ئاسۆ حاجی چەند ڕۆژێکە ڕاگەیاندنکارانی یەکێتی دەستیان بە ھەڵمەتێک کردووە و دەیانەوێت ھەواڵی ناڕاست بڵاوبکەنەوە کە گوایا وەزیرەکانی یەکێتی دژی دەستکاریکردنی مووچە و کەمکردنەوەی وەستاونەتەوە و ئەوە پارتییە ئەو کارە دەکات، لە کاتێکدا ئەوە دوورە لە ڕاستییەوە و وەزیرەکانی یەکێتی دژی ھیچ پێشنیارێک نەبوون بۆ چارەسەرکردنی بابەتی مووچە بۆیە ئەو بانگەشەیە لە موزایەدە زیاتر نیە. بە گوێرەی زانیاریەکانی من ئەو لیژنانەی پێکھاتوون، بە جۆرێکن کە وەزیران و بەرپرسە باڵاکانی حکومەت لە ھەر سێ پێکھاتە سەرەکیەکەی واتا پارتی و گۆران و یەکێتی تێیاندا بەشدارن و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت سەرپەرشتیی زۆربەی ئەو کۆبوونەوانەی کردووە، چونکە زۆر جار سەرۆکی حکومەت بەشدار نەبووە، خودی قوباد تاڵەبانی داوای کردووە کە خۆی سەرپەرشتی ئەم بابەتە بکات، چونکە ئەزموونی لەم بوارەدا ھەیە و کاتی خۆی بەشداری سەرەکیی بابەتی پاشەکەوتی مووچە بووە لە کابینەی پێشووتر دا. سەرۆکی حکومەت لە ھەموو کۆبوونەوەکان گەڕانەوە بۆ بابەتی پاشەکەوتی ڕەتکردۆتەوە و لەگەڵ ئەوەدا نیە و نایەوێ مووچە پاشەکەوت بکرێت، ھەروەھا جەختی لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کردۆتەوە کە پەڕلەمانتارانی یەکێتی دژی زۆر بڕگەی ئەو یاسایە بوون بە تایبەتی لادانی ھەموو ئەو کەسانەی کە بەناھەق بەبێ ئەوەی رۆژێک کاریان بۆ حکومەت کردبێ خانەنشینکراون، چونکە یەکێتی زیاتر لە سەت ھەزار کەسی لەو بابەتەی ھەیە. ئەوەی من زانیاریم دەربارە ھەیە ڕاستیەکە ئەوەیە کە ئەو پێشنیارانەی لە لایەن لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی ئامادە کراون، وەزیرەکانی ھەموو لایەنەکان بەشدارییان تێدا کردووە و وەزیرەکانی یەکێتیش دژی ھیچ کام لە پێشنیارەکان نەبوونە و گشت لایەنەکان لەگەڵ ئەوە بوونە ئەم پێشنیارانە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران تاوتوێ بکرێن و لەوێ بە کۆی دەنگ بڕیاریان لێ بدرێت، نەک ئەوەی میدیاکارانی یەکێتی و بەفیتی کەسانێک کە ھەست بە بەرپرسیارێتی ناکەن بانگەشەی بۆ دەکەن. ئەوەی دیارە و حەقیقەتە ئەوەیە کە سەرۆکی حکومەتی ھەرێم بڕیاریداوە بە ھیچ شێوەیەک مووچە پاشکەوت نەکرێت، ھەر بڕیارێکیش بدرێت بڕیاری یەک لایەن نابێت، بەڵکو بڕیاری تەواوی لایەنە بەشدارەکانی حکومەت دەبێت. جێی داخە کاتێک قەیرانێکی دارایی لە ھەرێمی کوردستان ڕوودەدات یەکێتی دەست بە لێدانی ئەو قەوانە دەکاتەوە کە گوایا ئەوان شەریک نیین لەو حکومەتە و تەنیا بەشدارن، ئەدی باشە بۆ بۆ مووچە و ئیمتیازات و پارە وەرگرتن بەشدارن، بەڵام کە قەیرانێک دروست دەبێت دەست بە بیانوو ھێنانەوە و خۆ دزینەوە دەکەن ؟. ئایا ئەگەر یەکێتی ئەمە ھەڵوێستی بێت جێی متمانە پێکردنە ؟.
خالید رەزا لەهەمو دونیادا، پەرلەمان چەند کارێکی سەرەکی هەیە لەوانە: # باوەڕ بە خشین و باوەڕ سەندنەوەیە لە سەروەزیران و وەزیرەکان. # لێکۆلینەوە و پەسەندکردنی بودجە و چاودێریکردنی جۆری دابەشکردن و جۆری سەرفکردنی بەسەر کەرتەکانی کۆمەڵدا. # چاودێریکردن و لێپرسینەوەی ئیش و کارەکانی حکومەت. # بەشداریکردنە شان بەشانی حکومەت لەداڕشتنی کاروباری سیاسی وڵات وڕێگە چارەکانی دا، بە تایبەتی کێشە چارەنوس سازەکان. گەرچی پەرلەمانی کوردستان، لەسەرەتای دروستبونییەوە، هەتا ئیستا هیچ کام لەو ئەرکانەی خۆی بەباشی جێبەجێ نەکردوە. کەچی لە جیاتی ئەوەی لەخەمی خەڵکی دا بێت، لە خەمی خۆیی و ئیمتیازەکانی دا بوە. بەداخەوە لەم کاتە ناسکەدا کە مرۆڤایەتی گیرۆدەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوە و، رۆژانە دەیان مرۆڤ ئەکوژێ. هاوزەمان کوردستانیش لە ناو ئەو جیهانە پڕ مەترسیەدایە و گەورەترین هەڕەشەی لەسەرە، لەباتی ئەوەی لەخەمی خەڵک و، چاودێریکردنی بەردەوامی حکومەت و لیژنەی باڵای بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنادا بێت، ئەوەتا لە رۆژی 29-3-2020 بە بەیاننامەیەک خۆیی (کەرەنتینە) کردوە. ئێوە خەڵکی کوردستان دەنگی پێ داون، بەرپرسن لەژیان و گوزەرانی زیاتر لە پێنج ملیۆن کەس. شورەییە لە تەنگانەیەکی وادا، کە سەرباری ترسی کۆرۆنا، وا برسێتی خەریکە تەنگ بە خەڵک هەڵئەچنێ، ئیوەش بە بەیاننامەیەکی شەرمنانە خەڵکەکە بەجێبهێلن و، بە بەهانەی جێبەجێکردنی رێنماییەکانی خۆپاراستن، خۆتان سڕ ئەکەن.!. لەجیاتی ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە خۆتان و ئیش و کارەکانتان لەگەڵ هەلومەرجی نوێ بگونجێنن و لەپاڵ خەڵکی خۆتاندا بمێننەوە. ئێستا وڵاتی نیدەرلاند (هۆلەندا) بەشیوەیەکی فراوان کۆرۆنای تیدا بڵاوبوەتەوە، بەپێی ئاماری رۆژی 29-3-2020 واتە ئەو رۆژەی کە ئیوە بڕیاری خۆ کەرەنتینەتان تێدا داوە، ژمارەی توش بوان 10866 کەسە و، مردن یش گەیشتۆتە 771 کەس. بەڵام پەرلەمان نەک کارەکانی خۆی سڕ نەکردوە ، بەڵکە خۆیان گونجاندوە بەپێی ڕینماییەکانی خۆپاراستن. لەخوارەوە زۆر بەکورتی ئاماژە یان پێ ئەدەم هیوادارم ئێوەش دەرس و پەندی لێوەربگرن . بەخۆتاندا بچنەوە و، گەلی کوردستان بەجێ نەهێڵن !! # لە هۆڵەندا پەیمانگای نیشتیمانی بۆ تەندروستی گشتی و ژینگە، سەرپەرشتی بەرەنگار بونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکات. ئەم لیژنەیە رێنمایی خۆپاراستن و چۆنیەتی بەرەنگاربونەوە دائەریژن، سەرۆکوەزیر و چەند وەزیریکی تری پەیوەندیدار، تەندروستی ودەرمان، مالیە ی تیایە، حکومەت ئەرکی جێبەجێکردنی گرتوەتە ئەستۆ. بەداخەوە لەوە ئەچی لە کوردستان هێشتا لیژنەیەکی باڵای کوردستانی دروست نەکرابێ وهەر پاریزگایەک بۆخۆی بێت و، سەرۆکوەزیریش لەدورەوە تەماشاکەر! # بەپێی ڕێنماییەکان هەم ئەنجومەنی وەزیران هەم پەرلەمانی هۆڵەندا، خۆیان گونجاندوە، نەک خۆیان (کەرەنتینە) کردبێ! # سەرۆکوەزیر و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان رۆژانە لە پەیوەندیدان بۆ سەرپەرشتیکردنی بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا و هەفتانە چەند جارێک کۆبونەوەدەکەن. سەرۆک وەزیران (مارک ڕوتە)، سەردانی سوپەرمارکت و خەستەخانەکان دەکات و لە نزیکەوە چاودێری بازاڕ و، کەرتی تەندروستیش دەکات. لەکاتی پێویستدا سەرۆکوەزیر و سەرۆکی لیژنەی باڵا پرێس کۆنفڕانس دەکەن و وەڵامی پرسیار ئەدەنەوە. هەمو ئەمانە لە تەلەفزیۆنەوە راستەوخۆ پەخش دەکرێت.ئەگەر بتانەوێت ئیوەش ئەتوانن لە کوردستانەوە بینەری بن! # پەرلەمانی هۆڵەندا، کۆبونەوەی گشتی هەڵپەساردوە، بەڵام بەردەوام سەرۆکی فراکسیۆنەکان و سەرۆکایەتی پەرلەمان کۆبونەوە ئەکەن. هەمو رێوشوێنەکانی خۆپاراستن رەچاو دەکەن، دور لەیەک دائەنیشن، تەنانەت ئەو میکرۆفۆنانەشی قسەی لێوە دەکەن لەجیاتی بەدەست دابگیرسیندرێت، کردویانە بەقاچ.کۆبونەکانی ئەمانیش راستەوخۆ پەخش دەکرێت، فراکسیۆنەکان بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە هەمویان لەخەمی ئەوەدان، کە باشترین رێوشوێنەکانی خۆپاراستن جێبەجێ بکرێت، لەسەرەتاوە زۆرینەی فراکسیۆنی ئۆپۆزسیۆن پشتیوانی حکومەتیان کرد، تەنها دو فراکسیۆن نەبێ، کە هەردوکیان لە پۆپۆلیستەکان بون، ئەوانیش رەخنەی توندیان لە حکومەت گرت کە هەندیک خاو خلیچک بو لە گرتنەبەری رێوشوێنەکاندا، هەروەها لە هاوکاریکردنی کۆمپانیاکان و خەڵکدا، حکومەت گوێێ لێگرتن و، رێوشوێنەکانی خۆپاراستنیان توندتر کرد، ئیستا هەمو حکومەت و ئۆپۆزسیۆن پێکەوە هاوکارن بۆ سەرکەوتن بەسەر کۆرۆنادا. # پەرلەمان هەفتەی چەند جارێک سەرۆکوەزیران و وەزیری تایبەتمەند و سەرۆکی لیژنەی بەرەنگار بونەوەی کۆرۆنا (RIVM) بانگ ئەکەن بۆ ئەوەی بزانن هەنگاوەکانی بەرەنگار بونەوە چۆن بەرێوە دەچن، چیان کردوە بۆ ئامادەکردنی نەخۆشخانەکان و نەخۆشەکان، رەخنەی توند لەسەر وەزیرئەگرن، لێپرسینەوە دەکەن، پرسیاریان لێ دەکەن و داوای وەڵامیان بۆ کۆبونەوەی داهاتویان لێ دەکەن. پرسیاری من بەتەنها لە ئێوە وەک پەرلەمان نیە، لە سەرۆکوەزیری حکومەتی هەرێمی کوردستان و لیژنەی باڵای بەرەنگار بونەوەی کۆرۆنایە لە کوردستان (ئەگەر هەمان بێت). ئایا تا ئێستا چەند جار سەردانی مەیدانیتان کردوە بۆ نە خۆشخانەکان؟ بۆ ئێوەش ناتوانن وەک هۆڵەندا بەتەنها دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان دەوام بکەن، چاودێری پڕۆسەی بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا ناکەن؟ بۆ سەرۆکوەزیر بانگ ناکەن و پێی بڵێن کەی وەختی خۆشاردنەوەیە؟ ئەی کەی وەختی ئەوەیە ئیوە خۆتان کەرەنتینە بکەن؟ ئێوە ئەرکتانە ئێستا هەفتانە کۆبونەوەی فراوان نا، بەڵکە بەتەنها سەرۆکایەتی و سەرۆک فراکسیۆنەکان، وەزیری تەندروستی و وەزیری دارایی وئابوری بانگ بکەن تاوتوێێ قەیرانی ئابوری و چۆنیەتی خۆئامادەکردن بۆ روبەڕوبونەوەی دەرهاویشتەکانی قەیرانی کۆرۆنا بکەن؟ فشار بکەن حکومەت خەرجیەکانی خۆی کەم بکاتەوە، یاسای چاکسازی سەرباری کەموکوڕیەکانی بەپەلە جێبەجێ بکات. ئەگەر ئەمانە ناکەن، بێگومان بەرپرسیار دەبن لە بەرامبەر خوای خۆتان و ئەوسویندەی خواردوتانە، بەرپرسیار دەبن لە بەرامبەر گەل و ویژدان ومیژودا. https://www.parliament.krd/%DA%A9%D8%A7%D8%B1%D9%88%D8%A8%D8%A7%D8%B1%DB%8C-%D9%BE%DB%95%D8%B1%D9%84%DB%95%D9%85%D8%A7%D9%86/%D9%87%DB%95%D9%88%D8%A7%DA%B5%DB%95%DA%A9%D8%A7%D9%86/posts/2020/march/%D8%B3%DB%95%D8%B1%DB%86%DA%A9%D8%A7%DB%8C%DB%95%D8%AA%DB%8C%DB%8C-%D9%BE%DB%95%D8%B1%D9%84%DB%95%D9%85%D8%A7%D9%86%DB%8C-%DA%A9%D9%88%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86-%D8%B1%D8%A7%DA%AF%DB%95%DB%8C%DB%95%D9%86%D8%AF%D8%B1%D8%A7%D9%88%DB%8E%DA%A9%D9%89-%D8%A8%DA%B5%D8%A7%D9%88%D9%83%D8%B1%D8%AF%D9%87-%D9%88%D9%87/
ئاری هەرسین ھەرگیز لەگەڵ بۆچونە ستالینیستیەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان نەبوم كە لەناو حیزبەكەی خۆیدا و بەرامبەر حیزبە كوردستانیەكان جێبەجێی دەكرد، بەڵام دەستگیركردنەكەی و بەو جۆرە ئیھانە كردنی لەبەردەم كامێرا، وەك كورد و كوردستانیەك زۆر ئازاری پێ گەیاندم. لە ئێستاشدا ھەواڵی ڕادەستكردنی مەلا كرێكار لەلایەن حكومەتی نەرویجەوە بە ئیتالیا ھەمان كاریگەری لەسەرم ھەیە. مەسافەی بیركردنەوەی سیاسی و كۆمەڵایەتی بەندە و كاك مەلا كرێكار ھێجگار لێك دوورە و، بڕواشم وایە پێویستە لە دادگایەكی بێ لایەن و شەفافدا مەلا كرێكار ئەستۆپاكی خۆی بسەلمێنێت لەبەرامبەر ئەو تاوانانەی كە خراونەتە پاڵی. یانیش بە پێچەوانەوە دادگا تاوانبارێتی مەلا كرێكار بسەلمێنێت. بەڵام جیاوازی بیروڕا و، جیاوازی ڕێبازی سیاسی یان ئاینی، نابێت ئینسان لە ڕێگا ڕاستەكەی ئەخلاقی ئینسانی بەلادا بەرێت. ئەو سیاسەتمەدارانەی سیاسەتكردن بە دوور لە ئەخلاق پێناسە دەكەن بەھەڵەدا چوون، چونكە ئەوە سیاسەت نیە كە بێ ئەخلاقیە، بەڵكو ئەوە ئەو نەوعە سیاسەتمەدارانەن كە ئەخلاقی ئینسانی لە ھەگبە و فەرھەنگیاندا نیە، بۆیە لایان وایە ھەموو سیاسەتمەدارێك دەبێت بێ ئەخلاق بێت. خەڵكی نەروێژ شانازی بەوەوە دەكەن كە وڵاتەكەیان نموونەی كۆمەڵگایەكی دیموكراتە كە پایبەندە بەھەموو بنەماكانی مافەكانی ئینسان و دادپەروەری و پێكەوە ژیان. كەچی لە گەرمەی لێشاوی ھێرشی كۆرۆنا بۆ سەر ئینسانیەت، لەو كاتەی كە كەس سەری ناپەرژێتە سەر ھیچ شتێكیتر جگە لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، دەوڵەتی نەروێژ مەلاكرێكاری ڕادەستی ئیتالیا كرد بە پاساوی ئەوەی لەلایەن دادگای ئیتالیاوە داواكراوە. ئەو ئیتالیایەی كە سەری ناپەرژێتە سەر بەدواداچوون و ئیدارەی تاوانەكان لە وڵاتەی لەبەر پەشۆكاوی بەدەست بەڵای ڤایرۆسی كۆرۆناوە. ئایا دەوڵەتی نەرویج بەو ھەموو توانا ئابوریە زەبەللاحەی خۆیەوە جێگای مەلاكرێكاری لە ژوورێكی زیندانی ئینفیرادی پێ نەكرایەوە؟ یان بە فرسەتیان زانی و ھەل ومەرجی نالەباری ئیتالیایان قۆزتەوە بۆ خۆ ڕزگار كردن لە مەلەفێكی قانونی، كە ساڵەھایا دەیھێنن و دەیبەن نەیانتوانی تاوانباری مەلا كرێكار بسەلمێنن و حوكمێكی دادپەروەرانەی بەسەردا بسەپێنن؟... ئیتر بۆ ھەندێك كەس لایان سەیرە كە نیشانە پرسیارێكی گەورە بخرێتە بەردەم 'دیموكراسی و دادپەروەریەكەی' خۆرئاوا؟
دانا هەڵەبجەیی کرۆنا فێری کردین کە جیاوازی لە نێوان وەزیرو گوزیر نییە، لە نێوان هەژار و زەنگین نییە. ئەوەندە وانەی پێ بە خشین کە هەموومانی فێر کرد، کە ئێمە جگە لە دانیشتوانێکی بێ دەسەڵات لە تاو سروشتی سەر گۆی زەوی، هیچی دیکە نین و هەموومان وەک ئۆرگانێکی تری سروشت نەبێت، هیچی دیکە نین،،،. پێشتر زۆر خۆمانمان لەلا لەوی دیکە گرنگتر بوو و خۆمانمان لا یەکەم بوولەوی تر. وەک تاک و نەتەوە، پاشان وەک وڵات، ئینجا وەک ئایین و ئایدیۆلۆژیا، کە هەریەکەمان لەوی تر پێ باڵاتر بوو. ئەوەی من هەمە وەک ئایین و ئایدۆلۆژیا و ڕەگەز، تەنانەت وەک بۆچوونێکی لۆکالیش، لە تۆی دیکە ڕاستتر و ڕەوانتر و درووستر بوو. هەموو جەنگ و جیدالەکانی سەد سالەی پێشووی سەر زەوەی لەسەر ئەوە بوو کە من ڕاسترم لە تۆ، ئێمە گرنترین لە ئێوە، ئایین و ئایدۆلۆژی ئێمە لە ئێوە دروستترە. کۆرۆنا وانەیەکی فێرکردین، کە بە دەیان کتێب و سیستەمی سیاسی و جەنگ و شەڕی جیهانی فێری نەئەکردین. کۆرۆنا هەر ئەوەی فێر نەکردین، بەڵکوو ڕۆچوویە ناو ژیانی تاکایەتی مرۆڤەکان، ناو ژیانی ژن و مێردایەتیش،، نێوان خوشک و برا، باوک و دایک، نێوان خودی مرۆڤەکان لەگەڵ خۆێدا. پرسیارە گەورەکە ئەوەیە، ئەگەر بە زیندووی ماینەوە لە پاش هێرشی کۆرۆنا، ئایا هەمان مرۆڤین کە پێش کۆرۆنا ژیاوین؟، یا بە هەمان سیستەمی سیاسی و ئیداری ڕازی ئەبین کە بەڕێوەمان ئەبات یا ئیتر ئەبێت کار بۆ لەناوبردنی بکەین، چونکە ئەوە نەبوو کە بینیمان و ویستمان. ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا ، وەزیری تەندروستی ئیتالیا و هتد، توشی پەتای کۆرۆنا بوون، کەچی ئەوانەی کە لە گردە پڕ بازگەکانی لای خۆمان، بە دانسقەش نەک خۆیان دەرناخەن، بەڵکو بە ئۆنلاین ئەیانەوێت ئیدارەی حکومەتێک بکەن، کە ئەگەر بەغدا پارەی بۆ نەنێرێت، لە قەباغێک زیاتر هیچی تر نین. ئاوا بە ئاسانی مێگەڵ بە دوایاندا ئەڕوات یا نا؟. کەواتە هەم خێزان، هەم دەوڵەت، هەم جیهان هەمووی دەرکەوت کە بایی چەندن. ئایا خەڵک بەو سیستەمە رازی ئەبێت کە هەیەتی، ئایا گۆڕانکاری دێت بە سەر سیستەمی بەڕیوەبەرایەتی جیهاندا؟. بێ گومان بەڵی، هەموو شت ئەگۆڕێت، لە ئەلفەوە تا یا. هیچ کاتێک سیستەمی بانکی جیهانی و نەوت و بازرگانی و ڕەگەزە سەرەکییەکانی پەیوەندی وەک فرۆکەوانی و بازاڕە گەورەکانی دراو، ئاوا دەستەوەوەستان نەوەستاون و نەچوونەتە ناو قاڵبەکەی خۆیان. هەموو ئەم مت بوونە، ئەم خۆ کەرەنتینە کردنە، قەد وەک پێش کەرەنتیرە نابێت. دڵنیام لە تاک بە تاکی مرۆڤەکانیش، گۆرانکاری بەسەر ڕامان و بیر و هۆشیان هاتووە، لەم خۆ حەشاردانەدا، هیچ کەسێک مرۆڤی پێش کۆرۆنا نییە، ئەگەر تۆزقاڵێکیش بیرکردنەوەی نەگۆڕابێت، ئەوا دیدی بۆ خود و چواردەوەر و جیهان ئەگۆڕێت. ئەمەیە کۆدی کۆرۆنا بۆ مرۆڤە ڕۆبۆتەکانی دنیای سەرمایەداری ، ئەگەر مرۆڤەکان بگۆڕێن، ئیتر چۆن چاوەڕی نەبین کە سیستەمی سیاسی و ئابووریی جیهان نەگۆڕێت. کەواتە چاوەڕێی گۆڕناکاری گەورە بن، ژیانی پێش کۆرۆنا ئەبێتە مێژوویەک و هیچی تر.
شوان سدیق: ئیتاڵیا ھاوڵاتیەکیی زۆری وڵاتانی جیھان لە ئیتاڵیا دەژین، ھۆکاری مانەوەشیان، لەم وڵاتە بەتەمەنەی باشووری ئەوروپا بۆ کۆچ و پەنابەری و خوێندن و کار و مانەوەی ئارەزوومەندانەی خۆیان دەگەڕێتەوە. لەڕووی یاساییەوە ڕێگا بەمانەوەی ھەموو کەسێک دەدرێ، بژیێت لەم وڵاتە کەسێکیش لەوڵاتی خۆی داوای کۆرسی خوێندن لەزانکۆکانی ئێرە بکات، پاش قەبووڵکردنی و گەیشتن بەخاکی ئیتاڵیا وڵاتە حکوومەت ھاوکاری پێویستیشی دەکات لەدابینکردنی شوێن و خواردن و خواردنەوەش بەبێ بەرانبەرە! چونکە وڵاتێکە کەوتۆتە سەر ھێڵی دەریای ناوەڕاست و ھاوسنووری ئەفریقاو و وڵاتانی یونان و فەڕەنساو ئەڵمانیایە کۆچبەرێکی زۆری نایاسایسش ڕووی تێندەکەن. بەڵام ژیانی کۆچبەران لەئیتاڵیا ھاوشێوەی ئەوروپای ناوەڕاست و باکوورنییە لێرە ئەرکی کۆچبەر و پەناخواز قورسە ھاوکاریەکانی حکومەت سنووردارە و دەبێ کۆچپەر و پەناخوازان بتوانن خۆیان لەگەڵ بارودۆخی ژیانی ئێرە بگونجێنن! ژمارەی کۆچبەر و بێگانە لە ئیتاڵیا، ٥ ملیۆن و ٣٥٠ ھەزار کەسە. ھاوڵاتییانی ڕۆمانی، مەغریبی، ئۆکرانی، ئەلبانی و چیینی زۆرینەن لە ئیتاڵیا دەژین. ئەگەر سەیری ئاماری فەرمی ڕێژەی کۆچبەر و بێگانەی دانیشتووی ئیتاڵیاش بکەین، ژمارەیەکی ھێجگار بەرزی موسوڵمان لەم وڵاتەتەن. ئەمڕۆ وڵاتەکە بەھۆی کۆرۆنا ڤایرۆس کەوتۆتە بارودۆخێکی دژوار و سەخت. ژمارەی قوربانییەکان ڕوو لە زیاد بوونە بەپێی دواین ئەماری ڕۆژی ٢٨ مارس ١٠ ھەزار و ٧٧٩ کەس گیانیان لەدەستداوە. کاتێک لە سۆشیال مێدیا ھەندێ لەھاوزمانی کورد دەبینی بەتوانجە سەرنجی خۆیان لەسەر ئەم باودۆخەی ئێستای ئیتاڵیا دەردەبڕن، بەتایبەتی دەڵێن ئیتاڵیا بۆیە گەیشتووە بەم ڕۆژە چونکە وڵاتی کافر و کوفرن و خودا تۆڵەیان لێ دەکاتەوە. دیارە ئەم تێڕوانینە پێچەوانەی ھەموو بنەمایەکی ئایینی و ئەخلاقییەو فەرھەنگێکی دواکەوتووییە مرۆڤ بەم شێوازە بیربکاتەوە. بەڵام کاتێک سەیری ئاماری ڕێژەی موسوڵمانانی نێو ئیتاڵیاش بکەین خاوەنی ئەم عەقڵیەت و فەرھەنگە شەرمەزار دەبن! بەگشتی موسوڵمانانی نێو ئیتاڵیا یەک ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار کەسن و ئازادن لە پەیڕەوکردنی بنەما ئایینی و دابوونەریتەکانی پەیوەست بە خۆیان! لەنیۆ ئەم ڕێژە زۆرەی دانێشتوانی موسوڵمانان لە ئیتاڵیا زۆرینەیان، مەغریب، ئەلبانیا، میسر، پاکستان، بەنگلادیش و توونسین. بەگشتی وڵاتی ئیتاڵیا، ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە٦٠ ملیۆنە.وڵاتەکە لەڕووی ئیدارەیەوە بەسەر ٢٠ ھەرێم دابەش دەبێ ئەمساڵ یادی ١٥٩ ساڵەی ئەم یەکێتیەی کرایەوە. دوو دەوڵەتی بچووکیش لەنێو ئیتاڵیادا ھەن وەک ڤاتیکان و سانمارینۆ
کەمال رەئوف بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا وەک رووداوێکی جیهانی حساب بۆنەکراو، دەکەوێتە دەرەوەی خانەی لێکدانە بۆ نەکراوەکانی پێشبینیە زانستیەکان و تەنانەت سیستمی حوکمرانی نێودەوڵەتیشەوە، هەرچەندە زۆر باس لەوە دەکرێت کە پێشتر کەسانێک پێشبینیان کردوە و باسیان کردوە، یان چەندین زنجیرەی دراماو تەنانەت کتێب و چیرۆکیشی لەسەر نووسراوە، بەڵام ئەوەی لەدەرکەوتنی ئەم ڤایرۆسە روویدا، شۆکێکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە هاوشێوەی تاوی شۆرشێکی خۆرسکی سەری لە کتوپرێکدا سەریدەرهێنا. لەئەنجامی ئەم شۆکە گەورەیە پێدەچێت دوای تەواو بونیشی کە بەدڵنیاییەوە تەواو دەبێت، کۆمەڵێک ئاسەواری ئابوری و کۆمەڵایەتی بەسەر مرۆڤایەتیەوە بەجێبهێڵێت، واتە بەدڵنیاییەوە، ئەمە وەک رووداوێکی ئاسایی بەسەر مرۆڤایەتیدا تێناپەرێت و کارکردی زۆری دەبێت لەسەر هەڵسوکەوتی گشتی و باری ئابوری و تەنانەت لەسەر بەشێکی گرنگی لەسیستەمی حوکمرانی باویش، بەتایبەت دەبێتە هۆی چاو خشاندنەوە بەسێکتەری تەندروستیدا ئەمە دەبێتە ئەرکێکی گرنگی حکومەتەکان تەنانەت تارادەی ئەوەی دەبێتە کەرەستەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیش. تائێستا سیاسەتی باوی سیستەمی حوکمرانی بۆ بەهێزی و دڵنیایی زیاتر لەو خولگەیەدا دەسورایەوە، کە چەکی بەرگری و یەدەکی کەرەستەی جەنگی هەبێت، بەڵام لەبڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە دەرکەوت، ئەوعەمارە گەورە و پرچەکە زۆرو زەوەندانە فریای ئەم حاڵەتەیان ناکەوێت، چونکە هیچ وڵاتێک شک نابەیت بە وڵاتانی پاشکەوتوشەوە کەبە هەزارەها موشەک و تانک وفرۆکەو کەرەستەی جەنگی یەدەکراوی لەعەمارەکانیدا نەبێت، بەڵام دەرکەوت هیچ وڵاتێکی پێشکەوتووی جیهان لەبڵاوبوونەوەی ئەم ڤارۆسە هێندەی پێویست کەرەستەی پزیشکی بۆ بەرگری لە رووداوێکی وەک بڵاوبوونەوە ئەم ڤایرۆسەی نەبوو، هەر بۆیە تەنانەت لەهەندێک وڵات، کارمەندانی خانەنشین و خوێندکاریانیشیان خستە بواری کارکردنەوە، بەڵام بەوحاڵەشەوە هەر نەیان توانیوە ئەو بۆشاییە پربکەنەوە کە ساڵانێکی زۆرە لەبریان کردوە و لەئاستی بەرگییەکی سەرکەوتووانەدا نەبوون. بەچەند هەفتەیەک پێش ئەوەی لە ئەمریکا بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسەکە رابگەیەنرێت،سەرۆکی ئەو وڵاتە ترامپ، لەپامێکی گاڵتە ئامێزدا باسی ئەوەی کرد کە بەگەرمبوونی کەشوو هەوا ڤایرۆسەکەش ون دەبێت، بەڵام زۆری نەبرد، نەک هەر وەک وڵاتانی تر دۆخی کەرەنتین راگەیەنرا، تەنانەت داوای عەون و هاوکاری لەسەرۆکی چین کرد کە بەنەیاری ژمارەیەکی ئەمریکا دادەنرێت، لەناوخۆش بەناچاری بەشێک لەسوپاکەی بە کەلوپەلی سەربازی قورسەوە جوڵاند. لەدەرکەوتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا چەند راستیەک دەکەوت، لەوانە ئەوە ئاشکرا بوو کە کەمی شوێن و قەرەوێلەی خەوتن گرفتەگەورەکە نەییە، بەڵکو ئەوەی کێشە بوو، کەرەستەی پزیشکی پێویست و کەمی کارمەندی تەندروستی بوو، کەمی دەرمانی پێویست و ئامادەسازی حکومەتەکان بوو بۆ دۆخێکی لەو جۆرە، ئەمەش وایکرد خەڵک ماڵەکانی خۆیان بەئەمینتر بزانن تا لەخەستەخانەکان، لە هەندێک وڵاتیش تاکە ئامۆژگاری لایەنی تەندروستی ئەوەبوو بۆ بەرکەوتەکان کە بچنەوە ماڵەکانی خۆیان و تێکەڵ بەکەس نەبن. کەرەنتین وەک خۆپارێزی و وەک چارەسەریش کەرەنتین کردن و دابرانی بەشێک لەخەڵک، تا ئەو رادەیە پرۆسەیەکی خۆپارێزییە، کە لەدەرەوەی سنوری خەڵکە کەرەنتینکراوەکان، رێگاچارەیەک بۆ بەرگری و چارەسەر هەبێت، دەنا کەرەنتین کردن راکردنە یان خۆشاردنەوەیەکی راستەوخۆیە لەدۆخێک کە بەهۆی ڤایرۆسەکەوە دروست بووە، بەتایبەت ئەو جۆرە کەرەنتینکردنەی کە ئێستا لەجیهان پیادەدەکرێت و ژیانی ئاسایی راگرتوە. ئەمریکاو بەریتانیا ئەو دووڵاتە بوون کە بەهۆی دۆخی ئابوریانەوە ویستیان بەرگەی دۆخەکە بگرن و کەرەنتینی گشتی رانەگەیەنن، هەربۆیە بەشێوەیەکی سەرسورهێنەر بەتایبەت لە ئەمریکا ڤایرۆسەکە لەکتوپرێکی خێرادا بڵاو بووەوژمارەیەکی زۆر لەخەڵک توشی نەخۆشییەکە بوون، کە پێدەچێت دوای ئەوروپا ئەمریکا ئەو وڵاتە بێت کەزۆرترین قوربانی هەبێت و لەرووی ئابوریشەوە زەر.ر مەندی یەکەم بێت، ئەمەش کاریگەری زۆر لەسەر هاوسەنگییە جیهانییەکەی دابنێت وپێگەی لەچاو وڵاتێکی وەک چین لاواز بێت. تێکچوونی هاوسەنگی و هاوپەیمانیەتێەکان ئیتالییەکان کە تا ئێستا قوربانیەکی زۆریان هەیە، گلەییەکانیان نەشاردەوە لەدۆستە ئەوروپییەکان، ئەوان وەک وڵاتێکی هاوپەیمانی و ئەندامی ناتۆ، چاوەروانی ئەوەیان ئەکرد، هاوپەیمان و دۆستەکانیان زوو بچن بەدەمیانەوە، بۆیە بەشێک لە زۆری قوربانیەکانیان دەخەنە ئەستۆی ئەوان، ئیتالیەکان هەرچەندە وەک ئێرانیەکان باسی پیلانگێری دەرەکی و دەستکردی ڤایرۆسەکە ناکەن، بەڵام لەپاڵ ئەوەشدا باسی ئەو کەمتەرخەمیانە ئەکەن کە دۆست و هاوپەیمانەکانیان دەرهەق بەوان هەیان بوو. هەرچۆنێک بێت ئێستا کە ڤایرۆسەکە زۆربەی وڵاتانی گرتۆتەوە، کەمتر قسە لەسەرهاوکاری ئەکرێت، ئەوەندەی ئاماژەکان بۆ ئەوەیە کۆدەنگییەک دروست بێت بۆئەوەی هەمووان پێکەوە بەرنامەیەکیان هەبێت بۆ کۆتایهاتن بە ڤایرۆسەکە. بۆئەوەش زۆربەی چاوەکان لەسەر چینە کە وەک ئەزموونی خۆی توانی لەشاری ووهان تەوقی بدات و بەقوربانیەکی کەم قوتاری بێت، ئەمە لەگەڵ ئەوەی ناوەندەکانی چاودێری بەگومانێکی زۆرەوە ئەرواننە ئەو داتایانەی لەسەر قوربانیەکان بڵاوکراونەتەوە، ئەوان لایان وایە ژمارەی قوربانیەکان لەهەموو جیهان زۆر لەوە زیاترە کە راگەیاندراوە، ئەمەش بەشێکی بۆ ئەوە دەگێرنەوە تا دڵەراوکێ و ترس لەناو خەڵکدا دروست نەبێت، دیارە شاردنەوەی ژمارەی قوربانیەکانیش ئاسان ئەویش بەهۆی ئەوەی، رێورەسمی بەخکسپاردنی قوربانییەکان بەتەواوەتی لەشێوازی باو جیاوازترە و حکومەتەکان بەشێوەیەکی تایبەت ئەوکارە ئەکەن، بەڵام بۆ بەرکەوتوان هیچ گومان لەوەدا نییە کەژمارەی ئەوکەسانەی لەجیهاندا تا ئەم کاتە بەرکەوتوون، زۆر لەوە زیاترە کە راگەیەندراوە، ئەویش بەهۆی سروشتی ڤایرۆسەکەوەیە و بەهۆی ئەوەی کە سیستەمی تەندروستی دەوڵەتەکان، لەتوانایدا نییە، یان کەرەستەی پێویستیان لەبەردەستدا نییە، تا بەزوویی پشکنین بۆ خەڵکێکی زۆرتر بکەن، واتە ئەوەی راگەیەنراوە ژمارەی ئەوکەسانەیە کە پشکنینیان بۆ کراوە، نەک ئەوانەی توشی ڤایرۆسەکە بوون. لێکەوتەی ئابوری و لەدەستدانی خۆشی وئازادی هەڵسوکەوت بەشێک لەو پارە قەبەیەی لەجیهاندا کەئێستا خراوەتە گەر بۆ بەرگرتن بە ڤایرۆسەکە، گەر لەکاتێکی شێنەیدا خەرج بکرایە، بەدڵنیاییەوە زۆر لەوە بەکەمتر دەتوانرا کەرەستەی پێویستی پزیشکی و بەرگریکردن تا ئاستی پێویست بەرهەمبهێنرێت، یان ئەو خەساراتە گەورەیەی بەر وڵاتانی بەهەمهێنەر کەوتوە، زۆر لەوە زیاترە، گەر بیانویستایە بۆ چاککردنی سێکتەری تەندروستی هەموو جیهان بەکاریان بهێنانە، بەڵام دیارە ئاراستەی سیستەمی ئابوری جیهان لەسەر مەزهەبی قازانج پایەکانی داناوە، نەک مرۆڤایەتی، ئەگەریش زۆرە لەدوای ئەم ڤایرۆسەش سێکتەری بەرهەمهێنانی کەلوپەلی پزیشکی قەبزەیەکی تر لەوەبەرهێنان دەستپێدەکات و کۆمەڵێک کۆمپانیای گەورە تیایدا دەبنە خاوەن پشک و هەڵسورێنەری، هەرئەمەش وادەکات لە پروپاگەندەی ئەوکۆمپانیایانە بۆ دەورانێک خەڵک لەسەر ترس و دڵەراوکێیەتی بهێلێریتەوە تا بازار گەرمی بۆ بەرهەمەکانیان بکەن. هەموو ئەوانە وادەکات مرۆڤ لەژیانی ئاسایی خۆیدا وەک سەربازێک بژی کە لەناو کێڵگەی مین بێت، هیچ نەبێت ئەو حاڵەتە بۆ دەورانێکی زۆر بەدوودڵی و نائارامی بۆ مرۆڤ دروست دەکات و وادەکات لەدەوری خۆی بەگومانی سەربازەکەوە بروانێت، نەبا بەهەڵە پێبنێت بەمینێکدا، بەتایبەت ئەوانەی لەشارە قەرەباڵغەکان ژیان دەکەن و شتومەکی گشتی بەکار دەهێنن، وەک پاس و قیتارو مەسعەدو هۆتێل و شوێنە گشتیەکانی تر، ئەمەش رەنگە ببێتە هۆی لەدایکبوونی سلوکێک کە لەگەڵ هی سەردەمی پێش بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بەتەواوەتی جیاواز بێت، بەشێک لە زیادەرۆیی مەترسیەکە رەنگە دروستکراوی مرۆڤ خۆی بێت، بەڵام بەشێکی تری بۆ شێوازی خۆمەڵاسدانی جۆری ڤایرۆسی کۆرۆنا دەگەرێتەوە، کە هەڵگر، تاچەند رۆژێکیش هیچ نیشانەیەکی نەخۆشی پێوەدیار نییە، بۆیە دوایی بنەبرکردنی ڤایرۆسەکەش هێشتا ترس و دڵەراوکێی کۆرۆناو ڤایرۆسی هاوشێوەی ئەو لەدڵ و دەرونی خەڵکدا دەمێنێتەوە، کە رەنگە خەڵک چیتر وەک جاران حەزیان بەتەوقەکردن و ماچکردن و یەکتری لەباوەشکردن نەبێت، تەنانەت لەگەڵ کەسە نزیکەکانی خۆشیاندا، ئەوەش وەک دابوونەریت جێکەوتە ببێت، یان حەز لەسەر خواردنی دەرەوە کەم ببێتەوە، سەردانیکردنی شوێنە قەرەباڵغەکان وەک جاران نەمێنێت تا ئەو رادەیەی مرۆڤ گومانی لەدەستەکانی خۆشی بۆدروست ببێت و لەجاران زیاتر بیانشوات و ئاگاداریان بێت بەرشتی نامۆ نەکەون، رەنگە گرنگی دان بەپاکوتەمیزی لەسیستەمی خوێندا لەجاران زیاتر گرنگی پێبدرێت هەروەک چۆن دەست شتن بەسابون لەسەد ساڵی رابردوودا بوە بەشێک لەدابونەریتی باو ئاواش لەدوای کۆرۆنا کۆمەڵێک نەریت کە تایبەتبن بەپاکوتەمیزی برەوی پێبدرێت، هەروەک چۆن ئێستا دەموددان شتن تارادەیەکی زۆر بەبێ ئەوەی کەس گوشار بکات خەڵک خۆیان پەیرەوی لێدەکەن. دیارە ئەم بۆچون و ئەگەرانەی لێرە خراونەتە روو لەکاتێکدایە کە هێشتا فایرۆسەکە بەهەموو قوەتی خۆیەوە لەناوماندایەو سەرباری هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی ڤاکسینی دژە ڤایرۆسەکەش هیچ ئاکامێکی سەرکەوتووی زانستی رانەگەیەنراوە.
كامیل عومەر گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست لەم ساتەوەختی تەنگژەو قەیرانی (بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا)یەدا، كارێكی گرنگو پێویستی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتەو بۆ ئەمەش وادەخوازرێت ژینگەیەیەكی لەباری هەمەلایەنە بۆ یەكدەستیو پێكەوەییو هاوئاهەنگی بۆ روبەرووبوونەوەی تەنگژەكە دروستبكرێت، نەك سوودوەرگرتنی خراپو نەزانانە، بەجۆرێك كە بەشێك لە كۆمەڵگەكەت بكەیتە دژو نەیار. وەكئەوەی لەچەند رۆژی رابردوودا رویداو لەسەر (رەخنەگرتن) رۆژنامەنووسان دەستگیركران، كە ئەوە سوودوەرگرتنێكی نادروستەو زیان بە رێكارو رێوشوێنەكانی بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەكە دەگەیەنێت. رەخنەگرتن، كە مافێكی سروشتیو یاسایی هەر كەسێكە، ئەركێكی گرنگی رۆژنامەنووسانیشە بۆ دەستنیشانكردنی لادانو كەموكورتیو دیاردە دزێوەكان، بە ئامانجی راستكردنەوەیان و سوودگەیاندن بە بەرژەوەندیی گشتی. بەوپێیەش رەخنەگرتن لەم دۆخەدا بۆ دیاریكردنو ئاشكراكردنی هەڵەو كەموكورتییەكان، دەبێ وەك هاوكاریو كاری پێكەوەیی سەیربكرێتو بنرخێنرێت، نەك وەك تاوان سەیربكرێتو رۆژنامەنووسانی لەسەر دەستگیربكرێت. پێشتر ئاماژەمان بەوە دا، كە دەبێ رۆژنامەنووسانیش زیاتر لە هەر كەسێكی دیكە ملكەچی یاسا بنو لەكاتی پێشێلكاریدا، لەجیاتی تیرۆرو ئازاردانو سوكایەتپێكردن، رێوشوێنی یاسایی بەرامبەریان بگیرێتەبەر، بەڵام نەمانووت یاسا بكەن بە پاساو بۆئەوەی لەسەر رەخنەیەكی ئاسایی وەكئەوەی تاوانێكی گەورەیان ئەنجامدابێت، هەڵبوكتنە سەریانو دەستگیریان بكەنو چەند رۆژێك بەندیانبكەن. دەستگیركردنی هەردوو رۆژنامەنووس (هێمن مامەندو هەرێم جاف) لەسەر بڵاوكردنەوەی دوو بابەتن لە ئەكاونتی سۆشیال میدیاكەیانەوە، كە هەردوكیان رەخنەنو رەخنەكانیشیان بابەتینو ناچنە خانەی تاوانەكانی بڵاوكردنەوەوە، كە یەكێكیان رەخنە لەشێوازی مامەڵەكردنی هێزە ئەمنیەكاندا دەگرێت، لەگەڵ ئەو كەسانەی گومانی ئەوەیان لێدەكرێت، كە بەركەوتووی ڤایرۆسی كۆرۆنا بن، ئەوی دیكەشیان رەخنەی لە بێدەربەستیو كەمتەرخەمی حكومەت بەرامبەر مافو مووچەی هاووڵاتیانی كەرەنتینەكراو، گرتووە. سەرباری ئەوانەش، شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ رۆژنامەنووسە دەستگیركراوەكاندا بەتایبەت لەگەڵ (هێمن مامەند)، شێوازێًكی نایاساییەو بەهەڵكوتانە سەرو بێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەخت بووە، لەوەش خراپتر بەپێی یاسای ژمارە (6)ی ساڵی 2008ی قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن لە هەرێمی كوردستان سكاڵایان لەسەر تۆماركراوە، لەكاتێكدا لەبەرئەوەی رۆژنامەنووسن، دەبوو بەپێی یاسای ژمارە (35)ی ساڵی 2007ی رۆژنامەگەری لە كوردستان، مامەڵەیان لەگەڵ بكرایە، كە راگرتنو دەستگیركردنو بەندكردنی تێدا نییە. دەستگیركردنی رۆژنامەنووسانو بەندكردنیان، جگەلەوەی كە نیەتی خراپی چاوترساندنو سەركوتكردنی رەخنەو ئازادیی رادەربڕینی لێدەخوینرێتەوە، زیانیش بە گیانی هاوچارەسەریو هاوبەرپرسیارێتیو كاری پێكەوەیی لە رووبەرووبونەوەی تەنگژەكە دەگەیەنێتو متمانەی خەڵك بە دەسەڵاتو دەزگا ئەمنیەكان لاوازتر دەبێت.
د. رەفیق سابیر دەوڵەتی نەرویج دوای ساڵانێک زیندانیکردنی تیرۆریستی ئیسلامی مەلا کریكار، بڕیاری دا ئەو رادەستی دەوڵەتی ئیتالیا بکات، تا لەوێش، بە تومەتی تیرۆر، دادگایی بکرێت. مەلا کرێکار پێشتر لە کوردستان بەرپرسی رێکخراوی تیرۆریستیی جوندولئیسلام و ئەنسارولئیسلام بوو. خەڵکی کوردستان، هێشتا تاوانی دڕندانە و کەموێنەی ئەو رێکخراوانە و مەلا کرێکاریان، لەبیرە. ئەوان، بە فەتوای مەلای تیرۆر، دەیان پێشمەرگە و کەسانی تریان، شەهید کرد و تەنانەت بە زیندوویی سەری چەندانیان، لە گوندی خێڵی حەمە) پەڕاند و ویستیان کولتووری سەربرین لە کوردستاندا بڵاو بکەنەوە. لە بەرامبەر ئەم بڕیارەی دەوڵەتی نەرویج، سەرکردەی هەر سێ حیزبی ئیسلامی، یەکگرتوو، کۆمەڵ و بزوتنەوە، بە بێ لەبەرچاوگرتنی تاوانی ئەو گەورە تیرۆریستە، بە بێ حیسابکردن بۆ هیچ بەهایەکی سیاسی، ئەخلاقی، ئینسانی و نیشتمانی، شین و شەپۆر بۆ مەلای تیرۆر دەکەن و بریاری ناردنی مەلا کرێکار بۆ دادگاییکردن لە ئیتاڵیا، مەحکوم دەکەن. ئەوان هەموو جیاوازی و ناکۆکیی نێوانیان فەرامۆش کردووە و پێکەوە، وەک هاوڕێ و هاوباوەڕ، چوونەتە پاڵ مەلا کرێکار. ئەم هەڵوێستە پڕشورەییەی سەرکردەی کۆمپانیا ئیسلامییە سیاسییەکانی کوردستان، دەیسەلمێنێت کە ئەو تیرۆ و تاوان و کوشتارەی کرێکار ئەنجامی داوە، لای ئەوان کارێکی رەوای ئاینییە، یان لەوانەیە لە رێگای خوادا و رەنگە لەجیاتی هەموو مسوڵمانان کرا بێت، بۆیە چاو لەم تاوانە گەورانە دەپۆشنن. هەروا، ئەم هەڵوێستە، کە سوکایەتییە بە ژیان و خوێنی قوربانیانی تیرۆری ئیسلامی، دەری دەخات کە ناوەرۆکی ئایدیۆلۆجییە سیاسییە ئاینییەکەیان (کە غەزا و سەپاندنی شەریعەت وکوشتن، یان کۆیلەکردنی غەیرەمسوڵمانە) هاوشێوەی یەکن. چونکە ناوەرۆکی ئایدیۆلۆجیای ئیسلامی سیاسی، وەک هەموو ئایدۆلۆجییە نادیموکرات و دیکتاتۆرییەکان، لەوە پێک هاتووە، کە هیچ دیاردەیەکی لەخۆی جیاواز، قبووڵ ناکات. لەمەش ترسناکتر، بە پشتبەستن بە سورەتی ئەنفال و ئەلتەوبە و چەندان تێکستی تری ئیسلامی، ماف بە خۆی دەدات دەست بەسەر ماڵی غەیرە مسوڵمان و (کافران)دا بگرێت، ژن و کچ و منداڵیان، وەک دەستکەوت و غەنیمەت، بە حەڵاڵ بزانێ و وەک کۆیلەی سێکس بەکاریان بهێنێت و وەک کاڵایەکیش بیان فرۆشێت. لێرەوە دەکرێ لەوە بگەین کە بۆچی هێزە ئیسلامییەکان و سەدان مەلای دەنگگەورە، لە بەرامبەر تاوانەکانی مەلا کرێکار و هاورێیانی دەنگیان گیرابوو! بۆچی و بە پێی کام شەرع و باوەڕ و ئاین پاکانەیان بۆ کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکان و فرۆشتن کۆیلەکردنی ژن و کچ و کوڕی ئێزیدی دەکرد، ئەوانیان بە کافر ناو دەبرد. دواجار لاموایە کاتی ئەوە هاتووە کە لە ئایدیۆلۆجیستانی غەنیمەت و کۆیلەکردنی غەیرە مسوڵمان بپرسین: ئایا لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، هیچ فەلسەفە، ئاین، ئایدیۆلۆجیا، کولتوور و ئەخلاقێک بووە و هەیە، کە رێگە بدات، کەسی لەخۆت جیاواز بە کوشتن و سەربڕین واز لێ نەهێنیت، بەڵکو ژن و منداڵەکانیشی زەوت بکەیت و وک کۆیلە بیانفرۆشیت؟! ئەمەش جیاوازییەکی گرنگی نێوان ئایدیۆلۆجیای سیاسیی ئیسلامی و هەموو ئایدۆلۆجییە فاشیست و ناسیۆنالیست و سێکولارە دیکتاتۆرییەکانە. ئەم شیوەنەی، هەرسێ مەلای سیاسی (کە بە شیوەنی مەلاکرێکار ناوی دەبەم) دەیگێڕن، بۆ من ئەوە دەسەلمێنێ، ئیسلامی سیاسی، هەر ناو و رەنگێکی هەبێت، ماسکدار بێت، یان بێماسک و چەندیش پێک ناکۆک بن، ئەوان، ئەندامی یەک جەستەن، هەر یەکێکیان ئازاری پێ بگات، ئەوی تریان ژان دەکات و هاواری لێ هەڵدەاستێ. دەکرێت ئەم شێوەنەی، هەرسێک بەرپرسانی ئیسلامی سیاسی، لە کوردستان، وەک ئەم ژان و هاوارە ببینین. ٢٨-٣-٢٠٢٠
مەریوان وریا قانع لەناو ئەو وێرانە گەورەیەدا کە ئەم ڤایرۆسی کرۆنایە لە ئاستی جیھانیدا ئەنجامیداوە و ئەو ژمارە گەورەیەی مرۆڤی ئاسایی لەناوبردوە و ملیارەھاشی ناچار بە خۆگلدانەوە لە ناو ماڵەکانی خۆیاندا کردوە، ھاوکات چەندان دەوڵەتی ناچارکردوە سنوورەکانیان دابخەن و لەناوەوە ھەموو توانایەک بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی بەگژ ئەم ڤایرۆسەدا بچنەوە، دەڵێم لەناو ئەم گشتە کارەساتاوی و ئاڵۆەزەدا، مرۆڤ دەکرێت بیر لە دەرەنجامێکی پۆزەتیڤ بکاتەوە، دەرەنجامی ئەوەی جارێکی تر مرۆڤایەتی ی زۆر بە توندیی لەو ڕاستییە سادەیە ئاگاداردەبێتەوە کە بەبێ ھاریکایی جیھانیی و بەبێ بەدەمەوەچوونی مۆندیالیی، واتە بەبێ چوونەدەرەوەی قازانج و مەسڵەحەتە نەتەوەییە بەرتەسکەکان و بەبێ گەشەدان بە ستراتیژێکی جیھانیی ھاوبەش کە لە کاری پێکەوەیی جیھانییدا بەرجەستەبێت، ناکرێت چ ژیانی مرۆڤ خۆیەتی و چ ژیانی زەوی خۆشی، بپارێزرێت. ئەوەی جیھانی ئەمڕۆ پێویستی پێیەتیی ھەستکردنێکی بەھێز و ھاوبەشە بە ھاوچارەنووسیی و ھاوماڵیی، بە خەمخواردنێکی جیھانیی لە ژیانی مرۆڤ لەسەر زەویی. لەم ئاستەدا دەکرێت لە ئێستادا چەندان فۆرمی کاری پێکەوەیی و ھاریکاریی ببینین کە لە دۆخی دروستبوون و گەشەکردندان. بۆ نمونە، چەندان تاقیگەی زانستیی ناو زانکۆکا گرنگەکانی دونیا لەگەڵ یەکدا لە پەیوەندیی چڕ و ھەمەلایەندان بۆ دۆزینەوە ڤاکسین و چارەسەری پزیشکییانە بۆ ئەم ڤایرۆسە لەعنەتیەە. ئەوروپای یەکگرتوە ملیارەھا دۆلاری ئازدکردوە بۆ بەگژاچوونەوەی ڤایرۆسەکە. زۆرێک لە دەوڵەتەکانیش ملیارەھا دۆلاریان خستۆتەگەڕ بۆ ھاریکاریکردنی ئەو بەشانەی کۆمەڵگا کە پێویستیان بە ھاریکاریی ڕاستەوخۆ ھەیە. ئەم دۆخە بەڕادەیەکە ھەندێک ئابورییناس باس لەوەدەکەن خەریکە جارێکی تر ”ئابوریی“ و ”دەوڵەتی خۆشگوزەرانیی“ زۆر بە توندیی بەیەکترەوە گرێئەدرێن و دۆخێک لە دروستبووندیە ڕادیکاڵتر لە دۆخی دوای سیاسەتی ”نیو دیڵ“ لە ئەمریکای ساڵانی سییەکان و چلەکانی سەدەی بیستەمدا. سیاسەتێک تیایدا کۆمپانیا گەورەکانی ئەو وڵاتە بڕی٩٠%، نەوەد لەسەد، باجیان ئەدا ھەتا دەوڵەت بتوانێت خەم و مشوری کۆمەڵگا بخوات و بەگژ ھەژاریی و نەبوونی ساڵانی سەردەمی جەنگی جیھانی دووھەمدا بچێتەوە. زۆرێکی تریش باس لە ئەگەری بەھێزی کۆتایی سیاسەتی نیولیبرال دەکەن، کە لە ھەشتاکانی سەدەی بیستەمەوە سیاسەتی باڵادەستە لە جیھاندا. دەڵێم لەم کاتەدا و لەناو ئەم ژینگە جیھانییە پڕ گۆڕانکارییەدا، حکومەتی ھەرێم، یان وردتر بدوێم، پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕێگای نێوان بالیسان و شەقڵاوە دادەخات و ناھێڵێت ئیسعافەکانی ئە شارۆچکەیە نەخۆشەکانیان بۆ نەخۆشخانەکانی شەقڵاوە و ھەولێر ببەن. ڕێگاکە لە ھەرێمێکدا کە سێ شارە بە بلۆکی گەورە دادەخرێت. یان لەسەر کۆمەڵێک تەپۆڵکە لە ناوچەی وەرتێ خەریکی بەرپاکردنی شەڕێکی خوێنای ترن. یان ڕۆژنامەنووسێک لە ماڵەکەی خۆیدا و بە بیجامەکانییە دەفڕێنن لەبەرئەوەی لەسەر لاپەڕەی فەیسبوکەکەی ٨ دێڕێکی نووسیوە. ئەوە با واز لەو دۆخی گاڵتەجاڕییە بھێنین کە لە پەیوەندیدا بە موچەی خەڵکی ھەژاری ئەو کۆمەڵگایەوە لەئارادایە. جیھان لە کوێە و ئەو نوخبە سیاسییە حوکمڕانەی کوردستان لە کوێ. مرۆڤایەتی خەریکی چییە و ھێزە باڵادەستەکانی کوردستانیش خەریکی چین.
چاکەو شەبیهەکانی هەموو کردەیەکی خێرخوازیی، لە ڕووکەشدا خێرەو جوانە. بەڵام کەم کردەی خێرخوازیی هەیە کە لە جەوهەردا خێربێ و جوانبێت! "خێری جەوهەریی": ئەوەیە کە خودی خێرەکە، خۆی ئامانجەو کارەکە بۆ هیچ مەبەست و دەسکەوتێك نیە. بەڵام "خێری ڕووکەشیی": ئەوەیە کە خێرەکە خۆی ئامانج نیەو تەنیا وەسیلەیەکە بۆ پێکانی ئامانجی سیاسی و کۆمەڵایەتی.. خێری جەوهەریی، تەنیا دوو کەسەکەو خوا ئەیزانن و پێویستی بە زانینی کەسی تر نیە. چونکە لە ئەساسەوە کارەکە بۆ زانینی ئەوانیتر نیە. بەڵکو بۆ کردنی خێرەکەیەو هیچی تر. یەعنی سنوری خێری جەوهەریی، هەر بەقەت خێرەکە خۆیەتی و شتەکە هەر لەناو خۆیداو هەربەخۆی کۆتایی دێ و ناچێتە دەرەوە. بەڵام خێری ڕووکەشی ئەبێ ئەوانیتر بیزانن، چونکە خودی پرۆسەکە، بۆ ئەو زانینەیە نەك بۆ خێرەکە! یەعنی سنوری خێری ڕووکەشی، بەقەت خێرەکە نیە، بەڵکو بەقەت دەنگدانەوەی خێرەکەیە. ئا لێرەوەیە کە یەکەمیان پێویستی بە نمایش و ڕیکلام نیەو دووەمیشیان جاڕی بۆ ئەدەیت و دنیا تێئەگەیەنیت! هەڵبەتە ئەم دووانە هیچیان بێ بەرامبەر نین. بەڵام فەرقەکە ئەوەیە کە، خێری جەوهەریی، بەرامبەرەکەی لەناو خۆتدا وەرئەگریت و تەنیا ڕازیبوونی ویژدانی خۆتە. بەڵام خێری ڕووکەشیی، بەرامبەرەکەی هەمیشە دەرەکییەو لە دەرەوەی خۆتدایە. ئیتر یان ناوبانگ و بەدەستهێنانی پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتییە. یان تێرکردنی ئیگۆو بینینەوەی وێنە زلەکەی خۆتە لە چاوی ئەوانیتردا. یان بۆ بەدەستهێنانی بەهەشت و پاداشتی ئەودنیایە.. کە ئەمانە هەرهەموویان لە دەرەوەی تۆدان و هیچیان ویژدان و ناوەکییەکەی خۆت نین، کە ئەوێ بنەمای خێرە! بنەمای خێر ویژدانە نەك ئیمان. چونکە منو تۆ ئەشێ یەکێکمان بێئیمان بین، بەڵام هەردوکمان بەویژدان بین! ئێمە ئەبێ خێربکەین، لەبەرئەوەی کە چاکە. نەك لەبەرئەوەی کە پاداشتەکەی بەهەشتە! چونکە دوو کەس ئەشێ یەکێکیان بڕوای بە بەهەشت هەر نەبێ. بەڵام هەردوکیان بەخشین بە چاكە بزانن! خۆ ئەگەر لە "ئامانجێتی چاکە" تێنەگەیت و چاکە تەنیا بە وەسیلەو ئامرازی چونە بەهەشت بزانیت، ئەوە هەر لەئەساسەوە لە دینیش تێنەگەیشتووی! "ویژدان" خۆی خۆیەتی و هیچ شتێکی تر ئەونیەو ئەویش هیچ شتێکی ترنیە. بەدیلی هیچ شتێك نیەو هیچ شتێك بەدیلی ئەو نیە. بەخۆی تێرئەبێ و بەهیچ شتێکی تر تێرنابێ. ئێستایەو هیچ ساتێکی پێشترو دواتر ترنیە. ئەسڵەو پاشکۆوی هیچ حیکایەتێك نیە. سەرچاوەی ئەخلاقەو ئەخلاقی ڕاستەقینە ئەوەیە کە لەوێوە هاتبێ. ئەخلاق کە لەشوێنێکی ترەوە هاتبێ، ئیتر ئەوە ئەخلاق خۆی نیە، شەبیهەکانیەتی! سەرچاوەی ئینسانیەت ئەوێیەو ئەو ئینسانیەتەی لەوێوە نەهاتبێ، ئینسانیەت خۆی نیە، بەڵکو کاڵای ئینسانیەتە کە بەنرخی ئینسانیەت پیت ئەفرۆشرێتەوە! دواجار هەرشتێك لەوێوە نەهاتبێ چاك نیە، ئەگەرچی ڕێشکەوتبین لەسەرئەوەی، کە پێ ی بڵێین چاکە! ئەمریکا بەمدەست بۆمبت بۆ هەڵئەداتە خوارەوە، بەودەست نان. تۆش ئەبێ سوپاسی ئەمریکا بکەیت کە نەیهێشت بمری لەبرسا! تورکیا خۆی ماڵی سورییەکانی کاولکردوە. کەچی ئاوارەکان، ئەبێ سوپاسی تورکیا بکەن کە کەمپی بۆ کردونەتەوە! یان پارتی بە هەزار دەست لێتی ئەدزێ و بە دەستێك خێرت پێئەکا، تۆش ئەبێ سوپاسی دەزگای بارزانی بکەیت! یان سەیرکە ئیخوان، سەدەیەکە لەپشتی کاری خێرخوازییەوە، وەبەرهێنانی سیاسی لەسەر ژیانی هەژاران ئەکات. لەملاوە دەستئەکاتە ملی ستەمکارو لەولاوە بەتانی بەسەر ستەملێکراودا تەوزیعئەکات! لەکاتێکا لوتکەی ئەخلاق، پەیوەستە بە مەسەلەی ستەمکارییەوەو هەموو کردە ئەخلاقییەکانی تر بچوکن و ئەکەونە خوار ئەمەوە. یەعنی ناکرێ لە ستەمکاری بێدەنگبیت و بتەوێ بە هێلکە تەوزیعکردن پینەی بکەیت. خۆ یارمەتیدانی لێقەوماویش هەر کردەیەکی ئەخلاقییە. بەڵام کاتێ "ئەخلاقی بچوك" بکەیتە ڕێگایەك بۆ خۆدزینەوە لە "ئەخلاقی گەورە". ئیتر کردەکە ئەبێتە نائەخلاقی و بکەرەکەشی ئەکەوێتە ناو قەیرانی ئەخلاقەوە! "کردەی ئەخلاقیی" تا ئەوێ ئەخلاقییە، کە خۆی ئامانجبێ. کە بوو بە وەسیلە بۆ شتی تر، ئیتر لەناوەڕۆکدا ئەبێتە کردەیەکی نائەخلاقیی، ئەگەرچی لەڕوکەشدا هێشتا ئەخلاقیيەو خەڵکیشی پێ فریو ئەدرێ! خێروخێراتی سیاسیش لەم جۆرە نائەخلاقییەیە، چونکە وەسیلەیە بۆ ئامانجی سیاسی و خێرەکە خۆی ئامانجەکە نیە. خێر کە "ئەخلاقی و ئامانج"بوو، ئیتر فەردیەو ئینسان لەپاڵەوە ئەیکاو نایەڵێ کەس بزانێت. بەڵام کە "نائەخلاقی و وەسیلە"بوو، ئیتر دەزگا ئەیکاو ڕاگەیاندن پەخشی ئەکاو کابراش ئەهێنرێتە سەر شاشەو کەرامەت و ئابڕوی بۆ ناهێڵرێتەوە! دەموچاوی یەکەمی سەرمایەداری ناشرینەو تەنیا وەحشی کۆکردنەوەی قازانجەو هیچی تر. بۆیە سەرمایەداری پێویستی بە دەموچاوی دووەمەو لێرەوە "ڕێکخراوی خێرخوازیی" لەدایكئەبێ و ئەبێتە یەکێ لە سیماکانی دنیای سەرمایەداریی! سەیرکە ئەمریکا خۆی دنیاکەی دۆشیوەو لایەکی جیهانی خستۆتە برسێتییەوە، بەڵام زۆرینەی کاری خێرخوازی دنیاش هەر هی ئەمریکایە! بەدئەخلاقیی جۆری زۆرە، بەڵام لوتکەکەی، ئیستغلالکردنی فەقیریی فەقیرەکانە. ئاخر مرۆڤ هەرئەونەی کە مرۆڤە، نابێ ئیستغلالبکرێ و کەرامەتی پێشێلبکرێ. ئەگەرێش مرۆڤێکی هەژاربێ، ئەوە بەدئەخلاقییەکە دووقاتە ئەگەر ئیستغلالی بکەیت و ئەو دۆخەی بقۆزیتەوە بۆ ئامانجی سیاسی و شتی تر. ئەگەریش پێمبڵێیت درۆی سەدە چییە، بێ دوودڵیی پێت ئەڵێم (ڕێکخراوی خێرخوازیی). چونکە ئەوە، نیوەکەی تری یارییە قێزەونەکەیە! نیوەی یارییەکە برسیت ئەکاو لەڕێگەی برسیکردنەوە کۆنترۆڵت ئەکات. نیوەکەی تر، لەوەڕی سیاسی لەسەر برسێتی تۆ ئەکاو بە لەتە نانێك کۆنترۆڵت ئەکات. لە هەردو حاڵەتیشدا، کەرامەت و ئازادیت زەوتەو ئیتر تۆ کۆیلەی ئەو نانەیت، کە لەمسەر هەموویت لێ زەوت ئەکەن و لەوسەر لەتێکیت ئەدەنەوە. تۆ لە خۆت بپرسە، پارتی و یەکێتی کە خۆیان حکومەتن، بۆ لەپاڵەوە رێکخراوی خێرخوازیشت بۆ دائەنێن؟ وەڵامەکەی ئاسانەو ئەوەیە کە، سیستەمی ناعەدالەتی و فەساد، هەموو کۆمەڵگای پێ کۆنترۆڵ ناکرێ و مەساحەیەك ئەمێنێتەوە کە ئەوانیتر ئیستغلالی بکەن و وەبەرهێنانی سیاسی لەسەر بکەن. ئا لێرەدا دەسەڵات بەخۆی ئەڵێ، جا بۆ ئەوەش هەر خۆم نەیکەم؟ ئیتر لێرەوە، دەزگای بارزانی و دەزگای مام و ئەم شتانە لەدایك ئەبن و قەراغە نانت بۆ فڕێئەدەن! ئەگەر بە من بڵێ ی خێرخوازەکانی ئێستای کوردستان کێن؟ بێ دوودڵی پێتئەڵێم: خودی فاسدەکان و خولقێنەرانی دۆخی فەساد. زائید دەوڵەمەنە هەڵتۆقیوەکان و موستەفیدەکانی دۆخی فەساد. زائید پۆپۆلیستەکان و ئیستغلالکەرانی هەژاری خەڵك. لە کاری خێرخوازی، ئەوەی کە هەیەو "دیارە" هەر ئەمانەن. ئەوەش کە نادیارەو منو تۆ نایزانین، لەڕاستیدا ئەوەیە کە خێرو چاکەی ڕاستەقینەیە! لێرەدا "خێری سیاسی" ئەوانیتر، هەر جارێك نائەخلاقی و درۆیە. هەر ئەونەی کە ئیستغلالکردنی هەژاریی خەڵکە. بەڵام هی ئیخوان و ئیسلامییەکان، هەمیشە دووجار نائەخلاقی و درۆیە. جارێك ئیستغلالکردنی هەژاریی و جارێكیش ئیستغلالکردنی دین و بە دینییکردنی پرۆسەکە! یەکەمیان نانەکەت بۆ ئەخاتە ناو پاروی سیاسەتەوە. بەڵام دووەمیان ساس و مایۆنیسی دینیشی پێوەئەکا ئینجا ئەیخاتە هەمان پارووەوە. بەهەرحاڵ نمونەی (خێری ڕاستەقینەو نادیار) زۆربێ و خێری ڕووکەشیش، "ئەوەی کە دەزگاو کامێرای تێئەکەوی"، هیوادارم خۆیان بەتاڵکەنەوەو هەرچییان هەیە بیدەن بە تۆ. بەڵام کە لێتوەرگرتن لە دڵی خۆتدا جڕتیان بۆ لێدەو بە هێواشی بەخۆت بڵێ: من هەژارم بەڵام کەرنیم. من پارەم نیە بەڵام عەقڵم هەیە. دەوڵەمەندی ڕاستەقینەش هەر ئەوەیە کە عەقڵی هەیەو نایەڵێ دەجالەکانی دین و سیاسەت سەرمایە لێبخوڕن. (ومن یؤت الحکمة فقد اوتي خیرا کثیرا).
خالید رەزا ڤایرەسی کۆرۆنا (COVID-19) رۆژانە دەیان مرۆڤ ئەکوژیت و بۆتە مەترسیەکی جدی لەسەر مرۆڤایەتی. لەهەندێک ولات ژمارەی مردن بە جۆریکە کە کیشەی بۆ مەراسیمی ناشتن دروستکردوە. لە زۆربەی ولاتان جگە لە دەولەتە ئیسلامیەکان، سوتاندنی تەرمی مردو لەحالەتی ئاسایی ش دا رێپیدراوە (crematie) زۆر خیزان لەجیاتی ناشتن، تەرمەکە لە شوینی تایبەت و بە ڕیورەسمی تایبەت ئەسوتینن. لە ئەوروپا و زۆر ولاتی تریش بەشێکی زۆر یان لەسەر داوای خیزانەکانیان ئەسوتینرین و هەندیکی یشیان ئەنیژرێن. بیگومان ریوشوینی شتن و ناشتن بە هەردوجۆرەکەیەوە بۆ ئەوانەی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەمرن، جیاوازە لە مردنی ئاسایی. هەوڵ ئەدەم لە خوارەوە رێوشوینەکانی ناشتن، یان سوتاندن ی قوربانیەکانی کۆرۆنا رونبکەمەوە، هیوادارم ئەو تیگەیشتنە نادروستەی کە لای خۆمان هەیە، راستبکەمەوە. ئایە ڤایرەسی کۆرۆنا لە (مردو)ە وە بۆ کەسێکی تر ئەگوازرێتەوە؟ رۆژنامەی گەل (de Vollkskrant)ی هۆلەندی لە ژمارەی رۆژی 22 ی مارتی 2020 دا بەم جۆرە وەلامی پرسیارەکەی داوەتەوە: ڤایرەسی ئیبۆلا (ebolavirus )لە رێی شلەی لەشەوە وەک میز، عارەق،پیسایی یەوە ئەگوازرێتەوە، بۆیە لەشی مردو بۆماوەیەکی زور ئەتوانی کەسانی تر توش بکات. لە باشوری ئەفریکا بەهۆی دەستلیدان و بەریەکەوتنیان لەگەڵ جەنازەی مردوەکانیان، خەلکیکی زۆر توشی نە خۆشیەکە ئەبون! بەلام لە ڤایرەسی کۆرۆنادا ئەم ریسک و مەترسیە زۆر کەمترە چونکە ڤایرەسی کۆرۆنا لە رێی (پرژە- پریشک)ی پژمین و کۆکین ەوە ئەگوازرێتەوە، یان لە کۆتا هەناسەدانەوەی کاتی مردن دا. کانسیکی بچوک هەیە کە ڤایرۆسەکە کەوتبێتە سەر لەشی، سەردەست و دەموچاوی یان جلەکانی و بەپێی لیکۆلینەوەکانیش ڤایرەسەکە بۆ ماوەیەکی کەم ئەژی. هەرکەسێک لەکاتی مردنەکەی دا دەستی بەر نەخۆشەکە کەوتبێ بیگومان هەرچەندە بچوکیش بێ، ریسکێکی بۆ کەسەکە تیا ئەبێ. بۆیە پەیمانگای نیشتمانی بۆتەندروستی گشتی و ژینگە (RIVM)، کە ئێستە سەرۆکایەتی بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا ئەکات، ئامۆژگاریمان ئەکات کە جلی تایبەت لەکاتی رێورەسمی گواستنەوەی مردوەکەدا، بپۆشین. ئینجا با بزانین (RIVM)ی هۆلەند چۆن ئامۆژگاریمان ئەکات: پرسیار: مەترسیەکانی توش بون لەکاتی مردنی کەسیك دا چییە؟ ڤایرۆسەکە بۆ ماوەیەکی کەم لەدەرەوەی لەشی مرۆڤ ئەژی.لە چەند ساعاتیکەوە تا رۆژێک. گواستنەوەی ڤایرۆسەکەش لەڕیی پرژەی کۆکین و پژمینەوە روئەدات. کەواتە ئەمەش لەدوای مردن رونادات. بەگرتنە بەری ڕیوشوینەکانی خۆپاراستن و لەبەرکردنی جلی تایبەت لەکاتی کفن و دفنکردن دا،ئەم ریسکە بۆنزمترین ئاست کەم ئەکرێتەوە. پرسیار: کەی پێوسیتە دەستەکانمان بشۆین؟ زۆر گرنگە لەدوای هەردەست تیوەدانێکی مردوەکە دەستمان بە باشی بشۆین(20 چرکە). لەدوای جل لەبەرداکەندن، دوای هەڵگرتن، گوستنەوە ی مردوەکەدا ئەبێ بە تەواوی دەسەکانمان بشۆین. بەو پەڕی وریایی یەوە هەمو ڕیوشوینەکانی خۆ پاراستن جیبەجی بکرێ. پرسیار: لەکاتی مامەڵەکردنی لەگەڵ مردودا چ ڕێوشوینیکی خۆپاراستن پێویستە بگیرێتە بەر؟ ئەبێ دەستکیش و،جلی تایبەت (schort )ئاودامانی قۆڵ دریژ لەبەر بکەیت. عەینەک و ماسک پێویست ناکات. یەکەم جار جلە ئاودامانەکە لەبەر بکە، ئینجا دەسکێشە هەتا سەرقۆلەکان داپۆشە. لەکاتی داکەندن دا، پێچەوانەی بکەرەوە. یەکەم جار دەسکیشەکان دابکەنە، ئینجا بە تەواوی دەسەکانت بشۆ(20 چرکە)، ئینجا سەر جکەلەی کە لەبەرت کردوە دا بکەن، لە کۆتیادا جارێکی تر دەستەکانت بە جوانی بشۆ(20 چرکە). پرسیار: چۆن چۆنی تەرمی مردوەکە بگوازرێتەوە؟ مردوەکە بەشیوەیەکی نۆرماڵ و ئاسایی هەڵئەگیرێ و ئەگوارێتەوە. ئەمەش زۆرجار لە ڕیی نەخۆشخانەکان یان دەزگای ریعایەی تەندروستی یەوە ئەکرێ. لەکاتی بەرکەوتنی مردوەکەدا ئەبێ جلی تایبەتی ئاودامان و دەسکیش ت لەدەستدا بێ و دەست شتن پێرەو بکە. پرسیار: ئایە ئەکرێ کەسێکی مردو بە کۆرۆنا تحنیگ بکرێ؟ بەڵێ، بەمەرجێک ڕیوشوینەکانی خۆپاراستن وەک باسمانکرد بگیرێتە بەر. پرسێار: ئایە هیچ کۆت و بەندێک لەسەر داپۆشینی جەستەی مردوەکە هەیە؟ نەخێر، جەنازەی مردوەکە چ لە ماڵەوە یان لە سەنتەری دوادیدار کراوەبێ.لەناو دارەمەیتەکەدا ئەکرێ سەری کراوە یان داپۆشراو بێ. بەلام نابێ دەستی لێوەبدرێ. پرسیار: ئایە هیچ کۆت و بەندیک هەیە کە خیزانەکەی بۆیان نەبێ دەس لە جەنازەکە بدەن؟ دوای ئەوەی رێوشوینی ئامادەکردنی مردوەکە بۆ بەخاک سپاردن جی بەجیکرا، نەخێرهێج ڕیگریەک نیە. ئامۆژگاریتان ئەکەین کە ڕێوشوینەکانی خۆپاراستن ڕەچاوبکەن. پرسیار: ئایە هیچ کۆت و بەندێک هەیە بۆ پەیوەندی نەکردن بە خانەوادەی مردوەکەوە؟ لە ئێستادا ئەڵێن تەوقە نەکەن. هیچ ڕیگریەکی تر نیە. مەگەر ئەوانیش توشی ڤایرۆسەکە بوبن.ئەمانە نابێ بە هیچ جۆریک تیکەلاوی کەسی تر ببن. سەرخۆشی کردن و دەربڕینی هاوخەمی ئەکرێ لەڕیی گۆرینەوەی نامەی دەنگی یان تەلەفۆن ەوە بێ. پرسیار: ڕێورەسمی پرسەدانان چۆن ئەبێ؟ لەم کاتەدا بۆ خۆپاراستن لە توش بون، باشترە مەراسیمی پرسە نەکرێ. ئەگەر خانەوادەکەی ویستیان بیکەن، ئامۆژگاریمان وایە کە ئەبێ 1.5 مەتر لەیەک دوربن. خۆ ئەگەر کەسێک نیشانەکانی سەرمابون، کۆکە و پژمین ی هەبو نابێ بەهیچ جۆریک تیکەلاویان ببێ. هیوادارم ئەم زانیاریانە کە لەسەرچاوە هۆلەندیەکانەوە وەرمگرتوە، بەرچاو رونیەک بدا بە هاولاتیان کوردستان و داودەزگا تەندروستیەکان، کە بەڕیزە وە مامەڵە لەگەل تەرمی ئازیزانماندا بکەن کە بە نەخۆشی کۆرۆنا ئەمرن. بەمەرجێک ڕێوشوینەکانی خۆپاراستن بەو پەڕی وریایی و دیقەتەوە جێ بەجێ بکەن. https://www.volkskrant.nl/wetenschap/is-het-coronavirus-na-de-dood-nog-overdraagbaar~bb38792a/?fbclid=IwAR1sMeDTdLWwi20zYKa13i7B6dr9y7haLT_W-oFYuXFJ5MrwZtGWOzafzUM https://www.rivm.nl/coronavirus/covid-19/informatie-voor-professionals/postmortale_zorgverlening?fbclid=IwAR2n4cN2_1P1L37bKXwL4tKaC5al5obv-SJwVjIaGelumCGCymgYSNSCYH8
بەشدار عوسمان سەرۆک وەزیرانی کەنەدا رایگەیاند بڕی (٢٠٠٠$دوو هەزار دۆلار) بۆهەر کەسێک خەرجدەکرێت بەهۆی کۆرۆناوە ئیشەکەی لەدەستدابێت لە ١٥ی ئازارەوە، حکومەتی بەریتانیا بەبڕی ٨٠٪ی داهاتی پێشوویان هاوکاریی کرێکاران و پیشەوەران دەکا، فەرەنسا رایگەیاند هەموو پێداوسیتی خۆپارێزیی پزیشکیی دابیندەکەن بۆ هاوڵاتیان،هەر لەم تورکیایە کارمەندی تایبەت دابینکراوە بۆ بازاڕکردنی کەسانی بەساڵاچوو و دابینکردنی خواردن و پێوسیتییەکانیان،هیندستان ئامادەیی نیشاندا مووچەی چوار مانگ بەیەکەوە دابەشبکات ... ئەمانە نمونەی ئامادەکاریی چەند وڵاتێکە بۆ خۆپارێزیی و کەرەنتینەکردنی خەڵک لەماڵەکانیان. نە زێدەڕۆییە، نە کارێکی ناواقعییە بەراوردکردنی ئەو وڵاتانە بەکوردستان لەرووی داهات و سامانەوە لە ٣٠ ساڵی رابردوو،ئەگەر قسەش لەسەر کەمبوونەوەی داهات و نزمبوونەوەی نرخی نەوتە، بۆ ئەو وڵاتانە سەدجار بارگرانیەکە زیاترە. کەرەنتینە، بۆ خۆپارێزیی لە نەخۆشیی و بڵاونەبوونەوەی ڤایرۆس زۆر پێویستە،بەتایبەت بۆ بارودۆخی وێرانەیی کەرتی تەندورستی گشتی لە کوردستان، فاکتێکیتر بۆ پاڵپشتیی ئەو ڕایە،دەستکەوتن و بەردەوام بوونی پێویستیی خۆپارێزیی لەئاستێکی زۆر نزمدایە، ساکارترین وەسائیلەکانی خۆپارێزیی هاوڵاتیان تەنها دوای دوو هەفتە لەبازاڕەکان نەماوە یان زۆر کەمبووەتەوە، ئەوەش رۆشنە بێ باکیی دەسەڵاتداران لەژیان و چارەنووسی خەڵک ئەم کۆمەڵگایەی والێکرد بەرگەی هەوراز و نشێویی نەگرێت . خەڵک ئەوەی لەسەری بوو بە زیادەوە لەماوەی دوو هەفتەی رابردوو کردی، زگی خۆی و مناڵەکانی گوشی،خۆی و دەوروبەرەکەی لە مردن پاراست،بەڵام دیمەنە جەرگبڕەکانی ناوماڵ و شەقامەکانیش مردنی لەدواوەیە!، ئیتر ئەرکی حکومەت و بەرپرسانە لەو سامانەی سێ دەیەیە لوشی دەدەن لە داهاتی خەڵک،قەترەیەکی بگەڕێنەوە. ئەوەی ئێستا دەبیندرێت رێک زیندانیکردنی خەڵکە لە ماڵەکانیان بەبێ ئەوەی بچوکترین بەرپرسیارێتیی حکومەت لە دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیان ببیندرێت، مووچە ئەگەر لەکاتی خۆشیدا دابەشبکرێت ناتوانێت کێشەکە چارەسەر بکات(لەکاتێکدا ئەمەش ناکەن ) چونکە لەکۆی نزیکەی (٦ ملیۆن خەڵک،تەنها میلۆنێک و ٢٤٩ هەزار) مووچەخۆر هەیە. ئەی ئەو کرێکارەی رۆژانە بەعارەقی نێوچەوانی (٢٥ هەزار دیناری ) بۆ نان و شیری مناڵەکانی دەهێنایەوە ؟ ئەو کاسبکارەی تەکسی لێدەخوڕی؟ ئەی ئەو هەموو گەنج و مناڵە لەبازاڕ و شوێنە گشتییەکان دەستفرۆشییان دەکرد تا حەب و دەرمانی دایک و باوکە پیر و پەککەوتەی دابین بکەن ؟! هەر بۆ بەرچاو رۆشنی هەموو لایەک (٢٤-٣-٢٠٢٠)دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، زیاتر ٧٣٪ی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەدەغەی هاتووچۆوە ڕوبەڕووی کێشەی ئابووریی بوونەتەوە. توندکردنەوەی رێکارە پۆلیسیەکان بۆ زیندانیکردنی هاوڵاتیان تا ڕادەیەک دەتوانێ جێگا بگرێت،بەڵام بەم ژیان و گوزەرانە تاکەی بەردەوام دەبێت ؟
سامانی وەستا بەکر یاسا بۆ خزمەتی مرۆڤ و خۆشگوزەرانی کۆمەڵگەیەکە نەک مرۆڤ بۆ خزمەتی یاسا، بەڵام ئەی ئەگەر وانەبێ جێ ڕووئەیات؟ یاساکان هەمیشە بۆ خزمەتی مرۆڤ و خۆشگزەرانی دائەڕێژرێن و هەندێک یاساش بۆ بەرژەوەندی ژینگە بەڵام دوای ئەوەی کە مرۆڤ هەست بەوە ئەکەن چێتر ژینگە بڕشتی تیانەماوە زیاتر ببەخشێ بە مرۆڤ و بە پێچەوانەوە بەرەو نەمان و فەوتان ئەچێ، ئیتر لەوەودوا مرۆڤ دیسانەوە بۆ بەرژەوەندی خودی خۆی هەندێ یاسا بۆ ژینگەپارێزی دائەڕێژێ کە زۆربەی کاتیش وەک خۆی کاری پێناکرێ ئەگەر دژ بە بەرژەوەندی سەرمایەداریبێت، لەوەش کوشندەتر ڕۆتین و بیرۆکراتی هەندێک جار هەر بەزیندووی ئەیتاسێنێ. لە کاتێکا یەکەم تووش بوو لە سلێمانی وەک یەکەم تووش بوو لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنرا، ئەو کاتە سوید وە ستۆکهۆڵم هیچ تووش بوویەک نەبوو، بەڵام ئێستا لە هەرێمی کوردستان ژمارەکە تا ئێستا سەروو ١٠٠ کەسە بەڵام لە سوید نزیکەی ٣٠٠٠ تووش بووە! بێگومان ئێستا پرسیارێک دروست ئەبێ، ئەویش ئایا هۆکارەکە چیە و بۆ؟ " Bureaucracy هۆکارەکە زۆر بە سانایی تەنها ووشەیەکە پێی ئەوترێ "بیورۆکراتی" " بیورۆکراتی لە هەردوو زانستی کۆمەڵایەتی و زانستی ڕامیاریا بەکارئەهێنرێت، بە واتای جێبەجێکردنی یاساکان بەهێز لە کۆمەڵگە ڕێکخراوەکانا. ووشەکە پیك هاتووە لە دوو بەش "بیورۆ" ووشەیەکی ئەڵمانیە واتە نوسینگە "المکتب" لە سەرەتای سەدەی ١٨بەکارهێنرا تا ووشەکە هەموو کۆمپانیایەکی بواری کارکردن بگرێتەوە نەک تەنها نوسینگەی فەرمی حکومی. ووشەی "کراتی یان کراتۆس" ووشەیەکی ئغریقییە بە واتای دەسەڵات "سلگـە" یان هێز. واتا کۆی دوو ووشەکە پێکەوە "هێزی دەسەڵات یان دەسەڵاتی نوسینگە" (قوە المكتب أو سلگە المكتب). بیرۆکراتی کوشندەیە ئەگەر ڕۆچووە ناو ووردودرشتەوەBureaucracy. بیوکراتیەکەی سوید لێقەومانی لێئەکەوێتەوە ئەگەر بەم شێوەیەی ئێستا کارەکان بەڕێبکرێت و مامەڵە لەگەڵ پەتای کوشندەیی کۆرۆنایا بکرێت، بۆ ڕوونکردنەوە دوو نمونەی سانا وەرەگرین ئەوانیش "ماسک یان دەمامک وە كحول یان پاکەرەوەی دژە ڤایرۆس و بەکتریا". European conformity “CE” mark مارکەیەکی گەرەنتییە کە ڕەچاوی پێداویستییە سەرەکیەکانی تەندروستی و ژینگە وخۆپارێزی پەیوەندیدار ئەکات، مارکەیەکە کە ئەیرێ لەو کاڵایانەی کە لە بازاڕی ئەوروپی هاوبەشا مامەڵەی پێوەئەکرێ واتە ئەم مارکەیە وەک پاسپۆرتێک وایە بیرێ لەهەر کاڵایەک ئیتر ئەو کاڵایە ڕێگەپێدراوە کە بە سەربەستی لە نێوان وڵاتانی یەکێتی ئەوروپایا بێت و بڕوا و بەبێ کێشە بەکاربهێنرێ. ئێستا چەندین هەزار دەمامک و هەزاران لیتر کحولی پاکەرەوەی دەست "تەعقیم" لە وڵاتی سویدا بوونی هەیە بەڵام ڕێگەنایرێ بەکاربهێنرێ تەنها لەبەر ئەوەی جارێ ئەو مارکەیەی لەسەرەوە باس کراو لێینەیراوە، لەکاتێکا مانگێک زیاترە لە هیچ دەرمانخانەو بازاڕێکی سویدا نە دەمانک و نە کحولی دژە ڤایرۆس و بەکتریا دەست ناکەوێ و بۆتە کێشە هەم بۆ خەڵک و هەم داودەزگا فەرمی و نافەرمی و تەنانەت کەرتی تەندروستیش، دەزگا تەندروستییەکان دەنگیان بەرزکردۆتەوە لەترسی کورتهێنانی بابەتی خۆپارێزی لە کەرتی تەندروستی و دەزگا هاوکارەکانیانا. ئەم مارکەیە "نیشانە"یە لە یەکێتی ئەوروپاوە بڕیاری لەسەر ئەیرێ واتە هیچ وڵاتێکی ئەوروپی ناو یەکێتییەکە بۆی نیە بە سەربەخۆ بەکاربهێنێ و ئەبێ دوای گیراکردن "قبول" کردنی یەکێتییەکە بیرێ لە کاڵا جیاوازەکان، ئێستاش بەهۆی پەتای کۆڤید ١٩وە کێشە بۆ کۆبوونەوەو ئیش و کاری هەم یەکێتی ئەوروپا و هەم وڵاتانی ناو یەکێتییەکەش دروست بووە. ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا ئەبێ ڕۆتیت و بیرۆکراتی بخرێتە پێش سەلامەتی و خۆپارێزی و پاراستنی ژیانی مرۆڤەکان لە کاتێکا خودی یاساکان بۆ خۆشگوزەرانی و سەلامتی بو خۆپارێزی ژیانی مرۆڤ دائەڕێژرێن؟ چیاوازی شیوازی کارکردنی حکومەتی هەرێم و وڵاتی سوید بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆڤید ١٩. وێڕای کەموکوڕییە زۆرەکانی پێشووی حکومەتی هەرێم بەڵام بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پەتایە زوو وە بەپەلە هاتنە دست، ڕۆتینو بیرۆکراتی دەستگیر نەبوو، بڕیارەکان دەرەچن و زوو بەزوو جێبەجێ ئەکرێن، هەمووی وەک یەک تیم کارەکەن "هەڵبەتە ئەوەی ئێمەی بەچاو ئەیبینین"، ژیانی مرۆڤ خرایە پێش ئابوری و دارایی و داهات و دەستکەوتی حکومەت، سنورەکان توندوتۆڵکران بە تایبەت سنور لەگەڵ وڵاتی ئێرانا کە یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرتین تووشبووی هەیە لە جیهانا....هتد وڵاتی سوید وێڕای ئەوەی یەکێک لە باشترین سیستمی بەڕێوەبردنی هەیە بۆ ڕۆژگاری ئاسای بەڵام لە ئێستایا بیورۆکراتی و ڕۆتین وای لێکردووە کە ڕۆژانە سەروو ٢٠٠ کەس تووشبن بە کۆڤید ١٩، هەماهەنگی تەواو نیە لە نێوان فەرمانگە و دەزگاکانا ئەگەر پێشتر بەپێی یاسا ڕێگەیان پێنەدرابێ، خوێندکارە پێشکەوتوو و تازە دەچووەکان دوو دڵن بێن بەدەنگ بانگەوازی حکومەتەوە بۆ هاوکاری کارکردن چونکە تا کار زیاتر بکەن ئەبێ بڕێکی زیاتر لەو قەرزەی بۆ کاتی خوێندن کردوویانە بیگێڕنەوە ئەمەش واتا ترس لە تووش بوون و خۆ ماندوو کردنێکی بێ سود چونکە ئەمەش دیاسانەوە یاسایەکی پێویستە تا لەپای ماندووبوونیان بڕێکی زۆری داهاتەکەیان نەچێتە بری قەرز، باخچەو فێرگەکان داناخرێن چونکە پێیان وایە ئەبێ دیاک و باوکەکان لەماوە بمێنەوە بەدیار مناڵەکانیانەوە بەمەش دەستی ئیشکەر کەمەکات و ئەبێ بەبارگرانی بەسەر حکومەتەوە و پارەیەکی زۆری پێویست ئەبێ، سنورەکان کراوەن، ڕانەوەستانی بازرگانی و کارگەکان زۆر گرنگی پێئەیرێت، لە لێدوانی لایەنە بەپرسەکانا ئیکۆنۆمی لە پێشینەی کارەکانا ڕژدی لەسەر ئەکرێتەوە. ئەمە بەو واتایە نیە کە سیستمی بەڕیوەبردن لە وڵاتێکی وەک سوید خراپبێت یان بەراوردێك بێت بە حکومەتی هەرێم چونکە ئەگەر بێینە باری ئاسایی ئەوا ناکرێ ئەو دوو حکومەتە لە هێچ ئاساتێکا بەراورد بکرێ، بەڵکو ئەمە تەنها خستنەڕووی خراپی بیرۆکراتی و ڕۆتینە لە کارکردن کە ئەو جیاوازیەی دروست کردووە کە تووش بوون لە هەرێم لەسرەو ١٠٠ وەو لە سوید نزیکەی ٣٠٠٠ تووش بوو لە هەمان کاتا، لە کاتێکا سیستمی بەڕێوەبردن لە سوید ئەگەر یەکەم نەبێ لە جیهانا ئەوا یەکێکە لە باشتریینەکان. هەڵبەتە زۆرینەی وڵاتانی جیهان تا ئاستێک وەک یەک ڕووبەڕووی پەتای کۆڤید ١٩ بوونەتەوە بە کەرەنیت کردنی هەموو کۆمەڵگە وەک حکومەتی هەرێم یان بەشێکی، بەڵام وڵاتی سوید ئەو کەرەنتینکردنە بە ڕێگەچارەیەکی گونجاو نابینێ و فەرمانگەی تەندروستی گشتی سوید کە بڕیاردەرە پێی وایە کە کەرەنین کردن ڤایرۆسەکە لەبڵاوبوونەوە ڕاناگرێ. بۆیە ئەوەی ماوەتەوە ئەوەیە چاوەڕێ بکەین تا دوای بنبڕکردنی ڤایرۆسەکە، ئەو کات تەماشاکەین ئایا کەرەنینەکەی وڵاتان ئەنجامی باشی ئەبێ یان نەکردنەکەی سوید، ئایا ئابوری ئەو وڵاتانە زەرەری گەورەی بەرکەوێ لە پێناو پاراستنی ژیانی هاوڵاتییەکانیان، یان ئابوری سوید کەمتر زەرەرمەند ئەبێ و سەرکەوتووش ئەبێ لە پاراستنی هاوڵاتیانی یان قوربانییەکی زۆری لێئەکەوێتەوە. ئەم پرسیارانە بێ وەڵامن لە ئێستایا؟
هادی حەمە رەشید سەیرە کۆمەڵگای ئێمە ماندوو نابێت لەم گەمەیە، کەسێك لێدوانێك ئەدات و پاش پێنج خولەك لە سۆشیالمیدیا سەروپۆتی ئەکوترێتەوە، دەیان نوکتەی لەسەر دروست ئەکرێت، وێنەکەی بەکاریکاتێر ئەکرێت، جنێوبارانی خۆی و کەسوکار و حیزبەکەی ئەکرێت و ئاو بێنە و دەست بشۆ! دەی ئەمە لای کارەکتەری سیاسیی کورد و حیزبەکانی ئاسایی بووەتەوە، هاوپەیمانی نیشتیمانیی لە سەرەتای ئەم حەفتەیەدا سێ لەسەر چواری سەرکردایەتیی و ئەنجوومەنی سیاسییەکەی دەستیان لەکارکێشایەوە، کەچی سەرۆکەکەی جوان و شیك خۆی گۆڕی و وتی: حاڵەتەکە زۆر ئاساییە و هاودیدان دڵنیابن چەند ڕۆژێکیتر ئەوەی ئەمڕۆ ئەبێت بە مێژوو! حیزبی کوردیی شەیدای ئەم جۆرە فشارە لاوەکیانەیە، ئاخر کە تاك بە تاکی کورد ئەزانێت (وەزیری دارایی) تەنیا ژمێریارێکە و موچەکەی بەرزکراوەتەوە، دەی بۆ ئەبێت لەهەموو گرفتێکی داراییدا ئامبازی بین؟! لە «سەرکیز ئاغاجان»ـەوە بۆ ئەم شێخ ئاواتە، کامیان سەربەست بوون لە بڕیارداندا؟ لە بنەڕەتدا کامیان زانیویانە بڕی داهات چەندە تا بتوانێت خەرجییە گشتییەکانی لەگەڵ هاوسەنگی بکات؟! هەموومان لەو گۆشەیەوە لە بەرپرسانی کورد توڕە و بێزارین کە (ئەزانن بێدەسەڵاتن و قەبوڵیانە) بەڵام کێشەی بونیادیی لە جێگایەکیترە. وەرن هەموومان تا ساڵێك بەبێ ماندوو بوون با سەرکۆنەی هەڵوێستەکانی یەك بەرپرس بکەین و سوکایەتی بێ ئەندازەی پێبکەین، ناچاریشی بکەین دەست لەکاربکێشێتەوە، ئێ دوای ئەوە؟! بێگومان دوای ئەوە حیزب ڕیسوا و ڕیسایکڵی ئەکات و کەسێکی لەو گوێڕایەڵتر ئەخاتە ئەو جێگایە و یاری بە باری دەروونیی خەڵکیی ئەکات، تا دواجار تۆ کۆڵ بدەیت لە ئەوەی ناوی ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم بێت! ئاواتی شێخ جەناب و گۆڕانیش لەهەموو خەڵکی کوردستان باشتر ئەیانزانی کە پارتیی کێی ئەوێت هاوبەشە کابینە و هاوپەیمانی سیاسیی بێت لەگەڵی، حیزب و وەزیرێکیان ئەوێت کە وەك ئەوان بەرگریی لە حکومەت بکات، بەرگریی لۆژیکیی نا، بەڵکو بەرگریی لە چەتەگەرییەکانیان، پارتیی بۆ پشتاوپشتی وەزیری دارایی وەرناگرێت، بەڵکو خۆی فەزاحەت ئەکات و وەزیری داراییش ئەخاتە سەر شاشەکان پینەپەڕۆی بۆ بکات! کەواتە گرفتەکە لە کوێیە؟! گرفت لەو جێگایەدا نیە کە هەندێ کەس گلەیی ئەکەن و ئەڵێن:((کەی کاری شێخ ئاواتە ئەم قسانە بکات!)) نا ئەو ئەرکی خۆی جێبەجێ کردووە، بەڵکو پرسیارەکە ئەمەیە؛ ئەمە چ جۆرە شەراکەتێکە کە گۆڕان کردیی؟! گۆڕان بڕیاربوو «بەدیل» بێت نەك هاوبەشێك بەتامی پاشکۆ؟! پێشتر زۆرمان وت لەسەر خەڵکیتر کە «ڕەگەڵکەوتوو، مەسینەهەڵگر، پاشکۆ..تاد) ئێستا کاتی ئەوەیە شوێن و مەوقیعی گۆڕان بزانین؟! پارتیی هێزێکی ناوەندگەرا«مرکزی»ـیە، لە حیزب و حکومەتیشدا ئەمە ڕەنگیداوەتەوە، کاتێك هەر بەرپرسێکیان پرسێك ئەوروژێنێت بێهودە و بێ مەبەست نیە، بەتایبەت ئەگەر ئەو بابەتە زیان لە بەرژەوەندییەکانی پارتی بدات، هەر زوو بێدەنگی ئەکەن. «هێڤیدار ئەحمەد» ئەندامی فراکسیۆنەکەیان لە پەرلەمان (کە بەم دواییانە ئەرکی زۆری پێسپێردراوە و لێدوان و نووسینەکانی هیچیان بێ بزوێنەر نیە) لە وتارێکدا باسی لەو دابەشکارییە داراییە کردووە کە ساڵانێکە پەیڕەو ئەکرێت لە کوردستاندا. لە وتارەکەیدا«دادپەروەریی لە کوردستان نیە» گلەیی لە دابەشکارییە کلاسیکییەکەی نێوان پارتیی و یەکێتیی ئەکات و پێیوایە؛ سەدی ٥٧ بە ٤٣ ستەمە لە ئیدارەی ئەولا، ٥٧% بۆ هەولێر و دهۆك، ٤٣% بۆ سلێمانیی و هەڵەبجە، گوایە پارتیی مەغدورە!! ئەمە بۆ من گرنگ نیە، چونکە دڵنیام ستەمکاری ڕاستەقینە هەموویانن کە پێکهێنەری حکومەتن بە نیسبە و تەناسوب، بەڵکو ئەگەر تا ئێستاش ئەم دابەشکارییە پەیڕەو بکرێت، کەواتە ئیتر چی بۆ هیچ حیزبێکیتر ماوەتەوە کە هاوبەشی ئەمان بن؟! بۆچی حیزب لەکوردستاندا بە ڕادیکاڵیی دەست پێدەکات و لە کۆتاییدا چاو دائەخات لەهەموو دروشمەکانی و گوێی کڵۆم ئەدات تا حەقیقەتەکان نەبیستێت؟! گرفتەکە بونیادییە، وەزیر هیچ کارەیە تیایدا.
هیوا سەید سەلیم دەمێکە هەندێک ناوچە لە کوردستان بە ناوجەی هەستیار ناسراون، ئەگەڕ بە درووستی مامەڵەیان لەگەڵ نەکرێت، لەوانەیە لەو شوێنانە کارەساتی گەورە بکەێتەوە. زینی وەرتێ، ئەو باسکەیە کە سنووری جوگرافیای ناحیەی وەرتێ ، تاقانە ناحیەکەی قەزایی رواندز، لە سنووری قەزای رانیە جیادەکاتەوە، ناحیەی وەرتێ کە شەڕی ناوخۆ دانیشتوانەکەی بەسەر ( رانیە لە دیوێک و سۆران و رواندز لە دیوەکەی دیکە) دابەشکردووە، لە هەر پێشهاتێک و گرژیەکی نێوان پارتی و یەکێتی، ئەو سنوورەی نێوانیان لە زینی وەرتێ تۆخ دەکرێتەوە، سەرنجام دەبێت خەڵکەکەی باجی ئەو ناکۆکیانە بدەن. گوندی وەرتێ، جگە لەوەی لە سەرجەم شۆڕشەکانی گەلی کوردستان وەک ناوچەی ئازادکراو، شوێنی بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەی زۆربەی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بووە، دانیشتوانەکەشی زۆربەی زۆری لە شۆڕشەکان پێشمەرگە بوونە، و وەک هەر ناوچەیەکی کوردستان زۆرترین شەهیدیان لە پێناوی رزگاری گەلەکەیان داوە، بەتایبەت لە شەڕی تیرۆرستانی داعش. خەلکی وەرتێ وێڕای ئەوەی لە شەڕی ناوخۆ بەسەر یەکێتی و پارتی دابەشبوونە، بەڵام بەوە ناسراون کە خەڵکێکی یەکگرتوون و ناوچەکەی خۆیان خۆشدەوێت، بۆیە هەمیشە کێشەکانیان کێشەی ئەوانی دیکەیە، و ئاگری شەڕی خەڵکی دیکەیە کە ماڵی وەرتیان دەسوتێنێت. چەند رۆژێکە بە بیانووی رێوشوێنەکانی رێگری لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، زینی وەرتێ جارێکی دیکە بۆتە شوێنی ناکۆکی هێزەکان، ئیدارەی ناوچەکە رێگری لە خەڵکی وەرتێی دانیشتووی سنووری رانیە دەکات بگەڕێنەوە سەر ڕەز و باغەکانیان، کار گەیشتە ئەوەی هێزێکی پێشمەرگە ببردرێتە ئەو شوێنە. پارتی دیموکراتی کوردستان، دەمێکە مەبەستیەتی سەنگەرەکانی پێشمەرگە لەو شوێنە ئاوەدان بکاتەوە، یەکێتی لەو هەنگاوەی پارتی بە گومانە، هەروەها پێداگیری دەکات کە ئەو هێزەی دەچێتە ئەو سەنگەرانە دەبێت لە هێزە هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بێت. جیا لە پارتی و یەکێتی، کارەکتەری سێیەم کە بەو هەنگاوەی هێزی پێشمەرگە هەستیارە، بریتیە لە هێزەکانی (PKK)ە . ئەوان پێیان وایە چوونی هێزی پێشمەرگە بۆ رێگریە لە بوونی گەریلاکانی PKK لەو ناوچەیە، و سەرتایی گەمارۆدانی بارەگاکانی PKK یە، لە قەندیل و ناوچە سنووریەکان، بە قازانجی ئەجێندای تورکیا کە دەمێکە تورکیا نەخشەی بۆ دەکێشێت. لە ئێستا بە بوونی سێ هێزی چەکداری جیاواز لە زینی وەرتێ ، کە هەریەکەیان خاوەنی ئەجێندای تایبەتی خۆیەتی، و هیچ یەک لەو هێزانە متمانەی بەوی دیکە ناکات، پێشبینی دەکرێت ئەو ناوچەیە بکرێتە خاڵی تەقینەوەی ناکۆکیەکان، بە تایبەت ئەگەر بە هەستیاری مامەڵە لەگەڵ ئەو کێشانە نەکرێت. ترسی کۆڕۆنا لە هەموو جیهان کێشە سیاسەکانی وەلاناوە، هەمووان غەمیان بۆتە غەمی زاڵبوون بەسەر مەترسیەکانی ئەو ڤایرۆسە، بەڵام ئێمەی کورد وا نین، ناکۆکیەکان هەمیشە لەناوی ماڵی کوردی بوونی هەیە، لەوەش خرابتر خەونی داگیرکەرانە کە هەمیشە دەیانەوێت ماڵی کورد بێ کێشە نەبێت، و کوردستان بکرێتە مەیدانی شەڕێک کە ئەوان ئاگرەکەی خۆش دەکەن.