Draw Media

رۆژنامەی " العالم الجدید": هەڵمەتی لە هەرێم هەڵبژاردن ساردوسڕە

رۆژنامەی " العالم الجدید": هەڵمەتی لە هەرێم هەڵبژاردن ساردوسڕە

2025-10-07 09:31:44


رۆژنامەیەكی عێراقی:
🔻هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان ساردو سڕییەكی بێوێنە بەخۆیەوە دبینێت
🔻سەركردەكانی ئۆپۆزسیۆن زیندانیكراون و حزبە دەسەڵاتدارەكان ترسیان لە بردنی كورسیەكانیان نەماوە
🔻یەكێتی و پارتی پشت بە هێزە چەكدارەكان و كارمەندانی حزب دەبەستن زیاتر لە شەقام بۆ زامنكردنی دەنگەكانیان
🔻خۆیان بۆ بانەگەشە ئامادە نەكردبوو چونكە پێیانوابوو شەڕ لە ناوچەكە روودەداتەوە
درەو:
رۆژنامەی " العالم الجدید" لە راپۆرتێكدا بە ناونیشانی (ساردی هەڵبژاردن ژاوەژاوی بانگەشە لە هەرێمی کوردستان دەکوژێنێتەوە، هۆکارەکانی چین؟) بڵاوكردووەتەوەو تیایدا دەڵێت:
گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستان دۆخێكی ساردی نائاسایی لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەخۆوە دەبینێت، كە بڕیارە لە 11ی مانگی تشرینی دووەم ئەنجام بدرێت، سەرەڕای تێپەڕبونی چەند رۆژێک بەسەر بانگەشەی هەڵبژاردن، لە دیمەنێكدا كە تەواو جیاوازە لە گەرمی كێبڕكان و بانگەشە بەدەنگی بەرز، كە تایبەتمەندی هەڵبژاردنەکانی پێشوو بوو.
چاودێران ئەمە بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێننەوە ، دیارترینیان، دەستوەردانی یاریزانە نێودەوڵەتییەکان و چاودێریکردنی پێشهاتەکانی ناوچەکە، نەهێشتنی نەیارە دیارەكان و پشبەستنی دوو پارتی دەسەڵاتدار- پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان- بە بنکەی  جەماوەریی جێگيرى خۆیان بەهۆی مەحسوبیەتەوە.
ئارام مەجید، توێژەری کاروباری سیاسی بە رۆژنامەكەی راگەیاندوە: تا ئەم دواییانەش حزبە سەرەکییە کوردییەکان چاوەڕوانیان نەدەكرد هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، بەهۆی ترس لە سەرهەڵدانەوەی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە زوو خۆیان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن ئامادە نەکرد.
مەجید هۆکارەکەی تر دەگەڕێتەوە بۆ پاكتاوكردنی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان، بەتایبەتی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، شاسوار عەبدولواحیدو، لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل  و لایەن و سەرکردەکانی دیکە لە سلێمانی، لەلایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە، بەوەش ترسيان نەماوە لە لەدەستدانی کورسی وەک جاران.
هۆکاری سێیەمیشی بۆ ئەوە گێڕاوەتەوە، بنکەی پشتیوانی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار، پارتی و یەکێتی جێگیرە، ئەوان زیاتر پشت بە پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەکان و کادری راگەیاندنەکانیان و فەرمانبەرانی ناو فەرمانگەکانی حزب یان لە حکومەت دەبەستن، وەك لەوەی پشت بە شەقام ببەستن، بۆیە پێویستیان بە بانگەشە نییە، بەو پێیەی نوسینگەکانی رێکخراوە حزبیەکان بەسە بۆ دڵنیابوون لە هەڵبژاردنیان.
لای خۆیەوە، رێبین عەلی، توێژەری ئەکادیمی و سیاسی، دەڵێت: بۆ یەکەمجار لە ماوەی نزیکەی 20 ساڵدا بانگەشەی هەڵبژاردن ساردی بەخۆوە ببینێت.
ئاماژە بەوە شدەکات، پارتی و یەكێتی دروشمی رەنگاو رەنگیان ئامادەكردبوو، هاوشێوەی ئەو دروشمانەی لە هەڵبژاردنەکانی رابردوی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەرزیان كردەوە، لە نمونەی،  یەکێتی دەيوت دەیڕوخێنین و ، لەبەرامبەردا پارتی دروشمی  ناپاكیان بەرزکردەوە، وەک ئاماژەیەک بۆ یەکێتی.
بەڵام چەند رۆژێک پێش دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن، فشاری نێودەوڵەتی، بەتایبەتی فشاری ئەمریکا، خرایە سەر ئەو دوو حزبە، کە بووە هۆی کۆبوونەوەی نێوان هەردوو حزب و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیان، ئەمەش پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردنی بەتەواوی گۆڕی و ساردو سڕی كرد، بەجۆرێك هێشتا زۆربەی شەقامەکان بەتاڵە لە پۆستەر و وێنە و تەنانەت لە میدیاشدا بانگەشەی هەڵبژاردن ئاسایین.
العالم الجدید، پێشتر لە راپۆرتێکدا فشاری ئەمریکای بۆ سەر ئەو دوو حزبە ئاشکرا کردبوو، بۆ سەرلەنوێ ژیانەوەی سیاسی دوای چەند مانگێک لە چەقبەستویی، ئەمەش بە مەبەستی خێراکردنی پێکهێنانی حکومەت و چالاککردنی پەرلەمان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand