ئایندەی شەنگال (ئێزدییەکان) لە ململانێی هێزە نێوخۆیی و هەرێمییەکاندا
2021-08-03 10:06:17
درەو:
هێمن محەمەد قادر- گۆڤاری ئایندەناسی
بەرایی
شەنگار یاخود شەنگال، ناوە کوردی و ڕەسەنەکەی ئەو ناوچەیەیە کە بە عەرەبی پێی دەوترێت “سنجار”، ناوچەیەکی ئێزدینشینی بەناوبانگ و دێرینی کوردستانە. جگە لە ئێزدییەکان، چەند پێکهاتەیەکی دیکەی وەک (عەرەب، تورکمان، مەسیحی) لە ناوچەکەدا دەژین(١). شەنگال لە ڕووی جوگرافییەوە دەکەوێتە سنووری خۆرئاوای کوردستانی باشوورەوە و هاوسنوورە لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستاندا. لە ڕووی ئیداری و کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای نەینەوایە و نزیکەی (١٢٠) کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری موسڵەوە دوورە. جگە لە سەنتەری قەزاکە، ناحیەکانی (سنوونێ، گرعزێر، بلێ) لەخۆ دەگرێت. ناوچەکانی شەنگال و شێخان دەکەونە سنووری مادەی ١٤٠ی دەستووری هەمیشەیی عێراق، تایبەت بە پرسی ناوچە جێناکۆکەکان لەنێوان دەوڵەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا(٢).
هەڵکەوتەی جوگرافیی شاری شەنگال و جیاوازیی بیروباوەڕی ئایینیی دانیشتووانەکەی، وای کردووە ئەم ناوچەیە لە مێژووی کۆن و نوێدا؛ (٧٣) جار بکەوێتە بەردەم شاڵاو و پەلاماری هێزە یەکلەدواییەکەکانی ناوچەکەوە. لە سەردەمی میتانی و کلدانییەکانەوە تا دەگاتە سەردەمی فارس و ڕۆمەکان، ئەم ناوچەیە شانۆی پێکدادانی هێزە جیاوازەکانی ناوچەکە بووە(٣). پاش سەرهەڵدانی ئایینی ئیسلام و دەستپێکردنی فتوحاتی ئیسلامی، سەرهەڵدانی ململانێ و ڕکابەریی عوسمانی-سەفەوی، ناوچەکە کەوتووەتە بەردەم زنجیرەیەک شاڵاو و پەلاماری نوێ(٤). کۆتا پەلامار بۆ سەر ئەم ناوچەیە؛ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٤، کاتێک دانیشتووانی ناوچەکە لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە (دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام) ڕووبەڕووی کوشتن و ڕفاندن و کۆمەڵکوژی بوونەوە.
هەوڵی پاکتاوکردنی ئێزدییەکان لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش و پەرەسەندنی گۆڕانکارییە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکە، چاوی جیهانی بۆ سەر دۆخی شەنگال و ئێزدییەکان وەرچەرخاند. پاش پڕۆسەی ئازادکردنی شەنگال لە ساڵی ٢٠١٥ و تێکشکاندنی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لەسەر خاکی عێراق لە ساڵی ٢٠١٧، بایەخی سیاسی و ستراتیجیی ناوچەکە لە سۆنگەی بەشێک لە هێزە نێوخۆیی و هەرێمییەکانەوە گرنگیی زیاتری بەخۆیەوە بینی. گرنگیی جیۆسیاسی و هەڵکەوتەی جوگرافیی شاری شەنگال لە سێگۆشەی سنووری (عێراق، سووریا و تورکیا)، وای کردووە ئەم ناوچەیە ببێتە چەقی ململانێی نێوان بەشێک لە هێزە نێوخۆیی و هەرێمییەکان. قووڵبوونەوە و بەردەوامیی ململانێی نێوان هێزە ڕکابەرەکانی ناوچەکە لە پێناو بەدیهێنانی ئامانج و برەودان بە بەرژەوەندییەکانیان، مەترسیی بۆ سەر ئایندەی شەنگال و ئێزدییەکان دروست کردووە. ئامانجی سەرەکیی ئەم توێژینەوەیە، هەوڵدانە بۆ خستنەڕووی ئایندەی شەنگال، لە میانەی ئاماژەکردن بۆ هۆکارەکانی پەرەسەندنی ململانێی نێوان هێزە نێوخۆیی و هەرێمییەکان و شیکردنەوەی کاریگەریی ئەو ململانێیانە لەسەر ئایندەی ناوچەکە، لە سەروبەندی ئەو گۆڕانکارییە سیاسییانەی کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی، عێراق و سووریا بەتایبەتی بەخۆیانەوە بینیوە.
ناسنامەی نەتەوەیی و ئایینیی ئێزدییەکان
ئێزدییەکان بە یەکێک لە پێکهاتە ڕەسەن و دێرینەکانی کوردستان دادەنرێن و خاوەنی ناسنامەی نەتەوەیی و ئایینیی خۆیانن. لە ڕووی نەژادییەوە کوردن و لە ڕووی ئایینییەوە پەیڕەوی لە ئایینی “ئێزدی” دەکەن، کە بە یەکێک لە ئایینە دێرین و ڕەسەنەکانی کوردستان و جیهان ئەژمار دەکرێت. ئێزدییەکان وەک بەشێک لە دانیشتووانی ڕەسەنی ناوچەکە، بە یەکێک لە سیما دیارەکانی پێکەوەژیانی ئایینی و فرەکولتووریی گەلی کوردستان دادەنرێن. بە شێوەیەکی گشتی لە ناوچەکانی باشووری کوردستان نیشتەجێن، بەتایبەتی لە ناوچەکانی (قەزای شێخان، باشیک، بەحزانی، شەنگال، زوومار، ئەلقووش) لە سنووری پارێزگای موسڵ و ناوچەکانی (شاری سمێل، کۆمەڵگای خانکێ، ناوچەی دێرەبوون) لە سنووری پارێزگای دهۆک. هاوکات ژمارەیەکیان لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، وڵاتانی ئەرمینیا، گورجستان، ئەڵمانیا و هەندێک لە وڵاتانی دیکەی جیهان دەژین(٥).
ئایینی ئێزدی لەلایەن بەشێک لە توێژەرانەوە بە پاشماوەی ئایینی زەردەشتی دادەنرێت، هاوکات بە هۆی کارلێکردنی لەگەڵ ئایین و بیروباوەڕەکانی دیکەی ناوچەکە، گەلێک توخمی ئایینەکانی دیکەی وەک مانیزم، مەسیحی، جوولەکە و ئیسلامی لەخۆ گرتووە(٦). ئێزدییەکان پەیڕەوی لە هەردوو کتێبی پیرۆزی “جیلوە” و “مەسحەفا ڕەش” دەکەن و کۆمەڵگای ئێزدی لە کۆمەڵێک چینی جیاوازی وەک میر، شێخ، پیر، فەفیر، قەواڵ، کوچەک و مورید؛ پێک هاتووە، هەریەک لەم چینانە تایبەتمەندیی تایبەت بە خۆیان هەیە. پەرەستگای سەرەکیی ئەم ئایینە دەکەوێتە “لالش” لە باکووری شێخان، کە (١٣کم) لە شاری دهۆکەوە دوورە(٧). سەبارەت بە ژمارەی دانیشتووانی ناوچەکە، بەگوێرەی داتا و ئامارەکانی ساڵی ٢٠١٤، تێکڕای دانیشتووانی ناوەندی قەزای شەنگال (٨٨,٣٣٨)، ناحیە و گوندەکانی سەر بەو قەزایە نزیکەی ٣٠٠ هەزار کەس بووە. بەگوێرەی ئاماری ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی سەر بە عێراق، لە ڕووی نەتەوەییەوە: لە ٩٠٪ی دانیشتووانی ناوچەکە کوردن، لە ٩٪ی عەرەب و ١٪ی لە تورکمانن، لە ڕووی ئایینییەوە: لەو ژمارەیە ئێزدییەکان لە ٧٥٪، موسوڵمان و مەسیحییەکان ١٥٪ی دانیشتووانی ناوچەکە پێک دەهێنن(٨).
پەلاماری ڕێکخراوی تیرۆرستیی داعش بۆ سەر شەنگال
پاش پڕۆسەی ئازادیی عێراق و هەڵوەشانەوەی حزبی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣، بە هۆی ناسەقامگیری و لاوازیی دەوڵەتی ناوەندیی بەغداوە، شەنگال و بەشێک لە ناوچەکانی دەوروبەری تاکوو ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوە دەبران. جێگەی باسە بە درێژایی ئەم ماوەیە، حکومەتی هەرێم نەیتوانی ناوچەکە ئاوەدان بکاتەوە و خزمەتگوزاریی پێویست پێشکەش بە دانیشتووانی ناوچەکە بکات. پاش تێکچوونی دۆخی نێوخۆیی عێراق و سووریا، ڕێکخراوی تیرۆرستیی داعش توانیی لە ماوەیەکی کەمدا کۆنترۆڵی بەشێکی فراوان لە خاکی ئەو دوو وڵاتە بکات(٩). پاش گرتنی شاری موسڵ، دووەم گەورە پارێزگای عێراق لە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠١٤، ئەو ڕێکخراوە بە سوودبینین لەو بۆشاییە ئەمنییەی کە لە ناوچەکەدا دروست بووبوو، لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ بە شێوەیەکی لەناکاو پەلاماری شاری شەنگالی دا. هێزەکانی پێشمەرگە کە ئەرکی پارێزگاریکردن و پاراستنی هاوڵاتیانی ناوچەکەیان لەئەستۆ بوو، بەبێ هیچ بەرەنگارییەک کشانەوە و ناوچەکەیان لەبەردەم پەلاماری دڕندانەی داعشدا بەجێ هێشت. پاش گرتنی شاری شەنگال، ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە بە شێوەیەکی دڕندانە دەستیان کردە کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان و کاولکردنی ناوچەکە(١٠).
سەبارەت بە قوربانییانی ئەم کارەساتە، بەگوێرەی ڕاپۆرتی یەکەمین کۆنفرانسی لالش بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان لە ٤ی ئاداری ٢٠١٥ لە قەزای شێخان، بۆمان دەردەکەوێت لە ئەنجامی هێرشەکانی داعش بۆ سەر شەنگال، نزیکەی ١٢٩٣ هاوڵاتیی ئێزدی شەهید بوون و نزیکەی ٣٦٠ هەزار كەس ئاوارە بوون، هاوکات هەزاران هاوڵاتیی ئێزدی بۆ ماوەی زیاتر لە ١٠ ڕۆژ بەبێ نان و ئاو لە چیای شەنگال ناچار بە مانەوە بوون، بە هۆی برسێتی و تینووێتی و ماندووبوونی ڕێگا، زیاتر لە ٦٠٠ کەس لە پیر و منداڵ و ژن گیانیان لەدەست دا. لە درێژەی هەڵمەتەکەدا، نزیکەی ٦٤٠٤ هاوڵاتی ڕفێنران، لەو ژمارەیە زیاتر لە ٣ هەزاریان کچ و ژن و منداڵ بوون. جگە لەوە، زیاتر لە ١٤ پەرەستگا و شوێنی پیرۆزی ئایینیی تایبەت بە ئێزدییەکان خاپوور کران. گەر بەهاناوەهاتن و بەرگریکردنی یەکینەکانی پاراستنی گەل (YPG) نەبووایە، ئەوا قەبارەی کارەساتەکە زۆر گەورەتر دەبوو(١١).
دوای ڕاگەیاندنی پڕۆسەی ئازادکردنی شەنگال، بە بەشداریی هێزەکانی پێشمەرگە، شەڕڤان، گەریلا و بە هاوکاریی بۆردوومانی ئاسمانیی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، لە ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥ توانرا شارەکە ئازاد بکرێت. پاش ئازادکردنی شاری موسڵ و تێکشکاندنی ڕێکخراوی تیرۆرستیی داعش لە ١٠ تەممووزی ٢٠١٧، بە هۆی پەرەسەندنی خێرای ئەو دۆخە نوێیەی کە لە عێراق و سووریا هاتبووە ئاراوە، گرنگی و بایەخی ستراتیجیی شەنگال لە ڕوانگەی بەشێک لە هێزە نێوخۆیی و هەرێمییەکانەوە هەڵکشانی زیاتری بەخۆیەوە بینی، بە جۆرێک دەتوانین بڵێین لە ئێستادا ئەم ناوچەیە بووەتە چەقی پەرەسەندنی ناکۆکی و ململانێی نێوان بەشێک لە هێزە نێوخۆیی و هەرێمییەکان(١٢).
