Draw Media

زانیاری و ڕێنمایی و پێشنیاری سەبارەت بە کۆنتڕۆڵکردنی لافاوەکان لە هەرێمی کوردستان

  زانیاری و ڕێنمایی و پێشنیاری سەبارەت بە کۆنتڕۆڵکردنی لافاوەکان لە هەرێمی کوردستان

2025-12-13 15:05:41


 

🔸 ئامادەکردن و نوسینی: ئەندازیار لوقمان حەوێز

🔸 تێبینی: پێم وایە زۆر گرنگە بۆ هەموو بەرپرسان لە یەکە ئیداریەکانی حکومەت لە هەموو ناحیەکان و قەزاکان و شارە گەورەکان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان ئەم بابەتە بخوێننەوە و ئاشنا بن بەو زانیاری و ڕێنمایی و پێشنیارانەی لێرە دەیانخەمەڕوو.

 

🔸 لەگەڵ ئەوەی بەهاناوەچوون و قەرەبووکردنەوەی زەرەرمەندانی لافاوەکانی ئەم دواییە ئەرکێک و کارێکی هەنوکەیی و گرنگی حکومەتە، بەڵام لەوەش گرنگتر پەیڕەویکردنی هەندێک ڕێنمایی و جێبەجێکردنی هەندێک پێشنیار و پڕۆژەیە لە ماوەی کورتخایەن و درێژخایەن کە لەم بابەتە تیشک دەخەمە سەر هەندێکیان، ئەویش لەبەر ئەوەیە ئەو لافاوانەی کە لە هەفتەی پێشوو ڕوویاندا ڕەنگە مانگێکی تر یان چەند مانگێکی تر دوبارەبێتەوە لە هەمان شوێن و ناوچە یان هەر شوێنێکی تری باشوری کوردستان، بە دڵنیاییەوە لەمەودوا ساڵانە دۆخە توندەکانی کەش لە شەپۆلەکانی گەرما و سەرما و وشکی و لافاوەکان دوبارە دەبنەوە و زەقتریش دەبنەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەو ناوچەیەی ئێمەش بە گوێرەی هەموو لێکۆڵینەوە زانستیەکان.

🔸 چەند ساڵێکە لە ڕێگەی چەندەها کەناڵی تەلەفزیۆنی و میدیایی بەپشت بەستن بە لێکۆڵینەوە زانستیەکان و بەو لێکۆڵینەوانەی کە خۆم ئەنجامم داوە یان بەدواداچوونم بۆ کردوە لەسەر سەرچاوەکانی ئاو و بەنداوەکان و کۆنتڕۆڵکردنی لافاو لە ویلایەتی تێکساس چەند جارێک وتوومە و ڕوونم کردۆتەوە کە یەکێک لە دیاردە هەرە زەقەکانی گۆڕانی ئاو و هەوا و گەرمبوونی هەسارەکەمان بریتیە لە توندبوونی دیاردەکانی کەش و هەوا، ئەویش بەو مانایەی کە چەندەها ساڵە شەپۆڵەکانی وشکی لەجاران توندتر و درێژتر بوون، شەپۆڵەکانی گەرما و سەرما کە ساڵانە بەرجەستە دەبن وردە وردە درێژتر و توندتر بن لە پێشووتر، دابارینە بە لێزمە و بەخوڕەکانیش توندتر و خێراتر دەبن نەوەک هەر لەلای ئێمە بەڵکو لە هەموو وڵاتی عێراق و نیوەی باکوری سعودیە و ئێران و باکور و ڕۆژئاوای کوردستانیش چاوەڕوان دەکرێت پتر لە نیوەی ئەو بارانەی ساڵانە دەبارێت بەشێوەی بارانی بەخوڕ و بە لێزمە و بەهەورەترشیقە و تەرزە بن لەگەڵ با و ڕەشەبای بەهێز، واتە ئەگەر گریمان لە شارێکی هەرێمی کوردستان لە ساڵێکدا 400 میللیمەتر باری ئەوا پتر لە نیوەی ئەو بڕە بەشێوەی بارانی توند و بەخوڕ دەبن، هۆکارە سەرەکیەکەش هاتنی ڕێژەیەکی زۆرترە لە شێ لەکاتی گەیشتنی نزمە پاڵەپەستۆیەکان بۆ سەر عێراق و ناوچەکەشمان بەتایبەتی لە دەریای سورەوە، نوێترین لێکۆڵینەوەش دەریخستوە کە بڕی شێ لەنێو هەموو ئەتمۆسفیری هەسارەی زەوی بەبڕی 4٪ زۆربووە بەبەراورد بە پەنجا ساڵ پێش ئێستا بەهۆی دیاردەی گەرمبوونی زەوی.

🔴 چی بکرێت باشە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لافاو و کەمکردنەوەی ئەگەری ڕوودانی لافاو لە شوێنەکانی نیشتەجێبوون هەروەها بۆ پاراستنی گیان و سامانی هاووڵاتیان..؟

🔸 یەکەم: لەبەر ئەوەی چارەسەرە بنەڕەتیان کە لە خاڵەکانی خوارەوە باسم کردون کات و پلان و بودجەی دەوێت کە بەپێی شوێن لەوانەیە چەند ساڵێکی بووێت تا جێبەجێ دەکرێن، بۆیە پێویستە لەماوەی کورتخایەن هەندێک هەنگاو بنرێت، گرنگترینیان پێویستە بەردەوام فەرمانگە ئیداریەکان لەڕێگەی هۆبەیەکی بچوک زانیاری ورد و دروست و هەنوکەییان هەبێت لەسەر دۆخی کەش و هەوا، هەموو کاتێک لایەنی کەم بۆ دۆخی تا حەوت ڕۆژ یان دە ڕۆژ دوای ئەوە، تاوەکو سیستەمێکی ئاگادارکردنەوەی حکومی سەرتاسەری بەرجەستە دەکرێت بۆ هەموو هەرێمی کوردستان هەروەکو  لەخاڵی دووەم ئاماژەم پێداوە تا ئەو کاتە دەکرێت ئەو هۆبەیە زانیاری ورد لە بەڕێوەبەرایەتیە سەرەکیەکانی کەشناسی وەربگرێت یان لە سەرچاوەی متمانە پێکراوی تر.

🔸 دووەم: بەرجەستەکردنی سیستەمێکی ئاگادارکردنەوەی حکومی سەرتاسەری تایبەت بە سەرهەڵدانی دۆخی کەشی توند severe.weather هەروەها بە دۆخە کتوپڕەکانی تریشەوە وەک بومەلەرزە و ئاگرە سروشتیەکان لە هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە، ئەو سیستەمە دەتوانێت زیانی گیانی زۆر کەم بکاتەوە بەتایبەتی لەکاتی ڕوودانی دۆخە توندەکانی کەش و هەوا، بۆ نمونە بوونی ئەو سیستەمە کە دەیەها ساڵە لە ئەمەریکا هەیە لەسەر ئاستی هەموو وڵاتەمە و لەسەر ئاستی ویلایەتەکان ئەو گرنگیەی سەلماندوە، تەنیا بڵاوکردنەوەی هەندێک زانیاری و ئاگاداری کە بەڕێوەبەرایەتیەکانی کەشناسی لە کوردستان بڵاویان دەکاتەوە لە ڕێگەی کەناڵە میدیاییەکان بەس نیە، دەزگاکانی کەشناسی و بومەلەرزە لە هەرێم دەبێت کەناڵی سەرەکی پێدانی زانیاری بن بەو سیستەمە، دەکرێت وەکو وڵاتە پێشکەوتووەکان لە ڕێگەی ئەو سیستەمی ئاگادارکردنەوە هاوڵاتیان بە کۆمەڵێک ڕێگە ئاگادار بکاتەوە لەوانە کورتەنامە، کەناڵە سەرەکیەکانی سۆشیاڵ میدیاکان و کەناڵە ڕادیۆیی و تەلەفزیۆنیەکان، دەکرێت ئەو سیستەمە ببێتە سەرچاوەی سەرەکی متمانەپێکراو بۆ هۆشداری پێدان و ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتیان و یەکە ئیداریەکانیش سەبارەت بە دۆخە توندەکانی کەش و هەوا و دۆخە نەخوازراوەکانی تریش، لەسەر ئەو بنەمایەش هاووڵاتیان و فەرمانگە ئیداریەکان و پەروەردەکانیش بڕیاری سەربەخۆیانەی خۆیان بدەن سەبارەت بە پشوو وەرگرتن بە پشت بەستن بەو هۆشداریدان و ئاگادارکردنەوانە سەبارەت بە زانیاریەکان دەربارەی دۆخەکانی کەشی توند و ئاڵۆز دەبێت دەزگاکانی کەشناسی هەرێم ژمارەی وێستگەکانی کەشناسی زۆرتر بکەن کە بەشێوەی ئۆتۆماتیکی کاردەکات و ڕاستەخۆ داتایەکانی کەش و هەوا بە زیندویی دەگوازێتەوە بۆ یەک سەنتەری کەشناسی لە هەرێم بەجۆرێک ئەو وێستگانە هەموو ڕووبەرەکانی سەر بە هەموو ناحیەکان و قەزایەکانیش بگرێتەوە نەوەک تەنیا شارە گەورەکان و دەوروبەریان، بوون و جێگیرکردنی ئامێری doppler.radar کە دەتوانێت بەشێوەیەکی زیندو دۆخی هەموو دابارینێک بە باران و تەرزە و کڕێوە و بەفرەوە ڕاستەوخۆ ببینێت و بیخاتە سەر نەخشەیەکی ئەو ناوچەیە بە شێوەیەکی زیندو و ڕاستەوخۆ بەردەوام نوێ دەبێتەوە،  ئەوە دۆپلەر ڕادارە پێویستە لەهەموو فڕۆکەخانەکان هەبێت، جگە لە فڕۆکەخانەکان لایەنی کەم لە پانزە بۆ بیست و پێنج جێگەی تریش لە هەموو ڕووبەری هەرێمی کوردستان جێگیر بکرێت، بەو جۆرە دەتوانرێت زانیاری ڕاستەوخۆی دابارینی هەموو هەرێم لەیەک نەخشە و یەک شاشە بەیەکجار بخرێتە بەردەست بۆ گشت هاووڵاتیان بەخۆڕایی، بە بەستنەوەی ئەو زانیاریە بە زانیاریەکانی وێستگەکانی کەشناسی لە سەرتاسەری هەرێم و بەبەستنەوەی ئەوانیش بە داتا جیهانیەکان دەتوانرێت لە هەموو کاتێکدا نەخشە و داتای وردی کەش و هەوامان هەبێت بە دابارینی ڕاستەوخۆوە، واتە forecast ێکی ورد یان پێشبینیەکی ورد و زانستی بۆ لایەنی کەم هەفتەیەک تا دە ڕۆژی دواتر.

🔸 سێیەم: ڕێگەگرتنی فیعلی لە لافاو پلانی دەوێت، هەروەها جێبەجێکردنی پلانەکەشی دەوێت لەسەر ئەرزی واقیع لەڕێگەی کۆمەڵێک ستڕاتیژ و پڕۆژە و ئەمانە خاڵە هەرە گرنگەکانن:

🔻 پێشەکی هەروەکو لە زانستی هایدرۆلۆجی کە بەشێکە لە ئەندازیاری شارستانی دەخوێندرێت ئاوی باران بە درێژایی سەدەها و هەزارەها ساڵ لە هەموو ڕووبەرێکی ئەم زەویە ڕێڕەوی سروشتی خۆی دروستکردوە، کوردستانیش بەهەمان شێوەیە هەر بۆیەش چەمەکان و کەندەکان و ڕووبارەکان هەن، زۆر پێویستە و گرنگە هەموو بەرپرسە شارەوانی و ئیداریەکان بزانن ڕێڕەوە سروشتیەکانی ئاو لە ناوچەکانی خۆیان لەکاتی دابارینی بەخوڕ کامانەن و لە کوێن، زۆر گرنگە ڕێگە نەدرێت سەر ڕێڕەوەکان یان نزیکیان بکرێت بە شوێنی نیشتەجێبوون، دەبێت لەکاتی داڕشتنی ماستەرپلان ڕەچاوی ئەو خاڵە گرنگە بکرێت، پێویستە خانوو و گەڕەک و باڵەخانە لەسەر یان نزیک ئەو ڕێڕەوانە دروست نەکرابن و نەکرێن بۆ پاراستنی گیان و سامان، ئەگەر بویسترێت دروست بکرێن دەبێت پێش ئەوە ڕێڕەوەکە کۆنتڕۆڵ کرابێت، دەبێت کرابێت بە کەناڵێکی ڕووکەشکراو بە کۆنکریت کە توانای دەربازکردنی ئاوی بەخوڕی بارانی هەبێت کە لەو ناوچەیە چەندەها ساڵ جارێک ڕوودەدات بەپێی ئەو تۆمارانەی کە هەن کە دەکرێت هی پەنجا یان سەد ساڵ بن، هەروەها دەکرێت بەربەستی ئاوی تۆکمە و بەنداو دروستبکرێن لەسەر ڕێڕەوەکە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی flow ی ئاو لەسەر ئەو ڕێڕەوە لەکاتی بارانی بەخوڕ دەکرێت ئەمە باشترین بژاردە بێت بەڵام تێچووی زۆرترە، ئەگەر ئەوەش نەکرابوو و خانوو و باڵەخانەش دروستکرابوو ئەوا دەبێت ئەو ڕێڕەوە سروستیە بگۆڕدرێت بەهەر جۆرێک بێت بۆ لایەکی تر بۆ ئەوەی لەکاتی بارانی بەخوڕ و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو ئەو شوێنە ڕانەماڵێت، ئەگەر هیچ  نەکرا پێویستە ئەو خانووانە و ئەو گەڕەکە هەڵبگیرێت لەسەر ئەو ڕێڕەوە تاوەکو کارەسات و زیانەکان دوبارەنەبنەوە، ئەوانە ڕێڕەوی سروشتی ئاون لەکاتی دابارینە وەرزیەکان شیاو نین بۆ نیشتەجێبوون بەبێ بوونی هیچ چارەسەریەک، لە مانگی دوانزەی ساڵی 2021 لەسەر ڕێڕەوی ئاوی کۆرنیش لەهەولێر لافاو ڕوویدا و زیانی گیانی و ماڵیشی لێکەوتەوە لەبەر ئەو هۆکارە چونکە خانوو و گەڕەک لە نزیک و لەناو ڕێڕەوەکە دروستکرابوون بەبێ ڕەچاوکردنی ئەوە و پێش ئەوەی هیچ بەربەستێک دروستکرابێت، لەم ڕۆژانەی ڕابردوش هەمان دۆخ دوبارە بۆوە لە هەندێک شوێنی چەمچەماڵ و گەرمیان و سلێمانی و هەڵەبجە، چەندەها جاریش لە کوردستان بینراوە لە گەلێک لە گوندەکان گوندنشینەکان ئەو ڕێڕەوە ئاویانەیان گرتووە و بەکاریان هێناون بۆ مەبەستێک بەڵام لەکاتی لافاو ئاو زیانی زۆری لێداون، نمونەیەک بۆ ئەوە دەهێنمەوە لە ساڵی 2017 دوای ڕوودانی لافاوێکی مێژوویی و بێ وێنە لە شاری هیوستن لە تێکساس بەهۆی هاریکانی هارڤی بەپرسە ئیداریەکانی شارەکە بڕیاری هەڵگرتنی کۆمەڵێک گەڕەکیان دا کە تێکڕای ژمارەی خانووەکان نزیکەی 300 هەزار خانوو بوون، دەرکەوت ئیدارەی شارەکە بەهۆی ئەوەی پێشبینیان بۆ گۆڕانکاریەکان لە ئاو و هەوا و توندتربوونی هێزی زریانەکان نەکردوە لە ڕابردودا لەکاتی دروستکردنی ئەو گەڕەکانە، بۆیە ئەو بڕیارەیان دەرکرد چونکە ئێستا دۆخەکانی ئاو و هەوا لە تێکساسیش گۆڕاون ئەو لافاوەی پەنجا ساڵ یان سەد ساڵ جارێک ڕوویدەدا لە تێکساس ئێستا لە پێنج ساڵ جارێک یان دە ساڵ جارێک ڕوودەدات، دەشێت ئەمە ڕاست بێت بۆ عێراق و هەرێمی کوردستانیش سەبارەت بە فریکوێنسی ڕووداونی لافاوە بەهێزەکان لە مەودوا.

🔻 چاوخشاندنەوە بە هەموو چەمەکان و ڕووبارە بچوکەکان لە سەرتاسەری هەرێم و ئەنجامدانی هەندێک پشکنین و لێکۆڵینەوە لەسەریان بۆ ئەوەی بزانرێت لەکوێدا دەتوانرێت بەربەستی ئاوی و بەنداوی بچوک و مامناوەندی دروست بکرێت، ئەم قسەیە بۆ ڕووبار و زێیە گەورەکانیش ڕاستە، پێویستە هەر بەرپرسێکی ئیداری لەناوچەکەی خۆی ئەوە بکات و بەرزی بکاتەوە بۆ لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەتی هەرێم بۆ ئەوەی دروستکردنی ئەو بەربەست و بەنداوانە لایەنی کەم بخرێنە پلانەوە و لەداهاتووی نزیک دەست بکرێت بە دروستکردنی لایەنی کەم هەندێکیان، بوونی ئەو بەربەستە ئاوی و بەنداوانە یەکەم: دەبێتە ڕێگایەکی ستراتیژی بۆ هەڵگرتنی ئاو دووەم: ڕێگایەکیش دەبن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی لافاوەکان، لە ویلایەتی تێکساس 15 ڕووبار و چەمی گەورە و سەرەکی هەیە، پتر لە 7000 بەربەستی ئاوی و بەنداوی بچوک و مامناوەندی و گەورە لەسەر ئەو ڕووبار و چەمانە دروستکراون کە لە کاتی ئاسایی هەموویان بەیەکەوە پتر لە 30 ملیار مەتر سێجا ئاویان عەمبارکردوە، هەر بەو ڕێگایەش تا ڕادەیەکی ئێجگار زۆریش کۆنتڕۆلی لافاوەکان کراوە لە تێکساس.

🔻 لەماوەی نزیک و درێژخایەن زۆر زۆر پێویستە ڕێگە بگیرێت لە فراوانبوونی هەڕەمەکی ناحیە و قەزایەکان هەروەها شارە گەورەکانیش، پێویستە هەریەکەیان ماستەرپلانێکی خۆی هەبێت کە بۆ 10 ساڵ تاوەکو 30 ساڵ بێت و لەو ماستەر پلانە ڕەچاوی ئەو خاڵانەی سەرەوە بکرێت.

🔻 پێویستە زێرابی ئاوەڕۆ و زێرابی باران لەناو شارە گەورەکان و قەزا و شارۆچکەکان لەیەکتری جیابکرێنەوە، بۆ زێرابی بارانیش پەیڕەوی دیزاینێکی تر بکرێت بۆ دەرچەی زێرابەکان کە لەسەر شەقامەکان هەن، دەبێت ئەو دەرچەیە ستونی بێت لەجیاتی ئاسۆیی و لەتەنیشت شۆستەکان بێت وەک ئەوەی لێرە کراوە و هەیە، ئەو جۆرەی لەشێوەی mesh دروستکراوە و لەکاتی باران دەکرێت بەئاسانی بە مقەبا و خاشاک بگیرێن و ئاو کۆببێتەوە، لەگەڵ ئەوەش پاککردنەوە و کردنەوەی کونی ئەو دەرچانەی ئێستاش هەن لە کوردستان زۆر گرنگە بەتایبەتی کاتێک دەزانرێت شەپۆڵێکی بەهێزی باران بەڕێوەیە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand