ئادەم ئاودەل ماوەیەکە دەنگۆی برین و کەم بونەوەی موچە سەریھەڵداوەتەوە ، شەپۆلی ئەم دەنگۆیانە ھاوکات بوو لەگەڵ ھاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە ئێستا زیاتر لە نیوەی جیھان پێیەوە گرفتارە . ھەر لە سەروبەندی ئەو دەنگۆیانە بەشێک لە پەرلەمانتاران و بەرپرسانی پارتی بابەتەکەیان رەتکردەوە و بە ناراستیان لە قەلەمدا ، بەشێکیش لە نوێنەران و بەرپرسانی یەکێتی و گۆران نەیان شاردەوە کە ھەولێک لە ئارادایە بۆ دەستکاری کردنی موچەی فەرمانبەران ، لە سەرو ھەموشیانەوە سەرۆکی پەرلەمان و وەزیری دارایی کە ئەویش بە ناراستەوخۆی ئاماژەی بە ئەگەرەکانی دەستکاری موچەدا. لێرەدا حەقە بپرسین ئایە کەسێکی وەک سەرۆکی پەرلەمان کە بەرزترین دەسەڵاتی وڵاتە دەکرێ لە خۆیەوە قسە بکات و بابەتیێکی ھەستیاری لەو جۆرەیە بێ زانیاری بوروژێنێ ؟؟ بێگومان نەخێر ... یا دەکرێ وەزیری دارایی و ئەو ژمارە زۆرەی پەرلەمانتاران بێ زانیاری قسە بکەن ؟؟ یا ھەموویان سەرقالی موزایەدەبن؟؟. ئێستا ئەوەی کە ھەیە ھەموو گومانەکان بۆ ئەوە دەچن کە پاشەکەوتیش نەیەتەوە حەتمەن موچە دوا دەکەوێ و لەمەودوا موچە بێ کێشە نابێ ، ئەوەی ئەم بابەتەی بەتەواوی پشت‌راست کردۆتەوە قسەی بەرپرسانی حکومەت و پارتی خۆیان بون کە لە زاری سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ئاماژەی پێدراو رایگەیاند کە ./.٣٥ داھاتی ھەرێم کەمی کردوە ، بەم پێشھات و گۆرانکاریانەش بێ کە ھەیە دەردەکەوێ کە حکومەت توانای پێدانی موچەی نیە چونکە حکومەت دوچاری چەند قەیرانێکی لەناکاو بۆیەوە ، دابەزینی نرخی نەوت و کەمبونەوەی داھاتی ناوخۆ بە رێژەیەکی بەرچاو کە ھۆکارەکانیان ڤایرۆسی کۆرۆنایە ، حکومەتی گەیاندۆتە دوریانی مەترسیداری ئابوری . جیا لەمانەش تا ئێستا گەرەنتی پارەی بەغدا نیە کە لە ناردنی بەردەوام ئەبێ ، کە زیاتر لە نیوەی موچەی موچەخۆرانی پێ دابین ئەکرا ، بەتایبەتی کە بەغداش گیرۆرەی ھەمان قەیرانەکانی ھەرێمە . وروژاندنی خراپی دۆخی دارایی و ئەگەرێ دەستکاری کردنی موچە لە لایەن بەرپرسانەوە و دواتریش رەتکردنەوەی دەستکاری موچە لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ، رەنگە جۆرێک لە پلانی حکومەت بێ و نیەتی زانینی کاردانەوەی خەلک و شەقام بێ ، بەجۆرێک بانەتەکەیان لە راگەیاندنەکانەوە وروژاند و نارەزایەتی زۆری خەلکی لێکەوتەوە و بەمەش حکومەت تێ گەیشت دەست بردن بۆ موچە ئاسان نیە . ھەربۆیە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران کۆتای بە دەستکاری کردنی موچە ھێنا بەڵام بابەتەکەی دانەخست و بە کراوەیی مایەوە ، کە ئایا موچە لە ھەموو مانگێک جارێک لە کاتی خۆیدا ئەدرێ یا سەردەکێشێ بۆ (٤٥ )و (٥٠ )رۆژ . بەھەموو پێودانگێک موچە وەک مانگەکانی پێش‌و نابێ، گەر پاشەکەوتیش نەکرێ مانگانە لەکاتی خۆیدا نادرێ ، بەڵام بۆچونەکان بۆ ئەوەدەچن دۆخەکە کاتی بێت و لەگەل کۆتایی ھاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا ھەم نرخی نەوت بەرزبێتەوە و ھەمیش داھاتی ناوخۆ بێتەوە دەست. رەنگە ئەمە واقیعەکە بێت بەڵام جۆرێک لە بێ متمانەیی لە نێوان حکومەت و خەلکدا دروست بووە ، دەسەڵاتداران ھەر رێگەیەک بگرنەبەر جێگەی باوەری خەلک نین.
گوڵاڵە سدیق دراو یان پارە بە گرنگترین هۆکاری مامەڵەکردن و ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان دادەنرێت بۆ کڕینی شتومەک و خزمەتگوزاری لەنێوان دەوڵەتەکاندا، یان لە ناوخۆی هەمان دەوڵەت لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگادا. لە سەرەتادا دراوی ئاڵتون و مس بەکار دەهێنرا و بەهۆی کێشیانەوە نرخ و بەهاکەی دەستنیشان دەکرا، بەڵام بەهۆی گەشەسەندی بازرگانی نێوان دەوڵەتەکان و دروستبونی ئاستەنگ بۆ بازرگانەکان بەهۆی زۆری کێش و قەبارەی دراوە کانزاییەکانەوە، وە بەمەبەستی ئاسانکاری بۆ بازرگانەکان، ووڵاتی چین یەکەم ووڵات بوو هەستا بەچاپکردنی دروای کاغەز، نرخی دراوە کاغەکە دیاریدەکرا بەبڕی ئەو ئاڵتونەی کە دەتوانرێ بەو پارە کاغەزە بکڕدرێت. لە کۆندا هەر دەوڵەتێک هەوڵی چاپکردنی دراوی کاغەزی بدایە، دەبوایە بە تەواوەتی بەقەدەر نرخی ئەو پارەیەی کە چاپی کردوە ئاڵتونی بەرامبەر دابنایە لە بانکی ناوەندی، وە بانکی ناوەندی زۆر بەئاسانی ئاڵتونی دەدا بە هەر تاکێک کە دراوێکی کاغەزی بۆ ببردایە، بەجۆرێک هەر جۆرە دراوێکی کاغەز بڕەکەی بەیاسا دیاریکرابوو چەند ئاڵتون دەکات. بە تێپەڕبونی کات و فراوانبونی بازرگانی ئەم یاسایە بەرەو کاڵبونەوە چوو، لە ئێستادا بانکە ناوەندییەکان بەرامبەر چاپکردنی دراوی وڵاتەکەیان جگە لە ئاڵتون دەتوانن دراوی ئەجنەبی و سەنەدات دابنێن وەک پاڵپشتیەک بۆ ئەو دراوە نیشتمانییە کە چاپی دەکەن، وە ئەوەی نرخی ئەو دراوە چاپکراوە دیاری دەکات، هێزی ئابوری ئەو ووڵاتەیە لە بازاڕی نێودەوڵەتیدا. دەوڵەت خاوەنی دەسەڵاتی ڕەهایە بۆ چاپکردنی دراو، دەتوانێت هەر بڕە پارەیەک کە بیەوێت و چاپی بکات، کەواتە بۆ دەوڵەت ئەو کارە ناکات تا وڵاتەکەی لە قەیرانی کورتهێنانی بودجە و قەرز بپارێزێت؟ چاپکردنی دراوی زۆر، بەبێ هیچ پاڵپشتێکی نەختینەیی، لە ڕوی شکڵییەوە پارەیەکی زۆر دێتە وڵاتەوە و کورتهێنان لە بودجەدا پڕ دەکاتەوە، بەڵام لە ڕوە ئابورییەکەیەوە ئەم جۆرە چاپکردنە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بەهای ڕاستەقینەی دراوەکە، دراوەکە نرخە ڕاستەقینەکەی خۆی لەدەست دەدات، وە ئابوری دەوڵەت بەرەو داڕوخان دەبات. چونکە کاتێک کە دەوڵەت بێ گوێدانە پاڵپشتی نەختینەیی و قەبارەی ئابوری وڵاتەکەی و قەبارە و ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی ووڵاتەکەی دراوی زۆر بە چاپ بگەیەنێت، ئەوا نرخی کاڵاو شتومەک و خزمەتگوازرییەکان لەو وڵاتەدا بەرز دەبێتەوە و هاوڵاتیان هیچ سودێک لەو خستنەڕوە وەرناگرن. وە ئەم جۆرە خستنەڕوە و چاپکردنە تەنها بۆ مامەڵکردنی ناوخۆیی بەچاپ دەگەینرێت، ئەگینا لەڕوی نرخی کاڵا و شتومەکەوە بازاڕی ناوخۆی وڵاتەکەی بەرەو هەڵئاوەسان دەبات و کاڵا و شتومەکەکان نرخە ڕاستەقینەکەی خۆیان لەدەست دەدەن و نرخیان بەرز دەبێتەوە. کەواتە هەر جۆرە چاپکردنێکی دراوی نوێ بەبێ پاڵپشتی نەختینەیی و ئاڵتون هیچ سودێکی نابێت، وە لە ئەگەری هانا بردنی دەوڵەتی عێراق بۆ ئەم دەرفەتە ئەوا نرخی دراوی عێراقی دادەبەزێت، وەک ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردو یان وەک ووڵاتی فەنزوێلا نرخەکان بەرزدەبنەوە.
د.هاوار كەمال دوشەممەی ڕەش جەنگی نەوتی سعودی-ڕوسی و لێکەوتەکانی سعودییە كە لە ئاداری 1938دا یەكەمین بەرمیل نەوتی لە بیری(دمام-7) بەرهەمهێنا كە دواتر ناونرا (بیری خێر). بەم جۆرە لەو كاتەوە سعودییە قۆناغ بە قۆناغ پێگەی خۆی لە بازاڕیی نەوتی جیهانیدا كردەوە‌و لە ئێستادا یەكێكە لە سێ وڵاتە زەبەلاحەكەی بەرهەمهێنەلاری نەوت. هەربۆیە كاریگەریی دیاریی لە دیاریكردنی نرخ‌و بەرهەمهێنانی نەوتدا هەیە. لەم ڕووەوە، لە سایەی ئەو دابەزینەی بازاری نەوتی نێودەوڵەتی بەخۆیەوە بینی بە هۆی كەمبوونەوەی خواست‌و بەكارهێنانی نەوت لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا(كۆڤید-19). ئابووریی جیهان لەرزینێكی تووندی پێكەوت. ئەمە لە كاتێكدابوو، سعودییە لە 9ی ئاداری 2020دا جەنگێكی ئابووریی دژی ڕوسیا ڕاگەیاند، كە بووە هۆی دابەزینی لە ناكاوی بەهای نوت بۆ كەمتر لە نیوەی نرخەكەیی‌و بەهای ڕاستەقینەی لەدەستدا كە لە جەنگی كەنداوی دووەمەوە 1991، گەورەترین دابەزینە لە بازاڕیی نەوت كە بەم جۆرە بەردەوام بێت لە دابەزینی زیاتر. لێرەوە بەهای پشكەكانی كۆمپانیای نەوتی ئارامكۆی سعودیی‌و ڕۆزەنەفتی ڕوسی بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیی. سەرەڕای داڕوخانی بەهای نەوت، كەچی ئەمە ڕێگر نەبوو لەوەی سعودییە بەردەوامی بدات بە نوقمكردنی بازاڕی نەوتی جیهانی لە ڕێگەی زیادكردنی بەهەمهێنانی نەوت لە 9 ملیۆن بەرمیلەوە بۆ (13) ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە. ئەمەش زیادبوونێكی خەیاڵییە لە مێژووی كەرتی نەوتی سعودییەدا. بەو هەنگاوە سعودییە ڕۆژانە نزیكەی (300)ملیۆن دۆلار زیان دەكات بە پێی ڕاپۆرتێكی 20ی ئاداری ڕابردوو. دۆخێكی وا وڵاتانی تری بەرهەمهێنانی نەوتی هاندا بۆ زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ قەرەبووكردنەوەی لێكەوتە نەرێنییەكانی دووشەممەی ڕەش لەسەر ئابوورییەكەیان. لە ڕاستییدا پێش هەفتەیەك لە دەستپێكردنی جەنگی نەوتی سعودیی-ڕوسی، سعودییە پێشنیاریی كرد بۆ وەزیرانی ئۆپیك ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت كەمبكەنەوە، كاتێك نرخی بەرمیلێك نەوت لە شوباتی ئەمساڵدا بۆ(50) دۆلار دابەزیی بە هۆی كەمبوونەوەی كەرتی گەشتیاریی‌و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، بەڵام ڕوسیا ئەو پێشنیارەی ڕەتكردەوەو ڕایگەیان، دەستدەكات بە بەرهەمهێنان‌و فرۆشتنی نەوت بە شێوەیەكی تاكلایەنە. ڕِیاز ئەم هەنگاوەی مۆسكۆی بە هەڕەشە‌و ئاڵنگاریی(تحدی) لێكدایەوە‌و بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی بۆ (13) ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێكدا بەرزكردەوە. ڕوسیا پێی وایە، كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت كە چوار ساڵە بەردەوامە، لەو ڕێگەیەوە كۆمپانیا نەوتییەكانی ئەمریكا ئەو كەمكردنەوەیان قۆستۆتەوە‌و پێگەو ڕۆڵیان لە بازاڕیی نەوتدا چالاكتر بووە. ئەمەش ڕاستی دیدگای ڕوسیایە، كە ئەمریكا لە ساڵی 2019دا پلەی یەكەمی لە بەرهەم هێنانی نەوتی لە ڕوسیا وەرگرت لەسەر حسابی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت. لەگەڵ ئەوەشدا كە ڕوسیا‌و سعودییە زیانێكی گەورەی ئابووریی دەكەن، كە ڕوسیا (37%)ی ئابووری وڵاتەكەی پشت بە نەوت دەبەستێت‌و سعودییەش (67%)، بەڵام ئەم جەنگە زەنگێكی مەترسیدارترە بۆ ئابووریی ئەمریكا، چونكە كۆمپانیاكانی نەوتی خاوی ئەمریكی مایەپوچ دەبنەوە، لەبەرئەوەی تێچوی دەرهێنانی بەرمیلێك نەوتی خاوی ئەمریكی(30$) تێدەپەڕێنێت. لە كاتێكدا تێچوی دەرهێنانی بەرمیلێك نەوت لە سعودییە(9$)و لە ڕوسیا(19$). بەمەش ئەگەر بەرمیلی نەوت بۆ (25$) دابەزێت پڕۆسەی بەرهەمهێنانی نەوتی بەردینی ئەمریكی دەوەستێت. بەپێی هەڵسەنگاندنە نێودەوڵەتییەكان، سعودییە كورتهێنانی بودجەی لە ساڵی 2020دا بە ڕێژەی 16%دەبێت لە كاتێكدا لەمساڵدا 6% ئەویش ئەكەر ناوەندی نرخی بەرمیلێك نەوت(40$) بێت. سعودییە هەوڵدەدات دەست بۆ یەدەگی نەختینەی وڵاتەكەی نەبات‌و بە قەرزكردن ئەو كورتهێنانە پڕبكاتەوە. هەرچی وڵاتانی تری كەنداوە بە نموونە كاریگەریی ئەم جەنگەیان بە ڕێژەی جیاجیا لەسەر بەدیاردەكەوێت. بۆ نموونە، عومان كە بودجەی وڵات بە ڕێژەی(44%) پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت لە كاتێكدا كورتهێنانی بودجە (62) ملیۆن دۆلار تێدەپەڕێنێت، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە پلانیان بۆ قەرزی دەرەكی داناوە بۆ هاوسەنگكردنەوەی باری لاری ئابووری وڵاتەكەیان. هەرچی بەحرەین نموونەیەكی ترە كە ڕۆژانە(500) هەزار بەرمیل نەوت بەهەمدەهێنێت، بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانەكانی ئەم جەنگە ڕۆژانە پێویستی بە یەك ملیۆن دۆلارە بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجەی وڵاتەكەیان. لە كاتێكدا ئەم نرخ دابەزینە بەردەوام بێت بەحرەین نیوەی داهاتی خۆی لەدەست دەدات. باری مەترسیدار لەسەر ئابوری عێراقە كە (93%) بودجە پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت. عێراق ڕۆژانە نزیكەی (100)ملیۆن دۆلار زیانی پێدەگات، چونكە لە كاتێكدا حكومەت نرخی نەوتی بە (56$) خەمڵاندووە بۆ بودجەی 2020 كە هێشتا بەهۆی كێشەی پێكهێنانی حكومەتەوە لە پەرلەمان تێنەپەڕێندراوە. ئەمەش هۆشدارییەكە بە قەیرانێكی چاوەڕوانكراو وڵات دەگرێتەوە كە كورتهێنانی بودجە بە(40) ملیۆن دۆلار خەمڵێندراوە ئەگەر بارودۆخی بازاڕیی نەوت بەم جۆرە بەردەوامبێت. هەرچی وڵاتانی تری وەك قەتەر كە زیاتر پشت بە هەناردەكردنی غازی سروشتی دەبەستێت‌و ئیمارات‌و كوەیتیش كاریگەرییەكانی ئەم جەنگە كەمتر دەبێت. بەڵام كاریگەریی لەسەر وڵاتی جەزائیر گەورەو تووندە. لە سایەی جەنگێكی لەم جۆرەدا، كە كاراكتەرە بەهێزەكانی ئابووریی جیهانی ڕۆڵی تێدا دەگێڕن. حكومەتی هەرێم دەبێت بەباشی تێبگات، بەرگریی لە بەرامبەر متبوونی بازاڕ‌و، ژیانی خەڵك‌و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە تەبەڕوعاتی خەیریی‌و سەدەقەی خەڵكی تێناپەڕێت. بە دەیان وەزیرو پەرلەمانتار بە وتار و داتای جۆراوجۆر‌و دڵەڕاوكێ جدییان دروستكردووە‌و سەریان لە بازاڕ‌و خەڵك‌و حكومەت تێكداوە. بە جۆرێك وەزیر هەیە هیچ پەیوەندییەكی بە ئابوورریەوە نییە‌و لە جیاتی هەموان ڕایدەگەیەنێت حكومەت دەستكاریی موچە دەكات یان نا!! جیا لەوە، بێ متمانەیی لە نێوان خەڵك‌و بە ئاشكرا لەتبوونی نێوانی حیزبەكان ئەگەرچی تاكتیكیش بێت، ئەمە لە پاڵ كۆنترۆڵی نوخبەیەكی باڵادەستی حیزبی مەترسیدار، كە بازرگانی نەوت‌و ناوخۆیان قۆرخكردووە تاڕادەیەكی باش. بە جۆرێك بوونەتە گرفت بۆ حیزبەكانی خۆشیان. لەلایەكی ترەوە نادیاریی مەلەفی نەوت لە خەڵك‌و ناوەندە ئابوورییە جیهانییەكان. كارێكی وای كردووە، هەرێمی كوردستان نەتوانێت ڕەسیدێكی جێگیری هەبێت لە بازاڕیی ئابووریی جیهانی‌و بانكە قەرزدەرە نێودەوڵەتییەكان. بانگەشەی میراتی (25) ملیار دۆلاری سەرۆكی حكومەت لەكاتی وەرگرتنی سەرۆك وەزیری‌و دەیان مەلەفی هەڵپەسێردراو لە نێوان هەولێر‌و بەغداد‌و ئەو بارودۆخەی لە ناوچەكە دەگوزەرێت موژدەبەخش نین بۆ ئایندەیەكی ئابووریی باشتر لە داهاتوودا. هێشتا ئاماژەی خراپ هەن سەبارەت بەوەی ئاسان نییە پەتای كۆرۆنا بە ئاسانی تێپەڕێت. بە تایبەت لە ئێستادا تەواوی ژیانی لە زۆرێك لە وڵاتانی جیهان وەستاندووە. ئەمانە لە پاڵ ئەو بانگەشە‌و هەڕەشانەی سەرۆك ترەمپ دەیانكات سەبارەت بە خستنەوە سەر سكەی نرخی نەوت ئەگەر بە فشاری ئەمریكاش بێت، هەروەها جموجوڵی گوماناوی سوپای ئەمریكا لە بنكە سەربازییەكان‌و تاڕادەی هەڕەشەی داتەپاندنی ئابووری عێراق‌و مامەڵەی هاوتەریبی وەك ئێران لە بەرامبەر حكومەتی عێراق لە حاست بێدەنگی لە هێرشە ناوبەناوەكانی میلیشیاكانی سەربە ئێران بۆ سەر سەربازانی ئەمریكا. هەموو ئەمانە ئاماژەی مەترسیدارن‌و بێ حساب تێناپەڕن، بێگومان لە ئەگەری پێكدادانی سەربازیی ئەگەرچی سنورداریش بێت، چەقی پێكدادانەكان گۆڕەپانی عێراق دەبن‌و كوردستانیش وەك بەشێكی نفوزی ئەمریكا زیانی گەورەی بەردەكەوێت. موشەكە ئاڕاستەكراوەكان بۆ سەر بنكەكانی ئەمریكا لە هەولێر ئاماژەی ڕوون بوون بۆ سەركردایەتی كورد. بە كورتی ئاڵۆزترین سەردەمی پڕكێشەی سیاسی‌و ئاسایشی‌و ئابووریی گەمارۆ حكومەتی هەرێمی داوە‌و پێویستی بە عەقڵێكی ستراتیجی‌و كارێكی پێكەوەیی هەماهەنگی جەماوەر‌و حكومەت‌و حیزبەكان هەیە بۆ تێپەڕاندنی بە كەمترین زیان، پێچەوانەكەشی زیانی قەرەبوو نەكراوەی بەدوادا دەبێت.
ئەبوكاروان ئەرکی حزبی سیاسیی نییە خواردن و خوارده‌مه‌نی دابەشبکات به‌سەر چەند خێزانێکی ھەژارو زەحمەتکیش و ده‌رامه‌ت سنورداردا. بەھاوکاریکردن و یارمەتیدانی چەند ماڵێک ھیچ لە کێشەکان ناگوڕێت، لە کاتیکدا لە ھەریمی کوردستان زیاتر لە ملیونێک و چوار سەد ھەزار موچە خۆری ھەیە و ئێستا مانگی چوارەو کەچی بەشێکی زۆری مووچە خۆران موچەی كۆتا مانگی ساڵی رابردوویان وەرنەگرتووە، ئێ باشە چارەسەری ھەزاران ھاووڵاتی پێشەوەر و ئەوانەی کاری ڕۆژانە دەکەن و به‌و داهاته‌ی ڕۆژانه ده‌ستیان ده‌كه‌وێت ده‌ژین و ئێستا لە ماڵەوە ئاخێنراون چیدەکەن و چێبکەن؟ به‌چی بژین؟ بۆ چاره‌سه‌ری هه‌ژاری ده‌بێ سیسته‌مێك هه‌بێ، سیسته‌مێك كه به‌راسته‌قینه هه‌ژار لێی سودمه‌ند بێت، نه‌وه‌ك هاوكارییه‌ك كه زیاتر له موزایه‌ده و نمایش ده‌چێ. بەڵێ ئەرکیی حزبی سیاسیی هه‌وڵدانه بۆ گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات و، له‌و ڕێگه‌یه‌شه‌وه به‌رنامه سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌ی جێبێبه‌جێ بكات و هه‌روه‌ها ئه‌ركی حزبی سیاسیی ھۆشیارکردنەوەی جەماوەرە و داکوکی کردنە لە مافە ڕەواکانییان، ئەرکی حزبه سیاسییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بریتییه له‌پێشرەوایەتی جەماوەرە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەم دەسەڵاته کە ساڵانیکە دەستی لە قۆرگی ئەم گەلەدایە، ئاخر دەسەڵاتیک ھێشتا دەستی نەبردوە بۆ کەمترین توانای ماددی خۆیان و حزبەکانیان لە ژێر زەمینەکان و بانکەکانی دەرەوە دەربھێنن و تاوه‌كو کەمترین ھاوکاری خەڵکی ڕەش و ڕووتی ئەم گەلە بکەن کەچی هه‌ندێ حزبی سیاسیی بەدەم داخوازییەکانی ئەم دەسەڵاتەوە بێن و کۆمەک کۆبکەنەوە. ئاخر تائێستا کەناڵیکی ڕاگەیاندنیان لەو ژماره زۆره‌ی كه‌ناڵ ڕاگرتووه؟ تاوه‌كو کەمێ لەو بوجە زەبەلاحەیان كه‌مكاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی حزبی سیاسبی خیرو صدقه کۆبکاتەوە و دابەشی چەند خێزانێکی ھەژارو کەم درامەت بکات. حزبی سیاسیی وا ھەیە دەیان خێزانی شەھید دەرگای بارەگای لێ‌گرتوون و سەرکردەکانییان نەک ئامادە نەبوونە ھاوکارییان بکەن، بەڵکو ئامادە نەبوونە بیانبینن کەچی ئیستا کەلوپەل و خۆراک کۆدەکەنەوە و گوایە ھاوکاری خەڵکی بێدرامەت دەکەن، دەزانن گەر بەو ڕووحیەتە لە ناوخۆی خۆدی ئەو حزبانە بەم شیوەییە کاریان بکردایە ئەوا ئەو جەیشە ئەندامه لەدەرەوەی حزب نەدەبوون! بەڵی ئەرکی دەسەڵاتە، دەسەڵات نەک حزب کۆمەکی خه‌ڵك بكات، بەتایبەتی ھێشتا مانگیک تەواو نەبووە کە حکومەتی ھەریم لە قەیراندایە و داھاتی نەوت کەم بووەتەوە. ئەی گەر بەردەوام بێت دەبێت چی بکات؟ ئەگەریش قەیرانەکان بەردەوام بێیت چی دەکات؟ پرسیارێکە و لای ئێمه وەڵامی ڕوونە بەڵام سەرەتاکەی کە بەبڕین و کەمکردنەوەی موچەخۆران دەست پێدەکات.
عومەر عەلی موحەمەد هەرکاتێک پەرلەمان کەوتەژێر هەژمونی پارتە دەسەڵاتدارەکان ,ئیتر ئەوکاتە پەرلەمان ناتوانێت ئەو رۆڵەی کە بۆی دیاریکراوە بیبینێت ,چونکە رۆڵی سەرەکی پەرلەمان بریتیە لە چاودێری حکومەت و لە ئەرک ورۆڵی بەرپرسیارانەی بەرامبەر بە هاوڵاتیان و دانانی سنورێک بۆ حەزو ویستی بەرپرسانی حکومەت و ئەو خواستە حیزبیانەش کە دەیانەوێت بە دەستی بهێنن لە رێگەی ئەو پۆستانەی کە بە دەستیانەوە هەیە . پەرلەمان دەبێت وەک چاوی خەڵک وابێت, هەرکاتێک حکومەت ویستی هەنگاوێک بنێت لە دەرەوەی بەرژەوەندی گشتی و خواستەکانی خەڵک دەبێت رێگەی پێنەدات و رای بگرێت . ئەم دیدە تیۆریەی کە ئێمە باسی دەکەین بۆ پەرلەمانێکە کە لە نێو سیستمێکی سیاسی دیموکراتیدا بێت .بەڵام لە ناو سیستمێکی بێ دەستورو خێڵەکی و حیزبی وەک کوردوستان, هەرچیەک بڵێین ناواقیعیە, چونکە لە بارودوخێکی وەک ئەوەی هەرێمی کوردوستان, پەرلەمان تەنها بۆئەوەیە بڵێن هەرێمێکی دیموکراسیەو پەرلەمانی هەیە و لەلای نوێنەری وڵاتانی دەرەوەو قونسوڵی وڵاتان فشەی پێوە بکەن ۰ پەرلەمانی کوردوستان هەرلەدوای ساڵی۱۹۹۲ لە نێوان پارتی و یەکێتی دابەش کراوە, لە هەمان کاتدا حکومەتیش بەو شێوە بوە. لەبەرئەوە هەر لە یەکەم رۆژیەوە پەلەمان کەرەنتینە کراوەو رۆڵی نەبوەو بێکار کراوەو تەنها بۆجوانکردنی کارەکانی حکومەت بوە۰ لەلایەکی تریش کادێرە حیزبیەکانیان ناردوە بۆموچەوەرگرتن و خۆ دەوڵەمەند کردن۰ لەدوای دروست بوونی بزوتنەوەی گۆران هەلێک هاتە پێش بۆ دروبستبوونی پەرلەمانێکی کاراو چالاک۰ بەڵام لە دوای هەڵبژاردنی ۲۰۱۳ ئە وەشیان لە باربردو دەرگای پەرلەمانیان داخست و بەدرێژایی دو ساڵ نەیانهێشت هیچ رۆڵێکی هەبێت ۰ بۆهەڵبژاردنی ۲۰۱۸ نەخشەیەکی ترسناکیان دارشت ئەویش بەسود وەرگرتنبوو لە ئەوتەزویرە بێ شومارەی کە پارتە عێراقیەکان ئەنجامیاندا لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێەرانی عێراقدا ۰دواجار یەکێتی و پارتیش دەستیاندایە تەزویرو بەبێ گوێدانە دەنگی خەڵک و پڕۆسەی دیموکراسی, کورسیەکانیان دابەش کرد‌و ئۆپۆزسیۆنیان کردە کەمینەو زۆرینەیان بۆخۆیان مسۆگەرکرد۰ چونکە ئامانجی ئەوان دروستکردنی زۆرینەیەک بو لە یەکێتی و پارتی ,ئەمەش بۆئەوەی بەهیچ جۆرێک پەرلەمان جورئەتی ئەوەی نەبێت کەباس لە داهاتی نەوت و خاڵە سنوریەکان بکات و چاودێری حکومەت بکات, ئەوان دەیانویست پەلەمان بکەوێتە ژێر خواستەکانی حکومەت. لە م هەڵبژاردنەدا ئەوەش هاتەدی و بەتەواوی کەرەنتینەیان کرد ۰ ئەم پەرلەمای کە ئێستا هەیە بەویست پارتی و دوایش یەکێتی بو ۰چونکە نە چاودێری حکومەتی پێ دەکرێت نەپڕۆژەیاسیەک لە بەرژەوەندی خەڵک دەردەکات, نە بوجە دێتە پەلەمان تاپەسەندی بکات, نە لەناو خەڵکدیە تابزانێت کێشەکانی چیە ,نە دەتوانێت فشار لە حکومەت بکات و لە بریارێک پەشیمانی بکاتەوە, لەم کاتەشدا کە حکومەت هەرەشەی کەمکردنەوەی موچەی فەرمانبەران دەکات سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت دڵنیام ئەو کارە دەکات و هیچیشمان پێ ناکرێت, لەبەرئەوە ئەم پەرلەمانە هەر لە یەکەم خولیەوە کەرەنتینەکراوە۰ لە ئێستاشدا چونکە زۆرینە تیایدا خۆیانن, وایان لە پەرلەمان کردوە حکومەت چاودێری بکات و ئەو ئەرکی بۆ دیاری دەکات ۰زۆرینەی پەرلەمانتارانیش تەنها فەرمانبەرێکن و مووچە وەردەگرن وەک پێشینان دەڵێن ئیتر ئاو بێنەو دەست بشۆ۰
ئه‌رشه‌د خه‌لیل شوانی هه‌واڵی ساخته‌ش بۆته هۆكاری مه‌ترسی له‌سه‌ر پیشه‌ی ڕۆژنامه‌وانی، ساڵانه له‌گه‌ڵ هاتنی مانگی نیسان به هه‌زاران هه‌واڵی ساخته له ته‌واوی جیهان بڵاو ده‌بێته‌وه، بۆیه به‌شی زۆری خه‌ڵك بروایان به هه‌واڵی ڕۆژی 1ی نیسان نییه، به‌هۆكاری ئه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆژ به ڕۆژی بڵاوكردنه‌وه‌ی فه‌یك نیوز ناسراوه له ته‌واوی جیهان، ئینجا ئه‌م هه‌واڵ و زانیاریانه له خه‌ڵكی ئاسایی یاخود له لایه‌ن ڕۆژنامه‌وانان و ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن بڵاو بكرێته‌وه. له‌ماوه‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ و بڵاو بوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا و كێشه‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌یان هه‌واڵی فه‌یك له‌سه‌ر درێژكردنه‌وه‌ی ئه‌م قه‌ده‌غه و هه‌بوون و نه‌بوونی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاوكرایه‌وه، له دواین جاریش وه‌زیری ناوه‌خۆ به ئاشكرا ووتی سه‌رجه‌م ئه‌م هه‌واڵ و زانیاریانه‌ی له‌سه‌ر پاشكه‌وت و كه‌مكردنه‌وه و ده‌ستكاری ده‌رماڵه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بڵاوكراوه‌ته‌وه هه‌موویان فه‌یك نیوز بوون. ته‌نها له‌ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوو به ده‌یان هه‌واڵ له‌سه‌ر كوده‌تای سه‌ربازی له به‌غدا بڵاوكراوه‌ته‌وه، به‌ڵام هه‌موویان فه‌یك نیوز بوون له تۆره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاو ده‌كرێته‌وه به‌شێوه‌یه‌كی مه‌به‌ستدار. له‌سه‌رده‌می تۆڕه‌كانی سوشیال میدیا زانیاری ساخته به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان بڵاوبۆته‌وه وه به‌رده‌وامیش له زیاد بوون دایه، له ڕابردوودا ته‌نها هه‌ڵه‌یه‌كی بێ مه‌به‌ست بوو له بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵێ ساخته، به‌ڵام له ئێستادا زۆر جار بووه به كارێكی داڕێژراو بۆ ئامانجێكی دیاریكراو، به‌هۆی خۆڕسكی بێ بوونی هیچ ڕێكخستنێكی چاودێری كه ده‌ست ببات بۆ ئازادی ڕا ده‌ربڕین. رۆژنامه‌نووسان له‌ماوه‌ی ڕابردودا ته‌نها سه‌رچاوه‌كان نه‌بوون بۆ به‌لارێدابردن به‌ڵكو بون به قوربانیش، له ئێستادا هه‌وڵێك هه‌یه بۆ به ئامانجكردنی ڕۆژنامه‌وانان له ڕێگای هه‌واڵی داڕێژراو بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری هه‌ڵه به‌شێوه‌یه‌كی دارێژراو به‌مه‌به‌ستی به لاڕێبردنی سه‌رنجیان و ئاراسته‌كردنیان بۆ ئاراسته‌یه‌كی هه‌ڵه، بۆ لێدان له ڕاستگۆیی و متمانه‌ی هاوڵاتیان به دامه‌زراوه ڕاگه‌یاندنه‌كانیان، دوای ئه‌وه‌ی قوربانیه‌ك ده‌كه‌وێته داویان ئه‌وا ساخته‌یی ئه‌و زانیاریه ئامرازه‌كانی بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاشكرا ده‌كرێت. له‌هه‌رێمی كوردستان به‌شی زۆر ڕۆژنامه‌وانان و ده‌زگاكانی میدیا به‌هۆی جێبه‌جێ نه‌كردنی، یاسای مافی به‌ده‌ستهێنانی زانیاری له هه‌رێمی كوردستانی - عێراق ژماره (11)ی ساڵی 2013، ده‌كه‌ونه ته‌ڵه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری هه‌ڵه. چونكه ئامانجی ئه‌م یاسایه بریتییه له: • ڕه‌خساندنی بوار بۆ هاوڵاتیانی هه‌رێم تا موماره‌سه‌ی مافی خۆیان له به‌ده‌ستهێنانی زانیاری لای دامه‌زراوه گشتی و تایبه‌تییه‌كان بكه‌ن، به‌پێی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه. • پشتیوانیكردنی بنه‌ماكانی شه‌فافییه‌ت و به‌شداریی كارا بۆ چه‌سپاندنی پرۆسه‌ی دیموكراسی. به‌ڵام دوای 7 ساڵ له ده‌رچوونی ئه‌م یاسا له هه‌رێمی كوردستان تا ئیستا كاری پێنه‌كراوه، له هه‌مان كاتێش جیاوازی كردنیش له نێوان ڕۆژنامه‌وان و ده‌زگاكانی سه‌ر به ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی بێ لایه‌ن و ئۆپۆزسیۆنن له پێدان و بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیارییه‌كان ده‌كرێت، بۆیه به‌شێك له هۆكاری بڵاوبوونه‌وه‌یی هه‌واڵی فه‌یك ئه‌مه‌یه له كوردستان. هه‌واڵی ساخته‌ش بۆته هۆكاری مه‌ترسی له‌سه‌ر پیشه‌یی ڕۆژنامه‌وانی بۆیه ده‌بێت ڕۆژنامه‌وانان خۆیان بپارێزن له ته‌ڵه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری هه‌ڵه، وه دڵه‌راوكێی تووشی رۆژنامه‌نووسان كردووه، به‌پێی ئامار‌ی ساڵی 2019 كۆمیته‌ی پارێزگاری له رۆژنامه‌نووسان (CPJ) میسر و توركیا خراپترین وڵاتن. رێژه‌ی ده‌ستگیركردنی رۆژنامه‌نووسان به‌هۆی (هه‌واڵی ساخته‌وه- فه‌یك نیوز) له‌سه‌ره‌تاسه‌ری جیهان و به‌تایبه‌تی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئاسیا و ئه‌فریقیا، ڕووی له‌زیادبوون كردووه. له ساڵی 2019، زیاتر لە 45 رۆژنامه‌نووس له جیهاندا به‌هۆی هه‌واڵی فه‌یكه‌وه ده‌ستگیركراون. له‌كاتێكدا له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا زۆرترین هه‌واڵی فه‌یك بڵاوده‌كرێته‌وه به‌ڵام رۆژنامه‌نووسێكی له‌سه‌ر ده‌ستگیرنه‌كراوه، به‌ڵام وڵاتانی وه‌ك میسر و توركیا له لوتكه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ن كه زۆرترین رۆژنامه‌نووسیان ده‌ستگیركردووه. له ساڵی 2012 ته‌نیا یه‌ك رۆژنامه‌نووس له جیهاندا به تۆمه‌تی فه‌یك نیوز خراوه‌ته زیندانه‌وه، 2014 ئه‌م ژماره‌یه بووه به 14 و به‌شێوه‌یه‌كی دراماتیكی له 2016 بووه به 16، به‌ڵام له 2019 ئه‌م ژماریه به‌هۆی وڵاتانی وه‌ك میسر و توركیا و سۆماڵ و كامیرۆن-ه‌وه بووه به 49 رۆژنامه‌نووس. له 1992ه‌وه تا 2019 ، 120 رۆژنامه‌نووس ده‌ستگیركراون له‌سه‌ر تۆمه‌تی فه‌یك نیوز، به‌ڵام نیوه‌ی زیاتری ئه‌و ژماره‌یه له 2012 بۆ 2019، كه ئه‌مه رۆژنامه‌نووسان تووشی نیگه‌رانی ده‌كات. هۆكاره‌كانی زیاد بوونی فه‌یك نیوز له ته‌واوی جیهان به‌شێكی بۆ په‌ره‌سه‌ندنی ئینته‌رنێت ده‌گه‌ڕێته‌وه له جیهاندا. به‌شێك له‌و ده‌وڵه‌تانه و له هه‌رێمی كوردستانیش كار به یاسای میدیای كاغه‌زی ته‌قلیدی یاخود یاسای خراپ به‌كارهێنانی ئامێری په‌یوه‌ندی كردن لێپێچینه‌وه له رۆژنامه‌نووسان ده‌كه‌ن. هه‌واڵ بووه به هه‌واڵسازیی و، كه‌سانێكی كه‌میش هه‌واڵی ساخته ساز ده‌كه‌ن به‌ڵام كه‌سانێكی زۆر ، به‌نیه‌ت و مه‌به‌ستی باش هه‌واڵه ساخته‌كه‌ی ده‌گوازنه‌وه بۆیه له‌م تۆڕه فراوانه‌ی پڕ له‌هه‌واڵی ناڕاست و ساخته‌یه‌دا مرۆڤی باش وه‌ك نه‌یه‌وێت هه‌واڵی ساخته ساز بكات، ناشبێت هه‌موو هه‌واڵێك بڵاو بكاته‌وه نه‌بادا خۆبه‌خشانه ببێته په‌یامنێری ساخته‌كاران بۆ كه‌سێك یاخود لایه‌نێكی دیاری كراوی حكومی یاخود حیزبی. به‌م دواییانه له هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی ملمڵانی سیاسی له نێوان حیزبه‌كان یاخود كه‌سه سیاسیه‌كان به‌ده‌یان وێنه و ڤێدیۆی فه‌یك و ده‌ستكاری كراوه له‌سه‌ر سه‌ركرده و كه‌سیاتیه‌كان به‌شێوه‌ی فه‌یك و ده‌ستكاری كرا‌و بڵاوكراوه‌ته‌وه، بۆیه پێویسته ڕۆژنامه‌وانان و خوێنه‌ر و بینه‌ره‌كان ووردبن له جیاوازی كردن له نێوان بابه‌تی بینراو هه‌ڵه و ده‌ستكاری كراوه‌كان. به‌ڕای من ئه‌گه‌ر هه‌واڵی ساخته‌ش به‌م شێوه‌ی ئیستا ببێته هۆكاری مه‌ترسی له‌سه‌ر پیشه‌ی ڕۆژنامه‌وانی له ته‌واوی جیهان، داهاتووی ئه‌م پیشه‌یه بۆ ڕاگه‌یاندنی به‌دواداچوونی قووڵ و بنكۆڵكارییه ، له‌م سه‌رده‌مه‌دا كه كۆتا هه‌نگاوه‌كانی ڕاگه‌یاندنی كۆنه‌باو و سه‌ره‌تای هه‌نگاوه‌كانی خۆ دامه‌زراندنی ڕاگه‌یاندنی بنكۆڵكاری یه، و له‌م جیهانه ده‌بیت له‌وه دڵنیابین كه تیایدا زانیارییه‌كان نادرێن، به‌ڵكوو ده‌بێت بسه‌ندرێن. چونكه ڕاگه‌یاندنی به‌دواداچوون ( بنكۆڵكاریی) نوێترین مۆدێلی ڕاگه‌یاندنه و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بارودۆخی ئاڵوزی ژیان و په‌یوه‌ندییه پێكداچووه‌كانێتی و به‌دوای شته نه‌وتراوه و نه‌زانراوه‌كان.
مەریوان وریا قانع بیرکردنەوە لە دەرەنجامەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ژیانی کۆمەڵگاکان ھێشتا لە سەرەتای سەرەتاکاندایە و ئەوەی ھەیە و دەگوترێت جگە لە کۆمەڵێک ڕا و ھەندێک چاوەڕوانیی تایبەت زیاتر نییە. کەسانێک ھەن باس لەوەدەکەن دونیای دوای تەواوبوونی ئەم ڤایرۆسە ھەمان دونیای بەر لە ھاتنی ئەم ڤایرۆسە نابێت، نە سیستمی نێودەوڵەتیی، نە ئابوریی، نە وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانە، ھیچیان وەک خۆیان نامێننەوە. کەسانێکی تر ھەن تا ئەو شوێنە دەڕۆن و باس لە کۆتایی کایپتالیزم و ھاتنەکایەی دونیایەکی تەواو تازەدەکەن، کە بە دونیای سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم ناویدەبەن، بەڵام سۆسیالیزم و کۆمۆنیزمێك جیاواز لەوەی لە سەدەی بیستەمدا بینیمان. بە پێچەوانەی ئەمانەوە کەسانێکی تر باس لە بەھێزبوونی زیاتری ناسیۆنالیزم و دەوڵەتی نەتەوەیی و داخرانی کۆمەڵگاکان دەکەن و پێیانوایە ئەو سنوورانەی لە ئێستادا و بەخێرایی لە نێوان وڵاتەکاندا داخران، بە ئاسانی ناکرێنەوە. سنوورە جوگرافییەکانیش بکرێنەوە سنوورە نەفسیی و سایکۆلۆژییەکانی دوای ڤایرۆسەکە دەمێنن. کەسانێکی تر باس لە بەھێزبوونی زیاتری پێگەی سیستمە تۆتالیتارییەکان و توانا ترسناکەکانی دەوڵەت لە کارانتینەکردن و چاودێریکردن و ئاراستەکردنی مرۆڤدا دەکەن و دونیای دوای کۆتایی ئەم ڤایرۆسە وەک دونیای بەرتەسکبوونەوەیەکی گەورە و ھەمەلایەنی ئازادییە تاکەکەسیی و دەستەجەمعیەکان دەبینن. لە دونیای ئێمەشدا بڕێک لە ئیسلامییەکان باس لە تۆڵە و توڕەبوونی خودا دەکەن و کرۆنا وەک ”سەربازێکی ون“ی خودا بۆ بەگژاچوونەوەی مولحید و دژە ئیسلام و بێدینەکان دەکەن و چاوەڕوانی ئەوەن دونیای دوای کۆتایی کۆرۆنا دونیای ئەو دینە و ئەو خودایە بێت کە ئەوان دەیناسن. بە بۆچوونی من سەرجەمی ئەم بۆچوونانە جگە لە دەربڕینی ھەندێک ڕا و چاوەڕوانیی تایبەت، شتێکی تر نیین. بەشێکی زۆری ئەم بۆچوونانەش بەر لە پەیدابوون و ھاتنی ڤایرۆسەکە ھەر ھەبوون و لەئارادابوون، ئەوەی ئێستا ڕووئەدات پێداگرتنەوەیەکی زیاترە لەسەر ئەو بۆچوون و ڕوانینانە. بە بۆچوونی من ئەوەی ڕووئەدات یەک پرۆسەی ھاوبەش و لێکچوو نابێت لە ھەموو جیھاندا، لە ناوچە جیاوازەکانی جیھاندا شتی جیاواز ڕووئەدات و گۆڕانکارییەکان یەک شێوە و یەک جۆر و بەیەک ئاراستە نابن. لە وڵاتە دیموکراسییەکاندا نە کاپیتالیزم لە ناودەچێت و نە کۆمۆنیزم جێگەی کاپیتالیزم دەگرێتەوە، ئەوەی ڕەنگە ڕووبدات دانانی کۆمەڵێک سنوورە بۆ سیاسەتی نیولیبرال و ھێنانەکایەی فۆرمێکی نوێ لە ”دەوڵەتی خۆشگوزەرانیی“. لەمەش زیاتر ئەگەری ئەوە گەورەیە ئەم وڵاتانە لە جاران زیاتر بەرگریی لە چوارچێوەکانی دەوڵەتی نەتەوەیی بکەن و جۆرێک لە پاشەکشە بۆ ناو ئەو چوارچێوانە ڕووبدات. لە سیستمە دیکتاتۆریی و دەسەڵاتگەرەکان و لەو سیستمانەشدا کە دیموکراسییەتیان کورتکردۆتەوە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن بەتەنھا، بە ھەموو تەکنیکەکانی تەزویرکردنەوە، ئەگەری ئەوە گەورەیە تەکنیکەکانی کەرانتینەکردن و دیسپلینکردن لە فۆرمی نوێ‌دا بەکاربھێنرێن و فراوانتر و کاریگەرانەتر بەکاربھێنرێن. سەرجەمی قەیرانەکەش وەک وزەیەک بۆ بەھێزکردنی دەسەڵاتی ئەوتۆریتیاریانەی خۆیان و ھاوشێوەکانیان بخەنەگەڕ. لەو ناوچەیەی ئێمەشدا کۆمەڵگاکان لەبەردەم دوو ئەگەری سەرەکییدان. یەکەمیان ئەگەری درێژەپێدان و بەھێزکردنی زیاتری سێکتاریزمیی دینیی و سیاسیی و خستنەگەڕی نوخبە حوکمڕانەکان بۆ ھەموو ئامرازێک لە دەسەڵاتدا بیانھێڵێتەوە، تەنانەت بە بەردەوامیدان بە جەنگ و پێکدادانە خوێناویەکان. ھاوکات درێژەدان بە بەکارھێنانی تەکنیكيەکانی کەرەنتینەکردن و کۆنترۆڵکردن بۆ سەپاندنی ئەو مۆدێلە لەدەسەڵات. ئەگەری دووھەمیان کەڵەکەبوونی زیاتری توڕەبوون و وەڕسبوونی چەندان ھێزی کۆمەڵایەتییە کە ھاتنی ڤایرۆسەکە ماندووتر و بێئومێدتر و ھەژارتری خستون. ئەوەی من ھیوادارم دوای تەواوبوونى ئەم ڤایرۆسە ڕووبدات، دروستبوونی تاکەکەسێکە لە جاران سیاسی‌تر و لە جاران سەرقاڵتر بە مەسەلە سەرەکیی و گشتییەکانی ژیانی گشتیی ناو کۆمەڵگای ئێمەوە. تاکەکەسێک سیاسەت کورتنەکاتەوە بۆ چالاکیی دزیی و جەردەیی و مرۆڤکوشتن و یەکسانی نەکات بە درۆکردن و لەخشتەبردن، تاکەکەسێک سیاسەت وەکو ھەوڵی پێکەوەیی مرۆڤ وێنابکات بۆ دروستکردنی ژیانێکی ھاوبەش و گونجاو، کە لەپاڵ کۆمەڵێک ماف و ڕزێگرتندا، شوێنی ھەمووانی تێدا ببێتەوە.
د.حلمی رەسول رەزا دوای ئەوەی کێشەی داعش تارادەیەک لە ڕووی سەربازییەوە کۆتایی هات، زنجیرەیەک پرس و کێشەی تر بەرۆکی بەم وڵاتە گرتوە؛ لەوانە پرسی بوونی گەندەڵی و شێوازی حوکمڕانی، وەڵام وەرنەگرتنەوەی داواکارییەکانی خۆپیشاندەران، بەهەڵپەساردراوی مانەوەی پەیوەندیەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، لەگەڵ ئەوانەشدا خراپی دۆخی پەیوەندی نێوان حەشدی شەعبی و ئەمریکا کە تا دێت بەرەو هەڵکشان دەچێت، کە دیارە ئەمە بەشێکی پەیوەندی راستەوخۆی بەخراپی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌مریكا و ئێرانەوە هەیە. لێرەدا ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێ بکرێت، قورس بوونی ئەرکی سەرۆک کۆماری عێراقە، سەرۆک کۆمار وەک پارێزەری دەستور و ڕاگری هاوسەنگی دۆخەکە لە نێو کوتلە سیاسیەکان و راگرتنی پەیوەندی نێودەوڵەتی. به‌رهه‌م ساڵحی سه‌رۆك كۆمار؛ لەزۆر بۆنەدا ئەوەی دوپات کردبوەوەو هەوڵیشی دەدا تا عێراق به‌دووربگرێت له چوونه ناو ته‌وه‌ربه‌ندییه‌كانی ناوچه‌كه، بەپێچەوانەوە هەوڵەکانی بەو ئاراستەیە بوو کە عێراق بکرێتە چەقی هاوبه‌شی به‌یه‌كگه‌یشتنی به‌رژه‌وه‌ندییه ئابوریە جیاوازەکان، هەروەها هەوڵەکان بەو ئاراستەیە بوو تاسیاسه‌تی گشتی ده‌وڵه‌تی عێراقیش له‌سه‌ر بنه‌مای سه‌ربه‌خۆی بڕیارسازی نیشتمانی دابڕیژرێت. بەداخەوە به‌ده‌نگه‌وه‌نه‌هاتنی داواكارییە رەواکانی خۆپێشانده‌رانی شه‌قام، هەروەها په‌رتبوونی لایەنە سیاسییەکان و لەناو ئەوانیشدا ناو ماڵی شیعه و په‌رته‌وازه‌ییان له ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر به‌ربژێرێك بۆ ڕاسپاردنی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتوو، له كۆتایشدا ئه‌وه‌ی زیاتر کێشەکانی خه‌ستتر كرده‌وه، سه‌رهه‌ڵدانی په‌تای كۆڕۆنا و دابه‌زینی نرخی نه‌وت بوو له بازاڕه‌كانی جیهاندا، کە عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی متمانە ئابورییەکەی زیاتر لەسەر بەرهەمهێنانی نەوتە. دوای شكستپێهێنانی محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی له پێكهێنانی كابینه‌كه‌ی و ڕێككنه‌كه‌وتنی هێزه شیعییه‌كان له پاڵاوتنی به‌ربژێرێك بۆ گرتنه‌ده‌ستی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیری ئاینده، به‌رهه‌م ساڵحی سه‌رۆك كۆمار ده‌سه‌ڵاته ده‌ستورییه‌كانی خۆی خستنه‌گه‌ڕ و عه‌دنان زورفی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت ڕاسپارد، سه‌رباری ڕه‌زامه‌ندی مه‌بده‌ئی سه‌ره‌تای زۆرینه‌ی لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر ڕاسپاردنی زورفی، كه‌چی هێنده‌ی نه‌برد، به‌شێك له هێزه نزیکەکانی ئێران، به بیانووی ناده‌ستووری میكانیزمی پاڵاوتنی زورفی له لایه‌ن سه‌رۆك كۆماره‌وه، ده‌ستیان دایه دروستكردنی كۆسپ و ته‌گه‌ره و قۆرتوقولاپی سیاسی، به مه‌به‌ستی له‌باربردنی ڕاسپاردنی زورفی و شكستپێهێنانی كۆششه‌كانی بۆ پێكهینانی حكومه‌تی ئاینده، بەبێ ئەوەی خۆیان بتوانن لەسەر کەسێک کۆدەنگی دروست بکەن. هەرچی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عێراقیشە هەرکەسێک بێت، لەم دۆخە خراپەدا گەر پشتیوانی تەواوەتی نەکرێت لەلایەن کوتلە سیاسیەکانەوە (شیعەو سونەو کورد)، ئەوا ناتوانێ بەرانبەر ئەو هەموو ئاڵینگارییانه بوه‌ستێته‌وه كه به‌رۆكی عێراقیان گرتووه؛ کێشەکانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، پێکهێنانی حکومەتی عێراقی، داتەپینی باری ئابووری و تەشەسەندنی نەخۆشی کۆرۆنا، لەسەروی هەمووشیانەوە ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان ئێران و ئەمریکا. چاودێران پێیان وایه هه‌لی سه‌ركه‌وتن و شكسته‌كانی زورفی له سه‌ركه‌وتن له ئه‌ركه‌كه‌ی به نزیكه‌یی یه‌كسانن، هه‌ر چه‌نده هه‌له‌كانی سه‌ركه‌وتنی زیاترن له هه‌له‌كانی شكستهێنانی، به‌و پێیه‌ی زۆرێك له هێزه شیعییه‌كان گه‌یشتوونه ئه‌و باوه‌ڕه‌ی، ناكریت پەیوەست بوونیان بۆ ئێران چی دیكه به ستایل و شێوازی كۆن به‌رده‌وام بێت، ناشتوانن ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له پڕۆسه‌ی سیاسی عێراقدا ئاوت بكه‌ن، له‌وەش سه‌ختتر ئه‌وه‌ی كه ناكرێت به هیچ كلۆج و بیانوو و پاساوێك، وەڵامده‌ره‌وه‌ی لایه‌نی كه‌می قبوڵكراوی داواكاری خۆپێشانده‌ران نه‌بن. ئه‌مه سه‌رباری ئه‌وه‌ی، ئه‌گه‌ر نیازی ئه‌وه‌یان هه‌بێت شكست به كۆششه‌كانی زورفیش بێنن، كه‌چی هێشتا نه‌یانتوانییوه له‌سه‌ر جیگره‌وه‌یەكی زورفی كۆك و ته‌بابن، چونکە هەموو رەتکردنەوەیەک جیابوونەوەی تر بەدوی خۆیدا دەهێنێت، دیارە ئه‌و ناوانه‌ی باسیشیان لێوه ده‌كریت بۆ جێگرتنه‌ویه زورفی، جێگه‌ی مشت‌ومڕ و ده‌مه‌ته‌قێی نێوان خۆیان و شه‌قامیشن، به‌ڕاده‌یه‌ك كه قبوڵكراوی ناوه تازه‌كان زۆر كه‌متره له قبوڵكراوی زورفی له لایه‌ن شه‌قام و فراكسیۆنه سیاسییه شیعه‌كانه‌وه. لێرەوە ده‌توانین بڵێین كه ڕاده‌ی سه‌ركه‌وتن و شكستهێنانی فه‌رمانڕه‌وایانی عێراق له گه‌یشتنه كه‌ناری ئارام و پاراستنی ووڵات له گێرمه‌وكێشمه‌كانی ناوخۆی و ده‌ره‌كی، په‌یوه‌سته به ڕاگرتنی ئه‌و هاوسه‌نگییه‌ی هه‌ر له سه‌ره‌تاوه سەرۆک کۆمار رەنگ رێژی بۆکرد، چونکە دەستبەردار بوونی یەکجاری لە پشتیوانی ئەمریکا رەنگە بۆ عێراق زۆر قورس بێت، هەروەک ئەوەی کردنەدەرەوەی ئێرانیش لەناو هاوکێشەکە بۆ عێراق کارێکی ئاسان و سەرکەوتوو نابێت. له ئێستاشدا زورفی، به‌و توانستانه‌ی هه‌ندێ له پێگه و كه‌سایه‌تی خۆی، دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوا، نزیكی له زۆرێك له لایه‌نه شیعه‌كان، هه‌روەها هاتنه ناوه‌وه‌ی پاڵنه‌ره‌كانی دیكه‌ی وه‌ك مه‌ترسیداری دۆخی ئابووری وڵات و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا كه دوو فاكته‌ری سه‌رباری دیكه‌ن بۆ زوو پێكهێنانی حكومه‌ت و ده‌ربازكردنی وڵات له ته‌نگژه جۆراوجۆرانه‌ی تێی كه‌وتووه كه ته‌نگژه سیاسییه‌كه كلیلی كردنه‌وه‌ی زۆربه‌یانه، به هه‌موو ئه‌وانه‌ی باسكران، پێنوێنه‌كان به‌لای ئه‌وه‌دا ده‌شكێنه‌وه كه زورفی سه‌رباری ئاسته‌نگ و به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌می، بەڵام کەسایەتیەکی شایستە بێت، بۆ پێکهێنانی حکومەت لەم دۆخەی ئێستادا. خۆ گەر لایەنە سیاسییەکان گوێی بەگرفتە زۆرەکانی دۆخەکە نەدەن و رەتکردنەوەو دانانی سەرۆکی حکومەت بەمەزاجییەتی گروپێکی دیاریکراو لەمەحەک بدرێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە سەر باری ئەو قەیران و گرفتانەی باسکران، ئەوا ئەبێت لەپاڵ ئەوانەشدا چاوەروانی قۆناغێکی زۆر ئاڵۆزتر بکەین بۆ عێراق، کە بەدور نازانرێت، هەموو دۆخەکە بگێرێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەمی سەرەتا وهەموو ئەگەرەو مەترسیەکان بەکراوەیی لەبەردەمدا بمێنێتەوە. له‌دۆخێکی ئاوا‌شدا ناکرێت دووریش بزانرێت دوا سیناریۆی پڕۆسه‌ی سیاسی عێراق، به شه‌رێ خۆبه‌خۆ، یان هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی سه‌ربازی كۆتایی پێ بێت كه كه‌س ناتوانێت ئاكامه‌كانی ئەو ئەگەرانە پێشبینی بكات.
سەرتیپ جەوهەر پرسیار: ستافی یەكێتی و گۆڕان لەكوێی ئەم حكومەتەن؟ پێدەچێت ئەم حكومەتە بەمزوانە راستەڕێ نەبێت. ئەگەر تائێستا ستافێكی تاكڕەوی سێبەر لەباتی وەزیرو كاربەدەستانی دیكەی حكومەت و لەدەرەوەی حیساباتی سیاسی و هاوسەنگی هێز بڕیاریان دابێت، ئەوا ئەمڕۆ بەسەر هەموو دەسەڵاتەكانی دیكەی (پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری)ش بازدەدەن و كورد وتەنی لینگیان لێ شۆڕكردۆتەوە بەسەر ملی هەمووان بارودۆخەكەیان وەك چێشتی مجێو‌ر تێكهەڵشێلاوەو كەسیش نققەی نایەت. وەزیری ناوخۆ وەك میر محێ لەباتی وەزارەتی تەندروستیی و وەزارەتی پێشمەرگەو لێپرسراوی یەكەكانی حەفتاو هەشتا گشتاندن دەردەكات و هەندێجار چاوانیش سوردەكاتەوە. نەحیساب بۆ وەزیرەكان و بگرە پەرلەمانیش ناكات! لەباتی وەزیری تەندروستی سەردانی دەربەندیخان دەكات و لەباتی وەزیری پێشمەرگە گشتاندن بۆ پێشمەرگە دەردەكات و لەباتی ئەنجومەنی دادوەریش لیژنە بۆ ئازادكردنی حوكمدراوانی بەندیخانەكان پێكدێنێت كە ئەمە لەقەباحەت زیاتر هیچی دیكە نییە، لەوە خراپتر ئیشی بۆ وتەبێژی حكومەت نەهێشتۆتەوە، لەبارەی كۆرۆناو موچەو گفتوگۆ لەگەڵ بەغداو پێشمەرگەو خوێندن و پەروەردەو هەموو ئیشوكارێكی ئەم حكومەتە قسه دەكات. تەماشای ئەم مەهزەلەیە بكەن! لەیەك رۆژدا دوو فەرمانی جیاواز لەدوو دەسەڵاتی جیاواز بۆ یەك مەبەست دەردەكرێت. یەكەمیان لەلایەن ئەنجومەنی دادوەرییەوە بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخی حوكمدراوان و راگیراوان بەمەبەستی دۆزینەوەی میكانزمێك بۆ ئازادكردنی بەشێك لەوانە، بێگومان لەسەرداوای سەرۆكی حكومەت. تا ئێرە ئاساییەو دەشێت سەرۆكی حكومەت لەچوارچێوەی بارودۆخێكی تایبەت تەنها پێشنیارێك بۆ دەسەڵاتی دادوەریی بكات كە هیچ پەیوەندییەكی بە دەسەڵاتی جێبەجێكردن واتە (حكومەت)ە وە نییە، كەچی لەهەمان رۆژ واتە 28ی ئادار بەپێی هەردوو دیكۆمێنت، وەزیری ناوخۆ كە ئێستا بووە ریش سپی ئەم حكومەتە فەرمانێكی دەركردووە بەهەمان ناوەرۆك بۆ ئازادكردنی گیراوان!! جارێ بەر لەهەموو شتێك هەرچی پەیوەندی بەحوكمدراوان و راگیراوانەوە هەیە هیچ پەیوەندییەكی بەحكومەتەوە نییە، ئەوە چ پەیوەندی بەدەسەڵاتی جێبەجێكردن و جەنابی وەزیری ناوخۆوە هەیە؟ لەوە خراپتر لە فەرمانەكەی وەزیری ناوخۆدا نوسراوە بەپێی ئەو دەسەڵاتەی لە قانونی وەزارەتی ناوخۆ پێماندراوە، باشە با بپرسین ئەگەر زەحمەت نەبێت لەكام بڕگەو كام ماددەی ئەو قانونە رێگا بە وەزیری ناوخۆ یان هەر قانونێكی دیكە رێگا بەدەسەڵاتی جێبەجێكردن واتە حكومەت دەدات دەستوەربداتە ئیشوكاری دادوەریی؟! لەهەردوو فەرمانەكەدا هاتووە لەسەر راسپاردەی سەرۆكی حكومەت؟ باشە پێمان ناڵێن ئەم ئیشەی دەخوازرێت بكرێت لەچوارچێوەی دەسەڵات و تایبەتمەندی كام دەسەڵاتە تاوەكو دوو دەسەڵاتی جیاواز لەیەك كاتداو لەیەك رۆژدا فەرمانێك بەهەمان ناوەرۆك دەربكەن؟ بەپێی ئەو هەڵسوكەوت و فەرمان و لێدوانانەی بەشێك لەكاربەدەستانی ئەم حكومەتەو هەڵسوكەوتی بەشێك لە لێپرسراوانی بێت، قۆرخكردن و سەپاندنی هەژموون لەشوێنێكەوە نەوەستاوە. من وەك هاوڵاتییەك دەپرسم ستافی یەكێتی و گۆڕان لەم حكومەتە ئیشوكارو مەهامیان چییە؟ ئەگەر حكومەتێكی سێبەر لەباتی ئەوان و هەموو وەزارەت و دامودەزگاكانی دەوڵەت فەرمان بكات، تەنانەت تەجاوز لەسەر كاروبارەكانی سەرۆكایەتی هەرێمیش بكەن؟ تێبینی: حكومەتی رێبەر مەبەستم وەزیری ناوخۆیە
🔹 ئه‌رشه‌د خه‌لیل شوانی پێویست بەدەستکاری کردنی موچەی خەڵکی ھەژار و کەمده‌رامەت ناکات. چونكه له كابینه‌ی هه‌شته‌می حكومه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مانتارانی خولی چواره‌می په‌رله‌مانی كوردستان، به‌رده‌وام بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان ده‌كرد، ته‌نها به په‌سندكردنی یاسایی چاكسازی200 ملیار دینار بۆ خه‌زێنه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم له بڕینی بندیوار و دوو موچە، لەگەڵ کەم کردنەوەی موچەی پلەباڵاکان ده‌گه‌ڕێته‌وه. شیكردنه‌وه‌یه‌كی ساده بۆ خه‌رجی داهاتی مانگی یازده‌ی ساڵی 2019 حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌ین كه وه‌زاره‌تی دارایی بڵاوی كردۆته‌وه، لێره بزانه داهاتی حكومه‌ت به‌شی موچه خۆره‌كانی ده‌كات یان نا بێ ده‌ستكاری و كه‌م كردنه‌وه‌ه‌ی ده‌رماڵه‌ی موچه خۆری ڕاسته‌قینه. داهاتی موچەی مانگی11ی 2019 حكومه‌تی هه‌رێم به‌م شێوه‌یه بوو. • داهاتی فرۆشتنی نەوت بۆ وەزارەتی دارایی ( 345 ملیار) دینار گریمان ئێستا حكومه‌تی هه‌رێم مانگانه 400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ده‌فرۆشێت به نرخی 15 دوڵار 400 جارانی 30 ڕۆژ ده‌كه‌ین 12 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت له مانگێك ده‌فرۆشێت، ئه‌گه‌ر له هه‌ر به‌رمیل نه‌وتێك 15 دوڵار بۆ حكومه‌ت بێت. كۆی گشتی داهاتی نه‌وت له مانگیك ده‌بێـته 180 ملیۆن دولار جارانی 120 هه‌زار ده‌كه‌ین ده‌بێته (216 ملیار ) دینار • تەمویلی بەغداد ( 453 ملیار ) دینار به‌رده‌وام ده‌بێت مانگانه. • تەمویلی هاوپەیمانان ( 20 ملیار ) دینار به‌رده‌وام ده‌بێت مانگانه. • داهاتی ناوخۆ ( 91 ملیار ) دینار، ئه‌گه‌ر له سه‌دا 50 له ده‌ست دا‌بێـت ته‌نها بۆ ئه‌م مانگ ده‌بێت مانگای داهاتوو ده‌گه‌ڕێته‌وه دۆخی جارانی خۆی چونكه له‌گه‌ڵ لا‌بردنی قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ داهاتی ناوه‌خۆش ده‌گه‌ڕێته‌وه. • پارەی خەرجكراو بۆ بانكە ئەهلیەكان ( 11 ملیار 880 ملیار ) دینار بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێك ئه‌م پاره‌ی بانكه ئه‌هلیه‌كان حكومه‌ت ده‌توانی ڕابگرێت. كه‌واته بۆ من ده‌ر ده‌ركه‌وێـت داهاتی حكومه‌ت چه‌نده و چه‌ندیشی پێویسته بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران. گه‌ڕانه‌وه‌ی 200 ملیاری بندیوار و دوو موچه‌كان 216 ملیار داهاتی نه‌وت 453 ملیار به‌غدا 21 ملیار هاوپه‌یمانان كۆی گشتی داهاتی حكومه‌ت 890 ملیار دینار، كۆی گشتی موچە ( 898 ملیار و 555 ملیۆن ) دینار بۆ هه‌ر مانگێك، كه‌واته ته‌نها 8 ملیار و 555 ملیۆن دینار كورتهێنان ده‌بێت، بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، ئه‌ویش زۆر ئاسانه ده‌كرێت له بری 30 بۆ رۆژ بكرێته 35 ڕۆژ زۆر به ئاسانی حكومه‌ت ده‌توانی موچه وه‌ك ئیستا دابه‌ش بكات بێ ده‌ستكاری كردن. • هه‌موومان بیرمان دێت ساڵی رابردوو له مانگی سێ مووچه‌ی مانگی 12 دابه‌شكرا بێ پاشكه‌وت، حكومه‌تی هه‌رێم ته‌نها سێ مانگی موچه له دواوه بوو، به‌ڵام دوای یه‌ك ساڵی ته‌واو له دابه‌شكردنی موچه ئێستا چوار مانگ حكومه‌تی هه‌رێم موچه نه‌داوه، كه‌واته له نێوان موچه‌ی مانگێك فه‌رمانبه‌ران دیار نییه، چونكه به‌غدا هه‌موو مانگه‌كانی راوانه كردووه، كه‌چی لێره مانگێك وون بووه. بۆ زانین لەبارەی دەستکاریکردنی مووچە لە یاسای بودجە عێراق هاتووە. ئەو پارەیەی لە عێراقەوە بۆ هەریم دێت، لە بەرامبەر (التعویچات الموڤفین)یەو بۆ 682 هەزار فەرمانبەر دێت و نابێ دەستکاریبکرێت بەپێی قانوونی بودجە و دەبێت بدرێتە ئەو ژمارە فەرمانبەرە، چونکە بۆ فەرمانبەران دیاری کراوە، تەنها حکومەت مافی دابەش کردنی پارەکە هەیە، نەک زیاد و کەم کردنی پارەكه‌ی بەغدا گه‌ورترین كێشه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم له موچه‌ی خانه‌نیشنان دروست بوو، چونكه خه‌ڵكی زۆر به نایاسایی خانه‌نیشن كراون پاره‌یه‌كی زۆر پێده‌درێت بێ ئه‌وه‌ی یه‌ك دێنار له كاتی خزمه‌ت كردنی به سندوقی خانه‌نیشنی بدات بۆ ئه‌وه‌ی له‌كاتی خانه‌نیشنی وه‌ربگرێته‌وه، ئیستا له داهاتی گشتی پاره وه‌رده‌گرێت، له هه‌مان كات به هیچ شێوه‌یه‌ك نا‌بێـت خانه‌نیشن له داهاتی گشتی موچه‌ی پێدرێت، به‌ڵكو له داهاتی خۆی كه مانگانه له موچه‌ی كه‌م كراته‌وه بۆ سندوقی خانه‌نیشنی ته‌نها پاره‌ی خۆی پێده‌رێتـه‌وه. یه‌كه‌م هه‌نگاوی حكومه‌ت بۆ بڕینی ده‌رماڵه‌ی فه‌رمانبه‌ران ئه‌گه‌ر حكومه‌ت له رێگای لیژنه‌ی باڵای جێبه‌جێكردنی یاسایی چاكسازی له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پالپشت به ماده‌ی (5) له یاسایی چاكسازی و به‌پێی ماده‌ی (17 و 18) له په‌یڕه‌وی جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی حكومه‌ت، كه له‌لایه‌ن لیژنه‌ی باڵای جێه‌جێكردنی یاسایی چاكسازی په‌سه‌ندكراوه و بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌رزكراوه‌ته‌وه، دووباره ده‌ست بكات به رێكخستنه‌وه و بڕینی ده‌رماڵه‌ی فه‌رمانبه‌ران، به‌پێی ئه‌و رێككارو میكانیزمانه‌ی له په‌یڕه‌وه‌كه‌دا هاتووه، حكومه‌تی هه‌رێم له به‌رامبه‌ر كۆرتهێنانی ته‌نها 8 ملیار و 555 ملیۆن دینار مانگانه‌ی ده‌ست بۆ برینی نزیكی سه‌ده 45 موچه خه‌ڵك ده‌بات، ئه‌ویش له رێگای برینی ده‌رماڵه نا جێگره‌كان كه‌واته ته‌نها بۆ 8 ملیار دینار، 400 ملیار دینار ده‌بڕێت، بۆ زانین به‌شێكی زۆر ده‌رماڵه به‌پێ یاسا له عێراق رێكخراوه بۆ نمونه‌ی ده‌رماڵه‌ی خۆ ته‌رخانكردنی زانكۆی ...هتد. به ئاسانیش ده‌توانی ئه‌م بڕه پاره‌ی له فرۆشتنی زه‌وی به نرخه‌كانی سه‌ر شه‌قامه گشتیه‌كانی شاره‌كان ده‌بین بكات یاخود له بازرگانه‌كانی هه‌رێم به قه‌رز وه‌ربگرێت، سه‌ره‌ره‌ی دابه‌زینی نرخی نه‌وت به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو، به‌ڵام تا ئێستا نه‌وت و به‌نزین له بازاره‌كانی هه‌رێم كوردستان به‌هه‌مان نڕخی پێشووی خۆیان ده‌فرۆشن به خه‌ڵك
بەشدار عوسمان لە ماوەی چوار خولی پەرلەمان لە هەرێمی کوردستان و زیاتر لە ٥٠٠ ئەندامیدا،کەم بوون ئەوانەی بە ڕوو سووری لە دەرگای پەرلەمانەوە هاتونەتە دەرەوە،لەماوەی ٢٦ ساڵی بوونیدا لەهەرێم،هەرگیز شوێنی گفتوگۆی جدی و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگا نەبووە،بەشێکی کەمیش لە کەسانی دڵسۆز و راستگۆ کە بە ئومێدی گۆڕانکاری و خزمەت و باشکردنی ژیانی خەڵک ڕوویان لەم بینایە کردوە،لەگەڵ نائومێدیەکی کەمەر شکێن رووبەڕوو بوونەتەوە . بەجیا لەوەی،هەڵڕشتنی کۆمەڵیک ئیمتیازات و دزی و گەندەڵیەکی بەیاساکراو،پاڵی بەزۆرێک لە کەسانی بودەڵە نا، هەوڵی جدیدابن بۆ گەیشتن بەکەمێک لە خەونەکانیان ! لەگەڵ ئەوەشدا کێشە لە عەقڵیەت و تێڕوانینی خێڵەکی و دۆگمایی دەسەڵاتدارانە کە وویستویانە و دەیانەوێت بچوکترین بڕیار و گۆڕانکاری لە دیوەخان و تەکیەکانی ئەوان لە چوارچێوەی بیرکردنەوەی تەسکی خێڵ و خێزانەکانیان نەچێتە دەرەوە،هەمووان بینیمان قەیرانی هەموو دنیا بەسەر خەڵکی بەدبەختی ئەو مەملەتە تاقیکرایەوە لەهیچ کات و شوێنیک ئەو پەرلەمانە نەیتوانی چکۆڵەترین کێشەی خەڵک چارەسەر بکات و تروسکایەکی ئومێد بۆ خەڵک بگەڕێنێتەوە ؟! تا ئێستا یەک فلس لە داهاتی بێ شوماری تاڵانکراوی کۆمەڵگایان نەگەراندۆتەوە بۆ خەڵک،لەکاتێکدا هەرێم لەریزبەندی حکومڕانە نا شەفاف و گەندەڵەکان پلەکانی سەرەوەی گرتووە،هەزاران ژن لەژێر ناوی جۆراو جۆردا خەڵتانی خوێنکران و خەون و خولیاکانیان کرا بە سەراب،شۆستە و شەقامەکان تەژین لەمناڵانی ئیشکەر و پیر و پەککەوتانی بێ خانەولانە و گەنجانی بێکار،بکوژانی نوسەران و رۆژنامەنووسان لەبەرچاوی هەمووانەوە دێن و دەچن،دادگا و دەسەڵاتی قەزائی لەلایەن حزبەوە گەورەترین سوکایەتی پێکراوە ،هێزە چەکدار و ئەمنیەکان هێزی ترسان وتۆقاندنن و مخالفینی دەسەڵات هەموو رۆژێک لەژر هەڕەشەی کوشتن و ئیهانەکردندان،زانکۆکان پڕکران لە نەخوێندەوارانی حزب..! پەرلەمان لەکوێی ئەو بەربەریەتە وەستاوەتەوە ؟! کامانەن هەنگاوەکانی ڕاگرتنی ئەو ئاماژە مەترسیدارەی دەسەڵاتدارێتی ؟! ئەوان ئەو بینایەیان تەنها وەکو میکیاجێک وویستوە بۆ پەردەپۆشکردنی دەسەڵاتە گەندەڵ و ستەمکارەکەیان، وەکو حەوشەی پشتەوە ماڵەکان مامەڵەیان لەگەڵ کردوە بۆ سەرقاڵکردن و یاریکردنی مناڵەکان ..!
حەمە گۆپاڵە - سوید لە جیھاندا تا ئامادەكردنی ئەم ڕاپۆرتە زیاتر لە ٧٠٠ ھەزار كەس تووشی كۆرۆنا بوون و بەردەوام لە زیادبوندایە، نیوەی توشبوانی كۆرۆنا دانیشتووی وڵاتانی ئەوروپان، لە ئەمریكاش ئەم نەخۆشیە زۆر بە خێرایی گەشە ئەكات، لە سوید زیاتر لە چوارھەزار كەس دوچاری ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون ، لە نێویاندا ١٤٦ كەس بەھۆی ئەم ڤایرۆسەوە بەم شێوەیەی خوارەوە مردوون، ٣٢ كەسیان تەمەنیان سەرو ٩٠ ساڵ بوون ٣٤كەسیان تەمەنیان لەنێوان ٧٠-٧٩ ساڵ بوون ٦ كەسیان تەمەنیان لە نێوان ٦٠ -٦٩ ساڵ بوون ٨ كەسیان تەمەنیان لە نێوان ٥٠-٥٩ ساڵ بوون ١ كەسیش تەمەنی لە نێوان ٢٠-٢٩ ساڵ بوو، وڵاتی سوید پلان و ستراتیژیرتی جیاوازی گرتوەتە بەڕ ، باش لەوە تێ ئەگات كەوا لە جیھاندا ھیچ كۆمەڵگایەك نیە بتوانێت تا كۆتایی شەڕی كۆرۆنا بە داخستنی دەرگای ماڵەكانیان بۆ ماوەیەكی دورودرێژ بكات، لەكۆتاییدا ئەبێت دەرگای چارەسەر بەڕووی كۆرۆنادا بەھێواشی بكەینەوە، مەترسی گەورەی ئەم وڵاتە ئەوەیە وەك ئیتالیا‌و ئیسپانیا‌و ئەمریكا لە یەك كاتدا بڵاونەبێتەوە، تاوەكو بتوانێت ژیانی سەدان كەس ڕزگار بكات، سوید زۆرباش ئەوە ئەزانێت ئەم ڤایرۆسە یەخەمان بەرنادات ، بە بەردەوامی لە نێو كۆمەڵگا كەم و زیاد ئەمێنێتەوە ، عەرەب واتەنی شر لابد منە ، تەنھا پێویستمان بە كاتە بۆ دۆزینەوەی ڤاكسین و چارەسەری یەكجارەكی، ئەمەش بەلایەنی كەمەوە ٣ تا ٦ مانگی تری پێویستە، سوید جیاواز لە وڵاتانی دیكە ستراتیژیەتی جیاوازی دژی نەخۆشی كۆرۆنا پەیڕەو كرد ، ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی ناڕەزایەتیەكی نێودەوڵەتی لێ بكەوێتەوە، سوید پێی وایە زۆربەی زۆری نەخۆشەكان بە قورسی كۆرۆنا ناگرن، بەڵكو بەشێكی كەم لە توشبوانی ئەم ڤایرۆسە بەسەختی تووشی ئەم نەخۆشیە ئەبن ، بەتایبەت ئەوانەی بەتەمەنەن یان ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەن و جۆراوجۆریان لەگەڵدایە، بۆیە ئەم وڵاتە بەباشی نازانێت بۆ ماوەی چوار یان پێنج مانگ زیاتر ھاوڵاتیانی خۆی لە كونجی ماڵەكانی خۆیان زیندان بكات ، چونكە كەرەنتینە بۆ ماوەیەكی دورودرێژ چارەسەری یەكجارەكی نیە،؟زەرەری زیاترە لە قازانج ، گرنگترین ستراتیجی سوید دژی كۆرۆنا لەسەر داتاباس و ئامار‌و دیاگرام و بڵاوكردنەوەی ھۆشیاری تەندروستی و خۆپاراستنە ، نەك لەسەر بڵاوكردنەوەی ترس و دڵەڕاوكێ لە نێو كۆمەڵگادا، چونكە ترس شیرازەی كۆمەڵگا تێك ئەدات، ستراتیژیەتی سوید ئەوەیە تاك ھەست بە بەرپرسیارێتی بكات نەك چاوەڕێی فشار‌و سزای حكومەت بكات، ستراتیژیەتی سوید ئەوەیە كاتێك یەكێك یان زیاتر لە نیشانەكانی ئەنفلۆنزا لە تاكەكانی كۆمەڵگا دەركەوت وەك تا، پژمە ، كێشەی ھەناسەدان، قوڕگ ئێشە، لوت ئاوكردن، یان ھەر نیشانەیەكی تری وەك لەدەستدانی ھەستی بۆنكردن و تامكردن نابێت بچێتە سەر كار یان دەرەوە، بەڵكو ئەبێت تا دوو ڕۆژ دوای كۆتا نیشانەكانی ھەڵامەت لەماڵەوە بمێنێتەوە، دوای دوو ڕۆژ پاش چاكبونەوە ئەتوانێت بچێتە سەر كار‌و ژیانی ئاسایی خۆی پەیڕەو بكات، ئەمەش بۆ ئەوەیە نەخۆشیەكە بە خێرایی بڵاو نەبێتەوە، لاوازەكان و ئەوانەی نەخۆشی قورس و درێژخایەنیان ھەیە یان تەمەنیان سەرو ٧٠ ساڵە بپارێزێت، سوید سەردانی خەڵوەتگای پیری و خەستەخانەی قەدەغە كردووە ئەگەر زۆر پێویست نەبێت، ڕێنمایی ئەوەیە سەردانی شارە گەورەكان و قەرەباڵخی نەكەن، پێویستە دەستەكان ھەمیشە بە سابوون و ئاوی گەرم بشۆن و بەردەوام پاك و خاوێن بن، دانیمارك و ئەڵمانیا قەدەغەیان كردووە لە ٢٠٠ كەس زیاتر كۆببنەوە، بەڵام سوید تا ٥٠ كەس بۆی ھەیە لە شوێنێكدا كۆببنەوە، وڵاتان قەدەغەیان كردوە سەفەری دەرەوەی وڵاتان بكەن ، بەڵام سوید ئەڵێت ئاسایی بوو ئەگەر سەفەری دەرەوەش بكرایە، سوید پرسیاری ئەوە ئەكات ئایا چی ئەگوزەرێت كاتێك دەرگای ماڵ لە سەر ملیۆنەھا كەس دابخەین ؟ چی بەسەر تەندروستی و ئابوری و قوتابخانەدا دێت ؟ ئایا ئەمە چارەسەری یەكجارەكیە یان كاتی ؟ ئەگەر كاتیە بۆ ماوەی چەنێك كاتیە؟ سوید بەدونیای ڕاگەیاند كەوا ئەم وڵاتە جیاوازە، جیاوازە چونكە پێچەوانەی وڵاتانی دیكە دوكان و قوتابخانەی منداڵان و ناوەندی و بازاڕەكانی دانەخست ، نەخۆشیەكەش تا ئێستا بە ھێواشی گەشە ئەكات، جیاوازە چونكە ئەزانێت زۆربەی خەڵك تووشی ئەم نەخۆشیە ئەبن و تێی ئەپەڕێنن و بەرگری پەیدا ئەكەن، خەمی سوید پارێزگاریكردنە لە بەتەمەنەكان و ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەن و خراپیان ھەیە و مەترسی مردنیان لەسەرە ، خەمی سوید ئەوەیە نەخۆشی كۆرۆنا بە خێرایی گەشە بكات و فریای ڕزگاركردنی ئەو نەخۆشانەی نەبێت كە بە خەستی ئەم نەخۆشیە ئەگرن ، بەڵكو لای ئاساییە ھێدی ھێدی ئەم نەخۆشیە بڵاو ببێتەوە ، جیاوازە كاتێك نایەوێت بە ترس و دڵەڕاوكێ ھاوڵاتیان لە ماڵەكانی خۆیان زیندانی بكات و سیستەمی ئابوری و كۆمەڵایەتی وڵات بشێوێنێت ، لەكۆتایشدا كۆرۆنا سەربكەوێت. سوید ئەیەوێت بە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بڵێت بە عەقڵ و ستراتیژیەت و پلانی جیاواز دەرگا لەسەر خۆمان داناخەین، تەسلیم نابین و لە كۆتاییدا بەسەر كۆرۆنا سەرئەكەوین.
مەلا بەختیار پێشەكی، ئامان، تانەو تەشەرم لێ مەدەن. بەندە هیچ نەك لە كۆرۆنا نازانم، بەڵكو لە برینپێچیشدا دەستەپاچەم. تەنها گەرەكمە لەتەك دەورنی خۆم‌و هاوزمانەكانم (سۆرانی، بادینی، لوڕی‌و هەورامی)و هەموو مرۆڤێكی ژیاندۆست (نەك مەرگ دۆست) ئازادانە بدوێم. ئازیزان! زۆرجار ژیان، چاوەڕواننەكراوەكانی دێنە دی. نەك چاوەڕوانیەكان. لە دونیای سیاسەتیشدا، وایە. فەیلەسوفەكانیش چاوەڕوانیان نەدەكرد هیتلەر لە هەڵبژاردنی ئازاد‌دا سەركەوێ. كەسیش نەیدەزانی ستالین دەبێتە دیكتاتۆر. نە چاوەڕوان دەكرا كۆرۆنا لە چیندا سەرهەڵبدات. نە چاوەڕوانیش دەكرا هەر لە چیندا، خەفەی بكەن. هەزاران دەرزەن بەرنامەو فەلسەفە، لە كتێبخانەكاندا تۆزی زەمانە لێیان نیشتووە، كەچى هێشتا دوژمنەكانی دیموكراسی‌و ئازادی‌و رۆشنگەری، دەسەڵاتی سیاسی‌و كۆمەڵایەتیان توندە! كۆرۆنا، نەك مرۆڤی ئاسایی، بەڵكو زانا‌و پسپۆڕەكانی تەندروستیش دۆش داماوون. لە چركەسات‌و چاوترۆكانێكدا، ڤایرۆسێكی نەبینراوی ئافاتاوی، بە ملهوڕو لەخۆباییەكانی گوت: خاوەن هەرچیەك هەن‌و چەند دەسەڵاتیشتان هەیە، ئەوەتا بەرگەی ڤایرۆسێك ناگرن. ئیتر بۆ لەخۆتان بایین‌و نازی لوتبەرزی بەسەر ئەرزەوە دەكەن؟! كاتێكمان زانی، ئادەمیزاد قەڵەمی ئەژنۆمان شكاوە. تاقە پەنا و نوامان، ماڵ‌و مناڵ‌و سۆزی خێزان‌و دۆست‌و هاوڕێیان‌و ئازیزانە. تكایە، لەم رۆژگارە نالەبارە، گللەیی لە حكومەتە گچكەكەی خۆمان مەكەن. ئەشهەدوو، ئەوەی لەدەستیان هات، درێغییان لەگەڵ گەلەكەمان نەكردو مایەی پێزانینە. رەخنەی تر دەگیرێ، ئازادییە. لەم بەدبەختیەی كۆرۆنادا، پێشمەرگانە هاتنە دەست. خۆشەویستان! نەخۆشیەو بەر دەرگەی گرتوین. خزاندینییە كونجی ماڵ. كوردە بزێوەكانیش، (ئەحۆل) ئاسا خوا پێی داوون. سەدان نوكتەیان لەسەر پیاوان، لەناو ماڵ‌و لەبەرامبەر كاباناندا، بۆ هەڵبەستون. واو.. یەكەمین جارە لەمێژوودا باوكسالاری (فت)و دایكسالاری بەداخەوە، بەشێوەیەكی كاتیی بوژاوەتەوە. رۆژ رۆژی سلێمانییە حەیاتەكەیە.. رۆژی قسە خۆشەكانی كوردستانە. نوكتە دەكەن بە سەر كۆرۆنا..!! كەسەكان! هەموان دەزانین چی باوە. خۆ زەمانی دڵداریەكەی شادڕەوان دڵشاد مەریوانی‌و دەنگە بەسۆزەكەی (عوسمان عەلی)مان لێ نەهاتووە، نەزانین چی باوە. ئەوەتا نەخۆشیەو رویداوە. دەی.. با ماڵان بكەینە خۆشی‌و بەرنامەی نەرمی رۆژانە لەگەڵ دایك‌و باوك‌و هاوسەرو جگەرسۆزەكانمان. بە سۆزی كۆمەڵایەتی‌و گەردن ئازادی بیبەینە سەر. با پیاوان بیر بمێنێتەوە، دەسەڵات هەتا سەر قۆرغ ناكرێ. بەڵكو حیزبەكانیشمان فێری دەستاودەستكردنی دەسەڵات ببن. گوێ لە گۆرانی بگری. ئای كە حەسەن زیرەك لەم كاتەدا بۆ رەشبەڵەكی خێزانی خۆشە. وەی لە دەنگە بەسۆزەكەی ماملێ‌و خالقی‌و مەرزیەو فێنك‌و كەویارو لاساییكردنەوەكانی ئاگرین. ژنانی هونەرمەند خۆشبەختانە زۆرن‌و كێبەركێ لەگەڵ پیاوانی هونەرمەند دەكەن. باوەڕتان هەبێ گوێ لە (ئەیاز زاخولی)و ئاوازەكانی د.دڵشادو گۆرانیە رەسەنەكانی بادینی بگرن، گوێ لە تیپی مۆسیقای سلێمانی‌و سیاچەمانەی هەورامان‌و (دایە دایە وەختی جەنگە)ی لوڕی بگرن، بێ ئەوەی عەباسی كەمەندی دڵهەژێن‌و كامكارانی داهێنەر، عەدنان كەریمی ناوازەو بەهجەتی گۆرانی رەسەنی خەیاڵی سۆفیگەرا ببیستن، خەیاڵی تاڵی ئێستاتان بیردەبەنەوە. ئەوەی هۆگری ئاوازە ئاسمانیەكانی فارسیشە، شەجەریان، بەنان، مەرزیە، مەهەستی، هایدە، داریوش‌و موعین..تاد، مەستی خەیاڵات‌و شیعری رۆمانسی ئێرانتان دەكات. لە عەرەبیش، ئەوە كەلسوم، سەباح فەخری، كازم ساهیر، لەولاشەوە، فەیرۆزی بەیانیان‌و ئینجا ماجدە رۆمی خاوەن شاكار، جۆرج وسوف‌و ئەلیسا.. بەینی خۆمان بێ، هەندێك گۆرانیبێژی خۆمانەو بێگانەش هەن، با بێتاقەت نەبن، بەلایانا مەڕۆن! دڵنیاشم، زۆرن ئەوانەی لە ناخ‌و روحەوە، هەمیشە لەگەڵ ئایینی خۆشەویستی‌و سۆفیگەرای خۆڕسكین.. باشترین رۆژگارە بچنە خەڵوەتی ناخی خۆیانەوە! ئازیزان! ئەوەی هۆگرە، پێویستە یادەوەری ئەم رۆژانەی كەسوكارو هاوڕێ‌و دۆستانی بنوسێ، دڵنیام، بەشێكیان دەبێتە سەرچاوەی كۆمەڵناسی‌و دەرونناسی. بنكەی روناكبیری گەلاوێژ رادەسپێرم، جوانترین شیعر‌و باشترین چیرۆك‌و نایابترین پەخشان‌و، رەخنە، كە لە كەرەنتینەی دڵخوازدا دەنوسرێ.. تەنانەت تابلۆی داهێنراویش، خەڵات بكەن. مەخابن، هیچم لەدەست نایەت، تەنها ئەوە نەبێ ژمارە تەلەفۆنی سكرتێرەكانم دەنوسم.. هەتا (150) كەمدەرامەت، ئەوەی دەتوانم هاوكارییان دەكەم. خۆزیا پترم لەدەست هاتبا. دیارە ناویشیان نابەین! یەك بە یەكی نەتەوەكەمم خۆشگەرەكە.. چونكە كورد ئازادی هیچ نەتەوەیەكی تری زەوت نەكردووە. بەهیوام.. بەزوترین كات، فێستیڤاڵی سەركەوتن بەسەر ئەم بەڵای ناگاهانەی كۆرۆنا، بگێڕین. ..... ژمارە تەلەفۆنی سكرتێرەكانم (هەرێم شەهید سالار 07701594396) (دەژین دڵشاد 07702476362)
شوان قلیاسانی " رۆحەکان ئازینزن،بەڵام بەردەوامی ژیان و بژێوی دوای کۆرۆناش ئازیزە" ئەمە قسەی سەرۆکی چین (شین جین بینغ) ە دەربارەی ئافاتی کۆرۆنا ولێکەوتەکانی دوای خۆی.وە بڕی ٢٧ ترلیۆن یوانی چینی کە دوو ئەوەندەی داهاتی ساڵانەی وڵاتەکەیەتی بۆ بەردەوامی ژیان و شکست نەهێنانی ئابوری وڵاتەکەی تەرخان کرد. ئەمریکاش بڕی ٢ ترلیۆن دۆلار و بەریتانیاش ٣٣٠ملیار پاوەند و وڵاتانی تریش زۆرینەیان هەمان کاریان بۆ بەردەوامی ژیان و شکست نەهێنانی ئابوریەکانیان تەرخانکرد. بە وتەی ناوەندەکانی توێژینەوەی ستراتیژی لەوانە (Morgan Stanley) مۆرگان ستانلی کە ئەڵێ هیچ کۆمپانیایەکی ئەمریکی لە ساڵی ٢٠٢٠ دا نەک قازانج ناکات بەڵکو هەمویان زەرەر دەکەن تەنانەت هەندێک لە سەرۆکەکانی یانزە شەریکاتی گەورەی دنیا لە بابەتی IBM,Microsoft, دەستیان لەکارکێشایەوە. هەندێک لە ئابوری ناسان باس لە ئیفلاس بونی وڵاتان وقەرزار بونی هەندێکی تریان دەکەن، وە باس لە گۆڕینی نیزامی بەڕێوبردنی دنیا دەکەن کە بۆ ماوەی ٧٠ ساڵە بە تەنها لەلایەن ئەمریکاوە سەرکردایەتی دەکرێت بۆ نیزامی دو جەمسەری بەڕێوە بردن لەلایەن چین و ئەمریکاوە. هەرێمی کوردستان لە ڕوی ئیداری و مالی و سیاسیەوە بارودۆخی لەو وڵاتانە خراپترە ، بۆیە لە جیاتی ناکۆکی و دوبەرەکی و یەکتر شکاندن و بچوک سەیر کردنی هەوڵ و تێکۆشانی چاکە لە هەرلایەکەوە بێت . کاتی پێکەوە کارکردن وبرایەتی و خۆشەویستی و بە هەند وەرگرتن و دەستخۆشیە لە هەر هەوڵ و کارێک کە لە توانادایە بکرێت. کارە باشەکانی کە لەم کاتەدا لەلایەن خەڵک و ئیدارەوە کراوە جێگەی دەست خۆشی و پێزانینە، لەپاڵ ئەوەدا بۆ بەردەوامی ژیان ئێمە وەک ئەو وڵاتانە ناتوانین بودجەی زەبەلاح بۆ ئەم کارەساتە تەرخان بکەین ، چونکە هەموو لایەک دەزانن و قسەی زۆری لەسەر کراوە کە هۆکاری و کێ و چی بووە پارەی داهاتی دەستکەوتی کوردستان چۆن سەرف کراوەو کێ لێی بەرپرسە. ئەوەی مەبەستی منە چی بکرێت باشە نەک بۆ نەکراوە ، چونکە بۆنەکراوە مێژوو خراپ بەکارهێنان و دزی گەندەڵی و خیانەت دەخاتە ژێر پرسیارەوە. بارودۆخی خەڵکیش شایەتی دەدەن لەو کرانەی بەرامبەریان کراوەو بۆیان کراوە. ئەی چی بکەین؟ 1- پێویستمان بە دامەزراوەیەکی سەربەخۆی باج هەیە، کە سەر بە وەزارەتی دارای و ئابوری بێت ، کە دەڵێم سەربەخۆ مانای خاوەنی دەسەڵاتی دادوەری و سوڵتەی جێبەجێکردن بیت، نەهێڵێت ئەوانە ی پێویستە باج بدەن لە دەست باج دان رزگاریان بێت.زۆربەی وڵاتانی دنیا باجی سەر کۆمپانیا گەورەکان سەرچاوەی داهاتیانە بۆ نمونە بودجەی ساڵانەی ئوردن لە سەدا سی و چواری لە باجی کۆمپانیاکان ولەسەدا سیوچواری لە باجی بانکەکان پێک دێت . (Franklin D. Roosevelt) فرانکلین د. رۆسفۆلد کە یەکێک بووە لە سەرۆکەکانی ئەمریکا دەڵێت دوو راستی هەن لە ژیاندا ، یەکێکیان باجەو ئەوی تر مردنە. 2- پەرلەمان کە بودجەی ساڵانەی خەمڵێنراو ئەپروڤ ئەكات دەبێت لە شێوەو چۆنیەتی سەرفکردنیشی بپێچێتەوە پێش ئەپروڤی بودجەی ساڵی داهاتوو، ئەوکات ئەزانێ لە کوێدا کەموکوڕی هەیەو پێویستی بە دەست کاری کردنەو بشپرسێتەوەلەخراپ بەکارهێنانی. 3- پێویستە لە کوردستان دەزگای باڵای ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی هەبێت کە لە سەرۆک وەزیران و سەرۆکی دەزگاکەو ئەندامانی لە بابەتی ئەندامی دادگای باڵا سەرۆکی دەستەی چاکسازی و چاودێری دارایی کەسانی شارەزا پێک بێت و دەسەڵات و دادگای سەربەخۆی هەبێت. 4- لەم کاتەدا یارمەتی و هاوکاریەکان لەلایەن خەڵکان و کۆمپانیاو بەخشندەکانەوە جێگەی تەقدیر و پێزانینە ، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەم بار‌و دۆخەی بەهۆی کۆرۆناوە دروستبووە وە دوای کۆرۆناش کاریگەریە خراپەکانی درێژە دەکیشێت کەواتە ئەم هاوکاریانە کاتین و لەماوەیەکی دوردا چارەسەری کێشەی هاوڵاتیان ناکات بۆیە پێویستە خێرخوازان و حوکمەت بۆ رزگارکردنی خەڵک و بەردەوامی ئەو کارە بەرنامەیەکی گشتگیریان هەبێت ئەویش بە پرۆژەیەکی نیشتمانی و ئابوری ڕێک بخرێت نەک بەوەی فڵان میقدارێک و فیسار میقدارێک لە ڕێگەی خۆیانەوە بێهەڵسەنگاندنی هەمەلایەنەی پێویستیەکان هاوکاری بکەن، بۆئەوەی ئەم کارەش کاریگەری زیاتر‌و بەردەوامی هەبێت دەبێت سەرۆکی حکومەت لەگەل خەڵکانی خێرخواز‌و ژورەکانی بازرگانی و یەکێتی مقاولین و یەکێتی سەرمایەدارانو...هتد لەسەر بنەمای پێویستی و ئیمکانیات و بە گوێرەی توانا و گەورەیی کار و سەرمایەکان لە دامەزراوەیەکی هاوبەشی حوکمەت و سەرمایەداراندا ڕێک بخرێت و سەرف بکرێت. 5- کۆمپانیاکانی بواری نەوت و خاز و تەلەفون و ئنتەرنێت و کارگە گەورەکانی ئەم هەرێمە بە دامەزراوەی سەربەخۆی باج خاڵی (١) مامەڵایان لەگەڵ بکات. 6- خاڵە سنوریەکان و گومرگ و گرێبەستەکانی خزمەتگوزاری بە خاڵی (١) مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت. 7- حکومەت هەوڵی جدی بدات بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەکانی لای کۆمپانیاکان. 8- لا‌بردنی مەسرەفی زیادە لە بابەتی دەزگای ئیعلام و سکیوریتی حیزبەکان و کەسی حیزبی کە بارگرانین لەسەر مەسرەف. 9- حکومەت زەویەکی زۆری داوە بە وەبەرهێنان و پرۆژەی گەشت و گوزار و چەندەها شێوەی تر کە بەکاریان نەهێناوە بۆ مەبەستی پێدراو، لەگەڵ ئەو موڵکانەی کە حکومەت ئەتوانێ بیانفرۆشێ ئەتوانرێ بفرۆشرێ بەوانەی کە ئەیانەوێ یاخود خەڵکانی تر. ئەمانە کۆمەڵێک هەوڵن ئەگەر حکومەت بیانکات هەرگیز پێویستی بە دەستکاری معاش و قوتی خەڵک نابێت و دەبنە هۆی پەیداکردنی هەلی کاریش.
لەتیف حسێن باشترین و جوانترین کارێک که مرۆڤ پێی گه‌وره‌و ویژدانی ئاسوده ده‌بێت، یارمه‌نیدانی ئه‌و که‌سانه‌یه که پێویستیان به یارمه‌تییه.. نه‌داری و هه‌ژاری نه‌عه‌سبه‌یه‌و نه له‌که‌و په‌ڵه‌ی عه‌یبه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی، به‌ڵکو به‌شێکه له‌ژیان، هه‌ژاری زۆربه‌ی جار گه‌لێک جوانتره له هه‌بوونی و له‌ڕێگه‌یه‌وه ئازاری ئه‌وانی تر بده‌یت... به‌شبه‌حاڵی خۆم هه‌میشه گه‌ر به وشه‌یه‌کیش بووه یارمه‌تی که‌سێکم دابێت پێی ئاسوده‌و گه‌وره‌بووم، چ جای ئه‌و که‌س و رێکخراوو شوێنانه‌ی که یارمه‌تی که‌سانی هه‌ژارو که‌مده‌ستن له‌بارودۆخێکی وه‌ک ئێستادا قورسییه‌کانیان زیاتر ده‌بێت، بۆیه نه‌ک جارێک هه‌زار جار ده‌ستخۆشی له‌وانه ده‌که‌م هه‌میشه چاویان له‌وه‌یه یارمه‌تی خه‌ڵکی بده‌ن و نه‌هێڵن برسیان بێت.. له وڵاتێکی پڕ خێر‌و بێری وه‌ک کوردستان ده‌بوو حکومه‌ت و وه‌زاره‌تی کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی به‌رپرسه له‌ژیانی خه‌ڵکی نه‌ک وه‌کو خێر به‌ڵکو وه‌ک ئه کی سه‌رشانیان و ئه‌وانیش مافیان به‌سه‌ر ئه‌م وڵاته‌وه هه‌یه‌و شایه‌نی ژیانی شایسته‌ن.. که حکومه‌ت نایکات و خه‌ڵکی تر ده‌یکه‌ن ئه‌بێت ئێمه‌مانان ڕێزیان بگرین و هانیان بده‌ین که به‌رده‌ودم بن و زیاتر ئه‌مکاره بکه‌ن، به‌داخه‌وه له‌کوردستان زۆر شتێکی باش که هه‌یه به‌هۆی رێکاری هه‌ڵه‌وه ریسه‌که ده‌کاته‌وه خوری و کاره باشه‌کان له‌که‌دار ده‌کرێن، جا له‌ڕێی ئه‌وانه‌وه بێت که کاره خێرخوازییه‌که ده‌که‌ن یان له‌لایه‌ن خه‌ڵک و تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه بێت، به‌داخه‌وه وه‌ک ئاماژه‌م بۆ کرد هه‌ژاری عه‌یبه‌نییه، به‌ڵام له‌م کۆمه‌ڵگه‌یه‌ی ئێمه‌و شه‌رق به‌گشتی که‌شی هه‌ژار پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیشی ده‌خه‌نه مه‌ترسییه‌وه‌و وه‌ک ئیهانه‌و گاڵته‌پێکردن به‌کاری ده‌هێنن، پاشان هه‌وڵدان بۆ شکاندنی شکۆی ئه‌و خه‌ڵکانه یه‌کێکی تره له‌و شتانه‌ی که ده‌بێت هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بکه‌ین و بیر له‌وه بکه‌ینه‌وه که کاری خێر خوازی و یارمه‌تیدانی خه‌ڵکی بکرێته شێوازێکی جوان و هه‌موو ئه‌وانه‌ی یارمه‌تیان پێویسته به‌شێوه‌یه‌کی باش بگاته ده‌ستیان و له‌ڕێی خه‌ڵکێک که یارمه‌تی ئه‌وانی تر ده‌ده‌ن هانی خه‌ڵکی تریش بده‌ن بۆ ئه‌مجۆره کارانه، به‌ڵام به‌مشێوه‌و جۆره‌ی ئێستا نا، نه ئه‌وه‌ی ئه‌وان راسته‌و نه ئه‌وه‌ی له فه‌یسبوک و تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان به‌وان ده‌کرێت راسته... ئه‌وه‌ی یارمه‌تی خه‌ڵکی ده‌ده‌ن وئنه ده‌گرن و به‌ڵگه‌ی گه‌یاندنیان ده‌وێ ئه‌وا ڕێگه‌ی تر زۆرن، ئه‌گه‌ر که‌سێک بۆ خوای بکات پێویستی به‌وێنه‌و به‌ڵگه نییه به‌مجۆره‌ی ئێستا، ئه‌گه‌ر وه‌ک مرۆڤێکی خاوه‌ن ویژدانیش ئه‌مکاره ده‌کات ئه‌وا دیسات وێنه‌و به‌ڵگه‌ی بۆ کاری مرۆڤانه نییه، ئه‌گه‌ر هیچیان بۆت به‌س نه‌بور ویستت خه‌ڵکی تری پێ هان بده‌ی ئه‌وا ده‌توانی وێنه‌ی تر‌و هاوشێوه‌و نزیک له‌کاره به چه‌ند دێڕێک بڵاوبکه‌یته‌وه‌و خه‌ڵکی پێ هان بده‌ی بۆ یاره‌متی و هاوکاری خه‌ڵک، هه‌ر بۆیه تکا ئه‌که‌م ئێمه پێویشتمان به‌و خه‌ڵکانی ده‌وڵه‌مه‌ندو خێرخوازه چونکه خه‌ڵکی هه‌ژارمان زۆره‌و حکومه‌ت هیچیان بۆ ناکات، بۆیه سوکایه‌تی به‌وانه مه‌که‌ن که یارمه‌تی خه‌ڵک ئه‌ده‌ن و رێگه‌یه‌کی هه‌ڵه به‌کاردێنن با له‌بری ئه‌وه ده‌ستخۆشیان لێ بکه‌ین و هه‌ڵه‌که‌یان بۆ ڕاست بکه‌ینه‌وه، تکا ئه‌که‌م با ئه‌وانه‌ی یارمه‌تیان ئه‌ده‌ین شکۆیان نه‌شکێنین و وێنه‌یان بڵاو نه‌که‌ینه‌وه‌و ئازاریان نه‌ده‌ین، ئێمه ده‌بێت کاره‌کانمان رێک بخه‌ینه‌وه‌و به‌جۆرێک بێت هه‌موو کات ئێمه ئاگامان له‌یه‌کتری بێت و ڕۆحیه‌تێک دروست بکه‌ین که ئه‌گه‌ر نانێکمان هه‌بوو پێکه‌وه بیخۆین، تکا ئه‌که‌م حکومه‌تی هه‌رێم و حزبه‌کان ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵکی له‌ئه‌ستۆی ئێوه‌یه، زۆریان مه‌ده‌نێ ته‌نها هه‌قی خۆمان بده‌نێ و خه‌ڵکی ناچاری پاڕانه‌وه مه‌که‌ن بۆ له‌ته نانێک، شکۆی مرۆڤێک له‌هه‌موو سه‌روه‌ت و سامانی دنیا هه‌یه به‌نرختره...