شەنگال لە ململانێی هێزە نێوخۆیی و هەرێمییەکاندا
١. هێزە نێوخۆییەکان
دوای هێرشی چەکدارانی داعش بۆ سەر پارێزگای نەینەوا لە ساڵی ٢٠١٤، هێزە عێراقییەکان لە ناوچەکانی سنووری مادەی (١٤٠) پاشەکشەیان کرد و زۆرینەی ناوچە جێناکۆکەکان لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە کۆنترۆڵ کرا. پاش کشانەوەی هێزەکانی دەوڵەتی ناوەندی، بەشێکی فراوانی ئەو ناوچانە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوە دەبران. پاش پەرەسەندن و قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد، سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان (مەسعوود بارزانی)، ڕۆژی ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧ی وەک ڕۆژی ئەنجامدانی گشتپرسی لە هەرێم و ناوچە جێناکۆکەکان دیاری کرد. لەگەڵ دیاریکردنی ڕۆژی گشتپرسیدا، دەوڵەتانی تورکیا و ئێران و حکومەتی ناوەندیی عێراق دژایەتیی خۆیان بۆ پڕۆسەکە ڕاگەیاند و هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزیان کرد، هاوکات وڵاتانی ئەورووپا و ئەمەریکا ڕاشکاوانە ڕایانگەیاند کە پشتگیریی ئەنجامدانی گشتپرسیی باشووری کوردستان ناکەن. سەرباری سەرجەم ناڕەزایەتییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، هەرێمی کوردستان سوور بوو لەسەر ئەنجامدانی گشتپرسی لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا(١٣).
دوای چوار ڕۆژ لە ئەنجامدانی گشتپرسی، هەریەکە لە وڵاتانی تورکیا و ئێران بە داخستنی دەروازە سنوورییەکانیان گەمارۆی ئابوورییان خستە سەر هەرێمی کوردستان. هاوکات هێزەکانی حکومەتی عێراق و حەشدی شەعبی، بە بڕیاری حەیدەر عەبادیی سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتەی عێراق، لە ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧دا هێرشیان کردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری ناوچەکانی مادەی (١٤٠) و لە ماوەی کەمتر لە ٤٨ کاتژمێردا ناوچەکانی (کەرکووک، شەنگال، مەخموور، بەعشیقە، خانەقین)یان کۆنترۆڵ کردەوە و هێزەکانی پێشمەرگەیان ناچار بە کشانەوە کرد بۆ سنوورەکانی بەر لە ساڵی ٢٠٠٣(١٤). لەم سەربەندەوە دەتوانین بڵێین پرسی یەکلاییکردنەوەی ئایندەی ناوچە جێناکۆکەکان هەمیشە پرسێکی گەرم بووە لەنێوان دەوڵەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا. لەگەڵ ئەوەی بەپێی دەستوور پێویست بوو سەرجەم قۆناغەکانی مادەی (١٤٠)، بەر لە ٣١ی كانوونی یەكەمی ٢٠٠٧ تەواو ببێت، بەڵام تا ئێستا هەنگاوی پێویست بە مەبەستی جێبەجێکردنی هیچ یەک لەو قۆناغانە نەگیراوەتە بەر، ئەمەش وای کردووە ئایندەی ئەو ناوچانە تا دێت بەرەو گرژی و ئاڵۆزیی زیاتر هەنگاو بنێت.
پاش سڕکردنی ئەنجامەکانی گشتپرسی و دەستلەکارکێشانەوەی مەسعوود بارزانی، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد تا ڕادەیەک ئاساییبوونەوەی بەخۆیەوە بینی. سەرباری ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ناوەند، بە هۆی ناکۆکیی نێوان لایەنە جیاوازەکانەوە دۆخی شەنگال تا دەهات ئاڵۆزتر دەبوو. بە مەبەستی ئاساییكردنەوەی دۆخی شەنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکانی ناوچەكە بۆ زێدی خۆیان، شاندێكی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی “ڕێبەر ئەحمەد” وەزیری ناوخۆ، لە ڕۆژی ٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠ سەردانی بەغدادیان کرد. پاشان هەردوو حکومەت لە ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا، بەفەرمی ڕێککەوتننامەی شەنگالیان ڕاگەیاند. دەقی ڕێککەوتننامەکە لە ڕووی ئەمنی و ئیداری و کارگێڕییەوە جەخت لەسەر چەند خاڵێکی بنەڕەتی دەکاتەوە، بەم شێوەیە:
١. لە ڕووی ئەمن و ئاسایشەوە، پاراستنی شەنگال و ناوچەکانی دەوروبەری دەكەوێتە ئەستۆی هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵیی عێراق بەهەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی كوردستان. هاوکات کار بۆ پێکهێنانی هێزێکی سەربازیی (٢٥٠٠) کەسی دەکرێت لە دانیشتووانی ناوچەکە، بە مەبەستی لەئەستۆگرتنی ئەرکی پاراستنی شەنگال. لەم سۆنگەیەوە پێویستە سەرجەم هێزەکانی دیکە بچنە دەرەوەی ناوچەکە.
٢. لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە هەماهەنگی دەكرێت لەنێوان دەوڵەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێم، بە مەبەستی سەرلەنوێ بونیادنانەوە و ئاوەدانكردنەوەی شەنگال.
٣. پێکهێنانی ئیدارەیەکی هاوبەش لەنێوان دەوڵەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێم، بە مەبەستی بەڕێوەبردنی ناوچەکە، پڕکردنەوەی پۆستەکانی ناوچەکە لەسەر بنەمای لێهاتوویی. دوابەدوای ڕاگەیاندنی ڕێككەوتننامەی شەنگال، هەریەک لە نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەمەریکا و تورکیا پشتیوانیی خۆیان بۆ هەردوو حكومەت ڕاگەیاند و ڕێککەوتننامەکەیان بە هەنگاوێکی گرنگ ناو برد لە پێناو گەڕانەوەی ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە(١٥).
سەرباری تێپەڕینی نزیکەی هەشت مانگ بەسەر ڕاگەیاندنی ڕێککەوتننامەی شەنگالدا، تا ئێستا نەتوانراوە بە شێوەیەکی کرداری ڕێککەوتننامەکە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بە هۆی ناڕەزایەتیی دانیشتووانی ناوچەی شەنگال، ئەنجوومەنی خۆبەڕێوبەریی دیموكراتیی شەنگال و گرووپە چەکدارەکانی نێو حەشدی شەعبیی نزیک لە ئێران. جێگەی ئاماژەبۆکردنە لە ئێستادا دانیشتووانی ناوچەکە دابەش بوون بەسەر چەندین هێزی جیاوازدا، بەشێک لەوان پشتیوانی لە پارتی دیموکراتی کوردستان و گەڕانەوەی حکومەتی هەرێم دەکەن بۆ ناوچەکە، بەشێکی دیکەیان پشتیوانی لە پەکەکە و بەشێکشیان پشتیوانی لە حەشد دەکەن. ئەم دوو هێزەش لە بنەڕەتدا دژ بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شەنگالن.
دابەشبوونی ئێزدییەکان
سەرباری سەرجەم ئەو هێزە ڕەسمی و ناڕەسمییانەی لە ناوچەکانی شەنگال و دەوروبەری بڵاو بوونەتەوە، ئێزدییەکان پاش پڕۆسەی ئازادکردنی شەنگال چەندین هێزی چەکداریی تایبەت بە خۆیان پێک هێناوە، هەریەک لەو هێزانەش بەسەر هێزە جیاوازەکانی دیکەی وەک پێشمەرگە، پەکەکە، حەشدی شەعبی و دەوڵەتی ناوەندیدا دابەش بوون، بەم شێوەیە:
١. هێزەکانی پاراستنی ئێزیدخان: ئەم هێزە لە ساڵی ٢٠١٤ بە سەرکردایەتیی “حەیدەر شەشۆ” دامەزراوە، ژمارەیان لە نزیکەی ٧ هەزار چەکدار پێک هاتووە و زیاتر لە هەزار چەکداریان ڕاستەوخۆ بە هێزەکانی پێشمەرگەوە بەستراون. هێزەکانی پاراستنی ئێزیدخان لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باکووری شەنگال بڵاو بوونەتەوە.
٢. هێزی نەتەوەیی ئێزدییەکان: ئەم هێزە خاوەنی نزیکەی ٤٥٠٠ چەکدارە و لەلایەن “نایف جاسو”ی موختاری گوندی کۆجۆوە سەرکردایەتی دەکرێت. هێزی نەتەوەیی ئێزدییەکان لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە ڕاهێنانیان پێ دەکرێت و یارمەتیی ماددی و لۆجستی دەدرێن. ئەم هێزە لە ناوچەکانی باشووری شەنگال بڵاو بوونەتەوە.
٣. یەکینەکانی بەرخودانی شەنگال (یەبەشە): لە کۆمەڵگای خانەسۆری شەنگال و هەندێک لە گوندەکانی باکوور و باشووری ئەم ناوچەیە بڵاو بوونەتەوە و ژمارەیان بە نزیکەی ٧ هەزار چەکداری ژن و پیاو دادەنرێت. لە ڕووی ڕێکخراوەییەوە پەیوەستن بە حەشدی شەعبییەوە و نزیکن لە پەکەکەوە.
٤. فەوجی لالش: لەلایەن “خاڵ علی”یەوە سەرکردایەتی دەکرێن و ژمارەیان بە نزیکەی ٣ هەزار چەکدار دادەنرێت، ئەم هێزانە بەشێکن لە کەتیبەی “ئیمامی عەلی”ی سەر بە دەستەی حەشدی شەعبی، لە ناوەندی شەنگال و هەندێک لە گوندەکانی باشووری قەزاکە بڵاو بوونەتەوە.
٥. هێزەکانی هاوپەیمانیی شەنگال: لە ژمارەیەک هێزی جیاوازی وەک یەکینەکانی ژنانی ئێزیدخان، ئاسایشی ئێزیدخان، یەکینەکانی پاراستنی گەل، یەکینەکانی پاراستنی ژنان، یەکینەکانی بەرخودانی شەنگال؛ لەنێو ئەم هاوپەیمانێتییەدان و سەرجەمی ئەم هێزانە لەلایەن پەکەکەوە ئاڕاستە دەکرێن(١٦). دابەشبوونی ناوچەکە بەسەر چەند هێزی جیاواز و ڕکابەری یەکتردا، نیشاندەری ململانێی قووڵی نێوان لایەنە ڕکابەرەکانی ناوچەکەیە بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە ڕێگەی بەکارهێنانی دانیشتووانی ناوچەکەوە. لە ماوەکانی ڕابردوودا چەندین جار ئاڵۆزی و پێکدادان لەنێوان بەشێک لەو هێزانەدا دروست بووە کە هاوڵاتیانی ئێزدیان بەسەردا دابەش بووە.
ا. پارتی کرێکارانی کوردستان
جگە لە دەوڵەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێم، ژمارەیەک هێزی دیکە لە ناوچەکەدا لە ڕکابەریدان بۆ سەپاندنی باڵادەستیی خۆیان بەسەر شەنگالدا. هەڵکەوتەی جوگرافیی شاری شەنگال لەسەر سنووری ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان، وای کردووە ئەم ناوچەیە لە ڕووی جیۆپۆلۆتیکەوە پێگەیەکی گرنگ بێت بۆ پەکەکە و ئیدارەی خۆسەریی ڕۆژئاوای کوردستان. لەدوای ساڵی (٢٠٠٠)ەوە، پارتی کرێکارانی کوردستان هەمیشە لە هەوڵدا بووە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ گرووپە ئایینییە کوردییەکانی وەک “ئێزدییەکان و عەلەوییەکان”. دوای هێرشی داعش و کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە (پدک) لە ناوچەی شەنگال، پەکەکە توانیی ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە و بەشێک لە هێزەکانی خۆی بەخێرایی ناردە ناوچەکە لە پێناو پاراستنی ئێزدییەکان، هاوکات لە پڕۆسەی ئازادکردنی شەنگال و ناوچەکانی دەوروبەریدا لە ساڵی ٢٠١٥، توانییان ڕۆڵێکی کارا بگێڕن.
بێگومان ئەمە دەرفەتێکی زێڕینی بۆ پەکەکە ڕەخساند تا سۆزی دانیشتووانی ناوچەکە بەلای خۆیدا ڕابکێشێت، هاوکات لە ڕێگەی دامەزراندنی چەندین هێزی چەکداری نزیک لە خۆیەوە لەنێو دانیشتووانی ناوچەکەدا، توانیویەتی هێز و پێگەی خۆی لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و باکووری ڕۆژئاوای عێراق (شەنگال) فراوانتر بکات. پاش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و کۆنترۆڵکردنی شەنگال و ناوچە جێناکۆکەکان لەلایەن چەکدارانی حەشدی شەعبییەوە لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، هێزەکانی پەکەکە لەنێو شنگالدا مانەوە و لە ئێستادا ناوچەکە لەلایەن چەکدارانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی پاراستنی شەنگالی نزیک لە پەکەکەوە بەهاوبەشی بەڕێوە دەبرێت (١٧) .
ب. پارتی دیموکراتی کوردستان
پارتی دیموکراتی کوردستان (پدک)، شەنگال وەک بەشێک لە ناوچەی ڕکێفی خۆی دەبینێت. ئەم ستراتیجەی پارتی لەدوای ساڵی (٢٠٠٣)ەوە تا ئەمڕۆش بەردەوامە و گۆڕانێکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە تەنانەت پاش کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە (پدک) لە شەنگال لە كاتی پەلاماری داعشدا. پدک فراوانبوونی هەژموونی پەکەکە بە مەترسی بۆ سەر دەسەڵات و پێگەی خۆی دەبینێت لە ناوچەکەدا. پاش واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی شەنگال لەنێوان دەوڵەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێم، پەکەکە لە ڕێگەی لایەنگران و هێزەکانی نزیک لە خۆیەوە دژایەتیی خۆی بۆ ڕێککەوتننامەکە ڕاگەیاند. سەرباری زیادبوونی فشارەکانی تورکیا و پدک، پێناچێت پەکەکە هەر وا بەئاسانی دەستبەرداری ناوچەکە بێت، بێگومان ئەم دۆخەش کاریگەریی دەبێت لە زیاتر قووڵکردنەوەی ناکۆکی و ململانێکانی نێوان هەردوو لادا(١٨).
ج. حەشدی شەعبی
جگە لە پەکەکە و پدک، بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی نێو هێزەکانی حەشدی شەعبیی نزیک لە ئێران، وەک “هێزەکانی بەدر” بە سەرکردایەتیی هادی عامری، هێزەکانی “عصائب أهل الحق” بە سەرکردایەتیی قەیس خز عەلی، ناوچەی شەنگال وەک ناوچەیەکی ستراتیجی دەبینن بۆ پەرەپێدانی نفووزیان لە ناوچەکانی باکووری خۆرئاوای عێراق و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران لە سووریا و عێراق. سەرباری هەوڵدان بۆ بەهێزکردنی نفووزی شیعە لە ناوچەکەدا، هاوکات ئەم هێزە نایەوێت جارێکی دیکە دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ناوچە جێناکۆکەکان بەهێز بێتەوە. بۆیە پاش ڕاگەیاندنی ڕێککەوتننامەی شەنگال، بەتوندی دژایەتیی خۆیان بۆ ڕێککەوتننامەکە ڕاگەیاند و کشاندنەوەی هێزەکانیان لەو ناوچانە ڕەت کردەوە، هاوکات ئێران ئەم هێزانە وەک کارتی فشار بەکار دەهێنێت بە مەبەستی ڕێگریکردن لە دووبارە بەهێزبوونەوەی پێگەی تورکیا لە ناوچەکانی پارێزگای نەینەوا.
دوای ئەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا، لە ٢٢-ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١-دا هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز و بەرفراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەی کرد دژ بە پەکەکە لە چیای شەنگال، دەستەی حەشدی شەعبی لەبەرامبەر هەڕەشەکانی تورکیادا ژمارەی هێزەکانی خۆیان لە ناوچەی شەنگال زیاد کرد و ئامادەیی خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سوپای تورکیا ڕاگەیاند لە دۆخی ئەنجامدانی لەشکرکێشیی سەربازیدا بۆ سەر ناوچەکە. هاوکات وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر هەڕەشەکانی لێپرسراوانی تورکیا، حەشدی شەعبی بە شێوەیەکی فەرمی داوای کردنەدەرەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتەیان کرد لەسەر خاکی عێراق(١٩).
٢. هێزە هەرێمییەکان
ا. ئێران
سەرباری ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم-دەوڵەتی ناوەندی، پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ پەکەکە و هێزەکانی حەشدی شەعبی، شەنگال لە ئێستادا بووەتە گۆڕەپانی ململانێی بەشێک لە هێزە هەرێمییەکانی وەک “تورکیا و ئێران”. هەریەک لەو دوو وڵاتە لە ڕکابەرییەکی بەهێزدان لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابووری و بازرگانییەکانیان لە ڕێگەی سەپاندنی هەژموون و باڵادەستیی خۆیانەوە لە عێراق. لەم سۆنگەیەوە دەتوانین بڵیین پرسی شەنگال لە ئێستادا عێراقی کردووەتە ناوەندی ململانێ و پێکدادانی نفووزی بەشێک لە هێزە هەرێمییەکانی وەک تورکیا و ئێران.
ئێران لە ئێستادا بە یەکێک لە دەوڵەتە هەرێمییە بەهێزەکانی ناوچەکە دادەنرێت و خاوەنی پێگەیەکی ئێجگار بەهێزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و عێراق و سووریا بە شێوەیەکی تایبەتی. ئێران لە ڕێگەی سەپاندنی هەژموونی خۆی و بەرگرتن لە فراوانبوونی نفووزی دەوڵەتانی دیکەی ناوچەکەوە، کار بۆ گەشەپێدانی بەرژەوەندییە سیاسی، سەربازی، دیپلۆماسی و ئابوورییەکانی خۆی و لاوازکردنی ڕکابەرەکانی دەکات. پاش پڕۆسەی ئازادیی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ و سەرهەڵدانی ڕێکخراوی تیرۆرستیی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ و تێکشکانی ئەو ڕێکخراوە لەسەر خاکی عێراق لە ساڵی ٢٠١٧، ئێران تا ڕادەیەکی زۆر توانیویەتی بە سوودوەرگرتن لە لاوازیی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق و دۆخی جەنگ، باڵادەستیی خۆی لە ڕێگەی هێزە شیعییەکانەوە لەنێو پانتای خاکی عێراقدا بچەسپێنێت(٢٠).
پاش ئەنجامدانی گشتپرسی و هێرشی هێزە چەکدارەکانی سەر بە دەوڵەتی ناوەندیی عێراق لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و کۆنترۆڵکردنی بەشێکی فراوانی خاکی ناوچە جێناکۆکەکان (شەنگال) لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە، ئێران توانیی نەک بەتەنها لە ناوچە شیعەنشینەکانی باشووری عێراقدا، بەڵکوو لە ناوچە سوننەنشینەکانی ناوەڕاست و بەشێک لە باکووری عێراقدا باڵادەستی و هەژموونی خۆی فراوان بکات(٢١). پاش ڕاگەیاندنی ڕێککەوتننامەی شەنگال، ئێران لە ڕێگەی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە خۆی، لەنێو ڕیزەکانی حەشدی شەعبی لە ناوچەی شەنگال بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دژایەتیی خۆی بۆ جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتننامەیە نیشان دا. ئێران جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتننامەیە و کشانەوەی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە خۆی لە ناوچەکانی شەنگال و دەوروبەری، وەک بەربەستێک دەبینێت لەبەردەم نزیکبوونەوەی قووڵایی ستراتیجی وڵاتەکەی لە ناوچەکانی موسڵ و حەلەب. هاوکات جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتننامەیە وەک بەربەستێک دەبینێت لەبەردەم پڕۆژەی “هیلالی شیعی”، گەیشتن بە ئاوەکانی دەریای ناوەڕاست و حزبوڵای لوبنانی، پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە دیمەشق و بەغداد(٢٢).
ب. تورکیا
لە سۆنگەی تورکیاوە، عێراق لە ڕووی سیاسی، ئابووری، بازرگانی و وزەوە بە یەکێک لە گرنگترین دەوڵەتانی ناوچەکە دادەنرێت. لەدوای ساڵی (٢٠٠٣)ەوە، تورکیا تا ڕادەیەکی باش توانیبووی پەرە بە بەرژەوەندییەکانی خۆی بدات لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باکووری عێراقدا. پاش گرتنی بەشێکی فراوان لە خاکی ناوچە سوننەنشینەکان لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش و تێکشکانی ئەو ڕێکخراوە بە هاوکاریی ڕاستەوخۆی ئێران، نفووزی تورکیا لەبەرامبەر گەشەسەندنی نفووزی ئێراندا پاشەکشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، لە کاتێکدا تورکیا تا ئەمڕۆش ئەم ناوچانە بە بەشێک لە جێگەی نفووز و هەژموونی خۆی دەبینێت. تورکیا لە ڕێگەی بەهێزکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی عێراقدا، کار بۆ دووبارە بەهێزکردنەوەی پێگە و نفووزی خۆی لە عێراق (پارێزگای نەینەوا) دەکات، بۆ ئەم مەبەستەش کۆمپانیا تورکییەکان دەیانەوێت ڕۆڵێکی کارا بگێڕن لە پڕۆسەی دووبارە ئاوەدانکردنەوەی موسڵ و ناوچە سوننەنشینەکاندا، هاوکات تورکیا لەم ڕێگەیەوە دەیەوێت ڕێگری لە گەشەسەندنی نفووزی ئێران و پەکەکە بکات لە ناوچەکانی پارێزگای نەینەوا (موسڵ).
سەرباری هەوڵدان بۆ بەهێزکردنەوەی پێگەی خۆی لە ناوچەکەدا، وەزارەتی بەرگریی تورکیا بە ئامانجی لەناوبردن و کەمکردنەوەی جموجووڵ و چالاکییەکانی پەکەکە لە نێوخۆ و دەرەوەی تورکیا، زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی سەربازی بە ناوەکانی چنگ (چڕنووک) ١ – ٢ – ٣، چنگی داڵ لە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٠، چنگی پڵنگ لە ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ و چنگی برووسکە لە ٢٤ی نیسانی (٢٠٢١)ەوە بۆ سەر بنکە و پێگەگەکانی ئەو ڕێکخراوە دەستی پێ کردووە و تا ئێستا بەردەوامیی هەیە. لەم سۆنگەیەوە تورکیا بەهێزبوونی پێگە و چالاکییەکانی پەکەکە لە شەنگال و زیادبوونی نفووزی ئەو پارتە لەنێو دانیشتووانی ناوچەکەدا، بەشداریکردنی بەشێک لە ئەندامانی لەنێو ڕیزەکانی حەشدی شەعبی و بەدەستهێنانی هاوکاریی ماددی و چەک لەلایەن دەوڵەتی عێراقییەوە لە چوارچێوەی ئەو هێزانەدا، بە هەڕەشە و مەترسیی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی دادەنێت، بەتایبەتی بە هۆی هەڵکەوتە و پێگەی ستراتیجیی ناوچەکەوە لەسەر سنووری باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان(٢٣).
سەبارەت بەم دۆخە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورکیا لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز، نیگەرانیی وڵاتەکەی نەشاردەوە لەبەرامبەر گەشەسەندنی هێز و فراوانبوونی پانتایی چالاکییەکانی پەکەکە لە ناوچەی شەنگال و لەم بارەیەوە وتی “شەنگال لە سۆنگەی ئێمەوە بە قەندیلی دووەم دادەنرێت، بۆیە هەرگیز ڕێگە بە دروستبوونی قەندیلی دووەم نادەین”. لە ڕۆژی ١٨ی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، وەزیری بەرگریی تورکیا (هلوسی ئاکار) سەردانی بەغدای پایتەختی کرد، بە مەبەستی گفتوگۆکردن و فشارخستنەسەر دەوڵەتی ناوەندیی عێراق، تا هەوڵەکانی چڕ بکاتەوە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شەنگال و گەڕانەوەی دەسەڵاتی فیدراڵی بۆ ناوچەکە(٢٤).
شەنگال و سیناریۆ ئایندەییەکان
لە سۆنگەی ئەو هۆکارانەی كە ئاماژەی پێ كرا، گرنگترین ئەو سیناریۆیانەی كە بە هۆی بەردەوامیی ڕکابەری و ململانێی نێوان هێزە نێوخۆیی و هەرێمییەکان ئەگەری ڕوودانیان هەیە، لە چەند خاڵێکی سەرەکیدا كۆ دەبنەوە:
سیناریۆی یەکەم: یەکێک لە دیارترین سیناریۆکان سەبارەت بە داهاتووی ناوچەکە، خۆی لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شەنگال بە شێوەیەکی کرداری لەنێوان دەوڵەتی ناوەندیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا دەبینێتەوە بە مەبەستی ئاساییکردنەوەی دۆخی شەنگال و بەڕێوەبەردنی ناوچەکە بە شێوەیەکی هاوبەش. جگە لە دەوڵەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێم، هەریەک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، یەکێتیی ئەورووپا و تورکیا پشتیوانی لەم سیناریۆیە دەکەن. جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شەنگال لە ئێستادا بە باشترین بژاردە دادەنرێت بۆ دوورخستنەوەی ناوچەکە لە هەڵگیرسانی ئاگری جەنگێکی نوێ. لە دۆخی جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتننامەیەدا، پێویستە هێزەکانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان و حەشدی شەعبی لە ناوچەکە بکشێنەوە، ئەمەش هۆکارێکی گرنگ دەبێت بۆ کەمکردنەوەی دەستتێوەردانی دەرەکی و ڕکابەریی نێوان هێزە جیاوازەکانی ناوچەکە.
سیناریۆی دووەم: سەرباری سەرجەم هەوڵەکانی دەوڵەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێم بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شەنگال، بەڵام بە هۆی ڕێگرییەکانی ئێران، پارتی کرێکارانی کوردستان و هێزەکانی حەشدی شەعبیی نزیک لە ئێران، تا ئێستا نەتوانراوە هەنگاوی کرداری بۆ جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتننامەیە بنرێت، چونكە هیچ كام لەم هێزانە ئامادەی دەستەبەرداریی بەرژەوەندییەکانیان نین لەم ناوچەیە. لەم سۆنگەیەوە دەتوانین بڵێین سەرباری سەرجەم ناڕەزایەتییەکانی هەریەک لە دەوڵەتی ناوەندی، حکومەتی هەرێم و تورکیا، یەکێک لە سیناریۆکانی دیکە خۆی لە بەردەوامیی دۆخی شەنگال و ناوچەکانی دەوروبەری دەبینێتەوە بەم شێوەیەی کە ئێستا لەئارادایە، بە هۆی باڵادەستیی حەشد و ئێران بەسەر گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و پشتیوانیی بەشێک لە هاوڵاتیانی ئێزدی بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان.
سیناریۆی سێیەم: لە دۆخی جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتننامەی شەنگال و بەردەوامیی باڵادەستیی هێزەکانی حەشدی شەعبی و ئێران، بەهێزبوونی پێگە و گەشەسەندنی زیاتری چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستاندا، یەکێک لە سیناریۆکانی دیکە بریتی دەبێت لە ئەگەری ئەنجامدانی لەشکرکێشیی سەربازی بۆ سەر ناوچەی شەنگال لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، بە مەبەستی سنووردارکردنی چالاکی و لەناوبردنی پێگەکانی ئەو ڕێکخراوە. لە ئەگەری ڕوودانی دۆخێکی لەم چەشنەدا، ناوچەکە دەبێتە مەیدانی پێکدادانی نێوان تورکیا و ئەو هێزانەی کە بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتەدا یەک ناگرێتەوە. بە مەبەستی ڕێگریکردن لە ئەگەری ڕوودانی دۆخێکی نەخوازراوی لەم چەشنە، پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی ڕاستەخۆ چاودێریی دۆخی شەنگال بکات.
سیناریۆی چوارەم: بریتی دەبێت لە لێكتێگەیشتنێكی ناچاریی هێزە هەرێمییەكان و مامەڵەكردن لەگەڵ واقیعی سەپێنراو بەسەر ناوچەكەدا، لەم ئەگەرەدا پێدەچێت ئێران و توركیا لە پێناو نیگەرانی و بەرژەوەندییە تایبەتەكانی خۆیان و بە سەرنجدان بەوەی كە هیچ لایەكیان توانای یەكلاییكردنەوەی دۆخی ناوچەكەی بە قازانجی خۆی نییە، لە بەشێك لە داوا و ئیمتیازاتی خۆیان بكشێننەوە بۆ ئەوەی دواجار هیچ كامیان دۆڕاوی پرسی شەنگال نەبن. ئەم سیناریۆیە بە ڕادەی یەكەم بە زیانی هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان و دواتر دانیشتووانی شەنگال دەبێت.
ئەنجام
پاش سەرکەوتنی پڕۆسەی ئازادکردنی شەنگال لە ساڵی ٢٠١٥، دۆخی شەنگال و ناوچەکانی دەوروبەری هیچ پێشکەوتن و گۆڕانێکی بنەڕەتیی بەخۆیەوە نەبینیوە، بەڵکوو لە ئەنجامی ئەو گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییانەی لە ناوچەکەدا هاتووەتە ئاراوە، شەنگال بووەتە چەقی ململانێی بەشێک لە هێزە نێوخۆییەکان. هاوکات دابەشبوونی دانیشتووانی ناوچەکە بەسەر چەندین گرووپ و ئەجێندای جیاوازدا و قووڵبوونەوەی ناکۆکیی نێوان ئەو لایەنانە لە ئێستادا، ئایندەی ناوچەکە و دانیشتووانەکەی خستووەتە بەردەم مەترسیی شەڕ و پێکدادان. جگە لە هێزە نێوخۆییەکان لەسەر ئاستی هەرێمی، هەریەک لە ئێران و تورکیا کار بۆ سەپاندنی باڵادەستیی خۆیان دەکەن بەسەر ناوچەکەدا، بۆ ئەم مەبەستەش هیچ یەک لەو دوو دەوڵەتە ئامادە نین دەستبەرداری بەرژەوەندییەکانیان بن چ لە ئێستا و چ لە ئایندەدا. بەم جۆرە دەتوانین بڵێین سەرباری ناکۆکییە نێوخۆییەکان، ئەم هەنگاوانەی هەریەک لە ئێران و تورکیا بە یەکێک لە هۆکارەکانی ناسەقامگیریی دۆخی شەنگال و ناوچەکانی دەوروبەری دادەنرێت. بەردەوامیی ململانێی و ناکۆکیی نێوان لایەنە جیاوازەکان ڕێگرە لەبەردەم دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری و ئەنجامدانی خزمەتگوزاریی پێویست، بە مەبەستی دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە و گەڕانەوەی دانیشتووانەکەی بۆ زێدی خۆیان. لە پێناو هێنانەدیی ئاشتی و دوورخستنەوەی شەنگال لە ئەگەری هەڵگیرسانی ئاگری جەنگێکی نوێ کە قوربانییەکانی بە پلەی یەکەم دانیشتووانی ئێزدینشینی ناوچەکە دەبێت، پێویستە کۆمەڵگای نێودەڵەتی لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە بکات و هانی لایەنە جیاوازەکان بدات تا لە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆوە هەوڵی چارەسەرکردنی دۆخی شەنگال بدەن، گەرچی لە ئێستادا بە هۆی پەرەسەندنی ململانێکانەوە پێناچێت ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکە کارێکی هەر وا ئاسان بێت.
——————————————————————–
سەرچاوەکان
١. هاوڕێ یاسین محەمەد، لێکۆڵینەوەیەک لە جوگرافیای هەرێمی کوردستان، چاپخانەی غەزەلنووس، چاپی دووەم، سلێمانی، ٢٠١٣.
٢. د. سەعدی عوسمان هەرووتی، سنووری خوارووی کوردستانی باشوور لە سەدەی نۆزدەهەمدا، چاپخانەی موکریان، هەولێر، ٢٠٠٧.
٣. سەربەست حسێن، ئێزدییەکان لە مێژووی نەتەوەکەیاندا، بڵاوکراوەی مەکتەبی بیر و هۆسیاریی “ی. ن. ک”، چاپی دووەم، سلێمانی، ٢٠٠٦.
٤. د. حەکیم ئەحمەد خۆشناو، کورد و کوردستان لە دیدی گەڕیدە و وڵاتناسیی موسوڵمان، و. شوکر سلێمان، چاپخانەی موکریان، هەولێر، ٢٠١٤.
٥. د. عەبدولڕەحمان قاسملۆو، کوردستان و کورد، و: عەبدوڵا حەسەنزادە، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ڕۆژهەڵات، چاپی هەشتەم، هەولێر، ٢٠١٤.
٦. د. وەدیع جوەید، جووڵانەوەی نەتەوەیی کورد، و: ی. پ. د. یاسین سەردەشتی، چاپخانەی سیما، چاپی یەکەم، سلێمانی، ٢٠٠٨.
٧. د. عەبدوڵا غەفوور، ئەتنۆ-دیمۆگرافیای باشووری کوردستان، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، چاپی یەکەم، هەولێر، ٢٠٠٦.
عدنان زیان فرحان، الکرد الایزیدیون فی اقلم کردستان (١٨٠٠-١٩٠٠)، مرکز کردستان للدراسات الاستراتیجیە، السلیمانیە، ٢٠٠٤.
٨. صوت العراق، “سنجار دولة داخل دولة والسكان العائدون يرومون معاودة النزوح”، https://www.sotaliraq.com/2020/08/04، تاریخ: ٣١/٥/٢٠٢١، ساعە: ١٢.٩.
رضا سالم داود، الآقلیە الآیزیدیة في العراق، مجلة مداد الاداب العراق ، ٢٠١٨-٢٠١٩.
- 9. Emrah Kekilli, Can Acun, “Referandum Sonrası Kerkük ve Tartışmalı Bölgelerin Durumu: Türkiye’nin Pozisyonu”, SETA Perpektif Dergisi, Sayi: 181, 2017.
- 10. Fehim Taştekin, “Ezidiler bu kez Kürtler arası çelişkiler ve dış müdahalelerin kurbanı”, https://www.bbc.com/turkce/haberler-dunya-55139789, Erişim Tariti: 30, 5, 2021, Saat: 5:00.
١١. کوردپیدیا، “جینۆسایدی شەنگال و ئێزدییەکان”، https://www.kurdipedia.org/default.aspx?q=20150514110143121115&lng=1، کاتی بینین: ٣٠\٥\٢٠٢١، کاتژمێر: ٥.
- 12. Şemsettin Erdoğan, “Irak Şam İslam Devleti (IŞİD): Gücü ve Geleceği”, Savunma Bilimleri Dergisi, Cilt: 14, Mayıs 2015.
١٣. ماڵپەڕی ڕۆژنیوز، “ڕیفراندۆم چیی بەسەر باشووری کوردستاندا هێنا؟”، https://rojnews.news/، کاتی بینین: ٣٠\٥\٢٠٢١، کاتژمێر: ٩.
- 14. EMRAH KEKİLLİ, CAN ACUN, “Referandum Sonrası Kerkük ve Tartışmalı Bölgelerin Durumu: Türkiye’nin Pozisyonu”, SETA Perpektif Dergisi, SAYI: 181, EKİM 2017.
- 15. Ece Göksedef, ” Sincar Anlaşması: Bağdat ve Erbil’in imzaladığı anlaşma neler öngörüyor ve uygulanabilir mi?” https://www.bbc.com/turkce/haberler-dunya-54560308, Erişim Tariti: 31, 5, 2021, Saat: 10:00.
١٦. علي أغوان، “مدينة سنجار العراقية وتدافعات الموقف الجيو أمني-الإقليمي”، https://studies.aljazeera.net/ar/reports/2019/04/190423121610649.html، تاریخ: ٣١/٥/٢٠٢١، ساعە: ١٢.
١٧. مركز الإمارات للسياسات، “التصعيد في سنجار بالعراق: التنافسات الداخلية والأبعاد الجيوسياسية”، https://epc.ae/ar/topic/escalation-in-sinjar-iraq-internal-competition-and-geopolitical-consequences، تاریخ: ٣١/٥/٢٠٢١، ساعە: ١٢.
- 18. ” Şengal’siz Şengal anlaşması” https://www.ozgurpolitika.com/haberi-sengalsiz-sengal-anlasmasi-5555 , Erişim Tariti: 3, 6, 2021, Saat: 4:00.
١٩. علي أغوان، “مدينة سنجار العراقية وتدافعات الموقف الجيو أمني-الإقليمي”، https://studies.aljazeera.net/ar/reports/2019/04/190423121610649.html، تاریخ: ٣١/٥/٢٠٢١، ساعە: ١٢.
- 20. Çağatay Balcı “Sincar operasyonu, PKK/YBŞ ve İran destekli milisler”, https://www.aa.com.tr/tr/analiz/sincar-operasyonu-pkk-ybs-ve-iran-destekli-milisler/2150293 , Erişim Tariti: 7, 6, 2021, Saat: 8:00.
- 21. Cenk Tamer, “Türkiye ve İran’ın Irak’ta Güç Tahkim Etme Çabası: Başika Örneği”, Gazi Üniversitesi Sosyal Bilimler Dergisi, Cilt: 3, Sayı: 6, 2016.
- 22. Kemal İnat, Mustafa Caner CANER, “Ortadoğu’daki Bölgesel Aktörlerin Musul Polotikaları”, Seta Dergisi, Sayı: 177, 2016.
- 23. Murat Aslan, “Türkiye’nin Terörizmle Mücadelesi | Pençe Harekâtı”, Seta Dergisi, Sayı: 289, 2019.
- Rengin Arslan, “Türkiye’nin Şengal ve Karaçok operasyonları neden önemli?”, https://www.bbc.com/turkce/haberler-turkiye-39718224, Erişim Tariti: 8, 6, 2021, Saat: 1:00.