بەرەو هەڵبژاردن: فەلسەفەی هەڵبژاردن

2025-10-05 07:36:25
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)
هەڵبژاردنی پەرلەمانیی یەکێکە لە دیاردە هەرەسەرەکیی و بنەرەتییەکانی ناو ژیانی سیاسیی کۆمەڵگاکانی ئەمرۆ. بەشێکە لەو رژێمە سیاسییانەی ناوی دیموکراسیەتیان لێنراوە. بەڵام ئەو رژێمانەی کە هەڵبژاردن سازدەکەن، مەرج نییە هەموویان دیموکراسیی بن. جۆرێک لە هەڵبژاردن هەیە رژێمە دەسەڵاتگەر و ستەمگەرەکان ئەنجامیئەدەن و خودی هەڵبژاردنەکەش کۆڵەکەیەکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی سیستمە دەسەلاتگەر و دیکتاتۆرییەکە. ئەرکی هەڵبژاردن لەم دۆخانەدا بریتییە لە بەخشینی رەوایەتی بە سیستمە ستەمگەر و دەسەڵاتگەرەکە و سەپاندنەوەی سەرلەنوێی حوکمڕانییەکەی. بەر لەوەی لەبەشی داهاتووی ئەم نووسینەدا بێینە سەر باسکردنی ئەم دیاردەیە، کە لە ئەدەبیاتی سیاسیدا ناوی «هەڵبژاردنی دەسەڵاتگەرانە»ی لێنراوە، با لەم بەشەدا لەسەر ئەو دیدگا و جیهانبینیی و فەلسەفەیە بوەستین کە لەپشتی دیاردەی هەڵبژاردنی پەرلەمانییەوە کاردەکات. ئەو پرسیاراننەی لێرەدا پێویستیان بە وەڵامدانەوە هەیە ئەمانەیە: بۆچی کۆمەڵگاکان هەڵبژاردن ئەنجامدەدەن و مەبەستیان لەهەڵبژاردن چییە، ئەی بەهای هەڵبژاردان لە چیدایە و چییە؟
بەر لە هەمووشتێک هەڵبژاردن هێما بۆ بوونی کۆمەڵگایەک دەکات کە دەخوازێت «کۆمەڵگایەکی سەروەر» بێت و خۆی حوکمڕانەکانی خۆی هەڵبژێرێت و هەر خۆیشی ئەو حوکمڕانانە، لاببات. هەڵبژاردن نیشانمان ئەدات ئێمە لە بەردەم کۆمەڵگا و فۆرمێک لە حوکمڕانیداین، لەسەر ئەوە کۆکن کە سەرچاوەی دەسەڵات خودی کۆمەڵگا خۆی بێت، دەسەڵات لە خەڵکەوە سەرچاوە بگرێت، نەک لە ئاسمان، یان لە ئەسڵ و فەسڵێکی تایبەتەوە، یان لەم یان لەو ئایدیۆلۆژیاوە. هەڵبژاردن لەم دۆخەدا ئامرازێکە کۆمەڵگا لە ڕێگایەوە رازیبوونی خۆی بۆ ئەو دەسەڵاتە دەردەبڕێت، کە خۆی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو هەڵیدەبژێرێت و بریارئەدات بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، وڵات بەڕێوەببات.
لە دۆخێکی لەو بابەتەدا هەڵبژاردن دەبێتە سەرچاوەی ڕەوایەتیی بۆ حوکمڕانان. ئەم مەسەلەی رەوایەتییە کە هەڵبژاردن دەیبەخشێت، پێدراوێکی هێجگار سەرەکیی و گرنگیی ناو ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی بەشێکی گەورەی کۆمەڵگاکانی جیهانە. لەم جیهانەدا هیچ شتێک هێندەی بوونی رەوایەتیی بۆ حوکمڕانیی گرنگ نییە، چ بۆ خودی کۆمەڵگاکە خۆی و چ بۆ کۆمەڵگای نێودەولەتیش. ئەو وڵاتانەی هەڵبژاردنیان بۆ دەسەڵاتدارەکانی تیادا ئەنجامنادرێت، وەک خاوەنی سیستمی دیکتاتۆریی و ستەمگەر وێنادەکردێن و بەشێوەیەکی بەردەوامیش شوێنی رەخنەکردنن.
