Draw Media

"بەختیار عەلی" ھەندێک سەردەم هەیە، بە تاوانێکدا دەناسرێتەوە. نا لە بەرئەوەی ئەو تاوانە دەشێت گەورەتر بێت لە تاوانەکانی تری دونیا. بەبڕوای من هەموو تاوانەکان وەکو یەک گەورەن دەمێک پەیوەندیان بە ژیانی مرۆڤەکانەوە هەبێت. بەڵام لە ناکاو مردنێک وەک سەمبولی هەموو ئەو شتانەی لێ دێت کە کۆمەڵگایەک تیادەژی یاخود لێی دەترسێت، وەک سەمبولی تاوانێک کە ڕاستەوخۆ یان مەجازی دەبێتە ئاماژە بۆ کۆی تاوانەکانی تریش. لێرەوە کوشتنی سەردەشت تەنیا هەڵگری ئاماژە نییە بۆ ژیانی تاکە کەسێک بەڵکو زنجیرە مانایەکی گەورەتر لە خۆدەگرێت، خاڵێکە تێیدا کۆمەڵە دیاردەیەکی دەرونی و کۆمەڵایەتی و سیاسی بەیەک دەگەن، واتە پەنجەرەیە بە مانا هەرە راستەقینەکەی بۆ سەر ڕووبەرێکی گەورەتر لە خۆی. یەکێک لەو شتانەی کە سەرنج ڕادەکێشێت ئەوەیە بۆ کوشتنی سەردەشت هەمووان تووشی شۆکێکی گەورە دەکات؟ بۆ ئەو شۆکە دەگاتە ئەو رادەیەی هەندێک باوەڕ بە مردنەکەی ناکەن؟. پێش سەردەشت و دوای سەردەشتیش کۆمەڵگای ئێمە هەمیشە کۆمەڵگایەکی مرۆڤکوژ بووە. کوشتن بەشێکی دانەبڕاوی کولتووری سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێمەیە، هیچ هێزێکی سیاسی و سیاسییەکی چالاک لە مێژووی ئێمەدا نییە دەستی بە خوێن سوور نەبووبێت. کەواتە هۆی چییە، مردنی سەردەشت بەوجۆرە شۆکمان دەکات؟ چ تایبەتمەندییەک لەم تاوانەدا هەیە وادەکات وەک تاوانێکی هەرە ترسناک لە خەیاڵماندا نیشتەجێ بێت و ئاسان لەبیر نەبرێتەوە؟. ئاخۆ هۆکەی ئەوەیە یەکەم تاوانی گەورەیە دوای دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی ئۆرگانیزەکراو، یان وەک پارتییەکان دەڵێن مەبەست لە گەورەکردنی تەنیا دژایەتی پارتییە... هەر دوو تەفسیرەکە لای من زۆر سیاسی و ڕووکەش و لاوازن، بەرهەمی ئەو دەردە کوردییە ئەزەلییەن کە تەنیا سیاسەت بە سیاسەت تەفسیردەکاتەوە. شتێک لە تاوانەکەدا هەیە کە زۆر ترسناک دەریدەخات، شتێک وادەکات بیر نەچێتەوە، خسوسییەتێکی دەداتێ جیایدەکاتەوە لە هەموو تاوانە ناشیرینەکانی دیکەی مێژووی ئێمە، شتێک ترسێکی قووڵ و ناوەکی لە ناخی هەر یەکەماندا زیندوو دەکاتەوە. مرۆڤ دەتوانێت لە زۆر ڕووەوە لەم نهێنییە نزیک ببێتەوە، لێرەدا هەوڵدەدەم شتێک لەو هۆکارانە ڕوونبکەمەوە، کە وادەکەن کوشتنی سەردەشت تاوانێکی ناوازە بێت و ئەو هەموو مانا و ڕەمزانە لە خۆی بگرێت. سەرەتا شتێکی ڕۆمانسی قووڵ لە کاراکتەری قوربانیی و چیرۆکی لە ناوبردنی سەردەشتدا هەیە. سەردەشت «گەنجە، بێگوناهە، لاوازە، دەیەوێت ببێتە نوسەر، سەر بە بنەماڵەیەکی ئاساییە، خوێندکارە، خەونی هەیە ... هتد»، واتە هەموو ئەو سیفەتانەی تێدایە کە دەشێت پاڵەوانێکی ڕۆمانسی پێویستی پێ بێت تا لەساتی مردنیدا سروشتێکی ئەفسانەیی وەربگرێت. دواتر تاوانەکە گەرچی کەس نەیبینیوە، بەڵام هەموو کەس دەتوانێت فلیمی ڕووداوەکان بهێنێتە پێشچاوی خۆی، واتە تاوانێکی ڕوونە، تەماوی نییە، بەجۆرێکی ترسناک شەفاف و بینراوە. ئەم سیفەتانە کاراکتەرێکی تایبەت هەم بە سەردەشت و هەم بە مردنەکەی دەبەخشن. بە کورتی ڕاستە مێژووی ئێمە مێژووی کوشتنە، بەڵام سەردەشت وێنەیەکی تایبەت بە خۆی هەیە و ئاسان ناخرێتە ناو ئەو مێژووەوە. ئەو سەر بە نەوەیەکی ترە، وەک ئەوەیە بە کاراکتەری و خەسڵەتەکانی تەعبیر لە کەسایەتی گەنج بکات، گەنجێک کە هەموو گەنجێکی دی بەشێک لەو لەخۆیدا دەبینێتەوە. ڕوخساری گوزارشتە لە نەوەی دوای ڕوخانی سەدام حوسەین، لە نەوەی دوای جەنگی ناوخۆ، نەوەیەک جیاواز لە هەموو نەوەکانی پێشووتر پەیوەندییەکی توندی بەو ڕابوردووەوە نییە کە تا ئێستا لە یادەوری زۆربەماندا دەژی. لە پەنجا ساڵی ڕابوردوودا مێژووی خەباتی سیاسی ئێمە، هەمووی بە ناوی زامنکردنی پاشەڕۆژەوە بووە بۆ نەوەکانی داهاتوو، هەموو شەڕ و کوشتارەکان بۆ ئەوەبوون گوایە نەوەکانی داهاتوو باشتر بژین و ئازاد و خۆشبەختت تر بن. سەردەشت سەمبولی ئەو نەوەیە بوو کە دەبوو ئیتر لەبەری ئەو مێژووە بخوات، کوشتنی وەک کوشتنی داهاتوو وەهابوو، وەک ئەوەی یەکێک بڵێت داهاتوو جارێ گەلێک دوورە، ئەو نەوانەشی کە دەبێت لە بەرهەمی ئەو داهاتووە بخۆن هێشتا لەدایک نەبوون، کوشتنی سەردەشت دواخستنی هەتاهەتایی داهاتوو بوو. بکوژانی سەردەشت پەیامێکی ترسناک دەدەن بە گوێماندا، کە ئێمە هێشتا لە ڕابوردوودا دەژین... هیچ داهاتوویەک نییە و بەمزوانەش نابێت. جەستەی سەردەشت نمایشکردنی لاشەی کوژراوی پاشەڕۆژ بوو، بەجۆرێکی سەمبولی لە سەر شانۆی ئێستا. ەڵام ئەمە تەنها هۆ نییە کە وادەکات تاوانەکە بەوجۆرە بە مێژوو و بە یادەوریمانەوە بنوسێت. گەر ورد بڕوانین دەبینین، وێنەی سەردەشت وەک وێنەی قوربانییەکانی تری مێژووی ئێمە نییە... قوربانییەکانی تر بەشی هەرە زۆریان قوربانی جەنگ یان ململانێی حیزبی یاخود شەڕی ناوخۆن. هەر یەکەیان بە جۆرێک لە جۆرەکان مۆرکێک و شوناسێکی سیاسیان هەیە، مرۆڤ دەتوانێت بەزۆریش بووە خانەیەکیان بۆ بدۆزێتەوە و بیانخاتە ناو ئەو خانەیەوە. لای زۆرینەی کوژراوەکانی تری مێژووی ئێمە حیزبێک لە پشت بکوژ و کوژراوەکەوە هەیە، قوربانییەکان هەمیشە شەهیدی لایەنێکی سیاسیین، شوناسێکی ئایدۆلۆژییان هەیە. بەڵام لەگەڵ سەرەتای سەدەی بیست و یەکدا، نەوەیەک لە کوردستانی باشوور هاتۆتە دونیاوە کە کەم تا زۆر حیزبی نییە، گەنجانێک هاتوونە سەر شانۆ کە تەعبیر لە سەرهەڵدانی دنیایەکی نوێ و سەردەمێکی تازە دەکەن و دەیانەوێت هەموو شتێکی ژیانمان بەوجۆرە کۆنترۆڵ نەکرابێت و لە ڕکێفی دەسەڵاتێکی تەسکبیندا نەبێت. ئەمانە بوونەوەری بێ حیزبن، وەک خەڵکی سەردەمەکانی پێشووتر عەشرەتێک نییە شوناسی هەڵگرن، حیزبێک نییە ببن بە شەهیدی، بەڵکو گوزارشتن لە ساتی تاکبوونەوەی مرۆڤی کورد، ساتێک نەوەیەک تێیدا لەدایکدەبێت دەیەوێت لەو شوناس و ئینتیما کۆنانە پاکبێتەوە و دونیا بە جۆرێکی تر بژی. واتە جۆرە مرۆڤێکی تازەن، جۆرە مرۆڤێکن هێشتا بۆ شوناس دەگەڕێن، بۆ زمان دەگەڕێن، بۆ ئایدیا دەگەڕێن. هێشتا پاکی ساتەکانی یەکەمی خولقاندن دەژین. سەردەشت تەعبیرە لەو نەوەیەی کە لەو مێژووە جیابۆتەوە. نەوەیەک هێشتا تەواو نەبۆتە نەوە و کامڵ نەبووە و دونیای ئەزموون نەکردوە، هێشتا ڕۆحێکی نادیارە و تاک و تەرا لێرەو لەوێ لە هەندێک کەسدا وەک خواست، وەک ئایدیا، وەک خەون بەرجەستە دەبێت، نەوەیەک نایەوێت ئەو مێژووە دووبارەبکاتەوە، نوێنەری دابڕانێکە لە ڕابوردووی ئێمە. ھەموو هێزێکی تازە کە لە هەناوی مێژوودا لە دایکدەبێت، ساتەوەختییەکی پاکیی ڕەها و قووڵی هەیە، ساتەوەختێک هەستدەکات ئەو هەڵگری گوناهەکانی پێشوو نییە، هەستدەکات دەیەوێت ئەو پاکییەی لە مێژوو و سیاسەت زەوتکراوە دووبارە بیگێڕێتەوە. ئەم ساتە خواستی هەموو نەوەیەکە پێیوابێت دەتوانێت پەیامێکی هەبێت، هەموو نەوەیەک بۆ ئەوەی بتوانێت گوزارشت لەسەرەتایەکی تازەبکات، هەستێکی نوێی پاکی و بێتاوانی لە گەڵ خۆیدا دەهێنێت، سەرەتا جگە لەو پاکییەش شەرعییەتێکی دیکەی نییە. ساتی کوشتنی سەردەشت ساتی یەکەمی ئەو هەستەیە، هەوڵی یەکەمی گەڕانەوەیە بۆ ئەو پاکییە، نەوەیەکی نوێ کە هێشتا نازانێت یادەوەری سیاسی ئێمە و خەیاڵی سیاسی نەوەکانی پێشووتر بە چ جۆرێک ئیشدەکەن و بە چ توانایەکی ترسناکی تاوان بارکراون، نەوەیەکە هێشتا دونیا لە خۆیەوە دەبینێت، دەیەوێت لەگەڵ ئەودا جۆرە ئازادییەک بێتە کایە بارنەکرابێت بە هەموو بارگە پێشینەکانی خوێن و ترس. لەگەڵ نەوەی سەردەشتدا تەواوی کۆمەڵگای ئێمە خەون بەسەرەتایەکی تازەوە دەبینێت، بە مێژوویەک تارماییەکانی رابوردوو تێیدا کاڵ ببنەوە، قۆناغێکە شەڕی ناوخۆ دوایی هاتووە، سەدام حوسەین ڕوخاوە، ئۆپۆزسیۆن لەدروستبووندایە... واتە زەمینەی خەون بینین بە شتێکی تازە و نوێوە لە هەموو کاتێک ڕەواتر و سروشتیترە، سەردەشت تەعبیرە لەو ساتەوەختە، تەعبیرە لەو خەونە کە هێشتا نەیتوانیوە تەواو شێوەی خۆی بدۆزێتەوە. لێرەوە کوشتنی سەردەشت، کوشتنێکە هەڵگری چەندین ڕەهەندی ڕەمزییە، هەم کوشتنی ئەو پاکییەیە کە ئەم نەوە تازەیە هەڵیگرتووە، هەم کوشتنی ئەو توانا تازەیەیە لەسەر ئومێد و گۆڕان و خەونبینین کە کۆمەڵگای ئێمە دەیەوێت تاقیبکاتەوە. واتە کوشتنێک نییە وەک هەر کوشتنێکی تر، بەڵکو کوشتنێکە لێکترازانی دوو زەمەن و دوو نەوە و دوو جۆرە هەستکردن لە یەک بەرجەستەدەکات. مێژووی ئێمە پڕە لە کوشتن، بەڵام کەم کوشتنی تێدایە بەو ڕوونییە هێڵی جیاکەرەوە بێت لە نێوان دوو سەردەمی جیاوازدا. کاریگەریی گەورەی تاوانەکە لەوەدایە کە تاوانێک نییە دژ بە کەسێکی دیاریکراو، بەڵکو تاوانێکی سەمبولییە دژ بەو ساتە سەرەتایی و پاکەی کە تێیدا ئەگەرێکی نوێ دێتە پێشێ. سەردەشت لە زیاد لە گۆشەنیگایەکەوە ڕەمزی ئەو پاکییە زەوتکراو و ئەتککراوەیە. کاریگەریی تاوانەکە لەسەر هەمووان ترسناک و گەورەیە چونکە لە ساتێکدایە کە هەمووان تینووی گەڕانەوەی پاکین بۆ سیاسەت، خەونێکی گەورە هەیە لە ناخی زۆربەی مرۆڤەکانی کورددا کە ئەم گەڕانەوەیە کارێکی ئەفسانەیی نییە، ڕیفۆرم و گۆڕانکاری بە شێوەیەکی سروشتی و ئاشتیخوازانە ئاسایی و چاوەڕوانکراو دەنوێنێت، کەس لەو باوەڕەدا نییە هێزێک هەبێت وەها ئاسان دەست بۆ شکاندنی ئەو خەونە گەورەیە بەرێت. كوشتنی سەردەشت وەک دانانی خاڵی کۆتایی دێت، بۆ ئەو هیوا و پلانانەی لە ساتێکدا تەواوی کۆمەڵگایەک لەدەرەوەی بازنەی دەسەڵات و لە نیهادی خۆیدا پەروەردەیاندەکات. لاشەکەی ئەو ئاماژەیە بۆ ئەو فاسیلەیەی کەوتۆتە نێوان خەونی کۆمەڵگا و خەونی دەسەڵاتەوە، کەوتۆتە نێوان ڕابوردوو و داهاتووەوە. لاشەکەی سەردەشت جێگایەکی تەواو ڕەمزییە. شوێنی پێکدادانی ڕۆحی پیر و گوناهباریی کۆمەڵگایە لەگەڵ ڕۆحی گەنج و بێتاوانی نەوە نوێکانیدا، ساتی بەریەککەوتنی ئەوپەڕی دڕندەییە لەگەڵ ئەوپەڕی پاکی، ساتی بەگەڕکەوتنی مەکینەیەکی سیاسی و عەسکەری و میدیایی ترسناکە دژ بە بوونەوەرێکی تەنها و لاواز و بێپاڵپشت، ساتی لێکترازانی تەواوەتی ئەوەیە کە هەموو شتێکی هەیە، لەگەڵ ئەوەی هیچ شتێکی نییە، واتە ساتی بەریەککەوتنی دەسەڵاتی موتڵەقە، لەگەڵ بێدەسەڵاتییەکی موتڵەقدا. ساتی جیابوونەوەی تاوان و کوشتنی مەنتیقییە لە کوشتنی نامەنتیقی... بە کورتی ساتی زەقبوونەوەی هەموو دیوە ناکۆک و پارادۆکسەکانی کۆمەڵگای ئێمەیە لەسەر جەستەی بچوک و لاوازی تاکە کەسێکدا. ھەر کاتێک سەیری مردنی سەردەشت بکەین، تەنیا لاشەی ئەو نابینینەوە، تەنیا کوشتنی ناهەقی گەنجێک نابینینەوە، بەڵکو ساتێکی مێژوویی بە هەموو ماناکانی دەبینینەوە. ئیدی سەروکارمان تەنیا لەگەڵ مردندا نییە، بەڵکو سەروکارمان لەگەڵ ئاوێنەیەکی گەورەدایە کە جگە لەوەی بکوژەکان دەموچاوی خۆیانی تێدا دەبیننەوە، تەواوی مێژووش بە هەموو ناکۆکی و ئەگەرە کوژراوەکانی خۆیەوە تێیدا دەردەکەوێت... بە کورتی لاشەی سەردەشت تەنیا لاشەی خۆی نییە، بەڵکو کایەیەکی دەلالی فرە دیو و پڕ ئاماژەیە کە جەمسەرەکانی مێژووی کۆنی ئێمە بەمڕۆوە دەبەستێت. ئیدی هێندەی کەسێک باس لە مردنی خەونێکی خۆی دەکات، لاشەی سەردەشت وەک شانیشانە بۆ هەموو مردنەکان دێتەوە یادمان و دەکەوێتەوە سەر زارمان. لاشەی سەردەشت ئەو نیشانەیەیە کە ئیدی لە ڕێگای مانای مردنی ئەوەوە، مەرگەکانی دی بۆ نیشانە و مانای خۆیان دەگەڕێن. ئەو مردنەیە کە بە جۆرێک لە جۆرەکان هەموو مردنەکانی تر خۆیانی پێدا هەڵدەواسن، تا لەودا وێنەی خۆیان بدۆزنەوە. ئەوەش دەیکات بە مردنێک بەردەوام بکرێت لە هەموو سیاق و ناوکۆییەکدا زیندوو ببێتەوە. بە کورتی لاشەی سەردەشت چیتر تەنیا لاشەیەک نییە کە پێناسەی خۆی دەکات، بەڵکو ئەو مردنەیە کە لە ڕێگایەوە مەرگ دووبارە بەجۆرێکی نوێ خۆی پێناسەدەکاتەوە. واتە ئەو ڕەمزە گەورەیەیە کە مەرگ لە کۆمەڵگای ئێمەدا پێویستی پێیەتی بۆئەوەی خۆی لە دووبارەکردنەوەی فۆرمە کۆنەکانی بپارێزێت... مەرگە دەمێک مەرگ دەموچاوێکی نوێ و ڕوخسارێکی تر بۆ خۆی دەدۆزێتەوە. بە واتایەکی تر و ڕوونتر مردنی سەردەشت فراوانکردنی ڕەهەندە سەمبولییەکانی مردنە... وشەی مردن چیتر تەنیا لەسنووری ئاماژەدا بۆ مەرگی جەستەیی ناوەستێت، بەڵکو گرێدەدرێتەوە بە کایەیەکی مەجازی گەورەوە، واتە کە باس لە مردنی سەردەشت دەکەین بەجۆرێکی مەجازی باس لە مردنێکی مەجازیانەی ژیانی خۆمان و خەونی کۆمەڵایەتییمان دەکەین، وەک مردنی هیوا، مردنی گەنجێتی، مردنی پاکی، مردنی خەونی گۆڕان، مردنی فەردانییەت، مردنی پاشەڕۆژ ... هتد. واتە مەسەلەکە هەر ئەوە نییە کە لاشەیەک هەیە و دەبێت بە ڕەمزی هەموو نائومێدییەکانمان، نا بەڵکو هەموو نائومێدییەکانمان، هەموو تێکشکانە گەورەکانمان لەم بیست ساڵەی ڕابوردوودا، پێویستیان بە لاشەیەک هەیە، پێویستیان بە دەموچاوێک و سەمبولێک هەیە... سەردەشت تەنیا لاشەیەک نییە کە دەبێتە ڕەمز، بەڵکو پێچەوانەکیشی ڕاستە، سەردەشت ڕەمزێکە کە لە مێژە بۆ لاشەیەک دەگەڕێت و لە سەردەشتدا خۆی دەدۆزێتەوە. لێرەدا مرۆڤ دەبێت تەواو لە تەفسیری «لاکان ـ لاکلاو»ـەوە بۆ چەمکی «دال» نزیک بێت، تا لە مانای ئەو ئاوەژووبوونەوە گرنگە تێبگات. لێرەدا دەبێت سێ جۆر لە مامەڵە لەگەڵ مردنی سەردەشتدا جیابکەمەوە، کە دووانیان زۆر باو ، بەڵام زۆر ترسناک و تەقلیدیین و سەردەشت دەبەنەوە ژێر خانەی هەمان مێژوو کە لێی هەڵدێت. یەکێکیان لاشەکەی سەردەشت، وەک لاشەیەکی قانونی سەیردەکات، لاشەی کوژراوێک کە دەبێت وەک هەر کوژراوێکی دیکە مانای خۆی لە پرۆسێسێکی قانونیدا وەربگرێت و لەویادا بکوژ و کوژراو جیابکرێنەوە. پێم وایە ئەم تەفسیرە ناتوانێت مانای کوشتنی سەردەشت تێبگات و لە کوشتنەکانی دیکەی جیابکاتەوە... دیارە ئەمە بەو مانایە نییە بڵێم نابێت دادگا و یاسا لەم مەسەلەیەدا ڕۆڵ بگێڕن، تەفسیری وەها بێمانا و گەمژانەیە، بەڵکو مەبەستمە بڵێم هیچ دادگایەک ناتوانێت پێمان بڵێت بۆ کوشتنی سەردەشت وەها کاریگەرییەکی گەورەی هەیە و بەردەوام لە ژیانی سیاسی و خەیاڵماندا دەنگدەداتەوە، ئەمە لە خەیاڵی هەموو قازی و یاسایەک تێدەپەڕێت و دەچێتە ناو هەرێمێکی تری تەفسیرەوە کە ئەوان دەستیان پێیدا ڕاناگات. تەفسییری دووەم، سەردەشت دەبەستێتەوە بە مێژووە تەقلیدییەکەی شەهادەتەوە لە دونیای ئێمەدا، پێی وایە سەردەشت شەهیدێکی دی ناو قافڵەی شەهیدانە، کەسێکە لە کاروانی شەهیدانی ئێمەدا جێگای خۆی گرتووە، قوربانییەکی تری ڕێگای ڕزگارییە. ئەمە بە بڕوای من لاشەی سەردەشت دەباتەوە سەر ئەو جێگایەی کە لێی هەڵهاتووە، بەزۆر دەیخاتەوە ژێر هەمان ئەو سیستمە ڕەمزییە تەقلیدیی و سەتحی و مردوەی کە سەد ساڵە ئیشی پێدەکرێت. ئەمە خوێندنەوەی مەرگێکی نوێیە بە کەرەستەی کۆن. لێرەدا سەردەشت بوونەوەرێکی سیاسی و ئایدۆلۆژی ڕووتە کە خەڵکێکی دیاریکراو، وەک هەموو شەهیدەکانی تر مۆری سیاسی خۆیانی لێدەدەن و دەیکەن بە موڵکی خۆیان... ئەم تەفسیرە سەردەشت دەگێڕێتەوە ژێر باری ئەو خانە خانە حیزبی «یان تاقمگەرایە» کە نەوەی سەردەشت بە گشتی دەیەوێت لێی دەرچێت. تەفسیری سێهەم کە من باوەڕم پێیەتی و کەم تا زۆر لەسەرەوە بەرگریم لێکرد، بریتییە لە سەیرکردنی مردنی سەردەشت، وەک «کوشتن» بە هەموو مانا فراوانەکانی، کوشتن کە دەبێت بە خەتی جیاکەرەوە لە نێوان تاوان و پاکیدا بەجۆرێکی ڕەها، دەبێت بە سەمبولی قوربانی بە مانا هەرە فراوانەکەی، قوربانییەک کە سەردەمێک لە سەردەمێکی دی جیادەکاتەوە. کوژراوێک هەمووان پێویستیان بە لاشەکەیەتی بۆ ئەوەی شوێن و جێپێی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆیان دیاریبکەن. مەرگێک تەنیا ئاماژە بۆ تاوانێکی سیاسی دیاریکراو ناکات، بەڵکو ئاماژەیە بۆ تاوان بە مانا هەرە ڕەها و گەورەکەی، تاوان لە دیوە مەجازی و فەنتازییەکەشیدا... واتە لاشەی سەردەشت گرێدەدرێتەوە بە هەموو هەست و بیرکردنەوە و عاتیفە کوژراوەکانمانەوە. گرێدەدرێتەوە بەو مافانەی کە نابێت بکوژرێن و دەکوژرێن، بە هەر شتێک کە باوەڕمان وایە نابێت ڕووبدات و ڕوودەدات، با ناماقوڵ و نەشیاو و بێمانا لە مێژووی ئێمەدا ... لێرەدایە لاشەکە وەک ئاماژەیەکی ئەبەدی لێدێت بۆ نائومێدی، نوشوست، دڵشکان ... بۆ ستەم بە مانا هەرە موتڵەق و پەتییەکەی، ستەم ساتێک ئیدی هیچ دەمامکێک هەڵناگرێت و دەموچاوە گێلەکەی خۆی وەردەگرێت یان وەک هانا ئارێنت ناویدەنێت «گەمژەیی خراپە»مان وەک خۆی بە یادا دەهێنێتەوە.


د،كامه‌ران مه‌نتك قوربانیدان له‌ پێناو سووك بوون.. له‌ چاوه‌ڕوانی ته‌قنیه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ریدا !!!   ئه‌و وانه‌یه‌ی ده‌كرێت، له‌ دۆخی ئه‌مڕۆی كوردستانی هه‌ڵێنجین، ئه‌وه‌یه‌، كه‌ به‌ته‌نیا قوربانیدان به‌س نیه‌ بۆ بونیاتنانی وڵاتێك، چونكه‌ ئه‌گه‌ر به‌ قوربانیدان بوایه‌ ئه‌وا هیچ میلله‌ته‌ێك هێنده‌ی كورد به‌ناوی كوردایه‌تی و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریه‌وه‌ قوربانی نه‌داوه‌، به‌ڵكو گرنگ ئه‌وه‌یه‌ قوربانیه‌كه‌ بۆ چی ده‌درێت و كێ رابه‌رایه‌تی ئه‌و قوربانیدانه‌‌ ده‌كات!. جێگای داخه‌ به‌رهه‌می ئه‌و قوربانیدانه‌ی كورد له‌ كاتی ئێستا له‌ ده‌ستدانی خاك و برسیی بوون و رووبه‌ڕووی سوكایه‌تی بوونه‌وه‌و بێ رێزیه‌ به‌رامبه‌ری، ئه‌و هه‌موو قوربانیه‌،‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی كۆمه‌ڵێك كه‌س و بنه‌ماڵه‌و ریسوابوونی میلله‌تێكه‌، تاوانێكی ئێجگار گه‌وره‌یه‌ ده‌رحه‌ق به‌و میلله‌ته‌ ده‌كرێت، كه‌ ئه‌و هه‌موو قوربانیه‌ ده‌دات و سیاسه‌تمه‌داره‌كانی به‌و شێوه‌یه‌ به‌ری خه‌باتی بێ نرخ و سووك ده‌كه‌ن و له‌ به‌غدا هه‌ڕاجی دكه‌ن!. دوای چندین ساڵ قوربانیدان، برسی بوون، سوكایه‌تی پێكردن، تازه‌ به‌ تازه‌ وه‌ك تاوانبارێك خۆیان ده‌خه‌نه‌وه‌ كۆشی به‌غداو ئه‌ویش وه‌كو تاوانبارو یاخیه‌ك مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كات، زۆر سه‌یره‌ به‌ ده‌یان و به‌ سه‌دان ملیار دۆلار هاتبێته‌ كوردستان و باسی ده‌وڵه‌تی كوردی و خوێنی شه‌هیدان و ....هتد بكه‌ن، كه‌چی بۆمووچه‌ی خه‌ڵك بكه‌ونه‌ سواڵ و خۆیان بخه‌نه‌ به‌ر كه‌وشه‌كه‌ی غه‌وسی به‌غدایێ، ئه‌مه‌ سیاسه‌ت نیه‌، ئه‌مه‌ سه‌رلێشێواویه‌، كه‌ له‌دواجار ده‌بێته‌ بنه‌مایه‌ك بۆ راپه‌ڕینێكی گه‌وره‌ له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا. میلله‌تان ره‌نگ بێت زۆر شت قبوڵ بكه‌ن، به‌ڵام كاتێك ده‌گاته‌ قۆناغی سووكایه‌تی پێكردن ئه‌وا ده‌ته‌قنه‌وه‌، ره‌نگ بێت ئه‌و بۆچوونه‌ رووبه‌ڕووی زۆر ره‌خنه‌ بێته‌وه‌، به‌ناوی ئه‌وه‌ی كورد هه‌رگیز هووشیار نابێته‌وه‌، به‌ پێچه‌وانه‌ی زۆر كه‌س پێم وابێت ئه‌و بێده‌نگ بوونه‌ درێژه‌ ئه‌نجامی هوشیاری و هه‌ولدان بووه‌‌ بۆ پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانی، نه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی ساویلكانه‌ شرۆڤه‌ی بۆ ده‌كرێت، بۆیه‌ له‌ ئێستادا كاتێك ده‌یانه‌وێت هه‌موو شتێك ته‌سلیمی به‌غدا بكه‌ن و وه‌ك هێسترێكی چه‌موش له‌ بن ئه‌و باره‌ خۆیان هه‌ڵدێرێنن، لێره‌ خاڵی كۆتایی داده‌نرێت و ده‌بێت چاوه‌ڕوانی ته‌قینه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری گه‌وره‌ بكه‌ین له‌ هه‌رێمی كوردستان، چاوه‌ڕوانی په‌رته‌وازه‌یی و لێكترازانێكی گه‌وره‌ی نێو مالی كورد بكه‌ین!. به‌داخه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی دابه‌شبوونێكی كرده‌یی و یه‌كجاره‌كی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌م، گۆڕان و یه‌كیتی له‌ په‌نای لامه‌ركه‌زیه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت ته‌سلیمی به‌غدا ببنه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و ته‌سلیم بوونه‌وه‌یه‌ له‌ 16 ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ ده‌ستیپێكردووه‌و شتیكی نوێ نیه‌، پارتیش له‌ په‌نای دروستكردنی ده‌سه‌ڵاتێكی یه‌كگرتوو ده‌یه‌وێت به‌شه‌كه‌ی تری هه‌رێم بداته‌وه‌ ده‌ست توركیا، له‌راستیدا ئه‌وه‌ی پارتی به‌كوردی كردووه‌ له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایدا، سیاسه‌تێك بووه‌، كه‌ هیچ هێزێكی خاوه‌ن ئیراده‌ نایكات، هه‌موو شتێك له‌ پیناو خۆی، مه‌غروری و سه‌ره‌ڕۆیی خۆبه‌زلزانینی پارتی، داروبه‌ردی كرده‌ دوژمنی كوردو یه‌كێتی كوردانی له‌ره‌گه‌وه‌ هه‌ڵته‌كان، ئێستاش سیاسه‌تی نا ته‌ندروستی پارتیه‌، هێزه‌كانی تر ناچار ده‌كات په‌نا بۆ به‌غدا ببه‌ن، ئه‌و سووكایه‌تی و رێزنه‌گرتنه‌ی پارتی به‌رامبه‌ر لایه‌نه‌كانی تر پیاده‌ی ده‌كات، ئه‌و مه‌ترسیه‌یه‌، كه‌ له‌ دوای كۆنگره‌ی ویستیڤالیاوه‌ له‌سه‌ر ئاستی نیوده‌وڵه‌تی قێزه‌ون كراوه، ‌" هه‌رگیز سووكایه‌تی به‌هێزه‌كانی تر مه‌كه‌ن، چونكه‌ ده‌بێته‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانی رق و تووڕه‌یی و دواتریش تۆڵه‌ كردنه‌وه‌"‌، بۆ نمونه‌ سوكایه‌تی كردن به‌ ئه‌ڵمانیا دوای جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی، بووه‌ هۆی دایسانی جه‌نگی دووه‌می جیهانی، بێ منه‌ت كردنی هێزه‌كانی تر، یه‌كێك بووه‌ له‌ هۆكاره‌ مه‌ترسیداره‌كانی ئه‌و قۆناغه‌، كێشه‌ی پارتی ئه‌وه‌یه‌ سه‌نگی راسته‌قینه‌ی خۆی نابینێت و هه‌میشه‌ له‌ روانگه‌یه‌كی دۆنكیشۆتانه‌وه‌ سه‌یری خۆی ده‌كات، ئه‌گینا خۆی له‌ دۆخێكدا نیه‌ شایه‌نی ئێره‌یی پێبردن بێت، ته‌نانه‌ت له‌ناو زۆنی زه‌ردیش گرنگترین شوێنه‌ ستراتیژی و سه‌ربازیه‌كانی له‌ ده‌ستداوه‌و كه‌وتۆته‌ ده‌ست توركیا، بۆیه‌ له‌ دواجاردا ده‌كرێت ته‌نیا چاوه‌روانی ئه‌وه‌ بن، كه‌ له‌ شوێنێكی توركیا وه‌ك په‌ناهه‌نده‌یه‌ك وه‌ربگیرێن. كه‌واته‌ ئێستا به‌ جدی كار له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌رێم ده‌كرێت، گومانی تیانیه‌ ئه‌و كاره‌ چه‌ند ساڵێكه‌ ده‌ستپێكردووه‌و له‌ژێره‌وه‌ دام و ده‌زگاكانی هه‌رێم ورده‌ ورده‌ به‌ به‌غدا به‌ستراونه‌ته‌وه‌، وه‌لێ ئێستا كاره‌كه‌ خێراتر و ئاشكراتر به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، زه‌مینه‌ی ده‌روونی خه‌ڵكی كوردستانیش بۆ ئه‌م هه‌نگاوه‌ خۆشكراوه‌، وایان له‌ خه‌ڵك كردووه‌ هه‌موو كێشه‌ ستراتیژیه‌كان و ئاینده‌ی خۆی به‌ چاوی گه‌ده‌وه‌ ببینێت، "خه‌ڵك ده‌ته‌قێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر مووچه‌ نه‌درێ"، ئه‌م بیكردنه‌وه‌ خۆی له‌ خۆیدا گه‌وره‌ترین سووكایه‌تیكردنه‌ به‌ خه‌ڵك و به‌رپرسیار كردنی خه‌ڵكه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو شكست و خیانه‌ی ئه‌وه‌ ده‌سه‌لاته‌ كردوویتی، راسته‌ خه‌ڵك له‌ ته‌قینه‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی مووچه‌ نا به‌ڵكو به‌هۆی ئه‌و سووكایه‌تیه‌ی ئه‌و خیزانه‌ به‌ وڵاته‌كه‌ی ده‌كه‌ن، له‌ هه‌موو راستیه‌كان راستتر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و دوو بنه‌ماڵه‌یه‌ ئیفلاسیان كردووه‌و ده‌یانه‌وێت هه‌ریمی كوردستان تێك بده‌ن، وه‌ك سه‌دام كاتێك گوتی ئه‌وه‌ی دوای من دێت ده‌بێت حوكمی وڵاتێكی وێران بكات، ئێستا ئه‌وانه‌ هه‌مان دروشم دووباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، دوای ئێمه‌ ده‌بێت كوردستان سووتماك بكرێت و بدرێته‌وه‌ ده‌ست داگیركه‌ران، مل بۆ هه‌موو كه‌سێك و هه‌موو داگیركه‌رێك كه‌چ ده‌كه‌ن و سازش له‌سه‌ر هه‌موو پیرۆزیه‌ك ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئاماده‌نین سازش بۆ یه‌كتر بكه‌ن، ئه‌و بیركردنه‌وه‌ خێله‌كیه‌، واتای بچووك بوون و هیچ نه‌بوونه‌، نه‌ك گه‌وره‌یی!. گرنگ ئه‌وه‌یه‌ له‌و قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌دا ئه‌وه‌ی كاری بۆ ناكرێت ئه‌و ئامانجه‌یه‌، كه‌ ده‌یان ساڵه‌ كورد خه‌باتی بۆ ده‌كات، هه‌ردوو سیناریۆ(ته‌سلیم بوونه‌وه‌ به‌ به‌غداو ئه‌نقه‌ره‌) له‌ خزمه‌تی كورد دانیه‌، چونكه‌ له‌ دواجاردا ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته‌ له‌ چوارچێوه‌یه‌كی هه‌رێمیدا په‌یوه‌ندیه‌كانیان رێكخستووه‌و به‌ هه‌ردوولایان رووبه‌ڕوی كورد ده‌بنه‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ سه‌ركردایه‌تی كورد له‌ ئێستادا باكی به‌ میلله‌ت نه‌ماوه‌و خه‌ریكه‌ له‌ناو له‌ناو ده‌می ئه‌ژدیهادا به‌جێیدێڵێت بۆیه‌ ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی كوردستان هه‌موو ئه‌و زوڵمانه‌ی رابردووی له‌پێناو هیوایه‌كی دیماگۆكیدا قبووڵكردبێت، ئه‌وا ئێستا چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ین په‌رده‌ی شانۆكه‌ دابخرێته‌وه‌، ده‌بێت چاوه‌ڕوانی ته‌قینه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری بكه‌ین، نه‌ك به‌هۆی مووچه‌ به‌ڵكو به‌هۆی له‌ده‌ستدانی هه‌موو شتێك و ئه‌و سووكایه‌تیه‌ گه‌وره‌ی به‌چاره‌نووسی ئه‌و میلله‌ته‌ ده‌كرێت، ده‌بێت چاوه‌ڕوانی گۆڕانكاری ئیجگار گه‌وره‌و مه‌ترسیدارو چاره‌نووس ئامێز بكه‌ین له‌ ناوچه‌كه‌دا...


