وردەكاری زیانەكانی بارانبارین و لافاو لە سەرجەم ناوچەكان
2025-12-10 13:30:47
(درەو):
ناوەندی هاوبەشی قەیرانەكان (JCC) لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان راپۆرتی خۆی سەبارەت بە زیانەكانی دابارینی زۆری باران و دروستبوونی لافاو لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێم بڵاوكردەوە.
راپۆرتەكە (هەڵسەنگاندنی سەرەتایی) زیانەكانەو تاوەكو نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەخۆدەگرێت و، دەقەكەی بەمجۆرەیە:
پارێزگای هەولێر
بڕی دابارینی باران لە پارێزگای هەولێر لە ڕێکەوتی (٢٠٢٥/١٢/٨) لە سەنتەری شار (٢٥.٦) ملم باران بووە.
ڕێژەی دابارین لە ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی (٢٠٢٥/١٢/٩) لە پارێزگای هەولێر (١٤.١) ملم بووە.
• بەشێوەیەکی گشتی زیانێکی وا تۆمار نەکراوە، تەنها ئاو لە چەند ناوچەیەک کۆبووەوە.
• لە گوندی قەریتاغ سەر بە ناحیەی شەمامک، (٦) ماڵ ئاو چووەتە ناو ماڵەکانیان.
• بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی لێلی ئاو، زۆربەی ئەو پڕۆژانەی کە دەکەونە سەر زێی گەورە بەرهەمهێنانیان ڕاگیراوە، ئەم ڕاگرتنەش بۆ ماوەی (٢٤ تاوەکو ٤٨) کاتژمێر بەردەوام دەبێت. بۆیە داوا لە هاوڵاتیان کراوە دەست بە ئاوەوە بگرن.
• بەهۆی هەورە بروسکەوە (٦) پێشمەرگە لە سنووری بالیسان بریندار بوون، کە برینەکانیان سووکن و (٥) لە نەخۆشخانەی ڕانیە چارەسەریان وەرگرتووە و ئێستا گەڕێندراوەتەوە شوێنی خۆیان، و تەنها یەک کەسیان بۆ نەخۆشخانەی سلێمانی ڕەوانە کراوە بە مەبەستی چارەسەر.
پارێزگای سلێمانی:
بەشێوەیەکی گشتی بڕی دابارینی باران لە ڕێکەوتی (٢٠٢٥/١٢/٨) نزیکەی (٦١.٣) ملم بووە. بەڵام هیچ زیانێک تۆمار نەکراوە لەو ڕۆژدا.
لە ڕێکەوتی (٢٠٢٥/١٢/٩) دوای نیوەڕۆ بارانێکی بەلیزمە هەمان پارێزگای گرتەوە کە تاوەکو شەو بەردەوام بوو بڕی دابارین گەیشتە (١٢٢.٧) ملم، کە بووە هۆی ئەوەی چەندین ماڵ و قوتابخانە لە گەڕەکی ڕاپەرین ژێر ئاو بکەون، ئاو لە چەندین شەقامی سەرەکی کۆببێتەوە.
بەڵام لە قەزای چەمچەماڵ و ناحیەی تەکیەو شۆرش، ڕێژەی دابارینی باران بەشێوەیەکی زۆر بەلێزمە بووە لە ماوەی (٤) کاتژمێر لە نێوان (١١ نیوەڕۆ بۆ ٢ ی نیوەڕۆ)ی ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی (٢٠٢٥/١٢/٩) بڕی (٨٠) ملم بووە، کە تەنها لەو ڕۆژەدا (١٢٧.١) ملم باران لە چەمچەماڵ و لە تەکیە (١٧٣.٥) ملم باریووە، کە بووەتە هۆی دروستبوونی لافاوێکی بەهێز لەو ناوچانە.
زیانە سەرەتاییەکان بەم شێوەیەن:
• دوو کەس گیانی لەدەستداوە.
• (١٢) کەس بریندار بووە.
• یەک کەس بێ سەر و شوێنە.
• دەیان ئۆتۆمبیل ئاو بردوویەتی و زیانیان پێکەوتووە.
• (٥٠٠) ماڵ لە قەزای چەمچماڵ زیانی بەرکەوتووە. و لە پارێزگای سلێمانی و بازیانیش چەندین ماڵ زیانیان بەرکەوتووە.
• زیاتر لە (١٠٠) دووکان و کۆگا ئاو چووەتە ناویان. و (٥) فەرمانگەی حکومی ئاویان تێچووە. و کتێبخانەی چەمچەماڵ زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.
• ڕێگە سەرەکییەکانی سلێمانی- چەمچەماڵ و کەرکوک – چەمچەماڵ داخراون و بە سەدان کەس لە خاڵی پشکنینەکان گیریان خواردووە.
• کارەبا لە قەزای چەمچەماڵ بڕاوە و هێلەکانی ئەنتەرنێت کێشەیان تێکەوتووە. و بنکەی کەشناسی قەزاکە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.
• لە ناحیەی شوان بەهۆی لافاوەوە (٤٠٠) حەوزی ماسی و پرۆژەی ئاوی خاڵخاڵان ژێرئاو کەوتوون.
• لە هەریەکە لە سنووری پارێزگای سلێمانی و قەزای شارەزوور و چەمچەماڵ و دوکان و شارباژێر و پێنجوێن، لە ناوەندەکانی خوێندن کراوەتە پشووی فەرمی.
• لە ناحیەی پیرەمەگروون، ئاو چووەتە ناو چەندین ماڵ و چەندین کۆگا و دووکان زیانیان بەرکەوتووە.
• لە قەزای دوکان (٧) ماڵ و (١٥) دوکان و مارکێت و ڕێستورانت زیانیان بەرکەوتووە.
• نەخۆشخانەی شەهید غەریب هەڵەدنی و بنکەی پولیسی فریاکەوتن ئاویان تێچووە.
• بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی زێی بچووک، زیانی ماددی بە گوندەکانی کەپەنک و سماقە و جگیکە و قەرەناو کەوتووە.
پارێزگای دهۆک:
بە شێوەیەکی گشتی ڕێژەی دابارینی باران لەو پارێزگایە (٢٣.٦) ملم بووە لە ڕێکەوتی (٢٠٢٥/١٢/٨) و بارانێکی مامناوەند بووە و هیچ زیانێک تۆمار نەکراوە. و ڕێژەی دابارین لە ڕێکەوتی (٢٠٢٥/١٢/٩) بە بڕی (١.٨) ملم بووە.
پارێزگای هەڵەبجە:
بڕی دابارینی باران لەو پارێزگایە لە ڕێکەوتی (٢٠٢٥/١٢/٨) نزیکەیی (٥٤) ملم بووە و سوپاس بۆ خوا جگە لە گیرانی چەند ڕێڕەوێکی ئاوی، هیچ زیانێک تۆمار نەکراوە.
ڕێژەی دابارین لە ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی (٢٠٢٥/١٢/٩) لە پارێزگای هەڵەبجە (٩٢.٥) ملم بووە، و لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و زانکۆکان پشووی فەرمی ڕاگەیەندراوە. ماڵێک لە ناوەندی هەڵەبجە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.
ئاستی ئاوی ڕووباری سیروان بە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕووی لە زیادبوون کردووە.
پارێزگای کەرکوک:
بڕی دابارین لەو پارێزگایە نزیکەی (٢٦.٧) ملم بووە لە ڕێکەوتی (٢٠٢٥/١٢/٨)، و لە ڕێکەوتی (٢٠٢٥/١٢/٩) لە پارێزگاکە (٣٩.٤) ملم باران باریووە. زیانەکان تا ئێستا بەم شێوەیەن:-
• ئاو لە یەکێک لە قوتابخانەکان لە گەرەکی شۆراوە ئاو چووتە قوتابخانەکە، بەڵام لە ناحیەی لەیلان، گوندی بەیانلوو، یەکێک لە پردەکان ئاو بردویەتی و لە ئێستادا ڕێگەی کەرکوک – لەیلان داخراوە.
* بەداخەوە منداڵێکی تەمەن (٧) ساڵ لە گوندی فرقانی بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی خنکاوە و ئێستا تەرمەکەی لە نەخۆشخانەی لەیلانە.
* پردێکی ستراتیجی لە قەزای داقوق داڕماوە بەهۆی ئەمەش هاتووچۆی نێوان کەرکوک و بەغداد نەماوە.
ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان:
ڕێژەی دابارینی باران لەو ئیدارەیە نزیکەی (٥٠) ملم بووە لە ڕێکەوتی (٢٠٢٥/١٢/٨)، و خۆشبەختانە تەنها ئاو لە چەند شوێنێکی ئیدارە کۆبووەتەوە کە دەستبەجێ لە لایەن تیمەکانی فریاگوزاری چارەسەر کراوە و زیانێکی وەهای نەبووە.
بەڵام ڕێژەی باران بارین لە دوای نیوەڕۆی ڕێکەوتی (٢٠٢٥/١٢/٩) زۆر بووە کە بەنزیکەیی (٧٦.٦) ملم بووە، کە بووەتە دروستبوونی لافاو لە ناحیەی ڕزگاری و کەلار و زیانێکی زۆر هەبووە. کە بەم شێوەی خوارەوە بووە:-
• زیانێکی زۆر بەر بازاڕی قەزای ڕزگاری کەوتووە و چەندین دووکان و کۆگا زیانیان بەرکەوتووە.
• ئاو چووتە چەندین ماڵ و زیانی ماددی بەر هاوڵاتیان کەوتووە.
• ڕێگەی نێوان هەردوو قەزای کەلار و ڕزگاری پچڕاوە.
• هاتووچۆی نێوان گەرمیان و سەرجەم ڕێگە سەرەکییەکان داخراون، تەنها بۆ حاڵەتی زۆر پێویست نەبێت.
• لە گەڕەکی گۆران لە کەلار بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە پردی لە نێوان هەردوو گەڕەکی بەری گۆران و بەری سەرکەوتن، چەندین ماڵ ئاو چووەتە ماڵەکانیان.
• دەیان ئۆتۆمبیل ژێر ئاو کەوتن و زیانیان پێکەوتووە.
• بەشێکی پرۆژەی ئاودێری سەلام، کە شادەماری ژیانی گەرمیانە، ئەو بەشەی لە هەوارە سوورەیە بەتەواوەتی ئاو بردوویەتی.
• پرۆژەی شێخ لەنگەر زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.
• پرۆژەی باوەجۆ و سەرچاوەکانی بەتەواوەتی پڕ بووەتەوە.
• بەشێک لە ڕێگەوبانەکانی گەرمیان زیانیان بەرکەوتووە.
• زیانێکی بەرچاو بەر تۆڕی کارەبا کەوتووە.
• پردی پێکەوە بەستنی هەردوو قەزای کفری و ڕزگاری لە ناحیەی سەرقەڵا دارووخاوە و ئاستەنگی هاتووچۆ دروست بووە.
• ژمارەیەک پرۆژەی حەوزی بەخێوکردنی ماسی و خانووی پلاستیکی کشتوکاڵ و مەرەشەی ئاودانی دەستکرد بە تەواوەتی لە ناوچوون.
• ژمارەیەک لە سندوقی هەنگ لە ناوچوون، ژمارەیەک پەلەوەرە و مەڕی گوندەکان مرداربوونەتەوە.
• شەقامی پشتێنەیی کەلار زیانی بەرکەوتووە، شوستەکانی ناوشار لە قەزای ڕزگاری تێکشکاون، بەربەستی لافاوی سەید خەلیل – گۆپان زیانی بەرکەوتووە.
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران:
ڕێژەی دابارین لەو ئیدارەیە نزیکەی (٢٥.٦) ملم بووە لە ڕێکەوتی (٢٠٢٥/١٢/٨) بەڵام دابارینێکی زۆری بەفر هەبوو لە ناوچە سنوورییەکان بەتایبەت لە دەروازەکانی (زێد و حاجی ئۆمەران) کە بووەتە هۆی پێکدادان لە نێوان دوو بارهەڵگر، شاخەکانی (سیدەکان) بەفر دایانی پۆشیوە. دەڤەری باڵەکایەتی تاوەکو چۆمان بەفرێکی زۆر باریووە.
و بە بڕی دابارینی ڕێکەوتی (٢٠٢٥/١٢/٩) نزیکەیی (١٢.٣) ملم بووە.
بەهۆی کەوتنە خوارەوەی تاشە بەردێک ئاستەنگی هاتووچۆ لە ڕێگەی سەرەکی گەلی علی بەگ- بێخاڵ دروست بووبوو، بەڵام لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی چاککردن و پاراستنی ڕێگەوبان و تیمی وەڵامدانەوەی خێرا بە زووی لابرا.
بەهۆی داڕمانی شاخ، خانووی هاوڵاتێک لە شارۆچکەی قەسرێ لە قەزای چۆمان ڕووخا. و لە گوندی خانقا، دیواری ماڵی هاوڵاتێک ڕووخاوە. و لە سیدەکان، بەهۆی باران بارینی بەلێزمەوە، خانووی هاوڵاتێک ڕۆچووە و ڕووخاوە.
ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ:
ڕێژەی دابارین لەو ئیدارەیە لە ڕێکەوتی (٢٠٢٥/١٢/٨) نزیکەی (١٣) ملم بووە و لە ڕێکەوتی (٢٠٢٥/١٢/٩) بڕی دابارین (١٨.٥) ملم بووە، لەو ئیدارەیە هیچ زیانێک تۆمار نەکراوە. ئاستی ئاوی ڕووباری خابوور لە (٩٥) سم بۆ (٢٠٥) سم بەرزبووەتەوە و لە لایەن تیمەکانی بەنداو و سەرچاوە ئاوییەکان بەردەوام چاودێری دەکرێت.
رێگای گوندی کانی رهال نێزیک جادەی گشتی زەویەکە ڕۆچووە و هاتووچۆی سەیارە ڕاگیراوە.
ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین:
بڕی دابارین لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین لە ڕێکەوتی (٢٠٢٥/١٢/٨) نزیکەیی (٨٤) ملم بووە. هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە، بەڵام ئاستی ئاوی زێی بچووک بەرزبووەتەوە و (٣) ماڵ لە قەزای حاجی ئاوا کەوتونەتە ژێر کاریگەری ئاوەکە و زیانی ماددی هەبووە. و لە ڕێکەوتی (٢٠٢٥/١٢/٩) بڕی دابارین (٢٢.٥) ملم بووە.
لە سنووری دەروازەی کێلی، بەفرێکی زۆر باریووە کە ئاستەنگی هاتووچۆی بۆ شوفێران دروستکردووە. بەڵام ئەمڕۆ ڕێکەوتی (٢٠٢٥/١٢/١٠) دەروازەکە بە تەواوەتی داخرا و جووڵەی بازرگانی و گەشتیاری لە دەروازەکە ڕاگیرا.
