رۆژئاڤای دڵ:
2026-01-11 13:35:20
تەحسین حەمەغەریب
پێنج رۆژە وەک هەرکوردێکى دڵسۆز بۆ گەل و نیشتمانى نەک هەر خەمم لێنیشتووە، بەڵکو ژیان و حەوانەوەم لێتێکچووە، لەبەر ئازاری گەلەکەم لە رۆژئاڤا!. ئاخر نە پێچەوانەی ئەخلاقە و نە پێچەوانەی دینیشە تۆ تایبەتمەندى بدەیت بە مرۆڤە تایبەت و نزیکەکانت،.وەک ئازیزى دڵ دەفەرموێت: (الاقربون اولى بالمعروف) بە مەرجێ ئەو تایبەت کردنەت پێچەوانەی فەزیڵەت و ویژدانى زیندووى مرۆیی نەیەتەوە!.
من زۆر غەمم بوو نەک تەنها غەمى گەنجانى چەک بە دەست کە ئەوانە رۆڵەی کەسانێکى وەک منن( ئاخر من لە تەمنێکدام وەک رۆڵەم وان ئەوانەی کە چاوەچاوە هاتنى (لایەنى بەرامبەرییان)ە کە هاکا لە تاریکى شەودا وەک تاریکى لە هەموو لاوە کە دێت، بۆیان هاتن!. غەمى ئەو کوڕ و کچانەی کە لە تەمەنى منأڵەکانى مندان کە ئەگەر ئێوارەیک لە یەکێکیان تووڕە ببم شەو خەوم لێناکەوێت!. ئەوان لەتەمەنى مناڵەکانى مندان کە تا بەیانى چرکەساتێک خەو ناچێتە چاویان نەوەک ئەوانى تر کە بۆ کوشتن یان بردنیان هاتوون هەڵکوتنە سەریان( شەڕ بێجگە لە کوشتن و بردن و وێرانى هیچ کارێکى دیکە نازانێت). من غەمم بوو غەمی ئەو پیر و کەنەفتانەی کە لە ماڵی خۆیان تەنها ئازاری جەستەیان بوو هەنوکە ئازاری ئاوارەییش، ئەوسا تەنها ترسی مەرگیان بوو( پیرەکان زۆرتر لە مەرگ دەترسن!) ئێستا خەمى دەرکردن لە ژیان و بیرەوەری دەیان ساڵە!. غەمم بوو دەبوومە ئەو دایک و باوکە سادە بەڵام دلێرانەی بۆ هاندانى رۆڵە کانیان ئەو رۆڵانەی بە چاوەکانیان ( چونکە تەنها چاویان بە دەرەوە بوو و دەستییان لەسەر تفەنگەکانیان) دوا ماڵ ئاواییان لێکردن، کاتێک لە شار دەرچوون.. دەرۆشتن و بۆ هاندانى ئەوان دەیانگوت ئێمە نارۆین نیشتمان بەجێناهێلێن دەشیان زانى ئەگەر نەچن راپێچیان دەکەن. غەمم بوو غەمى ئەو مناڵەی مناڵیی نەدیوانەی مناڵی نەدیوی خۆیان لەبیرچوو بوو و وەک گەورەکان غەمى ئەو برا و خوشکانەیان بووکە دەم بە خەندە و دڵ پڕ لە غەمەوە دەستییان بۆ هەڵبڕین و گوتیان: بڕۆن.. بڕۆن تا لە شەڕ بە دوور بن!.
زوو زوو شیعری ئەو شاعیرەم بیردەکەوتەوە کە دەیگوت:
ئەی داخ! نیشتمان کڵاوەکەم نییە تا لەسەری دابگرم و یەکێکى دیکە بکەمە سەرم!.
دەمگوت ئاخ نیشتمان خۆزگە جامانەکەم بویتایە و تا رەنگەکەیم بگۆڕیتایە و( لە جامانەی سوورەوە بۆ رەش و لە رەشەوە بۆ سوور) هەرنا وەک ئێستام لەسەرم لا بدایتایە ،تا
زێوەر گوتەنى، نەزانرایە کوردم زوو بە پێچ پێچی لارەوە!.
ئاخ گەلۆ بیرم لە گوتەی ئەو رۆژنامەنووسە دەکردەوە کە گوتبووی بریا کوردبوومایە( ئەو لە بەر ئازایی و بوێری کورد وای گوتبوو) من گوتم: کاشکى کورد نەبوومایە!. نە لەبەر ئەوەى حاشا لە ئێوەى دڵم بکەم. نەبە خوا، بەڵکوو لەبەر ئەوەى زۆرم خۆش دەوێن. ئەگەرئازارەکانى ئێوە بۆ مرۆڤەکانى دیکە ئازاری ئینسانى بێت، ئەوا بۆ من ئازاری ئێوە ئازاری گیان و دڵمە. حەزم دەکرد کورد نەبوومایە نە لەبەر ئەوەى کوردبوونم پێکەمە، بەڵکو لەبەر ئەوەى کوردم زۆر خۆش دەوێت، لەبەرئەوەى کورد کەسوکار و گەلی من و کوردستان نیشتمانى منە و ئازارەکانى بۆ من ئازارترن. ئێوە دڵی منن!.
تێبینى: ئەمە مامەڵەیەکى دڵیانەیە لەگەڵ رۆژئاوا نەوەک خوێندنەوەیەکى ئایدیۆلۆجیانە. لە ساڵی (٢٠١٩) کۆرسێکى شەش کاتژمێریم هەبوو بە ناونیشانى(رۆژئاڤا) کە ئێستاش لە ناو چەناڵی یوتیۆبەکەی هەژاندایە. هەروەها هەوئل دەدەم چەند پۆستێکى دیکە لەم رووەوە بکەم!.
