ئاراستەی ستراتیژی تورکیا لە کەرتی "غازی سروشتی"دا
2024-11-25 15:23:57
درەو:
ڕاپۆرتی ناوەندی ئیمارات بۆ سیاسات
پوختە
# تورکیا بە کەڵک وەرگرتن لە پێگەی ستراتیژی و ژێرخانە کەی، بە خێرایی بەرەو بەهێزکردنی زیاتری پێگەی خۆی وەک ناوەندێکی هەرێمی بۆ بازرگانی غازی سروشتی هەنگاو دەنێت. لە چەند مانگی ڕابردوودا چەندین ڕێکەوتنی واژۆ کردووە کە پەرە بە هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی غاز دەدات، هەندێک لەو ڕێککەوتنانە نەرمیان تێدایە، بەو پێیەی ڕێگەی بۆ خۆش دەکەن غازەی دەیکڕێت لە بازاڕەکانی ئەوروپادا بیفرۆشێتەوە.
# ستراتیژی تورکیا لە بواری "غاز"دا لەسەر بنەمای پەرەپێدانی ژێرخانی دامەزراوەکانی؛ بە زیادکردنی توانای وێستگەکانی شلکردنەوەی غاز، فراوانکردنی توانای عەمبارکردن، واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی ستراتیژی هەناردەکردن لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، دەستەبەرکردنی پێداویستییە نوێیەکان لە ڕێگەی ڕێککەوتنە درێژخایەنەکانەوە، وەستاوە.
# تورکیا پێشبینی دەکات لە (10) ساڵی داهاتوودا ساڵانە نزیکەی (100 ملیار) مەتر سێجا غاز دابین بکات، بەمەش دەتوانێت پابەندییەکانی بەرامبەر وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا جێبەجێ بکات. هەروەها هەوڵدەدات هاریکارییەکانی لەگەڵ میسر لە بواری غازدا فراوانتر بکات، هاوکات لە ڕێگەی ڕێککەوتننامەی گەڕان بەدوای نەوت و غاز لە ئاوە هەرێمییەکانی سۆماڵ، دەرفەتی نوێ بڕەخسێنێت لەم بوارەدا.
# تورکیا لە ڕێگەی ئەم ستراتیژەوە هەوڵ دەدات ڕۆڵی خۆی وەک ناوەندێکی وزە لە ناوچەکەدا بەهێز بکات، کاریگەریی هەرێمی خۆی بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵات و باشووری ئەوروپا درێژ بکاتەوە، کە بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی غازی ڕووسیاوە ڕووبەڕووی قەیران بوونەتەوە. پێدەچێت واشنتۆنیش ڕێگر نەبێت لەم هەوڵانەی تورکیا، بە مەرجێک تورکیا نەبێتە ناوەندێک بۆ دووبارە فرۆشتنەوەی غازی ڕووسیا و دەربازکردنی لە سزاکانی ڕۆژئاوا.
# تورکیا لە ساڵی (2023)ەوە دەستیکردووە بە ئەنجامدانی ڕێککەوتنەکانی بۆ هاوردەکردنی غاز، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە لە ستراتیژەکەیدا بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی غاز و بوون بە ناوەندێکی جیهانی بۆ بازرگانی غازی سروشتی. تورکیا لە دوای ئەڵمانیا، بەریتانیا، ئیتاڵیا و فەرەنسا، پێنجەم گەورەترین بازاڕی غازی سروشتی هەیە لە ئەوروپا، زیاتر لە (20 ملیۆن) بەشداربووی ماڵان، بازرگانی و پیشەسازی هەیە و ساڵانە نزیکەی (50 ملیار) مەتر سێجا بەکاردەبات.
پێداویستی و سەرچاوەکانی غازییەکانی تورکیا
بەگوێرەی ڕاپۆرتی دەستەی ڕێکخستنی بازاڕی وزەی تورکیا (EPDK) بۆ ساڵی 2023، بڕی غازی سروشتی بەرهەمهێنراوی ناوخۆ لە تورکیا نزیکەی (807.28 ملیۆن) مەتر سێجا بووە. ئەم بڕە بە واتای بەرزبوونەوەی ڕێژەی (112.5%)ی بڕی بەرهەم هێنراوی غاز بە بەراورد بە ساڵی پێشوو. هۆکاری ئەمەش دۆزینەوەی غازە لە دەریای ڕەشدا لە ساڵی (2020)، دوای سێ ساڵ کارکردنی تێیدا، ئەو غازەی لە دەریای ڕەشدا دۆزراوەتەیەوە لە لە ساڵی (2023)دا گەیشتە قۆناغی بەرهەمێهنان و بەرهەمەکەشی خرایە ناو سیستەمی غازی ناوخۆیی.
گەورەترین دۆزینەوەی غازی سروشتیش لە کێڵگەی غازی ساکاریا بوو لە دەریای ڕەش (کە بەپێی سەرچاوە فەرمییەکانی حکومەت بە یەدەگەکەی بە نزیکەی 710 ملیار مەتر سێجا مەزەندە دەکرێت، جگە لە هەندێک دۆزینەوەی دیکە کە دواتر ڕاگەیەندرا)، توانای بەرهەمهێنانیش تێیدا گەیشتە (6 ملیۆن) مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا ، واتە دابینکردنی پێداویستی غازی سروشتی (2 ملیۆن و 600 هەزار) هاوبەشی ماڵان لە ناوخۆی تورکیادا. لەگەڵ بەرهەمهێنانی ئەو غازەی کە لە کێڵگەکانی ترەوە بەرهەم دێت، بەرهەمی ڕۆژانەی تورکیا نزیک دەبێتەوە لە (7.5 ملیۆن) مەتر سێجا (واتا نزیکەی 15%ی پێویستی ڕۆژانەی).
ئەمەش ئەو ڕاستییە دەردەخات تورکیا لە یەدەگی غازی سروشتیدا هێندە دەوڵەمەند نییە، کە بتوانێت پێداویستییەکانی خۆی دابین بکات، بۆیە لە ڕێگەی بۆرییەوە غاز لە دراوسێکانیەوە هاوردە دەکات، لەوانە؛ ئێران (لە ڕێگەی بۆریی غازی سروشتی ئێران-تورکیا)، ئازەربایجان (لە ڕێگەی بۆریی تاناپ و هێڵی بۆری گازی سروشتی باکو-تبلیسی-ئەرزرۆم) و ڕووسیا (لە ڕێگەی بۆرییەکانی تورک ستریم و بلو ستریم)ەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی دەستەی ڕێکخستنی بازاڕی وزەی تورکیا، کە پێشتر ئاماژەی پێکرا، لە ساڵی (2023)دا زیاتر لە (50 ملیار) مەتر سێجا غازی سروشتی هاوردە کراوە، غازی هاوردەکراوی ڕووسیا لە پلەی یەکەمدایە بە پشکی نزیکەی (42%)، دوای ئەویش ئازەربایجان بە پشکی نزیکەی (20%)، پاشان وڵاتانی دیکە، کە بریتین لە جەزائیر، ئێران، ئەمریکا و میسر، لەگەڵ (8) وڵاتی دیکە کە بڕی کەمتر لە (1 ملیار) مەتر سێجا غازیان لێوە هاوردەکراوە، (خشتەی (1)) سەرنج بدەن. لە ساڵانی پێشوودا، تورکیا لە نزیکەی سی وڵاتەوە غازی سروشتی هاوردە دەکرد، لە نێویشیاندا نەیجیریا، قەتەر و ئەنگۆلا. هەروەها لە ساڵی (2023)دا (14.270 ملیار) مەتر سێجا غازی شلی سروشتی (LNG) هاوردە کراوە، کە دەکاتە (28.27%)ی کۆی غازی هاوردەکراو.
وەک لە (خشتەی (2))دا دەردەکەوێت، هەرچەندە تورکیا هاوردەکاری غازی سروشتییە، بەڵام لە هەمان کاتدا هەناردەکاریشە، بەڵام بەبڕی ئاستێکی زۆر کەمتر. ئەمەش بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەیەوە کە یارمەتیدەرە بۆی و وایکردووە ببێتە ناوچەیەکی ترانزێت بۆ بۆری غازی سروشتی، هەروەها بەهۆی ئەوەی توانای شل (چارەسەر) کردنی ئەو غازەی هەیە کە لە دەرەوە دەیکڕێت و بیفرۆشێت بە وڵاتانی دیکەی وەک یۆنان و بولگاریا و وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات.
لە ساڵی (2023) کۆمپانیای بۆری نەوتی تورکی "بۆتاش" غازی لە ڕێگەی بۆرییەوە هەناردەی وڵاتانی (یۆنان، ڕۆمانیا و بولگاریا) و غازی شل (LNG)یشی بۆ بولگاریا، سربیا و سویسرا کردووە. هەروەها کۆمپانیای (Tmak Natural Gas) غازی شل (LNG)ی هەناردەی کۆماری مەقدۆنیای باکوور کردووە. بەم پێیە هەناردەکردنی غازی شل لە ساڵی (2023)دا نزیکەی (23.13%)ی کۆی هەناردەکردنی غازی پێکهێناوە کە دەکاتە (٨٩٦.٣ ملیۆن) مەتر سێجا، بە پێیەش بەراورد بە ساڵی (2022) بە ڕێژەی (54.15%) زیادیکردووە.
ستراتیژی نوێ
لە ساڵی (2017)دا پارتی فەرمانڕەوا "پارتی داد و گەشەپێدان" بە گرنگیدان بە سیاسەتەکانی وزەی نیشتمانی و ناوخۆیی بەڵگەنامەی نیشتمانی سیاسەتی وزەی ڕاگەیاند (MEMP) بۆ یەکەمجار وڵاتەکە سەرنجی خستە سەر وەبەرهێنان لە ژێرخانی وزەدا لەو چوارچێوەیەدا سێ لاوە سەکۆی هەڵکەندن و کونکردنی لە ناوچە ئاوییەکانی دەوربەری وڵاتەکەی دامەزراند و یەکەو ژمارەو تواناکانی دامەزراوەکانی گۆڕین و هەڵگرتنی غازیان زیاد کرد.
لە ئێستادا تورکیا توانای عەمبارکردنی (5.8 ملیار) مەتر سێجاغازی هەیە، ئامانجیشی ئەوەیە تا ساڵی (2028) تواناکەی بگەیەنێتە (10-12 ملیار) مەتر سێجا، بە واتایەکی تر ئامانجی وڵاتەکەیە توانای لە عەمبارکردنی غازی بەلایەنی کەمەوە بگاتە (20%)ی پێداویستییەکانی خۆی. ساڵانە نزیکەی (80 ملیار) مەتر سێجا غاز لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و هاوردەکردنەوە دەگاتە تۆڕی نیشتمانی تورکیا و نزیکەی (30 ملیار) مەتر سێجا لەو ژمارەیە هەناردە دەکرێت و دەگوازرێتەوە بۆ وڵاتانی دیکە. بۆیە تورکیا ساڵانە نزیکەی (50 ملیار) مەتر سێجا غاز بەکاردەهێنێت، ئەمەش دەمانگەیەنێتە ئەو ڕاستییەی گەیشتووەتە قۆناغێک کە بتوانێت غازی زیادەی وڵاتەکە هەناردە بکات، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ ئامانجەکەی کە ببێتە ناوەندێکی بازرگانی وزە. گرنگە بڵێین ئەو فاکتەرەی کە هانی حکومەتی تورکیای دا بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی وزەی وڵاتەکە بۆ ئەوەی لە پێداویستییەکانی خۆی تێپەڕێت و هەناردەکردنی زیاد بکات، ئەو پێشهاتانەیە کە لەگەڵ پەتای "کۆڤید-19" و شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا سەریان هەڵدا.
ئەوروپا و دەرفەتی تورکیا
پێش هەڵگیرسانی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا، ڕووسیا دابینکەری سەرەکی غازی ئەوروپا بوو، نزیکەی (40%) پێداویستییەکانی ئەوروپای دابین دەکرد، ڕووسیا لە سێ ڕێگاوە غازی بۆ ئەوروپا دابین کرد:
یەکەم؛ هێڵی نۆرد ستریم، کە ڕاستەوخۆ غازی دەگواستەوە بۆ ئەڵمانیا و لە ڕێگەی ئەوەوە بۆ ئەوروپا و لە ئێستادا ئەو هێڵە لەکارکەوتووە.
دووەم؛ ڕێڕەوی ناوەڕاست، کە بە ڕێڕەوی ئۆکراینی ناسراوە، پێشبینی دەکرا لە (2021 - 2024) ساڵانە (40 ملیار) مەتر سێجا غازی سروشتی لە ڕێگەی ئۆکرانیاوە بۆ ئەوروپا بگوازێتەوە، بەپێی ڕێککەوتنێک کە لە 30ی کانوونی دووەمی 2019 لە نێوان کۆمپانای غازی سروشتی ئۆکرانیا "نافتوگاز" و کۆمپانیای “گازپرۆم” “ڕووسی واژۆ کرابوو. بەڵام ماوەی ئەم ڕێککەوتنە لە 31ی کانوونی دووەمی 2024 کۆتایی دێت، ڕووسیا ئامادەیی خۆی ڕاگەیاندووە بۆ درێژەدان بە دابینکردنی غاز، بەڵام ئۆکرانیا دەرگای نوێکردنەوەی ڕێکەوتنەکەی داخستووە.
سێیەم؛ رێڕەوی باشوور، کە هێمای ڕێڕەوی گواستنەوەی غازە بۆ ئەوروپا لە ڕێگەی تورکیاوە، لەگەڵ بۆری "تورکستریم" کە لە ساڵی 2020 کەوتە کار و یەکێک لەو دوو بۆرییە کە لە ڕووسیاوە دێت دەتوانێت غاز بگوازێتەوە بۆ تورکیا، لە کاتێکدا ئەوی دیکەش دەتوانێت غاز بگوازێتەوە لە ڕێگەی تورکیاوە بۆ بولگاریا و پاشان بۆ ئەوروپا. بۆیە ئەگەر ڕێکەوتنی "ڕێڕەوی ناوەڕاست" لە ڕێگەی ئۆکرانیا درێژ نەکرێتەوە، تەنها یەک هێڵ دەمێنێتەوە بۆ هەناردەکردن غاز بۆ ئەوروپا، ئەویش ڕێڕەوی باشوورە. توانای ئەم هێڵە (16 ملیار) مەتر سێجایە و ئەم توانایە بە تایبەتی لە ڕووی ئاسایشی پێداویستییەکان بۆ وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و ناوچەی بەڵکان گرنگ دەبێت. لەو چوارچێوەیەشدا ماوەیەکە تورکیا دانوستانەکانی دەستپێکردووە بۆ زیادکردنی توانای ئەو هێڵەی درێژ دەبێتەوە بۆ بولگاریا کە توانای ئێستای ساڵانە (3.5 ملیار) مەتر سێجایە، بۆ (7 ملیار) مەتر سێجای ساڵانە لە قۆناغی یەکەمدا، پاشان بۆ (10 ملیار) مەتر سێجا.
ڕێککەوتنەکانی ئەم دواییەی تورکیا
لە کاتێکدا کە ئەمە دۆخی دابینکردنی غازە بۆ ئەوروپا، بەڵام به ڕامان لەو ڕێککەوتنانەی کە تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٣ەوە ئەنجامی داوە، ئهوه دهردهخات شهڕی ڕووسیاو ئۆكرانیا ئەو دەرفەتەی بۆ توركیا ڕهخساندووه كه بەدوایدا دەگەڕا بۆ دابینكردنی پێداویستی ئهو وڵاته ئهوروپییانه مهترسییان لهسهره. لە ٣ی كانونی دووهمی 2023 کۆمپانیای "بۆتاش"ى تورکی ڕێکەوتنێکی لەگەڵ کۆمپانیای بولگارگاز (Bulgargaz) بولگاری واژۆ کرد کە ساڵانە 1.5 ) ملیار) مەتر سێجا غازی سروشتی شل بۆ ماوەی (13) ساڵ هەناردەی تورکیا بکات. یەکەم بار لە مانگی نیسانی 2023 هەناردە کرا، وەزیری وزەی بولگاریا ڕۆزن خریستۆڤ ڕایگەیاند کە ئەم ڕێککەوتنە "نەک تەنها بۆ بولگاریا، بەڵکو بۆ هەموو وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵات و ناوەڕاستی ئەوروپا گرنگە"
لە مانگی ئابی 2023 ڕێککەوتنێکی هەناردەکردنی غازی سروشتی لەگەڵ کۆمپانیای هەنگاری (MVM CEEnergy) واژۆ کرا. بەپێی ڕێککەوتنەکە، بۆ یەکەمجار تورکیا هەنگاوی ناوە بۆ هەناردەکردنی غاز لە ڕێگەی بۆرییەوە بۆ وڵاتێک کە سنووری هاوبەشی لەگەڵدا نییە. تا ئێستا بڕی ئەو غازەی کە لە تورکیاوە دەنێردرێت ڕانەگەیەندراوە، بەڵام بەگوێرەی ڕۆژنامەکانی هەنگاریا، لە ڕێککەوتنەکەدا هەناردەکردنی (275 ملیۆن) مەتر سێجای غاز دیاری کراوە. هەروەها سێیەم ڕێکەوتنی هەناردەکردن بۆ ساڵی ٢٠٢٣ لەگەڵ کۆمپانیای (OMV Petrom)ی ڕۆمانی واژۆ کرا، لە ئەیلولی 2023. ئەم ڕێکەوتنە ڕێگە بە دابینکردنی تا (4 ملیۆن) مەتر سێجا غازی سروشتی دەدات لە ڕۆژێکدا، و ڕێککەوتنەکە لە 31ی ئازاری 2025 کۆتایی دێت. هەروەها لە ئەیلولی 2023 ڕێککەوتنێک لەگەڵ کۆمپانیای (East Gas Energy Trading) واژۆ کرا کە ڕۆڵێکی چالاک دەگێڕێت لە بازاڕی وزەی مۆڵدۆڤا، و ڕێککەوتن لەسەر گواستنەوەی (2 ملیۆن) مەتر سێجا غاز ڕۆژانە بۆ مۆڵدۆڤا.
ئامادەکاری بۆ دوای ساڵی 2027
لەگهڵ ئهوهی تورکیا ڕێککەوتننامەی گواستنەوەی غاز ئەنجام دەدات، هاوكات دەستیکردووە بە دامەزراندنی ژێرخانی دابینکردنی وزە بۆ دوای ساڵی 2027 خاڵی سەرنجڕاکێشی ئەو ڕێککەوتنانەی بۆ هەناردەکردن کە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ئەنجامی داون، ئەوەیە کە گرێبەستەکان درێژخایەنن و درێژدەبنەوە بۆ نزیکەی 10 ساڵی داهاتوو، دەرفەتی بازرگانی نەرم و ئاسنتر بە بەراورد بە ڕێککەوتنەکانی پێشوو دهڕهخسێنن. بهڵام ئهم گرێبهستانه تورکیا پابهند دهکهن به دابینکردن و ههناردهكردنی غاز بۆ ئهو وڵاتانه، بهو پێیهی تورکیا پهنای بۆ زیادکردن و فرهچهشنکردنی سهرچاوهکانی کڕینی غاز بردوه. "گۆخان سوروش"، سەرۆکی گروپی غاز لە کۆمەڵەی پلاتفۆرمی نەوت و غازی سروشتی (PETFORM) ئاماژە بەوە دەکات کە "کۆمپانیای "بۆتاش"ى تورکی لە ئێستادا بە دوای دڵنیابوون و هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی هاوردەکردنی غازه بۆ پڕكردنهوهی ئەو ڕێککەوتنانەی کە بەم زووانە بەسەر دەچێت، ئهویش نەک تەنها بە مەبەستی دابینکردنی غاز بۆ بازاڕی ناوخۆیی، بەڵکو بۆ هەناردەکردنی زیاتره". ئەو دەڵێت: "لەکاتی لێکۆڵینەوە لە ڕێککەوتننامە واژۆکراوەکانی ئەم دواییە، دەبینین کە بۆتاش لەگەڵ تەواوبوونی گرێبەستەکانی ڕوسیا له (2025) و ئێران له (2026) لە ماوەی داهاتوودا بەرەو هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی دابینکردن غاز هەنگاو دەنێت و ڕێککەوتنی نەرم و نیان هەیە کە ڕێگەی پێدەدات ئەو بڕە غازه بنێرێت بۆ وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا بە تایبەتی لەو حاڵەتانەی کە تورکیا پێویستی خۆی زیاتره".
لەم چوارچێوەیەدا، تورکیا بە پشتبەستن بە ژێرخانی گەشەسەندوو و زیادبوونی تواناکانی لە شلکردنەوە و هەڵگرتنی غازدا، ئەم هەنگاوانەی خوارەوەی گرتەبەر:
یەکەم: تورکیا ماوەی ڕێککەوتنی هاوردەکردنی غازی شل (LNG) لەگەڵ جەزائیر کە بڕیار بوو لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ کۆتایی پێبێت، بۆ سێ ساڵی دیکە درێژکردەوە؛ بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی کە لە نێوان کۆمپانیای "بۆتاش"ی تورکی و کۆمپانیای سۆناتراک (SONATRACH)ی نیشتمانیی نەوت و گازی جەزائیر واژۆ کراوە، تورکیا ساڵانە (4.4 ملیار مەتر) سێجا غازی سروشتی شل لە جەزائیرەوە هاوردە دەکات.
دووەم: لە 30ی کانونی دووەمی 2023، تورکیا ڕێککەوتنێکی دابینکردنی غازی سروشتی شل لەگەڵ عومان واژۆ کرد. بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی کە لە نێوان کۆمپانیای "بۆتاش"ی تورکی و کۆمپانیای عومان بۆ غازی شلی سروشتی (LNG) واژۆ کراوە، تورکیا ساڵانە یەک ملیۆن تۆن (1.4 ملیار مەتر سێجا) غازی سروشتی شل هاوردە دەکات بۆ ماوەی 10 ساڵ. پرۆسەکە لە ساڵی 2025 دەست پێدەکات.
سێیەم: کۆمپانای بۆتاش لە 9ی ئایاری 2024 لە واشنتۆن ڕێککەوتنێکی لەگەڵ کۆمپانیای "ئێکسۆن مۆبیل"ی ئەمریکی واژۆکرد، بۆ هاوردەکردنی ساڵانە تا 2.5 ملیۆن تۆن (نزیکەی 3.45 ملیار مەتر سێجا) غازی سروشتی شل بۆ ماوەی (10) ساڵ.
چوارەم: لە 2ی ئەیلولی 2024، بۆتاش ڕێککەوتنێکی دیکەی لەگەڵ کۆمپانیای شێڵ "Shell"واژۆکرد بۆ دابینکردنی )4 ملیار( مەتر سێجا غازی سروشتی شل ساڵانە، بۆ ماوەی 10 ساڵ. پرۆسەکە لە ساڵی 2027 دەست پێدەکات، بەپێی ڕێککەوتنەکە 8٪ی ئەو غازەی کە بازاڕی تورکیا پێویستی پێیەتی بۆ ماوەی دە ساڵ دابین دەکرێت. ئەم ڕێککەوتنە ڕێگە بە کۆمپانیای "بۆتاش"ی تورکی دەدات کە غازی شلی سروشتی لە وێستگەکانی کۆمپانیای شێڵ لە ئەوروپا وەربگرێت بۆیە ئەگەر تورکیا پێویستی بەو غازە نەبێت لە بازاڕی ناوخۆییدا ئەوا دەتوانێت لە بازاڕی ئەوروپا بە قازانج و نرخی زیاتر بیفرۆشێت، لە کاتێکدا کە پێویستت پێی نەبوو.
پێنجەم: تەنها دوو هەفتە دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ کۆمپانیای شێڵ، کۆمپانیای ۆتاش لە 18ی ئەیلولی 2024 ڕێککەوتنێکی لەگەڵ کۆمپانیای "تۆتال ئینێرجی" لە شاری "هیوستن"ی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا واژۆکرد، بۆ دابینکردنی (16) باری غازی سروشتی شل ساڵانە واتە بە نزیکەی (1.6 ملیار مەتر سێجا) بۆ ماوەی 10 ساڵ، لە ساڵی 2027ەوە دەستپێدەکات. هەروەها لە ڕێککەوتنی "تۆتال ئینێرجی"دا، بۆتاش بەشێکی زۆر لەو غازە سروشتییە ساڵانە لە کارگەکانی بەرهەمهێنان لە ئەمریکاوە وەردەگرێت. وەک لە ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ "شێڵ"دا هاتووە، بەهەمان شێوە دەتوانرێت بەشێک لە غازەکە بگەیەنرێتە بازاڕەکانی تورکیا یان ئەوروپا ئەگەر بۆتاش بیەوێت.
بەم پێیە تورکیا پێشبینی دەکات لە ڕێگەی ئەو ڕێککەوتنانەی کە لە ماوەی (10) ساڵی داهاتوو دەکەوێتە سەرپێ لە توانایدا دەبێت نزیکەی (100 ملیار) مەتر سێجا غاز دابین بکات، ئەمەش توانای پابەندبوونی بە گرێبەستەکانی دابینکردنی بۆ وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات بۆ مسۆگەر دەکات.
پڕۆژەکانی داهاتوو
تورکیا هەوڵدەدات لە داهاتوودا گرێبەستی هاوردەکردنی غازی زیاتر لەگەڵ مصر واژۆ بکات، دوای ئەوەی تورکیا لەم دواییانەدا پێشکەوتنی گەورەی لە باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ مصردا بەدەستهێناوە، گرنگیدانی خۆی بۆ کێڵگە غازییەکانی میصر لە دەریای ناوەڕاست نەشاردووەتەوە، بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا، لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوودا لە سەردانێکیدا بۆ ئەمەریکا، لەگەڵ هاوتا میسریەکەی لەسەر ئەم پرسە وتووێژی ئەنجامدا. لێرەدا گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە تورکیا و مصر، سۆماڵ بە هاوبەشێکی ستراتیجی دەزانن و هەردووکیان ڕێککەوتنی فراوانکردنی هاوکاری سەربازی و بازرگانییان لەگەڵ مەقەدیشۆدا واژۆ کردووە، ئەمساڵ تورکیا ڕووپێوی بومەلەرزەیی لە ڕووبەری (15 هەزار) کیلۆمەتر چوارگۆشەیی لە سۆماڵ دەستپێدەکات بۆ گەڕان بەدوای نەوت و غازی سروشتی. هەردوو وڵات - تورکیا و سۆماڵ - ڕێککەوتنی بەرهەمهێنان و بەشداریکردنیان لەم بارەوە ئەنجامداوە.
دەقی ڕاپۆرتەکە بە زمانی عەرەبی؛
وحدة الدراسات التركية، توجه تركيا الاستراتيجي في قطاع الغاز الطبيعي: رافِعَة جديدة لتعزيز نفوذها في الساحة الدولية، 20/ نوفمبر 2024؛
https://epc.ae/ar/details/featured/tawajah-turkia-alaistiratiji-fi-qitae-alghaz-altabieii
دەقی ڕاپۆرتەکە بە زمانی ئینگلیزی؛
Turkey Studies Unit, Turkiye’s Natural Gas Strategy: A New Lever to Enhance International Influence, 22 Nov 2024;
https://epc.ae/en/details/featured/turkiye-s-natural-gas-strategy-a-new-lever-to-enhance-international-influence