نەوشیروان مستەفا چۆن یادی هەڵەبجەی بردە كەركوك ؟
2021-04-14 16:24:48
خالد ڕەزا
لەگەڵ بەڵگەنامەکاندا ئەتان بەمەوە بۆ مانگێک بەر لەدەستپێکردنی ڕاپەڕین! لێرەشەوە ئەگەڕێینەوە بۆ مێژویەکی دورتر بەڵام پڕ لە تراژیدیا ئەویش کاتی ئازادکردنی هەڵەبجە و، کاتی خنکاندنی هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکانە بە گازی کیمیایی لەلایەن سەدام حسین ی جەللاد و حیزبی بەعسی فاشی یەوە!
مادام قسە لە گێرانەوەی روداوە مێژوییەکان ئەکەین، ئەبێ بە ئامەنەتەوە بیانگێڕینەوە و بیان نوسینەوە، تۆمارکردنی ڕوداوە مێژوییەکانیش بۆ ئەوەیە تا دەرس و پەندی لێ وەربگرین. مادام لێرەدا باسەکەمان لەسەر هەڵەبجەیە بەپێویستی ئەزانم وەکو پێشمەرگەیەک کە لەناو ڕوداوەکان دا ژیاوم بەپێی ئاگاداری خۆم و نزیکیم لە سەرکردە و بەرنامەکانەوە بەو پەڕی ڕاستگۆیی و بە بەڵگەوە یاداشتیان بکەم. تا ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان لەلایەن کەسانی ئەکادیمی و بێلایەنەوە لێکۆڵینەوە لەم روداوانە کرا، بەو هیوایەی ئەم چەند دێڕەی منیش جیگەیەک لەو شوێنەدا بگرێ!
بە ماوەیەک بەر لە دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەنفال سەرکردایەتی یەکێتیی بیری لە ئازادکردنی چەند ناوچەیەک کردبوەوە، بۆ ئەو مەبەستەش کاری کۆکردنەوەی زانیاری و لۆجستیک و پەیوەندیکردنی بە هەندێک لە سەرۆک جاشەکانەوە تەواو کردبو، ئەو شوێنانەش بریتی بون لە: هەڵەبجە، دوکان، رانیە و قەلادزە. لە ڕێکخراوی سلێمانی یەوە نەخشەی بەنداوی دوکان و بەشەکانی و چواردەوری بەجوانی رەسمکرابو بۆ ناوەندی کۆمەڵەیان ناردبو، لەگەڵ بەشێکی زۆر لە سەرۆک جاشەکانی ناوچەی پشدەر پەیوەندیکرابو، بۆ گرتنی فرقەی ٢٤ (قوات المعتصم)لە ناوچەی ڕانیە...
هەتا ئەهات مەترسی هێرشی گەورەی بەعس بۆسەر ناوچەکانی سەرکردایەتی لە دۆڵی جافەیەتی زیاتر ئەبو، بەتایبەت کە کۆماری ئیسلامی ئێران پابەندی ئەو رێکەوتنە سیاسیە نەبو کە لەگەڵ یەکێتیی لەساڵی ٨٦ دا کردبوی. ترسی گرتنی بارەگاکانی سەرکردایەتی تا ئەهات زیاترئەبو بەتایبەت کە رژێم بەرەیەکی دورو درێژی ٧٠ کیلۆمەتری لە یەکێتیی نیشتمانیی کردبوەوە و هەموو جۆرە چەکێکی دژی پێشمەرگە بەکاردەهێنا بە گازی کیمییایشەوە. بۆیە یەکێتیی ئەبو بەشێک لە نەخشە کۆنەکەی خۆی جێبەجێ بکات، کە یەکێ لەوانە ئازادکردنی هەڵەبجە بو، لەو سەروبەندەدا کاک نەوشیروان و مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتیی لە دۆڵی جافەتی بون، کاک دکتۆر فوئاد مەعسوم و کاک فەرەیدون عەبدولقادر کە هەردوکیان ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی بون لە ئێران بون، ئەرکی پرۆسەی ئازادکردنی هەڵەبجە وەک یەکێتیی بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنەکانی تر بەوان سپیردرابو، دەستبردن بۆ هەڵەبجە بۆ ئەوە بو تا ئەگەر لە دۆڵی جافەتی پاشەکشە کرا، جێگەیەکی تر هەبێ بارەگاکانی لێ دابنرێ. لەچاوەڕوانی سەرکردایەتی یەکێتییش دا نەبو، هەڵەبجە بەو خێراییە ئازاد بکرێ و، وا مەزەندە کرابو، کە بەشێکی زۆر لە هێزەکانی رژیم بە هەڵەبجەوە مەشغول ئەبن و فشار لەسەر ناوچەکانی سەرکردایەتی کەم دەبێتەوە. بەلام وا دەرنەچو، ڕژیم تەرکیزی زیاتر لەسەر سەرکردایەتی بو، کە بەسەری مارەکە ناوی ئەبرد. توانی لە پرۆسەی ئەنفالی یەکدا تەواوی ناوچەکە داگیربکات.
