هۆکارەکانی پشتبەستنی ئەوروپا بە گازی سرووشتی رووسیا

Draw Media

2022-06-18 07:00:19



درەو:
ئامادەكردنی: ئیسماعیل عەبدوڵا

 

لە دوای ئەوەی یەکێتی ئەوروپا لە ٨ی ٤ی ٢٠٢٢دا پێنج پاکێجی سزادانی بەسەر رووسیادا سەپاند. لەوکاتەوەی کە جەنگی ئۆکرانیا دەستیپێکردووە یەکێتی ئەوروپا کۆمەڵێك سزای بەسەر رووسیادا سەپاندووە کە سنوورداری گواستنەوە و هاتووچۆی پارەکانی رووسیا لە بانکەکانی ئەوروپا و گواستنەوەی کاڵاکانی رووسیا دەکەن، سزایەکان بانکەکان، کۆمپانیایەکان، کەسایەتییە دیارەکان، وەرزشوانان، فیلم سازان و بازرگانەکانی رووسیاشی گرتەوە.
وە یەکێتی ئەوروپا لە ٣١ی ٥ی ٢٠٢٢ پاکێجی شەشەمی سزایەکانی بەسەر رووسیادا سەپاند، پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کە بۆچی پاکێجی شەشەمی سزایەکانی پەیوەست بە گواستنەوەی گازی سرووشتی رووسیا بۆ ئەوروپا درەنگ کەوتن، تەنانەت بەر لە پاکێجی شەشەمی سزایەکان گواستنەوەی وزە بە ڕێگەی ئۆکرانیاوە هیچ گۆڕانکاریێکی بەرچاوی بە خۆیەوە نەبینی و گواستنەوەی گاز وەکو ڕۆژانی بەر لە جەنگ ئاسایی بوو؟

"ڕێوشوێن و سزایەکان دەبێت لە داهاتوودا نەوت و تەنانەت گازی سرووشتیش بگرنەوە، جا چ زووتر بێت وە یانیش درەنگتر!"
چارلس میشێڵ، سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتی ئەوروپا


وێنەی یەکەم: هێڵی بۆڕییەکانی گواستنەوەی وزە و غازی سرووشتی رووسیا بۆ ئەوروپا

بەپێی ئامارێکی یۆرۆستات لە ساڵی ٢٠٢٠دا یەکێتی ئەوروپا ٢٤٪، واتا نزیکەی چارەگێکی وزەکەی لە گاز بەرهەم دەهێنێت، وە بە نزیکەیی نیوەی بڕی گازەکەی لە رووسیاوە هاوردە دەکات، کە رووسیا گەورەترین وڵاتی هەناردەکاری گازە لە جیهاندا، وە ئەو گواستنەوەی گازە لە ڕێگەی شەش بۆڕی هێڵی سەرەکی گواستنەوەی وزەیە لە رووسیا بۆ ئەوروپا، کە چوار بۆڕیان بە خاکی ئۆکرانیادا تێپەڕ دەبن کە یەکێك لەو بۆڕیانە بەسەر خاکی کازاخستانیشدا تێپەڕ دەبێت، وە بۆڕیێكی تر بە دەریای ڕەش و بۆڕیێکی تریش بە دەریای بەلتیقدا. ئەڵمانیا وەکو خاوەن بەهێزترین ئابووری ئەوروپا زۆرترین پشکی ئەو هاوردەکردنەی بەردەکەوێت، لەوکاتەوەی کە جەنگی ئۆکرانیا دەستیپێکردووە ئەڵمانیا بە نزیکەیی ڕۆژانە ٢٢٠ ملیۆن دۆلاری داوەتە رووسیا لە بەرامبەر هەناردەکردنی گاز بۆ ئەڵمانیا.
ئەڵمانیا ئەو ڕێژە زۆرەی گاز بۆچی بەکاردەهێنێت؟

ئەڵمانیا گاز بۆ گەرم کردنەوەی نزیکەی زیاتر لە ٢٠ ملیۆن ماڵ بەکاردەهێنێت، وە بۆ بەگەڕخستنی بەشێکی گەورەی پیشەسازی وڵاتەکەی وە حکومەتەکەی بەرلین تاوەکو پاکێجی شەشەمی سزایەکانی لە دژی هەر سزایێك وەستاوەتەوە کە گواستنەوەی گاز بۆ ئەوروپا لە نێوانیاندا بە تایبەتی ئەڵمانیا سنووردار بکات.

"ناکرێت، کە سەرچاوەکانی گواستنەوەی گاز سنووردار بکرێن."
کریستیان لیندەر، وەزیری دارایی ئەڵمانیا

بێ گومانە ئەمانە گشتی لە بەرژەوەندی رووسیا و کۆمپانیایەکانی گواستنەوەی گازی سرووشتی رووسیا بوون، وە بە هەمان شێوە لە بەرژەوەندی هێرشی رووسیا بوون بۆ سەر ئۆکرانیا.
بۆچی ئەڵمانیا زۆر پشتی بەستووە بە گازی رووسیا وەکو سەرچاوەیێکی گرینگ لە کاتێکدا ئەڵمانیا لە ماوەی ڕابردوودا لە پێشەنگی ئەو وڵاتانەی ئەوروپا بووە، کە سوودی لە سەرچاوە نوێیەکانی وزە وەردەگرت؟

بۆچی ئەڵمانیا ناتوانێت دەستبەرداری گازی رووسیا ببێت؟

باکگراوندێکی مێژوویی
ئەڵمانیا ڕاستەخۆ کەوتبوویە نێوەندی جەنگی ساردەوە، لە دوای جەنگی جیهانی دووەم سنوورێکی پتەو ئەڵمانیای ڕۆژئاوای لە ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات و وڵاتەکانی تری پەیوەست بە یەکێتی سۆڤیەتەوە جیاکردەوە. جەنگی جیهانی دووەم وێرانکاریێکی گەورەی دووچاری ئەڵمانیا کردەوە، بەڵام لە پەنجایەکانی سەدەی ڕابردوو ئەڵمانیای ڕۆژئاوا خاڵێکی وەرچەرخانی گرینگی لە گەشەسەندنی ئابووری بە خۆیەوە بینی، پیشەسازییەکانی ئەڵمانیا وەکو پیشەسازی ئاسن بە شێوەیێکی بەرچاو گەشەیسەند، بەڵام پیشەسازییەکانیان پێویستی بە وزەی زیاتر بوو بۆ وەگەڕخستنیان، ئەو گەشەسەندنە ئابوورییەی ئەڵمانیا هاوکات بوو لەگەڵ دۆزینەوەی یەدەگێکی گەورەی گازی سرووشتی لە ڕۆژئاوای سیبیریا لە لایەن یەکێتی سۆڤییەت، یەکێتی سۆڤییەت کۆمەڵێك هێڵی بۆڕی دامەزراند بۆ دابینکردنی وزە بۆ شارە گەورەکانی، بەڵام لە هەمان کاتدا درێژکردنەوەی ئەو بۆڕیانە بۆ پڕکردنەوەی وزەی وڵاتانی ئەوروپا کاریگەریێکی گەورەی دەکردە سەر بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری یەکێتی سۆڤییەت. لە ساڵی ١٩٦٩ کاتێك ئەڵمانیای ڕۆژئاوا ڕاوێژکارێکی نوێی بە ناوی ویڵی برادنت هەڵبژارد کە سیاسەتێکی نوێی بە ناوی ئۆستپۆلیتیك پەیڕەو کرد، کە جەختی لەسەر نزیك کردنەوەی پەیوەندییەکانی هەر دوو لا دەکردەوە لە ڕێگەی دیالۆگ و ڕێککەوتنەوە. بواری وزە هەلێکی گەورەی رەخساند کە ئەڵمانیای ڕۆژئاوا و یەکێتی سۆڤییەت بگەن بە ڕێککەوتنێك، بەپێی ڕێککەوتنەکەی نێوانیان یەکێتی سۆڤییەت پێداویستی وزەی ئەڵمانیای ڕۆژئاوای پڕدەکردەوە، وە لە بەرامبەردا ئەڵمانیای ڕۆژئاوا بۆڕیە لوولەی ئاسنی کوالێتی بەرزی بۆ یەکێتی سۆڤییەت بەرهەم دەهێنا، هەتاوەکو بۆڕییەکانی گواستنەوەی وزە درێژ بکاتەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا و ناوچەکانی تر، ئەو ڕێککەوتنەی نێوانیان نزیکەی ٢٠ ساڵی خایاند.

