شوان سدیق: ئیتاڵیا ئەم ھەرێمە ناوێ لۆمباردیایە گەورە ھەرێمی وڵاتی ئیتاڵیایە لەنێو ھەر بیست ھەرێم و دوو دەوڵەتە بچووکەکەی ئیتاڵیا کەژمارەیان لە ٦٠ ملیۆن زیاترە. بە"ڤاتیکان و سانماڕنیۆ"یشەوە. لۆمباردیا؛ بڕبڕەی پشتی ئابووری و گەشتوگوزاری ئیتاڵیایەو ١٤٪ گەشتیاری ئەم وڵاتەی بەردکەوێ کەساڵانە ژیاتر لە پەنجا ملیۆن گەشتیار ڕوو لە ئیتاڵیا دەکەن. ھەرێمی لۆمباردیا لەڕووی سیاسی و کەرتی ئابووری و بازاری کاڵاو دەرمان و جلوبەرگ و ھونەر و موزیک چاوی ئیتاڵیایە، خەڵکی ئەم وڵاتە لە لۆمباردیاوە سەیری پێشکەوتن و گەشەکردنی وڵاتەکەیان دەکەن. کەئەمڕۆ بەدەست کۆرۆناوە بەرێشانە! ھەرێمی لۆمباردیا دابەش دەبێ بەسەر ١٢ پارێزگاو پایتەختەکەی شاری "میلانۆ"ی ملیۆن و نیو دانیشتوانە. بەگشتی ڕێژەی دانیشتوانی زیاتر لە ١٠ ملیۆن و پێنج سەد ھەزار کەسە. ژمارەی بێگانەو پەنابەر و کۆچبەر لەم ھەرێمە بەگشتی دەگاتە نزیکی ملیۆن و نیوێک زۆرینە ڕۆمانی بە١٤٪ ھەروەھا مەغریبی و ئۆکرانیش ١٦٪ ژمارەی بێگانە لەم ھەرێمە پێکدەھێنن. چینیەکانی نێو ئیتاڵیاش کەم نین، لەم ھەرێمە ژمارەی ھاوڵاتییانی چینیش دەگاتە نزیکی ١٠٠ ھەزار کەس لە ھەرێمی لۆمباردیا زۆریەنیان دانیشتووی میلانۆن. ئەم ھەرێمە گەورەی وڵات ئێستا بەدەست ڤایرۆسی کۆرۆناوە پەرێشانە ئیتاڵییەکان، لەم سەری ڕاست بۆ ئەوسەری چەپی وڵات، بە پەرۆشەوەن، ھەواڵێکی خۆشی لۆمباردیا ببیستن. بەڵام ئەم ھەواڵە خۆشە تا ئەمڕۆش نەگەیشتووە پێیان! خەڵکی زۆر پەرۆشەوەن بۆ لۆمباردیا ئامارەکانی تووشبوون و کۆچی دوایش ئازاریان دەدات، ئەتیلۆ فۆنتانای ٦٨ ساڵی سەرۆکی ھەرێمەکەش سات ناساتێ بەدەمامکەوە خۆی دەگەیەنێتە مایکی تەلەفیزیۆن و مێدیاکان و دەڵێ " ھەموو شتێک باش دەبێت". دواین ئاماری ڕۆژی دووشەمە ٢٣ی مانگ ڕوون دەبێتەوە ئەوکەسانەی لە ھەرێمی لۆمباردیای ئیتاڵیا تووش بوونە ژمارەیەکی زۆرن.. واتە سەدا ھەشتای قوربانییەکان بەر ئەم ھەرێمە دەکەوێت. تووشبووان: ژمارەیان (٢٨٧٦١) کەسن ھەروەھا ئەو کەسانەی چاکبوونەتەوە (٦٠٧٥) کەسن. ئاماری مردووانیش لەم ھەرێمە گەیشتووەتە (٣٧٧٦) کەس.
د.كامهران مهنتك خوێندنهوهیهك لهژێر رۆشنایی تیووری بیروباوهڕی شۆكی نۆمی كلاین سهرهتا بهباشی دهزانم كروكی ئهو تیووره بۆ خوێنهران روونبكهمهوه، ئینجا شیكردنهوهكهی خۆم ئهنجام بدهم، (تیووری بیروباوهڕی شۆك و بهرزبوونهوهی سهرمایهداری كارهساتهكان)ی نۆمی كلاین باس لهوه دهكات، كه لهو سێ دهیهكهی دوایی، سهرمایهداری ههوڵدهدات كارهساته سروشتیهكان بقۆزێتهوه، یاخود خۆی كارهسات دروست بكات، بهمهبهستی ترساندن و تۆقاندنی خهڵك له رێگای شۆكی ئهو كارهساتانهوه، بهكارهێنانی ئهو ترس و تۆقاندنه بۆ نههێشتنی هیچ ئیرادهیهك لای مرۆڤهكان و بۆئهوهی به تهواوی تهسلیم به ئیرادهی سهرمایهداری ببن، ئهو كاته ئهویش ئهو گۆڕانكاریانه ئهنجام دهدات، كه پلانی بۆ داناوه. ئهمهش واتای ئهوهی دوای ئهو كارهساتانه سهرمایهداری ههوڵدهدات گۆڕانكاری ریشهیی له كۆی سیستهمهكانی ناو كۆمهڵگاو دهرهوهی كۆمهڵگا دروست بكات، به شێوهیهك باشتر خزمهت به بهرژهوهندیهكانی ئهو بكات. كلاین زۆر نمونه دێنێتهوه، كه ئهو تیوورهی لهسهر پراكتیزه كراوه، لهوانه لێدانی ئێراق. هاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا لهراستیدا هاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا لهكاتێكدا، كه ئهمریكا كهوتۆته دووریانێك، یاخود دهبێت ههڵوێستیكی توند بگرێتهبهرو بهرگری له سیستهمی تاكجهمسهری و باڵادهستی جیهانی خۆی بكات، كه لهلایهن روسیاو چین و هاوپهیمانهكانیانهوه لێی دهكرێت، یاخود دهبێت تهسلیم به ئیرادهی ركابهرهكانی بێت و مل بۆ سیستهمێكی نوێی جیهانی كهچ بكات و دهستبهرداری پێگهی جیهانی خۆی بێت، ههردوو حالهتیش به بێگۆڕانكاری ریشهیی نایهتهدی، ئهمه وا دهكات، كه دڵنیابین لهوهی قۆناغی دوای كۆرۆنا زۆر جیاوازتر دهبێت له قۆناغی بهر له هاتنی!. گومانهكان لهكوێوه سهرچاوه دهگرن هاتنی كۆرۆنا كارهساتێكی سروشتی بێت، یاخود دروستكراو، هیچ لهوه ناگۆڕیت، كه ئهو بابهته ئێستا رۆڵێكی گهوره له سیستهمی جیهانی و له سیاسهتی نێودهوڵهتیدا دهگێڕێت!. ئهگهر به تهنیا شیكردنهوهی بۆ ئهو لێدوانه دژ بهیهكانه بكهین، كه دهربارهی ئهو ڤایرۆسهو چارهسهری ئهو پهتایه دهخرێتهروو، گومانهكان زۆر زیاتر دهبێت. بۆیه له ژێر رۆشنایی تیووری شۆك دهتوانین بڵێین ئێستا ئهو كارهساته له لایهن سهرمایهداری جیهانیهوه بهكاردههێنرێت بۆ هێنائارای گۆڕانكاری ریشهیی لهكۆی كایهكانی ژیان، تا ئێستا ئهو گومانانهو دهرهاویشتهكانی ئهو كاریگهریانه دهتوانین له چهند خاڵێك كورتبكهینهوه: 1-شكستپێكهینانی سیستهمی لیبڕاڵی دیموكراسی رۆژئاوایی، كه بهرلهئێستا وهك نمونهی بهرزی سیستهمی سیاسی سهیر دهكراو لهرێگای میدیاكانهوه وهك باشترین سیستهم ههژمار دهكرا، كه مرۆڤایهتی پێی گهیشتبێت، بههۆی كۆرۆناوه دهبینین ئهو سیستهمه كهوتۆته پهلهقاژێ و ئهو دیوارانهی خۆی له پهنا حهشاردابوو ئێستا له داڕماندایهو وهك ماشێنێكی ماتریالی رووت كهوتۆته بهرچاوان، كه جگه لهسهرمایهو بهرژهوهندی سهرمایهدارهكان چاوی هیچی تر نابینێت، ئهو راستهقینه ههر لهگهڵ لهدایك بوونی ئهو سیستهمهدا له ئارادا بووه، بهڵام لههیچ قۆناغێكی مێژوویدا بهو شێوهیه رووی دهرنهكهتووه!. ئهوروپای پۆتۆپیای سهرزهوی، كه خهڵك له ئاسیاو ئهفریقاو ههموو شوێنێكی دونیا سهرۆییان به ژیان و ماڵی خۆیان دهكرد بۆ ئهوهی پێیبگهن، ئێستا ئاماده نیه رۆڵهكانی خۆی چارهسهر بكات و وهك پاكتاوكردنێكی رهگهزی، ههوڵدهدات لهرێگای مردنی ژمارهیهكی زۆر له مرۆڤه به تهمهنهكان قهیرانی ئابووری خۆی چارهسهر بكات!. دهتوانین بڵێین رۆڵهكانی خۆی داوهته دهست قهزاو قهدهر!. 2- بهرامبهر ئهوه چین وهك زلهێزیكی مهزن كهوتۆته بهرچاو، توانا مرۆیی ئابووریهكانی چین، بۆ نمونه دروستكردنی نهخۆشخانهیهكی 1000 قهرهوێلهیی تهنیا له ماوهی ده رۆژدا پهیامێكی سیاسی ئێجگار گهورهی به دنیا راگهیاند، ئهم پهیامه وایكردووه سهرۆكی ئهمریكا راشكاوانه چین به بوونی ئهو ڤایرۆسه تۆمهتبار بكات و تهنانهت ناوی بنێت ڤایرۆسی چینی، كه دهكرێت له ئایندهدا ئهمه وهك بیانگهیهك بهكاربهێنرێت بۆ فراوانكردنی بهرهكانی رووبهڕووبوونهوه لهگهڵ ئهو وڵاته. 3- كردنی كۆرۆنا به مهسهلهیهكی جیهانی و بهگهڕخستنی میدیا زهبهلاحهكان بۆ خزمهتی ئهو گهوره كردنه، ههمدیس گومانهكان لهسهر بهكارهێنانی ئهو ڤایرۆسه وهك شهڕێكی بایۆلۆژی چڕتر دهكاتهوه، بهتایبهتیش ئهگهر بینیمان لهپاڵ ئهو گهوره كردنه كۆمهڵێك كرداری تر بهڕێوه دهچێت، كه سهرنجی خهڵكی لهسهر لادراوه، وهكو شهڕی بازرگانی، شهڕی نهوت، شهڕی ئهلیكترۆنی، شهڕی ئابووری، شهڕی سۆفت پاوهر..هتد، ئهمانه گومانهكه بههێزتر دهكهن. 4- له ههموو ئهمانه گوماناوی تر، لهپهنای گهورهكردنی مهسهلهی كۆرۆنا خهریكه ئاڵوگۆڕ بههێزهكان دهكرێت، وهك ئهوهی بیانهوێت گۆڕهپانی شهڕی ئاینده ئاماده بكهن، بۆ نمونه لهو ماوهیه ئهمریكا بههێزترین هێزهكانی مارێنزی خۆی، كه ناسراون به ههڵۆ تۆقینهرهكان گواستهوه بۆ ئێراق، ههواڵی ئهوهش ههیه، كه بهههزاران سهربازی ئهمریكی بهرهو ئهوروپا جوڵاوه، كه ئهمه مهترسیهكی راستهوخۆ لهسهر روسیا دروست دهكات!. ئێران كهوتۆته داوی نهخۆشی و واسڕو لاوازتر دهكرێت، كه هاوپهیمانێكی ستراتیژی و جیۆپۆلهتیكی روسیاو چینه، شهڕهكان لهئێراق لهنێوان لایهنگرانی ئێران هێزهكانی هاوپهیمانان و هاوپهیمانهكانیان چڕتر بۆتهوه، كۆریای باكوور لهو كاتهدا رۆكێتی بالیستی تاقیدهكاتهوه، بهریتانیا سهربازی یهدهگ بانگ دهكات بۆ ئهوهی رووبهڕووی كۆرۆنا ببێتهوه، ئهڵمانیاو فهرهنسا هێزهكانیان خستۆته ئامادهباشیهوه!. ئهو ههموو گۆڕانكاریانه گومانی ئهوهمان لا زیاتر دروست دهكهن، كه مهسهلهی كارهساتی ڤایرۆسی كۆرۆنا كارهساتێكی دروستكراوبێت له لایهن سهرمایهداری جیهانیهوه، بهمهبهستی هینانهدی گۆڕانكاری گهوره، كه یهكێك لهئهگهرهكانیش ئهوهیه به پێچهوانهی بهرژهوهندیهكانی خودی رۆژئاوا خۆی بشكێتهوه، چونكه ههموو جارێك ئاڕاستهی باكان بهمگێزی كهشتیهوانهكان نابێت
بەشدار عوسمان بەڕاستی ڕووی دەوێ،٣٠ ساڵ داهاتی کۆمەڵگایەکی تەژی لە سامانی سروشتی و مرۆیت لەژێر دەستا بێ و دوایی کەمتر لە ٣٠ حاڵەتی نەخۆشی هاوارت لێهەڵسێ و بڵێی ( توانا سنووردارە !) بەجدی شەهامەتی دەوێ، ٣٠ ساڵە لەخاکی دەوڵەمەند بە ئاڵتونی رەش حکومڕان بوبیت و دوایی ١٠ رۆژ لەوەستانی بەشێک لەداهاتەکەی، بێیە سەر شاشە و بڵێی( داهات سفرە !) کێ سنوورداریکرد ؟ بۆ سفرە ؟! ئێوە سەرداری ئەو وڵاتە بوون بۆیە سنووردار بوو، هێندە لەخەمی چاودێریکردنی دەمی گەنجان و رۆژنامەنووسان بوون رەخنەیەکتان لێنەگرن،هێندە بیرتان بۆ ئەوە نەچوو چاودێری رەوشی نەخۆشخانەکان بکەن، هێندە لێپرسینەوەتان لە کەسانی ناڕازی بەو سیستەمە فاسیدە کرد، فریای ئەوە نەکەوتن لێپرسینەوە لەچوار دکتۆر بکەن و چاوپۆشی لەهەڵە و کەموکوڕییەکانیان نەکەن، هێندە لەخەمی رێکخستنی شانە و تۆڕەکانی جاسوسی بوون لەنێو ئەحزاب و میدیا و ماڵەکان، هێندە خەیاڵتان بۆ ئەوە نەچوو تۆڕێکی تەندورستی هاوچەرخ دورست بکەن، هێندە بێ شەرمانە خەریکی کڕینی خەڵک و بێدەنگردنیان بوون، بەوە رانەگەیشتن چوار ئامێری پێشکەوتووی پزیشکی بکڕن، هێندە ناشیرنانە زانکۆکانتان پڕکرد لەکادیری نەخوێندەواری حزبی، بیرتان بۆ ئەوە نەچوو سەد پسپۆڕ و کادیری لێکۆڵینەوە و توێژینەوە پێبگەیەنن بۆ رۆژێکی وەکو ئەمڕۆ، هێندە بێ باکانە ئەو کۆمەڵگایەتان کرد بە زیندانێکی گەورە، سوپایەک لە کەسانی بەتوانا و پسپۆڕ و شارەزا هەڵاتن و لەوڵاتیکیتر گیرسانەوە . دەکرا توانای رووبەڕووبونەوەکان سەد هێندە زیاتر بوایە، دۆشدامان و تەسلیم بوون هەڵبژاردنی یەکەم نەبێت،ئەگەر کەرتی تەندورستی گشتیتان نەسپاردایە بە چەند بەرپرسێکی بازرگانی دەرمان و نەخۆشخانەی تایبەت، ئەگەر لەو داهاتە بێ شومارەی ئەو کۆمەڵگایە برایە دەرەوە ،دەیان نەخۆشخانەتان دوورست بکردایە . دەزانن ئەو کۆمەڵگایە بۆ بێ ئیرادە بوو؟ تاکەکان بۆ وورد و خاش بوون؟ نەفسیەت و هێزی بەرەنگاری بۆ وا وێران بوو؟ چونکە لە قوتابخانە و شەقام و زانکۆ و میدیا کارتان لەسەر یەخسیرکردن و بێ ئیرادەکردنیان کرد. دەزانن بۆ خەڵک ناچێتەوە ماڵەوە رووبەڕووی ڤایرۆسەکان دەچێت،چونکە ماڵەکەی هێندە هەڵپڕوکاوە بەرگەی هەفتەیەک بێ ئیشی و کاسبی ناگرێت . ئەمرۆش نەبێت،بەڵام دڵنیام رۆژێک دێ لەوە تێبگەن خوێنی ئەو گەنجانەی لەسەر شەقام دژی نەبوونی و نەداری ڕژا، خوێنیکی چەندە ئاڵ بوون. هاواری ئەو نووسەر و رۆژنامەنووسانەی بەرەو رووی ئەو جیاوازییە بەرز بوویەوە،هاوارێکی چەندە پیرۆز بوو،بەداخەوە بە گوڵڵەی ناو دەم وەڵامیان وەرگرتەوە . بێ متمانەیتان لەوە تێپەڕیکردووە خەڵک بە لاوکەکانتان گریانی بێ،بچن داهاتی چەندین ساڵەی کەلەکەبووی ژێرزەمین و بانقەکانی ئەوروپا بهێننەوە، لەتوانادایە ئەو پەتا و نەخۆشی و کارەساتانە بەزیانی زۆر کەمتر بەسەر خەڵکدا تەواو بێت .
ئاسۆ حاجی دەڵێن ژنەك منداڵەكی بردە لای مەهاتما گاندی و گوتی منداڵەكەم زۆر شەكر دەخوا،ئامۆژگاری بكە تا واز لەو خوە خراپە بهێنی،گاندی بە ژنەكەی گوت هەفتەیەكی دیكە وەرەوە،دوای هەفتەیەك ژنەكە چۆوە لای گاندی و ئەویش دەستی بە ئامۆژگاری منداڵەكە كرد و باسی زیانەكانی شەكر خواردنی بۆ كرد،كە تەواو بوو ژنەكە بە گاندی گوت بەڕێزم گە گوتت هەفتەیەكی دیكە منداڵەكەت بێنەوە وامزانی دەرمانێكی تایبەتی بۆ ئامادە دەكەی،خۆ دەكرا هەفتەی پێشوو ئەو ئامۆژگاریانەی كوڕەكەم بكەی و ئەو رێیە درێژە نەدەیەوە بەرە من و ئەو مەسروفەم پێ نەكەی،گاندی بە ئافرەتەكەی گوت بمبورە بەڵام هەفتەی رابردوو من بەخۆم شەكرم دەخوارد بۆیە ئەگەر بە كوڕەكەتم بگوتبا شەكر مەخۆ و خراپە ئەوە درۆم لەگەڵ خۆم و ئێوەش دەكرد،بەڵام لەو كاتەوە بڕیارم دا شەكر تەرك بكەم بۆ ئەوەی بە راستگۆیی زیانەكانی شەكر بە كوڕەكەت بڵێم و ئەویش پێم بڕوا بكات. دیمەنەكانی چەند رۆژەی قەدەغەكردنی هاتوچۆ و هەڵسوكەوتی كاربەدەست و بەرپرسانی هەرێمی كوردستان ئەو بەسەرهاتەی گاندی وەبیرهێنامەوە،دیمەنی ئاگركردنەوەی نەورۆز لەلایەن گەلە بەرپرسەوە و دیمەنی سەیرانی دوای دوازدەی شەوی خەڵك و رێ بەبەرنەكەووتن،جارێكی دیكە ئەو راستەقینەیەی سەلماندەوە كە خەڵك تا هەست بە راستگۆیی و دڵسۆزی دەسەڵاتداران نەكات باوەڕیان پێ ناكات،دەسەڵاتدارانیش ئەگەر بیانەوێ بریار و راسپاردە و رێنماییەكانیان لەلایەن خەڵكەوە پەسند بن و جێبەجێ بكرێن دەبی یەكەمجار خۆیان رێز لە خۆیان بڕیارەكانیان بگرن. كە پارێزگارەكان و وەزیرەكان و ئەوەی هەندوكەك قسەی دەڕوا تەواو پێچەوانەی رێنماییەكان هەلسوكەوت بكا چۆن دەتوانی وا لە خەڵك بكا كە دۆخەكە ترسناكە و هەڕەشەی ڤایرۆسی كڕۆنا جدیە و نابێ لە رێنماییەكان لابدەین. ئێستا باجی دەركەوتن لە ماڵ و سوڕانەوە لە ناو شار وەك ئیمتیازەك مامەڵەی لەگەڵ دەكرێ و هەرچی بەرپرسی سەربازی و سیاسی و ئیداری هەیە بە منداڵەوە ئەو باجەیان بۆ دروست كراوە و لە رێگای سێلفی و سناپەوە دەسەڵات و قسە رۆیشتنی خۆیان نیشانی خەڵك دەدەن،بە دڵی خۆیان ئەو سەر و ئەمسەری شار دەكەن. ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوو لە مامەڵەكردنی هاوڵاتیان لەگەڵ قەدەغەی هاتوچۆ كردیان رێك هەمان كاردانەوە بووە كە بەرپرسان لە بەرامبەر بڕیارەكە هەیان بووە.
مەجید ساڵح جەلالی و مەلایی، وەک دوو نەهجی کارکردن نەک وەک فکر و ئەندێشە، لە ژێر ناوی دیکەدا رەگوریشەیان دەگەڕێتەوە بو سەردەمی ئەمیرنشینەکانی کورد لە سەدەکانی ناوەڕاست بەدواوە، بەڵام لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی رابردوودا لە بەرگێکی بە روواڵەت ئایدۆلۆژیدا خۆیان بەیان کردەوە، بەبێ ئەوەی نەهجی کارکرنیان کە هەر هەمان نەهجی ئەمیرەکانی کورد کە بریتی بوو لە یەکتر کوشتن و ئیقسا کردن و پەنابردن بۆ بێگانە و ناوناتۆرە لەیەک نان بگۆڕن... ئەم نەهجە لە کارکردن، بە درێژایی شەست ساڵی رابردوو زیانێکی بەشەری و مادی و سیاسی و ئابوری و لەسەرووی هەمویشیەوە لێکترزانێکی گەوەرە کۆمەڵایەتی نەک هەر ئەم بەشەی کوردستان، بەڵکو بەشەکانی دیکەی کوردستانیش داوە.. خودی مام جەلال زۆر بەرپرسیارانە لە چەندین بۆنەو وتاردا باسی لەو زیانانە کردوە.. هەردوو حزب، ئەگەرچی موشتەرەکاتی سیاسی و ئابوری و تەنانەت فکری و کۆمەڵایەتیشیان هەبووە و هەیە، بەڵام موبادەرە و هەوڵەکانی مام جەلالی لێ دەرچێت، زۆر بەدەگمەن کاریان کردوە بۆ لەبیرکردنی رابردووی خوێناویان و هەڵدانەوەی لاپەڕەیکی سپی.. بگرە لە رێگەی ئەدەبیات و میدیا و کۆڕ و کۆبوونەوەکانیانەوە دایم برینەکانیان کولاندوەتەوە و ناهێڵن سارێژ ببێت.. ئەوەی جێگەی داخە ئەم کارکردن و بیرکرنەوە نەوە بە نەوە دەگوازرێتەوە و کۆمەڵگای کوردیان بەشێوەیەکی زەق لە نێوان خۆیاندا دابەش و پارچەپارچە کردوە و هەر نزیک بوونەوەیک لە نێوانیاندا دروست ببێت جەماوەرەکەی خۆیان بە خیانەتی دەزانن و رویان لێ وەر دەگێڕن و ناچار بە لێکترازانیان دەکەنەوە... ئەوانەی پەروەردەی جەلالیزمن، نزیک بوونەوەی نەک هەر سەرکردە و حزبەکەی خۆیان لە پارتی بە خیانەت لە قەڵەم دەدەن، بەڵکۆ رێگە بە خۆیان دەدەن مۆری خیانەت بدەن لە هەر حزب و سەرکردەیەکی دیکەش لە کە گەڵ پارتیدا دانیشتن و رێکەوتن بکات. لەولاشەوە مەلاییەکان (پارتی)، پێیان وایە هەر سازش و دانوساندنێک لە گەڵ جەلالییەکان (یەکێتی) و هاوشێوەکانیان، یان هەر نزیک بوونەوەیکی لایەنەکانی دیکە لە یەکتر دەبێتە لاوازبوونی پارتی و خیانەتیشە لە رێبازی بارزانی. رۆژ لە دوای رۆژ ئەم بیرکرنەوەیە زیاتر دەچەسپێ، بەەتایبەت دوای ئەوەی هەردوولا بوون بە خاوەنی دەیان کەناڵی میدیایی و هەزاران پەیج و ئەکاونت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، لە ئێستاتدا لە جەنگێکی میدیاییدا هەردولا بە هەموو هێزێکیانەوە ئیش لەسەر سڕینەوەی یەکتری و نەهێشتنی خاڵە هاوبەشەکان دەکەن.. لەولاشەوە موخابەراتی وڵاتانی نەیار بە کورد و کوردستان، دەستەوەستان دانەنیشتوون و لە قوڵکرنەوەی ناکۆکییەکاندا رۆڵی ئەسپەکەی تروادە دەبینن.. دوای ئەوەی جڵەوی دەسەڵات لە هەردوو حزبدا بە تەواوی کەوتوەتە دەستی کەسانێک کە کەمتر پێشینەی شەڕی براکوژیان هەیە، ئومید دەکرا کۆتایی بەم ئەقڵیەتی یەکتر سڕینەوەیە بهێنرێت، بەلام هەواڵە بە پەلەکانی کەناڵەکانیان پێمان دەڵێن لەوە ناچێ ئەوانە دەرسیان لە ناسۆر و نەهامەتیەکانی شەڕی یەکتر کوشتن بینیبێت.. کۆمەڵگایی ئیمە شەکەت و ماندوو بووە لە شەڕ بە هەموو جۆرەکانیەوە، ٢٩ ساڵ تەحەمولی گەندەڵی و دزینی سەروەت و سامان و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی هەردوولای کردوە... ئیتر بەسیەتی... ئەم چاو لەیەکتر سورکرنەوە و کۆمەڵگا لە دڵەراوییەدا هێشتنەوەیە، تاکو کەی؟! کەی رەوایە لەبەر حیمایەیەکی داماوی بێکەسی وەزیرێک کە خیری بو خانەخوێکەی خۆی نەبووە، هەرەشەی هەڵگیرسانی شەڕ لەیەکتری بکەن.. چاوێک لە سەرکردە گەنجەکانی وڵاتی (رەوەندا) بکەن لە ئەفریقا، چۆن دوای شەڕێکی خویناوی، رابردویان لە گۆڕ نا و پێکەوە وڵاتەکەیان کردوەتە پێشکەوتوترین وڵاتی ئەفریقایی و لەسەر ئاستی جیهانیش دەیەمین ئابوری گەشە سەندوو.. بەسیەتی تاکەی لە بەکوشتدان و برسی کردن و هەژارکردنی خەڵک ماندوو نابن؟؟!!
سەردار عەزیز چەند دەیەی ڕابوردوو، دەگمەن بوو لە مێژوی مرۆڤایەتیدا، چونکە ململانێی زلهێزەکانی تیادا نەبوو. بەڵام وەها دیارە ئەو ڕۆژگارانە کۆتاییان هات و ئێمە پێ-ئەنێینەوە سەردەمی ململانێی زلهێزەکانەوە. ئەمە لە مێژوی مرۆڤایەتیدا دۆخێکی ئاسایی بوە. دۆخی نائاسایی سی ساڵی ڕابوردوو بوو، کە تیایدا ئەمریکا باڵا دەست بوو وەک تەنها زلهێز لە دونیادا و ململانێی زلهێزەکان بونی نەبوو. لە سەردەمی نوێی فرە زلهیزیدا چیدی شەڕەکان وەک جاران نیە. ئێستا ئامراز و بواری جەنگ زۆر جیاواز و گۆڕاوە. لە سەردەمی جەنگدا هەموو ڕوداوێک بەکاردەهێنرێت بۆ لێدانی یەکتر. کورد دەبێت لە هەموو کەسێک زیاتر بەمە ئاشنا بێت چونکە لە ئاستی ناوخۆی کوردستاندا، لە نەوەدەکانەوە ئێمە لەم دۆخەدا دەژین، هەموو شتێک خێرا دەگۆڕێت بۆ ململانێی نێوان دوو زلهێزەکەی کوردستانی باشور. کۆرۆنا ڕەنگە یەکەم ڕوداوی سەدەی بیست و یەک بێت کە بە ئاستێکی زۆر بەرز لە نێوان ئەمریکا و چیندا بەکاردەهێنرێت وەک ئامرازی جەنگ. کۆرۆنا وەک ڤایرۆسێک بەرهەمی ململانێی نێوان چین و ئەمریکا نیە، ئەمە لە میانەی فرەیمی ململانێی زلهێزەکاندا بەرهەم دەهێنرێتەوە. کورد و کۆمەڵگانی تر خێرا دەبنە قوربانی ئەم دۆخە چونکە دەمێکە پەتای تیورەی پیلانگێڕی تیایاندا ڕەگی داکوتاوە. تیورەی پیلانگێڕی لە هەموو خەسڵەتێکدا لە ئاین دەچێت. بەڵام بە چڕی لە لایەن خەڵکانی سەر بە بەرەی چەپ بانگەشەی بۆ دەکرێت. بە گشتی پیلانگێڕی لەلایەن خەڵکانی پەڕگیر و توندڕەوەوە وەک ئامرازێکی سەرەکی بەکاردەبرێت بۆ ئاسانکردنەوەی دونیا و شیکردنەوەی ڕوداوە ئاڵۆزەکان. ئێستا لە کوردستان لە بومەلەرزەوە هەتا ڤایرۆس و هەڵبەز و دابەزی نرخی نەوت هەمووی پیلانە. بۆچی چین و ئەمریکا ئەم جەنگە دەکەن؟ هەمیشە پاڵنەرەکانی هەر کارێک زیاترە لە یەک هۆکار. بۆیە بە کورتی چەند هۆکارێک ئاماژە پێئەدەم، لەو کتێبەی لە سەر چین دەینوسم زیاتر دەچمە تان و پۆی ئەم هۆکارانەوەوە. یەکەم، ترەمپ کاتێک دەنگدەرانی دەدوێنێت ئەوا تاوانبارکردن و ناشیرینکردنی چین کارێکی قبوڵکراو و باشە، چونکە دەنگدەری ترەمپ وەک دوژمن تەماشای چین دەکەن. وەهای دەیبینن کە بەرپرسە لە بردنی هەموو کارەکانیان. دووەم، ئەمریکا لە نەوەدەکانەوە تاوتوێی کۆمەڵێک پرس دەکات لەوانە: ئایا چین بەرەو دیموکراسی دەچێت؟ ئایا چین شارستانی دەبێت یان دەبێت بە شارستانیەتێکی تایبەت بە خۆی؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە هەمیشە ئاڵۆزبوە و چەندین دید و تیورەی جیاواز هەیە لە بارەیانەوە. بەڵام لە ماوەی چەند ساڵی ڕابوردودا نوخبەی سیاسی ئەمریکی بەرەو ئەوە دەڕوات کە چیدی بڕوا بەوە نەکات کە چین بەرەو دیموکراسی دەچێت. ئەمەش مانای ئەوەیە کە جەنگ لە نێوان چین و ئەمریکادا حەتمیە. چین خۆی لە هیچ هێندەی ئازادی و دیموکراسی ناترسێت. ئەمە پێویستی بە تێگەیشتنی مێژویی و فیکری چینە، لە کتێبەکەماندا ئەمە ئەکەین. بۆیە جێگای سەرسوڕمان نیە کە جەنگ لە پڕوپاگەندە و ئیمیج و پی ئاڕەوە دەست پێبکات. سێیەم، چین دەیەوێت ببێتە هێزێكی جیهانی. بۆ ئەوەی ئەمە بە ئاسانی روبدات چین پێویستی بە وێنایەکی جوانە لە دونیادا. ئەمە خەمی گەورەی چینە. کاتێک ئەمریکا بە کۆرۆنا دەڵێت ڤایرۆسی چینی، ئەوا چین وەک ناشیرینکردن و جەنگی دەبینێت. بۆیە لە پەرچەکرداردا چین دەیەوێت ڤایرۆسەکە بخاتە ملی ئەمریکا. ئەمە پروپاگەندەی جەنگە بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک ڕاستی و پیلانگێڕی دەبینرێت. چوارهەم، ئەم جەنگی نێوان دوو زلهێزە ئاراستەی خەڵکانی تر دەکرێت، چونکە هەردوولا لە هەوڵی ئەوەدان کە وێنای یەکتر ناشیرین بکەن لای ئەوانی تر. لە پێناو ئەمەدا، بە تایبەتی لەم سەردەمەدا دەزگای زۆر و ئامرازی زۆر بەکار دەبەن. بە تایبەتی ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین بە هۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییە مەجازییەکانەوە، زۆرترین خەڵكی گۆی زەوی دەتوانرێت زانیاری و پڕوپاگەندەی پێبگەیەنرێت. فەیسبوک بەهەشتی تیورەی پیلانگێڕی و شەڕی پروپاگەندەیە، چونکە دەگاتە زۆرترین خەڵک و زۆرینەی خەڵك بە ئاگانیە لە پارادایمی ململانێی زلهیزەکان و بە دوای تەفسیری سادەی ڕوداوەکاندا دەگەڕێت. ئەم سەدەیە پڕ دەبێت لەم جۆرە شەڕانە. ئێمە پێویستمان بە ڕۆشنبیری خوێندەوارە بزانێت ئەم جەنگانە لە چ چوارچێوەیەکدا دەسازێن و ئامانجیان چیە و ئاراستەی کێ دەکرێن، ئەگینا زوو زوو دەبینە قوربانی. بەڵام ڕۆشنبیری خوێندەوار دیاردەیەکی دەگمەنە. هەروەها زمانی دەربڕین و پەیوەندی ئێمە هێشتا هێندە ئاینی و سادە و قیامەتی و پیلانگێڕییە، ئاسان نیە زانستیانە پێی بدوێیت. بە دڵنیاییەوە ئێمە تۆپی شەقشەقێنی زلهێزەکان دەبین لە سەدەی بیست و یەکدا. بە خێربێن بۆ تۆپتۆپێن تا تۆپین.
رێبین هەردی ڕەنگە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هیچ شتێک هێندەی کۆڤیدی ١٩ کاریگەری کوشەندەی لەسەر جیهان بەجێ نەهێشتبێت. مەسەلە تەنیا ژمارەی کوژراو و نەخۆشەکانی و بەربڵاوی نیە، مەسەلە تەنیاش ئەو قەیرانە ئابوریانە نیە کە دروستیکردووە و دەیکات و دەشێت دونیا و خەڵکی دوچاری کێشەی گەوەرە بکات، بەڵکو ئەو دەرئەنجامانەی دروستی دەکات دەشێت هاوچەشنی جەنگە جیهانیەکان کۆی عەقڵی سیاسی دنیا بگۆڕێت و دەستکاری زۆر شت بکات. لە ئێستاوە دوو ئاراستە دەرکەوتوون: یەکێکیان دژ بە جیهانگیری و ئەوی تریان بە پێچەوانەوە.ئاراستەکانی دژ بە جیهانگیری بڵاوبونەوەی ئەم نەخۆشیە دەگێرنەوە بۆ یەکێک لە دەرئەنجامەکانی جیهانگیری و کەوتنی سەروەرری نیشتیمانی و چارەسەریش بە گەرانەوە دەزانن بۆ ئەم سەروەریەوە و سنوردارکردنی سنوری نیشتیمان و توندوتوڵ کردنی دەوڵەتی نەتەوەیی. ئەم بۆچونە پێی وایە جیهانگیری ئابوری ئەو شتەیە کە دوای کۆرۆنا کۆتای پێ دێنێت و ئابوری نیشتیمانی جێگەی دەگرێتەوە. بێگومان دۆخی باڵادەستی دەوڵەت لە کێشەی کۆڤیدی ١٩ دا زۆرتر دەردەکەوێت. خێرای وەڵامدانەوەی دەوڵەتە داخراوەکان بۆ چارەسەری ئەم نەخۆشیە و خاوی و تاڕادەیەک لە دەست دەرچوونی کۆنترۆڵی نەخۆشیەکە لە دەوڵەتە دیموکراتیەکاندا گومانێکی زۆری لە دەوری کارایی ئەمجۆرە سیستەمە دروستکردووە. هەندێک تا ئەو رادەیە دەرۆن و دەڵێن دنیای دوای کۆڤیدی ١٩، دنیای کەوتنی ئەمەریکایە وەک بەهێزترین دەوڵەتی دنیا و جێگرتنەوەیەتی بە دەوڵەتی چین. چین لە دوای کۆڤیدی ١٩ جێگەی ئەمەریكا دەگرێتەوە. کۆڤیدی ١٩ خەڵک و قەناعەتەکانیشی گۆڕی. کەسانێکی زۆر کە بەردەوام دژی گەورەبوونی دەسەڵاتی دەوڵەت بوون و بەرگریان لە ئازادی زیاتر بۆ کۆمەڵگای مەدەنی دەکرد، لە ڕووداوی کۆڤیدی ١٩دا نەک داوای باڵادەستی دەوڵەت، بگرە داوای سوپاو لەشکر و هێزە ئەمنیەکان دەکەن بۆ ئەوەی خەڵکی بە زۆر لەماڵەکانیان زیندانی و قەرەنتینە بکەن. داوای ڕاگرتنی هاتوچۆ و بەکارهێنانی سوپا و لەشکر دەکەن بۆ ئەوەی هیچ سازشێک بەرامبەر هیچ پێشێلکاریەک نیشان نەدات. خەڵکانێکی زۆر کە تاماوەیەکی زۆر هەستیاریان بە بوونی ئەم هێزانە هەبوو، هەنوکە زیاتر لەجاران داواوی دەور و دەسەڵاتی بۆ دەکەن. ئەم دۆخە لەدوای نەخۆشیەکەشەوە بەردووام دەبێت و دەولەت دەوری ناوەندێتی خۆی و دەزگا ئەمنیەکانیش دەستێوەردانی خۆیان لە ژیانی خەلکیدا درێژە پێدەدەن. بەڵام ئاراستەی دووهەم پێی وایە کە بڵاوبونەوەی ئەم نەخۆشیە چ پەیوەندی بە جیهانگیریەوە نیە و بە دوریشی دەزانن دنیا بتوانێت بگەڕێتەوە بۆ سنورەکانی ناو دەوڵەتی نەتەوەیی. بەڵگەی بەهێزی ئەم ئاراستەیەش ئەوەیە کە بێ بووی جیهانگیریش مێژووی مرۆڤایەتی پڕە لەو دەرد و نەخۆشیانەی کە هەمو جیهانیان گرتۆتەوە بە بێ ئەوەی جیهانگیریش هەبووبێ. نمونەش بەو تاعونە مێژوویە دەهێننەوە کە لە ساڵی ١٣٤٧دا سەرتاسەری دنیای گرتەوە و دەگوترێت نزیك لەسەدا شەستی ئەوروپای لەناو بردووە. ئەم ڕەهەندە پێی وایە کۆڤیدی ١٩ دنیا دەگۆرێت بەڵام نەک بە ئاراستەی گەڕانەوە بۆ ناو دەوڵەتی نیشتیمانی، بەڵکو بە پێچەوانەوە دەبێتە هۆی لەناوبردنی پاشماوەکانی عەقڵەیەتی دەوڵەتی نەیەوەیی. ئەوەی لەناودەچێت عەقڵیەتی دەوڵەتی نەتەوەیی و سەروەری نیشتیمانیە کە پێیی وایە هەموو دەوڵەتێک تەنیا بەرپرسیارە لە ژیان و ڕێکخستنی دنیای ناو سنوورەکانی خۆی. ئەوەی لە دوای کۆڤیدی ١٩ لەناو دەچێت هەموو ئەو پاشماوانەی عەقلیەتی دەوڵەت نەتەوەیە کە پێیی وایە سنوری سیاسی دەوڵەت ئەو سنوورەیە کە دەبێت بەرپرسیارانی وڵات خۆیان لەبەردەمیدا بەبەرپرسیار بزانن. لە دوای کۆڤیدی ١٩ نەک جیهانگیری ئابوری کۆتای نایەت، بەڵکو جیهانگیریەکی سیاسی دروستدەکات کە وادەکات هەموان لەبەردەم هەموو دنیادا هەست بە بەپرسیاری بکەن. دنیای دوای کۆڤیدی ١٩ بەر ئەو ڕاستیە دەکەوێت کە نەخۆش کەوتنی کەسێک لە دوردەست ترین شوێنی دنیا،شتێک نیە دوور بێت لەو کەسانەی لە جوگرافیای و دەوڵەت و ناوچەی تردا دەژین، بەڵکو نەخۆش کەوتنی یەک کەس واتە ئەگەری توشبوون و نەخۆش کەووتنی هەموو دنیا. کۆڤیدی١٩ لە خەوهەڵسانی ئەو دەوڵەتە نەتەوەییانەیە کە تەنیا خۆیان بە بەرپرس لەبەردەم خەڵکی خۆیاندا دەزانن و هیچ گرنگی و گوێیەک بە شوێنەکانی دی نادەن و بگرە هیچ لاریشیان نیە ئەو هەنگاو و بڕیارانە بدەن کە کاریگەریەکی خراپ یان نگەتیڤی لەسەر شوێنەکانی تری دنیا دەبێت. کۆڤیدی ١٩ بەهەموان دەڵێت چیدی ڕێگەیەک بۆ فەرامۆشکردنی هیچ شوێنێکی دنیا نیە و ئەوەی وابزانێت ئەوەی لە دنیای دووردەستی ڕوودەدات، پەیوەندی بەوەوە نیە، بە هەڵەیەکی گەورەدا ئەچێت. ئەو زیانەی بە شوێنێکی دوردەست دەگات، دواجار دەگەرێتەوە بۆ ناو سنووری ئەو دەوڵەتە نەتەوەییەی وای دەزانی کاریگەری لە سنووری دەسەلاتی ئەو ناکات. تەنانەت ڕوبەڕووبونەوەی نەخۆشیەکەش ئەوەی زیاتر سەلماند کە دنیا هەمووی پێویستی بەیەکە، پێویستی بە ئاڵوگوڕی ئەزمون و وتوێژ و تەکنیکەکانی ڕوبەڕبونەوەی نەخۆشیەکەیە. بە کورتی کۆڤیدی ١٩ دوا زەربە لە پاشماوەکەنی سەروەری نیشتیمانی و سیاستی دەوڵەت نەتەوەیی ددەات و جیهانگیری ئابوری ئەگوڕێت بۆ جیهانگیریەکی سیاسی سەرتاسەری. بێگومان ئەم تابلۆیە وەک کابوسێک وایە بۆ ئەو سیایسیە کۆنزەرڤاتیڤ و چاوچنۆکانەی بەس بەرپێی خۆیان دەبینن(هاوشێوەی ترامپ و لێکچووەکانی). ئەمجۆرە سیاسیانە ئەم دۆخە ئەقۆزنەوە بۆ ئەوەی پێداگری لە توندکردنی سنوورەکانی خۆیان بکەن و زیاتر خۆیان لە دنیادابڕن. چاوەرێش دەکرێت تەوژمێکی تری راسیسزم بەرێوە بێت کە ئەم سیاسیانە دەبنە تەشەنەکردنی. بەلام ئەوەی راستیە هیچ یەک لەم شتانە رێگەی راستەقینەی کۆتایهاتنی قەیرانی کۆڤیدی ١٩ و نەخۆشیەکانی دی نیە، بەڵکو تاکە رێگە سەیرکردنی دنیایە وەک گەردونێک کە هەموو تیایدا بەرامبەر هەموو بەشێکی بەرپرسیارین. مەسەلە تەنیا نەخۆشی تەندروستی نیە، بەلکو هەموو جۆرە نەخۆشیەکانی تر چ سیاسی و چ ئابوری وەک کۆڤیدی ١٩ کەمتازۆر کاریگەری لەهەموو جیهان دەکات. دنیای دوای کۆڤیدی ١٩ دنیایەکە کە دەبێت لە خەونی خۆشی ئەوە خەبەری بێتەوە کە ئەوەی لە دوردەست ڕوودەدات، هیچ پەیوەندی بەوەوە نیە. لەبەرئەوەش ئەوەی دەبێ روبدات، نەک پتەوبوونی دەوڵەتی نەتەوەیی و گەڕانەوە نیە بۆسەروەری نیشتیمانی، بەڵکو کۆتای پێهاتنێتی بۆ عەقڵیەتێکی گەردوونی کە بەرپرسانە تەماشای هەوو ڕووداو و بەسەرهاتەکانی دنیا دەکات
لهتیف فاتیح فهرهج رێك لهو كاتهدا كه چین دوعا خوازی له پهتای كۆرۆنا دهكات ، ئهوروپاو ئێران و تهواوی وڵاتانی دیكهی دنیا دهكهونه بهردهم ههڕهشهی گهورهوه ، چین سهركهوت ئهگهر به كاتیش بێت ، بهڵام ڤایرۆسهكه گهیشته ههموو دنیا ، ئاخۆ ئهمه چیه ههر بهڕاستی ڤایرۆسهو دهرگای ماڵهكان دهشكێنێ یان شتی تر ، ئاخۆ ئێستا ئهو ڤینسیایهی چهند ساڵ لهمهوبهر سهیری جادوهكهیم دهكرد دۆخی چۆن بێت ، ههر بهڕاستی ئهم ڤایرۆسه به رێكهوت یان به ئهنقهست ترازا ، وهك ئهوهی باس له ههموو ئهگهرێك دهكرێت و كهس نیه ههقیقهتی تهواو بدۆزێتهوه . تۆ بڵێی له ههڵهیهكی تاقیگهیهكی زانستیهوه كوڕێك یان كچێك توش نهبووبێت و ئهوانیش خانهوادهكانیان و ، دواتر گهڕهك و شارو له كۆتایدا دنیا ، ئێستا چۆن دڵنیابین ههموومان ههڵگری ڤایرۆسهكه نین ، یان كێ دهڵێت به ئهنقهست و به ههمان سیناریۆ نهگوازراوهتهوه ، بێ ئهوهی ههڵگرهكه پێی زانیبێت ، شهوی رابردوو به بهر بارانهكهدا رێمدهكردو بیرم له دهسته پاچهیی زانستی پزیشكی و تهواوی مرۆڤایهتی دهكردهوه ، ئهی ئێمه بڕیار نهبوو زهوی و ئاسمان و سروشت رامبكهین ، یان هێشتا له بهردهم توڕهی ئاسمان و زهوی و سروشتا هیچ نین . له سهردهمێكا كه یهك ئیبن سینا ههبوو ، خهمخواردن له مرۆڤایهتی زیاتر بوو تا ئێستا كه به ملیۆنهها دكتۆرو زانا ههیه ، قسه لهسهر ئهوهیه چۆن دهكرێت ههموو پێكهوه شۆك بین ، ئهمه چیه بێ ئهوهی ڤاكسینهكهی بدۆزرێتهوه رۆژانه دهیان ههزار كهس توش بن و تا ئێستاش نزیكهی 100ههزار چاكبووبێتهوه، ئایه چله كێشی و كارهنتینه چارهسهرن ، یان خۆ شاردنهوهو دهسته پاچهیی . ئاخۆ دوای كۆرۆنا مرۆڤایهتی لهو رووكهشی بوونه دهربازی دهبێت و جارێكی تر رامانهكانمان بۆ شتهكان دهگۆڕێن ، یان وهك پێشتر گرهو له سهر مهرگ و ههترهشبردنی یهكتر دهكهین ، سهرزهمین به هاوبهشی و له ههموو كوچهیهكی دنیاوه نزیكهی پازده ههزار لاشهی خسته گۆڕهوه هێشتا دهڵێن ههفتهی داهاتوو مهترسیدارتره ، ئهو كام ههفتهیه دێت و مهترسی كۆرۆنای له گهڵدا نیه ، ئیبن سینایهكیش مرۆڤایهتی لهم بارو دۆخه رزگار دهكات ؟.
پەیكار عوسمان - جوانیی و جەژنیی نەورۆز، لە حیکایەتەکەی کاوەو زوحاكدا نیە، لەوەدانیە کە کامیان کوردەو کامیان فارسە، کامیان زاڵمەو کامیان مەزڵومە.. جوانیی و جەژنیی نەورۆز، لە ماناکەیدایە (ڕۆژی نوێ). کە تیایدا سروشت و ساڵ و ژیان، نوێ ئەبێتەوەو ئەمەش ڕووداوێکی هێندە گەورەو مانایەکی هێندە گرنگە، کە ئەگەر لە هەر ڕۆژێکا بەرجەستەببێ، ئەو ڕۆژە بەحەق شایستەی جەژن و بەرزڕاگرتنە، ئەگەرچی هیچ حیکایەتێکیشی لەپشتەوە نەبێت! - یەعنی حیکایەتە گەورەکە (ژیانەوەو نوێبوونەوەیە) کە حیکایەتێکی ڕاستەقینەو فرێشی ئێستایە. نەك ئەو حیکایەتە بچوکەی دوێنێ، کە هەبێ و نەبێ شتێکی ئەوتۆ نیە! عەقڵە گەورەکانیش نەورۆز لە مانا گەورەکەی ژیان و نوێبوونەوەدا ئەبینن. بەڵام عەقڵە بچوکەکان بەدوای ئەوەوەن کە کێ کوردەو کێ فارسە. - ئەگەر زۆر خەمی کوردیشتە، گرنگە بزانیت کە کوردو هەر نەتەوەیەك، تەنیا بە تێگەیشتن لە مانای ژیانەوەو نوێبوونەوە، ئەگاتە شکۆو باڵایی خۆی، نەك بە مانەوە لە شەڕەشەقەکانی مەرگ و دوێنێدا. - چیرۆکی مەرگدۆستی هەمیشە ڕووی لە دواوەیەو چیرۆکی ژیاندۆستی هەمیشە ڕووی لە پێشەوەیە. ئێمەش بۆئەوەی بگەینە پێشڕەفت و ژیاندۆستی، با سەرەتا لە خودی مانای نەورۆزەوە دەستپێبکەین و زۆر لەسەر چەکوش و هەژدیهاو ڕەهەندە ئەفسانەییەکە نەوەستین و زیاتر گرنگی بە ڕەهەندە گەردوونییەکەی نەورۆز بدەین کە نوێبوونەوەی سروشت و ژیانەو ڕاستییە! - دین و زانست و فەلسەو عەقڵ و ئیستاتیکاو هەموو شتێك پێت ئەڵێ "ژیانەوە" شتێکی جوانەو ئەمە ناکۆکی لەسەر نیە. جا گرنگە لەوێوە لە نەورۆز بڕوانین و بەمەش کۆکیی و خۆشەویستی بەرهەمبهێنین. نەكئەوەی بچینەوە بۆ حیکایەتێك کە دوو نەتەوە لەسەر پاڵەوانەکەی ناکۆکبن و ڕقی پێ تازە بکەنەوە! - تۆ زوحاك ئەکەی بە فارس و کاوە ئەکەی بە کورد، لەوێوە ئەتەوێ بڵێ ی من باڵام و ئەو نزمە. فارسیش ئەم نزمییە قبوڵ ناکاو عەکسی ئەکاتەوە.. جا لەبری ئەم ڕق و بەرزی و نزمییە، بۆ لە تەنیشت یەکاو لەمانایەکی تردا نەرورۆز نەکەین؟ لەبری ئەوەی نەورۆز لە دوێنێ و مەرگا هی یەکێکمان بێت، بۆ لە ژیان و ئێستادا هی هەموومان نەبێ، لەکاتێکا ماناکەی ئەوە هەڵئەگرێ و بەهارو نوێبوونەوەی سروشت، بۆ هەموومانە نەك بۆ یەکێکمان جیا لەویتر! - کاوە فارسە، دەوڵەتی ماد ڕوخاوە.. ئەمانەو هیچ شتێكی تر، بیانوو نیە، بۆ دژایەتی و ڕەتکردنەوەی نەورۆز. چونکە نەورۆز پەیوەندی بە ژیانەوە هەیە. ژیانیش خۆی چیرۆکە گەورەکەیەو هەموو چیرۆکەکانی تر لە ژیان بچوکترن و ئەکەونە ناو ژیانەوە. هیچ شتێك بیانوو نیە، بۆ دژایەتی و رەتکردنەوەی نەورۆز، چونکە نەورۆز پەیوەندی بە نوێبوونەوەوە هەیەو نوێبوونەوەش باشترین چیرۆکی ناو چیرۆکی ژیانە! - وەکو کوردیش، هیچ شتێك بیانووی دژایەتی و ڕەتکردنەوەی نەورۆز نیە، چونکە تازە بەشێکە لە بوون و ناسنامەوەی ئێمەو ئێمەش ئەبێ شانازی بکەین، کە ناسنامەو کولتورو چەژنەکەی ئێمە، لەگەڵ مانایەکی گەورەی ئینسانیی و گەردوونییدا یەكئەگرێتەوە، کە ژیانەوەو نوێبوونەوەیە! - دواجار کوردیش مرۆڤەو باشترین بەرگریش بەرامبەر دوژمنەکانی کوردو دوژمنەکانی مرۆڤ، چ جەیشی داگیرکەر، چ ڤایرۆسی کۆرۆنا، چ گەندەڵی، چ برسێتی.. ئەوەیە کە ئێمە ژیانمان خۆشبوێ، نوێبوونەوەمان خۆشبوێ، سروشتمان خۆشبوێ، یەکترمان خۆشبووێ.. ئەمەش بەوە ئەبێ، کە سەرەتا ڕق تەڵاقدەین و خودی خۆشەویستیمان خۆشبوێ! - مەسەلەن لەئێستادا دوو بنەماڵەی مافیا، لەبری ئەوەی خزمەتی تۆ بکەن، جنێو بە یەکتر ئەدەن. چیرۆکی ڕقیان بۆ خستویتەتە بری چیرۆکی خزمەت! چیرۆکی ڕقی سیاسی ئێمەش، ڕەگێکی مێژووی هەیەو لە شەستەکانەوەو لە جیلی یەکەمی جەلالی و مەلاییەوە درێژئەبێتەوە بۆ موعارەزەو دەسەڵات و دواتریش بۆ جیلێکی تری جەلالی و مەلایی.. کە چەقی سیاسەت لەم چیرۆکەدا، لەبری ئەوەی چاکەی گشتی بێت، ڕقی حیزبییە! ئەم تلیاکی ڕقەش هێندە کاریگەرە، هەرئەونەی کە تێوەگلایت و دەمارتی گیرکرد، ئیتر شەڕەکە ئەبێ بە شەڕی خۆت و بە نان و ئاوی خۆشت ئەکەیت و وای لێدێ ئیتر ئەوان پاڵی لێ ئەدەنەوەو تەنانەت ئالیکی شەڕەکەشت نادەنێ! هەر وەکئەوەی ساڵانی گرانییەکە، کە خەڵك نان نەبوو بیخوا، کەچی لەسەر پارتی و یەکێتی چاوی یەکیان دەرئەهێنا! ئاگاداربە ئەوە چیرۆکی تۆنیەو وێڵیانکە با لەناو ڕقی خۆیاندا ئەونەی تر گەڕوگول ببن، مەچۆ شەڕەکەیانەوەو مەیەڵە گولیی ئەوانە لێت بدا، چونکە ئەوە لە کۆرۆنا خراپترە. . .
شوان ئەحمەد باپیر جەژنی نەرۆز بەجەژنی نەتەوەیی گەلی کوردیش ھەژمار دەکرێت، هاوشێوەی هەریەکە لە( قیرقیزستان ، مەنگۆلیا، کازاخستان، گاجیکستان، ئۆزبەکستان، ئاژەربایجان ، تورکمانستاندا ، ئەفغانستان، ئێران، ئەرمینیا، کۆسۆڤۆ، ئەلبانیا ، سلاڤییەکان، جۆرجییەکان و قەوقاسییەکان(. کە لە ھەرسەردەمێک دا ماناو ناوەرۆکی تایبەتی خۆی ھەبووە. گەلی کوردیش وەک ھەرنەتەوەیەکی تر لەم جیھانەدا ئەم بۆنەیە وەک جەژنێکی نەتەوەیی خۆی ھەژماردەکات لە ھەر چوار پارچەی کوردستاندا. لەم ماوەیەدا نەورۆز لە یادوبۆنەیەکی سروشتی و ئاساییەوە دەبێتە سیمبوڵ و ھێمایەک بۆنەتەوەو وەک جەژنێکی نەتەوەی دەناسرێت لەوانەیە ھۆنراوەکەی( عەبدولخالق ئەسیری)کە، ساڵی ١٩٢٨ولەژمارە(٣)گۆڤاری زاری کرمانجی دا بڵاوی کردۆتەوە سەرەتایەکی گرنگی ناساندنی نەورۆزبێت، وەک جەژنێکی نەتەوەیی ، دواتریش نەرۆز لەسەردەستی پیرەمێردی شاعیر دەبێتە یەکێک لەو یادانەی کە، ساڵانە وەک جەژنێکی نەتەوەیی یادی دەکرێتەوەو ئاھەنگی بۆ سازدەکرێت، نەورۆز وەک ھێمای سەرکەوتنی نەتەوەیی وسیمبوڵێکی ناسیۆنالیستانەنیشان دەدرێت ودەبێتە ئەو ئەفسانەیەی ناسیۆنالیزمی کوردی ھێزو وزەی خۆی لێوەردەگرێت. بیرۆکەی زیندوکردنەوەی جەژنی نەورۆز، لە کۆمەڵەی زانستی دا بەستراوەتەوە بەسەردەمی پیرەمێردی شاعیر ئەم بیرۆکەش لەوساتەوە دەست پێدەکات کەبووە بە بەرێوەبەری کۆمەڵەکە، بیری لەوەکردەوە کە، ئەم جەژنە تەوەیەیی گەلی کورد نوێبکاتەوە لەم روانگەیەوە پیرەمێردی شاعیر ٢١ئازاری ھەمووساڵێکی دیاری کرد، بەتایبەتی لە رێکەوتی ڕۆژانی ھەینی دا بەئامانجی ئامادەبوونی گشت چین وتوێژەکان تاوەکودەنگ دانەوەی ئەم جەژنە لە ناوکۆمەڵگەدا رەنگ بداتەوە ئەمەلەلایەکەوە، لەلایەکی تریشەوە دەستنیشان کردنی کارێزی وەستا شەریف و (گردی مامەیارە) لەشاری سلێمانی بە شوێنی یادکرنەوەی جەژنی نەورۆز، کە بەم کارەی ناوناوبانگی نەرۆزی بەرزکردەوە، ھەروەھا ناوی پاڵەوانێکی میللی(مامەیارەی) تازەکردەوە، بەم شێوەیە پیرەمێردی شاعیر سەرکەوتووبوو لەوەی کەلەلایەکەوە، ئەم جەژنە زیندوبکاتەوە بەھاوکاری لاوان ورۆشنبیرانی کۆڵندەر نەرۆز، وەکو جەژنێکی نەتەوەی کورد لە کۆمەڵگادا رەگ وریشەی داکوتا، وەلەلایەکی تریشەوە بەرگێکی نەتەوەیی بەبەرجەژنی نەورۆز داکرد . لەزۆربەی کاتەکاندا لەلایەن دامودەزگاکانی میریەوە پیرەمێردوکۆمەڵەی زانستی یان تاوان بارئەکردبەوەی کە، ئەم جەژنە ئاگرپەرستیە پەیوەندی ومافی بە کوردەوەنیە، ئەم کارەی پیرەمێرد ھیچ فری بەسەرنیشتمان وکورد وپێشکەوتنەوەنیە، لە دژایەتی نواندن بەولاوە لەگەڵ ئاین و پێشکەوتن دا ھیچی ترنیە، بەڵام ئەم ھێرشەنارەوایانە کاریان نەکردە سەرپیرەمێردی شاعیرودەستەی رۆشنبیران نەیان توانی کاریگەریان لەسەر دروست بکەن بە وازلێھێنان . ئەمەش ریپۆرتاژێکە کەپیرەمێردی شاعیر لەبارەی نەورۆزەوە بڵاوی کردۆتەوە. لە رۆژنامەی ژیان لەساڵی ١٩٣٦کە، وەک بەڵگەیەک دەیخەینە روو لەبارەی رۆڵی کۆمەڵەی زانستی لە جەژنی نەورۆزدا کەتیایدا ھاتووە (( ئێوارەی جومعە کەبۆشەموودەچوو، رۆڵەی زانستی بەگۆرانیی نەورۆزەوە روویان کردە یارە کەدیاری لێوە دیارە،لەتەپلەسەری گردەکەبەدەوری (یارە)دائەھرامێکی داری سووتەنییان ھەڵ ئەچنی،تاشەوێ،ئەودەمەی رۆژپێی نایە کەلووی بەرخەوە،بەجارێ گرەی ئاگر لەدیاری یارەدا دیاریی ئەدا. بەیانی زوو ئاوازەی دەھۆڵ وزوڕناونەغمەی شادی نەوجەوانانی زانست لە کووچەو بازارای شاردا دەنگی دایەوە، بەجارێ ڕوومان کردەکۆی ئاتەشگاو کارێزی شەریف، ویزەی سەماوەرپەیدابوو،باوبارانیش لەسەرداکردیانەگیزەوگورە،کەوتینەبەربەرەکانی،کورگەل نەجووڵان تا ئەوشکا. تائێوارە پۆل پۆل وتیپ تیپ ھاتن ئەودەشتەبەگوڵی گیان داری نەورۆزو شادمانیی وئازادیی کچان وخوشکانی دڵ سۆز بوبوە بەھشتێکی فەیرۆزو رۆژێکی بەھرۆز،خواردەمەنیش(ماتشتھی الانفس)کەوتبووە(بروز)دوو ڕیزلەدەنگ خۆشەکانی زانستی وەک دوو دەستەبولبولانی وەتەن دوونەشیدەی نەورۆزیان بەرامبەری یەک ئە خوێندەوە، چواردەستەش لەژێر قوماندەی چوارسەرپەرشتی کەر کە ھەریەکەیان بازووبەندی زانستی یان لەقۆڵ دابوو،لەچوار لاوە بۆ بەپیرە وەچوون وخۆش ئامەدی ومیوان داری خزمەت یان ئەکرد، پیرەمێردیش بەداری خۆی کە بۆنەورۆزی کریبوو ئاگریان تێ بەردابوو، ھەڵپەرکێ وسەرچۆپی ئەم سەرەوسەری سەرگردەکەی بەرکەوتبوو،بەویش وازیان لێ نەھێنا ئەیانگۆت لە نەورۆزا ئەبێ حەوت خواردەمەنی(میم) ھەبێ بەزۆر(ماسی ومریشک ومیوەوماست ومێووژبەخورماوملح-خوێ بۆ ھێلکەومسکەت بۆمنداڵانیان)پێ پەیداکردو نان وپەنیرو گورچیلەیشیان خوارد،دوای تێری چوار تەلەبەی شاعیری زانست غفورزەینەددین وبەنگینەوھیوا مەجیدمناڵ چوارمەنزوومەی میللی جوانیان خوێندەوە،خوا پێمان رەوا ببینێ لە شاگرد نانەواوکەوش دروو،کورەبەردکێش بەسایەی زانستی یەوە ئەم ئاداب وتەمکین وشاعیریی وحیسی میللەت پەروەرییان بۆ پەیدابووە،جەژن وسەیرانێکی وا بە دەبدە بەیان بێ قڕەوگوڕەبەجێ ھێنا، لە نیسانیش دا ھەر ئەم(زانستی)یە٣شەوو٣رۆژ لەسەر کارێزی رێی گۆیژە خێوەت ھەڵ ئەدەن ونان وخوان وسفرەئەرازێننەوە لەبەغدا وھەولێر و خانەقینەوە دەعوەتی ھاونیشتمانەکانیان دەکەن)). بەڵام لەدوای ئەوەی کە، مەجید یەعقوبی دەبێتە موتەسەریفی سلێمانی، کەوتە دژایەتی پیرەمێردوچەندین تۆمەتی خستەپاڵ وەک ھاندانی لاوان بۆیاخی بوون وبڵاوکردنەوەی بیری نەتەوایەتی لەرۆژنامەکەیدا و ئاگرکردنەوە بۆ نەورۆز.........ھتد. بۆیە لە٢١/٣/ ١٩٣٨بڕیاریدا بە داخستنی ھەریەکە لە رۆژنامەی ژیان و کۆمەڵەی زانستی لەتەک ئەمەش دا ئاھەنگی جەژنی نەرۆزیشی قەدەغەکرد، بە ھۆی ئەوھۆکارانەی کە، لەسەرەوە باسمان کرد. ئەمەو دواتر پیرەمێرد کۆڵ نادات و ھەر بەتەنگ بەر زراگرتنی ئەم بۆ نەیەوە بووە لەم چوارچێوەیەدا لەساڵی ١٩٤٨دا بەشیعری بەناوبانگی نەورۆز توانی ئەم یادو بۆ نەیە بگەیێنێتە لوتکە. بە سود وەرگرتن لە کتێبی : کۆمەڵەی زانستی کوردان( ١٩٢٦- ١٩٣٩)، لێکۆڵینەوەیەکی مێژووییە لە کارو چاڵاکییەکانی کۆمەڵەکە، هەولێر،٢٠١٤، ل ل ٧٤- ٧٨. هاوپێچ وێنەی قوتابییانی کۆمەڵەیی زانستی .. ئەرشیفی بنکەی ژیان سلێمانی:
سەنار حەمید و سەركۆ یونس سیاسەتی سك هەڵگوشین (تقشف) و دەستگرتن بەپارەوكەمكردنەوەی زیادە خەرجییەكان كارێكی باشە و خۆپاریزیە لە كێشەكان بەتایبەتی لەدوای كەمبونەوەی گەشەی ئابوری جیهان بۆ نزمترین ئاست و دواتریش دابەزینی نرخی نەوت ... لەماوەی ڕابردودا نرخی نەوت بۆ نزمترین ئاست دابەزی كەئەم دابەزینە لە (20) ساڵی ڕابردودا هاوشێوەی كەم بووە، هۆكارەكان زۆرن بەڵام گرنگترین هۆكاری ڕاستەقینە سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا ناسراو بە (Covid-19 ) بووە بەتایبەت لە وڵاتی چینی خاوەن ئابوری و بەرهەم و دواتریش لەزۆربەی وڵاتانی جیهان بڵاوبویەوە و كاریگەری ڕاستەوخۆی كردە سەر چالاكیە ئابورییەكان و بەشێوەیەكی توند ئابوری چینی توشی داتەپین كرد و سەرەنجام بوو بەهۆی كەمبونەوەی خواست لەسەر نەوت وبازارەكانی نەوت بەشێوەیەكی خێرا نزمترین ئاستی نرخیان تۆمار كرد كە (20) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك بوو. هاوكات هۆكاری سیاسی و روئیایی عەرەبستانی سعودی لە ئۆپیك بەتایبەتی لەدوای ئەوەی نەیانتوانی لەگەڵ ئەندامانی ئۆپیك و ڕووسیا بگەنە ڕێكەوتن لەسەر كەمكردنەوەی خستنەڕووی نەوتی خاو ئەمەش بووە هۆی كە سعودیە پەرچەكردارێكی نالۆژیكی بگرێتە بەر بڕێكی زیاتری نەوتی خاو بخاتە بازاڕەكانی جیهانەوە سەرئەنجام بوو بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت بۆنزمترین ئاست.ئەوەی ئاشكرایە سعودیە ئەیەوێ نەوت وەك چەكێكی گرنگ و كاریگەر بەرامبەر ڕوسیا بەكار بهێنێت لە ئێستادا سعودیە یەكەم وڵاتی هەناردەكردنی نەوتە لە سەر ئاستی جیهان،ئەوەشمان لەبیر نەچێت كەرتی گەشتوگوزار و بازرگانی دەرەكی لەگرنگترین ئەو كەرتە ئابوریانەن كە زۆرترین زیانیان بەردەكەوێت.. دیارە بەردەوامی ئەم بارودۆخە تەنها پەیوەست نی یە بەململانێ ی سعودیە و ڕووسیا بەڵكو وەكو چۆن بەشێكی گرنگی هۆكارەكە پەیوەستە بە ڤایرۆسی كۆرۆناوە كە بەداخەوە خەریكە هێواش هێواش ئابوری ئەوروپا دەگرێتەوە و وڵاتانی ناوچەی یۆرۆ لەچالاكی ئابوری سست دەكات بەگشتی و ئابوری ئەڵمانیا بەتایبەتی ، لەهەمان كاتدا خۆشبەختانە گوێ بیستی هەواڵی تەندروستی مژەبەخش دەبین كە وڵاتان لە هەوڵداندان بۆ دۆزینەوەی ڤاكسینێك كە ڕێگە بگرێت لە تەشەنەكردن و چارەسەركردنی توشبووان بەجۆرێك كێبڕكێ دروست بووە لەنێوان وڵاتانی ئەمەریكا و چین و ئەڵمانیا و وڵاتە پێشكەوتوەكانی تر، هەرچۆنێك بێت بۆ ماوەكانی داهاتوو هیوادارین ئەم ڤاكسینە ئامادە ببێت و بكەوێتە بازارەكانی جیهانەوە و تاڕادەیەك ببێتە ڕێگر لەبەردەم تەشەنەكردن و بڵاوبونەوەی ئەم ڤایرۆسە و ئابوری وڵاتان بكەوێتە سەر پێ ی خۆی ووردە ووردە چالاكییە ئابورییەكان دەست پێ بكرێنەوە بە گشتی و چالاكی كەرتی پیشەسازی وڵاتانی پێشكەوتوی جیهان بەتایبەتی و ئەمەش ببێتە هۆی دروست بونەوەی خواست لەسەر نەوت و سەرەنجام بەرزبونەوەی نرخی نەوت .هەروەها هەردوو وڵاتی ڕوسیا و سعودیەش بگەنە ڕێكەوتن لەسەر قەبارەی خستنەڕووی نەوتی خاو و بازارەكانی جیهان سەقامگیری و هاوسەنگی بۆبگەرێتەوە ئەوەشمان لەبیر نەچێت داهاتی نەوت بۆ هەریەكە لە سعودیە و ڕووسیا بەشێكی گەورەی بودجەی ساڵانەیان پێك دەهێنێت و هەریەكەیان بەم بارودۆخە گەورەترین مەترسیان لەسەر ئابوری وڵاتەكەیان هەیە بەڵام گومانی تێدا نی یە هۆكاری سیاسی لەپشتەوەیە هەر بۆیە پێمان وایە هەردولا لە مەترسیەكانی ئەم بارە تێ دەگەن و بۆیە ناكرێت بەردەوام ببن لەسەر ئەم سیاسەتەیان هیوادارین لە مانگەكانی داهاتوی ئەمساڵدا نرخی نەوت بگەڕێتەوە ئاستی جارانی و نزیك ببێتەوە لە (50) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك و داهاتی وڵاتانی نەوت فرۆش بەرزببَیتەوە و چالاكیە ئابورییەكان ئاستی بەرز تۆمار بكەن و مرۆڤایەتی لەم قەیران و نەهامەتیانە ڕزگاری ببێت . هەرچی پەیوەستە بە ئابوری كوردستان بەداخەوە ڕەنگدانەوەی دابەزینی نرخی نەوت و سەرهەڵدانی ڤایرۆسەكە كاریگەری خراپ و نێگەتیڤی قورستری دەبێت چونكە وەك ئاشكرایە حكومەتی هەرێم زیاتر (%90) پشتی بە نەوتی فرۆشراو دەبەستێت لەهەردوو سەرچاوەی دەست كەوتنی داهاتەوە جا چ لەرێگەی بەغداوە و بێت یان ئەو بڕە نەوتەی ڕاستەوخۆ خۆی ئەینێریتە بازاڕی جیهانی یەوە .لەڕاستدا فرۆشتنی نەوت بەنرخی (20) دۆلار بۆ هەربەرمیلێك بۆ ئابوری وڵاتانی خاوەن نەوت جێگای هەڵوەستە لەسەر كردنە و پێویستە ڕێگاچارەی گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە و هەوڵ بدرێت كەمترین لێكەوتەكانی ئەم بارودۆخە بكرێت .هەربۆیە پێمان وایە پێویستە حكومەتی هەرێم بەجدی كار بكات هەتا هاوڵاتیان و مووچەخۆرانی هەرێم تووشی نەهامەتی و نارەحەتی و دەردی سەری نەبنەوە و چونكە چیتر هاونیشتیمانیانی هەرێم بەرگەی قەیرانێكی تر ناگرن و هەربۆیە هەوڵی تەواو بدرێت بۆ فرە سەرچاوە كردنی داهات وبودجەی هەرێم بۆ ئەوەی لەم بارانەدا لەقەیران و كێشەكان باری سەرشانی سووكتر بێت و پێمان وایە لە ئێستادا حكومەت پێویستە كار بۆ كەرتی كشتوكاڵ بكات لەڕووی هاوكاری كردن و یارمەتیدانی جوتیاران هەر لەبەرهەمێنانی بەروبوم و پاشان ساغكردنەوەی لە بازاڕدا لەلایەك سەرچاوەی داهاتی خاوەن كار و جوتیاران زیاد دەكات و لەلایەكی ترەوە ئابوری هەرێم ووردە ووردە ڕوو دەكاتە خۆژێنی و پێداویستییە خۆراكیەكانی ناوخۆ هەر لەناو هەرێمدا دابین دەكات و هاوردەنی كەمتر دەكات و هەر ئەمەش ڕێگە دەگرێت لە چوونە دەرەوەی پارەی هەرێم بۆ دەرەوە و هاوسەنگی دەگەڕێتەوە بۆ تەرازووی پارەدان . لەئێستادا مووچەخۆران و هاونیشتیمانیانی هەرێم لە دوبارەسەرهەڵدانەوەی قەیرانێكی دارایی و ئابوری تر دەترسن و كە گومانی تێدا نی یە ئەمجارە قورستر و گرانتر دەبێت چونكە گۆرانكارییەكانی هەمەچەشن و هەمە لایەنن و پەیوەست نی یە بە كەرتێكی ئابورییەوە..
فارس نەورۆڵی مێژووی مرۆڤایەتی کارەساتی گەورەی بە خۆوە دیوە، ھەر لە جەنگ و نەخۆشیەوە تا دەگاتە قاتوقڕی و پەتا و ماڵوێرانکەری وا کە ملیونەھا مرۆڤی کوشتووە. ھەریەک لەم کارەساتانە گورزی کەمەرشکێنی لە مرۆڤایەتی وەشاندووە، لەھەمان کاتیشدا گۆڕانکاری گەورەی بەدوای خۆیدا ھێناوە. بەڵام لەمێژوی نوێدا، وەک ڕاوێژکاری ئەڵمانی ئەنگیڵا مێرکڵ دەڵێت: لەدوای جەنگی جیھانی دوھەمەوە ھیچ کارەساتێک وەک کۆرۆنا ترسناک نەبووە، ترسێک کۆی مرۆڤایەتی بگرێتەوە. سەرەڕای ئەم ترسە گشتیە کۆرۆنا قسەی جیای لەسەردەکرێت. ھەندێک کەس بەتیۆری پیلانگێڕی نێودەوڵەتی دەیخوێننەوە،ھەندێکیتر بەجەنگی بایۆلۆژی باسی دەکەن. مێژوش خاڵی نیە لەم ڕوداوانە، لەساڵی ١٦٦٢ تاساڵی ١٧١٢ ئەمریکییە سپی پێستەکان لەڕێگای شەڕەوە نەیانتوانی بەسەرھندە سورەکاندا زاڵ بن، بۆیە چەکی تاعونیان دژیان بەکارھێنا، بەوھۆیەوە نزیکەی لەسەدا ٨٠ ی ھندە سورەکان گیانیان لەدەستدا. ئێستاش وتەبێژی حکومەتی چین ئەمریکای بەوە تاوانبارکرد کە ئەو وڵاتە گەشەی بەڤایرۆسی کۆرۆنا داوە و ناردویەتی بۆ چین. لە بەرامبەردا ترامپ، چینی تاوانبارکرد و ڤایرۆسەکەی بەڤایرۆسی چینی ناو برد. خۆ ئەگەر لە دەرەوەی تیۆری پیلانگێڕی سەیری بکەین، دەبینین ئەوە ڕوونە میدیای ئەمریکی وئەوروپی سەرەتا لە سەرئاستی جیھان ئەم پرسەیان قۆستەوە بۆلێدان لە گەشەی ئابوری چین. ئەوەی گرنگە قسەی لەسەربکەین، لێکەوتەکانی کۆرۆنایە لە ئێستاو لە دوای کۆرۆنا بە پێی ئەو دیمەنانەی کە لە شاشەکانەوە دەیبینین. ئەم ڤایرۆسە جیھانی پەرێشانکردووە، بە یەکجار مرۆڤایەتی کەرەنتینکردووە، ئەمە ڕوداوێکی دەگمەنە لە مێژودا. بۆیە لێکەوتەکانی گۆڕانکاری گەورەی ئابوری و سیاسی و ئەخلاقی و جیھانبینی لەگەڵ خۆیدا دێنێت. سەرەتا لێکەوتەکانی لەسەر ئابوری دەرکەوتوە وداڕمانێکی گەورەی لە بۆرسە و ئابوری جیھاندا لەگەڵ خۆی ھێناوە و لەسەرئاستی تاکیش تائێستا مەزەندە دەکرێت ٢٥ ملیۆن کەس بێکار ببن، لێرەوە کاریگەریەکانی بۆ ئاست کۆمەڵایەتی وسیاسی پەلدەکێشێ و گۆڕانکاری گەورە دروست دەکات. گۆڕانکاریەک کە پێدەچێ لەخەیاڵ وئەقڵی زۆرێک لە ئێمەدانەبێت. ئەم گۆڕانکاریانە بەشێکی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەبێت، بۆیە زۆرگرنگە کورد تەواو ھەستیار مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخەدا بکات، بۆئەوەی بە کەمترین زیانی تەندروستی و ئابوری و سیاسی لێی دەرچێت. بۆیە پێویستە پێش ھەرشت خەڵک خۆی بپارێزێت و پابەند بێت بە ڕێنماییەکانەوە، دواتر دامەزراوە شەرعیەکانی ھەرێم ھەماھەنگیی تەواویان ھەبێت و ڕۆڵ لە سەر ئاستی سیاسی و تەندروستی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و میدیایی دیاری بکرێت ودابەشبکرێت. لە سەر ئاستی حیزبەکانیش مامەڵەی ئەم دۆخە وەک پرسێکی گشتی بکەن، نەک وەک گەمەی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات. لە ھەموی گرنگتر بۆ ڕاگرتنی ئارامیی کۆمەڵایەتی ودابینکردنی موچە و لە بەرچاوگرتنی بێ موچەکان، کە کاری ڕۆژانە بژێویی بۆ دابینکردوون و ئێستا بێکارن، بۆ ئەم مەبەستەش دەکرێ داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بکرێت کە کورد شەڕی داعشی کردووە، بۆیە مافی خۆمانە لەم شەڕەداھاوکارمان بن. لەلایەکی دیکەوە ئەوانەی کە بەھۆی دۆخی کوردستان دەوڵەمەندبوون و بوون بە سەرمایەداری گەورە لەڕوی ئەخلاقییەوە بەرپرسن، دەبێت ھاوکاری کوردستان بن لەم دۆخەدا. دواجار دەبێ بزانین ژیان و جیھان لە ھەموو کایەکانی سیاسی و ئابوری و تەندروستی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی و دورنیە جوغرافیاش دوای کۆرۆنا جیاواز دەبێت لەپێش کۆرۆنا. جیھانبینی مرۆڤەکان دوای کۆرۆنا جیاواز دەبێت لە پێش کۆرۆنا، بۆیە دەبێت ئەو دۆخە بە ھەند وەرگرین بەھەموو لایەکمانەوە.
چیا عەباس لە گەڵ دروستبونی گۆڕان بەرەی ئۆپزسیۆن لە باشور پێی نایە قۆناغێکی نوێیەوە کە رێگەی ئۆپزسیۆنی پەرلەمانی کردە ئەمری واقیع. ئەم وەرچەرخاندنە دەسەڵاتی حوکمرانی هەرێمی شڵەژاند و ئەو هاوسەنگیەی نێوان پارتی و یەکێتی بەجۆرێک تێکچو کە تا دەیان ساڵی تر پێوەی دەناڵێنن. دوای وەفاتی کاک نەوشیروان بەرەی ئۆپزسیۆن، کە زۆربەی لە روی رێكخراویی و سیاسیەوە لە ناو گۆڕاندا بونی هەبو، دوچاری پەرتەوازە و لەتبون و داکشان و لاوازیەکی بەرچاو بو. لێرە بەدواوە دەسەڵات کاری جدی بۆ ئیحتواکردنی پاشماوەکانی بەشێکی ئەو ئۆپزسیۆنەی ناو گۆڕانی کرد و تێیدا سەرکەوتوش بو. کاتێک لە ناو گۆڕان کار لە کار ترازا و ئومێدی گۆرانکاری و چاکسازی تێیدا روی لە ئاوابون کرد، دەیان هەڵسوراو و پەرڵەمانتار و بەرپرسانی گۆڕان بە رێگەی پەیام و پرۆژەوە سەرانی گۆڕان یان لە مەترسیەکانی ئەو نەهجەی گرتبویانە بەر ئاگادار کردەوە، یەکێک لەو گروپانە پرۆگۆڕانە کە لە دەرەوەی وڵات دروستبو و رۆڵێکی بەرچاوی بۆ لێكنزیکبونەوە و لێکتێگەیشتنی بەرەی نارازی ناو گۆڕان لە وڵات و دەرەوە هەیە، هاوکاتیش دەسەڵاتدارانی گۆڕانی لە ئاکامە نەرێنەکانی بەشداری بزوتنەوەکە بەو لاوازی و پەرتەوازیە لە حکومەت بە ئاگاهێنایەوە، سەرانی گۆڕان لە روانگای بەرژەوەندی گروپە جیاکانی خۆیان گوێیان نەگرت و بەشداریان کرد و بێ گوێدانە بەرژەوەندی گشتی گەلەکەیان لە گەڵ پارتی رێکەوتن، کەچی پارتی تا ئەم چرکەیەش بە جورعە شیرینی دەسەڵات بە گۆڕان دەبەخشێ و بێدەنگی کردون. لە ئاکامی ئەم روداوانەدا زۆربەی زۆری بەرەی نارازی جارانی ناو گۆڕان، بە بەندەشەوە، گەیشتونەتە ئەو قەناعەتەی کە گۆرانکاری و چاکسازی لە ناو گۆڕان و زۆربەی هێزە سیاسیەکانی کوردستان کۆتایی پێهاتوە و قەوانێکی سواوە و راکردنە بەدوای سەرابدا، بۆیە ئەو قەناعەتە زۆربەمانی هێناوەتە سەر ئەو باوەرە دەبێت لە مەقامی بنەرەتی و سەرەکیدا خەمخۆری ئایندەی نەتەوە و نیشتمان بین بە پشتبەستن بە هێز و کاری جەماوەر و پرسەکانی گەشەپێدانی هۆشیاری کۆمەڵایەتی و چالاکیە مەدەنیەکان. لەو دیدگایەوە بەرەی نارازی هەوڵێکی زۆری دڵسۆزانەی هەمەلایەنەی داوە و بەردەوامیشە بۆ دروستکردنی پلاتفۆرمێک یاخود سەکۆیەک بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم نارازیەکانی دژ بە گەندەڵی و نادادی لە هەرێمدا تا هەڵسن بە ئەرکی مێژویی خۆیان بەرامبەر بە نەتەوە و نیشتمان، پلاتفۆرمێک دور لە دیماگۆگی حزبی و بێبەری لە کەسانی روخسار لەکەدار و دەمامکدار و نیەت خۆپەرست بنیات بنێن، بێگومان بە هاوکاری رێژەیەکی بەرچاوی رۆشنبیر و نوسەر و نارازی ناو هێزەکانی تر هەوڵ دەدرێت پشتگیری لە هەق بکرێت و دژی ناهەقی بوەستنەوە، بەتایبەت بەرامبەر دەسەڵاتی رەهای حزبی لە حوکمرانیدا کە سەرچاوەی بنەرەتی و سەرەکی ناهەقی و گەندەڵی و پێشێلکردنی یاسایە. سەرهەڵدانی ئافاتی کۆرۆنا چاوەروان نەکراو بو، ئێستا بۆتە مەترسیەکی گەورە لەسەر مرۆڤایەتی، زلهێزەکان و وڵاتە دەوڵەمەند و پێشکەوتوەکانی دنیا بەرێگەی جیاجیا کۆکن لە سەر ئەوەی دەبێت زیانەکانی ئەم ئافاتە سنوردار بکرێن و دواتر کۆنترۆڵی بکەن، بۆ ئەمەش چەند ترلیۆن دۆلاریان تەرخانکردوە بۆ گوزەرانی هاوڵانیان و دابینکردنی پێداویستیە پزیشکی و مرۆییەکان لە جەنگی دژ بە کۆرۆنا. لە ئێستادا ئێران یەکێکە لە سەنتەرە گەورەکانی تەشەنەکردنی کۆرۆنا، باشوری کوردستان سنورێکی زیاتر لە هەزار کیلۆمەتری لە گەڵدا هەیە، هاوکاتیش تێکەڵاوبونێکی مێژویی خەستی کۆمەڵایەتی و بازرگانی و سیاسی لە گەڵدا هەیە، بۆیە مەترسیەکانی سەر کوردستان لەم ئیپی سەنتەرە مەترسیدارەوە کەم نین، دەبێت زۆر ورد و دروست مامەڵەی لە گەڵدا بکرێت. دیارە لە نوسینی پێشومدا " ئەو یەکێتیانە بۆ وادەکەن" مەبەستم بو رونی بکەمەوە کە ئەو مەرزانەی سنور لە گەڵ ئێران کە لە مێژە لەلایەن هەر دو حزبی دەسەڵاتدار، پارتی و یەکێتی، کۆنترۆڵ کراون و تا ئەم چرکەیەش بازرگانیان لە رێگەیانەوە قۆرخ کردوە بۆ خۆ دەوڵەمەندکردنی نایاسایی و نارەوا و تاڵانکردن، بەم دواییەش هەوڵ دراوە گۆڕانیش پشکی تێدا هەبێت، دەبوا ئەم مەرزانە لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەت و وەزارەتی دارایی و دەزگا پەیوەندار و بەرپرسە دڵسۆز و خەمخۆرەکانی گەل و نیشتماندا بونایە و بەردەوام چاودێری ورد و توند بکرانەیە. ئەم سنور و مەرزانە چەند گرنگیەکی ستراتیژی هەستاریان بۆ باشوری کوردستان و فەرمانرەوایی هەرێم هەیە، لەلایەک گرنگی سیاسی و لە لاکەی تریشەوە دەروازە گرنگەکانی بازرگانی هەرێمن لە گەڵ دنیای دەرەوە، کە لە ساڵانی دوای راپەرینەوە چروپر بۆ ئەو مەبەستە بەکارهێنراون. لەم سەردەمەی کۆرۆنا ئەو مەرزانە پێویستیان بە کۆنترۆڵکردنێک هەیە کە وەک دەمامکی خۆپاراستن لە کۆرۆنای لێبکەن، نەک بەو بەرەڵڵاییەی بەر چاو دەکەوێت کە چەند تاقمێک لێی سودمەندن. کاتێکیش باسی وەزیری داراییم کردوە کە بە بریاری حکومەت سەردانی یەک دو مەرزی کردوە بە مەبەستی بەدواداچون و ئەگەرەکانی ئیجرائاتی پێویست، وەک هەواڵێک و جێبەجێکردنی ئەرکێکی فەرمانرەوایی ئاماژەم پێداوە، ئەم باسکردنەم بەهیچ شێوەیەک دەربرینی پشتگیری سیاسی نیە بۆ ئەو وەزیرە و حکومەتی هەرێم، بەڵکو ناراستەوخۆ بەشێکی واقیعی ناکۆکی و ململانێی نارەوا و تۆڵەکردنەوە لە نێوان هێزە پێکهێنەرەکانی کابینەی نۆم خستۆتە رو. بێجگە لەو خاڵانەی سەرەوە لە بنەرەتدا لەو باوەرەدام حکومەتی هەرێم لە زۆر بواری هەستیاردا، یەکێک لەوانە مەرزەکانی سنورە و پرسە ستراتیژیەکانی پەیوەست پێیانەوە، تایبەت لەم ساتە وەختەدا بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا، نابەرپرسانە مامەڵەی کردوە و زۆر کەمیشی هێناوە. بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا ئەرکێکی گەورەی نیشتمانیە، هەرچەندە لە ئێستادا خەڵک ناتوانن بە یەکەوە بن بەڵام دەتوانن هاوکاری یەکتر بن بۆ زاڵبون بەسەر ئەم ئافاتەدا. حکومەتی هەرێم بەرپرسیاری یەکەمە، بە تایبەت لە تەرخانکردنی دارایی پێویست، بەخشینی زانیاری، دابینکردنی پێویستیە بنەرەتیەکان بۆ بژێوی سەدان هەزار کەسی پیر و پەککەوتو و نەخۆش و ئەوانەی موچەخۆر نین و لە ماڵەوەن و کار و کاسبیان نەماوە، ئامادەسازی پزیشکی و دارایی و لۆجیستیک بۆ ئەگەری تەشەنەبونی زیاتری ئەم ئافاتە. حکومەتی هەرێم رێگەی قفڵدانی هەرێـمی بژاردە کردوە بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا، ئەم ستراتیژیە پێویستی بەدابینکردنی گەڵێک پێدوایستی زۆر بنەرەتی هەیە بۆ بەرەنگاربونەوەیەکی زانستانە و راست و دروست، کەچی لەم ساتە هەستیارەشدا دەسەڵاتدارانی ئەو دو حزبە هێشتا کار بە دو ئیدارەیی دەکەن، بەوەش نەوەستاون لە ئاستی زۆر باڵادا و بەهۆی بەرژەوەندیە نەوتیەکان و رق و کینەی مێژوییەوە کەوتونەتە گیانی یەکتر، بەجۆرێک کە سەردەمەکانی شەرە ناوخۆییەکانی نێو جەستەی کوردایەتیمان لە باشور بەبیر دەهێننەوە. دوبەرەکی و دو ئیدارەیی رێگری گرنگن لە بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا کە تا ئێستاش لە زۆر شوێن کاریگەری نەرێنیان هەیە، وەک لە مەرزەکانی سنور، لە فەرمانرەواییە لۆکاڵیەکان و چەند دامودەزگای هەستیاری حوکمرانیدا، زیادە بۆ ئەمانەش ژێرخانێکی شەکەتی ئابوری و گواستنەوە و غیابی ئاماری ورد و دروست و دەسەڵاتی گروپە بەرژەوەندخوازەکان لە ناوچە جیاکانی کوردستان، هەروەهاش ژێڕخانێکی پزیشکی و تەندروستی لاواز و کەم ئیمکانیات. ئەم هەمو خاڵە گرنگانە تا ئەم چرکەیەش بەتێر و تەسەلی و راشکاوانە لە کارنامەی حکومەتی هەرێم بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا بەرچاو نەکەوتون، بەڵكو هەر وەک نەریتی جاران راگەیانراوی زۆر و زەبەندی سەد بارە و سواو رۆژانە نمایش دەکرێن. ئەم سێ هێزەی حوکمرانی بەرپرسیاری یەکەمن لە هەر ئاکامێکی نەخوازیاری ئەم ئافاتە، ئەم هەڵسەنگاندنە بەرەی نارازی و ئۆپزسیۆنی رانەگەینراویش بێبەری ناکات لەوەی کۆمەڵێک کار هەبو دەیانتوانی و دەشتوانن بیکەن. لە سەرویانەوە سازدانی سندوقێکی کۆمەک بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا، تەنگ هەڵچنین بە دەسەڵاتدارانی ئەو هێز و حزبانە بۆ گەرانەوەی پارەی زەوتکراو و هەڵلوشکراوی میللەت لەم سات و ئانەدا تا لە هەڵمەتی دژ بە کۆرۆنا بەکاربهێنرێت، داواکردن لە سەرمایەدارانی گەلەکەمان کە بێنە پێش و لەئاستی بەرپرسیاریەتی مێژویاندا بن لەم جەنگە سەختە دژ بە کۆرۆنا، بەتایبەت لە دابینکردنی بژێوی رۆژانەی کەم دەرامەت و بەتەمەنچوەکان و نەخۆش و پەککەوتەکان. لێرەدا دەسەڵاتی سێ حزبی حوکمرانی بەرپرسی یەکەمن لە دابینکردنی پارەی پێویست بۆ سەرجەم ئەو خاڵە گرنگ و بنەرەتیانە بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا، هەروەها بۆ دابینکردنی موچەی فەرمانبەران، پێشمەرگە، کەسوکاری شەهیدان و یارمەتی پێویستی قوربیانیانی کۆرۆنا. وڵاتانی ئەوروپا و چەند وڵاتێکی پێشکەوتوی تریش سەدان ملیار دۆلاریان تەرخان کردوە بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەو ئافاتە، تایبەت بۆ قەرەبوکردنەوەی خەڵک لەو زیانانەی بەریان دەکەوێت بەهۆی داخستنی شوێنی کار و بژێوی ژیانیان، هەروەها بۆ دابینکردنی سەرجەم پێداویستیە لۆجیستیک و پزیشکیەکان و بەردەوامدان بە پرۆسەی خوێندن و فێربون بە رێگەی ئۆنلاینەوە. کەس داوای مەحاڵ لە حکومەتی هەرێم ناکات، بەڵام ئەوەی لە هەرێم دەگوزەرێت هەر سێ حزبی دەسەڵاتدار لێی بەرپرسن و هەریەکە بە پێی دەرامەت و پێگە و قورسایی لە حکومەت و لەودیو سنورەکانی کوردستانیشەوە، هیچ لایەکیان ناتوانن خۆی لەم بەرپرسیاریەتە بێبەری بکات، کاتێک شەریک بن لە دابەشکردنی کێکەکە و شەری خواستەکانیان لە حکومەتدا دەبێت ئەرکەکانیشیان راست و دروست و راستگۆیانە و شەفافانە جێبەجێ بکەن. نوسینی: چیا عەباس رۆتەردام ٢٠ مارچ ٢٠٢٠
شوان سدیق: ئیتاڵیا بێرگامۆ شارێکی جوان و سەرنج و ڕاکێش ڕۆمایەکە بۆخۆی دەوڵەمەندە بەشوێنی مێژووی و ئاسەواری ھەزاران ساڵ، شارێکی تابڵێی زیندوو بەموزیک و کەلتووی کۆن و نوێ. بەھۆی دەوڵەمەندی بەناوچەی گەشتیاری و ھەڵکەوتەی ناوچەیشی لەوەرزە جیاوازەکانی ساڵ بەردەوان جمەی دێت لە گەشتیار. ئەمڕۆ ئەم شارە، تووشی بەڵای خۆی بووە، ئەو بەڵایە لێی دەرچوون ئاسان نییە دەبێ خۆتی لێ لابدەیت، بەڵێ ئەویش کۆڕۆنا ڤایرۆسە، کەمرۆڤایەتی و جیھانی بەچۆکدا ھێناوە. پاریزگای بێرگامۆ لەڕووی ئیداریەوە سەربەھەرێمی لۆمباردیای بەشی باکووری ئیتاڵیا کەمیلانۆ پایتەختیەتی. ئەم شارە ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی ١٥٠ کەس دەبێت. ئەم شارە چونکە بەردەوام گەشتیارو کەسانی بیانی سەردانی دەکەن، بەشارێکی جموجوڵ و سەردانیکراو ناوی دەرکردوە، لەڕووی ناو بانگەوە ڕەنگە وەکو شاری پیسا یان بۆلۆنیا نییە بەڵام شارەکە لەپلەیەکی زۆرباشدایە کەتوانای پێشوازیکردنی ھەیە لەگەشتیار و ناوبانگێکی تایبەت بەخۆی ھەیە بۆ ئیتاڵی و ئەوروپییەکان. ئەمڕۆ ئەم شارە پڕ لەئاسەوار و دڵگیرە، ھەواڵی ناخۆشی تێدابڵاو دەبێتەوە، ڕووداوی جیاجیا بەخۆیەوە دەبینێ کەھەرگیز بۆرگانۆییەکان بەخیاڵیاندا نەھاتووە ئەمەی ئێستاکە رووبدات. تەنیا لەچوار ڕۆژی ڕابردوو دەیان کەسی دانیشتووی شارەکە بەرکەوتەی کۆرۆنای نەفرەتی بوون نەخۆش کەوتن و گیانیان لەدەستدا. جاران، وەختێک کۆرۆنا شەڕی نەپێچابووە ئەم شارە، کەسێک کۆچی دوای دەکرد بەسێ ئۆتۆمبێل و مەراسیمێکی گەورە لەکەنیساوە ماڵئاواییان لێ دەکرد بەڵام ئەمڕۆ زەمەنەکەی گۆڕاوە، شارەکە تەرمێکی زۆری تێدا بڵاوبۆتەوە، چەند کەسێکی تایبەت نەبێ ڕێگە نادرێ ھەموو ھاوڵاتییەک وەکو جاران بەچەپکە گوڵێکەوە بێن، بۆ بەشداری لەمەراسیمی ماڵئاوایی ئازیزانیان. ماڵپەڕی "ئەلێتێیا"ی ئیتاڵی ڕۆژی ١٢ی مارس ڕاپۆرتێکی بەناونیشانی لە "گۆڕستانەکان شوێن نەماوە" بڵاوکردەوە، لەڕاپۆرتەکە ھاتووە لە"بێرگامۆ" لە ڕۆژێکدا ١٤٢ کەس بوونەتە قوربانی ڤایرۆسی کۆرۆناو مردوون. ھەروەھا ئەوەیش خراوەتەڕوو ئیدارەی شارەکە بەناچاری تەرمەکانیان دابەشی گۆڕستانەکان کردوە، چونکە لەپاش جەنگی جیھانی یەکەم جارە لەڕۆژێکدا دەیان تەرم لەنێو کەنیسەدا بکەون. ھەرچەندە ھێشتا بەتەواوی چیرۆکی بڵاوبوونەوەی سەرھەڵدانی تووشبووی ئیتاڵییەکان بەئەنفلۆنزای کۆرۆنا بەتەواوی دیارنییە بەڵام ئەوە ئاشکرایە لەھەرێمی "لۆمباردیا"یی ١٠ ملیۆن دانیشتوو دەستنێشانکراوە، سەرەتای ئاشکرابوونی ئەم ڤایرۆسە مێژوویەکەی دەگەرێتەوە بۆ (٢١_٠٢_٢٠٢٠)واتە شوباتی ئەمساڵ. شاری بێرگامۆش، کە سەر بەھەمان ھەرێمە تائەمڕۆ قوربانییەکی زۆری داوە، دانیشتوانەکەی کوارێنتینە کراون، لە باڕودۆخێکی دژواردان. بەگوێرەی ئاماری بەشی تەندروستی وڵاتی ئیتاڵیا ڕۆژی ١٩ی مارس، یەکلایکردنەوەی کەیسی تووشبوان بەڤایرۆسی کۆرۆنا بەم شێوەیە بووە. تووشبوان: ٤١ ھەزار سی و پێنج چاکبوون، ٤ ھەزار چوارسەدو چل مردووانیش، ٣ ھەزار و چوارسەد و پێنج دیارە لەو ڕێژەی قوربانی بەرکەوتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئیتاڵیا پشکی زۆری بەر ھەرێمی لۆمباردیا کەوتووە. بەتایبەتی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستاوە. کەبەم شێوەیە: تووشبوان: ١٩ ھەزار و ھەشت سەدو ھەشتاو چوار چاکبوونەوە؛ ٣ ھەزار و حەفت سەدو حەفتاو ھەشت مردن؛ ٢ ھەزار و سەدو شەست و ھەشت ئەگەر سەیری ئاماری توشبووان و مردن لەم ھەرێمەش بکەین شاری "بێرگامۆ" بەراورد بەڕێژەی دانیشتوانی شاری "میلانۆ"ی ملیۆن کەسی پایتەختی ھەرێمەکە، بێرگامۆ پشکی زۆری قوربانییەکانی بەردەکەوێ کەبەپێی دواین ئامار ٤ ھەزار و ٣٠٥ حاڵەت لەم شارەدان تۆمارکراون. ماڵپەری "بێرگامۆنیوس" رۆژی حەڤدەی ئەم مانگە بلاویکردەوە، ئەم حەفتەیە ٣٣٠ کەس بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە و تەرمەکانیان پاش ئەوەی لەنەخۆشخانە دەرکراون بردراونەتە کەنیساکان. ئێستا ئەم شارە بەراورد بەشار و ناوچەکانی تری ھەمان ھەریم بگرە ئیتاڵیاش زۆرترین، چاوی حکومەتی لەسەرەو دانیشتوانەکەی جگەلەوەی کوارێنتینە کراون، چاودێری چڕیشیان خراوەتە سەر. ئێوارەی رۆژی چوار شەممە ١٨ی مانگ، لەمێدیاکان و سۆشیال مێدیا بڵاوکرایەوە کە ٧٠ ئۆتۆمبێلی سەربازی لەشارەکەدا بڵاوەی پێکراوە، ئەمەشیان بەنمایشی شانۆی جەنگ وەسفکرد! ڤایرۆسی کۆرۆنا ناوەندەکەی بۆ شاری وھانی وڵاتی چین دەگەڕێننەوە، سەرەتای سەرھەڵدانی ئەم ڤایرۆسە کوشتنەیە کەتائیستا چارەسەری بنەبڕکردنی لەدژی نەدۆزراوەتەوە، لەم شارە دۆزرایەوە، پاشان بەخیرایی بەجیھاندا بڵاوبوویەوە. [email protected]
بەشدار عوسمان دیمەنی غەرقبوونی یەخت و پاپۆڕەکانی ئیجە کە پڕیەتی لەگەنج و مناڵ و ژنی نائومێد کراوی کوردستان، رۆژانە هەواڵی میدیاکانە، لەولاشەوە دەستبەسەرداگرتنی هەرچی شوێنی ستراتیژیی و زەوی گرانبەهایە لە شارەکان و تاپۆکردنی گرد و تەپۆڵکەکان، تا دەگات بە بەرزکردنەوەی ڤێلا و خانو و شوقەکانیان لەگرانبەهاترین شوێنی شار و پایتەختەکانی دنیا بۆ مناڵ و کوڕ و کوڕەزاکانیان. ترس و تۆقاندن و دەمکوتکردنی هەزاران، تا دەگات بە دیمەنە تراژیدیاکانی لێدان لە ناوگەڵی مامۆستایان و سوتاندنی ڕیشیان، دەربازکردنی سەدان تاوانباری گەورە و بچووک تا دەگات بە ئازادکردنی دەستدرێژیکەرانی سەر مناڵە هەشت ساڵانەکە، دەستواڵایی بۆ دەیان دەزگای موخابەراتی ناوچەکە و دنیا و تیرۆر و تەسلیمکردنەوەی بەرهەڵەستکارانیان لەناو جەرگەی شارەکان. داتەپینی کەرتی تەندروستیی گشتیی و کردنەوەی دەیان نەخۆشخانەی تایبەت بۆ بەرپرسان تا دەگات بە دەرخواردی دەرمانی ئێکسپایەر و کوێرکردن و کوشتن و کەمئەندامی دەیان و سەدان هاوڵاتی، گلدانەوەی سەدان مناڵ و خوێندکار لە ژوورێکی سێ بەچواری بەناو خوێندن و فێربوونی حکومی، تادەگات بە ناردنی پرسیاری تاقیکردنەوەکان بۆ مناڵە نازدارەکانیان و کردنەوەی دەیان زانکۆ و قوتابخانەی ئەهلی هاوچەرخ. ساختەکاریی لە هەڵبژاردنەکان و گۆڕینی ئەنجام تا دەگات بە سوتاندنی بنکەکانی دەنگدان، گرتن و زیندانیی و تیرۆری نووسەران و رۆژنامەنووسان تا دەگات بە کردنەوەی دەزگای میدیای بەپارەی خەیاڵی لەسامانی خەڵک بۆ چەواشەکاریی و ساغکردنەوەی درۆکانیان، کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕ و دەرخوارددانی خواردن و کاڵای ئێکسپایەر. ئەمانە و دەیانیتر، دیمەنی ئاشنان و مێژوویەکی دووری نییە، لە زاکیرەی خەڵکدا زیندوون و شوێنەوارەکانیان بەئاسانیی کاڵ نابێتەوە. بەسێڵفیەکانی کۆڕ و کۆبوونەوەکانتان هەڵمەخەڵەتێن، غرور نەتانگرێت بە سوپا و هێزە چەکدارەکان، بەبێدەنگکردنی زۆرینە و کڕینی دەستەبژێرێک دڵتان خۆش نەبێت، بەبێ ئومێدکردنی خەڵک لە ئۆپۆزسیۆن و دەنگی ناڕازیی ئاسوودە مەبن. کێوێک لە توڕەیی و ناڕازیبوون، لەنێو دڵ و دەروونی بەشێکی هەرە زۆری خەڵک پەنگی خواردووەتەوە، مەودایەکی درێژ لە بێ متمانەیی و بێ سیقەیی لەنێوان خەڵک و دەسەڵات کێشراوە، بۆیە هەست و دڵسۆزیی و هاوکاریی و پشتیوانی خەڵک لەبڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە، لە ئاشتکردنەوەی خەڵک بۆ دەسەڵاتێک، کە بۆ ساتێکیش دەستی نەپاراستووە لە ئازار و ئەشکەنجە و رووتانەوەی سامانەکەی، مانایەک پەیدا ناکات. مووچەخۆران چاوەڕێ بوون ژمارەی بانکی بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەکانیان وەربگرن، نەک ژمارە بانکی بۆ خۆیان بکەنەوە ! ئەگەر زەخت و فشار و ناچارکردن نەبێت، بەدڵنیاییەوە یەک فلسی تێناچێت.