ماکس ڤێبەر، لە ئاستی فیکریدا، یەکێکە لەو کۆمەڵناسە گرنگانەی پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە بوونی ڕەوایەتی بۆ دەسەڵات لە دونیای مۆدێرندا پێشەمەرجێکی بنەڕەتییە و گرنگییەکی گەورەی هەیە. لە رێگای هەڵبژاردنەوە کۆمەڵگا رەوایەتیی و رەزامەندی خۆی بە دەسەڵت دەبەخشێت. ئەم راستییە سادەیە وایکردوە لە دونیای ئەمرۆدا تەنانەت سیستمە تاکڕە و دەسەئڵاتگەرە داخراوەکانیش، هەڵبژاردن ئەنجامبدەن و وێنەی دەسەڵاتێکی خاوەن ڕەوایەتی، بەخۆیان ببەخشن. ئەم جۆرە ڕژێمانە هەڵبژاردن بەکاردەهێنن بۆ شاردنەوە و داپۆشینی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و بۆ رێگەگرتن لە دەستگۆڕکێی دەسەڵات و سەپاندنی بەئەبەدیکردنی دەسەڵاتی ئەم یان ئەو هێز و بنەماڵە و خێزانی سیاسیی.
خاڵێکی گرنگی دیکە لە دیاردەی هەڵبژاردندا پێداگرتنە لەسەر یەکسانیی مرۆڤەکان لەگەڵ یەکدا و کۆبوونەوەی یەکسانی هەموویانە لەژێر ناوی «هاوڵاتیبوون»دا. ئەوانەی لە هەڵبژاردندا دەنگدەدەن، لە سەرۆکی وڵاتەکەوە بیگرە بۆ پاسەوانی باڵەخانەیەک، لە پرۆفیسۆرێکی زانکۆوە بیگرە بۆ جوتیارێک، لە ملیاردلێرێکەوە بۆ هەژارێک، هەموویان بەهەمان ڕادە و بەقەد یەک هاوڵاتین و هەموویان بە هەمان قورساییەوە لە هەڵبژاردنی نوێنەرە سیاسییەکانیاندا بەشدارن. لەم دۆخانەدا هەڵبژاردن هێما بۆ بوونی هاوڵاتیی یەکسان دەکات، نەک بۆ رەعیەت و خزمەتکار و ئاغا و کۆیلە. بەبێ بوونی ئەم بیرۆکەی یەکسانییە، نەک تەنها هیچ مانایەک بۆ هەڵبژاردن نامێنێتەوە، بەڵکو هیچ مانایەکیش بۆ چەمکی هاوڵاتیبوون و بۆ کەرامەتی یەکسانی مرۆڤەکان لەگەڵ یەکتریدا، نامێنێتەوە.
خاڵێکی گرنگی تر لە پەیوەندیدا بە دیاردەی هەڵبژاردنەوە، هەوڵدانە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و ڕێگرتن لە تەقینەوەی ململانێ کۆمەڵایەتییەکان و پەنابردن بۆ جەنگ و پێکدادان و توندوتیژیی بۆ دەستگۆڕکێکردنی دەسەڵات. لە رووی پرنسیپەوە هەڵبژاردن رێکارێکی ئاشتیخوازانەیە بۆ چارەسەرکردنی ململانێکانی ناو کۆمەڵگا. لە هەموویشی گرنگتر دەستەبەرکردنی دەستگۆڕکێی دەسەڵات بەبێ توندوتیژیی و پێکدادانی چەکدارانە، کاتێک زۆرینەی کۆمەڵگا بڕیار لەسەر ئەم مەسەلەیە دەدات. بەم مانایە هەڵبژاردن هەم ئامرازێکە بۆ دروستکردنی دەسەڵاتدارییەک کە بۆ ماوەیەکی تایبەت رەوایەتی هەیە، هەم بۆ دروستکردنی فۆرمی باشتر و گونجاوتری حوکمرانیی، کاتێک هێزە حوکمڕانەکان متمانەی کۆمەڵگا لەدەستدەدەن. خودی هەڵبژاردن خۆیشی داننانە بەوەدا کە مرۆڤەکان هاوڵاتی یەکسانن و مرۆڤی خاوەن ماف و خاوەن کەرامەتن.
بەو مانایانەی لە سەرەوە باسکران، هەڵبژاردن لە ئاستی فەلسەفەی سیاسیدا هێما بۆ هەندێک بەها و پێدراوی گرنگ و بەهادار دەکات. بەر لە هەمووشتێک هێما بۆ جۆرێک لە دەسەڵات دەکات کە وەک «دەسەڵاتی خەڵک» یان «دەسەڵاتی کۆمەڵگا» وێنادەکرێت، حوکمڕانییەک نیشانئەدات لە ڕێگای نوێنەرایەتیکردنەوە حوکمدەکات نەک لە ڕێگای خۆسەپاندن و هێزەوە. ئەم بیرۆکەی نوێنەرایەتییە وادەکات هەڵبژاردن ببێتە ئامرازی هەرە سەرەکیی بەخشینی ڕەوایەتیی. ڕەوایەتی لەناو فەلسەفەی نوێنەرایەتیکردندا بەبێ هەڵبژاردن بوونی نامێنێت. رەوایەتی حوکمڕانان لە ڕەزامەندی خەڵکەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەم رەزامەندیەش هەڵبژاردن بەرجەستەی دەکات. لە هەمانکاتدا هەڵبژاردن میکانیزمێکی دادپەروەرانەیە بۆ دابەشکردن و دەستگۆڕکێی دەسەڵات بەشێوەیەکی ئاشتییانە، دوور لە توندوتیژیی و پێکدادانی چەکدارییەوە.
بەڵام هەڵبژاردن لە فیکری سیاسیدا بێ ڕەخنەکردن تێنەپەڕیوە. کۆمەڵێک رەخنەی گرنگ رووبەرووی هەڵبژاردن وەک ئامرازی بەخشینی رەوایەتیی بە حوکمڕانان، کراوەتەوە. فەیلەسوفێکی وەک جان جاک رۆسۆ پێیوایە، بۆ هەبوونی حوکمرانییەکی خاوەن رەوایەتی، هەڵبژاردن بەتەنها بەس نییە. لای ئەم نووسەرە رەوایەتیی و سەروەریی راستەقینە، لەوەدایە لەباتی «دیموکراسیەتی نوێنەرایەتیکردن»، «دیموکراسیەتی راستەوخۆ» دروستببێت. چونکە تەنها لە ڕێگای «دیموکراسیەتی ڕاستەوخۆ»ەوە دەشێت بەشێوەیەکی راستەقینە "ئیرادەی گشتیی" کۆمەڵگا بەرجەستەببێت. «دیموکراسیەتی ڕاستەوخۆ» ئەو جۆرە تایبەتەیە لە حکومەتکردن کە تیایدا هاوڵاتیان ڕاستەوخۆ بەشداری بڕیاردان دەکەن، نەک نوێنەر هەڵبژێرن بۆ بڕیاردان بەناوی ئەوانەوە. ئەمەش مانای ئەوەی
خەڵک خۆیان دەنگ لەسەر یاسا، سیاسەت، پرسە سەرەکییەکانی کۆمەڵگاکە دەدەن، زۆربەیجار لە ڕێگەی گشتپرسیی یان ڕیفراندۆمەوە.
ئەلێکسیس دی تۆکڤیل، تیوریستی سیاسیی فەرەنسیش، هەر لە سەدەی نۆزدەهەمدا پێیوایە، ئەگەرچی هەڵبژاردن بیرۆکەی یەکسانیی مرۆڤەکان لەگەڵ یەکتریدا و مەسەلەی بەشداریکردنی سیاسی، بەهێز دەکات. بەڵام دەتوانێت ببێتە هۆی هاتنە کایەی دیاردەی «ستەمگەریی زۆرینە». هەڵبژاردن دەتوانێت زۆرینەیەکی دیموکراسی دروستبکات، کە ئیرادەی خۆی بە جۆرێک بسەپێنێت زیان بە ماف و بەرژەوەندیی و ئازادیی کەمینەکان، بگەیەنێت. «ستەمگەریی زۆرینە» هێما بۆ کێشەیەکی ئەخلاقیی دەکات کە دەشێت لەناو سیستمی دیموکراسیدا دروستببێت. چونکە هەڵبژاردن دەتوانێت زۆرینەیەک دروستبکات مافی تاکەکەسەکان، یان مافی کەمینەکان، بخوات و ئەو زۆرینەیەش پێیوابێت تەنها هەر لەبەرئەوەی کە زۆرینەیە، هەموو ئەو شتانەی بەڕاستی دەزانێت، بەسەر هەموواندا بسەپێنێت. بەمجۆرە هەڵبژاردن دەبێتە ئامرازی دروستبوونی ستەمگەرییەکی تازە، کە ستەمگەریی زۆرینەیە.
بۆ چارەسەرکردنی کێشەی «ستەمگەریی زۆرینە» سیستمە دیموکراسییەکان، میکانیزمی جیاوازیان داهێناوە. بەر لە هەمووشتێک کورتنەکردنەوەی دیموکراسیەت تەنها بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن. سیستمی دیموکراسیی لەپاڵ هەڵبژاردندا پێویستی بە بوونی دەستورێک هەیە، کە مافە بنەرەتییەکانی هەموو مرۆڤەکان بسەلمێنێت و بپارێزێت، بەشێوەیەک هیچ زۆرایەتییەک نەتوانێت یاسایەک یان بڕیارێک دەربکات، دژ بەو مافە بنەرەتیی و سەرەکییانەی دەستوربە هەمووانی بەخشیوە. هاوکات دروستکردنی ژمارەیەک دەزگای یاسایی کە توانای لەپرسینەوەی یاسایین لە هەموو بێمافکردنێک هەبێت. ئینجا لێکجیاکردنەوە و دابەشکردنێکی راستەقینەی دەسەڵاتەکان، کە بەسەریەکەوە دۆخێک دروستدەکەن هیچ زۆرینەیەک نەتەوانێت، بە ئارەزووی خۆی ئیرادەی خۆی بەسەر هەموواندا بسەپێنێت و "ستەمگەریی زۆرینە" بێنێتەکایەوە.
بە کورتییەکەی، هەڵبژاردن تەنها ئامراز و ڕێکارێک نییە بۆ دەنگدان، بەڵکو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی سیاسیی ئالۆزە و بەشێکە لە پاکێجێکی گەورەتر کەناوی دیموکراسیەتە وەک سیستم. هەڵبژاردن وەکچۆن پردێکە لە نێوان هاووڵاتیان و هێزە سیاسییەکاندا، هاوکات بەشێکە لە سیستمێک تیایدا کەسەکان بەیەکتری یەکسانن و توانای دەستگۆرکێکردنی دەسەڵات هەیە و رێش لە دروستبوونی ستەمگەریی زۆرینە گیراوە. واتە هەڵبژاردن زۆر زیاترە لەوەی کورتببێتەوە بۆ ساتەکانی دەنگدان خۆیان. پرسیارەکە ئەوەیە هەڵبژاردن لەلای ئێمەوە ئەم دیدگا و روانینانەی لەپشتەوەیە، یان دیاردەیەکە زیاتر وەک دیکۆرێکی سیاسیی کاردەکات؟
