بۆچی هەندێكیان رازین بە دانانەوەی بەرهەم ساڵح؟ 

Draw Media

2022-05-16 16:43:18



حلمی رەسول رەزا 
بەو ناونیشانەی سەرەوە، بەرێز عیماد عەلی بابەتێكی تا ڕادەیەك شرۆڤەكاری نووسیوەو لە پەیج و ماڵپەڕی "رونگەو رەخنە" بۆیان بڵاوكردۆتەوە. دیارە بەڕای من ئەوەی لە كوردستان تۆزێ جوانی پێوە ماوە ئەو ئازادی رادەربڕینەیە كە لە چوارچێوەی رێزو یەكدیی قبوڵكردندا ماوە. لەم سۆنگەیەوە و بەهۆی ئەوەشی ناوبراو لە شێوەی پرسیاردا بابەتەكەی نوسیوە بە پێویستم زانی وەكو وەبیرهێنانەوەیەك چەند قەڵەمێك بۆ برای بەرێز بخەمە روو. سەرەتا نووسەر پرسیار دەكات بەرهەم ساڵح لەماوەی دوو ساڵدا چی كردوە، پاشان دەپرسێ بۆچی ئەگەر پارتی كاندیدەی بكشێنێتەوە هەردوو تەرەفی سەدری و ئیتار رازین، بەڵام بە پێچەوانەوە ئیتار رازی نییە؟ .
دیارە لەم سەردەمی زانیاری و تەكنەلۆجیا و سۆشیال میدیایەی ئێستا لە گۆڕێیە، كەم كارو كردەو رەفتار هەیە وون بێت، بەتایبەتی ئەگەر بێت و بابەتەكە سەبارەت بەكەسێكی سیاسی دیارو خاوەن پۆستێكی هەستیاری وەك سەرۆك كۆمار بێت، بۆیە ماوەی دوو ساڵ نیە كە سەرۆك كۆمارە بەڵكو زیاترە، هەرچی دەربارەی كارەكانی سەرۆك كۆمارە لەو ماوەیەدا نووسەر دەتوانێ بچێتە سەر سایتی سەرۆكایەتی كۆمار بۆ ئەوەی بزانێ چەند پرۆژە یاسای بابەیەخ و گرنگ لەو دامەزراوەیەوە ئاراستەی پەرلەمان كراوە، نووسەر ئەگەر ئاگای لە رووداوەكانی تەشرینی ساڵی 2019 ە بێت دەزانێ هەڵوێستی بەرهەم ساڵح لەگەڵ خۆپیشاندەران و داواكانیان چۆن بوە، لە رووی هەڵوێستی سیاسیەوە دەبێ ئەوەی بێتەوە یاد كە چەندین كەس بۆ پۆستی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران كاندید كران؛ ئایە بەرهەم ساڵح هەر بێ دەسەڵاتانە رەفتاری كرد یان بەرپرسانە؟ ئەگەر نووسەر نێوانی لەگەڵ ئەندامانی وەفدی كوردی بۆ بەغدا یان نوێنەرانی كورد لە پایتەخت هەبێت دەكرا بە تەلەفۆنێك پرسیاری لە هەموویان بەبێ جیاوازی بكات بزانێ رۆڵ و هەلوێست و رەفتاری سەرۆك لەگەڵیاندا چۆن بوەو چیشی بۆ كردوون، بزانێ ئایە هەروا سەرپێی رەفتاری كردوە یاخود جێدەستی لەهەموو پرسەكاندا هەبوەو بوارو دەرفەتی بۆ رەخساندوون و كاری بۆ ئاسان كردون. بەڵام ئەگەر پرسیارەكە بۆ ئەوە بێت كە بەرهەم ساڵح نەچۆتە ژێر باری پینەو پەڕو و دزی و فزی و چاوپۆشین لە كارە نایاسایی و دەستووریەكاندا؛ ئەوا بێ گومان نەك پشتیوان بوە، بەڵكو دژییشی وەستاوەتەوە. لەبارەی قسەكانی نووسەر كە دەرهەق بە نەتەوەی سەردەستەی كردوە، گوایە لەلاوازیدا پەنا بۆ هەموو شتێك دەبەن، دەبێ بزانێ ئەوان سیاسەت دەكەن نەك قسەی ناودیوەخان، دەكرا كوردیش بەهەمان شێوە لە لاوازیدا یەكدەست بن و هەرچی رێگا هەیە بیگرنە بەر؛ بەڵام رێگای تابۆ نا بەڵكو ئەوەی كورد لەسەری رۆشتوە كە شارێگای رەوایەتی و مافە، بڕواش ناكەم هەرگیز ئەوان حەسوودیان بەو حاڵەی ئێمە بردبێت كە دەسەڵاتداران بەسەر خەڵكی خۆیاندا هێناویانە. هەرچی دەربارەی ئەوەیە گوایە بەرهەم ساڵح لە بەرژەوەندی ئەواندا كاری كردبێت؛ ئەمە بۆ خۆی ناڕەواییەكی بەرچاوە، چونكە هەلوێستەكانی زۆر روون و ئاشكرا بووە لە بەرامبەر هەموو پێكهاتەكان و ئەسڵەن وەك سەرۆك كۆمارێكی بێ لایەن بۆ سەرجەم خەڵك نەوەك پێكهاتەیەكی ئایینی یان نەتەوەیی رەفتاری كردوە، و لە شێوەی رەحمەتی مام جەلال دا هەوڵی داوە تا پێی بكرێت نەهێڵێت خوێنی تائیفی و ئیتنی بڕێژرێت، ئەم كارەی بەرهەم ساڵح وەك پرەنسیبە نەك تاكتیك، بە سروشتی خۆی بڕوای پێیەتی نەوەك رووكەشی، ئەو وای نابینێ چەنگ لەناو عێراقدا ببێتە مایەی سەقامگیری كوردستان، پێی وا نیە ئەگەر ئەوان لاواز بن ئێمە بەهێز دەبین، بەڵكو لەسەر بنەمای هاوسەنگی و پێكەوە ژیان و یەكدی قبوڵكردن كاری كردوە. 

هەربۆیە وەك نووسەر بۆی چووە، پۆستەكان كارتۆنی نین، بەڵكو كاریگەریشن و سوود و بەرژەوەندی كوردیش پارێزراوە ئەگەر بێت و یەكدەنگی و كارو رەفتاری دەسەڵاتدارانی هەرێم شەفاف و روون بن، كەواتە ئەوە سوچی بەرهەم ساڵح نیە كە بارمان لە بەغدا لارە، ئەوە سوچی دوو بەرەكی و دوو فاقی و فرۆشتنەوە و بزواندنی هەستی نەتەوایەتیە وەك تاكتیك بەكاردەهێنرێ و وەك ستراتیژ دەرخواردی خەڵكی دەدەرێ. هەموو ئەوانەشی باسكران سەلمێنەری ئەوەن بەرهەم ساڵح سیفەت و بیركردنەوەو عەقیدەی بەرێوەبردنی لە هەمووان جیاوازە، ئەگەر لێكچوونیشی لەگەڵ هەندێكدا هەبێت ئەوە بەسروشتە نەوەك كاریگەربوون بەوان !

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand