سەردەشت عەزیز (٢) نوێكردنه‌وه (update) یه‌كه‌م: ئای ئۆئێس ته‌نها ئه‌پڵ مافی به‌كارهێنانی هه‌یه به‌ڵام ئه‌ندرۆید هه‌موو كۆمپانیایه‌ك مافی به‌كارهێنانی هه‌یه، ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی كه ئه‌ندرۆید به‌كارده‌هێنن زۆربه‌یان به‌پێی ویستی خۆیان و تاڕاده‌یه‌ك گۆڕانكارییان له‌ئه‌ندرۆیدا تێداكردوه بۆ نمونه ئه‌ندرۆیدی سامسۆنگ و هواوی تاڕاده‌یه‌ك جیاوازن چونكه له‌لایه‌ن هه‌ردوكیانه‌وه ده‌سكاری كراوه. ئه‌م ده‌سكاریكردنه‌وه بوه‌ته هۆكاری ئه‌وه‌ی كاتێك ڤێرشنێكی نوێی ئه‌ندرۆید ده‌رده‌چێت دره‌نگ بگاته ده‌ستی به‌كارهێنه‌رانی چونكه سه‌ره‌تا كه گۆگڵ ڤێرشنه نوێیه‌كه بڵاوده‌كاته‌وه راسته‌خۆ ناگاته ده‌ست زۆربه‌ی به‌كارهێنه‌رانی ئه‌ندرۆید چونكه ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی تر وه‌ك سامسۆنگ و هواوی كاتیان ده‌وێت تاوه‌كو ده‌سكاریه‌كانی خۆیانی تێدا بكه‌ن. هه‌موو سیسته‌مێك كه‌موكوڕی هه‌یه به‌تایبه‌ت له‌روی سیكوریتیه‌وه، به‌ڵام به‌رده‌وام ئه‌و كه‌لێنانه چاكده‌كرێن كه‌ده‌دۆزرێنه‌وه و به‌رێگه‌ی نوێكردنه‌وه ده‌نێردرێته‌وه بۆ به‌كارهێنه‌ران، به‌ڵام ئه‌م كاره بۆ ئه‌ندرۆید به‌و ئاسانیه نیه چونكه له‌یه‌ككاتدا ئه‌ندرۆید چه‌ند ڤێرشنێكی له‌كاردایه بۆ نمونه سامسۆنگ به‌هۆی زۆری مۆبایله‌كانیه‌وه زیاد له‌یه‌ك جۆری ئه‌ندرۆیدی هه‌یه كه ئه‌مه‌ش وایكردوه له‌ئه‌ندرۆیدا دۆزینه‌وه‌ی گرفت خێراتربێت به‌ڵام چاككردنی دره‌نگتربێت به‌ڵام ئای ئۆئێس(ئایفۆن) له‌م روه‌وه باشتره چونكه كه‌ڤێرشنێكی نوێ ده‌رده‌چێت راسته‌وخۆ ده‌گاته ده‌ست به‌كارهێنه‌رانی ئه‌م خاڵه‌ش وایكردوه ئایفۆن خێراتر كه‌لێنه‌كانی پڕبكاته‌وه، به‌كورتی په‌رشوبڵاوی ئه‌ندرۆید له‌نێوان ڤێرشنه‌كانیدا گرفتی سیكوریتی بۆ دروستكردوه هه‌رچه‌ند گۆگڵ گۆڕانكاری و به‌ره‌وپێشچونی زۆر گه‌وره‌ی له‌روی سیكوریتیه‌وه له‌ئه‌ندرۆیدا كردوه. وێنه‌ی ئه‌م پۆسته رێژه‌ی به‌كارهێنه‌رانی ڤێرشنه‌كانی ئه‌ندرۆیدو ئای ئۆ ئێس پیشانده‌دات، له‌ئه‌ندرۆیدا ڤێرشنی ٦ (مارشمالۆ)زۆرترین ڕێژی به‌كارهێنانی هه‌یه كه %21.3یه هه‌رچه‌نده ٣ ڤێرشنی نوێ له‌دوای ئه‌مه‌وه ده‌رچوه، به‌ڵام ئای ئۆئێس كۆتا ڤێرشنی كه ١٢ یه له‌سه‌ر زۆربه‌ی ئامێره‌كان كه %78 كارده‌كات كه‌ئه‌مه‌ش ئاسانكاری گه‌وره‌یه بۆ ئه‌پڵ بۆ چاككردنی كه‌لێنه‌كانی. هه‌ردوو وێنه‌و ژماره‌كه‌ش له‌سایتی فه‌رمی ئه‌پڵ و ئه‌ندرۆیده‌وه وه‌رمگرتوه. دووه‌م: ئه‌ندرۆید و ئای ئۆئێیس مانگانه یان به‌شێوه‌ی خولی نوێكردنه‌وه‌یان بۆ سیكوریتی ئامێره‌كانیان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌ندرۆید به‌كارهێنه‌ران ئازاد ده‌كات له‌وه‌ی نوێكردنه‌وه بكه‌ن یاخود نا، بۆیه هه‌ندێجار به‌هۆی نه‌زانین یان مه‌شغوڵییه‌وه به‌كارهێنه‌رانی ئه‌ندرۆید ئه‌و نوێكردنه‌وه اهمال ده‌كه‌ن به‌ڵام ئای ئۆ ئێس ناچارتده‌كات نوێكردنه‌وه بكه‌یت و به‌رده‌وام ئاگادارت ده‌كاته‌وه و هه‌ندێجاریش گه‌ر نوێكردنه‌وه‌كه نه‌كه‌یت گرفت بۆ ئامێره‌كه‌ت دروست ده‌كات. (ده‌توانیت له‌هه‌ردوو سیتسته‌مه‌كه نوێكردنه‌وه‌ی ئۆتۆماتیكیت هه‌بێت له‌كاتی هه‌بونی نوێكردنه‌وه‌دا خۆی نوێكردنه‌وه‌كه ئه‌نجامده‌دات.) تێبینی: ده‌كرێت زانیاری زیاتر بنوسرێت له‌سه‌ر هه‌موو خاڵه‌كان به‌ڵام به‌هۆی بێزاری خه‌ڵك له‌بابه‌تی درێژ نامه‌وێت زۆر بڵێم و گه‌ر له‌مه كورتتریش بنوسم بابه‌ته‌كه به‌باشی ناگات به‌تایبه‌ت ئه‌م ئه‌ندرۆیدو ئای ئۆئێسه كه‌وه‌ك حیزبایه‌تی لێهاتوه.
هونەر تۆفیق یەکێک لە سیفەکانی شار دروست کردنی سەنتەرە لەناو خۆیدا و کۆکردنەوەی ئاراستەکانی دەرەوەیە بەرەو ئەو سەنتەرەی لەخۆیدا دروستی کردووە ۰ لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا ئاراستەکانی شەقامەکانی سلێمانی گۆرانکاریان بەسەرداکرا ۰ شەقامی مەولەوی بەرەو باخی گشتی پێچەوانە کرایەوە ۰ شەقامی مەولەوی درێژکراوەی شەقامی سالم-سەهۆڵەکەیە بەرەو سەنتەری شار ۰ شەقامی سالمیش ئیمتدادی ڕاپەڕین و تاسلوجەیە بەرەو شار -سەنتەر ۰ پێچەوانەکردنەوەی شەقامی مەولەوی بەرەو ڕاپەڕین لە کۆنەستی ئەو سەنتەرەی شار بنیادی ناوە دەکاتە لەناو بردنی سەنتەر و بەرەو دەرەوە بردنی سەنتەرەکە ۰ لەکۆتایی ئەو ئاڕاستەیەی لە دەرەوەی شارەوە بەرەو سەنتەر دەکشێت ٫ بەریەککەوتنی دەرەوە بۆ ناوەوە و ناوەوە بەرەو دەرەوە دروست دەبێت ۰ گۆڕانکاریەکە لەگەڵ نەمەتی عادەتی ژیانی ئابووری و بازاڕ و بازاڕکردنی خەڵکدا یەکناگرێتەوە ۰ کۆی ئەو ژیانە پێچەوانە دەکاتەوە کە دوو سەد ساڵە سلێمانی لەسەر بیناکراوە ۰ عەقڵی شار جیاوازە لە عەقڵی نەخشەداڕێژەرانی ئەو ئایدیایە ۰ لە ڕاستیدا دەبێت هەموو ڕێگاکان بخرێتە سەر سەنتەر و بەرەو چەقی شار ئاراستەبکرێت ٫ چونکە دنیایەک گرێ وبەندی تایبەتمەندی سلێمانی لە هەموو ئاستەکاندا لەسەر ئەو ئاراستانەی شەقامەکانی شار دروستبوون ۰ کەچی زۆر بێباکانە لیژنەیەکی ناحاڵی لە چەمکی شار و سەنتەر ٫ بەبریارێک هەموو ئەو بەند و وابەستەبوونانە بەشارەوە تێکدەدات و لەبەریەکیان هەڵدەوەشێنێتەوە ۰ بێخەیاڵە لەوەی ئاراستەی شەقامەکانی شارە کە کەلتوور و ئابووری و کۆی سیماکانی ئەو شارە دروست دەکات ۰
بورهان حاجی سلێمان لە شانزە ساڵی رابردوودا كورد لەكەركوك پارێزگار‌و سەرۆك و زۆرینەی ئەنجومەنی پارێزگا‌و فەرمانگە گرنگەكانی شارەكەی لەدەستبووە، لەعێراقیش لەسەرۆكایەتی كۆمارەوە بۆ جێگرایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتە گرنگەكانی بەدەستەوە بووە، بەڵام ئەم هەموو قورساییە نەیتوانی ئەنجومەنێكی رۆشنبیری سەروو حیزب و نەتەوەو تایەفە پێكبهێنێت كە ئاواتی زۆرینەی رۆشنبیرانی شارەكە بوو، بەپێچەوانەوە بزافی رۆشنبیری كەركوك بە گشتی و كوردی بەتایبەتی رۆژ بە رۆژ لەپاشەكشەدا بووە‌و یەك لەدوای یەك دەزگا رۆشنبیرییە كوردییەكانی شارەكە دەپوكانەوەو دادەخران. گۆڕانكارییەكانی دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 هەلی بۆ خەڵكێكی دیكە رەخساند تاكو ئەوەی ئێمە لەم شارە پێمان نەكرا ئەوان بیكەن، بۆیە زوو قۆڵیان لێی هەڵماڵی و كەوتنە كاركردن لەسەر دروستكردنی ئەنجومەنەكە، بۆ ئەو مەبەستەش وەكو پرسە گورگانەیەك پرسیان بە ئێمە كرد، چونكە كە دانیشتین لەگەڵیان پرۆژەیەكی كامڵ و پێگەیشتوویان ئامادە كردبوو، كە تیایدا وەكو سەدەقەیەك نوێنەرایەتی كورد لە ئەنجومەنەكە هێندەی برایانی مەسیحی بوو! بۆ ئەوەش هەر یەك لەڕاكان جبوری لەكەركوك و عەبدولئەمیر ئەلحەمدانی وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزار و ئاسەواری عێراق لەبەغدا، پێشوازیان لێیان كردووەو ئامادەیی گرتنەخۆو پشتگیریی كردنی پرۆژەكەیان خستۆتەڕوو. من لێرەدا هەموو بەراوردكارییەكی ئەم شانزە ساڵی رابردوو وەلاوە دەنێم تەنها بەراوردێكی نێوان دوو وەزیری رۆشنبیری عێراقی دەكەم: یەكەمیان فریاد رەواندزی كوردەو جگە لەبەكالۆریۆسی كیمیا، خاوەن بڕوانامەی دبلۆمی رۆژنامەوانی و وەرگێڕانیشەو دامەزرێنەرو سەرنووسەری چەندین رۆژنامەو ئەندامی چەندین یەكێتی و سەندیكای ناوخۆیی و جیهانی رۆژنامەوانییە، ئەو بەڕێزە چوار ساڵ (2014- 2018) وەزارەتی رۆشنبیری لەدەستبووە، بەڵام بۆ جارێكیش (جگە لەوانەی نزیكی خۆی بوونە) لەگەڵ رۆشنبیرە كوردەكانی كەركوك كۆنەبۆتەوەو جارێكیش سەردانی شارەكەی نەكردووە، پشتگیری هیچ پرۆژەیەكی رۆشنبیری شارەكەشی نەكردووە كە تاكو ئێستاش بەدەست شوێنەوارەكانی رۆشنبیری بەعس و كلتوری تەعریبەوە دەناڵێنێت، لەوەش خراپتر رۆژنامەی (ئەلئیتحاد) زمانحاڵی حیزبەكەی كە خۆی یەكێك بووە لەدامەزرێنەرانی و سەرنووسەریشی بووە، لەسەردەمی ئەودا بەبەرچاویەوە لەگۆڕدەنرێت! دووەمیان عەبدلئەمیر ئەلحەمدانییە كە جگە لەبواری شوێنەوارناسی و ئەنترۆپۆلۆژیا لەهیچ كایەیەكی دیكەی رۆشنبیری چالاكییەكی بەرچاوی نییە، ئەمیان چەند رۆژێكی كەمە بووەتە وەزیر، بەڵام لەگەڵ دەستەبژێری رۆشنبیری عەرەبی كەركوكدا كۆدەبێتەوەو پشتگیری پرۆژەكانیان دەكات. ئیتر نازانم بۆچی یەكێتی هەڵپەی وەزارەت دەكات لە بەغدا كە هیچ بۆ شارێكی گرنگی وەكو كەركوك نەكات؟ بۆچی لە بری ئەوە قورسایی خۆی ناهێنێتە كەركوك تاكو شەڕی تەعریب لەگرنگترین سەنگەرەوە بكات كە رۆشنبیرییە؟ ئەگەر ئەمجارە پرۆژەكەیان سەرینەگرتبێت، ئەوان ناوەستن و ئیشی خۆیان دەكەن و لەكۆتاییشدا هەر سەردەكەون، چونكە ئیش هەر قابیلی خۆیانە.
بڵێسە جەبار فەرمان ماوەی مانگێک زیاترە هەموو لایەنەکان جەخت لەسەر هەرچی زووتر پێکهێنانی حکومت ئەکەن, بەڵام کە دەگەنە سەر مێزی گفتوگۆ هەمووی هەر هەمان مجامەلاتی عامی ئەکتری یەکەن و ناگەنە هیچ دەرئەنجامێک. راستە لە زۆرێک لەولاتانی جیهان ئەم شێوازی دواکەوتنی دروست کردنی کابینەی حکومەتە هەیە, بەڵام لە هیچ وڵاتێک نەبووە بە دیاردە بێجگە لە هەرێمی کوردستان. کێ بەرپرسە؟ ناکرێت راستەوخۆ پەنجەی تۆمەت بۆ کەس درێژ بکرێت بەڵام هەموو پەرپرسین. راستە کەرکوک لە رووی ئیداریەوە سەر بە هەرێمی کوردستان نیە بەڵام بەشێکی سەرەکی هەرێمە. بۆ یەکێتی و کوردستانیان کەرکوک ئەولەویەتی هەیە و نابێت لە هیچ دانوستانێک لەدەرەوەی بازنە بێت. من وەکو خۆم پێم باش نیە یەکێتی دانوستان و گفتوگۆکان دوابخات و بایکۆتی بکات. هەموو گرفتێک تەنها بە دیالۆگ و دانوستان و لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر ئەکرێت نەک بە بایکۆت کردن. بێگومان لایەن زۆرن کە بەرژەوەندیان لە دواخستنی دروست بوونی کابینەی نوێ هەیە, بەڵام با یەکێتی هۆکار نەبێت گفتوگۆکان دوا مەخەن
(درەو میدیا): بەتۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ كۆنسەی سەرۆكایەتی كۆما جڤاكین كوردستان (كەجەكە)، پۆلیسی توركیا داود باغستانی دەستگیركرد. بەپێی راگەیەندراوی سەرۆكایەتی داواكاری گشتی مێرسین، باغستانی لە شارۆچكەی سەیهانی سەربە ئەدەنە لەگەڵ سێ كەسی تردا لەلایەن تیمەكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە دەستگیركراوە. داواكاری گشتی مێرسین دەڵێ" باغستانی لەناو كەجەكەدا گە باڵی سیاسی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)یە پۆستی هەیە‌و لە رابردوودا لە كەمپەكانی پەكەكەدا لە عێراق وتاری پێشكەشكردووە‌و لە فەیسبوكی خۆیەوە بانگەشەی بۆ پەكەكە كردووە". راگەیەندراوەكە باس لەوەشدەكات" باغستانی سەرۆكایەتی ئینستیتوتی ئیسرائیل- كورد دەكات‌و لە ساڵانی رابردوودا نێوەندگیری كردووە بۆ كۆبونەوەی پەكەكە لەگەڵ ئیسرائیل‌و ئەمریكا‌و لەو گۆڤارانەددا كە لە ئیسرائیل بڵاویكردونەتەوە، بانگەشەی بۆ پەكەكە كردووە". هەر لەبارەی داغستانییەوە، راگەیەندراوەكەی داواكاری گشتی مێرسین باسلەوەدەكات" باغستانی ساڵی رابردوو لە شاری رەققەی سوریا بەشداریكردووە لە دامەزراندنی "ئایندەی سوریا" كە ئەو رێكخراوە درێژكراوەی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە)و (پەكەكە)پە). بەگوێرەی زانیاریی ماڵپەڕی " كورد پێدیا" داود باغستانی ساڵی 1947 لە باغستان لە دایكبووە، 10 ساڵ لە زیندانی ئەب،غەریبدا ماوەتەوە. سەرۆكی دەستەی نەزاهە بوو لە موسڵ‌و بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكانی زانكۆی تەواوكردووەك ماوەیەك بەرپرسی كەناڵی تیڤی ماف و گۆڤاری ماف بووە‌و پاشان بووە بە سەرۆكی دەزگای ئیسرائیل- كورد لە هەرێمی كوردستان و خاوەن ئیمتیازی گۆڤاری ئیسرائیل-كورد و رۆژنامەی ئیسرائیل- كوردستان‌م كە لە ئۆرشەلیم " قودس" چاپدەكرێت
ئادەم ئاودەڵ بەپێی پەیرە و پرۆگرامی حیزبە کوردییەکان بێت ، مەرجەع و بریار دەری حیزب سەرکردایەتی حیزب و لە سەروھەموشیانەوە کەسی یەکەمی حیزبەکەیە کە بە راوێژ لەگەل سەرکردایەتی بریارە چارەنوسسازەکان و تەنانەت لاوەکییەکانیش دەردەکات .. بەڵام بە درێژایی شۆرشی کوردی یەکێک لەو کێشانەی ھەردەم ھاتۆتە پێش حیزبی کوردی نەبونی ناوەندی بریار بووە و ھەمیشە مەرجەع و قسەکەری یەکەم ئاستەنگی ھاتۆتە بەردەم و بەرەو لاوازی چووە . بە نمونەی ملا مستەفای بارزانی کە باڵی مەکتەبی سیاسی لێی جیابویەوە و تادەگاتە دروست بونی یەکێتی ، کە ئەویش لە چەند رێکخرا و حیزبی بچوکی سیاسی پێک ھاتبو. لە کۆتایی ھەشتاکان و لە دوای راپەرینەوە بە تایبەتی ، یەکێتی بە ھۆی سەنگ و قورسایی و لێھاتووی مام جەلالەوە توانی بەسەر کۆی ئەو کێشانە زاڵ بێ کە توشی بریاردەری یەکەم و قسەکەری یەکەمی حیزب دەبون و تا مام جەلال لە ساحەکە بوو ، یەکێتی ھەرگیز کێشەی مەرجەعی نەبوو تەنانەت لەسەردەمی پێش جیابونەوەی نەوشیروان مستەفاشەوە . بەڵام لە دوای نەخۆش کەوتنی مام جەلال و دورکەوتنەوەی بەتەواوی لە ساحەی سیاسی، یەکێک لەو کێشە گەورانەی بەرۆکی ئەو حیزبەی گرت ، نەبونی توانای بریاردان بوو لەمەڕ پرسە گرینگ و چارەنوسسازەکان کە بەشێکی گەورەی دەگەرێتەوە بۆ ئەنجام نەدان یاخود دواکەوتنی کۆنگرەی حیزبەکە ، راگەیاندنی ناوەندی بریار و دواتریش جیابونەوەی بەرھەم سالحیش و ھەموو کێشەکانی تری ئەو حیزبە بەھۆی نەبونی مەرجەع و قسەکەری یەکەمەوە بوو ، بەڵام لەدوای ھەڵبژاردنەکانی مایسی ٢٠١٨ ی عێراق و رۆڵ وکاریگەری بافڵ تاڵەبانی ، یەکێتی لەو کێشە قوڵە رزگاری بوو ، وێرایی ئەوەی تواندرا تۆراوەکان ئاشت بکرێنەوە ، سیاسیەکی بەھێز و بەسەنگی وەک بەرھەم سالحیش گەرایەوە نا‌و حیزبەکە و لە ئێستادا ھەموو یەکێتی نەک ھەر سەرکردایەتییەکەی یەک تیمی کار کردنیان ھەیە و لەمەڕ پێشھات و رووداوەکانی ناوچەکەش یەک ھەڵوێست و سیاسەت پەیرەو دەکرێ. بزوتنەوەی گۆرانیش لە دوای وەفاتی نەوشیروان مستەفا گیرۆدەی ھەمان کێشمەکێشمی نەبونی مەرجەعی باڵای حیزبە ، لەو رۆژەوە تا ئێستا بزوتنەوەکە نەیتوانیوە لەسەر پرسە گرینگەکان بریارێکی یەکانگیر و یەکلایکەرەوە بدات، ھەر لە ھەلوێستیان لەسەر ریفراندۆم کە خەلکیان سەرپشک کرد و نەتوانینیان بۆ دواخستنی ھەلبژاردنی کوردستان و ئێستاش یەکلا نەبونەوەیان لە سەر بەشداری کردن یا نەکردنی حکومەت و ھەر ئەمەش بوو کە وای کرد بزوتنەوەکە نیوەی کورسییەکانی لەدەست بدا. پەتای لاوازی یان نەبونی مەرجەع ، بە زیندووی پارتی گرتۆتەوە ، کە رەنگە پەتای ئەو حیزبە لە ھەموو حیزبەکانی تر قورس‌تر و کاریگەرتر بێ ، چونکە یەکێتی و گۆران لە دوای نەمانی کەسی یەکەمی حیزبەکە دوچاری ئەو کێشەیە بوون ، بەڵام ئێستا بارزانی باوک لە ساحەکە ماوە و ململانێکانی ئەو حیزبەش لەھەموو کات گەرم و گورترن ، بەجۆرێک ھەر وەفدێکی بیانی سەردانی ھەولێر دەکا ، دەبێ بەر لە ھەموو کەس چاوی بە بارزانی باوک بکەوێ و دواتر نێچیرڤان بارزانی و پاشانیش مەسرور بارزانی ، کە بارەگاکانیان چەند سەد مەترێک لە یەکەوە دوورە و سەرجەمیشیان ھی یەک ماڵن . ئەو ململانێیانە لە ئێستادا رەنگدانەوەی لەسەر کەش و ھەوای کۆبونەوەی پێک‌ھێنانی حکومەتی نوێ ھەیە و ھەندێ لێدوای بەرپرسانی ئەو حیزبە کە لەسەر کەسانێکی دیاریکراو حیسابن ، بوەتە ھۆی ھەڵوەشاندنەوەی چەند کۆبونەوەیەکی گرینگی پێک‌ھێنانی کابینە و تەنانەت لە میدیاکانیشیانەوە ئەو ململانێیانە بە ئاشکرا دەبیندرێ. لە ئێستادا پەتایی نەبونی مەرجەع رەنگە بۆ پارتی قورسترین پەتابێ و دەرئەنجامەکانی بێگومان بە خراپ بەسەر حیزبەکەی و دواتر خەلکەکە دەشکێتەوە...
لاوك سەڵاح بە منداڵی لە رێگای وێنەوە، پاڵەوانە نەتەوەییەکانی خۆمان ناسی، کە سەرگوزشتە و وێنەکان ئاوێزانی یەک دەبوون، ئەفسانەیەک لە مەردایەتی و ئازایەتی و خۆراگری بەرجەستە دەبوون وسەرتاپا بەهای کۆمەڵگە لە رێگەی سروودەکانی ئەوانەوە دەرژانە نا‌و هۆشی ئێمەوە. کەسە پاڵەوانەکان سادە بوون، رووخساریان لە ئێمە جیاواز نەبوون، پێویستمان بەوە نەبوو قسەمان بۆ بکەن، حیکایەتەکانی ئەوان هەموو سوچ و پەنایەکی جوگرافیایی ئێمەیان گرتبۆوە، پێشمەرگەکان سەربەستانە خۆیان بە ماڵەکانماندا دەکرد و فریشتانە کچ و خۆشک و دایکی ئێمە بە گوڵ پێشوازیان لێدەکردن و ماچیان دەکردن، ئێمە لە خوێنی ئەوان دوو دڵ نەبووین، لە زمانی ئەوان هەرچەندە لەگەڵیان نەهاتبووینە گۆ دوودڵ نەبووین، ئەوان حەرامی ئێمە نەبوون، ئەوان شکۆی مێژوو و کەرامەتی میللەتێک و ژیانی راستەقینە و کەلتووری ونی ئێمە بوون، پەیوەندی ئێمە و ئەوان عەشقێکی ئەبەدی شاراوە و نەوتراو بوو. لەگەڵ پێشمەرگەدا هەموو رەهەندەکان و بەهاکان رەها بوون، ئەوپەری بێگەردی بوون، لانی کەم وا تێدەگەیشتین و واچاوەڕوانمان دەکرد. ئەم بەهایانە سەرباری ئەوەی نە نوسراوبوون و تۆمارنەکراوبوون بەڵام وێردی سەر زمانی هەموو منداڵانی وەک ئێمە بوون. ئەوان کە دەهاتنە خەومان، بۆ ئێمە، سبەی دەبوونە سەرچاوەی وزە و خۆرێکی نوێ. ئەو دەمەی کە هەواڵێکی کزمان لە رادیۆیەکی قەدیمی شکاو و ژەنگرتوو گوێ لێدەبوو، مێژوویەکی کپکراو، بە چرپە، دەما و دەمی دەکرد، بە عەزرتەوە بووین لە نزیکەوە ئەو کەسانە ببینین کە لە لای ئێمە مرۆڤی ئاسایی نەبوون؛ ئەوەی سنگی بە بێ قەڵغان، دەداتە بەر گوولە بێ شک مرۆڤی ئاسایی نییە! ئەو وێنەیە بەرهەمی سەردەمێک و دۆخێک و کەلتوورێکی سیاسی و شۆرشێک و شێوازێکی بەرگری کردنی کۆمەڵگەیەک و جۆرێک لە تێگەیشتنی دونیا بوو، بەداخەوە، کە لە ناکاودا و بێ خۆئامادەکردن و بێ چاوەڕوانی دۆخەکە گۆرا، ئەوندەی کار بۆ پڕکردنەوەی برسێتی و رەش و رووتی و نەبوونی و سڕینەوەی نەهامەتی کرا، ئەوەندە کار بۆ دامەزراندنی یادەوەرییەکی زیندوو نەکرا بۆ راگرتنی کۆی شوناسی بەرزی پێشمەرگە. وێنەکە تا دێت دزری تێدەکەوێت، لەبەر پارچە پارچەبوونیان، خەریکە روخسارەکان ناناسینەوە، لەبەر شەکەتی و گومانی بەردەوام و قەیرانە هەمیشییەکان نە خۆمان دەناسینەوە و نە جیاکاری لە نێوان مێژووی فیداکاری لەلایەک و رەفتارە بەدەکان لە لایەکی تر دەکەین. کەس، نە وەزارەتی شەهیدان و نە مەکتەبەکانی هۆشیاری پارتە سیاسییەکان، بیریان لە دامەزراندنی پرۆژەیەک کردەوە بۆ ئەوەی یادەوەری پێشمەرگە بپارێزرێت. یادەوەری پێشمەرگە بە هەڵچنینی پەیکەرە سەرەتاییە نارێکەکانەوە نابێت کە ئەرکی تێچوونی لە ئەستۆی خێزانەکانیانی پێشمەرگە خۆیاندا بووە، ئەو پەیکەرانەی کە هەر چۆن باران و رەهێڵە ناوی سییانی پێشمەرگەکان لەگەڵ تێپەرینی وەرزەکاندا کاڵ دەکاتەوە، مێژووی پێشمەرگەش لە گەڵ خۆی رادەماڵێت و دەسڕێتەوە. رۆژێکیان هاوڕێیەکی نزیکم وتی، یادی شەهیدی دکتۆری برام بوو بەڵام دایکی شەهید بانگ نەکرابوو، کێ هەڵەی لەو جۆرە دەکات، شەهیدێکی پێشمەرگەی راستەقیینە لە گۆرەکەشیدا هەتیوو بکات. یادەوەری پێشمەرگە وەک تەنیا میراتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتووری کۆمەڵگە ناپارێزرێت بە هانا بردن بۆیان لەو کاتانەی پێویستان بە ئازایەتی ئەوان هەیە بۆ ئەوەی کۆمەکتان بکەن لە هەڵبژاردن و خڕکردنەوەی خەڵک بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆتان، لە مەرگ و مردنیانیشدا واز لە شەهیدی پیشمەرگە ناهێنن! پاراستنی یادەوەری پێشمەرگە بە پرۆژەی نوسینەوە و پرسیارکردن لە مێژوویەک هەڵە و لێپێچنینەوە لە خود و رۆچوونە نا‌و ئەو پانتاییە تاریک و شاراوانە دەبێت کە ئەوسا لە پێناوی بەردەوامی شۆرش و شاردنەوەی بڕیارە ناشرینەکانی کەسانی نا‌و شۆرش فەرامۆش کرا، نەوەک تێکەڵکردنیان لەگەڵ فیداکاری پێشمەرگە. دەیڵێمەوە، دەبوایە هەر لە سەرەتاوە جیاکارییەک لە نێوان بەهاکانی فیداکاری و رەفتارە بەدەکانی شۆرشدا هەبوایە تا دواتر ئەو کەسانەی لە ئەرک و بەرپرسیارێتیدا دەمێننەوە بتوانن ئەرکە سەختەکە کە بەرێوەبەردنی نیشتمانە بە ئەمانەتەوە سەربخەن. کە تۆ نەتوانیت دامەزراوەیەک بۆ پاراستنی یادەوەری و راگرتنی بەهای پێشمەرگە دامەزرێنیت بۆ ئەوەی رێ لە بەراوردە بێ ویژدانەکانی هەندێ خەڵک بگریت، کە تۆ بابەتیانە کارنەکەیت بۆ بژارکردنی مێژووی خۆت، ئەو هەر ئەوەندەی بۆ دەمێنێتەوە کە رووداو و کارەساتەکانی ئێستا یەکسان بکات بە ئەوسا، بێ ئەوەی توانی هەبێت رووداوەکان بخاتە رەوتی خۆیانەوە. بێ ویژدانییە وا تێبگەیت شکۆی پێشمەرگە کۆمەکت دەکات بۆ راگرتنی هاوکێشەی پارتی سیاسی ئەو کاتەی بەرژەوەندی تایبەتی خۆت دەخوازێت. شکۆی میللەتێک کە پێشمەرگەیە دەبێت دروشمە سیاسییەکان تێپەرێنێت و ببێتە کەلتوورێکی چەسپاو بۆ ئەوەی کەسی سیاسی بۆ مەرامی خۆی و مانەوەی خۆی بەکاریان نەهێنێت. کوا ئەو پەرلەمانەی کە کار بۆ پاراستنی شکۆی پێشمەرگە و خێزانەکانی دەکات و رێ لە سیاسی دەگرێت گەمە بە تارمایی شەهیدێکی پێشمەرگ نەکات؟ کوا ئەو دامودەزگایانەی کە سەرپەرشتی کۆمەڵایەتی و دارای شیاو و رەوا بە خێزانەکانی پێشمەرگە دەبەخشێت؟ کێ دەتوانێت چەمکێکی نیشتمانی فراوان بە پێشمەرگە ببەخشێت بۆ پەرینەوە لە پێشمەرگەی پارتی سیاسییەوە بۆ پێشمەرگەی نیشتمانێک، بۆ بەرجەستەکردنی مێژووی فیداکاری. شکۆی پێشمەرگە کاتێ پارێزراوە کە لە هاتنەوەی لە بەرەکانی جەنگەوە، لە شارەکاندا، ئەوەش ئەگەر بتوانیت، شوفێری نەکات بۆ ئەوەی کەرامەتی خۆی و منداڵ و خێزانەکەی بپارێزیت، ئەو کاتە پارێزراوە کە جانتاکانی منداڵەکانی پێشمەرگە بە پینەو پەرۆ دروست نەکرابێت. شکۆی پێشمەرگە بەوە دەپارێزرێت کە موچەکانیان لە سەرمایەی نیشتمانی خۆیان، لە نەوت و بازرگانی و چیمەنتۆ و پرۆژەکانی دیکە بۆ دابین بکەن نەوەک بە پشبەستن بە هێزەکانی دەرەوە و پارەی بەغدا بۆ دابینکردنی موچەیەکی کورت. پێشمەرگەی شەهید مۆزەخانەیەکی مردوو نییە، میرات و یادەوەریی نەتەوەیەکە تا ئەو شوێنەی کاری رەوای بۆ دەکرێت.
دانا هەڵەبجەیی کاتێک ساڵێک بەسەر کەوتنی ڕژێمەکەی سەددام تێپەڕیبوو، کورد وەک هێزێکی یەکگرتوو لە بەغدا کەوتبووە جموجۆڵ و چالاکی سیاسیی، وەک خەڵکی هەرێم و عێراقیش چاوەڕێی هەڵهاتنی ئاسۆیەکی گەشیان بۆ خەڵک و خۆیان و گوزەرانیان ئەکرد. یەکێتی و پارتیش ناچارانە، وازیان لە یەککوشتن و شەڕی میدیایی هێنابوو و بۆ هەلی زیاتر ئەگەڕان کە لە بازاڕی کاری سیاسیی عیراقدا، پێگە و ڕێگەیان پتەو بکەن. لە دیدی منی ئەو کاتە، باشترین ڕۆژەکانی دامەزراندنی عێراقێکی نوێ و نووسینەوەی دەستورێکی مرۆڤدۆستانە و بەهێزکردنی هەرێم بوو. هیچ کاتێک وەک ئەو کاتە یەکێتی و پارتی هاوکار و هاوئاواز نەبوون، وا هەست ئەکرا کە دوکەڵی ڕەشی براکوژی نەماوە و سەرانی حیزبەکان بە گوڕوتینێکی هۆشیارانە و عەقڵمەندانەتر سەوداسەری لەگەڵ خۆیان و هێزە عێراقییەکان ئەکەن. هەر بۆیە گروپە توندڕەوە ئیسلامییەکان ئەم کەش وهەوایان پێ هەرس نەئەکرا، بە تایبەتی دوای ئەوەی پێش ساڵێک تەخت و تاراجی ئەنسار و جوندی ئیسلام لە هەورامان، وێران و خاپوور کرابوون،. ئیتر کەوتبوونە خۆ ڕێکخستنەوە بۆ ئەوەی هەژموونی خۆیان بسەلمێنن و تۆقاندن پەخش بکەن لە کوردستان. سەرەتا ئەم گروپە ئیسلامییانە ئەیانوسیت، چیاکانی کوردستان بە تایبەتی هەورامان و هەڵەبجە بکەنە تۆرابۆرا و قەندەهاری ئەفغانستان، چونکە جگە لە شەپۆلە ئیخوانییەکەی کە هەر لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو بە ڕێگای مەلا عوسمان گەرای خۆی لە هەڵەبجە ڕشتبوو، لە پاش 1991 یشەوە، هەرچی توندڕەو و میانڕەو و سەلەفی و ئیخوانی و جیهادیی هەبوو، ڕوویان کردبوویە هەڵەبجە و خەریکی گەرا دانان و تروکاندن بوون. من پێم وابوو وە ئێستاش پێم وایە کە بە پلان و بەرنامە ئەیانوسیت جلی کوردی (شەڕواڵ و چۆخە)، بکەنە هێما و ئاماژەی قاعیدە و ئیسلامیی توندڕەو لە جیهاندا، هەر وەک چۆن تا ئێستاش مەلا کریکار و هەندێکی تر هەمان پۆشاکی کوردی ئەپۆشن، بۆ ئەوەی کورد وەک میللەتێکی دڕندە و توندڕەو بۆ جیهان وێنا بکەن، و لە ئامانجە نەتەوایەتی و نیشتمانییەکانی دووربخەنەوە. بەڵام خۆشبەختانە تا ئێستاش تەنانەت لە ئەورپاش، هەر پۆشاکە ئەفغانییەکە بووتە سیمبولی ئیسلامی جیهادی، نەک پۆشاکی کوردی، ئەویش بە ئازایەتی خەڵکی هۆشیاری هەورامان بوو کە کولتوری ئەو دڕندانە، نەیتوانی بنەچە و پاشخانە فەرهەنگییە جوان و زەردشتییەکی هەورامان بڕوخێنێت. ئەوەبوو کە لە 1/2/2004 لە مەراسیمی جەژندا، لە هەر دوو بارەگای یەکێتی و پارتی لە هەولێر، تەقینەوەیەکی خۆکوژییان ئەنجامدا، دەیان سەرکردە و سەدان خەڵکی سڤیل بونە قوربانی نیازە پۆخڵەکانیان. ئەمەش یەکەم زەنگی مەترسیدار بوو بۆ کورد، کە هێزە نەیارەکانی کورد، ئەو دۆخەیان پێ قبوڵ ناکرێت. چونکە ئێستاشی لەگەڵدا بێت، هەرکاتێک کورد لە هەرێم و عێراق یەکگرتوو بێت، ئەبێت چاوەڕێی کاردانەوەی ئاشکرا و نهێنیی نەیاران بکات. لە یەکەم یادی چلەی ئەم کۆمەڵکوژییەدا، لە شاری لاهای- هۆڵەندا، بۆ ئەوەی سیمایی هەژموونی هیچ حیزبێک زاڵ نەبێت بۆ یادەکە، لە لایەن مەڵبەندی یەكێتی و ناوچەی پارتی، منیان دەستنیشان کرد، کە سەرپەرشتی و ڕێکخستنی مەراسیمەکە بکەم. بۆ یەکەم جار ئەو شێوە ڕێزدانانە من دەستمپێکرد، کە لێرەوە ئیتر لە کوردستانیش بوو بە باو ، ئەویش بۆ یادی چلەی شەهیدانی یەکی شوبات، 100 مۆمم لە سەر سەکۆیەکی ڕەشدا دانا و لە سەرەتای مەراسیمەکە لە لایەن کەسوکاری شەهیدان داگیرسان،،،. وە ناوی شەهیدانەکەشمان لە سەر تابلۆیەکی ڕەش نووی و هەڵواسی. لە کوردستانیش هەرچەند لە شوێنکی پڕبایەخدا، مۆنومێنتێکیان بۆ کراوەتەوە و زۆربەی ساڵەکان لە لایەن وەزارەتی کاروباری شەهیدان بەڕێوە ئەچوو، بەڵام هەندێک جار بایەخی پێ نەئەدرا. ئەمە یەکێک بوو لەو کارانەی کە شانازی پێوە ئەکەم و دەروونم زۆر ئاسودەیە کە توانیم پەیام و ئازاری قوربانیان، بەرز و باڵا ڕابگرم. ئایا بۆ ئەمساڵ لە 1.2.2019 لە یادی یەکی شوباتدا، سەرۆکی حکومەت خۆی بە سەنگیینییەکی بەرچاو، ئامادە بوو و یادەکەیان کردووە؟. من پێم وایە، ئێستا ئیتر پارتی مەترسی دۆخەکە ئەزانێت، هەستی بەوەکردووە کە لوتبەرزی و خۆبەیەکەمزانی دادی نادات، بۆیە ئەیەوێت ئەو پەیامە بە یەکێتی بدات، کە سەرنویشتمان یەکە و چارەنوسمان پێکەوە گرێدراوە، مەترسییەکانیش هەر ماون، هەروەک چۆن لە یەکی شوبات خوێنمان تێکەڵ بوون و با ئاواش پێکەوە حکومەت دروست بکەین. بێ گومان دوای ئەو پێگیرییەی ئەمجارەی یەکێتی و مل نەدانی بۆ داواکانی پارتی، و بە فریا نەگەیشتنی لە سەردانی حیزبەکانی تر، ئیتر پارتی تەنیا یەکێتی لەبەردەست ماوە کە حکومەتی پێ دروستبکات. هەربۆیە ئەمساڵ کاک نێچیر ئەم کارتە سۆزداری و سیاسییەی بەکارهێنا، بۆ دڵ نەرمکردنی یەکێتی و خۆ قوتار دانی خۆی لەو کەڵەکەبوونەی کە کەوتوەتە سەرشانی،،. هەر بۆی من پێم وایە کە کارێکی تەندروستە کە قوربانیان، هێزەکانی کورد و یەکێتی و پارتی لە یەک نزیک بکاتەوە و کۆیانبکاتەوە و هەست بە مەترسیی نەیارەکانیان بکەن، ئەوەندەش ترسم هەیە کە بەرژەوەندییە داراییەکان و چاو تێرنەبوونیان، یەکێتی و پارتی لەیەک دووربخاتەوە. بەڵام لە ئەنجامدا، بەپێی ئەزمونەکانیان، هەر ئەوەی دوومە کە کۆیان ئەکاتەوە، نەک سۆز و قوربانی، ئیتر هەرچەند وا خۆشیان نمایش بکەن.
چیا عەباس نماو چیا هاوتەمەنم نین و کاریشم لەگەڵیان نەکردوە، تێکەڵاوبونم لەگەڵیان‌و ناسینم بۆیان بەهۆی دۆستایەتیم لەگەڵ کاک نەوشیروان بوە. ئەم نوسینەم بۆ بەرگریکردن یاخود هێرشکردن لەکەس نیە، بەڵکو بەهەڵسەنگاندنی خۆم دانانی خاڵە لەسەر وشەکان و وەک وەفا بۆ کاک نەوشیروان هەوڵ دەدەم تیشک بخەمە سەر چەند بابەتێک کە لێیان بە ئاگام، تایبەت لە ماوەی دواییدا بەهۆی ئەوەی نما و چیا کەوتونەتە بەر شەپۆلێک نوسین و هەڵسەنگاندنی فرە ئاراستە، تاقم و کەسانێک دەیانەوێت کاک نەوشیروانیش بخەنە بەر تەوژمی شەپۆلەکەوە. باشترین ئەزمونم لەگەڵ کورەکان ئەو ماوەیە بو کە لەکۆتایی ساڵی ٢٠١٦ بۆ ماوەی مانگێک لای کاک نەوشیروان بوم لەماڵەکەی لە لەندەن. رۆژانە یەکترمان دەبینی و لەنزیکەوە ئاگاداری بۆچون و هەڵسەنگاندن و کار‌و رەفتاریان بوم. چیا کە کورە بچوکەکەیەتی، زۆربەی ژیانی لەدەرەوەی وڵات بەسەر بردوە، هێمن و کەم دوێیە، بیرکردنەوەی سیاسی کەوتۆتە ژێر کاریگەری خوێندنی زانستەکانی سیاسی لەباشترین و ناودارترین زانکۆی جیهان، زانکۆی هارڤەرد. کە زیاتر لە چوار سەدەیە لەسەر بنەماکانی کۆنسیرڤاتیزمی ئەو سەردەمە بنیاتنرا بو. کورە گەوەرەکەی کاک نەوشیروان، نما، دەرچوی زانکۆی ناوداری ئیمپیریاڵ کۆڵێژی بەریتانیە، جیاواز لەچیای برای زیاتر تێکەڵاوی کۆمەڵگای کوردەواری بوە، ژیانی کۆمەڵایەتیشی فرە رەنگە، تۆرێکی بەرفراوانی پەیوەندی لەزۆر ئاستدا هەیە. پەیوەندی هەر دوکیان لەگەڵ کاک نەوشیروان دۆستانەو کورو باوکانە بو، گوێرایەڵی بون و دو کۆڵەکەی بەهێز بون بەتەنیشت باوکانیەوە لەو ساڵانەی نەخۆش بوو تواناکانی وەک جاران نەمابو. بیرکردنەوەی سیاسی چیا زیاتر لەژێر کاریگەری مۆدێلە سیاسیەکانی رۆژئاوادایە، تایبەت ئەمریکا، ئەو مۆدێلەی لەسەر بنەمای ئابوری بەهێزو لوتکەی تۆکمەی دەسەڵات دارێژراوە. لە زۆربەی ئەم مۆدێلانەدا دەنگی جیاواز لەدەوربەری لوتکەی دەسەڵات سنوردار‌و کەم کاریگەریە. هزری سیاسی نما لیبرالێزمێکی بێ پێناسەیەکی دیاریکراوە کە بەزۆر ئاراستەدا گوزەر دەکات، ئاسان نیە بزانی چی دەوێت‌و چی دەکات چونکە پراگماتیزم بنەمای کار‌و جموجۆڵەکانیەتی، بەم هۆیەشەوە زوترو زیاتر لەکۆمەڵگای کوردەواری‌و لەگەڵ جەماوەری گۆڕاندا دەگونجێت، بەهۆی ئەم خەسڵەتانەوە ئەڵقەیەکی گرنگی پەیوەندیەکانی باوکی بو لەو ساڵانەی باوکی لەدەرەوەی کوردستان بو. مێژوی پر سەروەری و خەباتی باوکیان کاریگەری و رەنگدانەوەیان له‌سەر هزری نەتەوەیی کورەکانی هەبو. ئەم باسکردنە پێش ماڵئاوایی کاک نەوشیروانە، دواتر ئەو دو برایە لەکوردستان نیشتەجێ بون و ئیرسی مادی و مەعنەوی باوکیان بۆ ماوەتەوە لە نزیکەوە ئاگاداریان نیم، بێجگە چەند پەیوەندیەکی پچرپچر نەبێت. ئەوەی لەسەریان دەبیستم و دەخوێنمەوە بەچەند پرسیارەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکەم، لە گەڵ ئەوەشدا چەند قەناعەتێک لام لەسەریان دروستبوە بە پێویستی دەزانم لەم نوسینەدا بینانخەمە بەرچاو. چەندین جار کاک نەوشیروان لەحزوری کورەکانی و لەدانیشتنەکانی لەگەڵ هەڵسوراوان و دۆستەکانی جەختی دەرکردەوە لەوەی تا ئەو لەژیاندا بێت رێگا نادات کورەکانی هیچ بەرپرسیاریەتیەکی باڵایان لەگۆڕاندا هەبێت، دەشی گوت ئەوە حزبەکانی دەسەڵاتن ئەو ئاواتەیان هەیە تا لەو بوارەدا من بەخۆیان یەکسان بکەن و جیاوازیەکانیان لەگەڵ گۆڕان کەم بکەنەوە. زیادە بۆ ئەمەش دەیگوت هیچ هزرێکی سیاسی بەگۆڕانبونیشەوە پرسێکی وراسی نیە، تەنها ئەو ژینگەو دەروبەرەی مرۆڤ تێیاندا دەژیت کاریگەریان لەسەر هزری سیاسی مرۆڤەکە دەکات. کاک نەوشیروان بەدرێژایی ژیانی سیاسی و تەنانەت لەناو گۆڕانیشدا لەلایەن هاورێ و دۆستە نزیکەکانی خەباتەوە زۆر هیلاک کراوە، کێشەیان بۆ دروست کردوە، پشتیان لێکردوەو تەنانەت جار هەبوە گەلەکۆمەیان لێ کردوە ( پەنجەکان یەکتر دەشکێنن)، بۆیە سروشتیە کاتێک هەست بکات گەیشتۆتە قۆناغی ماڵئاوایی قورسایی متمانەی بەکەسە هەرە نزیکەکان لێی ببەخشێ، بێگومان کورەکانی لەپلەی یەکەمدا بون، لەگەڵ ئەوەشدا رێگەی پێنەدەدان کاریگەری لە سەر سەنتەرەکانی بریاردانی نا‌و گۆڕان بکەن. بەردەوام خودی خۆی رێنمایی و راسپاردە و بریارەکانی دەگایەنە کوردستان. دوای ماڵئاوایی کاک نەوشیروان نما و چیا گەرانەوە بۆ کوردستان و لە سلێمانی جێگیر بون، زۆر بە پەلە دەرکەوتنیان لە کۆر و دانیشتنەکانی دامەزراوەکانی گۆڕان کۆمەڵێک پرسیاری لای دۆست و ناحەز دروستکرد، لەوانە پرسیار دەرباری نیەتی کارکردنی سیاسیان لە نا‌و گۆڕان. هەر لەو ساتەوە کامپینێک لە لایەن دەستەیەک نوسەر و رۆشنبیر بەرامبەریان بەرپاکرا، تەوریسی سیاسیان کردە سەرە رمی کەمپینەکە. هەرچۆنێک بێت ئەمە سەرەتایەکی دروست نەبو، کورەکان دەرکیان بە هەڵەکەیان کرد و لەو دیاردانە پاشەکشەیان کرد. هەڵەی دوەمی کورەکان، کە بوە وێستگەی سەرەتایی کەمپینێکی توندتر بەرامبەریان، بڵاوبونەوەی هەنگاوە یاساییەکان بو بۆ خاوەنداریەتی فەرمی ئیرسی مادی کاک نەوشیروان. ئەمە ئەو خاڵە جەوهەریە کە تا ئەم چرکەیەش بۆ جەماوەری گۆڕان و خەڵکی کوردستان رون نەبۆتەوە، باجی ئەم تەم و لێڵیە بە خەستی گۆڕانیشی گرتۆتەوە. کاک نەوشیروان مرۆڤێکی ورد‌و دور و تیژبین بو، لەو باوەرەدام دەرباری ئیرسەکەی لەگەڵ چەند بەرپرسێکی باڵای گۆڕان قسەی کردوە، ئەو پرسە هەستیارەی نەداوەتە دەستی قەزاو قەدەرو میزاجی شەخسی وارسەکانی و دەور و بەرەکانیان. هەرچەندە لە روی یاساییەوە ئەو موڵکانەی بە ناوی خۆیەوە بون بۆ وارسەکانی دەمێنێتەوە، بەڵام کاک نەوشیروان هەرچی هەبوە، بە ژیانی خۆشیەوە، بۆ خەون و پرۆژەیەکی سیاسی گەورە تەرخانیانی کردبو، لای هەمو ئاشکرایە هیچکات چاوی لە پارە و موڵکی دنیا نەبوە، چەندین جار نوسیویەتی و باسیکردوە کە دژ بەتەوریسی سیاسیەو ئەوەی موڵكی گشتیە دەبێت بۆ بەرژەوەندی گشتی بەکار بهێنرێت. بۆ خۆم لەو باوەرەدام کە بە هەمان نەفەس پێش ماڵئاوایی ئەو پەیامەی بە دەوروبەری خۆی گەیاندوە، موڵکداریەتی کاک نەوشیروان بۆ وارسەکانی ئەمانەتێکی مێژوییە و ئەرکی کورەکانیەتی ئەو پەیامە وەک خۆی جێبەجێ بکەن، بە باوەری خۆم کرۆکی پەیامەکەشی ئەوەیە بۆ خزمەتی گشتی بەکار بهێنرێن و تەسەروفی شەخسی پێیانەوە نەکرێت. ئێستا کۆمەڵێک لادەر و خۆپەرست و عەبدی پۆست و بەرژەوەندی تایبەت لەو کەلێنە زەقەی نێوان خواستەکانی کاک نەوشیروان و نارونی کورەکانی دەرباری ئیرسەوە راوی گوماناوی خۆیان دەکەن، ئەمە ئەو گرێ کوێرە گەورەیەیە کە بزوتنەوەی گۆڕان رۆژانە باجەکەی دەدات. ئێستا کورەکانی سەرقاڵی دامەزراندنی دەزگایەکی سەربەخۆی راگەیاندنی گەورەن، کە یەکێک لە خەونە گەورەکانی کاک نەوشیروان بو. کاک نەوشیروان مەبەستی بو ئەو جۆرە راگەیاندنە بکاتە مۆدێلێکی سەردەمانە و لە خزمەتی پرۆژەیەکی سیاسی گەورەدا بێت، کە خۆی لە ئاستی گەشەپێدانی هۆشیاری کۆمەڵایەتی و مەعریفەدا دەبینیەوە تا کەرەستەکانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و هۆشیار دابرێژرێن. کاک نەوشیروان بە پێی راسپاردەی یەکەم کۆنفرانسی نیشتمانی گۆڕان لەمانگی ئازاری ٢٠١٥ میدیای گۆڕانی دروستکرد، سەرجەم دامەزراوەکانی راگەیاندنی گۆڕانی لەدەزگای میدیای گۆڕاندا کۆکردەوە و بەرپرسەکەشی بوە ئەندامی جڤاتی نیشتمانی، بە واتایەکی تر بزوتنەوەی گۆڕانی کردە بەرپرس لەدەزگای میدیای گۆڕان. کورەکانی بۆ پرۆژەکەی خۆیان دەستیان کرد بەدەستخستنە نا‌و میدیای گۆڕانەوە. لەکەناڵی KNN ەوە دەستیانپێکردو سەرلەقێنەرەکانیان خزانە نێو بەرێوەبردنی کەناڵەکەوە، لەماوەی دواییشدا بەهەمان نەفەس و وەتیرە لە گەڵ سایتی سبەی دەستتێوەردانیان کردوە، ئەم کار‌و رەفتارانە هەڵوەشاندنەوەی هەنگاوێکی گرنگی کاک نەوشیروانەو پێچەوانەی راسپاردەکانی یەکەم کۆنفرانسی نیشتمانی گۆرانە. بەوەوە نەوستاون لەئێستاشدا رۆژنامەو سایتی تایبەت بەرێوە دەبەن، جارێ رون نیە ئایا ئاکامەکانی ئەم بەرنامەیە لەگەڵ خەونەکانی باوکیان یەک دەگرنەوە یاخود بە ئاراستەی پێچەوانەدا دەروات. کار و چالاکیەکانیان دورەپەریز لە گۆڕان ناکەن و هاوکاتیش خوێندنەوەی یپێویست بۆ دامەزروەکانی گۆڕان ناکەن، کارکردنیان بەو دو ئاراستەیەدا لە گەڵ ئەوەی لەکوردەواریدا پێی دەوترێت خورمژ دەگونجێت. هەرچۆنێک بێت دەبێت زۆر بەئاگاوە مامەڵە لەگەڵ پرسێکی وا هەستیاردا بکەن، چونکە جەماوەری گۆڕان قبوڵ ناکەن ئیرسی کاک نەوشیروان بکرێتە کۆپی هێزو گروپە دەسەڵاتدارەکانی تری کوردستان و شادەمارەکانی ئەو ئیرسە بە "شەفاعەتی" دەسەڵاتداران ئاو بدرێن. لێرەدا ناکرێت ئاماژە نەکرێت بەوەی کە لاوازی و پەرتەوازەیی دامەزراوە باڵاکانی گۆڕان، لەسەرویانەوە جڤاتی نیشتمانی و خانەی راپەراندن دەرفەتێکی رەخساندوە کە بێسەرو بەری و فەوزا لەناو گۆڕان و دەوروبەری باڵادەست بن، هەر تاقم و کەسێک بەئارەزو و بەپێی بەرژەوەندی تایبەتی خۆی گەمە بەبریارو دامەزراوەو موقەدەراتی گۆڕانەوە بکات. هیوادارم کورەکانی کاک نەوشیروان بەوردی چاوێک بە بەرنامە و شێوازی کارکردنیاندا بخشێننەوە، هەر چۆنێک بێت خۆشەویستی و رێزی بێئەندازەی گۆرانخوازان بۆ باوکیان بۆتە زەمینەی بێدەنگیان، بەڵام بێ بەرچاورونی و نەکردنەوەی گرێ کوێرەکان ناکرێت ئەو بێدەنگیە بەردەوام بێت.
سەتیپ وەیسی كەریم پانزده ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، له ڕۆژی 1ی شوباتی 2004، یه‌كێك له سیاسه‌تمه‌داره ژماره یه‌كه‌كانی یه‌كێتیی و باڵی كۆسره‌ت ره‌سوڵ، كه له ته‌قینه‌كه‌ی مه‌ڵبه‌ندی سێی هه‌ولێر گیانی له ده‌ستدا، ناوی " به‌هرۆز حمد " ناسراو به مامۆستا شوان بوو. ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی یه‌كێتیی له ساڵی 1976، په‌یوه‌ندی به كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانه‌وه كرده‌وه، له‌سه‌ره‌تاكانی دروستبوونی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستانیشه‌وه ده‌ستی به كاری سیاسی كردوه، تاوه‌كو ئه‌و ڕۆژه‌ی گیانی له ده‌ستدا. به‌پێی گێرانه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كانی ئه‌و حزبه، به‌هرۆز حه‌مه‌د سه‌ركرده‌یه‌كی په‌روه‌رده‌كاری لێهاتووبووه‌و، به پیاوی زانیاری ورد‌و بەڵگەداره‌كان هەژماردەکراو، هه‌میشه خوێندنه‌وه‌و شیكردنه‌وه‌كانی بۆ قه‌زیه ناوخۆییه‌كانی نێوحزب له شوێنی خۆیدابووه. هه‌رله‌سه‌ره‌تای كاركردنیه‌وه یه‌كێك بووه له كه‌سه نزیكه‌كانی كۆسره‌ت ڕه‌سول علی و ئیداره‌ی ئه‌و باڵه‌ی كۆسره‌تی كردوه، كه له نا‌و یه‌كێتیی به باڵی هه‌ولێری و كۆسره‌تییه‌كان ناسراوبوون، هه‌ربۆیه‌ش له لای ماڵی مام جه‌لال ناوبراو به مه‌تبه‌خی پشته‌وه‌ی كۆسره‌ت ره‌سوڵ ناسراوبوو. به‌پێی قسه‌ی كه‌سه نزیكه‌كانی بێت، ئه‌و یه‌كێك بوو له‌سه‌ركرده خوێنه‌واره‌كانی ده‌شتی هه‌ولێرو هه‌میشه له پشتی په‌رده‌وه كاری جیاوازی كردوه‌و، بیركردنه‌وه‌ی قوڵیشی هه‌بوو بۆچاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، زۆرجاریش به ڕاوێژكاره ده‌سته‌ڕاسته‌كه‌ی كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ ناوی ده‌هێنرا. ده‌وترێ تاكه كه‌سیش بووه كه به‌بێ ئاگاداركردنه‌وه‌ی پێشوه‌خته سه‌ردانی ماڵی كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ و ژووره تایبه‌ته‌كه‌ی ئه‌وی ده‌كرد، كۆسره‌ت گوێگرێكی باشی ئه‌و بوو له‌و كاتانه‌ی قسه‌ی بۆده‌كرد. به‌پێی گێڕانه‌وه‌كانی ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی ناوبراو، دوای ئه‌وه‌ی مام جه‌لال به‌وه‌ی زانی، كه ناوبراو ئه‌ندازیارو پلانداڕێژه‌ری كۆسره‌ت ڕه‌سوله‌و ئیداره‌ی رێكخستنه‌كانی ژێر ده‌ستی ئه‌و ده‌دات، بانگهێشتی ده‌كات و داوای لێده‌كات كار له‌گه‌ڵ سكرتێری گشتیی بكات، واز له كۆسره‌ت ڕه‌سول بهێنێت، له‌به‌رامبه‌ردا له كۆنگره‌ی دوو ئه‌و حزبه ده‌یكات به ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی، به‌ڵام ناوبراو به مام جه‌لالی ڕاگه‌یاندوه: به‌هۆی ئه‌وه‌ی هاوڕێی نزیكی كۆسره‌ته ره‌سوڵه‌و ئه‌خلاقیه‌ن ناتوانێت ئه‌و داواكاریه قبوڵ بكات. به‌هۆی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی داواكه‌ی مام جه‌لال، ناوبراو نه‌یتوانی له كۆنگره‌ی دووی ئه‌و حزبه بچێته سه‌ركردایه‌تی، له‌كاتێكدا ژماره‌یه‌ك كادیری ئه‌و حزبه له سنووری پارێزگای هه‌ولێر، كه له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و په‌روه‌رده ببوون، چوونه سه‌ركردایه‌تی و یه‌كێك له‌وانه‌ش بوو به ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی. كۆسره‌ت ڕه‌سول، له زۆر بۆنه‌و دانیشتن‌دا باسی له گرینگی به‌هرۆز حه‌مه‌د و فاروق جبار ( سكرتێری پێشووی نوسینگه‌كه‌ی ) كردوه ، چونكه له دوو قۆناعی جیاوازدا له ساڵی 1996 و 2004 ، به‌هۆی نه‌مانی ئه‌و دوو كه‌سه له زۆر وێستگه‌دا نه‌یزانیوه په‌نا بۆ كێ به‌رێت، هه‌ربۆیه‌ش لای ئه‌و هه‌رجارێك باس له بیره‌وه‌رییه‌كانی ئه‌و دوو كه‌سه ده‌كرێت، ناوبراو ئاخێكی زۆر هه‌ڵده‌كێشێت، به‌پێی هه‌ندێ گرته ڤیدیۆیش كه له كاتی مردنی ئه‌و كه‌سانه تۆماركراوه، كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ زۆر به‌حسره‌وه‌ته‌وه بۆیان ده‌گریت. تاوه‌كو مردنیشی زۆربه‌ی رێكخستنه‌كانی یه‌كێتیی له سنووری پارێزگای هه‌ولێر، كه به كۆسره‌تیییه‌كانی هه‌ولێر ناوده‌بران، به‌شێكی زۆریان له‌سه‌ر ده‌ستی به‌هرۆز حه‌مه‌د ته‌نزیمكرابوون و هه‌رخۆشی ئیداره‌ی ده‌دان، له دوای نه‌مانی ئه‌و ئیتر رێكخستنی یه‌كێتی به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان له نێوشیان ئه‌وانه‌ی نزیكبوون له كۆسره‌ت ڕه‌سول له سنووری پارێزگای هه‌ولێر، تاڕاده‌یه‌كی زۆر به‌ره‌و لاوازی چوو، جگه‌له‌وه‌ی نه‌مانی به‌هرۆز له ژیان یه‌كێك بوو له هۆكاره‌كانی گه‌وره‌كانی لاوازبوونی كۆسره‌ت ڕه‌سول له هه‌ولێر. ده‌وترێ له دوای كۆتایهاتنی شه‌ڕی ناوخۆ‌و به‌فه‌رمی هاتنه‌وه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان بۆ سنووری پارێزگای هه‌ولێر، ناوبراو یه‌كه‌م كه‌س بووه‌و له ڕێگه‌ی داتا‌و ئامار‌و دۆكۆمێنته‌وه، باسی له لاوازبوونی نفوزی یه‌كێتیی له هه‌ولێر بۆ كادیر‌و سه‌ركردایه‌تی حزبه‌كه‌ی كردووه‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌كردوه: پێگه‌ی یه‌كێتیی له هه‌ولێر زۆر لاوازبووه، ناكرێت ئه‌وه‌نده خۆشباوه‌ڕبین به‌وه‌ی، كه دوو هه‌زار ئۆتۆمبێل له‌ده‌ره‌وه‌ی مه‌ڵه‌به‌ندی هه‌ولێر ڕێزی گرتووه، وابزانین یه‌كێتیی وه‌كو جاران زۆرینه له هه‌ولێر. پڕۆفایلی ناوبراو: ـ ناوی ته‌واو : به‌هرۆز حمد صالح نادر ـ ناسراو به : شوان ـ ته‌مه‌ن : 1ـ7ـ 1953 ـ شوێنی له دایك بوون:ناحیه‌ی قوشته‌په ـ پارێزگای هه‌ولێر. ـ ئاستی خوێندن : ده‌رچووی كۆلیژی یاسا ـ خێزانداربوو خاوه‌نی پێنج منداڵه. ـ ساڵی په‌یوه‌ندی به رێكخستن : 1976 ـ ئه‌ندامی هه‌ردوو كۆنفرانسی دوو سێی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان بووه، له ناوزه‌نگ له ساڵی 1982، له ساڵی 1984 له مێرگه پان، له كۆنفرانسی سێی كۆمه‌ڵه ڕه‌نجده‌ران پالێوراو بوو بۆ ئه‌ندامی سه‌كردایه‌تی. ـ به‌شداری زۆربه‌ی شه‌ڕه‌كانی سنوری مه‌ڵبه‌ندی سێی كردوه. ـ دواپله‌ی به‌رپرسی مه‌كته‌بی مافی مرۆڤی یه‌كێتیی بووه. ـ 1ـ2ـ 2004، له ته‌قینه‌وه‌كه‌ی مه‌ڵبه‌ندی سێی هه‌ولێر گیانی له ده‌ستدا.
عەلی مەحمود محەمەد لە هەڵبژاردنی 30ب سەپتەمبەری 2018 ەی پەرلەمانی كوردستاندا, جگە لە نەوەی نوێ ئەویش بێ مایەی پێشوو چووە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە, سەرجەم پارتە بەشداربووەكانی دی دۆڕان, بە پارتی و یەكێتیشەوە كە ئیدعای بردنەوەو زیادبوونی ژمارەی كورسیەكانیان دەكەن, هەڵبژاردن تەنها بە ژمارەی كورسی پێوانە ناكرێت, بەڵكە بە كەمی و زیادبوونی ژمارەی دەنگدەرانیش دەپێورێت, براوە ئەوەیە لە ماوەی نێوان دوو هەڵبژاردندا بتوانیت متمانەی ژمارەیەك دەنگدەری نوێ زیاد بكات, ئەگەر پارتێكی سیاسی بەردەوام ئەندام و لایەنگری زیاد نەكات ئەوە مانای وایە لە پاشەكشەدایە و لە قۆناغی متبوندایە, دوای ئەو قۆناغەش پوكانەوە دێت, كە ئێستا پارتە سیاسییەكانی كوردستان پێیدا تێدەپەڕن بەهۆی نەمانی متمانەوە, دیارە پێوانەیەك هەیە لە كوردستان ئەویش ئەوەیە, هەمیشە حیزب لەم هەرێمە براوەیە ئەگەر ئاغای سكرتێر بە تەنیاش بمێنێتەوە. لە ماوەی دوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا, كە 5 ساڵ 9 رۆژ كەمی پێچووە, 5 موالیدی نوێ هاتونەتە نا‌و پرۆسەی هەڵبژاردنەوە, بۆیە لانی كەم 15% ژمارەی دانیشتوان زیادی كردووە لەو ماوەیەدا, چونكە رێژەی گەشەی دانیشتووان لە كوردستان نزیك 3%یە بە وردەكاری زیاترەوەیە. لەم هەڵبژاردنە " پارتی 688070 دەنگ, یەكێتی 319219 دەنگ, گۆڕان 186903 دەنگ, نەوەی نوێ 127115 دەنگ, كۆمەڵی ئیسلامی 109491 دەنگ, یەكگرتوو 78912 دەنگ, شیوعی 8063 دەنگ"یان هێناوەتەوە, هەرچی هەڵبژاردنی پێشووی 21ی سەپتەمبەری 2013 ەیە" پارتی 743984 دەنگ, گۆڕان 476173 دەنگ, یەكێتی 3500500 دەنگ, یەكگرتوو 186741دەنگ, كۆمەڵ 118,575 دەنگ, بزووتنەوەی ئیسلامی 21834 دەنگ, شیوعی 12392 دەنگ"یان هێناوەتەوە. بەم شێوەیە "پارتی 55914 دەنگ, گۆڕان 289270 دەنگ, یەكێتی 31281 دەنگ, كۆمەڵی ئیسلامی 9084 دەنگ, یەكگرتوو و بزووتنەوە 129663 دەنگ و شیوعی 4358 دەنگ"یان كەمی كردووە, كە دەكاتە " 7,5% ی دەنگەكانی پارتی, گۆڕان 60,7% و یەكێتی 8,9% و كۆمەڵی ئیسلامی 7,7% و یەكگرتوو و بزوتنەوە 62,2% و شیوعی 35,2%ی دەنگ"ەكانیان لە چاو هەڵبژاردنی پێشوەوە لە دەستداوە. لێ ئەوەی پارت و لایەنەكان حیسابی بۆ ناكەن و قورقۆشم دەكەنە گوێیانەوە لە ئاستیدا و خۆ لە بەرامبەری لە گێلی دەدەن, ئەو زیادیوونی 15% زیاتری ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستانە لەو 5 ساڵەی رابردوودا, كە دەبوایا بە پێی دەنگەكانیان لەو ژمارەیە بە لانی كەمەوە بە ئەندازەی رێژەی دەنگەكانیان لەو 15% دەنگیان بهێنایەتەوە, بۆیە رێژەی لە دەستدانی دەنگەكانیان وای لێدێت " پارتی 8,55%, گۆڕان 69,85%, ینك 10,2%, كۆمەڵی ئیسلامی 8,9%, یەكگرتووو بزووتنەوەی ئیسلامی 77,4% و شیوعی 40,4%ی دەنگ"ەكانیان لە دەست داوە". بە پێی رێژەی لە دەستدانی دەنگەكان بێت,پارتە سیاسییەكان بەم شێوەیە ژمارەبەندی دەكرێت " یەكگرتوو یەكەم 77,4%, گۆڕان دووەم 69,85%, شیوعی سێیەم 40,4%ی دەنگەكان, ینك چوارەم 10,2%ی دەنگەكان, كۆمەڵ پێنجەم 8,9%ی دەنگەكان و پارتی شەشەم 8,55%"ی دەنگەكانیان لە دەستداوە. هەەرچی نەوەی نوێیە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق توانی 153263 دەنگ لە 3 پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان بەدەست بهێنێت, لەم هەڵبژاردنە كەمی كردەوە بۆ 127115 دەنگ , بەمەش 26148 دەنگی لە دەستداوە , كە دەكاتە 17,06%ی دەنگەكانی لە ماوەی 4 مانگ و 18 رۆژ دا لە دەستداوە. كەواتا هەموو دۆڕاون بە رێژەی كەم و زۆر, لە دەستدانی متمانە گەورەترین دۆڕانە بۆ خۆی لە پرۆسەی سیاسی‌دا. ئەم ژمارەو رێژانە بە پێی ئاماری فەرمییە, منیش باوەڕم بە گزی و فرت و فێڵی پارتە دەسەڵاتدارەكان لە هەڵبژاردندا , ئێستا و رابردوو و داهاتوو هەیە, وێڕای نەبوونی دادپەروەری هەڵبژاردن لە كوردستاندا.
پەیڕەو ئەنوەر وابڕیارە ٣١ی ئازار هەڵبژاردنە شاراوەنییەکانی تورکیا بەڕێوەبچێت. سەرەتا دەبێت بگەڕێینەوە بۆ چەمکی شار! شار چییە؟ شار کێیە؟ دیارە لە یۆنانی کۆندا شار وەک دەوڵەت City-State دەرکەوتووە. دەوڵەت شار یەکێک لە کردەکانی ناوی مەسەلەی هەڵبژاردن بووە. هەڵبژاردن بەمانای ئەوەی شار دەبێت ناسنامە، پەیوەندی، جوڵە، ئاگایی، هێز و تەناهی بۆ بەرهەمبهێنرێت! شار دەبێت گڕوپە کۆمەڵایەتییەکەی ناوی بۆ فەرمان و بەرفەرمانەکان دیزاین بکرێن. ئەسینا و ئەسپارتا لەوکاتدا وەک شار، وەک یەکە دەرکەوتوون بەڵام دوو میتۆدی جیاواز ناوەوە و دەرەوەی ئەو دوو رووبەرەی وەک شار داڕشتۆتەوە. دەکرێت بۆ تێگەیشتن لە دەوڵەت شار و شێوازی کاکردن و جوڵەکانی بگەڕێینەوە بۆ کتێبی "مێژووی جەنگەکانی پیلۆپۆنیزیای سیوسایدید". دەکرێت بڵێین شار کاراکتەرە، لەرێگەی ناسنامە و جیۆپۆلەتیک و جوگرافیاکەیەوە خۆی دەناسێنێت، ماناکانی خۆی دەگۆڕێت! هەڵبژاردنی شارەوانی لە تورکیا هەم پڕۆسەیەکی ئاڵۆزە و هەمیش پڕ سەرکێشی و چارەنووسسازە. لێرە ئاڵۆز مەبەست لێی پەیوەندی نێوان مۆدێرنە و شارە! دیارە مۆدێرنە لە تورکیا زووتر لەدایک بووە لەچاو وڵاتانی تری ناوچەکە. ئیمپڕاتۆری عوسمانی لە سەرەتەکانی سەدەی نۆزدەهەمدا دەیەوێت شار و رووبەرەکانی نێو جەستەی لەسەر مۆدێڵی مۆدێرنەی ئەوڕوپی دابڕێژێتەوە! هەندەسەی شار لە گواستنەوە، قوتابخانە، بەندیخانە، مەسەلەی موڵکداری، دادگا، سوپا، بازاڕ و پرد و رووبەرە گشتییەکان تێکەڵ بە مۆدێرنەی ئەوڕوپی بکات! دیارە شار لە ئەوڕوپا زیاتر لەگەڵ شۆڕشی پیشەسازی لە پەیوەندیدابووە، شار پڕبووە لە کارخانە و کرێکار و بەندەر و یەکێتییە پیشەییەکان! بەڵام بۆ تورکیا شار لەوکاتدا مانایەکی تری دەدا، دیارە دەوڵەتی عوسمانی زیاتر مەبەستی بوو لەڕێگەی شارەوە تەمەنی ئیمپڕاتۆر و سولتان درێژبکاتەوە. لەدوای دروستبوونی دەوڵەتی تورکیای هاوچەرخ "شار" لە تورکیا هەم ئەرک و هەمیش ماناکانی دەگۆڕێت! دیارە یەکێک لە ئەرکەکان مەسەلەی دابەشکردنی شار و شارەوانی و چۆنیەتی بەرهەمهێنانەوەیەتی. لەدونیای مۆدێرنەدا هاوڵاتی لە شاردا ئامادەیی هەیە بۆ ئەوەی بژی، باشتر چێژ وەربگرێت، زیاتر دەستیبگات بە سەرچاوەکانی ستاتیکا و مۆدیلەکانی بەختەوەربوون. ئەمڕۆ لەشارە گەورەکانی تورکیادا بەتایبەت (ئەستەنبۆڵ، ئەنکەرە و ئیزمیڕ) ئەم ناسنامەیە دەبینرێت. بەتایبەت لە مەسەلەی گواستنەوە و شەمەندەفەر و سەرچاوەکانی خێرایی و رێگاوبان! دیارە ئەم خواستەی خەڵک لە تورکیا/ئەستەنبۆڵ بەگشتی پەیوەندی بەوەوە هەیە کە زوو بگەن بە بازاڕ تا زوو داهات و بەشە کرێی ڕۆژانەیان بەربکەوێ. لەئەدەبیاتی سیاسی تورکیدا وتەیەک هەیە دەڵێت:" ئەوەی لە ئەستەنبۆڵ هەڵبژاردن بباتەوە، لەهەموو تورکیا دەیباتەوە." دیارە ئەردۆگان دەیەوێت لەم هەڵبژاردنەدا ئەوە بەبیر ئەستەنبۆڵییەکان بهێنێتەوە کە پێشتر وەک والی چی بۆ ئەو شارە کردووە! چۆن ئەستەنبۆڵی کردووە بە پانتاییەکی زیندوو، قسەکەر، پڕ پارە و پڕ لە سەرچاوەکانی ژیان. دیارە ئەردۆگان لەم هەڵبژاردنەدا بەلایەنی کەمەوە دەیەوێت بڵێت مۆدێڵی ئەستنەبۆڵ وەک شار و حکومڕانی بۆ پارچەکانی تری نێو جەستەی تورکیا دەگوازمەوە. لەڕاستیشدا ئەستەنبۆڵ جوان و سەرنجڕاکێشە! ئەدەبیات و رۆمانەکانی (ئۆرهان پاموک) یش نەبێت ئەستەنبۆڵ هەر جوان دەردەکەوێت بەڵام مەرج نییە ئەو جوانی و ستاتیکایەی ئەستەنبۆڵ بتوانرێت لە شوێنی تر، پانتایی تر و جوگرافیاکانی تری تورکیا بەرهەمبهێنرێت.
پەیكار عوسمان ١- گرتن و لێدان بۆ ئازادیخوازان بەشێکە لە ڕێگاکە، بەڵام بۆ سوڵتە بەشێکە لە ستەمکاریی. لە ڕێگەی ئەو گرتن و لێدانەشەوە، ستەمکاریی بێ ئەوەی بەخۆی بزانێ، ڕێگاکە بۆ ئازادیخوازان تەواوئەکات، بۆیە ڕەوتی ستەم، قەت ڕەوتی ئازادی ناوەستێنێ! ٢- دنیاکە هی هەمووانەو تەنیا عەدالەت و دیموکراسیش ئەتوانن بیکەن بە هی هەمووان، لەوە بترازێ یان دیکتاتۆرە دنیای هەمووانت بۆ دائەتاشێ، یان ئایدۆلۆژیایە وەهمی دنیای هەمووانت لا دروست ئەکات! ٣- دنیاکە هی هەمووانەو کێشەی ستەمکار ئەوەیە، وائەزانێ هێز ئەتوانێ ئەو حەقیقەتی بۆ بگۆڕێت! لەکاتێکا مرۆڤ ئەو کاتەی کە هێزو زەبری ستەمکاری بەرئەکەوێ، لە هەموو کات زیاتر تێئەگات، کە دنیایەك هەیە (هی هەمووانە) بەڵام زەوت کراوە! ٤- گشتاندن پشکی ئێمەیە لە ستەمکاریدا، ئەو کۆڵانەیە کە بە نەشارەزایی لێوەی ئەچینەوە سەر ستەمکاریی! ئازادیخوازان تا ڕێژەیی نەبنەوەو خۆیان لە گشتاندن دانەماڵن، ناکەونە سەر ڕێچکەی دروست، چونکە ئازادیخوازی پاساونیە بۆ ستەمکاریی، بەڵام ناستەمکاریی مەرجە بۆ ئازادیخوازی. ٥- مرۆڤی ئازادیخواز بۆئەوەی نەکەوێتە داوی گشتاندنەوە، ئەبێ وریابێت لە شەپۆلەکانی حەماسەت، چونکە گشتاندن چەکی کاریگەری پۆپۆلیزمە! مەسەلەن جوملەی (پێشمەرگە دزبوون.) بتەوێ و نەتەوێ ستەمکارییە دەرهەق بەو پێشمەرگانەی کە دزنەبوون. ستەمکاری و ئازادیش کۆنابنەوە، تۆ ناتوانی ستەمکاریش بیت و ئازادیخوازیش بیت. ٦- (بەرەی خەڵك) دووبارەکردنەوەی هەمان هەڵەو ستەمی پارتی یەکێتییە کە بەناوی هەموو نەوەتەوە قسەئەکەن. لەڕاستییا (هەموواندن) درۆیەکی ئایدۆلۆژی پۆپۆلستییەو هیچ هێزێك نوێنەری هەموو نیە، چونکە حەقیقەت ڕەنگاوڕەنگەو هیچ ڕەنگێك نیە. ٧- پێشمەرگە پیرۆزنیەو قابیلی قسە لەسەر کردنە، بەڵام ڕاگەیاندنیش پیرۆزنیەو ئەویش قسە زۆر هەڵئەگرێ ئەزانی؟! ئاخر بەرامبەر (شەرعیەتی شۆڕشگێڕی) کە خەتێکی سور نافامێ و تا ئەوپەڕی نابەرپرسیارێتی ڕۆشتووە، جۆرێك لە (شەرعیەتی موعارەزەیی و ڕۆژنامەنوسی)ش پەیابووە، کە ئەمیش هەر خەتی سوری نیەو تا هەمان شوێن ئەڕوا! دەی ئەوەش هەر ستەمکارییەو ناشێ ئازادیخوازیی بێت، چونکە هەردولا هەر پەتەکە ڕائەکێشن و لەو بەینەشا هەر من‌و تۆ ئەپچڕێین. ٨- تەسەوراتە جەماعییەکان، ئەوانەی کە کۆمەڵگاو دین و حیزب و ڕاگەیاندن و ئایدۆلۆژیا.. بۆتی دروستی ئەکەن، هەمووی ستەمکارانەن، چونکە مافی عەقڵ و بیرکردنەوەی تۆی تیا پێشێڵکراوە. تا لە دەرەوەی دیدە جەمعییەکان، بیرێکی تاکانەو خۆتانە نەکەیتەوە، ناتوانی لە ستەمکاری لادەیت و بچیتە سەر خەتی ئازادی، چونکە ئازادیی یەکەم ئازادی عەقڵە. ئازادی بەرهەمهێنانەو لە بیرکردنەوەی خۆتدا بەرهەم دێ، ئەوەی لە گروپی وەرئەگریت بەکاربردنەو وەهمی ئازادی و تەوقێکی ترە نەك ئازادی خۆی. ٩- خوارییەکان لە ئومێدەوە ڕاست ئەکرێنەوە، چونکە بەبێ ئومێد هەنگاو نانرێ.. ئومێدیش لەو وێنەیەدایە کە خۆت ئەیبینیت، نەك لەو وێنەیەی کە قەرەباڵغیی بۆتی دروستئەکات! حەشامەت بیرکردنەوەت لێوەرئەگرێتەوەو لە بیرنەکردنەوەشدا، هەمیشە تۆ دوای وێنەیەك ئەکەویت کە دواتر بۆت دەرئەکەوێ وانیە، ئیتر نا‌ئومێد ئەبیت، یەعنی ئەوسەری قەرەباڵغیی هەمیشە نائومیدییە! بەڵام بیرکردنەوە بەرەو وێنە ڕاستەقینەکەت ئەبات، ئیتر تێیئەگەیت و ڕێکارو پلانی دروستی بۆ دائەنێیت، ئیتر گەشبین و ئومێدەوارئەبیت. ١٠- مرۆڤ بە دوو قۆناغ ئەگات بە مرۆڤایەتی، خۆبوونەوەو خودناسی، ئەو قبوڵکردن و ئەو دۆستی. تاکو تاکنەبیتەوە نابی بە خۆت، تا نەشبیتەوە بە خۆت، ناتوانی ئەو قبوڵبکەیت، چونکە لە غیابی خۆتدا، ئەسڵەن تێناگەیت (ئەو) چیە بە مانا فەردییەکەی! لەناو سیاقە جەماعی و باوەکاندا، لە دیدی تۆوە، ئەو تەنیا ڕەقەمێکە بۆ قەرەباڵغی ئەوکاتەی لەگەڵتا دێتەوە. ئەو تەنیا شتێکە بۆ سڕینەوە ئەو کاتەی لەگەڵتا نایەتەوە. بەڵام کاتێ خۆت ئەچیتە دەرەوەی سیاقە باوەکان و عەقڵی خۆت لە کۆمەڵ وەرئەگریتەوەو ئەبیتە کائینێکی بیرکەرەوە، ئیتر لەوەش تێئەگەیت کە هەموو (ئەو)ێكی تر، هەر وەکو تۆ پرۆژەی کائینێکی بیرکەرەوەیەو کە جیاوازیشە تاوانێکی نەکردوە، تەنیا بیری کردۆتەوە، بۆیە ئاسایی قبوڵی ئەکەیت! بەڵام لەناو جەمعدا، تۆ تەنیا بە شەرتی لێکچوون قبوڵئەکرێیت، کە ئەوەش شەرتێکی ستەمکارانەیە. ١١- تەلەفزیۆنەکەت خامۆشکەو عەقڵت داگیرسێنە، پێش هەرشت لە ماهییەتی خودی تەلەفزیۆن تێئەگەیت، کە چ تلیاك و بەربەستێکە لەبەردەم بیرکردنەوەی تۆدا. سەیرکە چونکە تلیاکەکە لە بێ هۆشکردنی ئێمەدا نەجاحەتی هێناوە، دنیایەك قەناتی خەبەریمان هەیە‌و کۆمەڵێکی تریش بەڕێوەن! هەمووشیان هەر (هۆشیارمان ئەکەنەوە)!! لەکاتێکا خودی هۆشیاربوونەوە، هەر ئەوەیە کە ئەو قەناتانە لێگەڕێن و مەجالێك بدەن بیربکەینەوە. واز لە تلیاكی خەبەریی بێنە، تۆ بێئاگابیت لە خۆت ناتوانی ئاگات لە دنیابێت. ١٢- بایکۆتی قەناتە خەبەری و سیاسییەکان بووە بە زەرورەت، چونکە بەردەوام لە شەپۆلێکەوە ئەتدەنە دەست شەپۆلێکی تر‌و لەنێو شەپۆلیشدا، تاکە شتێك کە ناکرێ بیرکردنەوەیەو لە غیابی بیرکردنەوەشدا تاکە شتێك کە میوانە ڕقە. ١٣- دوژمن دەسەڵات موعارەزە شاشە پەرستگا.. لەوەدا سەرکەوتوبوون کە تاك و کۆمەڵی ئێمە بخەنە دۆخی بیرنەکردنەوە. دۆخی بیرنەکردنەوەش هەر ئەوەیە کە توندوتیژی تیایدا ئەگەری یەکەم و تاکە ئەگەرە، بۆیە دوو سایەقی ئێمە لەسەر هۆڕنێك یەکتری ئەکوژن! تاکی ئێمە بووە بە ڕومانەیەك، کە بەسیتترین بەرکەوتن لەگەڵیدا، وەکو وایە ئەڵقەکەیت ڕاکێشابێت! جا بۆ ئەوەی توندوتیژی ببێتەوە بە ئەگەری ئەخیرو ناچاریی، ئەبێ تاك بخەینەوە بیرکردنەوە، بۆ ئەوەش ئەبێ بڕێك هێوری بکەینەوەو لە شەپۆلەکانی وەرگرینەوە. ١٤- لەپێناو بڕێك ئارامبوونەوەو بیرکردنەوە، لەپێناو بڕێك خۆشەوسیتی (نا بۆ ئیخبار بەڵێ بۆ تۆم و جیری) ! ئاخر تۆ لەکاتی سەیرکردنی ئەفلامکارتۆندا، ڕقت لە هیچ شتێك نیە، بەڵام لەکاتی موتابەعەی هەواڵ و سیاسەتدا، تۆ تەنانەت ڕقت لە خۆشتە چجای ئەوانیتر.
ئاراس فه‌تاح هه‌رێمی كوردستان ده‌وڵه‌ت نییه، به‌ڵام له ڕیزی سه‌ره‌وه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌یه كه تیایدا بیروڕای ئازاد به ناشرینترین شێوه پێشێلده‌كرێت و پیشه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ریی به نایاساییترین و دڕه‌نده‌ترین شێواز به‌ربه‌ستی بۆداده‌نرێت و ژیانی ڕۆژنامه‌نووسانیش له ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رده‌وام و مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌دایه. له‌كاتێكدا له‌كۆی 348 ڕۆژنامه‌نووسی كه له‌ساڵی 2018 له جیهاندا تۆماركراون، نیوه‌ی زیاتریان له پێنج وڵاتن: له‌و ڕیزبه‌ندییه‌دا وڵاتی چین پله‌ی یه‌كه‌می به‌ده‌ستهێناوه و ژماره‌یان ده‌گاته 60 رۆژنامه‌نووس، توركیا له ڕیزبه‌ندی دووهه‌مه به 33 رۆژنامه‌نووس، له ئێران 28 و له سه‌عودی عه‌ره‌بییش 28. گه‌ر ئه‌م ژمارانه‌ی ڕاپۆرتی ساڵانه‌ی ڕێكخراوی Reporters Without Borders „په‌یامنێرانی بێ‌سنوور“ به دروست وه‌ربگرین، ئه‌وا ده‌بێت هه‌رێمی كوردستان بخرێته ڕیزبه‌ندی ئه‌و ده‌وڵه‌ته دیكتاتۆرییانه‌ی كه كاری ڕۆژنامه‌گه‌ریی و ژیانی رۆژنامه‌نووسان تیایدا له مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌دایه. به‌پێی راپۆرتی ساڵانه‌ی ده‌زگای میترۆ ته‌نها له ساڵی 2018دا ژماره‌ی ئه‌و پێشێلكارییانه‌ی كه له هه‌رێمی كوردستاندا دژ به ڕۆژنامه‌نووسان و ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن كراون، 349 حاڵه‌ت بوون. له‌ناویشیاندا ژماره‌ی ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسانه‌ی كه به‌بێ بڕیاری دادگا ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه ده‌گاته 24 ڕۆژنامه‌نووس و ئه‌وانه‌ی كه به بڕیاری دادگاش ده‌ستگیركراون 17 ڕۆژنامه‌نووسن. گه‌ر هه‌ردوكیان پێكه‌وه ئه‌ژماربكه‌ین، ئه‌وا ته‌نها له ساڵی 2018دا كۆی ژماره‌ی ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسانه‌ی كه له هه‌رێمی كوردستاندا به نایاسایی و به بڕیاری دادگا ده‌ستگیركراون ده‌گاته 41 كه‌س. به پێی ئه‌و ژماره و ڕاپۆرتانه‌ی كه له‌به‌رده‌ستدان، ده‌سه‌ڵاتدارێتی سوڵتانیی هه‌رێمی كوردستان له ڕیزبه‌ندیی پێشێلكارییه‌كان دژ به ڕۆژنامه‌نووسان و پیشه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ریی له ڕاپۆرتی ساڵانه‌ی جیهانییدا پله‌ی دوو له سوڵتانیزمی نوێی توركیا ده‌سه‌نێته‌وه و ده‌كه‌وێته دوای ده‌وڵه‌تی چین. به‌له‌به‌رچاوگرتنی كه‌میی ژماره‌ی دانیشتوانی هه‌رێم به‌رامبه‌ر به هه‌ردوو وڵاتی چین و توركیا، ئه‌م داتایانه وێنه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتی هه‌رێم له بواری پێشێلكاریی به‌رامبه‌ر به مافی بیروڕا و ڕاگه‌یاندن به‌رجه‌سته‌ده‌كه‌ن. به‌بۆچوونی من ئه‌م دۆخه مه‌ترسییداره ته‌نها هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاته سوڵتانییه‌كه لێی به‌رپرسیار نین، به‌ڵكو هه‌موو هێزه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاتدارێتییه به‌پرسیارن له به‌رده‌وامیی و زۆربوونی پێشێلكاریی دژ به بیروڕای ئازاد به‌تایبه‌ت و پیشه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ریی به گشتیی. ئه‌خلاق و به‌رپرسیارێتیی سیاسیی دروست ئه‌وه نییه هه‌ر لایه‌نه و خه‌ریكی بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵ و كۆششی ئازادكردنی ئه‌و كه‌س و ڕۆژنامه‌نووس و چالاكوانانه بێت كه به سه‌ر به خۆیانن، به‌ڵكو ئه‌خلاقی سیاسیی به‌رپرسیار ئه‌وه‌یه كه ئازادیی ڕاده‌بڕین وه‌كو مافێكی گه‌ردوونی ببینیت و هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌گه‌ریی وه‌كو پیشه‌یه‌كی پاڕیزراو بكه‌یت و هه‌موو پێكه‌وه دژ به‌م دۆخه شه‌رمئاوه‌ره و پاشاگه‌ردانییه بوه‌ستنه‌وه. ئاساییشی هه‌رێم به‌وه ناپارێزێت كه كۆی سیاسه‌ت كرابێت به كرده‌یه‌كی موخابه‌راتیی و ئاساییشی وڵات و پیشه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ریی و ژیانی ڕۆژنامه‌نووسان و چالاكوانانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیی له مه‌ترسییدا بن، تۆش سه‌لار و بێده‌نگ خه‌ریكی دروستكردنی كابینه‌ی حكومه‌تی داهاتوو بیت. دۆخی مه‌ترسییداری هه‌رێمی كوردستان ته‌نها ئه‌و ڕاستییه نییه كه مافی ڕاده‌ربڕین و ده‌ستكه‌وتنی زانیاریی و پیشه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ریی و ژیانی ڕۆژنامه‌نووسان له مه‌ترسییدایه، به‌ڵكو ئه‌و حه‌قیقه‌ته تاڵه‌شه كه ئۆپۆزیسیۆنی هه‌رێم تووشی ئه‌لزهایمه‌ری ڕۆشنبیریی بووه و ئه‌و ڕاستییه‌ی بیرچووه‌ته‌وه کە ھیچ ھێزێکی ئۆپۆزیسیۆن ناتوانێت بەبێ بوونی میدیایەکی ئازا‌و سەربەخۆ بەتەنھا شەڕی دەسەڵاتی پارتیی و یەکێتی بکات.
سەردەشت عەزیز ئه‌مڕۆ وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن هۆكاری خراپی هێڵی ئینته‌رنێتی گه‌ڕاندوه‌ته‌وه بۆ چه‌ند خاڵێك كه‌به‌كورتی سه‌رنج ده‌خه‌مه سه‌ریان: یه‌كه‌م: ده‌ڵێت به‌هۆی ئه‌وه‌ی ده‌سته‌ی راگه‌یاندن و گه‌یاندنی عێراق(CMC) داوای كردوه، كۆمپانیای هواوی له‌گه‌ڵ فاست لینك گرێبه‌ستی هه‌ڵوه‌شاندوته‌وه گرفتی خاوی بۆ ئینته‌رنێت دروست كردوه. بۆ زانیاریتان پێرێ (٢٨-١) به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی وه‌زاره‌تی دادی ئه‌مه‌ریكی ٢٣ تۆمه‌تی ئاڕاسته‌ی هواوی كرد كه ١٣ له‌و تۆمه‌تانه په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه هواوی به‌بێ گوێدانه سزاكانی سه‌ر ئێران و داواكاریه‌كانی ئه‌مه‌ریكا گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ ئێران كردوه، بۆیه ئایا هواوی بۆ ده‌چێته ژێرباری بڕیاری CMC عێراقه‌وه‌و ناچێته ژێرباری بڕیاری ئه‌مه‌ریكاوه؟ . دووه‌م: ده‌ڵێت خه‌تای مزگه‌وته‌كانه ئامێری وه‌ستاندنی تۆڕه‌كانی په‌یوه‌ندیان هه‌یه! مزگه‌وت خۆی به‌ده‌ست ته‌له‌فۆنی نوێژخوێنانه‌وه له‌كاتی نوێژدا گیری خواردوه له‌كوێ گرفت بۆ ئینته‌رنێت دروست ده‌كات، باشه ئه‌م ئامێرانه گه‌ر هه‌ن بۆ ئه‌و ته‌له‌فۆنانه بێ شه‌به‌كه ناكه‌ن، یاخود له‌ناوحه‌وشه‌ی مزگه‌وت ته‌له‌فۆن بكه‌ن بزانن ئه‌و جیهازانه تا نا‌و حه‌وشه‌ی مزگه‌وت دێت تابگاته گه‌ڕه‌كێك. به‌كورتی: گرفتی خراپی و خاوی ئینته‌رنێت مزگه‌وت و CMC نیه به‌ڵكو فاشلی كۆمپانیاكانه، گرفتی گه‌وره‌ی كۆمپانیاكان دابه‌شكردنی ئینته‌رنێته به‌شێوه‌ی (هاوبه‌ش) واته له‌ناوچه‌یه‌ك یان بورجێك هه‌تا كه‌سێك زیاتر ئه‌و هێڵه به‌كاربهێنێت تۆ به‌شت كه‌متر ده‌كات و خه‌ته‌كه‌ت خاوتر ده‌بێته‌وه، بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م گرفته‌ش گه‌ر كۆمپانیاكان ناتوانن ئه‌م شێوازه خراپ و كۆنه بگۆڕن به‌لای كه‌مه‌وه ده‌بێت كۆمپانیاكان چاودێری ناوچه‌و بورجه‌كان بكه‌ن و له‌كوێدا زه‌خت هه‌بوو له‌وێدا باڵانس دروست بكه‌نه‌وه چ به‌دانانی بورج بێت یان به به‌هێزكردنی ئینتنه‌رنێت، هه‌ربۆیه هه‌موو كۆمپانیاكانیش سه‌ره‌تا خه‌ته‌كانیان زۆرباشه به‌ڵام هه‌تا به‌كارهێنه‌ر زیادبكات خراپتر ده‌بێت. تێبینی: - هۆكاری ته‌كنیكی زۆرن بۆ خاوی خه‌تی ئینته‌رنێت، به‌ڵام زۆربه‌ی كۆمپانیاكانی ئینته‌رنێت پێش ئه‌وه‌ی ئه‌م گرفتانه‌یان هه‌بێت هه‌ر خۆیان فاشیلن و ته‌نها ئامانجیان پاره كۆكردنه‌وه‌یه. - بۆ دانانی ئه‌م پۆسته ۲۰ دەقەم پێچوە کەخەتەکەم فاست لینکی ۳۹ هەزاریشە. 😡