چیا عەباس لەم فرە قەیرانەی یەخەی هەرێمیان گرتۆتەوە، گەلێک شێکردنەوە و هەڵسەنگاندن و بۆچون و تێرامانی جیاواز بۆ هۆکار و چارەکان  بەرچاو دەکەون، بەشە حزبی و عەقائیدیەکان لێیان دۆی خۆیان بە ترش نازانن و ئەوانی تریش لە روانگای بێلایەنی و خەمخۆریەوە جۆرەها  هەڵسەنگاندن بەیان دەکەن. ناشێت خۆمان غافڵ بکەین لە راستیەک کە مێژوی ململانێ و شەر و بەرژەوەندیە تایبەتە جیاکان کرۆکی بەشێکی ئەم هەڵسەنگاندنانەیان داگیر کردوە. کەسێک نادۆزیتەوە خەستی و ئاڵۆزی قەیرانەکان ومەترسیەکانی لەسەر ئایندەی نمونەی نیمچە سەربەخۆیی و حوکمرانی دوا سی ساڵی کیانی کوردی لە باشور نەبینێت و هەستیان پێنەکات. لە سەر ئاستی ناوخۆ پشکی شێری بەرپرسیاریەتی ئەم دۆخە لە ئەستۆی پارتی و یەکێتی و پاشکۆکانیاندایە.  وردکردنەوەی ئەم دۆخە چەند راستیەکی واقیعی ئێستامان بۆ دەسەلمێنن: یەکەم: پارتی هێزی یەکەمە و جومگە بنەرەتیەکانی حوکمرانی بەدەستەیەوە، پارتی لە دوا مەتافدا هێزێکی هۆمۆجینی هەرەمی و دیسیپلیندارە و خاوەنی ژێرخانێکی گەورەی ئابوری و پەیوەندی دەرەکی و سەربازی و هەواڵگریە. مێژوی پارتی لە دوای راپەرینەوە دەیسەلمێنێت بۆ پاراستنی پێگە و بەرژەوەندیەکانی سڵ لە زۆر کار و رەفتار ناکاتەوە. دوەم: یەکێتی مام جلالی نەماوە، ئێستاشی لە گەڵدا بێت هێزێکی پەرتەوازەیە و خاوەن دیدگا و سیاسەتی یەکگرتو نیە، هێزێکە ئاستی جەماوەری و سەربازی و دەسەڵاتی لە ناوچەکانی نفوزیدا زۆر کاریگەر و بێ رکابەرن. پێگەی یەکێتی لە حکومەتی هەرێمدا شایستەی ئەوە نیە حەسودی پێببەیت، لەلایەک بەناو شەریکە لە گەڵ پارتی و لە لاکەی تریشەوە لەم دۆخەدا بە هەڵمەتێکی راگەیاندنی ئاراستەکراو مەبەستیەتی خۆی لەو شەراکەتە لە رابوردو و ئێستادا بێبەری بکات.   سێیەم: دوای وەفاتی نەوشیروان مستەفا پێگەی گۆڕان و هێزەکانی تری ئۆپزسیۆن ئەوەندە داکشاوە کە شتێکی ئەوتۆی کاریگەرداریان پێنەکراوە و ناشکرێت، تایبەت گۆڕان وەک پاشکۆیەکی بێدەنگ چاوبازی لە گەڵ هەمو دەکات. چوارەم: کارتەکانی بەغدا نەک تەنها لە بەرژەوەندی کوردا نین، بەڵکو چاوەروانی مەترسی گەورەشیان بۆ سەر باشوری کوردستان لێدەکرێت. لەم نەخشە سیاسی و هاوسەنگی هێزەدا هیچ لایەنێک ناتوانێت ئەوی تر بسرێتەوە، هەر هەوڵێکی لەو جۆرە کارەساتی زۆر گەورەی لێدەکەوێتەوە. لەم دۆخەدا پاراستنی حوکمرانی کورد مەبەستی بنەرەتی و یەکەمە، لە دەستدانی ئەو حوکمرانیە یاخود لاوازبونی بەرچاوی دەمان گەرێننەوە بۆ سەرەتای دوای راپەرین. حوکمرانی پارتی و یەکێتی، شەری ناوخۆ و دو ئیدارەیی، رێکەوتنی ستراتیژی نێوانیان، بەشدار بونی هێزە ئیسلامیەکان و گۆڕان لە حکومەتدا هەمویان تاقیکراونەتەوە، دوا ئاکامی ئەم رۆژەیە کە تێی کەوتوین. هۆکارەکان فرە رەگ و سەرچاوەن و شاردراوەش نین، هەر هێز و کەسایەتیەک بە رێژەی خۆی بەرپرسە. زیاتر لە دە ساڵ لەمەوپێش بە چەند نوسینێکی ئاشکرا هەواداری هەرێمێکی سەربەخۆی سلێمانی و هەڵەبجە و چەند ناوچەیەکی تر بوم، ئێستاشی لە گەڵدا بێت گەر دۆخی نێودەوڵەتی و ناوچەکە و عێراق و کوردستان گونجاو بن بە هەنگاوێکی گەورەی دەزانم بۆ سەقامگیری و بەرەوپێشچونی باشوری کوردستان. ئێستا زۆر ئەستەمە، چونکە حکومەتی عێراق باڵادەستە و چاوەروانی خێری لێ ناکرێت، ئەو گرژیانەی نێوان بەغدا و هەولێر لە مەقامی یەکەمدا پەیوەستن بە شەرکردن لە سەر پشكیان لە داهاتی نەوت، بەغدا ورد و کەوەرجنین ئاسا کورد دەدۆشێت، کاتێک خێریشی تێدا نەما پێمان پێدەکەنێت، لەوە نزیکبۆتەوە چونکە هەر ئەوانە بون لە سەردەمی ئەنفال و کیمیاباراندا بۆ یەک چرکەش بیریان لە تەسلیمبون بە بەغدا نەدەکردەوە  ئێستا دەسەڵاتدارانی هەرێم بەهۆی کەمی پارەی نێردراو لە بەغداوە، کە خۆیان هۆکاری سەرەکین، دەڵێن ئامادەن هەمو نەوت بە خۆشیانەوە تەسلیم بە بەغدا بکەن. ئەمریکا لە ماوەی ٢٤ سەعات دوای ریفراندۆم کرۆکی پێکهاتەی سیاسی هەرێمی گۆری و لە نزیکەوە چاودێری و کارئاسانی بۆ کارەساتەکانی ئۆکتۆبەر کردوە. هەرێمێکی سەربەخۆی سنوردار لە گەڵ ئێران کە بەشێکی بەرچاوی پێکهاتە سیاسیەکانی دۆستی نزیکی ئێران بن لە ئێستادا بۆ ئەمریکا هیڵی سورە، ئەو تەرکیزی لە سەر دروستکردنی پێگەیەکی بەهێزی سەربازی و هەواڵگریە لە کوردستان و بۆ ئەو مەبەستە پشتئەستوریشە بە پێگەی پارتی لە حوکمرانیدا.  چەمکی لامەرکەزیەت تەوەرێکی کۆنە و کارکردن لەسەری بچێک لە کێشەکانی هەرێم هێور دەکاتەوە.        ئێستا لەم دۆخەدا لەو باوەرەدام بیر لە گۆرینی شێوازی حوکمرانی بکەینەوە و ئەزمونێکی نوێ لە بری ئەم ئەزمونە سواو و ئیفلیجە بگرینەبەر. دروستکردنی حوکمرانی طەوارئ بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بەم شێوەیەی خوارەوە: یەکەم: ئەنجومەنی باڵای هەرێمی کوردستان دروست بکرێت، پێکدێت لە: - نوێنەرانی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەرێژەی ژمارەیان، - پارێزگارەکانی هەرێم و بەرپرسانی ئیدارەکانی گەرمیان و راپەرین، - چوار نوێنەری ئەنجومەنی وەزیران لە سەر ئاستی وەزیر یا جێگری وەزیر، - جێگرێکی سەرۆکی هەرێم و نوێنەرێکی تری سەرۆکایەتی هەرێم، - چوار نوێنەری فراکسیۆنەکانی کورد لە بەغدا و شەش نوێنەر لە کوردستان، - ژمارەیەک نوێنەرانی بێلایەنی کەرکوک و ناوچە زەوتکراوەکانی تری کوردستان، - ژمارەیەک لە کەسایەتی ئاینی و رۆشنبیرو و نیشتمانپەروەری بێلایەن، - چەند نوێنەرێکی بێلایەنی رەوەندی کوردی.  دەسەڵاتەکانی ئەم ئەنجومەنە بێجگە لە چاودێریکردنی حکومەت و پەسندکردنی بریارەکانی بەرێژەی ٦٠-٦٥% ی دەنگی ئەندامانی، بە تەشاور لە گەڵ حکومەتی هەرێم سیاسەتی هەرێم بۆ پەیوەندیەکان لە گەڵ حکومەتی بەغدا دیاری دەکەن. سەرۆکی ئەم لیژنەیە کەسایەتیەکی بێلایەن بێت، جێگرێکی کەسایەتی ئاینی سەربەخۆی هەبێت، ئەنجومەن نێوان خۆیان رێکدەکەون لە دروستکردنی دەستەی سکرتاریەتی ئەنجومەن و رێکخستن و دابەشکردنی ئەرک و دەسەڵاتەکان.    دوەم:  پەرلەمانی کوردستان، هەڵپەساردنی ئەرکەکانی چاودێری و لێپرسینەوەی پەرلەمان، سەبارەت بە پرۆژە یاساکان دەبێت ئەنجومەنی باڵاش پەسندی بکات، لە حالەتی جیاوازیدا رێگا یاساییەکان بۆ یەکلاییکردنەوە بگیرێتە بەر. سێێەم:  لە ئەنجومەنی باڵا گڤتوگۆ و باسکردنی چروپر دەرباری شێوازی بەرێوەبردن و چاودێریکردنی وەزارەتی پێشمەرگە و ئاژانسی هەواڵگری بە هەماهەنگی لە گەڵ حکومەتی هەرێم بکرێت.  دەزانم ئەم پرۆژە پێشنیازکراوە بێ کۆسپی گەورەی یاسایی و سیاسی و حزبی   ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەرچۆنێک بێت بۆچونێکە بۆ هەوڵێکی قورتاربونی دەستەجەمعی لەم دۆخە و چەندیش رزگار دەکرێت رزگار بکرێت. بەدیلەکانی ئەم دەستەجەمعیە بەهێزە جیابونەوە ، راپەرین. گەرانەوە بۆ دو ئیدارەیی و شەری ناوخۆیە.  


زانا توفیق بەگ  بێگومان لە دوای ئەوەی کە هەرێمی کوردستان بۆ جارێکی نوێ بەرەو قۆناغێکی تری قەیرانی دارایی هەنگاو دەنێت وە تواناکانی حکومەتی هەرێم بەرەو کەم بوونەوە دەڕوات ،  بەتایبەتی لە پێدانی مووچەی فەرمانبەران و کەرتەکانی بەڕیوەبردن و خزمەتگوزاری گشتی دا. لەم قۆناغە دا سەرۆکی حکومەت  باشترین هەلی چارەسەرکردنی دۆخی دارایی هەرێم بۆ ڕەخساوە کە سەرلەنوێ بەدروستکردنەوەو داڕشتنەوەی هەیکەلی سیستەمی بەڕیوەبردنێکی تۆکمە وزانستی  بەتایبەتی لە بواری مووچەو بڕینی مووچەی نایاسای گەڕانەوە بۆ خەزێنەی حکومەت لەڕێگای چاکسازی لە کۆی گشتی کەرتەکانی بەڕیوەبردنی دەزگاکانی حکومەتدا ،  وە سەرلەنوێ دروستکردنی سیستەمێکی بانکی و دارایی کە لەگەڵ شێوازەکانی سیستەمی بەڕێوەبردنی دنیای پێشکەوتوودا بگونجێ ، وەهەموو فەرمانبەرێك بەپێی  یاسا مووچەو دەرماڵەکانی دەستنیشان بکرێت وە لابردنی ئەو سیستەمە گەندەڵەی ئێستا کە زۆر بێکەڵک و بی مانایە بۆ پێدانی مووچەو کۆکردنەوەی باج و دەرامەتەکانی حکومەتی هەرێم کوردستان.  بۆیە پێویستە زۆر بەڕاشکاوی هاوار بکەین بلێن ئیتر لێرەدا پێویستە سەرۆکی حکومەت بەبێ گوێدانە پلەو ئاستی بەرپرسیارێتی هەرکەسێ لەناو هەر گرۆپ و دەسەڵاتێکی حیزبی و تەنانەت حکومیدا بێت  دەست بکرێت بە بڕینی ئەو مووچە ناشایستانەیەی ئەو کەسانە  کە بۆتە هۆی دروستکردنی نایەکسانی لە پێدانی مووچەدا و جارێکی تر سەرلەنوێ هەوڵی فۆڕمەلەکردنی سیستەمی ئیداری هەرێم بدرێت وە شێوازی مووچە لەسەر بنەمای کەفائەت و شارەزایی و خزمەتکردن بەرامبەر بە دەزگاکانی دەوڵەت و هاووڵاتیان بێت . وە سەنگی مەحەك بۆ وەرگرتنی مووچە لە هەرێمی کوردستان دا بە کۆمەڵی پێوەری زانستی و ائیداری بێت نەك لەسەر بنەمای دڵسۆزی بۆ دەسەڵاتی سیاسی. بەڕێز جەنابی سەرۆک وەزیران، بەڕاستی ئەوە مەحاڵە هاووڵاتاین  بڕوا بەوە بکەن  کاتێك کە وەزارەتی دارایی دەڵێت بوجە نیە بۆ پێدانی مووچە بەڵام  لەبەرامبەر ئەوەدا سەفەرو و خۆشگوزەرانی و مووچەی های لایڤ بۆ  وەزیر و وەکیل وەزیر بەڕێوەبەرە گشتێکان  بەرپرسە حیزبێکان و خوا پێداوەکانی ناو دەزگاکانی بەشێك لە حیزب و حکومەت بە جۆرێكە ،کە زۆر جیاوازتر نیە لەو  خەڵکە ملیونێرانەی  ئەوروپا کە لە ئەنجامی ئێش و کارکردن و خوێندن و دانی باج بە دەوڵەت بەشێوەیەکی یاسای  دەوڵەمەند بوون بە پارەی عارەقەی ناوچەوانی خۆیان . هەروەها تەماشاکە لە جیاوازی بڕی ئەو مووچانەی کە کۆمەڵی خەڵك بە شێوەیەکی نایاسای وەریدەگرن لە ژێر تایتڵی پلەی وەزیفی ئیداری یان سەربازی کە تەنها رۆژێك کاربەدەستی حکومەت نە بوون هیچ سودێکی گشتیان نە بووە یان بڕی ئەو پاسەوانانەی کە بەناوی جیاجیاو لەسەر میلاکی ‌هێزەکانی پێشمەرگە مووچەی بندیوار وەردەگرن وە هیچ سودێکی گشتیان نیە . بۆیە من بڕوام بە  توانای بەڕێزت زۆرە کە بتوانی بە کۆمەڵی بڕیار و ڕێنومایی بەتایبەتی جارێکی تر بە پرۆژەیەکی قانونی چاکسازی فراوانتر لەوی پێشتو تر یان  دروستکردنی دەزگاکایەکی تایبەتی کە بەڕیزت خۆت سەرپەرشتی بکەیت یان  سەربە نووسینگەی بەڕێزت بێت بڕیاری کەم کردنەوەی هە موو ئەو مووچانە بدەیت کە بوونەتە جێگای ناڕەزایی خەڵکی کوردستان. جگەلە کەم کردنەوەی مووچەی دەزگا سیادێکان  لەگەڵ  بەرپرسانی سیاسی بەڵکو پێداچوونە بە مووچەی دەسەڵاتی دادوەری و پزیشکەکان ودەزگاکانی تری سەربە ئەنجومەنی وەزیران دا بکرێت یان لە بەرامبەر ئەو مووچە زەبەڵاحە کە پێان ئەدرێت باج و ئەرکی زیاتریان بخرێتە ئەستو بۆ یەکسان کردنەوەی مووچەکانی تری فەرمانبەرانی ئاستەکانی خوارەوە و مووچەی شەهیدان و کەم ئەندامان . من بروام وایە ئەم قۆناخە تازەیەی دوای کڕۆنا باشترین دەرفەتە بۆ بەڕێزت  لە کابینەی نۆیەمدا کە بتوانی بێ دوودڵی   بڕیارێکی کۆنکرێتی بدەیت سەبارەت بەو نایەکسانیەی کە لە سیستەمی بەڕیوەبردنی حکومەت و تەنانەت سیستەمی سیاسی هەرێم دا پەیڕەو دەکرێت بۆ سەرلەنوێ گەڕانەوەی متمانەی حکومەت لای هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان چۆنکە ئەوەی لە ئێستادا خەڵکی داوای دەکەن لە کابینەکەی بەڕێزت  لە  دابینکردنی مووچە بۆ فەرمانبەران کە ئەمە مافێکی سروشتی و یاسای هەر کاربەدەستێکی حکومەتە .  بە بڕوای من بۆ چارەسەرکردنی  لایەنی کەمی دابینکردنی مووچە دە بێت  لایەنی پەیوەندار بە زووترین کات بڕیاری   گەڕانەوەی کۆمەڵی داهاتی نایاسای  کابینەکانی پێشوتر بدات بۆ کەم کردنەوەی  بەشێك لە موعاناتەکانی هاووڵاتی و هاوکات  هەستکردن بە جدێتی بەڕێزت بۆچارەسەرکردنی دۆخەکە  وە بڕیاردان لە بڕینی ئەو مووچانەی کە پێ دەوترێت خانەنشینی تایبەتی کە پێم وایە لە هیچ سیستەمێکی دنیادا بوونی نیە .     


هونەر تۆفیق ئەڵمانەکان بەبێ لودڤیش ئێرهارد ، شانازی بە ئابووریەکەیانەوە ناکەن . چونکە ئەو لەناو کەلاوەکانی وێرانەی پاش جەنگدا موعجیزەی بوژانەوەی ئابووری وڵاتەکەیانی لە تیئۆرە ئابووریەکەیدا ( خۆشگوزەرانی بۆ هەمووان -Wohlstand für Alle) بۆ بەدیهێنان . لەکاتێکدا مارکی ئەڵمانی بەهاکەی هەر بایی ئەوەندە بوو خەڵک بۆ داگیرسانی ئاگردانەکان دەیانسوتاند ، هیچ شتێکی دیکەی نەدەکرد . ئەو ساحیرە لە حکومەتەکەی ئەدیناوەردا وەزارەتی دارایی گرتە دەست و سیستەمی ئابووری ئەڵمانیای پاش جەنگی بەپێ ی تیئۆرە ئابووریەکەی خۆی دامەزراند کە دروستکردنی بازاڕی کۆمەڵایەتی - Soziale Marktwirtschaft بوو .دواتر وڵاتانی وەک یابان ، فەرەنسا ، سکەندەنافیا ، هۆڵەندا پەیڕەویان کرد ، هەمووان سەرکەتووبوون لە دامەزراندنی ئابووریەکی بەهێز بۆ وڵاتەکانیان . هەندێک لە وڵاتە عەرەبیەکانیش بەپێ ی عەقیدەی سیاسی دەوڵەتەکانیان بەکرچوکاڵیەوە ئابووری بازاڕی کۆمەڵایەتیان ئەزموون کرد . وەک ئەزموونی سەرەتای حکومەتەکەی سەدام بەناوی جەمعیاتی تەعاونی ( کۆمەڵەی هەرەوەزی ) یەوە . بەڵام چونکە دەوڵەت و حیزب خاوەنداریەتیان دەکرد . سەرکەوتوو نەبوون . ئابووری بازاڕی کۆمەڵاتی وەک لە تیئۆرەکەی ئێرهارددا هاتووە نە سۆسیالیزمە کە موڵکی دەوڵەت بێت ، نە لیبریاڵیشە سەرمایەداری قۆرخی بکات . بەڵکە ئابووریەکی هەرەوەزی ناو کۆمەڵگە خۆیەتی ، وەک بازنەیەک حەلقەکانی یەکتر تەواو دەکەن . لە ڕێگای کۆمپانیا هەرەوەزی ( پشکدار)ە بچوکەکانە و پێداویستیەکانی کۆمپانیا گەورە پشکدارەکان بەرهەمدەهێنن . لەبری حکومەت ، سەندیکاکان ڕۆڵی پەیوەندی و ڕێکخستنی کار و بەگەڕخستن دەبینن . ماف و ئەرکەکانی کار و بازاڕ دەپارێزن . سەندیکاکان دەبن بە نێوەندێک لەنێوان حکومەت و بازاڕی کۆمەڵایەتیدا . ڕۆڵی حکومەت تەنیا ئەوەدەبێت زەمانەتی تەندروستی و ئەمنی کار و کرێکاربکات و بەشە باجی خۆشی لە داهاتی بازاڕ کۆبکاتەوە ، پرۆژە خزمەتگوزاریەکانی وڵاتی پێ ئەنجام بدات . لەو پرۆسەیەدا هەمووان ئازادن و مافیان پارێزراوە ، لەهەمان کاتیشدا دەبن بە تەواوکاری یەکتر . بۆیە ئێرهارد تیئۆرەکەی ناوناوە خۆشگوزەرانی بۆ هەمووان . ئەو بازاڕە کۆمەڵایەتیەی ئێرهارد لەماوەی هەڵبژاردنەوەی هەرسێ حکومەتەکەی ئەدیناوەردا ١٩٤٩ بۆ ١٩٦٣ ئەڵمانیای لە کەلاوەیەکی وێرانی پاش جەنگەوە هەستانەوە بۆ ئاستی سێهەم هێزی ئابووری لە جیهاندا . بە پەندوەرگرتن لە ئەزموونی هەستانەوەی ئابووری ئەڵمانیا ، لەوە تێدەگەین هەموو هەستانەوە و بوژانەوەیەک بە گەڕانەوە بۆناو خودی کۆمەڵگە دێتەدی . ئینجا بە نەهێشتنی قۆرخکاری حکومەت و حیزب لەبازاڕ و ئابووری وڵاتدا . ڕۆڵی حکومەت دەبێت تەنیا پشتیوانی بێت لە پرۆژە هەرەوەزیەکانی ناو بازاڕ و زەمانی پەیوەندیەکانی نێوانیان بکات . شتێک لەو ئەزموونە ئەڵمانیەوە کە کەمتر بینراوە ، سیاسەتی ئابووری ئەڵمانی پاش جەنگ گەڕانەوە بووە بۆ ئابووری کشتوکاڵی ناوخۆ . بەر لە پیشەسازی ، ئابووری کشتوکاڵی ئەڵمانی بوژێنراوەتەوە چونکە یەکەم بۆ چارەسەری برسێتی پێویستی سەرەکی بووە ، ناچاری بەروبوومی دەرەکی نەبوون . دووهەمیش پرۆسەی بوژانەوە لە کەرتی کشتوکاڵدا خێراتر دێتەدی بەپێ ی مەوسمی وەرزەکانی ساڵ . بەڵام پیشەسازی سوڕێکی چەند ساڵەی درێژخایەن ترە .


ساڵح ژاژڵەیی لە دەست پێكردنی شۆڕشی ئایلولەوە هەتا ئەم ساتەی ئێستا ، هیچ كاتێك  كوردی باشور وەكو  ئێستا بێ ئومێد نەبون . وەكو ئێستا  ئایندەیان  مەترسیدار نەبوە . وەكو ئێستا چارەنوسیان  نا دیار نەبوە .    هیچ  ئاسۆیەكی ڕونیان لەبەردەمدا نەماوە  . لە ڕاستیدا ئەمە ئاشبەتاڵی ساڵی 2020 كوردە  بەڵام لە بەرگێكی ترو لە فۆڕمێكی تردا. ئەم ئاشبەتاڵە زۆر مەترسیدار ترە لە ئاشبەتاڵی 1975  و ئەمەشیان هەر پارتی و بنەماڵەی بارزانی بەسەر كوردیان هێنا .  ئەمەیان ئاشبەتاڵی بی َئومێدبونە ، بێ ئیرادە بون و تەسلیم بونە . ساڵی 1975 ئاشبەتاڵمان كرد ، بەڵام شاخەكانمان لە دەست نەدا . ئەمجارەیان پێش ئەوەی ئاشبەتاڵ بكرێت شاخەكانیش ڕادەستی دوژمن كراون .   مەسعود بارزانی نێوەی بادینانی تەسلیم بە توركیا كردوەو ئەوەتا خەریكە زینوی وەرتیش تەسلیم بە توركیا بكات  پەكەكە دەپەڕێنێت . 6-7 هەزار ئاوارەی سوری چەكدار كردوە بۆ ئاژاوە نانەوە لەناو كوردانی سوریادا . ئاشبەتاڵی سیاسی ئەمجارەمان  بە لەدەستدانی سامانی ژێر زەوی  نەوەكانی داهاتومان تەواوبوو .  بەدەستی خۆمان ماڵی خۆمان وێران كرد شاخ و سامانی سەر زەوی و ژێر زەویمان لەدەستدا  .   سەركردەكانی كوردی باشوور  خاوەنی  بەرنامەو ستراتیج و  ئەجیندای نیشتمانی نەبون . شارەزای  سیاسەت نەبون . بە میزاجی شەخسی و بۆ بەرژەوەندی  خۆیان و بنەماڵەو حیزبەكانیان ئیشیان كردوە .  خەلكانی ئەنانی و  خۆپەرست بون.  گوێیان بۆ كەس نەگرتوە . پارتی بێ  ڕەزامەندی  هاولاِتیان  تاك لایەنە   دەستی بە دەرهێنان و فرشتنی نەوت كردو  هەرێمی كوردستانی توشی ئیفلاسی سیاسی و دارایی كرد.   مەسعود بارزانی تاك لایەنە  بڕیاری ڕیفراندۆمی داو بەو هۆیەوە نیوەی خاكی كوردستانمان لە دەست دا . ئەم كارەساتەی ئێستای بەدوادا هات. گەڕانەوە بۆ بەغدا وتەسلیم بونی كورد  بەبێ مەرج تەنها لە پێناوی موچەدا ،خۆی لە خۆیدا ئاشبەتاڵە . هیچ باسێك لە بەغدا نییە جگە لە باسی موچە .  مادەی 140 و كێشەی  ناوچە دابڕێنراوەكان  كرانە قوربانی هەڵەی ئەم سەركردە تاڵانچیانە .   لە هەموی سەیرتر ئەوەیە وەڤدی كوردی لە بەغدایە  بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی ، بەڵام ئەندازیاری بەتاڵابردنی نەوتی كوردستان ، ئەندازیاری  ئیفلاسكردن  بە هەرێمی كوردستان  تا دەگاتە لە دەستدانی قەوارەی هەرێمی كوردستانیش  ئاشتی هەورامی لێی بەرپرسیارەو ئەندامی وەڤدەكە نییە  . ئەمە پرسیارەو وەڵامی دەوێت .  لە ئێستادا حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بارودۆخێكی زۆر  خراپدایەو هەموو دەرگاكانی بە ڕودا داخراون  .  ژێرخانی ئابوری هەرێمی كوردستان لە ئاستی سفردایە . لە ساڵی 2020 هیچ موچەیك نەدراوە. حكومەتی عێراقیش قسەی سوارەو لە مەركەزی قوەتەوە قسە دەكات ، چونكە حكومەتی هەرێم پابەندی ڕێكەوتنەكەی نێوانیان نەبوە .  لە ئێستادا حكومەتی هەرێم ڕازییە  هەموو دۆسییەی نەوت ڕادەستی  بەغدا بكاتەوە  لە بەرامبەر ئەوەی بەغدا موچەی فەرمانبەران بدات ، بەڵام   حكومەتی بەغدا هەر بەڕادەستكردنی  نەوت ڕازی نییە بەڵكو داوای داهاتی گومرگ و ناوخۆش دەكات . كەواتە كورد هیچ كارتێكی بەدەستەوە نەماوە جگە  لە تەسلیم بون . تەسلیم بونیش بەمانای ئاشبەتاڵی سیاسی .                           ئایندەی خەڵكی كوردستان بە كوێ‌ دەگات ؟؟.      هەروەكو لە سەرەوە وتم لە ساڵی 2020 حكومەتی هەرێم موچەی نەداوە .   لەوانەیە خەڵك هەرچۆنێك بێت  بەرگەی دوو مانگ یان سێ مانگی تر بگرن ، بەڵام دواجار باری  گوزەرانی خەڵك زۆر خراپ دەبێت و شیرازەی پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكانیش لەبەر یەك هەڵدەوەشێـت .  هاولاِتیان  دەگەڕێنەوە بۆ ساڵانی نەوەدەكانی دوای ڕاپەڕین .  بەدوریش نازانریت  دواجار ئەمە سەر نەكێشێت  بۆ ئەنجامدانی ڕاپەڕێنێكی گەورە.  تا ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان هەر ناو بوەو چەترێك بوە بۆ شاردنەوەی كارە قێزەونەكانی دوو حیزبی دەسەڵاتدار . لە ڕاستیدا   دامەزراوەیەكی پۆلیسی تاڵانچی  تۆقێنەربوە  نەك حكومەت .  ئەم حوكمڕانیەی ئێمە لە بنەڕەتەوە بۆ تاڵانی سامانی ئەم وڵاتە دروست بوە و هەر واش دەرچوو .  مام جەلال و مەسعود بارزانی چون بۆلای پۆڵ  برێمەر لە جیاتی داوای  گەڕانەوەی خاكی كوردستان و كەركوك  بكەن، داوای پارەو پۆستیان كرد . زیاتر لە ملیارێك دۆلاریان وەرگرت و ئێستاش بۆ كەركوك دەگرین .  ئەم دوو سەركردە مەزنە تا دروستبونی گۆڕان مانگانە هەر یەكەی 35 ملیۆن دۆلاریان لە بودجەی هەرێم دەبرد بۆخۆیان .  ئەم دوو بەڕێزە  4 ملیار دۆلاری  شیرینی گریبەستە نەوتییە كانیان بە یەك گوژمە  بۆخۆیان برد  لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان ئێستاشی پێوەبێت كارەبای نییە .  پاشماوەی ئەنفال ئاوی خواردنەوەیان نییە . بەم پارەیە ژێرخانی ئابوری هەرێمی كوردستانی پی َبنیات دەنرا .  بۆ ئاگاداری هەمولایەك پارەی شیرینی هەر ئەوە  نەبوە .  كەواتە ئومێدێك نییە لە ژێر سێبەری حوكمڕانی  نەوەی ئەم سەركردانە هیچ پێشكەوتنێك بەدەست بێت جگە لە ماڵ وێرانی  .  پیرەمێردی نەمریش دەڵێت : دزو پاسەوان كردەیان یەك خەن   - گاجوت بە كونەبانا سەردەخەن  هەرگیز بە لیژنە ناكرێ‌ چاكسازی - چۆن شەریكە دز دەكرێ‌ بە قازی                         ئەركی هاولاِتیان لەم قۆناغەدا چییە؟؟.  دۆخەكە زۆر مەترسیدارە . پارتی دەستی گرتوە بەسەر هەموو جومگەكانی دەسەڵاتدا . ئیفلاسی بە هەرێمی كوردستان كردوە . سامانی ئەم وڵاتەی تاڵان كردوە .  دۆسیەی نەوت لە خۆیان زیاتر كەسی تر ئاگای لە هیچ نییە . پەڕلەمانی بێ دەسەڵات كردوە . لە ئێستادا حكومەتێكی پۆلیسی تاڵانچی تۆقێنەر  حوكمی هەرێمی كوردستان دەكات و سەرۆكەكەی  وەكو قوتابیانی پۆلی یەكی سەرەتایی سەیری وەزیرەكان دەكات . هیچ وەزیرێك ناتوانێت بڵێ بەرنامەم ئەمەیەو دەمەوێت ئەوەبكەم . بەڵكو دەڵێت : داوام كردوە ئەوە بكرێت . واتە بڕیار لای وەزیر نییە . یەكێتی بەقەدەر پارتی تاوانبارە . ئەگەر شەریك نییە لە گەنەڵیەكان  بۆچی بۆتە پشتیوانی ئەم حكومەتە پۆلیسیە .  لێرە بەدواوە گاڵتە بە خۆكردنە  كارمەندانی تەندروستی و مامۆستایان و كەم ئەندامان و فەرمانبەران و موچە خۆرەكانی تر جیابەجیا  مان بگرن و خۆپیشاندان بكەن .   حكومەت  حساب بۆ ئەو جۆرە خۆپیشاندانانە  ناكات چونكە پێشتر خەڵكی تاقیكردۆتەوە  . كاتی ئەوەیە  هەموو چین و توێژەكان بەیەكەوە دەست بكەن بە خۆپیشاندان و داواكاریان هەبێت . نابێ چیتر ئەم بارودۆخە قبوڵ بكرێت .  لە ڕاستیدا بونی حكومەتێكی ئاوا ماڵ وێرانكەر مانایەكی بۆ مانەوە نەماوە . پەڕلەمانێكی بێدەسەڵات  نەبونی  باشترە . دەزگای سەرۆكایەتی هەرێم هەر لە بنەڕەتەوە زیادەیە .ئەم  سی َدامەزراوەیە  و بارەگای بارزانیش  خەرجییەكی زۆریان هەیە و بونە بارێكی قورس بەسەر قوتی هاوڵاتیانەوە . .كاتی ئەوەیە  هێزی پێشمەرگە بێنە سەرخەت و داوابكەن  لیستی ناوەكانیان  پاك بكرێتەوە  لە ناوی  بندیوار و ئەندامانی حزبی پارتی . با هیچی تر پێیان نەڵێن  میلیشیای حیزبی    .  كاتی خۆی حكومەتی بەغدا ڕازی بوو ناوی 70 هەزار پێشمەرگە بخاتە سەر وەزارەتی بەرگری و هەموو موچەو پێداویستیان بۆ دابین بكات .  ئێستاش و ئەو كاتەش  70 هەزار پێشمەرگەی ڕاستەقینەمان نەبوە . ئەگەر ئەوە قبوڵ بكرایە ، موچەكانیشیان زیاتر و مسوەگەرتر دەبوو .  بەڵام پارتی بۆ شاردنەوەی ناوی بندیوارەكانی لەناو لیستی پێشمەرگەدا ، ئەوەی قبوڵ نەكرد  و ئەو زیانەشی بە پێشمەرگە گەیاند. هەتا ئێستاش  لیستی ناوەكانی هێزەكانی 80 نەداوە بە وەزارەتی پێشمەرگە  لە پێناوی  شاردنەوەی ڕاستییەكان  كاتی ئەوەیە  هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگا هەموو موچەخۆران .  ڕێكخراوەكانی  كۆمەڵگای مەدەنی  ، ڕۆشنبیران  ، هەموو خوێندكاران ، هەموو دەرچوانی زانكۆو پەیمانگاكان ، مامۆستایان و خوێنكاری زانكۆكان  كە ئایندەیان وەك تاریكە شەو وایە بەیەك جار بێنە دەنگو بە نوسراو داوا لە حكومەت بكەن :  كاتی ئەوەیە  دان  بە شكستی خۆتاندا بێنن .  پارە دزراوەكانی میللەت بهێننەوە . واز لە قۆرخكردنی بازاڕ بهێنن . واز لە تاڵانكردنی پارەی گومرگەكان بهێنن . واز لە داگیركردن و دابەشكردنی زەوی وزار بهێن . ئەو 7  هەزارئاوارەی سوریا كە پارتی كردونی بە موچە خۆر بۆ دژایەتی كوردانی سوریا ، موچەكەیان ببڕن و لە بری ئەوە بیدەن بە كارمەندانی تەندروستی  .  ئەگەر وەلاِمیان  نەبو  دەست بكرێت بەمانگرتن و خۆپیشاندانی سەرانسەری لە هەموو شارو  شارۆچكەكان هەتا وەڵامی داواكاریەكان دەدەنەوە .  پێیان بگوترێت : بەسە ماڵ وێرانكردن ، بەسە تاڵانی ، بەسە كوشتن و سزادان ، بەسە كلكایەتی بۆ دوژمنان ، بەسە قۆرخكردنی دەسەڵات و تاڵانكردنی  سامانی نیشتمان .  پێیان بگوترێت :  ئێوە  لە دوای 29 ساڵی حوكمڕانیتان  سەركەوت و نەبون و وڵاتتان توشی كارەسات كرد. ئەوە 5 مانگە موچەتان نەداوە. ئیتر بەس نییە تاڵانی قوتی ماڵ و مناڵمان و چیتان لێمان دەوێت .  تكایە بە ئاشتیانە دەست بەرداری دەسەڵات ببن .   ئەگەر وەڵامی خۆپیشاندەرانیان نەدایەوە ، هاوڵاتیان بەكۆمەڵ دەست بە ڕاپەڕینی سەرانسەری بكەن ، داوا بكەن  حكومەتێكی ڕزگاری نیشتمانی لە كەسانی تەكنۆكرات و بێلایەن و دەسەت پاك و نیشمان پەروەر پێك بهێنرێت .  ئەوە حەقی شەرعی و یاسایی  میللەتە  . ئەم دەسەڵاتدرانە  ماوەی 29 ساڵە بۆخۆیان كاردەكەن و ئێمەش بۆ ئەوان .  لەبری ئەوەی گۆمەڵكا بە باشی بەڕیوەبەرن  و ژیان وگوزەرانی خەڵك باش بكەن ، كۆی كۆمەڵگایان  داگیركردوە و تاڵانیشیان كردوەو دەستیشیان كردوە بە فرۆشتنی .  كاتی ئەوەیە لێرە بەدواوە ئێمەش بۆخۆمان كاربكەین .  دوای هەموو ئەمانە ، ئەگەر خەڵك هەر بێ دەنگ بن  ، ئەوانیش دەستیان خۆشبێت  و میللەتیش ئەم بارودۆخەی پیرۆزبێت و هەر بۆ ڕیسواكردن باشن .  چونكە وادیارە شانیان ئەوە هەڵدەگرێت  و هەر قابیلی ئەوەن ئەمانە حوكمیان بكەن .  جان جاك ڕۆسۆ دەڵێت :  هەر میللەتێك بێ مەرج خۆی ڕادەستی دەسەڵاتێك بكات  لە بەرامبەردا هیچ  وەر ناگرێت  . 29/4/2020 


یاسین ته‌ها لە دەمی سەرقاڵی دەستەبژێری سیاسی و هێزە سەرەكییەكانی عێراق بە بڕینی كێكی حكومەتی چاوەڕوانكراوی مستەفا كازمی، داعش بە توندترین هێرشی “نەوعی” خۆی لەماوەی ساڵێكدا لە پارێزگای سەلاحەدین بەناوی “غەزای رەمەزان” دەركەوتەوە. ئەم هێرشە كە خۆكوژ و خەڵكانی “انغماسی” تێدا بەكارهاتووە، جگە لەكوشتنی 11 چەكداری هێزەكانی حەشد و پۆلیسی فیدراڵی، شپرزەیی و شۆكێكی زۆری ئەمنی لەدوای خۆی بەجێهێشت، چونكە سەرباری بەرەنگاربوونەوەی چەندین جۆر هێزی ئاسمانی و زەمینی عێراقی رێكخراوەكە تا سپێدەی 2 ئایار لە هێرش و پەلامار و دەست وەشاندن بەردەوام بوو. راپۆرتە ئەمەریكییەكان باس لەوە دەكەن لە مانگی ئازار و لە دەمی سەرقاڵی جیهان و ناوچەكە بە پەتای كۆرۆنا، داعش زۆرترین چالاكیی ئەنجامداوە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم جموجوڵانەش هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی 20 هێرشی لە عێراق و 8 هێرشیتری ئاسمانی لە سوریا ئەنجامداوە. بەو پێەشی چەكدارەكانی ئەم رێكخراوە لە ژێرزەمین و لەناوچە دوورە دەستە دابڕاوەكانی كەركوك و دیالە، سەلاحەدین و نەینەوا بڵاون، هیچ باكیان بەكۆرۆنا نییە، باوەڕیش وایە بەرگریی و خۆپارێزیی داعشەكان بەرامبەر كۆرۆنا لەخەڵكی شارەكان یاتر بێت، لەهەموو خەڵكیتریش بێ باكتر بن لە نەخۆشییەكە، لەلایەك بەهۆی دابڕانی كۆمەڵایەتی و لە لایەكیتر بەهۆی ئایدۆلۆژیای پەڕگیریانەوە، كە پێی وایە ڤایرۆسەكە “سەربازی خوایە” و دەرفەتە بۆ تۆڵەكردنەوە لە “دوژمنانی خوا”، ئەمەش بەروونی لە ژمارە 227 رۆژنامەی ئەلەكترۆنی “النبأ” دا هاتووە كە زمانحاڵی ئێستای رێكخراوەكەیە. جگە لەوەش روانگەی چاودێریكردنی فەتوا (GFI) ئاماژە بەوە دەكات 40% گوتاری داعش تەرخانكراوە بۆ دروستكردنی “گوركی تاك” بە قۆستنەوەی سەرقاڵی جیهان بە بارودۆخی كۆرۆنا كە بەلای ئەوانەوە “بەخششێكی خوایی” یە. بەپێی سەرچاوە خۆجێییەكانی سەلاحەدین و سامەڕا سەرەتای هێرشەكانی سپێدەی 2 ئایاری داعش بۆ ناحیەی مكیشیفیە بوووە (40 كم باشوری تكریت) پاشان پەرەی سەندووە بەرەو سامەڕا و دۆر، هێرشبەرەكان لە بەرزاییەكانی حەمرین، عەجیل، عەلاس و حەویجەوە بە سواری ماتۆڕ و بەپیادە رۆشتوون، هەندێ خاڵ و رەبیەیان كردۆتەوە ئامانج كە تازە بنیاتنراون، لەمەش ترسناكتر پشتێتی پڕ لە تەقەمەنییان پێ بووە، هەندێكیش لە هێرشبەران “انغماسی” بوون، كە سەرجەم ئەمانە ئامادەكاریی پێشوەختی هێرشەكان پیشان دەدات، هەندێ لە شارەزایانیش باس لەوە دەكەن هێرشەكە بەرهەمی هەماهەنگی داعشەكانی كەركوك، دیالە، سەلاحەدین، بووە و ئەمە یەكەم كاری هاوبەشی ئەوانە لەو ناوچانە. وەك دەمی هەموو هێرشە كتوپڕە گورزوەشێنەكانیتری داعش، ناوەندی سیاسی و پەرلەمانی عێراق توشی شڵەژان و پەرتەوازەیی زۆر هاتوون لە شیكاركردنی هۆكار و دیاریكردنی خاڵەكانی لاوازیی هۆكار بۆ ئەم دزەكردنە گەورەیەی داعش، لەلایەك “راستڕەوە شیعەكان” دەیگێڕنەوە بۆ پلانی ئەمەریكا و بەكارهێنانی كارتی داعش بۆ مانەوەی خۆیان، لەلایەكیتر هەندێ لەسوننەكان بەیارییەكی ئێرانی دەزانن بۆ وێرانكردن و دەستگرتنی زیاتر بەسەر شارەكانیان، هەندێكیتر باس لەوە دەكەن بۆ تێپەڕاندنی حكومەتی كازمییە، لەم نێوەندەشدا لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمان پێیوایە هێرشەكە لە سنوری چاوەڕوانكراودا بووە، بەشێكیشە لە پەرەسەندنی شێوازی كاری نوێی داعش، بەڵام هێندە هەیە لایەنە دەسەڵاتدارەكانی حكومەنی عێراق وەك پێویست هۆشدارییەكانیان بەهەند وەرنەگرتووە بۆ رێگرتن لێی. سەرباری ئەو تۆمەت گۆڕینەوانەشی لەبارەی هێرشەكانی بەرەبەیانی 2 ئایاری داعشەوە هەن، راستییەك هەیە زۆركەم لایەنە عێراقییەكان خۆیانی لێ دەدەن ئەویش نیوەچڵی ئەو سەركەوتنەیە كە بەسەر رێكخراوەكە راگەیەنراوە لەپاش 2017، جگە لەوەش زاڵبوونی گرنگیدان بەقەیرانەكانی كۆرۆنا، داڕمانی ئابووری، شەڕ لەسەر پشكە وەزارییەكانی حكومەتی نوێ، دەرفەتی زێڕین بوون بۆ داعش تا جارێكیتر لەرێگای هێرشی خۆكوژییەوە خۆی بكاتەوە بە سەردێڕی هەواڵ و جێگەی باسی لە عێراق و لەجیهان، ئەم پێشهاتەش نەك بۆ شیعەو سوننە بەڵكە بۆ ناوچە كوردییەكانی جێ ناكۆك بەدرێژایی زیاتر لە هەزار كیلۆمەتر جێگەی مەترسی و نیگەرانییە بۆ داهاتوو. https://bit.ly/3f7uCvn


گوڵاڵە سدیق بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و کێشەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، هاوکێشە ئابورییەکان لەجیهاندا لەبارودۆخێکی ناجێگیردایە و پشکی هەندێک لە کۆمپانیا گەورەکانی جیهان توشی پاشەکشەیەکی گەورە هاتون و نرخی پشەکەکانیان لەبازاڕی کاغەزە داراییەکاندا لە داکشاندایە، بەڵام بەتەنیشت ئەمانەوە چەندین کۆمپانیای تر نرخی پشەکانیان و ڕێژەی قازانجەکانیان بەشێوەیەکی خەیاڵی ڕو لە زیادبونە و بەشێوەیەک هەرچی کەلوپەلی کۆگاکراوی ساڵانی ڕابردوشیان کە ترسی بەسەرچونی لەسەر بوو لەم ماوە کەمەی ئەمساڵدا لە بازاڕەکاندا ساغکرانەوە! نەوت یەکێکە لەو کاڵا بازرگانییەی کە ڕۆژانە لە بازاڕی کاغەزە داراییەکاندا ڕۆژانە داواکارییەکی گەورەی لەسەربوە، بەشێوەیەک ڕۆژانە دەیەها ملێون بەرمیلی لێدەفرۆشرا بە گرێبەستی نەختینەیی و ئاجلە، بەشێوەیەک هەم ووڵاتانی بەرهەمهێن هەمیشە لە هەوڵی زیادکردنی بڕی بەرهەمهێنانی زیاتر بون بۆئەوەی بڕێکی زیاتر لەجاران بخەنە بازاڕەوە، وە هەم ووڵاتانی کڕیاریش لەهەوڵی زیاتر پڕکردنی خەزانەکانیان بوون بۆ کارپێکردنی کارگەکانیان و دروستکردنی کاڵاو شمەکەکانی ڕۆژانە. بەهۆی قەیرانی کۆرۆنا و کارپێنەکردنی کارگە گەورەکانی جیهان و وەستانی هۆکارەکانی گواستنەوە، خواستی کڕین لەسەر نەوت لەبازاڕەکاندا کەمبوەیەوە، ئەمەش بو بەهۆکاری دابەزینی نرخی نەوت، بەمەش گورزی کەمەرشکێن بەر ئەو ووڵاتانە کەوت کە بۆ داهاتی ناوخۆی خۆیان بەتەواوەتی پشتیان بە نەوت بەستبوو. بەڵام زۆرینەی ئەو ووڵاتانە لەبەرئەوەی خاوەنی سیستمی ئیدارەدانێکی یاسایی بون و دامودەزگا ئیداریی و داراییەکان لەژێر هەیمەنەی چاودێرییەکی ووردا بون، وە دەوڵەتەکان خاوەنی هەمو ڕێسا و یاسا ئیداری و داراییەکان بون بەهۆی ئەم هەمو گێرمەوکێشەی کۆرۆنا و بازاڕ و نەوت توشی مایەپوچ بون نەهاتون، (لەوانەیە ئەگەر ئەم قەیرانە بۆ چەند ساڵێک بەردەوام ببێت کاریگەرییان لەسەر دابنێت) بەڵام لەئێستادا ئەم دەوڵەتانە لەسەر پێی خۆیان ڕاستەو ڕاست ڕاوەستاون و بگرە ئامادەگیشیان تێدایە کە هاوکاری نێودەوڵەتی پێشکەش بکەن. بەڵام لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا هەرچەندە دوو ڕۆژە پێمان خستوەتە مانگی ئایارەوە، هەتا ئێستا موچەی کانونی دووەم دابەشنەکراوە! حکومەتی هەرێم هەرچەندە لەسەرەتای قەیرانەکەدایە، بەڵام توانای موچەدانی نیە بە موچەخۆران بەهۆی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتە ئیداری و داراییەکان و گەندەڵی لەڕادەبەدەرەوە نەیتوانی ئیدارەی ئەو پارەیە بدات کە لەساڵی ٢٠٠٣ بێ هیچ پێش مەرجێک لە حکومەتی ناوەندەوە وەریدەگرت، وە بەهۆی بەهەدەردانی لەڕادەبەدەرەوە حزبیان دەوڵەمەند کرد و حکومەت مایەپوچ. حکومەتی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی گیروگرفتی موچە ڕوی لە بەغداد کردوە، ئایا بەغداد لە ئێستادا ئەو فریاد ڕەسەیە گیروگرفتی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم چارەسەر بکات؟ عێراق لەئێستا نرخی نەوتی لەخوار ٢٠ دولارەوە فرۆشتوە، وە %٩٦ داهاتی عێراق پشت بە نەوت دەبەستێت، واتە عێراق بەم نرخەی ئێستای نەوت دەتوانێت تەنها %٢٠ موچە و خەرجییەکانی دابین بکات. ئەو گرێبەستانەی عێراق دەیکات لەجۆری گرێبەستی ئاجلەن، واتە دوای ٦٠ ڕۆژ پارەی نەوتی فرۆشراو وەردەگرێت، ئەگەر نرخی نەوت بەمجۆر بمێنێتەوە ئەوا عێراق بۆ مانگەکانی شەش و حەوت و مانگەکانی دواتر کێشەی دابینکردنی موچەی فەرمانبەرانی حکومەتی ناوەندی بۆ دروست دەبێت. لە ئێستادا حکومەتی عێراقی وەک ڕێگە چارەیەک لەهەوڵی ئەوەدایە پارە زیادەکانی بانکە حکومییەکان ڕابکێشتەوە و لەگەڵ ئەو بڕە پارەی بۆ کڕینی چەک تەرخانکرا بوو، ئەمە سەرەڕای هەوڵدان بۆ فرۆشتنی قەواڵە داراییەکان، لەئەگەری گرتنەبەری ڕێوشوێنی لەم جۆرە حکومەتی عێراق تەنها دەتوانێت موچەی مانگی حوزەیران دابین بکات ئەگەر نرخی نەوت بەم شێوەیە بمێنێتەوە! لە ئەگەری مانەوەی نرخی نەوت وەک ئێستا، یان نزمبونەوەی، ئەوا حکومەتی ناوەند بەناچاری دەبێت هانا بۆ یەدەکی نەختینەیی ببات کە لە ئێستادا نزیکەی ٨٧ ملیار دولارە، بەڵام تەنها دەتوانێت نزیکەی ٣٧ ملیار دولاری لێ ڕابکێشێت کە دەکاتە موچەی پێنج مانگی فەرمانبەران (موچە و خەرجی یەک مانگ حەوت ملیار دولارە)، چونکە نابێت یەدەکی نەختینەیی لە پەنجا ملیار دولار کەمتر بێت بۆئەوەی دراوی عێراقی بەهای خۆی لەدەست نەدات و ووڵات بەرەو مایەپوچ بون نەڕوات. ئەگەر باردودۆخی دارایی حکومەتی ناوەند بەم شێوەیە بێت، چۆن دەتوانێت موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین بکات، لەکاتێکدا حکومەتی هەرێم لە ساڵی ٢٠١٤ ئابوری سەربەخۆی ڕاگەیاند و بێ گەڕانەوە بۆ ناوەند گرێبەستی پەنجا ساڵەی مۆرکرد! یان حکومەتی هەرێم چۆن دەتوانێت بۆ لەمەولا موچەی موچەخۆرەکانی دابین بکات، چونکە بینیمان کە وەڵامی حکومەتی ناوەند بۆ وەفدەکەی حکومەتی هەرێم نەرێنی بوو. ئەگەر حکومەتی هەرێم تەنها کارتێک کە هەیبێت بۆ دابینکردنی موچە ڕوکردنە بەغداد بێت، ئەی دوای ئەم وەڵامەی بەغداد حکومەتی هەرێم چ کارتێکی دیکە ڕادەکێشێت بۆ دابینکردنی موچەی فەرمانبەران؟  وە ئەگەر حکومەتێک نەتوانێت موچە دابین بکات و هیچ پلانێکی جێگرەوەی نەبێت بۆ دابینکردنی موچەی موچەخۆرەکانی ئایا چ واتایەک دەمێنێتەوە بۆ مانەوەی؟!


د. ئیسماعیل نامیق - داوا کردنی نامەرکەزیی کوفر نیە نامەرکەزیی واتە دورخستنەوەی مەرکەز لەسەرقاڵکردنی بەکاروباری رۆژانە ووردەکاریەکانی بەڕێوەبردن، بۆئەوەی تەنها خۆی تەرخان بکات بۆ داڕشتنی سیاسەتی گشتی وبنەماکانی بەڕێوەبردن وپلاندانانی نزیک مەوداو دورمەودا، سپاردنی جێبەجێکردنی هەموو ئەوانە بەدامەزراوەکانی پارێزگا وناوچەکان، بەجۆرێک ئازادیەکی تەواویان هەبێت، لەبڕیاردان وبەڕێوە بردندا، بەڵام لەژێر سەرپەرشتی وهەڵسەنگاندن وچاودێری مەرکەزدا، لەنامەرکەزیدا ئەنجوومەنی وەزیران ووەزیرەکان سەرقاڵ ناکرێن بەکێشەی کارەبای گوندێکەوە، بەخەرجکردنی بڕێک پارەوە، بەدامەزراندن یان گواستنەوەی فەرمانبەرێکەوە، بەکورتی مەرکەز کۆمەڵێک رێوشوێنی رۆتینی بێزارکەری لەکۆڵ دەبێتەوە، لەبەرامبەریشدا هاوڵاتی رێگاکانی لەبەردەمدا کورت وئاسان دەبێت، لەجیاتی ئەوەی بۆ کارێکی زۆر بچووک چەندین کیلۆمەتر ببڕێت وبەرەو پایتەخت بڕوات وزەحمەتی رێگا وخاڵی پشکنین بچێژێ، لەگوندەکەی خۆی کارەکەی بۆ دەکرێت. ئەوەی شایانی ئاماژە پێکردنە لەنامەرکەزییدا هەموو کارەکان ناسپێردرێن بەناوچەکان ومەرکەزیش بێ کار لێی دابنیشێ، بەڵکو مەرکەز سەرەڕای دانانی سیاسەت وپلان وبۆ کۆی وڵات، کاروباری سوپا وپاراستنی ئاسایشی ناوخۆ ودەرەوە بەهەموو رەهەندەکانیانەوە لەدەستی مەرکەزدا دەمێننەوە، پاشان پەیوەندییە سیاسی وبازرگانیەکانیش مەرکەز خۆی بەڕێوەیان دەبات. دوو مەرج زۆر پێویستن بۆ سەرکەوتنی نامەرکەزیی، یەکەم: پابەند بوون بەبنەما دیموکراسیەکانەوە، لەپێش هەموویانەوە بەڕێوە چوونی هەڵبژاردنی پاک وبێگەرد لەکاتی خۆیدا ورێزگرتن لەئەنجامەکانی وکارپێکردنی. دووەم: بوونی چاودێرییەکی بەهێز لەسەر یەکە کارگێڕییەکان. داواکردنی نامەرکەزیی بە بوونی ئەم مەرج ورێوشوینانە نەک کوفر نیە، بەڵکو ئەرکی هەموو لایەکە زەمینە سازیی بۆ بکات، بەڵام ئەگەر ئەم مەرجانە بوونیان نەبێت، ئەوا نامەرکەزیی دەبێتە ئامرازێک بۆ گەندەڵی ودەرەبەگایەتی وچەوساندنەوە، چونکە ئەگەر مەرکەزییەکی فاشل ژمارەیەکی بچووک لە دزی گەورە دروست بکات، ئەوا نامەرکەزیی فاشل ژمارەیەکی گەورە لەدزی بچووک وناوەنجی دروست دەکات!! کەواتە نەداواکردنی نامەرکەزیی خیانەت وجاشایەتیە وەکو پارتی دەڵێت، نە پشتگیری نەکردنی داواکارییەکی ناڕوونی پەرچەکردار بۆ نامەرکەزیی تەسلیم بوون وزەردبونەوەیە وەکو یەکێتی دەبێژێت!! - نامەرکەزیی وەکو چارەسەر: بزوتنەوەی گۆڕان لەساڵی 2009 ەوە داوای چەسپاندنی سیستمی نامەرکەزیی دەکات وەکو سیستمێکی بەڕێوەبردن، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم داواکارییە لەدۆخێکی گرژدا کراوە، وە لەبەرئەوەی یەکێتی وپارتی لەناخیاندا قەناعەتیان بەنامەرکەزیی نەبووە ونیە، بۆیە بەردەوام لەدژی وەستاون وداواکاریەکەش جێی خۆی نەگرتوەو زۆر جار سنوری بانگەشەی هەڵبژاردنی تێنەپەڕاندووە. لەساڵی 2016 یەکێتی وگۆڕان لەرێکەوتنی سیاسی نێوانیاندا جەختیان لەسەر بابەتی نامەرکەزیی کردەوە، لەسەرکردایەتی هاوبەشدا هەنگاوی کردارەکیشی بۆ نرا، بەڵام لەوکاتەی خەریکی باسکردنی نامەرکەزیی بوون، بەشێکی یەکێتی مەرکەزی بڕیاریان راگەیاند، بەشەکەی دیکەیان، نیوەیان لەگەڵ گۆڕاندا کۆدەبوونەوە بۆ هاوسەنگ کردنەوەی هێز لەبەرامبەر پارتیدا وگێڕانەوەی دادپەروەری بۆ ناوچەکان، نیوەکەی دیکەیان لەدەوری مەسعود بارزانی کۆ دەبوونەوە، نەشەی ریفراندۆم ودروستکردنی دەوڵەتی کوردی گرتبوونی! لەو دۆخە پڕ دژواریی ودژبەیەکیەی کە یەکێتی ئەو کات تێی کەوتبوو، هەندێک لەپەرلەمانتارەکانیان پەلەی کاراکردنەوەی پەرلەمانیان بوو، چونکە ململانێیان بوو لەسەر بەدەست هێنانی سکرتێری پەرلەمان، هەرچی هەڵوێست وقسەی ساڵی 2015 کردبوویان پشتگوێ خستبوو!! کەواتە نامەرکەزیی سیستمە، سیستمیش لەقەناعەتەوە پەیڕەو دەکرێت، ئەم قەناعەتەش لەدۆخێکی ئاساییدا دەتوانێت کاری خۆی بکات، نەک لەدۆخی گرژ وهەڵچوون وپەرچەکرداردا. گۆڕان دەیتوانی هەنگاوی باش بنێت بۆ نامەرکەزیی بوون، ئەو کاتەی لەحکومەتدا بوو بەئێستاشەوە، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بەدەستەوە بوو ئێستاش پارێزگار، وجودی باشی هەبوو لەبەڕێوە بردندا، دەیتوانی زۆر شت بکات، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو کادیرانەی ناردوونی بۆ حکومەت وپەرلەمان وئەنجوومەنی پارێزگاکان لەسیستمی نامەرکەزیی تێنەگەیشتوون، یان ئەمانیش لەناخیاندا قەناعەتیان پێی نیە، یاخود بەسەریاندا تێپەڕیوە، شتێکی ئەوتۆیان نەکردوە بۆ چەسپاندنی نامەرکەزیی، بۆ نموونە لەساڵی 2015 گۆڕان خۆی ئامادە دەکرد کە یاسای سەرۆکایەتی هەموار بکرێتەوە وسیستمەکە بکرێت بەپەرلەمانی، دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێم کەم بکرێتەوە، یەکێک لەوانە دەسەڵاتی دەرکردنی مەرسومی بۆ دامەزراندنی پارێزگار لێ بسێنرێتەوە کە لەیاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکان ژمارە 3 ی 2009 ئەم دەسەڵاتەی پێدراوە، چونکە پارێزگار هەڵبژێردراوی خەڵکە، کەچی لە 5/ 2/ 2015 پەرلەمانی کوردستان یاسای ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە ژمارە 1ی ساڵی 2015 دەرکرد، بەپێی ئەم یاسایە، نەک پارێزگار بەڵکو قائمقام وبەڕێوەبەری ناحیەش، دامەزراندن وگواستنەوە ولابردنیان پێویستە بەمەرسومی هەرێمی بێت، ئەمە کوێی لەگەڵ سیستمی پەرلەمانی نامەرکەزییدا یەک دەگرێتەوە؟! هەروەها گۆڕان دەیتوانی، لەرێگەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و پارێزگارەوە کۆمەڵێک هەنگاوی باش بنێت بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ئەنجوومەنی پارێزگا وپارێزگار لەجیاتی ئەوەی ئەوەندە گوێ لەمشتی ئەنجوومەنی وەزیران ووەزیری ناوخۆ بن، دەیانتوانی هاوکار وچاودێر بن بەسەر یەکەوە، بەواقعی دەسەڵاتی خۆیان فراوانتر بکردایە وهەموارکردنەوەی یاساکانیان لەوپێناوەدا بکردبایە بەواقع، نەک هەر ماوەو پرۆژەیەکی هەموار ئامادە بکرێت وکەسیش نەیخوێنێتەوە. هەرچی فراکسیۆنی گۆڕانە لەئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر وئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک هیچ کاریگەرییەکیان نەبووە شایانی باسکردن بێت، بەجۆرێک بوون ونەبونیان هیچ لەبابەتەکە ناگۆڕێت ووەکو یەک وایە.لەهەموو ئەوانە گرنگتر گۆڕان دەیتوانی فشار بکات هەموو هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیاندا بکرێن، بەتایبەتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، نەک داوای دواخستنیان بکات، چونکە بەراستی ئەمە پاشەکشەیە، لەبەر ئەوەی گۆڕان بەهەڵبژاردن هاتۆتە پێشەوە وحیزبی هەڵبژاردنە، نابێت لەهەڵبژاردن بترسێت، ئەگەر گۆران ئەوانەی بکردبا ئێستا نائەکەوتە بەردەم ئەو ئیحراجیەی، بڵێ لەگەڵ نامەرکەزییم کەواتە لەگەڵ یەکێتیم یان دژی نامەرکەزییم کەواتە لەگەڵ پارتیم، بەڕاستی عەیبەیە بۆ گۆڕان هێزێک بەبژاردەی نامەرکەزیی ئیحراجی بکات، کە هیچ قەناعەتێکی بەنامەرکەزیی نیە! نامەرکەزیی بابەتێکی دەستورییە: نامەرکەزیی لەبەر ئەوەی سیستمێکی بەڕێوەبردنە ورەنگدانەوەی دەبێت لەزۆربەی یاساکاندا، کەواتە بۆ ئەوەی بەجوانی رێک بخرێت ودژبەیەکی دروست نەبێت، دەبێت بەدەقێکی دەستوریی رێک بخرێت، وەکو چۆن دەستوری عێراق لەماددەی 116 ئاماژەی پێکردووە، چونکە ئەگەر بنچینە ودەستەبەرییەکی دەستوریی نەبێت، رەنگە لەهەر ئان وساتێکدا روبەروی مەترسی ببێتەوە، لەبەر ئەوەی یاسا بەیاسا هەڵدەوەشێنرێتەوە، مەرجیش نیە هەموو کات زۆرینەی پەرلەمانی لەگەڵ نامەرکەزییدا بێت. ئەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی داوای دەکات، ئەگەر نامەرکەزییە، بەم شێوەیە داوا ناکرێت، بەڵکو دەتوانن لەرێگەی حیزبەکانیانەوە داوای دانانی دەستور بکەن ولەدەستوردا بابەتی نامەرکەزیی رێک بخرێت، خۆ ئەگەر داواکردنی جیابوونەوەی پارێزگای سلێمانیە لەهەرێمی کوردستان، ئەمەیان دەکرێت، لەرێگەی داواکاری سێیەکی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا یان دەیەکی دەنگدەرانی پارێزگاکەوە بێت، داواکارییەکە رێوشوێنەکانی خۆی دەبڕێت ودواتر راپرسی ئەکرێت لەو پارێزگایەدا، دەبێت نیوە یان زیاتری دەنگدەران بەشداری راپرسیەکە بکەن، ئەگەر زۆرینە لەگەڵ جیابوونەوەو دروستکردنی هەرێم بوون، ئەوا هەرێمەکە دروست دەکرێت، ئەمەش کارێکی ئەوەندە سانا نیە، چەندین کێشەی روبەرودەبێتەوە، لەوانە: یەکەم: تەنها پارێزگا ئەتوانێ ئەم داواکارییە بکات، کەواتە بەشێک لەپارێزگایەک ناتوانێ داوای پێکهێنانی هەرێم بکات، بۆیە ئەگەر پارێزگای سلێمانی هەرێمێکی دروستکرد، ئەوا ئەو قەزاو ناحیەیانەی لەدەرەوەی سنوری کارگێڕی پارێزگای سلێمانیدان، ناکەونە هەرێمەکەوە. دووەم: ئەگەر سلێمانی جیا بێتەوە رەنگە پێویست بکات دەستوری عێراق هەموار بکرێتەوە، چونکە لەمادە 116 وەکو یەک هەرێم مامەڵەی لەگەڵ کوردستاندا کردووە، راستە دەستورەکە ویاسای رێوشوێنەکانی پێکهێنانی هەرێم ژمارە 13 بۆ ساڵی 2008 رێگەیان داوە بەهەر پارێزگایەک بەپارێزگاکانی کوردستانیشەوە هەرێم دروست بکات، بەڵام ئەو دەقە دەستورییانەی وەکو یەک هەرێم مامەڵە لەگەڵ کوردستاندا دەکەن، رەنگە کێشە دروست بکەن، لانی کەم پێویست بێت هەموار بکرێنەوە، هەموار کردنەوەی دەستوری عێراقیش ئاسان نیە، وەکو بۆمبێکی تەوقیت کراو وایە، هەر ئەوەندە دەقێکی هەموار بکرێت، رەنگە هاڕە بکات هەمووی روبەڕوی هەموار ببێتەوە، چونکە هەموو لایەک لەبۆسەدان بۆی. سێییەم: ئەنجوومەنی پارێزگاکان ماوەی یاساییان نەماوە وپەرلەمان ماوەکەی بۆ درێژکردونەتەوە، کەئەمە خۆی گفتوگۆ ورای یاسایی جیاواز هەڵدەگرێت ئایا درێژکردنەوەکە یاساییە یان نا؟ بۆیە ئەگەر داوکاری جیابونەوە لەرێگەی ئەنجوومەنەوە بکرێت، رەنگە لەداهاتوودا روبەڕوی تانە ببێتەوە لەبەردەم دادگای باڵای فیدراڵیدا. داواکاریی نامەرکەزیی بۆ لەئێستادا؟ کوردستان لەئێستادا روبەڕوی دۆخێکی زۆر دژوار وپڕمەترسی بۆتەوە، هەڵوێستی تا بڵێی لاوازە لەبەرامبەر بەغداد، لاوازییەکەشی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، هیچ کارتێکی فشاری بەدەستەوە نیە، کارتی ریفراندۆم وجیابوونەوەی هەبوو، بەزویی لەدەستی خۆیدا سوتاندی، ئەم کارتە نابوو بەو بێباکیە بسوتێنرێت، بەڵکو دەبوو بەردەوام وەکو مەترسی وهەڕەشە پیشانی بەغداد بدرێت، ئەگەر ئەو کارتەی بمابا، ئێستا بەدەست بەتاڵی نەئەچوو بۆ بەغداد وبەدەست بەتاڵیش نەئەگەڕایەوە. هەروەها داهاتی نەوت وخاڵە سنورییەکان ئەوەندە کەمیان کردووە، بایی برابەشی نەماوە، ئەمە جگە لەوەی سروشتی قەومی کورد وایە کاسەی پڕی ئاشتی ماڵەکەیەتی و کاسەی خاڵیش شەڕو ناکۆکی! بۆیە من وای ئەبینم ئەمانە هۆکارن بۆ داواکردنی نامەرکەزیی لەئێستادا، گومانم هەیە داواکارییەکە داواکارییەکی جدی بێت، ئەوەندەی لەکارتی فشار دەچێت، لەقەناعەت ناچێت. دەرەنجام: نازانم لیژنەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی چییان پێ ئەکرێ وچ پرۆژەیەک ئامادە ئەکەن، بەڵام ئەوەندە دەزانم نامەرکەزیی بەبێ رازیبوونی پارتی ناڕوات، بەحوکمی ئەوەی زۆرینەیە لەپەرلەمان وئەنجوومەنی وەزیران وهەر سێ سەرۆکایەتیەکە ودەسەڵاتی دادوەریی وئەنجوومەنی شوراش لەژێر کۆنتروڵی پارتیدایە، لەهەر کوێ داوای راوێژ لەسەر ئەم بابەتە بکرێت، یان دەنگی لەسەر بدرێت، بیگومان ئەنجامەکەی بەدڵی پارتی دەبێت. گریمان لەحاڵەتێکدا پارتیش رازی بوو، دڵنیا بن نامەرکەزییەکەی کوردستانیش لەفیدراڵیەکەی عێراق باشتر نابێت، ئەو کات دەبێت هەر ماوە وشاندێک لەسلێمانیەوە بچێت بۆ هەولێر بۆ رێکەوتن لەسەر مووچەی سلێمانی! بۆیە دەکرێت ئەم بابەتە لەکاتێکی ئاساییدا بەنیەت پاکی ولەقەناعەتەوە گفتوگۆی جدی لەسەر بکرێت، سیستمێکی نامەرکەزیی پتەو دابڕێژرێت، بەجۆرێک هەر ناوچە وبتوانێت سوود لەسەدا پەنجای داهاتی خۆی وەربگرێت وپەنجاکەی دیکە بنێردرێت بۆ مەرکەز، مەرکەز بەپێی کۆمەڵێک پێوەری دادپەروەرانە بەشی ناوچەکانی لێ تەرخان ودابین بکات.


ئاری هەرسین    هه‌ر له‌ سه‌رده‌می داگیركاری ئینگلیزه‌كانه‌وه‌، پێش ئه‌وه‌ش له‌ سه‌رده‌می حوكمی عوسمانی و سه‌فه‌ویه‌وه‌  سلێمانی لای داگیركه‌رانی كوردستان خۆشه‌ویست نه‌بوه‌. هه‌ر له‌ مه‌بده‌ ئی گواستنه‌وه‌ی ناوه‌ندی حوكمڕانی له‌ قه‌ڵاچوالانه‌وه‌ كه‌ مه‌وقیعه‌كه‌ی بۆ پایته‌خت نه‌گونجاوه‌ و گه‌ڕان به‌ شوێن كه‌مێك ده‌شتایی، هه‌تا دروستبوونی پیره‌مێردێك كه‌ سه‌ری گه‌وره‌ی فرۆ دێنێ بۆ منداڵانی كورد زوبان… هه‌تا نالی خزماتكار و عاشقی خاك و خۆڵی نیشتیمانی پیرۆزی كوردستان… هه‌تا كوردی، هه‌تا بێكه‌س، زێوه‌ر هه‌تا هه‌ردی و سه‌رتۆپی شاعیرانی مۆدێرنی كوردی شێركۆی تاك و نازدار… نازانم بڵێم هه‌تا چه‌ن، … هه‌تا شه‌هیدانی شار… له‌ ساله‌ شێته‌وه‌ هه‌تا  كه‌ریم دانزێڕ، عومه‌ری ساڵح مه‌نسور، جه‌مال دیگۆڵ، عوسه‌ی ئامه‌، عه‌ریف غه‌ریب، شێخ محه‌مه‌دی سه‌ید عه‌لی حافز، نوری حه‌مه‌ عه‌لی، جه‌مالی عه‌لی باپیر، ئاسۆی ده‌لاك، عه‌بدوڵا ئاغا، مام ئاراس، جه‌زای عه‌لی كاتب، ئه‌نوه‌ری عه‌لی نه‌جاڕ، عومه‌ری حه‌لاو… ئیتر لیسته‌كه‌ زۆر دورو درێژه‌ و لێم ببورن كه‌ هه‌مو ناوه‌كانی تیا نیه‌. ئه‌و شاره‌ی كه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئاماده‌ نه‌بوون دژایه‌تی مه‌لا مسته‌فای بارزان بكه‌ن، به‌ ڕۆژی ڕوناك له‌ حوزه‌یرانی ١٩٦٣ خه‌ڵكیان لێ زینده‌به‌چاڵ كرا. ئێسته‌ ئه‌ڵێن ده‌مڕوت و نه‌زان و كاسه‌لێس و ناڕه‌سه‌نی وا په‌یدا بوون كه‌ له‌ ژێر سێبه‌ری پارتی بوندا، و له‌ خوار جه‌مه‌دانه‌ی سوره‌وه‌، سوكایه‌تی به‌ سلێمانی گه‌وره‌ ئه‌كه‌ن (كه‌ له‌ ئه‌ساسدا هیچ نه‌بوون جگه‌ له‌ په‌یامنێرێكی ده‌ره‌جه‌ هیچ). هه‌مو عاله‌م ئه‌زانێت نوێنه‌ری جامانه‌ سوو كێن. هیوادارم نمایه‌نده‌كانی جه‌مه‌دانه‌ی سوور و، مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵوێستیان ڕوون بێت. ئه‌گه‌ر ئێمه‌ی سلێمانی له‌ده‌ره‌وه‌ی شێخایه‌تی ته‌ریقه‌تی كوردایه‌تین، نه‌ لێمان بترسن و نه‌ موجامه‌له‌شمان بكه‌ن، زۆر به‌ ڕوونی پێمان بڵێن بڕۆن، خۆمان ئه‌ڕۆین. شه‌رتیش نیه‌ ئه‌وه‌ی پارتی نه‌بێت ئیتر یه‌كسه‌ر ببێت به‌ یه‌كێتی یان شتێكیتر. دونیا و كوردایه‌تی زۆر له‌ پارتی و یه‌كێتی گه‌وره‌تره‌. له‌ بێده‌نگی ئه‌م لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیدارانه‌دا، به‌نده‌ ته‌رجومه‌ی په‌نده‌ فارسیه‌كه‌ی بۆ ئه‌كه‌م كه‌ ئه‌ڵێت: سكوت نشانه‌ رزاست(ئه‌متوانی بۆ نوسینه‌كه‌ پیتی عه‌ره‌بی به‌كار بێنم، چونكه‌ ئه‌زانم ئیملای فارسی چۆنه‌، به‌ڵام به‌ ئاره‌زوی خۆم نه‌منوسی). ئه‌م پاڵه‌وانانه‌ی كه‌ له‌پاڵ سه‌نگه‌ری پارتیا زاتی ئه‌وه‌ ئه‌كه‌ن په‌نجه‌ بۆ نه‌مامی گوڵه‌ كانی شه‌هیدانی گردی سه‌یوان به‌رن، با وه‌ك ئێمه‌ چۆن له‌ هه‌ولێر و دهۆك هه‌ین، بفه‌رمون پیاسه‌یه‌كی به‌رده‌ركی سه‌را و توی مه‌لیك بكه‌ن و له‌وێ جورئه‌تیان هه‌بێت چاو ببڕنه‌ چاومان و پێمان بڵێن ئێمه‌ موشه‌غه‌به‌چین… ئه‌گینا با بۆ هه‌میشه‌ ئوسكوت بن.   PUKMEDIA


 پشکۆ ناکام   ..... درۆکردن بەدەمی کەسێکەوە کە ناسراو بێ و خانەوادەیەکی لەدوای خۆی جێهێشت بێ و ساڵانی ژیانی بە ڕۆژ و ئەرشیف هەبێ ، تەنها درۆکردنێکی ئاسایی نیە و ئەچێتە قاڵبی تەزویر کردنی کەسایەتی کەسێک و ڕووبەڕووی پرۆسەی یاسایی ئەبێتەوە ، جا ئەو درۆ و تەزویرە بۆ کراوە مەگەر هەر داهێنەرەکەی پێمان بڵێ.. لە رۆژی 30/ی مانگی پێشوو  لە فەیسبوک کەسێک بەناوی "کامەران سوبحان" بابەتێکی بڵاوکردۆتەوە گوایا ئەمە لە بیرەوەرییەکانی "سەعید ناکام"ەوە وەرگیراوە و لە رۆژگاری "سەفەر بەلک" ناکام تەرجەمەی  کردوە بۆ سوپای رووسی لە ناوچەی موکریان لەگەڵ ئەفسەرێکی بەدیل گیراوی تورک ، پێش هەموو شتێ نە بەندە نە کەس لە خانەوادەکەمان نە هیچ یەکێک لە هاوڕێ و ئاشنایانی ناکام نەمانبیستوە کە باوکم ڕووسی زانیوە و ئەو هەواڵە لە کاغەز دروستکراوە زۆر تازە و گوماناوییە بۆمان ، مەگەر "ناکام" کۆپییەکی هەبێ و مەبەسی لەو بێ ، ئەمەش شایانی پێکەنینە،،،سەفەربەلک لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوو و لەدەرئەنجام و تەداعیاتی یەکەم جەنگی جیهانییەوە هاتۆتەکایەوە، ئەوەنەش کە ئێمە بزانین ناکام ساڵی 1917/لەدایک بوە گەر لەسەداسەدیش نەبێ تۆ بڵێ ساڵێک زووتر یان ساڵێک دەرەنگ تر بوە، کەواتە لەسەفەربەلک باوکم یا ساوابوە یا مناڵێکی زۆر بچووک ، ئیتر بە چ ئەقڵ وبەچ مەنتیق و بەچ پێوەرێک نەک هەر رووسی زانیوە وەرگێڕیش بوە!! ئەم دیمەنە خەیاڵاوییەی کاک کامەرانی پێشتر ئیخوان و  دواتر  یەکگرتوو و حاڵی حازر گۆڕانە لە کام زەمینەی نەفامییەوە سەرچاوەی گرتوە؟ چ مەتەڵێکی شاراوەی سوبحانیە کە جگە لەخۆی کەس هەڵیناهێنێ ، هەموو بیرەوەرییەکانی ناکام( نوسخە ئەسڵییەکە نەک ئەوەی کەپارتی چاپی کردوە) پەڕەیەکی تیا نیە کە پشتگیریی خەیاڵەکەی ئەو زاتە بکات مەگەر پەڕەیەک هەبووبێ و لە جاپ کردنا وون بووبێ ئێستا ئەم دۆزیوێتەوە..سبحان اللە....ئەم تەزویر و بەسەرهات دروست کردنە لە ژیانی کەسایەتی ناکام لەلایەن هەمان کەسەوە دووەم جارە ، جارێکیان لەوێنەیەکی مێژوویی جاپخانەی "ژین" ناکامی کردبوو بە گۆران" دیارە بە عەینەکەکەی فەیسبوکەکەیەوە سەیری کردوە و لێێ تێک چوە" و ئەم جارەیان لە تاکە و تاکێتی چاوی تێپەڕیوە و خۆی ساڵ دائەنێ و و خۆی وەرگێڕ دائەنێ و خۆی ئەفسەر ئەگرێ هەر خۆشی کتێبێک ئەکا بە شایەت کە ئەو پەڕەیەی لە سی ئەپریلا ئەمساڵا خراوەتە ناوی !!لاپەرەیەک کەوەک مەبەستی ئەو تەزویرە دیار نیە ، ئەگەر مەبەست لێی لایک و کۆمێنتە لە جیاتی تەزویر و ساختە کردن لە مێژوو بابەتی تر زۆرە باسی لێ بکا و لایکێکی زۆریشی بۆ بێت با مۆڵەت لە حیزبەکەی وەربگرێت و کەمێک ، زۆر کەم باسی وێرانکردنی هەرێم و تێکدانی بار و گوزەرانی خەڵک بکا لەسایەی ئەم دەسەڵاتە دیکتاۆرە مافیایەی  هەولێر ، جا بزانێ چۆن بەهەزاران لایکی بۆ یەت چونکە خەڵک ئەوەنە پڕە لە دەسەڵاتی بنەماڵەی راکردن و قووتی خەڵک دزین ، ، بەڵام ئەمە بۆ سوبحان زادە بڤەیە چونکە ئەو لایەنەی کردی بە راوێژکاری پارلەمان بە مووچەیەکی شەش ملێونی سانسۆڕی هەیە لەقسە کردن لەسەر دەسەڵات دوای ئەوەی بوون بە گۆچان بۆ راست کردنەوەی شانی خواری بنەماڵەی دەسەڵات... ئەگەر ئەم تەزویرە لە کەسایەتی و ژیانی ناکام تەنها هەڵەیەکی بێ مەبەست بوە پێویستی بە روونکردنەوە هەیە ، گەر وانیە و مەبەستێکی لە پشتەوەیە ئەوا جەرئەت و غیرەت سەنگی.  مەحەکە بۆ ئەوەی ئەم سوبحانە چەن ڕاستگۆیە لەگەڵ خۆی لەگەڵ بۆچوونەکانی و چەن ڕاستگۆیە لەگەڵ واقیع وەک خۆی نەک وەک تەزویر.. ئێمە هیچ بروایەکمان بە پرۆسەی یاسایی و قەزائی لە هەرێما نیە ، بۆیە وەک ئەو زاتە  خۆی ئەڵێ : ئای کورد چەن نەگبەت و داماوە ، ئێمەش ئەڵێین : ئای کورد چەن نەگبەت و داماوە کە خاوەنی دووانی وەک تۆیە..سبحان اللە........  


هونه‌ر حاجی جاسم- مۆسکۆ کوردستانی عێراق دوای 29 سال به‌ده‌ست کێشه‌ گه‌لێك ده‌نالێنێت، به‌رده‌وامی ئه‌م کێشانه‌ش وایکردوه‌ که‌ ئێستا جیۆستراتیژی هه‌رێم بخاته‌ به‌رده‌م چه‌ند سیناریۆیێکی جیاواز. چونکه‌ بارودۆخی کوردستانی عێراق له‌ ئێستادا به‌ جۆرێکه‌، که‌ به‌روارد ناکرێت به‌ سالانی دوای وه‌ستانی شه‌ڕی ناوه‌خۆش. به‌تایبه‌تیش دوای یه‌کگرتنه‌وه‌ی به‌ناو هه‌ردوو ئیداره‌ی سلێمانی و هه‌ولێر، له‌سالی 2005 ه‌وه‌. به‌لام دوای دروستبونی ئۆپۆزسیۆن، له‌ ته‌موزی سالی 2009 تاکو سالی 2013. کوردستانی عێراق ئه‌وکات له‌روی سیاسی و ئابووری و دۆخێکی باشتری هه‌بوو له‌ دۆخی هه‌نوکه‌!. به‌لام دوای سالی 2014 تاکو نیسانی 2020 حکومه‌تی هه‌رێم له‌جیاتی گه‌شه‌کردنی سیاسی و ئابووری رۆژ به‌ رۆژ له‌ پاشه‌که‌شی جیۆستراتیژیدایه‌، به‌تایبه‌تیش دوای دروستبوونی ململانێی له‌سه‌ر زینی وه‌رتێ، بلاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دابه‌زاینی نرخی نه‌وت، باسکردن له‌ دروستبونی دوو ئیداره‌ی و په‌یره‌وکردنی سیسته‌می لامه‌رکه‌زی. ئێستا هه‌رێمی کوردستانی عێراق توشی دۆخێك بووه‌، که‌ هه‌رێمه‌که‌ی خستۆته‌ به‌رده‌م سیناریۆگه‌لێکی جیاواز. هه‌ر یه‌کێك له‌م سیناریۆانه‌ش لێکه‌وته‌ی سیاسی و ئه‌منی و عه‌سکه‌ری به‌ دوای خۆی دێنێت!. به‌لام ئه‌گه‌ر بێین باس له‌ کێشه‌ جیۆستراتیژه‌یه‌کانی کورد له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌که‌ بکه‌ین کێشه‌کان زۆرن، به‌گشتی به‌شیکی زۆری ئه‌م کێشانه‌شی، له‌ ئه‌ستۆی هه‌رێم خۆیه‌تی، به‌شێکیشی له‌ ئاستی ولاتانی ئیقلمی و کۆمه‌لگای نێوده‌وله‌تیه‌، به‌لام به‌ دیراسه‌کردنی کێشه‌ جیۆستراتیژیه‌کانی 30 سالی رابردووی کوردستانی عێراق، له‌ 85% له‌ ئه‌ستۆی حوکمڕانی خۆمالیه‌ نه‌ک عێراق و ولاتانی تری ئیقلیمی. چونکه‌ 30 ساله‌ که‌س ده‌ستی پارتی و یه‌کێتی نه‌گرتبو‌و‌ بۆ دروستکردنی حکومڕانیێکی دامه‌زراوه‌یی نیشتمانی، که‌س ده‌ستی ئه‌وانی نه‌گرتبوو‌ پێیان بلێت له‌جیاتی خزمه‌تکردن به‌ خه‌لک و دروستکردن ژێرخانێکی ئابووریێکی به‌هێز. وه‌رن سامانی ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌ سه‌رخان و ژێرخانیه‌وه‌ تالانی بکه‌ن. بۆیه‌ باسکردن له‌ کێشه‌ جیۆستراتیژه‌کان کوردستانی عێراق زۆرن، رۆژ به‌رۆژیش وه‌کو لاشه‌یێکی نه‌خۆش، هه‌رێم کێشه‌کانی زۆرتر ده‌بن. بۆیه‌ لێره‌ پێویست ناکات هه‌موو کێشه‌ جیۆستراتیژیه‌کان به‌ درێژی باس بکه‌ین، چونکه‌ زۆر له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نوسراوه‌ و گوتراوه‌، هه‌رچه‌نده‌ پێویسته‌ بۆ رزگارکردنی دۆخی کوردستانی عێراق  هه‌موو کێشه‌کان ده‌سنیشان بکرێن، ئه‌وکات باسی چاکردنی ریشه‌ی و  و‌ سیناریۆکان و لێکه‌وته‌کان بکرێت. چونکه‌ ده‌ره‌نجامی ته‌واوی کێشه‌کانی ڕابردووی هه‌رێم، چ له‌ ئاستی ناوه‌خۆی هه‌رێم، چ له‌گه‌ل به‌غدا و ولاتانی هه‌رێمی. وه‌ هه‌روه‌ها ته‌واوی کێشه‌کانی سالی 2020. کوردستانی عێراق، ئێستا له‌به‌رده‌م کۆمه‌لێك سیناریۆی جیاواز دایه‌. یه‌که‌م. مانه‌وه‌ی بارودۆخی سیاسی و ئابووری و دارایی به‌م شێوه‌: تاکو به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت، یان خۆگونجاندن له‌گه‌ل ئه‌م دۆخه‌ به‌ دروستکردنی ورده‌ قه‌یرانی بچوک بچوک، تاکو ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی قه‌یران به‌ قه‌یران چاره‌سه‌ر بکه‌ن وه‌ک ماوه‌ی ڕابردوو. چونکه‌ به‌رژه‌وه‌ندی پارتی و یه‌کێتی له‌وه‌یه‌ ئه‌م دۆخه‌ به‌رده‌وامی بکات به‌مشێوه‌یه‌. هه‌روه‌ها به‌رژه‌وه‌ندی ده‌وله‌تانی هه‌رێمیش وا ده‌خوازێت. دوه‌م. چاکسازی کردن و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غدا: دۆخی سیاسی، ئابووری، دارایی و جیۆپۆلۆتیکی کوردستانی عێراق گه‌یشتۆته‌ به‌رده‌ ڕه‌قه‌. بۆیه‌ یه‌کێك له‌ سیناریۆکانی حکومه‌تی هه‌رێم ئه‌بێت چاکسازی ڕیشه‌ی بکات، و داهاته‌کانی ڕاده‌ستی ناوه‌ند بکاته‌وه‌، به‌تایبه‌تیش له‌ لیستی موچه‌ خۆران، داهاتی گومرگ، داهاتی نه‌وت و وه‌رگرتنی باج له‌ کۆمپانیاکان به‌تایبه‌ت ئه‌و کۆمپانیانه‌ی که‌ بڕێکی زۆر قه‌رزداری حکومه‌تن و باجیشیان نه‌داوه‌. له‌پال ئه‌وه‌ی هه‌رێم توشی دۆخێک بووه‌ که‌ ده‌بێت چاکسازی گشتگیر بکات، به‌لکو خواستی هاوپه‌یمانه‌کانی هه‌رێمیشه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌مریکیه‌کان و ئه‌وروپیه‌کان که‌ ئه‌وه‌یان نه‌شاردۆته‌وه‌ پێویسته‌ هه‌رێم چاکسازی بکات و له‌گه‌ل به‌غدا بگاته‌ ڕێکه‌وتن به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر مه‌لفی نه‌وت. سێیه‌م. لا مه‌رکه‌زیه‌ت و دوو ئیداره‌ی، یه‌کێك له‌ ئه‌گه‌ره‌ به‌هێزه‌کانی به‌رده‌م جیۆستراتیژی کوردستانی عێراق له‌م کاته‌دا بریتیه‌ له‌ دوو ئیداره‌ی، چونکه‌ جگه‌ هه‌ولێکی زۆری سیاسی ئاشکراو و نهێنی هه‌یه‌ بۆ دابه‌شبوونی هه‌رێم بۆ دوو ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆ یان ده‌سه‌لاتی لا مه‌رکه‌زی. ئه‌م سیناریۆش زۆر به‌هێزه‌ به‌تایبه‌تیش دوای ده‌سبه‌کاربوونی ئه‌م کابینه‌ی حکومه‌ت له‌سالی 2019 و قه‌یرانه‌ دارایی و سیاسیه‌کانی نیوه‌ی یه‌که‌می سالی 2020.   چواره‌م. شه‌ری ناوه‌خۆ و تێکچونی بارودۆخی ئه‌منی: دواین سیناریۆ بریتیه له‌ به‌رپابوونی شه‌ڕی ناوه‌خۆی نێوان ‌هێزه‌ کوردیه‌کان، به‌تایبه‌تیش له‌ سنوری زینی وه‌رتێ یان له‌نێوان په‌که‌که‌ و پارتی له‌ ڕێگای هێرشی تورکیا بۆسه‌ر قه‌ندیل یان پێکدادانی یه‌کێتی و پارتی. وه‌ هه‌روه‌ها دروستبوونه‌وه‌ی داعش و گروپه‌ توندره‌وکان له‌ بۆشایی سنوری هه‌رێم و حکومه‌تی فیدڕالی ئه‌مه‌ش له‌ چوارچیوه‌ی ئه‌م سیناریۆیه‌ ئه‌گه‌رێکی زۆره‌ بۆ رودانی شه‌ڕ له‌ سنوره‌کانی هه‌رێم یان تێکچونی بارودۆخی ئه‌منی ناوچه‌ کێشه‌ له‌سه‌ره‌کان. دوای ته‌واوبوونی ڤایرۆسی کۆڕۆنا هه‌رێمی کوردستانی عێراق، له‌به‌رده‌م یه‌کێك له‌م چوار سیناریۆیه‌ خۆی ده‌بینێته‌وه‌. هه‌ر یه‌کێك له‌م چوار سیناریۆیه‌ش ناتوانێت گه‌شه‌ی ئه‌و هێزه‌ سیاسیانه‌ به‌رده‌وامی بدات. به‌هه‌مان ئه‌م فۆرمه‌ سیاسیه‌ی ئێستای ئیداره‌دانی حکومه‌تی هه‌رێم. هه‌روه‌ها باشترین بژارده‌ی به‌رده‌م حکومه‌تی هه‌رێمیش بریتیه‌ له‌ چاکسازی ریشه‌ی و گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌رێمه‌ بۆ رێکه‌وتن له‌گه‌ل به‌غدا. یان ڕاگه‌یاندن و په‌یڕه‌کردنی لا مه‌رکه‌زیه‌تی ئابووری و ئیداری.


بەهرە حەمەڕەش   یان پێكەوە دەگەینە كەنار یان پێكەوە نغرۆ دەبین   هەر لە پەیدابوونی ژیانەوە ململانێ و مەترسیی (مردن و ژیان)، لەناو مرۆڤ، ئاژەڵ و باڵندەکان هەن. هەر گیانلەبەرێک بە جۆرێک هەوڵی خۆپاراستن و مانەوەی داوە، دووچاری سەرکەوتن و شکست بووەتەوە. ململانێ و پێشبڕکێکانیش بۆ مانەوە هاتوونەتە ئاراوە. بۆ چارەسەری کێشەکان لە حاڵەتی ناچاریدا، مرۆڤەکان پەنایان بۆ (جادوو، ئەفسانە، ئایین، هزر و فەلسەفە) بردووە. لە کاتی تەنگانە، مرۆڤ هەوڵی داوە بە کەمترین زیان لێی دەرباز بێت. ئێمەی کورد لە کوردستانی باشوور، هەموومان لەناو کەشتییەکداین، بە نقوومبوونی زیان بە هەموومان دەگات، هەتا کاریگەریی لەسەر پارچەکانی تریشدا دەبێت، ئەوە راستییەکی حاشاهەڵنەگرە. بۆیە دەبێ بۆ رزگارکردن، هەموومان هەوڵ بدەین و بە عەقڵ و پلانی هەمووان بگەینە کەنارێکی تر. نابێت خۆمان لە دیمەنە گەورەکە (جیهان) جیا بکەینەوە. ئەوەی، کە لە دنیای مۆدێرن جیامان دەکاتەوە، جوگرافیای سیاسیی ئێمەیە، کە لەناو چوار دەوڵەت و داگیرکاران قەتیس کراوین، کێشەی ئێمە ئەوەیە، کە عەقڵ و راددەی پێشکەوتنی هزری سیاسی لای لایەنگەلێك، نەگەیشتووەتە ئاستێک کە کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکرێن، بەڵکوو هەمیشە كۆنەقین و خیانەت و گیانی دووبەرەکی و ململانێ، لەسەر حسابی رەنج و خەباتی ئەم نەتەوە ستەمدیدەیە پەرەی پێ دراوە. دەستێوەردانی بەردەوامی داگیرکاران و بەردەوامیی خیانەت، ئەم پاشخانە وای کردووە، کە کورد لە زۆر وێستگەدا بەدرێژایی ئەم سەد ساڵەی بزووتنەوەی رزگاریخوازی، نەیانتوانیوە سوود لە ئەزموونەکانی خۆی و خەڵکی تر وەربگرێ، هەروەها لە زۆر لە قۆناغەکانی بزووتنەوەی کوردیدا، بەداخەوە لەجیاتی دیالۆگ و چارەسەری کێشەکان، هێز و تۆڵەسەندنەوە بەکار هاتووە. کێشەکانی کاراکتەری مرۆڤی کورد، وەکوو دڵەڕاوکێی بەردەوام و ئاڵۆزی، چووەتە ناو خێزان و لەوێوە بۆ ناو کۆمەڵ و عەقڵی حزبایەتیش هەر بەم جۆرە بووە. لە قۆناغی سی ساڵەی حوکمڕانی کورددا، لەجیاتی گیانی هاوکاری و لەبەرچاوگرتنی خەبات و قوربانیدانی ئەم خەڵکە ماندووە، بەشێك لە حزبەكان ئەوەندەی خەریکی ناکۆکی و دروستکردنی گرفت بوون، ئەوەندە هاوکار نەبوون بۆ سەرکەوتنی ئەم ئەزموونە. جیهان بەگشتی لەبەردەم قەیرانێکدایە، کە پێی دەڵێن (پەتای کۆرۆنا)، مەترسیی داڕمان و تەنگژەی ئابووریی گەورە لەسەر ئاستی جیهان چاوەڕوانکراوە. بێ گومان کاتێک گرفتی ئابووری و تەندروستی هەبوو، گرفتی کۆمەڵایەتییش دەبێت، کەواتە حزبەكانی ئێمە دەبێت لە خەمی دانانی رێگەچارەیەکدا بن، کە شیرازەی کۆمەڵگە بپارێزن، نەک ئەوەی ئێستا لە هەندێك حزب دەیبینین كە بە چاوچنۆكیی حزبی لەم قەیرانە دەڕوانن بە رادەیەك كە ئەم ئەزموونەشیان خستووەتە ژێر مەترسییەوە، کە بە خەبات و خوێنی چەند ساڵەی باپیرانمان هاتووەتە دی! عەقڵی سیاسیی تێگەیشتوو و پێگەیشتوو، لە وەها دۆخێکدا هەلپەرست نابێت، بەڵکوو هەموو زانین و پڕۆژەکان بۆ دەرچوون لە قەیران یەک دەخەن، بۆ ئەوەی بتوانن ئەم قۆناغە تێپەڕێنن، ئەرکی حزبەکانە بە چەپ و راست، ئیسلامی و عەلمانی، حزبی ئۆپۆزسیۆن و ناو حکوومەت، لە تێپەڕاندنی ئەم دۆخە هاوکاری كابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی كوردستان بن. لە قۆناغێکداین ئەگەر دەستی یارمەتی بۆ یەکتر درێژ نەکەین، رووبەڕووی چارەنووسێکی نادیار دەبینەوە، کەسیش لە زیانەکانی بەدەر نابێت. بۆیە کاتی ئەوە نییە، کە بڵێین خەتای کێیە و هۆکار کێ بوو. خەڵکی هۆشیار لەم جۆرە دۆخانەدا رۆڵێکی بەرچاو دەبینن، دەبێت بزانن جیا لە ئەرکە نەتەوەیی و نیشتمانییەکە، ئەرکێکی مرۆییانەشە، کە رێگە نەدەن خەڵک دووچاری برسێتیی زیاتر ببێتەوە. سیاسییەکان هەرچۆنێک بیر دەکەنەوە، دەبێت لەوە تێگەیشتبن، کە رەوشەکە دەرفەت بەوە نادات کار بە عەقڵی تۆڵەسەندنەوە و تەسفییەی حساب لەگەڵ یەکتردا بکەن لە گەرمەی قەیراندا، چونکە ئەو ئەزموونە بەرەو هەر مەترسییەک بچێت، هەمووان تێیدا زیانمەند و سەرلێشێواو دەبن. بەداخەوە مێژووی کوردیش پڕە لەم جۆرە کارەساتانە. ئەزموونی کوردستانی باشوور، بە رەنج و ماندووبوونی هەمووان دروست بووە، دەکرێت ئێستاش بە هەمان هەوڵی دەستەجەمعی رزگار بکرێت، هەر لایەنێک بەشداریی ئەم پرۆسەیە بکات، ئەوا بەشداریی مێژووی پرشنگداری میللەتی کورد دەکات. بەڕاستی، زۆرینەی رۆشنبیران و روناکبیرانییش لەم بوارەدا زۆر کەمتەرخەمن، چونکە بەپێی ئەزموونی مێژوو، شۆڕشی ئۆکتۆبەر، کە لە 1905تووشی شکست بوو، دوای یەک ساڵ، مەکسیم گۆرکی رۆمانی (دایک/ 1906)ی نووسی، کە مۆراڵی هەموو خەڵکی بلۆکی سۆسیالیزمی بەرز راگرت. هەروەها دوای تێکچوونی شۆڕشی فەرەنسی/ 1799، بیتهۆڤن (سمفۆنیای نۆیەم/ 1824)ی وەک وەڵامی ئەم شکستە پێشکەشی گەلی فەرەنسی و جیهانی کرد. دیسان دیلاکروایش لەبەر هەمان مەبەست، تابلۆی (ئازادی سەرکێشی گەلان دەکات/ 1830)ی کێشا. کەواتە ئەمڕۆش لەم رەوشەی جیهان بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی تێی کەوتووە، دەبێت رۆشنبیران و روناکبیرانی کورد، ئەرک و رۆڵێکی مێژوویی، هەم لە بەرزڕاگرتنی مۆڕاڵی خەڵک و هەم لە یەک نزیککردنەوەیان، یەکگرتنی گوتاری کوردی ببینن.


 كارزان نعمان سیستەمی مەركەزی كارگێڕی (نظام المركزیە الاداریە) لەدونیایی بەڕێوەبردندا، مەركەزیەتی كارگێڕی بەشێوەیەك لەشێوەكانی جێبەجێكردنی كارگێڕی دادەنرێت، كەمانای بەش بەش نەكردنی دەسەڵات دەگەیەنێت لەرێخستنی كارگێڕیدا، وەكۆكردنەوەی هەموو ئەركەكان لەبندەستی حكومەتی ناوەندی دا كەئەمەش بەیەكگرتویی و دابەش نەكردنی ئەركە كارگێریەكان تەواو دەبێت، تیایدا دەزگا كارگێڕیەكانی دەوڵەت هەڵدەستن بەممارەسە كردنی ئەرك و تایبەتمەندییە كارگێڕیەكان بەسەر هەموو هەرێمی دەوڵەت. لەبنەڕەتدا سیستەمی مەركەزی كارگێڕی شێوەیەكی قوچەكی (هەرەمی) لەخۆی دەگرێت، كەلەسەرەوەی بەرێوەبردندا سەرۆك و وەزیرەكان و دەسەڵات لای خۆیانەو لەخوارەوەش فەرمانبەرەكان هەن، وە بوونی فرە دام و دەزگایی لەوڵات نابێتە مایەی نەبوونی مەركەزیەتی كارگێڕی چونكە لەسەرەوە دەسەڵاتەكە بەیەكگرتویی كۆكراوەتەوە وەك ئەوەی ئێستا لەهەرێمی كوردستاندا هەیە. بەبۆچونی زۆرێك لەشارەزایانی بەرێوەبردن، سیستەمی مەركەزی كارگێری دەسەڵاتی دەوڵەت تۆكمەو بەهێز دەكات و لەنێوان هاوڵاتیان یەكسانی دروست دەكات لەگەیاندنی پێشكەش كردنی خزمەتگوزاری گشتی دا، بەڵام لەراستیدا ئەم سیستەمە بەدور نییە لەكەمو كورتی و خاڵی لاوازی تیادا بەدی دەكرێن كەئەمانەن: ١- لەئێستادا ژمارەی دانیشتوانی وڵات زۆر بووەو بەرێوەبردن و خزمەتكردنی هاوڵاتیان وادەخوازێت كەسیستەمی بەرێوەبردن مەركەزی نەبێت، چونكە بەم شێوە توانای خزمەتگوزاری گشتی لاواز دەبێت و تەگەرەی بۆ دروست دەبێت، وەرازی بوون بەدەسەڵاتی ڕەها لەسەر بنەمای یەكپارجەیی وڵات ئاستەنگ دروست دەكات و شارەزایان پێیان وایە وڵات بەرەو دیكتاتوریەت و هەڵوەشانەوە دەبات لەدوییدا. ٢- لەسیستەمی مەركەزی كارگێڕیدا شێوازەكانی سەركوتكاری و ستەمی تێدا بەدی دەكرێت كەناگونجێت لەگەڵ بنەماكانی دێموكراسی، لەدونیای دێمكراسیدا هەڵبژاردن لەئارادایە كەخۆی دەبینێتەوە لەخزمەتگوزاری گشتی هاوڵاتیان قۆرخ نەكردنی دەسەڵاتی ڕەها، وەزۆربەی شارەزایان پێیان وایە ”مەركەزیەت و سەركوتكاری” دوو ڕووی لەیەك چوون. سیستەمی نامەركەزی كارگێری (نظام اللامركزیە الاداریە) شێوازە گرنگەكانی بەرێوەربدن لەدونیای مۆدێرندا، بریتی یە لەپەیڕەوكردنی سیستەمی نامەركەزی بۆ بەڕێوەبردنی وڵات و پێشكەش كردنی خزمەتكوزاری گشتی، چونكە لەگەڵ كرانەوەی دونیا بەتایبەت لەسەردەمی ئێستا چیتر بەرێوەبردن بەشێوازی (سیستەمی مەركەزی) جێگای قبوڵكردن نەبوو، بۆیە سەرهەڵدانی سیستەمێكی نوێی لێكەوتەوە و ناونرا (سیستەمی نامەركەزی). نامەركەزی كارگێڕی یەكێكە لەجۆرەكانی بەرێوەبردنی دام و دەزگاكانی وڵات، ئەم سیستەمە بریتی یە لەدابەشكردنی كاروبارە كارگێڕیەكان لەنێوان دەسەڵاتی ناوەندی و دامەزراوە ناوچەییەكان، كەتیایدا بڕێك دەسەڵاتی بڕیاردان لەكاروباری كارگێڕی دراوە بەهەندێك لەدەستەكان كەلەكارمەندی دەسەڵاتی ناوەندی نین، وەدەكرێت زۆرجار ئەودەستانەی كەیەكە كارگێڕیەكان بەڕێوەدەبەن لەلایەن خەڵكەوە هەڵبژێردرابن، سیستەمی نامەركەزی بەپێی شارەزایان بریتین لە (نامەركەزی ساسی و نامەركەزی هەرێمی و نامەركەزی دارایی و ئابوری). بنەماكانی نامەركەزی كارگێڕی خۆی دەبینێتەدە لەبوونی بەرژەوەندی گشتی ناوچەیی لەپاڵ بوونی بەرژەوەندی گشتی نیشتیمانی، كەتیایدا دەم و دەزگا ناوچەییەكان هەڵدەستن بەپێشكەش كردنی خزمەتگوزاری گشتی و دەسەڵاتی ناوەندیش بێبەش نییە لەچاودێری كردنی كاروباری كارگێری لەزۆركاتدا، لەراستیدا سیستەمی نامەركەزی كارگێڕی ڕۆڵی باش دەبینێت لەیەكپارچەیی هەرێمی دەوڵەت لەڕووی سیاسی و یاسایی، وەزۆربەی كات دەسەڵاتی ناوەندیش بەهێز دەكات، لایەنگرانی ئەم سیستەمە پێیان وایە كەدەستەبەری یەكسانی و دادپەروەری لەسیستەمی نامەركەزیدا هەیە بەتایبەت لەپێدانی ماف و خزمەتگوزاریەكاندا و هێشتنەوەی بەبەردەوامی. سیستەمی نامەركەزی كارگێری لەڕووی سیاسیەوە رێگەخۆشدەكات كەهاوڵاتیانی هەرێمی دەوڵەت كەسەكانی ناوچەیی دیاری بكەن بۆ بەئەندام بوون لەبەرێوەبردنی كارەكانی كاركێڕی و بەرێوەبردن، وە ئەم سیستەمە زیاتر خۆی دەنوینێت لەگەڵ كۆمەڵگاو دانەبڕواو دەبێت و رۆتینات كەمتر دەكاتەوە، چونكە كارەكانی حكومەتی نەوەند كەمتر دەكاتەوەو یارمەتیدەر دەبێت لەزۆربەی كاتداو ئاڵۆزی ناهێڵێت لەكارەكاندا. لەراستیدا كاركردن بە”نامەركەزی كارگێڕی” پێویستی بەدەركردنی یاسا نییە، چونكە خۆی یاسای ژمارە 3ی 2009 هەیە ‌و دەكرێت كاری پێبكرێت، ئەوەی ئەنجومەنی پارێزكای سلێمانی داوای دەكات نامەركەزی ”كارگێڕی ‌و داراییە” نەك سیاسی، بۆیە ئەو نامەركەزیەی داوا دەكرێت دژی دوو ئیدارەییە و پێویستە سەرجەم لایەنەكان پێشوازی لێبكەن. ئەمە لەكاتێكدایە كەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لیژنەیەكی بۆ نامەركەزی كارگێڕی پێكهێناو سەرۆكی لیژنەكە لەبزوتنەوەی گۆڕانە، بەپێی فەرمانێك كە واژووی ئازاد محەمەد سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەرەو لەبەرواری 30/4/2020 دەرچووە، لیژنەیەكی لەنوێنەری فراكسیۆنەكانی ناو ئەنجومەنی پارێزگا پێكهێناوە بەمەبەستی ئامادەكردنی پرۆژەیەكی نامەركەزی ”كارگێڕی و دارایی” بەپێی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكان بۆ سنوری جوگرافی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی.


پەیكار عوسمان  لە وجودی دزییدا، مەرکەزی و لامەرکەزی هەر یەك شتە. هەرێمی فیدراڵ و دەوڵەتی سەربەخۆ هەر یەك شتە. هەڵەبجە قەزابێ یان پارێزگا هەر یەك شتە. کەرکوکمان هەبێ و نەبێ هەر یەك شتە. نەوت بەرزبێ و نزمبێ هەر یەك شتە. دوو ئیدارەو یەك ئیدارە هەر یەك شتە. موعارەزە هەبێ و نەبێ هەر یەك شتە. پەرلەمان کراوەبێ و داخراوبێ هەر یەك شتە.. پرسیارەکەش ئەوەنیە دەوڵەت بین یان هەرێم، فیدرالی بین یان کۆنفیدرالی، مەرکەزیی بین یان لامەرکەزیی، پەرلەمانیی بین یان سەرۆکایەتی، یەکڕیزبین یان پەرت.. پرسیاری یەکەم و ئەساس، ئەوەیە کە دزبین یان دزنەبین؟! چونکە کێشەی یەکەم و ئەساسی ئێمە، تەنیا دزییە نەك شتێکی تر. یەعنی ئەو شتەی کە لەناوەڕۆکدا یەکە، لەناودا ناتوانێ شتێکی جیاوازبێ. ئەوەی کە لە جەوهەردا یەکە، لە قەپاغدا ناتوانێ شتێکی تر بێت. جەوهەرو ناوکی سیاسەتی ئێمەش دزییەو لێرەشەوە حیزبی جیاو فکری جیاو ئیدارەی جیاو دەوڵەتی جیا.. هیچی جیانیەو هەمووی هەر دزییە، بەڵام لە فۆڕمی جیادا. ئینجا مەردزی و لامەردزی، هیچ مانایەکی نیە، لەو ڕێگەیەوە تەنیا ئەمەوێ بڵێم، مەرکەزی و لامەرکەزیش هەر وا بێمانایە لە وجودی دزیدا. کوردایەتی یان عێراقچێتی؟ وەکچۆن تیرۆر دینی نیە، "الارهاب لا دین لە". دزییش ئایدۆلۆژیای نیەو کێشەی ئێمەش کوردایەتی و عێراقچێتی و "ییزم و یست" و چەپ و ڕاست نیە. ئەو دزەی بە ئایدۆلۆژیای "س" دزیت لێئەکا، بە ئایدۆلۆژیای "ص"یش ئەیکاو بۆ ئەو هیچ فەرقی نیە. دەی بۆ ئێمەش نابێ فەرقی هەبێ و ئەبێ کێشەمان لەگەڵ دزیی خۆیدا هەبێت، نەك لەگەڵ پێناسەو ناوە جیاجیاکانی دزییدا. باکە لە هەرکوێوە بێت، شەنی دز هەر دزییە. کێشەی ئێمەش ئەبێ لەگەڵ شەنەکەبێت نەك لەگەڵ باکان. نان یان ئازادی؟ دزەکە تەنیا نانەکە نابات، بەڵکو لەوێوە ئەشتکا بە کۆیلەی نان. بەڵام پرسی ئازادیی ناوەکییەو تۆ ئەگەر لەناو خۆتدا ئازادبیت، نان و شەق و هیچ شتێکی دەرەوە، ناتوانێ دیلت بکات. سەیرکە ئەوان نانەکەشت نادەنێ و تۆ هەر خەریکی شەڕەکانی ئەوانیت! ڕۆژێ مەسەلەی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی، ڕۆژێ زینی وەرتێ و ڕۆژێك موستەفای سەلیمی و ڕۆژێك لیبیاو ڕۆژێکیش مەرکەزی و لامەرکەزی.. وەك ئەڵێن "سەری گا هەر دۆڵە"و سەری ئێمەش هەر ڕۆژەی لە شتێکدا ئەچێتەوە ناو هەمان دۆڵ. بۆچی؟ چونکە مەسەلەکە لە نان قووڵترەو تۆ لەناوەوە کۆیلەی ئەوانیت نەك لە نان و شتەکانی دەرەوەدا. خۆ هەر یەك لەو شتانە، ئەشێ پرسێکی گرنگ و شایەنی قسەو لەسەر وەستانبێ، بەڵام شتەکە "خۆی لەخۆیدا" نەك لە شەڕو ئەجندا نزمەکانی ئەمو ئەودا. لاهور یان مەسرور؟ سەیرکە، هەڵبژاردن لەنێوان دوو شتی جیادا ئەکرێ، "هەمان شت" نێوانی نیە، تا لەو نێوانەدا یەکێکیان هەڵبژێریت. هەمان شت یەکێکەو بە "یان"ێكی ناوەڕاست و نیشانەیەکی پرسیاری کۆتایی، نابێ بە دوو شت! دواتر هەموو یارییەکە هەر بۆ ئەوەیە کە بتخەنە ئەو دووڕیانەوە. دەی مەچۆ، چونکە "ئیختیاری دووانیی" ئیختیارنیەو خودی جەبرە! "ئیختیار" هەر ئەوەیە کە نەخرابیتە دووڕیانێکەوە. "ئازادی هەڵبژاردن" هەر ئەوەیە کە ئەگەر کراوەبێ و قەتیس نەکرابێ لە دوو ئەگەردا. جەهلیش هەر ئەوەیە کە جەبری دووخیارییت لێببێ بە ئازادی. هۆشیارییش هەر ئەوەیە کە بە دوعای دووڕیان نەڵێ ی ئامین و دوو نوسخەی هەمان شتیشت لێنەبێ بە دوو شتی جیا. دواشەو یان بەختەباران؟ من ئەڵێم هەردوکیان. چونکە پێموایە دراما، پێشئەوەی لە کوردی یان لە تورکی یان لە مەکسیکی بچێت، ئەبێ لە "دراما" خۆی بچێ. کە ئەشڵێم لە دراما بچێ، من هیچ لە لایەنی هونەریی دراما نازانم و تەنیا وەکو بینەرێك و بەزمانێکی شەعبی، مەبەستم ئەوەیە کە پیاو تاقەتی هەبێ سەیریکات! دەی من تاقەتم هەیە سەیری ئەم دوو درامایە بکەم و کە سەیری ئەکەم، هەست ناکام گەڵتەم پێکرابێ، پێچەوانەی هەنێ درامای ڕەمەزانەکانی پێشوو، کە هەم گاڵتەکردن بوو بە دراماو هەم گاڵتەکردنبوو بە ئێمەی بینەریش. دراما ئەگەر هادفەو پەیامێکی هەیە، دەی جارێ بزانە پەیامەکەی چیە، ئینجا زەڕبی لێدەو ڕەتیکەرەوە. ئەگەریش هەر بۆ تەشویق و کات بەسەربردنە، دەی تۆش کاتێکی ئارامی لەگەڵا بەسەربەرەو ئەو سەعاتەی دراما، بڕێك لە شەڕو مەشاکیلی دنیا لاکەوە، نەکئەوەی لەگەڵ دراماکەش بکەویتە شەڕو نائارامییەکی تر بۆ دەروونی خۆت زیاکەیت! قسەی من لە لایەنی هونەریی نیە، قسەی من لە پەیوەندی ئێمەوەیە بە دراماو بە کۆی شتەکانەوە. بۆ پەیوەندی ئێمە بە شتەکانەوە، هەمیشە هەر پەیوەندی "شەڕە"؟ بۆ یەکسەر ئەکەوینە شەڕو سەنگەرگرتن لە هەر شتێك کە دێ؟ خۆ ئەشێ "هەنێجار" شتەکە پڕوپووچبێ و شایەنی ڕەتکردنەوەبێت، بەڵام ڕەتکردنەوەی (هەموو جارێکی هەموو شتێك) ئەمە زیاتر پەیوەندی بە شەڕەنگێزی ئێمەوە هەیە، نەك بە پووچی و ناپووچی شتەکانەوە! کێشەی منیش لەگەڵ ئەو خەلەلەی ئینسانی کوردییە، نەك لەگەڵ خەلەلەکانی درامای کوردی. یەعنی ئێمە کە نازانین بەویتر بڵێین دەستخۆش، هەر هیچنەبێ، با ئیتر پێ ی نەڵێین دەستت بشکێ. ئاخر تۆ جگە لە شەڕ، دنیایەك خیاری تریشت هەیە، کە ئەتوانی لەوێوە بکەویتە پەیوەندییەکی ناشەڕو تەندروستترەوە لەگەڵ شتەکاندا. هەر سادەترین نمونە، تۆ لەبری ئەوەی بکەویتە شەڕەوە لەگەڵ درامایەکا، ئەتوانی سەیری نەکەیت.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand