لە ئیتالیا چی دەگوزەرێت؟

Draw Media

2020-03-13 19:04:52



بەدواداچون: محەمەد رەئوف
" ئیتالیا  زۆر شڵەژاوە، بارودۆخەكە زۆر سەختە، لەدوای جەنگی دووەمی جیهانیەوە رەنگە ئەمە سەختترین دۆخ بێت كە وڵات پێیدا تێدەپەڕێت" ئەمە قسەی "سالڤۆ تۆسكانۆ" نوسەرو رۆژنامەنوسی ئیتالی هاوپیشەمە كە لە رێگەی چاتەوە گفتوگۆمانكرد سەبارەت بە مەترسیەكانی كۆرۆنا لەسەر ئیتالیا.
ساڵی 2016 لە چوارچێوەی بەرنامەی ( IVLP) لە ئەمریكا بۆ ماوەی مانگێك پێكەوە "سالڤۆ تۆسكانۆ" خولی ( رۆژنامەنوسی بنكۆڵكاری)مان بینی، ئەمڕۆ ویستم هەواڵی بپرسم، دوای ئەوەی سەیری ئامارە فەرمییەكانم كرد و بۆم دەركەوت كە ئیتالیا دووەم وڵاتی جیهانە لەروی توشبون و مردن بە كۆرۆنا، نوێترین ئامار (17 هەزارو 660) كەس لە ئیتالیا توشی كۆرۆنا بوون و (هەزارو 266)كەسیش مردوون. 
بەردەوام لەگەڵ "سالڤۆ تۆسكانۆ" نوسەرو رۆژنامەنووسی ئیتالی گفتوگۆ دەكەین ئەو كەسێكی روخۆش و دەم بەخەندەیە، بەڵام ئەمڕۆ مەترسیەكانی كۆرۆنا لەسەر وڵاتەكەی كاری تێكردبوو،  ئەمڕۆ كە هەواڵم پرسی وتی" هاوشێوەی تەواوی هاوڵاتیان منیش لەماڵی خۆمان كەرەنتینەكراوم... دۆخەكە زۆر سەختە.. بەڵام دڵنیام تێیدەپەڕێنین".


دەقی گفتوگۆ كورتەكەمان. 

پرسیار: ئێستا بارودۆخی ئیتالیا لەگەڵ كۆرۆنادا چۆنە ؟
سالڤۆ تۆسكانۆ: بارودۆخەكە زۆر سەختە، لەدوای جەنگی دووەمی جیهانەوە رەنگە ئەمە سەختترین دۆخ بێت كە وڵات پێیدا تێدەپەڕێت.


درەو: ژمارەی ئەوانەی لە ئیتالیا دوچاری ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون چەندە، چەند كەس مردوون ؟
سالڤۆ تۆسكانۆ: تاوەكو دوێنێ ۱٥ هەزار كەس توشی كۆرۆنا بوون لە ئیتالیا و زیاتر لە هەزار كەسیش بونەتە قوربانی.

پرسیار: حكومەت چی كردووە بۆ رووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسەكە ؟
 سالڤۆ تۆسكانۆ: رێوشوێنی بێ پێشینە گیراوەتەبەر، ئیالیا شڵەژاوە، خوێندنگەو بازاڕو دیسكۆ و ریستۆرانتەكان داخراون، داوا لە خەڵك دەكرێت تا دەتوانن لەماڵەكانیاندا بمێننەوە، بەبێ كارێكی پێویست ناتوانیت لەماڵەكەت بچیتەدەرەوە، ئەمە رێوشوێنێكی نائاساییە بۆ راگرتنی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەمە شێوازێكی دراماتیكییە لە باكوری ئیتالیا بەتایبەتی لە لۆمباردی.


پرسیار: دەوترێت هەموو خەڵكی ئیتالیا كەرەنتینە كراون، حكومەت بەم هەنگاوەی دەتوانرێت رێگری لە كۆرۆنا بكات ؟
سالڤۆ تۆسكانۆ: ئەمە خۆپاراستنێكی روكەشە، ئەگەر خەڵك لەگەڵ یەكتر مامەڵە نەكەن، ڤایرۆسەكە ناتوانێت زیاتر بڵاوببێتەوە، ئەمە ئەو شتەیە كە ئێمە لێرە هەوڵی بۆ ئەدەین، هەروەك ئەوەی لە چین كراو سەركەوتوو بو، حكومەت دەیەوێت لەم رێگەیەوە لەماوەی ۱۰ بۆ ۱٤ رۆژدا ئەنجامێكی باشی لەسەرتاسەری وڵات دەستكەوێت.

پرسیار: كۆرۆنا مەترسی لەسەر دۆخی ئابوری لە ئیتالیا دروستكردووە ؟
سالڤۆ تۆسكانۆ: بەدڵنیایی، بارودۆخەكە زۆر دراماتیكییە، بەڵام لەوباوەڕەدام ئیتالیا تێیدەپەڕێنێت.

پرسیار: رێوشێونەكانی جكومەت یارمەتیدەرە بۆ كەمكردنەوەی توش بوون بە ڤایرۆسەكە؟
سالڤۆ تۆسكانۆ: لەوباوەڕەدام، ئیتالییەكان ئێستا هۆشیارترن، پێدەچێت لەسەرەتاوە هەندێك كاتمان لەدەستدابێت، بەڵام ئەمە هەمان ئەو شتەیە كە هەفتەی رابردوو لە وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریكاش رویدا.

پرسیار: ئەی رۆژنامەنوسان و میدیاكان رۆڵیان چۆنە ؟
سالڤۆ تۆسكانۆ: میدیاكان رۆڵێكی نائاسایی دەگێڕن لە ئاگاداركردنەوەی خەڵكدا، بەدڵنیایی لەبارودۆخێكی وەكو ئێستادا هەواڵی ناڕاست زۆر بڵاودەبێتەوە، بۆیە لێرەدا رۆڵی گرنگی رۆژنامەنوسان دەردەكەوێت بۆ گەیاندنی هەواڵی دروست بە خەڵك.


پرسیار: بەبڕوای ئێوە لەم بارودۆخەدا دەبێت رۆژنامەنوسان چۆن كاربكەن؟
سالڤۆ تۆسكانۆ: رۆژنامەنووسان نابێت ترس بڵاوبكەینەوە، بەڵام لەكاتی گونجاویشدا پێویستە بارودۆخەكە رابگەیەنین.

پرسیار: لە ئیتالیا رۆڵی میدیا لەنێوان حكومەت و خەڵكدا چۆنە ؟
سالڤۆ تۆسكانۆ: هەر كەسە بە ڕۆڵی خۆی هەڵدەسێت، خەڵك بەدرێژایی رۆژ بەدوای زانیاریدا دەگەڕێن، ئێستاش دوای كەرەنتینەكردنی ملیۆنان كەس لە ماڵەكانیاندا، ئەمە زۆر زیادی كردووە.


پرسیار: ئێستا تۆ وەكو رۆژنامەنوسێك چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە دەكەیت؟
سالڤۆ تۆسكانۆ: منش وەك هاوڵاتیان لە ماڵكەی خۆمدا كەرەنتینەكراوم و پەیوەستم بە رێنماییەكانەوە، بەڵام بەبۆچونی من تاكە شتێك كە پێویستە رۆژنەمەنوسان لەم بارودۆخەدا بیكەن ئەوەیە راستییەكان بڵێن.

...............
ئیتالیا دەكەوێتە باشوری كیشوەری ئەوروپاوە
-    ژمارەی دانیشتوان: (60 ملیۆن و 507 هەزار) كەسە
-    روبەری گشتی: (301 هەزارو 338) كیلۆمەتر چوارگۆشەیە.
-    سیستمی حوكم: كۆماری پەرلەمانیە
-    سەرۆك: سێرجیۆ ماتارێلا
-    سەرۆك وەزیران: جۆزیبی كۆنتی
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand