Draw Media

 ئاسۆ حاجی بەداخەوە سەرۆکی پەڕلەمان لە جیاتی پابەند بوون بە پەیڕەوی ناوخۆی پەڕلەمان فەرمانی حیزبی جێبەجێ کرد،لە جیاتی سەرۆکی پەڕلەمانی هەموو کوردستانیان بؽت تەنها نوێنەرایەتی کردنی حیزبەکەی هەڵبژارد و وەک کادیرێکی گوێڕایەڵ فەرمانەکانی سەرووی خۆی جێبەجێ کرد لە پێناو بەرژەوەندی تەسکی حیزبەکەی و لە خۆ رازیکردنی هاوسەرۆکە نوێیەکانی لە جیاتی پاراستنی بەرژەوەندیە باڵاکانی خەڵکی کوردستان،لە جیاتی ببێتە بەشێک لە چارەسەری بووە ئامرازێک بۆ قوڵکردنەوەی کێشەکان. لێدوانەکانی رێواز خان لەوەی تا شکۆ بۆ پەڕلەمان نەگەڕێتەوە و دانیشتنەکان لەبەرژەوەندی خەڵک نەبن بانگی پەڕلەمانتاران ناکات بۆ کۆبوونەوەیەکی دیکە لە خۆ دزینەوە لە بەرپرسیارێتی و گچکە کردنەوەی پۆستەکەی و ئەرکەکەی وەک نوێنەری خەڵک بۆ بەرژەوەندی حیزبەکەی زیاتر نیە و ئەو بڕیار و هەنگاوەشی رێک لەگەڵ پیلانی حیزبەکەی یەکدەگرێتەوە کە هەموو توانایان خستۆتە کار بۆ پەکخستن و رێگری کردن لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کە پەڕلەمان بڕیاری لێداوە و سەرۆکی هەرێمی کوردستان واژوی لەسەر کردووە و پێویستە بکەوێتە واری جؽبەجێکردن. لەوە دەچێ سەرۆکی پەڕلەمان هەوڵ بدا ناکۆکی نێوان فراکسیۆنەکان و هەبوونی بۆچوونی جیاواز لەسەر پرسی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەڕلەمانتارێک لەو گرژی و ململانێ سیاسیانە ببەستؽتەوە کە لە نێوان حیزبەکاندا هەیە بە تایبەتیش لە نێوان یەکێتی و پارتی و گۆڕان،بەو کارەشی هەوڵبدا خۆی لە بڕیاربەدەستە نوێیەکانی حیزبەکەی نزیک بکاتەوە،چونکە ئەوان رؽگر بوون لەوەی رێواز خان ببێتە سەرۆکی پەڕلەمان و دواتریش لە کۆنگرەی حیزبەکەیدا بە تەزکیە ببێتە ئەندامی سەرکردایەتی،بۆیە هاتنە پێشی ئەو دۆخە ئەگەر بە دەستی ئەویش نەبێت ئەوە بە دڵی ئەوە بۆ ئەوەی لە ناو حیزبەکەشیدا چیدیکە لەسەر ئەو باڵە لاوازە حیساب نەکرێ کە پێشتر بۆ دڵ راگرتنێکی کاتی سەرکردەکەیان رازی کرد. دەرفەتێکی باش بۆ رێواز خان رەخسا بوو کە وەک ئافرەتێک مودێلێکی سەرکەوتووی سەرۆکایەتی کردنی گرنگترین دامەزراوەی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان نیشان بدا و ببؽتە هاندەرێک کە حیزبەکان بۆ ناوەندەکانی دیکەش چاویان لەسەر ئافرەتانیان بێ،نەک لە یەکەم تاقیکردنەوەی جدی و هەستیار ئەوەمان نیشان بدا کە تەنها درێژکراوەی عەقڵیەتی نێری حیزبە و پیاوانە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیە شەخسی و حیزبیەکان هەموو کارێک دەکات.  


هادی حەمە رەشید  لەناو بێ متمانەییەکی بێ ئەندازەی ڕای گشتییدا، یەکێتیی هەنگاوە کردارییە سەرەتاییەکانی بۆ ئەو پرسە دەست پێکرد، یەکێتیی سەدان پاساوی هەیە بۆ ئەوەی جدیی بێت لە وروژاندنی لامەرکەزییەتدا، بەڵام هێشتا زۆربەی خەڵکی ئەم دەڤەرە بە مراوەغە و مانۆڕی سیاسیی لێیئەڕوانن، چونکە ئەگەر یەکێتیی پاساوێك شك ببات بۆ ئەم هەنگاوە، ئەوا خەڵکیی چەند بەرامبەری ئەوە پێویستیان بە لامەرکەزییەتە، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە کە یەکێتیی بە سوارچاکی ئەو پرۆسەیە نازانن! بە هەرحاڵ یەکێتیی چەند هەنگاوێکی هەڵگرتووە، لۆبیی و سەپۆرتیی میدیایی و بازاڕخستنی تا ئاستی ئامادەکردنی ڕای گشتیی، وروژاندنی لە ئەنجوومەنی پارێزگا و پشتگیریی یاسایی، سەردانی لایەنەکان و داوای پاڵپشتیی هەنگاوەکەیان(هەرچەندە وەفدەکەیان زۆر قەرەباڵغ و بێ سەرەوبەرە دیار بوون)! پێئەچێت یەکێتیی درێژە بە ئەم مانۆڕە بدات تا چەند قۆتاغێکیتر، بەڵام هێشتا جدیی نەبێت لە دەرئەنجامەکەیدا، بە پێچەوانەشەوە ئەکرێت میکانیزم چەندە لاواز و فشەڵ بێت، بەڵام جدیی بێت لە تەحقیقکردنی ئامانجەکەدا. بۆ خۆم خۆشحاڵم کە نووسەران و چاودێران بەشداریی کارا بکەن لە ڕەنگڕێژکردنی ئەم بابەتەدا، لەو سۆنگەیەوە پێمخۆشە چەند سەرنجێك تۆمار بکەم: یەکەم/ ئەوانەی کە لایەنگری لامەرکەزییەتن، مەنزور و مەبەستیان جیاوازە لەو ڕوانگە و دیدگایەی یەکێتییەوە، کاتێك کە زۆرێك لەم ئایکۆنانە ساڵانێك لە کاتی خۆیان بەخشیی بەم پرۆسەیە، یەکێتیی لەگەڵ پارتیی هاوپەیمانیدا ناوەندێتی توند(المركزیە المگلقە)ی لە کوردستان سەپاند و ئەنجوومەنی پارێزگاکانیان داڕنی لە دەسەڵات. بۆیە کە ئێستا دەرفەتێك هاتووەتە پێشەوە، نابێت بە هیچ بیانوویەك دژایەتی پرسەکە بکەن، هەروەك نابێت کۆی پرۆسەکەش جێبهێڵن بۆ یەکێتیی و حیزبەکان، بەڵکو دەستەبژێری نووسەران و رۆشنبیران پێویستە بەشداربن لە دیزاینی ئایندەی ئەم ناوچەیەدا. دووەم/ یەکێتیی بە حوکمی قەڵەمڕەویی حیزبییان ئاساییە پێشڕەوایەتیی ئەم قۆناغە بکەن و ڕێگا بەخۆیان بدەن سەردانی لایەنەکان بکەن، بەڵام بەر لەوە ئەبوو «هاوسەرۆکان» ـی یەکێتیی بوێرانە بۆ خۆیان شەفافانە بێنە ناو خەڵکەوە و لۆبی بۆ پێشنیارەکەیان بکەن، ڕوونی بکەنەوە کە مەبەستیان لە لامەرکەزیی چییە؟! حکومەتی هەرێم بۆ خۆی بەرهەمی لامەرکەزییەتە و لەناو دەوڵەتێکی فیدراڵدایە، ئەگەر مەبەستی ئەمان لامەرکەزییەت بێت لە چوارچێوەی لامەرکەزییەتدا، ئەمە ئەبێت بەڵام دەرمانی دەردی ئەم دەڤەرە ناکات، چونکە دەمێکە حکومەتی هەرێم خۆی پێ دەسەڵاتێکی کراوە و دیموکراسییە و کەچی واش نییە، کەواتە ئەکرێت پێناسەکەی خۆی هەمووار بکاتەوە بۆ دەسەڵاتێکی کراوە و دیموکراسیی و لامەرکەزیی...تاد بەڵام هەمان سروشت و ناوەڕۆکی جاران! لەبەرامبەردا ئەکرێت مەبەستیان لە لامەرکەزییەت، گەڕانەوە بێت بۆ فۆڕمی بریمەریی یان دروستکردنی هەرێمی سۆران، کە ئەوکات بەگوێرەی پرۆژەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیی پارێزگای سلێمانیی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین و تەنانەت کۆیەش بگرێتەوە. بەکورتیی ئەجێنداتان ڕوون نییە، تا خەڵك ڕۆڵی دیار بێت! سێیەم/ چەندە دنیا ڕوو بە لامەرکەزییەت و کرانەوەی زیاترە و لایەنە ئەرێنییەکانی لامەرکەزییەت زۆر زیاترە لە دیوە نەرێنییەکەی، دیارترینی ئەو خاڵانەش بریتییە لە نزیکیی بەرپرسان لە خەڵك و خێرایی لە گەیاندنی خزمەتگوزاریی، واوەتر خەڵکی ئەم دەڤەرە خوازیارن کۆتایی بێت بەو ونبوونی بەرپرسیارییەتەی کە خەڵکی ئەم ناوچەیە گیرۆدەن بە دەستییەوە، ئێستا چۆن پارتیی یەکێتیی بە کەمتەرخەم ئەزانێت و یەکێتییش پارتیی بە مۆنۆپۆلیست ئەزانێت، لەوەها بارێکدا ئیدی ئەم یارییە کۆتایی پێدێت. چوارەم/ یەکێتیی پێویستە تێبگات کە پرسی دروستکردنی هەرێمێك بۆ ئەم ناوچەیە، پێداویستییەکە ئەخوازێت فراوانتر لێی بڕوانرێت، وەك لەوەی پرسێکی حیزبیی ڕووت بێت و پێویستی بە گفتوگۆی حیزبەکان بێت، پێویستە بهێنرێتە ناو دەزگا فەرهەنگیی و کەلتورییەکانییشەوە. یەکێتییەك کە لە ناوەڕاستی نەوەدەکان بەدواوە سەرۆکایەتیی بەرەی «هاوپەیمانیی دیموکراسیی کوردستان»ـی کرد، لایەنەکانی ناو ئەو هاوپەیمانێتییە لەسەنگەری یەکێتییەوە دژ بە پارتیی شەڕی بەرەییان ئەنجامدا، بەڵام لەپرۆسەی ئاشتەواییدا یەکێتیی جێهێشتن و خۆپەرستانە ئەوانی تەنیا کردەوە، لە ئێستادا دیسانەوە لە بەردەم بارەگای ئەو حیزبانەدا چاوەڕێی پاڵپشت و هاوبەشییانە لە لامەرکەزییەتدا، لایەنەکانییش هەر یەکەیان و بە وەرەقەیەکی ئامادەکراو لە داواکاریی حیزبیی و کەسیی، ئایا باری لامەرکەزییەت گرانتر ناکات؟ ئایا ئەم تایپە پێشکەوتووەی فەرمانڕەوایی ئەکرێت بەم پێودانگە ناشیاوە ئیدارە بدرێت؟! پێنجەم/ دیسان بەو پێیەی کە یەکێتیی خاوەنی قەڵەمڕەویی سەربازیی و ئەمنیی و تەنانەت بیزنس و بازاڕیشە، گرنگە چەندە ئەو دیدگا و مەنزوری خۆی بۆ لامەرکەزییەت بخاتەڕوو، بە هەمان ڕەهەند دیدی خەڵکیش لەم بارەیەوە بزانێت؛ خەڵکیی ئەم دەڤەرە ماندوون بەدەست ئیدارەدانی پارتییەوە، پارتیی لە هەولێرەوە بە تۆپزیی هەموو بڕیارێکی خۆی سەپاندووە، کەلتورێکی سەردەست کردووە کە بە ئاشکرا دژە بەم ناوچەیە، لەناو میدیا و دەستەبژێری میدیاکار و نووسەر و تەنانەت هونەرمەندانیشییدا کەلتورێکیان باڵادەست کردووە کە سووکایەتیی بە هەموو پیرۆزییەکانی ئەم ناوچەیە ئەکرێت. بۆیە خەڵکیی خوازیارنین دەسەڵاتداری ئایندەی ئەم دەڤەرە، هەمان کۆپیی دەسەڵاتەکەی هەولێربن، کورد وتەنی لە دەستی گورگ ڕزگار بکرێن و بدرێنە دەست رێوی! لە ئێستادا ئەندامی مەڵبەندێك خۆی پێ گەورەترە لە قایمقام و دەزگای حکومیی، ئایا ئەم جۆرە لە دەسەڵات کۆپیی هەمان دەسەڵاتی هەولێر نابن؟! ئەم تایپە لە سیاسەت و ئیدارەدان ئەگۆڕێت، یان لە دۆزەخێکی فراوانترەوە ئەگوێزرێینەوە بۆ دۆزەخۆچکەیەکی تەسکی حیزبییتر؟!