بۆ تێگەییشتن لەوەی کە چۆن ئەڵمانیا ناچاری ئەو ڕێککەوتنە بوو، پێویستە لەوە تێبگەین کە چی وادەکات گازی سرووشتی گوازراوە لە ڕێگەی بۆڕییەوە جیاواز بێت لە سەرچاوەکانی تری وزە بۆ ئەڵمانیا؟
گازی سرووشتی لەگەڵ نەوت و خەڵووز سێ لە سووتەمەنییە فۆسل(پاشماوەی بەبەردبوو)ە سەرەکییەکانن کە لە جیهاندا بەکاردەهێندرێن، بەڵام بە پێچەوانەی خەڵووز و نەوتەوە کە دەکرێن لە ڕێگەی کەشتیەوە وە یانیش لە ڕێگەی ترەوە بگوازرێنەوە، گازی سرووشتی لە ڕێگەی بۆڕییەوە سەرچاوەیێکی وزەیە کە بەستراوە بە نزیکی جوگرافییەوە، بۆ گواستنەوەی گازی سرووشتی کۆمپانیایەکانی وەبەرهێنان بە ملیۆنان دۆلار خەرج دەکەن بۆ درووستکردنی بۆڕی گواستنەوە لە نێوان کڕیار و فرۆشیارەکانیانەوە، چونکە ئەو هێڵە بۆڕیانە بۆ ماوەیێکی زۆر دەمێننەوە و ڕێگایێکی پارێزراون بۆ گواستنەوەی وزە کە دەتوانن بۆ چەندین دەیە بمێننەوە. لە هەشتایەکانی سەدەی ڕابڕدوودا یەکێتی سۆڤییەت ئەو هێڵە بۆڕییانەی گواستنەوەی وزەی بۆ ئەوروپا درێژ کردەوە، وە لە دەیەی کۆتایی سەدەی بیستدا ڕێژەی گواستنەوەی گازی سرووشتی لە یەکێتی سۆڤییەتەوە بۆ رووسیا گەییشتە ٤٢٪، وە لە دوای ئەوەش یەکێتی سۆڤییەت ڕووخا و رووسیا شوێنی گرتەوە.

وێنەی دووەم: هێڵی بۆڕییەکانی گواستنەوەی وزە و گازی سرووشتی رووسیا بۆ ئەوروپا، کە بە خاکی ئۆکرانیادا تێپەڕ دەبن


سەرچاوەی ئینفۆگرافیکەکە: پەیمانگای ئۆکسفۆرد بۆ توێژینەوەکانی وزە

کۆمپانیای گازپرۆمی رووسی، کە حکومەتەکەی مۆسکۆ خاوەنداریەتی دەکات دەستی بەسەر هێڵە بۆڕییە گازییەکانی سۆڤییەتی پێشوودا گرت، بەڵام نەخشەی رووسیا جارێکی تر گۆڕانکاری بەسەردا هاتەوە، کاتێك ئۆکرانیا سەربەخۆیی خۆی لە رووسیا ڕاگەیاند، لەوکاتەوە وەکو پێشتریش ئاماژەم پێکرد چوار هێڵی سەرەکی بۆڕی گواستنەوەی وزە لە رووسیاوە بۆ ئەوروپا بە ئۆکرانیاوە تێپەڕ دەبن، بەمەش بەشێکی سەرەکی سەرچاوەی ئابووری گازی رووسیا بەستراوە بە ڕێگای ئۆکرانیا، کە چیتر لە ژێر دەسەڵاتی مۆسکۆدا نییە، بۆیە لە ئەنجامدا لە پێناوی زیادکردنی ڕێگایەکانی گواستنەوەی گاز بۆ ئەڵمانیا، رووسیا دەستی بە بونیادنانی هێڵی بۆڕیێکی نوێ کرد، لەو پرۆسەیەدا و لە ساڵی ١٩٩٩ پڕۆژەی هێڵی بۆڕیێکی نوێ کە بە خاکی بێلارووسیادا تێپەڕ دەبوو کۆتایی هات، وە لە ساڵی ٢٠٠٥ دەستیان بە پڕۆژەی بونیادنانی هێڵی بۆڕی نۆرد ستریم کرد، کە لە پێشتردا ئاماژەم پێکرد بە دەریای بەلتیقدا تێپەڕ دەبێت لە پێناو گەییشتن بە ئەڵمانیا ڕاستەخۆ، نەوەك یەکەم جار بە خاکی وڵاتانی تردا تێپەڕ ببێت، وە جیا لەمەش هێڵی بۆڕی گواستنەوەی وزەیان لە نێوخۆی ئەڵمانیادا بونیادنا وەکو ڕێگایێك بۆ ڕێگا خۆشکردن بۆ گواستنەوەی وزەی گوازراوە لە رووسیاوە بۆ ئەڵمانیا و ڕێگایەکانی پاشەکەوتکردنی وزە و گازی سرووشتی، کە لە نێویاندا کۆگای گازی سرووشتی ئاستۆرا لە شاری رێهدنی باکووری ئەڵمانیا کە یەکێکە لە گەورەترین کۆگایەکانی گازی سرووشتی لە ڕۆژئاوای ئەوروپا بە توانای کارکردنی نزیکەی چوار ملیار سێ جا لەسەر ڕووبەرێك بە قووڵایی ٨ کیلۆمەتر چوار گۆشە، بەمەش لەوکاتەدا رووسیا بە ڕێگای ئۆکرانیاشەوە سێ هێڵی بۆڕی گواستنەوەی وزەی بۆ ئەڵمانیا هەبوو.


پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و وڵاتەکانی تری ئەوروپا
بازرگانی گازی سرووشتی لە نێوان ئەڵمانیا و رووسیا بەهێز بوو، بەڵام ئەمە تەنها کاریگەری نەکردە سەر لایەنی ئابووری، بەڵکو لە هەمان کاتدا گۆڕانکاری بەسەر پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و ئەوروپاشدا هێنا. لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٠٨،  ڕێککەوتنەکان سەبارەت بە نرخی غاز لە نێوان رووسیا و ئۆکرانیا تەگەرەی تێکەوت، بەمەش تەنها لە چەند ڕۆژی دواتردا رووسیا هەناردەکردنی غازی لە ڕێگەی هێڵە بۆڕییەکانی خاکی ئۆکرانیاوە بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ بڕی، وە بە هۆی ئەوەی هێڵی بۆڕییەکانی خاکی ئۆکرانیا گوێزەرەوەی سەرەکی گواستنەوەی وزە بوون بۆ ئەوروپا، ئەو بڕینە بۆشایێکی گەورەی بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی گازی سرووشتی زۆرێك لە وڵاتانی ئەوروپا درووست کرد. بە دەیان هەزار ماڵ گازی سرووشتیان بۆ گەرم کردنەوەی خانووەکانیان لە دەستدا، بەپێی راپۆرتێکی ڕاگەیاندنی گاردیانی بەریتانی لە کانوونی دووەمی ٢٠٠٩ بەهۆی خۆدزینەوە لە درێژکردنەوەی ڕێککەوتنی هاوردەکردنی گاز لەگەڵ رووسیا ١١ کەس بەهۆی رەق بوونەوە لە سەرما لە پۆڵەندا مردن. هەموو ئەمانە ئەوروپای خستە ئامادە باشییەوە. ڕوون بوو کە رووسیا لە ڕێگەی هەناردەکردنی گازی سرووشتی بۆ ئەوروپا هێز و کاریگەریێکی گەورەی لەسەر وڵاتانی ئەوروپادا هەبوو، بەڵام هەر لەوکاتەدا پڕۆژەیێکی تری هێڵی گواستنەوەی وزە ڕاگەیاندرا بە ناوی نۆرد ستریم ٢ بە گوژمەی ١١ ملیار دۆلار و بە درێژایی هێڵی بۆڕی نۆرد ستریم ١، لە پێناوی دوو هێندە کردنی گواستنەوەی غاز بۆ ئەڵمانیا.
لە دواتردا و لە ساڵی ٢٠١٤ رووسیا نیمچە دوورگەی کریمیای بە سنوورەکانی لکاند و خۆرهەڵاتی ئۆکرانیاشی داگیر کرد. لە وەڵامی فراوانخوازی و داگیرکارییەکانی رووسیا یەکێتی ئەوروپا زنجیرەیێك لە سزای بەسەر مۆسکۆدا سەپاند، کە کار گەییشتە ئەوەی هەندێك لە وڵاتانی ئەوروپا بیر لە بنەبڕکردنی هەناردەکردنی گاز لە رووسیاوە بۆ وڵاتەکانیان بکەن، بەڵام هەموو ئەو سزا و هەوڵانە نەبوونە هۆی نەهێشتن وە یانیش کەم کردنەوەی هەناردەکردنی گاز لە رووسیاوە بۆ ئەڵمانیا، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەڵمانیا بەردەوام بوو لە هاوردەکردنی گاز تەنانەت ڕێژەکەی لە جاران بەرەو زیاتر بوون دەچوو.
لەم ڕۆژانەی ئەمڕۆدا و لە کاتی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا و ئەو کارەساتانەی کە سوپای رووسیا لەوێ دەیخوڵقێنێت و هەموو جیهانی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە، فشارەکانی سەر ئەڵمانیا لە زیادبووندان بۆ کەم کردنەوەی بڕی هاوردەکراوی غازی سرووشتی لە رووسیا، بەڵام بەپێی ئامارێکی (ئەوەر وێرلد ئین دەیتا)، کە بڵاوکراوەیێکی زانستییە تایبەت بە توێژینەوە و داتا، لە ساڵی ٢٠٢٠ بڕی خەملێندراوی بەکاربردنی گازی هاوردەکراوی رووسیا لە لایەن ئەڵمانیاوە بە ٢٦٪ دەخەملێنێت، بەمەش شوێنگرەوەی گازی رووسیا ئاسان نابێت چ بۆ ئەڵمانیا و چ بۆ وڵاتانی تری ئەوروپا، چونکە بۆ ماوەی چەندین دەیەیە کە هێڵی بۆڕییەکانی رووسیا بەستراون بە ماڵ و شوێنە بازرگانی و پیشەسازییەکانی ئەڵمانیا و ئەوروپا، بەمەش بەبێ گۆڕانکاریێکی گەورە لە ژێرخانی ئابووری ئەوروپا، پێداویستییەکانی گازی سرووشتی ئەوروپا تەنها دەبێت لە ڕێگەی گازی سرووشتی وڵاتانی تری دەرەوەی ئەوروپاوە شوێنی بگیرێتەوە، وە هەڵبژاردەکانی بەردەم ئەڵمانیا و وڵاتانی ئەوروپا سنووردارن، ئەمە لە کاتێکدایە کە گەورەترین یەدەگی گازی سرووشتی ئەوروپا لە هۆڵەندایە. لە کاتی گەڕان بۆ شوێنگرەوەی گازی سرووشتی رووسیا، هاوردەکردنی گازی سرووشتی لە جەزائیر و لیبیا لە لایەن وڵاتانی ئەوروپاوە ڕووی لە زیادبوونە کە پشکێکی زۆری ئەو هاوردەکردنەش بەر هەر دوو وڵاتی ئیتاڵیا و ئیسپانیا دەکەوێت، وە هێڵی بۆڕی ڕێڕەوی گازی باشوور، کە ئازەربایجان بە ئەوروپاوە دەبەستێتەوە و بەسەر خاکی هەر یەکێك لە وڵاتانی جیۆرجیا، تورکیا، یۆنان ئەلبانیا و ئیتاڵیادا تێپەڕ دەبێت. ڕێڕەوی هێڵی بۆڕی گازی باشوور پڕۆژەیێکی کۆمسیۆنی ئەوروپا بوو کە لە ساڵی ٢٠٠٨ پێشنیار کرا بۆ دابینکردنی ڕێڕەوێکی سەرچاوەی گازی سرووشتی لە وڵاتانی سەر دەریای قەزوین و ناوچەکانی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بۆ ئەوروپا، کە ئامانجی سەرەکی ئەو پڕۆژەیە کەم کردنەوەی پشتبەستنی وڵاتانی ئەوروپا بوو بە گازی رووسیا و هەمە جۆرکردنی سەرچاوەکانی وزە، بەڵام ئەو هێڵی بۆڕییەش لە ئاستی چاوەڕوانییەکاندا نەبوو.
گشت ئەو ڕێگایانەی، کە وڵاتانی ئەوروپا گرتیانە بەر بۆ کەم کردنەوەی پشتبەستن بە گازی سرووشتی رووسیا کاریگەریێکی دیار و بەرچاوی نەکردە سەر سەرچاوەکانی وزەی ئەوروپا و لە ئاستی چاوەڕوانییەکاندا نەبوون. بژاردەیێکی تری بەردەم ئەوروپا (گازی سرووشتی شلەکراو) بوو، کە هەمان گازی سرووشتییە بەڵام گەرم دەکرێت هەتاوەکو دەچێتە دۆخی شلی، بەڵام هەندێك جار ‌گازەكە خۆی لەدۆخی شلی دایه ‌و بە تەنها كەمێك پەستان دەبێت بە ‌گازی شل، هەر وەكو (غازی پێترۆلیۆمی شلەکراو)، کە ئەویش پێی دەوترێت گازی شل كە پێكهاتەكەی لە پرۆپان و بیوتان پێكدێت، زیاتر لە ‌غازی ماڵان و ئۆتۆمبێل بەكار دێت، وە هەر دوو جۆر لە گازە شلەکراوەکە لە دواییدا لە رێگەی ئاوی و کەشتی گەورەی تایبەتەوە دەگوازرێنەوە لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانەدا، ئەو وڵاتانەی لەو شێوەیەی گاز زیاتر سوود وەردەگرن بریتین لە وڵاتانی سەر دەریا، هەر وەكو وڵاتانی باشوری ئەوروپا و باشووری ئاسیا، بەڵام لە دەرئەنجامدا ئەم ڕێگایەش ڕێگایێکی شوێنگرەوەی درێژ خایەن و  تێچوویێکی زۆری گواستنەوەی گازە شلەکراوەکەیە لە ڕێگەی دەریاوە و کەشتییە گەورە و تایبەتەکانەوە، پێویستی بە زۆرێك لە ژێرخانی ئابووری، تەکنەلۆژی، تەکنیکی و کارگێڕی نوێ هەیە.
لەم دوو دەیەی ڕابردوودا وڵاتانی ئەوروپا کۆمەڵێك وێستگەی گازی شلیان بە درێژایی کەناراوەکانیان بونیادنا، ئەڵمانیا پلانی وایە کە لە ٥ ساڵی داهاتوودا سێ وێستگەی بکاتەوە، بەڵام هەتاوەکو ئەم ڕۆژانەی ئەمڕۆ ئەڵمانیا هیچ وێستگەیێکی گازی شلی لە کەناراوەکانیدا نییە. شوێنگرتنەوەی گازی سرووشتی و سووتەمەنییە فۆسل(پاشماوە بەبەردبووەکان)ی تر بە سەرچاوە نوێیەکانی وزە ئامانجی کۆتایی ئەڵمانیایە. بەپێی پڕۆژەیێکی وەزارەتی ئابووری و کەشوهەوای حکومەتی فیدراڵی ئەڵمانیا، ئەڵمانیا لە پلانی دایە تاوەکو ساڵی ٢٠٣٥ گشت سەرچاوەکانی بەدەستهێنانی وزەی کارەبا لە سووتەمەنییە فۆسل(پاشماوەی بەبەردبووەکان)ی وەکو گازی سرووشتی و نەوت و خەڵووز بگۆڕێت بۆ سەرچاوە نوێیەکانی وزە وەکو تیشکی خۆر، با، باران، هەڵکشان و بەرزبوونەوەی ئاستی ڕووی دەریا، شەپۆڵەکانی دەریا و گەرمی ناخی زەوی، بەڵام بێ گومان ئەمە گۆڕانکارێکی گەورە دەبێت بە تێچوونێکی دارایی زۆرەوە، کە ئەستەمە هەتاوەکو ساڵی ٢٠٣٥ تەواو ببێت. لە هەمان ئەوکاتانەدا ئەڵمانەکان لە ماڵەکانیاندا هەڵوێست دەنوێنن و داوای دەستبەجێ کاردانەوەی ئەڵمانیا دەکەن لە بەرامبەر فراوانخوازی و داگیرکارییەکانی رووسیا، بەپێی سەرژمێریێکی (زێد دی ئێف)، زۆرینەی ئەڵمانەکان کە ٥٥٪ی سەرژمێرییکە پێکدەهێنن پاڵپشتی لە بایکۆتی غازی رووسیا لە لایەن وڵاتەکەیان دەکەن، ٣٩٪ لە دژی بایکۆتن و لە ٦٪یش هیچ هەبژاردەیێکیان هەڵنەبژاردووە، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا بەپێی پێشبینی ئابووریناسان بڕینی هاوردەکردنی گازی سرووشتی لە رووسیاوە کۆمەڵێك دەرئەنجامی خراپی ئابووری بە دوای خۆیدا دەهێنێت، بەپێی پێشبینی فیلیپ ئۆڵتێرمان لە ڕاگەیاندنی گاردیانی بەریتانی قەدەغەکردنی گازی رووسیا لە لایەن ئەڵمانیاوە دەبێتە هۆکاری پووکانەوەی ئابووری ئەڵمانیا کە بوندسبانك(بانکی فیدراڵی ئەڵمانی) هۆشداری پێش وەختەی داوە، وە کریستۆفەر ف. شوتزێ لە ڕاگەیاندنی نیویۆرك تایمس ئاماژە بەوە دەکات، کە بەرپرسەکانی ئەڵمانیا بەردەوام هۆشداری دەدەن لەوەی هەر جۆرە بایکۆتێك بۆ سەر وزە هاوردەکراوەکانی رووسیا ’بە سەدان هەزار هەلی کار دەخاتە مەترسییەوە.‘ بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانەش ئەڵمانیا هەندێك هەنگاوی ناوە بۆ کەم کردنەوەی هاوردەکردنەکە.


"هێڵی بۆڕی نۆرد ستریم ٢ ناکرێت لە ئێستادا مۆڵەتی پێبدرێت، وە بەبێ ئەو مۆڵەت پێدانە ناکرێت لە ئێستادا بخرێتە کار."
ئۆلاف شۆلتز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا
پڕۆژەی هێڵی بۆڕی نۆرد ستریم ٢ وەستێندرا، وە لە هەمان کاتدا نزیکەی ١٥٪ی پشتبەستن بە گازی رووسیا کەم کرایەوە، وە دەستیان بەسەر سەرپەرشتی لقێکی کۆمپانیای گازپرۆمی  رووسی داگرت، کە سەرپەرشتی گواستنەوەی غازی سرووشتی لە ئەڵمانیا دەکرد، بەڵام سەرەڕای هەمووی ئەمانەش بەرپرسەکانی حکومەتی ئەڵمانی و بازرگانەکان بەردەوام بوون لە وەستانەوە لە دژی هەر سزایێك، کە هاوردەکردنی گازی سرووشی لە رووسیاوە بە تەواوی قەدەغە بکەن.

پاکێجی شەشەمی سزایەکان
لووتکەی یەکێتی ئەوروپا لە ٣١ی ٥ی ٢٠٢٢ بڕیاریدا، کە لە پاکێجی شەشەمی سزایەکانیدا گەمارۆ بخاتە سەر وزە و گازی سرووشتی و نەوتی رووسیا، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی هەندێک لە وڵاتانی ئەندام سزایەکان بۆ ماوەیێکی کاتی نەوتی خاو ناگرنەوە، کە هەموو ئەمانەش بوونە هۆی زیاتر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا.


ڕەشنووسی پاکێجەکە
بە گوێرەی ڕەشنووسەکە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا نەیانتوانیوە بە زۆرینەی دەنگ لەسەر تەواوی وردەکارییەکان سەبارەت بە سەپاندنی پاکێجێکی نوێی سزا بەسەر وزە و گازی سرووشتی و نەوتی رووسیا هاوڕابن.
بەپێی ڕەشنووسەکە "ئەنجوومەنی یەکێتی ئەوروپا هاوڕایە، کە پاکێجی شەشەمی سزاکان لە دژی رووسیا نەوتی خاو و بەرهەمە پێترۆلیۆمەکانی تر، کە لە رووسیاوە هەناردەی وڵاتانی ئەندام دەکرێت دەگرێتەوە، بەڵام بەشێوەیەکی کاتی ئەو نەوتە خاوەی کە لە ڕێگەی هێڵی بۆڕییەکانەوە هاوردە دەکرێت ناگرێتەوە."
هەر بەپێی ڕەشنووسەکە "ئەنجوومەنی یەکێتی ئەوروپا داوا لە ئەنجوومەن دەکات کە پاکێجی سزایەکە بەبێ دواخستن جێبەجێ بکرێت، وە بە دڵنیاییشەوە زەمینە بۆ کێبڕکێیەکی دادپەروەرانە و گۆڕەپانێکی هاو ئاست لە ئاستی بازاڕی یەکێتی ئەوروپا برەخسێندرێت و هاوسۆزیش لە نێو وڵاتانی ئەندامدا هەبێت بۆ دۆخێك کە پچڕانی لە ناکاوی خستنەڕوو ڕووبدات."
وە لە ڕەشنووسەکەشدا هاتووە، کە ئەو جیاکارییەی کە بۆ هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی هێڵی بۆڕییەوە هەژمار کراوە پێویستە، کە بە زووترین کات چارەسەر بکرێت.
وڵاتانی ئەوروپا ڕێککەوتوون، کە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بە ڕێژەی ٩٠٪ نەوتی هاوردەکراوی رووسیا کەم بکەنەوە، کە ئەمەش نیگەرانی دروستکردووە لە کەمبوونەوەی خستنەڕووی نەوت لە بازاڕەکاندا و بەرزبوونەوەی ڕێژەیێکی بەرچاوی نرخی نەوتی لە جیهاندا. سەرەڕای هەموو ئەمانەش هەندێك لە شیککەرەوانی بواری نەوت پێشبینیان کردووە، کە لە ماوەیێکی کورتدا نرخەکانی نەوت هێندە بە خێرایی بەرز نابنەوە. ستێڤن ئێنەس، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئێس پی ئای ئەسێت دەڵێت، کە بازاڕی نەوت پێش وەختە پێشبینی رێککەوتنی سەرکردەکانی ئەوروپای سەبارەت کەم کردنەوەی ڕێژەی هاوردەکراوی نەوتی رووسیا کردووە و نرخەکانیش لە پێشینەدا کاردانەوەیان هەبووە و بەرز بوونەتەوە، بۆیە لە ماوەیێکی کورتدا نرخەکان بە شێوەیێکی بەرچاو بەرز نابنەوە.

سەرچاوەکان

German-Russian Gas Relations: A Special Relationship in Troubled Waters, Aurélie Bros, Tatiana Mitrova, and Kirsten Westphal, SWP Research Paper Stiftung Wissenschaft und Politik German Institute for International  and Security Affairs, December 2017, chrome-extension://efaidnbmnnnibpcajpcglclefindmkaj/https://www.swp-berlin.org/publications/products/research_papers/2017RP13_wep_EtAl.pdf.

The Russo-Ukrainian gas dispute of a comprehensive assessment, Simon Pirani, Jonathan Stern and Katja Yafimava, Oxford Institute for Energy Studies, February 2009, chrome-extension://efaidnbmnnnibpcajpcglclefindmkaj/https://www.oxfordenergy.org/wpcms/wp-content/uploads/2010/11/NG27-TheRussoUkrainianGasDisputeofJanuary2009AComprehensiveAssessment-JonathanSternSimonPiraniKatjaYafimava-2009.pdf.

Sanctions adopted following Russia’s military aggression against Ukraine, Timeline: measures adopted in 2022, European Commision: An official European Union website, https://ec.europa.eu/info/business-economy-euro/banking-and-finance/international-relations/restrictive-measures-sanctions/sanctions-adopted-following-russias-military-aggression-against-ukraine_en.

Reliance on Russian Fossil Fuels Data Explorer, IEA (2022), Paris, https://www.iea.org/reports/reliance-on-russian-fossil-fuels-data-explorer.

Europe Beyond Coal, Eu member state spending on Russian fossil fuels, How many millions (M) of euros from the EU has been spent on Russian coal, oil, and gas since the war on Ukraine began on 24 February?, According to UN Comtrade trade data (2019 data is shown when 2021 is not yet available. Data for 2020 is not representative due to the impact of COVID-19), https://beyond-coal.eu/russian-fossil-fuel-tracker/.

Why pipelines persist amid geopolitical turmoil, In a new book, Thane Gustafson analyses the Russia–Europe gas trade, By Andrew Moravcsik, Science in culture, Books & arts,  02 December 2019, Correction 27 January 2020, https://www.nature.com/articles/d41586-019-03694-y.
Russian Energy Chains: The Remaking of Technopolitics From Siberia to Ukraine to the European Union, By Margarita M. Balmaceda, Columbia University Press, 2021, 440 pp, Reviewed by Maria Lipman, November 2021, https://www.foreignaffairs.com/reviews/capsule-review/2021-10-19/russian-energy-chains-remaking-technopolitics-siberia-ukraine.

Why Germany is hooked on Russian gas: How Germany got stuck paying for Russia’s war, By Christina Thornell, Vox.com news website, May 18, 2022, 5:20pm EDT, https://www.vox.com/2022/5/18/23125845/germany-eu-natural-gas-russia-dependency.

Red Gas: Russia and the Origins of European Energy Dependence(Transnational History Series), by Per Högselius, Palgrave Macmillan, Palgrave Macmillan, 2013th edition (December 28, 2012), https://www.amazon.com/Red-Gas-Dependence-Macmillan-Transnational/dp/1137293713.

The Gas Pipelines Linking Russia and Europe, by  Katharina Buchholz, Statista – Energy - Russian natural gas industry, Feb 3, 2022, https://www.statista.com/chart/amp/26769/russian-european-gas-pipelines-map/.

From Pipelines to Ports, These Are Ukraine’s Key Commodity Sites, ByAine Quinn, Elena Mazneva, and Megan Durisin, Bloomberg – Middle East Edition, The Oxford Institute for Energy Studies, February 24, 2022, 9:55 AM GMT+3Updated onFebruary 25, 2022, 4:57 PM GMT+3, https://www.bloomberg.com/news/articles/2022-02-24/from-pipelines-to-ports-these-are-ukraine-s-key-commodity-sites.

EXCLUSIVE Germany begins filling Rehden gas storage site, By Vera Eckert, Christoph Steitz and Tom Käckenhoff, Reuters, May 12, 2022, 1:43 PM GMT+3, https://www.reuters.com/business/energy/exclusive-gazprom-germania-trustee-says-rehden-gas-storage-unit-is-being-filled-2022-05-05/.

Ban on Russian oil and gas imports will be needed at some point-EU's Michel, Reporting by Jan Strupczewski and Benoit Van Overstraeten, Reuters, April 6, 2022, 10:26 AM GMT+3, https://www.reuters.com/world/europe/ban-russian-oil-gas-imports-will-be-needed-some-point-eus-michel-2022-04-06/.
The eighth Ministerial Meeting of the Southern Gas Corridor Advisory Council, Energy, Baku, European Commision: An official European Union website, 4 February 2022, https://ec.europa.eu/info/news/eighth-ministerial-meeting-southern-gas-corridor-advisory-council-2022-feb-04_en.

Liquefied Natural Gas, The Editors of Encyclopaedia Britannica, 11 Aug. 2021, https://www.britannica.com/science/liquefied-natural-gas. Accessed 17 June 2022.

EU sanctions against Russia explained, European Commision: An official European Union website, Policies, How and when the EU adopts sanctions, EU restrictive mesures against Russia over Ukraine,  8 June 2022, https://www.consilium.europa.eu/en/policies/sanctions/restrictive-measures-against-russia-over-ukraine/sanctions-against-russia-explained/.


 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand