د. موئمین زەڵمی زیادکرانی زمانی کوردی/ سۆرانی/ ناوەڕاست بۆ وەرگێڕانی گووگڵ یەکێکە لە هەواڵە جوانەکانی ٢٠٢٢، ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ کوردەکان، بۆ کوردستان و ئەو گەنجە سەربەرزانەش چەند ساڵێکە سەرقاڵی ئەم پرۆژەیەن. ئەم پرسە لە یەک کاتتدا هەم ئاڵەنگاری تێدایەو هەم دەرفەتیش دڕەخسێنێت کە هەوڵ ئەدەم بە چەند خاڵێک ئاماژەیان پێبکەم: * مامۆستایانی بەڕێزی زانکۆو پەیمانگەکان دەبێ بزانن لەمەولا قوتابیان بۆ نوسینەکانیان وەک قوتابیانی وڵاتانی جیهان پشت بە وەرگێڕانی کوردی- ئینگلیزی (گووگڵ) دەبەستن، گرنگە لە ئێستاوە خۆیان بۆ سازان لەگەڵ ئەم دۆخە رابهێنن. * وەرگێڕانی گووگڵ دەبێتە مایەی زیاتر بەکارهێنانی زمانی کوردی لەلایەن قوتابیانی زانکۆو پەیمانگەکانەوەو ئەمەش بایەخێکی یەکجار گەورەی هەیە لە ڕووی سیاسەتی زمان و شکۆمەندی و مەکانەتی زمانی کوردییەوە. * ئەم پرسە هەم ئاڵەنگاریی تێدایەو هەم دەرفەتی گەورەش دێنێتە ئاراوە کە گرنگە ژینگەی ئەکادیمی کوردستان ئاڵەنگارییەکان بخوێنێتەوەو سود لە دەرفەتەکان وەربگرێت. * توێژەران و مامۆستایانی زانکۆو پەیمانگەکان چەندین ناونیشانی گرنگیان بۆ دێتە پێشەوە بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی نوێ و بەرۆژ، دەربارە رەهەندە جیاوازەکانی زیادکرانی زمانی کوردی/ ناوەڕاست/سۆرانی بۆ وەرگێڕانی گووگڵ. * مامۆستایان و قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگەکان دەبێ بزانن کە ئەم پرۆسەیە بێ کەموکورتی نیە، وەرگێڕانی گووگڵ بۆ هەموو زمانەکان هەر وا پڕ کەموکورتییە و وەک مامۆستایانی زمان ئێمە تەنها وەک هاریکار بە قوتابیانی دەناسێنین نەک وەک سەرچاوەی وەرگێڕان… لەگەڵ ئەوەشدا وەرگێڕانی ئامێریی هەمیشە پڕکێشەو کەموکورتی بووەو دەبێت و هێشتاش هیچ ئامێرێک جێگای هەستی بەرزی مرۆڤ ناگرێتەوە کە لەکاتی وەرگێڕاندا دەیخاتەکار بۆ دۆزینەوەی وشەو رستەی شایستەو پڕبەپێست. * یەکێکە لە ئاڵەنگارییەکان کە لە جیهاندا هاتووەتە پێشەوە، پرسی وەرگێڕانی پوختەی توێژینەوەکان، کە بەپێی ژمارەیەک توێژینەوە، زۆرینەی توێژەرانی جیهان بۆ نوسینی توێژینەوەکانیان و پوختەی توێژینەوەکان سود لە وەرگێڕانی گووگڵ وهردەگرن و ئەم وەرگێڕانەش نائەکادیمییەو نابێت توێژەران پشتی پێببەستن. (توێژینەوەی ئانگاکاناو گریفت -٢٠٢٠ کە هەڵسەنگاندنیان بۆ ٥٤ توێژینەوەی توێژەرانی تایلەندی کردووە، گەشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە زۆرینەی زۆری توێژینەوەکان بە وەرگێڕانی گووگڵ کراونەتە ئینگلیزی و نائەکادیمیانە کراون). * بەکارهێنانی وەرگێڕانی گووگڵ لە نوسینی ڕاپۆرت، دارشتن و پەیپەرەکانی وانەی نوسینی ئەکادیمی زیاتر دەبێت و ئەمەش ئەرکی مامۆستایانی زانکۆو پەیمانگەکان لەم وانەیەدا سەختتر دەکات لەهەمان کاتدا توانای نوسین زیاترو ئاگایی قوتابیان بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکانیان زیاتر دەکات (کۆڵ، شکۆلینگ و کۆهین -٢٠١٨ لە ئەنجامی هەڵسەنگاندنی دارشتنی وانەی نوسینی ئەکادیمی، بەراوردی ئەو داڕشتنانەیان کردووە کە بە وەرگێڕانی گووگڵ نوسراون لەگەڵ ئەوانەی بەبێ وەرگێڕانی گووگڵ نوسراون کە ئەنجامەکان دڵخۆشکەر بوون، ئەوان پێشنیار دەکەن کە بۆ وانەی (زمانی ئینگلیزی بۆ مەبەستی ئەکادیمی) وەرگێڕانی گووگڵ بەکاربهێنرێت). * پرسی زیادبوونی زمانی کوردی/ سۆرانی/ ناوەڕاست بۆ وەرگێڕانی گووگڵ، دووەمین هەوڵی زیادبوونی زمانی کوردییە بۆ ناو جیهانی تەکنەلۆجیا، ئەویش پاش ئەوەی چەند ساڵێکە کوردی/ کرمانجی زیادکراوە، بۆیەش لەگەڵ ئەوەی کە تازەیە بەڵام ژمارەیەک ئەکادیمیست رەخنەی وردیان لەسەر هاوواتایی وشەکان گرتووەو دەکرێت ئەم ببێتە هەوڵێکی باشتر بۆ چاکسازی لە پرۆسەکە و هاریکاری و هاندانی ئەو گەنجانەی کاریان لەسەر ئەم پرسە کردووە. * حکومەتی هەرێم دڵخۆشی بەم هەنگاوە دەربڕیوە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران سوپاسی گووگڵی کرد، وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی هەرێم و خودی وەزیری رۆشنبیری و لاوان پەیوەندییان بەیەکێک لەو گەنجانەوە کردووەو سوپاسیان کردووە. * لە ناو کۆمەڵگەی کوردی و شەقامی کوردیدا دەنگدانەوەیەکی گەورەی لێکەوتەوە خەڵکی بە شێوەیەکی گشتی دڵخۆشن بەم هەنگاوەو داوای رێزلێنان لەو گەنجانە دەکەن کە بەم کارە هەستاون. * ئێستا لە هەر کاتێکیتر پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیران بێنە سەرخەت و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان راسپێرن بۆ پشتیوانی پرۆژەی نوسین و داڕشتنی (سیاسەتی زمانیی بۆ هەرێمی کوردستان) کە ماوەیەکە کاری لەسەر دەکرێت و لەئەگەری سەرکەوتنی ئەم پرۆژەیەدا دەستکەوتی گەورە بۆ زمانی کوردی و پرسی زمانەوانیی لە هەرێمی کوردستان دێتە ئاراوە. لە کۆتاییدا گرنگە ئەوە دووپات بکەینەوە کە ئەرکی زانکۆو پەیمانگەکان قورستر دەبێت و گرنگە هاوکات لەگەڵ رێزلێنان و نرخاندنی کاری ئەم ژمارە گەنجە بە تایبەت (بۆکان جاف، سەرچیا خورشید، رۆشنا عمر عەبدلرەحمان، میدیا غازی زادە، سامان وەیسیپوور)، هەوڵەکان فراوانتر بکرێن بە مەبەستی بە جیهانیکردنی زمانی کوردی.
کاوە محەمەد بەرپرسە بێ سەوادەکانی ئەم هەرێمە کوڕ و نەوەکانیان دەکەن بە سەرۆکی زانکۆ بێ ئەوەی تاکە یەک توێژینەوە و بڕوانامە یان دەستکەوتێکی زانستیانمان بینیبێت..دەتوانن هەموو زانکۆ و دامەزراوەکانی تری خوێندنی باڵا بە هەوا و هەوەسی خۆیان هەڵسوڕێنن، کە لەدەرەنجامدا وایانکردووە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لە عیلم و مەعریفەت بەتاڵیان بکەنەوە و پڕیان بکەن لە خوێندکار و مامۆستای گوێڕایەڵی حزب و بەرپرسانیان و سەرەنجام کوشتنی ئەو هەموو توانا و بەهرە گەنجانەیەی کە لە کۆمەڵگاکەماندا بوونیان هەیە و پێوەر و پێوانەکانی حزب و دەسەڵات دەرفەت و دەرگاکانیان بە ڕوو دادەخات . لەبەرامبەر ئەوەدا گەنجانی وەک (بۆکان جاف) یش دەبینین کە بە بێ دەنگی ساڵان دەخاتە سەر ساڵان تا بەرهەم و ئەنجامێکی وا دڵخۆشکەری وەک زیادکردنی زمانی کوردی-سۆرانی بۆ (google translate) بەدەستبێنێت کە مایەی شانازی بێت بۆ هەموو کوردێک لەکوردستان و دەرەوەش.. ئاخر ئەم جۆرە کار و هەنگاوانەن کە دەچنە خانەی نەتەوەسازییەوە، نەک هاش و هوشی بێ بنەما و پڕ لە موزایەدەسازیی بۆ دروستکردنی (دەوڵەت)ێک کە ببێت بە (دەوڵەت)ی کوڕ و نەوەکانی ئەو بەرپرسانە نەک ببێت بە هی (بۆکان)ەکان و ئەوانەیش کە شانازی بە کارەکەیەوە دەکەن.. دەستخۆشی بێ ئەندازەم بۆ کاکە (بۆکان جاف)ی گوڵ و گوگڵ..هەر سەرکەوتوو و پڕ بەرهەم بێت..
سهردار عهزیز پەرلەمانی عێراقی خوێندنەوەی یەکەمی یاسای یاساغکردنی پەیوەندی لەگەڵ کیانی سەهیونی ئەنجام دا. ڕەشنوسی یاساکە هەتا بڵێی توندە. ڕەشنوسەکە ڕەهەندی دەوڵەتی و شەخسی و کۆمپانیایی هەیە. ئەگەر بپرسین ئەم یاسایە بۆ، ڕەنگە بە ئاسانی وەڵامێکی ڕونمان دەست نەکەوێت. ئایا ئیسرائیل هێندە پەیوەندی و کاریگەریی هەیە لەسەر عێراق. بێگومان نەخێر. یاساکە دژ بە تەتبیع یان نۆرمەلایزەیشنە. ئێستا ئەم چەمکە کە یانی ئاساییکردنەوە بوەتە ڕەوتێکی کاریگەر لە ناوچەکەدا. ئەمە وەرچەرخانە لە دێوزەمەبونی ئیسرائیل بۆ ئاسایی بوونی. لای هەندێک وڵات ئیسرائیل نەک هەر دەبێتە ئاسایی بەڵکو دەبێتە پشتیوانێکی ئاسایشیی، بە تایبەتی لە پاش ڕۆڵ گۆڕینی ئەمریکا. هەرچەندە ئەم پرۆسەیە بەم شێوازەی ئێستا لە ئیدارەی ترەمپدا دەستی پێکرد، بەڵام ئەم ئیدارەیەش هاندەری ئەم پرۆسەیە. یەکەم پەیامی یاساکە دژایەتی ئەو ڕەوتەیە. ئەمەش وەها دەکات کە گومانی سەرەکی بۆ ئێران بچێت لە پشت ئەم یاسایەوە. هەرچەندە پێشنیارەکە لەلایەن سەدرییەکانەوەیە، بەڵام دۆخی بۆ خولقا تەنانەت پارتیش پشتیوانی لێبکات. بەڵام ئەوەی گرنگە کە ئایا ئەم یاسایە ئەگەر تێپەڕێت چۆن کاریگەری دەبێت لە ناوەوەی عێراق و گاڵتەجاریی دیموکراسی. ئیسرائیل چەندین ئاستی ئامادەیی هەیە لە کەلتوری سیاسی و حوکمداری ناوچەکەدا. زۆربەی جار ئیسرائیل بەکاردێت وەک بەهانەیەک بۆ تاوانبارکردن و سەرکوتکردن و دژایەتی دیموکراسی. یەکەم بەرهەمی خوێندنەوەی یەکەمی یاساکە، یاساغکردنی باسم خەشان بوو، کە ئەندام پەرلەمانێکی ئیزعاجکەرە بۆ حەلبوسی. هەرچەندە خەشان هەنگاوەکانی لە تەیارەوە نزیکە، بەڵام جێگای بڕواپێکردن نیە لای ئەوانیش. خەشان نمونە ئەو کۆلکە سیاسییە چالاکوانانەیە لە عێراقدا کە وەک گەمژەیەکی بە سود هەڵدەسوڕێنرێن. کارو چالاکیەکانی پێویستن بەڵام دەرئەنجامەی یارییەکە لە دەستی خۆیدا نیە. بەڵام ڕوداوەکە ئاماژەیە بۆ سودوەرگرتن لە ڕەشنوسەکە بۆ سەرکوتکردنی ئیزعاجەکان. دووەم کاریگەری ڕەهەندی ئابورییە. لە داهاتودا هەر کۆمپانیایەک بە دڵی دەسەڵاتداران نەبێت یان سودمەندیان نەکات، ئەوا بە ئاسانی بوونی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلدا بۆ دروست دەکەن و ڕێگریی لێدەکەن. لە ڕوانگەی ئابورییەوە زیانێکی زۆر لە عێراق دەدات چونکە ئیسرائیل خاوەن پڕ داهێنەرترین ئابورییە لە ناوچەکەدا، وڵاتێکی وەک چین پێویستی پێیەتی، لێگەڕێ وڵاتێکی دواکەتووی وەک عێراق. دیارە بێگومان ڕەهەندی پۆپیلیزمی و گەوجاندنی جەماوەر هەمیشە ئامادەیە، بە تایبەتی بۆ پەرلەمانێکی پەککەوتەی بێسود. ئیسرائیل وڵاتێکە کە بێزارییەکی زۆر بۆ کەلتورو سیستەمەکانی ناوچەکە دروست دەکات. هەموو موسڵمانان بە ترسنۆک و کەم و بێزراو سەیری ئیسرائیل دەکەن، ئەمە ڕەهەندی مێژویی و کەلتوری و دەرونی هەیە. جۆرێکە لەوەی نیتچە ناوی نا رێسێنتموا، یانی نەفرەتکردن لە بونێک، کە لە بنەڕەتدا نەفرەتەکە ئیرەیی و هەست بە کەمیکردنە، بەڵام وەها دەردەکەوێت جۆرێکە لە باڵایی. نیتچە لە هیچدا باڵا نەبێت لە خوێندنەوەی کەلتوری کۆیلەدا باڵایە.
دڵسۆز حەمە لە ناوەڕاستی ژورەکەدا (پیاوەکە- بکوژەکە- باوکی چوار منداڵەکە) وەستاوە کە دیوارو فەرش و پەردەکان لە خوێن هەڵکشاوەو چیرۆکی تاوانەکەی دەگێڕێتەوە: ئا لێرەدا چەقۆیەکم دا لە سنگی و هەر لێرەدا کەوت، ئنجا دەڵێت: منداڵەکانیش هەر ئالێرەدا بون (چوار منداڵی خوار دەساڵان!) . لەهەمان ژوور کە شانۆی تاوانەکەیەو باوکەکە بەدڕندانەترین شێوە دایکەکەی داوەتە بەر چەقۆو دواجار سەریشی دەبڕێت ! پیاوە (تاوانبارەکە) دەڵێت: کوشتم چونکە ژنەکە (دڵی خۆش نەدەکردم )! تاوانەکەی هێندە دڕندانەو نامرۆڤانەو ناپیاوانەو نائەخلاقی و نادادوەرانەیە چەقۆکەی شەرمەزار کردوە! ئەگەر ساڵانێک لەمەوبەر تیرۆرو کوشتنی ژنان لەدەرەوەی شارەکان وهەندێک جاریش بە نهێنی و دوور لە چاوی کۆمەڵگا ئەنجام دەدرا، تەرمەکان لە چۆڵەوانی و لەشاخ و دەشت و دەرانە فڕێدەدران و پاشان بە ڕێکەوت دەدۆزرانەوەو ماوەیەکیشی دەخایاندا هەتا تاوانبار دەدۆزرایەوە، ئێستا کوشتن و تیرۆری ژنان لەسەرشەقامی گشتی، لە شوێنی کار، لەناو بازاڕ، لەناو جەرگەی کۆمەڵگا لە ناوماڵ و لەپێش چاوی منداڵەکان و لەبەرچاوی کۆمەڵگاوە ڕودەداو بکوژەکانیش وەکو پاڵەوانی فیلمی ئاکشن و درامایەکی تەلەفزیۆنی و زنجیرە تورکیەکان لەوێ ئامادەن و بگرە چاوپێکەوتن و گفتوگۆشیان لەگەڵ دەکرێت و بەناو سۆشیال مێدیا وناوەندەجیاوازەکانی تردا بڵاو دەکرێتەوە ، کۆمەڵگا بە کاوەخۆ گوێبیستی پاساوەکانی بکوژەکانی خۆی دەبێت تا ڕادەی ئاساییکردنەوەی کوشتن وەکو هەر ڕوداوێکی تر. کوشتن و بڕینی ژن و منداڵ بە تراژیدیترین شێوە لەم کۆمەڵگایەی ئێمەدا لە حاڵەتەوە بوەتە دیاردەیەکی ڕۆژانەی مەترسیدار، ئەگەر ئەمە گوزارشت بێت لە هەڵکشانی خودی توندوتیژی وەکو دیاردەیەکی مەترسیداری ژیانی گشتی و وەکو لێکەوتەو کەڵەکەبونی ئەو هەمو کێشە ئابوری و سیاسی و کارگێڕیانەی کۆمەڵگای ئێمە پێوەی دەناڵێنێت ئەوا بەدیوەکەی تریشدا گوزارشتە لە داڕمانی ئەخلاقی و ئینسانی و دەرونی کۆمەڵگاکەمان، لەپچڕانی ئەو ناوکۆییە کۆمەڵایەتی و کەلتوری و نۆرم و بەهایانەی کە مرۆڤەکان لە ژینگەیەکی ئینسانی و جوگرافیدا پێکەوە گرێدەدات، گوزارشتە لە داڕوخان و لێکترازانی ئەو بۆندە هیرارکی و ئینسانی و ئەخلاقیەی کە بە ئاڕاستەی شاقوڵی و ئاسۆیی هاولاتیان بە یەکترو بە دەسەڵات و بە دەزگاکانی بەڕێوەچونی کۆمەڵگاوە گرێدەدات، گوزارشتە لەو هەڕەشە و مەترسیە گەورەیەی کە لەسەر ستراکتۆری خێزان پەیدابوە، خێزان وەکو سەرەکیترین و گرنگترین یەکەی بەهێزکردن و ڕاگرتنی کۆمەڵگا، خێزان وەکو گرنگترین پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی و ڕەمزی و مەعنەوی و ئەخلاقی و ئینسانی کە دواجار نمایشی کۆمەڵگا دەکات وەکو ستراکتۆرێکی مێژویی و سیاسی و کۆمەڵایەتی بەتایبەتی لە کۆمەڵگایەکی وەکو ئێمەدا کە هێشتا خێزان تەنها یەکەیەکی فیزیکی و مەعنەوی و ئابوریە کە بەرپرسیاری ئەندامەکانی خۆی هەڵدەگرێت هەربۆیە هەمو تەنگژەو قەیران و کێشە ئابوریەکان ڕاستەوخۆ کاردانەوەی دەبێت لەسەر ژیانی خێزان و ئەندامەکانی. نەبونی دەسەڵاتێکی بەرپرس و پاشاگەردانی لە بەڕیوەبردنی کۆمەڵگادا جگە لە فەراهەمکردنی فەزایەکی فراوان بۆ گەندەڵی ئیداری و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی دەبێتە زەمینەیەکی لەباریش بۆ زۆربونی کێشەی کۆمەلایەتی، هەڵکشانی توندوتیژی و بێڕێزیکردن بە یاساو بە مرۆڤ و بە کۆمەڵگاو بەو پەیمانە کۆمەلایەتیە قسەلێنەکراوانەی کە نۆرم و بەهای ئەخلاقین و هێمنی وڕیزبەندی و ناوکۆیی کۆمەلایەتی دەپارێزێت، لەغیابی هۆشیاری و نەزانیشدا سەر دەکێشێت بۆ توندوتیژی زیاتر. کارەساتێکی سیاسی و ئیداری و ئەخلاقی گەورەیە کە هەمو شێوازی بەرپرسیاری و خەیاڵی ئیدارەدانی کۆمەڵگای ئێمە کورت کراوەتەوە بۆ پێدان یان پێنەدانی موچە! لەکاتێکدا توندوتیژی و هەڵچونی کۆمەڵایەتی گەشتۆتە ئاستی کوشتنی منداڵ و سەربڕینی ژن و خوێناویکردنی یەکەی خێزان، دەسەڵاتی سیاسی تا سنوری سەرخۆشی ململانێی پارەو نەوت و عەقارات و مەستی کۆمپانیاو دەسکەوتە ماددیەکانە تا ڕادەی بێهۆش بون لەوەی لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا دەگوزەرێت ! خێزانی ناتەندروست مانای کۆمەڵگایەکی نەخۆش، کۆمەڵگای نەخۆش توانای ڕەخنەگرتن و بیرکردنەوە لەدەستدەدات، ئیرادەی بەرەنگاربونەوە و ململانێ نامێنێت، خەیاڵی گۆڕینی دەدۆڕێنێت، ئەمەش لە بەرژەوەندی دەسەڵاتێکی سستەمکارە بۆیە لەئاست ئەو هەمو زەنگە مەترسیدارەی کوشتن و بڕین و توندوتیژیدا هێندە خەمساردو بێباک و نابەرپرسیارە. مێدیا فەرمی و نافەرمیەکان، سۆشیال مێدیا پەیج و هەمو ناوەندە مێدیاییەکان ڕۆڵێکی مەترسیداریان گێڕاوە لە ئاساییکردنەوەی کوشتن و هاندان بۆ توندوتیژی، لەڕاستیدا چیرۆکەکان هێندە بە خوێنساردی و ئاسایی و ووردەکاریەوە فڕێدەدەنە فەزای گشتیەوە کە خەریکە کەوتنە خوارەوەی لاشەی خوێناوی ژنێک بۆ سەرزەوی، خوێنڕشتن و چەقۆلێدان دەبێیتە بابەتێکی چیرۆک و دراماو ئاسایی چاوی لێبکرێت ! ئاساییکردنەوەی توندوتیژی، مەترسیدارترین قۆناغی لەدەستدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و لێکترازانی کۆمەڵگایە، کە جارێکی تر دەبێتەوە زەمینەیەکی لەبار بۆ دوبارە بەرهەمهێنانەوەی تاوان و توندوتیژی، ژن و منداڵیش هەمیشە یهكەمین قوربانی ئەو دۆخانە دەبن. لە هیچ کۆمەڵگایەکی دنیادا وەکو ئەمەی ئێمە چیرۆکی کوشتوبڕینی کۆمەڵایەتی و ووردەکاری تاوان و چیرۆکە دڵتەزێنەکان ئاوا بە ئاشکرا ناخرێتە سەرشاشەکان و ناو کۆمەڵگاوە، بەتایبەتی کۆمەڵگای ئێمە کە بیماری ناهۆشیاری و توندوتیژی و فەرهەنگی توندڕەویە.
ئاسۆ حاجی لەوەتەی بۆتە سەرۆکی حکومەت گوتارەکانی مەسرور بارزانی سێ دەستەواژە بە بەهێزی ئامادەییان هەیە، راشکاوی و جورئەت و سادەیی. ئەو سێ خەسڵەتە لە گوتارەکەی ئەمڕۆی بە هەموو رەهەندەکانیانەوە بە تەواوی دیار بوون، دەربارەی بارودۆخی کوردستان، بە تایبەتی ئەو قەیرانە ئابوریەی لە سلێمانی دروست کراوە، مەسرور بارزانی لە دەقی قسەکانی(تێکست) وەک وشە و دەستەواژە بەسەر زاری دا نەهات، بەڵام لە کۆنتێکست (سیاق)ی گوتارەکەیدا، بە هەر سێ حیزبی پێکهێنەری حکومەت و بە تایبەتی بە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان(کە بە هۆی کۆمەڵێک هۆکاری زاتی و مەوزوعی دەستی بەسەر دەڤەری سلێمانیدا گرتووە) گوت کە ئێستا قۆناغی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیە و قۆناغی تەنها بەشداربوون لە دەسکەوت و خۆ بە بەرپرس نەزانین کۆتایی هاتووە. مەسرور بارزانی لە راگەیاندنی کارنامەی کابینەکەی لە پەڕلەمانی کوردستان، ئەوکاتیش رایگەیاند کە ئەو کابینەیە درێژکراوەی کابینەکانی دیکە نابێت و دەبێ پچڕانێکی مێژوویی و مەعریفی لە ئیدارەدانی کوردستان و خزمەت کردنی خەڵکەکەی هەبێت، ئەوەش نەک بەو مانایەی کە کابینەکانی دیکە خراپ بن و کار و خزمەتیان نەکردبێ، بەڵکو بەو واتایەی سەردەمی ئێستا وەک چۆن لە هەموو روو و بوارێک جیاوازە دەبێ لە شێوازی حوکمڕانیش جیاواز بێت. سەرۆکی حکومەت وەک چۆن لە سەرەتای دەست بەکاربوونی، زۆر لێکدانەوە و پێشبینی دەکران، کە کابینەکەی ئەمنی و داخراو دەبێت و سەرۆکی حکومەت بەهەمان دنیابینی بەڕێوەبردنی دەزگایەکی هەواڵگری و ئەمنی حوکمەتداریش بکات، بەڵام ئەوانە تەواو پێچەوانە دەرچوون، لە هەبوونی ئەوپەڕی شەفافیەت لە داهاتی نەوتی و نانەوتی، هەروەها کارکردن بۆ راستکردنەوەی ئەو هێلە خێچ و خوارەی حوکمڕانی کە لە دەرئەنجامی بەحیزبی کردنی کۆمەڵگەی کوردستان و تێکەڵبوونی سیاسەت و بازرگانی دروست بووە و ئێستا خەڵک باجەکەی دەدەن. لە کۆنتێکستی گوتارەکەی مەسرور بارزانی گوتاری سەرلەنوێ داڕشنەوەی پەیوەندی حکومەت و خەڵک ئامادەییەکی گەورەی هەبوو، لەوەی کە دەبێ خەڵک حکومەت و حەقیقەتی حوکمڕانی لە کوردستان بناسن، دەبێ لەوە تێبگەن کە هەبوونی دەسەڵاتی حیزبی و سەربازی و دارایی لە دەرەوەی حکومەت کارەسات دروست دەکات وەک ئەوەی ئێستا لە سلێمانی هەیە، لە بەبارمەتە گرتنی خەڵکی شارێک و سزادانیان لە پێناو دەسکەوتێکی شەخسی یان حیزبی. بۆیە ئەوەی یاری بە ژیان و پاروە نانی منداڵان دەکات حکومەت نیە، بەڵکو کەسانێکن کە بەهەمان شێوەی خەڵک دژایەتی و دوژمنایەتی حکومەتیش دەکەن. بەوەش نیشانی دا کە حکومەت و خەڵک لە یەک بەردان و پێویستیشە هاوکار و پاڵپشتی یەکتر بن بۆ ئەوەی بتوانن وێکڕا رێگری لەو کارە نە خوازراو و ناشیاوەی بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان بە گشتی و دانیشتوانی سلێمانی و هەلەبجە و گەرمیان و راپەڕین بە تایبەتی دەکرێ. دەرئەنجامەی کار و ئەو گوتارە نوێیەی مەسرور بارزانی بۆ شێوازی بەڕێوەبردن و بەهێزکردنەوەی کوردستان و ئاشتکردنەوەی خەڵک و دەسەڵات لەگەڵ یەکتر بە دڵنیایەوە بەرهەمی دەبێت، چونکە لەو رووەوە( لە بازنەیەکی بچووکتر) ئەزموونێکی سەرکەوتووی هەیە، کاتێک لە دوای تەواوکردنی ماستەرەکەی لە ئەمریکا و گەڕانەوەی بۆ کوردستان و وەرگرتنی بەرپرستارێتی دەزگای پاراستن، توانی پەیوەندی نێوان ئەو دەزگا هەواڵگری و ئەمنیە لە پەیوەندی (ترس و گومان) بگۆڕێت بۆ پەیوەندی(رێز و متمانە). ئەوەی دەبێ خەڵک و لایەنە سیاسیەکان تێیگەیشتبن لە واتا نەگوتراوەکانی مەسرور بارزانی ئەوەیە کە مێژوو راناگیرێ و کات ناگەڕێتەوە دواوە، بۆیە دەبێ پێویستیەکانی ئەو قۆناغە لەبەرچاو بگرن و هەرسی بکەن، ئەگەر نا بەو قۆناغە راناگەن و بەجێ دەمێنن و لە کێبڕکێی خزمەت کردن دەکەونە دواوە و دەدۆڕێن، مێژوو و خەڵکیش رەحم بە دۆڕاوان ناکەن
نووری بێخاڵی ئەگەر هێزە سیاسییە کوردستانییەکان لە ئاستی ناوخۆییدا هەر ئاوا بە پەرتەوازەیی بمێننەوە و خەریکی قۆڵبادانی یەکتر بن، ئەوا جگە لەوەیچیتر کورد لە بەغدا وەک پێکهاتەی خاوەن مافی نیشتمانی و نەتەوەیی، بوون و ئامادەیی لاواز دەبێ، وەکووتر، بەغداش داشی زیاتری لەبەرامبەر ئێمەدا سوار دەبێت و لەسەر ناکۆکییەکانمان، دەرفەتی زۆرتری بۆ دەڕەخسێت تا کاری جیددیتر لەسەر بە سەنتەرکردنی دەسەڵاتیخۆی و گەمارۆدانمان بکات. بەرپرسیارییەتی نیشتمانی و نەتەوەیی ئەوە لە هێزە کوردستانییەکان بە گشتی و پارتی و یەکێتی بەتایبەتی دەخوازێت، لەبری ئەوەیناکۆکییەکانیان بکەنە دەرفەت بۆ بەغدا، پێویستە هەڕەشە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانی بەغدا لە هەرێمی کوردستان، هێز و ئیرادەیئەوەیان پێ بدات، بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و کێشەکانیان چارەسەر بکەن. لەو باوەڕەدا نیم هێزە کوردستانییەکان خۆیان خستبێتە نێو بەرداشی یاریی قەیرانسازی و کاتکوژی لەگەڵ بەغدا، بەڵام گریمان ئەگەر وایانکردبێت و پێیان وابێت کە بە دروستکردنی قەیران لە بەغدا و سوودوەرگرتن لە کات، یارییەکە دەبەنەوە، ئەوا ڕەنگە پێچەوانەکەی ڕاست بێ وخودی کاتکوشتنەکە خزمەتی خۆکۆکردنەوەی بەغدا و تۆکمەکردنی پێگە و دەسەڵاتی خۆی لە ئاست هەرێمی کوردستاندا بکات. ئەگەر قەدەر و چارەنووسی کورد هێشتا هەر ئەوەیە کە لە بەغدا بێت، دەبێ هێزە سیاسییەکانی، وەک کورد، وەک پێکهاتە، یەک دەنگ و یەکهەڵوێست لە بەغدا بن، نەک وەک حزبی پەرتەوازە و ناکۆک، کە بەداخەوە خەریکە هاوکێشەی ئامادەبوونەکە بە ئاقاری یەکەمیاندا دەچێت. بوون و ئامادەیی کورد لە بەغدا، دەبێت بۆ پاراستن و تۆکمەکردنی پێگەی یاسایی و دەستووریی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەوڵەتیفیدڕال بێت. دەبێ ئامادەیی بێت بۆ پاراستنی دەسکەوتەکان و مسۆگەرکردنی مافە نیشتمانی و نەتەوەییەکان، نەک بۆ بەرژەوەندیی حزبیو خەمی پچڕینەوەی پۆست و ئیمتیازی کەسی و تایبەتی. دوور نییە زۆر کەس و لایەن، تەنیا وەک پیرۆزبایینامە سەرەدەریان لەگەڵ پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، لەجەژنی ڕەمەزاندا کردبێت، لەکاتێکدا پیرۆزبایی جەژن دەرفەتێک بوو بۆ گەیاندنی پەیامە نیشتمانی و نەتەوەییەکەی ناوەڕۆکی جەژننامەکە،کە پەرۆشی و جەختکردنەوەیان بوو لەسەر گرنگیی یەکڕیزی و تەبایی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەگشتی و پارتی و یەکێتیبەتایبەتی. سەرۆک نێچیرڤان بارزانی زۆر باش دەرکی بە مەترسیی بەردەوامبوونی ئەو ناکۆکی و ململانێ ناوخۆییانە و دەرهاویشتە نەرێنی وترسناکەکانیان لەسەر داهاتووی هەرێمی کوردستان و پێگەکەی کردووە، بۆیە بێ پەردە و بە ڕاشکاوی، ڕووی پەیامی کردە پارتی و یەکێتیکە ئاییندەی کوردستان و چارەنووسی کوردستانیان نەکەنە قوربانیی ململانێکانیان. سەرۆکی هەرێمی کوردستان باوەڕێکی پتەوی بەوە هەیە، کە خاڵە هاوبەشەکانی بەیەکەوەهەڵکردنی نێوان لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان وبەتایبەتیش پارتی و یەکێتی، لە خاڵی دژایەتیی نێوانیان زیاترن. بۆیە ئەگەر بیانەوێت لە بەرامبەر خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی خەڵکیکوردستان و مێژوودا ڕوو سوور بن ، ئەوا خاڵە هاوبەشەکانیان دەکەنە هەوێنی ئاشتەوایی و یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی نێوماڵی کورد وگرێیەکە هێندە وشک و کوێر نییە، تا بە دەست نەکرێتەوە و ددانیانی پێ بشکێنن. بە کورتی و بە کوردی، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی خاڵی لەسەر پیتەکان دانا و گوتی: ئەگەر هەموومان بەیەکەوە خاوەنداریەتی لە دۆزە نەتەوەیی و نیشتمانییەکەمان بکەین، ئەگەر لە ئاست یەکتریدا دڕدۆنگ و بەدگومان نەبین،ئەگەر متمانەی نێوانمان بونیات بنێینەوە و پتەوی بکەین، ئەگەر بەیەکەوە و بە جیاوازییەکانمانەوە هاودەنگ و هاودەست بین، ئەگەر لە ئاستیەکتریدا لێبووردە بین و سازش بۆ یەکتری بکەین، ئەگەر ویست و ئیرادەی جیددییمان بۆ گفتوگۆ و دانوستاندنی هاوسەنگ هەبێت، ئەگەر لەخەمی بەرقەرارکردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی دەروونیی خەڵک و سەقامگیریی سیاسیدا بین، ئەوا ئیرادەگەرانە ناکۆکییەکانمانبەلاوە دەنێین و هەموو هێز و هەوڵەکانمان بۆ یەکڕیزی و تەبایی و بەیەکەوەیی دەخەینە گەڕ، بەمەش لە شەڕی پاراستنی دەسکەوتەکان ووەدەستهێنانی مافە زەوتکراوەکانی تری خەڵکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، براوە دەبین.
د. سەباح ساعدی- راوێژكاری یاسایی خانەنشین لە وەزارەتی نەوتی عێراق بەبۆنەی لێدوانەكەی بەڕێز ئیحسان عەبدولجەبار ئیسماعیل وەزیری نەوت كە لە رۆژی شەممە 7/5/2022 بڵاوكرایەوە، لەبارەی هەڵوێستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ رەتكردنەوەی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی لە سكاڵای ژمارە/ 59/2012و بڕیاری یەكگرتووی ژمارە/ 110/2019 كە لە 15/2/2022 دەرچووەو بڕیاریداوە بە نادەستوریبوونی یاسای نەوتو غازی هەرێم ژمارە 22ی ساڵی 2007 هەروەها نایاسایبوونی هەموو ئەو مامەڵانەی كە پشتیان بەو یاسایە بەستووە، لە گرنگترینیشیان گرێبەستەكانی دەرهێنانی نەوت كە لەنێوان حكومەتی هەرێمو كۆمپانیا بیانییەكانی نەوتو هەناردەی نەوتی خاودا ئیمزا كراوە. وەزیر باسی لەوە كرد، دوای تێپەڕبوونی 75 رۆژ بەسەر دانوستانی نێوان حكومەتی فیدراڵیو حكومەتی هەرێمدا، نەگەیشتونەتە هیچ رێككەوتنێك لەبارەی جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵیی كە لەسەرەوە باسكراوە، ئەمەش ئەو شتە بوو كە ئێمە پێشبینیمان كردبوو بۆ حكومەتی هەرێم. لێرەدا ئەمەوێت رووداوێك بگێڕمەوە كە شایەتحاڵ بووم تێیداو دەیسەلمێنێت دانوستان لەگەڵ حكومەتی هەرێمدا بێسودە، بەتایبەتی لەوەی كە پەیوەندیدارە بە كەرتی نەوتو غازەوە، چونكە بەرپرسانی بەڕێز لە هەرێم بیروبۆچوونی پێشوەختەیان هەیە كە پاشەكشێی لێ ناكەن. ئەمەش رووداوەكەیە بە كورتی.. لە ئەیلولی 2012دا ئەوكات من بریكاری بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی گرێبەستو مۆڵەتە نەوتییەكانو بەڕێوەبەری بەشی یاسایی بووم تێیدا، عەبدولكەریم لعێبی وەزیری پێشووی نەوت داوای كردم، بینیم بەڕێز (لەیس شاهر) بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی یاسایی لابوو. وەزیر پێی وتین، لیژنەیەكی پێنج كەسیی هەیە كە پەرلەمان دروستیكردووەو دكتۆر (قوسەی سوهێل) جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان سەرۆكایەتی دەكاتو هەردوو پەرلەمانتار (عەدنان جەنابیو سەفادین سافی)و هەردوو وەزیری (نەوتی فیدراڵو ئاشتی هەورامی سامانە سروشتییەكانی هەرێم) ئەندامێتی دەكەن، بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی رەشنوسی یاسای نەوتو غازی فیدراڵیی لەپێناو گەیشتن بە رەشنوسێكی یەكگرتوو: رەشنوسی یەكەم: لەلایەن لیژنەیەكی تایبەتەوە لە رۆژی 15/2/2007 پێشكەشی پەرلەمان كراوەو بە نوسخەی پەرلەمان ناودەبرێت. رەشنوسی دووەم: لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە لە رۆژی 28/7/2011 پێشكەشی پەرلەمان كراوە، كە ئەوە كۆپی یەكەمە دوای كورتكردنەوەو رێكخستنو دابەشكردنی لە ئەنجومەنی شورای دەوڵەت (ئەنجومەنی ئێستای دەوڵەت)، بە نوسخەی حكومەت یاخود نوسخەی وەزارەتی نەوت ناسراوە. وەزیر منو ئوستاز (لەیس)ی ئاگادار كرد لەوەی پێویستە لەسەر هەریەكەمان لەماوەی دوو رۆژدا لێكۆڵینەوەی خۆمان لەبارەی جیاوازییەكان لەنێوان هەردوو نوسخەكەدا بگەڕێنینەوەو لەگەڵ ئەودا لە كۆبونەوەی لیژنە پێنج كەسییەكەی پەرلەماندا وەكو پسپۆری یاسایی بە رەزامەندی لیژنەكە ئامادەبین، دوای تێپەڕینی دوو رۆژ هەریەكەمان لێكۆڵینەوەكەی خۆی پێشكەش كردو بڕیاردرا پشت بە لێكۆڵینەوەكەی من ببەسترێت كە لە (9) لاپەڕە پێكهاتبوو. بەیانی رۆژی 18/9/2012 منو بەڕێز (لەیس شاهر) لەگەڵ بەڕێز وەزیر گەیشتینە پەرلەمانو چوینە هۆڵی كۆبونەوەو لەسەر مێزێكی خڕ دانیشتین، دكتۆر (قوسەی سوهێل) سەرۆكایەتی دانیشتنەكەی دەكرد، هەریەكە لە پەرلەمانتار سەفادین سافیو عەدنان جەنابیو بەڕێز ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمو پەرلەمانتار (فەرهاد ئەتروشی) كە ئەندام نەبوو لە لیژنە پێنج كەسییەكەدا، بەشداربوون. دكتۆر قوسەی سوهێل دانیشتنەكەی دەستپێكردو باسی لە پێویستی رێككەوتنی نێوان هەردوولا كرد، پاشان پەرلەمانتار عەدنان جەنابی لەبارەی پەیوەندی نێوان ناوەندو هەرێم سەبارەت بە نەوتو غاز قسەی كرد، هەروەها پەرلەمانتار سەفادین سافیش قسەی كرد. كاتێك دەرگای گفتوگۆ كرایەوە، بەڕێز وەزیری نەوت باسی دەسەڵاتی وەزارەتی نەوتی كرد بەسەر سەرتاسەری كۆماری عێراقەوە لە بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی نەوتو غازو ئەوەی كە كۆمپانیای سۆمۆ تاكە لایەنی رێگەپێدراوە لە هەناردەكردنی نەوتی خاو و هاوردەكردنی بەرهەمە نەوتییەكاندا، بەڕێز ئاشتی هەورامی وەڵامی دایەوەو وتی: ئێمە لە هەرێم دان بە كۆمپانیای سۆمۆدا نانێین، چونكە بەگوێرەی یاساكانی سەددام كاردەكات. بەڕێز وەزیری نەوت وەڵامی دایەوەو وتی: كۆمپانیای سۆمۆ كۆمپانیایەكی گشتیی عێراقییە، بەگوێرەی یاساكانی عێراق كاردەكاتو سەربە وەزارەتی نەوتەو حكومەتی فیدراڵی عێراق سەرپەرەشتی دەكات. پەرلەمانتار (فەرهاد ئەتروشی) قسەی كردو ئاماژەی بەوەكرد كە حكومەتی فیدراڵی نوێنەرایەتی هەموو گەلی عێراق ناكات!؟ دكتۆر قوسەی وتی: كەوایە بۆچی ئێمە لە بەیانییەوە لێرە دانیشتوین !؟ لەوكاتەدا داوام كرد مۆڵەتم بدەنێ لەبارەی لایەنی یاسایی بابەتەكەوە قسە بكەم، پێیان وتم گفتوگۆ سودی نییە. كۆبونەوەكە كۆتایی هاتو بەپێی زانیاری من تاوەكو ئێستا كۆبونەوەی دووەم نەكراوە. لەوكاتەوە تێگەیشتم دانوستان یان گفتوگۆ لەنێوان حكومەتی فیدراڵو حكومەتی هەرێم لەبارەی نەوتو غازەوە بێ سودە، ساڵانی رابردووش ئەمەی سەلماندووە، چونكە بەرپرسانی بەڕێز لە هەرێم هەڵگری بیروبۆچونی پێشوەختەنو وازی لێناهێنن. بۆیە پێویستە بڵێین بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی، جگە لە دانوستان دەبێت بەدوای ئامرازی تردا بگەڕێین... لەگەڵ رێزماندا * وەزارەتی نەوتی عێراق ئەم وتارەی لەسەر پەیجی فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاوكردوەتەوە، لەبەر بایەخی دۆسیەی نەوت (درەو) ئەم بابەتەی وەكو خۆی وەرگێڕایە سەر زمانی كوردی، بۆ ئەوەی خوێنەرانی كورد ئاگاداری تێڕوانینی لایەنی عێراقی بن لەبارەی دۆسیەكەوە
هەردی مەهدی میکە سێ مانگێك زیاترە بگرەو بەردەو گفتوگۆیەکی بێزەنتی بێ بن و چەلەحانێیەکی میدیایی پدک و ینک و شەڕە کۆڵانەکانی تۆڕە کۆمەڵایتییەکان و جنێودان و "گرێخاڵیکردنەوەکان"ی لایەنگرە چاوبەستکراوەکانیش بە حزبایەتیی مایەپووچ بابووەستێ کە شەتەقی لە ڕۆحی هاونیشتمانی بڕیووە. بەڵام بە سیاسی و میدیا و خەڵکەوە، هەمووان چەلەحانێکە گەرم دەکەن بێ ئەوەی لە ئامانجەکە بدەن و بگەنە هیچ. ئەسڵی کێشەکەی (ئەوەی پێیدەوترێت) زۆنی سەوز! لەم کاتەدا ڕێککەوتنی چەند مانگێکی ڕابردووی یەکێتی و پارتی و گۆڕانە لە چوارچێوەی ئەنجومەنی ئابووریی ھەرێم کە بەپێی رێککەوتنێک (لەسەر پێداگریی یەکێتی وەک حزب لە تیمی یەکێتیی حکومەت) ھەر زۆنێک سەرپشک کرا لەسەر داھاتی نێوخۆ تەکمیلەی داھاتە نەوتییەکە بۆ مووچە بکەن، ئەمەش نیمچە لامەرکەزییەکی زۆنەکان بوو، کاتی خۆی بە خەیاڵی خۆیان هەر حزبە بە مەرامی خۆی (وەک حزب) ویستی خێری خۆی لێبچنێتەوە، بەبێ گوێدانە بەرژەوەندی خەڵک و بەڕێوەبردنێکی شایستەی دادپەروەرانە و پاراستنی قەوارەی هەرێم و دواجار ئامانجی جوڵانەوەی نیشتمانی بزوتنەوەی ڕزگارییخوازیی کوردستان! ئەم دەسەڵاتشۆڕکردنەوەیە (یان نیمچە لامەرکەزییە داراییە)کە ئەجێندای بەردەوامی بەشێکی یەکێتی و چەند دەنگێکی نێو پارتی و هەندێک لە گۆڕانخوازەکانی پێشتر و چەند کەسایەتییەک بوو، کە بیری سیاسییان پەرتەوازە بوو، پەرتەوازە بوو چونکە لەلایەک داوای هەرێم و لامەرکەزییان دەکرد و لەلایەکی دیکەوە داوای بەهێزکردنەوەی ناوەند و گەڕانەوە بۆ بەغدایان دەکرد! (کە من ھەمیشە دژی بووم و باوەڕم نە بە لامەرکەزیی سیاسیی و نە هەرێمەگەرایی و نە ئومێدهەڵچنین لەسەر بەغدا هەبووە). دواجار بە فشاری شەقام و پۆپۆلیزمی عوقدەیی، تیمی یەکێتی و گۆران لە حکومەت ناچار کرا (کە نەدەبوو تەسلیم بووایە)و کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢١ بەم ڕێککەوتنە مشتومڕەکەیان بڕییەوە، بەداخەوە لەمەدا حساباتی یەکێتی ھەڵەبوو و پارتییش وەک ململانێ لەبابەتەکەی ڕووانی و وا دەبینین ئەمەی لێکەوتەوە کە داهاتی سلێمانی و دەوروبەری لەلایەک زیادی کردووەو لەلایەکی دیکەوە ناتوانێت تەکمیلەی داهاتی نەوتی و سەدەقاتەکەی بەغدا بکات! پارتییش تا ئێستا ئاسودەدەروون بەبێ گوێدانە بەرژەوەندیی هاونیشتمانیان لە نێوچەکە دەستی ڕەقیبەکانی دەشکێنێتەوە و لە کاسەی خاڵیی ماڵەکان دەڕوانێت و دۆخەکەی زۆر پێ باشە، بەداخەوە! چونکە ئەو تەنها چاوی لەوەیە کە بەم هەنگاوە یەکێتی لە دابینکردنی مووچەدا ئیحراج بکات کە کردوویەتی و پرسەکەی کردووە بە ئیختیبار بۆ شیعارە پێشینەکانی ھەرێمگەرایی و لامەرکەزی و دەیەوێت بیسەلمێنێت و بە بەرامبەرەکانی بڵێت: ناتوانن بژێوی دابین بکەن! ئەم پرۆسەیەی کە سلێمانی و هەڵەبجەی بە ئێرە گەیاندووە ڕێک واتە بەبارمتەگرتن و بە سیاسییکردنی قوتی خەڵک لەلایەن یەکێتی و پارتییەوە، نەک سیاسەتکردن و حوکمڕانی، یانی خەڵک و خزمەتگوزاریی بوونەتە کارتی ململانێیەکی نانیشتمانی! ئێستا نە یەکێتی دەیەوێت و دەتوانێت بڵێت پەشیمانم لەو بڕیارە تا خەڵک باری ڕاست ببێتەوەو نە پارتیش خەمی خەڵکی سلێمانی و هەڵەبجەیەتی و ئیتر کۆی قەیرانەکەش تێکەڵبووەتەوە بە ململانێکانی بەغدا و یاسای ھەڵبژاردن و غازی نادیار! ئەمە بەشێکی چیرۆکە ھەقیقییەکەیە، کە لەپەنایدا ھەم داھاتی ھەرێم کە زیادی کردووە بۆ قووتدانی حزبی و دیارنەمانی بەرلەوەی بێتە نێو بانکەکانەوە! ھەم کەمیکردووە بۆ ھاونیشتمانییان! (مەتەڵ) یادی بەخێر سەردەمی خوالێخۆشبوو بایز تاڵەبانی (وەزیری دارایی پێشووتر) حکومەت مانگانە پارەی دەدا بە حزبەکان و یەک جار بوو، ئێستا حزبەکان و سەرکردەکانیان بەپێی مووچە و بە ڕێژەی کورتھێنان بەشی حکومەت دەدەن و خێری پێ ئەکەن! ئەوکات ئۆپۆزسیۆن و میدیا لێیان کرد بە ھەرا کە ئەمە ھەڵەیە، ئێستا تێگەیشتم کە چ حیکمەتێکی تێدا بوو ئەو دابینکارییە. چونکە حکومەت بەشی حزبی دەدا و بێدەنگی دەکرد ئێستا پدک و ینک بە ڕێژەی پێویست بەشی حکومەت دەدەن. ھەر ئەمەشە نهێنی ئەوەی ئیشی حزب و پرۆژەکانییان نەک نەوەستاوە لەم قەیرانەدا بەڵکو زیاتریش بوون، بەڵام زۆرینەی پرۆژەی خزمەتگوزاریی حکومەت و مووچەی بەشێکیشی وەستاوە! ساڵ بە ساڵ خۆزگەم بە پار. ئیتر وابزانم ئەوەندە دووری نەخەینەوە و ڕوونە گەر چارەسەریی ڕاستەقینەیان دەوێت با پدک و ینک لەسەر ئەم پرسە بەرپرسیارێتی هەڵبگرن و ڕووبەڕوو دانیشن و لانیکەم ئەمە نەکەنە سیاسی. ئێستا مەترسیدارتر لەمەش ئەوەیە ھودنەیەکی میدیاییش لەنێوان پدک و ینک-دا چەند ڕۆژێکە ھەیە وایکردووە مەسەلەی بێموچەیی بەشێکی فەرمانبەرانی سلێمانی ھیچکامیان هەر باسیشی ناکەن، جا موسیبەتەکە لەوەدایە کە شەڕی میدیایی دەستپێدەکەن ھەر فەرمانبەرانی حکومی زیان دەکەن کە ئاشتیش دەبنەوە ھەر لەسەر حسێبی ئەمان کۆتایی دێت!
د. كامەران مەنتك گاز وەك سەرچاوەیەكی گرنگی وزە، خەریكە رۆژ بەرۆژ بایەخی زیاتر پەیدا دەكات، ئەمە وایكردووە، كار لەسەر ئەوە بكرێت، هەموو سەرچاوەكانی بەرهەمهێنانی گاز بە بازاڕە هەرێمی وجیهانیەكان ببەسترێتەوە، چۆن لەسەرەتای سەدەی بیستەم نەوت رۆڵی بەیەكەوە بەستنەوەی ئەو ناوچانەی بینی، لەسەرەتای سەدەی بیست ویەكەمەوە، خەریكە گاز ئەو رۆڵە دەگێڕێتەوە، بۆیە چەندین پڕۆژەی وەبەرهێنانی جیهانی گاز لەناوچەكەدا سەریان هەڵداوەو ولەململانێدان، وەك پڕۆژەی ناڤۆكۆ وبلوستیرم وساوث ستیرم ودەیانی تر، ئەمە وایكردووە بەشێك لە شرۆڤەكاران هۆكاری سەرەكی ململانێكانی جیهان، بەتایبەتی ئەو ناوچەیە، بە وزەو سەرچاوەكانی وزە، بەتایبەتیش گاز ببەستنەوە، كە خەریكە شوێن بە نەوت وەك سەرچاوەیەكی گرنگی وزە لەماوەی سەدەی بیستەمدا لەق دەكات!. ئەو جۆرە شیكردنەوەیە نوێ نیەو لەسەرەتای سەدەی بیستەمیش، كاتێك ململانێ لەسەر داڕشتنەوەی نەخشەی جیهان دەكرا، هۆكارەكەی بۆ نەوت دەگەڕێنرایەوە، زۆر لەكتێبە مێژوویی ونووسینە كوردیەكان، راشكاوانە ئاماژە بەوە دەكەن، كە نەوت بووە هۆكاری دابەشكردنی كوردستان لەدوای جەنگی یەكەمی جیهانی، نەوت بووە هۆكاری روخانی كۆماری مەهاباد، لەدوای جەنگی دووەمی جیهانی ووەك دەڵێن یەكێتی سۆڤیەت كۆماری مهابادی بە بۆڕیەكی نەوت فرۆشتە قەوامولسەڵتەنەی سەرۆك وەزیرانی ئێران! لەكاتێكدا گواستنەوەی نەوت بۆ روسیا زۆر گرانتر دەوەستێت، لەوەی روسیا بەشێوەیەكی ئاسایی نەوتی لە بازاڕەكانی جیهانیدا بەدەست بهێنابوایە، لەبەرئەوەی ئەو وشكاییە جوگرافیەی لەنێوان تاران ومۆسكۆدا هەیە، ناوچەیەكی شاخاوی سەختەو ناتوانرێت بەئاسانی بۆڕی گواستنەوەی نەوتی تیادا دابمەزرێت، ئەگەر توانراش ئەو كارە بكرێت، ئەوا تێچوونەكەی زۆر زیاتر دەبێت لەوەی ئەو وڵاتە نەوت لە بازاڕەكاندا بكڕێت! ئەو شیكردنەوانە لە راستیدا شیكردنەوەیەكی روكەشانەیە ولاسایكردنەوەیەكی كوێرانەی ئەو نووسەرە رۆژئاواییانەیە، كە لەروانگەیەكی هەواڵگری وسیخوڕییەوە شیكردنەوەكانیان دەكەن وبە هەموو توانایەك هەوڵدەدەن رووی راستەقینەی ململانێ جیهانیەكان لەسەر بنەما جیۆپۆلەتیكی وداڕشتنەوە جیۆستراتیژیەكان بشارنەوە، دەتوانین زۆر نمونە بۆ شیكردنەوی ئەو بۆچوونەمان پێشكەش بكەین، ئەگەر نەوت هۆكاری دابەش بوونی كوردستان بوایە، ئەوا دەبوایە ویلایەتی مووسڵ بدرێتە توركیا، لەبەرئەوەی توركیا ئامادەیی خۆی بۆ بەریتانیەكان نیشان دا، كە هەموو نەوتی ویلایەتی موسڵیان بداتێ، بەرامبەر ئەوەی خاكی ئەو بەشەی كوردستان بۆ ئەو بێت، بەڵام ئەو داوایەی توركیا لەگەڵ ستراتیژی راستەقینەی بەریتانیەكان نەدەگونجا، كە دەیانویسست ناوچەكە لەسەر جۆرە هاوسەنگیەك داڕێژنەوە، بتوانێت باڵا دەستی ئەوان لەسەر ناوچەكە بپارێزێت. لەسەردەمی نوێدا، شەڕی سوریا وبە تایبەتیش داگیركردنی عەفرین بە داڕشتنەوەی نەخشەی بۆڕی گواستنەوەی گاز دەبەستنەوە، گوایە بۆ ئەوەی جێگرەوەیەك بۆ گازی روسیا بدۆزنەوە، هەوڵدەدەن لەو رێگەیەوە گاز بۆ ئەوروپا دابین بكەن! ئێستاش هەمان قەوان دووبارە دەكەنەوەو دەڵێن ململانێ لەباشووری كوردستان، بەتایبەتیش لەنێوان پارتی ویەكێتی ململانێیە لەسەر گاز، كە ئەمە هیچ راستیەكی تێدا نیە! بەر لەهەموو شتێك ئەوروپا نایەوێت دەست بەرداری گازی روسیا بێت، لەبەرئەوەی بەرژەوەندیەكانی ئەوروپا لەگەڵ روسیا گاز تێدەپەڕێنێت وپەیوەندی بەقووڵایی جیۆپۆلەتیكی وئاسایش و زۆربابەتی تری گرنگی بازرگانیەوە هەیە، ئەمە جگە لەوەی ئەوروپا ئەو گازەی بەو نرحەی لەروسیا دەستی دەكەوێت لەهیچ شوێنێكی تر دەستی ناكەوێت. ئەو هەڕەشانەی لەمیدیاكاندا دەكرێت، كە ئەوروپا نایەوێت چیتر پشت بەگازی روسیا ببەستێت، لەشەڕێكی میدیایی زیاتر نیە! فەرامۆشكردنی گازی روسیا واتە بڕینی قووتی خەڵكی روسیا، كە بێگومان ئەمە جەنگی گەورەی لێدەكەوێتەوە روسیا لەقوژبنێك داخنێت وناچاری دەكات رێگەی تر بگرێتە بەر. ئەو شێوازە لەسوكایەتیكردن لە سیاسەت وپەیوەندیە نێودەوڵەتیەكاندا بێزراوە ومێژووێكی تاڵی جێهێشتووە، بۆ نمونە كاتێك ناپیلۆن لەساڵی (1806) سوكایەتی بەئەڵمانیا كرد، پڕۆسەی یەكێتی ئەڵمانیای لێكەوتەوە وئەڵمانەكان لەساڵی (1871) لەناوكۆشكی ئەلیزێ یەكێتی وڵاتەكەیان راگەیاند، كاتێكیش فەرەنسا لەساڵی (1923) سوكایەتی بەئەڵمانیا كردو دوو شار، كە ململانێیان لەسەریدا هەبوو داگیری كرد، بووە هۆی سەركەوتنی نازیەكان ودواتریش دایسانی جەنگی دووەمی جیهانی! دەربارە شەڕی سوریاش بە هەمان شێوە، هێندەی ئەو شەڕە شەڕێكی جیۆستراتیژیە ولەسەر دابەشكردنەوەی ناوچەی باڵادەستیە، شەڕێك نیە لەسەر گاز، ئەمە واتای بێبەهاكردنی گاز نیە، بەڵكو واتای ئەوەیە گاز جگە لە فاكتەرێك لەنێو فاكتەرەكانی تر زیاتر نیەو كۆی فاكتەرە سەرەكیەكە داڕشتنەوەی دیمەنە جیۆستراتیژیە گەورەكەیە! روسیا شەڕی گواستەوە سوریا لەبەر گاز نەبوو بەڵكو لەبەرئەوەبوو دەیویست شوێن پێی خۆی لەسەر دەریایی سپ ناوەڕاست بپارێزێت، كە ئەمریكاو ناتۆ بە هەموو شێوەیەك بۆئەوەی لەسنوورەكانی باشووریدا ئابڵووقەی بدەن، دەیانویست لەو كەنارانەی دووربخەنەوە، داگیركردنی نیمچە دورگەی كریم لەساڵی (2014) دوای ئەوە هات، كاتێك ئۆكرانیا ویستی ببێتە ئەندام لەناتۆو دەروازەی دەریای رەش، تاكە دەروازەی دەریایی لەباشوورەوە لەبەردەم روسیا دابخات، ئەو هەنگاوە روسیای ناچار كرد ئەو نیمچە دورگەیە داگیر بكات، هەروەك چۆن ئێستا دەیەوێت كەنارەكانی تری ئەو دەریایە كۆنتڕۆڵ بكات ومەترسی ئابڵووقەدانی ناتۆ لەخۆی دوور بخاتەوە. بە هەمان شێوە ئەوەی لەباشووری كوردستانیش دەگوزەرێت، بەناوی ململانێ لەسەر گاز، لەبنەڕەتدا هەوڵێكی دزەكردنی هاوپەیمانی ناتۆیە بۆ بن دیوارەكانی ئێران وهاوپەیمانی روسیا! ئەمەش واتای ئەوەیە ئێران چیتر ناتوانێت گۆڕەپانی شەڕ بگوازێتەوە دەرەوەی سنوورەكانی خۆی، هاوكات هەوڵێكە بۆ تێكشاندنی كەوانەی شیعی ودوورخستنەوەی دەستی ئەو وڵاتە لەسوریا، هاوكات لەلایەكی تر كێشە بۆ روسیا دروست دەكرێت، هەروەك چۆن ساڵی پار هەوڵیاندا هەمان كێشە لەكازاخستان، لەئاسیای ناوەڕاستدا دروست بكەن!. ئەو ململانێیەی بەناوی ململانێ لەسەر گاز لەهەرێمی كوردستان دەگوزەرێت هەوڵێكە بۆ دابەشكردنەوەی ناوچەكە و دەرهاویشتەی زۆر مەترسیداری لێدەكەوێتەوە، ئەگەر توركیا لەباكوور ودەڤەری زەردەوە داگیركاریەكانی درێژەپێبدات وهەوڵبدات لەرێگای پڕوپاگەندەی گازەوە خۆی بگەیەنێتە ناوچەكانی ژێر باڵادەستی ئێران، ئەوە حكومەتی ئێراق، كە ئێستا تارادەیەكی زۆر لەژێر كاریگەری ئێران وروسیادایە، ئەگەری ئەوە هەیە ئەویش لەباشوورەوە و بەبیانووی دەست بەسەرداگرتنی بیرە نەوتەكان وجێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی پەلاماری كوردستان بدات، بەم چەشنە هەرێمی كوردستان دەبێتە گۆڕەپانی شەڕو هەر لایەی هەوڵدەدا بەشێكی داگیر بكات وحالەتێكی دیفاكتۆ بۆ خۆی بچەسپێنێت!.
د. نیاز نەجمەدین وەک چۆن لە مارکسیزمدا کۆمەڵگە لە دوو بەش پێکهاتووە، کە بریتین لە سەرمایەدار و کرێکار، ئەم دوو بەشەش زۆربەی کات دانوویان لەگەڵ یەکتر ناکوڵێت، دەوڵەت و نەتەوەش بە هەمان شێوەن: مەرج نییە هاڕمۆنیی بڕۆن و لەسەر رێگای گەشەپێدان بن. دەشێت دژ بە یەکتر بن. لەو شوێنەشدا پشتیوانی یەکترن، دیسان مەرج نییە لەسەر رێگای گەشەپێدان بن. دەوڵەت دەتوانێت گەشەپێدەر بێت و دەشتوانێت روتێنەر بێت مادام لە کۆمەڵێک دەزگا (ئاسایش..دادگا...قوتابخانە...هتد) پێکهاتووە و ئەکتەر و گروپە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاریبهێنن. ئەو دەوڵەتانەی لە ناوچەی ئێمەدا دروست بوون و دراوسێمانن یەک لە یەک روتێنەرترن، مرۆڤی روتێنەریش دروست دەکەن. یەکێک لە رێگاکان ئەوەیە دەیکەن بە نەتەوەپەرست. مرۆڤی نەتەوەپەرست، سەر بە دەوڵەت/نەتەوەکە بێت یان خۆی وەک نەیاری پیشان بدات، بارگاوییە بە رقی نەتەوەیی و رەنگە ئامادەش بێت هەموو جۆرە شەڕێک بکات. بڵاوکردنەوەی ترس و شەرعییەتدان بە لەناوبردنی ئەوانی تر لە وەزیفە سەرەکییەکانێتی. لە بەرامبەردا، ئەوەی من خوازیاریم، نەتەوەسازە. نەتەوەساز کەسێکە بۆ ئەوەی شوناسی نەتەوەکەی خۆی جیابکاتەوە و بیپارێزێت، پێشیبخات و دروستی بکات پێویستی بەوە نییە رقی لە نەتەوەیەکی تر بێت، بەڵکو لە مێژووی داگیرکاریی دەکۆڵێتەوە و دەیەوێت تێبگات چی بەسەرهێناوە، پاشان بە مەبەستی خۆپاکردنەوە و دابڕان لەو مێژووە هەنگاو دەنێت. هاوکات دەیەوێت تێبگات هێزە لۆکاڵییەکانیش چییان بەسەرهێناوە و چۆن کەسایەتییان سڕیوەتەوە. کاتێک دەکەویتە داوی نەتەوەپەرستییەوە، ئیدی خۆت وەک بەستەزمان دەبینی، ستەمی خۆت نابینیت، دڵت کەمتر بە ئازاری نەتەوەکانی تر دەسوتێت و رقەکەت رەنگە تا خۆئامادەکردن بۆ شەڕی نەتەوەیی بڕوات، هەمان ئەو شتەی کە لە جیهاندا ملیۆنان مرۆڤی لەناوبرد. بەڵام نەتەوەساز کەسێکە دەزانێت ئەگەر ناسیۆنالیزم تا نەتەوەپەرستیی راکێشێت، بە بیابانەکانی نازیزم دەگات. بەم واتایە، عەرەبێک/تورکێک کە بە رقەوە سەیری کورد دەکات و دەیەوێت بیسڕێتەوە کەوتۆتە داوەکە. بەڵام جیاوازییەک نابینم ئەگەر ئێمەش لاساییان بکەینەوە. لە رووی ئابوورییەوە، بە پێچەوانەی نەتەوەپەرستەوە کە داتا دەشارێتەوە بە بیانووی ئەوەی مەترسییمان لەسەرە یان دەوڵەتمان بۆ دادەمەزرێنێت، نەتەوەساز کەسێکە کە سەرژمێر(جەرد)ی سەرچاوە سروشتیی و مرۆییەکانی دەکات، ئەرشیفیان دەکات، دەزگاکانی هاندەدات رێکوپێک بیانخەنەگەڕ، لە کوێشدا پێویست بوو دامودەزگای بێ لایەنیان بۆ دادەمەزرێنێت تا ئاراستەی ئامانجە گشتییەکانیان بکەن. بەڵام ئایا نەتەوەساز کەسێکە داگیرکاریی لەلا ئاساییە؟ بێگومان نەخێر. ئەوە دیسان نەتەوەپەرستە کە پاراستنی نەتەوەکەی خۆی دەکات بە کەرەستەی داگیرکاریی. نەتەوەساز کەسێکە دژ بە داگیرکارییە بە هەموو جۆرەکانییەوە. یانی ئەگەر سبەینێ عێراق بە مەبەستی (ئەڵێم بە مەبەستی!) داگیرکاریی پەلاماری هەرێمی کوردستان بدات، ئەوا دەبێت بەرگریی بکەین تەنانەت ئەگەر ئێمە هەڵەکەمان کردبێت، بەبێ ئەوەی بترسین لەوەی کێ بە چی تۆمەتبارمان دەکات. لە سەنگەرێکی ئاوادا شتێک نامێنێت بە ناوی پێشمەرگەکانی پارتیی و پێشمەرگەکانی یەکێتیی، ئەوەی هەیە پێشمەرگەی ئەم خاکەن (ئەڵێم پێشمەرگەی خاک، نەک حزب، ئەو پێشمەرگەیەی دەمێکە خەون بە دروستبوونیەوە دەبینین و تا ئێستا هێزە لۆکاڵییەکان نەیانهێشتووە دروست ببێت!). ئەم جیاکارییە یارمەتییمان دەدات دونیابینیی خۆمان داڕێژینەوە، بەوپێیەش پلانەکەمان دیزاین بکەین. بەپێی ئەم جیاکارییە، نەتەوەسازیی دەکەوێتە پێش دامەزراندنی دەوڵەتێکی گەشەپێدەرەوە. دووەم سودی ئەم جیاکارییە ئەوەیە سەیری پرۆژەی نەتەوەسازیی (Nation building) وەک پرۆسەیەکی بەردەوام دەکات و نایبەستێتەوە بە دامەزراندنی دەوڵەتەوە (State building). نەتەوەسازیی شتێک نییە دوابخرێت، کۆڵی لێبەیت، پشتی تێبکەیت، بەڵام دامەزراندنی دەوڵەت شتێکە دەتوانیت دوای بخەیت، بگرە کۆڵی لێ بەیت و پشتی تێبکەیت بە هەندێک مەرج. سێیەمیان ئەوەیە فێرمان دەکات لەوە تێبگەین گەشە و گەشەسەندن پرۆسەیە، بە بازدان ناکرێت، بەڵام بواری ئەوە هەیە پرۆسەکە خێراتر بکرێت. بە کورتیی، بە پێچەوانەی رێگای نەتەوەپەرستییەوە کە تراژیدیای گەورەی لێ دەکەوێتەوە، رێگای نەتەوەسازیی دەمانگەیەنێت بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی باشتر و جڵەوکراوتر لەوەی لە ناوچەکەدا هەیە. لە خراپترین حاڵدا، بەشخوراو نابین ئەگەر لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی تریشدا(وەک عێراق)، بژین.
زانا توفیق بەگ لەدوای دەركردنی مەرسومی سەرۆكی هەرێم بۆ دەستنیشانكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن، كە دەكاتە 2022/10/1 هەندێ هێزی سیاسی لە چەند بەلاغێكدا، داوای دواخستنیان كرد، بەپاساوی هەمواركردنەوەی یاسای كۆمسیون هاوكات گوڕانكاری لەدەستەی سەرۆكایەتی كۆمسۆن وە بانگەشەی ئەوەیان كرد، كە پابەند نابن بە دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردنەوە. دەمەوێ لێرەدا هەندێ سەرنج بخەمەڕوو لەسەر هەندێ هێزی سیاسی یان ئیسلامی، كە ئاستەنگ دەخنە بەردەم پڕۆسەی هەڵبژاردن وە نایەوێ لەو واقیعە تێبگەن كە ڕێژەی دەنگەكانیان كەمی كردوە. لە جیهاندا هیچ هێزێكی سیاسی نادۆزیتەوە كە بەدواداچوون نەكات، بۆ ڕێژەی دەنگەكانی، یان لایەنی كەم هەوڵی ئەوە بدا بزانی هێزی جەماوەری حیزبەكەی لەچ ئاستێكدایە، بۆ چارەسەركردنی كەموكوڕێكانی، تا لە تڕێمی داهاتووی هەڵبژاردندا بتوانێ كێرفی دەنگەكانی زیاد بكات. ئەوەی جێگای هەڵوێستەلەسەركردنە جگە لە پارتی دیموكراتی كوردستانو نەوەی نوێ كە پێداگری دەكەن بۆ بە ئەنجام گەیاندنی هەڵبژاردن، باقی هێزو گروپەكانی تری سیاسی لە پەلەقاژییەی دواخستنی ڕۆژی هەڵبژاردنن لە ڕێكەوتی دیاركراودا. یەكێتی نیشتمانی كوردستان موكڕە لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن، چونكە لەهەندێ سەرچاوەی نافەرمیەوە باسلەوە دەكرێ، كە ڕێژەیەكی زۆر دەنگەكان لەئەگەری هەڵبژاردندا دەچێت بۆ نەوەی نوێو پارتی، وە خۆری یەكێتی لەئاوابووندایە لە زۆنی سەوزداو كەمبوونەوەی دەسەڵاتی سیاسی یەكێتی لەناوچەی سلێمانیو دەروبەردا یەكسانە بە نەمانی دەستبەسەراگرتنی داهاتی سلێمانیو كەمبوونەوەی هێزی سەربازی یەكێتیو لاوازبوونی پێگەی سیاسی لە ناوخۆ و هەرێمایەتی دا. لێكەوتەكانی دواكەوتنی هەڵبژاردنو بەشدارینەكردنی قەڵەمڕەوی یەكێتی لەترسی كەمبوونەوەی دەنگەكان، كاریگەریەكی نەگەتیڤی بۆسەر سومعەی سیاسیو كۆی دامەزاوەكان هەرێم دروستدەكات، بەتایبەتی لەسەر ئاستی وڵاتانی دیموكراسیو ئەورپادا. لەناۆخۆی كوردستان تاكە هەناسەیەك بۆ داهاتووی هاونیشتمانی، بریتیە لە سندوقەكانی دەنگدان بۆ ئاڵوگوڕی دەسەڵاتی سیاسیو باشتركردنی دۆخی ئابووری و سیاسی، كە مافێكی سروشتی خەڵكە وە هەر هەنگاوێك بە ئاڕاستەی لێسەندنەوەی ئەو مافەی هاونیشتمانی و ڕێگری لە پڕۆسەی هەڵبژاردن لەلایەن هەر هێزگەلێكەوە بێت. واتای چوونە دەرەوەیە لە گەمەی دیموكراسی و سیاسی، وە دروستكردنی كەڵكەڵەی دیكتاتوری لەناو دەسەڵاتی سیاسیدا، هەر بۆیە لەم دیدگایەوە دۆڕاندن باشترین بژاردەیە لە هەڵهاتن بۆ ئەو هێزانەی كە دژی پڕۆسەی هەڵبژاردنن.
رزگار شێخ حهسهن گرنگی و بایهخی پهروهرده له كاریگهری و ئهنجامهكانیدایه لهسهر ژیانی كۆمهڵایهتی و چالاكییه گشتیهكاندا، له كۆمهڵگای ئێمهدا زۆرترین مزگهوت و قوتابخانه و قوتابی و دامهزراوهی پهروهردهیی ههیه ، لهگهڵ ئهوهشدا چهندین كێشهی قورسی كۆمهڵایهتی و ئینسانی ههن كه له نهبوونی پهروهردهوه دێنه دهرێ ، لهوانه كێشهی كۆمهڵكوژی و ژنكوژی و گهندهڵی دارایی لهئاستێكی ئیجگار بهرزدایه، دهبێت بگهڕێن و له خۆمان بپرسین ئــایا كــێ بهرپرسه لــهپهروهردەكردنی كۆمهڵگا ، به كام فهلسهفهی پهروهردهیی تاكی ئێمه پهروهرده دهبێت ؟ لـه كێشه پهروهردهییهكاندا ههمیشه حكومهت یهكهمین نیشانهیه كه بهتهواوهتی ههموو كێشهكان ئاڕاستهی دهكهین و ههموان له رهخنهگرتن له دواكهوتوی و نا كارایی پهروهده رهخنهكان ئاراستهی حكومهت و لایهنی فهرمی دهكهین ، بهڵام ڕاستیهك ههیه كهدهبێت ههموان بیزانین خراپی پهروهرده لـهئهنجامی خراپی ئیدارهدان و رێكخستنیدایه ، واتا لهگهڵ بونی ژمارهی زۆری دامهزراوهی پهروهردهیی و خوێندنگا و مامۆستا بهڵام ههمو ئهمانه نائامادهن له پهروهردهی كۆمهڵایهتیدا ، ڕاسته ئهركێك جێبهجێدهكهن بهڵام ئهویش بهقهدهر لێهاتوی قوتابیهكه فێری وانه زانستیهكانی دهكهن واته ئهركهكان به شێوهیهكی گشتی ئهركی فێركارین نهك ئهركی پهروهردهیی ، لهكاتێكدا ئهركی خوێندنگا تهنها به فێركردن و پێدانی نمره تهواو نابێت بهڵكو ئهركێكی پهروهردهیی گرنگی له ئهستۆدایه ، ئهركێكی ههره گرنگی قوتابخانه و دامهزراوه پهروهردهییهكان ئهوهیه ڕهوشت و بهها مرۆڤایهتیهكان فێری خوێندكار بكات تا لێرهوه جیاوازیهكانی دهربخات، كاریگهری لهسهر پهروهردهی كۆمهڵایهتی و بیركردنهوهی تاكهكهس ههبیت ، بهلام له كۆمهڵگایهكدا ڕهوشت تهنها له لهشولاری ژناندا ببینرێت ، ههمیشه ئهم كاریگهریه له ڕوئیاو دونیا بینی مامۆستاكاندا رهنگبداتهوه ، ههربۆیه نێرینهیهك بهرههم دێت كه ژن وهك كهسێكی سهربهخۆ تهماشا ناكات و ههمیشه وهك شهرهفی نێرینهی بنهماڵه سهیری ئهكات، ئامادهیه ڕهشهكوژی بكات وهبهههمان شێوهش میینهیهك بهرههم دێت كه روانگهیهكی پیاوسالاری بۆ ئافرهت ههیه و جهستهی ئافرهت به شهرم و بهڵا ئهزانێت و داواكاره بهردهوام جهستهی ئافرهت بهرانبهر به چاوی پیاو دابپۆشرێت نهك ژنێك له روانگهیهكی مرۆڤانهوه سهیری خۆی و رهگهزهكهی بهرانبهر بكات و بایهخ به كوالیتی و ئاستی هوشیاری و زانستی بدات نهك پۆشینی جل و بهرك بكاته پێوهری باشبوون و رێزی كۆمهڵایهتی بوونی واعزهكانی سۆشیال میدیا كهتهنها به وتیـان و گێڕایهنهوه وتارهكانیان ڕازاندۆتهوه ، گوێی وهرگری كوردیان پر كردوه له وهعز و نهسیحهت ، ئهمانه به كردهوه بونهته بهلایهكی گهورهی بۆ پهروهردهكردنی كۆمهڵگا ، بهشێك لهمانه ئاراستهكراون و به سپۆنسهری دهزگا خێرخواز و سیاسیهكانیان ئهجێندای تایبهتی ئایینی و ئایدۆلۆجی جێبهجێ دهكهن ئهمرۆ كۆمهڵگایهكمان ههیه پڕ له وتارو پهروهردهی دژ بهیهك ، كههیچ كام لهوانه چاودێریكراو نین، تهنانهت دامهزراوه فهرمیه پهروهردهییهكانیش چاودێریكراو نین ، گهر سهرهنجێك بدهین دهبینین دام دهزگای فهرمی پهروهردهیی فهلسهفهیهكی پهروهردهیی دیاریكراوی نییه ، ههر لایهك له قوتابخانهكان ، دهزگا پهروهردهییهكان به پێی باوهر و ئایدۆلۆجیای خۆی تاكهكان كۆمهڵگای ئێمه پهروهرده ئهكات ، چهندین دهزگا و كارهكتهری پهروهردهیی گرنگ رۆڵیان ههیه كه دهتوانن كاریگهر بن له پهروهردهكردنی كۆمهڵگا دهكرێت لێرهدا له بارهی ههندێكیانهوه بدوێین : - قوتابخانه: دامهزراوهیهكی فهرمی دهوڵهتییه ، به بێ بونی ستراتیجی ساڵانه كاردهكات و بهرێوهدهبرێت لــه ژێر میزاجی بهڕێوبهری دانراوه ناشارهزا له فهلسهفهی پهروهردهیی ، واتا تهنها لێپێچینهوهیهك بكرێت ڕۆتینه كارگێریهكانه و ناتوانێت نیشانی بدات چهنده ئهو ئامانجانهی بهدی هێناوه لهو دامهزراوهكهیدا كه له پێناویدا دامهزراوه . - مامۆستا : فهرمانبهرو مرۆڤه مووچهخۆرهكهی دهوڵهت كه تهنها وهرنهگرتنی موچه خهبهری دهكاتهوه ، مامۆستا بێ ئاگایه له پێشكهوتنه زانستیهكان ، دابڕاو له سیستهمه پێشكهوتوهكانی وانهوتنهوه ، بێ ئهرك لــه بهرپرسیاری ، تهنها چل دهقیقه كاتی منداڵ بگرێت لهبهرامبهردا كۆتایی ساڵ نمرهكان بگهیهنه به دهستهی كارگێری لهبهرامبهر دهرچو دهرنهچو هیچ ئهركێك له پێدانی كاتی زیاتر به قوتابی ناكهوێته ئهستۆی .. - سیستهمی كار گێڕی پهروهرده : گرنگه لهم ڕوانگانهی خوارهوه لێ بڕوانین . یهكهم : ژمارهی زۆری ڕاوێژكارو بڕیاربهدهستهكانی بواری پهروهرده كه پێویسته چاودێربن بۆ پرۆگرامهكانی خوێندن ، لهباڵاترین ئاست له پلهو دهسكهوته مادیهكان بههرهمهند بن ، بهڵام وهك پێویست رۆڵی خۆیان نابینین بهوه بهدواداچوون بكهن ئایا پرۆگرام چهندهی جێبهجێكراوه، ئایا قوتابی لێهاتوی لهگهڵ پرۆگرام دێتهوه؟ ئایا سیستهم جێبهجێكراوه یان دهكرێت گۆڕانكاریه بهپهلهكانی دونیا چهندێكی لهنێوپرۆگرامی ساڵی داهاتو جێكراوهدهبێت . دووهم : سهرپهرشتیاری : ناوێكی دیاری ناو چاودێركردنی سیستمی پهروهرده و فێركردن ، كه به ئهزموونی دهركهوتوه شێوازی كاركردن و چاودێریكردنی كۆن بوه و پێویستی به نوێكردنهوهیه ، پێویسته باشتر ئاگاداری سیستمهكه بن ، سوود له ئەزموونه پێشكهوتوهكانی دنیا وهرگرن كه له بواری پهروهرده پێشهنگن ، ئهوهی گرنگه لهئهركی سهرپهرشتیار بهدواداچونه بۆ ناوهندهكانی خویندن، بهدواچونی پێشكهوتنه پهروهردهیهكان تا بیگوێزنهوه بۆ ناوهندهكانی خوێندن سێ یهم : بهرێوبهرایهتی پهروهردهییهكان هێنده سهر قاڵی ژمارهو ئامارو سهر موچهو فۆرمه جۆراو جۆرهكانی داواكراو له مامۆستان ( كه بێگومان ئهركێكی كارگێری پێویسته ) ، بهڵام نایانكرێت بهشداربن له داڕشتنهوهی سیاسهتی پهروهردهی قوتابخانهكان لهگهڵ دهستپێكی ههر سالێكی خوێندن ،نیشانی نادهن ئامانجی دیاریكراویان به دیاریكراوی چیهو چهندی دهوێت بۆ جێبهجێكردنی پلانهكهیان ..واتا گرنگه له كۆتایی ساڵ ئاستی جێبهجێكراوی پلانیان نیشان بدهن، باشان پاشماوهی پلان بۆ ساڵێكی نوێی به نوێكاریهوه بخهنه بهردهست قوتابخانهكان .. كۆمهڵگایهكی دابهشكراو ماندوو بهدهست هێزسیاسیهكانی كهههمیشه بهترسهوه دهڕواننه مهترسیهكانی شهڕی ناوخۆ و دهوڵهتی مهركهزی ، به جۆرێك ڕازیكراوه گهر ههرچی بڵێن دهبێ بڵێن بهڵێ، ئهمه جگه لهوهی خاوهن هێزێكی ئۆپۆزسێونی ئیسلامی كهبهردهوام كۆمهڵگا لهبهردهم تۆمهتباركردنی ئهخلاقیدایه ، خهریكی پۆلێنكردنی كۆمهڵگان بهسهر ئهخلاق و بێ ئهخلاقدا، ئیمان و بێ ئیمان، ئهمانه به شێوازێكی تایبهتی خۆیان ئهیانهوێ كۆمهڵگا پهروهرده بكهن كه مهترسین لهسهر ماف و ئازادییه تاكهكهسی و مهدهنییهكان ، لهم پرۆسهیهشدا بهشێوهیهكی بهبڵاو تۆره كۆمهڵایهتییهكان بهكاردێت ، ههندێك بۆ شكاندنی سیاسی و ههندێكی تر بۆ سهپاندنی ئهجێندای سیاسی و پهروهردهیی خۆیان بهكاریدێنن.. گرنگه دام و دهزگا پهروهردهییهكان رۆڵێكی زیاتری پهروهردهیی ببینین و دهوڵهت خاوهنی فهلسهفهی پهروهردهیی خۆی بێت ، رێگا نهدرێت پهروهردهی كۆمهڵگا بۆ مزگهوت و واعیزهكانی شۆشیال میدیا جێبهێڵریت ، بهڵكو دام و دهزگا فهرمییهكان بهو ئهركه ههڵسن.
ئەحمەد حاجی رەشید لەدوای دەركەوتنی ئەنجامە سەرەتاییەكانی هەڵبژاردنو هەستكردنی هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بە شكستێكی گەورە كە دەرئەنجامەكەی بەركەناركردنیان دەبێت لە پرۆسەی سیاسی یان لانی كەم ڕۆڵی سەرەكیان نابێت لە پرۆسەی سیاسیدا، هەر بۆیە زوو وەخۆ كەوتنو پلانی ڕوبەڕووبونەوەیان داڕشت، كە چۆن ڕێگری لەو شكستە بكەن. سەرەتا ویستیان بەهێز ڕێگری بكەن لە بڵاوكردنەوەی دەرئەنجامەكان لەڕێگەی خۆپیشاندانێكی هێزە چەكدارەكانی حەشدی شەعبیو دەنگدەرانیان، بەڵام هەرزوو زانییان ئەوە ڕوبەڕووبونەوەی عەسكەری تێدەكەوێتو سومعەی سیاسییان لەكەدار دەكاتو هەم هێزە ئەقلیمییەكانو هەم هێزە نێودەوڵەتیو ڕێكخراوەكان ئیدانەیان دەكەنو شكستەكەیان چەند قات دەبێت، دادگای باڵای فیدڕاڵیش مل نادات بۆ وەها فشارێك، بۆیە بەناچاری وازیان لەو شێوازە ڕێگرییە هێناو هەندێ ئامۆژگاریش كران كە دەستبەرداری ئەو شێوازە ببنو ڕازی بن بە بڵاوكردنەوەی دەرئەنجامەكانو شێوازی نوێ بگرنەبەر، كە ئەویش سكاڵاكردن لە دادگای باڵای فیدڕاڵی بوو، بۆ ئەو مەبەستە تانەیان لەئەنجامەكان دا تا لەو ڕێگەیەوە دەرئەنجامەكان ڕەتبكەنەوە. هەربۆیە هەرچی توانای هونەریو یاسایی هەیە خستیانەكار، بەڵام دوبارە شكستیان هێناو پێیان ڕاگەیەنرا تێچووی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان زۆر قورس دەكەوێت لەسەر عێراقو ئەگەری ڕوبەڕووبونەوەی سەربازیی هەیە، بۆیە ئەو شكستەشیان قبوڵ كرد، بەڵام لەوەدا قازانجیان كرد كە دیوێكی شارستانیانەیان نیشاندا لەبەرانبەر كۆمەڵگەی عێراقیو ئەقلیمیو نێودەوڵەتیشدا. قۆناغی دووەمی پلانەكەیان ئهوه بوو چۆن ڕێگری بكەن لە كۆبونەوەی پەرلەمان، ئایا بە نەچوونی ئەندامانی هەڵبژێراوی ئەوان سوێندخواردن پەكیدەكەوێت، بەدڵنیایەوە نەخێر، چونكە لەوەدا هیچ پەرلەمانتارێكی سەركەتوو ئامادە نابێت سوێند نەخوات ئەگەر چەند ڕۆژێكیش سوێند خواردنەكەی دوا بكەوێت، بۆیە قۆناغی سێهەمی پلانەكەیان ئەوەبوو كە چۆن ڕێگری بكەن لە پێكهێنانی حكومەت، كە كۆمەڵێك قۆناغی دەوێتو گرنگترینیان هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارە، كە كلیلی پێكهێنانەكەیە، بۆیە دیسان ڕوویانكردەوە لە دادگای فیدڕاڵی، سەرەتا ناچاركردنی هەندێ لایەن بەتایبەت پارتی لە رەتكردنەوەی دادگای فیدڕاڵی بۆ كاندیدەكەی پارتی پاشان تانەدان لە بڕیاری پەرلەمان بۆ درێژكردنەوەی ماوەی خۆكاندیدكردن، پاشان بۆ تەفسیركردنی ماددەی (۷٦)ی دەستور كە ئایا نیسابی دانیشتن چەند ئامادەبووی دەوێت، هەریەك لەو بابەتانە ویستگەیەكی تەواوكەری هەوڵو پلانەكەی چواچێوەی هەماهەنگی بوو، بۆیە كاتێك دادگای باڵای فیدڕاڵ یەكلایكردەوە كە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار ۲۲٠ ئامادەبووی دەوێت، بڕیاریاندا نەهێڵن لەوەدا شكست بهێنن لە (ثلث المعطل) سێ یەكی پەكخەر كە ئێستە ناوەكەی كراوە بە سێ یەكی گەرەنتی (ثلث الضامن)، كەوتنە پەیوەندیكردنو توانیان لەیەكەم دانیشتن ۱۲٦ ئەندام بایكۆت بكاتو لایەنی بەرانبەر تەنها توانی ۱۹٦ ئادەبوو كۆبكاتەوە، لە دانیشتنی دووەم ژمارەكە كەمیكرد بۆ ۱۷٦ ئەندام، بۆیە لێرەوە ئیدارەی سراعو ململانێكان كەوتە دەستی هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیو توانیویان پرۆسەكە بوەستێنن. هەربۆیە دەیانەوێت بەهەنگاو ئەم خاڵانە بچەسپێنن: یەكەم: جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بەهەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، چونكە ئەم یاسایەی ئێستا گرنتی دوبارەبوونەوەی هەمان دەرئەنجامی هەیە. دووەم: سەرلەنوێ پێكهێنانەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، چونكە لەكاتی پێكهێنانیدا چوارچێوەی هەماهەنگی سەركەوتوو نەبوون لەدانانی كەسەكانی ناو كۆمسیۆن، بۆیە دیسان گرنتی نیە دەرئەنجامەكان بەویستی ئەمان بێت. سێهەم: هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، چونكە پێكهێنانی حكومەتیش بە بەرژەوەندی چوارچێوەی هەماهەنگی گرنتی نابێت لەو ترسانەی كە هەیانە، چونكە كەمینەن لە پەرلەمانداو هەریاسایەك دەربچێت چوارچێوەی هاماهەنگی ناتوانێت ڕێی لێ بگرێت، بۆیە زۆر بەپەرۆش نین بۆ پێكهێنانی حكومەت. چوارەم: دوبارە هەڵبژارنەوەی پێشوەخت بەیاسای تازە، كە پارێزگاكان بازنەی هەڵبژاردن بن، چونكە بەپێی ئامار نزیكەی دووملیۆن نیو (۲٥٠٠٠٠٠) دەنگدەریان هەبووەو سێ ئەوەندەی سەدرییەكان دەنگیان هەبووە، نەشارەزاییو یاساكە ڕێگربووە لەوەی نەیانتوانیوە ئاڕاستەی دەنگدەری خۆیان بكەن. پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە ئایا؟ چوارچێوەی هەماهەنگی سەركەوتوو دەبێت لەم مانۆڕەدا یان نەخێر !
ئەبوبەكر كاروانی بڵاوکردنەوەی ژمارەی کەسە ڕاکردوو و پەنادراوەکان لەدەست یاسا لەھەرێمدا، کە لە (٥٠٠٠) کەس تێدەپەڕن، سەرلەنوێ ھەموومانی لەبەردەم کێشەیەکی قوڵ و راستەقینەی ھەرێمەکەمان و یەکێ لە ڕواڵەتە گەورەکانی ناعەدالەتیدا ڕاگرت، کە ئەویش نەبوونی سەروەری یاساو حوکمی کەمینەیەکی سیاسی و یەکسانی ھاوڵاتیان و جیاکارییە لەنێوانیاندا. بەجۆرێك بەگوێرەی پێوەرەکانی سەروەری یاسا، یاساکانی ھەرێم بەشێوەیەکی بنەرەتی، تەنھا بەسەرخەڵکی ھەژارو بێ پشتدا جێبەجێ دەکرێ! بەمەش یاسا لە پێوەرەوە بۆ دادپەروەری بۆتە ئاماژەیەکی زەقی نادادپەروەری و نەبوونی حوکمی باش، کە سەروەری یاسا بەیەکێ لە پێوەرو توخمە ھەرە گرنگەکانی دەژمێردرێت. مەبەستیش لەسەروەری یاسا زۆر بەسادەیی ئەوەیە: سەرجەم ھاوڵاتیان بەنوخبەی فەرمانڕەواشەوە، ملکەچی ڕێسا یاساییە کارپێکراوەکان بن. یاسا وەك یەك بەسەر ھەموواندا پیادە بکرێت و دەزگا تایبەتمەندەکانیش تۆمەتبارو تاوانباران ملکەچی حوکمە قەزاییە بێلایەنەکان بکەن. بەوەش کەس نەتوانێ بەھۆی ھیچ پلەو ناونیشانێکەوە کە ھەیەتی یاخود پێی دراوە بچێتە سەرو یاسا یاخود خۆی لە پابەندبوون بە ئەحکامەکانی و بڕیاری دادگاکان بدزێتەوە. کە ئەوەش بێلایەنی و سەربەخۆی دادگاو دامەزراوە فەرمییەکان و بەکورتی دەوڵەتی یاسا دەخوازێت. بەو واتایەی دەسەڵاتداران لەسەر بناغەی دەستورو یاساکان پیادەی دەسەڵاتی خۆیان بکەن و ھاوڵاتیان ھەست بەدادپەروەری بکەن و ماف و ئازادییەکانیان پارێزراوبێت، ماف و ئیمتیازاتەکان لەدەرەوەی یاسا دادپەروەرەکانەوە دابەش نەکرێن. ئەگەر لەم ڕوانگەشەوە سەیری ئەو دۆخە بکەین لە ھەرێمدا دەگوزەرێت، زوو لەوە تێدەگەین لەچ قەیرانێکی گەورەدا دەژین. ھەروەھا چۆن سەرجەم ڕەگەزەکانی سەروەری و دەوڵەتی یاسا بەئاستی جیاواز لەلایەن ھێزو کەسە دەستڕۆیشتووەکانەوە ژێر پێ دەدرێن! ئەوەش وایکردووە متمانە بەیاساو دادگاو دەزگا جێبەجێکارەکان بۆ ئاستێکی خراپ کەم ببێتەوەو واستەو بەرتیل و گوێنەدان بەیاسا بوێری بۆ تاوانکردن پەرەبستێنێ و خەڵکی لەم ڕوەوە سەرمەشقیان نەمێنێ و لەچەندین ڕوەوە ڕێساکانی ھێز نەك یاسا حوکمی پەیوەندییەکان بکات! ڕواڵەتەکانی نەبوونی سەروەری یاساش لەھەرێمدا جۆراوجۆرن لەوانەش: ١- ئەوانەی بەکردەوە لەسەرو یاساکانەوەن و ڕێساو ئەحکامەکانی نایانگرێتەوەو پارێزبەندی مێژوو ھێزو نفوزو ھەژموونیان ھەیەو ھیچ سکاڵایەك دژیان وەرناگیرێت! ٢- ئەوانەی بەڕواڵەت سکاڵایان دژ دەکرێت، بەڵام لەقۆناغی لێکۆڵینەوەدا دیزە بەدەرخۆنە دەکرێت، جا بە لەناوبردنی بەڵگەنامەکان بێت یاخود گۆڕینی دەقە یاساییە ھاوتاکانی تۆمەتەکان! ٣- دەستەی سێھەم دۆسیەکان دەگەنە دادگا بەڵام لەڕێی فشارو نابێلایەنی و ناسەربەخۆیی دادگاو بەرتیلەوە، دەخەوێنرێن، یاخود ئەستۆپاکییان بۆ دەردەکرێت یان ماددەکانیان بۆ دەگۆڕدرێ و حوکمە قەزاییەکان دەوەستێنرێن و بەبڕێ پارە کێشەکە چارەسەر دەکرێت! ٣- ئەوانەی کەیسەکانیان لەھەموو ئەو لەمپەرانەی پێشوو دەربازیان دەبێت و دادگا سزای یاساییان بەسەردا دەسەپێنێت، بەڵام بەھۆی پێگەو ھێزی خۆیان، یاخود پەنادانیان لەلایەن بەھێزو خزم و سەروەرێکی خۆیانەوە، ناتوانرێت سزاو حوکمەکانیان بەسەردا جێبەجێبکرێت! ئەوەش دەبێتە سەرچاوەی تاڵاوی دەرونی و ھەستکردن بە دەستدرێژییەکی تر لەلایەن ھاوبەشێکی نوێی تاوانبارە بنەرەتییەکەوە، بۆسەر خاوەن ماف و غەدرلێکراوەکان، کە ئەویش ئەو کەسەیە پەنای داوە. بەمەش ستەملێکراوەکان جارێکیتر ستەمیان لێدەکرێتەوەو برینەکانیان دەکولێنەوە واھەست دەکەن لەلایەن کەس و دەزگاگەلێکەوە سوکایەتییان پێدەکرێت، کە بڕیارە ڕەمزی سەروەری یاساو گێڕانەوەی مافن بۆ خاوەن مافەکان! بۆیە ئاساییە بەشێ لەوان لە دادگاکان نائومێد ببن و بیر لە تۆڵەکردنەوەی دەرەوەی یاسا بکەنەوە. ئەوانەشی توانای ئەوەیان نیە، سکاڵای بێنازی و مافخوراوی خۆیان ببەنە بەردەم بارەگای خوای گەورە. ئەم دۆخەو درێژەپێدانیشی کە چیرۆکی نەبوونی دادپەروەریی یاسایی و جیاکاریی بەکردەوەی نێوان ھاوڵاتیان و بێکەسی خەڵکە ھەژارو بێ پشت و پاکەکەمان لەوڵاتەکەمان بۆ دەگێڕێتەوە، زەنگێکی مەترسیدارە دەربارەی چارەنوس و دواڕۆژی قەوارەو گەلی ھەرێمەکەو نمونە حوکمڕانییەکەی. چونکە ھەروەك پێغەمبەر (دخ) فەرموویەتی: گەلانی پێش ئێوە بەوە لەناوچوون کاتێك ھەژارو کەسێکی سەر بە چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە تاوانێکی ئەنجام بدایە یاسایان بەسەردا پیادە دەکرد، بەڵام بەسەر نەجیبزادەو بەدەستەکاندا جێبەجێیان نەدەکرد! چونکە ئەم جیاکارییە ڕەمزی ناعەدالەتییە. ھیچ شتێکیش بەئەندازەی ناعەدالەتی بناغەی فەرمانڕەوایەتیەکان ھەڵناوەشێنێت و لەتیاچوون نزیکیان ناکاتەوە.بەتایبەتیش بۆھەرێمێکی پڕ لە ناکۆکی و لاوازی وەك ھەرێمی کوردستان کە نەك ھەر دەوڵەت و بەھێز نییە، بەڵکو لەسەر ئاستی قەوارە ھەرێمییەکەش خاوەن دەسەڵاتێکی ناوەندی و ھێزێکی نیشتیمانی تۆکمەو ژێرخانێکی ئابووری بەھێزو سەرکردایەتییەکی کۆکەرەوەی نەتەوەیی نیە.
سهردار عهزیز لە مانیفێستی کۆمیونیستدا بڕگەیەک هەیە دەربارەی گواستنەوە لە قۆناخی فیوداڵەوە بۆ قۆناغی بۆرژوازی. لەوێدا مارکس باس لە سروشتی بۆرژوازیەت دەکات وەک سیستەمێک کە ناچارە هەمیشە ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی نوێ بکاتەوە یان شۆرشیان تیادا ئەنجام بدات. پاشان لە کۆتایی بڕگەکەدا باس لە ئەو هەموو پەیوەندییە چەسپیو و بەستەڵەکیی و ڕەقهەڵاتوانە دەکات کە بونیادی سەردەمی فیوداڵ بوون و بە هاتنی بۆرژوازیەت ئەوەی ڕەقە لە هەوادا دەتوێتەوەو ئەوەی پیرۆزە دەبێتە ئاسایی. ئەمە یەکێکە لە ساتەوەختەکانی گواستنەوە. یەکێک لە گەورەترین و شۆرشئامێزترین گواستنەوەکان. ئەوەی ئەم گواستنەوەیە جودا دەکاتەوە لە ئەم سەردەمی گواستنەوەی ئێمە، ئەوەیە کە دەزانرێت لە چ قۆناغێکەوە دەگوێزرێیتەوە بۆ چ قۆناغێک. دەزانرێت چی دەڕوات و چی جێگای دەگرێتەوە. لە پاش ئەو دەگوێزینەوە بۆ قۆناغێک کە ئەوەی هەیە دەمرێت بەڵام جێگرەوە دیارنیە، لە ئەنجامدا ناوەندێکی تایبەت دروست دەبێت، کە گرامشی ناوی دەنێت، interregnum دۆخێک کە تیایدا دیاردەی خراپ یان کوشندە ئەنجام دەدرێت. بە هەمان ئاواز هەنا ئارێنت دەڵێت: no longer , not yet کە یانی ئەوەی کە هەیە چیدی کاریگەریی و قورسایی نەماوە، بەڵام ئەوەی کە دەبێت بێت هێشتا نەهاتوە. ئێمە لە ئێستادا لە دۆخێکی تەواو جیاوازترداین. دۆخێک کە دەزانین ئەوەی کە هەیە دەڕوات، زۆرێکمان نامانەوێت بڕوات. بەڵام بە هیچ شێوەیەک نازانرێت ئەوەی کە دێت چیە. لەکاتێکدا دەزانرێت دۆخێکی تر دێت، بەڵام دۆخێکە ڕەنگە هێندە ڕادیکاڵ بێت نەتوانرێت وێنای بکرێت یان هێندە پەرتەوازەبێت نەتوانرێت بە ئاسانی ناوبنرێت یان هێندە ئالۆزبێت نەتوانرێت بە ئاسانی بەهای بە سەردا بچەسپێنرێت.
