورکیاوە. لە کاتێکدا ئێمە خەڵکمان بە پرسێکی سیمبولییەوە مەژغوڵ دەکەین، ماڵی بارزانی حکومەتی هەرێم و سەرچاوە سروشتییەکان دەخەنە خزمەتی تاغوتێکی ناوچەکە بۆ پاراستنی هەیمەنەی خۆیان بەسەر نەوت و گاز و حوکمڕانیی کوردستاندا. مەسرور بارزانی حەزدەکات پرسی ئاڵا وا گەورە بکرێ تا لە جاری داهاتودا ئەوەی خۆی جورئەت ناکا داوای بکات، تورکیا هەست بە نیگەرانیی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکات. تورکیا کاتێک دەیەوێت ئامانجەکانی بەدەستبێنێ، ماڵی بارزانی لەو ئیحراجییە دەپارێزن. هێزە سیاسییەکانی کوردستان و میدیاکانیشیان، پێویست ناکات باسی هەڵدان و هەڵنەدانی ئاڵا بکەن، ئەوان بەشداری حکومەتێکن، یان ئەو مەترسییانە رابگرن و باسیان بکەن، یان بەشێکن لە ئاجێندای ماڵی بارزانی.
