Draw Media

مەجید ساڵح (١) لە شوباتی ٢٠١٦ دکتۆر یوسف محەمەد سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان سەردانی  "جۆن پیرکۆ" سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی بریتانیای کرد، کە قسەوباس ھاتە سەر داخستی پەرلەمانی کوردستان لە لایەن پارتییەوە یەکسەر بە واقوڕمانەوە وتی «جا گەلی کوردستان چۆن ئەوە قەبوڵ دەکەن، ئەگەر حکومەت رێگەم لێبگرێ و نەھێڵێت بێمە ئێرە، خەڵکی بریتانیا دەرژێنە سەرشەقامەکان و لێی قەبوڵ ناکات»!! تەبعەن لە مێژووی بریتانیادا  بۆ کپ کردنەوەی دەنگی نوێنەرانی گەل، چەندین جار لە رێگرتن خراپتریان بەرامبەر کراوە، لە سەدەکانی ١٤،١٥، ١٦دا حەوت سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەو وڵاتە بەدەستی (شا) و حکومەتەکانی سەریان لە لاشەیان جیاکراوەتەوە، بەڵام  خەڵکی بریتانیا کۆڵیان نەدا و خاوەندارێتیان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی خۆیان کرد و تا رۆژەکەیان گەیاندە ئەم رۆژەی کە (شا) جگە لە شایەکی رەمزی زیاتر ھیچی تر نییە  و حکومەتیش بی رەزامەندنی ئەو ئەنجومەنە ناتوانی پەنجە بکات بە ئاودا.. (٢) ٧ی ئایار پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراتی کوردستان و ھاوپەیمانەکانی، بە پێی پەیڕوی ناوخۆی پەرلەمان، حەسانەی پەرلەمانیان لە سۆران عومەر سەندەوە،  ھەڵبەت بۆ ھەمان مەبەستی شاکانی بریتانیا کە کپکردنی دەنگی نوێنەرەکانە، جگە لەو ھەڵایەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەرپا کرا و ھەموو دابەزین بوو بە سەر پەرلەمان، ئەگینا بە نسبەت رای گشتیەوە رووداوەکە بە ئاسایی تێپەڕی. ھەندێ حزب و لایەن و سیاسەتمەداری دیاریش کە لە کاتی داخستنی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٠١٥  نەک ھەر بێدەنگیان ھەڵبژارد، بگرە بوون بە عەڕاب و کلیلی کردنەوەی دەرگا کڵۆم دراوەکەی پەرلەمان  لە ٢٠١٧، لەم کێشەیەدا بۆ بەرژەوەندی خۆیان میدیا و ھێزی تایبەتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان خستە بواری ناشیرین کردنی پەرلەمان. و گاڵتەکردن بە سیستمی پەرلەمانی.. (٣) بێ پەرلەمانی ھەر بۆ خوا و میللەتە  ناشارستانییەکان باشە،  شکۆی ھەموو پەرلەمانێک  لەوەوە دەست پێدەکات کە خەڵک خاوەندارێتی لێ بکات و نوێنەرانیشی کۆڵ نەدەن و نا ئومێد نەبن، بریتانیای (عوزما)  ھەر بە لەشکرەکەیەوە (عوزما) نییە، بەڵکو لەو سیستمە ئیداری و سیاسی و پەرلەمانییەی کە ھەیەتی عەزەمەتەی بەدەست ھێناوە، ئەو سیستمەش بەری رەنجی ھەزار ساڵ لە تێکۆشانی خەڵک و  سەرسەختی نوێنەرەکانی لەبەرگری کردن لە بەرژەوەندی خەڵک و بیرکردنەوەی رۆشنبیر و ھزری روناکی فەیلەسۆفەکانیەتی.. پەرلەمانی کوردستان، بەو ھەموو کەموکوڕیەی کە ھەیەتی دەبێ خاوەندارێتی لێ بکرێت و لە دەستی ئەوانە دەربھێنرێت کە وەک موڵک و تاپۆی خۆیان تەماشای دەکەن.. ئەوەش نە بە بایکۆت کردنی ھەڵبژاردن دەکرێ و نە بە جوێندان و ناشیرن کردنی.. شکۆدارکردنی پەرلەمان بە ناردنی زۆرترین نوێنەری راستەقینەی خەڵک دروست دەبێ.. نائومێد بوون لە سیستمی پەرلەمانی،  ئامانجی ئەوانەیە کە دەیانەوێ  پەرلەمان بە زەلیلی بمێنێتەوە،  مێژووی پەرلەمانی وڵاتانی خۆشگوزەرانی ئێستا ئەوەمان پێ دەڵێ کە ئەوان ھەزاران کەندو کۆسپ و تەگەرەیان ھاتوەتە رێ تا گەیشتوون بەم رۆژە، ھیچ دەسەڵاتێک ئامادە نییە لە سینیەکی زێڕدا کلیلی پەرلەمانێکی عەیار ٢٤  بدات  بە خەڵەکەی..


ئاری هەرسین   لە کاتی قسەکردن لەسەر هەلومەرجی ئێستای هەرێمی کوردستان، هیچ پێویست بە درێژەدان  بە قسە ناکات و پێویست ناکات کەسێک پۆست دوکتۆرای لە سیایەتدا بەدەستهێنابێت بۆ ئەوەی لە قورسایی ئەو قەیرانانە تێبگات کە بەرەوڕوی هەرێمی کوردستان بونەتەوە. سیاسەت (ئەگەر بەمەبدەئەوە بکرێت) بریتیە لە ئیدارەدان و بدەو بستێن لەپێناو خزمەتکردنی میللەت. ئەرکی سیاسەتمەداری نیشتیمانپەروەریش هیچ نیە جگەلە جێبەجێکردنی ئەو دو ئەرکە بە قازانجی میللەت. بەداخەوە بەم جۆرەی ئێمە لە کوردستان سیاسەت ئەکەین، لە ڕاستە شەقامی ئەو پێناسەیەی سەرەوە لامانداوە. کەسانی ناسیاسی و دور لەمەبدەئی نیشتیمانی خزێنراونەتە ناو جومگە سیاسیەکان، کە لەبری ئەوەی ئینتیمایان بۆ میللەت، نیشتیمان و ئاڵا هەبێت، دەروێشی کەسایەتی، پلەو پۆست و بەرژەوەندی شەخسی و ئایینین. لە چوارچێوەی سنوورەکانی دیموکراسیدا دەسەڵاتەکان لەکۆمەڵگەدا جیاکراونەتەوەو، مەسەلەی ئازادی رادەڕبڕین دەستەبەرکراوە، بەڵام سنوور بۆ ئازادی داندراوەو ئینسان هەتا ئەوکاتە ئازادە ڕای خۆی دەرببڕێت، کە سنوری ئازادی کەس (یان گروپێکیتر) نەبەزێنێت. ئیتر ئەم کەسە لە هەر پلەو پایەیەکی کۆمەڵایەتیدا بێت. بەداخەوە، زمانی قسەکردنی کاک سۆران عومەر هەرگیز لای بەندە جالب و سەرنجڕاکێش نەبوە. نەک لەبەرئەوەی (هەندێک) لە قسەکانی راست نین، بەڵکو لەبەر شێوازی گوتنیان. عاقڵانەیە ئینسان لەخۆی بپرسێت، کە ئایا کێشەی گەندەڵی لەهەرێمی کوردستان لە کاک مەسرور بارزانیەوە دەستپێدەکات و بەویش کۆتایی دێت؟ بۆچی لەئێستاداو لەم تەوقیتە پارلەمانتاری ئازادئەندیش نابێت بهێڵێت خەڵکیتر بیکەنە بەشێک لە ئەجندای خۆیان. بۆچی لەم کاتەدا کە ئێمە (هەمو لایەنە سیاسیەکانی کوردستان)و، بەتایبەتیش ئێمەو یەکێتی و گۆڕان پێویستمان بە یەک دەنگی، یەکڕیزی و تەبایی هەیە. هەندێک لە برادەرانی ئێمەی پارتی لە ڕابوردودا بە کاک سۆرانیان ئەوت  تیرۆریست. ئەی باشە کە تێرۆریستە بۆچی فراکسیۆنی پارتی دەنگی بە کاک سۆرندا (ساڵی ٢٠١٤) بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پارلەمان و، بۆچی قوبوڵمان کرد لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامی حکومەت تەشکیل بکەین (کابینەی ٨ و کابینەکانی تریش). عەیب و عاری ئەو زمانەشی کە کاک سۆران عومەر بەرامبەر ئێمە بەکاری ئەهێنێت، لەپێشدا بۆ خۆی و حیزبەکەی ئەگەڕێتەوە. چونکە ئەگەر لەگەڵ دز، جەردەو مافیا چویتە معامەلەوە، ئەوا شەریکیانیت و هیچ جیاوازیەکت لەگەڵ ئەواندا نییە (بەڵگەی ئایەتی قورعانی حەدیسی پێغەمبەری ئیسلام د.خ. لەسەر ئەم مەسەلەیە زۆرن). لەوانەیە هەر لەبەر ئەوەش بێت بە سەدان هەزار موسوڵمانی کوردستان نەهاتنە سەرشەقام بۆ هەڵوێست پیشاندان لەسەر لابردنی پارێزبەندی نە لەسەر کەسایەتیەک کە خۆی ئەڵێت موسوڵمانم، نە بۆ حیزبەکەشی کە خۆی بە نمایەندەی خوای بێ شەریک و قورعان و پێغەمبەرەکەی د.خ لەسەر خاکی پیرۆزی کوردستان ئەزانێیت. ئینسان لە خۆی ئەپرسێت، ئیتر کەڵکی پارلەمان چیە؟… کە هەمو شتێک (هەر وەک هەمیشە) لەلایەن مەکتەبی سیاسی حیزبەکانەوە بڕیاری لەسەر بدرێت و، لە هەمو دانیشتنێکی پاڕلەمانەوە ئەم میللەتە لای ئاشکرابێت کە ئەمە بەرە پڕ جەنجاڵەکەی کوردستانیەو هیچیتر.  ئیتر پارلەمانمان بۆچیە؟… ئەگەر ڕۆژێک بزوتنەوەی گۆڕان زۆرینەی پاڕلەمانی بەکاربهێنێت بۆ دامرکاندنەوەی ڕق و توڕەبونی خۆی لە قوتکردنەوەی (نامەعقولی) هەمواری قانونی سەرۆکایەتی هەرێم لە ساڵی ٢٠١٥، یان ئێمە ئەم زۆرینەی پارلەمانیە بۆ مەسەلەیەکی زۆر بچوک (لەچاو گەورەیی بەرژەوەندی و ئاسایشی نیشتیمانی) بەکاربهێنین، جیاوازی چیە؟


رێبین هه‌ردی‌   مێژوو پرە لە درۆ..زۆرجار مێژوو درۆزنەکان دەینوسنەوە کە بەهەزار فرتوفێل و کرداری دزێو گەمەی دەسەڵات دەنوسنەوە..سەردەمێک ڤاڵتەر بنیامین ڕاستی گووتبوو (مێژوو براوەکان دەینوسنەوە) هەر لەبەرئەوەش پڕ دەبێت لە درۆ و شێواندنی ڕاستیەکان و پیشاندانی ناشرینی وەک جوانی و ژێرکەوتن وەک سەرکەوتن و ..هتد. لەسەرەدەمی بەعسی عێراقیدا چیرۆکی جەنگە خوێناویەکانی سەدام ئەو بەعسیە درۆزنانە دەیان نوسیەوە کە گەورەترین شکستەکانی سەدامیشیان وەک سەرکەوتنی گەورە بە خەلک دەفرۆشتەوە. نوسەری پێشەکی فارسی کتێبی کۆماری ترس کەسەرنجی ئەم دۆخەی دابوو لەو پێشەکیەدا نوسی بووی: تێکەڵەیەکی سەیرە ئەم خەلکی عێراقە سەدام رێکەوتنی جەزائیر ئیمزا دەکات خەڵکی وەک سەرکەوتن بۆی هەڵدەپەرن..سەدام رێکەوتنی جەزائیر لەسەر شاشە ئەدرێنێت و دیسان خەلکی دەرژێنە سەر شەقام و هەڵدەپەرن..سەدام کوێت داگیر دەکات خەڵک هەر هەلدەپەرن، سەدام بەوشێوە ئابروبەرانەیە کوێت بەجێدێلێت..دیسان خەلکی دینە سەرجادە هەڵدەپەرن بۆسەرکەوتنێک کە بوونی نیە. مێژوونوسانی بەعس گەورەترین شکستەکانیشیان وەک سەرکەوتن دەنوسیەوە و دەشیانکرد بە وانیەکی مێژوو کە لە قوتابخانەکاندا دەخوێندرا: سەدام یەکەم سەرۆک عێراقە کە پارێزاگای ژمارەی ١٩ی(واتە کوێتی) گەڕاندەوە سەر عێراق..کاتێکیش بەوشێوە ئابروبەرانەیە لە کوەیت دەرکرا مێژوونوسە بەعسیەکان نوسیان بەهێزترین سەرکردەی عەرەب کە بەرامبەر ٣٦ دەوڵەتی داگیرکەر ڕاوەستا و نەیانتوانی بیڕوخێنن...گەر سەدام لە ٢٠٠٣ دا نەڕوخێنرایە..ئێستا هەموو قوتابیەکانی عێراق ئەم شتانەیان وەک وانەی مێژوو دەخوێند و لەبەر دەکرد. (مێژوو براوەکان دەینوسنەوە) کە هەمیشە پرە لە درۆ و هەڵخەلاتاندن و ناشرینی. کاتێکیش هۆرکهایمەر پێناسی قوتابخانەی رەخنگرانەی بەمشێوەیە کردبوو .(هەموو ئەو کەسانەی ئەو ڕاستیە دەزانن کە ئە کۆشک و تەلارەکانی ئێستا دروستکراون لەسەر ئیسک و پروسکی هەزران مرۆڤ دروستکراوە) هەمان بۆچونی ڤاڵتەر بنیامینی بەشێوەیەکی تر دوبارە دەکردەوە..لەپشت کۆشک و تەلارە رازوەکانەوە، ستەمێکی شاراوە هەیە کە بێدەنگ کراوە. هەموو دەستکەوتێک لەقولایدا نوشوستیەکی گەوەرەی دارمانی مرۆڤایەتی و ئەخلاقیە و بەسەر لاشە و ستەمێکی گەورەدا تێپەڕیوە. مێژوو درۆزنەکان دەینوسنەوە کە ئەرکی سەرەکیان شاردنەوەی رەنج و ئازارە راستەقینەکان و پێشاندانی سەرکەوتنی وەهمی و درۆزنانە کە تەنیا کۆشکی چەند دەسەلاتدارێکی ستەمکار دەڕازێنێتەوە. بەلام خۆشبەختانە ئێمە لەسەردەمی ڤاڵتەر بنیامیندا ناژین (کە لە چیرۆکی تراژیدیانەی ڕاکردنی لەدەستی نازیەکان لە سەرسنورێکی نێوان فەڕەنسا و ئیسپانیادا و لەترسی دەستگیرکردنی لەلایەن نازیەکانەوە خۆی کوشت) لەسەردەمێکدا ناژین یەک حیکایەتخوان و یەک قسەکەر و یەک مێژوونووسی هەبێت..لەسەردەمی پۆستمۆدێرنداین کە پرە لە شایەتی زیندوو بەسەر هەموو روداوەکانەوە و حەکایەتەکانیشی بە زمانی جیاواز دەگێرێتەوە. لەسەردەمێکداین مێژوونوسەکانی زۆر و حکایەتخوانەکانیشی زۆرتر. لەپال هەر گێرانەوەیەکی درۆزنانەی دەسەلاتەوە بۆ روداوەکان، دەیان شایەتی راستەقینە رووداوەکە چیرۆکەکە وەک خۆی دەبینن و دەگێڕنەوە و ڕێگە نادەن درۆکانی حەکایەتخوانەکانی دەسەلات روادوەکە بشێوێنێت. ئەوەی لەم رۆژانەدا لە پەرلەمانی کوردستان لە سایەی دەسەلاتی پارتی بەسەر پەرلەماندا روویدا لەومجۆرە روداوانەن..لەوجۆرە روداوانەی دەسەلات حەکایەتی درۆی بۆ دروست دەکات و بە خەیاڵی خۆشی دەتوانێت وەک حەکایەتخوانەکانی سەردەمی بەعس بیکات بە ڕوداوی ڕاستەقینە و خەڵکی پێ هەڵخەلەتێنێت. چیرۆکەکەی ئەوان دەڵێت(لەپێناوی یاسادا و بۆ ڕێزگرتن لە یاسا و سەلماندنی ئەوەی ئەندام پەرلەمان لەسەرو یاساوە نیە) پارێزبەندیان لەسەر کاکە سۆران هەلگرتووە،،باشترین بەڵگە بۆ ئەوەی لەسەردەمی دەسەلاتی پارتیدا چیدی بێ یاسایی قەبوڵ ناکرێت..بەلام چیرۆکە راستەقینەکە رێک بە پێچەوانەوەیە بۆ سەلماندی ئەوەی سەرەک وەزیران لەسەرو یاسایە و کەس بۆی نیە پێی بڵێت بەری جاوت کلی پێوەیە، دەمی هەموو ئەوانە دادخەن جورئەت دەکەن ناوی بەڕێزیان بێنن. پێشتر لەسایەی هەمان سەرۆک وەزیراندا و بەناوی یاساوە رۆژنامەنوسێکیان زیندانی کرد و شکات لە دوای شکاتی بۆ ئامادە دەکەن، هەنوکەش نورە دێتە سەر ئەو کەم ئەندام پەرەلەمانانەی دەوێرن قسەیەکی هەق بڵێن. ڤاڵتەر بنیامین بەدروستی نوسی بوی (هچ بەڵگەیەکی شارستانی نیە، بەڵگەی بەربەریەت نەبێت). لەراستیدا ئەم دەنگدانەی پەرلەمان رێک ئەو قسەیەی ڤاڵتەربنیماینمان بیر دەخاتەوە..بەڵگەیەک کە بەروکەش بۆ سەلماندنی سەروەری یاسایەوە بە ناوەرۆکش دوا پلەی بەربەریەتە. لەسەرەتای ڕێکەوتنی گۆران و پارتیدا و لەیەکەم رەخنەم لەو رێکەوتنە کە تۆمارەکەی لە کەناڵی ئین ئارتی ماوە گوتم کارەساتی ئەم رێکەوتنە ئەوەیە ئەمجارە پەرلەمانیشیان تەسلیمی پارتی کردکاتێک سەرۆکایەتی پەرلەمانیان پێشکەش بە پارتی کرد بەناوی ئەوەی کورسیەک بۆ کەمە نەتەوەیەتیاکان بێت، کە هەموو دەزانین کەمە نەتەوەیەکان ناوێکی ترە بۆ گوێڕیەڵەکانی پارتی. ئێستا ئیدی بەتۆپزی دەرکەوت ولات بە پەرلەمان و هەمویەوە لە دەست پارتیە و لە حوکمی ئەوانشدا ئەوەی خزمەکار و بەردەستی بنەماڵەکە نەبێت، خائین و خۆفرۆشە و هەر بەناوی یاساشەوە لە زیندان دەکرێت و هەر بە دادگاش حوکم دەدرێت. لە سایەی پارتی و بەدیاریکراوی لە حوکمی سەرەک وەزیرانی ئێستادا هەموو خۆمان بۆ زیندان و سەرکوت و ئەشکەنجە و هەموو جۆرە ناوزراندنێک ئامادە بکەین..ئەمرۆ نۆرەی کاک سۆران بوو، سبەی هەمومان دەگرێتەوە...لە سایەی پارتی و حکمڕانی کاک مەسروردا رەشترین سەردەمەکانی حوکمرانی دەبینین و ئەمەی کراو دەکرێت تەنیا دەستپێکی قۆناغێکی تاریکە کە بەخوێن و ئەشکەنجە و توقاندن دەنوسرێتەوە. بەلام بێگومان خاڵی نابێت لە بەرگری و خۆراگری و بەردەوام نا وتن بە دەسەلاتێکی وا ناشرین کە بەس زمانی زیندان و سەرکوتکردن دەزانێت. سەردەمی مەسرور بارزانی لە سەردەمە هەرە تاریک و ناشرینەکانی حوکمرانی هەرێم دەبێت کە تیایدا حوکمڕانەکانی پێشوو وەک حوکمرانی زۆر کراوەتر و لێبوردوو تر دەردەکەون. سەردەمی مەسرور سەردەمی گرتن و زیندانکردن و ئەشکەنجە و دەمکوتکردن و بە کارتۆنی کردنی پەرلەمان و هەموو دەزگاکانی ترە ..سەردەمێکی تاریک دەژین کە پێشهاتەکانی زۆر گەوەرەتر دەبێت لەمەی کە ڕوویدا. لابرنی پارێزبەندی کاکە سۆران سەراتەیەکی بچوکە بۆ قۆناغێکی درێژی سەرکوتکاری کە بەڕێگەوەتە هەموان توشی کێشە و سەرئێشە بکات. ئەمرۆ هەمووان بە حیزب و ڕێکخراو و هەموو دەنگێکی ئازادەوە لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەوەرەدان یان ئەواتا بەر بەم بەربەریەتە دەگرن کە بەناوی یاساوە گەورەترین گاڵەتەجاڕی بەیاسا و دەزگاکان دەکات، یان هەمووان وەک کاک سۆران بەناوی یاساوە چی پێشێلکاریە بەرامبەرمان دەیکەن.


شوان محه‌مه‌د لە کێشەی سەندنەوەی پارێزبەندی لە سۆران عومەر.. پرسیارێکی زۆر گرنگ خۆی قوت دەکاتەوە..؟ ئەگەر یاسا سەروەر بێت و کار بەبڕیارەکانی دادوەرو دادگاکان بکرێت، نابێت هەر ئەسڵەن پرسی پارێزبەندی بخرێتە دەنگدانەوە، دەبێت دەمودەست سەرۆکایەتی پەرلەمان رەتیبکاتەوەو نەیخاتە بەرنامەی کارەوە، ئەگەر بڕیاری دادگاش بەسەر پەرلەمانیشدا جێبەجێبکرێت، پێویستە یەکڕاست ئەو چوار پەرلەمانتارە بەبێ جیاکردنەوەیان، رادەستی دادگا بکرێن و کێشەکەیان دادگا یەکلایی بکاتەوە، چونکە ناکرێت حوکمی دادورێک کە پشت بەستووە بەدەقێکی یاسایی بخرێتە دەنگدانی پەرلەمانتارانێکەوە کە رەنگە تاکوتەرا خەڵکانێکی یاسایی تێدابێت. هەر لێرەشەوەیە لە جیهاندا پارێزبەندی بۆ پەرلەمانتاران دانراوە تا ئەو کاتەی پەرلەمانتارە، دوای تەوابوونی ماوەی پەرلەمانتاریەکەی دەبێت بچێتە بەردەم دادگا.. خستنە دەنگی یەک بەیەکی ئەو چوار پەرلەمانتارە بە جیا دابەشکردنی بڕیارێکی دادگایە، لە کاتێکدا مەبدەئی بڕیارەکە داوا دەکات ئەو تۆمەتبارانە رادەست بکات.  ئەمە دیوێکی پرسەکەیە، دیوەکەی تری دەنگدانەکەی پەرلەمان و جیاکردنەوەی سۆران لە سێ پەرلەمانەکەی تر ناهەقی و نایەکسانییەکی تێدایە بەرامبەر خاوەن داوا یاساییەکان، مانای چی پەرلەمانتارێک بەرپرسێکی پێشمەرگە تۆمەتبار دەکات بە یارمەتیدەری داعش، بەڵام پەرلەمان ئەمە رادەستی دادگا ناکەن، کەچی پەرلەمانتارێکی تر بەرپرسێک تۆمەتبار دەکات کە کۆمپانیای هەیەو بزنس دەکات، کەچی ئەمەیان رادەستی دادگا دەکرێت، هەرچی یەکەمیانە دەهێڵێرێتەوە تا ئەو پەرلەمانتارە کاتی پەرلەمانتاریەکەی تەواو دەبێت، باشە بەپێی یاسا بەرکارەکانی هەرێم کام تاوانیان حوکمی زیاترە..؟ بەرپرسێکت تۆمەتبار کردووە بەیارمەتیدانی داعش، بەرپرسێکی تریش بە بزنس کردن..؟ باشە پەرلەمان بۆ ئومێد خۆشناوی رادەستی دادگا نەکرد، کێ دەڵێت لە دادگا نەیدەسەلمان کە ئەم بەرپرسە یارمەتی داعشی داوە، با لەمەشدا بپرسین یارممەتیدەری داعش مەترستی زیاترە بۆ سەر کۆمەڵگا، یان بەپرسێک بزنس بکات، باشە حوکمی یاسایی کامیان توندترە، هەموو کەس دەزانێت حوکمدان بەیاسای تیرۆر لەهەرێمدا لە هەموو حوکمێک قورسترە..!! برادەرانی پارتی ناو پەرلەمان ئەمڕۆ پێتان وتین نە هاوڵاتیان لەهەرێمدا بەرامبەر یاسا یەکسانن نە بەرپرسان، بگرە ئەو وێنەیەشتان پێداین کە بزنس کارێک خەتر ترە لە یارمەتدەرێکی داعش، بۆیە زۆر بەپەلەن لە دادگایکردنی سۆران.


عەدالەت عەبدوڵڵا  ئەگەرچی تا سەر وا نامێنێ و رۆژێک دێ کە بۆ رای گشتی ئاشکرا ببێت، بەڵام، بەگشتی، کێشەی نەبوونی زانیاری و نا شەفافییەت لەئاست زۆر دۆسیەو بابەتدا کە بەرپرسن لە زیادبوونی نا دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و یاساشکێنی، وایان کردووە کە، دیاردەی واتەوات(إشاعات) لەناو خەڵکدا، بەخێرایی پەرەبستێنێ و ببێتە حیکایەتی رۆژانە.   ئەم دیاردەیە، کەم و زۆر، لەھەموو کۆمەڵگەیەکدا ھەیە. زانایانی بواری زانستە مرۆڤایەتییەکان، وەک دەرکەوتێکی ژیانی کۆمەڵایەتیی و پێویستییەکی دەروونی مرۆڤ، لێی دەڕوانن. ئەوان بەلایانەوە دیاردەیەکی نامۆ نییە، چونکە ھەم گرێدراوی فۆرمی سیستەمی سیاسییە، ھەم دۆخی کۆمەڵایەتی، ھەم وابەستەی زانیاری و زانین و رۆشنبیریشە لەلای مرۆڤ. دیاردەکە لای ھەموو کەس و گروپێکیش چوونیەک نییە، بەڵام ھۆکاری سەرەکیی تەشەنەکردنی دەگەڕێتەوە بۆ ونکردنی فاکت، یان چەپاندن و شاردنەوە، یان ترس و تیرۆر، یان غیابی ململانێی شەریفانە، یان بەرچاونەخستنی بەڵگەو زانیاریی پێویست بۆ رای گشتی.  لەواقعی کوردستاندا، ئەو چینە کۆمەڵایەتییەی کە زۆرجار بڕێکی زۆری ئەم دیاردەیەیان رووبەڕوو دەکرێتەوە، چینی بەرپرسە دەوڵەتی و حزبییەکانن. ئەوان لەکۆمەڵدا کەوتوونەتە ژێر مایکرۆسکۆبی ھاووڵاتیانەوە، وایان لێھاتووە تەواوی ھەڵسوکەوت و جموجوڵیان خراوەتە ژێر چاودێرییەوە، بەشێک لەماسمیدیاشیان بەخۆوە سەرقاڵکردووە، بەتایبەتی کە ئەرکێکی میدیا خۆی بەدواداچوونە بۆ پرسەکانی رۆژ و ئەو باسانەی کە لەناو کۆمەڵدا ھەن. لەم بوارەدا، ئەگەر میدیا زانیاری و بەڵگەی بەردەست نەکەوێت، یان لاشی بێ و نەتوانێ و نەوێرێ بڵاویان بکاتەوە!، ئەوا ئیتر بە ئاسانی دەرگای گەورە بۆ پڕوپاگەندەو واتەوات ئەکرێتەوەو تەڕو وشکیش پێکەوە دەسوتێن!.  بەمانایەکی تر، ئەمڕۆ سەروەت و سامانی بەرپرسان: لەڤێلا و کۆشک و تەلاریان بێت، یان کۆمپانیاو کارگەکانیان، یان کاری بازرگانیی ھەمەجۆریان، یان مۆڵدانی پارە لەبانکە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، یان مەزرەعەو دۆنمە زەویان، یان سەفەر و گەشتی بەردەوام بۆ دەرەوەی وڵاتیان، یان غەسل و بەنزیخانەو ریزە دووکانیان، یان فرە ئۆتۆمبێلی خۆیان و ماڵ و مناڵیان، یان پزیشک و قوتابخانەی تایبەتیی وەچەکانیان، یان شوێنی سپێشەڵی خواردن و ریستۆرانت و یانەکانی شەوانیان، یان قومارکردن و قاچاخچێتی سەر سنورەکانیان، یان تەخشان و پەخشانی پارەو ئیشکردن بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی لەسەر حسابی سامانی گشتی و نەسریەی حزبەکانیان، یان ئاستی خوێندەواری و تەمومژی بڕوانامەکانیان، یان پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و شەخسییەکانیان چ لەگەڵ دەوروبەر و چ لەگەڵ رەگەزی مێینان، یان کاری رۆتینی و ئیدارییان چ لەگەڵ ھاووڵاتی ئاسایی و چ لەگەڵ خزم و کەسوکارو ئەحبابیان!، یان غروری ماڵ و مناڵیان لەناو خەڵکداو زۆر لایەنی تری رەفتارو ئەتواریان، ھەر ھەموو، تێکڕا، بۆتە شوێنی پرسیارو جێی ناڕەزایی و تووڕەیی ھاووڵاتیان. رەنگە سەرەتاییترین پرسیاریش لەکۆمەڵگەی ئێمەدا، زۆر بەسادەیی، ئەوە بێ کە ئەپرسن: ھەر بە راستی، ئەم ھەموو ناشیرینییە بۆ؟ ئەو ھەموو سامان و تێروپڕییەتان لەکوێ بوو؟ ئەگەر بەمووچەیە، دەلیلی نادادپەروەرییە، ئەگەر بە نەسریەو بودجەی وڵاتە، دەلیلی ئیختیلاس و تاوانە، ئەگەر بە بازرگانیکردنە، دەلیلی نائەھلییەت و بەدبەختی ئەم نەتەوەیەیە کە ئێوەی کردۆتە کاربەدەست و دەمڕاست لەناو حزب و دەوڵەتدا!.    بێگومان، پێشوەخت، دوو راستی ھەن دەبێ بیریان بخەینەوە بۆ ئەوەی ئێمەش کۆمەکی کەلتوری ئیشاعات و پڕوپاگەندە نەکەین:-  یەکەمیان: مەرج نییە ھەموو بەرپرسێک لە کۆی ئەو ناز و نیعمەتانەدا بژی کە ئاماژەمان پێکردن، بەڵام دەبێ ئەو پەیامەشیان پێگەیشتبێت کە لەناو خەڵکدا بەڕێژەیەک لەم سەڵتەنەتە ناسروشتی و دەوڵەمەندبوونە فاحیشانەیە، کە بە بەرچاوی خەڵکەوە ئەگوزەرێ، تۆمەتبارکراون.  دووەم: ئەو بەرپرسانەی کە ھەستدەکەن بێگوناھن و بە ناھەق لەگەڵ ئەوانیتردا حەشرکراون، بگرە ئەوان بەو ھەلومەرجە ناڕازین و دەستیان تێیدا نییە، ئەوا لەسەریانە دەستپێشخەربن لەرووبەڕووبوونەوەی دیاردەکەدا، یا لانیکەم، لەخستنەڕووی شەفافییەت و سەرچاوەکانی داھات و سامانیان.  ئەوان، بەداخەوە، نەھاتوون لەبەردەم ئەو لێشاوە لەپڕوپاگەندە، بە بەڵگەو زانیاری و راستگۆییەوە، بەرگری لەخودی خۆشیان بکەن!، بۆیە دەبینی لەدواییدا ھیچ سەرەتایەکی جیاواز دەست پێناکرێت، نە بۆ شەفافییەت و نە بۆ فشار خستنەسەر گەندەڵی و نە بۆ کۆتاییھاتن بە دیعایە و تۆمەتە پشت ڕاستنەکراوەکانیش، بەڵکو ئەم پرسانە، لەناو واقعی ئێمەدا، ھەر درێژە دەکێشن و زیاتر پەرەدەستێنن.    لەوەش زیاتر، ئەمڕۆ تووڕەیی خەڵک لە لێپرسراوان فراوانتر بووە، بەتایبەتی لەسەروەختی قەیرانەکان و خراپبوونی ژیان و گوزەرانی بەشێکی بەرچاوی ھاووڵاتیان. بەرپرسان، ئەوانەیان کە خۆیان بە دەستپاک دەزانن، تا ئێستا نەھاتوون، لانیکەم، بۆ نێوبانگی خۆیشیان بێ، دەنگیان لێ بەرز ببێتەوەو لەدژی ئەو دۆخە کە لەھەرێمدا ھەیە شتێک بڵێن!، بەڵکو ئەوەی تا ئێستا کردویانەو ھەیەو نییە، یان پاساوھێنانەوەیە بۆ قەیرانەکان، یان پێچاندنەوەیانە بە ململانێیەکی حزبایەتیی بێ ماناوە کە ھیچی لەژیانی ناھەمواری خەڵک نەگۆڕیوەو جۆرێکیشە لە دوو ڕوویی و ھەڵھاتن لەبەرپرسیارێتی، بەتایبەتی بۆ ئەو حزبە سیاسییانەی کە لەحکومەت و دەزگاکانی فەرمانڕەواییدان.     ئەوان ئەگەر، بە راستی، تێوەگلاو و سوودمەند نین، دەبێ بچنە ململانێوە لەگەڵ بەرپرسانی گەندەڵ و تێوەگلاودا، دەبێ دژی ئەو دۆخە ترسناکە لە نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی بوەستنەوە کە تەنانەت لەخودی حزبەکانیشیاندا دروستیان کردووە نەک تەنھا لەناو کۆمەڵگەو دەوڵەتدا. دەبێ ھەموو ئەو بەرپرسانەش بەرکەنارو لەکار بخەن کە لە رابردوودا دەستیان لەبەرھەمھێنانی ئەو ھەلومەجە خراپەدا ھەیە، نەک ساڵ بەساڵ و خول بۆ خولی دەزگا دەوڵەتییەکان ئیمتیازات و پایەو پۆستیی زیاتریان پێ بدەن و بیانکەنەوە بە دەستڕۆیشتوو و ئاغا!.      سەرکردەو کاربەدەستی نەزیھـ دەست بە کڵاوی خۆیەوە ناگرێ!،  بێدەنگ نابێ و مووچەو نەسریەو ئیمتیازات بخواو لەولاشەوە نیوەی خەڵکی وڵاتەکەی لەخراپترین باری گەوزەراندا بژی!. ئەمە ھەڵوێستی بەرپرسی نەزیھـ نییە، ئەمە رەوشت و مۆراڵی ئینسانی جوامێرو مەرد نییە، جا لەھەر پارتێکی سیاسیی فەرمانڕەوادا بێ، ئەمە ھیچ نییە جگە لە جۆرێک لەبرابەشی لەگەڵ تێوەگلاو و گەندەڵکاراندا، بەڵام لەفۆرمێکی داپۆشراو و دەمامککراودا.  


هونەر تۆفیق لە تەموزی ١٩٩١ دا دەوڵەتی عێراق ، دەزگا ئیداریەکانی لە سنووری ئێستای هەرێمی کوردستان کشانەوە ، بۆشایی ئیداری بەمەبەستی خولقاندنی فەوزا لەناوچەکەدا دروستکرد . بەرەی کوردستانی بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئیداریە بڕیاری هەڵبژاردنی مەجلیسی تەشریعی - پارلەمان - دا . ساڵی ١٩٩٢ بە پێکهێنانی مەجلیسی تەنفیزی -حکومەت - ئەو بۆشاییە پڕکرایەوە . لەوکاتەوە جیاوازی لەسەر چۆنیەتی داڕشتنی سیستەمی ئیداری هەرێم بەردەوامە . تا ئاستی ڕوودانی شەڕی ناوخۆ ، ناکۆکی و ململانێ لەسەر چۆنیەتی سیستەمی بەڕێوەبردن جیاوازی لەنێوان بۆچوونەکاندا هەیە . هەر لەسەرەتاوە ئەو سیستەمە ئیدارەیە بەجۆرێک لە ئیدارەی تەفویچی ( دەستەڵاتی تەخویلکردن ) بەڕێوەچووە . سەرۆکی حکومەت - پارتی ، تەفویچی جێگرەکەی - یەکێتی کردووە ، بڕیاری ئیداری لەسەر ناوچەکانی ژێردەستەڵاتی حیزبەکەی بەدەستەوەبێت ، ئیدارەی تەفویچی لە وەزیرەوە تا پلەکانی خوارتریش پەیڕەوکراوە . ئەم جۆرە ئیدارە ( نەمەرکەزی و نەلامەرکەزیەی ) یە ، لەهەرێمی کوردستاندا هەبووە ، تا کۆچی دوایی تاڵەبانی وەک خۆی مایەوە . پارتی دیموکراتی کوردستان لەئەنجامی بردنەوەی زۆرینەی دەنگی ناو پارلەمان لە ٢٠١٨ دا ، هەروەها غیابی ڕەمزەکانی ململانێ لەسەر چۆنیەتی ئیدارەی هەرێم ، سیاسەتی بەڕێوەبردنی بەرەو شێوازی ئیدارەی حیبری ئەعزەمان pontifex دەبات . کەهەنوتیانە بارەگای بارزانی دەکاتە مەرجەعی باڵا . قۆناغی ئیدارەی تەفویچی بەرەو کۆتایی دەبات . لێرەوە ئیشکالیەتی داواکاری لامەرکەزیەت سەرهەڵدەدات . داواکاری لامەرکەزی لەخۆیدا هەڵگری نەزعەیەکی شۆرشگێڕانەیە لەهەر شوێن و وڵاتێکدابێت . لە دیدی هەموو دەستەڵاتە مەرکەزیەکانەوە پەیامی ڕوخێنەر و تێکدەرانە لەناو ئیدارەی لامەرکەزیدا هەیە . بۆیە بەچاوی گومانەوە لێ ی دەڕوانن . بەپێ ی مادەی ١١٦ ی دەستوری هەمیشەیی عێراق ، ئیقلیم و پارێزگاکان دەبێت لامەرکەزی بن . ئۆتۆنۆمی ئیداری و مالی خۆیان دەبێت . لێرەوە ئەو دوو بۆچوونەی کە لەناو هەرێمدا هەیە ، بەریەکدەکەونەوە . بۆچوونی لامەرکەزی پێ ی وایە ، لەبەرئەوەی لامەرکەزی پارێزگاکان بەپێ ی دەستور ڕێگەپێدراوە ، دەبێت لەناو هەرێمی فیدرالیشدا هەمان لامەرکەزیەت پەیڕەو بکرێتەوە . بەڵام بۆچوونێکی حیبر ئەعزەمانەش هەیە کە ئەو لامەرکەزیەتەی دەستوری عێراقی بۆ ئیقلیم ناکاتە لامەرکەزی پارێزگاکان . چونکە ئەگەر پارێزگاکانی هەرێم لەناو خۆدا لامەرکەزی بن یەکڕیزی نەتەوەیەیی لەبەین دەچێت . لەمەوە بۆچوونی سیاسی بۆ یەکڕیزی زاڵ دەکرێت بەسەر بۆچوونی ئیداری و مالیدا . بەرزکردنەوەی دیدێکی سیاسی بەسەر دەقێکی دەستوریدا بۆهەردوو بۆچوونە سیاسیەکە مایەی ناکۆکیە . لەبۆچوونی داخوازی لامەرکەزیدا پرسی یەکڕیزی توشی سڵەمینەوە و ناڕوونیان دەکات لە چۆنیەتی جێبەجێکردنی لامەرکەزیەتدا ، ئایا داوای تەفویچ ( دەستەڵاتی مخەوەل ) دەکەن ؟ یان وردکردنەوەی کۆی دەستەڵاتی ئیداری لە وەزارەتی مەرکەزیەوە بەسەر یەکە ئیداریەکانی خوارەوەدا ؟ یان ئەو دەستەڵاتەی دەستوری عێراق بۆی دیاری کردوون ؟ لە گوتاری داخوازی لامەرکەزیدا ڕوونیە کامیان دەوێت ، ئەمەش خاڵی لاوازی داخوازیەکەیانە . لەبۆچوونی دژە لامەرکەزیەتیشدا هەرکامێک لەو سێ ئەگەرە جێبەجێ بکات یەکەم لە پرۆژەی دەستەڵاتی کەهەنوتی حیبر ئەعزەم کەمدەبێتەوە ، دووەمیشیان پێ ی وایە بە ڕازیبوون بەو داخوازیە لە پێگەی سیاسی حیزبەکەیان لە ناوهەرێم و بەغدا کەمدەکاتەوە . دەستەڵات و پێگە لە ئایدیۆلۆژیای ئەو حیزبەوە لە سەردەمی ناکۆکی مەکتەب سیاسی و سەرۆکی حیزبەوە بایەخی مان و نەمان بووە بەلایانەوە . مەلا مستەفا بەڕوونی بە مەکتەب سیاسی گوتووە : من نامەوێت وەک پادشای بەریتانیا ، مەلیکێکی ڕەمزی و بێدەستەڵات بم .


  وەهاب عەبدوڵا  ئەفسانەکە وا دەگێڕێتەوە کابرایەک قازێکی هەبوو، هەموو ڕۆژێک هێلکەیەکی ئاڵتوونی دەکرد. پاش ماوەیەک کابرا بیری کردەوە کە باشتر وایە ورگی قازەکە هەڵدڕێت و هەرچی هێلکەی تێدایە بە یەکجار دەری بهێنێت، نەک چاوەڕوانی بکات ڕۆژانە هێلکەیەکی بۆ بکات. ئەم ئەفسانەیە دەربارەی چاوچنۆکی، بۆتە پەندێک لە زمانی ئینگلیزیدا و ئیدیۆمی "کوشتنی ئەو قازەی هێلکەی ئاڵتونی دەکرد" بۆتە ئاماژە بۆ کورتبینی و لەناوبردنی سەرچاوە بەبەهاکان بەهۆی چاوچنۆکییەوە.  ئەگەر ئەمە ئەفسانە بێت، ئەوا ئەو کارەی مرۆڤ لەسەر ڕووی زەوی ئەنجامی دەدات (بە تایبەتیش لە دوای شۆڕشی پیشەسازییەوە) ئەفسانە نییە و بە ئاشکرا دەبینرێت کە مرۆڤایەتی بەهۆی چاوچنۆکییەوە بە دەستی خۆی ماڵی خۆی وێران دەکات.  هەسارەی زەوی، بە سەرچاوە سرووشتییە سنوردارەکەیەوە، ئەو قازەیە کە دەتوانێت ڕۆژانە هێلکەیەکی ئاڵتوونی بۆ مرۆڤ بکات و ژیانێکی ئاسودەی بۆ دابین بکات. لێ چاوچنۆکیی مرۆڤ لێناگەڕێت سروشت بە نەزمی ئاسایی خۆی کاربکات و لە مێژە دەستی بە هەڵدڕینی ورگی هەسارەکە کردووە.  مرۆڤ وا لەم هەسارەیە دەڕوانێت کە سەرچاوە سرووشتییەکانی بێسنوورن، هەر بۆیە سەدان ساڵە دەستی بە هەڵکۆڵینی کردووە و لە هەر شوێنێکی سەر ڕووی زەوی کانزا و سەرچاوەی سرووشتی هەبێت، ئامێرەکانی دەخاتە گەڕ و داروبەردی هەڵدەگێڕێتەوە و دەیکاتە وێرانە. لە ئەنجامیشدا خاک و ئاو و هەوا پیس دەکات و ڕێگە بۆ سەرهەڵدانی سەدان نەخۆشی و دەرد و پەتا خۆش دەکات. ئەمە لە کاتێکدا مرۆڤ هێندەی پێویستی بە دارستان و خاکی بەپیت و هەوای پاک هەیە، هێندە پێویستی بەو بەرهەمە زۆروزەوەندانە نییە کە کارگەکان ڕۆژانە بەرهەمی دەهێنن و پاش ماوەیەک، ڕزگاربوون لە پاشماوەکانیان دەبێتە دێوەزمەیەک و بەرۆکی زەوی دەگرێت.  سەدان ساڵە لەناوبردنی دارستانەکان، کە بە سییەکانی زەوی ناسراون، بەردەوامە و بەپێی ئامارەکان ڕۆژانە بە لایەنی کەمەوە (٣٢،٣٠٠) هێکتار دارستان لە سەر ڕووی زەوی لەناودەبرێت یان لەناودەچێت و ون دەبێت.١ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی زەوییش بە ئاستێکی مەترسیدار لە هەڵکشاندایە و بەپێی دوایین لێكۆڵینەوەکان لە ماوەی ٥٠ ساڵی داهاتوودا پلەی گەرما بە ڕادەیەک بەرز دەبێتەوە، گەرمای زۆرێک لە ناوچەکانی ئەفەریقا و ئاسیا و ئەمەریکای باشور و هەندێک ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لە تەحەمولی مرۆڤدا نامێنێت و ساڵی ٢٠٧٠ زیاتر لە ٣ ملیار مرۆڤ دەکەونە ژێر ڕەحمەتی گەرمای تاقەتپڕووکێنەوە.٢ لە بەرامبەر ئەم دۆخە ترسناکەدا، بژاردەکانی بەردەم مرۆڤ دیاریکراون و لەوەدا خۆ دەبیننەوە کە دنیای سەرمایەداری دەستبەرداری پلانە لەمێژینەکانی خۆی بێت و دەست لە وێرانکردنی سرووشت هەڵگرێت. لە دۆخی ئێستادا و لە سەرەتای ئەمساڵەوە پەتای کۆرۆنا ئەم چارەسەرەی بە ناچاری بەسەر مرۆڤدا سەپاندووە. قەدەغەکردنی هاتوچۆ و خاوبوونەوەی پێچکەی پیشەسازی و کارگەکان، ڕێژەی دەرهاویشتنی گازە ژەهراوییەکانی کەم کردۆتەوە و ئاهێکی بەبەر سرووشتدا هێناوەتەوە. باجی ئەم گۆڕانکارییە پۆزەتیڤەش هێوربوونەوەی پێچکەی ئابوورییە کە لە بنەڕەتدا بە خێراییەکی شێتانە دەسوڕێتەوە. ئەمەش مانای کەمبوونەوەی بەرهەمە بە گشتی و لەنێو ئەوانەشدا بەرهەمە خۆراکییە سەرەکییەکان، کەمبوونەوەیەک کە هێندەی تەرازووی سرووشت ڕادەگرێت، هێندە زیان بە مرۆڤ ناگەیەنێت.   لێرەوە زەرورەتی سەرهەڵدانی مینیماڵیزم و ژیانی سادە وەک فەلسەفە و شێوە ژیانێکی دوای قۆناغی پەتا دەردەکەوێت. مینیماڵیزم واتە ڕازی بوون و قەناعەتکردن بە کەمترین (کەمترین خواردن، کەمترین کەلوپەل، کەمترین ڕابواردن، کەمترین نەوەخستنەوە و  هتد...)، نەک هەر ئەوەش بەڵکو خۆبەخشانە هەڵبژاردنی 'کەمترینەکان'. دەیان ساڵە چەمکی ژیانی سادە و هەڵهاتن لە سیستمی بەکاربردن لە هەندێک ناوچەی دنیادا سەری هەڵداوە و هەڵبژاردنی ئەو جۆرە ژیانە بۆتە داڵدەیەک بۆ ئەو مرۆڤانەی هەست بە بێهوودەیی چاوچنۆکی و دنیای بەرهەمی بێسنوور و کولتوری بەکاربردن دەکەن. مینیماڵیزم مرۆڤ لەوە ئازاد دەکات کە تەنها ئامێرێکی بەکاربردن بێت و سەرگەردانێکی ڕێگەی تێرکردنی ئارەزووە هەنووکەییەکانی بێت، هاوکات بوارێک بۆ لایەنی ڕۆحی و بەها باڵاکان ئاوەڵا دەکات.  مرۆڤی ئەم سەردەمە، ئەگەر خۆی لە گێلی نەدات، زۆر بە ڕوونی ئەوە دەبینێت کە چاوچنۆکی و زێدەڕۆیی لە بوارە جیاوازەکاندا کوشندە و وێرانکەرن. زێدەڕۆیی لە خواردندا یەکێکە لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی نەخۆشی و دەرد و ناڕەحەتی و بەدبەختییەکان. قەڵەوی کە دەرەنجامی زۆرخۆری و شێوە ژیانی بەکاربەرانەی نائاساییە، سەرچاوەی زۆربەی نەخۆشییە درێژخایەن و کوشندەکانە. هاوکات زێدەڕۆیی کردن لە بەکارهێنانی کەلوپەلە جۆراوجۆرەکاندا بە فریای مرۆڤ ناگات و هیچ لە بەدبەختی و چارەڕەشییەکەی کەم ناکاتەوە، بەڵکو سەرچاوە سرووشتییەکان دەڕەتێنێت و ژینگە وێران دەکات.   لەمێژیشە گەلە دووربینەکانی دنیا فەلسەفەی مینیماڵیزم لە بواری نەوەخستنەوەدا جێبەجێ دەکەن. گومانی تێدا نییە کە هەژارترین و نەخوێندەوارترین کۆمەڵگاکان، ئەوانەن کە زۆرترین منداڵ دەخەنەوە. پێچەوانەکەشی هەتا ڕادەیەکی زۆر ڕاستە. لەڕووی پراکتیکییەوە منداڵی دووەم و سێیەم و (هتد...) لە خێزانێکدا، مافی منداڵی یەکەم دەخۆن لە خۆراک و کەلوپەل و خۆشەویستی و گرنگیپێدان و هەلی بەرەوپێشچوون لە ژیاندا. مرۆڤیش لە دێر زەمانەوە پەی بەم ڕاستییە بردووە؛ مێژووی کۆنترۆڵکردنی منداڵخستنەوە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٥٥٠ی پێش زایین٣ کە میسرییە کۆنەکان هەندێک ڕێگای سەرەتاییان بۆ ڕێگەگرتن لە سکپڕی بەکارهێناوە. تەنها تێچووی سکپڕییەک، لەگەڵ چاودێریکردنی منداڵە تازە لەدایکبووەکە، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بڕی ٢١ هەزار دۆلارە. ئەمە جگە لە تێچووی قۆناغەکانی دواتری پەروەردەکردنی.  دواجار ئەگەر مینیماڵیزیم شێوە ژیانێکی ناچاری بێت کە دۆخی دوای قەیران و پەتا سەپاندبێتی، ئەمە هیچ لەوە کەم ناکاتەوە کە ئەم شێوە ژیانە چارەسەرێکی بنەڕەتییە بۆ گۆڕانکارییە کارەساتئامێزەکانی ژینگە و چەکێکی کاریگەریشە لە بەرامبەر چاوچنۆکی و فەلسەفەی بەتاڵی بەکاربردندا. ماری کۆندۆ لە کتێبی (جادووی خۆکۆکردنەوە، هێزێک کە توانای گۆڕینی ژیانی هەیە)دا دەڵێت: ئەو کاتەی شتگەلێکی کەمترمان هەیە، هێندە بە گرنگییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەین وەک ئەوەی ڕۆحلەبەر بن.  سەرچاوەکان: ١.  https://rainforests.mongabay.com/0801.htm. ٢.   https://www.bbc.com/news/science-environment-52543589. ٣. https://en.wikipedia.org/wiki/Birth_control#Effects.


دڵشاد عەبدولڕەحمان  دوای ڕاپەڕین ،ماوەیەک بەرەی کوردستانی حوکمی کوردستانی کرد ،لەوماوەیەدا ھەرێمی کوردستان نوقمی کێشەی دارایی وکارگێڕی وفەرھودو ئاودیوکردنی ھەرشتێک ببوو کەلەئێران پارەی بکردایە.دۆخەکە بەشێوەیەک خراپ بوو ،ھاوڵاتیان تەواو بێزاربوون لەحوکمی بەرە ،ھەرلەوسەردەمەدانوسەرێکی دیاری وەک بەڕێز حەمەسەعید حەسەن لەوتارێکدا بەناوی (بەرەی کوردستانی پاشای عەرشی کەلاوە)حەشری بەحوکمی بەرەکردبوو . کاتێک باس لەھەڵبژاردن ھاتەپێش ،ئیدی حزبەکان ،ئومێدێکیان حستە ناودڵی خەڵکی ،وایان تێگەیاندن کە ھەر پەرلەمان ھەڵبژێردرا ئیتر کوردستان دەبێ بەشامی شەریف وخێروبێر ڕوو لەخەڵکی دەکا.بەکورتی پەرلەمانیان وەک عەسایەکی سیحری پیشانی خەڵک دا.کات ھاتوڕۆیشت پەرلەمان ھەڵبژێردراو حکومەتیش پێکھات ،کەچی نەک ھەر کێشەکانی خەڵک چارەنەبوون بەڵکو نادادپەروەری لەدامەزراندن ودابەشکردنی ئەوداھاتەکەمەی کەھەبوو ،قۆرخکردنی دەسەڵات لەلایەن پارتی ویەکێتی خەڵکی نا ئومێدکرد ئەمە جگە لەقۆرخکاری ودەستگرتن بەسەر داھاتی گومرگەکان وتاوایلێھات لەسایەی پەرلەمان وحکومەتی کوردیدا نەگریسترین شەڕ کەشەڕی ناوخۆ بوو ھەڵگیرساوبەشێک لەخودی پەرلەمانتارەکان بوون بەسەرکردەی ئەوشەڕانەو،پەرلەمان خۆشی خۆی پێ قوتارنەکرا چ جای خەڵکی . لەئێستاشدا باس باسی لامەرکەزیە ،کەبێگومان من لامەرکەزی کارگێڕی ودارایی بەسیستەمێکی زۆرباش وگونجاودەزانم ،کەدام ودەزگا خزمەتگوزاریەکان، کاراتردەکات وڕۆتینی زیادلەپێویست کەم دەکاتەوەو ھەستی بەرپرسیارێتی بەرانبەر ئەرکە پێسپێردراوەکان زیاد دەکا.بەڵام سەرەڕای ئەوانەش ئەگەر لامەرکەزی وەک بەشێک لەسیستەمێکی حوکمڕانی دروست نەبێ ئەوە ڕەنگە زیانی زۆرتربێ لەقازانجی،بۆنمونە ئەگەر شەفافیەت لەداھاتی ئەوفەرمانگانەی کەداھاتیان ھەیەنەبێ ،ئەوە دەشێ خراپ بەکارھێنانی داھاتەناوخۆییەکان زیادبکات ،وەئەگەر دەزگاولایەنەبەرپرسەکانی چاودێری دارایی چالاکانە نەکەونە چاودێریکردنی کاری فەرمانگەکان ئەوادەشێ بەردەوام گوێبیستی حکایەتەکانی گەندەڵی وبەھەدەردانی داھاتی ناوخۆیی بین .خۆ ئەگەر لامەرکەزی زۆربەباشیش جێبەجێکرا ئەوەھێشتا کێشەوگیروگرفتێکی زۆری تردەمێنێ کەبەرۆکی ھاوڵاتیان بگرێ لەدەرەنجامی نەبوونی حوکمی ڕەشید لە پایتەختدا .کەواتە با مەسەلەی لامەرکەزی وەک پەرلەمانەکە لێ نەکەین کە بەداخەوە لەئێستاداخەڵک ھێندە لێی بێ ئومێد بوە کە بەشێکیان نەبوونی بەباشتردەزانن لەبوونی و وەک دەزگایەکی زیادەوبارلەسەر بودجەی گشتی سەیری دەکەن . لەوچوارچێوەیەدا لەئێستاداکە باس لەلامەرکەزی دەکرێ سەرەڕای پشتگیریکردنی ،گرنگە ھێندەی قەبارەی خۆی سەیربکرێ نەوەک لەئایندەدا خەڵک لەوەش نائومێدبێ .


هیوا سەید سەلیم دواجار کابینەکەی مستەفا کازمی ئامادەکرا بۆ ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر بدات، بەڵام هەر لە نیوەی ڕێگا بەشێک لە کوتلە شیعیەکان لە ناویاندا دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالکی و کوتلەکەی ئەیاد عەلاوی لێی پەشیمان بوونەوە، و بڕیاریاندا دەنگ بە کابینەکەی نەدەن، هیشتاش ماوە تا بزانین ئیدیکەش لێی هەڵدەگەڕێنەوە یان نا؟ کازمی، کە سێیەمین راسپێردراوە بۆ جێگرەوەی عادل عەبدولمەهدی رادەسپێردرێت، شانی داوەتە بەر ئەرکێکی قورس، ململانێ نێوخۆیەکانی عێراق لە نێوان شیعە و سوونە لەلایەک و کوردو بەغدا لە لایەکی دیکەوە، دەستوەردان و هەژموونی وڵاتان بەسەرعێراق، بە تایبەت ململانێی باڵادەستی و دەستوەردانی ئێران و ئەمەریکا، و پرسی سەرهەڵدانەوەی تیرۆرستانی داعش و قەیرانی ئابووری، کە لێکەوتەی دوای ڤایرۆسی کۆرۆنایە بەهۆی دابەزینی بەهای نەوت، کە لە ئێستادا کۆڵەکەی سەرەکی ئابووری عێراقە، هەموو ئەو ئاڵنکاریانەن کە ڕووبەڕووی کابینەکەی مستەفا کازمی دەبنەوە. بەدەر لە هەموو ئەوانەی باسمان لێوەکردن،  کورد کێشەیەکی دیکەیە لەبەردەم ئەو کابینەیە، چونکە هێشتا یەکلانەبۆتەوە کە تەواوی پەرلەمانتارە کوردەکان دەنگ بەو کابینەیە دەدەن یان نا؟ ئایا پەرتەوازەیی نێو لایەنە کوردستانییەکان کاریگەری لەسەر یەکهەڵوێستیان دەبێت بەرامبەر ئەو کابینەیەش یان هەموویان لە بەغدا یەک قسەیان دەبێت؟ ئاماژەکان ئەوەمان پیدەڵێن کە بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و زەقبوونەوەی کێشەکان لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان کاریگەریان لەسەر ئەو یەکهەڵوێستییە دەبێت، بە تایبەت پرسی نامەرکەزی لە نێوان پارێزگاکانی ئەولا لەگەڵ هەولێر، و شەڕی ساردی نێوان پارتی و یەکێتی، دواجاریش پرسی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر چەند پەرلەمانتارێکی کوتلە جیاجیاکان لە پەرلەمانی کوردستان، هێندەی دیکە نێوماڵی کوردی بەرەوە ترازان بردووە. لەگەڵ هەموو ئەو کێشانەشدا، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا لە سێ پێکهێنەرە سەرەکیەکەی حکومەتی هەرێم پێکهاتووە، بەڵام ئەو شاندە هیچ کاریگەری لەسەر دەنگی پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا نابێت. دوای راسپاردنی مستەفا کازمی لەلایەن سەرۆک کۆمار، پارتی و یەکێتی لە زاری بەرپرسە باڵاکانیان بەر لەهەر لایەنێک پیرۆزبایی خۆیان لەکازمی کرد.  ئەو پەلەپەلی ئەوان لە پشتیوانیکردن لەکازمی، وایکرد لەدوا ساتەکانی دەسەڵاتی کابینە کاربەڕێکەرەکەی دۆستە کوردەکەمان (عادل عەبدولمەهدی)، مووچەی مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستان ڕاگرێت. هەموو ئەوانە پێمان دەڵێت کە سیاسەتی پارتی و یەکێتی لە پیرۆزبایی پێشوەختە لەکازمی، هەڵەیەکی زەقبوو، باجەکەشی خەڵکی کوردستان دایان، جا بیانووی دیکەی بۆ دێنەوە، ئەوە زەمەن ساغی دەکاتەوە، کە ئایا پاتریۆت مووچەی راگرت یان ئەو هەڵەیەی کە پارتی و یەکێتی کردیان؟ دواجار دەڵێین بۆ ئێستای هەرێمی کوردستان گرینگ بوو بەیەكهەڵوێستی مامەڵە لەگەڵ ئەو کابینە تازەیە بکات، بۆیە نەدەبوو ئەو هەموو کێشانە  درووست بکرێن، بە تایبەت پرسی لێسەندنەوەی متمانە لەپەرلەمانتارەکانی کوردستان،  کە هەڵوێستی پەرلەمانی کوردستان بەسەر دوو بەرەی دژ بەیەک دابەش دەکات، کە بە دڵنیاییەوە کاریگەری لەسەر پەرتەوازەیی کورد لە بەغدا دەبێت. سەرنجام ئەو پەرتەوازەیە دەبێتە هۆی ئەوەی  لایەنی بەرامبەر بە لاوازیەوە مامەڵە لەگەڵ  داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان بکات، و بیقۆزێتەوە بۆ سەپاندنی مەرجی زیاتری ناوەند بەسەر هەرێمی کوردستان.  


عەزیز ڕەئووف لە ساڵی 2015 پارتی دەرگای پارلەمانی داخستووە، پۆلیسێک لە پردێ ڕێگری لەسەرۆکی پارلەمان کردووە، لەناو پارلەماندا پارلەمانتاری داوەتە بەر بۆکس، کەچی دوای پێنچ ساڵ داوا دەکەن پارێزبەندی لەسەر پارلەمانتاران هەڵگیرێت. پارتی کۆی دامەزراوەکانی کۆنترۆڵ کردووە و دادگا و دادوەر و کۆی یاسا و ڕێسای ئەم وڵاتەی لەبەردەستە، کەچی داوا دەکەن کە یاسا سەروەر بێت. بەڕاستی تەراجوعی گەورە لە دنیای ئێمەدا ڕوویداوە. پێنچ مانگی ساڵی نوێ یەک موچەی موچەخۆران نەدراوە، کەچی قسەکەرانی سەر شاشە و مزایەدەی سەر تەلەفزیۆن جورئەت ناکەن یەک کەسیان نە لە حکومەت نە لە پارلەمان بکشێننەوە، ئێستا کۆی داخوازیەکانیان لەسەر پارێزبەندی پارلەمانتارێک کورت کردۆتەوە و کۆی داخوازیەکانی خەڵکی کوردستانیان فەرامۆش کردووە.  دوای ئەوەی زۆرینەی خەڵکی کوردستان پشتی کردە هەڵبژاردن و زانیان پارلەمان و کاری پارلەمانتاری جگە لە مەهزەلەیەک زیاتر چیتر نیە، دوای ئەوەی کە یەک هێزی ئۆپۆزسیۆن ئامادە نەبوون لە شەقام و لەگەڵ خەڵکی کوردستان کۆببنەوە، دەیانەوێت بە ورگ لەگەڵ دەسەڵات بن و بە دەم ڕەخنە بگرن، ئێستا حکومەتێک بەمانای کەلیمە شکستی ئابوری و سیاسی و ئەخلاقی خواردوە، پارلەمانێکی گاڵتەجاڕ توانای نیە یەک وەزیر بێنێتە ناو پارلەمان لەم دۆخەیا، ئێستا زۆر کۆمیدیانە دوای سیناریۆیەکی پارتی کەوتوون و کۆی کێشە ئابوری و سیاسیەکانی کوردستانیان لەبیر خەڵک بردۆتەوە.  بەڕاستی من پێم سەیرە ئەم برادەرانە لە پارلەمان (سەرباری قسەی ڕاستی و جەرائەتی هەندێکیان)، هەر ماونەتەوە لەم دامەزراوە خراپ و بێ دەسەڵاتەدا. بەڕاستی پێم سەیرە یەک پارلەمانتار لەم دۆخە خراپەدا ئامادە نەبوو بێتە دەرەوە، کەچی پارتی پاڵیان پێوە دەنێ بۆ دەرەوە ئەوان لە دەرەوە پاڵ بە پارلەمانتارەوە دەنێن بمێنێتەوە لە دامەزراوەیەکەوە کە هەم سەرۆکی پارلەمانەکە شکۆی یەکێتی شکاندووە ئەوەندە بێدەسەڵاتە، هەم پارتی و خانمێکی تورکمان کۆی دەسەڵاتی ئەم دامەرزاوەیەیان بەدەستە.  ئەوەی ئەم دۆخەی خراپتر کردوە چەندە یەکێتی و پارتین بارتەقای ئەوەش هێزگەلێکی بێدەسەڵاتن کە بە سیناریۆی بێتام و بە ململانێی بێسود خەڵکی کوردستانیان لە کۆڵان و سەر شەقامەکان جێهێشتووە و پارتی پاڵیان پێوە دەنێت ئامادەنین دەسبەرداری دامەرزاوەی لاوازی پارلەمان بن. لە ئێستادا پارتی حکومەتێکی شکستخواردو سەرۆکایەتی هەرێمی بێدەنگ و بێدەسەڵات و بێ ڕوئیای لەبەردەستە و لە لاوازی سەرۆکی پارلەمان کە هی یەکێتیە، پارلەمانیشیان بەدەستە. ئێستا کۆی دامەزراوەکانی هەرێم لەبەردەستی پارتیدایە کەچی خەڵکی کوردستانیان سەرقاڵ کردووە بەوەی کە پارلەمانتارێک دەردەکرێ، کە دەبوو خۆیان پێش ئەوەی پارتی دەریان بکات، پارلەمانیان جێبهێشتایە و بهاتنایەتە بەردەم دەنگدەران و خەڵک و بیانوتایە ببورن نەماتوانی پارلەمان بکەین بە پارلەمان.


بێریڤان محەمەد  پێویستە پەرلەمان هەر ئەمڕۆ ئەو بابەتە بخاتە گفتوگۆوە و پارێزبەندی لە سۆران عومەر و کازم و شیرین و ئەوانەی وەک ئەوان قسە دەکەن وەرگرنەوە و هەر وەک چۆن پەرلەمانیان بەڕووی دکتۆر یوسف سەرۆکی ئەو کاتەی پەرلەمان داخست، هەر ئاوا ئەم پەرلەمان لەم پەرلەمانتارانەش حەرام بکەن. هەر مرۆڤێکی سادەی ئەم کۆمەڵگایە کە هیچ لەسیاسەتیش تێنەگات دەزانێ کە ئەمەی ناونراوە پەرلەمان لەم هەرێمی کوردستانە لە ئێستا و لە ۲٨ ساڵی ڕابردوشدا تەنها وەک دەزگایەک بۆ دورینی بەرگی یاسا بەبەر دزی و گەندەڵی و ڕەوایەتیدان بە دەسەڵای بنەماڵەیی و ڕێگریکردن لە هاتنە پێشەوەی هێزی نوێی دیموکراتیخواز و ناڕەزایی شەقام و ئازدیەکان دامەزراوە. ئەم پەرلەمانە نەک نەبۆتە دامەزراوەی نیشتیمانی و نەتەوەیی و لەدووساڵی ڕابردوودا هیچ هەڵوێستێکی نیشتیمانی و نەتەوەیی لێ بینراوە، ئەو تۆزە هەوڵەشی کە بۆ چەند بابەتێکی کەم کراوە ڕەنجی چەند پەرلەمانتارێکی خولەکانی پێشوو بووە کە نەک دەسەڵات هەر نەیهێشت سەر بەو پەرلەمانەدا بکەنەوە بەڵکو گوێی حزبەکانیشیانی بادان. پەرلەمان لە ساڵی ۱۹۹۲ کە یەکەم بڕیاری دژ بە لێدانی پەکەکە دەرکردن، تا ئێستاش کە لە خزمەتی کۆمەڵێک بازرگانی سیاسی و بەتایبەتیش پارتی و بنەماڵەی بازانی تەرخانکراوە، ئەمەش دەریدەخات ئامانجی دەسەڵاتی هەرێم هاوشێوەی ڕژێمەکانی دەوروبەر لەم پەرلەمانە چیە و دەیانەوێ پەرلەمان بەهیچ شێوەیەک لەئەجێندای ئەوان دەرنەچێت، ئەم پەرلەمانە لەسەر هەڵبژاردنی ساختە و هەندێک کەسایەتی ناپاک دانراوە، لەگەڵ ڕێزێکی زۆرم بۆ چەند مرۆڤێکی خاوەن بەها و پرەنسیپ کە ئەمڕۆ و سەردەمانێک جێگەیان تێداگرتووە. بەکورتی ئەم پەرلەمانە نە بۆ مرۆڤی ڕاستبێژە و نە بۆ کەسانێکی دڵسۆزە، لەگەڵ تێبینیەکانم لەسەر ئەدای ئەم پەرلەمانتارانە بەڵام تەسلیم نەبوون و ڕادیکاڵ بونی سۆران عومەر و چەند پەرلەمانتارێکی دیکە تا ئەو ئاستەی پارتی هاوشێوەی ڕژێمەکەی ئەردۆغان هەوڵی دەرکردنیان دەدات، پیلانێکی چاوەڕوانکراوە و لەوادەی خۆی دواکەوتووە و دەبوو لە سەردەمی عەبدوڵای مەلا نوری و شێرکۆ حەمەئەمین و هەندێ پەرلەمانتاری دیکە بکرایە و پارێزبەندیان لێ سەندنایە، چونکە سروشتی ئەم دەسەڵاتە لە پەرلەماندا ئەمەیە و خۆ ناکرێ لە ڕاستی خۆی لابدات لەکوێ بووە ڕژێمێکی دکتاتۆر باوەڕی بە پەرلەمان هەبووبێت؟ ئەو پەرلەمانتارانە دەبێ دەرکرێن گەر بیر لەوە بکەنەوە گەندەڵی و دزی و ڕێکەوتنە نهێنیەکانی لەگەڵ داگیرکاران و دژی گەل ئاشکرا بکەن. بەڕای من بوونی ئەو پەرلەنتارانە لەناو خەڵکدا باشترە، چونکە لەوە زیاتر چاوبەست ناکرێن و هیوا بەبێ هیوایی هەڵناواسن و لانی کەم خۆیان هەوڵدەدەن ئەڵتەرناتیڤێک ئاوا بکەن کە ژیان و کەرامەتیان تیایدا پارێزراو بێت.


  ئاسۆ حاجی پرسی هەڵگرتن و هەڵنەگرتنی پارێزبەندی لە سەر ئەندامانی پەڕلەمان پرسێکی یاساییە و هەق نیە بە سیاسی بکرێ و ئەوەشیان بکرێتەوە کەرستە تۆخکرندەوەی ناکۆکی و بەگژ یەکداچوونەوە،بە پێچەوانەوە باشترە بە شێوەیەکی یاساییانە مامەڵەی لەگەڵ بکرێ و دەرفەت بدرێ یاسا و رێکارە یاسایەکان رێڕەوی خۆیان وەربگرن و هەر کەسە مل کەچی یاسا بێ و لە ڕێگەیەوە بە مافی خۆی بگات. چونکە هەرێمی کوردستان خاوەنی دەستووری نیە کە کێماسیەکی گەورەیە ئەوە لە کاتی هەبوونی گومان و لێکدانەوەی جیاواز بۆ دەقی یاسایەک وەک باوە بۆ دەستووری هەمیشەیی عێڕاق دەگەڕێنەوە،وەک ئەوەی ئیستا ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی پەنای بۆ دەبات لە پرسی لامەرکەزی کردنی ئەو پارێزگایە،بۆ دەکرێ لەو پرسەش بۆ دەستووری عێڕاقی بگەڕێنەوە. لە دەستووری عێڕاقیدا لە مادەی (٦٣)باسی پرسی پارێزبەندی و بەکارهێنانی ئەو مافە لەلایەن پەڕلەمانتارانەوە کراوە هەروەها چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵیان لە پرسە یاسایەکاندا،ئەو مادەیە ماف بە پەڕلەمانتاران دەدا بە ئازادانە لە ماوەی خولەکانی پەڕلەمان و لە ناو هۆڵی کۆبوونەوەکانی پەڕلەمان بۆچوونی خۆیان بڵێن بەبێ ئەوەی لەسەر دەربڕین و پێشکەشکردنی ئەو بۆچوونانە روبەڕوی سزای یاسایی ببنەوە،ئەوەش بۆ ئەوەیە پەڕلەمانتار دوور لە ترس و فشار بتوانێ دەربارەی پرسەکان بە ئازادانە بۆچوونی بڵێ و زانیاریەکان ئاشکرا بکات. دەستووری عێڕاق بەهیچ شێوەیەک رێگری ناکا بۆ پەلکێشکردنی پەڕلەمانتاران بۆ بەردەم دادگا و لێپێچینەوە لێیان ئەگەر تاوانێکیان کردبێ وەک ئەوەی لە یاسای ژمارە (١١١) یاسای تاوانەکانی عێڕاقی ساڵی ١٩٦٩هاتووە،لەو مادەیەیە دەستوور لە بڕگەی (ج) ئەوەش هاتووە کە لەکاتی ئەنجامدانی تاوان یان ساغبوونەوەی تاوانەکە پەڕلەمانتارەکە لە سزادان نابوێردرێ یان نابەخشرێ بەهۆی بەهبوونی پەرێزبەندی. لە شەڕە قسەی ئەو چەند رۆژە و لێدوان و راگەیەندراو و دەربڕینی هەڵوێسەکان لەلایەن فڕاکسیۆن و حیزبە بەشدارەکانی پەڕلەمان بە تەواوی ئەوە بەدیار دەکەوێ کە بوونی حیزب لە بوونی قانون باڵاترە و زیاتر هەوڵی بەسیاسی و حیزبی کردنی پرسەکە دەدرێ نەک مامەڵە لەگەل کردنی وەک پرسێکی یاسایی ئەوەش بۆ ئەو راستەقینە تاڵەمان دەبات کە بەهێزترین دامەزراوە لە کوردستان دامەزراوەی حیزبە و رای گشتی هێشتا گچکەکراوەی بەردەستی حیزبە. زۆرینەی ئەوانەی لەگەڵ هەڵنەگرتنی پارێزبەندین لە سەر پەڕلەمانتاران بە هەلە لە پرسی پارێزبەندی تێگەیشتوون بەوەی کە پەڕلەمانتار هەرچی بکەن و بڵێن ئەگەر نایاسایش بن و بچنە خانەی تاوان ئەوە نابێ لێپێچینەوەی لەگەڵ بکرێ و بانگهێشتی دادگا بکرێ،بەڵام پێچەوانەی ئەو لێکدانەوانە راستە وەک ئەوەی لە یاسای تاوانەکانی عێڕاق دا هاتووە کە هەموو کەسێک بە پەڕلەمانتارانیشەوە لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێ کە تاوانێک ئەنجام دەدەن جا ئەو تاوانە (کردار – فعل بێت یان گوتە – اقوال). ئەوەی ئێستا سەرۆکی حکومەت دەیکا و ئەو رێکارانەی دەیانگرێتە بەر بە ئاراستەی بەهێزکردنەوەی دامەزراوەی دەوڵەتە(قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان)کە کۆمەڵگە بە ئاراستەی سەروەربوونی یاسا و مل نەدانە بۆ دامەزراوەکانی دیکە کە کۆمەڵگە دابەش و پارچە دەکەن و بە ئاراستەی یاسا شکێنی هانیان دەدەن. لابردنی پارێزبەندی نە کەمکردنەوەی مافی پەڕلەمانتارانە و نە تاوان بارکردنیانە بەڵکو رەخساندنی دەرفەتە بۆ ئەو کەس و لایەنانەی کە هەست دەکەن تاوانیان بەرامبەر کراوە و ئەوان دەیانەوێ بە یاسا و لە دادگا مافەکانیان وەدەست بێنەوە.


د. ئیسماعیل نامیق هەولێرییەک لەگەڵ کەسێکی سلێمانی دەبێت بەشەڕی، کابرای هەولێری بەکابرای سلێمانی دەڵێت: کەپۆت دەشکێنم، کابرای سلێمانیش پێی دەڵێت بیشکێنە بەس بۆ ئەوەی بزانم کەپۆ چیە. پارێزبەندیی پەرلەمانتار ئایەتی قورئان نیە نەتوانرێت دەستکاریی بکرێت، چونکە لەبنەڕەتدا پارێزبەندیی خۆی بۆ ئەوە نیە پەرلەمانتار لەسەروی یاساوە بێت، بۆ ئەوە نیە هەرچی وویست بیڵێت و بیکات، بۆ ئەوەش نیە پارێزراو بێت لەهەر جۆرە بەرپرسیارێتیەک، بەڵکو تەنها بۆ ئەوەیە بتوانێت کارەکانی بەئازایانە وئازادانە ئەنجامبدات، ئەرکەکانی جێبەجێ بکات بێئەوەی روبەڕووی رێگریی وسوکایەتی پێکردن بێتەوە. کەواتە، هەڵگرتنی پارێزبەندیی تاوان نیە وبابەتێکی تەواو یاساییە، بەرای من نابێت ئەوەندەش بەرامبەری هەستیار بین، بەڵام بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کەفعلەن دەتانەوێت یاسا سەروەر بێت! فەرموون سکاڵاکەتان لەدادگایەکی سلێمانی یان هەر دادگایەکی دیکەی دەرەوەی ناوچەی قەڵەمڕەویی حیزبەکەتان تۆماربکەن. وە بیریشتان نەچێت شانبەشانی تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر پەرلەمانتاران، سکاڵا لەسەر من وزۆربەی خەڵکی کوردستانیش تۆمار بکەن، چونکە ئێمەش رامان وایە، بەرێزت وسەرۆکی هەرێم وجێگری سەرۆکی حکومەت وبەشێکی زۆر لەکاربەدەستانی حکومەتەکەی ئێستای جەنابت وحکومەتەکانی پێشووی ئامۆزاکەت، بەرژەوەندیی بازرگانی ناشەرعی وبانک وکۆمپانیا وگرێبەستی بازرگانیتان هەبووە وهەیە، جا بەناوی خۆتان بێت، یان بەناوی خوازراوەوە. سادەترین نموونە، خەڵک گومانی هەیە وپرسیار دەکات لەوەی کێ پارە بۆ ( K24 ) و (RUDAW ) دابین دەکات؟ چۆن؟ لەکوێی دەهێنێت؟ بەمووچە یان بەچی؟ کارێکی باشە ئەگەر بەڕێزت یان هەر بەرپرسێکی حکومی بیر لەوە بکەنەوە بەئامرازە مەدەنییەکان مافەکانی خۆی وەربگرێتەوە. ئەگەر ئەمە دەرئەنجامی گۆڕانی بیرکردنەوەو دروستبوونی قەناعەت بێت بەیاسا ودادگا، شایانی پشتگیریی کردن ودەستخۆشیە، خۆ ئەگەر تەنها بەکارهێنانی یاسا ودادگا بێت بۆ ترساندن وکپکردن وخۆسەپاندنی زیاتر دڵنیابن ئەنجامی باشی نابێت. جا وەکو دەستپێک ئەگەر بڕواتان بەسەروەریی یاسا وسەربەخۆیی دادگاکان هەیە بەرای من سکاڵا نەک لەسەر پەرلەمانتار بەڵکو لەسەر هەموو ئەو خەڵکە تۆمار بکەن کە رۆژانە لەراگەیاندنەکانەوە بەروونی وراشکاویی باس لەگەندەڵی وکۆمپانیا وبەرژەوەندییە بازرگانیەکانی کاربەدەستانی حکومی وحیزبی دەکەن، بۆ ئەوەی بسەلمێنرێت، ئایا میللەت راستگۆیە یان ئێوە؟ خۆ ئەگەر دەشتانەوێت بەیاسا رێگری بکەن لەقسەو پرسیار وگومانەکانمان، دەتوانن فەرمان بەوەزیری ناوخۆ بکەن بۆ هەتاهەتایی میللەت کەرەنتینە بکات! یاخود فەرمان بە دادگا وداوەرەکانتان بکەن، حوکمی لەسێدارەدان یان زیندانی هەتاهەتایی بۆ هەموو ئەوانە دەربکەن کە قسە ئەکەن یان گومانیان لەپاکی ئێوە هەیە!! بۆیە لەهەموو حاڵەتێکدا گرتنەبەری رێگەی دادگا بەلای منەوە باشە، چونکە ئەگەر دادگا سەربەخۆ ویاسا سەروەر بێت، حەقیقەتی ئێوە بۆ خەڵک دەردەکەوێت، ئەگەر سەربەخۆش نەبێت ئەوا حەقیقەتی دادگا زیاتر بۆ خەڵکی رون دەبێتەوە. جا خوائەکا ئێوە باوەڕتان بەیاسا ودادگا ئەبێت، فەرموون لەرێگەی دادگاوە کەپۆمان بشکێنن!!


 مەحموود یاسین کوردی بە هۆی ئەو زۆرینە تەزویرەی لەخولی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستان هەیە ئەم دامەزراوە رۆڵێكی كاراو كاریگەری نەماوە لە زۆربەی بابەتەكانی پەیوەست بە چارەنووسی خەڵكی كوردستان و قوت و بودجەو نانی رۆژانەی خەڵك قسەو دەنگی نەبووە بەڵكو وەكو پاشكۆ و خزمەتكارێكی گوێراڵی حكومەت و خودی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران دەردەكەوێت. بۆیە پرسی لابردنی حەسانەی یاسایی لە پەرلەمانتاران شتێكی چاوەڕوانكراوە، توشی شۆك نەبووم لەوەی لە سەر داوای سەرۆكی حكومەت حەسانەی یاسای لە سەر پەرلەمانتاران هەڵدەگیرێ‌. بەس ئەوەی زۆر جێگای سەرنج بوو سەرۆكی حكومەت سكاڵای لە سەر پەرلەمانتارێك تۆماركردووە كە گوتوویەتی: سەرۆكی حكومەت كۆمپانیاو بانكی هەیە. هیچ گومانی تێدا نییە هیچ كۆمپانیاو دامەزراوەیەكی ئابووری راستەوخۆ بەناوی بەرپرسانی گەورەی هەرێمی كوردستان نییە بەڵكو هەمیشە لە رێگای كەسانی سێبەر و سەركار بزنس و پرۆژەكانی خۆیان بەرێوەدەبەن، بۆیە دڵنیام هیچ كەسێك ناتوانێت بسەلمێنی كە بەرێز مەسروور بارزانی خاوەنی كۆمپانیای ستێرگروپ و ئاڕتی بانكە، بەڵام ئەمریكییەكان دەمێكە ئەوەیان سەلماندووە كە كۆمپانیای ستێر گروپ كە زۆربەی بازاڕەكانی زۆنی زەردی قۆڕخكردووە هی بەرێز مەسروور بارزانییە، بە پێی بەڵگەنامەیەكی ماڵپەڕی جیهانی ویكیلیكس ئەو كۆمپانیایە هی سەرۆكی ئێستای حكومەتە ئەمەش لە رێگای نامەیەكی نهێنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا كە ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكای كردووە، لە دوو شوێن بە پشت بەستن بە دوو سەرچاوە دەسەلمێنێ‌ ئەو كۆمپانیایە كە قۆرغكاری گەورەی كردووە بە تایبەتی بە بواری دڵناییی كە ناهێڵی هیچ كۆمپانیاو كەسێك كار بكات ئەو گۆرەپانەی كۆنترۆڵكردووە. بە پێی ئەو بەڵگەنامەیە كە لینكەكەی لە خوارەوە، تیمی ئاوەدانكردنەوەی عێراق كە شوێنێك راستەوخۆ دەڵی ئەم كۆمپانیایی هی بەرپرسی هەواڵگری پارتی و بنەماڵەی بارزانی مەسرور بارزانییە لە شوێنكی دیكە دەڵی: سەرچاوەیەك دەڵی ئەم كۆمپانیایە هی كۆڕێكی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانییە بەڵام ئاماژەی پێنەداوە كامە كۆڕی!. دڵنیام كاك مەسروور لە هەموو پەرلەمانتارەكان ئاگاداری ئەو راپۆرتەی ویكیلیكسە، ئەو ماڵپەڕەش میدیاكانی كوردستان نییە تا ئێوە بەبێ‌ بنەماو بێ‌ متمانەی رەتیبكەنەوە، تاوەكو ئێستا هیچ وڵات و دامەزراوەیەكی گەورەی جیهانی بە خودی ئەمریكاوە نەیتوانیوە بیسەلمێنی كە ئەو زانیاریانە ناراستن. بۆیە لە كۆتایی 2008 ئەم پەیامە لە بەغداوە ئاراستەی واشتن كراوە كە ئێوە خاوەندارییەتی ئەو كۆمپانیایە دەكەن كە سەرمایەكەی ملیارەها دۆلارە بە شێوەیەكی قۆرغكاری بەبێ‌ ركابەری سەدان پرۆژەی گەورەی ئەو وڵاتەی وەرگرتووە دڵنیام باجیش نەداوە بەڵكو لە زۆر باج بووراوە جگە لەوەی لە هەموو سێكتەرەكان كار دەكات تەنانەت لە بواری هێنانی نەوتی قاچاغیش لە رۆژئاوای كوردستان و هێنانی گەنمی جوتیارانی سووریا بۆ نێو سایلۆكانی هەرێمی كوردستان كار دەكات. 12 ساڵ پێش ئەمریكییەكان ئاشكرایان كردووە ئەو كۆمپانیایە هی جەنابتە نازانم حكومەت لە چیدایە جەنابت لەم بارودۆخە ئاڵۆزە پەنا بۆ لابردنی حەسانەی پەرلەمانتاران دەبەی لە سەر دووبارەكردنەوەی قسەی ئەمریكای هاوپەیمانیانتان.   لینكی بەڵگەنامەی ماڵپەری ویكیلیكس كە دەیسەلمێنی كە ئەو كۆمپانیایە هی سەرۆكی حكومەتە. https://wikileaks.org/plusd/cables/08BAGHDAD4042_a.html?fbclid=IwAR3GqIoPRoJC7l86hC6WOy_Syg942XXWyXUM9elAEVkW0MCJUEcwKBg334Y    


بەیار عومەر عەبدوڵا ئەگەر حکومەتی هەرێم داهات و دەسەڵات نەدات بەم سنورە و بەردەوام بێت لە سزادانی، ئەوا یەکێک لە رێگەچارەکان پەنابردنە بۆ فیدرالیەتی پارێزگاکان. پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین ئەگەر بۆ ماوەیەکی دیاریکراویش بێت دەکرێت ببن بە هەرێمێک و لە ڕوی سیاسی و ئیداری و ئابوریەوە ببوژێنەوە. دوای چەند ساڵێک کە ویستیان لەگەڵ ئیدارەی هەولێردا یەکبگرنەوە، ئەمجارە بەو مەرجەی وەک دوو هاوبەشی یەکسان یەکبگرنەوە؛ واتە ئەم سنورە هەموو دەسەڵات و داهاتەکانی خۆی تەسلیمی هەولێر نەکات. عەرەب ٢٢ وڵاتیان هەیە، ئێمەش با بۆ ماوەیەکیش بێت ٢ هەرێممان هەبێت. لەم قۆناغەدا پێویستمان بەوەیە ماوەیەک دوورکەوینەوە لە سیاسەتە ستەمکاریەکانی پارتی و لە ژێردەستەیی و هەژاری ڕزگارمان ببێت. دواتر کە بەهێزبوینەوە وەک دوو هاوبەشی یەکسان یەکبگرینەوە. بۆ ئەو مەبەستەش، دەکرێت سود لە دەستوری عێراق وەربگرین، کە لە ساڵی ٢٠٠٥ دا بە ئامادەبوون و ڕەزامەندی نوێنەرانی کورد (نەوشیروان مستەفا لە یەکێتی و مەسعود بارزانی لە پارتی) نوسراوە و دواتر لە ڕاپرسیەکی گشتیدا ٨٠% ی گەلی عێراق بە کوردیشەوە دەنگی بۆ داوە. بەپێی مادەکانی ١١٧ بۆ ١٢٠ ی دەستوری عێراق، کە تایبەتە بە پێکهێنانی هەرێمەکان، هەرێم دەکرێت لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا پێکبهێنرێت، کە پارێزگایەک یان زیاتر بێت. ئەمەش بە دوو ڕێگە دەکرێت. ڕێگەی یەکەم: یەک لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا داوای بکەن (پارێزگای سلێمانی ٣٢ ئەندامی هەیە، دەکرێت ١١ ئەندام داوای بکەن). ڕێگەی دووهەم: یەک لەسەر دەی دەنگدەرانی هەر پارێزگایەک داوای بکەن. واتە لە کۆی ١.٢ ملیۆن دەنگدەری پارێزگای سلێمانی، ١٢٠ هەزار کەس داوای بکەن. ئەم بژاردەیەیان بۆ ئەو حاڵەتە باشە کە ئەگەر حزبەکان لەبەر بەرژەوەندی حزبی و شەخسی و وەرگرتنی چەند پۆستێکی وەزاریی، گوێیان نەدا بە بەرژەوەندی هاوڵاتیان، ئەوا خەلکی پارێزگای سلێمانی خۆیان دەتوانن بەبێ حیزبەکان ڕاستەوخۆ داوای بکەن. دواتر ڕاپرسی لەسەر دەکرێت. دەبێت ٥٠+١ ی دەنگدەران دەنگی بۆ بدەن (واتە زیاد لە ٦٠٠ هەزار کەس). ئەگەر دەنگیشی نەهێنا دوای ساڵێک دەتوانرێت ڕاپرسی بکرێتەوە. لەو حاڵەتەدا ئێمە چیتر باجی هەڵە و فەرهودەکانی پارتی و پاشکۆکانیان نادەین لە ناو حزب و لایەنەکانی تردا، و بەغدا مانگانە مووچەی فەرمانبەران دەنێرێت. هەورەها بە پارەی پەترۆدۆلار و پەترۆگاز دەتوانین چەندین پرۆژەی ستراتیژی بنیادبنێین وەک ڕێگاوبانی خێرای نێوان شارەکان و ناو شارەکان. هەروەها چەندین بەنداوی گەورە و بچوک دروستبکەین، کە ئاو و کارەبامان بۆ دابینبکەن. هەروەها پەرە بە کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ بدەین. سەرەنجام هەم هاوڵاتیانی ئەم سنورە دەبوژێنەوە، هەم پارتی چیتر ناتوانێت بە ناوی کوردایەتی و ئابووری سەربەخۆوە، نەوت و گازی ئەم سنورە تاڵان بکات و بیخاتە حسابە بانکیەکانیەوە لە تورکیا و خەلکی ئەم سنورەی لێبێبەشبکات (حکومەتەکەی پارتی ١٢ ملیار دۆلاری دۆڕاندوە بە دانەگازی ئیماراتی بۆ ئەوەی گازی چەمچەماڵ لە خاڵی بەهێزەوە بگۆڕێت بۆ خاڵی لاوازی سنورە). دواجار تەسلیمبون بە ئەجێندای تورکیا و دژایەتی پەکەکە و دۆزی ڕەوای گەلی کورد لە باکور بە نرخی کوردایەتی و سەربەخۆیی بە خەلک بفرۆشێتەوە. بۆ مەسەلە نەتەوەیەکەش، کەی ویستمان وەک دوو هاوبەشی یەکسان یەکدەگرینەوە، نەک بەم شێوە لاواز و شەرمهێنەرەی ئێستا (داهات و دەسەڵات و خزمەت و خۆشگوزەرانی موڵکی ئەوان بێت، بەڵام لە کاتی کێشە و ئیفلاسی سیاسی و ئابوری و شەڕدا بمانکەن بە شەریک).



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand