عێراق و هەڵبژاردن: تائیفیەتێکی سواخدراو

2025-10-19 10:50:56
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)
بەشی سێهەم
کەسانێک هەن بەهۆی توڕەبوونیانەوە لە دەسەڵاتدارانی هەرێم، عێراقیان لێبووە بە سویسرای خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و سیستمە سیاسییەکەی بەغدایان لێبووە بە سیستمێکی دیموکراسیی بێ عەیب و عار. هەر کەسێکیش شتێک لەمە کەمتر بڵێت، ناو و ناتۆرەی ناسیۆنالیستبوون و رەگەزپەرستیی و تەنانەت فاشیستبوونی دەەدەنە پاڵ. ئەو سیستمە سیاسییەی لە عێراقدا دروستکراوە، بە هیچ مانایەک سیستمێک نییە بکرێت بە دیموکراسیەت ناوببرێت. ئەوەی هەیە دەسەڵاتێکی تائیفیی و مەزهەبییە کە پشتی بە دەیان میلیشیای چەکدار و بە گەندەڵیی گەورە و بە دەستێوەردانی دەرەکیی، بەستوە. کۆمەڵێک ستەمگەر وڵاتەکە بەڕێوەدەبەن کە کەساین توانای لەناوبردنی هەموو ئەوانیتری نییە، بۆیە ناچارن لە رێگای هەڵبژاردنەوە بڕ و ڕادەی ستەمگەرییەکەیان لەگەڵیەکدا، بەشبکەن.
تەواو وەک هەرێم، لە عێراقیشدا متمانەکردن بە هەڵبژاردن و بە خودی پەرلەمان و بە پارتە سیاسییەکان، نەماوە یان لەوپەڕی لاوازیدایە. متمانەی خەڵک بەسەرجەمی بکەرە سیاسییەکان لە نزمترین ئاستدایە، رێژەی بەشداریکردنیش لە هەڵبژاردندا تەواو نزم و لاوازە. چەند ساڵێک لەمەوبەر حکومەت دەبوایە پارە بدات بە خەڵک بۆ ئەوەی کارتی دەنگدانەوەکانیان وەربگرن و بەشداربن لە هەڵبژاردنەکەدا. هاوکات کایە سیاسییەکە خۆیشی پڕبووە لە گاڵتەجاڕیی سیاسیی، بۆ نموونە، ژمارەی ئەو حیزبانەی لەم هەڵبژاردنەدا بەشداران بە سەدانن و هەزاران کەسیش خۆیان بۆ بوون بە پەرلەمانتار کاندید کردوە. هەڵبژردنەکەیش لەسەر بنەمای مەزهەب و خزمایەتیی تائیفەگەرێتی بڕیاری لەسەرئەدرێت نەک لەسەر بنەمای دەنگدان بە بەرنامە و دیدگا و جیهانبینیی ئەم یان ئەو پارتی سیاسیی.
بەر لە هەمووشتێک عێراق وڵاتی چەندەها میلیشیای چەکدارە، بەجۆرێک هەر یەکێک لەو ملیشیانە دەوڵەتێکی لەناو دەوڵەتدا دروستکردوە و هەریەکێکیان لە هەر ناوچەیەکدا بەهێزبێت و نفوزی هەبێت، زۆربەی دەسەڵاتەکان قۆرخدەکات و وەک هێزێکی سەروەر و بێلێپرسینەوە، کاردەکات. دیارترینی ئەو میلیشیایانەش بریتین لە کەتائیبی حیزبوڵا، هێزەکانی بەدر، عەسائیبی ئەهلی حەق، کەتائیبی سەید ئەل شوهەدا، سرایا سلام، یان لەشکری مەهدی جاران، ئەمە جگە لە حەشدی شەعبی کە کۆکراوەی زیاد لە ٤٠ میلیشیای جیاوازە بەیەکەوە. زۆرێک لەم میلیشیایانە باڵی سیاسییان بەناوی پارتی سیاسییەوەن دروستکردوە، بە هیوای بەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسییش لەڕێگای هەڵبژاردنەوە.
وەک ووتم ئەم میلیشییایانە، هەریەکێکیان لەناوچەیەکدا بەهێز و خاوەن نفوزن، بۆیە بەشێوازی جیاواز لەو ناوچانەدا خەلک بەدەنگدان بەو میلیشیایانە، ناچاردەکەن. ترساندنی کاندید و نمایشکردنی هێزی سەربازی ئەو میلیشییایانە کێشەی گەورە بۆ راستیی و دروستیی دەنگدانەکان و بۆ خودی هەڵبژاردنەکە، دروستدەکەن. ئەمە جگە لەو راستييەی ژمارەیەک لەو میلیشیایانە، سەر بە وڵاتانی ئیقلیمی دەرەکین و لە قازانجی ئەوان کاردەکەن، نەک لە قازانجی عێراقییەکان خۆیان. ژمارەیەکی بەرچاویشیان کۆنترۆڵی سەرچاوە ئابووریی و مادییەکانیان لەژێردەستدایە، ئەوان گرێبەستەکان وەردەگرن و لەم ڕێگەیەشەوە دەرفەتەکانی کارکردن قۆرخدەکەن. هەندێکیشیان وەک بکەری نادەوڵەتی کاردەکەن و لە شوێنی دەوڵەت خزمەتگوزارییە گشتییەکان پێشکەشدەکەن. هەر ئەوانیش ئاسایش دەپارێزن، یان تێکئەدەن.
هەموو ئەو شتانە هەم بوونی دادپەروەریی و ئازادیی لە هەڵبژاردنەکاندا، هەم ئەگەری دروستبوونی حوکمڕانیی دیموکراسییانە بە تەواوی تێکئەدەن و هیچ مانایەک بۆ خودی هەڵبژاردن خۆیشی، ناهێڵێتەوە. لەسایەی ئەو هەموو میلیشیایانەدا هەڵبژاردن لە عێراقدا نە دەتوانێت ئازادبێت، نە دادپەروەرانە ئەنجامبدرێت. یەکەمین هەنگاوی راستەقینە بەرەو دیموکراسیەت، لەم وڵاتەدا، بەر لە هەمووشتێک، پێویستی بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو میلیشیایانە و لەناوبردنی دیاردەی ئەکتەری نادەوڵەتیی و کۆتاییهێنانی دەوڵەت لەناو دەوڵەتدا، هەیە. ئەوە با واز لە دەستێوەردانی دەرەکیی بهێنین، کە رۆڵێکی گەورە و سەرەکیی هەم لە هەڵبژاردنەکان و هەم لە دروستبوونی حکومەت و هەم لە کاری پێکەوەیی یان دوژمنایەتی هێزەکان لەگەڵ یەکتریدا، دەبینێت.
هەژاریی خەڵک و بەربڵاوی دیاردەی بێکاریش لە عێراقدا، وایانکردوە مەحسوبیەت و کڕینی دەنگ، دیاردەیەکی بەرچاو و بەرفراوانی ئەو وڵاتە بێت. لە بەشێکی گەورەی وڵاتەکەدا ئەوەی کاردەکات «سیاسەتی پارە»ەیە، کە لە هەڵبژاردنەکاندا بە کڕینی دەنگ تەعبیر لەخۆی دەکات. نەک تەنها کڕینی دەنگ بەڵکو کڕینی پێگە حکومیەکان و پێگە بیرۆکراسییەکانیش دیاردەیەکی زەقی ناو حوکمرانیکردنە لە عێراقدا. ئەمەش وادەکات متمانە بە دامەزراوە گشتیەکان نەمێنێت یان تەواو لاوازببێت. کڕین و فرۆشتنی پۆستە وەزاریەکان لەکاتی دانوسانەکانی پێکهێنانی حکومەتدا، دۆخەکە خراپتر و گەندەڵتر دەکات. ئەم پرۆسەیە بەجۆرێک ڕۆیشتووە هیچ حکومەتێک لە ئایندەشدا، ناتوانێت بەرەنگاری ببێتەوە یان دەستبەرداری ببێت. حیزبە دەسەڵاتدارەکان و هێزە میلیشیاکان کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر وەزارەتەکاندا قۆستۆتەوە و کەسانی خۆیان لە پۆستە باڵاکاندا داناوە. ئەم پۆستانەش ئامرازێکن بۆ دەستگەیشتنی ئەم حیزب و ملیشیایانە بە سەرچاوە مادییە سەرەکییەکان و تاڵانکردنی بەشێکی ئەو سەرچاوانە. ژمارەیەکی بەرچاویش لە کاندیدەکان پارەی کاش دەبەخشنەوە، یان سەبەتەی خۆراک دابەشدەکەن، یاخود بەڵێنی دامەزراندن و شتی دیکەی لەم بابەتە بە خەڵک ئەدەن، نەک ئەوەی بەرنامەیەکی سیاسیی بۆ چارەسەرکردنی کێشە سەرەکییەکانی وڵاتەکە پێشنیاربکەن.
لاوازیی ئەو دەزگایانەش کە چاودێری هەڵبژاردنەکە دەکەن و هەڵبژاردنەکە بەڕێوەدەبن، خاڵێکی دیکەی قەیرانی هەڵبژاردنە لە عێراقدا، لەناویشیاندا لاوازیی « کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان». زۆرجار ئەم کۆمسیۆنە بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە سەربەخۆ نییە، سازش لەسەر دروستبوون و کارەکانی دەکرێت، لە ژێر فشاری سیاسی یان کاریگەریی ئەم یان ئەو هێزی سیاسیدان. ئەمە جگە لە بوونی کێشە و ناڕێکیی لە ئامێرەکانی دەنگداندا، جگە لە کێشەی ژماردنی دەنگەکان و ئەنجامدانی تەزویر تیایاندا. هەموو ئەمانە بێمتمانەیی خەڵکی زیاتر و زیاتر بەرامبەر بە هەڵبژاردن لە عێراقدا دروستکردوە.
بە کورتییەکەی ئەو سیستمە سیاسییەی لە عێراقدا هەیە و کاردەکات بە هیچ مانایەک سیستێمی دیموکراسیی راستەقینە نییە ،کە هەڵبژاردن یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئیشکردنی سیستمە سیاسییەکە، بێت. لە راستیدا هەڵبژاردن لە عێراقدا میکانیزمی پاراستن و بەخشینی رەوایەتییە بەو سیستمە فیوداڵیی و بەو دیاردەی دەوڵەت لەناو دەوڵەت و بەو بکەرە نادەوڵەتییانەی وڵاتەکەیان تەنیوە. ئەوەی هەیە و کاردەکات جۆرێکە لە دەسەڵاتگەرێتی کە گەمە بە دەزگا دیموکراسییەکان و بە هەڵبژاردن خۆیشی، دەکات. زۆرێک لەو هێزانە، کە میلیشیای تایبەت بەخۆیان هەیە، جگە لە هێزی تاڵانچێتیکردن بە نەوت و سەرچاوە مادییەکانی ترەوە، زیاتر نین. ئەوەی لە عێراقدا هەیە کۆمەڵێک هێزی دەسەڵاتگەری نادیموکراسن، کە کەسیان ناتوانێت بەتەنها هەموو دەسەڵاتەکان قۆرخبکات. بۆیە ناچارن لەگەڵ یەکتریدا ئەو دەسەڵاتە دابەشبکەن و هەریەکێکیشیان سەروەری ئەو ناوچانە بێت، کە تیایاندا لەوانیتریان بەهێزترە. لە ئەدەبیاتی سیاسییدا ئەم جۆرە سیستمانە ناوی هەمە جۆریان لێنراوە، لەوانەش رژێمی دەسەڵاتگەریی کێبڕکێکار، Competitive authoritarian regime، یان دیموکراسیەت بەبێ دیموکرات، Democracy without Democrats. ئەم سیستمەی دواییان بەشێکی زۆری لە دەزگا دیموکراسییەکان هەیە، بەڵام زیاتر وەک دیکۆرێکی سیاسیی کاردەکەن و لەسەر کاغەز بە سیستمەکە روخسارێکی دیموکراسانە دەبەخشێت، نەک لە واقیعدا. لە سیستمی «دیموکراسیەت بەبێ دیموکرات»دا نە بکەرە سیاسییەکان و نە بەشێکی گەورەی دەنگدەرکان خۆیشیان بکەر و دەنگدەری دیموکرات نین. هیچیان فەرهەنگ و نۆرم و بەهاکانی سیستمی دیموکراسیان نییە، لەوانەش بەهاو نۆرمەکانی باوەڕبوون بە جیاوازیی، بە پلورالیزم لە فۆرمە جیاوازەکانیدا، بە چەمکی لێبوردن، بە دەسەڵاتی یاسا، بەرپرسیاریەت. ئەوەی هەیە تائیفیەتێکی سواخدراوە بە هەڵبژاردن و بە دیکۆرێکی دیموکراسییانە.