کاک نەوشیروان مستەفا لە کتێبی خولانەوە لە ناو بازنەدا باسی ئەوە دەکات کە دکتۆر فوئاد و کاک فەرەیدون عەبدولقادر سەبارەت بە ئازاد کردنی هەڵەبجە لەگەڵ لایەنەکان قسەیان کردوە و هێزەکانیان بەم جۆرە دابەشکردوە: "هێزەکانی یەکێتیی بەرپرسی گرتنی تۆپخانەی دەڵەمەڕ و ناوهەڵەبجە بێ و، هێزەکانی فەیلەقی بەدر بەرپرسی گرتنی شاخی شنروێ و بالانبۆ، هێزەکانی حسک بەرپرسی پردی زەڵم و، هێزەکانی پارتی بەرپرسی گرتنی خورماڵ بێ و، هێزەکانی بزوتنەوەی ئیسلامی بەرپرسی کاروباری لۆجستی بن".
# پێش نیوەڕۆی رۆژی ١٥ مارتی ساڵی ١٩٨٨ کاک شەوکەتی حاجی مشیر کە فەرماندەی مەیدانی هێزەکانی یەکێتیی بو بە بروسکە کاک نەوشیروانی لە ئازاد کردنی هەڵەبجە ئاگادار کردەوە. کاک نەوشیروان یەکسەر وەڵامی دایەوە. ئەمەی خوارەوە ناوەڕۆکی ئەو بروسکەیەیە کە کاک نەوشیروان ناردی بۆ کاک شەوکەتی حاجی مشیر:
له/ نهوشیروانهوه
بۆ / کاک شهوکهت
سڵاوێکی گهرم
سەرەتا پێرۆزبایی ئازاد کردنی هەڵەبجەتان لێ ئەکەم. تکایه پێڕەوی ئەم خاڵانە بکەن:
١ - دهبیت خۆتان بۆ ههموو جۆره کاردانهوهیهکی رژیم ئامادهبکهن. ئهوچەکانهی دهستیان بهسهردا گیراوه بهسهر جهماوهردا دابهشی بکهن، بۆ بهرگریکردن له ناوچهکهی خۆیان.
٢ - بانگهواز بکهن بۆ خهڵک و رێگریان لی مهکهن با بچنه دهرهوهی شار تا وهزعهکه هێمن وئاسایی دهبیتهوه.
٣ - کتیبخانهی گشتی شارهکه بپارێزن.
٤ - بانک ی شارهکه بپارێزن. ههر سامانیکی هاوڵاتیان که لهبانک دایه، بهپێی بهڵگهو پسوڵە بیدهنهوه به خاوهنهکانیان. ئهوی تری وهک ماڵی شۆڕش پارێزگاری لی بکهن.
٥- دهستبگرن بهسهر بهڵگهنامهکانی ئهمن، مخابرات ، ئیستیخبارات ومونەزەمە دا و، بیپارێزن.
٦ - سهروماڵی هاوڵاتیان بپاریزن.
ئهو خاڵانهی سهرهوه ناوهرۆکی ئهو بروسکهیهبوو ، که کاک نهوشیروان بۆ فهرماندی هێزهکانی یهکیتی نیشتمانی کوردستانی نارد که کاک شهوکهتی حاجی موشیر بو. عەدەد جیهازەکان بەتایبەت ئەوانەی لەو کاتەدا لەگەڵ کاک نەوشیروان و کاک شەوکەت دا بون خۆشبەختانە لە ژیاندا ماون لەوانە: کاک بەختیار مستەفا، مامۆستا عوسمان عومەر، کاک سەرکەوت محەمەد فەتاح و بەندە (خالید رەزا)، لەگەل کاک محەمەد رۆستەم (حەمە سیاسی) عەدەد جیهازی کاک شەوکەت. دەقی بروسکەکە لە دەفتەری بروسکەکانی ئەو ساڵەدایە کە بەداخەوە ئێستە لەبەردەستم دا نیە بەڵام پارێزراوە.
ناوەڕۆکی ئەو بروسکەکەی سەرەوەم لەساڵی ١٩٩٢ بە بۆنەی یەکەمین ساڵیادی هەڵەبجەوە لە گۆڤاریک کە بۆ ئەو بۆنەیە تەرخان کرابو، لیژنەی سەرپەرشتی یادکە بەڕێزان مامۆستا رەئوف عوسمان و دکتۆرە پەروین و.. بڵاوکردوەتەوە.
بەداخەوە ئازادکردنی هەڵەبجە بو بە کارەساتێکی نەتەوەیی گەورە و دڕندەیی بەعسی فاشی زیاتر دەرخست.
# لە دوای کشانەوە لە ئەنفالی یەک، لە نیوەی دوەمی مانگی نیسان دا، کاک نەوشیروان سەردانێکی ناوچەی هەڵەبجەی کرد و خێمەیەکمان لە نزیک گوندی جەڵیڵە هەڵدا، ماوەیەک لەوێ مایەوە و کارەسات و وێرانیەکەی بەچاوی خۆی بینی. لەگەڵ بەشێک لە فەرماندەکانی پێشمەرگە کۆبونەوەیکرد و، لەسەر ئەو دەنگوباسانەی کە پێێ گەیشتبو سەرزەنشت ولێپرسینەوەی لەهەندێک بەرپرس کرد. لەو ماوەیەی لەوێ ماینەوە چەند جارێک لەگەڵ مامۆستا شاهۆ سەردانی ناو هەڵەبجەم کرد، بەچاوی خۆم زۆرکارەسات و تەرمی هاوڵاتیان و تەنانەت هەندێک ماڵ سفرەی نانخواردن یان وەکوخۆی جێ هێشتبوو بەچاوی خۆم بینی، کە بەردیان ئەکرد بە ئاو. لەو کاتەدا هەڵەبجە بەتەنها جێهێڵرابو، ویژدانی مرۆڤایەتی لەناو سەهۆڵبەندا بوو!
# لەدوای کارەساتی هەڵەبجە ساڵانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان یادی ئەکرایەوە، تیپی مۆسیقای شەهید کارزان لەشارەکانی کوردستان چالاکیان ئەکرد، تیپی بالە و تۆپی پێی پیشمەرگەکان بەو بۆنەیەوە خولی یاریکردنیان لەگەل تیپی شارەکان ئەکرد، چالاکی جۆراو جۆری تر.
# لەساڵی ١٩٩١دا وەک ساڵەکانی تر ئێران لە نوێنەرەکانی یەکێتی ییان پرسیوە کە ئاخۆ هیچ بۆنەیەک بۆ یادی هەڵەبجە ساز ئەکەن؟ لێرەدا بڵاوکردنەوەی ئەم دوو بروسکەیە بە پێویست ئەزانم:
یەکەم: کاک بەکر فەتاح کە نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی بو لە تاران لە ڕۆژی ٤-٢-١٩٩١ واتە نزیکەی مانگێک بەر لە ڕاپەڕین ئەم بروسکەیە ئەنێرێ بۆ کۆمیتەی کارگێڕی سەرکردایەتی :
لە/ کاک بکر فتاح بۆ/ ک.ک.س ٤/٢
سڵاوێکی گەرم
خزمان هیچیان بەدەستەوە نیە بۆ ساڵڕۆژی هەڵەبجە، ئەمان ئەپرسن کە ئێمە چ بەرنامەیەکمان هەیە، ئەویش بەستراوەتەوە بە ضروف.
کاک نەوشیروان لە ژیر بروسکەکەدا بەم جۆرە وەڵامی کاک بەکر ی داوەتەوە:
پێ یان بڵێ:
ئێمە بەتەمای هیچ نین، بە ئومێدی خوا ئەمساڵ یادی هەڵەبجە لە وڵاتی خۆمان ئەکەینەوە.
بروسکەی ژمارە (١)
# هەروەها بۆ هەمان مەبەست کاک دانای ئەحمەد مەجید کە لەوکاتەدا نوێنەری یەکێتییی بو لە باختەران (کرماشان)، لە بەرواری ١٥-٣ دا ئەم بروسکەیە بۆ کاک نەوشیروان ئەنێرێ لەم کاتەدا کاک نەوشیروان لە مەسیف سەلاحەدین ئەبێ.
لە/ کاک دانا بۆ/ کاک نەوشیروان ١٥-٣
سڵاو
خزمان/ بە بۆنەی یادی هەڵەبجەوە داوایان لێ کردوین شتێک بکەین ئایە ئەمرتان بە چی یە.
لەژێر بروسکەکەدا کاک نەوشیروان بە دەستوخەتی خۆی وەڵامی داوەتەوە و نوسیوێتی:
ئێوە لە هیچ یادێکی هەڵەبجەدا بەشداری مەکەن، یادی هەڵەبجە بە ئازاد کردنی کەرکوک ئەکەینەوە.
بروسکەی ژمارە (٢)
بەرنامەی ئازاد کردنی کەرکوک وابو کە شەوی ١٥/١٦/٣ کە بۆ بەیانیەکەی یادی هەڵەبجە یە، جێ بەجێ بکرێ، لەوەلامەکەی کاک نەوشیروان دا بۆ کاک دانا هەروای نوسیوە. لە بروسکەیەکی تریش دا کە وەلامی بروسکەیەکی تری مام جەلالە، دیسان باسی زەماوەندی کەرکوک دەکات.
بەڵام بەداخەوە بەهۆی دواکەوتنی یەکێ لە میحوەرەکان لە کاتی دیاریکراو ئەوشەوە کارەکە جێ بەجێ نەکرا و پێنج رۆژ پرۆسەی ئازادکردنی کەرکوک دواکەوت، کە لەو کاتەدا سپای بەعس لە داتەپین و هەڵهاتن دا بو. ئەم دواکەوتنە هەلێکی زێرین بوو بۆ سپای ئیحتلالی بەعس تا خۆی ڕێکبخاتەوە و کەرکوک بەهێزتر بکات و هێزی ناوچەکانی تری بۆ بنێرێ بەتایبەت مەعەسکەر خالید بکاتە خاڵی بەرگری و دژە هێرش بۆسەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
لەم بروسکەیەی خوارەوەدا کە بەدەستوخەتی کاک نەوشیروان بۆ مام جەلال نوسراوە جەخت لە ئازاد کردنی کەرکوک ئەکاتەوە لە ١٦ ی مانگی سێ دا:
بروسکەی ژمارە (٣)
بۆ مام جەلال ١٥-٣
١ – زۆرم پێ خۆش و باشە هەرچی زوتر بگەڕێنەوە.
٢ – ئەمشەو زەماوەندی ئازادی کەرکوک دەس پێ ئەکا وهیوادارم زۆر نەخایەنێ تەوابێ و بیکەین بە عاصمەی اقلیمی کوردستان.
٣ – وەزعی ژیانی خەڵک زۆرخراپە بۆ خواردن و سوتەمەنی و پارە.
٤ – لەمەولا ئەبێ بیر لە میزانیەی ادارەی کوردستان و فەوجەکانی دفاعی وطنی بکەینەوە، کە میزانیەیەکی زۆر گەورەی ئەوێ.
٥ – پاش گەڕانەوەت پێوسیت ئەکا مجلسی تنفیزی موقت دابنرێ بۆ ادارەی کوردستان تا کاتی هەڵبژاردنی گشتی بۆ پارلەمانی اقلیمی کوردستان.
٦- مقڕی خۆمان و جبهەی کوردستانی لە مصیف صلاحالدین و سەری ڕەش دا ئەنێێن. ئێستە خۆم لە مصیفم و جێگەی هەموان ئەبێتەوە.
# کاک نەوشیروان بە ڵێنەکەی خۆی جێ بەجێکرد و لەناوجەرگەی کەرکوکەوە رۆژی ٢٠
مانگی ٣ مژدەی ئازادکردنی کەرکوکی ڕاگەیاند، ئەمە دەقی پیرۆزباییەکەیەتی:
بروسکەی ژمارە (٤)
لە کاک نەوشیروانەوە ٢٠/٣/١٩٩٠
بۆ جەماوەری گەلی کوردی قارەمان بەبۆنەی ڕزگارکردنی شاری داگیرکراوی کەرکوکەوە لەدەسەڵاتی پیسی بەعس، پیرۆزبایی لەگەلی کورد و هەمو نەتەوەی کورد ئەکەم کە ڕۆژێک بەر لە هێزی پێشمەرگەی لایەنە سیاسیەکانی کوردستانو چەکدارە شۆڕشگێڕەکان و جەماوەری ڕاپەڕیوی کورد، پشت ئەستور بە یارمەتی خوای گەورە و لێبڕاوی ڕۆلەکانی میلەتەکەمان توانی شاری پیرۆزی کرکوک لە دەسەڵاتی پیسی بەعس ڕزگار بکەن. بەم بۆنەیەوە کە ڕۆژێکی مێژویی و تاجی سەرکەوتنی کردە سەری ڕاپەڕینی گەلی کورد لە عیراق دا داوا لە میلەتەکەمان ئەکەین کە بەیەک گرتن و یەکێتی ڕیزەکانی و بە ووریایی و هۆشیاری پاریزگاری ئەم سەرکەوتنە بکەن.
کەرکوک بۆ یەکەمین جار لە مێژوی باشوری کوردستان دا بە شەڕئازاد کرا. بە کۆڕەوی ملێۆنی کۆتایی هات. سەرکەوتن و کارەساتە نەتەوەییەکان ئەڵقەی پێکەوە گرێ دراوی یەکترن و هەریەکەیان کار لەوێ تریان دەکات و یەکتر تەواو دەکەن.
ئەگەر کورد خاوەنی تێزی دەوڵەت داری بوایە، ئەیتوانی کارەساتە نەتەوەییەکان بگۆڕێ بۆ قەڵغانی مانەوە و دروستکردنی دەوڵەت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، هەرچۆن جولەکە هۆلۆکۆست (جینۆسایدکردنی جولەکە لەلایەن نازیەکانەوە)ی کرد بە هەوێنێ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ و ئێستەشی لەگەڵ دا بێ بەدوای تاوانبارانی هۆلۆکۆست دا ئەگەڕێن. هەردوو زلحیزبەکەی کوردستانیش تاوانبارانی ئەنفال داڵدە ئەدەن و ئەیان پارێزن و ساڵانە لە یادی ئەنفالەکاندا لەجیاتی سزادانی تاوانبارانی ئەنفال، بەڵێنی درۆزنانە بە کەسوکاری ئەنفالکراوان ئەدەن، بەشێکی زۆر لە تاوانبارانی ئەنفال کە لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی بەغداوە داواکراون، لەلای پارتی دیمۆکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستانەوە، داڵدە دراون.
سەرچاوەکان:
+ کتێبی خولانەوە لەناو بازنەدا نوسینی کاک نەوشیروان مستەفا.
+ کتێبی تۆڕی پەیوەندیەکانی پیشمەرگە لەشاخ. کە بەشێک لە بروسکەکانی تیا کۆکراوەتەوە. ئامادەکردنی کاک بەختیار مستەفا ئەمین و کاک خالید حسین.
تێبێنی:
+ خزمان: مەبەست لە ئێرانیەکانە.
+ تۆمارکردنی بروسکەی ژمارە (١) لەدەفتەری بروسکەکاندا. خەتی کاک نەوزاد حسین عەدەد جیهازە. هی بروسکەی ژمارە (٢) دەستوخەتی کاک سەرکەوتی جیهازە. هی بروسکەی ژمارە (٤) خەتی مامۆستا عوسمان عومەر ە.
+ وەڵامەکان کە لە ژێر بروسکەکانی ژمارە (١) و (٢) دا نوسراون، لەگەڵ بروسکەی ژمارەی (٣) دەستوخەتی کاک نەوشیروان مستەفایە.
+ شوێنی وەڵام دانەوەی بروسکەکان: وەڵامی بروسکەی یەکەم قاسمەڕەش ە. هێ دوەم و سێیەم لە مەسیف سەڵاحەدین بوە. مژدەی ئازاد کردنی شاری کەرکوک یش لەناو جەرگەی شارەکەوە کاک نەوشیروان بەجیهازە ڕاکاڵەکەی ناردوێتی بۆ ئێزگەی دەنگی گەلی کوردستان.
+ مامجەلال لە قامیشلۆ ی ڕۆژئاوای کوردستان بوە.