چیرۆکی ئیدارەدانی سەرمایە هەر پارەی کاش نییە

Draw Media

2022-05-16 10:33:44



سەنگەر رسوڵ

ساڵی ٢٠١٩، لەگەڵ بەرپرسێکی باڵای زۆنی سەوز کە پەیوەندیداربوو بەمەلەفی دارایی؛ گفتوگۆمکردو ئەمەی خوارەوەش بۆچوونەکانی ئێمە بوون ئەوکات. یەکێک لەپێشنیازەکانی من کە لەچوارچێوەی دەسەڵاتی ئەو دابوو، پێم وت هەرگیزو هەرگیز نەکەن داوای پارە یاخود داهات بکەن، بەڵکو دەبێت داوای دابەشکردنی دادپەروەرانەی پڕۆژە بکەن لەهەولێر. بۆ نموونە؛ وتم:

 ١) ئێستاکە کە پرۆژه‌ی شەقامی ١٢٠م لەهەولێر جێبەجێبووەو ١٥٠ مەتری دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئایا لەبەرامبەردا سلێمانی وهەڵەبجە و ڕاپەرین چی بۆ دەکرێت؟

 ٢) پێم ڕاگەیاند دەزانی پارتی چۆن بەشیک لەپرۆژەکانی لەسنوری زۆنی زەرد جێبەجێ دەکات؟ یەکێک لەنموونەکان لەڕێگەی پێدانی نەوتی خاوە لەبەندەری جیهان بە خاوەن پرۆژەکان لەبری پارە!

٣) بەکارهێنانی پێگەو دەسەڵاتی حکومەتە لە گواستنەوەی داهاتەکان لەشوێنی ئەلفەو بۆ بێ! بەتایبەت کە لەئێستادا بۆ چەندین ساڵ دەچێت پرۆژە یاسای بودجەش لەبەردەست نییە! ئەمە چۆن دەکرێت؟ بۆ نموونە لەداهاتی هاتوچۆ پارەیەکی زۆرهەیە، ئەوا سەرۆکی حکومەت و ئەنجومەنی وەزیران بەسانایی ئەو پارەیە دەگوازنەوە بۆسەر پرۆژەو سێکتەرێکی دیکە، ئایا کێ گرەنتی ئەوە دەکات هەموو ناوچەکان بەیەکسانی لەبەرچاو دەگیرێن لەگواستنەوەی داهاتە زیادەکان؟ خۆی ئەمە رێپێدراوه‌ بەڵام دەبێ لەچوارچێوەی یاسای بودجە دابێت کە نییە!

٤) بەکارهێنانی پێگەی حکومەتە بۆ وەرگرتنی قەرزو ئەنجامدانی پرۆژە لەڕێگەی قەرزەوە، ئەمەش چۆن لەسەرحسابی پارێزگاو ئیدارەکانی دیکەوە دەبێت؟ بۆ نموونە ١٠ ملیۆن دۆلار بۆ پرۆژەیەکی رێگاوبان لەزۆنی زەرد تەرخان دەکرێت بەقەرز دەکرێ، ئەوا حکومەت لەبودجەی گشتی قیستی ئەو قەرزە مانگانە دەداتەوە ئینجا دێت داهاتی ماوە لەنێوان زۆنی سەوزو زەرد دابەش دەکات! ئەوە یەکێکە لە تەکنیکەکان بۆ کەمکردنەوەی داهاتی ناوچەکانی دیکە!

٥) لەجووڵەی داهاتی ناوخۆ، ئەوا هەر زۆنی زەرد باڵا دەست دەبێ چونکە هیچ یاسایەک و ئامرازێکی دادپەروەری بوونی نییە تا مافی راستەقینەی ناوچەکەت بەدەست بێنی، بەڵام لەشەری بەدەستهێنانی پرۆژەکان ئەوا بواری زۆری تێدایە چەندین پرۆژە بەدەست بێنی بۆ سنوورەکەت.

لەگەڵ چەندین ووردەکاری دیکەم خستەڕوو، هەوڵمدا راستەوخۆ و بەبێدەنگی بۆچوونەکانم بگەینم و ووتم با لەڕێگەی میدیاوە نەبێت، بەڵام بەداخەوە وەک هەرپێشنیازو بۆچوونێکی دیکەی هەرکەسێکی دیکە گوێیان پێنەدا. لێرەدا ئەوەی مەبەستمانە بیڵێین ئەوەیە کە ئەگەر بتەوێ شەڕی دادپەروەری و حوکمداری باش بکەیت ئەوا دەبێ قووڵ ببیەوە لەچەمک و پایە سەرەکییەکانی حوکمڕانی باش و ناکرێت کۆمەڵێک دروشمی قەبە قەبەت هەبێت و هیچ ئامادەکاری و توانایەکیشت بۆ ئیدارەدانی قەیرانەکان نەبێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand