تونجەل:به‌بێ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ كورد ده‌نگدان بۆ جه‌هه‌په سوودی نیه
.jpg)
2025-03-27 08:10:50
گفتوگۆی رۆژنامه‌وانی: هێمن خۆشناو
سه‌باحه‌ت تونجه‌ل، ژنه سیاسه‌تمه‌دار و په‌رله‌مانتاری پێشووی كورد، كه ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك به‌هۆی پرسی كوردەوە زیندانیكراوه، له‌م دیمانه‌یه‌یدا كە تایبەت بۆ (درەو) كراوە له‌باره‌ی رووداوه‌كان و گرژیه‌كانی ئه‌م دوایه‌ی ناوخۆی توركیا وه‌ڵامی پرسیاره‌كان ده‌داته‌وه. له هه‌مان كاتدا باس له داهاتووی پڕۆسه‌ی گفتوگۆی ئیمڕالی له نێوان (عه‌بدولڵا ئۆجالان) و سه‌رانی ده‌وڵه‌تی توركیا ده‌كات.
پ: ئۆپاراسیۆنی سیسته‌می دادوه‌ری توركیا، كه له به‌ره‌به‌یانی رۆژی 19 ئاداری 2025 ده‌ستی پێكردووه، ته‌نیا په‌یوه‌سته به (ئه‌كره‌م ئیمامئۆغڵو)، سه‌رۆكی شاره‌وانی گه‌وره‌ی ئیستانبۆڵ، یان پارتی گه‌لی كۆماریش (جه‌هه‌په) ده‌گرێته‌وه؟
وه‌ڵام: هه‌ڵه نابێت ئه‌گه‌ر بڵێین په‌یوه‌سته به هه‌ردووكیانه‌وه. پارتی داد و گه‌شه‌پێدان (ئاكه‌په) له‌لایه‌ك ده‌خوازێت له رێگای ئه‌م ئۆپاراسیۆنه‌وه (ئه‌كره‌م ئیمامئۆغڵو) كه ئه‌كته‌رێكی گرنگه بخاته ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی پێشبڕكێی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار، له‌لایه‌كی دیكه‌ش ده‌خوازێت (جه‌هه‌په) كه پارتی گه‌وره‌ی ئۆپۆزسیۆنه له توركیا له ئه‌ركی سه‌ره‌كی خۆی داببڕێت كه چاودێریكردنی ده‌سه‌ڵاته، له رێگای ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌وه ئه‌م پارته به كێشه ناوخۆیه‌كانیه‌وه خه‌ریك بكات.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قه‌یرانی خراپ به‌ڕێوه‌بردنی توركیا له‌لایه‌ن ئاكه‌په، قه‌یرانی سیسته‌مه و ده‌سه‌ڵات ده‌خوازێت له‌ژێر ناوی قه‌یرانی سیاسی و ئابووری جه‌وهه‌ر و جۆری قه‌یرانه‌كه بشارێته‌وه، پێویسته جه‌هه‌په به مه‌سه‌له و كێشه‌ی لاوه‌كی خه‌ریك بكرێت.
پ: خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیه‌كان شه‌قام دژ به ده‌ستگیركردنی (ئیمامئۆغڵو) تا كه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت، به تایبه‌تی كه له‌م چه‌ند شه‌وه‌ی دواییدا توندوتیژی پۆلیس دژ به خۆپیشانده‌ران زیاتر بووه؟
وه‌ڵام: (جه‌هه‌په) توانایه‌كی له راده‌به‌ده‌ری هه‌یه له جوڵاندنی شه‌قام. له ساڵی 2015 تا ئه‌مڕۆ له به‌رامبه‌ر كرده‌وه‌ی فاشیست، دڕنده و تاكڕه‌وانه، جه‌هه‌په داوا له بزوتنه‌وه‌ی گه‌نجان و ئۆپۆزسیۆن ده‌كات بڕژێنه سه‌ر شه‌قامه‌كان. به پێشڕه‌وی جه‌هه‌په، كه پێشتر وێنه‌ی نه‌بووه گه‌نجان له هه‌موو زانكۆكان له شه‌قامن. تێكه‌ڵبوونی ئه‌م گه‌نجانه له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت له داهاتوودا رێگا بۆ گۆڕانكاری و وه‌چه‌رخانی گرنگ خۆش ده‌كات.
به‌بێ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ كورد ده‌نگدان بۆ جه‌هه‌په سوودی نیه
پ: وه‌كو ده‌زانین له‌ناو جه‌هه‌په‌دا، كلتووری یاخیبوون زۆر لاوازه. له ئێستادا جه‌هه‌په ده‌توانێ تا سه‌ر به ته‌نیا له شه‌قام بمێنێته‌وه؟
وه‌ڵام: ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی سه‌ر شه‌قام تا ماوه‌یه‌كی دیكه كۆتاییان پێدێت. ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه، جه‌هه‌په له‌ناو سیسته‌می ده‌وڵه‌تدا پارتێكی سیاسیه ده‌خوازێت ده‌سه‌ڵات بگرێـته ده‌ست.
به‌و پێیه‌ی جه‌هه‌په پارتی دامه‌زرێنه‌ری كۆماره، ئه‌و توانا و وزه‌یه‌ی نیه تا سه‌رۆكایه‌تی ئۆپۆزسیۆنی كۆمه‌ڵایه‌تی بكات. بۆیه كۆكردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر له گۆڕه‌پانه‌كان به هه‌مان گوڕ و وزه‌ی رۆژی یه‌كه‌م دوای ماوه‌یه‌كی دیاریكراو زه‌حمه‌ت ده‌بێت.
پ: ئایا جه‌هه‌په ده‌توانێ له‌گه‌ڵ پارته‌كانی دیكه‌ی ئۆپۆزسیۆن به‌ره‌یه‌ك دروست بكات؟
وه‌ڵام: له ئێستادا جه‌هه‌په به كێشه ناوخۆیه‌كان و سازكردنی كۆنگره‌ی نا ئاسایی خه‌ریكه. له كۆنگره‌ی نائاساییدا جارێكی دیكه متمانه به (ئۆزگور ئۆزه‌ل) ده‌درێته‌وه و سیاسه‌تی هاوپه‌یمانی كردن دیاری ده‌كرێت. له‌وێ ده‌بینین رێككه‌وتنی جه‌هه‌په له‌گه‌ڵ لایه‌نه موحافه‌زه‌كار و نه‌ته‌وه‌په‌رسته راستڕه‌وه‌كان تا چه‌ند گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت. له‌گه‌ڵ لایه‌نی كوردیش له رێككه‌وتن زیاتر، جه‌هه‌په داوای ده‌نگ ده‌كات له ده‌نگده‌رانی كورد كه ئه‌مه‌ش به كه‌ڵك نایه‌ت و سوودی نیه. به‌بێ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی كورد ده‌نگدان بۆ جه‌هه‌په سوودی نیه.
پ: سه‌رۆكی گشتی جه‌هه‌په (ئوزگور ئۆزه‌ل) له سه‌راجخانه داوای لێبوردنی كرد له كورد. بۆ ئاشتكردنه‌وه‌ی دڵی كورد ئه‌مه ته‌نیا به‌سه؟
وه‌ڵام: له قسه‌كانی (مه‌نسور یه‌ڤاش) سه‌رۆكی شاره‌وانی گه‌وره‌ی ئه‌نقه‌ره، كورد زۆر نیگه‌ران و توڕه بوو، بۆ ئه‌مه ئوزگور ئۆزه‌ل داوای لێبوردنی كرد. به‌ڵام كورد و گه‌نجانی كورد، په‌یوه‌ست به كێشه‌ی كورد چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن جه‌هه‌په سیاسه‌تێكی روون و ئاشكرا بگرێته‌به‌ر. ئه‌گه‌ر ده‌رباره‌ی كێشه‌ی ئازادی میلله‌تی كورد، زمان، ناسنامه و كلتووری كوردی، هه‌روه‌ها له ئه‌گه‌ری به‌رقه‌رابوونی ئاشتیدا ئه‌گه‌ر جه‌هه‌په هه‌نگاوی ئه‌رێنی بنێت، هه‌ڵوێستی كورد به‌رامبه‌ر ئه‌م پارته ئه‌رێنی ده‌بێت.
جه‌هه‌په ئه‌و توانا و وزه‌یه‌ی نیه تا سه‌رۆكایه‌تی ئۆپۆزسیۆنی كۆمه‌ڵایه‌تی بكات، ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی سه‌ر شه‌قام تا ماوه‌یه‌كی دیكه كۆتاییان پێدێت
پ: چاوەڕوان دەكرا لە نه‌ورۆزدا په‌یامی (عه‌بدولڵا ئۆجالان) بخوێندرێته‌وه، به‌ڵام له ئاهه‌نگه‌كانی نه‌ورۆزدا هیچ په‌یامێكی ئۆجالان نه‌خوێندرایه‌وه. هۆكار چی بوو؟
وه‌ڵام: به‌ڵێ گه‌لی كورد، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی له توركیا داوای چارسه‌ری كێشه‌ی ئازادی كورد ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ دۆستانی كورد له نه‌ورۆزدا چاوه‌ڕێی په‌یامێك بوون. به‌ڵام به‌داخه‌وه ده‌سه‌ڵات ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ی نه‌ڕه‌خساند. باشتر نه‌كردنی دۆخی به‌ڕێز (عه‌بدولڵا ئۆجالان) له زیندانی ئیمڕالی، هه‌ڵنه‌گرتنی گۆشه‌گیری و نه‌گرتنه‌به‌ری هه‌نگاوی پێویست، ده‌ستپێكردنی ئه‌م پڕۆسه‌یه مێژوویه كه به بانگه‌وازه‌كه‌ی 27 ی شوبات هاتۆته ئاراوه ئاسته‌نگ ده‌كات.
پ: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئۆجالان به ویستی ده‌وڵه‌ت په‌یامه‌كه‌ی دانه‌ڕشتووه، ده‌وڵه‌ت رێگای نه‌دا په‌یامه‌كه‌ی بگاته ئاهه‌نگی نه‌ورۆز؟
وه‌ڵام: له‌مباره‌یه‌وه هه‌رچیه‌ك بڵێین ده‌بێته هه‌ڵسه‌نگاندنێكی نا بابه‌تی. بانگه‌وازی به‌ڕێز ئۆجالان بۆ ده‌رهێنانی مه‌سه‌له‌ی كورد له گۆڕه‌پانی جه‌نگ و ململانێ، جێگیركردنی له چوارچێوه‌ی یاسایی دیموكراتیدا، نیشانمان ده‌دات كه پێویسته له قۆناخی داهاتوودا رێڕه‌وی سیاسه‌ت و ئایدیۆلۆژی به‌چ شێوه‌یه‌ك بێت. رۆژه‌ڤی سه‌ره‌كی ئاهه‌نگی نه‌ورۆزیش له كوردستان، توركیا و ئه‌وروپا بانگه‌وازی 27 شوبات بوو. له نه‌ورۆزی 2025 دا بانگه‌وازه نوێیه‌كه‌ی به‌ڕێز ئۆجالان له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگاوه زۆر به‌هێزه‌وه پشتگیری لێكرا، كه ئه‌مه‌ش په‌یامێكی گرنگه.
پ: ده‌گووترێت پڕۆسه‌ی ئیمڕالی به بنبه‌ست گه‌یشتووه. ئه‌گه‌ر به بنبه‌ست گه‌یشتووه هۆكاره‌كه‌ی چیه؟ له كوێ به بنبه‌ست گه‌یشتووه؟
وه‌ڵام: بۆ به‌ره‌وپێشچوونی پڕۆسه‌كه پێویسته ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات چه‌ند هه‌نگاوێك بنێت. له ئه‌گه‌ری گرتنه‌به‌ری ئه‌م هه‌نگاوانه پڕۆسه‌كه به‌ره‌وپێش ده‌چێت. ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی له‌دوای جه‌ژن ئه‌نجام ده‌درێت بۆ دیاریكردنی داهاتووی پڕۆسه‌كه گرنگی تایبه‌تی خۆی هه‌یه. ئه‌و كێشه‌یه‌ی سه‌ده‌یه‌ك زیاتره مۆری خۆی له مێژووی توركیا داوه، هه‌روه‌ها ئه‌و كێشه‌یه‌ی 45 ساڵه شه‌ڕ و توندوتیژی لێكه‌وتۆته‌وه چاره‌سه‌ری ئاسان نابێت. هه‌روه‌ها ئه‌م هه‌وڵانه‌ی تا ئه‌مڕۆ له پێناو به‌رقه‌رار كردنی ئاشتی كاریان بۆ كراوه، به‌هۆی سیاسه‌تی نكۆڵیكردنی ده‌وڵه‌ت نه‌گه‌یشتوونه‌ته ئامانجه‌كانیان. گرنگترین بڕگه‌ی بانگه‌وازی 27 شوبات، ناسنامه‌ی كورد و ناسنامه‌ی باوه‌ڕیه‌كانه. ئه‌مه‌ش به واتای گۆڕینی پارادیگمای نكۆڵیكردنی ده‌وڵه‌ته له كورد. له هه‌مان كاتدا جێبه‌جێكردنی ئه‌م بڕگه‌یه به واتای هه‌ڵگرتنی گه‌وره‌ترین ئاسته‌نگ دێت له‌به‌رده‌م چاره‌سه‌ری پرسی كورد.
