كۆده‌كانی رازیبوونی توركیا به ئه‌ندامیه‌تی (سوید) له ناتۆدا چین؟
2023-07-12 09:09:08
راپۆرتی: هێمن خۆشناو
دوێنی (سێشه‌ممه 11 ته‌مموزی 2023) له وڵاتی لیتوانیا كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌ی وڵاتانی هاوپه‌یمانی (ناتۆ) ده‌ستی پێكرد. له ئه‌جندای كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه بڕیاره ئه‌مڕۆش درێژه بكێشێت، جگه له درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی سكرتێری رێكخراوی ناتۆ (ینس ستولتنبرگ) كه پۆستێكی دیپلۆماسیه، دوای ره‌زامه‌ندی توركیا بڕیاره ئه‌م لوتكه‌یه ره‌زامه‌ندی بنوێنێت له‌سه‌ر ئه‌ندامیه‌تی وڵاتی (سوید) له‌م رێكخراوه‌دا.
بێگومان ره‌زامه‌ندی نواندنی توركیا له‌مه‌ڕ ئه‌ندامیه‌تی ئه‌م وڵاته بێ حساب نیه و چه‌ندین كۆدی جۆراوجۆری هه‌یه، كه ده‌كرێت به‌شێوه‌یه‌كی گشتی كۆده‌كانی ئه‌م شێوه‌یه ریزبه‌ند بكه‌ین:
كۆدی یه‌كه‌م: ئه‌ندامیه‌تی سوید ته‌نیا په‌یوه‌ست نابێت به ئاسایشی وڵاتانی ئه‌سكه‌نده‌نافیا، به‌ڵكو مه‌سه‌له‌كه په‌یوه‌ست ده‌بێت به سه‌پاندنی هه‌ژموونی ناتۆ و ئه‌مریكا به‌سه‌ر گه‌رووی (بیرنگ) كه هه‌ردوو كیشوه‌ری ئاسیا و ئه‌مریكای باكوور به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه. ئه‌م گه‌رووه له كۆنسێپتی دواڕۆژی جه‌نگی ناتۆ دژ به روسیا گرنگیه‌كی چاره‌نووسسازی ده‌بێت. له‌م سۆنگه‌یه‌وه ئه‌گه‌ر توركیا به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر بلۆكه‌كردنی ئه‌ندامیه‌تی سوید ئه‌وه خۆی له به‌رامبه‌ر كۆی وڵاتانی ناتۆ ده‌بینێته‌وه. له هه‌مان كاتدا توركیا به رازیبوون له‌سه‌ر ئه‌ندامیه‌تی سوید له‌م هاوپه‌یمانیه‌دا ده‌خوازێت چه‌ند ده‌ستكه‌وتێك به‌ده‌ست بێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ناو رای گشتی وڵاته‌كه‌یدا چه‌ندین چیرۆكی سه‌ركه‌وتنی دیكه بئافرێنێت.
كۆدی دووه‌م: دوای ده‌ستبه‌كاربوونی (هاكان فیدان) وه‌كو وه‌زیری ده‌ره‌وه، په‌یوه‌ندی نێوان توركیا و ناتۆ گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه. ئه‌نقه‌ره ده‌خوازێ به ره‌زامه‌ندی نواندن له‌سه‌ر ئه‌ندامیه‌تی سوید هه‌ندێك ئه‌نجام بگڕێت. فیدان ده‌خوازێت گۆڕانكاری له هاوسه‌نگیه‌كاندا بكات، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش تا راده‌یه‌ك ئه‌و ستایله دیپلۆماسی فیدان كاری پێده‌كات له ستایلی دیپلۆماسی سه‌ركۆماری توركیا جیاوازتر ده‌بێت.
كۆدی سێیه‌م: ئه‌نقه‌ره له‌سه‌ر ئه‌ندامیه‌تی سوید به دوای رێگای گۆشه‌گیركردنی (په‌كه‌كه) ده‌گه‌ڕێت. له‌مباره‌یه‌وه سوید تا ئاستێك به‌دڵی ئه‌نقه‌ره هه‌نگاو ده‌نێت و داواكاریه‌كانی توركیا جێبه‌جێ ده‌كات. به‌هۆی ئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانیه‌تی ناتۆ په‌كه‌كه وه‌كو رێكخراوێكی تیرۆریستی ده‌ناسێت، سوید ناچاره هه‌ندێك رێوشوێن دژ به په‌كه‌كه بگرێته‌به‌ر. به‌ڵام نهمومكینه سوید هه‌موو رێكخراوه مه‌ده‌نیه‌كانی كورد له‌سه‌ر خاكی خۆی قه‌ده‌خه بكات كه ئه‌نقه‌ره جه‌ختی لێ ده‌كاته‌وه.
كۆدی چواره‌م: هه‌رچه‌نده توركیا مه‌سه‌له‌ی ئاستهنگكردنی سوید به جمۆجۆڵی په‌كه‌كه له‌م وڵاته ده‌به‌ستێته‌وه، به‌ڵام خه‌می گه‌وره‌ی توركیا پاراستنی پێگه‌یه‌تی له‌ناو هاوسه‌نگیه سه‌ربازیه‌كانی ناتۆ و ناوچه‌كه‌دا، بۆیه مه‌رجی سه‌ره‌كی توركیا بۆ قه‌بوڵكردنی ئه‌ندامیه‌تی سوید نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی فڕۆكه جهنگیهكانیهتی له جۆری (ئێف – 16). چونكه ده‌رخستنی توركیا له پڕۆگرامی فڕۆكه‌ی (ئێف – 35) و قه‌بوڵكردنی یۆنان له هه‌مان پڕۆگرامدا، فاكته‌رێكی گرنگه له گۆڕینی هاوسه‌نگی سه‌ربازی له ناوچه‌ی ده‌ریای (ئیجه و سپی) دا، كه پێگه‌ی سه‌ربازی یۆنان له‌سه‌ر حاسبی توركیا به‌هێز ده‌كات. پێشتر ئیداره‌ی (جۆن بایدن) به ئه‌رێنی سه‌یری ئه‌م داوایه‌ی توركیا كردووه و داوای له كۆنگرێس كردووه بڕیارێكی ئه‌رێنی له‌مباره‌یه‌وه بدات. كۆمیته‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی كۆنگرێسیش ئه‌م دوایه‌ی توركیای به‌ستۆته‌وه به قه‌بوڵكردنی ئه‌ندامیه‌تی سوید له ناتۆدا.
كۆدی پێنجه‌م: چه‌ندین ئاماژه له ئارادایه و ده‌یسه‌لمێنێت كه ئه‌و هاوسه‌نگیه‌ی ئه‌نقه‌ره له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئۆكرانیا و روسیا دروستی كردووه خه‌ریكه له‌بار ده‌چێت. تا ده‌چێت وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا سیاسه‌تی وڵاته‌كه‌ی له ناتۆ نزیك ده‌كاته‌وه، له‌مباره‌یه‌وه گوتار و جوڵه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا خه‌ریكه تابڵۆكه ده‌گۆڕێت. بۆ نموونه سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌م دوایه‌ی (زیلینسكی) سه‌رۆكی ئۆكرانیا بۆ توركیا ئاماژه‌یه‌كی زه‌قه به‌م راستیه‌ی سه‌ره‌وه. لێدوان و بڕیاره‌كانی سه‌رانی توركیا له‌مه‌ڕ ئۆكرانیا بۆ هه‌ریه‌ك له ئه‌مریكا، یه‌كێتی ئه‌وروپا و روسیا چاوه‌ڕواننه‌كراو بوون.
كۆدی شه‌شه‌م: مه‌رجی نوێی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان بۆ ره‌زامه‌ندی نواندن له‌سه‌ر ئه‌ندامیه‌تی سوید، قه‌بوڵكردنی ئه‌ندامیه‌تی توركیایه له یه‌كێتی ئه‌وروپا. ئه‌م مه‌رجه‌ی ئه‌ردۆغان پشت به ستراتیژیه‌تێكی پلان بۆ داڕێژراو نابه‌ستێت، چوونه ناو كۆبوونه‌وه‌ی ناتۆ به‌م مه‌رجه زه‌حمه‌تی بۆ سیاسه‌تی توركیا دروست ده‌كات. چونكه سڕكردنی گفتوگۆكانی ئه‌ندامیه‌تی توركیا له یه‌كێتی ئه‌وروپا په‌یوه‌سته به جێبه‌جێ نه‌كردنی به‌رپرسیاریه‌تیه‌كانی توركیا له‌م یه‌كێتیه‌دا. له‌وانه جێبه‌جێ نه‌كردنی بڕیاره‌كانی دادگای مافی مرۆڤی ئه‌وروپا (AIHM) و به‌رته‌سك كردنه‌وه‌ی فه‌زای دیموكراسی و ئازادیه گشتیه‌كان.
كۆدی حه‌وته‌م: مه‌سه‌له‌ی سه‌ره‌كی توركیا له‌گه‌ڵ ناتۆ و یه‌كێتی ئه‌وروپا زیاتر په‌یوه‌سته به كێشه‌كانی ئه‌نقه‌ره له‌گه‌ڵ واشنتن. تا ده‌چێت په‌یوه‌ندیه سه‌ربازی و سیاسیه‌كانی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی سوریا دیموكراتی (هه‌سه‌ده) سیمای به‌رده‌وامبوون وه‌رده‌گرن. هه‌رچه‌نده توركیا هه‌سه‌ده وه‌كو رێكخراوێكی تیرۆریستی له قه‌ڵه‌میش بدات، ئه‌وه هه‌موو وڵاتانی ئه‌ندامی ناتۆ به پێچه‌وانه‌ی ویستی ئه‌نقه‌ره ههماههنگیهكانیان له‌گه‌ڵ هه‌سه‌ده به‌رفراوانتر ده‌كه‌ن. له باره‌ی گۆڕانكاریه‌كانی ناو سوریا و پاراستنی ئیداره‌ی خۆسه‌ر له باكووری رۆژهه‌ڵاتی سوریا هه‌موو وڵاتانی ئه‌ندامی ناتۆ جگه له توركیا هاوبیرن. له ئێستادا ئه‌نقه‌ره د‌رك به‌وه ده‌كات كه ناتوانێ ئه‌م كێشه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و ناتۆدا چاره‌سه‌ر بكات. سوپرایزیش نابێت ئه‌گه‌ر له داهاتوویه‌كی نزیكدا هاكان فیدان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا له‌مباره‌یه‌وه سیاسه‌تێكی نوێ پیاده بكات.
كۆدی هه‌شته‌م: له هه‌مان كاتدا ئاماژه‌كان پێمان ده‌ڵێت له داهاتوویه‌كی زۆر نزیكدا، په‌یوه‌ندی نێوان توركیا – روسیا تووشی قه‌یران ده‌بێت. ئه‌وه‌ی له ئێستادا ئه‌نقه‌ره ده‌یه‌وێت روونه‌دات دروستبوونی قه‌یرانه له په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ روسیادا. بۆ روونه‌دانی ئه‌مه‌ش دوورنیه توركیا له سوریادا چه‌ند هه‌نگاوێك به‌دڵی روسیا بگرێته‌به‌ر، وه‌كو راده‌ستكردنه‌وه‌ی هه‌ریه‌ك له عه‌فرین، ئدلب و ئه‌لباب به هێزه‌كانی سوپای سوریا كه ره‌نگه ئه‌مه بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی رێگا له سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانێك بگرێت له په‌یوه‌ندیه‌كانی ئه‌نقه‌ره له‌گه‌ڵ مۆسكۆدا.
له ئێستادا ئه‌گه‌رێكی زۆره كه توركیا ده‌نگ به ئه‌ندامیه‌تی سوید له ناتۆ بدات. له‌سایه‌ی ئه‌مه‌شدا توركیا نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی فڕۆكه جه‌نگیه‌كانی له جۆری (ئێف – 16) گه‌ره‌نتی ده‌كات. جگه له‌مه داواكاریه‌كانی دیكه‌ی توركیا، له‌مه‌ڕ ئه‌ندامیه‌تی له یه‌كێتی ئه‌وروپادا به تایبه‌تی له‌م رۆژگاره‌دا نهمومكینه.