د. هەردی مێد دوای ١٨ ساڵ له‌ دێواندنی بزوتنه‌وه‌كه‌ و لێدان و كوشتنی چه‌نده‌ها جه‌نگاوه‌ر و سه‌ركرده‌ی‌، ئه‌مریكا ڕێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی تاڵیبان كرد و ئیتر نایه‌وێت چیدیتر دژی هاتنه‌وه‌ی ئه‌و بێت بۆ سه‌ر شانۆی سیاسی وڵاته‌كه‌. گه‌ر ره‌زامه‌ندی ئه‌مریكا له‌ به‌شێكیدا په‌یوه‌ندی به‌ گه‌مه‌ی جیۆپۆله‌تیكه‌وه‌ هه‌بێت، واته‌ دروستكردنی له‌مپه‌ر و ته‌گوچه‌ڵه‌مه‌ بۆ روسیای پۆتین، ئه‌وا له‌ به‌شێكی زۆر و سه‌ره‌كیدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خودی بزوتنه‌وه‌ی تاڵیبان خۆی. ئه‌و توخمانه‌ی بونه‌ته‌ مایه‌ی مانه‌وه‌ و به‌هێزی و چوست و چالاكی بزووتنه‌وه‌كه‌ له‌وانه‌یه‌ زۆر بن. به‌رچاوترینیان خه‌سڵه‌تی سنوربڕی Cross-border بزوتنه‌وه‌كه‌یه‌ له‌ نێوان ئێران، ئه‌فغانستان و پاكستان دێت و ده‌ڕوا و هه‌میشه‌ خۆی ڕێكده‌خاته‌وه‌. به‌ڵام، فاكته‌ری هه‌ره‌ سه‌ره‌كی مانه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی تاڵیبان بنكه‌ جه‌ماوه‌ری و ئه‌و سه‌رمایه‌ ره‌مزیه‌یه‌ كه‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ له‌ ڕێگه‌ی جێبه‌جێكردنی یاسا و پاراستنی مافه‌وه‌ به‌ ده‌ستهێناوه‌. ده‌زانم به‌ لای زۆرینه‌ی خوێنه‌ری ئه‌م بابه‌ته‌وه‌ سه‌یره‌ باسی یاسا و ماف له‌ لای تاڵیبان بكرێت. به‌ڵام له‌ راستیدا بزوتنه‌وه‌ی تاڵیبان له‌ ڕێگه‌ی جێبه‌جێكردنی یاساو و په‌یڕه‌وكردنی دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی له‌ به‌رده‌م یاسادا توانیوێتی سه‌رنجی زۆرینه‌ی ئه‌فغانیه‌كان بۆ لای خۆی ڕابكێشێت. تاڵیبان له‌ دامێنی خواره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا و بۆ‌ زۆرینه‌ی گونده‌كان قازی تایبه‌تیان هه‌یه‌ كه‌ به‌ به‌رده‌وامی له‌ جوڵه‌ و گه‌ڕاندان و ئه‌ركی دادوه‌رێتی و ناوبژیوانیان هه‌یه‌. ئه‌فغانیه‌كان به‌ زۆری ڕوو له‌م قازیانه‌ ده‌كه‌ن. له‌ لایه‌ك به‌ هۆی تێنه‌چونی پاره‌ و نه‌بوونی روتین و سستی بیرۆكراسی. له‌ لایه‌كی دیش به‌ هۆی دادپه‌روه‌ری ئه‌م قازیانه‌ له‌ جێبه‌جێكردنی یاسا. قازیه‌كانی تاڵیبان له‌ دڵسۆزترین كه‌سه‌كانی بزوتنه‌وه‌كه‌ هه‌ڵبژێردراون كه‌ ئه‌گه‌ری كڕین و فه‌سادكردنیان لاوازه‌‌. خۆ گه‌ر له‌ رابردوو یه‌كێك له‌مان كڕابن و له‌ جێبه‌جێكردنی دادپه‌روه‌رانه‌ی یاسادا لای دابێت، ئه‌وا له‌ لایه‌ن بزووتنه‌وه‌كه‌ له‌ نێوبراوه‌. بۆیه‌ نه‌زیهی و دادپه‌روه‌ریان له‌ لای ئه‌فغانیه‌كان سه‌لمێنراوه‌ و متمانه‌یه‌كی زۆریان به‌م قازیانه‌ هه‌یه‌. یاسا و ماف له‌ لای تاڵیبان بریتیه‌ له‌و گۆڕه‌پانه‌ ره‌مزیه‌ی به‌ به‌رده‌وامی تێدا یستویه‌تی فه‌رمیه‌ت و شه‌رعیه‌تی خۆی وه‌ده‌ستبێنێت. تاڵیبان ده‌یانه‌وێت له‌ ڕێگه‌ی ماف و یاساوه‌ وێنه‌ی بزوتنه‌وه‌یه‌كی حوكمڕان و به‌ توانا بۆ حوكمڕانی دروست بكه‌ن، هاوتا دژی هه‌موو ئه‌و كڵێشانه‌ ببنه‌وه‌ كه‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ وه‌ك بزاوتێكی به‌ربه‌ر و وه‌حشی نیشانده‌ده‌ن. له‌م رووه‌وه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی زۆر هه‌ن ده‌ریده‌خه‌ن كه‌ چه‌ند ئه‌فغانیه‌كان متمانه‌یان به‌ دادوه‌ری تاڵیبانه‌كان هه‌یه‌ و پێیانوایه‌ دوور له‌ ده‌مارگیری و هه‌واداری یاسا جێبه‌جێ ده‌كه‌ن. به‌ كورتی یاسا له‌ لای تاڵیبان هه‌ر ئامرازی حكومڕانی نییه‌، به‌ڵكو به‌ده‌ستهێنانی ره‌زامه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی و شانسی مانه‌وه‌.


بەیار عومەر عەبدوڵا بەشێک لە سەرکردە باڵاکانی یەکێتی و گۆڕان بازرگانی بە کێشەی خەڵک و پرسی لامەرکەزیەتەوە دەکەن. هەر کات پارتی فەرامۆشیان دەکات، پەنا بۆ کارتی لامەرکەزیەت دەبەن، بۆ ئەوەی پارتی گوێیان لێبگرێت و گرنگیان پێبدات. دواتر دەستبەرداری لامەرکەزیەت و کێشەی خەلک دەبن. چەند کەسێکی باڵادەست لە یەکێتیدا هەن کە خەلکی ئەم دەڤەرە نین و ھیج بایەخێک بەخەڵک و خاکی ئەم سنورە نادەن، پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕینیان فەرامۆشکردوە لە پێناوی بەرژەوەندی تایبەت و بازرگانیدا لەگەڵ پارتی. هەندێکیان حەزدەکەن ئەم سنورە لە ئێستا هەژارتر و کاولتربێت. سەرەنجام پارەی ئەم سنورە دەبەن و لە هەولێر پرۆژەی گەورەی پێدروستدەکەن. هەر جارێک پرسی لامەرکەزیەت و فیدرالیەتی پارێزگاکان دەوروژێت و ئومێدێک لای هاوڵاتیان پەیدادەبێت، ئەمان ڕێگری لێدەکەن. ناڵێن بازرگانی و پارە و پۆستمان لە کیس دەچێت، بەڵکو دەڵێن ئێمە یەکپارچەیی خاکی کوردستان دەپارێزین. بەو هۆیەشەوە خەریکە چەمکی خاک و نەتەوە و نیشتیمان ناشرین و بێبەھا دەبێت لە ناو ھاوڵاتیاندا. سەبارەت بە بزوتنەوەی گۆڕانیش، بەشێک لە بەرپرسە باڵاکانی مەسەلەی لامەرکەزیەتیان جوڵاند بۆ ئەوەی فشار لە پارتی بکەن و چەند پۆستێکی تر وەربگرن لەحکومەتدا، چونکە جگە لە وەزیرەکان، پێشتر لەسەر چەند پۆستێکی جێگری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی ڕێککەوتبون بەڵام پارتی نەیدەدانێ ودەستیدەستی پێدەکردن. بەڵام ئێستا بەهۆی فشاری لامەرکەزیەتەوە، چەند پۆستێکی تریان وەرگرت و بێدەنگ بوون. بە کورتیەکەی لە پێناو چەند پۆستێکی بێبەھادا، کارتی لامەرکەزیەتیان سوتاند، کە تاکە کارتی بەھێزی ئەم سنورەیە بۆ ڕزگار بوون لە زوڵم و ستەمەکانی پارتی و بەھێزبونەوەی ئابوری پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین و گەڕانەوەی شکۆ بۆ خەڵک و خاکەکەی. بۆ بیرخستنەوە:  لە دواهەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا لە ساڵی ٢٠١٨ دا، یەکێتی نزیکەی ٣٢٠ هەزار دەنگی بەدەستهێناوە؛ لەمە نزیکەی ١٨٥ هەزاری لە پارێزگای سلێمانی بوو. واتە ٥٨% ی دەنگەکانی یەکێتی لە پارێزگای سلێمانی بوە و ٤٢% ی لە هەردوو پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک بوە.  گۆڕانیش نزیکەی ١٨٧ هەزار دەنگی بەدەستهێناوە؛ لەمە نزیکەی ١٤٣ هەزاری لە پارێزگای سلێمانی بوە. واتە ٧٧% ی دەنگەکانی گۆڕان لە پارێزگای سلێمانی بووە و تەنها ٢٣% ی لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک بووە.  کەواتە زۆرینەی هاوڵاتیانی ئەم سنورە متمانەیان بە یەکێتی و گۆڕان داوە خزمەتیان بکات. یەکێتی و گۆڕان ئەگەر هەر بەردەوام بن لەسەر ئەم خەمساردیە و ئەم سنورە بکەن بە قوربانی چەند پۆستێکی بێبەها لە هەولێر، ئایا شایەنی ئەوەن جارێکی تر خەڵک دەنگ و متمانەیان پێبداتەوە؟ یان بە چ ڕویەکەوە داوای دەنگ لە خەلکی ئەم سنورە دەکەنەوە؟! مەگەر تەزویر فریایان بکەوێت. کاتی ئەوە هاتووە ئەو کەسانەی دلسۆزی ئەم سنورەن لە ناو یەکێتی و گۆڕاندا، فشار لە سەرکردایەتیان بکەن، بۆ جێبەجێکردنی فیدرالیەتی پارێزگاکان کە بووە بە خواستی زۆرینەی هاوڵاتیانی ئەم سنورە، یان بیر لە بەدیلێکی تر بکەنەوە. گومانم نیە لە دڵسۆزی زۆربەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بەڵام سەرکردایەتی حزبەکانیان ڕیسەکەیان لێدەکەنەوە بە خوری. کە حزبیش کاری لە خەمی گشتیەوە بوو بە بەرژەوەندی تایبەت دەبێت بە دووکانی سیاسی. ئێستا کاتی ئەوە ھاتوە خەلکی ئەم سنورە خۆی ڕێکبخات و تەجاوزی ئەم حزبانە بکات و ڕاستەوخۆ کار بۆ فیدرالیەتی پارێزگای سلێمانی بکات. ئەوەی جێی خۆشحاڵیە دەستوری عێراق ڕێگەی داوە کە هاوڵاتیانی هەر پارێزگایەک بەبێ حیزبەکانیش داوای فیدرالیەت بکەن بۆ پارێزگاکەیان. واتە ئەگەر لە پێناوی پۆست و پارەدا حزبەکان نەهاتنە ژێر بار، یەک لەسەر دەی دەنگدەرانی پارێزگای سلێمانی دەتوانن ڕاستەوخۆ داوای فیدرالیەتی پارێزگاکان بکەن. واتە لە کۆی (١.٢ ملیۆن دەنگدەر)ی پارێزگای سلێمانی، (١٢٠ هەزار دەنگدەر) دەتوانن داوای بکەن و دواتر دەخرێتە ڕاپرسیەوە و دەبێت (٥٠+١) دەنگی بۆ بدات؛ واتە زیاد لە (٦٠٠ هەزار کەس) دەنگی بۆ بدەن. تێبینی:  بەپێی  دەستوری عێراق، کە لە ساڵی ٢٠٠٥ دا بە ئامادەبوون و ڕەزامەندی نوێنەرانی کورد (نەوشیروان مستەفا لە یەکێتی و مەسعود بارزانی لە پارتی) نوسراوە و دواتر لە ڕاپرسیەکی گشتیدا ٨٠% ی گەلی عێراق بە کوردیشەوە دەنگی بۆ داوە. بەپێی مادەکانی ١١٧ بۆ ١٢٠ ی دەستوری عێراق، کە تایبەتە بە پێکهێنانی هەرێمەکان، هەرێم دەکرێت لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا پێکبهێنرێت، کە پارێزگایەک یان زیاتر بێت. ئەمەش بە دوو ڕێگە دەکرێت. ڕێگەی یەکەم: یەک لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا داوای بکەن (پارێزگای سلێمانی ٣٢ ئەندامی هەیە، دەکرێت ١١ ئەندام داوای بکەن). ڕێگەی دووهەم: یەک لەسەر دەی دەنگدەرانی هەر پارێزگایەک داوای بکەن. واتە لە کۆی ١.٢ ملیۆن دەنگدەری پارێزگای سلێمانی، ١٢٠ هەزار کەس داوای بکەن.  ناکرێت هەتا سەر ئێمە باجی چاوچنۆکی چەند کەسێکی بەناو سەرکردە بدەین کە بەدوای بەرژەوەندی و پارە و پۆستەوە وێڵن، و کوردایەتی و یەکپارچەیی خاکی کوردستانیان کردووە بە پەردەیەک بۆ داپۆشینی عەیبوعاریان.  


ئارام سەعید ماوەیەکە لێدوان و گفتوگۆی زۆر لەسەر مەسەلەی لامەرکەزی دروست بوە کە دیارە جوڵینەری سەرەکی ئەمجارە و لەم تەوقیتەدا یەکێتیە کە بانگەشەی بۆ دەکات. دوور لە موزایەدەی سیاسی و کارتی گوشار سیستمی لامەرکەزی جیبەجێکردنی لە هەرێمی کوردستاندا ئەرکێکی زۆر قورس نیە وپیویستی بە گۆڕینی دەستور نیە چونکە هەرێم دەستوری نیە،ئەگەر ئیرادەیەکی سیاسی هەبێت کۆمەڵیک یاسایە کە کاتی خۆی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار یەکێتی و پارتی گۆڕییان لە پارلەماندا و دەسەلاتەکانی ئەنجومەن و پاریزگاریان دەستکاری کرد لەبەرژەوەندی سەپاندنی زیاتری مەرکەزیەت. ئەوەی لەسەردەمی پۆل بریمەردا بۆ هەموو عێراق دانرا (یاسای ئەنجومەنی پاریزگاکان)دەسەلاتی تەواوی دابوو بە ئەنجومەنی پاریزگاکان و دواتر شۆربۆوە بۆ ئەنجومەنی قەزاکانیش، بەلام سروشت و پێکهاتەی حزبی کوردی بە تایبەتی یەکێتی و پارتی ئەو لامەرکەزیەتەی پێ هەرس نابێت و ناچار بەچەند قۆناغێک سەرو گوێلاکی یاساکەیان شکاند، ئەمە جگە لەوەی چەندین ساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پاریزگاکانیان دواخست و فەرامۆشیان کرد. ئیستا ململانێەکی توند لەنێوان هەردوو حزبدا سەریهەڵداوە و هەریەکەیان بەشیوەیەک گوزارشتی لێدەکەن و لێدوان و پێشنیاری هەردولا بڵاودەکرێنەوە. لەکاتێکدا ئەم ململانێە هەیە قەیرانێکی ئابوری قورس بەرۆکی هاولاتییانی ئەم هەرێمەی گرتوە، هەر لە نەبونی موچە و قەیرانی ئابوری بەهۆی کەرەنتینەی ڤایرۆسی کورۆناوە تا دەگاتە شکستی هەردوو حزب لەبەرامبەر بەغدا و تەسلیم نەکردنی نەوتی هەرێم و هتد...... پرۆژەی هەرێمی سلێمانی پرۆژەیەکە تەواو جیاوازە لەو لامەرکەزیەتەی ئێستا ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی باسی دەکەن. لامەرکەزیەت کاتێک دەبێت کە مەرکەز هەبێت و دەسەلاتەکان لەنێوان مەرکەز و ناوجەکانی تربە یاسا رێکبخرێت، بۆیە کە دەوتریت لامەرکەزیەت لە هەرێمدا ئەوە پرۆژەیەکە بۆ هەرێم کە هەموو پاریزگاکان دەگرێتەوە واتە هەولێر و دهۆک و هەڵەبجەش جگەلەوەی دەکرێت قەزاکانیش ئەنجومەنی خۆیان هەبێت، نەک تەنها بۆ سلێمانی ، واتە لە مەرکەزەوە کە هەولێرە دەبێت بڕیار بدرێت کە سیستمی لامەرکەزی پیادە بکرێت و بە یاسا دەسەڵاتەکان رێکبخریت و ئەوەش دەبێت پارلەمان بیکات کە زۆرینەی پارلەمان پارتیە و نایکات. ئەم پرۆژەیە کەناوی هەرێمی سلێمانیە ئەوەیە کە سلێمانی ببێت بە هەرێمێکی سەربەخۆ و مەرکەز بەغدا بێت نەک هەولێر، واتە سلێمانی ببیێتە هەرێمێکی سەربەخۆ لە عێراقدا کەئەویش دەستوری عێراق رێگەی پێداوەو رێکاری یاسایی بۆ دەستنیشانکردوە. ئەوانەی نیگەرانن لەم پرۆژەیە پاساویان ئەوەیە ئەزمونەکە لەبار دەبات و هەریم نامێنیت، واتە ئەو کوردستانە بەهێزەی بونیاد نراوە نامێنیت! جگە لەوەی مێژویەکی دورودریژی کوردایەتی و خەبات باس دەکەن کە لەو پێناوەدا خوێنیان بەخشیوە بۆیە نابێت ئەزمونەکە لەناو ببرێت. هەندێکی تر بۆچونیان وایە کەئەگەرهەڵبژاردنی پاک و بێگەرد نەبێت ئەوا ئەگەر هەرێمی سلیمانیش دروست بێت هەر ئەوانە حوکم دەکەن کە ئێستا دەیکەن و دادگا بێلایەن نابێت و هێزی چەکدار لەژێر چەتری حزب دەمێننەوەوعەینەن تاس و حەمامە! خودی ئەم پرۆژەیە لە بێ ئومێدیەکەوە سەریهەڵداوە لەئەنجامی پەراوێزخستنی سلێمانی و هەڵەبجە وئیدارەی گەرمیان و راپەڕین و لەماوەی چەند ساڵی رابرودا دەسەڵاتداران پرۆژەو کارەکانی سلێمانی دوادەخەن و هاوڵاتیانیش لەم نێوەندەدا لەنێوان هەولێر و سلێمانیدا ژمارەکان لێیان وون دەبن و هەریەکەی ئەوی تر تاوانبار دەکات. بەنمونە پارتی دەڵێت یەکێتی رێگرە لە کارەکانی سلێمانی و یەکێتی دەڵیت کە پارتی کۆسپ دەخاتە بەردەم کاروباری سلێمانی و دەسەڵات ناداتە حکومەتە خۆجێیەکان تا کارەکانیان ئەنجام بدەن. ئەوانەی بڕوایان بە هەرێمکردنی سلێمانی هەیە دەڵین: 1. ئەگەر هەڵبژاردنی پاک و بێگەرد بکرێت و پارێزگای هەڵەبجەشی لەگەڵ بێت ئەوا دەسەلاتێکی دەبێت تەواو جیاواز لەوەی ئێستا، کە ئەگەر بەرێژەی بەشداری و دەنگەکانی هەڵبژاردنی ئەلیکترۆنی رابردودا بەراوردی بکەین ئەوا نوێنەرەکان و دەسەڵاتی سلێمانی تەواو دەگۆڕێت، چونکە ئێستا زۆر لە وەرەقەکان تێکەڵ دەکرێن و ژمارەی راستەقینەی دەنگدەرانی حزبەکان بەناوی هەرێمی کوردستانەوە لەنێوان پارێزگاکان تێکەڵ دەکرێ و قەبارەی راستەقینەی هەر هێز و حزبێک وون دەبێت لەنێوان پارێزگاکاندا، بەڵام هەرێمەکە بەس سلێمانی بێت ئەوکات هەموو ئەنجامەکان رونتر دەبن. 2. لەکاتێکدا پارتی بە دەنگدان لە هەرێمی سلێمانی دەنگی زۆرینەی نیە بەڵام دەتوانێت بریار لەسەر بودجەو خەرجی و پلانی سلێمانی بدات و پرۆژەکانی رابگرێت و خەرجی سنوردار بکات، کەئەمەش بێ ئومێدیەکی ترە کە هێزێک لەسەدا دەی دەنگەکانی پارێزگایەکی هەبێت و بڕیار لەسەر هەموو جومگە سەرەکیەکانی بدات. 3. خاڵێکی تر ئەوەیە دەمێک ساڵە لە سلێمانی خۆپیشاندان دەکرێت و دەنگی ناڕازی بەرزدەکرێتەوەو بێ ئەنجام کۆتایی دێت، کە هۆکاری سەرەکی ئەوەیە کە سلێمانی تەنهایە و پارێزگاکانی تر کە ئەم جوڵەو نارەزاییەی نیە و لەئاکامدا داواکاریەکان ون دەبن بەوەی دەسەڵاتی خۆجێی دەڵێت کە دەسەڵات لای ئەوان نیە بەڵکو لە مەرکەزە کە هەولێرە. 4. بۆ لایەنی ئابوریش ئەم سنورە دەبوژێتەوە، پرۆژەی ئابوری سەربەخۆی پارتی و ریکەوتنە نەوتیەکانی لەگەڵ تورکیا رادەگیرێت و پێداجونەوە دەکرێت بە شیوازی مامەڵەکردن لەگەڵ سامانی سروشتی لەگەڵ بەغدا و داهاتی ناوخۆ ونەوت دیار دەبێت. 5. بۆ پیکهێنانی هەرێمی لامەرکەزی سلێمانی کە قەزاکان و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین دەسەڵاتی خۆجێی خۆیان دەبێت و خاوەنی ئەنجومەنی هەلبژیردراو دەبن ،جگە لە پارێزگای هەڵەبجەش کە ئەنجومەنی پاریزگای دەبێت پیویستە پەیکەری حزبەکانیش پیداچونەوەی تیدا بکریت کە پەیکەریکی مەرکەزی توندە، کە ئەمەش دەبێتە خالێکی ئەرێنی کە حوکمڕانیی هەرێمی سلێمانی پتەو دەکات. 6. هەرێمی سلێمانی ئەگەری شەری ناوخۆ دوور دەخاتەوەو ئەوکات لەجیاتی ململانێی سەربازی نێوان زۆنی زەرد و سەوز پەیوەندی ئابوری و کەلتوریی و سیاسی جێگەی دەگرێتەوە.


محەمەد عەلی  كۆرۆنا، ئەو پەتایەی بە ھاتنی، نەخشەی سیاسیی جیھانی تەواو گۆڕیوە و پاشەكشەی تەواوی بە ڕكابەرەكانی ئەمەریكا كردووە لەسەر ئاستی جیھان و بە تایبەتی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە دەكرێ بڵێین، ئەوەی ئێستا خەریكە لە ناوچەكەدا دەگوزەرێ، دەكرێ وەكو كۆتا ھەنگاو بۆ داڕشتنەوەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە نێوان زلھێزەكاندا ئاماژەی پێ بكرێت، ئەو جموجۆڵە سیاسییەش كە ئێستا لە ھەرێمی كوردستان بوونی ھەیە، كاردانەوەی ئەم گۆڕانكاریانەیە. ئەورووپا، بە تایبەتی سێ وڵاتە كاریگەرەكە (بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا)، بە شێوەكی زۆر فراوان پەتاكەی لێ بڵاو بۆتەوە، بۆیە ئەگەر بە سەرنجێكی سادەش بێ، ئەوا ئەم پەتایە ئەورووپای تەواو شپرزە و ھیلاك كردووە، لە كاتێكدا راستە ئەورووپا و بەریتانیاش ھاوپەیمانی ئەمەریكان، بەڵام ھەمیشە لە ھەموو كاتێك و گۆڕانكارییەكدا قسەی خۆیان ھەبووە، بەڵكو لە زۆر شوێنیش كێشەیان بۆ ئەمەریكا دروست كردووە، بۆ نموونە لە پرسی ئەتۆمیی ئێران، ئیدی ئەورووپای پێش كۆرۆنا و دوای كۆرۆنا، زۆر جیاواز و لاوازتر دەبێ لە جاران و بە ئاسانتر دەچنە ژێر باری ھەژموونی ئەمەریكا لە ناوچەكەدا. وڵاتانی ھەرێمی (توركیا و ئێران)، سەرباری بوونی كێشەی ئابووری، لە ئێستاشدا كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوتیشی ھاتۆتە سەر، بە نسبەت ئێران قەیرانەكەی زۆر قوڵتر كردۆتەوە، بە شێوەك ھیچ بوارێكی بۆ ئەو وڵاتە نەھێشتۆتەوە بۆ دەستێوەردانی دەرەكی، توركیاش خۆی قەیرانی ھەبوو، ئێستاش داھاتی گەشتیاریشی لە دەست داوە، ئیدی توانای ئیدارەدانی ھێزەكانی دەرەوەی سنووری نەماوە، بڕینی بودجەی میلیشیاكانی لە سووریا، دووپاتی ئەم ڕاستییە دەكاتەوە، ئەمە لە كاتێكدایە وڵاتانی عەرەبی دوای كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت، ئابوورییان تەواو لاواز بووە و كاریگەریی تەواوی ھەبووە لەسەر پێگەیان، بۆیە ئەمەریكا ھاوپەیمانەكانی زۆر لە جاران دەستكراوەترن بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەكەیان لە ناوچەكە.  یەمەن وەك سەرەتا، ھەرچەندە پێكدادان و كێبڕكێی سعوودیە و ئێران لە یەمەن لە ترۆپكدا بوو، بەڵام لە ئێستادا ڕۆڵیان زۆر كەمتر بۆتەوە، بە تایبەتی دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست بە تەواوی لە شانۆی جەنگ دوور كەوتوونەتەوە، كۆتا ھەنگاویش بریتی بوو لە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ناوچەكانی باشوور، كە كاردانەوەیەكی ئەوتۆ نەبوو لەلایەن وڵاتانی خاوەن بەرژەوەندی لە یەمەن، كە جێگەی باس بێ، بۆیە دەكرێ بڵێین ئەم ھەنگاوە بە ھەماھەنگی و لێكتێگەیشتنی گشت ھێزە كاریگەرەكانی ناوچەكە نرابێ، یان بە مانەیەكی تر، ئیدی توانای بەرەنگاری پرۆژەكەیان نەماوە، ئەو كێبڕكێی نرخەی لە نەوت ئێستا سعوودیە لە دژی ئەمەریكا دەیكات، كاردانەوەی ئەم ھەنگاوانەی ئەمەریكایە. لە سووریاش بەریەككەوتنی بەرژەوەندیی دەوڵەتانی كاریگەر خەریك بوو شەڕی لێ بكەوێتەوە، بەڵام لە ئێستادا دۆخەكە تەواو جیاوازە و بێدەنگی باڵی بەسەر كۆی كارەكتەرە كاریگەرەكاندا كێشاوە، كەوابێ ھەمووان ڕازین بەو بەشەی كە بەریانكەوتووە، كوردانی ڕۆژئاوا بوونەتە دیفاكتۆ و توركیاش توانای جوڵەی زیاتری نەماوە و تەسفیەی سەركردەكانی قەندیل كە ڕێگرن لە ھەر ڕێككەوتنێك لەگەڵ توركیا، بە ھەمان ئاڕاستەن، بەشار ئەسەدیش پێگەی ئەوەندە بێھێزە ناتوانێت ڕێگری بكات لە ھیچ گۆڕانكارییەك لە دیمۆگرافیای سووریا، بۆیە ئەو بێدەنگییە و ھەوڵەكان بۆ نووسینەوەی دەستووری نوێ، سەرەتای ھەنگاوەكانی دابەشكردنی سووریایە، كە كوردانی ڕۆژئاوا بەشێكی سەرەكی دەبن و ھەوڵەكانی یەكستنی ناوماڵی كوردیش لەو بەشە، دەكرێ وەك ئامادەكارییەك بۆ قۆناغی داھاتوو ھەژمار بكرێت. سەبارەت بە عێراقیش، ناكرێ باس لە گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە بكرێ بەبێ تیشك خستنەسەر ئەو گۆڕانكارییە خێرایانەی لە عێراقدا دەگوزەرێن، پەرتەوازەبوونی ماڵی شیعە، گرژی و ئاڵۆزییەكانی نێوان میلیشیاكانی حەشد و ھێزەكانی ئەمەریكا، گواستنەوەی ھێزەكانی ئەمەریكا بۆ كوردستان و ناوچە سونییەكان، ئامادەكاریی ھەندێ لایەن بۆ ڕاگەیاندنی ھەرێمی سوننە، داڕمانی ئابووریی عێراق دوای كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و ھاتنەوەی داعش بە شێوەیەكی بەھێز بۆ عێراق، ھاوكات دەستبەكاربوونی سەرۆكوەزیران (مستەفا كازمی) و ھەنگاوە سەرەتاییەكانی بە ھەڵگرتنی وێنەكانی (قاسم سلێمانی و ئەبومەھدی موھەندس) لە شەقامەكانی بەغدا و گەڕانەوەی ھاوپەیمانان بۆ ناوچەكە، دەكرێ بە كۆتا ھەنگاوەكان بۆ دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسیی ناوچەكە ھەژمار بكرێت.  


سەید ئەكرەم  کورتە رونکرنە ل سەرڤێ مژارێ: ۱. مەرکەزیەت، یانی ناوەندیەت حاکمداریا دەولەتێ وەکی، حاکمداریا(٢٨) بیست و هەشت سالێن حکومەتا هەرێمێ، عێراقا سەدامی، سوریا ئەسەدی، جەزائیرا عبدالعزیز بوتەفلیقەی، یەمەنا عبداللە سالحی، لیبیا قەزافی، ئیرانا شاهنشاهی و پاشی ئیرانا مەلالیان..تورکیا کەمالی..ئاقپارتیا ئەردوگانی و بدەهان حاکمداریێن دکتاتوری و قورخکاری و ناڤەندیا حاکمداری...!! ۲. لامەرکەزیەت، یانی حاکمداریا هەرێمی، وەکی دهێتن دیتن ل سویسرا، ئێکەتیا ئەمریکی، ئیماراتێن خەلیجی، پرانیەکا ئەوروپی و پێشکەڤتن خازیێن جیهانی .. کو نمونەێەکا بچیکا وێ دهێتن پیادەکرن ل کوردستانا ڕوژئافا، کودبێنێ حاکمداریا کانتونان..یانی دەستهەلاتا ئیداری و داریی هەرێییە و مەرکەز بتنێ رولێ سەروکاتیا سەرپەشتیا بەرژەوەند و پێکڤەیا ئیستراتیژی دکەتن، وەکی رێکخستنا پەیوەندیێن هەرێما، دبلوماسیەت و پەیوەندیێن دەرڤە، کێشەیێن لەشکری و رویدان و بویرێن گشتی و سروشتی...!! چاوانیا حاکمداریێ: ۱. حاکمداریا مەرکەزی، ل ئێک پایتەخت(وەکی هەولێر) ئیدارەدانا حاکمداریێ دهێتن کرن..ئێک سەروک، ئێک مەجلس وزەرا، ئێک پەرلەمان، ئێک جڤاتا دادوەری..ئێک بریارا لەشکەری و ئەمنی، ئێک سەرچاوەیێ ئابورێ، دارایی، ئیداری، دبلوماسی...کورت و کرمانج یانی پیادەکرنەکا دکتاتوری، دزین و گەندەلی و تالان کرنا سەرومالێ گشتی، سەروکێ ئەبەدی، حکومەتا ئێک رەنگی، پەرلەمانێ کارتونی، دادگەها بێ دادیێ، بانک و خەزینە قەرەسەنەت و تالانکاری..دام و دەگەهێن ئەمنی و ئیداری قاجاغ، سەختەکار، جاسوس، بێ وژدان...کورت و کورمانج .. سەدسالێن حاکمداریێ یانی = ببهارا عەرەبی..کوشتن، تیرور، دزی و تالانبەری.... یانی عێراقا نوکە، سوریا، لیبیا، یەمەن.....!! ۲. حاکمداریا لامەرکەزی،(فرەناوەندیەت) حاکمداریا هەرێما و دابەش کرنا سەلاحیەت و خزمەت گوزاریان، رولێ مەرکەزی بتنێ دبیتن رولێ سەرپەرشتی و بەرپرسیاریا کێشەیێن گشتی و دەرڤەیی و سەرواریا وەلاتی..(ئەڤە وێ ناگەهینێتن وەڵات بهێتن دابەش بوون، بەلکی بتنێ دەستهەلات و سەروسامان ل گورەی یاسایەکێ پارڤە دبن و دهێنە دابەش کرن)..کەواتە مروڤ ل ڤان وەلاتان خودان ئەرکە و خودان ماف وئازادیە، دەستهەلات یا گەڵیە و بو گەلیە، دادگەهێن وان دپاک و دادڕوەرن..حاکمداری زەلال و راستە رێ یە..ژیان پێشکەڤتیە و دەولەتداری ل گورەی یاسایەکا سڤیلە..گەل پاراستی و خودان ماف و رولە، وەڵاتی سەروری هەیە و حاکمداری یا مللەتیە...!! ناوەندیەتا حوکمداریا هەرێما کوردستانێ ل نوکە و روژێن بوری: سیهسال دەڕبازبون حاکمداری غریبەیە، سەروک نەگور و زالمن، حکومەت دکتاتور و ئێک دەست ودارە، پەرلەمان بوکە شوشەیە و دادگەری گاڵتە جاریە، بانک و خەزینە قەرسەنەت و دزین و تالان کاریە..حوکمداری ملکداریا کەساتی و بنەمال، و عەشیرگێریە..حاکمێن مە کولە و سەپانێن حاکمێن هەرێمینە..بو ئاغایێ تورکێن ئەردۆگانی، فارسێن مەلالی، عەربێن موغلاجی..هەرتشت حەلال و عەمفەرینە.. گەل مەغدور و مەحرومە، بو مالباتێن شەهید و قوربانی و جەنگاوەرێن مێرچاک .. هەرتست یاساخ و کولەوارینە...یێن بو وەلاتی دمرن و دبن رەحمەتی..بێ ناڤ و بێ دەنگ...سەردەستێن پیس و زولم کەر ژی..دبن شاه، دبن خور خەرە...گەل و مللەتێ خوە دکەن توری و مەسخەرە...وەکی نوکە ئەم دبینین بێ موچە..برسی کرن..بێ کەساتی کرن..هەژاری و دەربەدەری کرن...نوکەژی ل گورەی دەستهەلاتا مەیا جاش قوروجی..حکومەتا هەرێمێ... وەکی ژنا بسێ مێرایە...ئێک ئەردۆگان...ئێک مەلالی...ئێک شویکرنا بسەرهەوی ل بەغدایێ...(دێ وەرە حاکمێ کورد دێ چاوان تەوافقا ناڤبەینا سێ مێرێن خۆ کەی...مەهزەلە ئەڤەیە )، هوین دبینن..جارا سیانە ل سەر چوکان دچن بەغدایێ..دفنا خو شورکریە ئەردی..قونا خو بلوت کری، دبێژن ئەم درازینە...هەمی بوهەوە..بەس موچە و بودجەی بدەنە مە...بزانە گەلا ڤێ دەستهەلاتا دزومافیاوی.. چەند خو سوک و رەزیل کریە...گەل و وڵات ژی کریە کاڵایەک بو فروستنێ...گازی دکەن.. حەراج کرنێ دکەن.. گازی گەل و وەڵات بەلاش..بەس سەرێ وان ساخ بیتن هەرتشتەکێ ڤی گەلی و ڤی مللەتی دێ کەنە قوربانێ کورسیکا خویا گەندەڵ و قوربانێ سەرێ خویێ گەمژە و فەلیتە...ئەرێ کا ئەوا دگوتنێ شورەش..کانێ قوربانی و هنداکرنا کولاتیا سالێن بوری...!! حاکمداریا لامەرکەزیەتا دیموکراسی ژی دێ بڤی رەنگی بیتن: دەستهەلات دێ شوربیتن بو هەرێما، حاکمداری دێ دیموکراسی بیتن ل گورەی حوکمێ یاسایێ..ئەو یاسیا گەلی بوخودانایی و دیسان گەل حاکمداریێ پێ لخودکەتن..گەل دێ بیتن رەقیبێ حوکمی و حوکم دێ بو خزمەتا گەل و پارێربەندیا سەروەریێن گەل و وڵاتی بیتن...هەر هەرێمەکێ(دهوک، هەولێر، سلێمانی، هەلەبچە..) دێ حکومەتا خویا هەرێمی هەبیتن(دام دەزگەهێن ئیداری، مالی، یاسایی، ئەمنی و لەشکەی و مەدەنی هەبن...)، رولێ مەرکەزی بتنێ دێ بیتن سەرپەرشتیا هەرێمان کوما سەرواریێن گەل و وڵاتی...ژیان دێ پێش کەڤیتن، گەل دێ بیتن خودان ماف و رول ...دەولەت دێ ئاڤا بیتن و بیتن ملکێ گشتی....!! بتێ مایە پسیارەکێ ئەم بکەین و گەل بەرسڤێ بدەتن...ئەوژی ئەوە، بێژین گەلێ مە...تە لامرکەزی یان یان مەرکەزیەت دڤێتن...دێ بەرسڤێ ..دیسان بو گەلێ خوەیێ هێژا بجێ هێلین.....!!  


پەیكار عوسمان (٢) - من ناڵێم لە ستەم و فەسادو خراپەکارییدا، حیزبەکان یەکسانن و ئەوانیتریش بەقەت پارتی و یەکێتیان کردوە. بەڵکو ئەڵێم ئەوان هەموویان هاوبەشن لە "عەقڵیەتی ئەوی شەیتاندا"، کە هەرگیز منێکی باشی لەسەر دانامەزرێ! من ناڵێم (قەڵەمفرۆشێك و قەڵەمتووڕەیەك) لە ویژداندا یەکسانن. ویژدانی ئەم دووانە ئەسڵەن بەراورد ناکرێ. من تەنیا ئەڵێم ئەم دووانە هەردوکیان شەریکی "دۆخی ڕقن"، کە پێش هەر شتێ لە ویژدان ئەدا، ئینجا لە سیحری قەلەم و وشە! - زمانی ڕەخنە نە چەکوشەو نە گوڵ، زمانی ڕەخنە زمانی ڕەخنەیەو تەواو. زمانی ڕەخنەش هەر ئەوەیە کە بڕێك تۆلێرانسی تێدایە. ئاخر ئەگەر لەپاڵ ڕەگەزەکانی تردا، تۆلێرانس یەکێ لە پێکهاتەکانی ڕەخنە نەبێت، ئیتر ڕەخنە جێناگرێ و نابێتە کەرەستەی چاککردن. ئەبێتە کەرەستەی شەڕو شەڕیش ئەبێتە دۆخی خراپتربوون. - زمانی گوڵ زمانی موجامەلەو مانەوەی دۆخەکەیە وەکو خۆی. زمانی چەکوشیش هەر زمانی مانەوەو قوڵکردنەوەی ئەوەیە کە هەیە. ئاخر دنیاکە خۆی دابەشبووەو تۆ بەردەوام دوو بەرەت هەیە، کە قسە بە یەکتر ئەڵێن. لەم چەکوشکارییەشدا هەرچی بڵێ ی جێناگرێ. چونکە لەوێدا زمانی شەڕ ئیشئەکا. ئەوەشی لە شەڕدایە، ڕاستیی بۆ گرنگ نیەو بردنەوەی بۆ گرنگە. پێشوەخت بڕیاری خۆی داوەو تا چەکوشیشی لێدەیت، ئەو سورتر ئەبێ لەسەر بڕیاری خۆی ئەگەرچی هەڵەشبێت. یەعنی لێرەدا تۆ ئەگەر ڕاستیش بیت، هیچ خزمەتێکی ڕاستی ناکەیت، چونکە ئەو ئەکەیت بە بەرگریکارێکی سەرسەخت لە ناڕاستی! - لە ڕقەبەرایەتیدا، ڕاستی و ناڕاستیی یەکسان ئەبنەوە. لەو یەکسانبوونەوەیەشدا ئەوەی کە ئەدۆڕێ هەر ڕاستییە. دەی خۆ ناڕاستی نایەوێ ببێ بە شتێکی جیاو بەرزتر لە ڕاستی. تەنیا ئەیەوێ یەکسانببێتەوە بە ڕاستی. لە ڕقەبەرایەتیشدا ڕێك ئەوە ڕووئەدا! - ئێمە کێشەی ڕاستگۆمان نیەو زۆر کەس ڕاستگۆن و ڕاستییەکان ئەڵێن. ئەسڵەن ڕاستییەکان ڕوونن و هەموومان ئەیبینین و ئەیڵێین. بەڵام کێشەکە ئەوەیە، ئێمە ڕاستی ئەبەینە دۆخی ڕقەوەو شەڕو ڕقەبەرایەتی پێئەیکەن، ئا لەوێشدا ئیتر ئێمە بە ڕاستگۆو درۆزنەوە هەموومان هەر خەریکی لێدانی ڕاستیین! - (کە زلەیەکیان دا لەملات، ئەولاشیان بدەرێ) عیسا لەم قسەیە مەبەستی لێبوردەیی نەبوو. ئەو تەنیا ویستی بڵێ، لە شەڕو ڕق و کاردانەوەدا، ڕاستی ونئەبێ و ڕاستیش خۆی ئامانجە باڵاکەیەو بەهەر نرخێکبێ، نابێ بیەڵین لێمان ونببێ! بەڵام ئێمە یەین ڕاستیی ئەخەینە ڕقەبەرایەتییەوەو وائەزانین شەڕ بۆ ڕاستی ئەکەین. لەکاتێکا ڕاستی هەر ئەوەی لێمان ئەوێ کە نەیخەینە ئەوێوە! ئێمە هەمیشە "مەزڵومیەت" ئەکەینە پاساوی ڕق و کەرەستەی ڕقەبەرایەتی. لەکاتێکا خودی مەزڵومیەت لە ڕقدا ئەبێتەوە بە ستەمکاریی! - ڕاستیی لە ئازادیدایەو ئازادیش پێش هەرشتێ، ئازادبوونە لە ڕق. عیساش کە وتی لاکەی تری بەرێ، مەبەستی ئەوەنەبوو کە تەسلیمی ستەمی ئەوبیت، مەبەستی ئەوەبوو کە تەسلیمی ڕقی خۆت نەبێت. ئاخر تۆ لە ڕقی خۆتەوە ئازادی لەدەست ئەدەیت، نەك لە ستەمیی ئەوەوە. تۆ لەکاردانەوەکەی خۆتەوە ئەبیتە دیل، نەك لە کارەکەی ئەوەوە. - کاردانەوە ڕێك ئەو ساتەیە کە عەقڵی تیا نیە، عیساش مەبەستی ئەوەنەبوو کە هیچ نەکەیت. مەبەستی ئەوەبوو سەرەتا بوارێکی عەقڵ بدە بۆئەوەی دواتر کردەکەت ئازادانەبێ و بۆ ڕاستی بێت، نەكئەوەی بۆ ڕق و کاردانەوەبێ و ڕاستی تیا ونکەیت. - زمانی ڕەخنە زمانێکە لە سەرو زمانی شەڕەوە، پێش هەرشتێ ئەو پەیامە ئەدا بە بەرامبەر، کە تۆ شەڕی لەگەڵ ناکەیت، ئیتر یارمەتی ئەویش ئەدەیت کە عەقڵی شەڕ فڕێداو لە شوێنێکی ترەوە بێتە ناوەوەو گوێت لێبگرێ. ڕاستییش لەو گوێگرتن و گفتوگۆیەدا ڕوونئەبێتەوە نەك لە چەکوشکاری و شەڕدا. شتەکانیش لە ڕاستییەوە چاكئەکرێنەوە نەك لە ڕقبازی و سەرکەوتنی ئەمو بەزاندنی ئەودا. - جا ئەم زمانەی کە باسی ئەکەم، ڕێك ئەو زمانەیە کە تاك و گروپە ناکۆکەکانی ئێمە نیمانە، بۆیە گۆڕی ڕاستیی هەمیشە ونەو گوێگرتن و لێکتێگەیشتن هەرگیز ڕووناداو جیاوازییەکانیش هەر ئەبنەوە بە هیچ و بە ڕق و بە لێکچوون. - ڕاستی خۆی ئامانجەو باری ئێمەش بۆیە خوارە، چونکە ئەیکەین بە وەسیلە. لایەك ڕاستی ئەشارێتەوەو ئەیکاتە قوربانی دەستخستنی بەرژەوەندی. لایەك ڕاستی ئەڵێ بەڵام ئەیکاتە چەکی ڕقەبەرایەتی و شەیتاندنی ئەو. هەردوکیشیان ئەیکەنە قوربانی شەڕی زاڵێتی و بردنەوەو دۆڕان. دەی چاکبوون لەناو ڕاستیدایەو ئێمەش بە هەموومان لە ڕاستی ئەدەین بۆیە هەر خراپی ئەکەین. دەی سیاسەتی ئێمە ڕێك شوێنی ڕقەو ڕقیش ڕێك شوێنی لێدانی ڕاستییە، بۆیە سیاسەتی ئێمە زبڵخانەیە.


رێبوار عەبدولڕەحمان  چەند رۆژی رابردوو قسەو باسێکی زۆر دەربارەی کورسیی کەمینەکان لەپەرلەمانی کوردستاندا کرا، لەهەندێک وێستگەدا قسەکردنەکە گەیشتە ئەو ئاستەی کە باس لەبەکارهێنانی ئەو کورسییانە کرا لەبەرژەوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان. ناکرێت نکۆڵی لەمافی کەمە نەتەوەکان بکرێت لەکوردستاندا، پێویستە لەهەموو دام و دەزگایەکی رەسمی و دەوڵەتیی مافیان پارێزراوو رێزلێگیراو بێت، نابێت پاش هەڵوێستێک، یان هاوپەیمانێتی لیستێک یان نوێنەرێکی کەمینەکان لەگەڵ حزبێکی دیاریکراو، ئەو راستییە لەبیر بکرێت. ئەوەی ئێستا پێویستە لایەنە سیاسیەکانی تر، بەتایبەتی ئەوانەی لەحکومەت بەشدارن کار لەسەر ئەوە بکەن کە نوێنەری کەمینەکان لەناو پەرلەماندا بەراستیی نوێنەرایەتیی خەڵکی خۆیان بکەن و نەبنە بەشێک لە ناکۆکی و ململانێ سیاسیەکان، ئەوەی گرنگە بەداتا و ژمارە یەکلابکرێتەوە ژمارەی راستەقینەو مەشروعی کورسیی کەمینەکانە لەکوردستانداو بۆ ئەمەش دەکرێت حزبەکانی تری ناو حکومەت هەنگاوی عەمەلی و جددی بنێن، بەتایبەتیش یەکێتی. چارەسەری ئەو کێشەیە رەنگە کارێکی سەخت نەبێت لەئێستادا، بەتایبەتی کە زیاتر لە ٢ ساڵ ماوە بۆ هەڵبژاردنێکی تری پەرلەمانی کوردستان. ئەگەر یەکێتیی بەراستیی سوود لە تەزویر نابینێت لەهەڵبژاردنەکاندا، ئەوا ئێستا وەزارەتی پلاندانان بەدەست ئەوانەوەیەو دەتوانن فشار بکەن و جیاواز لەعێراق لەماوەی ئەم دوو ساڵەدا لەهەرێمی کوردستان ئامارێکی گشتیی بکرێت و بەوەش سەرلەنوێ کورسییەکانی پەرلەمان دەستکاری بکەن و لەنێویشیاندا کورسیی کەمینەکان، ئەگەر زیاد بوو، لێی کەم بکەنەوەو ئەگەر کەمیش بوو بۆیان زیاد بکەن. ئەنجامدانی ئامارێکی گشتیی دانیشتوان لەکوردستان زۆر سوود بە پرۆسەی هەڵبژاردن دەگەیەنێت، جگە لەوەی ئەم بابەتە جێ مشتومڕەی ئێستا یەکلادەکاتەوە، ئەوا دەتوانرێت تۆمارەکانی دەنگدانیشی پێ پاک بکرێتەوە. جگە لەهەموو ئەمانە، گلەیی کردن لە کەمینەکان لەم کاتەدا لەجێی خۆیدا نییە، چونکە کەمینەکان بەدوای ئەو لایەنەدا دەگەڕێن کە بەشداری دەسەڵاتیان پێ بکات و لەپاڵیدا لەدڵنیاییدا بژین، ئێستا پارتی ئەو کەشوهەوایەی بۆ رەخساندوون تەنانەت ئەگەر بەروخساریش بێت. دەبێ لایەنەکانی تر راستگۆ بن لەگەڵ خۆیان، ئایا ئەگەر پۆستی سکرتێری پەرلەمان بەر یەکێتی بکەوتایە، ئامادەبوو بەسەر کادیرێکی خۆیدا مەسیحیەک یان تورکمانێک بکاتە سکرتێری پەرلەمان؟ یان ئەگەر هەمان پۆست بەر بزووتنەوەی گۆڕان بکەوتایە، ئامادەبوو کەسێک لەکەمینەکان بێنێت و بیخاتە ئەو پۆستەوە؟ بەڵام پارتی لەبەرژەوەندی خۆی، بەسەر ئەو هەموو کادیرەی خۆیدا تورکمانێکی لەکەمینەکان کردووەتە سکرتێری پەرلەمان، کەواتە بەم هەنگاوە روکەشەش سۆزی تەواوی کورسی کەمینەی تورکمانی بەلای خۆیدا رادەکێشێت، لەپشکی خۆی وەزیرێکی مەسیحی داناوە (گەرچی دەوترێت بەرپرسی ناوچەی پارتی بووە)، بەڵام بەم هەنگاوە سۆزی هەموو کورسی کەمینەی مەسیحی راکێشاوە.. ئێستا کاتیەتی ئێوەش ئەم سیاسەتە بەکاربێنن.


عەبدولڕەزاق شەریف دو هەفتە پێش ئێستا كە سەركردایەتی پارتی بڕیاریدا لەگەڵ یەكێتی كۆببێتەوە، بەدوایدا نوسیم كە پارتی لەگەڵ مەكتەبی سیاسی نوێ كۆ نابێتەوە،  ئەمڕۆش كە هەواڵ بڵاوبو نێچیرڤان بارزانی سەردانی سلێمانی دەكات و لەگەڵ بەرهەم ساڵح كۆدەبێتەوە، نوسیم كە رونادا  خۆ ئەگەر ڕوبدات، خوا ڕەحمكات، گۆڕانكاری گەورە بە سەلبی ڕووئەدات. بۆ ئەوەی شیكردنەوەی سیاسی و لێكدانەوەی هەواڵ لە تەفسیری فاڵگرتنەوە دور بخەمەوە، پێویست بو ئەم نوسینەی بەدوادا بنوسم. بالەوە گەڕێین كە مەسعود بارزانی لەدوای دزەپێكرنی قسەی كۆبونەوەی دو قۆڵی نێوانیان چۆن‌و بۆچی لە دكتۆر بەرهەم عاجز بو, متمانەی كۆبونەوەی پێی نەماو چیتر كۆبونەوەی هاوشێوەی لەگەڵدا ناكا ، با لە كێشەی ناوخۆی خانەوادەی بارزانیش دور بكەوینەوە. ئەگەرقەڵەم بخەینە سەر هەقیقەت دەڵێین:  كێشەی نەوت و غاز لە نێوان بەرداشی ئەنقەرەو بەغا دایە, لە لایەكیتر تاڵانی حیزب و مەسولەكانی حیزب، قەیرانی هەژاری و بێ موچەیی خستوەتەوە، مەترسی ئان و ساتی هەڕەشەی خەڵك لەسەر دەسەڵاتدارێتی ئەوان و پێگەشیان لە حوكمڕانی وایكردوە مەسولیەتەكە لە ئەستۆیان بێت, هەر ئەمەش بوەتە هۆی ئەوەی حیزبەكانی تر سوك و ئاسان لێی بێنە دەرەوە. پارتی وەك حیزب، وەك حوكمڕانی و وەك شكۆ و كەسایەتی خودی مەسعود بارزانیش ، لە تەنگژەو ئەزمەیەكی گەورەدایە، لەدوای ریفراندۆمەوە لە ئەندێشەی تۆڵەكردنەوەدایە لەو گروپەی ناوخۆی ( ی . ن . ك  ) كە بە  شانزەی ئۆكتۆبەر ناویان دەهێنن, ئەنجامی كۆنگرەی یەكێتی  دەستێكی خستنە ئەولاو  نازانن دەستەكەی تریان لە كوێدا، دابنێن.  ئەنجام و بەرهەمی سێ‌ ساڵ كاری میدیای حیزب و سێبەرەكانیان بۆ شكاندنی ئەو گروپە تا ئێستاش بەردەوامەو  پێگەی سیاسی و ئیعلامی لاهوری شێخ جەنگی،  بەهێزتر بوەو لە بەرامبەردا ئەوانیش گاڵیان چنییەوە، حەتمەن پێچەوانەكەی كە لاوازی و شكستە لە ئاوێنەكەی بەردەمیاندایە. كۆدەنگی حیزبەكانی تر  بۆ پشتیوانی و سەردان و پیرۆزبایی لە دەباشان، هەماهەنگی فراكسیۆنەكانیان لە پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكان، لە تەنگژەی زینی وەرتێ‌, نمایشێك بو دیسانەوە ڕوی شكستێكی تری نیشانی خانەوادەی بارزانی دا. كەوتنی فوئاد حسێن و عەبدولرەحمان مستەفا لە ئەنجومەنی نوێنەران لە بەغدا دوا نامەی ئەم شەڕە دۆڕاوە بو، سەری ڕەشی هەژاند. بەدڵنیاییەوە دوای ئەم تێكشكاندنە ساردانە، مەسعود بارزانی توشی حاڵەتێكی دەرونی ناجێگیر بوە،  ئەوەی كەسایەتی ئەو  بناسێت ، دەزانێ لە شكست و دۆڕاندنی هەڵوێستدا, زۆر حساب لەسەر ئیرادە دەكات و لە نرخی كاردانەوە ناترسێ ئەگەر لەسەر حسابی سومعەی میللەت یا حیزب و خانەوادەكەشی بێت، ئاشكراشە تا ئەم ساتە وەختە هەر خۆی بڕیاردەری یەكەمی حیزب و حكومەتیشە، ئەو مامە حەمەییەی گروپێكی ناو یەكێتیش لەم ترسی ناسینەی ئەو زاتەوەیەو خۆ رەنگە هەڕەشەكانیشی گەیشتبێ, ئەرکی نەیارەکانی لەم گەمەیە دا، بە هێمنی گۆڕینی ئاراستەی ململانێ کەیە,  نەک چاوەڕوانی دیداری ئەوان.  


عەلی کەریمی   ئەم حیزبە لەوەتەی هەیە نانی موزایدە و گێلاندنی کۆمەڵانی خەڵک دەخوات. نە ستراتیژێکی پتەو و جێگیر و نەتەوەیی هەیە و نە خەڵکانی بەمشور و سیاسەتمداری قاڵبوو و بەئەزموون، کە لە قالبی سیاسەتداڕێژەرانێک بن، پێش هەموو شت بەرژەوەندی و دواڕۆژی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیان مەبەست بێت. هەر لە رۆژی ئەوەڵەوە وایان کردووە و بۆشیان چوتە سەر، شکستی ساڵانی ١٩٤٥ی بارزانیان بە هاتنە ناو کۆماری کوردستان و قازی محەمەد لە مەهاباد تێهەڵچواندەوە و ئەم شکستە گەوەریان لە گەڵ حکومەتی مەلیکی عێراق بەوە لە بیر بردووەتەوە کە گۆیا بارزانی هات بۆ یارمەتی کۆمار و قازی، دواتر هەموو بینیمان ئەوە دەرنەچوو، لە ڕۆژی تەنگانەدا قازی و کۆمار لە هەموو کات زیاتر تەنیا مانەوە و خۆیان وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچوون و ١١ ساڵی ڕەبەق خۆیان بە ژن هێنان و ڕابواردنەوە مژوول کرد. تاقە سەرکردەی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان، کە بە نییەتی چاک هاتەپێش و بۆ یەکەمجار گوتی، عێراق وڵاتی کورد و عەرەبە و عێراق لە دوو نەتەوەی کورد و عەرەب پێکهاتووە، لە بێ سیاسەتی و موزایدەی کوردایەتی بە گژیدا چوونەوە و ئەساسی شۆڕشی ئەیلولیان لەسەر بونیاد نا و چاکەی عەبدولکەریم قاسم، کە لە تاراوگەوە هێناینەوە و خزمەتی کردن، لە بیر خۆیان بردەوە و بە فیتی شای ئیران کە نەیدەویست دەسەڵاتی عێراقی جیران، لە سۆڤیەت نزیک بێ، کوردیان بە گژ ئەم دۆستەدا کرد. بە ناوی قیادەی موەقەت بە گژ میللەتی خۆیان و ڕۆژهەڵاتدا هاتنەوە و بەناوی کوردایەتی هەرچی کردەوەی قێزەونە کرا. لە ڕاپەڕینی ١٩٩١ کە زانیان لای خەڵکیان دۆڕاندووە، بەپەلە بە ناوی یەکێتی نەتەوەیی هانایان بۆ جاشەکانی ئەنفالچی و شۆڕشی نوێ برد و زۆر باش کەلکیان لێ وەرگرتن و زۆربەیان چاپۆشیان لێکرا و بۆلای پارتی چوون و ئەمانیان پێدرا و هەموو هاتنە سەر سندووقی دەنگدان و باش دەیانزانی کار بگاتە دەنگدان دەنگی چاک و خراپ لە ناو سندووق وەک یەک دەخوێندرێتەوە، واتا دەنگی جاش و باش وەک یەک حیسابیان بۆ دەکرێت. بەدەیان نموونەی دیکە وەک شەڕی ناوخۆی ١٩٩٤، تاڵانی پارەی برایم خەلیل، گرێدان و جووت بوون و تجارەت و شەراکەت لەگەڵ سەرانی تورکیا، کایەکردن بە کارتی سەرۆک کۆماری لە دوای سەدام و بەوە داشکاندنی کە کوردستان ئیتر موڵکی ئەوان دەبێت، ڕیفراندۆم و ئەم گاڵتەجاڕی و پێچەقاندن و بانگەشەی ئەوەی هەموو دنیا و ئەمریکا و تورکیا هاودەنگ و مسۆگەر کراوە، دواتر هەموو دەزانن وا دەرنەچوو، موزایدەی کادر و ئەندامانیان بەو پەڕی قسە و قسەڵۆکی مناڵانە لەسەر میدیاکان و موزایدەی کوردایەتی، موزایدەی ئاڵا و پێشمەرگە لە کەرکوک، هەموو دەزانن پێشمەرگە واتای چییە لە لای سەرانی پارتی و تەنانەت مەعاشیان پێ ڕەوا نابینن و گەر بێتو بە ڕیز باسی هەموو ئەم چەواشەکاری و بەکارهێنانی موقەدەساتی خەڵک لە لایان ئەم حیزبەوە بۆ بەرژەوەندی تەنیا شەخسی و بنەماڵەی خۆیان بکەین لە هەزاران لاپەرە زیاتر دەردەچیت و لە تاقەتی ئەم کورتە وتارەدا نییە. تەنیا ئەوەندە بەسە پرسیار بکەین ئەری بەڕاستی ئەم یاری مشک و پشیلەیە لە گەڵ بەغدا تاکەی، ڕۆژێک تەلاقیان دەدەن و ڕۆژی دواتر لە پشت دەرگاکانی بەغدا بو دووعانە دەپاڕێنەوە، رۆژێک نەوتەکە تەسلیم دەکەن و دواتر کە دوڵار بە دوڵار حیسابی دەکەنەوە دڵتان نایە و لەژێر قسەی خۆتان دەدەن و نایاندەنێ! هەمووو تاکی کورد باش دەزانن ئەگەر ئەمڕۆ موزایدە بۆ کوردایەتی و دەمارگرژی لە لایەک و دژایەتی تورکەمەن و مەسیحی لە لایەکی تر، نانی بۆ پارتی تێدا بایە، هەموو دڵنیاین هەر ئەم کاک مەسعودە دەهاتە سەرخەت و دەیگوت چۆن خوا قبوڵی دەکا تورکەمەن، ئەوێش کەرکویش لەگەڵ نەبێ و تەنیا هەرێم بێ، ٥ کورسیان بەر دەکەوێت ئەی کلدانی و مەسیحی؟!  بە دڵنیانی لە پاپی ئەعزەمیش بپرسن پێی وانابێ ئەوندە مەسیحی لە کوردستاندا مابنەوە! مەسەلەی کۆتاکانی پەرلمان هیچ شتێک نییە لە موزایدە و نان لێخواردن زیاتر و دڵنیام مەسیحی و تورکەمەن و کلدانی ڕەسەن هیچ ڕازی نین بەم ڕەفتارە و ئاوا ناشیرین لە بەکارهێنانیان. کە دەڵێن ڕای زۆرینە و کەمینە، دەسبەجێ بە دەیان گوێلەمستیان دەێنە سەرخەت و دەفەرموون کوردستان بە تەوافوق بەڕێوە چووە و ناکرێ بە بێ تەوافق وڵات ئیدارە بکرێت، سێ ساڵ پێش هاوارمان کرد ئەم ١١ کورسی کۆتا ڕۆژێک کارەسات دەنێتەوە، بەداخەوە نە بەرەی دەسەڵات و نە بەرەی ئۆپۆزیسۆن گوێیان پێنەدا و پەرلمان بە ئەمرێکی سەربازی داخرا و سەرۆکی پەرلمان ئاودیوی سنوور کرایەوە، ئێستا زۆر ناشیرین و مناڵانە دێن و دڵێن ئاواتان ڵێ دەکەین!! بە زۆرینە دار لە ڕوحتان دەدەین و سەرۆکەکەشیان دێ و دەڵێت لە سەر ئەم نەتەوانە خۆمان بە کوشت دەدەین! خۆشی و ئیمەش دەزانین بۆ کەمە نەتەوەکان نییە ئەم شینە، بەڵکو لە شیرین بوونی کورسێکانە کە بە ناوی ئەم کەمە نەتەوانە داگیری کردوون و ئاوا بەکاریان دێنێت، دەبا ڕۆژێک بێ کە کورسی نرخی نەبێ و بزانین ئەرێ کەس نازی ئەم مۆنا و ئایدن و... دەکێشێت؟! بە دڵنیایی دەڵێم بۆ قومێک ئاوێش ئاوڕیان ڵی نادەنەوە، چونکە هەم پارتی و هەم خۆشیان دەزانن ئەوان نوێنەری نەتەوە و پێکهاتەکانی خۆیان نین. کورد لە باشور چیتر لەسەر موزایدە ناژی و سیاسەتی پێناکرێ، حەقە هەموو وێکڕا بڵێین بەسە و ئیتر دەستان زۆر کەشفە، تادەرنگ نەبووە و فریای قەراری مێژوو کەون کە هاتە سەری ئێتر ڕوحم بەکەس ناکات و هەموان وێکڕا ڕادەماڵێت. ئەگەر بەڕاستی ویژدان و کەرامەتی پەرلمانتارەکانی دی زیندوو و وەخەبەر بێ، نابێ ئەم ناعەدالەتی و تێخوڕینە قبووڵ بکەن و چێتر شەرعییەت بە پەرلمانی کارتۆنی نەدەن، دڵنیا بن هەموو میللەت لە ئەمڕۆدا برسی و هەژارن و ئێوەش لێتان ناقەومێ و لای میللەت بن باشتر و سەروەریتر دەبێ لۆتان. زۆرن ئەوانەی ئەمڕۆ داواتان لێدەکەن دەرگای ئەم پەرلمان و حکومەتە پۆلیسییە داخەن و بۆیان جێبێڵن و چیتر شەراکەتی ئەم زوڵم و زۆرە نەکەن!


سالار مەحمود بەپێی دەستوری عیراق زمانی کوردی زمانی فەرمی دەوڵەتە، پێکەوە لەگەڵ زمانی عەرەبی.  لەمادەی چواری دەستور چەسپاوە.  حکومەتی علاوی و مالکی و عەبادی و عبدالمهدیش گرنگی بە زمانی کوردی لە راگەیاندن و گوتاری فەرمی حکومەت نەدرا. کازمی بەجیاواز لەوان لەتویتەر بەزمانی کوردی راگەیەنراو دەرئەکات. هێشتا ئەمە بەس نیە. پێویستە لە رۆژنامەی فەرمی وەقائع  و لە ناوەندەکانی دەرەوەو نوێنەرایەتیکردنی دیبلۆماسی و رەسمی زمانی کوردی بەکار بهێنرێت. نابێ شەرم لە زمانی خۆمان بکەین. شەرم ئەوەیە زمانی کوردی بەکار نەهێنرێت. ئیتر بەسە خۆ بەکەم زانین. زمانی کوردی دەوڵەمەندترە لە زمانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە عیراق رەسمیە رێزنەگرتن لێی پێشێکاری دەستورە.  لەماوەی رابردوودا چەن پەرلەمانتارێک لە پەرلەمانی عیراق بە کوردی مداخەلەیان کردو لەلایەن هەندێ لە شۆڤێنیەکان کاردانەوە دروت بوو، تووشی شڵەژان و دەنگەدەنگ بوون.  ئەم رەفتارە دژی بنەماکانی شەراکەت و دەستور بوو، بۆیە پێویستە بەفەرمی لە ئاخاوتن و گفتوگۆکاندا بەکار بهێنرێت و، بەردەوام بدرێ بە گوێی هەموو لایەکداو بچێتە پرۆتۆکۆڵی دانیشتنەکانەوەو تۆمار بکرێت. لەهەمان مادە چواری دەستور بڕگەکانی تردا ئاماژە بە چاپی نەختینەو پول و پاسپۆرت و رۆژنامەی فەرمی دەکات، کازمی بە زمانی کوردی جیاوازی لەگەڵ ئەوانی پێش خۆی دروستکردوە. سەرەتایەکی باشە هیوادارم لە پشتیوانی مافە دەستوریەکانی کوردستانی عیراق دەست پێشخەر بێت. ئەگەر ئەمە بکات مێژوویەکی جوان بۆ خۆی تۆمار دەکات وەک چۆن ئەوانی پێشتری نەیانتوانی لەلای کورد ئەو مێژووە تۆمار بکەن. کەواتە لەم پرۆسەدا تەرجەمەکردنی بەرنامە حکومیەکەیەتی کەتیایدا هاتووە بەپێی دەستور کار دەکات بۆ چارەسەر کردنی کێشە هەڵپەسێراەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی ئیتحادی. زیندووکردنەوەی رێکەوتنی ساڵی ۲٠۱۹ ی نێوان هەردوو لا گونجاوترین میکانیزمەو هەردوو لاش خۆیان ئامادە بکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان لەو چوارچێوەیەدا. کازمی دەرفەتێکی نوێیە، بۆ بەردەوامی مووچەی فەمانبەران و وەرگرتنی شایستەییەکان و هەنگاوان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێراوەکانی تر.


بێستون فایەق ئەوەی هەموو خولێکی هەڵبژاردن پارتی کادری خۆی لە رێگەی پێکهاتەکانەوە دەنێرێتە پارلەمان کەلێنێکی گەورە و زۆر رونی یاسای ژمارە یەکی هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستانه کە ساڵی ١٩٩٢لە سەرەتاکانی دەست بەکاربونی خولی یەکەمی پارلەمانی کوردستاندا پەسەند کراوە و لە خولەکانی دواتردا چەندین جارهەموار کراوەتەوە ، لە بنەڕەتدا ئەم ١١ کورسیە بەم میکانیزمەو بەم جۆرەی ئێستا پلانێکی وردی تەکنیکی و یاسایی بوە لە بەرژەوەندی پارتی نەک بۆدەستەبەری مافی پێکهاتەکان ، ئەگەرچی یاساکە  ١١ کورسی وەک سیستمی کۆتا بۆ پێکهاتەکانی تورکمان و مەسیحی و ئەرمەن دیاری کردوە و تەنها هاوڵاتی ئەو پێکهاتانە دەتوانن کێبڕکێی لەسەر بکەن بەڵام گرفتەکە ئەوەیە رێگەی لەوە نەگرتوە دەنگدەری دەرەوەی ئەو پێکهاتانە دەنگ بە کاندیدی پێکهاتەکان بدەن . پێکهاتەکانی کوردستان مافی تەواوی بەشداری سیاسی و بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستانیان هەیە ، لە پێشدا پێویستە هەوڵ و هەنگاوی یەکەمی هەموو لایەنەکان بەتایبەت یەکێتی و گۆڕان هەموارکردنی ئەم یاسایەو گەڕانەوەی ئەو کورسیانە بێ بۆ نوێنەری راستەقینەی ئەو پێکهاتانە خۆیان ، بە جۆرێک بە رەچاوکردنی ژمارەی دانیشتوانی هەموو پێکهاتەکانی کوردستان بەوانەشی کە ئـێستا کورسیان بۆ دیاری نەکراوە  ژمارەی کورسی پێکهاتەکان کەمبکرێتەوەو لە رێگەی جیاکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی پێکهاتەکانەوە پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدانی پێکهاتەکان لە بازنەیەکی تایبەتدا جیابکریتەوە کە جگە لە دەنگدەرانی خۆیان دەنگدەری گشتی کوردستان مافی دەنگدانی بە کاندید و لیستی ئەو پێکهاتەنە نەبێ وەک ئەوەی ئێستا یاساکە رێگە دەدا و هەموجار پارتی کادری خۆی بەناوی پێکهاتەکانەوە دەنێرێتە پارلەمان . هەرچەندە لە خولی پێشوی پارلەماندا هەوڵێکی لەوشێوەیە دراو لیژنەیەکی هەماهەنگی لە نێوان فراکسیۆنەکانی گۆڕان و یەکێتی دروست کرا کە دواجار بە داخستنی پارلەمان ئەو هەوڵەش لەبار برا ، بۆ دۆخی ئێستای پارلەمان کەپارتی خاوەنی زۆرینەی ئەندامان و دەستەی سەرۆکایەتی پارلەمانە دەست بردن بۆ هەموارکردنەوەی یاساکە ئاسان نابێ ، بۆیە تا ئەو کاتەی پێکهاتەکان ئەم مافەیان بۆ دەگەڕێتەوەودەبنە خاوەنی نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەموو لایەنەکانی تر مافی ئەوەیان هەیە هاوشیوەی ١٠٠ کورسیەکەی دیکە کیبڕکێ لەسەرئەم ١١ کورسیەش بکەن ، بۆئێستا پێشنیازی واقعی ئەوەیە ژوری هەلبژاردنی گۆڕان و مەکتەبی هەڵبژاردنەکانی یەکێتی و لایەنەکانی دیکەش ئامادەکاری بکەن و بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بچنە کیبڕکێی بردنەوەی ئەو ١١ کورسیەی پارلەمانی کوردستانەوە  .


ئادەم ئاودەل لە دوای روخانی رژێمی بەعس و سەرلەنوێ بنیات نانەوەی عێراق ، کورد پێگە و سەنگێکی کارا و کاریگەری ھەبوو لە گۆرەپانی سیاسی عێراق و بە یەکێک لە کۆڵەکە ھەرە سەرەکیەکانی بنیاتنانەوەی عێراق دادەنرێت . سەرکردەکانی  کورد ھەر لە (مجلیس حوکم) و حکومەتی ئینتیقالی تا یەکەم ھەڵبژاردنی پەرلەمان رۆلێکی گەورەیان پێدرا و جگەلەمەش لە پرۆژەی نوسینەوەی دەستوری عێراق بەشدارێکی ھەرە کاریگەربون بۆ چەسپاندنی بەشێکی زۆر لە مافە دەستوری و یاساییەکانی نەتەوەی کورد.  بەڵام بەرە بەرە کورد لە بەغدا پاشەکشەی کرد و بەشێکی زۆری ئەو دەسەڵاتەی ئەوکات ھەیبو نەیما ، لە پێشتردا جگە لە پۆستی سەرۆک کۆمار و جێگری سەرۆک وەزیران و جێگری سەرۆک پەرلەمان ، کورد وەزارەتێکی سیادی و چەندین وەزارەتی خزمەتگوزاری پێ ئەدرا ، ئەمە جگە لە پۆستە باڵا و کاریگەرەکانی ناو دامەزراوەکانی حکومەتی عێراق لە نێویاندا سوپاسالاری عێراق و بەرپرسی ھێڵی فرۆکەوانی سەربازی عێراق و چەندان بەرپرسیارەتی تری گرینگ . بەڵام وەک دەبیندرێ ئێستا کورد لە ئەنجومەنی وەزیران تەنھا سێ وەزارەتی بۆ دا ئەندرێت و پۆستە بالاکانیشی بەرە بەرە لێ سەندرێتەوە . لە ھەمویشی ترسناکتر پێشتر گەر کورد رەزامەندی سەرەکی نەبوایە لە پێک ھێنانی حکومەت مەحال بوو کابینەی حکومەت پێک بھێندرێت بەڵام لە کابینەکەی (عبادیی)یەوە،  زەنگە مەترسیدارەکە لێدرا و لایەنە سیاسیەکانی عێراق بێ ئەوەی چاوەرێی کورد بکەن لە پەرلەمانەوە دەنگدان بۆ کابینەکەی عبادی دەستی پێکرد ، ئەمە لە کاتێکدا کە لە ساڵی( ٢٠٠٦ ) شیعەکانی عێراق زۆر ویستیان (ابراھیم جعفری )بۆ سەرۆک وەزیران کاندید بکەنەوە بەڵام کورد رێگری لێکرد و ھەر لەسەر داوای کورد (نوری کامل مالکی ) بو بە سەرۆک وەزیرانی عێراق کە کورد ئومێدێکی زۆری پێ بوو چونکە بە یەکێک لە دۆستەکانی کورد ھەژمار دەکرا .  تەنانەت لە دیاریکردنی (عادل عبدالمھدی)ش ، کورد ھیچ پرس و رایەکی پێ نەکرا و ناکۆکیەکانی نێوماڵی شیعی وای کرد کۆکـ بن لەسەر (عبدالمھدی )وەک کەسایەتییەکی شیعی سەربەخۆ . دواتریش لە دوای دەست لەکارکێشانەوەی (عادل عبدالمھدی )سێ کەسی تر بۆ پێکھێنانی حکومەت راسپێردران کە (کازمی ) دواھەمینیان بوو ، ھیچ کامیان بە پرس و راوێژ کردن بە کورد نەبوو ، ھەربۆیە کورد بە ناچاری و لە ژێر فشاری نێودەوڵەتی دوای ماراسۆنەکە کەوت .  ئێستا کورد لە عێراق لەـھەرە خراپترین ساتەکانیدایە لە دوای پرۆسەی ئازادییەوە ، نەک ناتوانێ کار بۆ جێ بەجێکردنی ماددەی (١٤٠ ) و ناوچە جێ ناکۆکەکان بکات ، تەنانەت موچە و شایستەداراییەکانی ھەرێمیشی پێ زامن ناکرێت و رۆژانە ئەو کێشانە سەرھەڵئەدەنەوە .  بەشێکی زۆری ئەو دەرھاویشتانە دەگەرێتەوە بۆ نا روونی خیتابی سەرکردایەتی کورد بەتایبەت لەسەروبەندی ریفراندۆم و دواتریش کە ھەمیشە بەغدایان وەک دوژمن ناو ئەبرد نەک وەک بەشێک لە ولات . ئەو خیتابەش لە لایەن سەرۆکایەتی ھەرێمی ئەوکاتەوە ئاراستە ئەکرا ، ئەمەش کاردانەوەی توندی شەقامی عرەبی و ھێزە سیاسیەکانی بەغدای لێکەوتەوە . بە واتایەکی تر توندی خیتابی سیاسی و نەتەوەیی کوردی (مالکی و عبادی)  و ھاوشێوەکانی لە بەغدا بۆ دروست کردین . ئێستا پێگەی کورد تەنانەت لە لایەن وڵاتانی ئەمریکا و ئێرانیش وەک پێویست بە ھەند وەرناگیرێ ، جگە لەوەی ھیچ ھەڵوێستێکی روونیان لەمەڕ برینی موچە و بودجەی کوردەوە نیە ، تەنانەت بۆ پێکھێنانی حکومەتیش ھەڵوێستی کورد زۆر جێگەی بایەخ نیە .  لاوازی و بێ دەسەڵاتی ئێستای کورد لە بەغدا چەندە پەیوەستە بە فشار و سیاسەتەکانی بەغداوە دوو ھێندەش دەگەرێتەوە بۆ ھەڵە و نەبونی ئامانجی ستراتیژی سیاسی کورد لە بەغدا ، کە وەک پێویست نەیتوانیوە ئەو قەناعەتە لای بەغدا دروست بکات کە دەیەوێ وەک شەریک لەو وڵاتە بەشدار بێت ، ھەمیشە مەکینەیەکی ئیعلامی بێزارکەر دژی بەغدا لە ھەرێم ئیشی کردووە و پارتی و بارزانی دەعمیان کردوە ، زیندوترین نمونەش ئێستایە کە وەفدی ھەرێم بۆ دانوستان لە بەغدایە کەچی ئیعلامی ئەم برادەرانە تەشھیر و ھەرەشە نەما لە بەغدای نەکەن .


هیوا سەید سەلیم   کۆبوونەوەی رۆژی ٧ی ئایاری پەرلەمانی کوردستان، کە تایبەت بوو بە هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی سۆران عومەر، ئەندام پەرلەمانەکانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیەکانی خستە بەردەم هەڵوێستێک کە بەهۆی بەشداریان لەو دایشتنە و تەواوکردنی نیسابی کۆبووونەوەکە، رووبەڕوی شەڕێکی راگەیاندن بوونەتەوە، کە لە ئەساسدا شەڕی ئەوان نیە، بگرە شەڕی بەوەکالەتی هێزە دەسەڵاتدارەکانە. شایانی باسە جاری یەکەم نیە پەرلەمانتاری پێکهاتەکان، بەهۆی هەڵوێستەکانیان لە پەرلەمانی کوردستان، پڕوشکی  ئاگرەی شەڕێکیان بەردەکەوێت، و دەکرێنە ئامانجی ڕەخنەی ئەوانی دیکە،  و واش بڕوات بە ئاگری ئەو شەڕە دەسوتێن. پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینیەکان کە زۆربەی جار بۆ ناشیرینکردنیان پێیان دەوترێت کەمینەکان، لە هەرێمی کوردستان بەهۆی خرابی لە شێواز و ئالیەتی هەڵبژاردن، نوێنەرایەتیان لە لایەن  دەسەڵات دەقۆزرێتەوە، بۆیە هەر ئەوەشە دەبێتە هۆکاری ئەوەی لە نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی خۆیان بێبەش بن، کە سەرەنجام   ڕەنگدانەوەی لەسەر هەڵوێستەکانیان دەبێت لە نێو پەرلەمانی کوردستان، ئێ خۆ واشە ئەو لایەنەی کە لە هەڵبژاردن هاوکار و پشتیوانی کردوون چاوی لەوەیە لە رۆژێکی وادا ئەوان بەهانایەوە بێن. ئەگەر دیقەت بدەن قسەکانی یەکێک لەو پەرلەمانتارانە لەو کۆبوونەوەی باسمانکرد، نیگەرانی زۆری پێوەدیاربوو، بەوەی ئەوان حەزناکەن لەو ململانێیە بخزێندرێن. بۆیە لە پێناو زامنکردنی نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی پێکهاتەکان، و خۆبەدوورگرتنی ئەو پێکهاتانە لە ململانێیەک،  کە ئەرکی ئەوان نیە، کاتی ئەوە هاتووە خۆیان لە پەرلەمانی کوردستان پڕۆژە یاسایەک ئامادەبکەن، کە تیایدا زامنی نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی پێکهاتەکانی کوردستان بکات، و ڕێگری بکات لە دەستوەردانی هەر هێزێک لە کاندیدکردن و دەنگدان بە نوێنەرەکانیان. ئەوەشیان بەوە دەکرێت کە لەو پڕۆژە یاسایەی پێشکەشی دەکەن،  پێداگیری بکەن لە جیاکردنەوەی لیستی دەنگدەری پێکهاتەکان، بەشێوەیەک کە سندوقی دەنگدانیان جیابکرێتەوە لەو شوێنەی ئەوان کە دەنگی بۆدەدەن. راستیەک هەیە ئەویش بەوەی هەر پێشنیارێک بۆ پرۆژە یاسایەک کە بۆ ئەو مەبەستە پێشکەش بکرێت،  ئەگەر لە لایەن خودی پێکهاتەکان ئامادەنەکرێت، و ئامانج لێی دەربازبوون نەبێت لەو دۆخەی تێیکەوتوون، نە قەبوولکراو دەبێت و نە بە ئاسانیش لە پەرلەمان تێدەپەڕێت.  چونکە دەخرێتە ناو گەمەی ململانێکە، بەڵام ئەگەر پڕۆژەی یاسای خۆیان بێت ئەوا جگە لەوەی زامنی نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی تایبەت بە خۆیان دەکات، و پرۆژەکەش لەلایەن زۆرینەی پەرلەمانەوە پشتیوانی لێدەکرێت. بەدەر لە ئەوان هەر لایەنێکی دیکە پڕۆژەی هەمواری یاسایی هەڵبژاردن تایبەت بە دەنگدان و هەلبژاردنی پێکهاتەکان پێشکەش بکات،  نەک پشتیوانی زۆرینەی پێ مسۆگەر ناکرێت، بگرە ئەویش دەخرێتە ناو ئەو گەمەیەی کە ئێستا نوینەرایەتی پێکهاتەکانی تێکەوتوون، لە پشتیوانی لە لایەنێک و دژایەتیکردنیان لە لایەن لایەنەکانی دیکەوە. لەوانەیە بپرسن کە ئایا ئەو کارە بەوانە دەکرێت کە بەدەنگی خۆیان نەچووونەتە پەرلەمان؟ ئەمەیان راستیەکی تاڵە و نکۆڵی لیناکرێت، بەڵام خۆ ناشکرێت تا سەر نوێنەرایەتی پێکهاتەکان بەو شێوەیە بمێنێتەوە، بۆیە ئەگەر دوو پەرلەمانتاریش لە کۆی ١١ پەرلەمانتاری پێکهاتەکان پرۆژەیەکی لەو شێوەی باسمانکرد پێشکەش بکەن،  گرنگە و پشتیوانی لێدەکرێت، بۆیە کاتی ئەو دەستپێشخەریە هاتووە. لە کۆتاییدا دەڵێین نەشەڕی نوێنەراتی پێکهاتەکان چارەسەری ئەو دۆخەی ناو پەرلەمان دەکات، نە ئەوانیش لە شەڕی راگرتنی باڵانس و بوونە پارسەنگ بۆ لایەنێکی دەسەڵات قازانج دەکەن، بگرە چارەسەر لە هەمواری یاسایی هەڵبژاردنە، هەر ئەویش دەتوانێت نوێنەرایەتی  پێکهاتەکان لە هیزی پارسەنگەوە بگۆڕێت بۆ نوێنەرایەتی ڕاستەقینە.  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand