لە مارکسیزم و ناسیۆنالیزمەوە بۆ دیمۆکراسیی رادیکاڵ
2018-10-09 10:02:56
لە ماڕکسیزم و ناسیۆنالیزمەوە بۆ دیمۆکراسیی رادیکاڵ: سەنتێز (Synthesis)ی عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ سەدەی بیست و یەکەم.
نوسینی: ئاندرێس پیەرانتۆنی گیوا
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: کەمال چۆمانی
"باوەشکردنەوەی ئۆجەلان بۆ "ئۆتۆنۆمیی دیمۆکراتیک" لە رێکخستنی لە خوارەوە-بۆ-سەرەوە و رەتکردنەوەی دۆگماتیزمی حیزبەکەی و دەوڵەت، رونە ئۆجەلان لە گڕامشیی شۆڕشگێڕترە."
ئیمرالی دەنکە حەبێکی تاڵە بۆ ئۆجەلان تا قوتیبدات، بەڵام وا دەردەکەوێت ئیمڕالیی ئۆجەلانی لە کەسێکی بەپاڵەوانکراوەوە کردۆتە گڕامشییەکی راستەقینەی دونیای ئەمڕۆ."
لە ماڕکسیزم و ناسیۆنالیزمەوە بۆ دیمۆکراسیی رادیکاڵ: سەنتێز (Synthesis)ی عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ سەدەی بیست و یەکەم
نوسینی: ئاندرێس پیەرانتۆنی گیوا
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: کەمال چۆمانی
دەستپێک
ناوی وی لە تورکیا زۆر ناسراوە، بەڵام وەک وەهمێک بۆ دونیای دەرەوە دەمێنێتەوە. ئەو پاڵەوانێکه بۆ زۆرێک لە کوردەکان و تاوانبارێکی تینو-بە-خوێنیش بۆ زۆربەی تورکەکان. عەبدوڵا ئۆجەلان سەرکردەی پارتیی کرێکارانی کوردستانە (پەکەکە). ئەو باداناوەیەکی دراماتیکی کرد کە لە نەوەدەکان دەستیپێکرد، لە سەرکردەیەکی بەپاڵەوانکراوی پەکەکەوە بۆ روناکبیرێک کە بە شێوەیەکی سەرەکیی رەخنەی توندوتیژیی له رابردوی خۆی گرت. ئۆجەلان لە ئێستادا لە زیندانێکی تورکیه لە ئیمرالیی دادەنیشێی کە تێیدا سێ بەرگی نوسینەکانی زیندانی خۆی تێدا نەخشاند (ئۆجەلان ٢٠٠٧، ٢٠٠١١، ٢٠١٢).
بۆ ماوەی نزیکەی ١٥ ساڵه ئەو لە گرتوخانەیەکی تورکیی وەک تاکە زیندانیی کە لەلایەن ١٥٠٠ کەسەوە پاسەوانیدەکرێت داندراوە. عەبدوڵا ئۆجەلان کەسایەتییەکی تەنهایە، لە دورگەیەکی دورەدەستی تورکیا لە دەریای مەڕمەڕە دادەنیشێت. هەر بۆیە ئەو کاتێکی زۆری هەبوە بۆ دوبارە بیرکردنەوە لە ستراتیژەکانی خەباتی کوردیی بۆ مافەکان و سەربەخۆیی. ئەو بەخۆداچونەوەیەکی کرد لەسەر مەسەلە سەرەکییەکان: تاکتیک و ستراتیژە توندوتیژە گەریلاییەکانی سروشتێکراو بە دیدی ماڕکسیستیی پەکەکە، سروشتی دەوڵەتیی تورکیی و بناغەکانی ئایدیۆلۆژیاکەی، دابەشبون و پێکهاتە دەرەبەگایەتییەکەی کورد، مێژوی شارستانییەت و مۆدێلە نوێیەکان بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و کێشەکانی ئینسانییەت.
نوێگەرایی ئۆجەلان نزیکبونەوە مێژویییەکەیەتی لە شارستانییەتەکانی کورد و زیاتر فراوانتریش هی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەو لێکۆڵینەوەیە تەفسیرێکی گرامشییانە پێشدەخات لەسەر بنەمای نوسینەکانی دوای دەستگیرکردنی لەلایەن دەوڵەتی تورکییەوە، بەتایبەتی نەخشە رێ، بەڵام ئەو دیدە پێشدەخات کە سەرکردەی پەکەکە هەڵوێستێکی زیاتر رادیکاڵیی "ئۆتۆنۆمیی دیمۆکراتیک"ی گرتوە و جێگەی سەرکردەی کۆمیونیستیی ئیتاڵیی گرتۆتەوە.
ئەنتۆنیۆ گرامشی لە ساڵی ١٨٩١ لە ئالیس، ساردینیا (ئیتاڵیا) لەداییکبوە. ئەو ثیۆریستی سیاسیی و سەرکردەی پێشوی پارتیی کۆمیونیستیی ئیتاڵیی بوە. ئەو وەک پاڵەوانێک بوو بۆ ماڕکسیستەکان لە ئیتاڵیا و جیهاندا بۆ ئەو بەرگرییەی کە ، دژی حوکمی فاشیستیی بێنیتۆ مۆسۆلۆنی بەڕێوەیدەبرد، گڕامشی نوسینەکانی زیندانی لە زیندان نوسین و لە نەخۆشخانەیەکی حکومەتیی لە رۆما لە ساڵی ١٩٣٧ کۆچی دوایی کرد (Gramsci, 1971, 1992, 1996, 2007). . هەوڵدەدەم ئەنتۆنیۆ گڕامشی بەگەڕبخەم بۆئەوەی یارمەتیمان بدات لە گۆڕانە کەلتوری و شارستانییەکان تێبگەین کە رێ بە بواری سیاسیی دەدات بۆ سەنتێزی (Synthesis) ئایدیۆلۆژیی. (Gramsci, 1971, pp. 445; 506-507).
دوا-بە-دوای گڕامشی، نوسینەکانی ئۆجەلان بەکاردێنم بۆ جەختکردنەوە لەسەر رۆڵی روناکبیران لەسەر مێژو. بیری روناکبیران دەورێکی هەرە سەرەکیی دەبینن لە شێوەدان بە مێژو و بەدیهێنانی کۆدەنگیی لەناو خەڵک و کۆمەڵگای مەدەنییدا لەپێناو یان دژی چوارچێوەیەکی ئایدیۆلۆژیی فەرمانڕەوا.
روناکبیر کەسێکه کە ئیشی بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی فیکرە. ئەنتۆنیۆ گڕامشی (1971, pp. 131-133) جیاوازیدەکات لەنێوان روناکبیرە "ئۆرگانیک" و "نەریتی"یەکان، گڕامشی روناکبیری ئۆرگانیک بە چینێکی تایبەتی کۆمەڵایەتیی دەبەستێتەوە (بۆرژوازی یان پرۆلیتاریا) و روناکبیری نەریتیی دەبەستێتەوە بە رێکخستنی کۆنتری کۆمەڵایەتیی-ئابوریی و "پڕۆژەی هێجەمۆنیی". ئۆجەلان نە ئاژانێکی بۆرژوازییە و نە ئاژانێکی پرۆلۆیتاریا لە دیدێکی دۆگمای ماڕکسیستییەوە لەبەرئەوەی ئەو رەخنەی لە دۆگماتیزمی تاک-حیزبیی وڵاتە کۆمیونیستەکان و عەقڵییەتی تەسکی سۆشیاڵیزمی رابردوی پەکەکە گرتوە. کەواتە، بۆ نمونە، لە نوسینەکانی زینداندا (2007, pp. 234-236) ئۆجەلان رایدەگەیەنێت کە بزوتنەوە رزگاریخوازە ناسیۆنالیستەکان و سۆشیالیستەکان "توندوتیژی لە رادە بەدەریان بەکارهێنا"؛ دەوڵەتی کۆمیونیستی تاک-حیزبی "ئامرازێکی توند بوو بۆ چەسپاندنی تێگەییشتنی تۆتالیتاریان لە حکومەت:؛ دروشمی "دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا" بە رێژەیەکی زۆر "بۆ مەبەستی بانگەشە کەوتە ژێر کاریگەریی" و بەدڵنیایی "هیچ سۆشیالیزمێک بێ دیمۆکراسیی نابێت."
کاریگەرییە ثیۆرییەکانی ئۆجەلان هەمەجۆرن. ثیۆری دیمۆکراتیک، ئیکۆلۆژیی ئەنارکیستی موڕای بوکچین، ئیمانوێل وۆڵەرشتین، چەپی نوێ، ثیۆری فێمینیست، ماڕکس و هیگڵ کاریان لە فیکری ئۆجەلان کردوە. بۆیە، بۆ نمونە، جەختکردنەوەی ئۆجەلان لەو چەند ساڵەی دوایی لەسەر کۆنفیدرالیزمی دیمۆکراتیک و ئۆتۆنۆمیی دیمۆکراتیک لەودیوی دەوڵەت کارتێکراوە بە ئیکۆلۆژیی ئەنارکیستی موڕای بوکچین (Akkaya and Jongerden, 2013). ئامانجی مۆدێلێکی نوێی شارستانییەتە کە تێیدا "شارستانییەتی دیمۆکراتیک" دەبێتە یەکێک لە پێکهاتەکانی سەرهەڵدانی سینثەسیزی شارستانییەتی گەردونیی.
ئۆجەلان "دیمۆکراسیی سەردەم" و رێبازە فیدڕالیستەکان پەسەند دەکات، لەکاتێکدا ئارەزووی سینثەسیزییەکی نوێی مێژویی شارستانییەتەکانی جیهان دەکات (2007, pp. 255-256). ئۆجەلان دەڵێت کە "دیمۆکراسیی خەڵک" لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەگەر باڵاتر نەبێت لە دیمۆکراسیی رۆژئاوا ئەوا هەرەسدەهێنێت (2007, p.237). ئەو دڵنیاکردنەوەیە تۆخە جەختکردنەوەی فیکری هیگڵییە کە مێژو بڵاودەبێتەوە بەرەو جیهان، شارستانییەت پێشدەکەوێت و ئەوەی کە "دیمۆکراسیی سەردەم" باڵاترین دەربڕینی ئەو پێشکەوتنەیە. ئەگەر سینثەسیزێکی نوێی شارستانییەت دەربکەوێت، ئۆجەلان سوورە لەسەر ئەوەی کە ئەوە دەبێت لەسەر بنەمای پێشکەوتنی راستەقینەی گەشەکردنی مێژوو وەک دەرەنجامی سەرهەڵدانی "شارستانییەتی دیمۆکراتیک": تاکگەرایی، حوکمی قانون، حکومی خەڵک، سێکیولاریزم و مافەکانی ژنان بنیاتبنرێت.
بەیەکبەستنەوەی گڕامشی و ئۆجەلان
من نوسینەکانی گڕامشی لە زیندان بەکاردەهێنم، نموونەکەی و دونیابینییە ثیۆرییەکانی بۆئەوەی گواستنەوەی فیکری ئۆجەلان روونبکەمەوە. زیاد لەوەش، من پێشنیازدەکەم کە ناوەڕۆکی 'نەخشە رێ'ی ئۆجەلان رێگایەک پێشکەش بە کورد، تورک و گەلانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات بۆ رزگاربوون لە بازنە تاریکەکانی ئۆثۆریتاریانیزم (تاکڕەویی)، ناسیۆنالیزمی رەخنەنەکراو و سڕینەوەی چەسپاو.
زیاد بۆ ئەمەش، من دەڵێم کە 'نەخشە رێ' دەقێکە بەستراوە بە مێتاپۆلیتکەڵ ڤۆکێیشنی گڕامشیی کە لێرە بەو مانایە بەکاردێت: (١) روناکبیران تەداخولی راستەوخۆ و چالاکەکانی پارلەمانیی رەتدەکەنەوە و وزەی خۆیان زیاتر لە گۆڕینی عەقڵ و دڵەکان (خواستەکان) و "سەرخستن"ی کۆمەڵگای مەدەنیی سەرفدەکەن؛ (٢) چەسپاندنی ئەوەی رۆبێر نۆزیک (1974 in Zaibert, 2004, p. 113) دەیگوت "پرسیاری بنەڕەتیی و فەلسەفەی سیاسیی، یەکێکن لەوەی کە دەبێت پێشی پرسیارەکانی دەربارەی چۆنییەتی رێکخستنی دەوڵەت بخرێن." و (٣) جۆرێک لە سیاسەتی موتەوازیع کە هەڵاتن نییە لە سیاسەت بەڵکو بەردەوامیدانی "شەڕ"ە لەڕێی هۆکارەکانی "ناتوندوتیژی"یەوە (Bar-On, 2013, p.3) بۆئەوەی خۆی دوربگرێت لە ستراتیژە بۆڵشەڤی و فاشیستەکانی "روخساری تاوانبارانەی دەوڵەت،" ئۆجەلان بیرۆکەی "شەڕی هەڵوێست"ی گڕامشیی پێشخست یان ناوەندێتیی سیاسەت لە خەباتی ئایدیۆلۆژییدا (Bar-On, 2013, p. 3).
گڕامشی (1971, p. 481) دەستنیشانیدەکات کە خەباتی سیاسیی "زۆر زۆر ئاڵۆزترە"لە جەنگ لەبەرئەوەی هەردو عونسوڕی سازان و هێزی تێدایە. زیاتر لەمەش، گڕامشی (1971, pp. 479-480) سوورە لەسەر ئەوەی کە "تا چەندە جەماوەر ناسیاسیی بێت، ئەوەندەش ناشەرعییەت لەلایەن هێزەکانەوە پێشدەخرێت"، یان بەپێچەوانەوە "تا چەندە هێزی رێکخراوی سیاسیی و هێزی تێگەیشتو وهۆشیار گەورەتر بن، ئەوەندەش پێویستە شەرعییەتی دەوڵەت 'داپۆشن'." گڕامشی (1971, p. 481) دەستنیشاندەکات کە "سێ فۆڕمی جەنگ" هەبوون، جەنگی بزووتنەوە، جەنگی هەڵوێست، و جەنگی ژێرزەمینیی. ئەو روونیدەکاتەوە کە بەرگریی پاسیڤی گاندیی "جەنگی هەڵوێستە کە لە زۆر دۆخدا دەبێتە جەنگی بزووتنەوە، و لە هەندێ دۆخیشدا دەبێتە جەنگی ژێرزەمینیی. (Gramsci, 1971, p.481) ئەو جەختدەکاتەوە کە بایکۆتەکانی گاندی دەکەونە ژێر رشتەی جەنگی هەڵوێست، مانگرتنەکان جۆرێکن لە جەنگی بزووتنەوە و ئامادەکاریی نهێنیی چەک و هێزی هێرشبەر وەک خەباتی ژێرزەمینیی دادەنرێن.
تێگەییشتنی ئۆجەلان بۆ "جەنگی هەڵوێست" بەڕاستی گۆڕاوە لەوەتی دەستگیرکراوە لەلایەن دەوڵەتی تورکییەوە. بانگی ئۆجەلان بۆ بڵاوکردنەوەی گەردونیی شارستانییەتی دیمۆکراتیک، رەخنەکردنی ناسیۆنالیزمی تەنگ و دۆگماتیکی ماڕکسیزم و رەتکردنەوەی بەکارهێنانی توندوتیژیی پێویستە لە کۆنتێکستی ئەو گۆڕانە گەردونییانەوە ببینرێت. پڕۆسێسی"هەڵگەڕانەوە"ی ئۆجەلان پێویستە پەیوەست بە هێزە دەرەکییەکان و رەنگدانەوەی لێوردبونەوە و تێفکرینە ناوخۆیییەکان لە ئەزمونی زیندانەوە شیبکرێتەوە (Bar-On, 2009, p. 258). ئەوەی ئۆجەلان هاوبەشە تێیدا لەگەڵ تێڕوانینی هیگڵی و ماڕکسیستی ئەوەیە کە مێژو گەشەدەکات بەرەو زیاتر عەقڵانییەت و رۆحانییەتی باڵاتر، کۆمەڵایەتیی و ئابوریی، یان چوارچێوە سیاسییەکان لەسەر بازنەیەکی گەردونیی.
وەک گڕامشی، ئۆجەلان تێروانینێکی کەمتر دۆگماتیک بۆ مێژو دادەنێت کە تێیدا "هیچ کۆتایییەک بۆ مێژو نییە" (Fukuyama, 1989, p. 3-18) و خەباتی سیاسیی بەکراوەیی دەمێنێتەوە و ئامادەیە بۆ گۆڕان و جووڵەی بەردەوام. ئەو هەروەها، وەک گڕامشی، پشتیوانێکی گرنگی سەرکەوتنی کۆمەڵگای مەدەنییە چونکە لەوێ دایە چالاکیی شۆڕشگێڕانە دەبێت ئاڕاستەی جیهانی ئێستا بکرێت. بۆ ئۆجەلان، کۆمەڵگای مەدەنیی "ئامرازی خۆگونجانە دیمۆکراتیکەکان دادەڕێژێت – کە دەرگا دەکاتەوە بۆ پێشڤەچونەکان کە تا ئێستا مەحاڵ بون." (Öcalan, 2007, p. 227). لە روانگەی کەلتورەوەیە، کە میدیا، ئینتەرنێت، سیستەمی پەروەردە و هۆشیاری جەماوەریی دەگرێتەوە، کە ئۆجەلان هیوادەخوازێت خەڵکی کورد بەرەو "زەوی پەیماندراو" بۆ ئازادیی ببات بە جۆرێک کە لە خەباتی چەکدارییدا مەحاڵ بو.
بانگی ئۆجەلان بۆ ئاگربەست لە ئیمڕالییەوە لە بەهاری ٢٠١٣دا بەردەوامیدان بوو بەو باوەڕییەی خۆی کە دەتوانێت گۆڕانی رادیکاڵ دروستبکات لەڕێی کۆمەڵگای مەدەنی و "جەنگی هەڵوێست". هێشتاش، وەک گڕامشی، بژاردەی هێزی چەکداریی بەتەواویی لەسەر مێزەکان لانەبردراوە (هەیە). بەکارهێنانی هێزی چەکداریی لەلایەن پەکەکەوە پشتدەبەستێت بەوەی ئاخۆ تا چەند دەوڵەتی تورکیی پەیوەست دەبێت بە جێبەجێکردنی ئەو نەخشە رێیەی لەسەری رێککەوتون و چەندە رێز لە ئازادییە کەسییەکان دەگرێت وەک ئازادیی رادەربڕین و یەکسانیی و چەندە مافە گشتییەکانی کورد دەستەبەردەکات وەک مافە قانونی، زمانەوانی، پەروەردەیی و پەخشکردنەکان.
ئۆجەلان (2008) دەڵێت کە سەربەخۆیی دەوڵەت پێشمەرجییەکی پێویست نییە بۆ رێزگرتن لە مافە کەلتوریی و زمانەوانییەکان: "مافی یەکسان لەناو تورکیایەکی دیمۆکراتدا" دروشمە. وەک ئۆجەلان (2008: 39) نوسیویەتی: "من چارەسەرییەکی سادە پێشکەشی کۆمەڵگای تورکیی دەکەم. ئێمە داوای نەتەوەیەکی دیمۆکراتیک دەکەین. ئێمە دژ بە یەکێتیی دەوڵەت و کۆمار نین. ئێمە کۆمار و، یەکێتیی پێکهاتەکان و سێکیولاریزمی قبوڵدەکەین. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە بڕوامان وایە کە پێویستە دوبارە پێناسەی دەوڵەت بکرێتەوە وەک دەوڵەتێکی دیمۆکراتیک کە رێز لە گەلان، کەلتور و مافەکانیان دەگرێت."
ئەوە بیربێنەوە کە "شەڕی هەڵوێست" گڕامشیی رەهەندەکانی ناتوندوتیژیی وەک بایکۆت لەخۆدەگرێت، هەروەک چۆن بەکارهێنانی هێز دەکرێت بژاردەیەک بێت لەڕێی "شەڕی ژێرزەمینیی."
شیکردنەوەی نوسینەکانی زیندان ٣: نەخشە رێگاکە
من دەڵێم 'نەخشە رێگا'کە تەواو دێتەوە لەگەڵ مێتاپۆڵیتیکەڵ ڤۆکێیشنی گڕامشیی، بەڵام ناوەڕۆکی دۆکیومێنتەکە (نەخشە رێگاکە) پێشنیازنامەی رادیکاڵترن لە فیکرەکانی سەرکردەی پێشوی پارتیی کۆمیونیستی ئیتاڵیی، ئەنتۆنیۆ گڕامشیی.
لە بەشی یەکەمدا، چارەسەرییەکانی ئۆجەلان بۆ پرسی کورد جەختکردنەوەی نیگەرانییەکانی پڕۆتێستۆکەرانی وەکوو Occupy Wall Street (وۆڵ ستریت داگیربکە؛ بزووتنەوەیەکی ناڕەزایی بوو لە ٢٠٠٨ لە ئەمێریکا دوای داتەپینی ئابوریی سەریهەڵدا-وەرگێڕ) بزووتنەوەی ئیندیگنادۆس لە ئیسپانیا و پورتوگال، ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی دژ بە حکومەت لە یۆنان و بەهاری عەڕەبییە لەڕوی ویستی خەڵک بۆ دیمۆکراسیی راستەوخۆ نەک دیمۆکراسیی نوێنەرایەتیکردن، رەخنەگرتن لە ناڕێکیی دەستەڵاتی پارە لە پڕۆسێسی سیاسییدا، و رادیکاڵتریش داواکاریی بۆ دیمۆکراتیزەکردنی کۆمەڵگا بە رۆییشتن تا "ئەودیوی سنووری پڕۆژە مۆدێرنیستەکانی سەرەتا" و ئینجا کۆتاییهێنان بە دابەشکاریی نێوان حوکمڕان و حوکمکراو (Gill, 2008, p.245). لەکاتێکدا گڕامشی و ئۆجەلان جارێک حیزبی کۆمیونیستیان وەک ئاژانێکی سەرەکیی خەباتی دژە-هێجەمۆنیی دەبینی، ئەمڕۆ ئۆجەلان پەیامهێنی دیمۆکراسییەکی رادیکاڵتر و جەماوەریترە کە تەحەدای نوخبە چەپگەرە دۆگماتیک و دەوڵەتەکان دەبێتەوە. ئۆجەلان پارێزەر/قسەکەرێکی "ئۆتۆنۆمیی دیمۆکراتیک"ە کە فۆڕمێکی دیمۆکراسییە کە وڵاتییان لە کۆمەڵگای مەدەنیی وەک خاڵی دەستپێکردن بە بنەما دەگرێت؛ هەڵبژاردنەکان وەک سەنتەری دیمۆکراسیی تێدەپەڕێنێت و رووبەڕووی نوێنەرەکان دەبێتەوە وەک ئاژانە سەرەکییەکانی پڕۆسەی دیمۆکراتیک (بۆ نموونە، سەرکردەکان، سیاسەتمەدارەکان، بەرپرسانی دەوڵەت، هتد...)
وەک پشتیوانێکی "ئۆتۆنۆمیی دیمۆکراتیک،" ئۆجەلان رای وایە کە کۆمەلگای مەدەنی (کەمایەتییەکان، گروپە کەلتورییەکان، جڤاکە دینییەکان و هتد..ش) و فۆڕمەکانی دیمۆکراسیی راستەوخو وەک ئاژانە سەرەکییەکانی دیمۆکراسی و گۆڕانی کۆمەڵایەتیی، شوێنی نوخبەی "نوێنەرە" سیاسییەکان دەگرنەوە. (Öcalan 2008, p. 32)
لەکاتێکدا ئامانجی پەکەکە لە رابردودا "خەباتی رزگاریی نەتەوەیی بوو" بە مەبەستی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردستان لە تورکیا، ئامانجەکەی لە ئەمڕۆدا پڕۆژەیەکی "دیمۆکراسیی رادیکاڵ"ە. لە هەوڵەکانیدا بۆ تێپەڕاندنی ماڕکسیزمی نەزۆک و دۆگماتیک، ئۆجەلان بەدوای بیرکردنەوەی پراکتیزە دیمۆکراسییەکان و بەپراکتیزەکردنی دیموکراسییە لە دەرەوەی دەوڵەت، پەکەکە (حیزبەکە یان بزوتنەوەکە)، وجەختکردنەوەی چینایەتیی تەسکدا گەڕا(Akkaya and Jongerden, 2013) . ئەم "دیمۆکراسیی رادیکاڵ"ە تەنها هەوڵنادات خەبات بکات دژی دامەزراوە سیاسییە هەبووەکان و بیری چەپگەری کۆن، بەڵکو ئەلتەرناتیڤیك/بەدیلێکیش پێشکەشدەکات بۆ پڕۆژەی نیۆ-لیبڕاڵ کە شارستانییەتی بازاڕ بەخێرایی جێگەی دیمۆکراسیی دەگرێتەوە. پڕۆژەی "دیمۆکراسیی رادیکاڵ" تەنها پەکەکە ناگۆڕێت، بەڵکو کاریگەریی دەکاتە سەر بزوتنەوە رادیکاڵ، چەپگەری سۆشیاڵ و سیاسییەکانیش، لە "بزوتنەوەی رزگاریخوازی"ی ئەمریکای لاتینەوە بۆ خۆپیشاندانەکانی دژی جیهانگیریی (گلۆبالیزێیشن) لە باکوری ئەمریکا و ئەوڕوپا (Akkaya and Jongerden, 2013).
لە بەشی دووەمدا، ئۆجەلان چەمکە سەرەکییەکانی، چوارچێوەی ثیۆری و رێبازەکانی خۆی دەخاتەڕوو کە وا دەدەردەکەوێت دەتوانن تورکیا و بەفراوانییش رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیمۆکراتیزە بکەن.
وەک گڕامشی، ئۆجەلان لە چەرخێکی تردا، جیهانی دۆگماتیکی ماڕکسیزمی جێهێشتوە. ئەو دەڵێ کە دیمۆکراتیزەکردن تەنها "دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا" یان جەنگی چینایەتیی نییە، بەڵکو پاراستنی ئازادیی را دەربڕین و ئازادیی هەمو تاکەکانە، بێ رەچاوکردنی بژاردەی چین، کەلتور، زمان، ئێثنیسیتی، یان باوەڕ (Öcalan, 2012, p. 20). زیاتریش، لە کاتێکدا ئەو سوورە کە کێشەی کورد دەتوانرێت لە چوارچێوەی تورکیایەکی کۆماریی سێکیولار چارەسەربکرێت، ئۆجەلان ئەو فیکرەیە رەتدەکاتەوە کە بتوانرێت پرسی کورد لەڕێی پڕۆژەی نەتەوە-دەوڵەتەوە چارەسەربکرێت (Öcalan, 2012, p. 20).
بۆ ئۆجەلان، نەتەوە-دەوڵەت نوێنەرایەتیی هۆمۆجینێیزێیشن [بەهاونەژادکردن]، ئەسیمیلێیشن [سڕینەوەی نەژادیی] و لە خراپترین دۆخدا جینۆساید دەکات. ئۆجەلان (2012, p. 21) داکۆکیدەکات لەوەی کە تورکیا دەتوانێت ببێتە "نەتەوەی نەتەوەکان: ئەو زۆر دڵنیایە لەوەی کە کۆمافەکانی کورد یان تورک پێویستە هاوسەنگبکرێن لەگەڵ رێزگرتن لە مافە تاکییەکان.
رێبازی چارەسەریی دیمۆکراتیک هەوڵدەدات بۆ دیمۆکراتیزەکردنی کۆمەڵگای مەدەنیی، لەکاتێکدا کۆمەڵگای مەدەنیی ئامانجی نییە دەوڵەت بڕووخێنێت (Öcalan, 2012, p. 30). چارەسەریی دیمۆکراتیک لە هێزەکانی کۆمەڵگای مەدەنییەوە هەڵدەقوڵێت زیاتر لەوەی دەوڵەت ، ئەندازیاری بێت. چارەسەریی دیمۆکراتیک دەگەڕێت بەدوای پاراستنی کۆمەڵگەی مەدەنییدا؛ بەدەستوور دەزگا دیمۆکراسییەکان دەپارێزێت، و بوونی دەوڵەت رەتناکاتەوە. جەختکردنەوەی ئۆجەلان لەسەر کۆمەڵگای مەدەنیی وەک داینەمۆ سەرەکیی گۆڕانی مێژویی لە گڕامشییدا دەنگدەداتەوە، بەڵام هەروەها رۆزانڤاڵۆن و داڕێژەرەکانی فۆڕمەکانی دیمۆکراسیی راستەوخۆی دیکەش. تەنانەت لە دیدی ئۆجەلاندا پشێوییەکی ئانارکیستیش هەیە بە رەخنەگرتن لە دەستەڵاتی دەوڵەت و، بیرۆکراسییەکان و ماڕکسیستی دۆگماتیک و ویستی بەشداریی دیمۆکراسیی لە خوارەوە-بۆ-سەرەوە.
ئۆجەلان دەڵێت هیچ چارەسەرییەکی سیاسیی ئەنجامی نابێت بەبێ هاوسەنگیی مافە گشتییەکان (دەوڵەت، کۆمەڵگای مەدەنیی، کورد، هتد...) و مافە تاکییەکان. لە تۆنێکی گڕامشییانەدا، ئۆجەلان (2012, p. 31)دەڵێت کە "ئایدیۆلۆژیای هێجەمۆنی"ی کە ئەو بە "مۆدێرنیتەی سەرمایەداری"ی و "پۆزیتیڤیزم" ناوی دەنێت پێویستە تێبپەڕێندرێن. لەو رووەوە، کۆمەڵگای مەدەنی دەورێکی جەوهەریی دەبینێت لە کەمبایەخکردنی ئایدۆلۆژیی هێجەمۆنیی دەوڵەتگەرا و سەرمایەداری-دۆست.
رێبازی ئەخلاقی و ویژدانیی دانەبڕاوە لە گرنگیی دین و ئەخلاق لە دیمۆکراسیی بڕیار دروستکردن. هۆکاری مەعنەویی و چارەسەرییە کارگێڕییە دەوڵەتییەکان بەتەنها کێشەکان قوڵتردەکەنەوە، یان لە خراپترین دۆخدا بەرەو ئاراستەی جینۆساید دەیانبەن (Öcalan, 2012, pp. 33-34). لێرەدا ئۆجەلان بەڕاستەوخۆیی رێز بۆ 'دایەلێکتیکی رۆشنگەریی"ی(1944) ثیۆدۆر ئەدۆڕنۆ و ماکس هۆرکهایمەر (2002) نیشاندەدات. ئەدۆڕنۆ و هۆڕکهایمەر پێیان وایە مۆدێرنیتە پڕۆسەیەکی دایەلێکتیک بوو، پێکدێت لە هەردو پێشکەوتنە کەلتوریی و بەربەرییەکان. بۆ ئەدۆڕنۆ و هۆڕکهایمەر، رۆشنگەریی مۆدێرن هەوڵدەدات بۆ وەستانەوە دژ بە خوڕافیات بە عەقڵ بو بە "میثۆلۆجی-زانستی خوڕافیات"ی جیهانێکی مۆدێرن کە تەنراوە بە "عەقڵی ئامرازیی". لەو تێڕوانینەوە، دڵڕەقییەکانی هۆڵۆکۆست دەتواندرێت وا تەفسیربکرێن کە تەنها بەردەوامبوونی پڕۆژەی مۆدێرنیتە بوو لەوپەڕی توندوتیژی، باوەڕی یۆتۆپیی لە "عەقڵی ئامرازی"ی و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیی. بۆ ئۆجەلان، "مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی" پڕۆسەی دژبەیەکی پێشکەوتوو و بەربەرییەت لەخۆدەگرێت کە کۆنەپارێزیی و دەرەبەگایەتیی کورد دەتوانرێت تێبپەڕێندرێن و هێشتاش پێکهاتە نوێیەکانی پاوانخوازیی بەسەردا سەپێندراون لەڕێی بڵاوبونەوەی سەرمایەداریی گەردونیی.
لە بەشی چوارەمدا، ئۆجەلان بەردەوامدەبێت و دەڵێت کە ئەو لە دەوڵەتی تورکییا و دەستبەسەرکردنی فێربوە. بۆ ئۆجەلان، خەباتی چەکداریی وەک "شەڕێک بۆ هەقیقەت" پێناسەدەکرێت (Öcalan, 2012, p.78). گەلۆ گڕامشییش لە زیندانەوە فێرنەبو لەڕێی نوسینەکان و دوبارە بیرکردنەوەی لە ستراتیژییەکان بۆ تێكشکاندنی سەرمایەداریی؟ "هەقیقەت" کە خەباتی چەکداریی دەریخست ئەوە نییە کە کوردان دەوڵەتێکیان پێویستە (لەبەرئەوەی ئەو دەوڵەتە لەوانەیە جێی دەوڵەتی ئەسیمیلێیشنیست – سڕەوە-ی دەوڵەتی تورکیی بگرێتەوە)، بەڵکو زیاتر "هەقیقەت"ەکە بۆ سەلماندنی "بوونی کورد"ە (Öcalan, 2012, p. 78). پەکەکە ئەمڕۆ زیاتر موهتەمە بە دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیمۆکراتیک لەناو تورکیا دا زیاتر لە خەباتی چەکداریی، وەدەستهێنانی نەتەوە-دەوڵەت یان سۆشیالیزم. لەو بارەدا، ئۆجەلان پەیوەستیی گڕامشیی بۆ پارتیی کۆمیونیستیی ئیتاڵیی تێپەڕاندوە.
خوێندنەوەیەکی گڕامشییانە بۆ 'نەخشە رێ'ی ئۆجەلان رێماندەدات کە ببینین چۆن گۆڕانکارییان لە عەقڵییەتەکان و کۆمەڵگای مەدەنی سەرەتایەکان بۆ گۆڕانی سیاسیی شۆڕشگێڕیی. گڕامشیی جەخت لەسەر رۆڵی فیکرە هێجەمۆنیک و دژە-هێجەمۆنیکەکان لە کۆمەڵگای مەدەنییدا دەکاتەوە نەوەک دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی دەوڵەت لە مانەوەی دیموکراسییه لیبراڵه سەرمایەدارییەکان. ئۆجەلان بڕوای وایە کە بۆ یەکەم جار ململانێی تورکیی-کوردیی دەتواندرێت لەڕێی گفتوگۆوە چارەسەربکرێت بێ بەکارهێنانی چەک. ئەم هەڵوێستە بەهێزکرا دوای دەستگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان لە ١٩٩٩، بەڵام بنەڕەتەکانی ئەو هەڵوێست و وەرگەڕانە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ١٩٩٠ەکان کاتێک ئۆجەلان "ئۆتۆنۆمیی دیمۆکراتیک"ی پێشخست. بانگەشەی ئەو ئەوەیە کە "شارستانییەتی دیمۆکراتیک" بە تەواوی جیهاندا بڵاودەبێتەوە و ئەمەش یارمەتیی کورد دەدات لە خەباتیان بۆ مافەکانیان.
ئەوەی کە زۆر جێگەی سەرنجە لە 'نەخشە رێ"ی ئۆجەلان ئەوەیە کە ئەو دەوڵەتی تورکیی وەک چوارچێوەی چارەسەرکردنی "پرسی کورد" پێشکەشکردوە. ئۆجەلان وەک ئاشتی-دروستکەرێک لەو مژارە نزیکدەبێتەوە. ئەمە بازدانێکی گەورەیە بۆ کەسێک کە رۆژانێک لەگەڵ چەکدا دەژیا. ئیمرالی دەنکە حەبێکی تاڵە بۆ ئۆجەلان تا قوتیبدات، بەڵام وا دەردەکەوێت ئیمڕالیی ئۆجەلانی لە کەسێکی بەپاڵەوانکراوەوە کردۆتە گڕامشییەکی راستەقینەی دونیای ئەمڕۆ.
ئۆجەلان نەوەیەکی نوێی روناکبیری ئۆرگانیکی "هێزە پەراوێزخراوەکان subaltern کە یارمەتیی کرێکاران، جوتیاران و گەلانی رەسەن indigenous دەدات تا خۆیان رێکبخەن،" هەروەها ئەو گرووپانەی کە تا ئێستا لەناو کۆمەڵگادا نکۆڵییان لێکراوە لە ژنان و کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست(Gill, 2008, p. 182) . ئۆجەلان نوێنەرایەتیی شەپۆلێکی گەورەتری بزوتنەوەکان دەکات لە چەرخی نوێدا، کە لێکۆڵەری گڕامشیی، ستێفن جیڵ پێیدەڵێت "پاشای پۆستمۆدێرن"، یان "دەستەیەک لە هێزی سیاسیی پێشکەوتو لە بزووتنەوەدا." (Gill, 2008, p. 182) ئەم بزووتنەوانە، کە زنجیرەیەک بزووتنەوە دەگرێتەوە وەکو بزووتنەوەی گەلانی رەسەن لە ئەمریکای لاتین، وۆڵ ستریت داگیربکە، و هەندێک عونسوڕەکان لە بەهاری عەڕەبیی، فۆڕمی ئاژانسی سیاسیی زیاتر داهێنەرانە دادەڕێژن، کە دابەشکردنی نێوان حکومڕان و حوکمکراو دەخاتە ژێر پرسیارەوە (Gill, 2008, p. 237-248). لە کاتێکدا گرنگیپێدانی ئۆجەلان بۆ گرنگیی کۆمەڵگای مەدەنیی لە گڕامشییدا رەنگدەداتەوە، پێشنیازەکانی وی لە "نەخشە رێ"دا بۆ فۆڕمێکی سیاسەتی پلوراڵتر(فرەرەهەند)، لەخۆگر و گونجاو و نەرم کە جیهانگیریی نیۆلیبراڵ، ناسیۆنالیزمی دەوڵەتی و پارتیی کۆمیونیست رەتدەکاتەوە و دەیگوازێتەوە بۆ فیکرەکانی پاڵەوانی ئیتاڵیی کۆمیونیست.
سەرەڕای دەستبەسەکردنی، ئۆجەلان "هەر بەتەنها وێنەی مەسەلەی کوردیی لەناو کۆماری تورکییدا نەخشاندوە." (Kiel, 2011, p. 1) هێشتاش، پڕۆپۆزەڵە دیمۆکڕاتیک رادیکاڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی "کێشە"ی کوردیی، ئەگەر چارەسەربکرێت، دەبێتە هۆی لەدەستدانی دەستەڵاتیش لە ئۆجەلان، پەکەکە و سەرکردەکانی دەوڵەت لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بە باوەشکردنەوەی ئۆجەلان بۆ "ئۆتۆنۆمیی دیمۆکراتیک" لە رێکخستنی لە خوارەوە-بۆ-سەرەوە و رەتکردنەوەی دۆگماتیزمی حیزبەکەی و دەوڵەت، رونە ئۆجەلان لە گڕامشیی شۆڕشگێڕترە.
References
Adorno, T. W. and Horkheimer, M. (2002). Dialectic of Enlightenment. Stanford, CA: Stanford University Press.
Akkaya, A.H. and Jongerden, J.P. (2013). “Confederalism and autonomy in Turkey: The Kurdistan Workers’ Party and the Reinvention of Democracy.” In The Kurdish Question in Turkey: New Perspectives on Violence, Representation and Reconcilia-tion, 186-204. Gunes, C. and Zeydanlioğlu, W. London: Routledge.
Akkaya, A.H. and Jongerden, J. (2012). “Reassembling the Political: The PKK and the project of Radical Democracy.” Eu-ropean Journal of Turkish Studies, 14.
Alexander, Y., Brenner, E. H., and Tutuncuoglu Krause, S. (2008). Turkey: Terrorism, civil rights and the European Union. New York: Routledge.
Bar-On, T. (2013). Rethinking the French New Right: Alternatives to modernity. Abingdon, England: Routledge.
-------------- (2009). “Understanding Political Conversion and Mimetic Rivalry.” Totalitarian Movements and Political Reli-gions, 10(3), 241-264.
Bruno, G. (October 19, 2007). “Inside the Kurdistan Workers’ Party (PKK).” Council on Foreign Relations. 19 October. Ac-cessed on 3 March 2014, from: http://www.cfr.org/…/inside-kurdistan-workers-party-…/p14576.
Brzezinski, Z. (2007). Second Chance: Three Presidents and the Crisis of American Superpower. New York: Basic Books.
Çiçek, C. (2011). “Elimination or Integration of Pro-Kurdish Politics: Limits of the AKP’s Democratic Initiative.” Turkish Studies, 12(1), 15-26.
Efegil, E. (2011). “Analysis of the AKP Government’s Policy Toward the Kurdish Issue.” Turkish Studies, 12(1), 27-40. Fukuyama, F. (1989). “The End of History?” National Interest, 16, 3-18.
Gentile, E. (2006). Politics As Religion. Trans. George Staunton. Princeton, NJ: Princeton University Press. Gill, S. (2008). Power and Resistance in the New World Order (second edition). New York: Palgrave Macmillan.
Global Terrorism Database. University of Maryland. Retrieved on 3 March 2014, from: http://www.start.umd.edu/gtd/search/Results.aspx….
Gramsci, A. (1971). Selections from the Prison Notebooks. New York: International Publishers.
--------------. (1992/1996/2007). Prison Notebooks, volumes 1-3. New York: Columbia University Press.
Gunes, C. (2012). “Unblocking the Impasse in Turkey’s Kurdish Question.” Peace Review: A Journal of Social Justice 24(4), 462-469.
Gunter, M. (2007). “Review of Prison Writings: The Roots of Civilisation, by Abdullah Öcalan.” Middle East Policy, 14, 166-167.
-------------. (2000). “The Continuing Kurdish Problem in Turkey after Öcalan’s Capture.” Third World Quarterly, 21(5), 849-869.
Jenkins, G. (2011). “The fading masquerade: Ergenekon and the politics of justice in Turkey.” Turkey Analyst, 4(7) (4 April).
Kiel, S. L. (2011). “Understanding the Power of Insurgent Leadership: A Case Study of Abdullah Öcalan and the PKK.” Master’s thesis. Washington: Georgetown University.
Kurth Cronin, A. (August 28, 2003). “Terrorists and Suicide Attacks.” Congressional Research Service Report for Congress. Ac-cessed on 3 March, 2014, from: http://www.fas.org/irp/crs/RL32058.pdf.
Marcus, A. (2007). Blood and Belief: The PKK and the Kurdish Fight for Independence. New York: New York University Press. Nozick, R. (1974). Anarchy, State, and Utopia. New York: Basic Books.
Öcalan, A. (22 March, 2013). EuroNews, “Full transcript of Abdullah Öcalan’s ceasefire call.” Accessed on 17 October, 2013, from: http://www.euronews.com/…/web-full-transcript-of-abdullah-o….
-------------- (2012). Prison Writings III: The Road Map to Negotiations. Cologne, Germany: International Initiative.
------------. (2011). Prison Writings II: The PKK and the Kurdish Question in the 21st Century (trans. Klaus Happel). Ann Ar-bor, Michigan: Pluto Press/Transmedia Publishing.
-------------. (2008). War and Peace in Kurdistan: Perspectives for a political solution of the Kurdish question . Cologne: Interna-tional Initiative.
-------------. (2007). Prison Writings: The Roots of Civilisation (trans. Klaus Happel). Ann Arbor, Michigan: Pluto Press. Pape, R. A. (2003). “The Strategic Logic of Suicide Terrorism.” American Political Science Review, 97(3), 343-361. Power, S. (2003). A Problem from Hell: America and the Age of Genocide. New York: Basic Books.
Republic of Turkey Ministry of Foreign Affairs. (2006). “PKK/KONGRA-GEL”. Accessed on 24 October, 2013, from: http://www.mfa.gov.tr/pkk_kongra-gel.en.mfa.
Romano, D. (2008). “Blood and Belief: The PKK and the Kurdish Fight for Independence by Aliza Marcus – Review.”
Middle East Journal, 62(2), 346-347.
Rosanvallon, P. (2009). “Las nuevas vías de la democracia,” Cuadernos del CENDES, 26(72) (septiembre-diciembre), 147-161.
Sinan, O. (2007). “Iraq to hang ‘Chemical Ali’.” Associated Press (25 June), Tampa Bay Times. Accessed on 29 May, 2013, from: http://www.sptimes.com/…/Worlda…/Iraq_to_hang__Chemica.shtml, Accessed 29 May, 2013.
Zaibert, L. (2004). Toward Meta-Politics. Quarterly Journal of Austrian Economics, 7(4), 113-128.
Tamir Bar-On is professor for political sciences at the Monterrey Institute of Technology and Higher Education in Querétaro, Mexico. He studies the French Nouvelle Droite or Europan New Right and its relationship to fascism.